د. مەجید ساڵح
(توێژەری بواری مێژووی سیاسی)
ناسیۆنالیزم چییە؟
سەرەڕای ئەو نیگەرانییانەی لەو پێناسانەی بۆ ناسیۆنالیزم کراوە، زۆرێک لە بیرمەندان بنچینەی ناسیۆنالیزم بۆ شێوازی بیرکردنەوەی بەشێک لە بیرمەندان و ئازادیخوازانی سەدەکانی ١٧، ١٨ دەگەڕێننەوە، کە لە هەوڵی خۆ دەربازکردندا بوون لە چنگی پیاوانی دواکەوتووی ئاینی و دەمارگیریی مەسیحییەت و دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ باوەڕە خورافی و دواکەوتووەکانیان.
جۆن بریۆلی؛ بەشێوەیەکی تایبەت وەک فۆڕمێک لە کردەی سیاسی تەماشای ناسیۆنالیزم دەکات و پێی وایە تەنیا لە چوارچێوەی پەرەسەندنی دەوڵەتی مۆدێڕندا ئەگەری دەرک پێکردنی هەیە و بە کەڵکوەرگرتن لە میتۆدی لێکۆڵینەوەی مێژوویی بەراوردکاری، بەپێی تایپۆلۆژیای تایبەتی خۆی، لە جۆرەکانی ناسیۆنالیزم دەکۆڵێتەوە. (اوزکریملی، ١٣٨٣: ١٨٠ پەیوەست بەو پرسەوە، مانچینی ئیتاڵی، تایبەتمەندی و ڕەگەزە سەرەکییەکانی ناسیۆنالیزم دیاری دەکات و بەم جۆرە پێناسەی دەکات: "گردبوونەوەیەکی سروشتیی مرۆڤەکانە کە لەڕێگەی خاکی هاوبەش، بنەچەی هاوبەش، نەریت و زمانی هاوبەشەوە بەشداریکردن لە ژیان و هەستە کۆمەڵایەتییەکانەوە یەکدەگرن." (الحصری، ١٩٨٥: ٣٥)
بیرمەندانی عەرەبی بەتایبەتی لایەنگرانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی، هەوڵیان داوە پێناسەیەکی تایبەت بە خۆیان بۆ ناسیۆنالیزم بخەنە ڕوو، کە لەگەڵ بارودۆخی عەرەبیدا بگونجێت. جۆرج حەننا، وا پێناسەی ناسیۆنالیزم دەکات کە: "گرێبەستی کۆمەڵایەتیی نێوان ئەو کەسانەیە کە زمانی هاوبەش، جوگرافیای هاوبەش، مێژووی هاوبەش، چارەنووسی هاوبەش و بەرژەوەندی ئابووریی مادی و کلتووری و دەروونیی هاوبەشیان هەیە، ئەم گرێبەستە دەبێت هەموو ئەم پێکهاتانە لەخۆ بگرێت." (حنا، ١٩٥٩: ٢١)
ئەنتۆنی دی. ئیسمیت، پێناسەیەکی گشتگیری بۆ ناسیۆنالیزم پێشنیار کردووە و پێی وایە: "ناسیۆنالیزم جووڵانەوەیەکی ئایدۆلۆژییە بۆ بەدەستهێنان و پاراستنی سەربەخۆیی، یەکێتی و ناسنامە بۆ خەڵکانێک کە هەندێک لە ئەندامەکانی بە کردەوە باوەڕی تەواویان بە دروستکردنی نەتەوە هەیە." (دی. اسمت ،١٣٨٣: ١٩-٢٠)
فریدریک هرتز، ڕای وایە ناسیۆنالیزم بەدوای گەیشتن بە چوار ئامانجدایە:
١. هەوڵدان بۆ یەکێتیی نەتەوەیی، کە بریتییە لە یەکێتیی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئاینی و کولتووری و بەشداری و هاریکاریکردنی یەکتری.
٢. هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی نەتەوەیی، بریتییە لە سەربەخۆیی لە ژێردەستەیی و دەستوەردانی بێگانە و ئازادبوون لەو هێزە ناوخۆیانەی باوەڕیان بە ناسیۆنالیزم نییە.
٣. هەوڵدان بۆ خۆجیاکردنەوە و دروستکردنی تایبەتمەندیی نەتەوەیی و ڕەسەنایەتی و خۆجیاکردنەوە لەوانی دیکە؛ لێرەدا زمانی نەتەوەیی بەهایەکی تایبەتی هەیە.
٤. هەوڵدان بۆ پێشەنگایەتی لەڕووی شەرەف و کەرامەت و هەیبەت و نفوزەوە لەچاو نەتەوەکانی دیکە، ئەوەش زۆر بەئاسانی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی لە ناخدا دروست دەکات. (هرتز،٢٠١١: ٢٩)
قوتابخانەکانی ناسیۆنالیزم
دوای چەندین ساڵ بیرمەندان و پێشەنگەکانی بواری نەتەوە و ناسیۆنالیزم، بەسەر دوو قوتابخانەی جیاوازدا دابەش بوون: قوتابخانەی ئەڵمانی و قوتابخانەی فەڕەنسی. قوتابخانەی ئەڵمانی جەخت لەسەر زمان وەک پێکهێنەری سەرەکیی نەتەوە و نەتەوایەتی دەکاتەوە، لە کاتێکدا قوتابخانەی ناسیۆنالیزمی فەڕەنسی ئیرادەی پێکەوەژیان بە تەوەرە و پێوەری سەرەکیی ناسیۆنالیزم دەزانێت.
لەو دوو چەمکە جیاوازەدا، ئەو ئامانجە نەتەوەییانەی ئەم دوو نەتەوەیە بەدوایەوەن ڕوون دەبێتەوە "لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمەوە ئەڵمانییەکان باوەڕیان وابوو زمان بناغە و پێوەرە ڕاستەقینەی ناسیۆنالیزمە. هەموو ئەوانەی بە ئەڵمانی دەئاخڤن ئەڵمانین، بێ گوێدانە ئەوەی سەر بە چ وڵاتێک یان ویلایەتێکن. هۆکاری ئەم بانگەشەیە ئەوە بوو، لەو کاتەدا ئەڵمانییەکان بەسەر چەند ویلایەت و دەوڵەتێکدا دابەش بوون و یەک ئامانجیان هەبوو: یەکخستنی دەوڵەتی ئەڵمانیا. بەڵام لە حاڵەتی فەڕەنسییەکاندا، ئەوان لە هەڵوێستێکی تەواو پێچەوانەی ئەڵمانییەکاندا بوون، چونکە فەڕەنسا چەند سەدەیەک پێشتر یەکێتیی سیاسی خۆی بەدەست هێنابوو و تەنانەت دەستی بەسەر هەندێک وڵاتیشدا گرتبوو، کە خەڵکەکەی بە فەڕەنسی قسەیان نەدەکرد. جگە لەوە فەڕەنسا دەیویست سنوورەکانی لە باکوورەوە فراوان بکات، تەنانەت بگات بە ڕووباری ڕاین. ئاشکرایە خەڵکی ئەو ناوچەیە هەموویان ئەڵمانی بوون." (الحصری، ١٩٥١: ٤٦-٤٧)
لەم بارەیەوە، بریتانییەکان لەگەڵ فەڕەنسییەکاندا هاوڕا بوون، ئینسایکڵۆپیدیای بریتانی وشەی "نەتەوە" بەوە پێناسە دەکات کە "پێویست ناکات نەتەوە وەک قەوارەیەکی سیاسیی سەربەخۆ بناسرێت؛ واتە پێویست ناکات دەوڵەتی خۆی هەبێت." (الحصری، ١٩٨٥: ٣٣) بەڵام ساتع ئەلحوسری داڕێژەری تیۆریی ناسیۆنالیزمی عەرەبی باوەڕی وایە "نەتەوە بوونەوەرێکی ڕۆحییە لە ڕەگەز و هۆز و ئاین و تەنانەت لە مێژوو بەرزترە. نەتەوە بوونێکی گەورەیە. زمان و مێژوو بەشێکی بچوکی ئەو بوونەن. نەتەوە بوونەوەرێکی زیندووە، تێکەڵی ژیان و هەستەکان بووە، زمانی ژیانی ئەو و مێژووی هەستەکانیەتی." (الحصری، ١٩٥٩: ١٢٨)
مێژووی سەرهەڵدان و سەرچاوەکانی دەرکەوتنی ناسیۆنالیزم بابەتێکی گرنگ و جێی مشتومڕە و هەمیشە لەلایەن بیرمەندان و ئاراستە فیکرییەکانەوە ڕای جیاوازی لەسەرە.. سێ قوتابخانەی سەرەکی هەن، کە پەیوەندییان بە ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزم و ناسیۆنالیزمەوە هەیە: قوتابخانەکانی دێرین (کۆن) و قوتابخانەی مۆدێڕنیزم و قوتابخانەی دێرینی نوێ.
ا. دێرینگەرایی (Primordialism)
دێرینگەراییەکان پێیان وایە نەتەوە وەک قسەکردن و بۆنکردن بەشێکی سروشتیی مرۆڤەکانە، نەتەوەکان لە کۆنەوە هەبوون و هەر دەمێنن. بەلای ئەوانەوە نەتەوە و ناسیۆنالیزم دوو دیاردەی دێرینن و ڕەگیان لە مێژووی شارستانییەتە کۆنەکاندا هەیە. ئەم تیۆرییە بۆ یەکەمجار لەلایەن ئێدوارد ئەلبێرت شیڵز (١٣٧٤-١٢٨٩) بەکارهێنرا و، کلیفۆرد گێرتز (١٩٢٦-٢٠٠٦) بەناوبانگترین ئەنترۆپۆلۆژیستی ئەمریکا، لە دەیەی پەنجاکانی سەدەی ڕابروودا پەرەی پێدا. دواتر توێژەرانی نەتەوەیی لە بوارەکانی دیکەدا، وەک ڤان دێن بێرگێ، ماستەر و واکەر کۆنر، دیدگای نوێیان هێنایە ناو قوتابخانەی دێرینگەراییەوە. (احمدی، ١٣٩١: ١٤٣)
جگە لە شیڵز و گێرتز، ئادریان هاستینگس، یەکێکی ترە لە پێشەنگەکانی تیۆریی دێرینگەرایی، بەڵام تێگەیشتنی ئەو بۆ ناسیۆنالیزم جیاوازییەکی قووڵی لەگەڵ بیرمەندانی دیکەدا هەیە، بە بڕوای ئەو سەرچاوەی نەتەوە: "تەنیا لەژێر کاریگەریی گەشەسەندنی زاراوە لۆکاڵییەکان و فشاری دەوڵەت نەژادەکاندا دەتوانن گەشە بکەن و ببن بە نەتەوە بە شێوە مۆدێڕنەکەی. ڕاستە هەموو نەژادێک نابێتە نەتەوە، بەڵام زۆر نەژاد بوونەتە نەتەوە. کاتێک لە خاڵێکی دیاریکراودا زاراوە لۆکاڵییەکان لە زمانێکی ڕۆژانە بۆ زمانی نووسین دەگۆڕێن و بەڕێکوپێکی بۆ بەرهەمهێنانی ئەدەب و بەتایبەت وەرگێڕانی کتێبە پیرۆزەکان بەکار دەهێنرێن، نەژادەکان دەبنە نەتەوە. (أوزکیریملی، ٢٠١٣: ١١٧)
ب. قوتابخانەی مۆدێڕنیزم (Modernism)
ئەم تیۆرییە لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم سەری هەڵدا و بوو بە تێڕوانینێکی زاڵ و بەردەوام لە ڕوونکردنەوەی بنەچەی نەتەوەکان و نەتەوەپەرستی و جەختکردنەوە لەسەر ئەم سێ چەمکە بنەڕەتییەی خوارەوە.
١. ناسیۆنالیزم، جا بزووتنەوە بێت یان ئایدۆلۆژیا، لە واتای مۆدێڕن و نوێدا مۆدێڕنە.
٢. نەتەوەکان و پێکهاتەکانیان نوێن.
٣. نەتەوە و نەتەوایەتی، بەرهەم و دەرئەنجامەکانی مۆدێڕنیتەیە. (دی. سمیث، ٢٠١٤ :٢٦)
تیۆریسینەکانی قوتابخانەی مۆدێڕنیزم، بەتایبەتی بندێکت ئەندرسۆن (١٩٣٦-٢٠١٥) خاوەنی تیۆری (کۆمەڵی وێناکراوەکان - Imagined Communities) و ئێرنیست گێڵنەر (١٩٢٥-١٩٩٥) نووسەری کتێبی (نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم)، باوەڕیان وایە سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم و سەرهەڵدانی نەتەوە مۆدێڕنەکان دیاردەیەکی تاڕادەیەک مۆدێڕنن، لە کاتێکدا ئەندرسۆن هەردوو دیاردەکە دەبەستێتەوە بە دۆزینەوە چاپ و ناوی دەنێت "سەرمایەداری چاپ." (اندرسن، ۱۳۹۳: ١١٣) گێڵنەر، دەیانگەڕێنێتەوە بۆ سەرهەڵدانی پیشەسازی و کۆچی گوندنشینان بۆ شارەکان. (گلنر، ١٣٨٨: ١٨)
ئەندرسۆن دەڵێت: "نەتەوەکان کۆمەڵێکی وێناکراون لەپێناوی خزمەتکردن بە دەزگاکانی دەسەڵات دروست کراون." (اندرسن، ١٣٩٣: ١١٣) بۆیە دەکرێت تیۆرییەکەی ئەندرسۆن سەبارەت بە ناسیۆنالیزم لە ڕستەیەکدا پوختە بکرێتەوە: "ئەو ئاڵوگۆڕە کولتوورییە مۆدێڕنانەی بوونە هۆی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە قاڵبی سەرمایەداریدا، یان ڕوونتر بڵێین "سەرمایەداری چاپ"یان دروست کرد، ڕێگای خۆشکرد بۆ سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم. ئەو لەو ڕووەوە وشەی (وێناکراو) بەکار دەهێنێت، چونکە پێی وایە تەنانەت لە بچووکترین کۆمەڵەکاندا، ئەندامانی کۆمەڵ یەکتر ناناسن یان هەرگیز یەکتریان نەبینیوە، بەڵام لە هزری هەر یەکێکیاندا وێنایەکی بۆ پەیوەندی بەستن لەنێوان خۆیاندا دروست کردووە." (فاضلی، ١٣٩٥: ٧٠٠)
لە دیدی ئێرنست گێڵنەرەوە، "ناسیۆنالیزم لەبنەڕەتدا بنەمایەکی سیاسییە؛ دەبێت یەکێتییەکی سیاسیی و نەتەوەیی یەکسانیان هەبێت. گێلنەر، باس لەوە دەکات لە جیهانی مۆدێڕندا ناسیۆنالیزم دەبێتە پێویستییەکی کۆمەڵایەتی، لەوبارەوە دەنووسێت: "ناسیۆنالیزم خەسڵەتێکی ڕێکەوتی هەیە، نەتەوەکان پێشوەختە دروست نەکراون، بەڵکوو لەلایەن حکومەتەکان و ناسیۆنالیستەکانەوە دروست دەکرێن. زۆربەی خەڵک ناچارن لەنێوان چەندین جۆری ناسیۆنالیستی ڕکابەردا یەکێکیان هەڵبژێرن. لەگەڵ ئەوەشدا، ناسیۆنالیزم لە هەندێک شێوەدا چارەنووسی حەتمیی جیهانی مۆدێڕنە بووە و ڕەگێکی قووڵی هەیە." (گلنر، ١٣٨٨: ٣)
لەم ڕووەوە، ئۆموت ئۆزکریملی، زانای بواری زانستی سیاسی و پسپۆڕی ناسیۆنالیزم، قوتابخانەی مۆدێڕنیزم وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر قوتابخانەی دێرینگەرا، کە نەتەوەکان بە هەرماو و جاویدان لەقەڵەم دەدات، دەزانێت. لایەنگرانی قوتابخانەی ناسیۆنالیزمی مۆدێڕن سەرەڕای جیاوازییەکانیان سەبارەت بە نەتەوە و ناسیۆنالیزم، لەوەدا هاوڕان، کە نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم دوو دیاردەی مۆدێڕنن. لەو بارەیەوە دەڵێن: "نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم لە دوو سەدەی ڕابردوودا دروست کراون، بەرهەمی شێوە مۆدێڕنەکانی وەک سەرمایەداری و پیشەسازی و شارنشینی و سیکۆلاریزم و سەرهەڵدانی دەوڵەتی مۆدێڕنن. واتە، مۆدێڕنیستەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نەتەوە و ناسیۆنالیزم نەک تەنیا لەڕووی مێژووییەوە مۆدێڕنن، بەڵکوو جەخت لەوەش دەکەنەوە ئەم مەسەلەیە لە جیهانی مۆدێڕندا بووەتە پێویستییەکی کۆمەڵایەتی و لە سەردەمی پێش مۆدێڕندا هیچ نەتەوە و ناسیۆنالیزمێک نەبووە" (اوزکیریملی، ٢٠١٣: ١٤١).
لە لایەکی ترەوە، ئەنتۆنی سمیت، هەوڵ دەدات ئەوە بسەلمێنێت نە تێڕوانینی دێرینگەراکان کە باوەڕیان وایە "نەتەوە و ناسیۆنالیزم دیاردەی زۆر کۆنن"، هەموو ڕاستییەکانی لایە و نە تێڕوانینی مۆدێڕنیستەکانی وەک گێلنەر، ئەندرسن، هۆبسباوم و شوێنکەوتووەکانیان، کە باوەڕیان وایە دیاردەی نەتەوە و ناسیۆنالیزم زۆر مۆدێڕنن و دەرهاویشتەی پێشکەوتنە مۆدێڕنەکانی وەک دەوڵەتی نەتەوەیی و ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی یان لە هەموویان گرنگترن "سیستمی ئابووریی سەرمایەدارین" (فاضلی، ١٣٩٥: ٧٠١) لەوبارەیەوە، دی. سمیت گریمانە و ئیدعاکانی هەردوو قوتابخانەی مۆدێڕنیستەکان و دێرینگەراکانی بەم شێوەیە پوخت کردووەتەوە:
- بە تێڕوانینی دێرینگەراکان نەتەوە کۆمەڵێکی سیاسی ئیتنۆ- کەلتوورییە، کۆمەڵێک دەیەوێت (لەسەر بنەمای باوباپیران) وەک ناسنامەیەکی سیاسی بناسرێت. بەڵام مۆدێڕنیستەکان پێیان وایە نەتەوە کۆمەڵەیەکی سیاسی، یان کۆمەڵەیەکی مەدەنی یان هاوڵاتییە لە ناوچەیەکی دیاریکراودا، کە لەڕووی یاساییەوە یەکسانن.
- لە دیدی دێرینگەراکانەوە، نەتەوە قەوارەیەکی سەرسەختە و چەندین سەدەیە، بگرە هەزاران سەدەیە هەیە، پێشینەیەکی مێژوویی دوورودرێژی هەیە، بەڵام مۆدێڕنیستەکان پێیان وایە نەتەوە هەم تازە و هەم نوێیە، بەرهەمی هەلومەرجی تەواو مۆدێڕن و تازەیە و لەبەرئەوە لە سەردەمی پۆست مۆدێڕندا نەناسراوە.
- بەلای دێرینگەراکانەوە، نەتەوە ڕەگوڕیشەی لە کات و شوێندا هەیە، خاوەنی نیشتمانێکی مێژووییە. بەڵام مۆدێڕنیستەکان، نەتەوە بە دروستکراو دەزانن و پێیان وایە بەهۆشیارییەوە لەلایەن ئەندامانی خۆیەوە بنیات نراوە.
- دێرینگەراکان باوەڕیان وایە نەتەوە گردبوونەوەی گشتیی خەڵکە و نەریت و پێداویستی و ئارەزووەکانیان دابین دەکات. بۆ مۆدێڕنیستەکان، چینە هۆشیارەکان نەتەوە دروست دەکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان لەڕێگەی ورووژاندنی هەست و سۆزی خەڵک.
- بەلای دێرینەگەراکانەوە پابەندبوون بە نەتەوەیەک، واتە بوونی هەندێک سیفەت و تایبەتمەندی. بەڵام بۆ مۆدێڕنیستەکان، پابەندبوون، واتە خاوەندارێتیی هەندێک سەرچاوەیە.
- بە بۆچوونی دێرینگەراکان نەتەوە یەکەیەکی یەکدەست و یەک ئیرادە و یەک خەسڵەتە. بەڵام بەلای مۆدێڕنیستەکانەوە، سەربەخۆیی واتە خاوەندارێتیی هەندێک سەرچاوە.
- دێرینگەراکان باوەڕیان وایە نەتەوە کەسایەتییەکی یەکدەست و یەک ئیرادە و یەکگرتووە. بەڵام مۆدێڕنیستەکان پێیان وایە نەتەوە بە شێوەیەکی ئاسایی فرە لایەنە و بەسەر گروپە کۆمەڵایەتییەکانی وەک (هەرێم، چین، ئاینی، ئاینزاکان) دابەش بووە، هەریەکەش لەوانە بەدوای بەرژەوەندی و ئامانجەکانی خۆیدا وێڵە.
- بەڕای دێرینگەراکانەوە، بنەما سەرەکییەکانی نەتەوەکان پەیوەندیی ڕەچەڵەک و کلتووری ڕەسەنەکانە، بەڵام بەلای مۆدێڕنیستەکانەوە، دەکرێت بنەماکانی یەکێتیی نەتەوەیی لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و هاووڵاتیبووندا بدۆزرێتەوە. (دی. اسمیت، ١٣٩٤: ٥٥-٥٦)
بەم وەسفە، هەرچەندە دیاردەی نەتەوە لە هەندێک کۆمەڵگادا دیاردەیەکە زۆر لە سەردەمی ناسیۆنالیزم و ڕۆشنبیران و نوخبە سیاسییەکانی ئەو نەتەوانە کۆنترە، توانیویانە بە گەڕانەوە بۆ ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان دروست بکەن، بەڵام ئەم تیۆرییە هەموو مێژوو و هەموو شارستانییەت و جوگرافییەکان ناگرێتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە نەتەوەکان بەبێ ئەوەی ئەوە ئەزموون بکەن، گەیشتوون بەو گۆڕانکارییە مێژووییانە.
ج. قوتابخانەی دێرینی نوێ
ئەنتۆنی سمیت، دژی ئەو بۆچوونەیە کە پێی وایە نەتەوە قەوارەیەکی داهێنراو یان دروستکراوی خەیاڵە، هەرچەندە ئەو سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی گرێ دەداتەوە بە مۆدێڕنیزمەوە، بەڵام سەبارەت بە نەتەوە تێڕوانینێکی جیاوازی هەیە؛ لەوبارەیەوە دیدگایەکی جیاواز لە دیدگای قوتابخانەی دێرینگەرا و مۆدێڕنیزم دەخاتە ڕوو و پێی وایە "لە سەرەتادا نەتەوەکان هەمیشەیی بوون، بە مانایەکی دیکە لە هەموو زەمەن و کاتێکدا هەبوون، میسرییە کۆنەکان نەتەوە بوون، هەروەها ئاشوری و فارسەکان و گریکەکانیش، بە هەمان شێوە چینی و هیندۆک و ژاپۆنییەکان، ئەم گەلانە پێش ئەوەی نەژاد بن، نەتەوە بوون، دەکرێ بڵێین وشەی نەتەوە و نەژاد بۆ وەسفکردنی ئەو گەلانە بەکار دەهات. نەتەوەکان وەک نەژادەکان وان، شتگەلێکن سروشت دروستی کردوون، بەڵام شتێکی ئەسڵی و هەمیشەیین (ئەزەلین) یاخود ئەساسین، نەتەوەکان دەردەکەون و لەناو دەچن، بەڵام دەستەواژەی (نەتەوە) وەک گوتار و وەک گرووپێکی مێژوویی دەستەواژەیەکی نەمر یان هەمیشەییە." (دی. سمیت: ٢٠١٤: ١٩)
بەم شێوەیە، ئەو باوەڕی وایە زانایانی قوتابخانەی مۆدێڕنیزم خۆیان لە دۆزینەوەی پەیوەندی لەنێوان مۆدێڕنیتە و ئەو نەتەوانەی مێژووییەکی دێرینیان هەیە بەدوور گرتووە، هەر بۆیە ئەو بە لەبەر چاوگرتنی پێکهاتە مێژووییەکانی نەتەوە و وڵاتە جۆراوجۆرەکان، هەوڵ دەدات لەڕێگەی کۆمەڵناسیی مێژووییەوە، لێکۆڵینەوە لەسەر نەتەوە و ناسیۆنالیزم بکات. ئەو لەو باوەڕەدایە دوو هۆکاری سەرەکی هەیە بۆ سەرهەڵدانی بیروباوەڕی قوتابخانەی مۆدێڕنەکان: "شۆکی جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی و تاوانەکانی ئەڵمانیا دژی جولەکەکان لە هۆکارەکانی لاوازیی ئایدۆلۆژیای پەیوەندیدار بە نەژاد و ناسیۆنالیزم و هەروەها هۆکاربوون بۆ لاوازیی تێگەیشتن لە تێڕوانینی فیتری و تیۆریی دێرینگەرایی سەبارەت بە دروستبوونی نەتەوەکان. دوژمنانی ناسیۆنالیزم لەلایەک بە هەڵە فاشیزم و ناسیۆنالیزمیان تێکەڵ کردووە، لەلایەکی دیکە تیرە و خێڵ. لەبەر ئەم هۆکارە، چیتر لە تواناییدا نەبوو چەمکی نەتەوە بە چەمکی "نەژاد یان ڕەگەز" بناسێنرێت. " (دی. اسمیت،٢٠١٤: ٢٠-٢١)
سمیت هەوڵ دەدات بسەلمێنێت ئەو تێڕوانینەی دێرینگەراکان، کە پێیان وایە نەتەوە و ناسیۆنالیزم دیاردەیەکی دێرین و زۆر هەمیشەیین، هەموو ڕاستییەکان لەخۆ ناگرێت، بەڵکوو بەشێکە لە ڕاستییەکان، هەروەها تێڕوانینی مۆدێڕنیستەکان کە باوەڕیان وایە نەتەوە و ناسیۆنالیزم دیاردەی نوێن و دەرئەنجامی پێشکەوتنە مۆدێڕنەکانی سیستمی ئابووریی سەرمایەدارین، هەندێک لە ڕاستییەکان دەگێڕێتەوە. بۆیە پێی وایە ناسیۆنالیزم بزووتنەوەیەکی ئایدۆلۆژییە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و پاراستن و یەکگرتوویی ناسنامەی ئەو کەسانەی باوەڕیان بە پێکهێنانی نەتەوە هەیە. (دی. اسمیت، ١٣٨٣: ٢٠)
بەمجۆرە، دەکرێت دان بەو ڕاستییەدا بنرێت کە ئەم ستراتیژە، ستراتیژییەکی مامناوەندە، چونکە لەلایەک ناسیۆنالیزم وەک دیاردەیەکی مۆدێڕن بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی دەبینێت، لە هەمان کاتدا پێی وایە نەتەوە مێژووییەکی دێرینی هەیە.
پەیوەندیی نێوان پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و مەعریفەی سیاسی و نوخبەکان
پەیوەندی نێوان ئەو چوار چەمکە (پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، مەعریفەی سیاسی، نوخبە و ناسیۆنالیزم) پەیوەندییەکی ئاڵۆز و پێکەوەگرێدراوە. بۆ تێگەیشتن لەم دینامیکییە، پێویستە سەرەتا لە پاشخانی کۆمەڵایەتی و مەعریفەی سیاسیی نوخبەکان تێبگەین، چونکە هەموو جۆرەکانی نوخبە لە بۆشاییەوە سەریان هەڵنەداوە، بەڵکوو بەهۆی ژینگە کۆمەڵایەتییەکانیانەوە کە کاریگەریی زۆر دەکاتە سەر تێڕوانینیان بۆ ڕووداوەکانی دەوروبەر، کۆمەڵێک هۆکاری کۆمەڵایەتی وەک ئەو چین و توێژەی لێوەی هاتووە، لەگەڵ کولتووری و ئاستی خوێندن و پەروەردەکردن، کاریگەری گەورەیان دەبێت لەسەر هەڵوێستیان بەرامبەر مەسەلەی نەتەوە و ناسنامەی نەتەوەیی و سیاسەتەکانی پەیوەست بە ناسیۆنالیزم.
بۆ نموونە نوخبەکانی چینی ئەرستۆکرات و میرزادەکان زیاتر هەوڵ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان دەدەن. لەبەرامبەردا، ئەو نوخبەیانەی سەر بە چینە کۆمەڵایەتییەکانی خوارەوەن، ڕەنگە وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانیی زیاتر مەیلیان بۆ پاڵپشتیکردن لە ئایدیای ناسیۆنالیستی هەبێت. هەروەها ئەو نوخبانەی لە پاشخانێکی کولتووری یا دینییەوە هاتوون، لەوانەیە ناسیۆنالیزم وەک ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی ناسنامەیەکی بەکۆمەڵ بەکاربهێنن، ئەمەش کاریگەری لەسەر گەشەکردنی بیری ناسیۆنالیستی لەسەر بنەمای بەها کولتووری و دینییەکان دەبێت.
جگە لەوانە ئاستی مەعریفەی سیاسیی نوخبەکان و تێگەیشتنیان بۆ چەمکەکانی وەک ناسنامەی نەتەوەیی و مافی سیاسی و ئیداری، کاریگەریی لەسەر پەرەپێدانی بیری ناسیۆنالیزم دەبێت. مەعریفەی سیاسیی نوخبەکان ئاستی تێگەیشتنیان بۆ ڕووداوە مێژووییەکان دیاری دەکات، ئەو نوخبانەی کە هۆشیاریی سیاسیی مێژووییان بەرزە و ئاگاداری ململانێ نەتەوەییەکان و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی جیهانن، هزری نەتەوەییان پێگەیشتووترە، بۆیە بە هەموو تواناییەکیانەوە کار بۆ پاراستنی سەروەریی نەتەوەیی و سەربەخۆیی وڵاتەکانیان دەکەن. هەروەها ئەو نوخبانەی ئاگاداری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیستەمی سیاسییە جیهانییەکانن، کار بۆ گەشەپێدانی بیری ناسیۆنالیستی دەکەن، بەڵام بەهۆی شارەزاییان لە باڵانسی هێز، زیاتر باوەڕیان بەوە هەیە لەڕێگەی دانوستان، نەک ململانێ و پەنابردن بۆ خەباتی چەکداری، بگەن بە ئامانجەکانیان. هەندێ لە نوخبەکانیش لە ڕوانگەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیانەوە تەماشای بیری ناسیۆنالیستی دەکەن، هەیانە داوای ڕزگاربوون لە هەژموونی ئابووریی بێگانە دەکەن و بە هەموو تواناییەکیانەوە کار بۆ پەرەپێدانی ئابووریی نەتەوەیی وڵاتەکانیان دەکەن.
بەشێوەیەکی گشتی کارلێکی نێوان پێکهاتنی کۆمەڵایەتی و مەعریفەی سیاسیی نوخبە سیاسییەکان، کاریگەرییەکی سەرەکی لەسەر دروستکردن و ئاراستەکردنی بیری ناسیۆنالیزم و گەشەسەندنی هەیە. بەشی زۆری نوخبە خوێندەوارەکان بەتایبەتی ئەوانەی ئەزموون شارەزایی قووڵیان لەسەر ئیدارە و سیاسەت هەیە، لەڕێگەی کاری جۆراوجۆرەوە هەوڵ دەدەن بیری ناسیۆنالیزم لە دروشمەوە بگۆڕن بۆ پڕۆژەی بنیاتنانی دەوڵەتێکی نەتەوەیی یەکگرتوو کە پشت بە دامەزراوە بەهێزەکان ببەستێت و سەروەری و سەربەخۆیی هەبێت.
ڕەگوڕیشەی ناسیۆنالیزمی کوردی
سەبارەت بە مەسەلەی ناسیۆنالیزمی کوردی و سەرەتای سەرهەڵدانی سێ ڕێبازی جیاواز هەن، ڕێبازی یەکەم ڕێبازی زمانناس، بیرکار، سیاسەتمەدار، نووسەر، وەرگێڕ و نووسەری کورد دکتۆر جەمال نەبەز (١٩٣٣-٢٠١٨) و توێژەری پێشووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی تۆرێنتۆی کەنەدی پرۆفیسۆر ئەمیری حەسەنپوور (١٩٤٣-٢٠١٧). ئەمان لە لێکدانەوەکانیاندا پشتیان بە مێژووی کورد و گۆڕانکارییە سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەم بەستووە. ئەم ڕێبازە، لە چوارچێوەی دوو گوتاری تایبەتدا نەتەوە و ناسیۆنالیزم لە کوردستان وەک دیاردەیەکی سروشتی و مێژووی کوردستان لە سەدەکانی دەیەم و یازدەیەمدا خراوەتە ڕوو. لەبەرامبەر ئەم ڕێبازەدا، دەکرێت ئاماژە بە ڕێبازێکی دیکە بکرێت کە لەژێر کاریگەریی قوتابخانەی مۆدێڕن و پۆست مۆدێڕندایە. پرۆفیسۆر عەباسی وەلی و پرۆفیسۆر ڤان برونسين لە دیارترین لایەنگرانی ئەم ڕێبازەن. ئەمانە هەوڵ دەدەن بەڵگەی لۆژیکی بۆ سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردیی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەم بدۆزنەوە و بەشێوەیەکی گشتی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردیی دەگەڕێننەوە بۆ قۆناغی مۆدێڕن.
هەڵبەت دەبێت ئەوەش بڵێین ڕێبازی سێیەمیش هەیە، کە لەژێر کاریگەریی "قوتابخانەی ئەبەدیخوازی مۆدێڕن"ی ئانتۆنی سمیت و ئارمسترانگ جونیوردان؛ خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسی سیاسی بۆ مەسەلەی نەتەوە و ناسیۆنالیزم دەکەن و پێیان وایە میللەت شتێکە و ناسیۆنالیزم شتێکی دیکە. هەرچەندە تیۆریسن و شارەزایانی گوتاری ناسیونالیستی کوردی ئەم ڕێبازەیان نادیدە گرتووە و فەرامۆش کردووە، بەڵام بە چاوخشانێک بە ئەدەبیاتی سیاسی و بڵاوکراوەکانی پێش و پاش جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی، ئەوە ڕوون دەبێتەوە ژمارەیەکی دیار لە منەوەرەکانی کورد لە وتارەکانیاندا جیاوازییان لەنێوان نەتەوە و ناسیۆنالیزم کردووە و لە دووتوێی کتێبەکانی تایبەت بە مێژووی کۆن بەدوای بنەچە و ڕەچەڵەکی کورددا گەڕاون و لەو باوەڕەدا بوون کورد وەک نەتەوە ڕەگوڕیشەیەکی کۆنی لە مێژووی ناوچەکەدا هەیە، بەڵام پرسی ناسیۆنالیزمیان بە دیاردەیەکی مۆدێڕن زانیوە و بەشێوازی نوێ دەکرێت گیانی کوردبوون زیندوو بکرێتەوە.
مستەفا پاشا، ڕەفیق حیلمی، شێخ نوری، محەمەد ئەمین زەکی و پیرەمێرد لە نموونە دیارەکانی ئەم قۆناغەن، کە باوەڕیان بەم ڕێبازە هەبووە، نووسین و کارەکانی ئەم نوخبەیە لەلایەن عەباسی وەلی و ئەوانی دیکەوە پشتگوێ خراوە، یان هەر ئاگایان لێی نییە.
سەبارەت بە ڕێبازی یەکەم، ئەمیری حەسەنپوور وەک ناسراوترین تیوریسینەکانی ئەم ڕێبازەیە، ئەو جگە لەوەی دروستبوونی ئیمارەتە کوردییەکان لە سەدەکانی ١٦ و ١٧ بە گۆڕانێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە کۆمەڵی کوردی لە قەڵەم دەدا، لە هەمان کاتدا نیشتەجێبوونی عەشیرەتە کوردەکان و سەرقاڵبوونیان بە کاروباری کشتوکاڵ بە هۆکارێکی دیکەی سەرهەڵدانی ئەو ئیمارەتانە لە قەڵەم دەدا و بە سەرەتای سەرهەڵدان و دەستپێکردنی ئەوەی ئەو ناوی لێناوە قۆناغی "ناسیۆنالیزمی فیوداڵی" دەزانێت.
حەسەنپوور تایبەتمەندییەکانی ئەو ئیمارەتانەی بەم جۆرە وەسف کردووە: "حکومڕانی پشتاوپشت بوو، هەر ئیمارەتێک سنوورێکی دیاریکراوی خۆی هەبوو، دەسەڵاتی سیاسی خۆیان بە پلە و ئاستی جیا جیا سەپاندووە، هەندێکیان تەواو سەربەخۆ، هەندێکیان نیمچە سەربەخۆ، هەندیکی دیکەیان سەربە ئیمارەت یان پادشاکانی دیکە بوون. هەر ئیمارەتێک سوپای فیوداڵیی خۆی هەبووە، کە ئەرکەکەی بریتی بوو لە پاراستنی دەسەڵاتی ئەمیر لە هەڕەشەی خەڵک و جووتیاران و ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنی دەرەکی و پەلاماردانی دەوروبەر و فراوانکردنی قەڵەمڕەوی فیوداڵی. ئیمارەتە گەورەکان خاوەن ئاڵا و دراوی خۆیان بوون و خوتبەی هەینی بە ناوی ئەمیرەوە دەخوێندرایەوە." (حسنپور،١٤٠٠ :١٤٨)
لە درێژەی وەسفی ئەو ئیمارەتانەدا، حەسەنپوور لەو باوەڕەدایە لە ئەنجامی شەڕوشۆڕ و پەلاماردانی ئەم ئیمارەتانە بۆسەر یەکتر و ململانێ لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی و سەفەویدا، هۆشیاریی سیاسی لە نێو نوخبەکانی ئەو قۆناغە واتە مەلاکان، شاعیرەکان، ئەمیرە خوێنەوارەکان و خەڵک، کە زۆر بە توندی دەکەوتنە ژێر کاریگەریی (بەیت)ی بەیتبێژەکانەوە، سەری هەڵداوە و گەشەی سەندووە و لە ئەنجامدا بە درێژایی سەدەکانی ١٦ و ١٧ ناسیونالیزمی فیوداڵی کە سەرەتای ناسیۆنالیزمی کوردییە سەری هەڵداوە. (حسنپور،١٤٠٠ :١٤٨)
دکتۆر جەمال نەبەز یەکێکی دیکەیە لەو تیۆریسێنانەی باوەڕی بەم ڕێبازە هەیە، جگە لەوەی ناسیۆنالیزمی ڕۆژهەڵاتی و ناسیۆنالیزمی ڕۆژئاوایی لەیەک جیا دەکاتەوە، پێی وایە لەناو ناسیۆنالیزمی ڕۆژهەڵاتیشدا جیاوازیی زۆر هەیە. ئەویش وەک حەسەنپوور باوەڕی بەوە هەیە کە ناسیۆنالیزمی کوردی کۆنترە و پێی وایە ڕۆشنبیرەکانی کۆمەڵە ڕۆژهەڵاتییەکان بە تایبەتی کۆمەڵی کوردی، چاوەڕێ نەبوون چینی بورژوا بێت و دەوڵەتیان بۆ دروست بکات؛ لەو بارەوە نووسیویەتی: "تێکۆشین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ناسیۆنال، مەرج نییە هەر یەکێک بێ لە چالاکی و داخوازییەکانی چینی بورژوا، چونکە ئەو سەردەمەی ئەحمەدی خانی تێیدا ژیاوە، کوردستان لە دەورەی دەرەبەگێتیدا بووە، بە هیچ جۆرێک نە بورژوا هەبووە - نە هوردە بورژوا، نە وەک چین و نە وەک توێژێک و نە وەک دەستە- دیارە ئەمەش ئەو ڕاستییە ناشارێتەوە کەوا دەوڵەتە ناسیۆنالەکانی ئەوروپا، کە لەنێوانی شۆڕشی فەرەنسا و جەنگی دووەمی جیهانیدا دروست بوون، بە زۆری لەلایەن چینی بورژوای ئەو وڵاتانەوە دامەزارون، لەمەشەوە خۆیا (واضح) دەبێ دوو جۆرە بەسەرهاتی مێژوویی جیاواز لە کۆمەڵی کوردەواریی ڕۆژهەڵاتی و کۆمەڵی ئەوروپایی ڕۆژاواییدا ڕوویان داوە، کە لە یەک ناچن. واتە لە کۆمەڵی کوردەواریی ڕۆژهەڵاتیی دەرەبەگانەدا، بیرێکی ناسیۆنالیزم بووە، هەوڵی دامەزاراندنی دەوڵەتێکی ناسیۆنالی داوە، بەڵام لە کۆمەڵی ڕۆژاوایی ئەوروپادا؛ دەوڵەتی ناسیۆنال لەلایەن چینی بورژوازیی ناسیۆنالیستەوە دامەزاراوە." (نەبەز، ٢٠٠٢: ٢٩)
مەبەستی سەرەکیی جەمال نەبەز ئەوەیە پێمان بڵێت نەتەوە و نەتەوایەتی لە کوردستان دیاردەیەکی کۆن و مێژووییە، بە واتایەکی دیکە نەتەوایەتیی کوردیی بەرهەمی ئەندێشە و فکری نوخبەی کوردە و زۆر بە کەمی پەیوەندیی بەو بۆچوون و باوەڕە هاوردانەوە هەیە کە باس دەکرێن. نەبەز مەبەستەکەی زیاتر ڕوون دەکاتەوە و دەڵێ: "بیری دامەزارندنی دەوڵەتێکی کوردیی ناسیۆنال، کە هەموو نەتەوەی کورد بگرێتەوە لە کوردستانێکی سەربەخۆدا، بە سەرکردایەتیی شایەکی کورد، هەر لە کوردستان خۆیدا هەڵقوڵاوە و لە بێگانەوە وەرنەگیراوە، ئەم بیرەش بەلانی کەمەوە لە سەرەتای سەدەی یانزەیەمەوە بووە، ئەمە لە کاتێکدا کە گەلانی فارس و عەرەب و تورک، ئەو دەمە بە وێنەی گەلە ئەوروپاییەکان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، هەوڵی دامەزارندنی دەوڵەتێکی (تێریتۆریال - Territorial state) یان داوە، نەک دامەزراندنی دەوڵەتێکی (ناسیۆنال- National state)." (نەبەز، ٢٠٠٢: ٢٩-٢٨)
دکتۆر جەمال نەبەز ڕای وایە، "هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ناسیۆنال لای کورد بە کردەوە لە سەدەی هەژدەوە دەستی پێکردووە، لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا گەیشتووەتە پلەی خەباتی چەکدارانەی ڕێکخراو؛ کاتێک میرەکانی کوردستان وەک میری بۆتان و میری بابان و میری سۆران و میری بادینان و میری ئەردەڵان، کەوتنە هەڵگیرساندنی شۆرش و بەیەکدادان لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی و قاجاریدا، ئەم میرانە هەموویان بیریان لە دامەزراندنی دەوڵەتی ناسیۆنال دەکردەوە، نەک دەوڵەتی تێریتۆریال." (نەبەز، ٢٠٠٢: ٢٩)
لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێین هەم حەسەنپوور و هەمیش نەبەز، زیاتر جەخت لە مەسەلە وەسفی و مێژوویەکان دەکەنەوە و بە جۆرێک لە جۆرەکان باوەڕیان بە ڕێبازی مەکتەبی ئەزەلگەراییەکان هەیە؛ هەردووکیان ئەحمەدی خانی بە پێشەوای هزری ناسیۆنالیزمی کوردی دەزانن و بەڵگەشیان بۆ سەلماندنی بۆچوونەکانیان چەند شیعرێکی ئەحمەدی خانی-یە کە لە مەنزوومەی "مەم و زین"دا نووسیویەتی و لێرەدا ئاماژەیان پێ دەدەین:
گەر دێ ھەبوا مە ئیتیفاقەک
ڤێگڕا بکرا مە ئینقیادەک
روم و عەرەب و عەجەم تەمامی
ھەمیا ژ مە ڕا دکر غولامی
تەکمیل دکر مە دین و دەولەت
تەحسیل دکر مە علم و حکمت
(خانی، ١٩٩٠، ٥٣)
ئەحمەدی خانی لەو چەند بەیتەدا، هۆکاری ژێردەستەیی کورد لەلایەن ڕۆم و عەجەم دەگەڕێنێتەوە بۆ ناکۆکی و دووبەرەکی لەنێوان کوردەکان خۆیاندا و ڕوویان تێدەکات و پێیان دەڵێ، گەر یەک بگرن و پادشایەکتان لە خۆتان هەبێ و سەرکردەتان بێ، هەر سێ میللەتی ڕۆم وعەرەب و عەجەم دەخەنە ژێر دەستی خۆتان و دەیانکەن بە کۆیلە.
لەم ڕووەوە، ئەمیری حەسەنپوور لێکدانەوەیەکی زۆر جیاوازی بۆ تێکڕای شاکاری مەم و زین هەیە؛ ئەو باوەڕی وایە "مەم" ڕەمزی بەشێک لە کوردستانە و "زین"یش ڕەمزی بەشەکەی دیکەیە. لەو قۆاناغەدا کوردستان لەنێوان عوسمانی و سەفەوییەکاندا دابەش بووبوو؛ لەو بارەوە نووسیویەتی: "وا دەردەکەوێت خانی مەبەستی لە مەم و زین ڕەمز بووە بۆ دوو بەشی لە یەک جیاکراوەی کوردستان کە لەنێوان ئیمپراتۆرییەتی ئێران و عوسمانیدا دابەشکرابوو." (ولی، ١٣٩٨: ١٦١)
حەسەنپوور، بەردەوام دەبێت و لە شوێنێکی تردا خانی بە بەرگریکارێکی جیاواز و سەرسەختی خەیاڵی باڵادەستی کورد دەزانێت و پێی وایە "خانی کوردەکان لەگەڵ ڕۆم و عەرەب و عەجەم لە بوارە جیاجیاکانی وەک ئازایەتی، دڵفراوانی، زمان و نووسین و هونەر بەراورد دەکات و پێی وایە لەوان زیاتریان نەبێت ئەوا هاوشانی ئەوانن و، بەدبەختی لەوەدایە ئەم نەتەوەیە لەلایەن ئەوانەوە پەلامار دراوە و کوشتار و ماڵوێرانییەک کە لەو پەلاماردانانە دەکەوێتەوە دەیانفەوتێنێت و ئەوەش ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی میرەکانی کوردەدایە، کە بە هۆی نیفاق و ململانێی نێوان خۆیان ناتوانن یەک بگرن و ڕووبەڕووی دوژمن ببنەوە." (حسنپور،١٤٠٠: ١٥٠)
لەم بابەتەدا، نابێت ئەو خاڵە لەبیر بکەین کە باوەڕەکانی خانی سەبارەت بە ناسیۆنالیزمی کوردی کە لەڕووی کاتەوە پێش سەرهەڵدانی دەوڵەت – نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە، گومان و دوودڵی لای هەندێ پسپۆری ناسیۆنالیزمی کوردی لەوانە مارتن ڤان برونسن دروست کردووە. بەڵام کاتێک بەدوای کۆنترین نوسخەی دیوانەکەی خانیدا گەڕاوە و بۆی دەرکەوتووە هەموو ئەو بەیتانە لەو نوسخە کۆنانەدا هەیە، دانی بە هەڵەکەیدا ناوە و نووسیویەتی: "من ماوەیەکی زۆر پێم وابوو کە خانی ئەو بەیتانەی نەنووسیوە، بەڵکوو دواتر لە کاتی نووسینەوەی نوسخەکانی دیکەدا بۆی زیاد کراوە، بەڵام ئەم بەیتانە لە چاپی یەکەمی ام. ای ڕودنکۆ ١٧٣٢ – ١٧٣١ دا هەبوو، واتە پێش سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی مۆدێڕن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نووسراوە. بۆیە بەدڵنیاییەوە خودی خانی ئەو بەیتانەی نووسیوە." (ولی: ١٣٨٩: ٧١)
کەچی سەرەڕای ئەو دانپێدانانەش، برونسن بە بیانووی ئەوەی هێشتا فکری ناسیۆنالیزم لەناو ئاسیا و ئەوروپادا سەری هەڵنەداوە، ئەو بەیتانەی خانی بە ڕەمز و ئەندێشەی ناسیۆنالسیتی دانانێت و لەو بارەوە دەڵێ: "لەو سەردەمەدا فکری دەوڵەتی نەتەوەیی نەک هەر لە ئاسیا، بەڵکوو لە ئەوروپاشدا دەرنەکەوتبوو؛ دەوڵەتەکانی فارس و عەرەب و تورک نەبوون و هیچ هەوڵێکیش بۆ دامەزراندیان لە ئارادا نەبووە. دەسەڵاتەکانی ئەو کاتە پشتیان بە ناسنامەی دینی یان وەفاداری بۆ یەک بنەماڵەی شاهەنشاهی دەبەست، وەک بنەماڵەی عوسمانی و سەفەوی. ئەو دوو بنەماڵەیە بە زمانی تورکی قسەیان دەکرد، بەڵام هیچیان بانگەوازیان بۆ یەکگرتوویی نەتەوەیی تورک نەدەکرد و فرە نەتەوەیی بوون و، ئەگەر ئەحمەدی خانی بیری لە فۆڕمێکی حکوومەت دەکردەوە – ئەو ئاواتەخوازی دەرکەوتنی پاشایەکی کورد بوو- ئەم دەوڵەتەی کە ئەو دەیەوێت مەرج نییە دەوڵەتێکی نەتەوەیی بێت، بەڵکوو دەوڵەتێکی فرە نەتەوەیی دیکە بوو کە تێیدا عوسمانییەکان و عەرەب و فارسەکان هەموویان لە خزمەت کورددا بن. (ولی: ١٣٩٨: ٧٢)
جویس بلو، توێژەری فەرەنسایی پسپۆر لە زمان و ئەدەبیاتی کوردی، کە ئەویش باوەڕی بەوە هەیە ناسیۆنالیزمی کوردی پێش مۆدێڕنە هەبووە، پێی وایە ئەحمەدی خانی یەکەمین کەسە بە ئاراستەی دۆزینەوەی فکرێکی نەتەوەیی کوردی هەنگاوی ناوە و لەو بارەوە دەڵێت: "کوردەکان خانی بە نەمر دەزانن، وەک چۆن فارس فردەوسی و یونانییەکان هۆمر بە نەمر دەزانن. ئەم داستانە تراژیدیایەی مەم و زین پڕە لە ڕەمز و هێمای نەتەوەیی و، گیانی نیشتمانپەروەری دەبوژێنێتەوە. شاعیر، ئەو داستانە ڕۆمانتیکەی لە کاردانەوە بە سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم لەناو عوسمانی و سەفەوییەکان نووسیوە." (عبد الجبار، ٢٠٠٦: ١٦٣)
پەیوەست بەم باسەوە، زۆر لەوانەی لیکۆڵینەوە لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردی دەکەن، پێیان وایە حاجی قادری کۆیی (١٨١٥-١٨٩٧) درێژەپێدەری ئەندێشەکانی ئەحمەدی خانییە سەبارەت بە ناسیۆنالیزمی کوردی. کۆیی کە خەڵکی شارۆچکەی کۆی سەنجاقە لە باشووری کوردستان، لە نیوەی دووەمی سەدەی ١٩ی زایینی بۆ ئەستەنبوڵ کۆچی کردووە، لەوێ لەگەڵ بنەماڵەی بەناوبانگی بەدرخان ئاشنا بووە؛ هەروەها لەبەرئەوەی کەسێکی زیرەک بووە، بووەتە مامۆستای منداڵەکانی بەدرخان. بەو پێیەی بنەماڵەی بەدرخان هەر لە کۆنەوە ئاشنای ناسیۆنالیزمی کورد بوون، بۆیە کەوتووەتە ژێر کاریگەریان و لەڕێگەی ئەوانەوە ئەحمەدی خانیی ناسیوە، حاجی قادر لە ڕیزی پێشەوەی ئەوانەدا بووە لە پەیامی ناسیۆنالیزمی ئەحمەدی خانی لە شاکاری مەم و زین تێگەیشتووە.
دەبێت بوترێت، حاجی قادر لە سەردەمێکدا ژیاوە کە میرنشینە سەربەخۆکانی کوردستان یەک لە دوای یەک کەوتنە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەوە، ئەو بەم شێوەیە بە داخ و کەسەر و دڵتەنگییەوە باس لەو ڕۆژانە دەکات کە کورد ئازاد و سەربەخۆ بووە و خاوەنی دەسەڵات؛ نەتەوە و سوپا و حکومەتی خۆی بووە.
کوا ئەو دەمەی کە کوردان ئازاد و سەربەخۆ بوون
سوڵتانی موڵک و میللەت، ساحێبی جەیش و عیرفان
(کۆیی،١٣٩٠: ٩٦)
حاجی قادر، بە هەمان ئاراستە لەژێر کاریگەریی بیری ناسیۆنالیزم، لە شیعرێکی دیکەدا بانگەشەی ئەوە دەکات شارستانییەتی کوردی مێژوویەکی دوورودرێژتری هەیە لە شارستانییەتی دراوسێکانی، بۆ ئەوەش بەڵگەی تاریخی دینەکان دەگرێت بە شاهید:
چوونکە ئێمە قەدیمترین لە ئەوان
بە تەواریخی جوملەیی ئەدیان
(کۆیی،١٣٩٠ :٢٣٨)
بە پشتبەستن بە شیعرەکانی حاجی قادری کۆیی و بە واتایەکی تر گوتارە ناسیۆنالیستیەکانی، ڕەنگە بتوانرێت بڵێین ئەو ناسیۆنالیستێکی مۆدێڕنتر و جیاوازترە لە خانی، چونکە بەپێچەوانەی خانی کە داوای سەروەرییەکی تەنیا کوردییانەی دەکرد، خەمی ئەو نەتەوەیە و هەوڵدان بۆ بنیاتنانی نەتەوە. کۆیی کورد بە یەک نەتەوە دەزانێت و لە قاجارەکان (کڵاو سوورەکان) و عوسمانیەکان (کڵاو ڕەشەکان) جیا دەکاتەوە و هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر سەربەخۆیی بەدەست نەهێنن و نەگەنە ئاستی نەتەوەیەکی جیاواز، لە نێو قاجارەکاندا (کڵاو سوورەکان) و عوسمانییەکان (کڵاو ڕەشەکان) پەرێشان دەبن:
لە مابەینی کڵاوسوور و کڵاوڕەش
پەریشان دەبین میسلی گای بەش
(کۆیی، ١٣٩٠: ١٦)
بێ گومان ئەمیری حەسەنپوور لەسەر ئەم بابەتە بۆچوونێکی تاڕادەیەک جیاوازی هەیە و لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە بۆچوونەکانی خانی و کۆیی بەراورد دەکات، پێی وایە: "کۆیی وەک خانی بیر و ڕای خۆی بە زمانی شیعر دەربڕیوە، زمانی ئەویش وەک خانی پڕە لە هەستی کوردبوون، بە سۆزەوە بیر لە چارەنووسی گەلی کورد و زمانەکەی و خاکەکەی (کوردستان) دەکاتەوە. کۆیی وەک خانی کورد بە گەلێک دەزانێت کە لەلایەن حکومەتی ئێران و عوسمانییەوە چەوساوەتەوە، ئەو دەڵێت کورد لەنێوان سەر سوورەکان (قاجار- ئێرانییەکان) و سەر ڕەشەکان (تورکەکانی عوسمانی) گیری خواردووە، کۆیی لە گۆڕینی مەسەلەی دەوڵەت بۆ پرسیارێکی میحوەری و سەرەکیی نەتەوەی کورد، پەیڕەوی لە خانی دەکات." (ولی، ١٣٨٩: ١٧١)
بەڵام عەباس وەلی، وێڕای ڕەتکردنەوە و ڕەخنەگرتن لە تێڕوانینی حەسەنپوور سەبارەت بە ناسیۆنالیزمی فیۆداڵی کورد، بە مۆدێلێکی مارکسیستی گەشەسەندنی مێژوویی دەزانێت و پێی وایە: "فیودالیزم، چ وەک میتۆدێکی بەرهەمهێنان و چ وەک قۆناغێکی مێژوویی، مانای تایبەتی هەیە و لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی ناسیۆنالیزم وەک ئایدۆلۆژیایەکی مۆدێڕن دژ بەیەکن. پرسی ناسیۆنالیزمی فیۆداڵی دژایەتییە لە مانادا، واتە لە بنەڕەتدا شتێکی لەو جۆرە تێگەیشتنێکی هەڵەیە بۆ ناسیۆنالیزم، چونکە وەک لە پێناسەی ناسیۆنالیزمدا ڕوونە، بابەتی سەرەکی لێرەدا خەڵکە و مۆدێڕنیتە هێناویەتی بۆ ناو بواری سیاسەت. بۆیە مۆدێڕنیتە بە سەرەتای سیاسەتەکانی ناسیۆنالیستی دادەنرێت و بزووتنەوە سیاسییەکانی پێش ئەم سەردەمە لە خانەی چالاکییە ناسیۆنالیستیەکاندا حسابیان بۆ ناکرێت، بەڵکوو دەکرێت بخرێنە خانەی بزووتنەوە نیشتمانپەروەرییەوە. (نگهداری نیا،٢٠٢٠: ٩)
سەرەڕای ئەوەش، هەرچەند عەباس وەلی لەگەڵ ئەو کەسانەدا هاوڕا نییە کە باوەڕیان بە ئەزەلگەرایی ناسیۆنالیزمی کورد هەیە، بەڵام پێی وایە حاجی قادری کۆیی ئاگاداری پرسە سیاسییەکانی سەردەمی خۆی بووە و داواکارییە سیاسییەکانی تا ئەو شوێنەی کە دەوڵەتی کوردی دروست ببێت بردووەتە پێش: "شیعرەکانی حاجی قادری کۆیی ئەوە دەردەخەن کە ئەو ئاگایی وردی لەسەر هەلومەرجی سیاسیی زاڵ لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی هەبووە؛ ئەم شیعرانە ڕەخنەن لە هەڵسوکەوتی سەرکردایەتیی سونەتی کورد، هەم جۆرە ئەرستۆکراتییەکەی و هەم ئاینییەکەی، هەروەها خەفەت بۆ ملکەچبوونیان بۆ تورکەکان دەخوات، کۆیی خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردییە و دەیەوێت زمانی کوردی زمانێک بێت بۆ پەروەردەی مۆدێڕن و عەلمانی." (ولی، ١٣٨٩: ١٢٦-١٢٦)
لێرەوە دەتوانین هۆکارەکانی ڕەخنەکانی عەباس وەلی لە ئیدیعای تیۆریسنە کوردەکانی ڕێبازی ئەزەلی گەرایی ناسیۆنالیزمی کورد لەوانە جەمال نەبەز بزانین، کە پێداگری لەسەر جیاوازیی ناسیۆنالیزمی کوردی لە ناسیۆنالیزمی ڕۆژئاوایی و ناسیۆنالیزمی ڕۆژهەڵاتی دەکەن و پێی وایە "نامێژووییە و هەڵقوڵاوی دەرکێکی ئیستعلاییە لە نەتەوە و چوارچێوەکانی کاتی مێژوویی و پرۆسەی سیاسی دەگۆڕێت. (ولی، ١٣٩٨:١١٤)
بەدەر لەو دوو ڕێبازە، وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، لەنێو ڕۆشنبیر و ناسیۆنالیستەکانی کورددا، چەند کەسایەتییەک هەبوون کە بیرۆکەکانیان بە جۆرێک لە جۆرەکان لەگەڵ ڕێبازی قوتابخانەی ئەزەلگەرایی مۆدێڕندا دەگونجێت، ئەوان پێیان وابوو کورد لە ڕابردوودا نەتەوەیەکی گەورە و خاوەن شارستانی بووە. بە هەندێک هۆکار لەوانە شەڕە دەرەکییەکان و گرژییە نێوخۆییەکان و شارستانییەتەکەیان بەرەو نەمان ڕۆیشتووە و له ئاکامدا بوونەتە ژێردەستەی نەتەوەکانی دیکە و کەنار کەوتوون.
لەنێو ئەو منەوەرانەدا، دەکرێت ئاماژە بە مستەفا پاشای یاموڵکی بکرێت، کە لە ساڵی ١٩١٨دا کتێبێکی بە زمانی تورکی لە ئەستەنبوڵ بە ناوی "حەقیقەتی کوردستان" چاپ کردووە. یاموڵکی هەموو لاپەڕەکانی کتێبەکەی بۆ ئەم تەوەرە تەرخان کردووە کە کورد نەتەوەیەکی زۆر کۆن و مێژووییە و بەشێکی گرنگی شارستانییەتی ئێرانی کۆنیش هی کوردە و لەبارەیەوە نووسیویەتی: "مێژوو پێمان دەڵێت؛ کە لە سەردەمی نەوشیروان و کوڕەکانیدا، کوردەکان فراوانترین ڕووبەری ئێرانی کۆنیان پێکدەهێنا. کوردی پەهلەوی، لە سەردەمی کۆندا، لە ئێکبەتان، نزیک هەمەدانی ئەمڕۆ، حکومەتی خۆیان پێکهێنا و توانیان خاکی ئاشوور و بابل داگیر بکەن و هەزاران ساڵ بە سەربەخۆیی تەواوەوە ژیاون و کوردیش پاشماوەی مادەکانە. (یاموڵکی زاده، ٣٣٤ : ٥-٦)
مستەفا پاشا قورسایی بۆچوونەکانی دەخاتە سەر ڕابردووی گەشی لەدەستچوو، دەیەوێت لەو ڕێگەوە هێزێک بە بەر ئێستادا بکات و ڕێگایەک بۆ گەڕانەوەی شکۆی جاران بدۆزێتەوە. بۆیە دەڵێ: "بنەچەی کورد پەهلەوییە، چونکە لە ڕابردوودا کورد و مازەندەران و ئەفغانییەکان ئێرانی کۆنیان پێکهێناوە، تەنانەت لە مێژووی فارسەکانیشدا، ئەم خاکە، کە ئێستا خاکی کوردەکانە، بە خاکی پەهلەوی ناسرابوو. (یاموڵکی زاده، ٣٣٤ : ٣)
بێگومان لەم نێوەندەدا، مستەفا پاشا سەرەڕای شانازی بە ڕابردووی شکۆمەندی کوردەوە، بە توندی ڕەخنە لە دۆخی ئێستایان دەگرێت و پێی وایە میکانیزمی دەرچوون لەم دۆخە بە کەرەستەکانی جاران کە ئازایەتی و زیرەکی بوو لە بەکارهێنانی گورز و ڕم ناکرێت، دەبێت خۆی لەگەڵ دنیای مۆدێڕندا بگونجێنێت، بیرێک کە پشت بە پیشەسازی و زانست دەبەستێت:
زەمــــانـی گــورز و ڕم ڕۆیـــی و ئێــستا پــــاڵـــەوان عیلمە
لــــە مـەیدانا نییە ڕەواجـی، کـەسـێ بـێ صەنعەت و عیلمە
پێویستە بڵێین ئەم نەوەیە لە نوخبە و بیرمەندە ڕۆشنگەرەکان پێیان وابوو، نەتەوەی کورد لەڕووی مێژووییەوە نەتەوەیەکی دێرینە، بەڵام ئیدیعایەکی لەو شێوەیە لە پێوەندی لەگەڵ ناسیۆنالیزمدا ناتوانرێت بە ڕەوا هەژمار بکرێت. لەڕاستیدا دانیان بەو ڕاستییەدا نا، کە ئێستا ئەم نەتەوەیە زۆرێک لە تایبەتمەندییەکانی نەتەوەیەک کە لەگەڵ پرەنسیپ و بناغەکانی مۆدێڕنیتەدا دەگونجێت لەدەست داوە. بۆیە سەبارەت بە چەمکی میللەت، لەگەڵ ڕێبازی قوتابخانەی کۆن هاوڕا بوون، بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ چەمکی ناسنامەی نەتەوەیی یان ناسیۆنالیزمدا بیرۆکەی مۆدێڕنیستەکانیان پەسەند کرد.
شێخ نوری شێخ ساڵح (١٨٩٢-١٩٥٩)، شاعیر و ڕۆژنامەنووس، بابەتێکی بە زمانی فارسی لە ڕۆژنامەی (بانگی کوردستان)دا نووسیوە، دەکرێت نموونەیەکی زیندووی ئەم بۆچوونەمان بێت، ئەو نووسیویەتی: "ئێمەی گەلی کورد، کە ئێستا لە حاڵەتێکی سەرەتاییداین، لە شارستانییەت و پێشکەوتنەکانی پەهلەوییەکانی باوباپیرمان دابڕاوین، دەبێت پێش هەر شتێک گرنگی بە پەروەردە بدەین. چونکە گەیشتن بە نیعمەتی کامڵ بوون بەبێ زەحمەت و ڕەنج و برسێتی کێشان مەحاڵە. تێربوون لە کانیاوی مەعریفە بەبێ هەوڵدان مەحاڵە، ڕاستە ئێمە لە پەروەردە بێبەش کراوین، بەڵام دەتوانین دەستمان بگات بە پێشکەوتن و زانست و مەعریفە. بۆیە یەکەمین هەنگاوی پەروەردە و فێرکردنی ڕۆڵەکانی نیشتمانە. بۆئەوەی لەم سەردەمەی ئێستا کە سەردەمی نوێیە بێبەهرە نەبین، داواکارم خەڵکی دەسەڵاتدارانی وڵات هەوڵی تەواوی خۆیان بخەنەکار بۆ پێشخستن و پەروەردە، بۆ ئەوەی بێ ناوبن و لە دۆخی سەرەتایی دەربچن و بچینە ڕیزی گەلانی پێشکەوتنخواز و لەسەر نەخشەی جیهاندا بوونمان هەبێت و لە گەردووندا دەرکەوین، چونکە ئەگەر ئێمە لە جیهانی مەعەریفەدا بوونی خۆمان بسەلمێنین، گومانی تێدا نییە بە ویستە پیرۆزەکانمان دەگەین. (م.نوری، ١٩٢٢: ٣-٤)
شێخ نوری، لە ساداتی بەرزنجییە، یەکێک بووە لە بازرگانانی دیاری سەردەمی خۆی و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بەردەوام لە سەفەردا بووە و لەم سەفەرە زۆرانەدا بۆ ئێران، ئاشنا بووە بە فەرهەنگ و شارستانییەتی ئێران و ئاگاداری ڕووداوە سیاسی، پێشهاتە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی بەوردی ئاگای لە مشتومڕ و گفتوگۆ و ململانێی نێوان ئاراستە فکرییە جیاوازەکانی ئێرانی ئەو سەردەمەدا سەبارەت چەمکەکانی مۆدێڕنیتە، مۆدێڕنیزم، دەستور، سەروەری یاسا، دارولشورا، مەجلیسی شۆرای نیشتمانی بووە و ئەدەبیاتی سیاسی و ناسیۆنالیزمی هاوچەرخی ئێرانی خوێندوەتەوە. لە کاتێکدا کە خۆی لەژێر کاریگەریی ئەو چەمک و پێشهاتانەدا بوو، هەوڵی داوە لەڕێگەی نووسین و شیعرەکانییەوە ئەو چەمکانە بگوازێتەوە بۆ کوردستان.
بەم شیکاریەی سەرەوە دەتوانین بڵێین ڕۆشنبیران کورد ڕای جیاواز و قووڵ و گەورەیان سەبارەت بە ڕەچەڵەکی کورد و بنەچەی ناسیۆنالیزمی کوردی هەیە و هەرلایەکیان لەژێر کاریگەری ڕێبازیکی ناسیۆنالیزمدان، بەڵام وەک چۆن ناتوانین تەواوی بۆچوونەکانی حەسەنپوور و نەبەز ڕەت کەینەوە، ناکرێت ئەو ڕاستییەش پشتگوێ بخەین کە ناسیۆنالیزمی کورد لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا بەشێوەیەکی بەرچاو لەنێو نوخبەی کورد و لە ساڵانی دوای جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانیدا بە هەوڵی ئەم نوخبەیە لە نێو خەڵکدا پەرەی سەند.
سەرچاوەکان:
https://pecritique.files.wordpress.com/2020/10/abbas-vali-origin-of kurdish-nationalism-.pdf
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved