13/08/2025
کولتوور لە نێوان ترادسیۆنی شاعیرانە و عەقڵانیدا

د. لهۆن قادر عەبدوڵڕەحمان

پوختە    

ئەم توێژینەوەیە، بەراوردە لە نێوان کولتووری ڕۆژهەڵاتی کە پێمان وایە شاعیرانەبوون ماکی سەرەکییەتی، لەگەڵ کولتووری خۆرئاوای عەقڵانی، لەڕووی مێژوویی و فاکتەرگەلێکی پێکهێنەری ئەم دوو ترادسیۆنەوە کە چۆن ڕەنگی داوەتەوە لە فیکر و هونەر و ئەدەب و کۆی ژیان و  بەگشتی چۆن لەم کۆمەڵگانە کەوتووەتەوە. چۆن هەست و سۆز  و ڕەگەزگەلێکی دیکە  کە پتر ڕەگەزی سەرەکیی ژانری شیعرن، ڕۆڵیان هەیە لە داڕشتنی ناسنامەی تاک و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی، لەبەرامبەردا بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و ڕەوشی زانستیی ئەزموونگەرانە و فرەدەنگی و فرەڕایی، هەژموونی هەیە لە کولتوور و ترادسیۆنی خۆرئاوادا.

میتۆدی ئەم توێژینەوەیە "وەسفی شیکاریی بەراوردکارانە" یە، بە ئامانجی ئەوەی بەم ڕەوشە بگەینە بەرچاوڕوونییەک و تێگەیشتنێکی نوێ بۆ بونیادی کۆمەڵگە و ڕیشەی ئەو تەڵزگانەی لەم ناوچەیە تێیدا دەژین.

وشە کلیلییەکان: ترادسیۆن، کولتوور، شاعیرانە-شیعرییەت، عەقڵانی-فەلسەفی، فرەدەنگی-فرەڕایی.

 

پێشەکی

کولتووری ڕۆژهەڵاتی: بەتایبەتی عەرەبی و فارسی و هیندی، پشتئەستورە بە شیعر-یاخود دەقگەلێکی چەشنی ژانری شیعر، بۆ گوزارشتکردن لە هەست و سۆز و حیکمەت و چۆنییەتیی بیرکردنەوە لە دەورووبەر. لەڕاستیدا شیعر و دەربڕینی شاعیرانە، ئامرازی گواستنەوەی بەها ڕۆحی و نەریتە کۆمەڵایەتی و ئەزموونە سۆزدارییەکانە.

لەبەرامبەردا، کولتووری ڕۆژئاوایی هەر لە پێش زایینەوە و دواتر لە سەردەم و سەدەکانی ڕێنیسانس و ڕۆشنگەریدا و تەنانەت لە هەندێ سات لە سەدە تاریکەکانی هەژموونی کەنیسەشدا، عەقڵانییەت و دەنگی عەقڵ مۆدێلی باوی بیرکردنەوە بووە و تێکستی ناشیعری سەرچاوە و بەرهەم بووە، بە واتایەکی دیکە فەلسەفە توڵێک بووە بۆ ژێربارهێنانی تێکستی ئایینی، بە جۆرێک عەقڵانییەت و ڕەوشی ئەزموونگەری بووەتە بنەما، و فیکری فەلسەفی و شیکاریی میتۆدیانە باڵی کێشاوە بەسەر ئامرازەکانی دەربڕیندا، لەگەڵ جەختکردنەوە لە لۆژیک و زانست بۆ تێگەیشتن لە جیهان و بوون.

لەم توێژینەوەیەدا، سەرەتا بنکۆڵی ئەو چەمکە کلیلییانە دەکەین، چونکە تێگەیشتن لێیان کلیل و دەستپێکی چوونە نێو بابەتەکەیە، دواتر باس لە دەرکەوتنی ژانری شیعر و ژانری دراما دەکەین لە مێژووی هەردوو ترادسیۆنی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا، هەروەها باس لە تایبەتمەندیی و جیاوازیی فرەخوایی و یەک خوایی دەکەین، هەردووکیان (واتە ژانری هونەری و بابەتی خواکان)، وەک دوو زەمینەی ڕەنگڕیژکردنی ترادسیۆنەکانی خۆیان دەخەینە ڕوو. دواجار هەندێ خاڵی بەراوردکاری لەنێو هەردوو کولتوورەکەدا دەهێنینەوە کە چۆن وەک نەریت و نۆرمی ژیان کەوتوونەتەوە، وەک هەوڵێک تا کێشە و ئاریشە بنەڕەتییەکە، کە پێمان وایە ڕیشەی لە کولتووردایە، بخەینە ڕوو.

چەمکی کولتوور

کولتوور، یەکێکە لە چەمکە بنەڕەتییەکانی پێکهێنەری ناسنامەی تاک و کۆمەڵ، ڕەنگدانەوەی چۆنییەتیی بیرکردنەوە، ڕەفتار، نەریتگەلێکە کە کۆمەڵگەکانی پێ جیا دەکرێتەوە لەوانی دیکە. کولتوور لە زمان، ئایین، داب و نەریتدا خۆی دەنوێنێت و فاکتەرێکی بنەڕەتی دواکەوتن یاخود گەشە و پێشکەوتنی گەلانە.

کولتوور، کۆمەڵێک بەها و بیر و باوەڕ و زانراو و نەریتە، مرۆڤ لە ئەنجامی کارلێکی لەگەڵ ژینگە و کۆمەڵگەکەیدا بەدەستی دەهێنێت و دەشتوانیین بڵێین: نۆرمێکی ژیانە کە تاکەکان لەنێو کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا پەیڕەوی دەکەن. ئەگەر بە ئاراستەیەکی دیکە بمانەوێ کولتوور بناسێنیین: هەر تایبەتمەندییەکی ئێمە لە دەرەوەی (DNA) وەریدەگرین، کولتوورە؛ ئێمە لە دی ئێن ئەی ماندا هەیە کە ڕەنگی پێست و قژ، باڵا، چاومان چۆنە، بەڵام  نییە کە دەبینە خاوەنی چ زمان، ئایین، نەریتێک، بەڵکوو لە کولتووری کۆمەڵگەکەمانی وەردەگرین کە نۆرمی ژیانیانە.

کولتوور تەنیا کەڵەکەبوونی زانیاری و نەریت نییە، بەڵکوو چەمکێکی قووڵە، شێوەی تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ جیهان و کارلێکی لەگەڵیدا دەگرێتە خۆی. لە دیدی فەلسەفەوە، کولتوور کرۆکی بوونی مرۆڤە، چونکە بونیادی فیکری و بەهاکانی کۆمەڵگەکان دەخاتەڕوو. فەلسەفە وەک ڕەوشی عەقڵانیی بیرکردنەوە، لە قۆناغە جیاوازەکاندا گرنگی و بایەخی داوە بە ناساندنی کولتوور و ڕۆڵی لە گەشەی مرۆڤ و کۆمەڵگەکاندا بنکۆڵ کردووە. فەلسەفە، (کە لەم ڕۆژهەڵاتە تا هەنووکەش نەک زەمینەی گەشەی نییە، بەڵکوو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دژتر دێتەوە لەگەڵی)، وەک تەونێک لە مەعریفە و بەها لە کولتوور دەڕوانێت کە گوزارشت لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و سروشت دەکات، بەوەی لەڕێی کولتوورەوە، سروشت دەگۆڕدرێت بۆ ژینگەیەکی مرۆیی سەرڕێژ لە مانا و بەها. فەیلەسوفەکان پێیان وایە کولتوور تەنیا داب و نەریت و بۆماوەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو بەرهەمی عەقڵ و هۆشیارییە و خاڵی بنەڕەتیی جیاوازیی مرۆڤە لەگەڵ گیاندارەکانی دیکە.

 لە جوغزی فەلسەفەی کانتدا، کولتوور فاکتەری تێپەڕاندنی حاڵەتی غەریزەی سروشتی مرۆڤە و گوزارشت لە عەقڵانییەت و ئازادی دەکات و کولتوور پەیوەست دەکات بە پەروەردەوە کە مرۆڤ لەڕێیەوە بەها ئەخلاقییەکان و مەعریفە بەدەست دەهێنێت و هاوکاریی دەکات بۆ گەشەکردنی. لای هیگڵ، کولتوور گوزارشت لە گەشەی"ڕۆحی ڕەها" دەکات؛ بەو مانایەی گەشەی کۆمەڵگەکان لەڕێی قۆناغەکانی کولتوورەوەیە کە ڕەنگدانەوە ڕادەی هۆشیارییانە بە خۆیان و دەوروبەریان، بۆیە پێی وایە کولتوور چەسپاو نییە، بەڵکوو لە سەردەمەکاندا دەرئەنجامی بەریەککەوتنەکانی نێوان فیکر و کۆمەڵگە، دەگۆڕێت.

مارکس، وەک هەرشتێکی دیکە کولتوور پەیوەست دەکاتەوە بە ژێرخانی ئابوورییەوە و کولتوور بە ڕەنگدانەوەی پەیوەندی بەرهەمهێنان دەزانێت، بەجۆرێک کە چینی باڵادەست هەژموونی هەیە لە چەسپاندن و بە باوکردنی بەها کولتوورییەکاندا، هەر بۆیە لای مارکس، گۆڕانکاریی لە کولتووردا ڕوونادات بە گۆڕانی سیستمی ئابوری و کۆمەڵایەتی نەبێت. نیتچە، کولتووری باو یان تەقلیدی، بە لەمپەڕ دەزانێت لەبەردەم داهێنانەکانی مرۆڤدا، چونکە بەهای ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی بەسەر تاکەکاندا دەسەپێنرێت. بە بڕوای نیتچە، کولتووری دروست ئەوەیە کە مرۆڤ ئازاد دەکات لە کۆتە سەپێنراوەکان و هانی دەدات بەرەو داهێنان و نوێگەریی. گرامشی، وەک دوا نموونەی فەیلەسوف لە چوارچێوەی ئەم بابەتەدا، کولتوور بە ئامرازی هەژموون و سەپاندن دەزانێت، کە کەمینەی فەرمانڕەوا بەکاری دەبات بۆ کۆنترڵکردن و جڵەوکردنی هۆشیاریی جەماوەر، بۆیە بە "هەژموونی کولتووری" ناوزەدی دەکات و جەخت لە ڕۆڵی "ڕۆشنبیر" دەکاتەوە لە گۆڕانکاریی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لەڕێی بڵاوکردنەوەی چەشنێک لە بیرکردنەوەی نوێ کە لەگەڵ دەسەڵاتی باودا ڕووبەڕوو ببێتەوە.

ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی کولتوور بریتیین لە زمان، بەها وبیر و باوەڕ، ئەدەب و هونەر بەگشتی، داب و نەریت، مەعریفە و زانست، بێ گومان وەک ئاماژەشمان پێ دا، ڕۆڵی کارای هەیە لە شێوەی مەیین و گەشەی کۆمەڵگەکان و سەرەکیترین فاکتەری پێکهێنەری ناسنامەیشە و زۆر بابەتی دیکەش پەیوەست بە کولتوور هەن، بەڵام ئامانجی ئەم نووسینە بابەتی خودی کولتوور نییە، بەڵکوو بەراوردکردن و تێگەیشتنە لە هۆکار و چییەتی و تایبەتمەندییەکانی کولتووری ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوا، یەکەمیانمان بە شاعیرانە ناوزەدکردووە و دووەمیشیان بە عەقڵانی و، پێویستە بەکورتی ڕوونکردنەوەی لەسەر بدەین.

 

دوو چەمکی "شاعیرانە" و "عەقڵانییانە"

چەمکی شاعیرانەبوون-شیعرییەت، یاخود (الأدبیة-Literariness)، لەبنەڕەتدا یەکێکە لە چەمکە سەرەکییەکانی ڕەخنەی ئەدەبی، ئاماژەیە بەو تایبەتمەندییانەی دەقێک دەکاتە شیعری یان ئەدەبی و جیای دەکاتەوە لەو دەقانەی کە زمانی نۆرماڵی تێدا بەکار دێت لە نموونەی نووسینەکانی بواری زانستی پەتی و نووسینگەلێکی دیکەی لەچەشنی ڕاپۆرتی هەواڵ. تێکستی شیعریی، هەڵگری تایبەتمەندی فرەیە، لەوانە: لادانی زمانی، فرە ئاماژەیی وشەکان و ئاڵۆزیی تێگەیشتن، کارابوونی خەیاڵ و سیمبولیبوونی زمان، ئەزموونی خودی و لەوێوە سەیرکردنی دنیای دەرەوە و، زۆرێکی دیکە کە لێرەدا مەبەستمان نییە ڕەگەزەکانی شیعر بژمێرین. ئەگەر سەربوردێکی خێرای ئامانج لە هاتنەناوەوەی ئەم چەمکە بکەین، دەتوانیین بڵێین: چەمکی شاعیرانە-شیعرییەت، لەبنەڕەتدا زادەی ئەو هەوڵە بنەمادار و فەلسەفییانەیە کە بە شێوەیەکی بەرجەستەکراوانە ویستوویەتی وەڵامی زانستییانەی ئەو پرسیارە جەوهەرییە بداتەوە کە شیعر چییە و کامە شیعرە. لە ئەرەستۆوە تا قوتابخانەی پراگ و ڕۆمن یاکۆبسن و دواتریش، بەگشتی هەوڵدانبووە لەپێناو ژێربارهێنانی ئەدەب بۆ چوارچێوە و بنەماکانی زانستیی پەتی. 

 ئێمە لەم وتارەدا بەو مەبەستە چەمکی شیعرییەت و شاعیرانە بەکار ناهێنیین، بەڵکوو ئامانجمانە بیکەینە ناسنامەی تاک و کۆمەڵی ئەم ناوچە و ترادسیۆنە کە ئەگەر یەک تایبەتمەندی بە نموونە وەربگرین: هەست و سۆزمان کردووەتە بنەمای تێڕوانین و هەڵوێست و ژیان؛ ڕوونتر بڵێم؛ مەبەستمان "میزاجی" و میزاجییەتە کە لەو قۆزاخە خودییەوە دەڕوانینە ڕەهەندە پراکتیکییەکانی ژیان لە سیاسەتکردن و کارگێڕی و بەگشتی هاوکێشە و ململانێکانی ژیان، ئەمەش بە دیوێکی دیکەدا وەلانانی پێڕەوی-میتۆدی(مەنهەجی) بوونە، کە خودی مەنهەجییەت، هاتنە دەرەوەیە لە جیهانی میزاج و پێوەری خەیاڵی خودییەوە و سپاردنییەتی بە میتۆدی زانستییانە بۆ بە دواداچوون لە پێناو تێگەیشتن لە بابەتەکان.     

میزاجی و ناعەقڵانیبوونی ڕۆژهەڵاتمان بە چەندین هۆکار ناوزەدکردووە بە "شیعرییەت"، کە ئامانجی ئەم نووسینە تیشکۆ خستنەسەر ئەو فاکتەرانەیە، بەڵام نزیکترینیان کە لەم چەند دێڕەدا پێویستە ئاماژەی پێ بدرێت: دەقی شیعریی و ئایینی، کە دەق و تێکستی باو و بۆماوەی ئەم ناوچەیەن، ئەگەر نەیخەیتە بەر سکێچ و تێمپلێتێکی میتۆدی زانستییانە، ئەوا بێسنوور ڕاڤە لەخۆ دەگرێت، بەڵکوو بە چەندین ئەنجامگیریی سەیر و سەمەرە بار دەکرێت. هەر ئەم هۆکارانەیە کە لە ئەوروپای دوای سەدەکانی ناوەڕاست و هەژموونی ئایینی و دواتر بیرکردنەوەی میتافیزیکانە، لە سەدەکانی هەڤدە و هەژدە و تا نۆزدەش بە سەدەکانی گەشەدان بە میتۆدی عەقڵانی و زانستی دادەنرێت لە بیکۆن و دیکارتەوە بیگرە تا کانت و فەیلەسوفی دیکە، هەرکام باسیان لە ڕەوش و مەنهەجی زانستییانە کردووە بۆ توێژینەوە لە کایە جیاوازەکاندا. ئەوەی لێرەدا بۆ ئێمە گرنگ و مایەی هەڵویستەکردنە، خراپشکانەوەی ئەم شاعیری و ناعەقڵانیبوونەی مرۆڤی نێو ئەم کلتوورەیە کە دزەی کردووەتە، بەڵکوو هەموو کایەکانی ژیانی سیخناخ کردووە لە خۆی و مرۆڤی ئەم ترادسیۆنە ناتوانێت ژیانێکی شایستە بە مرۆڤبوونی پێکەوە بنێت، زۆر بەسانایی، چونکە شیعر و تێکستی شیعریانە لە ژیانی کارەکیدا بەرد نانێتە سەر بەرد.

سەبارەت بە چەمکی دووەم، عەقڵانییەت ڕەوش و میتۆدێکی فیکرییە پشت بە عەقڵ و لۆژیک دەبەستێت لە شیکاریی ئاریشەکان و هەڵوێست وەرگرتندا، لەبری سۆز وباوەڕگەلێک کە ئارگومێنتیان لەپشتەوە نییە. عەقڵانییەت لە گرنگترین ئەو پرنسیپانەیە ڕۆڵی هەیە لە گەشەپێدانی فەلسەفە و زانستدا، لەو ڕوانگەوە کە پشت بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و بەڵگەهێنانەوەی لۆژیکی دەبەستێت لە بنکۆڵکردنیدا بۆ هەقیقەت و تێگەیشتن لە دیاردە جیاوازەکان.

چەمکی عەقڵانییەت، ئاماژەیە بۆ مەنهەجییەتێک لە بیرکردنەوە کە جەختی لەسەر بەڵگە و ئارگومێنتە لە بری سۆز و شوێنپێ هەڵگرتنی پێشینان. وەک پێشتریش ئاماژەمان پێ دا ئەم چەمکە پەیوەستە بە فەلسەفە و زانستەوە و مرۆڤی عەقڵانی هەوڵ دەدات لێکۆڵینەوە لە دروستیی زانیارییەکان بکاتەوە، نەک بێت بێ شەنوکەوکردن پەسەندیان بکات. بێ گومان عەقڵانیبوون لەسەرجەم کایەکانی ژیاندا پێویستە بۆ گەشەکردن، بەڵام وێڕای ئەوەش کاریگەریی سۆزداربوون و کۆمەڵگە و کولتوور، لە گرنگترین لەمپەڕەکانی بەردەم عەقڵانییەتن. عەقڵانیبوون، لە گرنگترین بنەماکانی پێکەوەنانی کۆمەڵگەیەکی شارستانی و هۆشیارە و لەڕێی گرتنەبەری بیرکردنەوەی عەقڵانییەوە تاکەکان دەتوانن گەشە بە تێڕوانینی قووڵی خۆیان بدەن بۆ جیهان و ببنە خاوەنی بڕیاری دانایانە و پشکیان هەبێت لە بەرجەستەکردنی پێشخستن و گەشەکردنی سەرجەم کایەکاندا. لەم نووسینەدا، چەمکی "عەقڵانییەت"، مەبەستمان پێی میتۆد و ڕەوشی عەقڵانییە کە پێچەوانەی میزاجیبوونە و، ترادسیۆنی عەقڵانی لۆژیک بەرهەمدەهێنێت و لۆژیکیش بە نۆرەی خۆی ژێربارهێنان و تەنگ پێ هەڵچنینی "لەخۆوە" وتن و ڕەمڵ لێدانە . لە دوادێڕەکانی تیشکۆ خستنە سەر ئەو چەمکە کلیلیانەی بابەتەکەمان، پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین: مەبەست لە عەقڵانییەت، ئەو ئاستە لە بەکارهێنانی عەقڵ نییە لە ژیانی ڕۆژانەدا و بۆ پێداویستییە بایۆلۆژییەکان، بەڵکوو ڕێکخستنی ژیانە بە عەقڵ، هەرچەندە دواتر پتر ڕوونی دەکەینەوە، بەڵام لێرەدا ئەگەر زیاتریش بڕۆین، بەسەنتەرکردنی عەقڵە کە ژیان و خواستی کەسیی و غەریزەیی تێدەپەڕێنێت بۆ پێکەوەنانی ژیانی گشتی و بەرهەمهێنانی کولتوورێکی ئاست باڵا.

 

جیاوازیی بونیادیانە لە پێکهێنەرەکانی نێوان دوو ترادسیۆندا

بێ گومان جیاوازیی زۆر و فرە ڕەهەند لە کایە جیاوازەکانی نێوان دوو ترادسیۆنی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاواییدا هەیە کە دوو کولتووری شیعری و عەقڵانی خستووەتەوە، لێرەدا ئاماژە بە چەند ڕەگەزێکی بونیادی دەدەین:

شیعریبوونی کولتووری ڕۆژهەڵات

ئەگەر بمانەوێت ژانری یەکەمین بەرهەمی گوتراو و نووسراو لە هەردوو قۆناغەکانی فۆلکلۆر و سەرهەڵدانی نووسین لە نێو نەتەوە و گەلانی ئەم ناوچەیە دیاری بکەین، ئەوا بێ گومان شیعرە، ئەوە لێ گەڕێ لە سەرجەم تێکستە ئاسمانی و ئایینییەکانی ئەم ناوچەیە کە هەر چەشنێکن لە زمانی شیعر. سەبارەت بە دواکەوتنی ژانری ناشیعری یاخود پەخشان کە دەگوترێت پتر عەقڵی پێویست بووە تا سۆز، ئەگەر نەتەوەی کورد بە نموونە وەربگرین، پەخشان لە حەفتاكانى سەدەى 19، لەناو ئەدەبی كورديدا سەری هەڵداوە و، يەکەم پەخشانيش مەولودنامەکەى "شێخ حسێنى قازى" بووە لە كاتى مەولود- یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامدا بۆ خەڵك خوێندراوەتەوە!، واتە ژانرەکە ئەگەرچی پەخشانە بەڵام بابەتەکە هەر لە چوارچێوەی ئاییندایە، ئاخر خۆ دەزانین و دەبینین لەم ناوچەیە جگە لەوەی تێکستی شیعری ئامرازی گوزارشتە، تێکستی ئایینیش، کە وەک وتمان هەر چەشنێک لە شیعرە، سەرچاوەی بیرکردنەوە و دیدە بۆ جیهان، بە نموونە چیرۆکەکانی نێو کتێبە پیرۆزەکانی قورئان و تەورات، وەک هەقیقەتێکی ڕووداوەکانی ناو مێژوو سەیردەکرێن نەک چیرۆکی سیمبولیک و پەندئامێز!  

کولتووری ڕۆژهەڵاتی بەوە دەناسرێتەوە کە گوزارشتکردنی لە ڕۆح و ئەدەب و هونەر و فیکری خۆی لەڕێی شیعرەوە بووە و شیعرانیبوون ڕۆچووتە نێو زمان و دیدیشی بۆ جیهان و ژیان، کەواتە شاعیرانەبوون لە کولتووری ڕۆژهەڵاتیدا تەنیا تایبەتمەندییەکی ئەدەبی نییە، بەڵکوو نۆرمی ژیانە و دیدێکە، کرۆکی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتیمان، پەیوەست بە چۆنییەتیی مامەڵەکردنی لەگەڵ سروشت و بووندا، پێ دەناسێنێت. زمانی گەلانی ڕۆژهەڵات بەگشتی سەرڕێژە بە خوازە و وێنەی ڕەوانبێژی کە ماکێکی شیعریی دەداتە دەربڕینەکان، تەنانەت لە نووسینەکانیشدا کە پەخشانن، بە نموونە لەو نووسینانەشدا کە بە فەلسەفەی ڕۆژهەڵاتی ناوزەد دەکرێت، چەمکە بنەڕەتی و مەزنەکانی لە نموونەی:  بوون، ڕۆح، قەدەر، بەگشتی بە شێوازێکی سیمبولیک و خوازەییانە گوزارشتی لێ دەکرێت کە بەڵگەی شیعرانیبوونە لە فیکریشدا؛ ئەمەش لە دەقەکانی داناکانی وەک مەولانای ڕۆمی و لاوتسی-لاوتزۆ ی فەیلەسوفی چینی و حەکیمە هیندۆسەکان کە شیعریان وەک ئامرازێک بەکار هێناوە بۆ دەربڕینی مانا قووڵەکان، دەبینرێت. 

شاعیرانەبوون بووەتە بنەما و سیمای هونەریش لە ڕۆژهەڵات، بە نموونە لە مۆسیقاشدا هەڵگری ئاوازی هەست و سۆزبزوێنە بۆ گوزارشتکردن، لە چیرۆک و گێڕانەوە فۆلکلۆرییەکانیشدا، لە نموونەی هەقایەتەکانی هەزار و یەک شەوە، پشت بە داڕشتن و گێڕانەوەیەک دەبەستێت کە سیخناخە لە دەربڕینی شاعیرانە و سیمبولیک. ڕاستییەکی دیکە لە مێژووی ئەم ناوچەیە، عیرفان و ڕێچکە جیاجیاکانی سۆفیگەری بووە کە بەشێکی بە هۆی تایبەتمەندی و ئاڵۆزی دیدەکانیانەوە و بەشێکی پتری لەپێناو خۆپاراستن و نەکوژرانیان لەلایەن دەسەڵاتی ئایینی باوەوە، پەنایان بردووەتە بەر زمانێکی شیعریی ئاڵۆز کە ڕەشۆکی خەڵکی و نەیارەکانیان لێیان تێ نەگەن یاخود دەرفەتی فرەمانایی و خۆدەربازکردن بهێڵنەوە، بەتایبەتی دوای کوشتنی حەلاج و چەندینی دیکە.

 

فەلسەفە-عەقڵانیبوونی کولتووری ڕۆژئاوا

وەک پێشتریش ئاماژەمان پێ دا، عەقڵانییەت لە ڕەگەزە بنەڕەتییەکانی پێکهێنەری کولتووری ڕۆژئاوایە، هەر ئەوەش بووە پێکهێنەری بناغەی فەلسەفە و زانستی مۆدێرنە و پێشکەوتن لەسەرجەم بوارەکاندا. عەقڵانییەت پشت بە بەکارهێنانی عەقڵ دەبەستێت وەک ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە جیهان و بڕیاردان و ڕاڤەی دیاردە سروشتی کۆمەڵایەتییەکان بەدوور لە کاریگەری سۆز و دۆگمابوون. ڕیشەی عەقڵانییەت لە کولتووری ڕۆژئاوادا بۆ فەلسەفەی یۆنانی دەگەڕێتەوە، کاتێک فەیلەسوفەکانی وەک سۆکرات و ئەفلاتون و ئەرەستۆ پێشەنگ بوون لە خستنەڕووی میتۆدی بیرکردنەوەی لۆژیکییانە و ئارگومێنتی عەقڵانییانە. دواتر ئەم ڕەوشە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا گەشەی کرد و لە کارەکانی فەیلەسوفە مەسیحییەکانی وەک تۆماس ئەکواینس-دا دەرکەوت، کە هەوڵی دەدا پێکەوەهێنانەوەیەک لەنێوان باوەڕی ئایینی و عەقڵدا دروست بکات.

ڕێنیسانس، سەدەکانی چواردە تا شانزە لە ئەوروپا، لەڕێی زیندووکردنەوەی فیکری یۆنانی دێرین و ڕۆمانەوە، گەڕانەوەیەکی بەهێز بوو بۆ عەقڵانییەت، کە بووە مایەی گەشە و پێشکەوتنێکی مەزن لە زانست و هونەر و فەلسەفە و دواتر لە سەدەی هەژدەدا سەردەمی ڕۆشنگەری بۆ ئەوروپا هێنایە کایەوە کە عەقڵانییەتی وەک بەهایەکی بنەڕەتی لەو کولتوورەدا زیاتر چەسپاند، بەجۆرێک فەیلەسوفەکانی وەک دیکارت، کانت، ڤۆڵتیر بانگەشەیان بۆ بەکارهێنانی عەقڵ دەکرد بۆ ڕزگاربوون لە جەهل و خورافە و بونیادنانی سیستمێکی سیاسی و ئابووری لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و زانستی. لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی زانستی لە سەدەی هەڤدەدا کە چەند زانایەکی لە نموونەی گالیلۆ، نیوتن، پێشەنگی بوون، بیرکردنەوەی زانستی و عەقڵانی بووە ڕەوشی باو بۆ تێگەیشتن لە سروشت و گەشەی تەکنەلۆژیا. میتۆدی زانستی، کە پشت بە تێبینی و ئەزموونگەریی و پەیپێبردنی عەقڵ دەبەستێت، بووە پاڵپشتی پێگەی عەقڵانییەت وەک ڕەگەزێکی بنەڕەتی لە کولتووری نوێی ڕۆژائاوادا.

بێ گومان تا هەنووکەش عەقڵانییەت ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژئاوادا، بەجۆرێک پێکهێنەری ئەو بونیادەیە کە سیستمی دیموکراسی، دەزگاکانی تویژینەوەی زانستی و گەشەی تەکنەلۆژی پشتی پێ بەستووە، لەهەمان کاتدا بنەمایە بۆ داڕشتنی یاساکان و سیاسەتی گشتی لەپێناو گرەنتی دادپەروەری و ئازادیی تاک و مافەکانی مرۆڤ.

 

دوو تایبەتمەندی دیکەی جیاواز لە بونیادی پێکهێنەری کولتووری ئەم دوو ترادسیۆنەدا:

یەک خوایی و فرەخوایی

زۆرجار شارستانییەتە جیاوازەکان، هەڵگری دیدێکی ئایینیی تایبەت و جیاوازیش بوون؛ چەمکی فرەخوایی (Polytheism) لە ڕۆژئاوادا باو بووە، لەکاتێکدا یەکتاپەرستی (Monotheism) لە ڕۆژهەڵاتدا پەیڕەوی کراوە. ئەم دیدە ئایینییانە تەنیا باوەڕێک نەبوون، بەڵکوو کاریگەریی قووڵیان لەسەر فەلسەفە، کولتوور و کۆمەڵگە هەبووە. فرەخوایی لە تایبەتمەندییەکانی ئایینداری دێرینی ڕۆژئاوایە، بەتایبەتی لای یۆنان و ڕۆمان و جێرمانەکان. بە نموونە، لای یۆنانەکان "زیۆس" خوای ئاسمان و "ئەپۆلۆ" خوای ڕووناکی و هونەرەکان و ئەسیناش خوای دانایی بوو؛ لای ڕۆمەکان خواگەلێکی هاوشێوەی ئەوانیان بۆ خۆیان بڕیاردا بوو، بەڵام بە ناوی جیاوازەوە وەک جوپیتێر و ڤینۆس . ئەم خوایانە هەڵگری سیفاتی مرۆڤ بوون، وەک مرۆڤ توڕە دەبوون و هەڵدەچوون و ئێرەییان دەبرد و فێڵیان هەبوو، لەگەڵ مرۆڤەکان دەکەوتنە ململانێ و بەگشتی خواگەلێک بوون زەمینی و لە مرۆڤ نزیک بوون و هەڵگری زۆر تایبەتمەندی مرۆڤەکان بوون و، ئەم فرەخواییە و ململانێکانیان لەگەڵ مرۆڤدا لە داستانی "ئەلیادە و ئۆدیسە"دا بەڕوونی دەردەکەوێت.

ئەوەی لە کولتووری ڕۆژئاواییدا دواتر بەسودی گفتوگۆ و عەقڵانییەت دەکەوێتەوە، ئەوەیە کە خواکان لەو ئاسمانەوە فەرمانیان دەرنەئەکرد و مرۆڤەکانیش لە خوارەوە ملکەچی بن، بەڵکوو ڕا و هەڵوێستی جیاوازیان هەبوو و زۆرجار ڕووبەڕووی قەدەر و بڕیاری خواکانیان دەبوونەوە. لە بەرامبەردا، لە کولتووری ڕۆژهەڵاتیدا، کە یەکتاپەرستی باو و بەربڵاو بووە، بەتایبەتی لە ئایینە ئیبراهیمییەکاندا، یەک خوا هەیە کە سەرچاوەی دەسەڵات و زانینە و هیچ هاوبەشی نییە لە دەسەڵاتیدا و پەیوەندی مرۆڤەکان بە خوای تاک و گەورەوە ملکەچبوونە و بەس، هەر جۆرە لادانێکیش سزای دواڕۆژی بە دواوەیە. هەندێک ڕا، ئەم تاک خوایی و فرەخواییە پەیوەند دەکەنەوە بەو جۆرە فەرمانڕەوایەتییەی کە لە ڕۆژئاوادا پتر شارەکان ڕەمزی فەرمانڕەوایەتی بوون و، حوکمکردن بریتیی بووە لە فەرمانڕەوایی شارێک، بەڵام لە ڕۆژهەڵات مۆدێلی ئیمپراتۆرییەتە گەورەکان بووە کە زۆرجار بوونی خۆی لە نەمانی ئەوی دیکەدا بینیوەتەوە.



یەکدەنگیی شیعر و فرەدەنگیی شانۆ

شیعر و شانۆ دوو ژانری ئەدەبیی گرنگن بۆ گوزارشتکردن لە هەست وسۆز و بیری مرۆڤ، بەڵام بێ گومان لە زۆر ڕووەوە لێک جیاوازن، دیارترینیان سروشتی دەربڕینی ڕا؛ شیعر بەو ڕێچکەیەدا کار دەکات کە ڕای خودیی و یەک لایەنەی شاعیر دەرببڕێت، لە کاتێکدا شانۆ فرەڕایی و فرەدیدی لەخۆ دەگرێت کە بە فرەدەنگی ناوزەد دەکرێت.

شیعر، بەتایبەتی شیعری لیریک، لەو ڕوانگەوە کە گوزارشتکردنە لە ئەزموونی خودیی شاعیر و بیرکردنەوە و تێڕامانە خودییەکانی، بۆیە جەختی لەسەر دید و ئەزموونە خودییەکانییەتی، ئیتر سۆزداری یا فەلسەفی یاخود تەنانەت کۆمەڵایەتی بن، گرنگ ئەوەیە دەنگی زاڵ، دەنگی تەنیا خودی شاعیرە کە دیدە تایبەتەکانی دەخاتە ڕوو بەبێ ئاتاجبوونی بە ڕا جیاوازەکانی دیکە، زۆرجاریش شاعیر خۆی گێڕەوەیە، ئەمەش بەتەواوی تێکستەکە دەکاتە خودیی. لە شانۆدا تەواو پێچەوانەیە، بونیادی تێکستی شانۆیی لەسەر فرەدەنگی و ڕا جیاوازییە و بەریەککەوتنی ڕووداوەکانی ناو تێکستێکی شانۆیی لە خستنەڕووی کارەکتەری ڕا جیاوازەوەیە کە گفتوگۆ و ئارگومێنتی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە.

ئەم یەکدەنگییەی شیعر و فرەدەنگییەی شانۆ، کە یەکەمیان ئامرازی دەربڕینی یەکەم و باوی ڕۆژهەڵات و دووەمیان هونەری دێرین و باوی یۆنان و ڕۆمان و ئەوروپایە بە گشتی، ڕەنگە فاکتەرێکی دیکەی جیاوازی نێوان ئەم دوو کولتوورەبن کە یەکەمیان عەقڵانییەت و فرە ڕایی بووتە ماکی و دووەمیشیان تاک ڕایی و تاک جەمسەری. 

هەر لە جوغزی تایبەتمەندی ئەم دوو ژانرەدا دەتوانیین زۆر خاڵی دیکە ئاماژە پی بدەین، لەوانە شیعر کاری تاکە و ڕەنگە زۆرجار شاعیر بێمنەتیش بێت لەوەی کەس گوێی لێ بگرێ و ئامانجی خۆڕازیکردن بێت، بەڵام شانۆ کاری تیمە و چەندین کەس ڕۆڵیان هەیە لە بەرهەمهێنانی کارەکەدا و لەئەنجامیشدا بوونی بینەر و ڕای، بۆ پێشکەشکاران گرنگیی بنەڕەتیی هەیە، ئەوە بێ لەوەی ڕاهێنان لەسەر بە تیم کارکردن ستراتیژێکی پەروەردەیی گەرەکە. هەموو ئەمانەی کە باس کرا، هێنانەوەی ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی ئەم دوو کولتوورە بوو لەم دوو ترادسیۆنە جیاوازەدا، بە ئامانجی ئەوەی لەڕووی بەراوردکردنیانەوە بونیادی پێکهێنەری هەردووکیمان بۆ دەربکەوێت، بەڵام لە ڕووی ئاکاریی و واقیعی ئەو چەشنە ژیانەی لەم دوو کولتوورە دەبینرێت، دەتوانیین چەند کایە و گۆشەیەک وەک سەمپڵ (نموونە) وەربگرین.

 

چەند وێستگەیەکی بەراوردی نێوان ئەم دوو کولتوورە

١- ئەم دوو کولتوورە، کولتووری "هەست و سۆزگەرا" و کولتووری "عەقڵانییەت و لۆژیکگەرا"، یەکەمیان پتر لەگەڵ "هەقیقەتێکی زەینیی " سەروکاری هەیە؛ بە واتای ئەزمووننەکراوە یان بەو مانایەش دێت کە هەڵگری حوکم و بڕیاری پێشوەختە بۆ ئەو بابەتەی کە ئەو پێی وایە یان بڕیاری داوە هەقیقەتە، بەڵام دووەمیان لەگەڵ "هەقیقەتی بینراو-عەینی" دەچێتە پێشەوە، واتە پاش بینیین و ئەزمووونکردن دەگاتە بڕیار، هەر بۆیە:

ا- لە کولتوورێکدا کە هەست و سۆز زاڵ و ئاراستەی عەقڵ دەکات، لە ئەنجامی کارلێک و کاریگەربوونی بەو ژینگە و کولتوورەی تێیدا لە دایک بووە و ڕاهاتووە، دەبێتە هەڵگری باوەڕگەلێکی سەرەتایی کە وێڕای ئەوەی دەمارگیرانە و بێ ئارگومێنت بەرگریان لێ دەکات، هەر ئەو باوەڕە بێبەڵگانەی دەبنە چاویلکەیەک هەموو جیهان و ڕووداوەکانی دەورووبەر و بەڵکوو ڕابردوو و ئایندەشی لێوە دەبینێت؛ لەئەنجامدا هەرچییەک لەگەڵ ئەو باوەڕەیدا نەیەتەوە، زەینیی ئاگای ڕێگر دەبێت لە وەرگرتنی.

ب- ئەم حاڵەتە، دەتوانیین بە تەڵەیەکی زەینیی ناوبەرین، تەنانەت ڕۆشنبیرانیش لەم هەلومەرجە داخراوەدا ناتوانن کاریگەر بن لەسەر هۆشیارکردنەوەی خەڵکی، چونکە ئەوانیش گیرۆدەی باوەڕگەلێکی پێشتر لە مێشکا چەسپاون و کەوتوونەتە تەڵەی: مرۆڤ مەرجدار بکرێت بە دید و تێڕوانینێک کە پێشوەختە مێشکی یەکلا کردووەتەوە و هەقیقەتەکانی لا چەسپاوە.

ج- لە کولتووری زەینیی و میزاجی و شیعرییدا، گفتوگۆکردن نییە بە ئامانجی کەشفی هەقیقەت، وەک ئەوەی لە کولتووری عەقڵانیدا هەیە، چونکە لە جیهانە ناعەقڵی و دوور لە ئەزموونکردنەدا هەقیقەت بڕاوەتەوە و زانراوە، تەنیا جەختی لێ دەکەینەوە، وەک داریوش شایگان دەڵێت: "ما اهل تذکریم نە تفکر"، واتە ئێمە خەڵکێکین بیرناکەینەوە بە ئامانجی دۆزینەوەی هەقیقەت، بەڵکوو پێمان وایە دەیزانیین تەنیا بیری یەکتری دەخەینەوە.

دواجار، پەیوەست بەم خاڵە، مرۆڤی زادەی ئەم جۆرە کولتوورە، لە ڕووبەڕووبوونەوەیدا لەگەڵ واقیع، لەبەردەم سێ هەڵوێستە دایە:

ا- بەڵگەکانی کە لەگەڵ باوەڕە پێشوەختەکەیدا دێتەوە، دەیانبینێت، بەڵام بەڵگە و ئارگومێنتە دژەکان نابینێت، بۆ نموونە: ڕۆژهەڵاتییەک کە بە هۆکاری سیاسی و کولتووری و ئاینییەوە بە چاوی دوژمنکارانە دەڕوانێتە ڕۆژئاوا، بە نموونە پنتی بوونی "خێزان" لە ڕۆژهەڵات دەکاتە بابەتی بەراورد و خێرا بەو بڕیارە دەگات لە ڕۆژائاوادا سیستمی خێزانی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی هەڵوەشاوە، لێگەڕێ لەوەی ئەمە چۆن و چەند وایە، بەڵام ئیتر چاوی ئەو ڕاستییە نابینێت کە وێڕای هەبوون و گرنگیی خێزان، بەڵام لێرە ئەم ئۆرگانەی ناو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی لەبنەوە بۆگەنی کردووە و لە هەمووی خراپتر هەر جۆرە ڕەخنەیەکیش لەم سیستمە بەتوندی ڕەت دەکاتەوە.

ب- کاتێک بابەتێک بە شێوەی دوولایەنە دەخرێتە پێش چاوی، هەمیشە بە ئاراستەی باوەڕە پێشوەختەکانیدا ڕاڤە و شیکاریی بۆ دەکات، دەتوانیین بڵێین تێگەیشتنەکەی خۆی لەنێوان هەردوو گریمانەکەدا جێ دەکاتەوە، یان پێی وایە جێی کردووەتەوە، هەمووی لەپێناو ئەو باوەڕە پێشوەختەی کە هەڵیگرتووە!، بۆ نموونە: پەیوەست بە داهێنانەکانی زانستەوە، هەڵگرێکی کولتووری ڕۆژهەڵاتی جارێک ئەم داهێنانە زانستییە ڕەت دەکاتەوە و بە درۆی دەزانێت، بەڵام دواتر بەڵگە دەهێنێتەوە کە لە کتێبی پیرۆزدا هەزاران ساڵ پێش ئێستا ئەو هەقیقەتە زانستییە باس کراوە!.

ج- ئەگەر لە هەموو گۆشەنیگایەکەوە لەسەر بابەتێک، بەڵگە و ڕوونکردنەوەی عەقڵانی بخەیتە پێش چاو، ئەوا کەسی پەروەردەکراوی کولتووری باوەڕی پێشوەختە، بە تێپەڕبوونی کات ئەو گوتار و بەڵگە و بابەتانە لە یادگەی خۆیدا دەهێڵێتەوە کە لەگەڵ باوەڕە پێشوەختەکانیدا دێتەوە، ئەوانی دیکە بە لە بیرکردن دەسپێرێت، بۆ نموونە: لە مێژوو و کۆمەڵگەی ئیسلامیدا، ئیبن تەیمیە و ئیبن ڕوشدیش هەن، بەڵام یەکەم لەم ناوچەیەدا پەیڕەو دەکرێت و دووەمیش لەبیر کراوە.

٢- کەس و کۆمەڵگە و کولتوورێک کە هەست و سۆز بنەمای بیرکردنەوە و ڕەفتارکردنیانە، ئەوا زۆر بەسانایی بە هەست و سۆزیان ئاراستە دەکرێن و عەقڵ و لۆژیک ڕۆڵێکی پەراوێزییانەی دەبێت لە ژیانیاندا، بۆ نموونە : لە کۆمەڵگەیەکی هەست و سۆز سەنتەری شاعیرانەدا، ئیتر دیموکراسییەت گوزارشت نابێت لە ئیرادەی خەڵک، چونکە ئیرادەی خەڵک لە هەست و سۆزیدایە و ئەوەش زۆر ئاسان ئاراستە دەکرێت و کەسانی خاوەن دەسەڵات بەبێ پەنابردنە بەر زۆر و هێز، ڕای گشتی بە ئاراستەیەک دەبەن کە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەیخوازێت. دەکرێت لە کۆمەڵگەیەکی میزاجی و هەست و سۆز گەرادا، بە گۆڕینی ئاراستەی هەست و میزاج، ڕای گشتی بە خواستی خۆت بگۆڕیت و ئاراستەی بکەیت!، بۆیە لەم ناوچانە دیموکراسی (تحمیل-سەپاندن) نییە، بەڵکوو تەڵقینییە، سەرکوتکردن نییە، بەڵکوو دزەکردنە بۆناو ڕای گشتی. لەم جۆرە کۆمەڵگەدا، ستەمکاری ئاشکرا نییە کە لەسەر بنەمای ملکەچکردن بۆ بڕیارە ستەمکارانەکان کار بکات، بەڵکوو مۆدێلێکی دیموکراسی هەیە لەسەر بنەمای ملدان بۆ هەست و مەیل و میزاجی تاک کار دەکات.

ئەمەش سەردەکێشێت بۆ ئەوەی، کەسانی خاوەن دەسەڵات کاریان بە لۆژیک و عەقڵی تاک و هۆشیاریی گشتییەوە نییە، بەڵکوو هەستەکان دەکەنە نیشانە،  دواتریش خواستە بینراو و بەرژەوەندییە لۆژیکییەکانی خەڵکی جێی خۆی دەدات بە پڕکردنەوەی مەیل و هەستەکان و ئیتر بوون(بە نموونە) لە دەستە و تاقم و گرووپەکاندا بە پاڵنەری هەست و سۆزە نەک لۆژیک و پرۆژەی عەقڵانی. دواجار کۆمەڵگە دەبێتە "نمایشی" و لە هەموویشی خراپتر، خەڵکی ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە نایانەوێت هەست بەوە بکەن کە هەستەکانیان ئیستیغلال دەکرێت، بەڵکوو پێیان خۆشە خۆیان بخەڵەتێنن بەوەی خاوەنی هەڵوێستی خۆیانن.

پێویستە ئەو تێبینییەش بڵێم: مرۆڤەکان مافی خۆیانە و سروشتییە خاوەنی هەست و سۆز بن، بەڵام ئەوانەش هەستەکانیان ناخەنە گرەوی خەڵکی شەکەرۆک و نمایشییەوە و نابنە یاری دەستی ڕاگەیاندن و دەسەڵاتداران، ئەمانە دژی هەست و سۆز نین، بەڵکوو دژی ئەوەن بکرێنە کۆیلەی هەستەکانیان.

٣-سەرچاوەی زانین و پەی پێبردن و بیرکردنەوە لە کولتووری ڕۆژهەڵاتیدا دیدی ڕۆح و سۆفییانەیە، لە کاتێکدا وشەی ڕۆح ئایینییە و خودی ئایینیش پێناسەیەکی نییە بۆی، بەگشتی لەم کولتوورەدا هەقیقەت بە شێوازێکی ویژدانیانە و بە پشتبەستن بە ئیلهام و سروش و وەک بەڵگەنەویست دەخرێتە ڕوو، کە هەموو ئەمانە ڕەگەزی شیعرن و هیچکامیان نایەنە ژێرباری بیرکردنەوەی ڕەخنەییانە و لۆژیک، لەکاتێکدا لە کولتووری ڕۆژائاواییدا پشت بە میتۆدی زانستیی و ئەزموونگەریی دەبەسترێت، بەجۆرێک گەڕان بەدوای هەقیقەتدا لەڕێی شیکاریی و ئەزموونکردنەوەیە.

٤- هەر لە دەرئەنجامی ئەو خاڵەی سەرەوەدا، لە کولتووری شیعرییدا، هەموو شتێک لە جیهانی خەیاڵدا پفدراو و گەورە دەکرێت و زەمینە و پلانی عەقڵانی و لۆژیکی نییە بۆ بەرجەستەکردن و بەگەڕخستنی خەیاڵ، بەڵام لە کولتووری عەقڵانیدا زەمینە بۆ بەواقیعیکردنی خەیاڵیش دەڕەخسێنرێت؛ بە نموونە، زۆرێک لە داهێنانە زانستی و پێشکەوتنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیش پێشتر خەیاڵی ناو کارێکی ئەدەبی و هونەری بوون.

هەر لە چوارچێوەی ئەم خاڵەدا، وەک نەتەوە و کۆمەڵگەیەکی ڕۆژهەڵاتی ئەگەر کورد و مافی ڕەوای نەتەوەیی وەربگرین، هێندەی شیعر کراوەتە کەرەسەی دەربڕین بۆ بزواندنی حەماسەت و جۆشدانی هەست و سۆز، بەو هێندە و زۆر کەمتریش پلانی عەقڵانی بە ئاراستەی دیکە نەبووە، ئاخر هەڵبەست و سرودێکی وەک "ئەی ڕەقیب"، پێمان دەڵێ کورد هەر ماوە، بەڵام باسی چییەتی و چۆنییەتیی مانەوە ناکات و ئەوە هەر باسی چۆنییەتیی بوونێکی شایستە هەر ناکات. لە نموونەی شیعر و شاعیرانی خۆماندا، ئەحمەد موختار جاف خەیاڵی بوونی شەمەندەفەر لە هەورامان و ژیانی شایستەتر دەکات، بەڵام هیچ زەمینەیەکی فەلسەفی نییە کە بپرسێت ژیانی شایستە چییە و چۆنە و چۆن دێتە دی، بۆیە خەیاڵەکانی تەنیا وەک خەیاڵ دەچنە پاڵ خەیاڵەکانی دیکەی شاعیرانی کورد و ناوچەکە و هیچی لێ سەوز نابێت، زۆر بەسادەیی چونکە تەنیا شیعرە و ساتێکە لە خۆ خاڵیکردنەوە، نەک گفتوگۆی عەقڵانی و سەرپێخستنی پرۆژە لە واقیعدا. ئاخر چۆن دەیری و دەهری نابیت، نەتەوەیەک کیمیایی و ئەنفال و چەندین بار جینۆساید کرابێت، لەبری ئەوەی ساڵانە دەیان کۆنفرانسی یاسایی لە ناوەندە یاساییە نێودەوڵەتییەکان ببەستێت لەسەر بە جینۆسایدکردنی، کەچی ساڵانە کۆنفرانس دەبەستێت بە ناوی "جینۆساید و ڕەنگدانەوەی لە ئەدەبدا"!.

٥- زمانی گەلانی ئەم ناوچەیە، بەتایبەتی کورد کە بوونێکی نییە لە دەرەوەی جیهانی شاعیرانە و ناخی خۆی، زۆر شاعیرانەیە، بە نموونە سەرڕێژە لە خوازە  و وشەی خوازراو و سیمبولیک و پڕ لە زیادەڕەوی یان کورتهێنان لە دەربڕین و گوزارشتکردندا؛ بەکورتی زمانێک هێندە بارنەهێنراوە بەئارگومێنت و بەڵگە بدوێت، هەمیشە وەک خەیاڵکردن و زیادەڕەویکردنی شاعیرانە دەکەوێتەوە.

خانمێکی خۆرئاوایی (هانا هود) کە لە سلیمانی دەژی و فێری کوردی بووە، لەبەرنامەی یەکێک لە کەناڵە کوردییەکان بە جلی کوردییەوە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کرا، دەیووت زمانی کوردیم زۆر خۆش دەوێ و زۆر شیرینە، دەیووت: "لە زمانی کوردیدا ئێوە دەڵێن: بەقوربانت بم، بەساقەت بم و زۆر دەربڕینی لەو جۆرە"، بێئاگا لەوەی زۆرێک لەم دەربڕینانە لە زمانێکدا کە لۆژیک ئاراستەی ناکات بە ئارەزووی خۆی ئەگەر نەڵێین درۆ ئەکات، ئەوا بە متمانەوە دەڵێین زیادەڕەوی دەکات و ئەو دەربڕینانە هیچ لەگەڵ واقیعدا نایەنەوە، ئاخر لە کولتووری شیعریدا زمان یەکێک لە ئەرکەکانی بەڕێکردنە بە دڵخۆشکردنی درۆینە، بۆ ڕووپاماییکردنە نەک گوزارشتکردن لە هەقیقەت، ئیتر لەم کولتوورەدا پەروەردە چۆن دەتوانێت مرۆڤی خاوەن کارەکتەر و بەرپرسیار دروست بکات؟!.

هەر لە بابەتی زمان لە کولتووری شیعریدا و بەشیعرانیبوونی زمان، شتەکان وەک خۆی ناونانرێت، واتە پەیوەندییەکی لۆژیکی لە نێوان "دال-ئاماژە"  و "مەدلوول-ئاماژە پێدراو" دا نییە، بۆ نموونە ئازادی دەبێتە دار و داریش دەبێتە سیمبولی ئازادی، بەڵام لەم کۆمەڵگە شیعریانەدا ئیتر وا دەزانیین کە پەیمان بردووە بەوەی شیعر چییە و هیچکات ناتوانین و نامانەوێت لۆژیکییانە بیسەلمێنیین کە ئازادی چییە و چۆن بەدەست دێت نیشانەکانی بوون و نەبوونی چییە و لە کوێدایە.

٦- لە کولتووری شیعریدا لەبری گومانی زانستی و پێشکەشکردنی گریمانە و پرسیار و گفتوگۆ و بە دواداچوون و تێگەیشتن کە تایبەتمەندیی کولتووری عەقڵانیین، "لەبەرکردن" هەیە، هەموو شتەکان زانراون، گومان نەخۆشییە و کاری شەیتانە و پرسیارکردنیش هەر لە مناڵییەوە یا بەلاڕیدا دەبرێت یاخود سەرکوت دەکرێت، کەم کەس دەبینرێت هەڵگری پرسیار بێ یاخود هەر بزانێت پرسیاری ماقووڵ بکات، بەڵام بەگشتی لە هەر بوارێکدا پرسیار لە هەر کەسێکیان بکەیت، خێرا وەڵامت دەداتەوە! 

٧- لە کولتووری ڕۆژهەڵاتیدا پتر پشت بە کەلەپوور و لاساییکردنەوەی بۆماوەی پێشینان دەبەسترێت و گرنگی و بایەخی زۆر دەدرێت بە ڕابردوو، لە کاتێکدا لە کولتووری ڕۆژئاوای عەقڵانیدا بڕوایان وایە کە پێشکەوتن لە نوێگەری و کارامەییەوە سەرچاوە دەگرێت نەک بە گەڕانەوە بۆ کەلەپوور و ڕابردوو.

٨- لە کولتووری ڕۆژهەڵاتیدا پتر باس لە فیکری دەستەجەمعی دەکرێت، بە جۆرێک سەیری مرۆڤ و تاک دەکرێت، وەک بەشێک لە کۆمەڵگە و کۆمەڵگەیەکیش کە ڕیشە و کولتوور و مێژووی هاوبەشی هەیە، بەڵام لە کولتووری ڕۆژئاواییدا، وەک بوونێکی سەربەخۆ دەڕوانرێتە مرۆڤ و تاک و دەتوانێت ژیانی خۆی بکات بەبێ ئەوەی کۆتی بەها و نەریتی کۆمەڵگەکەی بێت، هەر ئەم دوو دید و ژیانکردنەشە هۆکاری بنەڕەتی ئەوەی تا هەنووکە لەم ڕۆژهەڵاتە ئاگایی دروست بۆچەمکی ئازادی نییە.

٩- ئەگەرچی ئاماژەیەکمان پێ داوە، کولتووری ڕۆژهەڵاتی لە گوزارشتکردندا، لیریکییە و دەربڕینەکانی مۆسیقی و پتر خەیاڵین تا بەرجەستەکراوەی واقیع یان نازانێت چۆن لە واقیعدا بەرجەستەیان بکات، لە کاتێکدا کولتووری ڕۆژئاوایی پشت بە فیکری ڕەخنەگرانەی جەدەلییانە دەبەستێت و وا سەیری داهێنان دەکات کە ئامرازێکە بۆ ورووژاندنی پرسیار نەک دەربڕینی سۆزدارانە.

١٠- کولتووری باڵا ئەو کولتوورەیە کە خواستە بایۆلۆژی و پێداویستییە غەریزییەکانی تاکی مرۆڤ کە زۆرجار هاوبەشن لەگەڵ گیاندارانی دیکەدا بەگشتی تێدەپەڕێنێت و ژیانی هاوبەش، یاخود ئەوەی پێی دەگوترێت ژیان و بواری گشتی ڕێک دەخات و ژیانی دەستەجەمعی و کۆمەڵگەی مرۆیی سیستماتیک دەکات و بەریەککەوتنەکان لە لۆژیکی هێزەوە دەکاتە هێزی لۆژیک، هەموو ئەمانەش لە کولتووری عەقڵانیدا ئەگەری ڕوودانی هەیە، چونکە کولتووری خودیی و شاعیرانە، تەنیا خۆی دەبینێت و لە خۆشییەوە لە دنیا دەڕوانێت.

١١- لە کولتووری شاعیرانەدا، تەنانەت ئاشنابوون و هاتنەوە لەگەڵ تێز و دیدێکی فەلسەفی، ئایدۆلۆژیا، تیورییەکی سیاسی یان ئابوری، ڕێچکەیەکی ئایینی، وەک بابەتێکی ئاشقانە وەردەگیرێت نەک قەناعەت پێهێنانی عەقڵانی و خوێندنەوەی ڕایەک و پەسەندبوونی ئارگومێنتەکانی، بۆیە مارکسی و ئایینیەک، نەتەوەیی و نێونەتەوەییەک، مولحید و باوەڕدارێک، بەگشتی جەزبەی دەروێشانە و حاڵ دەیانگرێت بۆ ئەو بە حساب قەناعەتە فیکرییەی لەسەرین؛ مارکسی و شیوعییەکانی عێراق و کوردستان سەدان و هەزاران کەسیان لە سێدارە دراون و سزای سەختی ئەوتۆ دراون کە کەمترینی نینۆک دەرهێنان بووە بە چەندین جۆر حەم، بەڵام چەند کتێبیان هەیە گەشە بە فیکری مارکسیزم بدات؟!، بەپێچەوانەوە، زۆر جار پێشبڕکێ و یەکترتۆمەتبارکردن هەبووە لەنێو گروپە چەپە جیاوازەکاندا کە لادان هەیە لە فیکری لینیین یان ماوتسی تۆنگ، وەک ئەو لادانە خراوەتە ڕوو کە لای کەسێکی ئایینی هەیە!، بەپێچەوانەوە، فەلسەفەی مارکس و تیۆریی سۆسیالیزم چووەتە ڕۆژئاواش، بەڵام تەنیا وەک تیۆرییەک سەیرکراوە و ڕەخنەی لێ گیراوە و گەشەشی پێدراوە، نەک ئاشقی ببن و قوربانیی بۆ بدەن و شانازی بە قوربانی دانیشەوە بکەن بۆی.

بێ گومان خاڵی بەراورد زۆرن و لە ئەنجامی بەجیهانیبوون و تەکنەلۆژیا، ڕۆژانە لە چەندین بواردا هاوڵاتی ئاسایی ڕووەکانی بەراورد دەبینێت و خۆی بەراورد دەکات لەنێوان دوو چەشن ژیانی تەواو لێک جیاوازدا و زۆر بەسانایی ڕۆژهەڵاتییەک درک بە تەڵزگەکانی چۆنییەتیی ژیانی دەکات، بەڵام گرنگە بزانیین لە دەرەوەی کولتوورێکی عەقڵانیدا گەڕان بەدوای ژیانی شایستەدا مەحاڵە.

 

ئەنجام

لەم نووسینەدا پەیمان بەوە برد، بۆچی دوو کولتووری ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی جیاوازن، هەندێک لە بنەما و ڕیشەی جیاوازییان لە کوێدایە، بۆچی کولتووری ئەم ناوچەیەمان بە شاعیرانە و کولتووری ڕۆژئاوامان بە عەقڵانی ناوزەد کرد. لەنێو بابەتەکاندا باسمان لە فرەخوایی و تاکخوایی و ژانرەکانی شیعر و شانۆ و دەسەڵاتی شار و ئیمپراتۆرییەکانی ڕۆژهەڵات کرد  وەک ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی ئەم دوو کولتوورە جیاوازە. دواتر وەک نموونە، لەڕووی ئاراستەی بیرکردنەوە، زمان، مۆتیڤی عەقڵ و هەست و سۆز، مەنهەجییەت و میزاجییەت، گرنگیدان بە ژیانی تایبەت و گشتی، بۆ لە کۆمەڵگەدا ژیان و سەربەخۆبوونی کەسایەتی و....هتد، لە زۆر ڕووی دیکەوە بەراوردی هەندێ بوار و کایەی نێو ئەم دوو کولتوورەمان کرد.



                                              سەرچاوەکان

١- هوتر، جیرالد، سلطة الصورة الذهنیة، ترجمة : د.علا عادل، الطبعة الأولی ٢٠١٤م، نشر عین للدراسات و البحوث الانسانیة و الاجتماعیة.

٢- لویس، جنفیاف رودیس، دیکارت و العقلانیة، ترجمة: عبدە الحلو، الطبعة الرابعة١٩٨٨م، منشورات عویدات بیروت-باریس.

٣- ستیس، ولتر، الدین و العقل الحدیث، ترجمة: ‌إمام عبدالفتاح إمام، الطبعة الرابعة ٢٠١٤م. التنویر للطبع و النشر.

٤- راسل، برتراند، ما وراء المعنی و الحقیقة، ترجمة : محمد قدری عمارة+إلهامی جلال عمارة، الطبعة الاولی ٢٠٠٥م، المجلس الاعلی للثقافة.

٥- القمنی، سید، الاسطورة و التراث، الطبعة الثالثة ١٩٩٩م، المرکز المصری لبحوث الحضارة.

٦- جود، سی إم إی، المدخل الی الفلسفة الحدیثة، ترجمة: کریم منی، الطبعة الاولی ١٩٥٠م، مطبعة الرابطة للطبع و النشر المحدودة، بغداد.

٧- وهبة، مراد، جرثومة التخلف، الطبعة الاولی ٢٠٠١م، دار قباء للطباعة و النشر و التوزیع.

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X