03/07/2025
مەسعوود محەمەد و ئاگایی لە چەمکە فەلسەفییەکان!

سەرەتا ئەو پرسیارەم لا دروستبوو چی وایکردووە مەسعوود محەمەد کتێبێکی قەبارە گەورە دەربارەی حاجی قادری کۆیی بەتایبەت ساغکردنەوەی کاتی لەدایکبوونی، بنووسێت. هەڵبەتە بە دیوێکدا ئەمە یارمەتییەکی گەورەی خوێنەر دەدات بۆ زانین دەربارەی ژیار(حضارة)ـی کورد لەو قۆناغەدا. هەروەها ناسینی بارودۆخەکان لەو سەردەمەدا و زانینی هەڵوێستی شاعیر لە ڕووداوە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکاندا. دەستبردن بۆ توێژینەوەیەکی هاوشێوە، گرنگی مێژووی و سیاسیی خۆی هەیە، بەتایبەت بۆ نەتەوەی کورد تاکوو بتوانیت مێژووی بیرکردنەوەی کورد قۆناغ بە قۆناغ لەڕێی ئەدەبیات و نووسەرەکانییەوە بناسێت.

من لێرەدا دەمەوێت دەربارەی دوو بابەتی دیکە بنووسم و پرسیار بکەم، کە پەیوەندی بە بیرکردنەوەی مەسعوود محەمەدەوە هەیە:

یەکەم:

ئەگەر سەرنج لە مێژووی ڕیفۆرم(چاکسازی)ـی ئایینی بدەین، بەکورتی دەتوانین ئەمە بڵێین: چاکسازیی ئایینی واتە ئایین لەژێر دەستی پیاوانی ئایینی دەربهێنرێت، بدرێتەوە بە تاک. تاک خۆی بیر لە دەقە ئایینییەکان بکاتەوە، نەک پیاوی ئایینی بیری بۆ بکاتەوە. واتە پیاوە ئایینییەکان چیتر دەسەڵاتی نێوەندگیر نەبن لەنێوان تاک و خودا. بەمجۆرە مارتن لۆسەر شۆڕشی دژی دەسەڵاتی کڵێسا ئەنجامدا. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا مەسعوود محەمەد چۆن لە چاکسازیی ئایینی تێگەیشتووە؟ لە کتێبی دووەمی کۆبەرهەمەکەی پەڕەی ١٨١ دەنووسێت: ئەم تەرزە پشتڕێبوونە لە بیروباوەڕی ڕەسەن تا ئەوەی بەناوی <<تطور>> بیروباوەڕێکی پێچەوانەی خۆی لێ بەوەلەد دەهێنێت هەرگیز تطور و فراژیبوون و بەرەوپێشچوون و تکامل نییە بەڵکوو پوانەوە و بەسەرچوون و ئیفلاسی باوەڕەکە ڕادەگەیەنێت هەرچەندە ناوی خۆشکەڵەشی لێ بنرێت. بە نموونە دەڵێم هەموو ئەو تەئویلانەی بەناوی نوێکردنەوەی دین بنگەکانی دین هەڵدەوەشێنن و مۆدێلی تازەبابەتیان لە جێگە موتربە دەکەن، لە حەقیقەتدا ڕیسواکردنی دینە نەک نوێکردنەوە و دەوڵەمەندکردنی، وەک ئەوەی مەلایەک بە نیازی ئاسانکردنی سەلماندنی دین بێت و تەئویلی ئەو ئایەتانە بکات کە موژدەی داهاتنی قیامەت دەدەن. لە ڕاستیدا مەلاکە کۆڵەکەی دینەکە دەڕمێنێت چونکە ئەگەر قیامەت نەبێ دینەکە لە بنەڕەتدا لزومی نامێنێت".

لێرەدا دەکەوینە بەردەم دوو بیرکردنەوە، یەک/  یان ئەوەتا نووسەر؛ باوەڕی بە ئیفلاسبوون(یا شکست یا قەیران)ـی ئایینەکە هێناوە و گەشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی چاکسازی لە ئایینەکە مەحاڵە بە حوکمی دۆکترین. دوو/ بەناو و بیانووی ڕەسەنبوونەوە دژی چاکسازی ئایینییە. لە دێڕەکانی دواتریدا دەنووسێت باوەڕهێنانی قەشەکان بەو زانستەی سەلماندوویەتی کە زەوی بەدەوری خۆردا دەسوڕێتەوە لە چاکسازیی ئایینەکەوە نییە چونکە فەیلەسووفەکان لە سەردەمێکدا قوربانی دەستی قەشە بوون!. نووسەر بۆئەوەی ڕەخنە لە ئایدۆلۆژیا و بنەماکانی مارکسیزم بگرێت دێت ئایینیش تێوەدەگلێنێت و خراپ دەیشێوێنێت.

بێگومان لێرەوە کۆمەڵێک پرسیاری دیکە سەردەردێنن پێویستیمان بە لێکۆڵینەوە دەبێت دەربارەی چەمکی التآویل و التفسیر لای نووسەر. نووسەر زیاتر چەمکی تآویل بەکاردێنێت، ئایا مانای ئەوەیە دژ بە تەئویلاتە و لەگەڵ تەفسیردایە؟ ئەوەی یەکەمیان پشت بە ئاوەز(عەقڵ) دەبەستێت و دووەمیان پشت بە گواستنەوەی وتە(نەقڵ) دەبەستێت. ئایا نووسەر دژی نوێگەرییە لە ئاییندا و پێی وایە نەک بەرەوپێشچوون بەڵکوو پاشەکشەیە؟

ئەمە بۆ گفتوگۆیەکی کراوە جێدێڵین..

 

دووەم:

نووسەر، کۆیە دەهێنێتە بەر باس(بەتایبەت لە کتێبی "حاجی قادری کۆیی")، هەڵبەتە دەشێت باسی کۆیە بکات چونکە هەم نووسەر خۆی هەم حاجی قادر، کۆیین. بەڵام ئەوەی نامۆیە و ئێمە پێویستە سەرنجی بخەینەسەر، ئەوەیە کۆیە بە شار ناوزەند دەکات. لە زیاد لە شوێنێکدا دوپاتی دەکاتەوە کە کۆیە شارە، لە جێگەیەکی دیکەدا بە وڵات ناوی دەبات، ئەم تێڕوانینە لە دۆخی ڕوانینی سۆزدارانەدا ڕەنگە ئاسایی بێت بەڵام بۆ نووسەرێک کە دەتوێژێتەوە ئاسایی نییە. ئەمە دەمبات بۆ بیرکردنەوە لە بابەتی هەستی ناوچەگەرێتی لای نووسەر، کە توێژینەوەیەکی سەربەخۆیە و لێرەدا دەرفەتی ئەو پرسیارانەمان نییە و خزمەت بە باسەکەم ناکات(دەڵێم هەستی ناوچەگەرێتی چونکە لەهەندێ شوێنی کتێبەکە ناوی سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دیکە دەبات و گوایە کۆیە لەوان شارتر بووە، ئەگەر وەک نووسەر دەڵێ: نەزیفی دارایی نەبوایە دەکرا ژیارێکی گەورە لەوێ دروست ببێت. گرفتەکە ئەوەیە جیاوازییەکانمان پێ ناڵێت، سلێمانی و ناوچەکانی دیکە  چۆن بوون و لە چ ڕوویەکەوە دواکەوتوو یان پێشکەوتوو بوون و کۆیە چۆن ژیاری بەرهەمدەهێنا؟ تاکوو لای خوێنەر مێژووی سلێمانی و کۆیە ڕوونتر بێت).

با بزانین شار چییە، "کۆمار واتە politeia، ئەم زاراوەیەش ڕیشەکەی بریتییە لە polis، واتە شار؛ هەر لەم دەوروبەندەدا بە هاونیشتمانی دەوترێت polites، واتە ئەوکەسەی سەر بە شارە، ئەوکەسەی لە کاروباری شار شارەزایە؛ سیاسەتمەدار پێی دەوترێت politikos، و سیاسەتیش politics ئەو شتەیە پەیوەندی بە شارەوە هەیە"(١). واتە شار وەک چەمکێکی فەلسەفی بەتەواو پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەیە. بەهۆی ئەوەی کۆیە خاوەنی بازاڕ بووە مانای ئەوە نییە شارە، نووسەر لە پەڕەی ١٨٩ کتێبی یەکەمی کۆبەرهەمەکەی دەنووسێت: "وەک بازاڕی هەموو شارێکی {تەواو شار} کە هەر تاقمە کاسبکار و خاوەن سنعەت و پیشەیەک لە جێگەیەکی تایبەتی خۆیان لە بازاڕدا کۆمەڵ دەبن هەروەهاش بازاڕەکەی کۆیە لەو ڕووەوە ڕێکوپێک دامەزراوبووە. گوزەری زێڕنگران، گوزەری ئاسنگران، عەتاران، هی نەجاڕان، هی خەنجەر سازان..." چەندانە پیشەیەکی دیکەشی ڕیز کردووە. شار لای نووسەر واتە قەڵەباڵغی لە پەڕەی ١٨٨ـی کتێىی یەکەم دەنووسێت: "حەمام بۆ لایەنی قەڵەباڵغی کۆیەی ئەوساش شایەدی دەدا، چونکە عادەتەن حەمام لەنێو شار دروست دەکرێت نەک لە دەرەوە". ئێمە کاتێک بوێری ئەوە دەکەین ناوی شار ببەین، واتە پێویستە هەموو ئەو زەمینەسازییە بهێنینە بەرباس کە بووەتە هۆی دروستبوونی شار. ئەکرێ لە شوێنێک کە شار نییە، بازاڕ و حەمام هەبێت، واتە شار، بوون و ئامادەیی پێداویستییەکانی مرۆڤ نییە، "شار لەخۆیەوە گەشە ناکات و ناتوانێت بە ئامانجەکانی بگات بەبێ چالاکی و حیکمەتی سیاسەتمەداران. لەڕێگای بیناکردن و دامەزراندنەوە. شار دێتە بوون لەبەرخاتری ژیان نەک تەنیا بۆ کۆمەک کردن لە بەدەستهێنانی پێویستییەکاندا"(٢). شار، کۆبوونەوەی هەمووانە بە جیاوازییەکانەوە، بوونی دیالۆگ و ئاگۆرایە، بوونی مەدەنییەتە. تیایدا تاک بتوانێت خۆی بەیانبکات. بەڵام ناوچەیەک کە حاجی قادر خۆیشی نەیتوانیوە تیای بژی چۆن دەبێتە شار؟

 لە ئەفسانەکاندا هەندێ دیالۆگ هەن کە دەتوانین لێیبتوێژینەوە و مانای چەمکەکانی لێ هەلبهێنجین، "ئەفسانەکان مرۆڤە سەرەتاییەکانی فێری ئەوە دەکرد، کە چۆن ڕەفتار بکەن، دەسەڵاتداران چۆن دەسەڵاتی خۆیان بەکار بهێنن وخەڵکی ئاساییش چۆن ملکەچی دەسەڵات بن"(٣). بۆ نموونە لە تراژیدیای "ئەنتیگۆنە"ی سۆفۆکلیس، کریۆن بەم جۆرە دەدوێ: "ئەوەی دەسەڵاتێکی شاری پێ درابێ و کەچی ئەو سیاسەتە بەکار نەهێنێ کە خەڵک بە ڕێی ڕاستدا دەبات، بەڵکوو لە ترساندا لە تێگەیشتنی خۆی بێدەنگ بێت، ترسنۆکێکە ئاو لێڵ ناکات، ئەوەشی پێی وایە خزموخوێش و هاوڕێیانی لە خاکی باوباپیران لەپێشترن، لە بێئابڕوویەک زیاتر نییە... دەزانم دەوڵەت ئەو کەشتییە دڵنیاییەیە کە ڕزگارمان دەکات، ئەگەر بە دڵنیاییەوە چارۆکەکانی بکاتەوە و ڕێ بکات. لەسەر ئەم بیرو ڕێبازە سیاسەتی خۆم هەڵدەچنم"(٤). لەم دەقەدا، کۆمەڵێک چەمک ئامادەییان هەیە: سیاسەت، خاک، دەوڵەت، بیر و ڕێباز. ئەوان لەڕێی ئەفسانەکانیانەوە توانیویانە تاکی سیاسی پەروەردە بکەن. تاکی سیاسیش لەنێو شاردا دروست دەبێت. شارێک کە هیچ کەس و ئایدۆلۆژیایەک بۆی نەبێت داگیری بکات، شار دەبێت هەمەجۆر بێت، "شار کە هی یەک کەس بێت شار نییە"(٥) ئەم دەربڕینە لەهەمانکاتیشدا ڕێ لە جۆرێک لە تۆتالیتاریزمیش دەگرێت کە هەموو شتێک بۆ {یەک} و لە پێناو {یەک} دا، هەم ئایینە تاک خوداییەکان باوەڕیان پێی هەیە هەم دیکتاتۆرەکان، ئەنتیگۆنە بەئاگامان دێنێتەوە ئەوکاتەی "شار" بوو بە هی یەک کەس، لەمانا فەلسەفییەکەی دادەماڵرێت. کەواتە با بپرسین کام ئەفسانانەمان باسی دروستکردنی شار و دەوڵەتی کردووە؟ کام مەدەنییەتەیە وای کردووە کۆیەی حاجی قادری ئاوارە، شار بێت؟   

"شار خود بە خود نایەتە بوون پێویستە دەستتێوەردانێکی فکریی هەبێت، فکر بەواتای لێکۆڵینەوە و پرسیار و گومان، بوونی دیدگایەکی ڕەخنەییانە، بوونی چالاکی فیکری داهێنەرانە، کە ڕەوتی گەشەسەندنی تاک و شارە لەناو شاردا"(٦). نووسەر باسی ڕۆڵی تاک دەکات و هەوڵەکانی تاک نادیدە ناگرێت، بەتایبەت ئەوکاتەی تاک هەڵوێست دەنوێنێت و لەبری بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی قسە دەکات. دەشڵێ نووسەر و ڕۆشنبیر هەن لەم جۆرە تاکە دەترسن(ئەمە لە کتێبی دەربارەی حاجی قادری کۆیی پەڕەی ٣٦١ باسدەکات و دەتوانن بگەڕێنەوە بۆی). نووسەر لێرەدا تووشی دژیەکی(پارادۆکس) بووەتەوە، لەلایەک ناوی شار دەهێنێت(وەک وتمان تاک تیایدا خۆی بەیان دەکات) و لەلایەکی دیکەوە بەڕەخنەوە پێمان دەڵێت چارەنووسی تاک لەو شوێنەی ئەو ناوی ناوە "شار" ئەوەیە هەمووان دژی بووەستنەوە!

 تاک و شار یەکدی تەواو دەکەن، کە تۆ تاکی ئامادەت نەبێت ناتوانیت شار  بنیاد بنێیت، بۆیە کورد نە لە ئێستا و نە لە مێژوودا نەیتوانیوە شاری هەبێت. "شار وەک نێوەندێکی سیاسی و مەدەنی و فیکری و ئیداری و فەرهەنگی لە مێژووی کورددا بوونی نەبووە، دیارە هەوڵ هەبووە بۆ دروستکردنی شار و ئەخلاقی مەدەنی، بەڵام ئەو هەوڵانە پوکاونەتەوە و شار دروست نەبووە"(٧). نەک چەمکی شار، بەڵكوو نووسەر ئاگای لە چەمکی سیاسەتیش نەبووە بەڵام بەکاریشی هێناون و پێناسەی سەیر سەیری بۆ دەکات، لە کتێبی "مرۆڤ و دەورووبەر، پەڕەی٣٤" دەنووسێت: "دەزانم سیاسەت مامەڵە لەگەڵ ئاپۆڕەی خەڵک دەکات و زۆربەی گەلیش بە نەخوێندوو و ڕۆشنبیرییەوە ڕواڵەتپەرستە، بەڵام کە من هیچ جووتم لە زەوی سیاسەت نەگەڕێ بۆچی جڵەوی هۆشی خۆم بدەمە دەست مرۆڤی ڕواڵەتپەرست" لێرەدا نووسەر ئەگەر مەبەستی بێت ڕەخنە لە توێژێکی دیاریکراو یان ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراوی ئەو سەردەمە بگرێت، پێموایە دەربڕینێکی هەڵەی هەڵبژاردووە و لە چەمکی سیاسەتی داوە(سیاسەت بە مانا قول و فەلسەفییەکەی). ئەگەر سیاسەت مامەڵەکردن بێت لەگەڵ ئاپۆڕەی خەڵک و خەڵکیش ڕوالەتپەرست بێت، واتە کورت و پوخت سیاسەت ڕواڵەتپەرستییە!  ئەم ناساندنە بۆ سیاسەت لە نائاگاییەوە دێت. لە وتەی نووسەرێک ناچێت کە شارەزای شیعرەکانی حاجی قادری کۆیی بێت. چونکە حاجی قادر بیرۆکەی خۆی هەیە بۆ سیاسەت، سیاسەت بەچەک و هێزەوە دەبەستێتەوە، کاتێک دەنووسێت: {بە شیر و خامە دەوڵەت پایەدارە، ئەمن خامەم هەیە شیر نادیارە} کورد ئەگەر ئاگاداری ئەم بناغە فیکرییە هەبێت؛ قەت چەک دانانێت (ئەوەی هەڤاڵان کردیان لە باکور) ئەمە یەک، دووەمیش ڕۆشنبیرەکانی بەجۆرێکی دیکە لە سیاسەت دەڕوانن.

لەکاتێکدا مەسعوود محەمەد، ئەفسانە بە؛ دێو و وڕێنەی جنۆکاوی و تاریکستانی و ڕووی تاریکی هۆش ناودەبات لێرەوە ڕەنگە دیدگای دەربارەی چەمکە سیاسییەکانیش ئاسایی وەربگرین. یۆنان بۆیە هەیە چونکە ئەفسانە هەیە. نووسەرێک ئاگایی نەبێت لە کاریگەریی ئەفسانەکان لە فەلسەفەی یۆناندا، لێرەدا منیش نوقتەی کۆتایی دادەنێم و دەوەستم لە نووسین دەربارەی.

 

 

سەرچاوەکان

١/ فاروق ڕەفیق، وێرانە خاکی شۆڕشگێڕان، لا٥٠.

٢/ فاروق ڕەفیق، ستەمکاری،لا١١٩.

٣/ سۆفۆکلیس،ئەنتیگۆنە، و.خەبات عارف،لا٧

٤/ سۆفۆکلیس،ئەنتیگۆنە، و.خەبات عارف،لا٣٨و٣٩.

٥/ سۆفۆکلیس،ئەنتیگۆنە،و.خەبات عارف،لا٧١

٦/ ئەفسانە مستەفا،ئاوەژووکردنی واقیع،لا٦٤.

٧/ فاروق ڕەفیق،وێرانەخاکی شۆڕشگێڕان، لا٣٧.

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X