13/08/2025
پەیمانی کۆمەڵایەتی وەک لێکەوتەی فەلسەفە لە چەمکی پاساوهێنانەوەدا

سامان ڕەشید

(نووسەر و توێژەر)

 

بیرکردنەوەی سەرەتایی لە تیۆرییەکانی پەیمانی کۆمەڵایەتی بریتی بوو لەوەی کە خەڵک لەڕێی پەیمانێکی کۆمەڵایەتییەوە "قەدەر" یا "چارەنووس"ی خۆی دەداتە دەست فەرمانێك و یان زیاتر لە فەرمانێکی دەوڵەتی. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەو پێناسەیە،دەتوانین بڵێین فەلسەفە و تیۆرییە سۆسیۆفەلسەفییەکانی پەیمانی کۆمەڵایەتی هەڵگری ئەو تێڕوانینەن کە دەبێت هەر یەکێک لە تاکە (لایەنە هاوپەیمانە) بەشداربووەکانی ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییە "ئەرک ومافەکان" قبووڵ بکات. پێچەوانەی ئەو ناوەڕۆکە بریتییە لە نامۆبوونی تەواوەتیی هەر تاکێکی کۆمەڵگە بەهەموو مافەکانییەوە کە هەیەتی، بەرامبەر بە کۆمەڵگە بەگشتی. جگە لەوە لێرەوە پرسیار دەکرێت لە پەیکەر و شێوازی پراکتیک و دامەزراوە (ئینستیتۆ) کۆمەڵایەتییەکان، ئاخر لەم ناوەڕۆکەدا فۆڕمی ژیانی کۆمەڵایەتی و کایە جڤاتییەکان ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕن. بەمانایەکی دیکە، چۆن فەلسەفە و بۆچوونە سۆسیۆفەلسەفییەکان لەو پرسیارە تێدەگەن؟ 

کێشەی بنەڕەتی لێرەدا، کە پێویستە بەرلەهەر شتێک چارەسەربکرێت و هێڵێکی پانی بەژێردا بهێنرێت، پەیوەندی هەیە بە ڕەوشی تاک بە کۆمەڵگەکەیەوە لە جڤاتە داخراو و ستەمکارییەکاندا، ئەو ڕەوشەی نەک هەر تەنها چەقی تێڕوانینە سۆسیۆفەلسەفییەکانە، بەڵکوو تیۆرییە جڤاتییەکان و سۆسۆلۆژیاشە. بۆیە پێویستە تیشک بخرێتە سەر تێگەیشتنێکی وردتری دیکە، ئەویش بریتییە لەوەی کە چۆن تاک دەتوانێت تاکێکی کۆمەڵگە بێت؟ لەوەش بنەڕەتیتر بۆ ئێمە ئەوەیە، ئایا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، لە باشووری کوردستاندا، ئەو ڕەوشە چۆن دەگوزەرێت و بەرەو کوێ دەگات؟ بەرەو تاکگەرایی دەڕوات یا فەوزای لەدەستدانی ڕۆڵی تاکە لە کایە جڤاتێکاندا؟ 

تێگەیشتن بۆ کامە فەلسەفە هەیە لە باشووری کوردستاندا و لە چ ئاستێکیدایە، ئاخر کاتێک تەنها بەشێکی کەمی، هێندەی مشتۆکەیەک لە کایە جڤاتییەکان خۆیان داماڵیوە لە کۆلۆنیالیزمی عەرەبی و عەقڵییەتی فاشیزمی بەعسی. باس لە ڕۆڵ و باس لە خەمی کامە فەلسەفە دەکرێت، ئاخر لەکاتێکدا ئەزموونی زیاتر لە سی ساڵەی حوکمڕانیی خۆماڵی تەنها یەک ئاماژەمان دەداتێت، ئەویش ئەوەیە: کە داماڵین لە کۆڵۆنیالیزم و لە فاشیزم، هیچی تر ناگەیەنێت جگە لە فەراهەمکردنی جێگەی گەرم ونەرم بە بەرژەوەندییەکانی ستەمکاری بەرجەستەبوو بە بەرگی خۆماڵیی زیاتر.           

 

فەلسەفە و تێڕوانینە سۆسیۆفەلسەفییەکان لەبارەی پەیمانی کۆمەڵایەتی

کاتێک فەرمانڕەوایەک، دەسەڵاتدارێک، دووان یان زیاتر، لە شوێنێکدا یان لە کایەیەک لە کایە جڤاتییەکاندا دەسەڵاتێکی ڕەهای بەدەستەوەیە و بەشێوازێکی ستەمکارانە و دڕندانە بەکاری دەهێنێت، بێ گوێدانە بەها کۆمەڵایەتییەکان و بەبێ ڕەچاوکردنی یاسا بنەڕەتییەکانی ژیان و، بۆیان دەچێتەسەر لەڕێی سەرپێچیکردنی دامەزراوە (ئینستیتۆ) جڤاتییەکانەوە فەرمانڕەوایی بکەن، بەوانە دەوترێت ستەمکار(دیسپۆت)، فۆڕمێکیش یان سیستمێکی سیاسی کە لەوێدا ئیش دەکات پێی دەوترێت دیسپۆتیزم. ئاخر لەکوێ دیسپۆتێک هەبێت، ئیدی لەوێ کۆیلەی لێیە. 

چوارسەد ساڵ پێش زایین، ئەرستۆتالس ئاماژەی کردوە لەو سەردەمەدا بۆ دەستوورێک یان شێوازە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی، کە دیمۆکراتەکان و ئۆلیگارشەکان (یان ستەمکارەکان) باڵادەست بوون، ئیدی ئەوانەی دیکە، کە لە دەرەوەی ئەو (دووانە)دا بوون، بە شێوازێک لە شێوازەکان کۆیلە (خوڵام)ی بەرچاو "ڤیرتواڵ" (مەجازی یان ئیفتیرازی) بوون. (١)

تێزێکی دیکە پێی وایە کە ستەمکاری تەنها لە خولیاوە سەرهەڵنادات یان بە هۆی تاکە دۆخێکەوە دروست نابێت، ئاخر بە هۆی کارلێکی میکانیکیی نێوان ئەو دوو ڕەگەزەشەوە دانامەزرێت، لێ ستەمکاری بە هۆی کارلێكی (ئینتەرئەکشنیزم)ی دینامیکی دێتە دامەزراندن. ئەو کەسانەی خولیا یا کەڵکەڵەی ستەمکارانەیان هەیە، تەنیا و تەنیا کاتێک دەتوانن کاریگەرییان بەسەر کەسانی دیکەوە هەبێت یان کاریگەری لەسەر ڕووداوەکان دروست بکەن کە داکۆکیکاری هەمان ناسنامەی کۆمەڵایەتی بن، بۆیە دەتوانن لەسەر ئەو بنەمایە فەرمانڕەوایی بکەن. بەواتایەکی دیکە، ستەمکاری هەمیشە لە دەرئەنجامی پابەندبوون و گوێڕایەڵیی شوێنکەوتو (فۆڵۆوەر)ە ژێردەستەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لەڕێی هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنێکی کوێرانەوە لەنێوان ڕۆڵەکانی کەسەکان و ڕێساکاندا(٢).

هەر لە "ئێدمۆند بورک"ەوە تا "جۆن ئادەمز"، دواتر لە "جۆن ستیوارد میل"ەوە تا دەگاتە "ئەلێکسیس تۆکڤیل" بەردەوام ترسیان هەبووە لەوەی کە سیستەمی دیمۆکراتی خۆی هەڵبداتە باوەشی ستەمکارییەک کە پێی دەوترێت "ستەمکاریی زۆرینە"، واتە دواجار "زۆرینە" ببێتە ستەمکار و مافەکانی "کەمینە" پێشێل بکات. زۆرێک لە وڵاتە زۆر پێشکەوتووەکان لە پرۆسەکانی دیمۆکراتیزەکردندا و بەتایبەتی سیستمە فیدڕالییەکانی وەک ئەڵمانیا، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، سویسرا،... لەمێژە چارەسەری ئەو شێوازەیان لە "ستەمکاریی زۆرینە" کردووە، بەوەی کە زۆرینە نەتوانێت لە هەڵبژاردنەکاندا "هەمووکات بەڕەهایی" دەسەڵات بگرێتە دەست، تەنانەت گەر بۆشیان بچێتە سەر، لێ نەتوانن فەرمانڕەوایی ڕەها پیادە بکەن و مافەکانی کەمینە پێشێل بکەن. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دووبارە مەترسییە گەورەکە ئەمڕۆ فەرمانڕەوایی کەمینەیە بەسەر زۆرینەدا، لێ نەک "ستەمکاری". ئاخر دامەزراوە (ئینستیتۆ) نیشتمانی، جڤاتی، ئابوری و بەتایبەتیش دەستوورییەکان بەمیکانیزمی تێکسمڕاو ڕێگریی گەورە دەکەن. 

بەدەر لە ناوەڕۆکی ئەو ستەمکارییانەی زۆرینە و کەمینە، ستەمکاری و تێگەیشتن لە فەلسەفە لە سەردەمی ستەمکاریدا، کە هەرێمی ئێمەیش بەدەر نییە لەو تێگەیشتنە، تەنیا لە دۆخێک یان مەیلی تاکێکەوە سەرهەڵنادات، بەڵکوو لە تێڕوانینێکی فەلسەفییەوە سەرچاوە دەگرێت کە بریتییە لە نۆرمالیزەکردنی هێواش و لەسەرخۆی پرۆسەیەک کە هیچی تر ناگەیەنێت لە قبوڵکردنی ئەوەی قابیلی قبووڵکردن نییە. 

زیاتر لە سی و سێ ساڵە لە هەرێمی کوردستاندا فەرمانڕەواییەکی خۆماڵی باڵادەستە، کە جودایە لە فەرمانڕەوایی ڕژێمی فاشیزمی بەعس. پەیمانێکی کۆمەڵایەتی لە هەرێمدا ئامادەیە کە دابەشی دوو جیهانبینی و دوو تێڕوانینی پڕ لە فەوزای خولاندنەوەی دوو کایەی حیزبییە. بە کامە میکانیزمی کامە فەلسەفە و کامە تێڕوانین، کامە بیر و باوەڕ و ئایدۆلۆژیا، ئەولەویەتی کامە ئازادی ڕۆڵی بنەڕەتی لەو دوو جیهانبینییەدا دەگوزەرێت؟ ئایا "ناوەڕۆک پووچی لولپێچی" لە چوارچێوەی هەیکەلەیەکدا کارەکانی خۆی ناکات، کۆنسێپتەکانی خۆی پیادە ناکات، گرێبەست و بەریەککەوتنەکانی خۆی پیادە ناکات؟ ئەم میکانیزمانە هیچی تر نین لە زنجیرە کاردانەوەیەک زیاتر و، لێکەوتەکانی ئەو زنجیرە کاردانەوانە زیاتر، کە دواجار پارانۆیای چەند ئەکتوێرێکی شۆڕشگێڕی نارسیستی بێئەزمون لە کاروباری دەوڵەتیدایە، ئەوانەی کە تێیدا چەقی هاوکێشەکان و بارتەقای فەلسەفەی حوکمڕانییەکەین. 

بەشداربووان و هاوپەیمانەکانی نێو کایەکانی ئەم پەیمانە جڤاتییە کۆکن لەسەر چەندین فۆڕمی کارلێکی کۆمەڵایەتی و هاوڕاشن لەسەر بزاوتە کاردانەوەییەکانیان. ئەو فۆڕمانەش بریتین لە کارلێک (ئینتەرئەکشن)ی کۆمەڵایەتیی ساختە (فەیک)؛ کارلێکی کۆمەڵایەتیی ناهاوسەنگ؛ کارلێکی کۆمەڵایەتیی کاردانەوەئامێز؛ کارلێکی کۆمەڵایەتیی وابەستە ــ هاوسەنگ. 

 

ئیدی لێرەوەڕا فەلسەفەی پەیمانی کۆمەڵایەتی و فەلسەفەی یاسا هیچی دیکە نین لە کاردانەوە زیاتر، وەک لەوەی سەرچاوەکانیان پشت ببەستبێت بە زادەی فەلسەفەی بەڕێوەبردن و فەرمانڕەواییکردن یا ئیدۆلۆژیایەکی دەستنیشانکراو. ئەم شێوازە لە فەلسەفەی حوکمڕانی لەسەر بنەمای جۆرە کۆدەنگییەک دامەزراوە لە هەرێمدا، لێوانلێوە لە ستەم و ستەمکاریی دابەشبوونی جڤاتی. دابەشبون بەسەر دوو زۆن و دوو وەهمی شۆڕشگێڕی؛ دوو زیهنییەت، کە تێیاندا کەمترین تێگەیشتن بۆ فەلسەفەی فەرمانڕەوایی چ وەک چەمک، چ وەک پێرفۆرمانس (ئەداء) بوونیان نییە. پێرفۆرمانسی فەرمانڕەواییکردن لە هەرجێیەک بێت هەمیشە پەیوەندییەک دەستنیشان دەکات، کە سەرچاوەکەی ڕادەی فەلسەفەی فەرمانڕەوایی بەرهەم دەهێنیت و، ئاماژەیشە بۆ بەرهەمهێنانەوەی سەرلەنوێی خودی فەلسەفە ستانداردەکە. 

ڕوسۆ لە ماوەی ژیانیدا ( ١٧١٢ تا ١٧٧٨) فەلسەفە و سۆسیۆفەلسەفەی ژیان و تێگەیشتنی فەلسەفی دەوڵەتیی بەتەواوی گۆڕی. یەکەم بەشداری و بەرهەمی ئەو زاتە بریتی بوو لەوەی کە مرۆڤ هەر لەسەرەتاو لە سروشتی خۆیەوە، بە شێوازێکی ئاسایی خودی خۆی کەسێکی "چاک" و "خراپ" نییە، واتە "شەڕانگێز" و "توندوتیژ" نییە، چونکە کاریگەری و مەرجەکانی ژیانی خراپ نین. ئەو وا دەڵێت، ئەوە جڤاتێکی ناشایستە و خراپە کە مرۆڤ خراپ دەکات. ئەوە پەروەردەیە کە پێویستە منداڵی بێتاون لەبەرامبەر کاریگەریی کۆمەڵگە بپارێزێت.(٣) 

 

(خودی) مەبەست (ئامانج)ە کە دروستکەری هەموو یاساکانە

ڕودۆلف فۆن یێرینگ لە کتێبەکەیدا بەناوی "مەبەستەکە لە مافدا"(٤) ئاماژە ئەکات بۆ ڕەوتێکی نوێ لە فەلسەفەی تیۆریی یاسادا، لێ لەناو جڤاکی زیندوودا. ئەو تەواو دژی عیبادەتی لۆژیک دەوەستێتەوە و پێی وایە زانستی ماف یان یاساناسی ماتماتیک نییە. ئاخر پرسیارکردن سەبارەت بە خودی مەبەستەکە یان ئامانجەکە لە هەر شتێکی دیکە گرنگترە، چونکە "مەبەستەکان یان ئامانجەکان" لە کۆمەڵگەدا یەکلاکەرەوەن، بۆیە خودی کۆمەڵگە خۆی یاسادانەرە، خودی کایە جڤاتییەکانن کە فەلسەفەی یاسا و ژیان بەرهەم دەهێنن و ڕۆڵی فەلسەفە و گرنگییەکەی بۆ هەناوی کارلێکە ژیارییەکانی دەستنیشان دەکەن. کۆمەڵگە بریتییە لە هاریکاریی پێکەوەیی لەپێناو ئامانجە هاوبەشەکاندا، کە تێیدا هەریەکێک لە مامەڵەکردندایە "چ لەپێناو ئەوانەی دیکەدا، هەروەها لەپێناو خۆیشیدا" و، "چ لەپێناو خۆیدا و هەروەها لەپێناو ئەوانەی دیکەشدا".

 

قسە لەسەر نادادپەروەری وناهەقی، یان خەمی بەدەستهێنانی ماف لە کایە فەلسەفییەکان، لەجڤاتە داخراوەکاندا  

کۆمەڵگەی ئێمە هەر لە مانشێت و سەردێڕەکانەوە تا دەگاتە کۆڕ و پانێڵ و کۆمێنتی سۆشیال میدیاکان لێوانلێوە لە قسەکردن دەربارەی نادادپەروەری، قسەکردنە دەربارەی ناهەقی و چەمکە وەرگیراوەکانی ناڕەزایەتی و نادادپەروەری؛ زۆربەیان ڕەخنەگرتنن لە سەرانی دەسەڵات، هێرشن بۆ سەر ئەم وڵات و ئەو وڵاتی سەردەست، لێ قسەی جدی لەسەر "ماف، مافی ئێمە و مافی من"؛ دەربارەی "بەدەستهێنانی ماف و دادپەروەری بۆ ئێمە"؛ دیسکۆرس سەبارەت بە "فەلسەفەی یاسا، ئەرگومێنتە جڤاکی و ئیستیدلالە کولتوورییەکانی دادپەروەری و زانستی یاسا و فەلسەفەکانی دیوی ئەودیوی داڕشتنی یاساکان"، گشتی ئەمانە نەک گومن، بەڵکوو سەرەداوی دەستپێکی ئەو بوارانە تا ئێستا نەیانتوانیوە ببنە خەمی توێژینەوە چڕوپڕ و جدییەکانی زانکۆ و سەنتەرەکانی توێژینەوە و بەدواداچوون، تەنانەت ببنە کەمترین عەقڵانییەتی ئامانجدار، ئاوەزمەندیی ئامانجگەر، جگە لەوە نەشیانتوانیوە ببنە خوێندنەوەی سۆسیۆلۆژیایی و سوودگەرایی ــ ڕەخنەیی.

 لێرەدا پرسیاری هەرەگرنگ لە ڕۆڵی فەلسەفەیە، کە لەجڤاتە داخراو و ستەمکارەکاندا بە کوێ دەگات، ئەمە یەکەم. دووەم: ئایا جڤاتی ئێمەش داخراو و ستەمکارە وەک باقی ئەوانەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کامە فەلسەفە، یان کام فەلسەفانە لەخەمی مرۆڤ و تاکی کۆمەڵگەی ئێمەدایە؟  

ئەوەی پێویستە ئەوەیە کە بزانین هەڵسەنگاندنی ئامانجەکان لە کوێوە دێن، ئەو ئامانجانەی دروستکەری هەموو یاساکانن.  لێرە بەدواوە، دادپەروەری و فەلسەفەی دادوەری و یاساش چیتر قابیلن بە گۆڕان، بۆیە هەرچەندە فەلسەفەی دادپەروەری و فەلسەفەی یاسا جگە لەوەی ناوەڕۆکی گەردونی "ئونیڤێرسالی"یان هەیە، دیاریکردنێکی مادییشیان لەپشتە بۆ چاکەکاری، لە تێگەیشتنە ئەرستۆییەکەیدا. 

 

کایەی ستەمکار، دەستەبژێری (ئێلیتی) ستەمکار، نەک جفاتی ستەمکار 

تاوەکوو دەسەڵاتە ستەمکارییەکانی زۆرینە بتوانن باڵادەست بن و تەواوی کۆمەڵگە ئاراستە بکەن، تەنانەت لە کۆمەڵگە و جڤاتە دیمۆکراتییەکانیشدا، ئیدی ڕاستە قسە بکرێت لەسەر چاندنی "تۆوی ستەمکاری". ئەمە بۆچوونی "تۆکڤیل"ە، ئەو پێی وایە تەنانەت لە ئەمەریکاشدا لە مەترسیدایە، کە ئەوان هەمان مەرجە دیمۆکراتییەکانیان هەیە لە کۆمەڵگەکەیاندا. بۆیە تۆکڤیل هەرلەسەرەتاوە هێندە لە "خەمی سەربەخۆیی"دا نەبوو، ئاخر ئەوە تەنها ستەمکارییەکانی زۆرینەن، کە دەتوانن بەهۆی لاوازی کایە جڤاتییەکانی دیکەوە زیاتر وزیاتر باڵادەست ببن.(٥) 

دابەشبوونی هەرێم بەسەر دو زۆندا کە لە هەر یەکێک لەوانە ستەمکاریی زۆرینە باڵادەستە، ئیدی تێیاندا ئامرازەکانی دەستی ستەمکاران بریتی نین لە کۆت و زنجیر و ڕاوەدونان. ئاخر هەقایەتە نەریتییەکانی ستەمکاران ئاماژەی بەرچاون بە دیمۆکراتی، دێن و دیمۆکراتی دادەچۆڕینن تا دواتنۆکی، بەکاری دەهێنن وەک ئامراز بۆ چەوساندنەوە و ستەمکاریی کەمینە و پێکهاتەکانی دیکە. بۆیە کایە ستەمکار و داخراوەکان دەتوانن تەنها لەو فەلسەفانە تێبگەن کە سازگارە ("کۆمپاتیبل")ە لەگەڵ ئاینەکەیاندا، نەک لەگەڵ فەلسەفە ناسازگارەکاندا ("ناکۆمپاتیبل"ەکاندا).

 

ئایندەی ستەمکاریی کەمینە لە کایە ستەمکارییەکانی زۆرینەی زۆنی زەرد و زۆنی سەوز و پۆتانسێلی نافەرمانیی مەدەنی: 

کایەی ستەمکار لە زۆنی زەرد، کایەی ستەمکار لە زۆنی سەوز، جگە لەوەی ستەمکاریی زۆرینەن بەسەر پێکهاتەی کەمینەدا، لەهەر یەکێکیشیاندا ستەمکاریی کەمینەن بەسەر زۆنی خۆیاندا. ئاخر دیمۆکراتی، کۆمەڵگەی مەدەنی، چالاکییە مەیدانییەکانی بواری مرۆیی لە هەر یەکێک لەو دوو زۆنەدا هەمیشە شلۆقن و دەلەرزن لەبەردەم مەترەلۆز و هەڕەشەی ستەمکاریی کەمینەکاندا. ئەم دوو زۆنە لێوانلێون لە پۆتانسێلی ستەمکاری، ئاخر ئەوەی بوونی نییە لەم ناوەرۆکەدا تەنها فۆڕمە دەستورییەکانە، ئەوانەی کاروبارەکانی پەیمانی کۆمەڵایەتی و گرێبەستی نێوان کایە جڤاتییەکان ڕێک دەخەن. ئاخر ئامادەیی و دەستبەکاریی دوو حکوومەت لە هەر یەکێ لەودووزۆنەدا، هیچیتر ناکات جگە لە لاوازکردنی حکوومەتی هەرێم زیاتر. ئەم حکوومەتی هەرێمە تەنها لەسەر پەڕەی کاغەز بوونی هەیە، ئەگینا لە ناوەڕۆکدا پێکهاتووە لە چوار "مۆدول"ی ستەمکاری. زۆر ئەستەمە بتوانرێت دیمۆکراتییەک بونیاد بنرێت لەسەر بنەمای فرەکولتووری لە کۆمەڵگە و جڤاتە داخراو و ستەمکارەکاندا بەبێ پێشینەی فەلسەفەی یاسا و لێبوردەیی (تۆلێرانس). تا ئێستا بۆ کەمێک لە کۆمەڵگە جیهانییەکان فۆڕمی لەوجۆرە چۆتەسەر، ئاخر چوار جۆر لە فەلسەفە ڕۆڵی بەرچاویان هەیە بۆ پێکەوەژیان و بەئازادی ژیان. ئەو چوار جۆرەش بریتین لە فەلسەفەی ئازادی، مێدیا، گردبوونەوە و یەکێتیی پێکەوەژیان. ئاخر تەنها پەیمان و گرێبەستی کۆمەڵایەتی، وەک ئەوەی لە ڕۆژاڤا لەنێوان پێکهاتەکاندا واژۆیان لەسەر کراوە، بەس نین بۆ ئەوەی کایەی ستەمکاری تێپەڕێندرێت و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی فەراهەم بکرێت. 








سەرچاوەکان:

 

Alfred Heuss; Aristoteles als Theoretiker des  1. Totalitarismus in Antike und Abendland 

 

Infragestellung einer rollenbasierte Erklärung der Tyrannei     2. 

(لێکۆێنەوەی ئەزمونێکی زانستی سایکۆلۆژیی کۆمەڵ؛ ساڵی ٢٠٠٣؛)

 

  1. Rousseau: Abhandlung über die politische Ökonomie Band 2 S. 95-276 

 

  1. Der Zweck im Recht, Rudolf von Jhering; S. 334. ff. 423     
  2. A. d. Tocqueville. Band 3. In: Demokratische Despotie  (S. 723)
ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X