ئاڵن فایفز (زانکۆی گاڵوەی)
و. سارا عەلی عومەر
ئەم توێژینەوەیە ڕۆڵی فەلسەفە لە بابەتە گشتییەکاندا ڕوون دەکاتەوە و ئەم پرسیارانەش دێنێتە بەرباس: ئایا تێڕامانی فەلسەفی ڕۆڵێکی گشتی یان سیاسی هەیە؟ ئەگەر وایە ئەو ڕۆڵە چییە؟ بە خستنەڕووی ئەم پرسیارە، هۆکاری باش هەن بۆ باوەڕکردن بەوەی، یاخود وادەردەکەوێت ئێمە لە گێژاوی نێوان دوو هەڵبژاردەی زەحمەتدا گیرمان خواردووە. دەرکەوتنی ئەم گێژاوی دووڕیانە بەم شێوەیە سەرهەڵدەدات. لەلایەک ئەو تێگەشتنەی کە لەبنەڕەتدا فەلسەفییە، گشتی و ئەبستراکتە و لەڕووی ژیرییەوە ڕەنگدانەوەی هەیە و سەروکاری لەگەڵ ئەوەدا هەیە لەڕێی پرسیاری جۆراوجۆرەوە دەتوانرێت چی بزانرێت. جا بۆئەوەی کەسێک بتوانێت بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە مامەڵە لەگەڵ شیکارییەکی ڕەخنەیی عەقڵانی لەم جۆرە بکات، پێویستە لەسەری لەگەڵ جیهانی ڕۆژانە و پێشگریمانەکان و پراکتیزە باوەکان مەودایەک دروست بکات و کەمێک خۆی داببڕێنێت. لەکاتێکدا ڕێبازی جۆراوجۆری میتۆدۆلۆژی لە تێڕامانی فەلسەفیدا دەگیرێتە بەر، بەڵام پڕۆسەی خۆدابڕاندن لە جیهانی ڕۆژانە لە هەموویان باوترە کە وادەکات باشتر بەدوای شیکارییەکی ڕەخنەیی عەقڵانی بۆ ئەوشتانەی گرنگیی ئەوتۆیان پێ نەدراوە بکەین. بەڵام ئایا بەو ڕادەیە فەلسەفە دووربخرێتەوە، توانایی گێڕانی ڕۆڵێکی گشتی یان سیاسیی دەبێت؟ ئایا فەلسەفە بێئاگا دەبێت دەربارەی بابەتە پڕاکتیکییەکان؟ یاخود زۆر دوور دەبێت لەوانەی کە پێویستە بە ئارگومێنتی فەلسەفی قەناعەتیان پێ بکرێت؟ یان متمانەی لەنێو ئەو کەسانەی بڕیاردەدەن و پڕۆگرامەکانیان لە کایەی گشتیدا جێبەجێ دەکەن، نابێت؟
لەلایەکی ترەوە، هەندێک فەیلەسوف داوای بەشداریی ڕاستەوخۆی فەلسەفەیان لە بابەتە گشتییەکاندا کردووە، ئەگەر بڕیار وایە فەلسەفە لە هەوڵەکانی سەرکەوتوو بێت بۆ ڕازیکردن، یاخود هاوکاریی چاڵاکانە لەگەڵ خاوەن پۆستەکان و ئەوانەی ڕۆڵە گشتییەکان پڕ دەکەنەوە یان ئەوانەی بۆ چاکسازیی گشتی خەبات دەکەن... هەرچۆنێک بێت، دیسانەوە ئەمە کێشەدارە، بەگشتی دەتواندرێت بڵێین بەشداریکردنێکی ڕاستەوخۆی گشتی لەم جۆرە، پێچەوانەی ئەو خۆدابڕاندنە فەلسەفییەیە کە بۆ شیکاریی عەقڵانی، ڕەخنەگرانی پێویستە و هەروەها، بەتایبەتی، پێچەوانەی ئەو شیکارییە بابەتی و بێلایەنەی داب و نەریت و نادادییە کۆمەڵایەتی و ڕەخنەی ئایدۆلۆژیا و کاریگەرییە شێوێنەرەکانییەتی لەسەر ئاگایی مرۆڤ. ئایا دەتوانین خۆمان لەم گێژاوی تێدامانەدا دەربێنین؟ ئایا دەکرێت تێڕامانی فەلسەفی تێکەڵ بە بەشداریی سیاسی بکەین؟ ئایا دەتواندرێت ئەو جۆرە لە خۆدابڕاندنی فەلسەفی کە بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەیی پێویستە لەگەڵ بەشداریی چاڵاکانە لە بابەتە گشتییەکاندا بگونجێندرێت؟
هەموو بەشداربووانی ئەم بەرگە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم جۆرە پرسیارانە تێدەکۆشن و هەریەکێکیشیان هەوڵ دەدات بیخاتە ڕوو کە چۆن فەلسەفە دەتوانێت لە بابەتە گشتییەکاندا بەشدار بێت. بە کردنی ئەمە، بەشداربووانی ئەم بەرگە بەردەوامی بە نەریتێکی بەشداریى فەلسەفی لە بابەتە گشتییەکاندا دەدەن بەجۆرێک کە بەقەد خودی فەلسەفە کۆنە. نەریتێکە دەتوانرێت لە ئەسینای کلاسیکەوە تا نووسەرانی شۆڕشگێڕ و چاکسازیخوازانی سەدەی نۆزدە و بیست و ئەولاتریش بگەڕێندرێتەوە. هەرچۆنێک بێت، ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین بۆ فەیلەسوفەکان لە سەدەی ڕابردوودا ئەم جۆرە پڕۆژەیان ڕەت کردەوە، دەتوانین تەنها ئەو فەلسەفەیەی بە سیاسەتەوە سەرقاڵە وەربگرین. وا بوو ئاماژە بەوە درا لە کاتێک کە تێڕامانی فەلسەفی یارمەتیدەرە لە باشترکردنی ئەو چەمکانەی لە مشتومڕە گشتییەکاندا بەکار دێن، بەڵام بەتایبەتی گونجاو نییە بۆ گێڕانی هەر ڕۆڵێک لە چارەسەرکردنی ئەو کێشە سەرەکییانەی لەم جۆرە مشتومڕانە دەخرۆشێندرێن. بێجگە لەمەش، ئاماژە بەوە دەدرا کاتێک فەیلەسوفەکان لەم سنوورانە لادەدەن، تووشی لێدوانی فەلسەفی بێمانا دەبن و ژینگەیەکی سیاسیی نەیار بە لێکۆڵینەوەی عەقڵانیی ڕەخنەگرانی دروست دەکەن.
لەم بەشەدا، سەرەتا ئاماژە بەو هۆکارانەی کە بۆهەندێک لە فەیلەسوفەکان دەڵێن تەنها ڕۆڵێکی سنوورداریان لە بابەتە گشتییەکاندا هەبووە، دەدەم. دواتر سەیری هەوڵەکانی دواتر دەکەم بۆ فراوانکردنی ڕۆڵەکە. سەرەتا زۆر لە فەیلەسوفەکان دەستیان کرد بە ئارگومێنتی پێوانەداریی بەرجەستە substantive normative arguments کە جۆرێکی تایبەت کۆمەڵگە یان چارەسەرێکی تایبەتی بۆ کێشەیەکی کۆمەڵگە دێنێتە پێش. هەندێک لە فەیلەسوفەکانیش کەمپەسیان جێهێشت و چوونە ناو گۆڕەپانی گشتی و هەوڵیان دا کاریگەرییان لەسەر مرۆڤ و ڕووداوەکان هەبێت، چ وەک توانجگری گشتی یان وەک ئەندامی لیژنە. لەم گفتوگۆیەدا، دوو بابەت سەنتەر دەبێت. بەهۆی هەمەجۆریی ڕێبازە فەلسەفییەکان، هیچ ڕێبازێکی فەلسەفی تایبەت بە بابەتە گشتیەکان نییە و، فەیلەسوفەکانیش ڕێبازی میتۆدۆلۆژیی جیاواز و لەوانەیە نەگونجاویش بەکار بێنن. دووەمین، هەمەجۆرییەک لە ڕەچاوکردنی ئەخلاقی گونجاو بۆ بابەتە گشتیەکان هەیە و دەشکرێت ئەمانە لەهەر نموونەیەکدا بکەونە ناکۆکی. ئایا چۆن فەیلەسوفەکان دەتوانن لە بابەتە گشتییەکاندا بەشدار بن، بە جۆرێک واتای هەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی هەمەجۆریی میتۆدەکان و ئەگەری ناکۆکیی ئەخلاقی؟
وەک پێشتر بینیمان، بۆ قوتابخانەیەکی فکری، فەلسەفە پێویستە تەنها ڕۆڵێکی سنوورداری هەبێت لە بابەتە گشتییەکاندا. دەمەوێت سەرنجەکان بۆ دوو شێوازی ئەم ئارگومێنتە ڕابکێشم. یەکەمیان و، کە لەوانەشە بەهێزترینیان بێت، لە کارەکانی ( لودڤیگ ویتگنشتاین و ئەی. جەی. ئایەر) سەرچاوە دەگرێت. ئەوان لەلایەک جیاوازییەک لەنێوان ئاکارەکان و لەلایەکی تریشەوە لەنێوان زانست و فەلسەفە دەکەن. لە کۆتایی کتێبەکەیدا بە ناونیشانی ( Tractatus Logic-Philosophics) (1921) ویتگنشتاین وتی 'ئەو شتەی ناتوانین باسی بکەین پێویستە فەرامۆشی بکەین (1921, 7§, p. 89). لەکاتێکدا پێشنیارە بیرکاری و زانستە ئەزموونییەکان دەتوانن ئەو زانیارییە دیاریکراوانەی پەیوەندیی بە ژیرییەوە هەیە بگەیەنن، گوتە ئاکاری و ئەخلاقییەکان ئەو تواناییەیان نییە. هەربۆیە، 'ئەوە ڕوونە کە ئاکارەکان ناتوانرێت بکرێن بە وشە و دەرببڕدرێن (1921, § 6, p. 86).
هەمان جیاوازی لە کتێبەکەی ئایەر بە ناونیشانی "زمان، ڕاستی و لۆژیك" (١٩٧١ [١٩٤٦]) کە ئامانجێکی سەرەکی بوو بۆ دیاریکردن و ڕەتکردنەوەی ئەوەی ئایەر بە ' قسەی بێواتای مێتافیزیکی' ناوی دەبرد: …
لەبەرئەوەی ئێمە دەڵێین لەوانەیە هیچ دەربڕینێک کە ئاماژە بە 'ڕاستییەک' دەکات و سنوورەکانی هەموو ئەزموونە هەستەکییەکان دەبڕێت، ناتوانێت هیچ گرنگییەکی بەرجەستەیی هەبێت؛ ئەمەش دەبێت ئەوە بەدوای خۆیدا بێنێت کە ماندووبوون و زەحمەتکێشانی ئەو کەسانەی هەوڵیان داوە وەسفی ڕاستییەکی ئاوا بکەن بۆ بەرهەمهێنانی قسەی بێواتا تەرخان کراوە (ئایەر، ١٩٧١ [١٩٤٦]، ل. ٣٤).
"ئایەر" باسی ئەوەش دەکات کە پێشنیارێک تەنها و تەنها ئەوکاتە مانادارە کە بتواندرێت بە شێوەیەکی ئەزموونی پشتڕاست بکرێتەوە، جا چ ڕاستەوخۆ بە ڕێگەی چاودێریکردن بێت یان بە ناڕاستەوخۆ، بەشێکی لەسەر بنەمای چاودێریکردن و گوتە شیکارییەکان ( 1946, ل. 13). لە بەرامبەردا، زۆرێک لە گوتراوەکان سەبارەت بە کێشە ئاکاری و ئەخلاقییەکان ناتواندرێت لەڕێی ئەزموونەوە پشتڕاست بکرێنەوە بۆیە، ئەو باوەڕی وایە کە بێواتان.
هۆکاری باشی پرسیارکردن لەسەر گریمانەکانی ئایەر و فەیلەسوفە پۆزەتیڤیستە لۆژیکیەکانی تر هەن، بەتایبەت ئەو دیدەی دەڵێت گوتە مانادارەکان ئەوانەن دەتواندرێت لەڕێی ئەزموونەوە پشتڕاست بکرێنەوە. بۆ نموونە، کاڕڵ پۆپەر هەوڵی دا ئەوە پیشان بدات زانستی ئەزموونی لەڕێگەی ئەو هەوڵانەی بۆ پشتڕاستکردنەوەی گوتەکان دەدرێت پێش ناکەوێت بەڵکوو لەڕێگەی ئەو هەوڵانەی کە پیشانی دەدات گوتەکان ناتواندرێت ساختە بکرین یاخود پوچەڵ بکرێنەوە (پۆپەر، ١٩٦٣، ل. ٥١). لەڕاستیدا، تا ساڵی ١٩٥٩ ئایەر دانی بەوە نا چیتر ناتواندرێت ئەو جیاوازییەی لەنێوان گوتە مانادار و قسەی بێواتاى مێتافیزیکی دروستی کردبوو، درێژەی پێ بدرێت (ئایەر، ١٩٥٩، ل. ١٥–١٦).
ئەوانەیشی هاوسۆزی ئەو بیرۆکەیەن کە دەڵێت فەلسەفە دەبێت ڕۆڵێکی لاوەکی لە بابەتە گشتییەکاندا هەبێت ئارگومێنتەکانیان لەسەر بنەمای بێواتايى مێتافیزیک دانانێن. ئەوان باوەڕیان وایە فەلسەفە دەتوانێت ڕۆڵێک لە تێڕامانی ئێمە لەسەر بابەتە ئاکارییەکان ببینێت، هەرچەندە ئەمە ڕۆڵێكی سنوورداری پێشکەوتنی چەمکییە. ئەو ئارگومێنتە لەسەر بنەمای باسێکی ئەودیوئاکارییە (مێتائێتیک)، کە ئێمە چی دەکەین کاتێک حوکمێکی ئەخلاقی دەدەین. ئاماژە بەوە دەدرێت کە بۆ 'بەرژەوەندی ڕوونی و یەکگرتوویی هەوڵ بۆ باشترکردن و پێشخستنی چەمکەکان دەدرێت.... یەکگرتوویی coherence یان بە واتای یەکدەنگی یان، باشتر بڵێین، بە واتای هەبوونی پەیوەندیی لۆژیکی ئەرێیی (positive) دێت و، ڕوونییش یارمەتیدەرێکە بۆ تێگەیشتن و خۆلادان لە سەرلێشێوانی فیکری' (ڕافایل، ١٩٧٠، ل. ٢٠). فەلسەفە ناتوانێت و وابێتەوە پێویستیش ناکات هەوڵ بدات ڕۆڵی زیاتری 'هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانە بۆ بیر و باوەڕەکان بکات'؛ واتە 'هەوڵدان بۆ ڕەخساندنی زەمینەیەکی عەقڵانی بۆ قبوڵکردن و ڕەتکردنەوەی ئەو بیر و باوەڕانەی كە بە شێوەیەکی ئاسایی گرنگییەکی ئەوتۆیان پێ نادەین' (ڕافایل، ١٩٧٠، ل. 4). بۆیە، فەلسەفە دەتوانێت ڕۆڵێکی نەرێیی (negative) لەلایەنی بیروڕا ئاکارییەکانمان بگێڕێت، وەک ئەوەی شیکارییە چەمکییەکان دەتوانین پیشانی بدەن ئەگەر بیر و باوەڕەکان لەسەر بنەمای نایەکگرتوویی لۆژیکی و/یان نەبوونی ڕوونی بێت؛ بەڵام فەلسەفە ناتوانێت ڕۆڵێکی ئەرێیی بگێڕێت و دیاری بکات کام بیر و باوەڕی ئەخلاقی ڕەوایە و پێویستە قبوڵ بکرێت.
گریمانە دەکرێت بەهۆی دیدێکی تایبەتی ئەودیوئاکاری حوکمی ئەخلاقی، فەلسەفە ناتوانێت ئەو رۆڵە فراوانترەی دووەم ببینێت. بۆ سۆزپەروەران (ئیمۆتیڤیستەکان)، ئێمە هەڵوێست دەردەبڕین کاتێک زمانی ئەخلاقی بەکار دێنين ( ستیڤنسۆن، ١٩٤٤؛ هودسۆن، ١٩٨٣ [١٩٧٠]). بۆ نموونە، کاتێک خەڵک دەگەنە ئەوەی هەژاری نادادییەکە، ئەوان ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر هەژاری و چوارچێوە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکان کە هەژاری تێیدا سەرهەڵدەدەن، دەردەبڕن. لەبەرامبەردا، ئەوانەشی باوەڕیان وایە هەژاری جێگەی داخە بەڵام هەبوونی، بەڵگەی تەواوی نادادی نییە، ئەوانیش هەڵوێستیک دەردەبڕن. لەبەرئەوەی دیدە پێشبڕکێکارەکان لە دیبەیتە گشتییەکاندا بەشێکی گەورەی لەسەر بنەمای هەڵوێستی جیاواز و ناتەبایە، فەلسەفە ناتوانێت پێمان بڵێت کام لە دیدە پێشبڕکێکارە ئاکاریيەکان ڕاستە. فەلسەفە دەتوانێت پێمان بڵێت حوکمێکی ئەخلاقی لەسەر بنەمای سەرلێشێوانی چەمکییە یان نا، لەبەرئەوەی ئەمە بابەتێکی شیکاریی فەلسەفییە، بەڵام ناتوانێت پێمان بڵێت ئەو هەڵوێستانەی لە حوکمێکی ئەخلاقی دەربڕدراون ڕاستن یان نا، چونکە هەڵوێستەکان ناتوانن ڕاست یان ناڕاست بن.
ئەو ڕەچاوکردنانە چین هانی ئەم ڕێبازە لە فەلسەفە دەدەن؟ ئەم ڕێگەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جیاوازییەی "دەیڤد هیوم" کردی لەنێوان دوو سەرچاوەی زانیاری کە ئێستا بە چەنگاڵی هیوم Hume's fork ناسراوە (هودسۆن، ١٩٨٣ [١٩٧٠]). بە بڕوای هیوم، ئێمە دەتوانین زانیاری بەدەست بێنین لەڕێگەی چاودێریکردنی ئەزموونی و ئەزموون و هەروەها شیكاریی لۆژیکییانە، بەڵام ناتوانین زانیاریمان لەسەر ئەوە هەبێت کە، ئەخلاقیانە قسە بکەین، چی ڕاستە و چی هەڵەیە، چونکە ئەمە بابەتی سۆزەکانە. عەقڵ لە بابەتە ئەخلاقییەکاندا ڕۆڵێک دەگێرێت بەڵام، ڕۆڵەکە ڕۆڵێکی لاوەکی و پشتیوانی بۆ سۆزەکانە: ' عەقڵ تەنیا دەبێت کۆیلەی سۆزەکان بێت' ( Hume, 1969 [1739-40]، Book 2, Part 3, § 3, p. 462). ئەخلاق تەنیا لە بابەتە ڕاستی و بنەما عەقلانییەکان پێکنایەت (Hume, 1969, Book 3, Part 1, §1, p. 521)، بەڵکوو بابەتی هەست و سۆز و پەسەندکردن و نەکردن و هەروەها شتێکی هەستکردنە نەک بیرکردنەوە.
ئەو شتانەی تا ئێستا لەسەر سۆزپەروەرانمان وتووە لەسەر بنەمای ئەو جیاوازییانەی نێوان ڕووە جیاجیاکانی حوکمی ئەخلاقی بووە، کە ئەو بەشانە يان بەرفەرمانن بۆ شیکاریی عەقڵانی يانيش بەرفەرمان نين . لەسەر بنەمای ئەم جیاوازییە، سۆزپەروەران پێیان وانییە حوکمەکانی پێوانەداری (نۆرماتیڤ) دەکەونە دەرەوەی پۆلی ئەو لێدوانانەی کە مانادارن، بە پێچەوانەی ئایەر و ویتگنشتاین؛ بەڵکوو ئەوان دەڵێن لە بڕیاری ئەخلاقیدا هەندێکک پاشماوەی ناعەقڵانی بوونی هەیە، ئەویش خودی ئەو هەڵوێست دەربڕینەیە کە ناتواندرێت پاساوێکی عەقڵانی بۆ بهێنرێتەوە. دەتوانین بە شێوەیەکی عەقڵانی شیکاریی یەکگرتوویی عەقڵانیی حوکمێک بکەین و هەر بەم شێوەیەش دەتوانین بیر و باوەڕەکانی کەسێک کە دەربارەی کاروبارەکان هەیەتی شی بکەینەوە، بەڵام هەڵوێستی کەسێک ناتواندرێت عەقڵانی یاخود ناعەقڵانی بێت (ستیڤنسۆن، ١٩٤٤). ڕەنگە زۆرێک باوەڕیان وابێت لە حوکمی ئەخلاقیدا پاشماوەیەکی ناعەقڵانی بوونی هەبێت، بەڵام کێشە سەرەکییەکە لێرەدا ئەوەیە لەکوێ پێویستە ئەم هێڵە بکێشرێت. لە کاتێکدا هەندێکک باوەڕیان وایە تەنها بوارێکی تەسکی حوکمی ئەخلاقی بەرفەرمانی شیکردنەوەی عەقڵانییە، ئەوانی تر پێیان وایە بواری عەقڵ و ژیری لەوە فراوانترە و زۆربەی بەشداربووانی ئەم بەرگەش لەگەڵ بۆچوونی دووەمدان.
بۆیە ئێستا جیاوازییەکەی ئایەر لەنێوان گوتە مانادارەکان و قسە بێواتا مێتافیزیکیەکان یارمەتیدەر نییە، چونکە هەر بەسادەیی حوکمە پێوانەدارییەکان بە بێمانا پۆلێن دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئارگومێنتی عەقڵانی پێشگریمانەی جیاوازییەک لەنێوان ئەو دەقانەی کە دەکرێت یان ناکرێت بە عەقڵانی پاساویان بۆ بهێندرێتەوە دەکات و لە پراکتیکیشدا هەندێک لەو حوکمە پێوانەدارییانە دەکەونە لایە هەڵەکەی هێڵی دابەشکارییەکە. ئەوەی دەتوانین بیڵێین ئەوەیە گوتەی فەلسەفی پێویستە مانادار بێت، بەو گوتانەوەشی کە دەربارەی کێشە پێوانەدارییە بەرجەستەکانە و، فەلسەفە پڕۆژەیەکی عەقڵانییە، جا بە هەر ڕێگەیەک زاراوەی "عەقڵانی" لێکبدەینەوە. بۆیە لەبنەمادا، دەبێت بتوانین ڕەچاوکردنە عەقڵانییەکان و ئەوانەیشی کە گومان لەسەر گوتە فەلسەفییەکان دروست دەکەن، لە پشتگیریمان بۆ دەقە فەلسەفییەکان پێشکەش بکەین. ئەگەر ئێمە ئەو گریمانە سادانەمان قبووڵ کرد، ئەوکاتە دەتوانین بڵێین گوتەکان مانادار نین لە نەبوونی ڕەچاوکردنە عەقڵانییەکان بۆ پشتگیریکردن و گومان دروستکردن بۆیان. لە خوارەوە دووبارە دەگەڕێینەوە بۆ ئەم خاڵە.
ئێستا لە پرسیاری سنووری دروستی فەلسەفەوە دەچینە سەر پرسیاری ڕەوایی سیاسی. من ناتوانم باس لەو پرسیارە هەرە گرنگانەی دەربارەی ئەوەی کە چی ڕەوایی بە دەسەڵات دەدات، بکەم، کە پرسیارێکە بەتایبەت لەلایەن بیردۆزەوانی کۆماری وەک (فلیپ پێتیت Philip Pettit) باس کراوە. دەمەوێت لەجیاتی ئەمە بەدوای پەیوەندییەکدا بگەڕێم و ئەگەر ئەم پەیوەندییە هەبێت، ئەوا چ جۆرێکە — لەلایەک لەنێوان جۆرەکانی بەشداریی فەلسەفە لە بابەتە گشتییەکان و لەلایەکی تر جۆرەکانی ڕژێمە سیاسییەکانی کە هەن. بەرەنجامی ئەوەی تا ئێستا وتوومانە ئەوەیە ڕەنگە هەندێکک لەو گوتانەی لەلایەن فەیلەسوفەکانەوە دادەنرێن دەربارەی کێشە ئەخلاقییەکان مانادار نەبن و ڕەنگە فەیلەسوفەکانیش ئاگاداری ئەوە نەبن ئەوەی وتوویانە ناتواندرێت لەڕێی ڕەچاوکردنە عەقڵانییەکانەوە پشتگیری بکرێت یان بخرێتە ژێر پرسیارەوە. ئایا هیچ پەیوەندییەکی پێویست لەنێوان بەشداریکردنێکی بێمانای لەم جۆرەی فەیلەسوفەکان و سیاسەتێک کە لەجیاتی هاندانی بەشداریکردنی ڕەخنەگرانە لە بابەتە گشتییەکاندا سەرکوتیان دەکات، هەیە؟
دەتوانین لێرەدا بە نموونە بەردەوام بین، هەم نموونەی ئەڵمانیای نازی و هەم یەکێتیی سۆڤیەت. سەرەتا، "جۆناسان گلۆڤەر" پەیوەندییەکی لەنێوان ڕێبازی مارتن هایدگەر بۆ تێڕامانی فەلسەفی و سیاسەتی تۆتالیتاری ئەو ڕژێمەی ئەو پشتگیریی دەکرد، کێشاوە. "گلۆڤەر" درک بەوە دەکات کە تاوانی ڕاستەقینەى هایدگەر لاوازکردنی ڕۆڵی فەلسەفەیە لە پەرەپێدانی کەشوهەوای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە. کتێبەکانی ئەو بەرجەستەکردنی ئەو بیرۆکەیە کە فەلسەفە تەمێکی نەبڕاوە، کە تێیدا دەبێت متمانە بەو بیرۆکانەی بەڕوونی ناتواندرێت لێیان تێبگەین، بکرێت... بە بەپێویست دانانی متمانەکردن بەوەی ئەوەی ناڕوونە مانای وایە شتێکی گرنگە، هانی پیشاندانی ڕێز دەدرێت (گلۆڤەر، ١٩٩٩، ل. ٣٧٥–٦).
گلۆڤەر لە کتێبەکەی هایدگەر (بوون و کات) بەشێکی درێژ دێنێتەوە و دەڵێت کە تایبەتمەندیی هایدگەر دەنوێنێت ئەوانیش بريتين لە 'ئاڵۆزیی ناڕوون' و بیرکردنەوەی 'کرچ و کاڵ'. هەروەها گلۆڤەر باوەڕی وابوو ڕێبازی هایدگەر بۆ فەلسەفە هاوتەریبییەکی لە گوتە سیاسییەکانیدا هەیە هەروەک چۆن هایدگەر بڕوای وابوو دەبێت لە بیرکردنەوەماندا ڕێز لە دابونەریت بگرین، لە سیاسەتیشدا داوای ڕێزگرتنی دەکرد لە دەسەڵات، نەک پاساوێکی عەقڵیی دەسەڵاتی دەوڵەت: '''لێمەگەڕێ پێشنیازەکان و بیرۆکەکان یاسای بوونت بێت. دەسەڵات (کە بە هیتلەر ناوی بردووە) بەتەنها، ئێستا و داهاتووی واقیعی ئەڵمان و یاساکانییەتی"' (هایدگەر، ئاماژەی پێدراوە لە گلۆڤەر، ١٩٩٩، ل. ٣٦٩).
هەرچۆنێک بێت، ڕێگەیەکی تر بۆ لێکدانەوەی نموونەی هایدگەر هەیە. نموونەکەی ئەو هەوڵێک بوو بۆ ئاساییکردنەوەی لایەنگیری، واتە باڵادەستیی عەقڵ لە بیری سەردەمی ڕۆشنگەریدا ڕەت بکاتەوە و لەبری ئەمە باڵادەستیی ئەو گریمانانەی کە ناتواندرێت لەڕێی عەقڵەوە پاساویان بۆ بهێندرێتەوە، دووپات دەکاتەوە (گادامەر، ١٩٨٩، [١٩٧٥]). جگە لەوەش، کارەکەی ئەو دەتواندرێت بە ڕادیکاڵانە یان توندترین فۆڕمی گومان و وەک جێگرەوەی هەردوو سیاسەتی تۆتالیتاری و لیبڕاڵ دیموکراتی، سەیر بکرێت. لەکاتێکدا نازییەکان تاوانباربوون بە فۆڕمێکی توندوتیژی، کە بووە هۆی جوانکردن یان ئیرۆتیککردنی توندوتیژی، جۆرێک کە پاڵ بە واقیعەوە دەنێت لەگەڵ سیستەمێکی چەمکیی گشتگیردا بگونجێت. ئەوەی لەنێوان ئەم دوو زێدەڕەوییەدایە جۆرێکە لە بەشداریی فەلسەفی، جۆرێک کە لە کارەکانی هایدگەر و ئەوانی تر وەرگیراوە، لەوانەش "دێریدا"، کە تێیدا سنوورەکان لەناو دەبردرێن، هەروەک لەلایەن (مورچادا Ó Murchadha) ەوە پێشنیار کراوە، 'بۆئەوەی نۆرمەکان بپچڕێنن و هەڵیپەسێرن و سنوورەکان لاببەن و خود و ئەوانی تر بۆ بوونی لاوازی خۆیان ئازاد بکەن' (...).
نموونەی دووەم ئەو پاساوانەیە بۆ فۆڕمە جیاوازەکانی کۆمۆنیزمی مارکسیزمی پێشکەش دەکرێت. بەو جۆرەی من لێرە بەکارم هێناون، زۆرێک لە نموونەکان مانادار نەبوون، چونکە ناتواندرێت هیچ ڕەچاوکردنێکی عەقڵانی بۆ پشتگیریکردن یان گومان خستنەسەریان پێشکەش بکرێت. بۆ نموونە، گی. ئەی. کۆهين G. A. Cohen ڕۆژانێک باوەڕی وابوو کۆمۆنیزمی مارکسیزمی ڕەوایە بە هەموو ڕەچاوکردنە ئەخلاقییەکان و، بۆیەش ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر سۆشیاڵیزم دەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکی چینایەتیی پیشاننەدراوی ئەوانەی ناڕەزایەتییەکان دەردەبڕن، بێت (کۆهین، ١٩٩٥، ل. ٥–٦). هەرچەندە کۆهین درکی بەوە کرد ئەم بۆچوونەی هەڵەیە و لەسەرەتادا خۆی هەڵوێستی وابوو کە پێشکەشکردنی ڕەچاوکردنە عەقڵانییەکان بۆ دیدگای مارکسیزم بۆ کۆمۆنیزم ناپێویست و بێمانایە. ئایا کاریگەییە سیاسییەکانی ڕێبازێکی وەها بۆ فەلسەفە چییە؟ یەکێک لە ئەگەرەکان ڕژێمێکە کە ناڕەزایی قەدەغە و ورد خاشی دەکات چونکە، دەوترێت هەموو ئەو ناڕەزایەتییانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی چینایەتی ئاشکرا و نائاشکران. بۆ نموونە، "ئەلیکساندەر سۆلژنیتسین" لە ئۆردوگایەکی کار بەناوی (گولاگ) زیندانی کرا بە هۆکاری ئەوەی دەرکەوت نامە تایبەتییەکانی وتەی ڕەخنەگرانەی لە دەسەڵاتی ستالین تێدایە. هەرچەندە دواتر لە نۆڤەمبەری ١٩٦١ لە سەردەمی خرۆشێڤدا، سۆلژنیتسین باسێکی دەربارەی خۆی لە گوڵاگ لە ژمارەی "نۆڤی میر" بڵاو کردەوە، دواتر ڕێگریی لێ کرا لە بڵاوکردنەوەی زیاتری ئەزموونەکانی خۆی لە (گوڵاک) و ڕووبەڕووی دەرکردنی نێوخۆیی بوویەوە و دواتر ناچار کرا وڵات بەجێ بهێڵێت وەک کەسێکی بەرهەڵستکار (سۆلژنیتسین، ١٩٧٣؛ تۆماس، ١٩٩٩).
سۆلژنیتسین بەڕاستی وەک تاکێک خاوەنی زۆرێک لەو چاکێتییانەی کە داواکراوە لە ڕۆشنبیرێکی گشتی، سەیردەکرێت، کە کەمترین پابەندبوونی بە ئاشکراکردنی ئەو هەڵانەی بەناوی ڕژێمێکەوە دەکرێن، هەیە. بەڵام ئەم نموونەیە کۆمەڵێک پرسیار بێوەڵام بەجێ دێڵێت. یەکەم، بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەوە جێگیر ناکات ڕژێمەکانی بەرهەمی شۆڕش ڕەوایەتییان هەیە یاخود ئایا فەیلەسوفەکان پێویست نییە پشتیوانیی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان بکەن. هەرچەندە لەنێو فەیلەسوفەکانی تردا، "ئەلبێرت کامۆ" تیشکی خستۆتە سەر ئەو ڕێگایەی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان ئازادیی تاکیان کردۆتە قوربانی (...)، زەمینەیەکی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی بڵێین ئەو ڕێگایانەی دەسەڵاتی تێدا بەکار دەهێنرا لە یەکێتیی سۆڤیەت، بۆ سنووردارکردنی ڕەخنەگرتن بووە لە ڕەوایی ئەو کە بەکارهێنانی قێزەونی ئایدیا و ڕێبازی مارکسی بەدوای خۆیدا هێنا (...). دووەم، نموونەکە ئەوەمان پیشان نادات کە ئایا فەیلەسوفەکانی سەرقاڵ بە بابەتە گشتییەکان دەبێت دیموکرات بن. سەڕەڕای ئەوەی ڕژێم نکۆڵی لە مافە لیبڕاڵ دیموکراتییە سەرەتاییەکانی سۆلژنیتسینی کرد، سۆلژنیتسین نە لیبڕاڵ بوو، نە دیموکراتیش؛ هەروەها ڕەخنەگرێکی توندی بەکاربەریی نەفامانەی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی بوو. لە کۆتاییدا، نموونەکە ئەوە جێگیر ناکات ئایا ئەو فەیلەسوفانەی سەرقاڵی بابەتە گشتییەکانن دەبێت خۆیان بۆ ئەرکەکانی وەک باشترکردن و بەرەو پێشبردنی چەمکەکانی کە لەلایەن پۆزەتیڤیستە لۆژیکیەکانەوە داڕێژراوە، سنووردار بکەن. لەڕاستیدا، سۆلژنیتسین گرنگیی لە پێشینەی دا بە باوەڕی ئایینی و ویژدانی تاک و ئێستا زۆرێک لە فەیلەسوفەکان دەپرسن ئایا باوەڕ و ویژدان دەکەونە نێو کایەی فەلسەفەی گشتی (سۆلژنیتسین، ١٩٧٣؛ تۆماس، ١٩٩٩).
بابەتی ئێمە ئەو تێدامانەیە کە هەرجارێک بمانەوێت فەلسەفە لەسەر بابەتە گشتییەکاندا جێبەجێ بکەین، دێتە پێشمان. ئەگەر خۆدابڕاندن بۆ تێڕامانی فەلسەفی پێویستە، ئايا مانای ئەوەیە کە تێڕامانی فەلسەفی بۆ بابەتە گشتییەکان نەگونجاوە؟ ئەو ستاندارد و سنوورە دروستانە چین دەبێت فەیلەسوف لە کاتی ڕۆڵگێڕان لە بابەتە گشتییەکاندا ڕەچاویان بکات؟ بە پشتبەستن بەوەى تا ئێستا وتوومانە دەربارەی سنوورداربوونی پۆزەتیڤیزمی لۆژیکی و ترسناکی هەندێکک فۆڕمی بەشداریی فەلسەفی، دەتوانین ئەمانەی خوارەوە پێشنیار بکەین: کاتێک فەیلەسوفەکان بەشداری لە بابەتە گشتییەکاندا دەکەن، دەبێت قسەکانیان مانادار بن و لەگەڵ ڕێبازێکی سیاسی کە هانی بەشداریکردنی ڕەخنەگرانە لە بابەتە گشتییەکان دەدات نەک سەرکوتیان بکات، بگونجێت.
لە درێژەی ئەم بابەتەدا بەکورتی سەیری دوو ڕێگا دەکەم کە فەیلەسوفەکان دەتوانن ڕۆڵێکی گشتی ببینن بەپێی ئەو بیرۆکانەی لێرەدا خراونەتە ڕوو. سەرەتا دەتوانین لە تیۆریی پێوانەداریی بەرجەستەیی بەشدار بین و هەوڵ بدەین چارەسەری خراپ بەکارهێنانی چەمکەکان لە چوارچێوە و بواری ڕۆژانەدا بکەین و ڕەخنە لە نادادییەکان و دیاردەکانی وەک باڵادەستی، ئایدۆلۆژیا و ناچارکردنەکان کە بەرپرسیارن لە شێواندنی تێڕوانین و تێگەیشتنەکان، بگرین. دووەم، دەتوانین فەلسەفە لە کەمپەس دەربێنین و بیبەینە گۆڕەپانی گشتی. واتە، دەتوانین هەوڵێک بدەین بۆ جێبەجێکردنی گفتوگۆ و وردبینی و ئەنجامە فەلسەفییەکانمان بۆئەوەی بە جۆرێک کاریگەریی لەسەر ئەو ڕێبازە هەبێت کە لە ئاستێکی فراوانتری کۆمەڵگەدا لەسەر بابەتە گشتییەکان دەگیرێتە بەر.
3.1 تیۆریی پێوانەداریی بەرجەستەیی Substantive normative theory
لە هەوڵێک بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان ئێستا تێڕامانی فەلسەفی بەبەردەوامی لەسەر زۆرێک لە پرسەکانی جێی نیگەرانیی گشتی جێبەجێ دەکرێت، جا چ مەبەست لێی بە شێوەیەکی تەواو بێت یان بەشەکی. تێکستە هەرە گرنگەکانی، چ لەسەر دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ئاکارەکانی ئاژەڵ، تیرۆر، لەباربردنی منداڵ، سزای لە سێدارەدان و مافەکانی منداڵان، هەمووی نموونەی فەلسەفەن لە گێڕانی ڕۆڵی گشتیدا. 'بەیاننامەی ئامانج' کە لەگەڵ دەرچوونی ژمارە یەکی گۆڤاری (فەلسەفە & کاروباری گشتیPhilosophy & Public Affairs) هاتبوو لە ساڵی ١٩٧١، بەم جۆرە باس لە ڕۆڵی گشتیی فەلسەفە دەکات:
پرسەکانی جێی نیگەرانیی گشتی زۆرجار ڕەهەندێککی فەلسەفیی گرنگیان هەیە. گۆڤاری فەلسەفە و کاروباری گشتی بەو باوەڕەوە دامەزراوە کە تاقیکردنەوەیەکی فەلسەفی دەتوانێت هاوکار بێت لە ڕوونکردنەوە و چارەسەرکردنی ئەم پرسانە....فەلسەفە و کاروباری گشتی بۆ پڕکردنەوەی پێویستی گۆڤارێک کە تێیدا فەیلەسوفانی خاوەن دیدگای جیاواز و ئەو نووسەرانەی مەیلی زۆریان بۆ فەلسەفە لە بوارە جیاوازەکانی وەک یاسا، زانستە سیاسییەکان، ئابووری و کۆمەڵایەتی هەیە، دیزاین کراوە و تێیدا دەتوانن شێواز و میتۆدە جۆراوجۆرەکانیان بهێنن و بەسەر ئەو کێشانەدا جێبەجێی بکەن کە جێگای نیگەرانیی هەمووانە (کۆهین، ١٩٧١، فرۆنت ماتە).
چۆن دەتوانین پاساو بۆ هەر هەوڵێک بهێنینەوە بۆ بەکارهێنانی تێڕامانی فەلسەفی بەم شێوەیە بۆ بەشداریکردن لە ڕوونکردنەوە و چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی جێی نیگەرانی گشتین؟ بەڕوونی هەڵوێستێکی لەم شێوەیە ڕۆڵێکی فراوان بە فەلسەفە دەبەخشێت. فەلسەفە دەتوانێت زیاتر لە تەنها شیکردنەوەی ئەوەی کە ئایا چەمکەکانی وەک دادپەروەری و باڵادەستی بە یەکگرتوویی و ڕوونی بەکار هێنراون و پێناسە کراون، بکات. هەروەها دەتوانێت زیاتریش لە تەنها تیشک خستنەسەر ئەوەی لە کوێ حوکمەکانی بەها لەڕووی لۆژیکییەوە یەکگرتوو یان ڕوون نین و/یان لەگەڵ ڕاستییەکان ناگونجێن، بكات. بەڵکوو ئێستا بە شێوەیەکی بەرفراوان باوەڕ وایە فەلسەفە دەتوانێت و دەبێت ڕۆڵێکی پێوانەیی (نۆرماتیڤ) یان ئایدیۆلۆژیی هەبێت، ڕۆڵێک کە دەبێت بتوانرێت بۆ بەرەو پێشچوونی نۆرمەکان و ئایدیالەکان بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا بەکار بهێنرێت. کتێبی "تیۆریی دادپەروەری" (١٩٧١) کتێبێکە زۆرترین پەیوەندیی لەگەڵ ڕێنێسانسی ئەم جۆرە لە فەلسەفەی سیاسی هەیە. لە کتێبەکەدا "جۆن ڕاوڵز" هەوڵی داوە پیشانی بدات کە لەبەر هۆکاری جۆراوجۆر، دەبێت جێگرەوەکانی نۆرم و ئایدیالەکان ڕەت بکرێنەوە، کە یەکگرتوویی لۆژیکی و ڕوونی دووان لەو هۆکارانەن. هەرچۆنێک بێت، ڕاوڵز سوودی لە بەها پێوانەییەکانیش وەرگرت، بەتایبەت ئەو بەهایەی کە پێشەنگیی بە پاراستنی مافەکانی ئازادیی تاک بەخشی.
بەم کارە ئەو بانگەشە بۆ تیۆرییەکی تایبەتی دادپەروەری دەکات، تیۆرییەک تێدەکۆشێت لەپێناو گەرەنتیکردنی ئازادیی تاک و یەکسانیی دادپەروەرانەی دەرفەت و دابەشکردنی سامان و داهات بە شێوەیەک کە زۆرترین سوود بە کەسانی هەژار دەبەخشێت.
ئەگەر ئێستا فەیلەسوفەکان مافی ئەوەیان هەبێت ( یاخود تەنانەت پابەند بن) بەم جۆرە ڕەچەتە بەرجەستانە دروست بکەن، چۆن دەتوانین دڵنیا بین لەوەی ئەم جۆرە بەشدارییەی فەلسەفە لە بابەتە گشتییەکاندا مانادار و گونجاو دەبێت لەگەڵ ڕێبازێک بۆ سیاسەت کە لەجیاتی سەرکوتکردن، هانی بەشداریکردنی ڕەخنەگرانە لە بابەتە گشتییەکاندا دەدات؟ چەندین وەڵامی جیاواز بۆ ئەم پرسیارە دراوەتەوە و زۆرێکیان لەلایەن بەشداربووانی ئەم بەرگەوە نوێنەرایەتی دەکرێن.
ئەو ڕێبازەی لەم بابەتەدا گرتوومەتەبەر زیاتر قەرزاری نەریتی شیکارییە لە فەلسەفەی ئەخلاقیدا، نەک فەلسەفەی کیشوەری. بەپێی یەکێک لە شێوازەکانی فەلسەفەی شیکاری، ڕۆڵی فەیلەسوفی ئەخلاقی بریتییە لە بەکارهێنانی کارامەییە شیکاریی و ڕەخنەییەکانی فەلسەفە بۆ یارمەتیدانی چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی جێگەی نیگەرانیی گشتیین. بۆ نموونە، لەم بەرگەدا باسی خۆکوشتنی یارمەتیدراو (...) و منداڵ لەباربردن کراوە (...).
لە هەر حاڵەتێکدا فەیلەسوفەکان لە بنەما تیۆرییەکانەوە مشتومڕ لەسەر دەرەنجامە پێوانەدارییە بەرجەستەییەکان دەکەن. لەبەرامبەر ئەمەدا، فەلسەفەی کیشوەری نوێنەرایەتیی ڕێبازێکی پڕگومان بۆ بیرکردنەوەی تیۆریی دەکات. "هانز جۆرج گادامێر" ئەوەی پێی دەڵێن لایەنگیریی سەردەمی ڕۆشنگەریی بەرامبەر لایەنگیری ڕەت دەکاتەوە، واتە ڕەتکردنەوەی بێپرسیاری بەها یان گرنگیی گریمانە بێپرسیارەکان؛ بەڵکوو هێرمێنۆتیکەکەی لە ڕوانگەیەک یاخود ئاسۆیەکی تێکەڵ بەو جۆرە لایەنگیرییانە دەست پێدەکات و لەڕێگەی تێکەڵبوونی ئاسۆکانەوە بەدوای تێڕوانیندا دەگەڕێت کە 'کرانەوەیەک بۆ ئەزموون' و کرانەوەیەک بۆ 'ئەوی دیکە' بەڕاستی وەک 'تۆ' لە کارلێکی من -تۆدا لەخۆ دەگرێت (گادامەر، ١٩٨٨ [١٩٧٥]، ل. ٣٥٧، ٤٣١). ئەوانی تریش ڕەخنە لەو زیانانە دەگرن کە بەهۆی ڕێبازێکی زۆر عەقڵانییانە بۆ فەلسەفە دروست بووە و بە فۆڕمێکی توندوتیژی یەکسانی دەکەن (...).
پرسیارێکی دیکە ئەوەیە ئایا فەیلەسوفەکان دەبێت لەڕووی ئەخلاقییەوە بێلایەن بمێننەوە ئەگەر بیانەوێت دەربڕینی مانادار بدەن؟ نایابخوازەکان لە بیرۆکە ئاکارییەکانەوە دەربارەی ئەوەی کە چی ژیان بەهادار و باش دەکات دەست پێدەکەن و لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانن مامەڵە لەگەڵ بابەتە گشتییەکاندا بکەن. بۆ نموونە، لە کاتێکدا "جۆزێف ڕاز" دان بەوە دادەنێت فرەییەک لە ڕێگای باش بۆ ژیان و بەها ئاکارییەکان هەیە، ئەو باوەڕی وایە ئەم جۆرە توانجە پێوانەدارییە بەرجەستەییە دەبێت لە مشتومڕە گشتییەکاندا هەبێت چونکە، ئەو ڕێککەوتنانەی لە ئەنجامدا دروست دەبن گرنگییەکی ئەخلاقیی گەورەیان دەبێت (ڕاز، ١٩٨٦). هەندێکک ئاماژە بەوە دەکەن هەموو شێوازەکانی ژیان پابەندبوونێکی ئاکارى بەرجەستە دەکات و دەردەبڕێت بۆیە، بیرکردنەوە لەوەی دەتوانین بەشداری لە بابەتە گشتییەکاندا بکەین و لەگەڵ ئەوەشدا بێلایەن بین سەبارەت بە بەها ئەخلاقییەکان، خەیاڵە (سەرنج بدە برین و کیت بە جیا لەم بەرگەدا). لە کۆتاییشدا، باس لەوەش کراوە ئەم جۆرە توانجە پێوانەدارییە بەرجەستەییانە بەگشتی تایبەتمەندیی بیرکردنەوەی ئەخلاقیی کەسانی ئاسایی و کەسە سادەکانە و هەندێکک ڕێبازی فەلسەفی وەک ئەڕستۆگەرایی و تەومیزم بۆ لەخۆگرتنی ئەم پێویستییە مرۆییە بۆ پابەندبوونی ئەخلاقی، گونجاوترن (سەرنج بدە ماکینتایر لەم بەرگەدا).
من لە شوێنێکی تردا هەوڵم داوە ئارگومێنتێک بۆ ڕێبازێک کە زۆر قەرزاری جۆن ڕاوڵز و باسەکەی سەبارەت بە عەقڵانییەوە بخەمە ڕوو (فايفز, 2010, 2013). ڕاوڵز دەست پێدەکات بە بیرخستنەوەمان بەوەی کە نیگەرانیی ئێمە لە فەلسەفەی سیاسیدا لەگەڵ ڕەوایەتیی (شەرعییەتی) ئەخلاقی دامەزراوە زۆرەملێکانە و ئەم سەرنجە سنووردارکراوە دەبێت ئەوەی ئێمە بە ڕەچاوکردنە گونجاوەکان لە مشتومڕی گشتیدا دەزانین، دیاریی بکات( ١٩٨٩, ل. ٢٤٤ ). بەسادەیی، کاتێک نیگەرانیمان ئەوەیە ئایا دامەزراوە زۆرەملێکانمان ڕەوایەتییان هەیە، پرسی ئەخلاقی زۆر هەن کە پێویست نییە لەسەریان کۆک بین و پێویستیش ناکات چاوەڕێی ئەوە لە کەسانی تر بکەین لەگەڵمان هاوڕا بن. ئێمە پێویست ناکات لەسەر ئەوەی ئامانجی سەرەکیی ژیانی مرۆڤ چییە کۆک بین، یان ئایا ڕاستیی ئەخلاق لەڕێی باوەڕی دینییەوە خراوەتە ڕوو و هتد. بەڵکوو کاتێک وەک هاوڕێیەکی 'عەقڵانی' لە کەسانی تر نزیک دەبینەوە، قبووڵی ئەوە دەکەین دەبێت لەسەر مەرجە دادپەروەرەکانی هاوکاریی کۆمەڵایەتی ڕێک بکەوین و ئەو جۆرە ڕەچاوکردنانەشی لە بەرگریکردنی پێشنیازەکانمان پێشکەشی دەکەین دەبێت ڕەچاوکردنی گشتی بێت، واتە ڕەچاوکردنێک کە بتواندرێت چاوەڕوانی ئەوە بکرێت ئەوانی تر، وەک هاوتای ئەخلاقیمان، بەشێوەیەکی مەنتیقی قبووڵی بکەن ( ڕاوڵز، ١٩٩٧, ل. 579).
ئێرە شوێنی بەرگریکردن لە باسەکانی ڕاوڵز لەسەر ڕۆڵی گشتیی فەلسەفە نییە؛ بەڵکوو دەتواندرێت وەک نموونەیەک لەناو ژمارەیەک نموونە وەربگیرێت دەربارەی ئەوەی چۆن دەتوانین ڕۆڵێک بە فەلسەفە ببەخشین کە لە تەنها شیکردنەوەی چەمکەکان فراوانترە و، لە هەمان کاتیشدا باوەڕکردن بەوەی ئەو گوتراوە فەلسەفییانە مانادار و گونجاو دەبن لەگەڵ ڕێبازێکی سیاسی کە هانی بەشداریی ڕەخنەگرانە لە بابەتە گشتییەکان دەدات لەجیاتی سەرکوتکردن. بۆ ڕاوڵز ناتواندرێت حوکمە ئەخلاقی و ئاکارییەکانی کایەی گشتی لەسەر بنەمای بانگەشەی ئەوە بێت چی بۆ هەر یەک لە ڕێبازە ئەخلاقییەکان ڕاستە، لانیکەم بە بێ قبووڵکردنی ئەوەی کە دامەزراوە زۆرەملێکان پێویستە ئەو ڕێبازە ئەخلاقییە بەسەر هەموو ئەوانەی هەست دەکەن هۆکاری باشیان بۆ ڕەتکردنەوەی ڕێبازەکە هەیە، بسەپێنن (ڕاوڵز، ١٩٨٧، ل. ٤٢5). بەڵکوو دەبێت ئەخلاقی گشتی و ئاکارەکان لەسەر بنەمای عەقڵانیی کەسەکەوە بێت.
لە شوێنی تر باسم کردووە، ئەمە وەک ڕێبازێک بۆ پاساوی ئەخلاقی زۆر بەرگریلێکراوە چونکە ناوەڕۆکەی، بیرۆکەی یەکسانیی ئەخلاقییە کە پێی وایە کاتێک بەرامبەر ئەوانی تر پاساوی ئەخلاقی بۆ خۆمان دێنێنەوە، ئەو ئەوانی ترانە وەک کەسانی ئازاد و یەکسان دەبینين (فایفز، ٢٠١٣، ل. ١٣١). یان هەمان خاڵ بە شێوەیەکی تر باس بکەین، هاوڵاتییە عەقلانییەکە ئامادەیە ' لەڕووی سیاسییەوە قسە لەگەڵ ئەوانەی لەڕووی هۆکارە گشتییەکان بۆچوونی جیاوازیان هەیە، بکات (فریمان، ٢٠٠٠، ل. 401). پێدەچێت ئەمە هەڵبژاردنێکی باش بێت بۆ ڕێبازێکی فەلسەفە کە بەشداریی بابەتە گشتییەکانە و تێیدا فەیلەسوفەکان لێدوانی مانادار بە شێوەیەک دەدەن کە یارمەتیی بەشداریی ڕەخنەگرانە لە بابەتە گشتییەکاندا دەدات وەک لەوەی سەرکوتی بکات. ئەمەش چونکە ڕێبازێکە پێویستی بەوەیە هەموو پێشنیارەکان بە جۆرێک بن کە هۆکاری گشتی بۆ پاساوهێنان بۆیان پێشکەش بکرێت، هۆکارانێک کە مەعقولە چاوەڕێی ئەوانی تریش بکەیت قبووڵی بکەن؛ لەکاتێکدا ئەو جۆرە سیاسەتەی کە ڕەوایەتی بەمە دەدات زۆرترین گرنگی بە ئازادیی بیر و ڕای تاک دەدات.
3.2 هێنانی فەلسەفە بۆ کایەی گشتی
وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، ڕێگەیەکی تر تێیدا فەلسەفە دەتوانێت ڕۆڵێ گشتی ببینێت ئەو کاتەیە ئێمە هەوڵی جێبەجێکردنی گفتوگۆ و وردبینی و ئەنجامە فەلسەفییەکانمان دەدەین بۆئەوەی بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەریی لەسەر ئەو ڕێبازە هەبێت کە لە ئاستی فراوانتری کۆمەڵگەدا لەسەر بابەتە گشتییەکان دەگیرێتە بەر. لەوانەیە بگوترێت بڵاوکردنەوەی کتێبی "تیۆریی دادپەروەری ١٩٧١" ی ڕاوڵز بەهۆی کاریگەرییەکانی لەسەر بیرکردنەوەکانی دواتر لەسەر دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و نووسینەکانی سەبارەت بەوە و ئەو گرنگییەی کە هەیبوو بۆ ئەو کەسانەی ڕەخنەیان لە ئارگۆمێنتەکانی هەبوو، کاریگەریی وەهای لەسەر ئاستی فراوانتری کۆمەڵگە هەبوو (...). بەڵام لێرە مەبەستەکە تەواو جیاوازە. دووەم ڕێگا کە فەلسەفە دەتوانێت ڕۆڵی گشتی بگێڕێت ئەوکاتەیە ئەو کەسانەی ئارگومێنتە فەلسەفییەکان دێننە پێشەوە، هەندێک جار بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و هەندێک جاریش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و سیمبولییانە، کەمپەس بەجێ دەهێڵن و دێنە ناو کایەی گشتی.
3.2.1 فەلسەفە و تێدامانی ئەخلاقى
من سەیری دوو ڕێگا دەکەم کە دەتواندرێت فەلسەفە بەم مانایە بهێندرێتە ناو کایەی گشتی. یەکەم، دەتوانێت کاتێک ڕوو بدات کە ئێمە لەسەر ئاستێکی فراوانتر لەگەڵ خەڵکدا پەیوەندی دروست بکەین لە هەوڵێکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا بۆ کاریگەریی خستنەسەر ئەوەی چۆن خەڵک سەبارەت بە بابەتێک بیردەکاتەوە و چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و چ سیاسەتێکیش جیبەجێ دەکەن. ئەم هەوڵە ئاشکرا و ڕاستەخۆیە بۆ کاریگەری خستنەسەر ڕای گشتی و سیاسەتی گشتی لەوانەیە بە ڕازیکردن، ئامۆژگاریکردن، یان تەنانەت ناڕەزایەتیی گشتی و خۆپیشاندان، نیشان بدرێت. کاتێک بەم شێوەیە تێڕامانی فەلسەفی لە کەمپەس دێنینە دەرەوە و دەیهێنینە ناو کایەی گشتی، ئایا دەبێت چاوەڕوان بکەین هەندێک پچڕان لەنێوان تێڕامانی فەلسەفی و ژیانی گشتی ئەزموون بکەین؟ پچڕانێک کە ستانداردەکانی پاساوە عەقڵانییەکانی کە بۆ فەلسەفە گونجاوە بە ڕادەیەکی بەرچاو بۆ ژیانی گشتی نەگونجاو بێت. لە خوارەوە بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەگەڕێین بە باسکردنی کێشەی "تێدامانی ئەخلاقی" لە ژیانی گشتیدا.
یەکێک لە وەڵامەکانی ئەم پرسیارە لە وتارەکەی "نوام چۆمسکی" لە ساڵی ١٩٦٧ لە ڕۆژنامەی "نیوۆرک ڕیڤیو ئۆف بووکس" دا هاتووە لەسەر بەرپرسیارێتیی ڕووناکبیران. هێڵی ئارگومێنتەکە لە وتارەکەی چۆمسکی پێشنیاری ئەوە دەکات کە تێڕامانی فەلسەفی دەتوانێت و دەشبێت بەدوای ڕاستیدا هەوڵ بدات و ئێمەش دەتوانین و دەشبێت ڕاستییە فەلسەفییەکان بۆ دەرخستنی درۆ و شێواندنەکانی ژیانی گشتی بەکاری بهێنین. بەسادەیی، 'بەرپرسیارێتیی ڕووناکبیران ئەوەیە ڕاستییەکان بڵێن و درۆکانیش بخەنە ڕوو ( چۆمسکی،1967). جگە لەمەش، بەهۆی دەستگەیشتنی ڕووناکبیران بەو کارامەیی و سەرچاوانەی پێویستن بۆ خستنەڕووی درۆکانی دەسەڵاتداران، بەرپرسیارێتییان لە هاونیشتمانیانی تر گەورەترە، چونکە ئەوان ئەو دەرفەت و ئازادی و هۆ و ڕاهێنانەیان بۆ گەڕان بەدوای ئەو ڕاستییەی لە پشت پەردەی شێواندن و چەواشەکاری و ئایدۆلۆژیا و بەرژەوەندیی چینایەتی کە لەڕێگەیەوە ڕووداوەکانی مێژووی ئێستامان بۆ دەخرێتەڕوو، هەیە (چۆمسکی،1967).
لە ڕوانگەیەکەوە، هەڵوێستێکی چۆمسکی ئەوەیە کە پچڕانێکی تیژ لەنێوان فەلسەفە و دونیای گشتیدا هەیە: لەکاتێکدا ئامانجی فەیلەسوف گەیشتنە بە ڕاستی، ئامانجی ئەوانەشی لە دەسەڵاتن بریتییە لە شاردنەوەی ڕاستی و ئاکامی ئەو شتانەی دەیکەن. بەڵام بە شێوەیەکی بنەڕەتیتر هیچ پچڕانێک نییە، بۆ چۆمسکی، لەنێوان ئەو دووانەدا: دەتوانین و دەبێت ئەو ستاندارد و نموونانەی تێڕامانی فەلسەفی ڕاستەوخۆ و بەبێ دەستکاریکردن بۆ کایەی گشتی جێبەجێ بکەین بۆ ئەوەی ئەکتەرەکان و سیاسییەکان و فەرمانبەرانی حکوومی و خاوەن پۆستەکانی تر بەپێی گونجانیان لەگەڵ ستاندارد و نموونەکانی ڕاستیی فەلسەفی ستایش یاخود ئیدانە بکرێن.
چۆمسکی نوێنەرایەتیی ئەوەی هەندێک پێی دەڵێن 'ڕووناکبیرى خەڵکی يان (گشتی)' دەکات کە، لەبەرئەوەی دەسەڵاتی نییە، بۆیە بێ پەڵە و سازشە. "ڕووناکبیرى گشتی" بەم جۆرە لەم جل و بەرگەدا:
ئاوا پێناسە دەکرێت کە پێویستە بەرجەستەی دۆخی دابڕان و نامۆبوون و ناتەبایی بکات.... نەک سەرەڕای، بەڵکوو بەهۆی خواستە سەرسەختەکەی بۆ یارمەتیدانی کۆمەڵگە، دەبێت خۆی و ئەوانی تریش قەناعەت پێ بکات ئەوەی ئەو خۆشی دەوێت ڕاستییە نەک کۆمەڵگا (مێلزەر، ٢٠٠٣، ل. 11).
چۆمسکی لە وتارەکەیدا لە ساڵی ١٩٦٧ تیشک دەخاتە سەر زۆرێک لەو بۆنانەی کە کەسایەتییە گشتییە جیاجیاکان لە ئەمەریکا درۆیان کرد و واقیعیان چەواشە دەکرد بۆ شاردنەوەی ڕۆڵی حکوومەتی ئەمەریکا و هێزەکانی لە جەنگی ڤێتنام. لەوانەیە بۆ دەسەڵاتداران ئەو درۆیانە پێویست بووبێت بۆ ئەوەی سیاسەتەکانیان جێبەجێ بکەن کە لەبەرامبەردا ڕەوایەتی بە درۆکانیان دەدەن. لە ڕێبازی چۆمسکیدا، ئاشکراکردنی درۆ تەنها شتێکە کە پێویستە بۆ دەرکردنی حوکمی ئەخلاقی. بەڵام ئەوەی چۆمسکی ڕەچاوی ناکات ئەوەیە ئایا درۆکان، ئەوانەی پەیوەندیی بە جەنگی ڤێتنام و هەر بابەتێکی تری گشتی هەیە، دەتوانن پاساوێکی ئەخلاقییان هەبێت؟
هەندێکی تر باسی ئەگەری جێبەجێ نەبوونی ستانداردە ئەخلاقییەکان ( پێکەوە لەگەڵ بنەما ئەخلاقی و نموونەکانی تر) دەکەن کە درۆکردن یاساغ دەکات، بەسەر ژیانی گشتی بەو جۆرە وردەی کە جێبەجێ دەبن بەسەر کایەکانی ترى ژیان. ئەوانەی فەرمانگە گشتییەکان داگیر دەکەن و ڕۆڵی گشتی دەگێڕن، بەرپرسیارێتی نوێ لە ئەستۆ دەگرن، بەڵام لەهەمان کاتدا یەخەگیریی ئەخلاقی نوێ و تەنانەت تێدامانی ئەخلاقیشیان بۆ دێتە پێش. ئەمەش کاتێکە کە خاوەن پۆستەکان دڵنیا بن لەوەی لەڕووی ئەخلاقییەوە دەبێت بە شێوەیەکی تایبەت مامەڵە بکەن یان ڕێگە بە جۆرێک کردار بدەن کە خۆیان پێیان وایە ئەگەر لە چوارچێوەیەکی تردا ڕووی بدایە، لەڕووی ئەخلاقییەوە ناڕەزایەتی لێ دەکەوتەوە. ئەگەر بنەما ئەخلاقی و پابەندبوونەکانمان تووشی ناکۆکی بن، ئەوا دەبێت فەلسەفە زۆر زیاتر لە تەنها پیشاندانی پێشێلکردنی ئەو بنەما و پابەندبوونانە بکات؛ بەڵکوو فەلسەفە دەبێت باس لەو شتانە بکات کە ڕەنگە بیکەین کاتێک وا پێدەچێت بەرپرسیارێتییەکانمان پێویستی بەوەیە دەستەکانمانی بۆ پیس بکەین.
لەبەر خاتری ئەم گفتوگۆیە، کاتێک باسی پیسکردنی دەستەکان دەکەین، ئاماژە بە پێشێلکارییە قێزەونەکانی مافەکانی مرۆڤ وەک، ئەشکەنجە و جینۆساید و پاکتاوی نەژادی ناکەین. بەڵکوو ئاماژە بە نموونەی زیاتر ئاسایی و ئەوانەی ڕۆژانە ڕوو دەدەن کە لەڕووی ئەخلاقییەوە لە فەرمانگەی گشتی کەمتر گونجاون، دەدەین لەوانەش:
درۆکردن، یان لانیکەم شاردنەوە و لێدوانی چەواشەکارانە؛ شکاندنی بەڵێن؛ داوای تایبەت؛ هاوپەیمانیی کاتی لەگەڵ کەسانی نەخوازراو؛ قوربانیدانی بەرژەوەندیی کەسانی شایستە بۆ بەرژەوەندیی کەسانی ناشایستە؛ و... زۆرەملێکردن تا ئاستی هەڕەشە لێکردن (ویلیامز، ١٩٧٨، ل. ٥٩).
هەندێک جار وا دەردەکەوێت هەندێک کردار پێویست بن، بەتایبەتی بۆ ئەوەی هەندێک ئامانج، کە لە سوودی زۆرێک خەڵکە، بەرەو پێش ببات. سەرەڕای ئەمەش، تەنانەت کاتێک کاری پیسی لەم جۆرە پاساوێکی لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی دەرئەنجامگەراکان consequentialists هەیە، لەوانەیە هۆکارەکانی کە بۆ دەبێت ئێمە لەڕووی ئەخلاقییەوە بە سەربەکێشەی بزانین، بمێنێتەوە. ڕەنگە ئەمەش بەهۆی 'نیگەرانییەکی سەرەکییەوە بێت بۆ تۆمارێکی نائەهریمەنی و جێی ڕێز، هەروەها بۆ کردارێک كە هەرگیز خراپ و نامرۆڤانە نەبووە (هامپشایەر، 1٩٧٨، ل. 10). تەنانەت ئەگەر بزانین هەندێک کردەوەی پیس بەهۆی دەرەنجامە باشەکانیان ڕەوایەتییان پێ دەدرێت، ڕاست دەکەین کە باوەڕمان وایە بەو پێیەی خۆمان ئەو کردەوانەمان ئەنجام داوە، لەڕووی ئەخلاقییەوە پەڵە و پیسیمان لەسەرە. ئارگومێنتەکانی "ستوارت هامپشایر" و ئەوانی تر ئاماژە بە بوونی ململانێی ئەخلاقی و تێدامانی ئەخلاقی دەکەن: 'ئێمە بە شێوەیەکی ئاسایی ڕووبەڕووی کێشەی ئەخلاقیی جیددی دەبینەوە وەک ململانێ لەنێوان واگۆییە (کلەیم) ئەخلاقییەکان ئەگەر لەڕووی تیۆریەوە سەیربکەین، بە ڕەها و بێ هەڵاوێرد دەردەکەون؛ هەرەها لەڕاستیدا لەو بارودۆخانەی کە کێشە دێننە پێشێ، ئاشت ناکرێنەوە (هامپشایەر، ١٩٧٨، ل. 40).
گرنگترین تایبەتمەندی ڕۆڵی گشتی داواکاریی بابەتیبوونە لەو کەسەی کە ڕۆڵەکە پڕ دەکاتەوە، ئەمەش دوو کاریگەریی گرنگی هەیە: 'واتە ئەمە هەم نیگەرانییەکی زۆر بۆ ئەنجامەکان و هەم مەرجێکی توندتر بۆ بێلایەنی ڕادەگەیەنێت (ناگێل، ١٩٧٨، ل. 82). بۆیە بەپێچەوانەی پەیوەندیيە تایبەتەکانی وەک هاوڕێیەتی، پەیوەندیی نێوان هاوسەران، دایبابی و هتد، کاتێک بابەتەکە دێتە سەر پاساوی ئەخلاقی کردەیەک لەناو دامەزراوەیەکی گشتی (بۆ نموونە، قوتابخانە، نەخۆشخانە، سوپا، یاخود وەزارەتەکانی حکوومەت)، پێویستە گرنگییەکی زۆر زیاتر بدرێت بە کاریگەرییەکان یان دەرەنجامەکان و، ئەو مەرجەی کە دەبێت بەرپرسانی گشتی هیچ لایەنگرییەک بۆ شێوازی دابەشکردنی ئەم کاریگەریی و دەرئەنجامانە پیشان بدەن. بەهۆی بەرزبوونەوەی داواکاری بۆ بابەتیبوون، هەندێک جار دڵرەقی گلۆپی سەوزی بۆ هەڵدەکرێت. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو چوارچێوەی چۆمسکی باسی لێوە کردووە، لە دۆخی شەڕدا، ڕەنگبێت پێویست بکات ڕاستیی هەندێک چالاکیی سەربازیی بشاردرێتەوە بۆئەوەی ئەگەری سەرکەوتنی ئەو چالاکییانە باشتر بکەن و لەوانەشە پێویست بێت بۆ بەرپرسێکی گشتی درۆ بکات و ڕاستییەکان سەبارەت بە چالاکییەکان بشارێتەوە، تەنانەت لەوانەشی کە پەیوەندیی کەسیی لەگەڵیان هەیە.
ئەمە چیمان سەبارەت بە ڕۆڵی فەلسەفە پێ دەڵێت کاتێک لە کەمپەس و ناوەندە ئەکادیمییەکان دەری دەهێنین و دەیهێنینە ناو کایەی گشتی؟ لەکاتێکدا هەندێک پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە تێدامانی ئەخلاقی تەنها ڕواڵەتن و ڕاستەقینە نین— لەبەر ئەم هۆکارە، ئەگەر بەباشی تێبگەین، بۆمان دەردەکەوێت ئەخلاق هەرگیز ناتوانێت ڕێگەمان بدا بە درۆ و پاڕانەوە و داواکاریی تایبەت (دۆناگان، ١٩٩٣؛ فووت، ٢٠٠٢؛ دی هان، ٢٠٠١). ئاماژەمان بەوە دا کە ژیانی گشتی بەتایبەتی لە کوێدا ململانێی ئەخلاقی دروست دەکات. یەکەم بەرەنجامی ئەم ئارگومێنتە ئەوەیە کە دەبێت ئێمە هێواشتر بین لە ئیدانەکردنی کەسانی دەسەڵاتدار کە بەهۆی ڕۆڵە گشتییەکەیان ناچار بوونە بڕیاری قورس بدەن و بەدڵڕەقی و بێبەزەییانە مامەڵە بکەن. هەرچۆنێک بێت، بەرەنجامی دووەم ئەوەیە کە دەبێت زیاتر هەستیار و بەئاگا بین لەو ناڕەحەتییە ئەخلاقییەی دەبێت هەست پێ بکرێت هەرکات ڕەوایەتی بە کردەیەکی دڵڕەقانە درا.
لەکاتێکدا قازانجخوازەکان (یوتەلیتاریان) دەڵێن ئەگەر درۆکردن بۆ ئەوە بێت بە باشترین شێوە بەختەوەری بەرەوپێش بچێت، ئەوا هیچ تێدامانێكی ئەخلاقی لەم بارەدا بوونی نییە، "بێرنارد ویلیامز" دەڵێت تەنانەت کاتێک لە بەرژەوەندیی کردەیەکی پیس هەندێک پاساوی ئەخلاقی هەیە کە لەبەرامبەر هۆکاری دژایەتییەکانی بەهێزترن، 'پاشماوەی ئەخلاقی هەیە، ناکۆکییەکی ئەخلاقیی هەڵنەوەشاوە' کە 'بەتایبەتی دروست دەبێت کاتێک پاساوی ئەخلاقیی کردارەکە لە جۆری دەرئەنجامگەرایی یان هەرەباڵایی maximizing بێت، لە کاتێک ئەوەی بەرەو ڕووی دیوارەکە چووە مافێکە ( واتە هەرچەندە ئەنجامی کردەکە لەوانەیە باش بووبێت بەڵام لەنێویاندا لەوانەیە مافی کەسانێک خورابێت) (ویلیامز، ١٩٧٨، ل. ٦٣). بۆیە پێشنیاری دووەم بۆ ڕۆڵی گشتیی فەلسەفە ئەوەیە دڵنیا بینەوە لەوەی هەرگیز کوێر نابین لە ئاستی دەرەنجامە نەرێییەکانی کردەیەکی بێبەزەیی، تەنانەت کاتێک هەموو شتەکان لەڕووی ئەخلاقییەوە ڕەوایە.
ئەوەی ئەمە پیشانی دەدات ئەگەری ڕاستەقینەی ململانێی ئەخلاقی یان تێدامانی ئەخلاقییە. ئەمەش بەدوای ئەوەدا دێت هەرچەندە چۆمسکی ڕاستی دەکرد کە دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا دەربارەی کردەوەکانی هێزە سەربازییەکانیان لە ڤێتنام درۆیان کردبوو، دەبێت ڕۆڵی فەیلەسوف فراوانتر بێت لە تەنها هێنانی ئەم جۆرە درۆیانە بۆ بەرچاوان. هەروەها فەیلەسوف دەبێت بەرامبەر تێدامانە ئەخلاقییەکان هەستیار بێت. کەوا بێت با ڕەچاوی نموونەی "ژان پۆل سارتەر" بکەین. ئایا ڕەوا بوو کاتێک سەبارەت بە ئەزموونی کەسیی خۆی لە یەکێتیی سۆڤیەت دوای سەردانیکردنی لە ١٩٥٤ گوتی گوایە ئازادی ڕەهای بیرکردنەوە و دەربڕین بوونی هەیە (جۆنسۆن، ١٩٨٨، ل. ٢٤٤)؟ ڕەنگە سارتەر پێی وابووبێت ڕووبەڕووی تێدامانێک بۆتەوە و هەرچەندە دەبێت ڕاستگۆ بێت، بەڵام پێویستە پشتگیری لە ڕژێمێکی گوایە سۆشیالیست بکات. هەرچۆنێک بێت دەبێت، ڕەخنە لەم ڕێبازەی ئەو بگیرێت بۆ ئەو کاریگەرییانەی بۆ فەلسەفە و سیاسەت هەیەتی. ئەگەر تەنانەت دان بە تێدامانەکاندا نەنێین کاتێک سەرهەڵدەدەن و لەجیاتی ئەمە هەوڵی شاردنەوەیان بدەین، ئایا ئەمە لەگەڵ بەشداریکردنی ڕەخنەگرانەی کراوەدا گونجاوە؟ هەوەرەها ئەگەر دان بە هیچ 'ناکۆییەکی ئەخلاقیی هەڵنەوەشاوە' دا نەنێین کاتێک لەنێو تێدامانێکی ئەخلاقیدا کار دەکەین، ئایا ئەمە ڕێگەمان پێدەدات هیچ ڕێگەیەک بگرینەبەر بۆ بەدواداچوونی ئامانجەکانمان و بەبێ شەرم و هەستی تاوانبارییش ئەمە بکەین؟
3.2.2 فەلسەفە لە لێژنەدا
دووەم ڕێگا کە دەتوانین فەلسەفە بهێنینە ناو کایەی گشتی بۆ ئەوانەیە کە ڕاهاتوون بە بیرکردنەوەی فەلسەفییانە بۆئەوەی لە کاری لێژنەییدا بەشدار بن. زۆرجار ئەم بەشداریکردنە لەسەر بنچینەی ئەو گریمانەیە دەبێت کە ئەو کەسەی قسەى لەسەر دەکرێت دەربارەی ڕەهەندی فەلسەفی بابەتێکی گشتی شارەزایە. نموونەکان بریتین لەو کارانەی لەلایەن ئەخلاقناسەکانەوە لەسەر ئەو لێژنانە ئەنجام دەدرێن کە بۆ دابینکردنی چاودێریی ئەخلاقی و پێداچوونەوە بە پێشنیارەکانی توێژینەوە لە ناو زانکۆکان و دامەزراوەکانی تردا دامەزراون، لەڕێگەی لێژنەکانی ئەخلاقی توێژینەوە و دەستەی پێداچوونەوەی دامەزراوەکان (...)، هەروەها کۆمیسیۆنەکانی لێکۆڵینەوە کە لەلایەن دەوڵەتەوە مۆڵەتیان پێدراوە، وەک ڕاپۆرتی "وارنۆک" سەبارەت بە پیتاندنی مرۆڤ و کۆرپەلەناسی و ڕاپۆرتی ویلیامز سەبارەت بە کارە شەرمهێنەکان و سانسۆری فیلم (...). کاری لێژنەکان هەم ڕاستەوخۆتر و هەم باوترە لە هەوڵەکان بۆ داڕشتنی ڕای گشتی و سیاسەت لەڕێگەی ڕازیکردن، ئامۆژگاری و خۆپیشاندان یان ناڕەزایەتی. بەشداریکردن لە لێژنەکاندا بریتی دەبێت لە گێڕانی هەندێک ڕۆڵ لە بڕیاردان کە دواتر جێبەجێ دەکرێن (بۆ نموونە، پێداچوونەوەی ئەخلاقی بە پرۆتۆکۆڵێکی توێژینەوە، پێشنیارێکی سیاسەت کە پێشکەش بە حکوومەتێک دەکرێت، و هتد). لە هەمان کاتدا، پێویستی بە هاوکاری لەگەڵ کەسانی تر و پابەندبوون بە پرۆتۆکۆڵ یان ئەرکی لێژنەیەک هەیە.
لەوانەیە ئەوە بێت کە فەیلەسوفەکان نابێت بەشداری لەم جۆرە لێژنانەدا بکەن، چ بە هۆکاری پەیوەست بە فەلسەفە و چ بە سیاسەت. ئایا ناتەباییەک لەنێوان فەلسەفە و ئەم جۆرە کردارە گشتییانەدا هەیە، بەجۆرێک کە فەلسەفە هیچ متمانەیەکی لە کاروباری گشتیدا نییە و تاکەکان بەهۆی ئەم فۆرمەی بەشداریکردنی گشتییەوە وەک فەیلەسوف متمانە لەدەست دەدەن؟
دان برۆک لەبارەی بەشداریکردنی لە کۆمیسیۆنی سەرۆکی ئەمریکا بۆ لێکۆڵینەوە لە کێشە ئەخلاقییەکان لە بواری پزیشکیدا لە ماوەی ساڵانی ١٩٨١-١٩٨٢دا لێدوانی داوە. ئەزموونەکانی وای لێکرد بگاتە ئەو ئەنجامەی کە فەلسەفە لە گۆڕەپانی سیاسەتی گشتیدا متمانەی نەبووە، بەشێکیش لەبەرئەوەی کە غەیرە فەیلەسوفەکان زانیارییەکی کەمیان هەیە لەسەر ئەوەی فەیلەسوفەکان چی دەکەن و پێوەرەکان چین بۆ ئەوەی پیشان بدات وەک فەیلەسوفێک کارێکی باشیان کردووە. جگە لەوەش، لەبەر ئەوەی زۆرێک لە فەیلەسوفەکان قبووڵی ئەوە دەکەن کە بنەما ئەخلاقییە سەرەتاییەکان لە کۆتاییدا ناتوانرێت وەک ڕاست یان بابەتی دروست دامەزرێن، ' زەمینەکانیان بۆ بەکارهێنانی شارەزایی یان نازناوەکەیان بۆ فشارخستنە سەر بۆچوونەکانی خۆیان لەسەر پرسیارە ئەخلاقییەکان ڕەنگە لە بەرامبەردا نادیار بێت (برۆک، ١٩٨٩، ل. 790). هەروەها برۆک گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ململانێیەکی قووڵ لەنێوان ئامانجەکانی چالاکیی فەلسەفی و ئامانج و سنوورەکانی پرۆسەی سیاسەتی گشتیدا هەیە. لە کاتێکدا ڕاستیی فەزیلەتی ناوەندی کارە زانستییەکانە و پێویستی بەوەیە شوێن ئارگیومێنت و بەڵگەکان بکەوین کە بەرەو کوێ دەڕۆن بەبێ ئەوەی ڕەچاوی دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو کارە بکەین. لەبەرامبەردا، بۆ ئەوانەی بەشدارن لە پێکهێنانی سیاسەت، نابەرپرسیارانەیە ئەگەر سەرنج نەخەینە سەر ئەوەی 'چۆن کردەکانیان کاریگەریی لەسەر سیاسەت دەبێت (برۆک، ١٩٨٨، ل.787 ).
برۆک بەڕاستی پێی وابوو فەلسەفە سوودی هەیە لە بەشداریکردنی لە سیاسەتی گشتیدا؛ دەتوانێت ببێتە هۆی تێگەیشتنێکی واقیعیتر لە سنووردارکردنی واقیعی سیاسی و زانیاریی باشتر دەربارەی ئەخلاقی کارپێکراو (برۆک، ١٩٨٩، ل. 791). سەرەڕای ئەمەش، کاتێک سەرنجی یەکێک لە ڕاستییەوە دەچێتە سەر دەرەنجامەکانی کردارەکانی کەسێک، کە هەر دەبێت واشبێت، بۆ نموونە، كاتێک لەگەڵ کەسانی تردا سەرقاڵ دەبیت بە ڕێککەوتن لەسەر دۆزینەوە هاوبەشەکانی لیژنەیەک، ئەمە 'دەبێتە هۆی هەڵوێستی فریودەرانە بەرامبەر ئەوانی تر کە منیش لەگەڵی ئاسوودە نیم و دەبێتە هۆی یاریکردنێکی کەمێک خێرا و کەمتەرخەم لەگەڵ ڕاستییەکە، بەجۆرێک کە بۆ پرۆژەی ئەکادیمی زانستی دوژمنکارانەیە (برۆک، ١٩٨٩، ل.789 ). ئەو نموونەیەی ئەو دەیدات، یاریکردنێکی خێرا و کەمتەرخەم لەگەڵ ڕاستی، ڕوونە و بەئاسانی دەتوانین لێی تێبگەین. برۆک ئاماژە بەوە دەکات لێژنەکە گەیشتە بۆچوونێکی هاوبەش کە وەستاندنی چارەسەری بەردەوامی ژیان لەسەر داوای نەخۆشێکی توانا لەڕووی ئەخلاقییەوە ڕێگەپێدراوە، بەڵام هەروەها ئاماژە بەوە دەکات هۆکاری کۆمیسارییەکان بۆ گەیشتن بەم ئەنجامە 'سەرلێشێوێنەر بوون'. ئەوان سەریان لێ شێوا چونکە پێیان وابوو (بە هەڵە، لە ڕوانگەی برۆک) کە لە وەستاندنی پشتگیریی ژیاندا مرۆڤ 'ڕێگە دەدات' نەخۆشەکە بمرێت، و ئەمە زۆر جیاوازە لە 'کوشتن'ی نەخۆشەکە ( برۆک، ١٩٨٨، ل.788).
ڕوانگەیەکی جێگرەوە ئەوەیە فەلسەفە بەتەواوی لەگەڵ کاری لێژنەکاندا دەگونجێت. وەک دەستپێک، دەتوانرێت بڵێین ئەوەی (برۆک) بەڕاستی دەزانێت، ئەو جیاوازییە بەرچاوەی لەنێوان ڕێگەدان بە مردنی نەخۆش و کوشتنی بەئەنقەستی نەخۆشێک لەڕووی ئەخلاقییەوە نییە، بەڵکوو واگۆیی شەڕانی و مشتومڕاوییە سەبارەت بە پرسیارە کۆتاییەکان یان بنەما گشتییەکانی ئەخلاق. وەک ڕاولز دەڵێت، ڕەنگە برۆک چاوەڕوانیی زۆری لە خۆی و کەسانی دیکە کردبێت، چونکە لە ژیانی گشتیدا پێویست ناکات و نابێت چاوەڕێی ئەوە بکەین کەسانی دیکە لەسەر ئەم جۆرە پرسیارانە لەگەڵمان هاوڕا بن. جگە لەوەش، پێویست ناکات لەسەر ئەم جۆرە پرسیارانە ڕێک بکەوین بۆ ئەوەی پێشکەوتن لە پرسە کەمتر مشتومڕاوییەکاندا بەدەست بهێنین. وەک ئەلبرێت جۆنسن و ستیڤن تۆلمین لە ئەزموونی کارکردنی لێژنەکانیاندا بۆیان دەرکەوت، لە کاتێکدا مشتومڕ لەسەر بنەما گشتییەکان بە شێوەیەکی بێکۆتایی بەردەوام بوو، ڕێککەوتنی خێرا پێشوازی لە کەیسە تایبەتترەکان دەکرد (جۆنسۆن و تۆلمین، ١٩٨٨؛ جۆنسۆن، ل. 239). ئەوەی جۆنسن و تۆلمین بۆیان دەرکەوت ئەوەیە، لە کاری لێژنەکاندا، ئێمە بێکاریگەر دەبین ئەگەر پێداگری بکەین لەسەر ئەوەی سەرەتا کۆدەنگی لەسەر بنەما ئەخلاقییە گشتییەکان دەستەبەر بکەین، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا ئەوە نەگونجاو و نادروستە. لە ڕاستیدا، کارەکانی لێژنەکان پێویستی ئەوەیان بۆ ئاشکرا کرد کە گرنگیدان بە کەیسەکان و موڵکەکانیان کاتێک ئێمە مشتومڕ لەسەر پرسە گشتییەکان دەکەین و بەم جۆرە، ئەوەیان بۆ دەرخست کە فەلسەفە پێویستە ئەو ڕێبازە گونجاوە بگرێتەبەر کاتێک خەریکی بابەتە گشتییەکانە.
کاتێک ئێمە خەریکی کاری لێژنە دەبین، پێویست ناکات لەسەر بنەماکانی ئەخلاق ڕێک بکەوین بۆئەوەی بگەینە بڕیاری هاوبەش لەسەر پرسە ئەخلاقییەکان: 'پێشکەوتن لەسەر پرسیارە پێش کۆتاییەکان پێویستی بە چاوەڕێکردن بۆ چارەسەریی پرسیارە بنچینەییەکان نییە'. گرنگ ئەوەیە 'قەناعەت بەخۆت نەکەیت کە باشترین پێگەت هەیە، بەڵکوو هەڵگرتنی کەسانی دیکە لەگەڵ خۆتدا' و هەروەها 'کارکردن لەسەر ئەوەی چۆن خەڵک دەتوانن زۆرێک لەو شتانە بەدەست بهێنن کە دەیانەوێت بەبێ ئەوەی زۆر شت لە کەسانی دیکە وەربگرن (وۆلف، ٢٠١١، ل. ٦). نموونەیەک کە "جۆناسان وۆڵف" دەیخاتە ڕوو لە پرسی سەلامەتیی ڕێگاوبانەکانەوە هاتووە. ئۆتۆمبێلەکان مەترسیدارن و لەکاتێکدا ڕاگرتنی هەموو خەڵک لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکان کۆتایی بە مەترسییەکە دەهێنێت، بەڵام وەڵامێکی ناڕێژەیی دەبێت. 'هەڵگرتنی کەسانی دیکە لەگەڵ خۆت' ئەوەیە ڕازی بیت ڕێگە بە خەڵک بدەیت لێبخوڕن، بەڵام بە مەترسیدارترین ڕێگاکان نا. وۆڵف پێی وایە ئەمە مۆدێلێک دەدات بۆ چۆنییەتیی پێشکەوتن بە شێوەیەکی گشتیتر لە مشتومڕەکانی سیاسەتی گشتیدا (وۆلف، ٢٠١١، ل. ٢٠٤). دەتوانین بەدوای گۆڕانکاری تاڕادەیەک بچووکدا بگەڕێین کە هەنگاوێکی گەورە بۆ پێشەوە بۆ گروپێک و کەمترین ئیمتیازات بۆ گروپێکی تر دەگەیەنێت.
بەڵام چۆن دەتوانین ئەوانی دیکە لەگەڵ خۆماندا هەڵبگرین بە شێوەیەک لەگەڵ بنەما فەلسەفییەکان ناکۆک نەبێت و بە زاراوەی برۆک 'بەخێرایی و کەمتەرخەمی یاری بکەین' لەگەڵ ڕاستییەکان؟ ئەوەی ڕاوڵز هەوڵ دەدات بۆمان دابین بکات، ڕێگایەکە بۆ چارەسەرکردنی پرسە ئەخلاقییەکان لەڕێگەی خستنەڕووی هۆکارەکانەوە، هەروەها ڕێگایەکە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە کە لەگەڵ ژیانی گشتی لە کۆمەڵگەیەکی ئازاددا بگونجێت. تەنیا دەبێ داوا بکەین ئەوانی دیکە عەقڵانی بن، وەک کەسێکی ئازاد و یەکسان سەیری یەکتر بکەن و مەرجەکانی هاوکاریی کۆمەڵایەتی پێشکەش بکەن کە چاوەڕوانیکردنی هەریەکيان بۆ قبووڵکردنی شتێکی مەعقوڵە. لەبری ئەوەی باوەڕمان بەوە هەبێت کە ڕەنگە یان دەبێت ئەوانی دیکە فریو بدەین کە لەگەڵ پێشنیارەکانمان ناکۆکن بەهۆی پابەندبوونە ئەخلاقییە قووڵەکانی هەیانە کە، ئەوان پێیان وایە، ڕێککەوتن قەدەغە دەکەن، پێویستە بەسادەیی ئەو ناکۆکییە ئەخلاقییە قووڵانە بخەینە لایەک. دوور لە یاریکردنی خێرا و کەمتەرخەم بە ڕاستییەکان، ئەمە بریتییە لە دانانی ڕاستییە ئەخلاقییەکان لەلایەک کاتێک لە کایەی گشتیدا گونجاو نییە. سەرەڕای ئەوەش، ئەمە وەک ڕێبازێکی ئەخلاقی دەمێنێتەوە، بەو پێیەی گەڕانێکە بۆ ڕێککەوتنێک کە پاساوی ئەخلاقی هەبێت، واتە گەڕانە بەدوای ڕێککەوتنێکی ئەخلاقیدا کە لەگەڵ کایەی سیاسیی کۆمەڵگەیەکی ئازاددا بگونجێت.
بەهۆی هەمەچەشنیی ڕێبازە فەلسەفییەکانەوە، یەک ڕێبازی فەلسەفیی جیاواز بۆ بابەتە گشتیەکان نییە و فەیلەسوفەکان ڕێبازی میتۆدۆلۆژیی جیاواز و ڕەنگە ناتەبا، بەکار دەهێنن. جگە لەوەش، جۆراوجۆریی ڕەچاوکردنی ئەخلاقی هەیە کە لەگەڵ بابەتە گشتییەکاندا گونجاوە و ئەگەری ئەوەش هەیە ئەمانە لە هەر حاڵەتێکدا ببنە ململانێ. بە لەبەرچاوگرتنی جۆراوجۆریی شێوازەکان و ئەگەری ململانێی ئەخلاقی، ڕەنگە بەدوور نەزاندرێت کە فەیلەسوفەکان بتوانن بە شێوەیەک کە مانادار بێت، بەشداری لە بابەتە گشتییەکاندا بکەن.
سەرەڕای ئەمەش، ژمارەیەک دەرەنجامی کاتی بەم شیکارییە سەرەتاییە کورتە پێشنیار کراوە. هەندێک جار باشترین شت بتوانین بیکەین، ڕێککەوتنە لەسەر ڕێڕەوێکی کردار کە دروستترین شتە بیکەین بە لەبەرچاوگرتنی هەموو شتێک، لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت هەست بە نارەحەتی بکەین بۆ ئەو قوربانییە ئەخلاقییانەی ڕازی بووین لەسەری. ئەمەش پێویستی بەوەیە واقیعبین بین و دان بەوەدا بنێین کە ململانێی ئەخلاقی سەرهەڵدەدەن. ئەگەر فەیلەسوفەکان بتوانن بەکراوەیی بمێننەوە بەرامبەر بەو ئەگەرەی کە ڕەنگە بانگەوازیان بۆ بکرێت بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئارگیومێنتەکانیان بۆ ئەوانی دیکە لە دۆخێکی ململانێی ئەخلاقیی ڕاستەقینەدا، ئەمەش دەبێت خاکەڕایی فەلسەفی ببێتە هاندەرى.
ڕەنگە هەندێک نیگەران بن لەوەی ئەم جۆرە کارانە فەیلەسوف گەندەڵ دەکەن کە دەبێت ڕەچاوی ئەوەی بیری لێ نەکراوەتەوە بکەن کاتێک ڕووبەڕووی تێدامانی ئەخلاقی دەبێتەوە. بەڵام پێویست ناکات ئەمە وا بێت؛ بەڵکوو ئێمە وەک فەیلەسوفەکان دەبێت ئاگاداری ئەوە بین کە چی لەدەست دەچێت کاتێک کارە پیسەکان لە پۆستە گشتییەکاندا ئەنجام دەدرێن و ئەم هۆشیارییە دەتوانرێت وەک پشکنینی ئەخلاقی لەدژی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی کردەوەی پیس بەکار بهێنرێت. ڕەنگە هەندێکی تر نیگەران بن لەوەی تەنانەت ئاساییترین کایەی کاری لێژنەیی گەندەڵکارانەیە، چونکە ژینگەیەکە پێشینە بە کردار و بڕیار دەدات نەک تێڕامان و جیاوازییە بچووکەکان. لەکاتێکدا تێڕامانی فەلسەفی دەتوانێت لەم ژینگەیەدا یارمەتیدەر نەبێت ئەگەر تەنیا وەک گەڕانێکی تاکگەرایی بۆ ڕاستی بیری لێ بکەینەوە، سەرەڕای ئەوەش، دەتوانێت ئامرازێک بێت بۆ یارمەتیدانی ئەوانی دیکە بۆ ئەوەی بگەنە پێگەیەکی ڕێککەوتوو، بەتایبەت ئەگەر تێبگەین ئەمە بە زاراوەی وۆڵف بەمانای هەڵدان بۆ 'هەڵگرتنی کەسانی تر لەگەڵ خۆتدا' دێت.
ئێمە لێکۆڵینەوەمان کردووە ئایا فەلسەفە دەتوانێت ڕۆڵێکی دیکە بگێڕێت جگە لە باشترکردنی چەمکی. پێویستە بۆ بەبیرهێنانەوەی خۆمان بوەستین کە کارامەییە فەلسەفییەکانی شیکردنەوە و ئارگومێنتەکان لە کایەی سیاسەتی گشتیدا پێویستن بۆ جیاکردنەوە و کارکردن لەسەر ئەوەی چی بەدوای ئەوانەوە دێت. ئەو نموونەیەی جۆناتان وۆڵف (٢٠١١، ل. ٢٠٢) ئاماژەی پێدەکات هەوڵی "ڕۆناڵد دۆرکین"ە بۆ پیشاندانی ئەوەی لایەنگران و دژانی منداڵ لەباربردن نیگەرانییەکی زۆر بۆ بەرژەوەندیی دایکەکە و کۆرپەکە پیشان دەدەن. ئەم تێبینییە کە لەسەر بنەمای یەکگرتوویی و ڕوونیی ئارگومێنتەکان لە کایەی گشتی، ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی دوژمنایەتیی نێوان لایەنە دژبەرەکان لە مشتومڕەکەدا. هەرچەندە ئێمە لە خەمی ئەوە دابووین ڕەوایەتی بە ڕۆڵێک بۆ فەلسەفە بدەین کە فراوانترە لە باشترکردن و بەرەوپێش بردنی چەمکی، بەڵام کاری چەمکی بوارێکە فەلسەفە بەشداریی گرنگی تێدا کردووە بۆ ژیانی گشتی و پێویستیشە هەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت.
References
Ayer, A.J. (1946) Language, Truth and Logic, 2nd edn (London: Gollancz).
Ayer, A.J. (1959) ‘Editor’s Introduction’ in A.J. Ayer (ed.) Logical Positivism (New York: The
Free Press).
Brock, D.W. (1987) ‘Truth or Consequences: The Role of Philosophers in Policy-Making’,
Ethics, 97(4), 786–91.
Chomsky, N. (1967) ‘The Responsibility of Intellectuals’, The New York Review of Books, 23
February. Available at: http://www.nybooks.com/articles/archives/1967/feb/23/a-special
supplement-the-responsibility-of-intelle/
Cohen, M. (1971) ‘Statement of Purpose’, Philosophy and Public Affairs, 1(1).
Cohen, G.A. (1995) Self-ownership, Freedom, and Equality (Cambridge: Cambridge University
Press).
de Haan, J. (2001) ‘The Definition of Moral Dilemmas: A Logical Problem’, Ethical Theory and
Moral Practice, 4(3), 267–84.
Donagan, A. (1993). ‘Moral Dilemmas, Genuine and Spurious: A Comparative Anatomy’,
Ethics, 104(1), 7–21.
Fives, A. (2010) ‘Reasonableness, Pluralism, and Liberal Moral Doctrines’, The Journal of
Value Inquiry, 44(3), 321–39.
Fives, A. (2013) Political Reason: Morality and the Public Sphere (Basingstoke: Palgrave).
Foot, P. (2002) ‘Moral Dilemmas Revisited’ in P. Foot, Moral Dilemmas and Other Topics in
Moral Philosophy (Oxford: Clarendon Press), pp. 175–88.
Freeman, S. (2000) ‘Deliberative Democracy: A Sympathetic Comment’, Philosophy and Public
Affairs, 29(4), 371–418.
Gadamer, H.-G. (1989 [1975]) Truth and Method, 2nd edn, trans. J. Weinsheimer and D.G.
Marshall (London: Sheed and Ward).
Glover, J. (2001) Humanity: A Moral History of the Twentieth Century (London: Pimlico).
Hampshire, S. (1978a) ‘Morality and Pessimism’ in S. Hampshire (ed.) Public and Private
Morality (Cambridge: Cambridge University Press), pp. 1–22.
Hampshire, S. (1978b) ‘Public and Private Morality’ in Stuart Hampshire (ed.) Public and
Private Morality (Cambridge: Cambridge University Press), pp. 23–53.
Hudson, W.D. (1983 [1970]) Modern Moral Philosophy, 2nd edn (London: Macmillan).
Hume, D. (1969 [1739–40]) A Treatise of Human Nature, E.C. Mossner (ed.) (Harmondsworth:
Penguin).
Johnson, P. (1988) Intellectuals (London: Weidenfeld and Nicholson).
Jonsen, A.R. (1995) ‘Casuistry: An Alternative or Complement to Principles?’, Kennedy Institute
of Ethics Journal, 5(3), 237–51.
Jonsen, A. and Toulmin, S. (1988) The Abuse of Casuistry: A History of Moral Reasoning
(Berkeley, CA: University of California Press).
Melzer, A.M. (2003) ‘What is an Intellectual?’ in Melzer, A.M., Weinberger, J., and Zinman,
M.R. (eds) The Public Intellectual: Between Philosophy and Politics (Oxford: Rowman and
Littlefield), pp. 3–14.
Nagel, T. (1978) ‘Ruthlessness in Public Life’ in Stuart Hampshire (ed.) Public and Private
Morality (Cambridge: Cambridge University Press), pp. 75–91.
Nozick, R. (1974) Anarchy, State, and Utopia (New York: Basic Books).
Popper, K. (2002 [1963]) Conjectures and Refutations: The Growth of Scientific Knowledge
(Routledge: London).
Raphael, D.D. (1970) Problems of Political Philosophy (London: Macmillan).
Rawls, J. (1971) A Theory of Justice (Oxford: Oxford University Press).
Rawls, J. (1999 [1987]) ‘The Idea of an Overlapping Consensus’ in S. Freeman (ed.) John
Rawls: Collected Papers (London: Harvard University Press), pp. 421–48.
Rawls, J. (1989) ‘The Domain of the Political and the Overlapping Consensus’, New York
University Law Review, 64(2), 233–255.
Rawls, J. (1999 [1997]) ‘The Idea of Public Reason Revisited’ in S. Freeman (ed.) John Rawls:
Collected Papers (London: Harvard University Press), pp. 573–615.
Raz, J. (1986) The Morality of Freedom (Oxford: Clarendon Press).
Solzhenitsyn, A. (2003 [1973]) The Gulag Archipelago, 1918–1956, trans. T. Whitney and H.
Willets (London: The Harvill Press).
Solzhenitsyn, A. (1975) From Under the Rubble (London: Collins).
Stevenson, C.L. (1944) Ethics and Language (New Haven, CT: Yale University Press).
Thomas, D.M. (1999) Alexander Solzhenitsyn: A Century in His Life (London: Abacus).
Williams, B. (1978) ‘Politics and Moral Character’ in S. Hampshire (ed.) Public and Private
Morality (Cambridge: Cambridge University Press), pp. 23–53.
Williams, B. (1985) Ethics and the Limits of Philosophy (London: Fontana Press).
Wittgenstein, L. (2001 [1921]) Tractatus Logico-Philosophicus, trans. D.F. Pears and B.F.
McGuinness (London: Routledge).
Wolff, J. (2011) Ethics and Public Policy (London: Routledge
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved