13/08/2025
گەڕانەوە بۆ وەسیەتەکەی دۆن کیخۆتێ و خەباتی کوردان

د. هاشم ئەحمەدزادە

(نووسەر و مامۆستای زانکۆی ئۆپسالای سوید)

 

١. پێشەکی 

دۆن کیخۆتێ وەک ''یەکەمین و ڕەنگە مەزنترین ڕۆمانی مۆدێڕن'' ئەو گێڕانەوە تاقانەیە بێت کە جگە لە سەرکەوتووترین ڕۆمانی سەرگەرمی و چێژبەخشی، مانیفێستێکیش بێت بۆ ڕەنگدانەوەی ئەدەبییانەی سەردەمی نوێ. دۆن کیخۆتێ وەک کەسایەتی، لەسەر ئەو باوەڕەیە خەیاڵ ئیلهامبەخشی کردەوەیە و هاندەرە بۆ گۆڕانکاری. دۆن کیخۆتێ وەک ڕۆمان کانگەیەکە بۆ دەوڵەمەندکردنی هێزی خەیاڵی خوێنەر. دۆن کیخۆتێ و هاوڕێیەکەی، سانچۆ پانزا، ئیتر سەدان ساڵە لە قاڵبی دوو کەسایەتیی خەیاڵییەوە هاتوونەتە دەر و بوون بە دوو کەسایەتیی ڕاستەقینە و لەگەڵ خوێنەرانیان دەژین. ڕازی ئەو سەرکەوتووییە چییە؟ چۆنە ئەم کتێبە بووەتە خۆشەویستترین ڕۆمانی هەموو سەردەمەکان؟ ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ بەسەرکردنەوەیەک بۆ ئەم ڕۆمانە لە ڕوانگەی بەسەرهاتی کەسایەتیی دۆنکیخۆتێ و ئەزموونی ژیانی ئەو. ئایا ئەزموونی دۆن کیخۆتێ، بەتایبەتی لە دواقۆناغی ژیانیدا و ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ڕابردووی خۆی، دەتوانێت هەڵگری دەرسێک بێت بۆ ئێمەی کورد؟ ئایا دەکرێت لە دۆنکیخۆتێوە فێر بین بە نیگایەکی ڕەخنەییەوە بڕوانینە ڕابردووی خۆمان و هەوڵ بدەین دەرسی لێ وەربگرین؟ 

ئەگەر تاکبڕوایی وەک هێمای سەرەکیی پڕۆژەی مۆدێڕنیتە دابنێین، ئەوە ئافراندنی کاراکتەر لە گێڕانەوەدا دەبێتە دیاردەیەکی هاوتەریب لەگەڵ ئەم دەستکەوتە مەزنەی پڕۆژەی مۆدێڕنیتە. دیالێکتیکی پێوەندیی نێوان تاکبڕوایی و لەدایکبوونی مرۆڤی ئازاد لەگەڵ سەرهەڵدانی دیاردەی کاراکتەر لە ڕۆماندا یەک لەو بوارە سەرنجڕاکێشانەی ئەدەبی گێڕانەوەییە کە دەتوانێت یارمەتیدەری تێگەیشتنی ئێمە بێت لە ڕەوتی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی پاش سەدەکانی نێوەڕاست. ئەگەر تاکبڕوایی کۆڵەکەی سەرەکیی پڕۆژەی مۆدێڕنیتە بێت، ئەوە بە سانایی جێپێی ئەم باوەڕە لە سەرتاپای ڕۆمانی دۆن کیخۆتێدا دەبینین. ئەو ڕاستییە کە دۆن کیخۆتێ لەسەر بنەمای تێگەیشتنی خۆی، بڕیار دەدات لە ماڵێ بچێتە دەر و هێمنایەتی بگەڕێنێتەوە نێو دنیای دەرەوە، گوزارەیەکی سەرەکییە لە بوونی تاک لە دەرەوەی بڕیاری کەسانی دیکەوە. ئەوە بە هیچ لەونێک لەخۆڕا نییە فۆنتێس لە باسێکی قووڵ کە لەگەڵ ئاندرێ مالرۆ هەیەتی، لەبەرانبەر باوەڕی ئەو کە شازادەی کلیوسی مەدام دێ لافائێتی فەڕەنسی بە یەکەم ڕۆمان دادەنێت، پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە دۆن کیخۆتێ یەکەم ڕۆمانە. پاساوی فۆنتێس بۆ ئەم باوەڕەی، ئەوەیە کە دۆن کیخۆتێ ''گرفتە ناوەندییەکانی جیهانی مۆدێڕن'' پێناسە دەکات. فۆنتێس ڕاشکاوانە دۆن کیخۆتێ بە سیمبۆلی مۆدێڕنیتە دادەنێت و دەڵێت: ''جیهانی مۆدێڕن لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کە دۆن کیخۆتێی لامانشی لە ساڵی ١٦٠٥ گوندەکەی خۆی بەجێ دێڵێت، دەچێتە نێو جیهانەوە و، بەو ئاکامە دەگات کە دنیا لەو شتە ناچێت کە ئەو لە بارەیدا خوێندوویەتەوە.''  

 لە یەکەم گەشتی پاڵەوانیی دۆنکیخۆتێدا ئەو تووشی خەڵکانێک دەبێت تابی هەڵسوکەوتی شێتانەی ئەو ناهێنن و تێروپڕ لێی دەدەن بەجۆرێک کە پاڵەوانی فەقیر لەسەر ڕێگەکە دەکەوێت و توانایی هەستانەوەی نییە. کاتێک وەرزێڕێک بە ناوی پییەر ئالۆنزۆی جیرانی دۆن کیخۆتێ، لە ڕێگەی ئاش، بەرەو ماڵی خۆی دەگەڕێتەوە و تووشی ئەو کابرا کڵۆڵ و بەستەزمانە دەبێتەوە کە کەوتووەتە سەر عەرز و هەر ناڵەناڵییەتی، زوو دەزانێت ئەوە ئالۆنسۆ کیخانۆی جیرانییەتی. بەڵام ئالۆنسۆ کە ڕواڵەتی خۆی بە شێوازێکی سەیروسەمەرە گۆڕیوە، هێندە غەرقی خەیاڵات و جیهانی ئەو کتێبە سوارچاکییانە بووە کە خوێندنییەوە، حاشا لەوە دەکات ئالۆنسۆ کیخانۆی جیرانی پییەر ئالۆنزۆ بێت و دەڵێت کە ئەو پاڵەوانێکە لە ڕیزی هەموو پاڵەوانانی ڕابردوو و لە شەڕێکدا ئاوای بەسەر هاتووە. بەڵام هەر ئەو ڕاستییە کە ئەو خۆی گۆڕیوە و بووەتە کەسێکی دیکە و هەوای بوون بە پاڵەوانێکی سەرگەردان لە کەللەی داوە، گوزارە لە تایبەتمەندییەکی بنەڕەتیی ناسنامەکان دەکات و ئەویش لایەنی سازکراوی و داڕێژراویی ناسنامەکانە. کاتێک دەبینین دۆن کیخۆتێ بە تێڕادیوییەوە بە پییەر ئالۆنزۆ دەڵێت ''من خۆم دەزانم کێم و دەزانم کە دەتوانم یەکێک لەوان کەسانە بم کە ئێستا ناوم بردن [...]''، ئەو لەسەر بنەمای تێگەیشتنی خۆی لە جیهان و دەوروبەرەکەی و لەژێر کارتێکەریی کتێبە پاڵەوانییەکان ئەم بڕیارەی داوە. ڕەوتی تێپەڕبوونی زەمەن ئەم ناسنامە دەستکردەیە تووشی گۆڕین دەکات و دۆن کیخۆتێ بۆخۆی، دواجار دێتە سەر هەڵەبوونی ئەم باوەڕ و ناسنامەیە. ئەو بە هێزی ئاوەز و تێڕوانینی ڕەخنەییانە دێتە سەر ئەو باوەڕە کە دەبێ بە سەرتاپای سیستەمی بۆچوونی خۆیدا بچێتەوە و بە خوێندنەوەیەکی ڕادیکاڵ لە هەلومەرجی خۆی و جیهانبینییەکەی، واز لە سوارچاکی و قارەمانەتی بێنێت. 

 لەم وتارەدا مەبەستمە بە وردبوونەوە لە ژیانی کەسایەتیی خەیاڵیی دۆن کیخۆتێ وەک ئافرێندراوێکی مۆدێڕن بە هەموو تایبەتمەندییەکانییەوە، نموونەیەک لە هەڵسوکەوتی ڕەخنەگرانەی مرۆڤی مۆدێڕن لەگەڵ خۆی و دەوروبەری، دەستنیشان بکەم کە دەتوانێت ڕێنوێنێک بێت بۆ بەخۆداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی ئێمە وەک نەتەوە لە هەوڵدانمان بۆ وەدیهێنانی مافەکانمان. گریمانەی وتارەکە ئەمەیە مرۆڤی مۆدێڕن دەبێ بە ڕوانینێکی ڕەخنەگرانە لە خۆی، هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی لە گەیشتن بە ئامانجەکانی، بخاتە ژێر نەشتەری ڕەخنە و لێکدانەوەی هەمەلایەنە. ئەمە ڕێک ئەو ڕێبازەیە دۆن کیخۆتێ ڕەچاوی دەکات و بێباکانە ئاوڕ لە ئاکار و هەڵسوکەوتی خۆی دەداتەوە و بڕیار لەسەر پێشەڕۆژی خۆی و تەنانەت دوای نەمانیشی دەدات.      

٢. دۆن کیخۆتێ کێیە؟ 

ئالۆنسۆ کیخانۆ نەجیبزادەیەکی سەر بە توێژی خوارەوەی کۆمەڵگەی لا مانچا (لامانش) لە ناوچە ناوەندییەکانی وەڵاتی سپانیا بوو. ئەم تۆێژە کۆمەڵایەتییە خاوەنی بڕێک زەویوزارن و بە ڕادەیەکی کەم دەستڕۆیشتوون. ئالۆنسۆ لەگەڵ کچە خوارزایەکی و خزمەتکارێک دەژی و بەردەوام خەریکی خوێندنەوەی کتێبی سوارچاک و پاڵەوانانە. ئەو لە خوێندنەوەی ئەم کتێبانەدا ئەوەندە زێدەڕۆیی دەکات دواجار سەردەمی خۆی لێ تێک دەچێت و بڕیار دەدات شێوەی پاڵەوان و سوارچاکی کتێبەکان ڕەچاو بکات و ببێتە پاڵەوانی سەرگەردانی دەشت و سەحراکان. بۆ ئەو مەبەستە، پێداویستییەکانی بوون بە سوارچاک دابین دەکات و دواجار هێمنایەتیی ماڵ بەجێ دێڵێت و بە پشتیوانیی خەیاڵاتی خۆی ڕوو لە دەشت و سەحرا دەکات هەتا جۆرێک لە دادی کۆمەڵایەتی وەدی بێنێت و لەگەڵ دەرکەوتە و ئاسەواری بێدادی، شەڕ بکات و حورمەت و ڕێز بۆ سوارچاکان بگەڕێنێتەوە.     

٢. گرنگیی دۆن کیخۆتێ وەک خاڵی وەرچەرخانی گێڕانەوەی مۆدێڕن

زۆرن ئەو نووسەرانەی لە بەرزترین ئاستدا پەسنی ڕۆمانی دۆنکیخۆتێ دەدەن و بە گرنگترین ڕووداوی ئەدەبیی سەردەمی مۆدێڕن ناوی دەبەن. هۆوارد یانگ لە وتارێکدا، دوای ئاماژە بە کۆمەڵێک نووسەری ناسراوی جیهانی کە هەر کەسە و بە شێوەیەک پەسنی گرنگیی ڕۆمانی دۆن کیخۆتێ دەدات، پێ لەسەر بۆچوونی کۆندێرا دادەگرێت کە دەڵێت: ''نووسەران و هونەرمەندان''، بە باوەڕی میلان کۆندێرا، ''جگە لە سێرڤانتێس هیچ وەڵامێک بە هیچ کەس قەرزدار نین.'' هۆوارد لە درێژەی وتارەکەیدا ئاماژە بە نووسەر و ڕەخنەگرێکی بەناوبانگی ئەمریکی، لیونێل تریلینگ، دەکات کە پێ لەسەر ''ئەو ڕاستییە'' دادەگرێت ''هەموو چیرۆکەکان، ئافراندنەوەی دووبارەی تێمی دۆن کیخۆتێن.'' ئێدیت گرۆسمان لە پێشەکییەکی تێروتەسەل کە بۆ نوێترین وەرگێڕانی ئینگلیسیی خۆی لە دۆن کیخۆتێی نووسیوە، باس لەوە دەکات لە ساڵی ٢٠٠٢دا ١٠٠ نووسەر لە بیست و چوار وڵاتی جیهان دەنگیان دا کە دۆن کیخۆتێ باشترین ڕۆمانی جیهانە. بە باوەڕی گرۆسمان یەک لەو هۆکارانەی ئەم ڕۆمانە پێگەیەکی ئاوای لە جیهاندا وەدەست هێناوە ئەوەیە کە دە ڕۆمانەکەدا هەموو ئەو شێواز و تەکنیکە خەیاڵییانەی گێڕانەوە دەکار هاتوون کە نووسەرانی دواتریش دەکاریان هێناون و بناخەی بەرهەمەکانی خۆیانیان پێ داڕشتوون.   

شێوازی گێڕانەوەی تێکهەڵکێشراو یاخود بانگێڕانەوە یەک لەو تەکنیکە بێپێشینە و بەرزانەیە سێرڤانتێس لە نووسینی دۆن کیخۆتێدا ڕەچاوی کردووە و بەم کارەشی بووەتە هۆکاری سەرکەوتوویی گێڕانەوەکە و بەخشینی تایبەتمەندییەکی بەرچاو بە ڕۆمانەکە. لە کۆتاییەکانی بەشی هەشتەمی کتێبی یەکەم کە لە ١٦٠٥دا چاپ و بڵاو کرایەوە، سێرڤانتێس بۆخۆی ئامادەیە و باسی شێوازی نووسینی کتێبەکەی دەکات. کاتێک خوێنەر دەگاتە بەشی نۆهەمی ڕۆمانەکە و گوێی لە وەگێڕ/نووسەر دەبێت کە باسی هەستەکانی خۆی لەمەڕ پاڵەوان و کاراکتەرەکانی ڕۆمانەکە دەکات، هەست بە جۆرێک لە نزیکبوونەوە لە سەرچاوەی گێڕانەوەکە و چلۆنایەتیی ئافراندنەکەی دەکات. ئەمەش هەستێکی تایبەتییە بۆ بەشداریی چالاکانەی خوێنەر لە ڕەوتی گێڕانەوە و کارتێکەریی دوولایەنەی دەق و خوێنەر لەسەر یەکتر. 

لە گێڕانەوەی بەربڵاوی دۆن کیخۆتێدا و لە ڕەوتی سەفەرە چەند مانگانە و دوورودرێژەکەی، سەرەتا بەتەنیایی و، دواتر لەگەڵ سانچۆ پانزادا، زۆر کاراکتەر و کەسایەتی دەردەکەون. یەک لەو کاراکتەرانە خوێندکارێکی زانکۆی سالامانکایە بە ناوی سامسۆن کاراسکۆ. کاراسکۆ دۆستێکی بنەماڵەیی دۆن کیخۆتێیە و ئاگاداری هەلومەرجی ئێستای دۆن کیخۆتێیە و لەسەر بنەمای ئاوەز و هۆشمەندییەوە کە لە خوێندەواری و پلەی زانکۆیی ئەو دەوەشێتەوە، یارمەتیی دۆن کیخۆتێ دەدا ماڵاوایی لە ڕۆڵی پاڵەوانەتیی گەریدە بکات و بگەڕێتەوە نێو دنیای واقیعی و ژیانێکی ئاوەزمەندانە. شێوازی کاراسکۆ بۆ ئەم کارە بەشێکە لە ڕازاوەیی و جوانی ناسیی سەرتاپای گێڕانەوەکە. دەرکەوتنی سامسۆن کاراسکۆ لە شێوەی خوێندکارێکی گەنجی زانکۆ و ناساندنیشی هەر بەم نازناوە، واتە 'خوێندکار' بەشێک لە کەرەسەی مۆدێڕنی گێڕانەوەکە پێک دێنێت کە یارمەتیدەرە بۆ ئاشتکردنەوەی دۆن کیخۆتێ لەگەڵ واقیعی ژیان و وەلانانی ئیدێئالیزمەکەی. ئەم کاراکتەرە و سەرجەم بەسەرهاتە پەراوێزەکانی سەرتاپای ئەم ڕۆمانە چڕوپڕە، نموونەی سەرکەوتووی گێڕانەوەیەک ئاراستەی مرۆڤایەتی دەکات کە جوانی ناسی و هارمۆنیا پێکهاتەییەکەی لەو دیوی سەدەکانەوە هەرگیز لە برەو نەکەوتووە و وێناچێت بکەوێت. 

٣. ئەو پاڵەوانەی کۆتایی بەسەردەمی پاڵەوانان دێنێت

ئەگەرچی دۆن کیخۆتێ بۆخۆی پاڵەوان و سوارچاکە، بەڵام دەرکەوتنی ئەو لەو هەیبەتەدا کۆتایی بە سەردەمی پاڵەوانان دەێنێت و پێششەرتەکانی لەدایکبوونی تاک لە کۆمەڵگەدا دەڕەخسێنێت. ڕەنگە لایەنی ساتیریی ئەم ڕۆمانە و ئەو ڕاستییە کە هیچ خوێنەرێک ناتوانێت بە خوێندنەوەی بەسەرهاتەکانی دۆن کیخۆتێ لە قوڵپی پێکەنین نەدات و قاقای پێکەنینەکەی، وەک دەڵێن، ڕێی ڕۆژێک نەڕوات، لەو تێڕوانینەوە سەرچاوەی گرتبێت کە گۆڕانێکی کۆمەڵایەتیی بەژان لە ئارادایە. ئەم گۆڕانەش شتێک نییە جگە لە ئاوابوونی سەردەمی سوارچاکان و هاتنە کایەی سەردەمی مرۆڤە ئاساییەکان. هەروەها ئەم لایەنی ساتیرییە ئەنجامێکی باڵکێشە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەمووە زێدەڕۆییە کە لە لایەنی ئیدێئالیستی و خەیاڵییانەی ڕۆمانەکەدا دەکرێت و تەنیا بە هێزی پێکەنینە مرۆڤ دەتوانێت دەرەقەتی بێت. مرۆڤ دەتوانێت وێکچووییەکی هاوتەریب لەنێوان گۆڕانی ئالۆنسۆ کیخانۆ بە دۆن کیخۆتێ و گۆڕانی کۆمەڵگەی دۆنکیخۆتێیی بە کۆمەڵگەی مرۆڤە ساکارەکانی لە چەشنی سانچۆ پانزا ببینێت. ئاخر لە شەڕی کەسایەتیی ڕێئالیستیی سانچۆ و کەسایەتیی ئیدێئالیستیی دۆن کیخۆتێدا ئەوەی دواجار سەردەکەوێت فشەفش و هاشوهوشی دۆنکیخۆتێی پاڵەوان نییە، بەڵکوو خاکەڕایی و ئاساییبوونی سانچۆیە. 

سێرڤانتێس بۆ تێکڕماندنی سەردەمی پاڵەوانان، دەست بۆ گەمەیەکی ئەدەبی، جوانی ناسی، گێڕانەوەیی، فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسییش دەبات. ئەو بڕیاری داوە کۆتایی بە جیهانی کۆن بێنێت و ئاسەواری پاڵەوانە بەهێز و تواناکان بە هیچ لەونێک نەهێڵێت و جیهان لە نەگبەتی خۆبەزلزانیی ئەوان پاک بکاتەوە. سەیرەکەی ئەوەیە سێرڤانتێس بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم کارە دەستەودامێنی پاڵەوانێک دەبێت کە زۆر بە چاکیی ئەرکەکەی بەجێ دێنێت. دۆن کیخۆتێ دەبێتە ئەو پاڵەوانەی کۆتایی بە سەردەمی پاڵەوانان دێنێت. سێرڤانتێس وەک ئاڵقەی پێوەندیی نێوان سەردەمی پاڵەوانانی حەماسی و کاراکتەری واقیعیی سەردەمی نوێ، دۆن کیخۆتێی پاڵەوان دەئافرێنێت. پاڵەوانێک کە دواجار وەک تاکەکەس دەر دەکەوێت و بە هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی خۆی، بۆ هەمیشە لە جیهانی پاڵەوانان ماڵاوایی دەکات و لە وەسیەتنامەکەیدا پێ لەسەر ئەو ڕاستییە دادەگرێت ئیتر هیچ کەس بۆی نییە تەنانەت کتێبەکانیشیان بخوێنێتەوە.  

٤. مردنێکی هێمنانە و لەدایکبوونەوەیەکی مۆدێڕن

یەک لە خاڵە گرنگەکانی مرۆڤی مۆدێڕن بریتییە لە گۆڕانی بەردەوام لە کەسایەتیی و شێوەی ڕوانین لە ژیان و تێگەیشتنە باوەکان و وەدیهێنانی گۆڕانکاریی لە خۆی و دەوروبەریدا. دۆن کیخۆتێ نموونەیەکی زەقی ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە لە کەسایەتیی گێڕانەوەیی مۆدێڕندا. پێشتر لە حەماسەکاندا پاڵەوانان هەموویان بە شێوەیەک لە شێوەکان هەڵگری یەک تایبەتمەندی بوون و هەتا کاتی مردنیان هەر پاڵەوان بوون و بیرکردنەوەیان لە ژیان و بەرانبەرەکانیان هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەدەهات. لە ڕۆمانی دۆن کیخۆتێدا ئێمە ڕووبەڕووی پاڵەوانێک دەبینەوە کە لە پەنجا ساڵەی تەمەنیدا بڕیارێکی سەیر دەدات. ئەو وەک نەجیبزادەیەک دەرفەتی ئەوەی هەبووە دەستی بە کتێب ڕابگات و بەردەوام بخوێنێتەوە. دیارە ئەو لە سەردەمێکدا دەژیت سەردەمی ڕۆمانسە پاڵەوانییەکانە و هێندەی بەسەرهاتی پاڵەوانان خوێندووەتەوە بە هەمووو هەست و نەستییەوە بڕیار دەدات ببێتە پاڵەوان و بۆ ئەم مەبەستەش ناو، دۆن کیخۆتێ، و ئەسپ، ڕۆسینانت، و کڵاوخود و ئەڤینداری خەیاڵیی خۆی، دۆلسینێ دێل تۆبۆسۆ، دەستەبەر دەکات و تەنانەت زۆری پێ ناچێت مەیتەرێکیش، سانچۆ پانزا، دادەمەزرێنێت و بەڵێنیی پێ دەدات دوورگەیەکی بداتێت کە بۆخۆی بەڕێوەی بەرێت. لە ڕەوتی ژیانێکی تەواو خەیاڵی و نەگونجاو لەگەڵ سەردەمی خۆیدا ئەو دێتە سەر ئەو باوەڕە کە دەبێ واز لەم شێوازە بیرکردنەوە و ژیانە بێنێت و ببێت بە مرۆڤێکی ڕێئالسیت و لەگەڵ ڕابردووی خۆی تەواو مەودا بگرێت. هەر ئەم تایبەتمەندییە بە تەنیا بەسە بۆ ئەوەی جیاوازیی دۆن کیخۆتێ لەگەڵ گوتاری ئەدەبیی پێش خۆی، حەماسە و ئوستورە، زەق ببێتەوە و لەسەر بنەمای ئەو ڕاستییە، جۆرێک لە هاودەنگی و هاوڕایی هەبێت کە سەرەتای سەدەی حەڤدەهەم، ڕێک لەبەر ئەم ڕۆمانە، ببێتە سەرەتای سەرهەڵدانی ڕۆمان لە ئاستی جیهانیدا. دیمەنەکانی کۆتایی گێڕانەوەکە و بینینی دۆن کیخۆتێ لەنێو جێگەوباندا و بەجێهێنانی ڕێوڕەسمە ئاینییەکان و بەتایبەتی دواقسەکانی ئەو لە شێوازی وەسیەتنامەکەیدا ڕێک ئەو دیاردەیەیە گێڕانەوەی مۆدێڕن دواجار بەسەرهاتی مرۆڤی مۆدێڕنە بە هەموو تایبەتمەندییەکانی تاکەوە.   

٥. بەرپرسیارییەتی لەمەڕ داهاتوو بۆ دووپاتنەبوونەوەی ڕابردوو

ئەو کاتەی دۆن کیخۆتێ پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت خوارزاکەی بۆی نییە لەگەڵ کەسێک زەماوەند بکات کە کتێبی پاڵەوانان بخوێنێتەوە و بێتوو ئەم کارە بکات دەبێ میراتەکەی لێ بسێندرێتەوە، ئێمە لەگەڵ دیاردەیەک ڕووبەڕووین کە تێیدا باوەڕ و ئازادی و بەرپرسیارییەتی تەنانەت بۆ سەردەمی دوای مەرگی مرۆڤیش، خۆیان بەتەواوی زەق دەکەنەوە. دۆن کیخۆتێ نایەوێت سەردەمانی ڕابردوو و نوێنەرە پاڵەوانەکانی بە هیچ شێوازێک دەرفەت و مەجالی سەرهەڵدان و بەردەوامبوونیان لە ژیان هەبێت. دۆن کیخۆتێ لە کۆتا لاپەڕەکانی کتێبەکەیدا، ئەو کاتەی لەسەر جێگاوبانی نەخۆشیدا کەوتووە لەسەر وەسیەتەکەی پێداگری دەکات و دەڵێت: ''دیسان وەسیەت دەکەم ئەگەر خوشکەزام ئانتۆنیا کیژانۆ بیەوێ دەگەڵ پیاوێک زەماوەند بکا دەبێ مێردەکەی کەسێک بێ کە دە پێشدا بەشایەدی و لێکۆڵینەوەی کاربەدەستانی قەزایی و دادوەری نەزانێ کتێب و داستانی پاڵەوانی یانی چی. ئەگەر ڕوون بێتەوە دەزگیرانی خوشکەزاکەم لە چلۆنایەتی و مانای داستانە پاڵەوانییەکان ئاگەدارە و، لەسەر ئەوەشڕا خوشکەزاکەم سوور بێ لەسەر ئەوەی مێردی پێ بکا، لەسەر بنەمای ئەم وەسیەتنامەیە لە میراتی من بێبەش دەبێ و هەموو ماڵ و داراییی منی لێ وەردەگیرێتەوە. ئەودەم سەر وەسیەتەکانم ئیزنیان پێ دەدرێ ماڵ و دارایی من لە ڕێگەی خێر و خێراتدا خەرج بکەن ...''

٦. پرسی کورد و پێداویستیی پێداچوونەوەیەکی هەمەلایەنە

لە کۆتا دەیەکانی سەدەی نۆزدەهەمەوە کوردەکان لە شێواز و قەوارەی جیاوازدا ڕووبەڕووی دنیایەک دەبنەوە لەگەڵ ویستی ئەوان گونجاو نەبووە و نییە. ئەگەر سەیری سەرهەڵدانەکەی بەدرخان پاشا لە ١٨٤٨دا بکەین و سەرنانەوەی میری بۆتان لە دەمیشق وەک کۆتایی چارەنووسێک ببینین کە دوابزماری تابووتی میرنشینی لە چوارچێوەی ئیمپراتۆریای عوسمانیدا دەکوتێت، ئەوە فازێکی نوێ لە هەموو ئەو ناوچەیەدا دەست پێ دەکات کە کوردەکان لە دێرزەمانێکەوە تێیدا ژیابوون. سەردەم سەردەمی مۆدێڕنیزاسیۆنە و عوسمانییەکان مەیلی گۆڕینی شێوازی بەڕێوەبەرییەتی خۆیان دەکەن و سنووربەزێنیی کۆلۆنیالیزم و سیستەمی سەرمایەداری لە ئاستی جیهانیدا کارتێکەرییەکانی خۆی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەردەخات. ڕەنگە ئەو ڕاستییە تاڵە کە ڕاپەڕینەکەی بەدرخان پاشا هاوکاتە لەگەڵ شۆڕشی پێشەسازی لە ئەورووپا، گوزارەیەکی ڕوون بێت لە جیاوازیی ئاستی گەشەی زانستی، پیشەسازی، فەرهەنگی وکۆمەڵایەتیی جوگرافیای کوردستان لەگەڵ پارزەمینی ئەورووپا و تەنانەت دوو ئیمپراتۆریاکەی عوسمانی و قاجاردا. 

٧. ئەنجام 

لە دۆنکیخۆتێدا دوو جیهان، دوو کەسایەتی، دوو ڕوانین و دوو سەردەمی مێژوویی ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. پرسی دوانەیی، تەنانەت لە کەسایەتیی لێوڕێژ لە جیاوازیی دۆن کیخۆتێ و سانچۆ پانزاشدا دەردەکەوێت. ئەوان لە هەموو بارێکەوە جیاوازن. دۆنکیخۆتێ بەرز و ڕەقەڵە و خوێندەوار و ئیدێئالیست و بەبڕیارە. سانچۆ کورت و خەپە و نەخوێندەوار و ڕێئالیست و ساکارە. ئاستی دوانەیی سەرتاپای گێڕانەوەکە تەنانەت لایەنی دیمەن و ڕواڵەتی دۆن کیخۆتێ و سانچۆ دەگرێتەوە. لەو نێوەدا ئەسپەکەی دۆن کیخۆتێ و کەرەکەی سانچۆش لەو دوانەییە بێبەری نین. ئەسپێکی پیری کزی تەمبەڵ کە هەموو پەراسووەکانی دیارن لە دوورەوە هاواری جیاوازیی خۆی لەگەڵ کەرێکی بۆری چالاک کە بەسانایی بەرگەی قورسایی سانچۆی خەپە دەگرێت، دەبنە ئەو دوو ئاژەڵەی کاراکتەرە خوێنشیرنەکانی ئەم ڕۆمانە لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی دێنن و دەبەن. ناوە زایەڵەدارەکەی ڕۆسینانت و ناوە ساکارەکەی داپلێ، لایەنی دوانەیی و کۆمێدیایی و توانج و تانەی بەرهەمەکە دەوڵەمەندتر دەکەن. ئەوە نابێت بەهەڵکەوت بێت کە نیگارکێشی بلیمەتی جیهانی، پیکاسۆ، لە کێشانەوەی نیگاری دۆنکیخۆتێ و سانچۆ پانزا، ڕۆسینانت و داپلێ لەبیر ناکات.   

بەسەرهاتی ڕۆمانی دۆن کیخۆتێ لە زۆر ڕووەوە دەبێتە پشتیوانی ئەو ڕاستییە حاشاهەلنەگرە کە ئەم کتێبە هەر لەخۆوە نەبووەتە خاوەنی ئەو پلەوپایە بەرزە لە ئەدەبی جیهانیدا. ئەگەر لەنێوان شێواز و ناوەڕۆکدا، وەک فۆرمالیستەکان تیۆریزەیان کرد، پێوەندییەکی توندوتۆڵ هەبێت، کە بە باوەڕی من هەیە و ئەم دوو لایەنەی بەرهەمێکی ئەدەبی ناکرێت لە یەکتر جیا بکرێنەوە، ئەوە لە دۆن کیخۆتێدا ئەم ڕاستییە دەگاتە تەشقەڵانی ئاسمان. ئەو کاتەی بەشی یەکەمی دۆن کیخۆتێ لە ١٦٠٥دا چاپ کرا و بڵاو بووەوە، سەرکەوتنی گێڕانەوەکە لە ئاستێکی ئەوەندە بەرزدا بوو نووسەرێکی دیکە دەستی بۆ قەڵەم برد و بەرگی دووهەمی بۆ کتێبەکە نووسی. ئەو نووسەرە کە ناوی ئاڤێلانێدا بوو، پیاوێکی درۆزن بوو. ئەو تەنێ بە نییەتی ناوبانگ و پارە ئەم کارەی کرد و درێژەی بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی دۆن کیخۆتێ دا. دواتر سێرڤانتێس ئاگاداری ئەم کارە دەبێتەوە و بۆ خۆی هەمدیسان دەست دەکاتەوە بە گێڕانەوەی پاشماوەی بەسەرهاتی دۆن کیخۆتێ و دوای دە ساڵ تێپەڕبوون لە بڵاوبوونەوەی بەرگی یەکەم، لە ١٦١٥دا بەرگی دووهەمیش بڵاو دەکاتەوە. لە کۆتایی بەرگی دووهەمدا، سێرڤانتێس هەست بە مەترسیی هاتنە کایەی دووبارەی دیاردەی ئاڤێلانێدا، نووسەرە درۆزنەکە، دەکات و بەڕاشکاوی دەڵێت ئیتر دۆن کیخۆتێ مردووە و وەسێتیشی کردووە و هەموو لایەک شاهیدییان بۆ مەرگی ئەو داوە و ئیتر کەس بۆی نییە زیندووی کاتەوە و ئازاری جەستەی لاوازی ئەم نەجیبزادەیە بۆ مەبەستی چەپەڵی خۆی بدات. ئەگەر ئەم ڕاستییە وەک گەمەیەکی بێوێنەی نووسین لەلایەن سێرڤانتێسەوە ببینین، بە وردبوونەوە لە لایەنێکی شێوازییانەی دیکەی ئەم شاکارە ئەدەبییە هێندەی دیکە دەچینە نێو جیهانی داهێنانی ئەم نووسەرە بلیمەتەوە. سێرڤانتێس لە هەڵسوکەوتێکی چەندتوێیانەدا کارێکی وا دەکات کە ئەوە ئەو نییە ئەم ڕۆمانە دەنووسێت، بەڵکوو سەید حامیدی کوڕی ئەنجەلی، نووسەری ڕۆمانەکەیە، هەڵبەت بە زمانی عەرەبی و سێرڤانتێسەکەی ئێمە بە یارمەتیی وەرگێڕێک نووسینەکەی ئەو لە عەرەبییەوە وەردەگێڕێتەوە سەر زمانی سپانیۆلی. لەبیرمان بێت ئەم تەکنیکە چەندتوێ و چەندئاستییە لە سەرەتای سەدەی حەڤدەهەمدا بەردی بناغەی ئەدەبی مۆدێڕنی گێڕانەوەیی واها بەزەریفی و قایمی و شکۆوە دادەنێت کە تێپەڕبوونی چوار سەدە لە ئافراندنی بەرهەمەکە هیچ لە پێشەنگایەتی و هەرمانیی ئەو کەم ناکاتەوە. بەپێچەوانەوە، لە سەدەی بیستەمدا هەندێک ڕۆماننووس ئامادەیی ڕۆماننووس لە گێڕانەوەکەی خۆیاندا بە دیاردەیەکی تازەی پۆستمۆدێڕن و تەکنیکێکی بەرزی ئەدەبی دادەنێن.

ئەگەر ئالۆنسۆ کیخانۆ لە ئاکامی خوێندنەوەی کتێبە پاڵەوانی و سوارچاکییەکاندا بوو بە دۆن کیخۆتێ، ئەوە دۆن کیخۆتێ لە ئاکامی دیالۆگی بەردەوام لەگەڵ سانچۆ پانزادا و هەروەها لە ئاکامی ئەزموونی ڕۆژانەی ژیان و کارتێکەریی دەوروبەردا بەو ئەنجامە دەگات کە سەردەمی پاڵەوانان کۆتایی پێهاتووە و دەبێ مل بە پێداویستییەکانی سەردەمی نوێ بدات. سەردەمی نوێ سەردەمی ئاوەز و زانست و ئەزموون و سەرمایە و دیالۆگ و ڕێنێسانس و تاک و ناسنامە تازەکان بوو. سێرڤانتێس ئەم پەیامە هەمەلایەنە ئەدەبی و فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و سیاسییە لەڕێگەی کەرەسەیەکی نوێی گێڕانەوەوە، کە شتێک نییە جگە لە ڕۆمان، دەئافرێنێت. ژیان و بەسەرهاتی دۆن کیخۆتێ دەبێت بەو ئامرازەی مژدەی ژیانێکی نوێ بە پێوەری نوێوە بە مرۆڤەکان دەدات. وەسیەتەکەی دۆن کیخۆتێ ڕێک ئەو مانیفێستەیە لەبنەڕەتدا بەخۆداچوونەوەیەکی هەمەلایەنەیە بە نیگایەکی وردی ڕەخنەگرانە لەسەر ڕابردوو. لە هەمان کاتدا، تێهەڵچوونەوەیەکی بوێرانەیە بۆ ڕەچاوکردنی ڕوانین و تێگەیشتنی نوێ لە ژیان. هەرچەند لە ڕۆمانەکەدا ئاماژەی ڕاستەوخۆ بە فەیلەسوفەکان ناکرێت، بەڵام بەستێنی گێڕانەوەکە ڕەنگدانەوەیەکی ڕوونە لە ئامادەیی فەلسەفەی سکولاستیک و بیرمەندانی مرۆڤخوازیی ڕێنێسانس، بۆ نموونە ئاکیناس، ئیراسموس و مۆنتەین. بەم جۆرەیە کە ڕەخنە لە پێوانە کۆمەڵایەتییە کۆنەکان و لەبەرانبەر یەکتردانانی ئیدێئالیزم و ڕێئالیزم، خەیاڵات و واقیع، لە هەموو ڕۆمانەکەدا ڕەنگ دەداتەوە.

ئێمە وەک کورد سێرڤانتێسێکمان دەوێت قەڵەمی تیژ و بەبڕشتی نووسینەکەی بۆ وێناکردنی بەسەرهاتی ئێمە لە سەدەی بیستەمدا دەکار بێنێت و لە ڕواڵەتی دۆنکیخۆتێ و سانچۆ پانزایەکدا دیالۆگێکی چڕوپڕ لە بارەی ڕابردووماندا بێنێتە ئاراوە کە پەردە لەسەر خەون و خولیا و ویست و ئاواتەکانمان لا بدات و هۆکاری هەرەس و شکستە بەردەوامەکانمان لێ ڕوون بکاتەوە. لە هەمووی ئەوانەش گرنگتر ئەوەیە مرۆڤی کورد بە خوێندنەوەی پێکهاتەشکێنانەی ڕابردووی خۆی، هەوڵی دامەزراندنەوەی بنیاتنەرانەی کەسایەتیی خۆی و ناسنامەکەی بدات. هەڵبەت پێویست ناکات پێ لەسەر ئەو ڕاستییە دابگیرێت کە هەبوونی سێرڤانتێس و ئافراندنی گێڕانەوەیەکی دۆنکیخۆتییانە دەبێت بە هەنگاوگەلی شێلگیری خوێندنەوە لە ئاستێکی بەربەریندا زەخرەفە بدرێت و ئاستی وشیاریی و ئاگایی کۆمەڵایەتی و تاکییانەی کورد، ئاسەوارەکانی بیرتەسکی و کەمتەرخەمی و ئەزموون وەرنەگرتن لە ژیان بەتەواوی خاپوور بکات. شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی دۆن کیخۆتێ لەگەڵ ڕابردووی پاڵەوانەتیی خۆی، ئەگەرچی لەسەر جێگاوبانی مەرگدا بوو، بەڵام بۆ هەمیشە ئەوی کردە هێمای ژیان و مانەوە. ئێمەش دەبێ بمێنین لە ئێستا و داهاتوویەکی پڕشنگداردا. ئەدەبی گێڕانەوەیی، بە باری فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و جوانی ناسانەی خۆیەوە، کۆڵەکەیەکی بەهێزە بۆ ئەم ئامانج و مەبەستە. 





ژێدەر و سەرچاوەکان

 

[1] Bloom, Harold, ‘Introduction: Don Quixote, Sancho Panza, and Miguel de Cervantes Saavdera’, in Cervantes, Miguel de. Don Quixote, Translated by Edith Grossman, HarperCollins, pp. 5-20, 2003.

ئەم پێشەکییە تێروتەسەلەی هارۆلد بلووم دوو ئەرکی گرنگ بەجێ دێنێت: ناساندنێکی چڕ و دەستنیشانکردنی تایبەتمەندییە ئەدەبی و جوانی ناسانە و فەلسەفییەکانی ڕۆمانەکە.  

[2] Individualism 

[3] La Princesse de Cleves

[4] Fuentes, Carlos, Myself with Others: Selected Essays, Farrar, New York: Straus & Giroux, 1988, p. 50.

[5] Fuentes, Carlos, Myself with Others: Selected Essays, Farrar, New York: Straus & Giroux, 1988, p. 49.

[6]  لێرەدا دۆن کیخۆتێ ناوی گەلێک پاڵەوانی نێو کتێبە پاڵەوانی و حەماسییەکانی نێو کتێبخانەکەی خۆی دێنێت و خۆی بە یەک لەوان دەزانێت. بۆ وەرگێڕانی سەرکەوتوانەی کتێبەکە بە زمانی کوردی، بڕوانە: 

سێرڤانتێس، میگێل، دۆن کیشۆت، بەرگی یەکەم، وەرگێڕانی ئەحمەد قازی، هەولێر: ئاراس، ٢٠٠٨، ل. ٦٧.

بۆ وەرگێڕانیی ئینگلیسیی دۆن کیخۆتێ، بڕوانە: 

Cervantes, Miguel de. Don Quixote. Translated by Edith Grossman, HarperCollins, 2003, p. 56.

ئەم وتارە لەبنەڕەتدا لەسەر بنەمای ئەم دوو وەرگێڕانە کوردی و ئینگلیسییە، ئامادە کراوە. 

[7] Alonso Quixano

[8] بۆسەرچاوەیەکی دەوڵەمەند لەسەر نووسەری دۆن کیخۆتێ، میگێل سیرڤانتێس بەگشتی و، ڕۆمانی دۆن کیخۆتێ بەتایبەتی، بڕوانە:

Khan, Aaron M. (ed.), The Oxford Handbook of Cervantes, Oxford: Oxford University Press, 2021

[9] Young, Howard, ‘GAME OF CIRCLES: CONVERSATIONS BETWEEN DON QUIXOTE AND SANCHO, Philosophy and Literature, 2000, pp. 377-386, (p. 377). 

[10] Grossman, Edith, ‘Translator’s Note to the Reader,’ in Cervantes, Miguel de. Don Quixote, Translated by Edith Grossman, HarperCollins, p. 4, 2003.

[11] Metafiction 

[12] University of Salamanca

[13] Samson Carrasco

[14] Dulcinea del Toboso

[15]  Cervantes, Miguel de. Don Quixote. Translated by Edith Grossman, HarperCollins, 2003, p. 971.

 سێرڤانتێس، میگێل، دۆن کیشۆت، بەرگی یەکەم، وەرگێڕانی ئەحمەد قازی، هەولێر: ئاراس، ٢٠٠٨، ل. ١٢٠٦.

[16] Rocinante

[17] Dapple 

[18] لەڕاستیدا کەسێک بە نازناوی ئالۆنسۆ فێرناندێز ئاوەلاندا لە ١٦١٤دا بەرگی دووهەمێک بۆ دۆن کیخۆتێ دەنووسێت. ساڵێک دواتر سێرڤانتێس بۆخۆی دەست بەکار دەبێت و بەرگی دووهەمی کتێبەکەی بڵاو دەکاتەوە و لە چەند جێگای ئەم بەرگەدا و بەتایبەتی لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا ئاماژەی ڕاستەخۆ بەم کابرایە دەکات و ئاواتەخواز دەبێت کە چیتر لەم کارە دزێوەی بەردەوام نەبێت و ئازاری کەسایەتیی دۆن کیخۆتێ نەدات. سەیرەکەی ئەوەیە نووسەرە درۆزنەکە ناوی ڕاستەقینەی دۆن کیخۆتێ بۆخۆی هەڵدەبژێرێت. وەک دەزانین دۆن کیخۆتێ بەر لەوەی بڕیار بدات ببێت بەو کەسایەتییە، نەجیبزادەیەکی لامانشییە و ناوی ئالۆنسۆ کیخانۆیە. ئەو وەک پێشمەرجێک بۆ بوون بە پاڵەوان و سوارچاک ناوەکەی خۆی دەکات بە دۆن کیخۆتێی لامانشی. نووسەرە درۆزنەکەی بەرگی دووهەمیش ناوی ئالۆنسۆ بۆخۆی ڕەچاو دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەوەی سێرڤانتێس بە کەیفی خۆی بەم نووسەرە ڕاببوێرێت و بیخاتە بەر تانە و تەشەری خۆیەوە. 

Alonso Fernández de Avellaneda 

[19] Cide Hamete Benegeli

[20] Thomas Aquinas (1225-1274), Erasmus (1466-1536), Michel de Montaigne (1533-1592).

[21] بۆ زانیاریی ورد لەسەر کارتێکەرییەکانی دۆن کیخۆتێ و سێرڤانتێس لەسەر جیهانی ئەدەب، بڕوانە [گوێ بگرە] وتاری پڕۆفیسۆر هێرنان سانچێز لە زانکۆی مێریلاند. هێرنان سانچێز پسپۆڕی ئەدەبی سەدەکانی ناوەڕاستە و ئەم وتارەی لە چوارسەد ساڵەی مەرگی سێرڤانتێس لە ٢١ ئۆکتۆبری ٢٠١٦ لە کتێبخانەی کۆنگرێس لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشکەش کردووە.

Hernan Sanchez Martinez de Pinillos, ‘Why Don Quixote is the Best Work of Fiction According to 100 Authors?’ on https://www.youtube.com/watch?v=JibrlA0gYQc&t=534s

Retrieved 1 October 2024.

 

 

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X