13/08/2025
پێگەی فەلسەفە لە «کوردستان» نەفەلسەفین و هۆکارەکانی

ئیسماعیل مەحموودی

(دکتۆرای مێژوو و توێژەری مێژووی هزری کوردی)

 

[بۆ کاک فەرەیدوون ئەرشەدی کە بۆ یەکەم جار منی هان دا بیر لەم پرسە بکەمەوە]

 

لەباتی پێشەکی:

دەکرێت ئەم نووسینە وەک دەستپێکی کردنەوەی دەلاقەیەک بە سەر بیرکردنەوە لە پێگەی فەلسەفە لە کۆمەڵگەی کوردییدا سەیر بکرێت و خوێندنەوەی بۆ بکرێت و هەر لەم ئاراستەیەشدا، ئەم بابەتە دەیەوێت ئاماژەیەکی خێرا بە چەندین پرسی گرنگی وەک بنەماکانی جیهانبینیی کوردی، دەستپێکی فەلسەفە لە کوردستان، جیاوازیی نێوان فەیلەسوف و شارەزای بواری فەلسەفە، شیعری شاعیرانی کورد وەک دەقێکی فەلسەفی یا بیرمەندانە، تواناییەکانی زمانی کوردی بۆ فەلسەفین، لەمپەڕەکانی بەردەم بیرکردنەوە ، هۆکارەکانی سەرهەڵنەدانی فەیلەسوف و تیۆریی فەلسەفی لە کوردستان و  لە کۆتاییشدا  پرسی دۆخی ئێستەی فەلسەفە لە کوردستاندا بدات.

لەمڕووەوە ناکرێت چاوەڕێی فورمەتی توێژینەوە لەم نووسینە بکرێت، بەڵکوو هەروەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێ دا ئەم بابەتە بەمەبەستی کردنەوەی دەلاقەیەک بە ڕووی ئەم پرسە گرنگەدا نووسراوە.

بنەماکانی جیهانبینیی کوردی:

باسکردن لە جیهانبینیی کوردی و بەتایبەت باسکردن لە بنەماکانی جیهانبینیی کوردی، جیا لەوەی بە هۆی بۆشایی توێژینەوەی زانستی لەم بابەتەدا، ئەستەم و سەخڵەتە، تەناتەت لە چەندین ڕوەووە نازانستی و نامومکینە، بەڵام بەگشتی بۆ دەستپێکی باسکردن و پێناسەکردنی جیهانبینیی کوردی، پێویستە ژمارەیەک خاڵی مێژوویی ڕەچاو بکرێت کە لێرەدا ئاماژە بە گرنگترینی ئەو خاڵانە دەدرێت.

 یەکەم: کورد لەڕووی مێژووییەوە و بە واتایەک لە مێژوودا، هیچکات یەکگرتوو و خاوەن نیشتمانێکی دیاریکراو نەبووە و گرنگتر ئەوەی بە مانا کۆمەڵایەتییەکەی، شتێک بە مانای کۆمەڵگەی کوردی بوونی ڕاستەقێنەی نەبووە. بۆ نموونە، لە مێژوودا ئێمە ناتوانین باس لە پەیوەندیی نێوان کوردانی ئیلام و باتمان و بارزان لە گەڵ یەکدا بکەین، بۆیە کاتێک باس لە جیهانبینیی کوردی دەکرێت، دەبێت ئەم خاڵە ڕەچاو بکرێت کە بزانین چۆن ئەو چەمک و دەستەواژانە بەکار دەهێنین و بە واتایەک لە بەکارهێنانی ئەم چەمکانە، زۆر وریا بین. بۆ نموونە، بە باسکردن لە جیهانبینییەکی یەکەی کوردی بێ ڕەچاوکردنی ئەم ڕاستییە، تووشی هەڵەی مەعریفی دەبین و، لێرەوە پێویستە بۆ گەیشتن بە وڵامی ئەم پرسیارە، خاڵە هاوبەشە بەرجەستەکانی بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگە کوردییەکان بدۆزینەوە؛ ئە کاتە دەکرێت وەک جیهانبینیی کوردی و هەڵبەت ئەویش بە تەسامۆحەوە باس و پێناسەی بکەین. 

 دووەم: نیشتمان و  خاکی کوردان بەردەوام لەژێر هەڕەشەی داگیرکەران و بەتایبەت هۆز و عەشرەتە تورک ڕەگەزەکان و  هەروەها  گۆڕەپانی ململانێی زلهێز و ئیمپراتۆرییەکانی ناوچەکەدا بووە، بۆیە کورد  بەردەوام ڕووی لە کوێستان و خۆشاردانەوە و یەکترسڕینەوە بووە و بە واتایەک دەرفەتی پەیوەندی و بیرکردنەوەی کەمتر بۆ ڕەخساوە و گەریش هەبووە، جیاوازیی بیرکردنەوە و ڕوانینەکان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بەدی دەکرێت و لەمڕووەوە کاتی باسکردن لە بیری کوردی و هزری کوردی دەبێت ڕەچاو بکرێت.

سێیەم: فەرهەنگی کورد بەردەوام لەژێر کاریگەریی فەرهەنگ، ئایین و ئایینزاکانی دیکەی ناوچەکەدا بووە و هەر ناوچەیەکی کوردەواری بەجیا کاریگەری لە فەرهەنگ و دونیابینیی ئایین و فەرهەنگی وەرگرتووە و، لێرەوە ڕەوتی زۆر جیاواز دروست بووە و بە واتایەکی دیکە، کوردستان بە مانای نیشتمانی کوردان، بەردەوام بووەتە ناوەندی ئایین و کولتوورە جیاوازەکان و ئەمەش کاریگەریی لەسەر پێناسەکردنی جیهانبینییەکی یەکەی کوردی هەبووە.  

پێنجەم: فەرهەنگی نووسراوەیی کورد زۆر لاواز و هەژارە و، لەم ڕوەووە تەنیا ئەتوانین پەنا بەر شیعر، عیرفان، گۆرانی و بەیت و تا ڕادەیەکیش بیناسازی بەرین و لەم ڕوەووە، هەروەها کە پێشتر ئاماژەمان پێ دا، باشتر ئەوەیە لە کاتی باسکردن لە جیهانبینیی کوردی، ڕەچاوی ئەم ڕاستییە مێژووییانە بکرێت.

کەواتە، باسکردن لە جیهانبینییەکی تەواو کوردانەی یەکدەست و یەکگرتوو پێدەچێت سەخڵەت و تەنانەت هەڵە بێت. سەڕەڕای ئەمەش، ڕەنگە بتوانین بە کەڵکوەرگرتن لە شیعر، عیرفان و بیناسازی و بەیتی کوردی باس لە دونیابینییەکی تاڕادەیەک هاوبەش لە جیهانی کوردانەدا بکەین، کە لەمەشدا شەرەفخان، وەک بەشێک لە نەریتی نووسراوەیی ئێمە، دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش و جێگەی سەرنج و تێڕامان بێت.

بەم وەسفە و بە یارمەتی وەرگرتن لە بیناسازی و عیرفان و شیعری کوردی، دەکرێت بانگەشەی ئەوە بکرێت جیهانبینیی کوردی خاوەن چەندین تایبەتمەندیی سەرەکی وەک ئایینگەرایی ڕووکەشانە، تەقدیرگەرایی، غیابی عەقڵانییەت، پەرتەوازەیی و بیرنەکردنەوە لە داهاتووییە کە ڕەنگە لەمڕووەوە کاریگەریی ئایین و عیرفان و ئوستوورەی تەواو پێوە دیار بێت.

لێرەوە دەکرێت بانگەشەی ئەوە بکرێت ئایین و عیرفان و ئووستوورە سێ بنەمای سەرەکیی دونیابینیی مرۆڤی کورد و جیهانی کوردی و بە واتاییەک جیهانبینیی کوردی پێکدێنن و بە واتایەک جیهانبینینی کوردی لەژێر کاریگەریی سێگۆشەی ئایین و عیرفان و ئووستوورەدایە و، لەمبارەوە دەکرێت باس لەوە بکرێت ئەم جیهانبینییە لە فەلسەفە، واتە ڕوانگەی جیاواز لە ئایین و ئەستوورە و عیرفان تا ڕادەیەکی بەرچاو دوور و جیاوازە.

 

 دەستپێکی فەلسەفە لە کوردستان:

لەمبارەوە عەلائەدین سەجادی  (١٩٠٧-١٩٨٤) لە کتێبی «مێژووی ئەدەبی کوردی"دا، دەنووسێت: «مێژووی ئەدەبی کوردی بێ گومان ئەبێ ئاشنایەتییەکی لەگەڵ فەلسەفەدا هەبێ، بۆیە هەیەتی چونکە ئەدەب بەتێکڕا یەکێکە لەو لقانە کە لە فەلسەفە بوونەتەوە. بەڵام ئەمە ئەگونجێ کە ئێمە بێنین ناوی فەلسەفە لە کوردیدا بهێنینە ناوەوە لەگەڵ ئەوەدا کە ڕەخنەگر ئەڵێ: کورد تا ئێستە ئەدەبێکی ئاشکرای نەبووە، ئیتر فەلسەفە چۆن ئەبێ دەمی بۆ ببرێ؟ !ئەمە ئەڵێ، بەڵام ئێمەیش ئەڵێین: فەلسەفە عیبارەتە لە بیندرێژی و ڕۆچوون لە خەیاڵاتی ماددیدا. کوردیش ئەمەی هەبووە، جا ئەگەر ئەو ڕۆچوونە و ئەو تەفکیرە بەخێو نەکرابێ، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە فەلسەفەی نەبووە. سەرچاوەی فەلسەفە شەرت نییە کە لەسەر شعوورێکی عیلمییەوە سەری هەڵدابێ، بەڵام شەرتە کە قووڵ بێت و خەیاڵاتی بەرز هەڵگرێ، کە عیلمییەت تیا شەرت نەبوو قسە ساویلکەیەک کە پیاوێکی دەشتەکی لە ڕووی شعوورێکی سادەوە کردوویەتی، ئەگەر تۆ لە بارێکی عیلمیدا لە بنج و بناوانی قسەکەی بکۆڵێتەوە، تەماشا ئەکەی سەرچاوەکەی ئەچێتەوە سەر فەلسەفە و کە چی کابرا خۆیشی نە زانیویە فەلسەفە بەری بە کوێیەوەیە، نە زانیویەتی عیلم چییە؟ لەپێش ئەوەدا کە باس لە فەلسەفەی کوردییەوە بکەین پێویستە تۆزێ لێی بکۆڵینەوە بۆ ئەوە لە ئاخرا بۆمان دەرکەوێ ئەو قسە و فیکرانە کە کوردە دەشتەکییەکە کردوونی خاڵی نەبوون لە فەلسەفە.» (سەجادی.١٩٥٢: ١١٢).

هەر لەمبارەوە، سەجادی پاش چەندین ئاماژە بە ئەفلاتوون و سوقرات، دەنووسێت: « کابرا کە وتوویەتی «گیا لەسەر بنجی خۆی ئەڕوێتەوە»، بەڵێ ئەو هەروا بەپێی عەقڵی خۆی لە دەشتدا چاوی پێکەوتووە کە گیا ناڕوێتەوە تا لە پێشا ڕیشە و تووی بنجێکی نەبێ؛ لەپاشا قسەکەی کراوە بە مەسەل بۆ ئەوە کە هەموو شت ئەبێ بچێتەوە سەر ڕەگەزی خۆی. بەڵام ئەم قسە ساویلکەیە ئەگەر بێتو بەراوردی لەگەڵ قسەکەی ئەفلاتووندا بکرێت کە ئەڵێ: «عالەمی عەقلی هەیە و شت لەسەر نموونەی ئەو دروست ئەبێتەوە» واتە هەموو شت وێنەیەکی هەیە، وەکوو چۆن ئاوێنە وێنە ئەداتەوە، مەوجوداتیش ئاوایە، ئەم ئەچێتەوە سەر ئەو و ئەو ئەچێتەوە سەر ئەو تا لەدواییدا ئەگاتەوە فیکرێکی ڕووت کە ئەم فیکرەش لە زاتی خۆیدا مەوجوودە، مەبەستەکەی ئەوەیەکە «ماددە» کۆنە. مەسەلەی بنجە گیاکەش هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ فیکرەکەی ئەفلاتووندا، چونکە کە وتت گیا لەسەر بنجی خۆی ئەڕوێتەوە، ئەبێ بنجەکەش لەسەر بنجێکی تر و هەر بەو جۆرە بڕوا تا ئەگاتەوە ئەو شوێنە کە «ماددە»یە و لێرەدا حوکم بە کۆنیی مادە ئەکرێت. کەوا بۆ ئەو گیایە کە ئێستا تۆ بەرچاوت ئەکەوێ ئەوە وێنەیەکە لە ماددەی حەقیقی کە مەلایین ساڵە بە ملیۆن ملیۆن بنجێکی تر. بەڵام لەسەر قسەکەی ئەرەستوو وا نییە ئەڵێ ئەو گیایە کە تۆ ئێستا ئەیبینی هەر ئەوەیە و ئەبڕێتەوە. قسە هەر قسەیەک ببێت فەلسەفەی ئەم کوردە دەشتەکییە لەم مەسەلەیدا شان ئەدا لە شانی فەلسەفەکەی یۆنان.» (سەجادی.١٩٥٢: ١١٥)

سەجادی جیا لە ئاماژە بە چەندین نموونەی وەک ئەوەی سەرەوە وەک بابەتی فەلسەفی، لە درێژەیشدا ئەنووسێت:« لەگەڵ ئەمانەشدا، قەڵەم هەر بە نازەوە ئەڵێ پیاوانی وەکوو ئەبوو حەنیفەی دەینەوەری، حەسەنی کوڕی نەجای فەیلەسوف، مەحیەددن خەڵاتی، ئەحمەد کوڕی حەیدەر، ڕەسووڵی زەککی، عەلی کوڕی زەکی، موحەممەدی کوڕی ڕەسووڵ، مەلا شەریف کوڕی مەولانا یووسف، شێخ موحەممەد قەسیم، شێخ عەبدولقادری مەهاجر و مەلا عەبدووڕڕەحمانی ڕۆژبەیانی » لە کورددا هەڵکەوتوون، لە فەلسەفە و حکمەتدا ئەستێرە و دانراوەکانیان ئەدرەوشێتەوە. ئەمە نموونەیەک بوو ئەگینە ئەگەر ناوی علمای کورد هەڵبدڕی، گەلێ کتێب پڕ ئەکاتەوە لەگەڵ ئەوەش کە بەشی هەرە زۆریان لەبەر نەنووسینیان ناوەکانیان لەگەڵ لەشەکانیانا چووەتە گۆڕەوە!»(سەجادی، هەمان)

کەواتە، بە بڕوای سەجادی، فەلسەفە لە کۆمەڵگەی کوردیشدا، شان بە شانی یۆنان، لە دایک بوو و، کوردیش فەیلەسوفی وەک سوقرات و ئەفلاتوونی هەبووە؛ گەر فەلسەفە بە مانای ڕوانگەی جیاواز لە ئایین و ئەستوورە و عیرفان بۆ پرسی گرنگی وەک مان، بوون، ژیان، دونیا و هەروەها ژیانی سیاسی و باشترین شێوازی حوکمڕانی بە شێوەی سیستەمی پێناسە بکەین، ئەو نموونانەی سەجادی نەک ناتوانن نموونەی بابەتی فەلسەفی بن، تەنانەت کەمترین فڕیان بە بابەتی فەلسەفیییەوە نیە و،  لێرەوە پڕکردنەوەی بۆشایی فەلسەفە لە کۆمەڵگای کوردی لەڕێگەی سازکردن و ساختەکاری و دۆزێنەوە و بە واتایەک ئەمئەوەکی کردنە ناکرێت بانگەشەی بوونی فەلسەفە و بیرۆکەی فەلسەفی بکرێت و، بەواتایەک ناکرێت لەڕێگەی بیرکردنەوە و دۆزینەوە و ساختەکردنەوە، باس لە بوونی فەلسەفە لە کوردستان بەو ئاسانییە بکرێتەوە.

بەپێچەوانەی بۆچوونی سەجادی، ڕەنگە بۆ ئەم بابەتە، واتە دەستنیشانکردنی سەرەتای فەلسفە لە کوردستان، بکرێت سیفەتی سەخڵەت و ئەستەم بەکار بهینرێت، چونکە دیاریکردنی دەستپێکی فەلسەفە لە کوردستان، لە بەرچەندین هۆکار لە ئیستادا، سەخڵەت و پێویستی بە توێژێنەوەی جیدی هەیە کە تا ئەم ساتەش نەکراوە. وا دیارە هەر لەبنەڕەتەوە پرسی توێژەران و نووسەروان و بەتایبەت، ناوەندە زانستییەکانی هەرێمی کوردستان وەک تەنیا ناوەندی فەرمی لە کوردستاندا، ئەم بابەتە ئەسڵەن لە ئارادا نییە و وادەنوێنێت لەبنەڕەتەوە پرسی کەمترین کەس و کەمترین لایەنە.

جیا لەوەی سەرەوە، دەکرێت لە درێژەی هەر ئەم بابەتەدا،چەندین پرسیاری دیکەش ئاراستە بکرێت. یەکەم، ئەوەی مەبەست لە فەلسەفە چییە؟ دووەم، گەر مەبەست لە فەلسەفە، بیرکردنەوەی سەربەخۆی بەدەر لە کاریگەریی ئایین و ئوستوورە بێت، دیارە لە مێژووی ئێمەدا، بە کەڵکوەرگرتن لە عیرفان و شیعر و بیناسازی دەکرێت بانگەشەی ئەوە بکرێت تا ئەم ساتەش غیابی سەرەکیی بواری ئەندیشە و هزر لە کوردستاندا فەلسەفە بووە و، ڕەنگە هەندێک کەس ئاماژە بە ژمارەیەک بەیتی شاعیرانی گۆران و یارسان و تەنانەت نالی و مەحویش بدەن و وەک پرسیاری فەلسەفی پێناسەیان بکەن. لە وەڵامی لایەنگرانی بوونی فەلسەفە لە شیعر و عیرفانی کوردی و بەتایبەت لە شیعری یارسان و گۆران و مەحوی دەکرێت باس لەوە بکرێت، ئەگەریش جار جار لەم گوتارە، واتە گوتاری شاعیرانەدا، تووشی ئەوە بین و یان گومان لە ڕووبەرووبوونەوەی فەلسەفی بکەین، بێ گومان، زۆربەیان بە کاریگەری لە ئایین و ئووستوورە بووە و کەمترین دوورەپەرێزی لە ئایین و ئوستوورە لەم گوتارەدا بەدی ناکرێت. گرنگتر ئەوەی هیچ نیزامێکی دیاریکراوی فەلسەفی لەم گوتارەدا بوونی نییە، هەر بۆیە گەر بمانەوێت بە دوور لە هەر ڕوانگەیەکی ئیحساسی و سۆزدارانە، باس لەم بابەتە گرنگە بکەین، دەکرێت  ڕاشکاوانەش باس لە غیابی فەلسەفی بکرێت و تەناتەت ئاماژە بەو ڕاستییە تاڵەش بدرێت هێشتا لای ئێمە فەلسەفە و نیزامی فەلسەفی لە دایک نەبووە. بۆیە پێویستە باس لەوەش بکرێت دۆزێنەوەی تاکە بەیتێک کە پرسیار لە خودا و جیهان و ژیان و بوون دەکات، ناکرێت پێناسەی فەلسەفی بۆ بکرێت و لەبنەڕەتەوە ئەم بۆچوونە نازانستی و هەندێکک جاریش، بەرهەمی ڕوانگەیەکی تەواو ئیحساسی وسۆزدارانەیە لەبەرامبەر لاوازی و هەژاریی فەرهەنگی و، هەڵبەتە غیابی بیرکردنەوەی فەلسەفییە لە کۆمەڵگای کورییدا.

دووەم، ئەوەی گەر بە مانای ئاشنابوون لە گەڵ ڕەوتی فەلسەفەدا بێت، دەکرێت باس لەوە بکرێت لە سەردەمی هاوچەرخدا و پاش سەرهەڵدانی ڕەوتی مونەوەری کوردی، یەکەم مونەوەرانی کورد، لە سەرەتادا و لە ئەستەمووڵ بۆ یەکەمجار لەگەڵ هەندێک چەمک و نێوی فەیلەسوفی ڕۆژئاوایی و ئەویش لەڕێگەی دەقی تەرجەمەکراوی فارسی و عەرەبی و تورکییەوە، ئاشنا بوونە و هەڵبەت لە زۆر حاڵەتیشدا، سەقەت  و بەتاڵ لە  پێناسەکردنی سیستەمێکی مەعریفی بووە و، لێرەوە ڕەنگە بکرێت باس لەوەش بکرێت ئیمە هێشتا لە سەرەتای ئاشنابوون لە گەڵ فەلسەفەداین و لەمڕووەوە دەکرێت ئاماژە بە ژمارەیەک هەوڵی کەسانی جیدیی وەک دکتۆر کەمال محەمەد و دکتۆر فاڕوق ڕەفیق لەم ئاراستەیەدا بدرێت.

 

 جیاوازیی نێوان فەیلەسوف و شارەزای بواری فەلسەفە

فەیلەسوف بەدەر لە گوتاری ئووستوورەیی و ئایینی، بیر لە دونیا و دیارەدەکانی دونیا دەکاتەوە و بە واتایەک، بەدەر لە گوتاری ئوستوورەیی و ئایینی پرسیار دەکات و هەندێک جاریش بە شوێن گۆڕێنی دونیا لەپێناو  دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار و باشترە و هەروەها فەیلەسوف بە شوێن چەند تەوەری سەرەکیی میتافیزیا بە مانای خوێندنەوەی ئەمری واقیع، مەعریفەناسی بە مانای پرسیاری پەیوەست بە ناسین و چۆنیەتیی گەیشتن بە ناسین و هەروەها زێن بە مانای چییەتیی خود؛ بەواتایەکی دیکە، تایبەتمەندیی سەرەکیی فەیلەسوف پرسیارکردن و بیرکردنەوەی بەردەوام و هەڵبەت لە دەرەوەی بازنەی گوتاری ئوستوورەیی و ئایینی لە بوون و ئەمری واقیع و خود و مەعریفەیە و، ئەوە لە حاڵێکدایە کە شارەزای بواری فەلسەفە، ئاگاداری ڕەوتی مێژووی فەلسەفە و ڕووداوە فەلسەفییەکان و هەروەها ڕێبازە فەلسەفییەکانە و لێرەوە لای ئێمە ، شتێک بە ناوی فەیلەسوف بوونی نییە و ناتوانین بانگەشەی بوونی فەیلەسوفی کورد و فەلسەفی کوردی بکەین، گەرچی شارەزای بواری فەلسەفە لە ئیستادا و ئەوەیش هەڵبەت بەدەگمەن، خەریکی سەرهەڵدانە و، ئەویش بەدەگمەن دەکرێت ناوی چەند شارەزای فەلسەفە لەنێو کوردا کە بە کوردی دەنووسن، دیاری بکرێت.

 

شیعری شاعیران دەقی فەلسەفین یا بیرمەندی؟

زۆرجار وەک بۆشایی بابەتی فەلسەفی و فەلسەفاندن لە کۆمەڵگەی کوردییدا، ئاماژە بە هەندێک بەیت و شیعری شاعیرانی وەک مەولەوەی و مەحوی وەک گوتاری فەلسەفی ئەدرێت و وەک فەلسەفە و بوونی فەلسەفە لەنێو کۆمەڵگەی کوردی باسی دەکەن.

 لەمڕووەوە دەکرێت ئاماژە بە چەند ڕەوتی جیاوازی شیعری لە ئەدەبیاتی کوردییدا بکرێت. یەکەم، شیعری گۆران و لەوانە شیعری شاعیرانی سەر بە ئایینی یارسان؛ دووەم، شاعیرانی بەرەی سۆرانی زمان   کە بە نالی-یەوە دەست پێدەکات و تا سەردەمی سەرهەڵدانی شیعری نوێی کوردی و لەوانەشە تا ئیستا درێژەی هەیە و سێیەم، کە دەکرێت وەک گوتاری شیعری نوێی کوردی پێناسە بکرێت.

لە گوتاری شاعیرانی گۆڕاندا، سۆز بۆ خۆشەویست، پرسیارکردنی زۆر دەگمەن لە خودا و ژیان، پێویستی پاراستنی ئایین و هەندێک جاریش باسکردن لە تایبەتمەندییە ئایینی و سۆفییانەکان، دەکرێت وەک بەرجەستەترین تایبەتمەندییەکانی ئەم گوتارە پێناسە بکرێت، کە  هەڵبەت سەرجەمی ئەم تایبەتمەندییانە لەژێر گوتاری ئایین وعیرفان و ئوستوورەدایە، بۆیە ناکرێت وەک دەقی فەلسەفی پێناسە بکرێن، گەرچی لە هەندێک ڕوەووە دەکرێت وەک دەقی بیرمەندانە باسیان لێوە بکرێت، ئەویش کاتێک کەسێک وەک خانای قوبادی سکاڵا لە بوون و ستەم و نادادگەری دەکات:

وەرنە بە زاتت، جەلای زات تۆ/ مەکەروون ڕۆی حەشر، من شکات تۆ

(خانای قوبادی،٢٠١٦ )

بەڵام بەگشتی سەرجەمی ئەو دەقانە، زۆرتر ڕەنگی سۆزداری و عاتێفییانە پێیانەوە بەرجەستەترە.

دووەم، جیا لە تایبەتمەندییەکانی گوتاری سەرەوە، دەکرێت باس لە چەندین تایبەتمەندیی دیکەی وەک زیادبوونی چەمکی عیرفانی، سەرهەڵدانی سۆز بۆ خاک، گرنگیدان بە لەفزی کوردی لە گوتاری شاعیرانی قوتابخانەی بابان بکرێت کە سەرجەمی ئەم تایبەتمەندییانەش بەرهەمی کاریگەریی ئایین و عیرفان و ئوستوورە و سیاسەتن و شتێک بە نێوی دەق و بابەت و بیرکردنەوەی فەلسەفی لە ئارادا نییە.

لە گوتاری شیعری نوێدا دەکرێت هەست بکرێت جارجار خەریکە ڕووبەرووی دەقی فەلسەفی دەبینەوە؛ بۆ نموونە، پرسیار لە بوون و دونیا لەم گوتارەدا، ڕەنگ و شێوازی تەواو جیاوازە لە دەقە پێشووەکانی ئەدەبیاتی کوردی، بەڵام لێرەشدا و بە وردبوونەوەیەک، ڕوون دەبێتەوە کە زۆربەی ئەم پرسیارانەش، پرسیاری ساختە و بەرهەمی لاساییکردنەوەن لە دەقە ڕۆژئاواییەکان و بەواتایەک دەکرێت وەک پەراوێزی ئەو دەقە ڕۆژئاواییانە پێناسە بکرێن. بەم شێوەیە، سەخت وئەستەمە  باس لە دەقی فەلسەفی و ڕواننینی فەلسەفی لە گوتاری شێعریی کوردیدا بکرێت، گەرچی تەنانەت بکرێت بە تەساموحەوە باس لە دەقی بیرمەندانەش بکرێتەوە لە هەر سێ گوتارەکەدا، واتە بە خوێندنەوەی وردی سەرجەم ئەو دەقانە، دەکرێت هەندێک جار تەنیا وەک بیرمەند سەیری مەولەوی، خانای قوبادی، مەحوی بکرێت نەک وەک فەیلەسوف. 

 

 تواناییەکانی زمانی کوردی بۆ فەلسەفین

زۆرجار باس لەوە دەکرێت نەبوونی فەلسەفە لە زمانی کوردیدا دەگەڕێتەوە بۆ نەتوانینی زمانی کوردی بۆ خوڵقاندنی دەقی فەلسەفی، هەست دەکرێت باسکردن لەم بابەتە ئەستەم بێت و پێویستی بە خوێندنەوەیەکی تەواو جیاوازی زمانی بێت، بەڵام تا ئەو جێگەیەی پەیوەندیی بە مێژووە بێت، دەکرێت باس لەو ڕاستییە مێژووییە بکرێت کە زمانی یۆنانیش لە سەرەتادا وەک زمانەکانی دیکە و، لەوانە زمانی کوردی، لاواز و سەرەتایی و جوگرافیای وشەکانیان بەرتەسک بووە؛ ڕوانین و فەرهەنگی ڕوانینی فەلسەفی و جیهانبینیی یۆنانی ئەو زمانەی بەفەلسەفی کردووە و بە واتایەک، زمانی فەلسەفیی یۆنانی، بەرهەمی فەرهەنگی وردبوونەوە و پرسیارکردنەوەی بەردەوامی یۆنانییەکان بووە. بۆیە لێرەدا ناکرێت باس لە توانایی و ناتوانایی زمان بکرێتەوە. تواناییەکانی زمان پەیوەندیی بە فەرهەنگ و جیهانبینیی و هەروەها تا ڕادەیەک جوگرافیاوە هەیە.


لەمپەڕەکانی بەردەم بیرکردنەوەی میتۆدیکی کوردی

کەواتە بابەتی زمان هانمان ئەدات ئیتر ڕاشکاوانە باس لەو بابەتە گرنگە بکرێت، ئەی هەر بەڕاست، لەمپەڕەکانی بەردەم بیرکردنەوەی مێتۆدیکی کوردی چ بووە؟

دیارە جیهانی ئەندیشەکردن و بە واتایەک جیهانی فیکری کوردی، جیهانێکی تاڕادەیەک بێنەزم و ساختە  و تەقلیدی و سیاسییە و هێشتاش لەباتی گرنگیدان بە میتود، گرنگی بە لەبەرکردنی تیۆری و ناوی بیرمەند و فەیلەسوف دەدات؛ لەباتی بیرکردنەوە گرنگی بە سیاسەت دەدات، بە لاساییکردنەوە دەدات و بەگشتی هەوڵ دەدرێت بۆ لاساییکردنەوە، ڕوانینی ڕووکەشانە بۆ دیاردەکان، گرنگیدان بە تیۆری لەباتی میتۆد و نەبوونی ناوەندی زانستیی باوەرپێکراو و مەشرووع و دوور لە ئەدای سیاسی. ئەمانە ڕەنگە لە ڕیزی گرنگترین لەمپەڕەکانی بیرکردنەوەی میتۆدیکی کوردی بن و ئەمە خۆی لە خۆیدا هانمان دەەدات ئاماژەیەکی خێراش بە بابەتی هۆکارەکانی سەرهەڵنەدانی فەیلەسوف و تیۆریی فەلسەفی لە کوردستاندا بدەین.

 

هۆکارەکانی سەرهەڵنەدانی فەیلەسوف و تیۆریی فەلسەفی لە کوردستان:

ئەم بابەتە پەیوەندیی بە جوگرافیا، مێژوو و هەروەها ئایینەوە هەیە و بابەتەکە ئەوەندە قووڵ و فرەڕەهەندە کە بێ گومان، ڕەنگە چەندین نامەی دکتۆرا هەڵبگرێت، بۆیە هەست دەکرێت ئاماژەدانێکی کورت بەم پرسیارە ئاستی بابەتەکە دادەبەزێنێت، بەڵام سەرەڕای ئەوە دەکرێت ئاماژە بە چەندین خاڵ لە ڕوانگەی شەرەفخانەوە بکرێت کە پێدەچێت بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە وەک دەستپێکی بابەتە شیاو بێت.

لە ڕوانگەی شەرەفخانەوە، کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی پەرتەوازە و بێسەرۆکە، كه‌ خودی ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی توندوتیژی و کوردکوژی و یەکترکوژیی تێدا باو بێت. لەلای شەرەفخان، هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە غیابی عەقڵانییەت و بیرنەکردنەوەیە و سەبارەت بە مەبەست لە بیرکردنەوە شەرەفخان لەو بڕوایەدایە بیرکردنەوە و عەقڵانییەت لە کۆمەڵگەی کوردی پێگە و جێگەی نییە و، مرۆڤی کورد گرنگی بە پرسی بیرکردنەوە نادات و دروشمی "کەسێک بیر لە دواڕۆژ بکاتەوە ترسنۆک دەبێت" بووەتە بەشێک لە نەریتی کۆمەڵگەی کوردی؛ شەرەفخان لەمبارەیه‌وه‌ دەڵێت: "بە پێی -من تفکر فی العواقب لم یشجع- لە زۆربەی کارەکانی ئەم دونیا و هەروەها کاری گەورە و مامەڵەکان بیر لە دواڕۆژ ناکەنەوە". (بدلیسی،١٣٧٧ : ١٤)، خاڵی گرنگ لەم نێوانەدا ئەوەیە ئەمە بووەتە هۆكاری ئەوەی ئازایەتی ببێتە باشترین تایبەتمەندیی مرۆڤی کورد و تا ئەو جێگەیە بایەخ و گرنگی پێ بەدەن کە حەز لە  ناونیشانی جەردەیی لەباتی خاوەن بیر و عەقڵ بکەنەوە؛ "زۆربەی کوردەکان ئازا، بوێر، جوامێر و مێرخاس و بەفیز و دەمارن، تا ئەو ڕادەیە لەوپەڕی ئازایەتی و بوێری و بەغیرەتی بە خۆیان دەڵێن دز و جەردە". (بدلیسی،١٣٧٧ : ١٤ )

کەواتە، غیابی بیرکردنەوە لە کۆمەڵگەی کوردی لە ڕوانگەی شەرەفخانەوە بووه‌تە هۆی ئەوەی کورد خاوەنی بەرنامە و پلان بۆ دواڕۆژ نەبێت و بیر لە سازکردنی داهاتووی نەکاته‌وه‌ و تەنها بیر لە ئازایەتی و شەڕ بکاتەوە و بەردەوامیش شکست ئەزموون بکات.

بەگشتی، کۆمەڵگەی کوردی لە نیگای شەرەفخانەوە کۆمەڵگەیەکە کەمترین بایەخ بۆ عەقڵ و بیرکردنەوە دادەنێت، کۆمەڵگەیەکی پارچه‌پارچه‌ و لێکترازاوە و زۆرتر سەرقاڵی توندوتیژی و خۆکوشتنە، له‌به‌رئه‌وه‌ نەیتوانیوە هه‌رگیز ببێتە خاوەنی دەسەڵاتی کوردی و  نەیتوانیوە یەکڕیزی بپارێزێت و تەنانەت بیر لە یەکڕیزی بكه‌نه‌وه‌ بۆ دانانی کەسێك وەک سەرۆکی خۆیان، تا چیتر تووشی شکست و یەکترکوژی و خوێنڕێژی نەبنه‌وه‌. (مەحموودی،٢٠٢٢: ٣٢ )

لەمڕوەوە دەکرێت باس لەوە بکرێت نەبوونی دەسەڵاتی گشتگیر و بەواتایەک نەبوونی کۆمەڵگەیەکی یەکە و دەسەڵاتێکی یەکانگیر خۆی لە خۆێدا ڕۆڵی هەبووە بۆئەوەی کەشوهەوایەکی لەبار بۆ بیرکردنەوە لە کۆمەڵگەی کوردی سەرهەڵنەدات، بەڵام لەبنەڕەتدا ئەمە ناتوانێت سەبەب و هۆکاری سەرەکیی بیرکردنەوە و سەرهەڵدانی فەلسەفە بێت، بەڵکوو خۆی دەرهاویشتە و بەواتایەک مەعلوولی غیابی بیرکردنەوە و بەتایبەت فەلسەفە لە کۆمەڵگەی کوردییە و، لەمڕووە دەکرێت باس لەوە بکرێت لەمپەڕەکانی  سەرهەڵنەدانی فەیلەسوف و تیۆریی فەلسەفی لە کوردستاندا پەیوەندیی تەنیا بە نەبوونی دەسەڵاتەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندیی بە هەڵکەوتەی جوگرافی، زمان، کەشوهەوای سیاسی و هەروەها زاڵبوونی ئایین و عیرفانەوە هەیە و، لەمڕووەوە پێویستی بە خوێندنەوە و توێژێنەوەی جیدی و بەواتایەکی دروست پرۆژەیەکی سەربەخۆ هەیە.

 

دۆخی ئێستەی فەلسەفە لە کوردستان: دەق، وەرگێڕان، پەروەردە

گەر بڵێم دۆخی ئێستەی فەلسەفە لە کوردستان زۆر ئاڵۆز و شپرز و بێسەرەوبەرەیە ڕەنگە هەڵەم نەکردبێت؛ بۆ نموونە، لە باشووری کوردستان یان هەمان هەرێمی کوردستان کە خاوەن دەسەڵاتی تایبەت بە خۆیەتی و هەروەها خاوەن چەندین زانکۆ و بەشی فەلسەفەیە، چاوەڕێ دەکرا ئیستا خاوەن چەندین بەرهەمی فەلسەفیی شیاوی متمانە و زانستی لە فۆڕمی نووسین و وەرگێڕاندا بێت، بەڵام بەداخەوە لە بەر چەندین هۆکار و سەبەب ناتوانین ئەم چاوەڕوانییە بەدی بکەین. یەکەم، هەست دەکرێت هێشتا کەڵکەڵەی فەلسەفی بە مانا ڕاستییەکەی، واتە هەست بە زەڕوورەتی بوونی فەلسەفە لەو کۆمەڵگەیە و بەتایبەت لەلایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە بوونی نییە و ئەوەش هەیە لاساییکردنەوە و فیگۆری فەلسەفە و فەلسەفەلێدانە، واتە زۆرتر لەپێناو ئەمە دایە کە باس لەوە بکرێت کوردیش فەلسەفەی هەیە و لایەنگری فەلسەفەیە؛ لاساییکردنەوە و بەرزکردنەوەی دروشمی "ئێمەش هەمانە"، بێ گومان ناتوانێت دەقی باش بخولقێنێت و گوتارسازیی فەلسەفی بکات، بۆیە هێشتا لە هەرێمی کوردستان دەقی شیاوی وردبوونەوە و بە واتایەک دەقی گوتارساز جگە لە چەند هەوڵی کەمال مەحەمەد و فاڕوق رەفیق نەبێت، بەدی ناکرێت.

دووەم، ڕێزنەگرتن لە پێگەی فەلسەفە؛ مەبەستی من ئەوەیە زۆربەی ئەو کەسانەی لە هەرێم سەرقاڵی وەرگێڕان و نووسینی دەقی فەلسەفین کەمترین شارەزاییان لە  بواری فەلسەفەدا نییە. بۆ نموونە، کەس هەیە تەنیا چونکە زمانی فارسی، عەرەبی یان هەر زمانێکی دیکە دەزانێت ڕێگە بە خۆی بدات، دەست بداتە وەڕگێڕانی دەقی فەلسەفی، بێ ئەوەی کەمترین شارەزایی لە فەلسەفە و تەناتەت ڕەوتی فیکریی فەیلەسوفەکە هەبێت. شتێکی سەیرتر ئەوەی زۆربەی دەقەکان یان لە زمانی دووەمەوە وەرگێڕدراون یان ئەوەی کەسانی شاعیر و چیرۆکنووس ئەو کارەیان کردووە، دیارە ئەم کارە تا چ ڕادەیەک دەتوانێت ببێتە هۆی خراپ تێگەیشتن لە فەلسەفە و بیری فەلسەفی.

بۆ ئەوەی باسەکە تۆزێک ڕوون بکەمەوە، هەست دەکەم باشترە ئاماژە بە چەشنێکی سەیری وەڕگێرانی دەقی فەلسەفە بدەم. لە مێژووی فەلسەفەدا، دوو زەنجیرە مێژووی فەلسەفەی بەناوبانگ لە دونیادا هەیە؛ یەکەم مێژووی فەلسەفەی کاپلیستۆن و ئەوی دیکەیان ڕاتلێج. ئەم دوو بەرهەمە بووەتە فارسی و هەڵبەت دەستەیەک لە وەڕگێڕانی بەشداربوونە-  گەرچی ڕەخنەی زۆریشیان لێ گیراوە کە وەرگێڕانەکە زانستی و پرۆفێشناڵ نەبووە-ئەوە لە حاڵێکدا ئەم دوو بەرهەمە کە هەرکامیان چەندین بەرگە، لە سەر دەستی دوو کەس بووەتە کوردی واتە کاپلیستۆن، یەک کەس کردوویەتی بە کوردی و ڕاتلێجیش یەک کەسی دیکە. پرسیار ئەمەیە ئێستا لە دونیادا کەمتر کەسێک هەیە بانگەشەی شارەزایی سەرجەم فەلسەفە بێت؛ کەواتە، دەی چۆن دەکرێت لە کوردەوارییدا یەک کەس شارەزای تەواوی وردەکارییەکانی سەرجەم فەلسەفە بێت کە بە تەنیا تەرجومەی بکات، دیارە ئەم کارانە واتە ڕێزنەگرتن لە پێگەی فەلسەفە و تەنانەت وەک کایە و مۆد تەماشاکردنی فەلسەفە و هەر لەمبارەوە با ئاماژە بە نموونەیەکی دیکە بدەم. کەس هەیە لە هەرێم هاوکات فۆکۆ و دریدای پوست مودێرن و هێگل و کانتی مودێڕنی وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی. سەیرە چۆن دەکرێت هاوکات هەم هێگل ناس بیت، هەمیش فۆکۆناس؟!

ئەمانە وای کردووە بکرێت ڕاشکاوانە باس لەوە بکرێت دەقی شیاوی متمانەی فەلسەفی هێشتا لە هەرێمدا بڵاو نەکراوەتەوە و، گرنگتر ئەوەی چونکە مامۆستای شارەزای فەلسەفەی تێدا کەمە، خوێندکارانی بەشی فەلسەفە نەیانتوانیوە دەقی فەلسەفی شیاو لە بوارە جۆراوجۆرەکانی فەلسەفەدا بڵاو بکەنەوە. هەر ئەمە وای کردوە تا ئیستا نەتوانین شایەتی  یەک دەقی ڕەخنەیی لە وەرگێڕانی ئەم هەموو دەقە وەرگێڕاوە فەلسەفییە بین. بۆیە دەکرێت بۆ پێناسەی ئەم دۆخە واتە دۆخی وەرگێڕانی فەلسەفە، دەستەواژەی شپرزە و بێسەرەوبەرەی بۆ بێنین.

پێش ئەوەی کۆتایی بەم باسە بێنم، با ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدەم. ئێستا کەسی زۆر شارەزا  لە بواری فەلسەفە لە کوردستاندا سەری هەڵداوە، بەڵام چونکە ناوەندێکی کوردی بۆ پشتگیریی ئەو کەسانە نییە و بە فارسییەکەش ڕاهاتوونە، بە فارسی دەنووسن و و وەڕدەگێڕن؛ بۆ نموونە، لە بواری ئیلاهیاتی سیاسی و پەیوەندیی سوننەت و مودێڕنیتە لە ئێراندا کەسی وەک زانیاری ئیبراهیمی هەیە کە خۆی کوردە و تەنانەت لای فارسەکانیش کەسی وەک زانیار زۆر دەگمەنن. زۆربەی ئەو دەقانەی لەلایەن زانیارەوە وەرگێڕدراونەتەوە سەر فارسی وەک دەقی شیاوی متمانە و تەواو زانستی پێناسە دەکرێن و لەبنەڕەتەوە ئەو پێشەکییەی خودی زانیاریش لە سەرەتای ئەو دەقانەی کەوا وەری گێڕاونەتە سەر زمانی فارسی، ئاستی شارەزایی وخوێندەواریی ئەو لە بواری فەلسەفەدا پیشان ئەدات و، ئێستا دەقی زانیار وەک دەقی تەواو زانستی و باوەرپێکراوی فەلسەفە لە زمانی فارسیدا پێناسە دەکرێت. لێرەوە دەکرێت باس لە دامەزراندنی ناوەندێک بکرێت بۆئەوەی کەسانی وەک زانیار هان بدات دەست بە وەرگێڕان و هەندێک جاریش نووسین دەقی فەلسەفی بکەن، کە بە دڵنیاییەوە ئەوکات دەکرێت باس لە سەرهەڵدانی گوتاری فەلسەفی بکرێت.

ڕاسپاردە:

لە کۆتاییدا، دەمێنێتەوە ئاماژە بەو خاڵە پێویست و تەواو گرنگە بدرێت کە پرسی غیابی بیرکردنەوە و فەلسەفە و هەروەها لەمپەڕەکانی بیرنەکردنەوە بابەتێکی ئێجگار گرنگ و ستراتێژییە و، ئێستاکە چونکە دەسەڵات و زانکۆکانی هەرێمیش کەمترین بایەخی پێ نادەن با ژۆڕناڵی ئاوەز و سەرنووسەرەکەی دکتۆر فاروق ڕەفیق، لوتف بنوێنن و ژمارەیەک بۆ پرسە گرنگ و پڕبەهایە تەرخان بکەن.





سەرچاوەکان:

ئەمینی، عەبدوڵڵا (١٤٠٣) کورد و فەلسەفە: ئاوڕێک لە پەیوەندیی نێوان فەلسەفە و ئەدەب لە ڕوانگەی عەلائەدین سەجادییەوە، پژوهشنامە ادبیات کوردی، سال ١٠، شمارە ٢، پیاپی ١٨.

بدلیسی، شەرەفخان (١٣٧٧) شرفنامە، بە اهتمام ولادیمیر زرنوف. تهران، اساطیر.
بدلیسی، شەرەفخان (١٣٤٣) شرفنامە، با مقدمە محمد عباسی. تهران، موسسە مطبوعات.

دیوانی خانای قوبادی (٢٠١٦) کۆکردنەوەو لێکۆڵینەوەی کاروان عوسمان خەیات (ڕێبین)، پێداچوونەوەی ئیدریس عومەر مەحموود، سنە: نشر شوان.

سەجادی، عەلائەددین (١٩٥٢) «مێژووی ئەدەبی کوردی، مێژوو، ئەدەب، زانیاری» مەعاریف، بەغداد.

مەحموودی، ئیسماعیل (٢٠٢٢) هەنگاوێک بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی، سلێمانی، سەردەم.

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X