پ. د. ئازاد حەمە شەریف (مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر)
١. پێشەکی
توێژینەوە و باسکردنی دوو بابەتی لە ڕووکەشدا دژبەیەک و پێچەوانە کارێکی سەخت و دژوار و تاقەت پڕووکێنە، چونکە فەلسەفە سەروکاری لەگەڵ ھزر و ھۆشدا ھەیە و خۆشەویستی لەگەڵ ھەست و سۆز. بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت کەوا ھیچ جۆرە پەیوەندی و تێکەڵبوونەوەیەک لەنێوان جەمسەرەکانی ئەو دوو بابەتەدا نییە. بەڵکوو بەپێچەوانەوە دوای توێژینەوە و کنە و ھەڵکۆڵینکاری ورد، ئەوسا دەردەکەوێت کەوا ئەو دوو جەمسەرە نەک ھەر پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان بەیەکەوە ھەیە، بگرە ئەوەندە پێکدی بەستراونەتەوە کەوا لێکتر جیاکردنەوەیەکان نیمچە ئەستەمە. خۆ ئەگەر بمانەوێت بەتەواوی باسی ئەو پەیوەندی و پێکەوەبەسترانەوەیە بکەین، ئەوا بابەتەکە لە توێژینەوەیەکی کورتی وادا جێگای نابێتەوە و دەبێت کتێبێکی گەورە و سەربەخۆی بۆ تەرخان بکرێت. ھەڵبەتە ساڵانێکە بەو بابەتەوە خەریکم و دوو کورتەوتاریشم لەمەوبەر لەسەر ئەو بابەتە بڵاو کردۆتەوە. بەدڵنیاییەوە ئەمە پرۆژەی کتێبێکمە کەوا ڕەنگە لە داھاتووێکی نزیکدا ڕووناکی ببینێت. جا بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەکی ورد و زانستییانە توێژینەوە لەسەر ئەو بابەتە ھەستیار و ناسکە بکەین، بمانەوێت و نەمانەوێت ئەم دوو پرسیارە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە. خۆ ئەگەر بمانەوێت لە ڕەگ و ڕیشەی ئەو بابەتە بگەین، ئەوا بە ھیچ شێوەیەک ناتوانین خۆمان لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە بدزینەوە. بۆیەش ھەر دەبێت لەو دوو پرسیارەی خوارەوە دەست پێ بکەین:
پرسیاری یەکەم: فەلسەفە چییە؟
پرسیاری دووەم: پەیوەندی فەلسەفە بە کولتووری خۆشەویستییەوە چییە؟
فەلسەفە وشەیەکی لێکدراوی گریکییە و لە ھەردوو وشەی (فیلۆ+سۆفی) پێکھاتووە. (فیلۆ) بە واتای (خۆشەویستی) دێت و وشەی (سۆفی) بە واتای (زانین/ ژیری) دێت. ھەردوو وشە پێکەوە بە واتای (خۆشەویستیی ژیری و زانین) دێت. جا لەبەرئەوەی فەلسەفە لەبنەڕەتدا ھەوڵێکە بۆ پرسیارکردنی مانادار لەبارەی ڕەوشی مرۆڤ لەسەر ئەم گۆی زەوییەدا، فەلسەفە بە ئەرکی سەرشانی خۆی زانییوە پرسیار لەبارەی ھەموو شتێکەوە بکات، جا گیانلەبەر بێت یان بێگیان (ھەرچەندە بەڕای من لەم گەردوونە سەیروسەمەرەیەدا ھەموو شتێک، تەنانەت ئەو شتانەی ئێمە بە مردووشیان دادەنێین وەکوو ئاو، ھەوا ، خاک و خۆڵ و ئاگر و بەرد و ھتد... گیانی تێدایە، بەڵام ئەوە ئێمەی مرۆڤیین کەوا لێیان تێناگەین.)
جا وەکوو پێشتریش گوتمان لەناو خودی فەلسەفەدا وشەی خۆشەویستی نیو بڕگەی یەکەمی وشەکەی پێکھێناوە، کەواتە فەلسەفە بە ھیچ جۆرێک دوور نییە لە خۆشەویستی و کرۆکی خۆشەویستیش زانین و ناسین و ڕامان و لێکدانەوە و تێگەیشتنە لە بوون و دیاردەکانی بوون. ھەرکاتێکیش مرۆڤ توانی بەتەواوی لە ڕەگ و ڕیشەی شتەکان بگات، ئەوا ئاشنایەتی لەگەڵیان پەیدا دەکات و ئاشنایەتیش یەکەم ھەنگاوە بەرەو مێشک کرانەوە و پێکەوەھەڵکردن و گونجان و خۆشەویستی. ئەگەر وانەبوایە مرۆڤ کەوا ملیۆنان ساڵ شەڕی یەکتریان بەتاک و بەکۆمەڵ لەسەر خاک و خۆراک و پلە و پایە و دەسەڵات و پارە کردووە، دواتر نەدەھاتن پێکەوە دابنیشنەوە و گفتوگۆ لەگەڵ یەکتری و ژن و ژنخوازی و خزمایەتی و سەردانکردنی یەکتر و دەستە و کۆمەڵە و ڕێکخراو و دامودەزگای مرۆڤپەروەرانە لەسەرانسەری دنیادا دروست بکەن و تاک بە تاک و بەپێکەوەیی لەکاتی لێقەومان و کارەساتەکاندا دەستی یارمەتی و خزمەتگوزاری بۆ یەکتری درێژ بکەن. نھێنیی ئەم گۆڕانکارییە مەزنە ئاشنایەتی و مێشککرانەوە و خۆگونجاندن و لێکتێگەیشتنە و وەکوو پێشتریش گوتم لێکتێگەیشتن دەرەنجامی سەرەکیی ئاشنایەتییە و چوارەم قۆناغی خۆشەویستییە.
کەواتە ئەگەر قۆناغبەندی بۆ خۆشەویستی بکەین، دەبینین بەم ڕیِزبەندیە بەرەوپێش دەڕوات:
سەرنجڕاکێشان ← ئاشنایەتی ← خۆگونجاندن ← لێکتێگەیشتن ← خۆشەویستی.
بەڵام ھێشتا لەمەش سەیرتر ئەوەیە مرۆڤ ھەنگاوێکی دیکە لەو کاروکردەیەی خۆشەویستی چووە پێشەوە. ئێستا مرۆڤە ئاقڵمەندەکان لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا نەک تەنیا یەکتریان خۆش دەوێت، بەڵکوو ھەرچی گیانەوەری ماڵی و کێویشە لەلایان خۆشەویست و جێگای بایەخە. جا با بپرسین: چی وایکرد گۆڕانکاری لە پەیوەندی دوژمنکارییانەی ملیۆنان ساڵەی نێوان مرۆڤ و گیانەوەرە (دڕندەکان؟؟؟.!!!) بێتە کایەوە؟ ھەڵبەتە بێ سی و دوو ھۆکارەکەی پرسیارکردنی مانادارە لەبارەی گەوھەر و نەژادی شتەکان. مرۆڤ و گیانەوەر ھەردووکیان خاوەنی (واڕسک/غریزە)ن؛ واڕسکیش وای لە ھەر یەکێکیان کردووە لەپێناوی مانەوەی خۆی بەرگریی شێتانە لە بوونی خۆی بکات. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ئەزموونی مرۆڤ لەبارەی گیانەوەرەکان و ئەزموونی گیانەوەرەکان لەبارەی مرۆڤەوە بەرە بەرە کەڵەکە بوون و ھەردوولا بە یەکتر ئاشنا بوون و تاڕادەیەک پێکەوە خۆیان لەگەڵ یەکتر گونجاند و بەو پێیەش خۆشەویستی کەوتە نێوانیانەوە و بەم خۆشەویستییەش دەروازەیەکی نوێ بۆ ئاشتی و ئارامی و ئاسوودەیی ڕۆحی بۆ ھەردوولا دەستەبەر بوو.
خۆ ڕەنگە ھەندێک کەس ڕەخنەی ئەوە بگرن و بڵێن: کەی گیانەوەر ڕۆحی ھەیە؟ وەکوو پێشتریش گوتم ھیچ شتێک لەم گەردوونەدا نییە بێڕۆح بێت: جا گەورە بێت یان بچووک. ئەوە مێشکی تا ئێستا خەوتووی مرۆڤە ساڵ لەدوای ساڵ واگا دێتەوە و نھێنیی شتی نوێمان بۆ ئاشکرا دەکات، لە ئایندەشدا پەرجووی وا دێتە کایەوە مرۆڤ سەرسام و ھێدمەگیر دەکات. خۆ ئەگەر تا ئێستا کەسێک مابێت ھەر باوەڕ بەو قسانە نەکات و ڕەخنە بگرێت، من ئەو پرسیارە ئاڵۆزانە بەرەو ڕووی ئەو کەسە دەکەمەوە: ئەرێ چۆنە بە مۆبایلێکی بێڕۆح لەگەڵ ئەوسەری دنیا قسە دەکەیت و دەنگ و ڕەنگ و وێنە دەگۆڕیتەوە؟ ئەرێ چۆنە بە پارچە شووشەیەکی بێڕۆح ھەموو دنیا لە ماڵەکەی خۆتدا لە ئانوساتی ڕوودانیدا دەبینیت؟ ئەرێ چۆنە بە پارچە کانزاییەکی ڕەق و تەق دەچیتە پەڕەگەی ئاسمان و لە باڵندە باڵدارتر دەبیت؟ ئەرێ چۆنە بە تیشکێکی نەبینراو ناو جەستە و ناو ھەناوت بە یەک ساتەوەخت دەپشکنرێت؟ ئەرێ چۆنە بە پارچە حەبێکی چەند میلیگرامی کەیفت ھەڵدەسێت و دەکەویتە ھەلەکەسەما؟ ئەرێ چۆنە بە فڕێک شلەمەنی قسەی کەس نەکردە دەکەیت و چەند ساتێک دواتر حاشا لەوە دەکەیت تۆ ئەو قسە و ڕەفتارە (جوانانەت!) کردبێت؟ ئایا ئەوە خۆت بوویت، یان ڕۆحی شلەمەنییەکە بوو وا تەفرەی دایت و ئەو کارانەی پێ کردیت؟ ئەگەر بمەوێت سەدان ئەرێ چۆنەی تر لێرە دەنووسم، بەڵام بۆ کەسێک کەس بێت، دەبێ ئەلفێکی بەس بێت!
دیسان و دیسان دووپاتی دەکەمەوە، فەلسەفە و بیری فەلسەفاندن ڕێگاخۆشکەر بوون و دەبن بۆ پەرەپێدانی کولتووری لێکتێگەیشتن و ڕێزی یەکترگرتن و پێکتر ئاشنابوون و سڕینەوەی دیواری نێوان مرۆڤ و گیانەوەر و مرۆڤ و مرۆڤەکانی دیکە جا لە ھەر ڕەگ و ڕیشە و نەژاد و ڕەگەز و تۆرەمەیەک بن. ئەوانەی کەوا بەرفەرمانی کولتووری خۆشەویستی نین و نابن، ئەوان کەسان چ لە ڕۆژھەڵات بن و چ لە ڕۆژئاوا، چ لە نەتەوەی خۆمان بن و چ لە نەتەوەی جیاواز، چارەنووسی مێژوویی ئەوان بەرەو ھەڵدێرە و ئەوان زوو یان درەنگ لەناو توندوتیژی و نالێبووردەیی و جەنگ و کارەسات دەتلێنەوە. ئەمەش دەقاودەق فەلسەفەی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتییە.
٢. ڕەگ و ڕیشەی بیری ناتوندوتیژی و کولتووری خۆشەویستی لە کتێبە ئاینییەکاندا
یەکێک لە کۆنترین نووسراوی بەردەست لەبارەی خۆشەویستی و چاکەخوازی مرۆڤ لەم سەرزەمینەدا کتێبی "ئاڤێستا"یە. لە کتێبی ئاڤێستادا ، ئاھورامەزدای مەزن ڕێنوێنی مرۆڤ دەکات بۆ "بیری چاک، گوفتاری چاک، کرداری چاک". ئەمەش بێ گومان مرۆڤ لە ھەموو جۆرە ڕق و کینەیەک دەپارێزێت و وای لێدەکات ھەرچی مرۆڤ بیری لێ دەکاتەوە و دەیڵێت و دەیکات لە سنووری چاکە و چاکەکاریدا نەچێتە دەرەوە.
دووەمین کتێب لەبارەی لێبووردەیی و ناتوندوتیژی و کولتووری خۆشەویستی کتێبی "بەھاگاڤاد گیتا"یە. لە کتێبی بەھاگاڤاد گیتادا، کەوا کتێبێکی یەگجار کۆنی ئاینی ھیندییەکانە، خۆشەویستیی پیرۆز وەکوو ڕێچکەی گەیشتن بە ئازادی ڕۆحی پێناسە کراوە. ھەر ئەو ھێزە گۆڕێنەرەیە مرۆڤ بە خودا دەبەستێتەوە. لەو کتێبەدا بەم جۆرە باس لە کولتووری خۆشەویستی و لێبووردەیی کراوە: "ئەگەر دەتانەوێت مرۆڤە ئازاکان بدۆزنەوە، بەدوای ئەو کەسانەدا بگەڕێن کەوا توانایی لێبوردن و بەخشینیان ھەیە و ئەگەریش دەتانەوێت کەسانی قارەمان بدۆزنەوە، بەدوای ئەو کەسانەدا بگەڕێن کەوا لە بەرانبەر نەفرەتدا، بە ئەوین و خۆشەویستییەوە وەڵام دەدەنەوە."
بە ھەمان شێوە، حەزرەتی "بودا"ی مەزن، کەوا لە دەوروبەری ساڵانی (٥٥١ پ. ز -- تا دەوروبەری ٤٧٩ پ.ز) ژیاوە، زۆر جوان بۆ بابەتی خۆشەویستی چووە و خۆشەویستیی بە خێزان و کۆمەڵگە بەستۆتەوە. بودا تا ئەوپەڕەکەی دژی ڕق و کینە و تووڕەیی و توندوتیژی بووە و لەو بارەیەوە دەڵێت :" کاتێک خۆمان دەدەینە دەست ڕق و تووڕەیی، ئەوا خۆمانین بەدەستی خۆمان ڕۆحی خۆمان ئازار دەدەین." یان کاتێک دەڵێت: "ئەو کەسەی ڕۆحی خۆی خۆش دەوێت، نابێت بەھیچ جۆرێک ئازاری ڕۆحی کەسانی تر بدات."
لە "ئینجیلی پیرۆز" کتێبی ماتیۆس، بەشی پێنجەم، ئایەتی چل و چوارەمدا، خۆشەویستی و لێبووردەیی گەیشتۆتە ڕادەیەکی بەرزتر: "... دوژمنی خۆتان خۆش بوێت، ئەوانە پیرۆز بکەن کەوا نەفرەتتان لێ دەکەن، چاکە لەگەڵ ئەوانە بکەن کەوا ڕقیان لێتانە ...."
لە "قورئانی پیرۆز"دا، سوورەتی (القێێ) ، ئایەتی پەنجا و چوارەمدا ، خودا بەڵێن بەوانە دەدات کەوا "دان بەخۆدا دەگرن و لەڕێگای چاکەکارییەوە خراپە لەخۆ دوور دەخەنەوە، پاداشتی ئەوان دوو قات دەبێت..." و لە فەرموودەیەکی پێغەمبەریشدا، کەوا (الترمزی) گێڕاویەتەوە، ئەوە ھاتووە: "چاکە بەدوای خراپەدا بھێنە و بەمەش خراپەکە دەسڕێتەوە...."
کەواتە ھەموو کتێبە ئایینیەکان پێ لەسەر کولتووری لێبووردەیی و بەخشندەیی و بەزەیی و خۆشەویستی دادەگرن و بەڕای ئەو کتێبانە ئەگەر مرۆڤ بیەوێت ژیانێکی خۆش و بەختەوەر بۆ خۆی و خەڵکانی دیکە دابین بکات، پێویستە بەر لە ھەموو شتێک پەرە بە لێبوردەیی و کولتووری خۆشەویستی بدات، دەنا ڕق و تووڕەیی و توندوتیژی ھەمیشە ماڵوێرانی بۆ ھەموو لایەک بەدواوەیە، چونکە ھیچ کاتێک لە شەڕ و ململانێدا براوە و دۆڕاو نییە، ئەوەی ھەیە و نییە تەنھا و تەنھا دۆڕانە و بەس.
٣. لێبوردەیی و کولتووری خۆشەویستی لای نووسەران و بیرمەندان و فەیلەسوفان
نووسەران و بیرمەندان و فەیلەسوفان وێژدانی زیندووی مرۆڤایەتی و ڕابەری ڕێگای ڕاست و دروستن بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی. ئەوان لە ھەر سەردەمێکدا ژیابن، قسە و تێڕوانینی خۆیان ھەبووە لەبارەی کێشە و ئارێشە جۆراوجۆرەکانی ژیان و کۆمەڵگەکانیان. ئەوان ڕێنیشاندەری کۆمەڵگەکانیانن و قسە و گوفتاری ئەوان پوختەی ئەزموونی پڕشەونخوونیی دوورودرێژیانە لەپێناوی خۆشگوزەرانی و خۆشبەختیی وڵات و نەتەوە و مرۆڤایەتیدا.
کۆنترین فەیلەسوف کەوا باسی لە چەمکی خۆشەویستی کردووە "ئێمپیکلۆدیس"ی گریکییە. ئەو فەیلەسوفە لەنێوان ساڵانی (٤٩٠ پ. ز -- ٤٣٠ پ. ز.)دا ژیاوە. ئەو لە شیعرێکیدا بە ناونیشانی "لە بارەی سروشتەوە" باسی خۆشەویستی دەکات وەک "حەز و ئارەزوو". خۆشەویستی لای ئەو ئەوەندە کاریگەرە بۆیە بە ھێزێکی بنەڕەتیی ئەم گەردوونەی دادەنێت. لەلای "ئێمپیکلۆدیس" خۆشەویستی ھێزێکی ئەوەندە توانایە کەوا پاڵ بە گەردوونەوە دەنێت و بەرەوپێشچوونی گەردوون ئاڕاستە دەکات و ھەر ئەو ھێزە مەزنەشە کەوا پەیوەندیی نێوان ھەموو بوونەوەرەکان ڕێک دەخات.
دوای ئێمپیکلۆدیس، گەورە فەیلەسوفی گریکی ئەفلاتون کەوا لەنێوان ساڵانی (٤٢٨ پ. ز -- ٣٤٨ پ. ز.)دا ژیاوە، لە ھەردوو کتێبی (سیمپۆزیەم) و (فیدرەس)دا بە قووڵی لە چەمکی خۆشەویستی کۆڵیوەتەوە. بەلای ئەفلاتون خۆشەویستی ڕوخسارێکی بنچینەیی سروشتی مرۆڤە و پێکھێنەرێکی سەرەکیی ڕۆحی مرۆڤە. ئەفلاتون پێی وایە خۆشەویستی ھێزێکی ھەڵکشێنەر و ھەتاھەتاییە و توانایی ئەوەی ھەیە ڕۆحی مرۆڤ بۆ ئاستی خوداوەند بەرز بکاتەوە.
کەچی ئەرستۆ (٣٨٤پ.ز. --٣٢٢ پ.ز.) زیاتر دەچێتە قووڵایی بابەتی خۆشەویستی و جۆرەکانی خۆشەویستی پۆلین دەکات. لای ئەرستۆ چوار جۆر خۆشەویستی ھەن: یەکەمیان خۆشەویستیی خێزانە، دووەمیان خۆشەویستیی ھاوڕێیەتیە، سێیەمیان دڵدارییە، چوارەمیشیان خۆشەویستی ڕەھای بێمەرجە. لەلای ئەرستۆ خۆشەویستی سۆزێکی بنچینەیی مرۆڤە و ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت بۆئەوەی لە خۆمان و ئەوانی دیکە بگەین.
لە ھیندستانی کەونارادا، ڤاتسیایانای فەیلەسوف، کەوا لە دەوروبەری سەدەی یەکەم یان دووەمی زاینی ژیاوە، لەناو توێژینەوەکەی بەناوی (کاماسوترا) باسی بابەتی خۆشەویستیی کردووە. ڤاتسیایانا خۆشەویستی وەکوو سۆزێکی ئاڵۆز و ھەمەڕوخسار دەبینێت. ئەو سۆزەش ڕەھەندەکانی جەستەیی و سۆزداری و ڕۆحی دەگرێتە خۆی. لەلای ئەو فەیلەسوفە ھیندییە، خۆشەویستی ڕوخسارێکی بنەڕەتیی سروشتی مرۆڤە و پێکھێنەرێکی سەرەکیی ژیانێکی پڕ بەرھەم و مانادارە.
شاعیری مرۆڤپەروەر و سوفیستی گەورە (جەلالەدینی ڕۆمی ١٢٠٧-١٢٧٣) گەوھەری بیر و ڕوانینی خۆی بە کورتترین شێوە لەبارەی خۆشەویستییەوە دەربڕیوە و بەلای ئەو ڕاز و نھێنیی مرۆڤایەتی لەم گەردوونە پانوپۆڕە پەنھانەدا تەنھا و تەنھا بەیەک تاقە ئامڕاز دەکرێتەوە، ئەویش خۆشەویستییە. ببینن چی دەربارەی خۆشەویستی گوتووە: "خۆشەویستی شاکلیلێکە دەروازەی شادی و بەختەوەری دەکاتەوە."
فەیلەسوفی ڕۆشنگەری (ئێمانۆئێل کانت ١٧٢٤--١٨٠٤) خۆشەویستی وەک ھەست و سۆز نابینێت، بەڵکوو خۆشەویستی لەلای ئەو بنەمایەکی ڕەوشتییە کەوا ڕەفتاری مرۆڤ ئاڕاستە دەکات. کانت دوو جۆرە خۆشەویستی لێک جیا دەکاتەوە؛ ئەوانیش خۆشەویستیی دەردەدارانە و خۆشەویستیی کردەکارانەن. خۆشەویستیی دەردەدارانە لایەنی سۆزداریی خۆشەویستی دەگرێتەوە؛ کانت پێی وایە ئەم جۆرە خۆشەویستییە لەژێر کاریگەریی بەرژەوەندیی کەسی و حەز و ئارەزووەکاندایە. بەپێچەوانەی ئەمەوە، خۆشەویستیی کردەکارانە لەسەر بناغەی بنەمای ڕەوشتی ھەڵنراوە و ئەم جۆرە خۆشەویستییە لەژێر کاریگەریی بیرکردنەوە و ھەستی بەرپرسیارێتی دایە. کانت پێی وایە کەوا خۆشەویستیی کردەکارانە تاکە شێوەی خۆشەویستییەکی بەڕەوشتانەیە، چونکە ئەمەیان لەسەر بناغەی ڕێز و ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر خەڵکانی دیکەوە ھەڵنراوە، نەک لەسەر بەرژەوەندیی کەسی یان گیرۆدەبوونی سۆزداری. لە ڕوانگەی (کانت)ەوە، خۆشەویستیی کردەکارانە پێکھێنەری سەرەکیی فەلسەفە ڕەوشتییانەکەی ئەوە، چونکە ئەمە دەبێتە ڕێسا و یاسای ڕەفتارکردن بە ڕێز و شکۆمەندییەوە لەگەڵ خەڵکانە دیکە.
بیرمەندی گەورەی ھیندستان (مەھاتما گاندی ١٨٦٩--١٩٤٨) گەورەترین شۆڕشی بێ توندوتیژیی دژ بە داگیرکەران تەنھا بە سێ وشە بەرپا کرد؛ ئەوانیش بریتی بوون لە: "راستی و خۆشەویستی و بیری ناتوندوتیژی." لەمەش زیاتر گاندیی مەزن دووپاتی کردۆتەوە : " لە شوێنێک خۆشەویستی نەبێت، ژیانیش نییە."
فەیلەسوف و شاعیری گەورەی ھیندستان ڕابیندراناس تاگوور کەوا لە ساڵی (١٨٦١-١٩٤١) ژیاوە، باسی چوار جۆرە خۆشەویستی دەکات. ئەوانیش ھەر یەکە و پێکەوە دەبنە مایەی ئاسوودەیی و دڵخۆشی یان خەم و ئازار بۆ مرۆڤ لەسەر زەوی:
یەکەمین جۆر: خۆشەویستیی خودایی
تاگوور خۆشەویستی وەکوو ڕێچکەی گەیشتن بە خودا دەبینێت. ئەو لە نووسینەکانیدا باس لە پەیوەندیی نێوان تاک و سەرجەم مرۆڤایەتی دەکات و وادەبینێت کەوا ئەوە خۆشەویستییە پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان بۆ ئاستی تێکەڵبوون و یەکبوونی ڕۆحی بەرز دەکاتەوە. لەلای تاگوور، خۆشەویستی جۆرێکی دیکەی پەرستنە، ئەمەش ڕێگایەکە بۆ داننان بە ھەبوونی ڕۆحی خودایی لەناو ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤدا.
دووەمین جۆر: پەیوەندیی مرۆڤانە
تاگوور بەقووڵی ڕۆ دەچێتە ناو وردەکارییەکانی خۆشەویستیی مرۆڤانە. بە بڕوای ئەو، ئەم جۆرە خۆشەویستییە سەرچاوەی خۆشی و ئازارە. کەسایەتییەکانی ناو نووسینەکانی تاگوور ھەست بە تامی خۆشی و ناخۆشی خۆشەویستی دەکەن. ئەم چەشنە خۆشەویستییە تێکەڵەیەکە لە خۆشەویستیی مرۆڤانە و ئاسمانی، ھەر ئەم تێکەڵەییەشە وادەکات پرلە ھەڵبەز و دابەز بێت و ساتێک خۆشی و ساتێکی دیکە ئازار و مەینەتی لێ بکەوێتەوە.
سێیەمین جۆر: خۆشەویستیی سروشت
لە ڕوانگەی تاگوورەوە، سروشت ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت لە دەرخستنی خۆشەویستی. سروشت بەو ھەموو جوانی و ڕەنگاوڕەنگییەی ھەیەتی ھەستی خۆشەویستی لە ناخی مرۆڤەکاندا چڕ دەکاتەوە. بەدوای یەکترداھاتنی وەرزەکان و شینبوونی گژوگیا و پشکووتنی گوڵ و چریکە و ئاوازی باڵندەکان دڵی مرۆڤ دێنێتە جۆش و وادەکات ھەستی بێزاری لەناو دەروونی مرۆڤ چەکەرە نەکات.
چوارەمین جۆر: خۆشەویستی سەرتاسەری
چەمکی خۆشەویستی لای تاگوور بەرەو سەرجەم مرۆڤایەتی درێژ دەبێتەوە و بۆ ئەودیووی سنوورە دەستکردەکان دەکشێت و ھەموو مرۆڤایەتی دەگرێتەوە. ئەم جۆرە خۆشەویستییە کۆسپ و لەمپەڕەکانی نەتەوە، ئاین، نەژاد و ھتد. تێدەپەڕێنێت. ھەر ئەمەشە وادەکات خۆشەویستی ببێتە ھێزێکی کاریگەری گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی.
وێڕای ئەوانیش نووسەران و بیرمەندانی پایەبەرزی دونیاش لە نووسینەکانیاندا ھەمان شتیان دووبارە کردۆتەوە. (ڕەسوڵ حەمزەتۆڤ ١٩٢٣--٢٠٠٣) جوانی گوتووە کاتێک دەڵێت: "ئەم ژیانە بەشی خۆشەویستی ناکات، چ جای ڕق و کینە!" با بە قسەی (مارتن لۆسەر کینگ ١٩٢٩--١٩٦٨) بکەین کە دەڵێت: "خۆشەویستی تاکە ھێزێکە دەتوانێت دوژمن بکاتە دۆست." (ئۆدن ١٩٠٧--١٩٧٣)ی شاعیری مەزنی مرۆڤایەتی لەم بارەیەوە قسەیەکی زۆر بەھێزی کردووە کاتێک ژیان بە خۆشەویستی دەبەستێتەوە و پێی وایە ئەم ژیانە بەبێ خۆشەویستی لە ھەموو مانایەک بێبەشە و شایەنی مانەوە نییە ئەگەر خۆشەویستیی تێدا نەبێت. با بزانی ئۆدن چی دەڵێت: "پێویستە یەکترمان خۆش بوێت، دەنا واباشترە بمرین."
ڕابەری ڕۆحیی تیبتییەکان (دەلای لاما ١٩٣٥ - ؟) زۆر بەگرنگی لە خۆشەویستی دەڕوانێت و پێی وایە بەبێ خۆشەویستی بوونی مرۆڤ لەسەر ئەم گۆی زەوییەدا ئەستەمە و بەبێ خۆشەویستی سەرجەم مرۆڤایەتی لە مەترسییەکی چاوەڕوانکراودایە. لەلای ئەو، خۆشەویستی و سۆز کۆڵەگەی ھەرە بەھێزی ئاشتی و ئاسوودەیین و پێویستە پارێزگارییان لێ بکرێت بۆئەوەی ھاوسەنگی تێکنەچێت: "خۆشەویستی و سۆز کۆڵەگەی ھەرە بەھێزی ئاشتیی دنیان." ئەو زۆر بە سەلیقە و وردەکارییەوە لەبارەی ھێزی گۆڕانکاری دروستکەری خۆشویستنی خەڵکییەوە گوتوویەتی: "خۆشەویستی تاقە ڕێگایەکە بۆ گۆڕینی خەڵک تەنانەت ئەگەر ئەو خەڵکانە دڵیان پڕ ڕق و کینەش بێت بەرامبەر بە ئێوە... ئەگەر ئارامتان ھەبێت و لەسەر خۆشەویستی مکوڕ بن، سەرەنجام ھەر ئێوە سەرکەوتوو دەبن." لەوە زیاتریش دەچێتە پێشەوە و دەڵێت: " خۆشەویستی و سۆز ڕووکاری زێدەکی نین، بەڵکوو ئەوان پێویستییەکی ھەرە بنەڕەتین بۆ خێر و خۆشیی مرۆڤایەتی". سەرەنجام قووڵتر پێداگیری دەکات لەسەر ئەم بابەتە کاتێک دەڵێت: "خۆشەویستی و سۆز ھەستی یەکێتی و پێکەوەسازان لەنێوان خەڵکیدا دێنێتە کایەوە".
دوای ئەم پێشەکییە کورتە، پێم باشە ئەو تەوەرانە دیاری بکەین کەوا فەلسەفە ڕۆڵی تێدا بینیووە و دەبینێت بۆ گەشەپێدانی کولتووری لێبوردەیی و ناتوندوتیژی و ژیانێکی پڕاوپڕ لە خۆشەویستی.
٤. خۆشەویستی و دروستکردنی ناسنامە (Identity)
خۆشەویستی یارمەتیدەرێکی بەھێزە بۆ دروستکردنی ناسنامە؛ جا ئەم ناسنامەیە تاکەکەسی بێت یان کۆمەڵگەیی یاخود نەتەوەیی. ئەوە لە ڕێگەی خۆشەویستییەوەیە کەوا تاکەکانی ناو کۆمەڵگە لە پەیوەندیی خۆیان و ئەوانی دیکە دەڕوانن. بەلای ئالان دی بۆتۆن-ەوە خۆشەویستی گیڕانەوەیەک دەخاتە بەردەست کەوا تاکەکان لەڕێگەی ئەمەوە کەسایەتیی خۆیان بنیات دەنێن، ئەمەش مێژووی تاکەکەسی و مێژووی ھاوبەش دەگرێتەوە. بەتایبەتیش، خۆشەویستیی ڕۆمانسی/دڵداری مرۆڤ دەگەیەنێت بە ئەزموونێکی گۆڕانکاریھێن کەوا ھەستی ناسنامە لەلای خود دادەڕێژێت، ئەمەش وادەکات ھەستی دڵخۆشی و ئاسوودەیی و کار ئەنجامدان لەلای تاک بەرز بکاتەوە.
لەپاڵ ئەوەشدا، ڕێگا جۆراوجۆرەکانی دەربڕینی خۆشەویستی بەپێی کۆمەڵگە دەگۆڕێت. لە کۆمەڵگەی ڕۆژئاواییدا کولتوورەکەی ڕێگە بەوە دەدات تاکەکان ڕاستەوخۆ و بەئاشکرا ھەستی خۆیان بۆ یەکتری دەرببڕن. کەچی لە کۆمەڵگەی ڕۆژھەڵاتیدا ئەمەیان زۆربەی جاران پێچەوانەیە، چونکە تاکەکان لە ترسی کۆمەڵگە ھەستەکانی خۆیان دەشارنەوە و لەناوەوەی خۆیان قەتیسی دەکەن.
٥. ڕەخنەگرتنی فەلسەفییانە لە توندوتیژی
فەلسەفە نەک تەنیا پێناسەی خۆشەویستی دەکات بەڵکوو ڕەخنەش لە جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژی دەگرێت. فەیلەسوفێکی وەک ھانا ئارێندت لە چەمکی "ئاساییەتیی خراپەکاری" کۆڵیوەتەوە و ئەوەی خستۆتە ڕوو کەوا چۆن تاکەکەسی ئاسایی بەبێ ھەبوونی ڕق و کینەداری دەتوانێت کاری توندوتیژییانە بکات. جا لە کاتی نەبوونی ھەست و سۆزی خۆشەویستی، ئەوا ڕق و کینە لە زۆر حاڵەتدا بۆشایی تاکە کەسەکان پڕ دەکاتەوە.
وێڕای ئەوەش، تیۆرییەکانی "پەیمانی کۆمەڵایەتی"ی فەیلەسوفانی وەکوو ھۆبز و لۆک و ڕۆسۆ چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتن لە پاساوی فەلسەفییانەی توندوتیژی پەسەندکراو و لایەنگیریکراو لەلایەن دەوڵەتەوە دەخاتە بەردەست. لەو کاتەی ھۆبز توندوتیژی وەکوو ئاکارێکی سروشتیی بوونی مرۆڤ دەبینێت کەوا پێویست بەوە دەکات ڕژێمێکی ستەمکارانە بەرزەفتی بکات، جان جاک ڕۆسۆ گفتوگۆ لەسەر ھێنانەدیی کۆمەڵگەیەکی یەکسان دەکات کەوا خۆشەویستی و ھاوسۆزیی تێدا گەشە دەکات.
٦. کاریگەریی توندوتیژی لەسەر کۆمەڵگە
توندوتیژی ئازارێکی توندی دەروونی و سۆزداری بە تاک و کۆمەڵگەکان دەگەیەنێت. ئەدەبیاتی "کۆنەبرین/تراوما" پێداگرە لەسەر ئەوەی کەوا ئەو کۆمەڵگەیانەی توندوتیژی تێیاندا ڕەگاژۆ بووە، ئەوانە تووشی کۆنەبرین/تراومای بەکۆمەڵ دێن. لەو کۆمەڵگەیانەدا نادادپەروەری مێژوویی و دیمەنەکانی توندوتیژی نەوە دوای نەوە دەگوازرێنەوە. بەرھەمەکانی "جودیس بەتلەر" جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کەوا ژیانی ئەو تاکەکەسانەی کەوتوونەتە بەر توندوتیژی، پێویستە بە خۆشەویستی و ئاگالێبوون قەرەبوو بکرێتەوە.
پێکھاتەی سۆسیۆسیاسی کۆمەڵگە تووندوتیژەکان زۆرینەی جاران نایەکسانی و نادادپەروەری دەکاتە شتێکی ھەمیشەیی. فەیلەسوفانێکی وەکوو "فرانز فانۆن" ئەوە شی دەکەنەوە کەوا توندوتیژیی داگیرکارییانە وا لە ستەمکار و ستەملێکراو دەکات لە ئاکاری مرۆڤانە بێبەش بن. لەناو کەشوبایەکی سۆسیۆسیاسی وادا، خۆشەویستی دەتوانێت وەکوو دژەگیڕانەوەیەکی رادیکاڵانە ھانی تاکەکان بدات لەناو کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکاندا ھاوکاریی یەکتری بکەن.
فەیلەسوفە گفتوگۆکارەکانی وەکوو "مارتن بوبەر" و "پاولۆ فرایری" ڕوانینی ئەوە پێشکەش دەکەن کەوا چۆن خۆشەویستی دەتوانێت لەڕێگای گفتوگۆوە پەرەی پێ بدرێت. چەمکی پەیوەندیی (من--تۆ)ی (بوبەر) پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کەوا لەبەرامبەر یەکتربوونی ڕاستەقینە دەبێتە ھۆی بینینەوەی مرۆڤایەتی لەلای خەڵکانی دیکەوە، ئەمەش وادەکات لە ڕوانینی قازانج خوازانە دوور بکەویتەوە. بۆچوونی فێرکارانەی پاولۆ فرایری ھانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و دیالۆگ وەکوو ئامڕازی بەھێزکردن دەدات و گێڕانەوە سەرکوتکارانەکان دەگۆڕێت بۆ گێڕانەوەی ھاوکارییانە کەوا ڕەگوڕیشەی لەناو خۆشەویستی و ڕێزدا داکوتاوە.
٧. رۆڵی ھاوسۆزیی فەلسەفیانە
ھاوسۆزی بیرۆکەیەکی سەرەکییە لە گفتوگۆی فەلسەفی لەبارەی خۆشەویستییەوە. فەیلەسوفە ئاکارخوازەکانی وەکوو "مارتا نوسباوم" و "ئێمانۆئێل لێڤیناس"، پشتیوانی لە ھاوسۆزی دەکەن وەکوو پێویستییەکی یەگجار گرنگی ئاکارداری. لەڕێگەی ھاوسۆزییەوە دەتوانرێت توندوتیژی پێچەوانە بکرێتەوە. بۆچوونە تواناسازییەکانی نوسباوم جەخت لەسەر پێویستی ئەوە دەکەنەوە کەوا کۆمەڵگەکان دەبێت ژینگەی وا بڕەخسێنن سۆز و خۆشەویستی تێدا گەشە بکات، سەرەنجام ئەمەش دەبێتە ئەوەی ئەو ناوی خەیالی ھاوسۆزیی لێ ناوە. بەرزڕاگرتنی ھاوسۆزی لە گوتاری کۆمەڵگەییدا یامەتیدەرە بۆ لەپەلوپۆخستنی نامرۆڤایەتیی سیستەماتیکی؛ ئەو جۆرە نامرۆڤایەتییەی کەوا لەناو کاروکردە تووندوتیژەکاندا ماوەتەوە.
٨. چۆنییەتیی بەکارھێنانی چەمکە فەلسەفییەکان لە کۆمەڵگە توندوتیژەکاندا
پەروەردە یەکێکە لە ئامڕازە ھەرە کاریگەرەکانی داچاندنی کولتووری خۆشەویستی و ناتوندوتیژی. لەڕێگەی دانانی گفتوگۆی فەلسەفی لەبارەی خۆشەویستی، ھاوسۆزی و دادپەروەری سۆسیۆسیاسی لەناو بابەتەکانی خوێندندا، دەتوانرێت ژینگەیەکی وا پەرە پێ بدرێت کەوا نەوەکانی دواڕۆژ بتوانن لەڕێگای خۆشەویستییەوە دژی توندوتیژی بوەستنەوە.
پاولۆ فرایری لە کتێبی "پیداگۆجی ستەملێکراوان"دا جەخت لەسەر ھۆشیاریی ڕەخنەیی دەکاتەوە کەوا بەرەنگاری پێکھاتە سەرکوتکارەکان دەبێتەوە. لە ڕوانگەی فرایری-ەوە، ستەملێکراوان تەنیا ئەو کاتە ئازاد دەبن، ھەرکە دیدێکی ڕەخنەییان بۆ ڕەوشی نالەباری خۆیان و کۆمەڵگەکانیان ھەبێت. ھەڵبەتە یەکەمین توێژیش کەوا خاوەنی کتێبی "پیداگۆجی ستەملێکراوان" کاری لەسەریان کردووە، توێژی خوێندەوارانە. جا بە دروستکردنی دیدێکی ڕەخنەیی بۆ ھەڵسەنگاندنی دنیای دەوروبەر لای خوێندەواران، پەروەردەکاران دەتوانن ھەستی ھاوسۆزی و پابەندبوون بە دادپەروەری لەناو ناخ و دەروونی ئەواندا بچێنن.
٩. کۆسپ و ڕێگری و بەرەنگارییەکانی خۆشەویستی لە کۆمەڵگە توندوتیژەکاندا
لە بەشێکی زۆری دنیادا تێبینی ئەوە کراوە کەوا دامودەزگاکان، بە حکومەت و حیزب و دارودەستە مەزھەبییەکانەوە، ھەندێک کات دەبنە کۆسپی بەردەم گەشەکردنی کولتووری خۆشەویستی. ئەو فەیلەسوف و بیرمەند و کاربەدەستانەی بڕوایان بە سەپاندنی دینامیکییەتی ھێز و دەسەڵات بەسەر سۆز و خۆشەویستییەوە ھەیە دەبنە ھۆکاری بەھەمیشەییکردنی بازنەکانی توندوتیژی. ئەوان بەم کاروکردەیان ژینگەیەکی وا دێننەکایەوە کەوا خۆشەویستی بە جۆرێک لە بێھێزی نەک ھێز ببینرێت.
ئەو بەھا داسەپێنراوە کولتوورییانەی پێداگری لەسەر نێرسالاری، پاڵەوانێتی و ڕۆمەتداری (شەڕافەتمەندی) دەکەن، ھەندێک جاران دەبنە ھۆی ڕەواییدان بە توندوتیژی، ئەمەش لەلای خۆیەوە وادەکات بەزەحمەت بتوانرێت گفتوگۆی فەلسەفی لەبارەی خۆشەویستییەوە بکرێت. بۆ ئەوەی ئەم کولتوورەی خۆشەویستی گەشەی پێ بدرێت لەسەر بیرمەندان و مرۆڤە چالاکەکان و پەروەردەکان پێویستە بەتوندی ڕووبەڕووی ئەو گێڕانەوە کۆمەڵگەییە داسەپاوانە ببنەوە.
ئاڵوزیی پەیوەندییەکانی مرۆڤیش یەکێکی دیکەیە لەو کۆسپ و ڕێگری و بەرەنگارییانەی ڕووبەڕووی کولتووری خۆشەویستی دەبێتەوە و ڕێگا نادات خۆشەویستی وەکوو چارەسەرێک بۆ توندوتیژی پێشکەش بکرێت. فەیلەسووفێکی وەکوو "کیرکگارد" دان بەو ململانێ بوونکارییانەدا دەنێت کەوا ڕووبەڕووی تاکەکان دەبنەوە کاتێک دەیانەوێ خۆشەویستی لەبری ڕق و کینە و خراپەکاری ھەڵبژێرن، ئەمەش دیاردەیەکە دەکرێت لە کۆمەڵگە توندوتیژەکاندا زل بکرێتەوە.
١٠. سەرەنجام
فەلسەفە تواناییەکی شاراوەی گەورە و بێھاوتای تێدایە بۆ ئەوەی پەرە بە کولتووری خۆشەویستی لەناو کۆمەڵگە توندوتیژەکان بدات. ئەوەش لەڕێگەی توانایی فەلسەفە بۆ توێکاریکردن و ڕەخنەگرتن و گفتوگۆکردن و سەرلەنوێ وێناکردنەوەی کارلێککردنە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەکرێت. خۆخەریککردن بە بیرۆکەی فەلسەفییانە لەبارەی خۆشەویستی و ھاوسۆزی و کۆمەڵگەوە، ڕێگا خۆش دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازنەکانی توندوتیژی کەوا زۆرجار پێناسەی بوونی مرۆڤی پێ دەکرێت.
کاتێک ڕێگەی پەرەپێدانی کولتووری خۆشەویستی پڕ کۆسپ و ڕێگری دەبێت، ئەو چوارچێوە فەلسەفی و ڕوانین و لێکۆڵینەوە فەلسەفییانەی لەم نووسینەدا ئاماژەی پێدراوە دەبنە بناغەیەکی ڕەخنەییانە بۆ ھێنانەکایەوەی وێناکردنێکی دیکە و خستنەکاری کار و کردەی وا کەوا گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا دروست بکات. بۆیەش لەڕێگەی پەرەپێدانی چالاکانەی خۆشەویستی فەلسەفییانە وەک بیر و باوەڕێکی باوەڕپێھێنراو، کۆمەڵگەکان دەتوانن ئومێدی ئەوەیان لێ بکرێت برینەکانیان ساڕێژ بکەن و ئاشتەوایی بێننە کایەوە و لەکۆتاییشدا بۆ ئەودیوو سنوورەکانی ئازاری توندوتیژی بپەڕنەوە و لە خەم و ئازار و مەینەتی دوور بکەونەوە و ببن بە کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر و خۆشگوزەران.
سةرضاوةكان
- Arendt, H. (1963). *On the Nature of Totalitarianism*. University of Chicago Press.
- Aristotle. (1999). _Nicomachean Ethics_. Translated by T. Irwin. Indianapolis: Hackett Publishing.
- Baker, J. (2018). *Love and the Cinematic Ideal: The Role of Romantic Comedies in Shaping Love Culture*. Journal of Popular Film and Television, 46(2), 58-68.
- Bannet, E. (2009). *The Economics of Romance in Jane Austen’s Novels*. Studies in Romanticism, 48(2), 243-256.
- Bar-Yam, Yaneer. "Dynamics of Complex Systems." Studies in Nonlinear Dynamics & Econometrics, vol. 12, no. 2, 2008, pp. 1-22.
- Bowlby, J. (1988). *A Secure Base: Parent-Child Attachment and Healthy Human Development*. New York: Basic Books.
- Buber, M. (1970). *I and Thou*. Scribner.
- Butler, J. (2004). *Precarious Life: The Powers of Mourning and Violence*. Verso.
- Confucius. (1997). *The Analects.* Translated by Arthur Waley. New York: Vintage Classics.
- Cruz, A. (2021). *Celebrating Love in Various Cultures: A Comparative Study of Valentine's Traditions*. Journal of Cultural Studies, 19(3), 231-245.
- de Botton, A. (2016). *The Course of Love*. London: Hamish Hamilton.
- Dalai Lama (2002). The Art of Happiness: A handbook for Living. New York: Riverhead Books.
- Dalai Lama (2009). The Power of Compassion. New York: HarperOne.
- Eknath Easwaran. (2007). *The Bhagavad Gita.* Translated by Eknath Easwaran. Tomales: Nilgiri Press.
- Empedocles. (1995). _On Nature_. Translated by B. Inwood. Toronto: Broadview Press.
- Fanon, F. (1963). *The Wretched of the Earth*. Grove Press.
- Fisher, H. (1992). *Anatomy of Love: A Natural History of Mating, Marriage, and Why We Stray*. New York: W.W. Norton & Company.
- Freire, P. (2000). *Pedagogy of the Oppressed*. Continuum.
- Fromm, E. (1956). *The Art of Loving*. New York: Harper & Row.
- Furman, W. & Shaffer, L. (2003). The role of romantic relationships in adolescent development. *The Handbook of Adolescent Behavioral Problems*, 217-236.
- Gandhi, M. K. (1993). *The Essential Gandhi: An Anthology of His Writings on His Life, Work, and Ideas*. Vintage Books.
- Geldner, Karl F. (ed.) (1896) Avesta: The Sacred Book of the Parsis. Stuttgart: Kohlhammer.
- Giddens, Anthony. "The Transformation of Intimacy: Sexuality, Love, and Eroticism in Modern Societies." Stanford University Press, 1992.
- Heidegger, M. (1927). _Being and Time_. Translated by J. Macquarrie and E. Robinson. New York: Harper & Row.
- Hobbs, R. (2020). *Love in the Age of Social Media: Implications for Interpersonal Relationships*. Social Media + Society, 6(2), 1-10.
- hooks, b. (2000). _All About Love: New Visions_. New York: HarperCollins.
- Huang, Y., & Xia, Y. (2010). Love across cultures: A comparison of Western and Eastern perspectives. *International Journal of Intercultural Relations*, 34(2), 215-224.
- Kant, E. (1903) Perpetual Peace: A Philosophical Essay. George Allen & Unwin Ltd.
- Kant, I. (1997). _Grounding for the Metaphysics of Morals_. Translated by J. W. Ellington. Indianapolis: Hackett Publishing.
- Kant, I. (1996). _Critique of Practical Reason_. Translated by T. K. Abbott. Amherst: Prometheus Books.
- Kierkegaard, S. (2013). *Works of Love*. Princeton University Press.
- King, M. L. Jr. (1994). *A Letter from Birmingham Jail*. In *A Testament of Hope: The Essential Writings and Speeches of Martin Luther King Jr.* Harper.
- Lerner, Harriet Goldhor. "The Dance of Intimacy: A Woman's Guide to Courageous Acts of Change in Key Relationships." HarperCollins, 1990.
- Levinas, E. (1961). _Totality and Infinity_. Translated by Alphonso Lingis. Pittsburgh: Duquesne University Press.
- Locke, J. (1689). *Two Treatises of Government*. Awnsham Churchill.
- Marion, J-L. (2003). _The Erotic Phenomenon_. Translated by S. E. Lewis. Chicago: University of Chicago Press.
- Nussbaum, M. (2011). *Creating Capabilities: The Human Development Approach*. Harvard University Press.
- Nussbaum, M. C. (1992). _Love's Knowledge: Essays on Philosophy and Literature_. New York: Oxford University Press.
- Plato. (1997). _The Symposium_. Translated by A. Nehamas and P. Woodruff. Indianapolis: Hackett Publishing.
- Reis, H. T. & Shaver, P. (1988). Intimacy as an interpersonal process. In S. W. Duck (Ed.), *Handbook of Personal Relationships* (pp. 367-389). New York: Wiley.
- Ricoeur, P. (1992). _Oneself as Another_. Translated by K. Blamey. Chicago: University of Chicago Press.
- Rousseau, J.-J. (1762). *The Social Contract*. Marc-Michel Rey.
- Rumi, J. (1995) The Essential Rumi. Translated by C. Barks. San Francisco: HarperOne.
- Schor, J. (2007). *Plentitude: The New Economics of True Wealth*. New York: Penguin Press.
- Sartre, J.P. (2007). *Being and Nothingness: An Essay on Phenomenological Ontology*. (H.F. Hermes, Trans.). New York: Routledge.
- Schwartz, Pepper. "Love Between Equals: Relationship as a Spiritual Path." Riverhead Books, 2019.
- Soble, A. (1990). _The Structure of Love_. New Haven: Yale University Press.
- Sternberg, R.J. (1986). *A Triangular Theory of Love*. Psychological Review, 93(2), 119-135.
- Tagore, R. (1910). *Gitanjali: Song Offerings*. Macmillan.
- Tagore, R. (1916). *The Home and the World*. Macmillan.
- Tagore, R. (1914). *The Garden*.
- Tagore, R. (1917). *Sadhana: The Realization of Life*.
- The Holy Bible: King James' Version. New York : American Bible Society, ?
- The Koran. Translation and Commentary by: T. B. Irving. Tehran: International Publishing Companies, 1998.
- Vatsyayana. (2002). _The Kama Sutra_. Translated by A. N. D. Haksar. New York: Penguin Books.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved