دانا ئیسماعیل
(نووسەر و توێژەری بواری پەروەردە)
ڕۆژهه‌ڵاتناسی چییه و به كێ ده‌گوترێت ڕۆژهه‌ڵاتناس؟
ئێمه له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین وه‌ڵامی ئه‌و دوو پرسیاره‌ی سەرەوە بده‌ینه‌وه. ڕۆژهه‌ڵاتناسی بریتییە لە میتۆدێكی زانستیی بۆ لێكۆڵینه‌وه له مێژوو، ئایین، ئابووری، سیاسه‌ت، هونه‌ر، ئه‌ده‌ب، فه‌لسه‌فه، زانست، زمان، كه‌له‌پوور و دابونه‌ریتی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات. ڕیشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتناسی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یۆنانی دێرین. له به‌راییدا ناولێنانه‌كه ته‌نها له‌ڕووی جیۆگرافییه‌وه بوو، واتە به‌و ده‌وڵه‌تانه ده‌گوترا كه كه‌وتبوونه به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپاوه. دواتر و پاش ململانێ و جه‌نگه‌كانی نێوان ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا هاوشێوه‌ی جه‌نگی فارسه‌كان لەگەڵ ڕۆمانى و گریکییه‌كاندا، ئیدی ڕۆژهه‌ڵاتناسی بوو به بابه‌تی توێژینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه له مێژوو و فه‌رهه‌نگ و كولتووری ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان. ڕۆژئاواییه‌كان به گرنگییه‌كی زۆره‌وه له ڕۆژهه‌ڵاتناسییان ده‌ڕوانی و خوازیاری كۆكردنه‌وه‌ی زۆرترین زانیاری بوون ده‌رباره‌یان، به‌تایبه‌ت له‌ڕووی ئابووری و سیاسی و سه‌ربازییه‌وه. له دیدی ئێمه‌دا خاڵی جه‌وهه‌ریی گرنگیدانی ڕۆژئاواییه‌كان، به دیاریكراویش یۆنانییه‌كان، بۆ ڕۆژهه‌ڵاتناسی له شۆك و واقوڕمانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو. شۆكی به‌ربه‌ریبوونی ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان له هێرش و په‌لاماردانه‌كانیاندا بۆ سه‌ر نه‌یاره‌كانیان، کە هه‌رچی ئاسه‌واری ژیارى و شارستانی هەبوو خاپووریان ده‌كرد. هیرۆدۆت له كتێبی میژووه‌كاندا ئاماژه به هێرشی فارسه‌كان ده‌كات بۆ سه‌ر یۆنان و داگیركردن و خاپووركردنی به شێوازێكی زۆر به‌ربه‌ریانه. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌وه، یۆنانییه‌كان له جه‌نگه‌كانیاندا ئه‌و ناوچانه‌ی كه داگیریان ده‌كرد كولتوور و ژیاریان بۆ ده‌برد. هاوشێوەى ناوچەکانى ئایۆنیا و ئیستەنبوڵ، یۆنانییەکان چەندین شارى نوێیان دروست کرد لەچەشنى شارەکانى ئەفەسۆس و میلێتۆس، سیراکیوس ونۆکراتیس و تارانتۆ، کۆلۆنى وسیرینایکا لە ئیتاڵیا و لیبیا و میسر. یۆنانییەکان هەموو ئەو ناوچانەى کە داگیریان دەکرد ئاشنایان دەکردن بە ئایین و ئەفسانە و کولتوورى یۆنانى. لەو ناوچانەدا یۆنانییەکان زمان و ئەدەبى یۆنانییان بلاو دەکردەوە؛ ئاشنایان دەکردن بە زانست و فەلسەفە و سیستەمى پەروەردەى یۆنانى کە تاهەنووکە ڕاقیترین و جێ بەخۆگرتووترین پارادایمى پەروەردەیە لە جیهاندا. تەریب بەوانە، ئاشناى هونەر و تەلارسازىی یۆنانییان دەکردن و سیستەمى سیاسىی شاریان دادەمەزراند، شار بە مانا فەلسەفییەکەى، کە تاهەنووکە غیابى هەیە لە وڵاتانى ڕۆژهەڵاتدا (١). دواجار ئه‌و كولتووری ئاوەدانی و بوونیادنانه‌وه ژیارى و شارستانییە گواسترایه‌وه بۆ وڵاتانی دیكه‌ی ڕۆژئاوا.
دیارە خۆرهەڵاتناسى بە چەندین قۆناغى جۆراوجۆردا گوزەرى کردووە، لە سەدەکانى نێوەڕاست و بەدواوە بەهۆى چوونە قۆناغێکى دیکەى ململانێى توندى نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاواوە کە خۆى بینییەوە لە هێرش و پەلامارەکانى جیهانى ئیسلامى بۆسەر وڵاتانى خۆرئاوا؛ ڕۆژئاواییەکانى ناچار بە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەى وردتر کرد سەبارەت بە خۆرهەڵات و، لەو سۆنگەیەوە بڕیاریان دا لە زانکۆکان ژمارەیەک کورسى تەرخان بکەن بۆ خوێندنى ڕۆژهەڵاتناسى و پاشان ڕشتەى تایبەت بۆ کایەى ڕۆژهەڵاتناسى دیاری کرا. ئامانج لە هەموو ئەوانە بۆ ئاشنابوون و تێگەیشتنى زیاتر بوو لە خۆرهەڵات و کو‌لتوور و فەرهەنگەکەى، کە دواجار بە خێر گەڕا بۆ خۆرهەڵات لەڕووى فەرهەنگى و ژیارییەوە. به‌كورتی، ئاماژه به چه‌ند هه‌وڵێكی بووژاندنەوەى ژیاریى ئینگلیز ده‌ده‌ین له ڕۆژهه‌ڵاتدا. لەوانە دامه‌زراندنی ده‌یان ده‌وڵه‌ت له ناوچه‌كه‌دا، هاوشێوەى دەوڵەتى ئێراق و بوونی چه‌ندین دامه‌زراوه‌ی گرنگ له‌چه‌شنی:
1- دامه‌زراوه حكوومییه‌كان، وه‌ك سیستەمی پاشایه‌تی ده‌ستووریی، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، وه‌زاره‌ته‌كان، سوپای نوێی عێراق.
2 - دامه‌زراوه ئابوورییه‌كان، وەک سیستەمی بانكی، سیستەمی باج و گومرگ، كۆمپانیای نه‌وتی عێراق
IPC)).
3- دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌ییه‌كان، وەک كۆلێژ و زانكۆكان، خوێندنگه و قوتابخانه مۆدێرنه‌كان.
4- دامه‌زراوه یاساییه‌كان، وەک دادگا مه‌ده‌نییه‌كان، سیستەمی دادوه‌ریی هاوچه‌رخ، یاسای بنه‌ڕه‌تیی عێراق (1925).
5- ژێرخانی گواستنه‌وه، وەک ڕێگای ئاسنین، به‌نده‌ره‌كان، شه‌قام و ڕێگاوبانه هاوچه‌رخه‌كان.
ئه‌م دامه‌زراوه مه‌ده‌نییانه به‌شێكن له‌و پڕۆژه ژیارییه‌ی خۆرئاوا، كه له دیدی خۆرهه‌ڵاتییه‌كاندا وه‌ك داگیركه‌ر و خائین و سیخوڕ له خۆیان و پڕۆژه‌كانیان ده‌ڕوانرا! ئێمه نامانه‌وێت بڵێین ڕۆژئاوا و ئۆریه‌نتاڵیسته‌كانیان بێخه‌وشن و ئه‌جێندایه‌كی دیاریكراویان نه‌بووه و به‌شێك نه‌بوون له هاوکێشە هەواڵگرییەکان له ناوچه‌كه‌دا. ئاگاداری ئه‌وه‌ش هه‌ین ژماره‌یه‌ك له ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌كان به مه‌به‌ست سه‌رقاڵی شێواندنی مێژوو و فه‌رهه‌نگ و كولتووری ئه‌م ناوچه‌یه بوون. به‌ڵام نابێت ئه‌مه وامان لێ بكات بابه‌تیبوون له ده‌ست بده‌ین و وه‌ك تیۆریی پیلانگێڕی لێیان بڕوانین ونه‌فره‌ت له ته‌واوی ئۆریه‌نتاڵیسته‌كان بكه‌ین، وه‌ك ئه‌وه‌ی کە بەهۆى کاریگەریی کولتوورى عەرەب و ڕۆشنبیرەکانیانەوە كردوومانه لەچەشنى ئیدوارد سەعید، کە پێی وایە ڕۆژهەڵات دروستکراو و داهێنراوى ڕۆژئاوایە. سەعید زۆر بە توندى دژ بە تەواوى ڕۆژهەڵاتناسەکان دەوەستێتەوە و تۆمەتباریان دەکات بە ڕادیکاڵ و ڕەگەزپەرست؛ وەڵامى نازانستییان دەداتەوە بەبێ ئەوەى تەنها یەک ئەرگیومێنتی پێچەوانە بخاتە ڕوو. ڕەخنەى لۆرد کرۆمەر دەکات لەسەر ئەوەى لە کتێبەکەى لەسەر میسڕ بەراوردى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەکات و ڕەخنەى ڕۆژهەڵاتییەکان دەکات و دەڵێت: "تاکى خۆرئاوایى کاراکتەرێکى ئەقڵانییە، بیرکەرەوەیە، ئازادیخواز وعەدالەتخوازە، خاوەن فەزیڵەتە، بەدیقەت و خانەدانە، جوامێر و بەئەخلاقە، گومانگەرایە بە پێچەوانەى ڕؤژهەڵاتییەکان کە خۆشباوەڕ و ساویلکەن، مەفتوونى ستایش و پیاهەڵدانن و مەراییکەرن، بە سروشت درۆزنن و خاوەن ڕەزیلەتن، گەمژە و نەفام و خورافین، بەربەرین و دژ بە سروشت و گیاندارانن، بێکولتوورن و نازانن بە ڕێدا بڕۆن...هتد". (٢) کێشەى ئیدوارد سەعید لەوەدایە بە دەر لە خستنەڕووى تەنها ئەرگیومێنتێکی پێچەوانە پەلامارى کرۆمەر دەدات و بە ڕەگەزپەرست ئەژمارى دەکات، لەکاتێکدا کرۆمەر بەوردی مرۆڤى خۆرهەڵاتیمان بۆ پێناسە دەکات و ستراکچەریمان بۆ دەخاتە ڕوو. بەڵام با وا گریمانە بکەین ئەوەى کرۆمەر دەیڵێ تۆمەتێکى هەڵبەستراو و ناڕەوایە. هیچ کات ناکرێت و ناگونجێت ئێمەش بە تۆمەت وەڵامى بدەینەوە، هەر وەک ئەوەى ئیدوارد سەعید دەیکات. لەبەر ئەوەى هەڵەى لۆژیکییە بەبێ سەلماندن وخستنەڕووى بەڵگەى بەرهەست وەها وەڵامێک بدەینەوە.
سەعید لە بەرگ بۆ بەرگى کتێبەکەى "الاستشراق"(٣) ڕەخنەى ئۆریەنتاڵیستەکان دەکات و بە کۆلۆنیالیست و بەدیهێنەرى ئۆرۆسەنتەریزم تۆمەتباریان دەکات، لەکاتێکدا تەنها ئەرگیومێنتێکی پێچەوانە ناخاتە ڕوو و پێچەوانەکەیمان بۆ ناسەلمێنێت و پێمان ناڵێت فەزیڵەتەکانى مرۆڤى خۆرهەڵاتى چین! هیچ کات ناکرێت و ناگونجێت بە دیدێکى گشتى و ساویلکانە کۆنسێپتێکى ئاڵۆزى وەک ڕۆژهەڵاتناسى لێکبدەینەوە بەدەر لە ڕاڤە و شیکردنەوەى ماتڕیاڵەکانى. ئیدوارد سەعید پێی وایە ڕۆژهەڵات لەلایەن ڕۆژئاواییەکانەوە بە ڕۆژهەڵاتى کراوە، واتە ئەوان کاڵایان بە باڵادا بڕیوە. بەمجۆرە، پێناسەى ڕۆژهەڵاتناسى دەکات و دەڵێت: "بریتییە لە بەئەقڵانیکردنى ڕێساکانى کۆلۆنى، واتە کۆلۆنیالیزم لەبنەڕەتدا بووەتە بەهانە بۆ ڕۆژهەڵاتناسى و داگیرکردنى".(٤) ئەو دید و ڕوانینەى ئیدوارد سەعید سیخناخە بە بوغز و کینە بەرامبەر بە خۆرئاوا، دیدێکە خاڵى لەئەقڵانیەت و ڕەخنەى زانستى و لێوانلێوە لە گشتاندن و حوکمدانى پێشوەختە، کە هەموو ئەوانەش هەڵەى لۆژیکین.
یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانى ئیدوارد سەعید ڕەچاونەکردنى میتۆدۆلۆژییە لە توێژینەوەکەیدا. لەوانە نەبوونى میتۆدى شیکارى، پشتبەستنى لە ڕادەبەدەرى بە دەقى ئەدەبى، لاوازى لە بەکارهێنانى ئامرازە ئەمپریکییەکاندا، نەبوونى شیکردنەوەى بەراوردکارىی سیستەماتیک، گرنگینەدانى پێویست بە سەرچاوە مێژووییەکان و بەڵگەنامە و داتا ئەمپریکییەکان. ڕەخنەیەکى دیکە لە توێژینەوەکەى ئیدوارد سەعید بریتییە لە نەبوونى ئەرگیومێنت و پشتڕاستنەکردنەوەى بانگەشەکەى بە بەڵگەى زانستى. بۆ نموونە، کاتێک باس لە پەیوەندیی نێوان توێژەران لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسى دەکات هیچ بەڵگەیەک ناخاتە ڕوو. لە دیدى ئێمەدا، خاڵى لاوازى سەعید کەوتنە ژێر کاریگەریی دیدگاى گرامشى و فۆکۆیە سەبارەت بە دەوڵەت، کە هەردوو دیدەکە کێشەساز و نازانستین. خاڵێکى دیکەى لاوازیی توێژینەوەکەى سەعید بریتییە لە دووبارەبوونەوەى ستیریۆتایپ، واتە خۆیشى گیرۆدەى هەمان دەرد بووە، دەردى ئەو ڕەخنانەى کە لەڕۆژهەڵاتناسەکانى دەگرت لەچەشنى بە وەک یەککردنى ڕۆژهەڵات، واتە نیشاندانى هەموو ڕۆژهەڵات لە تابلۆیەکدا. سەعید کاتێک باس لە ڕۆژئاوا دەکات هەمان گشتاندنى ستیریۆتایپیانە دەکات و وێنەیەکى تاکڕەهەندیمان نیشان دەدات دەربارەى خۆرئاوا وەک کۆلۆنیالیست و بەکارهێنانى هەمان زمانى کۆلۆنیالیستانە کە خۆى ڕەخنەى لێ دەگرێت. دژە خۆرئاوا بوونەکەى سەعید دواجار خزمەتى گەورەى بە فێندەمێنتاڵیزمى ئیسلامى کرد لە بەشەیتەنەکردنى خۆرئاوادا. ئاشکرایە ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌كان خزمه‌تی به‌رچاویان به فه‌رهه‌نگ و كولتووری ڕۆژهه‌ڵات كردووه. له‌ڕێی پاراستن و ساغكردنه‌وه‌ی بێشوماری دەق و ده‌ستنووس وبەڵگەنامەکان و شوێنه‌وارە دێرین و كه‌له‌پوورییەکان و بەدۆکیومێنتکردنیان، كه ئێمه لێره‌دا ده‌رفه‌تی ناوهێنانی تێکڕایانمان نییه له‌به‌ر زۆرییان، ته‌نها ناوی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ده‌هێنین كه توێژه‌ره ڕۆژئاواییه‌كان ساغیان كردوونه‌ته‌وه. لەوانە:
1- ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كان:
ا- الف لیلة و لیلة له‌لایه‌ن " ئیدوارد له‌ین "ه‌وه ساغ كراوه‌ته‌وه.
ب- دیوانی موته‌نه‌بی له‌لایه‌ن " ڕیژیس بلاشێر"ه‌وه ساغ كراوه‌ته‌وه.
ج- كلیله و دمنه له‌لایه‌ن " دی ساسی "ه‌وه ساغ كراوه‌ته‌وه.
د- شاهنامه‌ی فیرده‌وسی له‌لایه‌ن " ژوول مۆڵ "ه‌وه ساغ كراوه‌ته‌وه.
2- ده‌قه عیرفانی و فه‌لسه‌فییه‌كان:
ا- رسائل اخوان-ی الصفا له‌لایه‌ن " فریدریش دیتریشی "ه‌وه ساغ كراوه‌ته‌وه.
ب- فصوص الحكم-ی ئیبن عەرەبی له‌لایه‌ن " ڕینۆڵد ئه‌لین نیكڵسۆن "ه‌وه ساغ كراوه‌ته‌وه.
ج- تهافت الفلاسفة-ی ئیمامی غه‌زالی له‌لایه‌ن " وان دێن بێرگ "ه‌وه ساغ كراوه‌ته‌وه.
3- ده‌قه مێژووییه‌كان:
ا- المقدمة-ی ئیبن خەلدون له‌لایه‌ن " دی سلان "ە‌وه ساغ كراوه‌ته‌وه.
ب- تأریخ الطبری-ی محەمەد بن جریر الطبری له‌لایه‌ن " دی گۆیه "ه‌وه ساغ كراوه‌ته‌وه.
ج- مروج الذهبی-ی مه‌سعوودی له‌لایه‌ن " باربییه دی مینارد "ه‌وه ساغ كراوه‌ته‌وه.
د- الكامل فی التأریخ-ی ئیبن ئەسیر له‌لایه‌ن " تۆرن بێرگ "ه‌وه ساغ كراوه‌ته‌وه.
ه- فتوح البلدان-ی به‌لازوری له‌لایه‌ن " دی گۆیه "ە‌وه ساغ كراوه‌ته‌وه.
4- ده‌قه زمانه‌وانییه‌كان: زۆرترین شیكردنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه له زمانه كۆنه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات كراوه، له‌وانه زمانه‌كانی سۆمه‌ری، ئه‌كه‌دی، ئاشووری، هیندی، عیبری.
ا- كتاب سیبویه له‌لایه‌ن " هارتویگ دێرێن بۆرگ "ه‌وه ساغ كراوه‌ته‌وه.
ب- المفصل فی صنعة الاعراب-ی زه‌مه‌خشه‌ری له‌لایه‌ن " برۆخ "ه‌وه ساغ كراوه‌ته‌وه.
ج- لسان العرب-ی ئیبن مەنسوور له‌لایه‌ن " ئیدوارد له‌ین "ه‌وه ساغ كراوه‌ته‌وه.
5- ده‌قه ئاینییه‌كان:
ا- صحیح البخاری-ی محەمەد بن ئیسماعیل ناسراو به ئیمامی بووخاری له‌لایه‌ن " كرێهڵ "ه‌وه ساغ كراوه‌ته‌وه.
ب- احیا‌ء علوم ا‌لدین-ی ئیمامی غه‌زالی له‌لایه‌ن " دانكن بلاك ماكدۆناڵد "ه‌وه ساغ كراوه‌ته‌وه.
ج- الملل و النحل-ی شه‌هرستانی له‌لایه‌ن " هێنری كۆربین "ه‌وه ساغ كراوه‌ته‌وه. (٥)
لێره‌وه به‌و ئه‌نجامه ده‌گه‌ین ئۆریه‌نتاڵیسته‌كان ئه‌و وه‌حشه ترسناک و خائین و داگیركه‌رانه نه‌بوون كه ئێمه وا لێمان ده‌ڕوانین. بەڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه گه‌ر غه‌مخۆری و پشکنین و پەیدۆزى و کنەکارى ئه‌وان نه‌بووایه، ئه‌وا ده‌یان ده‌ستنووس و سه‌رچاوه‌ی مێژوویی و ئارکۆلۆژى و ئایینی و فه‌لسه‌فی و هونه‌ری و ئه‌ده‌بیمان له‌ده‌ست ده‌دا. واتە ئەوان خزمەتى گەورەیان بە مێژوو و کولتووری ڕۆژهەڵات کرد. بەتایبەت مێژووى دێرینى ناوچەکە، کە ڕۆژهەڵاتییەکان خۆیان لێى بێ‌ئاگا بوون. لەپاش ڕێنیسانسەوە خۆرئاواییەکان گرنگییەکى تایبەتیان دا بە توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لە دەقە مێژوویی و ئایینى و شوێنەوارە دێرینەکان. لەئەنجامى کنە و پشکنینەکانیاندا دەستکەوتى زانستىی گەورەیان بەدەست هێنا. هاوشێوەى شوێنەوارە دێرینەکان و دۆزینەوەى چەندین دەقى جۆراوجۆر لەچەشنى نووسینى میخى و هیرۆگلیفى و سەنسکریتى و عیبرى و سریانى و فارسى دێرینى سەردەمى هەخامەنشییەکان. لەڕێى ئەو نووسین و دەقانەوە کە بەهەڵکۆڵین یاخود تابلۆ یاخود دەستنووس، کە لەئەنجامى کنە و پشکنینەکانەوە بە دەستیان هێنابوو، توانیان بەشێکى گەورە لە مێژووى دێرینى سۆمەرى و ئاشوورى و ئەکەدى و فارسەکانمان بۆ ساغ بکەنەوە و ئاشنامان بکەن پێى. گەر هەوڵ و تێکۆشانی ئەوان نەبوایە، لە بەشێکى گەورەى مێژووى مرۆڤایەتى بێبەش دەبووین.
بەکاردێت، )Occidentalist) لەبەرامبەر چەمکی ڕۆژئاواناس (orientalist) چەمکی ڕۆژهەڵاتناس
واتە به‌و کەسە ده‌گوترێت لێكۆڵینه‌وه ده‌رباره‌ی ڕۆژهه‌ڵات ده‌كات؛ هه‌ر چه‌نده له ڕۆژهه‌ڵاتدا چه‌مكه‌كه ته‌واو بارگاوی بووه و شێوێندراوه و، وه‌ك کۆڵۆنیالیست و داگیركەر لە ڕۆژهەڵاتناسان ده‌ڕوانرێت. واتە له ڕووه زانستییه‌كه‌یه‌وه به‌های له ده‌ست داوه و وه‌ك ئایدۆلۆژیا و ئه‌جێندایه‌كی تایبه‌ت لێی ڕوانراوه بۆ داگیركاری. به‌شێك له موسڵمانه‌كان وه‌ك جووڵانه‌وه‌یه‌كی ته‌بشیری له ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌كانیان ڕوانیوه و پێیان وابووه ئامانج لێی به مه‌سیحیكردنی دونیای ئیسلام و شێواندن و نابوودكردنی مێژووه‌كه‌یه‌تی. له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و ڕوانین و دیدگایه له وه‌همێك زیاتر نییه كه پێی وایه ڕۆژهه‌ڵاتناسی هیچ نییه جگه له بزاڤێکی ته‌بشیریی مه‌سیحیی. چونكه ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌و ڕۆژهه‌ڵاتناسانه ئایینه‌كه‌ی خۆیان گۆڕیوه و بوونه‌ته موسڵمان و خزمه‌تی گه‌وره‌یان به ئیسلام كردووه و ده‌یان ده‌قی ئایینیان وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانه ئه‌وروپییه‌كان، دیارترینیشیان قورئانه. له ترۆپکی به‌ریه‌ككه‌وتن و ململانێی شارستانییه‌تی ئیسلامی و مه‌سیحییدا هاوشێوه‌ی جه‌نگی خاچدروشمان كه هه‌ردوو ئایینه‌كه له خراپترین دۆخیاندا بوون به‌رامبه‌ر به یه‌كدی، له‌و دۆخه‌دا ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له توێژه‌ران سه‌رقاڵی وه‌رگێڕانی تێكسته ئیسلامییه‌كان بوون بۆ سه‌ر زمانی لاتینى، کە مەبەست لیى ئاشنابوونى زیاتربوو دەربارەى ئیسلام بە هۆى ململانێ و پێکدادانى نێوان هەردوو ئایینەکەوە، واتە پێکدادانى شارستانییەتەکان. دواتر په‌ره به وه‌رگێڕانی تێكسته ئیسلامییه‌كان درا و بێ‌شومار ده‌قی ئیسلامی وه‌رگێڕدرانه سه‌ر زمانه ئه‌وروپییه‌كان له بواره‌كانی فه‌لسه‌فه - پزیشكی – ماتماتیك – ئه‌ده‌ب – هونه‌ر – مێژوو . وێڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندین ده‌قی گرنگ نووسران ده‌رباره‌ی ئیسلام، له‌چه‌شنی ئینسایكڵۆپیدیای ئیسلام و فه‌رهه‌نگی قورئان، له‌پاڵ هه‌موو ئه‌وانه‌دا ده‌یان دۆكیومێنت و ده‌ستنووسیان ساغ كرده‌وه و په‌یدۆزییان تێدا كرد، له‌وانه به‌شێك له ده‌قه‌كانی ئیبن ڕووشد و فارابی و ئیبن خه‌لدوون. ئامانج له وه‌رگێڕانه‌كه ڕۆشن بوو كه ناسینی کولتووری ئیسلامی بوو و، له‌هه‌مان كاتدا وه‌رگرتن و كۆكردنه‌وه‌ی زۆرترین داتا و زانیاری بوو تا له‌و ڕێیه‌وه بزانن چۆن ڕووبه‌ڕووی ئیسلام ببنه‌وه. درێژه‌كێشانی دۆخی جه‌نگ و ململانێكان له سه‌ده‌كانی دواتردا ئه‌وروپییه‌كانی ناچار به دامه‌زراندنی چه‌ندین كۆمه‌ڵه و دامه‌زراوه كرد له‌چه‌شنی "كۆمه‌ڵه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵات" له له‌نده‌ن و "كۆمه‌ڵه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتناسانی ئه‌مریكا" له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا. خۆرهه‌ڵاتناسه ئه‌نگلۆسه‌كسۆنه‌كان له گرنگیدان به ڕۆژهه‌ڵاتناسی پێشه‌نگ بوون و چه‌ندین كۆلێژ و دامه‌زراوه‌ی تایبه‌تیان بۆ دامه‌زراند. ئەوان لەسۆنگەی هه‌ژموونیان له ناوچه‌كه‌دا، خه‌ونی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتى نێوەڕاستیان هه‌بوو و، بۆ فراوانکردنى قەڵەمڕەوەکەیان چاویان لە ئابوورى و پێگە ستراتیژییەکەى ڕۆژهەڵات بڕیبوو. هەر بۆیە ئینگلیزەکان تۆڕیکى گەورە لە ڕۆژهەڵاتناسان بە نێوى باڵوێز و کونسووڵ ڕەوانەى ناوچەکە دەکەن وەک دیپلۆماتکار، بەڵام لەڕاستیدا ئەوان زیاتر لە وەزیفەیەکیان هەبوو کە بریتى بوو لە چاودێریکردنى دۆخى سیاسى و ئابوورى و سەربازى و ئەمنى و کولتوورى، واتە ڕۆژهەڵاتناسى بە ڕەهایى بێخەوش نەبووە و ئامانجی ئۆریەنتەڵیستەکان تەنها توێژینەوە و لێکۆڵینەوە نەبووە.
میتۆدی توێژینه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتناسی:
1- میتۆدی مێژوویی: لێكۆڵینه‌وه له دۆكیومێنت و ده‌ستنووس و دروستیی سه‌رچاوه‌كان ده‌كات و ساغیان ده‌كاته‌وه و ڕاڤه‌ی ڕووداوه‌كان ده‌كات و شییان ده‌كاته‌وه.
2- میتۆدی به‌راوردكاری: به‌راوردی نێوان كولتووره جیاوازه‌كان ده‌كات و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر یه‌كدی شی ده‌كاته‌وه و هه‌ڵیان ده‌سه‌نگێنێت.
3- میتۆدی فیلۆلۆژی: به‌راوردی نێوان زمانه‌كان ده‌كات له‌ڕووی مێژوویی و ئیتمۆلۆژییه‌وه و په‌یوه‌ندی و كاریگه‌ریی زمانه‌كان له‌سه‌ر یه‌كدی ده‌خاته ڕوو.
4- میتۆدی ئه‌نسرۆپۆلۆژی: لێكۆڵینه‌وه له باری كۆمه‌ڵایه‌تیی نێوان جڤاتەکان ده‌كات وپێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تی و داب و نه‌ریتییه‌كانیان شی ده‌كاته‌وه.
5- میتۆدی ئاركیۆلۆژی: كار له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی شوێنه‌واره دێرینه‌كان ده‌كات و له‌ڕووی مێژووییه‌وه و ساغیان ده‌كاته‌وه له‌ڕێی كنه‌كاری و هه‌ڵكۆڵینه‌وه شیكردنه‌وه بۆ كه‌ره‌سته و پاشماوه دێرینه‌كان ده‌كات.
6- میتۆدی دۆكیومێنتاری: له ڕاستی و دروستیی ده‌ستنووس و به‌ڵگه‌نامه‌كان ده‌كۆڵێته‌وه و به شێوازێكی زانستی پۆلێنیان ده‌كات و شیكردنه‌وه بۆ زانیارییه‌كان ده‌كات.
7- میتۆدی چاوپێكه‌وتن: كۆكردنه‌وه و وه‌رگرتنی زانیاری ده‌رباره‌ی داستان و چیرۆكی فۆلكلۆری له زاری خه‌ڵكییه‌وه و داڕشتنه‌وه و ڕێكخستنیان به شێوازێكی ئه‌ده‌بی و پاشان تۆماركردنی یاداشت و بیره‌وه‌رییه‌كان.
8- میتۆدی شیكاری: گرنگترین میتۆده كه شیكردنه‌وه بۆ كۆی میتۆده‌كانی دیكه ده‌كات و له‌ڕووی زانستی و لۆژیكییه‌وه به‌رئه‌نجامه‌كانیان هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت و دروستی و نادروستییان ده‌خاته ڕوو.
ئه‌ركی ڕۆژهه‌ڵاتناس وه‌ك توێژه‌ر:
1- پێویسته ڕۆژهه‌ڵاتناس بێلایه‌ن بێت و خۆی به‌دوور بگرێت له هه‌ر ئه‌جێندایه‌كی دیاریكراو له ده‌ره‌وه‌ی بابه‌تیبوون و زانستی‌بوون و خۆ به‌دوور بگرێت له پێشداوه‌ریی پێشوه‌خته و بڕیاردان.
2- پێویسته توێژه‌ر گرنگی به سه‌رچاوه باوه‌ڕپێكراوه‌كان بدات و زانیارییه‌كانی له زیاد له سه‌رچاوه‌یه‌كی پشتڕاستكراوه‌وه وه‌ربگرێت و به ئه‌مانه‌ته‌وه بیانگوازێته‌وه.
3- ڕه‌چاوكردنی كۆنتێكستی مێژوویی و كولتوریی، واتە ڕه‌چاوكردن و تێگه‌یشتنی ڕووداوه‌كان له دۆخ و هه‌لومه‌رجی خۆیاندا و خوێندنه‌وه‌یان له‌نێو سیاقه مێژوویی و كولتوورییه‌كاندا و دانه‌بڕین و ده‌رنه‌هێنانیان له سیاق، تا ڕاستییه‌كان نه‌شێوێن و وێنه‌كان وه‌ك خۆیان بگه‌ن و ڕێگری له ڕاڤه و لێكدانه‌وه‌ی هه‌ڵه بگیرێت بۆ ڕووداوه‌كانی مێژوو.
زیاد له دید و ڕوانینێك هه‌یه بۆ چه‌مكی ڕۆژهه‌ڵاتناسی و، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌كان وه‌ك میتۆدێكی زانستی لێی ده‌ڕوانن بۆ خوێندنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه له مێژوو و فه‌رهه‌نگ و شارستانییه‌تی ڕۆژهه‌ڵات. له‌به‌رامبه‌ردا، دیدگا و ڕوانینێكی دیكه هه‌یه پێی وایه ڕۆژهه‌ڵاتناسی نه‌ك هه‌ر زانست نییه، بەڵکوو ده‌رچه‌یه‌كه بۆ داگیركاری و پایه‌ماڵكردنی جیوگرافیا و شارستانییه‌تی ڕۆژهه‌ڵات، له‌وانه ئیدوارد سه‌عید پێشەنگی ئه‌و بۆچوونه‌یه. ئیدوارد سه‌عید پێی وایه ڕۆژهه‌ڵاتناسی ستایل و شێوازێكی دیكه‌ی بیركردنه‌وه‌ی خۆرئاواییه‌كانه به شێوازێكی زانستی و ئه‌كادیمی بۆ جیاوازی دروستكردن له‌نێوان هه‌ر دوو شارستانییه‌ته‌كه‌دا بونیاد نراوه؛ ئامانج لێی ڕه‌وایه‌تیدانه به داگیركردنی خۆرهه‌ڵات. دیدگاكه‌ی ئیدوارد سه‌عید نه‌ك هه‌ر زانستی نییه، بەڵکوو له سۆنگه‌ی خۆبه‌كه‌مگرتن له‌به‌رامبه‌ر شارستانییه‌تی خۆرئاوادا خۆ ده‌نوێنێت و په‌رچه‌كرداره، په‌رچه‌كرداری خۆبه‌كه‌مگرتن. ته‌نها خۆبه‌كه‌مگرتنی خودیی نا، بەڵکوو خۆبه‌كه‌مگرتنی ژیاریش.
مێژووی ڕۆژهه‌ڵاتناسی
مێژووی ڕۆژهه‌ڵاتناسی دابه‌شی سه‌ر چه‌ند قۆناغێك ده‌بێت، له‌وانه قۆناغی پێش زاین، واتە سه‌رده‌می یۆنانی دێرین، دواتر ڕۆژهه‌ڵاتناسی له سه‌رده‌می ڕۆمانیدا و پاشان له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و دواتریش سه‌رده‌می ڕێنیسانس و سه‌رده‌می نوێ. له هه‌ركام له قۆناغه‌كاندا، گۆڕانی به‌رچاو ڕووی دا و به دیاریكراویش له سه‌رده‌می نوێ و هاوچه‌رخدا. ڕیشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتناسی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌رخی یۆنانی دێرین، به‌هۆی جه‌نگ و ململانێكانیان له‌گه‌ڵ ڕۆژهه‌ڵاتدا، به‌دیاریكراویش فارسه‌كان. یۆنانییه‌كان و فارسه‌كان وه‌ك دوو پارادایمی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهه‌ڵاتی هه‌میشه له جه‌نگ و ململانێدا بوون، كه ئه‌مه‌ش زه‌رووره‌تی ئاشنابوونه به فه‌رهه‌نگ و مێژووی ئه‌ویدی. خاڵی وه‌رچه‌رخانی ڕۆژهه‌ڵاتناسی له هێرش و په‌لاماره‌كانی ئه‌لێكسانده‌ری مه‌كدۆنییه‌وه ده‌ست پێده‌كات بۆ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات. به‌ده‌ر له جه‌نگ و ململانێكان، خواست له‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتناسی له یۆنانی دێریندا بوونی هه‌بووه بۆ ئاشنابوون به کو‌لتوور و مێژووی گه‌لانی دیكه. گه‌شتی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له گه‌ڕیده و بیریاری یۆنانی بۆ وڵاتی بابلییه‌كان له‌چه‌شنی سۆلۆن و فیساگۆرس و تاڵیس ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن.
قۆناغ و سه‌رده‌می ڕۆمانییه‌كان: ڕۆمانییه‌كان دید و ڕوانینیان بۆ ڕۆژهه‌ڵات زۆر جیاواز نه‌بوو له یۆنانییه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کاریگه‌ریی به‌رچاوی یۆنانیان به‌سه‌ره‌وه بوو له‌ڕووی ژیارییەوە. هه‌رچه‌ند ده‌رگیربوون و ململانێی توندیش له‌نێوانیاندا هه‌بوو، به‌ڵام كاریگه‌ریی میراتی فیكریی یۆنانیان به‌سه‌ره‌وە بوو. گۆڕانی به‌رچاو له سه‌ده‌كانی نێوه‌ڕاست و به‌دواوه ڕووی دا به‌هۆی توندیی جه‌نگ و به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كانه‌وه. هێرشه‌كانی ئیسلام بۆ سه‌ر ئه‌وروپا ڕۆژهه‌ڵاتناسیی برده قۆناغێكی دیكه‌وه و ئه‌وروپییه‌كانی ناچار کرد به دروستكردنی ده‌یان دامه‌زراوه و ئینستیتوت و كردنه‌وه‌ی كۆلێژی تایبه‌ت له زانكۆكاندا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی و زانستی ده‌رباره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتناسی كه به شێوازێكی زۆر سیستەماتیك لێكۆڵینه‌وه‌ی له مێژوو و زمان و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و ئایین و دابونه‌ریت و شێوازی ژیان و بیركردنه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتیان ده‌كرد.
به كێ ده‌گوترێت ڕۆژهه‌ڵاتناس؟
ڕۆژهه‌ڵاتناس كه‌سێكه زانستییانه توێژینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه له شارستانییه‌ت و مێژوو و زمان و ئایین و هونه‌ر و ئه‌ده‌بی گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵات ده‌كات و ڕۆڵی هه‌یه له پاراستنی فه‌رهه‌نگ و كولتوور و ئاشناكردنی جیهان به شارستانییه‌تی ڕۆژهه‌ڵات.
تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتناس
1- زانینی زمانه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان.
2- شاره‌زایی له كولتوور و ترادسیۆنه‌كان.
3- خۆ به‌دوورگرتن له پێشداوه‌ری و حوكمی پێشوەختە.
4- بابه‌تیبوون و خۆ به‌دوورگرتن له لایه‌نداری.
5- شاره‌زای میتۆده زانستییه‌كان بێت و توانایی شیكردنه‌وه و به‌راوردكاریی هه‌بێت.
6- ئه‌مانه‌تداری له گواستنه‌وه‌ی داتا و زانیارییه‌كان.
7- میتۆدۆلۆژی و به‌كارهێنانی میتۆده زانستییه‌كان بۆ دۆكیومێنتكردنی به‌ڵگه و سه‌رچاوه‌كان و سه‌لماندنیان له‌ڕووی لۆژیكییه‌وه.
گرنگه ئاماژه به ژماره‌یه‌ك له‌و ڕۆژهه‌ڵاتناسانه بده‌ین كه خزمه‌تی گه‌وره‌یان به فه‌رهه‌نگ و كولتووری ڕۆژهه‌ڵات كردووه، له‌ڕووی پاراستن و ساغكردنه‌وه و نووسین و ڕاڤه‌ی ده‌یان ده‌قی جۆراوجۆره‌وه. له‌وانه:
1- برنارد لویس (1916-2018). لویس دیارترین مێژوونووسی به‌ریتانی بووه كه شاره‌زایی وردی ده‌رباره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌بووه. به‌قووڵی ئاگاداری مێژووی ئیسلام و مێژووی توركیا و عوسمانی و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا بووه و كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر ڕۆژئاواییه‌كان هه‌بووه ده‌رباره‌ی ناسینی ڕۆژهه‌ڵات و كولتوره‌كه‌ی؛ ده‌رچووی زانكۆی له‌نده‌نه و هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرایە و ئەندامى هەمیشەیى پەیمانگەى لێکۆڵینەوە پێشکوتووەکانى پیرنستۆن – نیوجرسى بووە. له زانكۆی پرینستۆنی ئه‌مریكی وانه‌ی گوتووەته‌وه و پسپۆڕی مێژووی ڕۆژهه‌ڵات بووه و به‌وردی ئاگاداری فه‌رهه‌نگ و كولتووری ناوچه‌كه و شاره‌زای زمانه‌كانی عه‌ره‌بی و فارسی و توركی و چه‌ندین زمانی دیكه بووه؛ ڕاوێژكاری حكوومه‌تی ئه‌مریكا بووه بۆ كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین؛ پێشه‌نگ بووه له توێژینه‌وه ده‌رباره‌ی ڕۆژهه‌ڵات و مێژووی ئیسلام؛ به گرنگییه‌وه له شارستانییەتی ئیسلامی ده‌ڕوانێت و په‌یوه‌ندییه ژیارییه‌كانی نێوان ئیسلام و ڕۆژئاوا ڕاڤه ده‌كات. برنارد لویس ڕووئیای بۆ مێژوو هه‌بووه و به‌وردی ده‌قه مێژووییه‌كانی خوێندووەته‌وه و ڕاڤه‌ی كردوون؛ له ڕوانگه‌ی دۆكیومێنت و به‌ڵگه‌نامه مێژووییه‌كانه‌وه ڕاڤه و شیكردنه‌وه‌ی بۆ ڕووداوه مێژووییه‌كان كردووه. ئه‌وه‌ی شوێنی داخە ئه‌و لێكۆڵه‌ر و مێژوونووسه دیار و به‌رچاوه له عاله‌می عەره‌بی و ئیسلامی‌دا وه‌ك ماسۆنی ناسێنراوه و بێڕێزیی گه‌وره‌ی به‌رامبه‌ر نوێنراوه. ئێمه نامانه‌وێت بڵێین نابێت ڕه‌خنه بكرێت و به‌ڕه‌هایی خاڵییه له لایه‌نگری بۆ خۆرئاوا. گرنگترین کتێبەکانى بریتین لە کاریگەریی خۆرئاوا و کاردانەوەى خۆرهەڵاتى نێوەڕاست، ئیسلام لە مێژوودا، تورکیاى ئەمڕۆ، عەرەب لە مێژوودا، هەڵەکە لە کوێدایە و، ئیسلام و خۆرئاوا). (٦)
٢- دانكن بلاك مه‌كدۆناڵد ( 1863 – 1943 ) دیارترین ڕۆژهه‌ڵاتناسی ئه‌مریكییه. ده‌رچووی زانكۆی گلاسگۆ و مامۆستای زانكۆی هارڤارد بووه. خاوه‌نی چه‌ندین كتێب بووه، له‌وانه:
1-هه‌ڵوێست و ژیانی ئایینی له ئیسلامدا.
2- په‌ره‌پێدانی لاهووتگه‌رایی له ئیسلامدا.
3- ڕووخساره‌كانی ئیسلام.
دانكن بلاك شاره‌زای مێژووی تیۆلۆژیای ئیسلام بووه؛ شاره‌زای زمانه سامییه‌كان بوو؛ شاره‌زای یاسا و ته‌علیمه‌كانی ئیسلام بوو. یه‌كێك بووه له دیارترین ئه‌و لێكۆڵه‌رانه‌ی به شێوازێكی زانستی و سیستەماتیك لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی تیۆلۆژیای ئیسلامی له ئه‌مریكادا كردووه. له‌هه‌مان كاتدا، داڕێژه‌ری بناغه‌ی توێژینه‌وه‌ی ئیسلامی بووه له زانكۆكانی ئه‌مریكادا. دانكن بلاك كاریگه‌ریی به‌رچاوی له‌سه‌ر نه‌وه‌ی پاش خۆی جێهێشت بۆ توێژینه‌وه ده‌رباره‌ی ڕۆژهه‌ڵات (٧).
٣- ڕینۆڵد ئه‌لین نیكڵسۆن (1868 – 1945 ) دیارترین ڕۆژهه‌ڵاتناسی به‌ریتانییه. شاره‌زایی له ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی و فارسی و ته‌سه‌وف و عیرفانی ئیسلامی‌دا هه‌بوو؛ خاوه‌نی چه‌ندین كتێب بووه له بواره‌كانی ئه‌ده‌ب و عیرفانی ئیسلامی. مه‌ولاناناسێكی گه‌وره بووه. مه‌سنه‌وی مه‌عنه‌وی مه‌ولانای وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی ئینگلیزی و له چه‌ند به‌رگێكدا به‌وردی شه‌رح و ڕاڤه‌ی به‌یته‌كانی مه‌سنه‌ویی كردووه. هێنده به‌وردی و بەسه‌لیقه‌وه ده‌قه‌كه‌ی وه‌رگێڕاوه و ساغ كردۆته‌وه توێژەر و لێكۆڵه‌ره فارسه‌كان به ناچاری وه‌ك دروستترین سه‌رچاوه په‌نای بۆ ده‌به‌ن. نیكڵسۆن به‌و لێكۆڵه‌رانه دێته هه‌ژمار كه به دروستترین شێوازی زانستی لێكۆڵینه‌وه‌ی له عیرفان و ته‌سه‌وفی ئیسلامی كردووه و ڕاڤه‌ی ده‌قه‌كانی به شێوازی هیرمینیوتیكی باڵا كردووه. زیاده گۆیی ناكه‌ین گه‌ر بڵێین یه‌كێكه له دیارترین لێكۆڵه‌ره‌كانی بواری عیرفانی ئیسلامی و خزمه‌تی گه‌وره‌ی به فه‌رهه‌نگ و نەریتی ئیسلامی كردووه و خاوه‌نی ده‌یان لێكۆڵینه‌وه‌یه ده‌رباره‌ی ئیبن عه‌ره‌بی و عه‌تار و مه‌ولانا. چه‌ندین تێكستی ئه‌ده‌بی و عیرفانی وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی ئینگلیزی و ڕۆژئاوای ئاشنای ئه‌ده‌ب وعیرفانی ئیسلامی كردووه. نیكڵسۆن به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتناسیی له زانكۆی كه‌یمبریج كردووەته‌وه و گرنگیی له ڕاده‌به‌ده‌ری به توێژینەوەی ڕۆژهه‌ڵاتی داوه و ڕه‌چاوی زانستیترین میتۆدی كردووه له ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌كانیدا(٨).
٤- لویس ماسینیۆن ( 1883 – 1962 ) ڕۆژهه‌ڵاتناسێكی فه‌ڕه‌نسییه و خاوه‌نی چه‌ندین كتێب و توێژینه‌وه‌یه له بواره‌كانی ئیزۆترێك و عیرفانی ئیسلامی‌دا. پڕۆفیسۆری ئیسلامناسى بووه و له زانكۆكانی فه‌ڕه‌نسادا وانەى گوتووەتەوە و دکتۆراى لەسەر حەلاج بەدەست هێناوە لە زانکۆى سۆربۆن و خاوه‌نی چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی زانستییه له بواری عیرفان و په‌یوه‌ندیی نێوان ئایینه‌كاندا و هه‌وڵی جددی داوه بۆ لێتێگه‌یشتن و دیالۆگ له‌نێوان ئیسلام و مه‌سیحییه‌تدا؛ خواستووه‌تی ڕۆژئاوا به‌قووڵی ئاشنای فه‌رهه‌نگ و ئایین و شارستانییەتی ڕۆژهه‌ڵات ببێت؛ ئەندامى چەندین کۆمەڵەى زانستى بووە، لەوانە کۆمەڵەى زانستى زمانەوانى لە میسر و سەرنووسەرى گۆڤارى لێکۆڵینەوە ئیسلامییەکان بووە. ماسینیۆن خاوه‌نی چه‌ندین به‌رهه‌مه له‌سه‌ر عیرفانی ئیسلامی و به دیاریكراویش له‌سه‌ر شه‌هیدی عیشقی ئیلاهی مه‌نسووری حه‌لاج. له‌وانه كتێبه‌كانی ( مصائب الحلاج – عرفان الحلاج – أخبار الحلاج – الام الحلاج ). ماسینیۆن ڕۆڵی به‌رچاو و كاریگه‌ری هه‌بووه له كۆكردنه‌وه و پاراستنی میراتی ڕۆژهه‌ڵاتدا، له فه‌رهه‌نگییه‌وه بیگره بۆ ده‌ستنووس و به‌ڵگه‌نامه مێژووییه‌كانی؛ واتە خزمه‌تی بێهاوتای به میرات و کولتووری ڕۆژهه‌ڵات كردووە. مەخابن خۆرهه‌ڵاتییه‌كان نه‌ك هه‌ر پێزانینیان نه‌بوو ده‌رحه‌قی، بەڵکوو بێڕێزیی گه‌وره‌یان به‌رامبه‌ری نواند و سووکیان كرد. (٩)
کورد و ڕۆژهەڵاتناسى
ڕەنگە کورد یەکێک بێت لەو نەتەوە دەگمەن و کەم وێنانەى هەرگیز بۆى گرنگ نەبووبێت مێژووى خۆى بنووسێتەوە؛ هەربۆیە بەشێکى زۆرى داستان و حیکایەتەکانى زارەکی بوون و لەنێو چوون؛ نەک هەر نووسینى مێژوو بەڵکوو هەر خودى نووسینى بۆ گرنگ نەبووە؛ واتە بێبەشین لەو داستان و ئەفسانانەى داڕێژەرى ئەندێشە و خەیاڵن. چى لەوە تراژیکترە نەتەوەیەک داستانى گەورەى نەبێت؟! لە دیدى ئێمەدا، کێشەکە نەبوونى داستان نییە، چونکە ئێمە خاوەنى سەدەها داستانین، بەڵکوو کێشەکە یاداشتنەکردن و نەنووسینەوەیە. "نایەڵ مەکینزى" یەکێک لە ڕۆژهەڵاتناسەکان ئاماژە بەوە دەدات کە بەشێکى زۆرى گوند و دێهاتەکانى کوردستان گەڕاوە و ژمارەیەک لەو داستان و چیرۆکە فۆلکلۆرییانەى کە دەماودەم و زارەکى بوون کۆکردوەتەوە و لەسەر کاسێت تۆمارى کردوون و لە فەوتان و لە ناوچوون قوتارى کردوون. لێرەدا پرسیارە ڕەواکە بریتییە لەوەى کە ئێمەى کورد بۆچی خۆمان ئەم ئەرکەمان ڕانەپەڕاندووە؟ وەڵامەکەى زۆر ڕوونە، چونکە کێشەى کولتوورى و ژیارییمان هەیە. سەرنج بدەن مێژووى بەشى هەرە زۆرى میرنشینە کوردییەکان بزرن، بۆ نموونە میرنشینى بابان کە تەمەنى میرنشینەکە زیاتر لە دوو سەدە بوو، بەڵام مێژووە کەیان بزر و نادیارە. ڕیچ دەڵێت، لە یەکێک لە میرە بابانییەکانم پرسى بۆ مێژوو نانووسنەوە؟ لە وەڵامدا گوتى، مێژووى ئێمە سوورە بە خوێن، سیخناخە لە ناپاکی وغەدر و خیانەت و ناحەقى، ئیدى چى بنووسینەوە. بەشێکى گەورەى مێژووى نەتەوەکەمان لەلایەن خۆرهەڵاتناسەکانەوە نووسراوەتەوە و یاداشت کراوە. کوردیش هاوشێوەى میللەتانى دیکەى ڕۆژهەڵات خزمەتى بێهاوتا بە کو‌لتوور و فەرهەنگ و مێژووەکەى کراوە لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسەکانەوە. بەڵام مەخابن کوردیش هاوشێوەى ئەوان "عرفان بالجمیل"ى نییە. ئەوەى مایەى نیگەرانییە بۆ ئێمە بەشى هەرە زۆرى نووسینى کوردى لەمەڕ ڕۆژهەڵاتناسى بریتییە لە ڕەتکردنەوە، ڕەتکردنەوەى تەواوى ڕۆژهەڵاتناسان و کار و بەرهەمەکانیان و، چاو لێکردنیان وەک سیخوڕ و داگیرکەر! لە کاتێکدا گەر پەیدۆزىی ئەوان نەبووایە، ئەوا بەدڵنیاییەوە بەشێکى گەورەى فەرهەنگ و مێژوومان لەدەست دەدا. کاتێک ئینگلیز دێنە ئێراق، لەگەڵ خۆیاندا فەرهەنگ دێنن، گرنگى بە نووسین و چاپکردن دەدەن و دەستگاى چاپ دێنن و چەندین بابەتى زانستى و ئەدەبى بە زمانە جیاوازەکان چاپ و بڵاو دەکەنەوە، لەچەشنى گۆڤارى "دەنگى گێتی تازە"، کە گۆڤارێکى ڕ‌ۆشنبیرى و ئەدەبی بوو لەلایەن بەشى پەیوەندییە گشتییەکانى باڵوێزخانەى بەریتانیاوە لە بەغداد دەردەچوو. سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیاز و دەستەى نووسەرانى، هەموو کورد بوون. گۆڤارەکە خزمەتێکى بەرچاوى بە زمان و ئەدەبى کوردى کرد، تەواوى ئەوانەى تێیاندا دەنووسى بریتی بوون لە نووسەر و موونەوەرە دیارەکانى کورد. ڕۆژهەڵاتناسەکان سەبارەت بە کورد زۆر دواون و دەیان تێکستیان دەربارەى مێژوو، زمان، ئایین، کو‌لتوور، ئەدەب و فۆلکلۆر، شوێنەوارە دێرینەکان، دابونەریتى کوردان نووسیوە و لێیان کۆڵیوەتەوە. هەوڵ دەدەین بەکورتى ئاماژە بە چەند ڕۆژهەڵاتناسێک و بەرهەمەکانیان بدەین. یەکێک لەو ڕۆژهەڵاتناسانە قەشەیەکى ئیتاڵییە بە ناوی مۆریزیۆ گارزۆنى: (١٧٣٤- ١٨٠٤) کە خزمەتێکى بێوێنە و بەرچاوى بە زمانى کوردى کردووە و وەک باوکى کوردۆلۆژى ناسراوە. لە ساڵى ١٧٨٧دا، کتێبێک دەربارەى دەستوورى زمانى کوردى دەنووسێت بە ناوی ڕێزمان و وشەنامەى زمانى کوردی و لە کۆتایى کتێبەکەدا فەرهەنگیکى کوردى - ئیتاڵى دەنووسێت کە ٤٦٠٠ وشە لە خۆ دەگرێت(١٠).
مستەر ڕیچ: ڕیچ لە گەشتنامەکەیدا، کە لە ساڵى ١٨٢٠ بەم ناوچەیەدا گوزەرى کردووە، چەند بابەتیکى گرنگى یاداشت کردووە دەربارەى کورد و هەوڵى داوە وێنەی ڕاستەقینەى کوردمان نیشان بدات بەدەر لە هەر لایەنگیرى و پێشداوەرى کردنێک، لەوانە لەڕووى سیاسى و ئیدارییەوە باس لە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنى میرنشینە کوردییەکان دەکات و ئاماژە بە پەیوەندىی نێوان میرەکان و هۆز و عەشیرەتەکان دەدات؛ باس لە ململانێ و پەیوەندییە ناتەندروستەکانى نێوان میرەکانى بابانمان بۆ دەکات و ڕووداوگەلێکى تراژیدیمان بۆ یاداشت دەکات. ڕووداوى جەنگى نێوان براکان: ڕیچ باس لە سەفەرێکى خۆى دەکات بۆ شارى سلێمانى و دەڵێت چاوم کەوت بە یەکێک لە میرەکانى بابان کە لە کۆشکێکى خاپووربوودا دەژیا؛ لێم پرسى بۆ کۆشک و تەلارێکى شایستەت نییە؟ لە وەڵامدا گوتى، لەبەر ئەوەى نازانین ماوەى مانەوەمان لێرە چەندە. ئەو میرە سلێمان پاشاى بابان بوو کە سەر بە دەوڵەتى عوسمانى بوو؛ لە جەنگ و ململانێى توند و بەردەوامدا بوو لەگەڵ مەحموود پاشاى براى کە میرى بابان بوو، بەڵام سەر بە دەوڵەتى ئێران بوو. ڕیچ دەڵێ لە میرەکەى بابانم پرسى بۆ مێژوو نانووسنەوە؟ بۆ مێژووى ئێوە هەر دەماودەمە و گرنگى بە نووسین نادەن؟ لە وەڵامدا سلێمان پاشا پێى گوتم، مێژووى چى بنووسینەوە! مێژووى ئێمە سوورە بە خوێنى براکان، سیخناخە لە خیانەت. ڕیچ بەوردەکارى و دیقەتێکى زۆرەوە تەواوى ڕووداوەکانى یاداشت کردووە. وەک سەرچاوەیەکى بابەتى گرنگ هەمیشە مێژوونووسان و توێژەران بۆى دەگەڕێنەوە. ڕیچ لێکۆڵینەوەى لە زمان و ئەدەب و فۆلکلۆرى کوردى کردووە و چەندین هۆنراوە و چیرۆکى کوردى کۆکردوونەتە وە و یاداشتى کردوون و لە تیاچوون پاراستوونى (١١). گ. ر. درایڤەر: یەکێکە لە ڕۆژهەڵاتناسە دیار و بەرچاوەکان. درایڤەر ئەگەر چى وەک ئەفسەرێکى بەریتانى هاتبووە ناوچەکە بەڵام ئەو لەبنەڕەتدا پسپۆڕى مێژوو بووە و مامۆستاى زانکۆى مەگرێلیست بوو؛ بۆ ماوەى ١٩ ساڵ مامۆستاى زمانە سامییەکان بووە لە زانکۆى ئۆکسفۆرد؛ خاوەنى چەندین لێکۆڵینەوەى مێژووییە لە زانکۆکانى بەریتانیادا، دەربارەى ئایین و ڕەچەلەک و مێژووى کورد خاوەنى چەندین نووسین و لێکۆڵینەوەیە، لەوانە نووسینى دەقێکى مێژووییە بە ناوی بڵاوبوونەوەى کورد لە سەردەمە دێرینەکاندا. درایڤەر لەو نووسینەدا ئاماژە بە ناوی کورد و مێژووە دێرینەکەى دەکات و دەیگێڕێتەوە بۆ کاردۆخى و دواتر باس لە سنوورى جیۆگرافى و ئەو ناوچانە دەکات کە کوردى لێ ژیاون. درایڤەر خزمەتى گەورە بە کورد دەکات و کنە و پشکنین بۆ مێژووە دێرینەکەى دەکات و لێکۆڵینەوە لە زمان و ڕەچەڵەکى کورد دەکات لە مەڕ پەیوەندییان بە کاردۆخییەکانەوە لەوبارەیەوە داتا و زانیارى ورد دەخاتە ڕوو (١٢).
ئۆسکار مان: (١٨٦٧- ١٩١٧) یەکێک لە ڕۆژهەڵاتناسە ئەڵمانییەکانە کە لە زمانە ئێرانییەکان و زمانى کوردى و شێوەزارەکانى کۆڵیوەتەوە و کتێبى لەسەر نووسیون؛ لەوانە کتێبێک لەسەر شێوەزارە کوردییەکان کە ئاماژەى بە زۆرێک لە شێوەزارەکان داوە و لێیانى کۆڵیوەتەوە، لەچەشنى زاراوەى گۆرانى بەتایبەت هەورامانى و باجەلانى؛ زاراوەى لوڕى بەتایبەت بەختیارى و فەیلى؛ شێوەزارى موکرى و زازایى؛ خاوەنى چەند دەقێکى ئەدەبى و فۆلکلۆریشە، لەوانە چەند نموونەیەک لە ئەدەبیاتى گۆران و شاکارە ناوازەکەشى کە بریتییە لە توحفەى موزەفەرییە، کە ژمارەیەک دەقى ئەدەبى و فۆلکلۆرى زارەکى وەرگێڕایە سەر نووسین و لە تیاچوون قوتارى کردن. پێویستە بەقووڵى هەوڵ و تێکۆشانى ڕۆژهەڵاتناسان بنرخێنین و پێزانینمان بۆ کارە پڕ بایاخەکانیان هەبێت.
ڤلادیمێر مینۆرسکى: (١٨٧٧- ١٩٦٦) مینۆرسکى ڕۆژهەڵاتناسێکى ڕووسییە کە لێکۆڵینەوەى لە جیۆگرافیا ، مێژوو، زمان، ئەدەب و فۆلکلۆر و، ئاینزا کوردییەکان دا کردووە و شارەزاى زمانە خۆرهەڵاتییەکان بووە. مینۆرسکى لە خوێندنگەى زمانە ڕۆژهەڵاتییەکانى پاریس‌دا سەرقاڵى گوتنەوەى وانەى زمانە خۆرهەلاتییەکان بووە؛ لە ساڵى (١٩٢٣) بە دواوە سەرقاڵى گوتنەوەى زمان و ئەدەبیات و مێژووى ئێران بووە لە لەندەن. مینۆرسکى شارەزاییەکى باشى لە زمان و ئەدەب و مێژووى کورد هەبووە و چەندین توێژینەوەى لەو بوارەدا ئەنجام داوە، لەچەشنى بنچینەکانى کورد و چەند وتارێکى کوردناسى، لێکۆڵینەوەیەک لە بارەى ئەهلى حەق، ئەلفوبێى کوردى بەلاتینى لە ساڵى ١٩٣٣ دا، هۆزەکانى ڕۆژئاواى ئێران. مینۆرسکى بەرچاوترین ڕۆژهەڵاتناسە کە گرنگییەکى لە ڕادەبەدرى بە مێژووى کورد داوە و زانستیانە لێی کۆڵیوەتەوە. توێژینەوەکانى بوونەتە سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ توێژەرانى دواى خۆى. مینۆرسکى بەگرنگییەوە لە ئەدەبى کوردیی ڕوانیوە و لەو بارەیەوە دەڵێت: "گەر ڕۆژهەڵاتناسان کەسێکیان چنگ نەکەوێت، دیوانى مەلاى جزیرى وەربگێڕێتە سەر زمانە ئەورووپییەکان، ئەوا بێبەش دەبن لە چێژ و لەززەتى زمان و ئەدەبى کوردى"(١٣).
ژێدەرەکان:
١- ار مارتین، توماس. مترجم: د. محمد ملکى. یونان باستان ازماقبل تاریخ تا دوران هلنیستى. ناشر: انتشارات شفیعى. سال چاپ:١٤٠١. نوبت چاپ: ١
٢- اللورد کرومر. ترجمة: صبرى محمد حسن. مراجعة و تقدیم: احمد زکریا. الکتاب: مصر اللحدیثە.
٣- سعید، ادوارد. ترجمة: د. محمد عنانى. الکتاب: الاستشراق المفاهیم الغربیة للشرق. الطبعة: الاولى ٢٠٠٦.
٤- هەمان سەرچاوەى پێشوو.
٥- بدوى، د.عبدالرحمن – موسوعة المستشرقین – الطبعة الرابعة ٢٠٠٣. المؤسسە العربیة للدراسات والنشر.
٦- هەمان سەرچاوەى پێشوو.
٧- هەمان سەرچاوەى پێشوو.
٨- هەمان سەرچاوەى پێشوو.
٩- هەمان سەرچاوەى پێشوو.
١٠- زەبیحى، عەبدولڕەحمان. مێژووى زمانى کوردى. چاپى یەکەم: ٢٠٢٣. نێوەندى بڵاوکار: بڵاوگەى ڕاژە.
١١- جێمس ڕیچ، کلۆدیوس. وەرگێڕانى لە عەرەبییەوە: محەمەد حەمە باقى. گەشتى ڕیچ بۆ کوردستان ١٨٢٠. دەستگاى وەشان: ئاراس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. نۆبەتى چاپ: یەکەم ٢٠٠٢.
١٢- حوسێن، د. سامان. مێژووى کورد لەدیدى ڕۆژهەڵاتناسى بریتانیدا(١٩٠٠- ١٩٥٠). نێوەندى بڵاوکار: کتێبخانەى ڕۆمان. نۆرەى چاپ: یەکەم ٢٠٢١.
١٣- مینۆرسکى، ڤلادیمێر. وەرگێڕ: نەجاتى عەبدوڵڵا.بنچینەکانى کورد و چەند وتارێکى کوردناسى. چاپى یەکەم: ٢٠١٨. بابەت: لێکۆڵینەوە. نێوەندى بڵاوکار: چاپەمەنى مانگ.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved