فاروق ڕەفیق
(سکۆڵەری بواری فەلسەفە)
١
لە چەند ساڵی ڕابردوودا و لە فەزای نووسینی کوردی و لە مینبەرە جیاجیاکان و لە میدیای کوردییەوە، ئێمە شاھیدی ھێرشێک بووین، ڕێکخراو نا، بەڵکوو پەرتەوازە، بۆ سەر فەلسەفە و مانا و بەھای فەلسەفە و ڕۆڵی شارستانییانەی فەلسەفە لە مێژوودا؛ چ لە شارستانێتی خۆرئاوا و چ لە جڤاتێکی گەشەنەکردوو و ھەژار، ھەژار لەڕووی میراتی نووسین و بیرکردنەوە، ھەژار و کڵۆڵ لە بیری زانستی و فەلسەفیدا، وەکی جڤاتی کوردی؛ ھێرشێک بە موفارەقەیەکی زۆرەوە، لەلایەن ھێزە تەقلیدی و نەریتپارێزەرەکانی جڤاتی کوردییەوە سەرچاوەی نەگرتووە، ھێرشێک نا لەلایەن ھێزە نەریتپارێز و ئیسلامگەراکان کە دژی فەلسەفە و بیرکردنەوەی فەلسەفی و ڕەخنەیین و دژی ھەر نوێکردنەوەیەک و ھەر دنیابینییەکی عەقڵی نوێن، بەڵکوو لەلایەن چەند ڕۆشنبیرێکی پۆزەتیڤیستەوە؛ چەند نووسەرێک کە لەسەر ئەدەبیاتی دەیەی بیست و سی و سەدەی ڕابردوو دەژین و لەو سۆنگە پۆزەتیڤیستەوە و بەر بنەمای ھەندێک گفتوگۆ کە لەو سەردەمەدا لە خۆرئاوا لەسەر ڕۆڵی فەلسەفە و زانست و جیاکاریی نێوان زانستە سروشتییەکان، یاخود زانستە دەقیقەکان و زانستە کۆمەڵایەتییەکان و گفتوگۆی ئەوەی چ کایەیەک دەشێت بەزانستی ناوزەد بکرێت و چ لە دەرەوەی بیرکردنەوەی زانستییە؛ گفتوگۆیەک، یا ڕاستترە بڵێین، چەند ئاماژەیەکی خێرای بێ ڕوونکردنەوە و بێ قووڵبوونەوەی فیکری و بێ خستنەڕووی کۆی ئەرگۆمێنتەکان و دژە ئەرگۆمێنتەکانی ھەردوو لایەنی بەشداربوو لەو دیبەتە فیکری و زانستییەدا؛ واتە بێ دروستکردنی زەمینەسازییەکی فیکری و زانستی و کولتووری بۆ تێگەیشتن لەو شتەی کە لە محەکدایە، کە ھیچ نییە جگە لە خودی مەعریفە.
ئەمە کارێکی کردووە کە پەیامەکان نەگەن، ئایدیا و گفتوگۆ فیکری و زانستییەکان لە فۆڕمێکی شێواو و لە ڕەوت دەرھێنراو بخرێنە ڕوو، لەجیاتی خستنەڕووی ئەو گفتوگۆ عەقڵییە لەسەر ڕۆڵی فیکر و زانست و فەلسەفە لە دنیای ھاوچەرخدا و دروستکردنی ھاوسەنگییەک، وێناکردنی ئیشەکە بەجۆرێک کە خوێنەری کورد ھەم لە ڕەوتەکە بگات و ھەم لە ئایدیا و بیروبۆچوون و گۆشەنیگاکان و تیۆرییەکان بگات و ھەم لەو ئەرگۆمێنت و دژە ئەرگۆمێنتانە بگات کە کۆی ئەم دیبەیتە فیکرییە زانستییە پێک دەھێنێت. بەشێوەیەک ئەو مشتومڕە فیکری و فەلسەفییە لە نووسینی کوردیدا خراوەتە ڕوو کە ھیچ نییە جگە لە شێواندنی دیبەیتەکە، جگە لە خستنەڕووی کۆمەڵێک ھەڵەی لۆژیکی، لەچەشنی "پەنابردن بۆ ئۆتۆرەتی"، وەک ئەوەی دەگوترێت "ماکس ڤیبەر وای وت، کەواتە ڕاستە"، یا ھابرماس یا فۆکۆ دەڵێت، کەواتە ئەو شتە وایە، یاخود ھەڵەی "پەنابردنە بەر جەھل" ھەڵەی لۆژیکیی جەغتکردن"، ھەڵەی لۆژیکیی تۆش ھەروەھا، ھەڵەی لۆژیکیی پەنابردنە بەر ھێز، ھەڵەی لۆژیکیی پەنابردنە بەر بەزەیی، پەنابردنە بەر شەرم، پەنابردنە بەر جەماوەر.... ھتد.
لەم ھێرشەدا بۆ سەر فەلسەفە و بۆ لێدان و کەمکردنەوەی ڕۆڵی جەوھەری فەلسەفە لە شارستانییەتی مرۆڤایەتیدا لە چەند نووسینێکی پۆزەتیڤیستەکانی کورددا ھەوڵ دراوە خوێنەر ئاراستە بکرێت بەرەو چەند بەرئەنجامێک، لەوانە فەلسەفە ھیچ گرنگییەکی مەعریفیی ئەوتۆی نییە، فەلسەفە واتا میتافیزیکا و ئێستا ئێمە لە قۆناغی دوای میتافیزیکاداین، کەواتە فەلسەفە و فەلسەفاندن و گفتوگۆ لەسەر فەلسەفە سەرقاڵییەکی بێھوودەیە، کۆمەڵناسی و زانستی سیاسیی مۆدێرن و ھەندێک کایەی دیکەی لێکۆڵینەوە مرۆیییەکان شوێنی فەلسەفەیان گرتۆتەوە، حوکمی بەھایی value judgement مەحاڵە و نەشیاوە (ڕای ماکس ڤیبەر)، جیاوازیی نێوان Facts (ڕاستییە بینراوەکان) و (Values) مەسەلەیەکی چارەسەرکراوە و لەڕووی فیکری و زانستییەوە بڕاوەتەوە، لە کاتێکدا تا ئەمڕۆ ئەو مشتومڕە بەردەوامە و لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا شاکاری فیکری و فەلسەفی لەسەر ئەم کێشە، یەک فەزای فیکری و فەلسەفی و کولتووری لە خۆرئاوادا خراونەتە ڕوو. ئەم وێناکردنە شێواوانە لەڕێگەی لێکۆڵینەوەی فیکری و زانستییەوە و لەسەر لاپەڕەکانی ژۆڕناڵە فیکرییەکان نەخراونەتە ڕوو، بەڵکوو لە وتاری ڕۆژنامەگەری و لە چاوپێکەوتنە تەلەڤزیۆنییەکاندا سەرپێیی و لامسەرلایی بەسەر کراونەتەوە.
ھەرچی پەیوەندیی بە فەلسەفەوە ھەبێت، لەم فەزا شێواوەدا فەلسەفە وا وێنا کراوە کە کایەیەکی زیندوو نییە و ئەو چەند کەسە کەمەش کە سەرقاڵی قسەکردنن لەسەر فەلسەفە لە جڤاتی کوردیدا کاتی خۆیان و ئێمەش بەفیڕۆ دەدەن و شایانی گوێ لێگرتن نین، ئەوان سەرقاڵی وەھمی فەلسەفەن و جڤاتی کوردییش دەبێت کەمالیاتی ئەوەی نەبێت کە گرنگی بەم گفتوگۆیانە بدات. من وەک لێرەدا لەجیاتی دەرگیربوون لە تەک ئەم عەدەمیەتەدا، وەک توێژەرێکی فەلسەفی ھەوڵ دەدەم جەخت لەسەر مانا و گرنگی و بەھای فەلسەفە بکەمەوە، بەتایبەت بۆ جڤاتێکی شکستخواردووی وەک کورد، جڤاتێک کە فەلسەفە ڕزگارکەرەکەیەتی لەو ھەموو بیماری و نەھامەتییە کولتووری و فیکری و دەروونی و سیاسییەی کە بەدەستیانەوە دەناڵێنێت و کەلەلایان کردووە.
*******
٢
لە دوو دەیەی ڕابردوودا، زاراوەی "دەوڵەتی شکستخواردوو" Failed State لە نێوەندە ئەکادیمی و فیکرییەکانی خۆرئاوا ڕەواجی پەیدا کرد و بووە بابەتی ژمارەیەک لێکۆڵینەوەی زانستی، ئابووری، فیکری، سیاسی؛ بووە ماددەی چەندین کتێب و کۆنفرانس و گردبوونەوەی فیکری و زانستی، بۆ وەسفکردنی ھەلومەرجێک کە تێیدا دەوڵەت، بەمانا ھەرە بەرفراوانەکەی و لەڕووی وەزیفییەوە ئەو کاتەی شکست دەھێنێت، ئەو کاتەی کە وەزیفە و ئەرکە دامودەزگایی و ئیداری و ئابووری و سیاسی و یاسایی و خزمەتگوزارییەکانی ڕاناپەڕێنێت و وەک دامودەزگایەک شکست دەھێنێت و بەرئەنجامی ئەم شکستھێنانەش جگە لە پاشاگەردانیی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و دارایی، جۆرە ستەم و نادادپەروەری و نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و گەندەڵیی سیاسی و ئابووری بەدوای خۆیدا دەھێنێت.
ئەوەی لەم مشتومڕە فیکری و سیاسییە ھەرە بەرفراوانە بزرە، قسەکردنە لەسەر خودی کۆمەڵگە یا جڤات لەبەر ھۆیەکی زۆر ڕەوا. کاتێک چومسکی، بیرمەندی ئەمریکی، باس لە "دەوڵەتی شکستخواردوو" دەکات و نموونەکەی دەوڵەتی ئەمریکییە، ئەو باش دەزانێت و ئاگاداری تۆکڤیلە (لە کتێبی "دیموکراسیی ئەمریکا") کە کۆمەڵگەی ئەمریکی لە دەرەوەی دەوڵەت وەک کۆمەڵە جڤاتێک بە ئەرک و وەزیفەی ئاسایی خۆی ھەڵدەستێت، لەبەر ئەوە ئەم ئایدیایە، ئەم بیرۆکەیە، ئەم زاراوەیە جڤاتە ئەمریکایییەکان ناگرێتەوە، لەسەر ئاستی جڤاتی ئەو پرەنسیپ و بەھایانە کە ئەو جڤاتانە پێکەوە گرێ دەدا کە کار دەکەن و ئەو دەوڵەتە شکستی ھێناوە، نەک ئەو جڤاتانەی لە بۆتەقەی کۆمەڵگەی ئەمریکیدا کۆ بوونەتەوە. ھێنانی زاراوە و بیرۆکەی "دەوڵەت یا حکوومەتی شکستخواردوو" بۆ کۆمەڵگە و جڤاتەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بێ قسەکردن لەسەر شکستی ئەم کۆمەڵگەیانە یاخود ئەو جڤاتانە نەک لێکۆڵینەوەیەکی فیکری و زانستی سەر ڕێگا ناخات، بەڵکوو جگە لەمە قسەیەکی ڕووت زیاتر ھیچ بەروبوومێکی ئەوتۆی شایانی تێڕامان لێ ناکەوێتەوە، لەبەرئەوەی پێش ئەوەی حکوومەت یا دەوڵەت لەم وڵاتانە شکست بھێنێت یا بەئیفلیجی لەدایک ببێت و وەک دامەزراوەیەکی گرنگی ژیانی جڤاتییانە کار بکات، ئەو جڤاتە شکستخواردووە، ئەو کۆمەڵگەیە، مێژووەکەیەتی، ستراکچەر و بونیادەکەیەتی شکستی خواردووە، دەوڵەت یا حکوومەت بەرئەنجامی ئەم شکستە سەراپاگیریە مێژوویییە کولتوورییە سیاسییە، ئەوە شکستی پێکھاتەی جڤاتە، خواروخێچی یا نەبوونی دنیابینی و ئیرادەی ئەم جڤاتە شکستخواردووانەیە کە گەشە نەکردن و نەگەیشتنی ئەم جڤاتانەیە بەحاڵەتی [maturity] (ڕوشد) لەڕووی کولتووری و ڕۆحی و سیاسی و فیکری و دەروونییەوەیە کە دواجار وەک ژێرخانێکی کولتووری و مێژووییی ئەو شکستەی سیاسەت و دەوڵەتداری لەسەرەوە بینا دەکرێـت و ئەو غۆلە شکستخواردووە کە دەوڵەتە، لەسەر ئەو شکستە ژیارییەوە بینا دەکرێت و لەسەر مۆڵگە و فەرمانی ئەو شکستانە دەژیت.
ئێستا کاری فیکری و زانستیی گرنگ لێتوێژینەوە نییە بەتەنیا لەسەر شکستی حوکمڕانیی کوردی لەم بەشەی کوردستان لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا، ئەم شکستە، شکستی ئەزموونی حوکمڕانیی کوردی بەرئەنجامە، بەرئەنجامی شکستێکی گەورەتر کە شکستی جڤاتی کوردییە. پرسیارەکەی ئێمە ئەمەیە، "ڕۆڵی فەلسەفە چییە لەم جڤاتە شکستخواردووەدا؟ ئایا فەلسەفە دەتوانێت چ ڕۆڵێکی مەعریفی بگێڕێت نەک لە تەشخیسکردنی نەخۆشییە ڕۆحی و سیاسی و فیکری و ئیداری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی ئەم جڤاتەدا، بەڵکوو فەلسەفە، ئەمە پرسیارە گرینگەکەیە، دەتوانێت چ ڕۆڵێک ببینێت لە دروستکردنی وەرچەرخانێکی ژیاری لەو ھەلومەرجەدا؟"
٣
ھیگڵ لە پێشەکییەکەیدا بۆ کتێبی "فەلسەفەی ھەق" Philosophy of Right بیرۆکەیەک لەمەڕ ڕۆڵی فەلسەفەوە دەخاتە ڕوو کە شوێنی مشتومڕێکی فەلسەفییە و بەچەندین شێوە و لە ڕوانگەی فەلسەفیی جیاوازەوە تەفسیر کراوە. ئەو دەڵێت،
“The owl of Minerva spreads its wings only with the falling of the dusk”، “
"بایەقوشی بانووخوای ژیری و دانایی تەنیا لە کاتی زەردەپەڕدا باڵەکانی بۆ فڕین پەخش و واڵا دەکات ".
Minerva بانووخوای ڕۆمانییە بۆ حیکمەت، ژیری و بایەقوش کە ھاودەمی ئەم بانووە خودایەیە Goddess، لەڕووی ترادیسیۆنییەوە وەک حەکیم وێنا کراوە.
تەفسیرێکی باو بەڵام سادە بۆ ئەم میتافۆرەی ھیگڵ بەکاری دەھێنێت ئەوەیە کە ئەمە میتافۆرێکە بۆ سروشتی فەلسەفە، بەو مانایەی کە فەلسەفە تەنیا ئەو کاتە دەتوانێت تێگەیشتنێک بۆ واقیع، ئەوەی کە ھەیە (ما ھو موجود)، تەنیا دوای ئەوەی کە ڕوو دەدات و واقیع خۆی پەخشی دەکاتەوە، بەمانای ئەوەی کە فەلسەفە درەنگوەختێک، لە زەردەپەڕی ئێوارەدا لەسەر دیمەنەکە ئامادە دەبێت، دوای ئەوەی کە ڕۆژ ئاوا دەبێت، پێشتر ھیچی نییە بۆ گوتن.
ئەگەر بەوردی لەم میتافۆرەی ھیگڵ ورد بینەوە و ئاوڕێک لە ڕابردووی فەلسەفە و ڕۆڵی فەلسەفە بدەینەوە، دەبینین فەلسەفە تەنیا وەک بایەقوشێک دەرناکەوێت کە لە زەردەپەڕدا دەدا لە شەقەی باڵ، لە زەردەپەڕی شێوە کۆتاییھاتووەکانی ژیاندا، بەڵکوو وەک یارییەکی سەیر و خۆش بەشادییەوە موژدەی لافاوەکانی بەھار دەھێنێت، ئەو لافاوانەی کە خودی بناغەکانی ئەو ڕێگا کۆنباوانەی ژیان لە بناغەوە ڕادەماڵێت، موژدەی ھەڵتۆقینی خونچەکان و شێوە نوێکان و لەدایکبوونەوەی سەرلەنوێی ڕەنگەکان، بەگوێرەی ئەفسانە دێرینەکە، Minerva، بانووخودای ژیری، لە سەری زیۆسەوە پەیدا دەبێ، بەپڕچەکی، قەڵغان و نێزەی لەگەڵ خۆی ھەڵگرتووە، ئەم وێنە ئەفسانەیییە بەڕاستی سیمبولێکە: حیکمەت دێتە جیھانەوە نەک بۆ ئەوەی لەسەر سەرکەوتن و ناوبانگ پاڵ بداتەوە و پاسیڤانە لە بوون تێڕابمێنێت و بێباکانە لە چاکە و خراپە بڕوانێت، بەڵکوو حیکمەت لە جیھاندا ھاتووە تاکوو شەڕ بکات بۆ ڕاستی، دادپەروەری، بۆ سەرکەوتنی عەقڵ لە ژیاندا و پاراستنی ئێمە لە ھێرشی دڕندانەی ھێزە تاریکەکانی شەڕ و، بمانپارێزێت لە ناڕاستی و ھەڵە. تەنیا دنیابینییە پەرچەکردارییەکان reactionary کە نقوم بوون لە دۆگماتیزم، چارەنووسێکی ڕەش چاوەڕێیانە، ئەویش دواکەوتن و لەدواوەبوونی ژیانێکی تیژڕەو. لە کاتێکدا فەلسەفە ھەمیشە پێشڕەوە، لەڕووی تیۆرییەوە چەسپاندنی مافی خەڵک بۆ ژێرەوژوورکردنی چەوسێنەرەکانیان، فەلسەفە چاو لە خوڵقاندنی فۆرمە بەرزەکانی ژیان دەبڕێت، ھەمیشە فەلسەفە وەک شەپۆڵی زریانێک سەرھەڵدەدات و خۆی لە قەرەی کێشمەکێشەکانی گشت کایەکانی بوون دەدات.
لەڕاستیدا و بەر بنەمای تەفسیری ئێمە، مەبەستی ھیگڵ ئەمەیە: ھیگڵ مەبەستێتی بڵێت مرۆڤەکان تەنیا ئەو کاتە چاو لە فەلسەفە دەبڕن، پەنا بۆ فەلسەفە دەبەن، کۆشش دەکەن، کۆششێکی فەلسەفییانە، ھەوڵ و کۆششێک بۆ بیرکردنەوە لە مانای بوون، ئەو کاتەی سیستەمێکی کۆن مانا، بە دواساتەکانی بوونی خۆی دەگات و پەکی دەکەوێت (ئەمەش ئەوەیە کە ئێستا تێیدا دەژیین). ئەو مەبەستی لەم میتافۆرە دەربڕینی نیازێکی ڕەشبینانە نییە، مەبەستی نیشاندانی بێکەڵکیی فەلسەفە نییە، چونکە ڕەشبینی ھەر لە پێناسەکەیەوە دیارە کە پووچە و چاو لە ھیچ پڕۆژەیەک و تازەکردنەوەیەک و گۆڕانێک نابڕێت. ھیگڵ مەبەستی نییە بڵێت فەلسەفە ئەو کاتە دەگاتە سەر دیمەنەکە کە زۆر درەنگە، ئەو مەبەستێتی بڵێت کە ئێمە بیرکردنەوە لە بوونمان و ژیانمان بەجدی ئەو کاتە دەست پێ دەکات لە سیستەمێکی کۆنی مانا و کۆمەڵگە کۆنەکەی لە کاتی ئاوابووندان، ھەروەھا ئێمە لەو چرکەساتەدا لەو ڕاستییە بەئاگا دێینەوە کە کۆمەڵگەیەکی نوێ، جڤاتێکی نوێ بەخۆی و پرسیاری نوێوە لە سەرھەڵداندایە کە بەھیچ شێوەیەک شایانی لێتێگەیشتن نییە لە چوارچێوەی سیستەمە کۆنەکەدا.
ئەمە ئەو ھەلومەرجەیە ئێستا ئێمە خۆمانی تێدا دەبینینەوە؛ لەلایەکەوە کۆمەڵگەکە کۆنی کۆن بووە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی داڕزیون، دامودەزگا تەقلیدییەکانی وەکوو خێزان و دامودەزگای ئاینی و سیاسی (حیزبی) لە کەڵک کەوتوون و کار ناکەن، سومبولەکانی کۆمەڵگە گیانیان لەدەست داوە، ئیدی بەھرە بە مرۆڤەکان نابەخشن، ژیانی ڕۆحیی جڤاتەکە خاڵی خاڵی بۆتەوە لە مانا و Spirituality، ئیدی مرۆڤ لەم جڤاتەدا تەنیا و تەنیا کەرامەتی دەڕووشێنرێت و لە نامۆیی و بێماڵی ھیچی دیکە نادوورێتەوە، بەڵام لە ھەمان کاتدا ژانگرتنێکیشە بە شتێکی نوێوە، بۆ پێناسەکردنی ئەو شتە نوێیە، بەرجەستەکردنی لە دنیابینییەکی فەلسەفیی ڕووندا، پێویستمان بەفەلسەفە و تەنیا فەلسەفەیە.
فەلسەفە بریتییە لە ھێزێکی بنەڕەتی کە شێوە بە مرۆڤ و بە کولتوور دەبەخشێت، بریتییە لەو زانستەی، زانستی حیکمەت بە قەولی ھیگڵ Science of wisdom، کە ڕێنوماییی conceptual faculty فاکۆڵتی چەمکییانەی مرۆڤ دەکات و، لێرەوە و بەم شێوەیە ھەموو کایە و کێڵگەکانی ئەو ڕۆژانەی سەر بەم فاکۆڵتییەن. بابەت و کێشە و مەسەلە قووڵەکانی فەلسەفە بریتین لە ڕیشە قووڵەکانی فیکر و بیرکردنەوەی مرۆڤ، مرۆڤی عاقڵ و بیرکەرەوە، ئەو مرۆڤەی کە نیگەرانییە ئەخلاقی و جوانناسی و ئۆنتۆلۆژی و سیاسییەکانی دەسەلمێنێت، واتا دەیانکاتە بابەتی بیرکردنەوەی فەلسەفی. بابەتە قووڵەکانی فەلسەفە بریتین لە کرداری مرۆڤەکان، مێژوویان، سەرکەوتن و شکستەکانیان و دواجاریش ئایندەیان.
فەلسەفە پێویستییەکی مرۆڤە، ھەروەک پێویستیی ئۆکسجین بۆ ھەناسەدان، فەلسەفە بریتییە لە پێویستییەک بۆ عەقڵ، پێویستییەک بۆ ژیان، بێ ئەم پێویستییە نە عەقڵ باش کار دەکات و نە ژیانیش مانادار دەبێت. بۆ تێرکردنی ئەم پێویستییە، مرۆڤ پێویستە ئەو ڕاستییە ببینێت کە فەلسەفە بریتییە لە سیستەمی ئایدیاکان و ئامرازی تاقیکردنەوەی ئایدیاکان و دواجاریش ڕێنوماییکەری شێوازی ژیانێکی مانادار، ھەر بەپێی سروشتی خۆی، واتا فەلسەفە ناتوانێت بوخچەیەکی بابەتە پەڕاگەندەکان بێت، بەڵکوو گشت پرسیارە فەلسەفییەکان دەربارەی گشت ڕەھەندەکانی بوون پێکەوە گرێ دراون و ھاوپەیوەستن.
بۆ ئەوەی ئایدیایەکی فەلسەفە بە گونجاوی کار بکات و وەزیفەی خۆی ببینێت، مرۆڤ پێویستە ئەو سیستەم و ئەو ڕەوتە بزانێت کە ئەو ئایدیایە سەر بەئەوە و لەوێدا خۆی بەیان دەکات و کار دەکات؛ بەواتایەکی دیکە، مرۆڤ پێویستە پەیوەندیی ئەو ئایدیا فەلسەفییە یا ئەو چەمکە فەلسەفییە بزانێت بە ئایدیا و چەمکەکانی دیکەوە کە ھەر ھەموو ڕەوتێک دروست دەکەن، ڕەوتی ئایدیا و ڕەوتی چەمکەکان، پێناسە و جێبەجێکردنیان، مرۆڤ دەبێت ئەمە بزانێت نەک بەتەنیا وەک ئامانجێکی تیۆری خۆی لە خۆیدا بەڵکوو لەبەر خاتری ئامانجی پراکتیکی؛ مرۆڤ دەبێت ئەمە بزانێت لەپێناو ئەوەی کە ئەو ئایدیایە بەجدی وەربگرێت و پشتی پێ ببەستێت و، ئەو ئایدیایە بژیت.
تێگەیشتن لە فەلسەفە بە مانا بەرتەسکەکەی، بە مانا تەکنیکییەکەی لەڕاستیدا خوازیاری زانین و مەعریفەی فەلسەفەیە؛ لێرەوە قسەکردن لەسەر فەلسەفە مەحاڵە لەڕێگەی پێناسەی فەلسەفەوە بکرێت بەمانا بەرتەسکەکەی، لێرەوە دەشێت و گونجاوە قسە لە فەلسەفە بکەین بەمانا بەرفراوانەکەی. زۆرێک لە قوتابخانە فەلسەفییەکان، ژمارەیەک لە ڕاڤەکردن و شیکردنەوەیان خستۆتە ڕوو دەربارەی ئەوەی کە فەلسەفە چییە. زۆربەیان لەسەر ئەوە کۆکن کە فەلسەفە بریتییە لە نیگەرانی، بەتەنگەوەھاتنی ھەوڵدان بۆ بەدەستھێنانی مەعریفەیەک، مەعریفەی ڕیاڵەتی، واقیع، لە کاتێکدا کایەیەکی تایبەتی زانستی سروشتی، فیزیا بۆ نموونە، سەرقاڵی چەند خەسڵەتێکی واقیع دەبێت، فەلسەفە لە ھەوڵی ئەوەدایە کە بۆ کۆی واقیع بڕوانێت بەھەموو خەسڵەتەکانییەوە، بۆ ڕێکخستنی گشت ڕەھەندەکانی واقیع لە جیھانبینییەکی بەرفراواندا.
خاڵی دووەم، فەلسەفە لە ئاین جیاوازە، لە کاتێکدا ئاین، یا ئەوەتا بەر بنەمای وەحیە (سروش) یاخود کۆمەڵێک بیر و ڕا دەربارەی بەناو "جیھانی موتەعالی" یا ھێزێکی موتەعالی، پرەنسیپەکانی فەلسەفە پابەندە بە بناغەیەکی عەقڵانییەوە، بەر بنەمای ئەرگۆمێنت و دژە ئەرگۆمێنت و پرۆسەی ئیمتیحانکردن و ھونەری پرسیارکردن؛ فەلسەفە بە پلەی ئیمتیاز ھونەری پرسیارکردنە، فەلسەفە بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی دوور لە بەرژەوەندی دەربارەی سروشتی شتەکان و کێشە مرۆیییەکان، لەوانە کێشە ئەخلاقی و سیاسییەکان، ھەروەھا فەلسەفە نیگەرانییەکە دەربارەی مەسەلە پراکتیکییەکانی ژیان، بە مانایەکی دیکە چۆنێتیی ڕێکخستنی ژیان بەو شێوەیەی شیاو و گونجاوە.
بەم مانا بەرفراوانە فەلسەفە بریتییە لە مەعریفەیەکی باڵا، بریتییە لە جۆرێک لە "فزوڵییەتی مەعریفیی باڵا" کە لەڕێگەیەوە ئێمە ڕیسکی ئەوە دەکەین ڕۆ بچینە ناو خودی ڕیشەکانی شتەکان و کێشەکان لەڕێگەی ھەستکردنی عەقڵەوە. با بپرسین بۆ پێویستە فەلسەفە بخوێنین و بخوێنینەوە و لە تەکیدا دەرگیر بین؟ لە میراتە دەوڵەمەندەکەی فەلسەفەدا وەڵامی جۆراوجۆر بۆ ئەم پرسیارە گرنگە ھەیە، یەکێک لەو وەڵامانە وەڵامێکی فیساغۆرسە، بەڕای ئەو، فەلسەفە ھەوڵی مەعریفە دەدات لەبەر خاتری خودی مەعریفە، لە دەرەوەی کەڵک و ھەر بەرژەوەندییەکی دیکەوە. ئەو جڤاتی مرۆڤەکان دەشوبھێنێت بەو حەشاماتەی کە لە ناوچەکانی یۆنانەوە کۆ دەبوونەوە بۆ یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد. ئەو دەڵێت ھەندێک دێن بۆ بەشداریکردن لە کێبڕکێکاندا و بۆ بردنەوەی خەڵات و بەدەستھێنانی ڕێز، ئەمانە ھەروەک سیاسییەکان و سەربازەکان وان کە کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ڕێزی جڤات. ھەندێکی دیکە دێن بۆ کڕین و فرۆشتن و دابینکردنی پێداویستییەکانی حەشاماتەکە، ئەمانە ھەر وەک بازرگانەکان و دەستگێڕەکانن کە ژیانیان تەرخان کردووە بۆ بەدەستھێنانی سەروەت و سامان. ھێشتا کەسانی دیکە ھەن، کە ئەمانە گرنگترینیانن، دێن تەنیا لەبەر خاتری بینین و چێژبینین لە دیمەنەکان و لە یارییەکان، ئەوان عەوداڵی ھیچ دەستکەوتێک نین، ھەر ئەمەشە ڕۆڵی فەیلەسوف لەنێو جڤاتدا.
"زۆرتر گونجاوە بۆ مرۆڤی ئازاد کە تەماشاچی بێت لە ھەوڵی ھیچ شتێکدا نەبێت بۆ خۆی، لێرەوە لە ژیاندا تێڕامان و تێگەیشتن دەکەوێتە سەروو گشت توموحەکانی دیکەوە". فەلسەفە دەشێت بشوبھێنرێت بە ھونەرە جوانەکان لەوەدا ھەروەک ئەوان فەلسەفە بەھایەکی خۆڕسکی خۆی ھەیە و گرنگییەکی تایبەتی خۆی لە خۆیدا، لەبەرئەوەی چێژێک کە مەعریفە دەیبەخشێت خۆی ڕەوایەتی بەخۆی دەدا، واتا ھەقانییەتی وا لە خودی خۆیدا.
٤
جارێ با بزانین ئەم پڕۆژە مەعریفەیە چییە کە ناوی فەلسەفەیە؟
بەسادەیی بڵێین فەلسەفە بریتییە لە ھونەری پرسیارکردن، پرسیاری بۆ و چۆن؟ بوون چییە؟ بوون مانای چییە؟ ئایا ژیان مانای چییە؟ ژیانێکی ماناداری چاک چ جۆرە ژیانێکە؟ فەلسەفە پرسیارکردنە بە ھۆی عەقڵەوە و لە ڕۆڵی خودی عەقڵ لە بوون و ژیاندا؟ فەلسەفە ئیمتیحانکردنی کۆمەڵێک پرسیارە لە کۆی واقیع، فەلسەفە کۆی ئەم پرسیارانە و خودی پرۆسەی ئەم ئیمتیحانکردنەیە، فەلسەفە وەک چالاکییەکی عەقڵی بریتییە لە تێڕامان و بیرکردنەوە لە کۆی ئەو شتانەی کە ئێمە ڕووبەڕوویان دەبینەوە، یاخود ئەو شتانەی لە تەکیاندا دەرگیرین، بە لە بەرچاوگرتنی زانینی دواھۆکانیان و چۆنێتیی بەیانکردنیان.
کردنی پرسیار، خۆی واتە فەلسەفە و پرۆسەی فەلسەفاندن، کەواتە مەسەلەیەکی جەوھەرییە بۆ مرۆڤبوون و بوونە مرۆڤ کە بە بەردەوامی دەرگیری پرۆسەی پرسیارکردن ببێتەوە. لەڕێگەی پرسیارکردنەوە مرۆڤ، مرۆڤی بیرکەرەوە ڕێگەیەکی دۆزیوەتەوە بۆ بەرزبوونەوە و ھەڵکشان لە جیھانی ڕۆژانەوە بەرەو تێگەیشتن لە ماناکانی ژیان. فەلسەفە بەسروشتی پڕۆژەیەکی ئازادە، ھەر لەبەر ئەم ھۆیەشە کە لە دەرەوەی بەکەڵکبوونە، خاڵی ناسینەوەی فەلسەفە ئازادییە، مەبەستمان چییە؟
جارێ پێش ھەموو شتێک، نە بیرکردنەوەی ئازاد و نە پرۆسەی فەلسەفاندن لە شوێنێکدا ڕوو نادات کە ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان بوونیان نەبێت و مرۆڤەکان و بەتایبەت ڕووناکبیر و موفەکیرەکان ئازاد نەبن لە ئیمتیحانکردنی پەیوەندییەکان و کێشەکان و ئازاد نەبن لە خستنە ڕووی پرسیارەکان لەسەر کۆی ژیانی جڤات ئازاد نەبن لە دەستتێوەردانی دەسەڵات و حزب و حکوومەت. بەڵام مەبەستمان لەوەی کە فەلسەفە پڕۆژەیەکی ئازادە، شتێکی دیکەیە، ئەرستۆ لە کتێبی میتافیزیکادا باس لە مەعریفەی فەلسەفە دەکات و دەڵێت "ئێمە ھەوڵی بۆ نادەین لەبەر خاتری ھیچ بەرژەوەندییەک، بەڵکوو وەک چۆن مرۆڤ ئازادە، ئێمە دەڵێین، ئەو بوونی ھەیە بۆ خودی خۆی، نەک بۆ ئەوانی دیکە؛ بەم شێوەیە، ئێمە ھەوڵی ئەو مەعریفەیە دەدەین وەک زانستێکی ئازاد، چونکی تەنیا ئەم زانستەیە کە ھەیە بۆ خودی خۆی". لێرەدا فەلسەفە ئازادە، بەو مانایەی کە خزمەتی ئامانجێک ناکات لە دەرەوەی خۆی، فەلسەفە پڕۆژەیەکە کە ماناکانی خۆی لە خۆیدا ھەڵگرتووە.
فەلسەفە تێڕامانێکی ئازادانەیە لە واقیع و تەنیا چاوی لە حەقیقەت بڕیوە، کەواتە خۆی لە خۆیدا فەلسەفە وەک موھیمەیەک، پەیامێک، ئەرکێکی مەعریفی، باڵاترین بیرکردنەوە و تێڕامانی عەقڵیی خۆی دەنوێنێت و خۆی لە خۆیدا مانادارە، بۆ زانینی فەلسەفە وەک پەیامێک با سەرنجێکی خێرای دایەلۆگی عوزرخواھی بدەین. ئەم دەقە کە باس لە دادگاییکردنی سوکرات دەکات، سکپڕ بەمانا و پەیام، ئێمە لێرەدا لەسەر چەند خاڵێک دەوەستین: یەکەم، ئەوەی کە لێرەدا دادگایی دەکرێت بەتەنیا سوکرات نییە، فەیلەسوفێک نییە، بەڵکوو خودی فەلسەفەیە لە پەیوەندیدا بە شارەوە. دووەم، پەیامی فەیلەسوف کە پەیامی سوکراتە، سوکرات باس لە موھیمە، ئەرک یا پەیامی فەلسەفییانەی خۆی دەکات کە پەیامی خودی فەلسەفەیە.
فەلسەفە وەک ئەرکێکی ڕۆحی
دوای ئەوەی سوکرات وەڵامی یەک بەیەکی تۆمەتەکان دەداتەوە و تاقییان دەکاتەوە، سوکرات ڕوو بەھەیئەی موحەلەفین دەڵێت: "گەر ئێوە بڵێن سوکرات، ئێمە تۆ ئازاد دەکەین بەو مەرجەی ئیدی سەرقاڵی ئەو شتە نەبیت کە تەحقیقکردنە، واتا مومارەسەی فەلسەفە" وەڵامەکەی سوکرات ئەمەیە: "من پێتان دەڵێم تا ئەو کاتەی ھەناسە بدەم من لە مومارەسەکردنی فەلسەفە ناکەوم، ئایا شەرم ناکەن لە خۆتان لەوەی کە تەنیا لە ھەوڵی بەدەستھێنانی سامانی زۆرترن، لە کاتێکدا بیر نە لە حیکمەت و نە لە حەقیقەت ناکەنەوە و بەتەنگ ڕۆحتانەوە نایەن؟". تا دەگاتە ئەم چرکە درامییە: "من ئەو جۆرە کەسەم کە خەڵاتی خوداوەندم بۆ شار، لە کاتێکدا ھەموو کاروبارەکانی خۆمم پشتگوێ خستووە، لە کاتێکدا ھەمیشە کە بە تەنگەوەھاتنی ئێوە بووم، ھەمیشە تەشویقم کردن کە بە تەنگ چاکە و فەزیڵەتەوە بن، ئەمەش خودی فەلسەفەیە بە تەنگەوەھاتنی حەقیقەت و عەدالەت و فەزیڵەت". چاکەیەکی مەزنە بۆ مرۆڤ کە گفتوگۆ لەسەر فەزیڵەت بکات ھەموو ڕۆژێک، چونکی ژیانێک تاقی نەکرابێتەوە ئەو ژیانە شایانی ژیان نییە The unexamined life is not worth living کەواتە ئەمەیە پەیامە سەرەکییەکەی فەلسەفە و کۆمەککردنی تاکەکان بۆ گەیشتن بە مەعریفەیەکی ڕەسەن دەربارەی زاتی خۆی، ژیانی، بوونی، ئینجا ژیانی جڤاتیانەی. موھیمەی فەلسەفە ئەوەیە کە پشت ئەستوور بەعەقڵ، ھەڵدەستێت بەتاقیکردنەوەی ژیان و جیھان و بوون.
ڕۆحی لێکۆڵینەوە و پرسیارکردن بریتییە لە کامڵکردنی ڕەگەزی مرۆڤ، ئەمە ئەو شتەیە کە ئێمە دەکاتە مرۆڤ، خستنە ڕووی پرسیاری گەورە و ئیمتیحانکردنی خودی ژیان دەتوانێت مانا بەژیانمان ببەخشێت: پرسیارکردن، واتا فەلسەفاندن، ڕزگارمان دەکات لە بتپەرستی، ڕزگارمان دەکات لە داتاشینی بتەکان، بتی ئایدۆلۆژیا، بتی نەتەوە، سەرکردە، حزب، بتەکانی کەڵتی ئاین، بتەکانی بیابان کە باڵادەستن. پرسیارکردن ڕزگارمان دەکات لەوەی ببینە کۆیلەی بتەکان، کۆیلەی ڕا و بۆچوونە ئیمتیحان نەکراوەکان و پڕوپاگەندە حزبییەکان.
پرسیارکردن ڕزگارمان دەکات لەوەی ببینە بتپەرست، ڕزگارمان دەکات لەوەی ببینە قوربانیی ئایدۆلۆژیاکان و فرتوفێڵەکان، درۆکان، ڕزگارمان دەکات لەوەی ببینە موتەڵەقیەکی پاسیڤی ھەواڵ و شیکردنەوەکانی میدیا چەواشەکارەکان. ئەوە ئێمەین کە ھەڵدەستین بە یارمەتیی فەلسەفە بەئیمتیحانکردنی ڕا و بۆچوونەکان و ھەواڵەکان و ڕای نەقدی خۆمان دەڵێن، لە کاتێکدا گەر ئەستەم بێت خۆمان پابەند بین بەتەنیا پێناسەکەیەوە بۆ فەلسەفە لەجیاتی ئەمە دەتوانین لەسەر چەندین ڕەھەندی پرۆسەی فەلسەفاندن بوەستین، لەجیاتی ئەوەی لەسەر جەوھەر یا سروشتی نەگۆڕی فەلسەفە قسە بکەین، دەتوانین کێڵگەی فەلسەفە لەڕێگەی ئاماژەکردن بەھەڵسوکەوتی فەلسەفە و سەرچاوە و ئامانجەکانییەوە دیاری بکەین. مانای فەلسەفە کە لە لێکدانی دوو وشەی یۆنانییەوە وەرگیراوە Philo-Sophia ئاماژەیە بەھەڵسوکەوت و بابەت و ئامانجی فەلسەفە. بەگوێرەی ئەم ئیتمۆلۆژییە (etymology)، فەلسەفە (عیشقی حیکمەت) دوو ڕەھەندی پێکەوە گرێدراون، زانین Cognitive و سۆزداری emotional.
Philo بریتییە لە تاسە و کۆشش بۆ بەدەستھێنانی بابەتی عیشقەکە. کۆشش و تاسە لێرەدا پێش مەعریفە دەکەوێت، ئێمە تاسە و حەماسەتمان پێویستە وەک خاڵی دەستپێکردن و بەردەوامیدان بە پرسیارکردن لە شتەکان، چ ئەوانەی ئاشناین پێیان، یاخود ئەوانەی لە دەرەوەی بازنەی نیگەرانییەکانی ژیانی ڕۆژانەن و نامەئلوفن، یاخود ئەو شتانەی لە دەرەوەی شتە دیارەکان و لە نیوەی بازنەی نادیارەکاندان، یا ئەو شتانەی کە ھێشتا بەشێک نین لە بازنەی شتە بیرلێکراوەکان و دەچنە خانەی بیرلێنەکراوەکانەوە. بەردەوامیی بەخشین بەم تاسە و کۆششە ئاماژەیە بە جەوھەری حیکمەت. ئەمەش بەواتای گەڕانێکی حەماسییانە Passionate بۆ گەیشتن بە حیکمەت، نەک بوون بە خاوەنی حیکمەت. کەواتە، بەمانا ئەفڵاتونییەکەی، بگرە کلاسیکییەکەی، فەلسەفە خودی ئەو گەڕان و تاسە و حەماسەتەیە کە جەوھەرەکەی گەڕان و پرسیارکردنە بەبەردەوامی. لە ترادسیۆنی خۆرئاواییدا دەست ڕاگەیشتن بەخودی حیکمەت وەک دوا ھاوسەنگی equilibrium مەحاڵە، لە ئەنجامدا فەلسەفە بریتییە لە حەز بەپرسیارکردن inquisitive، بریتییە لە حاڵەتێکی عەقڵی a state of mind.
سەرچاوەی سەرەکیی پرسیارکردنی فەلسەفە بریتییە لە سەرسامی سەبارەت بەشتەکان و سەبارەت بە بوونی خۆی. فەلسەفە بە واقوڕمانی دڵفڕاندن bewilderment، شەیدابوون، سەرسوڕمان astonishment، پەشۆکاوی، سەرسوڕھێنەر amazement دەست پێ دەکات دەربارەی جیھان، ژیان، خودی مرۆڤ. فەلسەفە لە کارکردنەکانی عەقڵییەتێکە حەز بەپرسیارکردن و فێربوون دەکات، inquisitive mind سەرھەڵدەدات، عەقڵییەتێکە حەپەساو و واقوڕماوە bewildered لەلایەن شتە ئاشنا و نائاشناکان، دیار و نادیارەکان. فەلسەفە لەو ئامادەیییەوە سەرھەڵدەدات بۆ گوێگرتن لەو بانگە فزوڵییەی عەقڵەوە، لەودیو ھەستی گشتی و باو و لەودیو ئەو ڕاھاتن و ھەڵکردنە باو و ڕامبوونەوە لە تەک جیھانی (ئاشنا - مەئلوف)دا. بەشێوەیەکی دیکە تەعبیر لەم حاڵەتە بکەین، دەتوانین بڵێین فەلسەفە بریتییە لە مامەڵەکردن لە تەک ئەو شتانەدا کە وا دەزانین دەیانزانین، بەڵام لە ڕاستیدا نەزانراون، مامەڵەکردنە لە تەک جیھانێکدا کە وا دەزانین پێی ئاشناین و زانراوە لەلامان، بەڵام دوای خستنەڕووی پرسیار کە خۆی پرۆسەی فەلسەفاندنە، دەردەکەوێت ڕووبەری بیرلێنەکراوە و ڕووبەری نەزانراو ھێشتا بەرفراوانترە. کاتێک جیھان لەلایەن ئەم عەقڵە فەلسەفییە و ئەم سەرسوڕمانە فەلسەفییەوە لەمس دەکرێت کە خاسییەتی زانراوە، لە زانراوەوە دەگۆڕێت بۆ نەزانراو، ئەو کاتەی دەرگیری پرۆسەی فەلسەفاندن دەبین، ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت تەنانەت شتە دیار و ئاشکراکانی ژیانی ڕۆژانەش وەک کێشە دەردەکەون. لێرەدا فەلسەفە ئەرکێکی سەرەکیی خۆی سەر ڕێگا دەخات ئەویش بەگیروگرفتکردنی شتەکانە، ئەو شتەی کە لە سەرەتادا وا دەردەکەوێت کە زانراوە و کێشە نییە دەبێتە کێشە و گرفتێکی فەلسەفی، ھەروەھا لە کاتێکدا ئەو شتانەی لە سەرەتادا وەک شتی ناعەمەلی impractical دەردەکەوتن، دەردەکەوێت بە دڵنیایییەوە مانادارن بۆ پرۆسەی تێگەیشتن و لەوانەش تێگەیشتنی لەخۆ (زات).
فەلسەفە لە حاڵەتی سەرسوڕماندا نامێنێتەوە، بەڵکوو قۆناغی دواییی تر قۆناغی داڕشتنی پرسیارەکانە، پرسیاری چی What؟، چۆن How؟ فەلسەفە چاو لە تێگەیشتن دەبڕێت نەک وەڵامە حازربەدەستەکان. لە کاتێکدا فەلسەفە ھەوڵ و کۆششێکی مەعریفییە بۆ ڕووناکی خستنە سەر ئاڵۆزیی بوون و جیھان و ژیانی مرۆڤ، لە ھەمان کاتدا تاسەیەکە بۆ ڕاستییەک دەربارەی ئەو کۆیە the whole. زۆر گرنگە ئەو خاڵەمان لە یاد بێت کە فەلسەفە دۆکترینێک (عەقیدەیەک) نییە و سەرقاڵی داڕشتنی دۆکترینێک نییە مادامێک مۆتۆڕی پشت ئەم گەڕان و تاسەیە پرسیارکردن و تاسەی گەیشتنە بە ڕاستی. کەواتە، ڕاستییەک کە فەلسەفە عەوداڵییەتی ھیچ کات بەتەواوی نەدراوە given و نە بەدەست دێت بەکامڵی. کەواتە، لە فەلسەفەدا گەڕان بەدوای ڕاستیدا زۆرتر لە تاسەیەکی ھەمیشەیی دەچێت، ئیرۆسێکە لەپێناو توانایی باشتر بینین و تێگەیشتن insight نەک بەدەستھێنانی دواوشە دەربارەی کێشەکان و جیھان داڕشتنەوەی لە دۆکترینێکدا. لە فەلسەفەی ئەفڵاتوندا، فەلسەفە ئەو تاسە و ئەو ئیرۆسەیە کە ئاراستەی بوون و حیکمەت کراوە و ھەمیشە ھەژارە، بە مانای ئەوەی تاسەیەکە ھەرگیز تێر نابێت. ڕەھەندێکی دیکەی ئەم تاسەیە، ئەم ئیرۆسە کارێک دەکات فەلسەفە ببێتە پڕۆژەیەکی مەترسیدار enterprise، واتە پڕۆژەیەکی ژیاری، واتە ڕەھەندی شارستانیانەی فەلسەفە، فەلسەفە وەک پڕۆژەیەکی مەدەنی و شارستانی؛ لەم ڕەھەندەیدا فەلسەفە زۆر بەرفراوانترە لە تاسە و ھەوڵ و کۆششی تاکە فەیلەسوفێک، لێرەدا وەک نیگەرانییەکی شارستانییانە دەردەکەوێت و نیگەرانی و غەم و تاسە و کۆششێکە بۆ بەدەستھێنانی دادپەروەری و مەدەنییەت.
فەلسەفە بەسروشتی پڕۆژەیەکی گومانگەراییە، چونکی فەلسەفە بریتییە لە ھونەری پرسیارکردن. ھەندێک لە مرۆڤەکان بوونەوەری پرسیارکەرن، جیاوازی ھەیە لە پرسیارەکاندا، پرسیار ھەیە سادەیە، ھەندێکی دیکە ئاڵۆز و سەختن، ھەندێکی دیکە وەک (ڤتگنشتاین) دەڵێت: پرسیاری زۆڵن، بەمانای ئاڵۆز و بێمانا، کە لەبنەڕەتدا بێمانان. پرسیاری گەورە ھەن کە کایە جیاوازەکانی زانست سەرقاڵیانن و لەڕێگەی کۆکردنەوەی داتا و شیکردنەوەی ڕاستییە بینراوەکان و داڕشتنی فەرەزیاتی زانستی و تەفسیرکردنەوە وەڵام دەدرێنەوە. ھەندێک پرسیاری بنەڕەتیش ھەن کە فەلسەفە دەرگیریانە لەڕێگەی شیکردنەوەی چەمکەکان و تەقدیرکردنی گونجاوی و تاقیکردنەوەی چوارچێوەی بیرکردنەوە و نرخاندنی ستانداردەکان و قوتکردنەوەی کێشە و بابەتی نوێوە. فەلسەفە لە ئاستی شیکردنەوەی چەمکییانە، تاقیکردنەوەی ڕەخنەییانە و بیرکردنەوەی ڕەخنەییانە و خستنە ڕووی ئایدیای نوێ و بەگیروگرفتکردنی ئایدیا و دۆگماکان و دۆکترینەکاندا دەمێنێتەوە و دەرگیریان دەبێت. چ فەلسەفە و چ زانستیش دەرگیری ھەندێک پرسیاری گرنگن کە لە ئێستادا شایانی وەڵامدانەوە نین، لەوانە پرسیاری کۆسمۆلۆژی، پرسیاری بوونناسی (ئۆنتۆلۆژی)، پرسیار لە بناغە نیرۆلۆجییەکانی (پزیشکەوانەکان) بیرکردنەوەمان. وێڕای ئەمەش، فەلسەفە وەک برتراند ڕەسل دەڵێت: سەرقاڵی لێکۆڵینەوەش دەبێت لەو پرسیارانەی کە لە پرەنسیپدا unanswerable شایانی وەڵامدانەوە نین، وێڕای ئەمەش گرنگیی تایبەتی و بنەڕەتییان ھەیە بۆ ژیانی ڕۆحیمان، لەوانە "مانای ژیان چییە؟ ژیانی چاک و مانادار کام ژیانەیە؟" ئایا گەردوون دوائامانج و مەبەستی ھەیە؟.
لێرەدا ڕەنگە کەسێک بپرسێت ئامانج چییە لە کردنی پرسیارێک کە لە پرەنسیپدا شایانی وەڵامدانەوە نییە، یاخود دەرگیربوون لە تەک کێشەگەلێک کە شایانی چارەسەرکردن نین و موعەمایەکن بێحەل، چ مەبەستێک لە پشتیەوەیەتی؟ ڕەنگە بتوانین بڵێین تەنیا مامەڵەکردن لە تەک ئەو پرسیارانە و ئەو موعەمایانەدا خۆی دەبێـتە زیادکردنی تێگەیشتنمان لە کێشەکان و لە خودی پرسیارەکان، ھەروەھا بەبێ بوونی فزوڵییەتی فەلسەفیانە کە لەم پانۆرامایەدا خۆی نمایش دەکات زۆرێک لە مەسەلە و بابەت و کێشە گرنگەکان دەچنە خانەی لەبیرچوونەوەوە و لە بازنەی بیرلێکردنەوە دەڕۆنە دەرێ. ئەمەش خۆی لە خۆیدا ستراتیژێکی عەقڵانییە کە زۆرترین پرسیار کە لە ئێستادا لە پرەنسیپدا شایانی وەڵامدانەوەن ڕەنگە لە چرکەساتێکی دیکەدا ببنە کایەکانی لێکۆڵینەوە. ئەو پرسیارگەلەی شایانی وەڵامدانەوە نین، ھێشتا مانادار و گرنگن لەڕووی عەقڵییەوە، گرنگن بۆ پایەدارکردنی فزوڵییەتی مەعریفی و فەلسەفی و گرنگن بۆ ژیان. لێرەوە بەم شێوازە فەلسەفە دەتوانێت دەستی بەتێگەیشتنە پڕ مانا و ڕاستییە مانادارەکان بگات دەربارەی جیھان و سروشتی ھەلومەرجی مرۆڤ.
گەر بتوانین ڕیسکی ئەوە بکەین کە نەخشەیەکی گشتگیر، چوارچێوەیەکی تیۆری بۆ فەلسەفە لە کلاسیکی یۆناندا لە پێش سوکراتەوە تاکو قۆناغی ھیلینستی (ئەبیکۆرییەکان و گومانگەراکان و ستۆییکەکان) بکێشین، تەنیا لە پێناو سادەکردنەوەدا نا، بەڵکوو لەبەر خاتری نیشاندانی سروشتی ئەم پڕۆژەیە و کێشانی تابلۆیەک کە تێیدا ئەم پڕۆژەیە بەھەموو ئاڵۆزییەکانییەوە خۆی بەیان بکات و لەبەردەمماندا واڵا بێت بۆ تێڕامان و تێگەیشتن و لێکۆڵینەوە، ئەوا ئەم تابلۆیە دەشێ بەم شێوەیە بێت:
سەبارەت بەسەرچاوەی فەلسەفە، دەتوانین ئاماژە بەسەرسوڕمان و واقوڕمان لە بوون و گەردوون و سروشت، Amazement سەرسوڕمان، ئازار و مەرگ (نەبوون) بکەین، پرسیارە گەورەکە: بۆ بوون ھەیە لەجیاتی نەبوون؟ لە پاڵ غەمە جڤاتییەکاندا کە پەیوەندییەکی تەنگاتەنگیان لە تەک سەرھەڵدانی شار و ژیانی شار و کێشە جڤاتی و سیاسییەکانەوە ھەیە، وەک ستەمکاری و جەنگ و ماناکانی دادپەروەری و چاکە و بەختەوەری و ھاوڕێیەتی...
ھەرچی پەیوەندیی بە ھەڵسوکەوت و شێوازی مامەڵەکردنی فەلسەفەوە ھەیە، واتا پرۆسەی فەلسەفاندن، دەشێت ئاماژە بە سێ خۆلەقەرەدان approach بکەین، ئەویش ئیرۆس و contemplative تێڕامان و پرسیارکردن. فەلسەفە ئیشقە، تاسەیە، لە ھەمان کاتدا تێڕامانە و ئینجا پرسیارکردن. زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێین لە کۆی دایەلۆگەکانی ئەفڵاتوندا ئەم پانۆرامایە خۆی بەیان دەکات، تێکقرجاندنی دنیابینیی فەلسەفی چ ئەفڵاتون و چ ئەرستۆ لە چەند دۆکترینێکدا؛ بۆ نموونە، تیۆریی ئایدیاکان لای ئەفڵاتون، شێواندنی ئەم پانۆرامایە، ئەمە جگە لەوەی کە سادەلەوحییە و خۆقوتارکردنە لە بیرکردنەوە و ھەڵھاتنە لە فەلسەفە. ھەرچی پەیوەندیی بە ئامانجی فەلسەفەوە ھەبێت لە قۆناغی کلاسیکدا، دەتوانین ئاماژە بە حیکمەت و ڕاستی و ئاسایش و ئارامیی ڕۆحی Tranquilityەوە بکەین، واتا فەلسەفە چاوی لە حیکمەت بڕیوە لە فەلسەفەی کلاسیکدا، بەو مانایە نا کە فەیلەسوف دەستی بەحیکمەت دەگات، بەڵکوو بە مانای تاسەکردن و عیشقی حیکمەت، بە مانای گەشتێکی فەلسەفی بە چاوبڕین لە حیکمەت. ھەروەھا ڕاستی ئامانجە فەلسەفەیە؛ گەیشتنی ڕاستی مۆتۆڕێکە لەودیو ئەم گەشتەوە، مۆتۆڕێکە لەودیو ئەم ئیمتیحانکردن و پرسیارکردن و ھەڵدانەوەی ھەموو بەردەکان، جێنەھێشتنی ھیچ بەردێک بێ ھەڵدانەوە، وەک دەبینین ئێمە لێرەدا چ تاوانێکمان دەرھەق بەفەلسەفە کردووە لە ماوەی پێنج سەدەدا، کاتێک کە ئەو میراتە دەوڵەمەندەمان لەم تابلۆیەی سەرەوەدا کۆ کردووەتەوە، ئەم تاوانە تەنیا لەبەر خاتری تێگەیشتن لە فەلسەفە ئەنجام دراوە.
گەر دووبارە جارێکی دی بمانەوێت ڕیسک بکەین و ئەمجارە ھەوڵی ئەوە بدەین فەلسەفەی مۆدێرن لە تابلۆیەکدا، پانۆرامای فەلسەفەی مۆدێرن لەسەر شاشەیەک نیشان بدەین، ئەوا تابلۆکەمان بەم شێوەیە دەبێت؛ لەسەر شاشەکە ئەمانە دەبینین: ھەرچی پەیوەندیی بەسەرچاوەی فەلسەفەی مۆدێرنەوە ھەیە، فەلسەفەیەک کە لە ڕێنسانسەوە دەست پێ دەکات و لە دیکارت و سپینۆزا و لاپیز و ھۆبز و لۆک و بێرکلی و دواجار لە فەلسەفەی ئەڵمانیدا بەرجەستە دەبێت، دەتوانین ئاماژە بەم سێ پاڵنەرە، یا سەرچاوەیە، بزوێنەرەی فەلسەفەی مۆدێرن بکەین: گومان و فزوڵییەتی مەعریفی (بەمانای ئیرادەی زانین) و موعەما perplexity؛ فەلسەفەی مۆدێرن بە شک و گومان دەست پێ دەکات، بە مانای ئەوەی وەک پڕۆژەیەک توخمی گومانگەرایی و مالیخولیای تاقیکردنەوە بزوێنەرەکەیەتی، بەو مانایە نا کە فەلسەفەی مۆدێرن فەلسەفەی گومانگەرایییە بەتەواوی، گوتنی ئەمە ھەڵەیەکی فیکری و مەنھەجییە، گومان وەک مۆتۆڕێک کار دەکات لەپێناو گەیشتن بە دڵنیایی؛ بۆ نموونە، گومانی مەنھەجی دیکارتییانە، گومان نییە لەپێناو گوماندا، بەڵکوو گومانێکی مەنھەجییە بۆ گەیشتن بە دڵنیایی، وێڕای ئەمەش کەم نین ئەو فەیلەسوفە مۆدێرنانەی کە وەک گومانگەرا ناسراون، لەوانە دەیڤد ھیوم.
فزوڵییەتی مەعریفی یا ئیرادەی زانین مۆتۆڕێک و پاڵنەرێکی گەورەی ئەودیو فەلسەفەی مۆدێرنە، ئیرادەی زانین لە فەلسەفەی مۆدێرندا قۆناغێکی گەورە لە شۆڕشە زانستییەکان سەر ڕێگا دەخات، ئەم فزوڵییەتە پڕۆژەی فیکری و ژیاری و زانستیی گەورە دەھێنێتە ئاراوە، بازی گەورە دەدات و دابڕانی ئیپستۆلۆژیی گەورە دەکات. ئەم ئیرادەی زانینە درزی گەورە گەورە لە دنیابینی و قەناعەتەکاندا دروست دەکات، بە پلەیەک کە دەشێت فەلسەفە لەم حاڵەتەدا بە پڕۆژەی دروستکردنی درز لە قەڵەم بدەین، درزکردنە ناو ئیمان و بیر و ڕاکانمان، درزکردنە ناو دۆگماکان و فزوڵییەتی فەلسەفی واتا تووشبوون بە مالیخولیا، تێکدان و ھەرەسھێنانی ئەو ماڵەی کە بۆ خۆمان دروست کردووە، بەڵام دەرکەوت ماڵێکی فشەڵە... (ھەشە)، لای ئێمە تا ئێستا ئەو ماڵە فشەڵە وەک خۆی ماوە، چاوەڕِێی فەلسەفەیە کە درزی تێ بکات و ھەڵی تەکێنێت.
ھەرچی پەیوەندیی بەشێواز و ھەڵسوکەوتی فەلسەفەی مۆدێرنەوە ھەیە، واتا پرۆسەی فەلسەفاندن، دەشێت ئاماژە بە سێ خۆلەقەرەدان بکەین: لێکۆڵینەوەیی Investigative، بیرکەرەوە Reflective، ڕەخنەیی Critical.
شێوازی فەلسەفەی مۆدێرن Investigative لێکۆڵینەوەیییە، واتا مامەڵەکردن لە تەک شتەکان، سروشت و ئایدیا و کێشەکان، مامەڵەکردنێکی لێکۆڵینەوەییانەیە، واتا کردنیان بە بابەتی لێکۆڵینەوە و تەحقیقکردن. گەر لە فەلسەفەی کلاسیکدا عیشقێک ھەبێت، تاسەیەک ھەبێت بۆ حەقیقەت، ئەوا لە فەلسەفەی مۆدێرندا مامەڵەکە بریتییە لە سەرڕێگاخستنی لێکۆڵینەوەی تیۆریک لەسەر شتەکان، بەمەرجێ گەیشتبێت بە حەقیقەتی شتەکان. ھەروەھا خۆلەقەرەدانێکی دیکەی فەلسەفەی مۆدێرن Reflective بیرکەرەوانەیە بە کۆمەڵێک مانا، لەوانە بەرفراوانکردنی مەودا و ڕووبەری بیرکردنەوە، دەستبردن بۆ ئەو شتانەی بیریان لێ نەکراوەتەوە، یاخود شایانی بیرلێکردنەوە نەبوون لە پێشووتردا لەبەر ھەر ھۆیەک بێت، چ ژیاری، چ ئاینی یا لەبەر بوونی فزوڵییەتی مەعریفی؛ ھەروەھا بیرکردنەوە لەو شتانەی لەبەر ھەر ھۆیەک بێت لەودیو جوغزی بیرکردنەوە و نیگەرانیی عەقڵییەوە بوون، بیرکردنەوە لەو شتانەی دامودەستگاگەلێک وەک پیرۆز، یا حەرام وێنای کێشاون و بیرکردنەوە لێیانی حەرام کردووە، یا تووڕی ھەڵداونەتە ئەودیو جوغزی بیرکردنەوەوە. فەلسەفەی مۆدێرن گەشتێکە لەپێناو بەرفراوانکردنی ھەرچی زۆرتری ڕووبەری بیرکردنەوە و بیرلێکراوەکان و بەرتەسککردنەوەی ڕووبەری بیرلێنەکراوەکان، یاخود دەستبردنە بۆ ھەموو شتە بیرلێنەکراوەکان، لەوانەش موقەدەس و حەرامەکان.
ڕەخنەگرانە یا ڕەخنەیییانە مامەڵەکردن، خۆلەقەرەدانێکی دیکەی فەلسەفیی مۆدێرنە، بە مانای مامەڵەکردنێکی ڕەخنەیییانە و بەر بنەمای خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ شتەکان. ھەرچی پەیوەندیی بەئامانج و مەبەستی فەلسەفەی مۆدێرنەوە ھەبێت، مانای ئەوەی کە چاوی لە چی بڕیوە، دەتوانین ئاماژە بە (تێگەیشتن) و (ڕۆشنگەری) و تیژبینی (Insight) بکەین. تێگەیشتن (understanding) چەمکێکی فەلسەفەی مۆدێرنە بە پلەی ئیمتیاز. شلایەرماخەر ھێرمیونتیک بەم شێوەیە پێناسە دەکات: هێرمیونتیک بریتییە لە ھونەری تێگەیشتن. فەلسەفەی مۆدێرن چاوی لە بەدەستھێنانی تێگەیشتنێکی گونجاو و ھاوسەنگ، لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا عەقڵانیی خودی و واقیعی بڕیوە. تێگەیشتن لە چییەتیی Whatness و چۆن وا بوون و بۆ وا بوونی شتەکان، یەکێکە لە ڕاز و نیاز و مەبەستەکانی فەلسەفەی مۆدێرن. ھەروەھا فەلسەفەی مۆدێرن چاوی لە بەدەستھێنانی تیژبینی بڕیوە، تیژبینی دەربارەی شتەکان. لەپاڵ تێگەیشتن و تیژبینی، ڕۆشنگەریش ئامانجێکی دیکەی فەلسەفەی مۆدێرنە؛ ڕۆشنگەری بە مانای ئازادکردنی عەقڵ تاکوو ڕیسکی مەعریفیی ئازادانە و بوێرانە سەرڕێگا بخات، ڕۆشنگەری بە مانای ھەبوونی بوێریی پرسیارکردن، گومانکردن، لابردنی حیجاب لەسەر عەقڵ و کردنەوەی چاو بۆ بینینی شتە نەبینراوەکان، گوێھەڵخستن بۆ بیستنی ئاوازەکانی بوون، ڕۆشنگەری واتە ئیرادەی زانین ھاوڕێ لەگەڵ ئازادی.
Hellenization (بە ھیلین یا یۆنانی کردن)، لە یۆنانی خستن De Hellenization، بەیۆنانی کردنەوە (ReHellenization)
قۆناغی ھیلینستی لە یۆنانی کۆندا بەمەرگی ئەلکسەندەری مەزن دەست پێ دەکات لە ٣٢٣ی پێش زاینیدا و، بەسەرھەڵدانی Roman Empire ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی کۆتایی دێت. قۆناغی ھیلینستی بەسەرھەڵدانی چەندین قوتابخانەی فەلسەفی دەناسرێتەوە، لەوانە ئەفڵاتونیزمی نوێ، ئەبیکۆریانزم (ئەبیکۆرییەکان)، گومانگەرایی، کەلبییەکان Cynicism، ڕواقییەکان Stoicism. خاڵی ھاوبەشی ئەم قوتابخانە فەلسەفییانە جەغدکردنە لەسەر عەقڵانییەتی مرۆڤ و توانایی مرۆڤ بۆ بیرکردنەوە و پشتئەستوور بە عەقڵ و سەرڕێگاخستنی ئەرگۆمێنت. لەڕاستیدا، زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێین بە ھیلینستیکردن یا بە یۆنانیکردن پرۆسەیەکە تێیدا جەغدی سەرەکی لەسەر ئەرگۆمێنتی فەلسەفییە، پرۆسەیەکی فەلسەفییە بۆ برەودان بەدنیابینیی فەلسەفی و مشتومڕی فەلسەفییانە لەسەر کێشە و مەسەلە ئەپستمۆلۆژی و ئۆتۆلۆژییەکان، لەپاڵ مشتومڕەکانی نێو کایەی ئەخلاق Ethics، لەپاڵ ھێنانی فەلسەفە بۆ سەر خوانی ئیلاھییات Theology. ئەم ئاماژەی دوایی بۆ بەھیلینستیکردنی چ مەسیحیەت و چ ئیسلام دروستە.
چەمکی لە یۆنانی خستنی یا لە ھیلینستی خستن DeHellenization بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن پاپ بندێکتی ١٦ بەکار ھات، بۆ گەیاندنی مەغزای مەبەستی پرۆسەیەک تەواو پێچەوانەی بەھیلینکردن، بەیۆنانیکردن لە ھیلینستی خستن بریتییە لە کۆڵکردنەوە و نائومێدبوون لە فەلسەفەی یۆنانی و بەکارھێنانی عەقڵ و بەتایبەتی لەلایەن ئاین و سیستەمێک یا دنیابینییەک کە پایەکانی لەسەر ئیمان داکوتیوە.
لە یۆنانی خستن واتا پرۆسەیەک تەواو پێچەوانەی بەیۆنانیکردن، کە ئەمەی دواییان واتا پەخشکردنەوەی فەلسەفە و عەقڵانییەتی یۆنانی. پاپ بندێکتی ١٦، لە وتەیەکدا لەژێر ناوی "ئیمان، عەقڵ و زانکۆ: یادەوەرییەکان و تێڕامانەکان" ئاماژە بە ھەوڵی ئەو بیرمەند و توێژەرانە دەدات لەناو دنیای مەسیحییەتدا کە خوازیارن مەسیحییەت داببڕن لە فیکری فەلسەفیی یۆنانی. ئێمە دەزانین کە مەبەستی پاپ بندێکت لە پرۆسەیەکە کە بەبزووتنەوەی Reformation، بزووتنەوەی چاکسازی لەنێو مەسیحییەتدا دەست پێ دەکات، پاپ بندێکت ئاماژە بە ئینجیل بە ڕیوایەتی جۆن Jhon دەکات، کە بەم شێوەیە دەست پێ دەکات: "لە سەرەتادا وشە بوو"؛ وشە لە یۆنانییەوە لە چەمکی Logosی یۆنانییە تەرجومە کراوە، کە ھەم مانای وشە و ھەم مانای عەقڵ دەگەیەنێت؛ کەواتە "لە سەرەتادا Logos بوو، واتا عەقڵ بوو".
کرۆکی موحازەڕەکەی پاپ دەربارەی پەیوەندیی نێوان ئیمان و عەقڵە؛ ئەوەی پەنھانە لەو موحازەڕەیەدا بریتییە لەو ڕاستییەی کە کەمبودی عەقڵ، غیابی عەقڵ دەبێتە مایەی توندوتیژی، نموونەی حاڵەتی ئیسلامگەراکانە. تەنیا بە لە ئامێزگرتنەوەی میراتی یۆنانی، واتە بەیۆنانیکردنەوە ReHellenization ئێمە دەتوانین گفتوگۆ لەسەر بیروڕاکانمان بکەین بەر بنەمای عەقڵانییەت. فەلسەفەی یۆنانی جەغدی لەسەر ئەوە بوو کە واقیع، فیزیکی و میتافیزیکی، بەشێوەیەک ڕێک خراوە و شایانی زانینە تەنیا لەڕێگەی عەقڵەوە. کەواتە، لە یۆنانی خستن بریتییە لە ڕوووەرگێڕان لە عەقڵ وەک ئامرازێک بۆ زانین و تێگەیشتن لە واقیع. نەک ھەر "عەقڵێک" بەڵکوو عەقڵێک کە بوونی گەردوون و حەقیقەتی بابەت وەک مەسەلەیەک کە شایانی زانینە سەیر دەکات.
دوای وتارەکەی پاپ بندێکتی ١٦، توێژەرێکی ئەمریکی ڕۆبێرت ڕ. ڕەیلی (Robert R. Reilly) دێت و لە کتێبێکی ئێجگار گرنگدا، چەمکەکانی بەیۆنانیکردن و لەیۆنانیخستن و جارێکی دیکە بەیۆنانیکردنەوە بەکار دەھێنێت بۆ خوێندنەوەی تراژیدیای عەقڵی موسڵمانان، لەژێر ناونیشانی"The closing of the Muslim mind: How intellectual suicide created the modern Islamism crisis داخستنی عەقڵی موسڵمان: چۆن خۆکوشتنێکی عەقڵی قەیرانی ئیسلامگەرایی مۆدێرن دروست دەکات" .(2011)ڕیشەکانی قەیرانەکانی ئەمڕۆی دنیای ئیسلام و ڕیشەی ئیسلامگەرایی و ترۆری ئیسلامی دەگەڕێنێتەوە بۆ سەرکوتکردنی موعتەزیلەکان و سەرھەڵدانی ئەشاعیرەکان و بەدەقیقی دەیگێڕێنێتەوە بۆ ئەو گورزەی کە غەزالی لە عەقڵ و پێگەی عەقڵی دەدات لە پەیوەند بە ئیمان و عەقڵ و پرۆسەی زانینی جیھان. بەگوێرەی Reilly، ھۆی سەرەکی لەیۆنانیخستنی ئیسلام دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەشاعیرەکان و سەرەولێژبوونەوەی موعتەزیلییەکان لە سەدەی نۆ و دەی زاینیدا. موعتەزیلییەکان پەیڕەوانی ئەو بیروبۆچوونە بوون کە مرۆڤ دەبێت ئازاد بێت لەبەرئەوەی بێ ئازادی، مرۆڤ ناتوانێت لە دادپەروەریی خوداوەند بگات؛ کەواتە، مرۆڤی ئازاد ئەرکێتی کتێبە پیرۆزەکان بەشێوەیەک تەفسیر و تەئویل بکات لە ڕەوتی زەمەنی خۆیاندا. قورئان، نوێیە نەک کۆن بەواتای ئەوەی کە ملکەچی عەقڵە. ئەم تێڕوانینەشی پێچەوانەی تێڕوانینی ئۆرسەدۆکسییە کە قورئان وەک تێکستێکی سەرمەدی دەبینێت (بێ ھیچ بەڵگەیەکی عەقڵی و لۆژیکی)؛ موعتەزیلییەکان بانگەشەی دەنگی عەقڵ و عەقڵانییەتیان دەکرد لە بواری ئەخلاقدا. ئەشعەرییەکان (ئەشاعیرییەکان) دژی موعتەزیلییەکان وەستانەوە؛ پێداگرییان دەکرد کە قورئان سەرمەدییە ھەروەک خوداوەند، واتا نوێ نییە، دروستکراو نییە، کۆنە ھەروەک خوداوەند لە ئەزەلەوە ھەیە و، شایانی تەفسیرکردنی عەقڵی نییە لەلایەن عەقڵی مرۆڤەوە. موعتەزیلییەکان لەو باوەڕەدا بوون کە خوداوەند عەقڵانییە، ئەشاعیرەکان لەو باوەڕەدا بوون کە خوداوەند ئیرادەیە بەڕەھایی، دەسەڵاتە بەڕەھایی و لەسەری ئەرک نییە بۆ کردنی ھیچ شتێک.
لە ڕەتکردنەوەی بەیۆنانیکردن Hellenization، یاخود فەلسەفەی یۆنانی، ئەشاعیرەکان و حەنبەلییەکان و ئیمام غەزالی و فەندەمێنتالیستەکانی ئەمڕۆ، وەھابییەکان و سەلەفییەکان کە ڕیشەکەیان بۆ ئەو پرۆسەی ڕەتکردنەوەی فەلسەفە دەگەڕێتەوە، ھەر ھەموو ئینکاری دروستیی عەقڵ دەکەن. ئەوان ڕەفزی ئەوە دەکەن کە شتێک بوونی ھەبێت بەناوی "یاسای سروشتی"؛ Reilly ئەو ئەرگۆمێنتە سەرڕێگا دەخات کە بەبێ عەقڵ و فەلسەفە و یاسای سروشتی مەحاڵ دەبێت گەشە بەسیستەمێکی دەستووری Constitutional بدەین. وەک ئەوەی کە لە خۆرئاوادا بوونی ھەیە، زیاتر لەم کێشەیە بۆ سەدەی نۆی (زاینی) دەگەڕێتەوە، لەو کاتەی لە بەغداد کێشمەکێشی سیۆلۆجی و عەقڵییانە لە ئارادا بوو لەنێوان دوو گرووپدا، گرووپێک کە خوازیاری ئەوە بوون ئەولەویەت بەعەقڵ (واتە فەلسەفە) و بەناو گرووپێکی دیکە خوازیاری ئەوە بوون ئەولەویەت بەئیرادە و دەسەڵات بدەن. گرووپێک کە دەیانوت "خوداوەند عەقڵانییەت و دادپەروەرییە"، گرووپێکی دیکە کە دەیانوت: "خوداوەند ئیرادەیەکی ڕەھایە و دەسەڵات و عەقڵانییەت ھیچ پەیوەندییەکی بەخوداوەندەوە نییە، ھەر شتێک خوداوەند دەیکات شایانی دەرکپێکردن نییە لەلایەن عەقڵی لاوازی ئێمەوە، خوداوەند ناشێت بخرێتە نێو چوارچێوەی ئەو شتەی بیری لێ دەکرێتەوە و سەیر دەکرێت وەک مەعقوول و عەقڵانی یاخود نامەعقوول. "ئەم دیدەی دوایی لە ترادسیۆنی ئیسلامیدا سەردەکەوێت، فەلسەفە و عەقڵانییەت شکست دەھێنێت. ڕەیلی ئاماژە بەوە دەکات کە تەنانەت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا زۆربەی بەناو زانایانی ئیلاھییاتی ئیسلامی لەو باوەڕەدان کە "خوداوەند ھۆی یەکەم و دواھۆی ھەموو شتێکە و ھۆی دووھەم ناشێت بوونی ھەبێت وەک (یاسای سروشتی)، لەبەرئەوەی ئیقرارکردنی ھۆکانی دیکە لە دەرەوەی خوداوەند وەک ئەوە وایە تەحەدای قودرەتی ئیلاھی بکەیت".
بۆ ئەوەی خوداوەند Omnipotent خاوەنی تواناییەکی بێئەندازەیە، بۆ ئەوەی خوداوەند خاوەنی تواناییەکی لە ئەندازە بەدەر بێت ھیچ شتێک ناتوانێت خاوەنی ھێز بێت، کەواتە ئەوە ھێزی جازبییەت نییە کە دەبێتە مایەی ئەوەی بەردێک بکەوێت، ئەوە ئیرادەی خوداوەندە، ئاگر پەموو ناسووتێنێت، خوداوەند دەیسووتێنێت، نەخۆشی مرۆڤ ناکوژێت، خوداوەند دەیمرێنێت.
ڕەیلی (Reilly) ئیقتباسێکی گرینگ لە توێژەرێکی ئیسلامییەوە دەھێنێتەوە، مەبەست لە فەزلور ڕەحمان Fazlur Rahman))ە کە دەڵێت "خەڵکێک کە خۆی لە فەلسەفە دابڕیوە بەناچاری (بەپێویست) خۆی ڕووبەڕووی مەجاعە دەکاتەوە لە پەیوەند بەئایدیا نوێکانەوە؛ لەڕاستیدا ئەو خەڵکە لەڕووی عەقڵییەوە دەست دەداتە خۆکوژی".
ئێستا با ئاماژەیەکی خێرا بە پرۆسەی ReHellenization واتا بەیۆنانیکردنەوە بدەین. بەیۆنانیکردنەوە لێرەدا بە مانای گەڕانەوە دێت بۆ فەلسەفە، گرنگیدانەوە بە فەلسەفە و گفتوگۆی عەقڵی، لە کێشەی عەقڵ و نەقلدا، عەقڵ و وەحیدا، گرنگیدانە بە دەنگی عەقڵ و لێتوێژینەوەی عەقڵی و سەرڕێگە خستنی پڕۆژەی عەقڵانییەت، سەیرکردن و مامەڵەکردن لە تەک فەلسەفە وەک پڕۆژەیەکی شارستانی، نەک وەک تەنیا کایەیەک لەنێو کایەکاندا، بەیۆنانیکردنەوە ھەرگیز بە مانای گەڕانەوە نایەت بۆ یۆنانی دێرین. وەک ئەوەی کە ھەبووە، بەمانای بەموتڵەقکردنی ئایدیا و بیر و بۆچوونی ئەفڵاتون و ئەرستۆ و قوتابخانەکانی قۆناغی ھیلینستی نایەت، بەڵکوو جارێکی دی بەرزڕاگرتنەوەی دەنگی عەقڵە و ھێنانەوەی عەقڵە بۆنێو گفتوگۆ و مشتومڕە فیکری و فەلسەفی و ئیلاھیاتییەکان، بەچاوبڕین لە مامەڵەکردن لە تەک قەیرانە ژیاری و ئیمانی و فیکری و سیاسییەکان و چاوبڕین لە ئایندەیەک کە تێیدا توندوتیژی حاکم نەبێت، بەڵکوو عەقڵ دادوەر بێت، دەسەڵاتی ڕەھا لەژێر چاودێریی عەقڵدا بێت، ئایندەیەک کە دەسەڵاتی ڕەھای خوداوەند حوکمی نەکات، بەڵکوو عەقڵی مرۆڤ بەڕێوەی بەرێت، تێیدا ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ پارێزراو بن، واتا ھێنانەوەی فەلسەفە بۆ چەقی ژیانی ڕۆحی و سیاسی و کولتووریی ئێمە.
جارێکی تر بگەڕێینەوە بۆ ماناکانی فەلسەفە
فەلسەفە عەوداڵی پرسیارەکانە نەک وەڵامەکان، بەرپرسیارێتیی فەلسەفە لەڕاستیدا ئەوە نییە وەڵامی پرسیارەکانمان بداتەوە ھێندەی بریتییە لە پرسیارکردن و ڕاوەستان لەسەر وەڵامەکان. فەیلەسوفی ڕاستەقینە بەھۆی "ڕاستییەکی" دیاریکراوەوە سنوور بۆ کۆششی خۆی، بۆ پرسیارکردنەکانی دیکە دانانێت. مۆتۆڕی ئەودیو فەلسەفاندن بریتییە لە پرسیارکردن، بەڵام خودی پرسیارکردن لەناو فەلسەفەدا ھونەرە، ستراکچەر و پێکهاتەیەک و و مانایەک و مەغزایەکی ھەیە وەک پرۆسەیەک نەک پرسیاری ھەڕەمەکی. لێرەوە فەلسەفە ناتوانرێت پێناسە بکردرێت بەگەڕانەوە بۆ چەند بەڵگەنەویستێک یا بیروباوەڕێک یاخود پۆلێک گوزارەی دامەزراو.
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا خودی مانای فەلسەفە Philo-Sophy یا (Philo-Sophia) لە یۆنانیی دێرین و لەو ترادسیۆنەدا کە فەلسەفە سەرھەڵئەدات، ئاماژەیە بە ھەڵوێستێکی فەیلەسوف و ڕاز و نیازەکەی. بەگوێرەی ئیتمۆلۆجی Etymology (ڕیشەناسیی وشەکان) فەلسەفە بریتییە لە بەستنەوەی ھەردووک ڕەھەندی ئیدراک و ڕەھەندی ئیرۆتیکی پێکەوە، ئیرۆس لێرەدا ئارەزوو خواستنە، ھەوڵدانە، مەیلە، تاسەیە بۆ گەیشتن بە بابەتی عیشقەکە کە مەعریفەیە، کە حیکمەتە. کەواتە کۆشش، تاسەکردن پێش مەعریفە دەکەوێت. ئێمە پێویستمان بە حەماسەت، بە ئیرۆس ھەیە بۆ ئەوەی بەردەوام بین لەسەر پرسیارکردن لەو شتانە، مەسەلانە یا بابەتانەی کە وا دیارە ئاشنا بین پێیان یان ئەوانەی ئێستاکە لە دەرەوەی نیگەرانییەکانی ئێمەن؛ درێژەدان بەو کۆشش و تاسەیە جەوھەری دانایی پێک دەھێنێت، کەوایە باری (وەزعییەتی) فەلسەفە بریتییە لەو گەڕانە پڕ لە حەماسەتە بۆ مەعریفە، بۆ دانایی، نەک خاوەندارێتیکردنی دانایی، گرنگ خودی گەشتەکەیە. کەواتە فەلسەفە خۆی لە خۆیدا بریتییە لە inquisitive زۆرپرسین یا خۆتێھەڵقورتێن، نەک مەعریفەیەکی دیاریکراو.
فەلسەفە لە دەرەوەی کایەکانی دیکە ناژیت، بەڵکوو لە پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆدایە لە تەک زانست و ھونەر و ئاین. فەلسەفە بەبەردەوامی لە پەیوەندیدایە لە تەک ئەو کایانە لێیانەوە ئیلھامی عەقڵی وەردەگرێت، لە ھەمان کاتدا بەھۆیانەوە ڕووبەڕووی ئالنگاری دەبێتەوە، بەتایبەت زانستەکان لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا. کەواتە، تەفسیرکردنی پەیوەندیی فەلسەفە بەو کایانەوە زۆر خاڵمان دەربارەی سروشتی فەلسەفە بۆ ڕوون دەکاتەوە، لەجیاتی خستنەڕووی پێناسەیەک کە ڕەنگە فەلسەفە دایببڕێت لەو ڕەوتە مەعریفییە.
زانست بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی میتۆدیی ڕیالیتی (واقیع) ڕەھەندەکانیەوە، فیزیکی، کیمیایی، بایۆلۆژی،.... ھتد. زانست مامەڵە لە تەک ئەو پرسیارانە دەکات کە دەتوانرێت بڕیاری لەسەر بدرێت لەلایەن و بەھۆی ئەزموونەوە experiment و چاودێریکردن observation، لە بەرئەنجامدا دەتوانێت دەست بە "ڕاستییە دیاریکراوەکان" بگات، واتا ھەر تاکێک یا لە ھەر شوێنێک زانست کاریگەر بوو دەستی بەمەعریفەیەکی دەقیق و دروست Valid دەگات. مەعریفەی زانستی Scientific knowledge بێت دەیەوێت لەڕێگەی کەڵکەڵەبوونەوە کە بەبەردەوامی قۆناغەکانی پێشووتر وەلاوە دەنێت بەھۆی میتۆدی زانستییەوە. لەگەڵ ئەمەشدا ڕووبەر یا جوگرافیای زانست لە شوێنێکدا سنووردارە. زانست ناتوانێت پێمان بڵێ دادپەروەری چییە، ئەخلاق چییە، جوانی چییە، خۆشەویستی چییە، یاخود مانای ژیان چییە، یاخود دەتوانین ئومێدی چی بکەین؟ زانست ناتوانێت مەعریفەیەکی ڕاڤەیی (interpretive)مان بخاتە بەردەم، بگرە زانست مەعریفەیەکی تەواوی دەربارەی خۆشی نییە، لەبەرئەوە دەبێت ڕوو وەرگێڕن بەرەو ئەودیو - لێکۆڵینەوە Meta-study کە ئەمەش سەر لە فەلسەفەوە دەردەھێنێت. کەواتە، بەگوێرەی ئەو وێنەیەی سەرەوە فەلسەفە مامەڵە دەکات لە تەک پرسیارە بنەڕەتییەکان، ئەوانەی زەمینەسازی دەکەن بۆ چەمکە زانستییەکان، لەچەشنی: مانای بوون چییە؟ کات چییە؟ ئایا گەردوون ھیچ پلان یا ئامانجێکی ھەیە؟.. چەندین پرسیاری دیکە. ئەم پرسیارانە و پرسیارە فەلسەفییەکانی دیکەش دەربارەی ماناکان و مەغزا و ئامانجەکانی، نەک بەتەنیا ڕاستییە بینراوەکان .(Facts)
گەر وەڵامەکانی پێشوو (لە فەلسەفەدا) وا ببینرێن کە گونجاو نین ئەمە بەو مانایە دێت ئێمە دەتوانین لێوەیان فێر ببین کە ئەمە خۆی نیشانەی ئەوەیە فەلسەفەکانی پێشوو بەھۆی تێپەڕبوونی کاتەوە نەبوونەتە بێکەڵک، بگرە مێژووی فەلسەفە خۆی کایەیەکی چڕی لێکۆڵینەوەی فەلسەفییە کە بەبەردەوامی ئایدیا کۆنەکان ڕووناکییان دەخرێتە سەر و بیرکردنەوەیان لێوە پەخش دەبێتەوە. فەلسەفە چالاکییەکی تیۆرییە، ھەوڵ دەدات ئەو میتۆدانە بدۆزێتەوە، میتۆدی - لەناو - خۆیی (زاتی – (inter subjective پشکنین و لێکۆڵینەوە لە ڕاستی و دامەزراندنی ستانداردەکانی بەڵگە و نۆڕمەکان (پێوانەکان) بۆ ھەڵسەنگاندنی بیر و ڕاکانمان، ئایدیاکان و ئەرگومێنتەکان. فەلسەفە چاو لە مەعریفەیەکی عەقڵی دەبڕێت، میتۆدە گوتارییەکان (discursive) بەکار دەھێنێت لە تەک ئەو بۆچوونانەی لە ئەزموون و مێژوو، کار و یا ھەر ڕووبەرێکی دیکەی ژیانەوە وەرگیرابن، ئایدیاکانی ڕێک خراون بەگوێرەی پرۆسە وردەکان کە پابەندی حەقیقەتن نەک ڕاکان .(Opinions)
ئیلتزامێکی قووڵ بە مەعریفەوە ئەو شتەیە کە فەلسەفە بە زانستەوە گرێ دەدات لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، لەگەڵ ئەمەشدا مەعریفەی زانستی ھەمان مەعریفەی فەلسەفی نییە، گەر وایە فەلسەفە چاو لە چ مەعریفەیەک دەبڕێت؟ فەلسەفە چاو لەو مەعریفەیە دەبڕێت (١) کە یەکێتی و سیستەم دەبەخشنە جەستەی (body) زانست، ئەمە ئەو شتەیە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا پێی دەگوترێت فەلسەفەی زانست. (٢) چاو لە ئەو مەعریفەیە دەبڕێت کە ڕەخنەیییانە ھەڵدەستێت بەتاقیکردنەوەی زەمینەکانی بیر و باوەڕ و دنیابینیمان، ئەمەش پەیوەستە بە تیۆریی زانینەوە. بەڵام فەلسەفە کورت ناکرێتەوە بۆ تەنیا بۆ ئەو دوو ئامانجەی سەرەوە، گەر وا بێت وێناکردنی ئێمە بۆ فەلسەفە زۆر بەرتەسک و تەنک دەبێت. فەلسەفە ناشێت کورت بکرێتەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە زانستەکان یاخود لێکۆڵینەوە لە ھۆکانی بیر و ڕاکانمان. فەلسەفە بریتییە لە عەوداڵبوونی حەقیقەت بە مانا بەرفراوانەکەی. ھەوڵ دەدات یەکێتییەک بخوڵقێنێت بۆ مەعریفەی مرۆیی، نەک بەتەنیا زانستەکان. فەلسەفە جێگرەوەیەکی عەقڵییە بۆ دواحەقیقەت Ultimate truth لە غیابی خستنەڕوویەکی تەواوی پرسیارە بنەڕەتییەکان.
بۆ دەبێت قسە لەسەر بەھای فەلسەفە بکەین؟ لەبەرئەوەی بەھاکەی بۆ ھەمووان ڕۆشن نییە، بگرە فەلسەفە لەژێر پەلامارێکی زۆری ئەو کەسانەدایە کە لە زانست یا لە کایە زانستەکاندا کار دەکەن، لەو دیدەوەی کە لەڕووی پراکتیکییەوە بێسوودە. دیارە پرسیارە فەلسەفییەکان بەرھەمی پراکتیکییان نییە یاخود شتێکی بەرجەستەی فیزیکی بەرھەم ناھێنن، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت فەلسەفە بەھای نییە. پرسیارە بنەڕەتییە فەلسەفییەکان پێداویستییە عەقڵی و ڕۆحییەکان و پێداویستییەکانی عەقڵ تێر دەکەن. کاریگەریی فەلسەفە لەسەر مرۆڤایەتی ناڕاستەوخۆیە. بەھۆی تاقیکردنەوەی ڕەخنەییانەی زەمینەکانی بیر و ڕاکان و قەناعەتەکانمان فەلسەفە بەناچاری کاریگەری گەورە لەسەر ناسنامە و ئیدراک و دنیابینیمان دادەنێت؛ لێرەوە بەھای فەلسەفە نابێت لەڕێگە و بەھۆی دەستکەوتە مادییەکانەوە بپێورێت. فەلسەفە شوێنی خواستنە لەبەر خودی خۆی، بەھاکەشی لەناو خودی خۆیدایە.
فەلسەفە بیر و ڕا و قەناعەتەکانمان لە ڕەگوڕیشەوە ھەڵدەتەکێنێت و بگرە ڕزگارمان دەکات لە کۆت و زنجیرەکانی ئیچحافەکانی (prejudices)؛ ھانی عەقڵ دەدات بۆ ڕیسکی نوێی مەعریفی دژ بە دۆگماتیزم یا چەقبەستوویی - عەقڵ لێرەوە فەلسەفە وەک کایەیەک کە لەسەر گومانکردنەوە کار دەکات، ھەڵدەستێت بەدیارخستنی زەینی، یەقینەکانمان (Certainties)، ھەمیشە داوامان لێ دەکات بیر و ڕا قبووڵکراوەکان تاقی بکەینەوە و ھەڵیان بسەنگێنین و پرسیاری نوێ لەبەردەمیاندا قوت بکەینەوە. فەلسەفە خۆی زاڵبوونە - یا تێپەڕاندنی بەرتەسکی و تەنکی - عەقڵییە لەڕێگەی تێڕامان لە کۆی ڕیالیتی (واقیع)؛ لە ئەنجامی ئەم پرۆسەیەشدا کەشفکردنی ئەگەرەکانی لە ڕێگای گومانکردنەوە لەو ئەگەرانەی کە پێشتر لەبەردەمماندا ئامادە بوون. کەواتە، بەھای فەلسەفە لەڕاستیدا وا لە (گومانکردن لە یەقین)، نا-یەقینیی فەلسەفە ھەم ئیدراکییە و ھەم پراکتیکییە. لەڕاستیدا، مەعریفەیەکی نا-یەقینی شایانی نازناوی مەعریفەیە؛ فەلسەفە تێگەیشتنمان بۆ جیھان بەرفراوان دەکات، ئاسۆی عەقڵیمان درێژ دەکاتەوە و ئازادیی بیرکردنەوەمان بەرفراوان دەکات.
سەرچاوەکان:
Hegel’s Philosophy of Right. Turns with notes By T.M.Knox. Oxford University Press. 1952
The Complete Works of Aristotle.V2
Ed:Jonathan Barnes. Princeton University Press. 1984
Plato. Complete Works.
Ed:John M.Cooper. Hackett Publishing Company. 1997
Robert R.Railly. The closing of the Muslim Mind
How Intellectual Suicide Created the Modern Islamist Crisis. ISI Books. 2011
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved