13/08/2025
چۆن فەلسەفە لە جڤاتی کوردیدا لە ھەژموونی نەزانیی سۆفستائییەکانی کورد ڕزگار بکەین؟

فاروق ڕەفیق

ھیگڵ لە وتەکەیدا کە پێشەکییەکە بۆ وانەکانی مێژووی فەلسەفە، لە زانکۆی هایدلبرگ ٢٨ی ئۆکتۆبەری ١٨١٦ ئاوھا باسی ھەلومەرجی فەلسەفە و خانمی فەلسەفە دەکات لە ئەڵمانیا و بگرە لە ئەوروپاش: "ئێستا قۆناغێک ھاتووەتە پێش کە تێیدا فەلسەفە لەوانەیە جارێکی دیکە ببێتەوە شوێنی سەرنج و خۆشویستن، ئەم زانستە مردووە ئەگەری ئەوەی ھەیە جارێکی دیکە دەنگی بەرز بکاتەوە و ئومێدی ئەوەی ھەبێت جیھانێک کە کەڕ بووە لە ئاستی وانەی فەلسەفە، جارێکی دیکە گوێیەکی بۆ ڕادێرێ. (Lectures on the History of Philosoy. G. W. F. Hegle, Vol, University of Nebraska press. 1995).

سەرنج بدەن لە کاتێکدا ھیگڵ ئەم زانستە بە زانستێکی مردوو ناوزەد دەکات کە چەند ساڵێکە کانت کۆچی دواییی کردووە، شڵیگڵ ھەیە، فیختە ھەیە، چەندین ناوی دیاری دیکە فەلسەفە لە ئەڵمانیا، بەھەمان شێوە لە ئینگلستان ژمارەیەک فەیلەسوفی ناودار ھەبوون، لە ئیسپانیا و ئیتاڵیا و فەڕەنسا، بگرە خودی ھیگڵ کە ناوێکی پڕشنگداری ناو میراتی فەلسەفەیە. ئێستە ئێمە چی بڵێین یا چۆن لەسەر ھەلومەرجی فەلسەفە لە کولتوورە داغانبوو و ژێر ھەرەسکەوتوو، لە ھەلومەرجێکی نووسیندا کە باس لە پەشێوی و پایەماڵکردنی ھەموو ھونەرەکان دەکات، لەوانە ھونەری نووسین و ھونەری بیرکردنەوە؟ ئێمە چی بڵێین بەو سۆفستائییە پەروەردەنەبووانەی کورد کە باس لە فەلسەفە دەکەن بەڵام مەشقیان لەسەر فەلسەفە نەبینیوە، پەروەردە نەکراون بۆئەوەی لەسەر فەلسەفە بدوێن یا مامەڵە بکەن، بەقەولی سوکرات ئەوان سەرقاڵی لاقەکردنی مادام فیلۆسۆفین (خانمی فەلسەفە). ئەوان چۆن لاقەی وشە و نیشتمان و ژیان دەکەن ئاوھاش لاقەی فەلسەفە و فیکر دەکەن. بەمانایەک لە ماناکان مەبەستمە بڵێم دوای چواردە سەدە لە تاریکی و لە بێدەنگی و لە ستەمکاری کە ھاتینە دوان لەسەر فەلسەفە، خراپ دواین، دەستپێکردنەکەمان زۆر خراپ و پڕ لە ئیشکالییەت بوو. سەرەتا بە ئایدیۆلۆژیایەک دەستمان پێ کرد کە نە لە دوور نە لە نزیک پەیوەندیی بەفەلسەفەوە نەبووە و نییە، ئایدیۆلۆژیای سۆشیالیزم و لەو خراپتر مارکسیزم - لینیزم - ستالیزم. مارکس فەیلەسوف نەبووە و نییە، مارکسیزمیش دنیابینیی فەلسەفە نییە، بەڵکوو ئایدیۆلۆژیایەکی ترسناکە بە قیمەتی گیان و ڕۆحی ملیۆنەھا مرۆڤ لە جیھاندا تەواو بووە، پەرستگایەکە بەبەردەوامی قوربانیی نوێ و سەربڕینی نوێی دەوێت.

نووسەری ئەم چەند دێڕە لە قۆناغی لاوێتیدا نەک مارکسی بەڵکوو کۆمۆنیستێکی سەرسەخت بوو کە بەدڵ و بەگیان داکۆکیی لەو ھەموو تاوانانەی مارکس و مارکسییەکان و کۆمۆنیستەکانی جیھان دەکرد تاکوو ئەوەی عاشقی خانمی فەلسەفە بوو، ئەو خانمەی ھێوری کردووە و ڕزگاری کرد لەو دێوەزمەیە.

ھەموو ئەو نووسەرانەی کە تا سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردووش ئێمە شانازیمان پێوەیان دەکرد ھەر ھەموو چەپ بوون، دەمیان لە سۆشیالیزم و "برایەتیی گەلان" وەردەدا، ئەم بانگەیان بەگوێی نەتەوەیەکی ژێردەستی، سەرکوتکراوی ددان پێدانەنراوی پلیشاوەدا دەدا کە کوردە، کۆمەڵەکان و شیوعییەکان و چەپەکان لاساییکەرەوەیەکی بێزەوقانەی چەپی فارسی و تورکی و عەرەبی بوون، ئێمەیان کردە سووتەمەنیی ئەو ئایدیۆلۆژیا ترسناکە. ڕۆژگارێک خۆپێشاندانمان دەکرد بۆ ڕزگارکردنی گواتیمالا، کوبا، جنوبی ئەفریکا، کۆنگۆ؛ "ھەر سەرفراز بێت لەمۆمبا..."، بەڵام کە جینۆساید کراین نوزە لە کەسێکەوە دەرنەھات. ئەوسا تێگەیشتین ئێمە چۆن فریو دراوین و چۆن بووینەتە بەردەباز، پرد، قایەخی پەڕینەوەی ئەوانی دیکە بۆ کەناری ئارامی و، خۆشمان چۆن نقومی جەھل و نەزانین و نەفرەتکردن لەخۆ بووینەتەوە. لە حەفتاکاندا کتێبێک وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی بە ناوی "ماتەریالیزمی دیالێکتی"، وەرگێڕانی جەلال دەباغ، کە من ئەم کتێبە ھەروەک پرۆسەکانی ئەنفالی  ١ تاکوو ٩ سەیر دەکەم. ئەو کتێبە ئێمەی گەوجاند، ئێمەی گەمژە کرد، لەبەرئەوەی فەلسەفەی لە فۆڕمی ئایدیۆلۆژیایەکی دژە زانست و دژە فیکردا پێ ناساندین کە مارکسیزمە. دیارە لەو کتێبانە زۆرن کە ئەو تاوانانەیان بەرانبەر بە ئێمە و کولتووری کوردی کردووە، ھەموو ئەو کتێبانەی کە لە ڕوانگەیەکی مەزھەبییەوە کە مارکسیزمە، ئاخر مارکسیزم ئاینە، مەزھەبە نەک فەلسەفە، لە دنیایان ڕوانیوە و ئێمەیان گەوجاندووە و کولتوورەکەمانیان ژەھراوی کردووە، زەینمانیان پایەماڵ کردووە، داگیر کردووە، کۆلۆنیال کردووە کە ئێستە کاتی خۆڕزگارکردنە لەو دنیابینییە مەزھەبییە - ئاینییانە، چ مارکسیزم و چ ئاینی تەقلیدی و چ پۆست مۆدێرنیزم. لە نێوەندی کوردیدا بووەتە مۆدە ھەر کەسێک ھەڵدەستێت بۆ ئەوەی پۆزێک لێ بدات و باسەکەی، جا ھەر چییەک ھەیە، بەگرنگ لەقەڵەم بدات پێشگرێک یا لەقەبێک یا نازناوێکی فەلسەفەی لە باسەکەی دەنێت "چەند سەرنجێکی فەلسەفییانە لەسەر تووڕەھات.....". "

فەلسەفییانە بیرکردنەوە" خۆی نووسینەکە باس لە بیرنەکردنەوە دەکات، یاخود شۆڕشی فڵان فەیلەسوفی وجوودی، لە کاتێکدا فەلسەفە پەیوەندییەکی بەشۆڕشەوە نییە، گەر ڕای دنیابینیی فەیلەسوفێک شۆڕش بێت، کەواتە ھەموو میراتی فەلسەفە بەجێ دەھێڵێت، زمانێکی دیکە لێکسیکانێکی نوێی فەلسەفە (قامووسی نوێ) فەلسەفی دادەھێنێت، چەمکی نوێ و زاراوەی نوێ و ڕستەسازیی نوێ و دنیابینییەکی فەلسەفیی تەواو و تازە کە پەیوەندییەکی بەخودی میراتی فەلسەفەوە نامێنێت، دادەھێنێت. واتە لەدوای ئەم بەناو "شۆڕشەوە" ئێمە لەتەک پارادایمێکی نوێدا دەستوپەنجە نەرم دەکەین، کەواتە ئەمە خۆی لە خۆیدا بەجێھێشتنی فەلسەفەیە؛ داھێنانی کایەیەکی نوێیە، گەر کایەیەکی پێشوو کە فەلسەفەیە ئامرازەکەی لۆژیک بێت، ئەی ئامرازی ئەم "شتە" نوێیە چییە کە لۆژیک نەبوو، ئەم شتە نوێیە کە دوای شۆڕشەکە ھاتووەتە ئاراوە چۆن بیر دەکاتەوە، میتۆدەکانی چین؟ ئامرازە سەرەکییەکەی بیرکردنەوە گەر عەقڵ و میکانیزمەکانی عەقڵ و چەمکە فەلسەفییەکان و شیکردنەوە فەلسەفییەکان نەبن، ئەی چییە؟ یارۆی کە باس لە شۆڕش دەکات دەستەوستانە لە بەردەم وەڵامدانەوەی ھەر یەکێک لەو پرسیارانە، چونکی ئەو پەخشاننووسە، فەلسەفەش لای ئەو بیرکردنەوەی ئاوەزمەندانە نییە بەڵکوو ھەر وەک سارتەر نووسینی پەخشانە. سارتەر ئەدیبە نەک فەیلەسوف، بەڵام کەم نین ئەوانەی کە لە نێوەندی کوردیدا تا ئەمڕۆ سارتەر پێشەنگییانە وەک بەناو "فەیلەسوفێک"، ئەوە ئەگەر باسی فۆکۆ و گرووپەکەی نەکەین.

دەزانین فەلسەفە لەنێو جڤاتی کوردیدا دوژمنی زۆرە، ھەر لە پیاوی ئاینیی تەقلیدییەوە کە ھیچ لە فەلسەفە نازانێت و دژیەتی تاکوو بانگخوازەکان، کە ئەمانیش جۆریان زۆرە؛ ئیخوانەکان دژی فەلسەفەن لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژیا شمولییەکەیانەوە (تۆتاڵیتارییەکەیانەوە کە فاشیزمە، کە نازیزمە)؛ سەلەفییەکانیش دژی فەلسەفەن لەبەر ئەو دژایەتییەی کە ئەشاعیرە و غەزالی و ئیبن تەیمیە و فەقێکانی دیکە و مەزھەبەکانی ئیسلام دژایەتیی فەلسەفەیان کردووە، لەبەرئەوەی دژی عەقڵ بوون؛ نەک ئەوەندە بەڵکوو ھەستاون بە ترۆرکردنی عەقڵ؛ ھەمیشە گوتوویانە "ئەوەی دەم لە مەنتیق وەربدات زەندیقە"؛ ئەم دروشمە تا ئەم چرکەساتە سەنگینیی خۆی ھەیە و گوشارێکی گەورەیە لەسەر عەقڵ و لەسەر دنیابینیمان و ئێمەی کوردی تاساندووە، ئێمەی وردوخاش کردووە.

بەڵام ئەوەی زۆر شوێنی سەرسامییە سەرھەڵدانی جۆرە بانگخوازێکی ئیخوانیی تورکییە کە باس لە فەلسەفە دەکات، واتە ناو بەناو بەر بانگخوازێکی چاڵاکوانی دژە دەسەڵاتی کوردی دەکەوین کە باس لە فەلسەفە دەکات؛ بگرە بانگەشەی ئەوە دەکات گوایە "فەلسەفییانە بیر دەکاتەوە" یاخود "فەلسەفییانە لە کێشەکانی سەردەم و زانست دەڕوانێت!"، گەر لەبنەڕەتدا پەیوەندییەکی بەفەلسەفەوە نییە بگرە ھەزاران فرسەخ لە فەلسەفەوە دوورە؛ بۆ نموونە، با لەم پەرتووکە ورد بینەوە کە لە نووسینی بانگخوازێکی کوردی - تورکییە (واتە سەر بەئیخوانی تورکی):

ڕەوشی فەلسەفیی سەدەی ٢١

مەسعود عەبدولخالق

دەزگای پەخشی تەفسیر، ساڵی چاپ ٢٠١٣

چی؟ ڕەوشی فەلسەفیی سەدەی ٢١؟ من کە ئەم پەرتووکەم بینی شۆک بووم، چونکی دەمزانی خاوەنەکەی کە دێتە سەر زانست و فەلسەفە نەخوێندەوارێکە لەو گۆڕەی! ئەی چۆن باسی فەلسەفە دەکات لە سەدەی بیست و یەکەمدا؟ کە پەرتووکەکەم دەخوێندەوە، لە بەرگەوە بۆ بەرگ ھیچ نە لە دوور نە لە نزیک پەیوەندییەکی بەفەلسەفەوە نییە، خاوەنەکەشی تەنانەت وانەیەکی سادەی نیوکاتژمێریی دەربارەی فەلسەفە نەخوێندووە، ئەی باسی چی دەکات؟ ھەموو درێژدادڕییەکە، کە هەوڵێکە بۆ سەلماندنی ئەوەی کتێبی پیرۆز پەرجوویەکی ئاسمانییە و زانست سەلمێنەری بوونی خودایە. بگرە زانست لەحاند مەزنیی ئاین و کتێبی پیرۆز سەری سوڕ ماوە. هەنووکە مژارەکە ئەوەیە کە ئەم هەوڵە پشتئەستوور بە کام ئەرگۆمێنت و بەڵگە و شیکاریی زانستی ئەم بانگەشانە دەهێنێتە ئاراوە. مەخابن کە ئەم کتێبە بێ بەرییە لە گشت ئەم خەسڵەتە جەوهەرییانەی توێژینەوەیەکی لێکدانەوەیی ڕژد و وردبین، چونکی بانگخوازی دوور لە گیانی زانستی توانستی سەلماندنی بیرۆکەکانی نییە،بەڵکوو بەبەردەوامی جەغد (تاکید) دەکاتەوە و پەنا بۆ ئەم قەوانە شڕە دەبات کە "فڵانە زانا موسڵمان بوو کە زانی...." فڵان زانا کە تێگەیشت ئیسلام چەندە مەزنە موسڵمان بوو، فڵان زانا کە سورەتی فڵانی دی، بەراوردی کرد لەتەک تیۆریی تەقینەوە مەزنەکە، یەکسەر موسڵمان بوو، چونکی تێگەیشت قورئان ١٤٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا باسی ھەموو تیۆرییەکانی فیزیا و کیمیا و گەردوونناسیی کردووە. ئەم بانگخوازە کە سەنتەرێکی ھەیە و تەنانەت ناوەکەیشی ھەڵەیە، بودجەیەکی باشی لە دەرەوە بۆ دێت بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم ئایدیۆلۆژیایە، بەڵام ئەم زاتە لێرەدا یەک فێڵی لێ کردووین، ئەویش ئەوەی زانیاریی ئەو بەرانبەر بە جیھان ھێندەی قوتابییەکی پۆلی دوو لە ژاپۆن یا ئەمریکا نابێت؛ بۆ شاردنەوەی ئەو کەمایەسییە پەنای بردووەتە بەر ناونیشانی فەلسەفە کە گەمەیەکی ترسناکە، زۆر ترسناکتر لە عەبدولەتیفی سەلەفی کە بەبەردەوامی لە نەزانی و جەھلی خۆیەوە ھێرش دەکاتە سەر فەلسەفە.

پێش ئەوەی بەردەوامی بدەین بە گەشتەکەمان لەسەر ناھەمواریی بارودۆخی فەلسەفە لە جڤاتی کوردیدا (بەتایبەت باشوور)، گرنگە لە تاوانێکی گەورەی دەسەڵاتی کوردیش لەم ڕووەوە قسان بکەین، ئەویش ئەوەی کە ژمارەیەک سیاسەتمەدار و بەرپرس ڕۆڵی زۆر زۆر خراپیان لە پەخشکردنەوەی جەھل، ھەرچی پەیوەندیی بەفەلسەفەوە ھەبێت، گێڕاوە، واتە لە وشەی فەلسەفە سڵیان کردووەتەوە و ھەر بابایەک گوتبێتی کە "من فەلسەفەم تەواو کردووە"، ئیدی چونکی خۆیان ھیچ لە فەلسەفە نازانن بە کارێکی دژە زانستی، دژە نیشتمانی، دژە مەعریفی، دژە ئەخلاقی، دژە فەلسەفی ھەستاون، ئەویش تەعینکردنی ئەو بابایەی کە ئیدیعای خوێندنی فەلسەفەی کردووە، چ لە ئەوروپا یا چ لە ڕووسیا یا لە ئێران. نموونەی ئەو گەندەڵییە مەعریفییە، ھەرچی پەیوەندیی بەفەلسەفەوە ھەبێت، زۆرە کە کەسێک تا سێی ناوەندیی خوێندووە بەڵام بە نامەیەکی بەرپرسێکی حیزبی یا حکوومی کراوەتە مامۆستای فەلسەفە، بگرە سەرۆکی بەش، کە ئەم کەسە لەڕووی فەلسەفییەوە وەک نەخوێندەوارێک کارەساتی پەروەردەی گەورە گەورەی ناوەتەوە و ئێستا بە شەھادەی سێی ناوەندییەوە دوکتۆرا دەخوێنێت!. یا ئەوەی حیزبی فڵان یارۆیەک کە لە فەڕەنسا گەڕاوەتەوە و لەوێ شەھادەیەکی "دەبر" کردووە، دواجار کراوە بە سەرۆکی بەشی فەلسەفە.

لەم تاوانانەی پارتی و یەکێتی بەلێشاو ھەن، کە ئەمڕۆ ئێمە بەروبوومی ئەو گەندەڵییە دەچنینەوە. کەسێک کە یەک موحازەرەی فەلسەفە چییە لە خۆرئاوای گوێ لێ نەبووە، کەسێک یا کەسانێک یەک دێڕیان لە لۆژیک (کە ١١ جۆر لۆژیک ھەیە، بێ ئەم جۆرانەی لۆژیک شتێک نییە بەناوی فەلسەفەوە) نەخوێندووە و بوون بە مامۆستا، سەرۆکی بەش، پسپۆڕی فەلسەفی، پڕۆفیسۆری فەلسەفە. یەکێک لەو پڵنگە کاغەزییانە کە گوایە لە فەڕەنسا دوکتۆرای ھێناوە کتێبێکی بێمانای نووسیوە لەسەر "پۆست مۆدێرنیزم"؛ کە من پێشەکییەکەیم خوێندەوە سەرتاپا بریتی بوو لە سێسەد و شەست و نۆ پرسیار، لەڕووی حەرفییەوە ڕیزکردنی ئەو ژمارە، زۆرە لە پرسیار. کە چوومە سەر خودی بۆدی (جەستەی) کتێبەکە، نە لە دوور نە لە نزیک پەیوەندییەکی بە ئەو پرسیارانەوە نەبوو، واتە ئەم بلیمەتە پرسیاری کردووە، سێسەد و شەست و نۆ پرسیار، بەڵام وەڵامی یەک پرسیاری نەداوەتەوە. ئا ئەوەیە دیاریی سۆربۆن بۆ کوردستان، سۆربۆن دیاریی لەم جۆرەی بۆ کوردستان زۆرە کە سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی ژەھرن نەک فەلسەفە. وە نەبێت ئۆکسفۆردیش برتراند ڕەسڵی بۆ ناردبینەوە، لەو مەنزڵەشەوە زبڵی جێندەر ستەدیس گەڕاوەتەوە کە پەیوەندییەکی بەفەلسەوە نییە و کار کارێکی چاڵاکوانیی دژە سەردەمە، دژە پیاوە، دژە کولتوورە، دژە عەقڵە.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا فەلسەفە لەناو جڤاتی کوردیدا لە خراپترین ھەلومەرجیدایە، نە دەسەڵات گرنگی بە فەلسەفە و زانست دەدات و نە خودی جڤاتەکە تێگەیشتنێکی تەندروستی دەربارەی فەلسەفە و ڕۆڵی فەلسەفە ھەیە؛ نە بە ناو ڕۆشنبیرانی کورد درک بەگرنگیی فەلسەفە دەکەن، بگرە دوژمنە گەورەکانی فەلسەفە نە سەلەفییەکانن، نە ئیخوانییەکان، بەڵکوو ڕۆشنبیرە نیمچە نەخوێندەوار و نیمچە خوێندەوارەکانی کوردن، ئەوانەی کە خاوەنی "مەعریفەی زۆر زۆر کەمن" کە مەعریفەی کەم لە جەھل ترسناکترە. ڕۆشنبیری کورد بەھۆی غیابی عەقڵ و فەلسەفە و لۆژیکەوە ھیچ نییە جگە لە "تاریکبینێکی قەڵەم بەدەست" کە بەھۆی نەبوونی دنیابینییەوە بەھەر چوارلادا قەڵەمە کۆڵەکەی تووڕ ھەڵدەدات، کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لە شەڕەپشیلەیەک زیاتر ھیچ تۆمار ناکات، بەڵام شەڕەپشیلەیەک کە لای ئەو داھێنانە، شاکارە!! ئەمڕۆی ئەدەبی کوردی و نووسینی کوردی ئەو شەڕەپشیلەیەی سۆفستائییەکان، ئەو سۆفستائییانەی بیر ناکەنەوە ھەموو دژی سەرھەڵدانی سوکراتێکن لە مەیدانەکەدا.

ئەوەی لە نێوەندی کوردیدا باس لە فەلسەفە دەکات کەسێک نییە شارەزای فەلسەفە بێت بەڵکوو ئەو، جا ھەر کەسێکە، سۆفستائییەکە بۆ دژایەتیکردنی فەلسەفە و ڕاستی و ھەق ھاتووەتە مەیدان، بەڵام لە نێوەندێکدا کە ئەمڕۆ دژایەتیکردنی جوانی، ڕاستی، ھەق خۆی وەک ئامانجێکی گەورە نیشان دەدات، کە ئەمەش سومبولی کەوتن و داڕزینە، ئەو شوێنە داڕزیوە کە بەناڕێکی دەڵێت جوان، ئەو سۆفستائییە کە تەعزیمی جەھل و ناڕێکی و عەدەمییەت و زەوقسزی دەکات، ئێمە چەندە دەوڵەمەندین لە ھەبوونی ئەو سۆفستائیە کەوتووانەدا کە سەرقاڵی کەوتنی ئەبەدیمانن.

کردنەوەی بەشی فەلسەفە لە چەند زانکۆیەک ھەلومەرجەکەی ھێندەی دیکە خراپتر کرد، ئەمەش بەھۆی ئەوەی ئەو کەسانەی ئەرکی گوتنەوەی وانەی فەلسەفەیان پێ سپێردرا شایستەگی ئەوەیان نەبوو ببنە مامۆستای فەلسەفە، چونکی مەشقی فەلسەفەیان نەبینیوە و باش پەروەردە نەبوون، یاخود لەبنەڕەتەوە بۆ ئەم کارە بانگ نەکراون، ئاخر فەلسەفەگوتنەوە ئیش نییە، کار نییە، وەزیفە نییە، بەڵکوو بانگە (Call) . ئیرۆس بەرەو چوونی ئەرکێکی مەزنە، گوێگرتنە لە بانگی حەق، جوانی، ڕاستی. ناپاکییە لە خانمی فەلسەفە گەر بێتوو ھەر بابایەکی خوێندەوارت گیر کەوت ئەرکی گوتنەوەی فەلسەفەی پێ بسپێرێت.

ئاگەداری کەیسێکم تێیدا مەلایەک، کە ڕۆژگارێک سەرقاڵی چاککردنەوەی تەڵاق بوو، کردیانە مامۆستا و یەکسەر داوایان لێ کرد وانەی "فەلسەفەی ھونەر" یا ئیستاتیکا و ئۆنتۆلۆژیا بڵێتەوە، لە چاککردنەوەی تەڵاقەوە بۆ جوانناسیی کانت؛ ئەم ناپاکییە ناو بنێین چی؟ لە ئێستادا گەورەترین خزمەت بە فەلسەفە بریتییە لە داخستنی نەک بەشەکانی فەلسەفە (گەر ھەبن) بەڵکوو نەگوتنەوەی ھیچ ماددە یا وانەیەکی فەلسەفە، چونکی کەسی شایستە بوونی نییە تا بەو ئەرکە ھەڵبستێت، ئەوانەی ئێستە وانەی فەلسەفە دەڵێنەوە یەک پاشاگەردانی، یەک ئاژاوەی فیکرییان خوڵقاندووە کە بە چەندین فەیلەسوف ڕاست ناکرێتەوە و جوان ناکرێتەوە. کاری مانادار لە ئێستەدا بریتییە لە وەرگێڕانی دەقە فەلسەفییەکان لە زمانە ئەوروپییەکانەوە، نەک لە زمانی عەرەبی و فارسییەوە، بەش بەحاڵی خۆم ھیچ متمانەیەکم نە بە ڕۆشنبیری فارس ھەیە نە بە ڕۆشنبیری عەرەب و تورک؛ ھەر ھەموو ئالوود ەبوون بەچەندین ئایدیۆلۆژیا لە سەروو ھەموویەوە دژایەتیکردنی خۆرئاوا لەپاڵ عاشقبوونی ناھێڵیزم و عەبەسییەتێک کە کولتوورەکانی خۆیانی داغان کردووە، کولتوورەکانیان بوونەتە مۆڵگەی دەیەھا ڤایرۆس و بیماری چارەسەرنەبوو، ئیدی ئێمە چۆن بیانکەینە سەرچاوەی مەعریفیمان؟

لێرەوە دەبێت بەھۆشیارییەوە سڵ بکەینەوە ھاش و ھوشەی سۆفستائییەکانی کورد کە بە ناوی خانمی فەلسەفەوە پەخشی دەکەنەوە، ھەریەک لە ئێمە لای خۆیەوە دەتوانێت سنوورێک بۆ ئەو بێڕێزییەی کە بەخانمی فەلسەفە دەکرێت دابنێت لەڕێگەی گرنگینەدان بەو سۆفستائیانە، بەو زڕە نووسەرانەی سەرقاڵی لەکەدارکردنی خانمی فەلسەفەن، ئەو زڕە مامۆستایانەی ناپاکی لە مەعریفە و لە فەلسەفە دەکەن بەناوی فەلسەفەوە، لەو قوتابخانانەی بە زانکۆ بانگ دەکرێن.

٢٤/٢/٢٠٢٥

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X