13/08/2025
یەکگرتوو لەسەر خوانی ڕک و کینە [دڵداریی چەپ لە تەک ستەمکاری و زۆرەوە] (چەند سەرنجێکی بەرایی)

فاروق ڕەفیق

(سکۆڵەری بواری فەلسەفە)

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی:

United on Hate

(The Lefts Romance with Tyranny and terror, 2009 ) 

 

ئێمە لێرەدا بەم خوێندنەوەیە بۆ کتێبەکەی جەیمی گڵازۆڤ دەست دەکەینە پڕۆژەیەکی فیکری - ژیاری ئەویش داماڵینی دەمامکەکانی چەپەکان و چەپڕەوی، ئایدیۆلۆژیاکانی چەپ و چەپپەڕەوییە کە چ لەسەر ئاستی جھانی و چ لەسەر ئاستی ناوەخۆش، کارەساتی گەورە گەورەیان بۆ مرۆڤایەتی خوڵقاندووە. چەپ جەللادی گەورە گەورەی دروست کرد، لینین، ستالین، ماو، کاسترۆ، تیتۆ و شاڤیز و سەدەھا تاوانباری دیکە؛ وەک ئایدیۆلۆژیاش پەشێوییەکی کولتووری و ڕۆحی و زیاتر ھیچی دیکە نییە. کەم تا زۆر لە خۆرئاوا نووسەر و بیرمەندگەلێک ھەبوون لە ماوەی سەد ساڵی ڕابوردوودا ڕەخنەیییانە چەپ و بیری چەپگەراکانیان ڕەخنە کردووە و خوێندووەتەوە؛ تەنیا لەناو فەزای نووسینی کوردیدا بەھۆی ھەژموونی چەپەکان و ئەو نووسەرانەی کە بیر ناکەنەوە و ئاگایان لە جیھان و لە فیکر نییە بەڵام نێوەندەکەیان داگیر کردووە، ئەوان لەمپەڕێکن لە بەردەم ھەر ئاگادارکردنەوەیەک لە کارەساتەکان، کە دیاریی چەپەکانن بۆ مرۆڤایەتی و بەتایبەتیش لەسەر ئاستی لۆکاڵیش نووسەرە چەپەکانی کورد و چەپەکان، وەک سیاسەت، گورزی گەورەیان لە جڤاتی کوردی و لە خەونی مرۆڤی کورد داوە، کە ئێمە لێرەدا خوازیاری ئەوەین ئەو تەلیسمە بشکێنین و ئەو کتێبانە بەسەر بکەینەوە کە کەلاوەکەی چەپمان نیشان دەدەن.

جەیمی گڵازۆڤ نووسەرێکی ڕووسی - کەنەدییە ، سەرنووسەری فڕۆنت پەیج مەگەزینە. گڵازۆڤ لە مۆسکۆ لەدایک بووە (١٩٦٦)؛ دایک و باوکی لە ساڵی ١٩٧٢دا سۆڤیەت بەجێ دەھێڵن، ھەردووکیان مونشەق بوون، واتا نەیاری حیزبی کۆمۆنیزم و ڕژێمەکە بوون. گڵازۆڤ لە ساڵی ١٩٩٠ لە زانکۆی Dalhousie University ماجستێر بەدەست دەھێنێت و ساڵی ١٩٩٧ لە York University دوکتۆراکەی تەواو دەکات  و دواجار لە David Horowitz Freedom Center کار دەکات. دوای ئەم کتێبەی چەندین کتێبی دیکەش چاپ و بڵاو دەکاتەوە.

کتێبەکە لە سێ بەش پێک دێت؛ بەشی یەکەم لەژێر ناونیشانی باوەڕدارە کە لە دوو چاپتەر پێک دێت. بەشی دووەم، کە لە شەش چاپتەر پێک دێت، لەژێر ناونیشانی دڵداری لە تەک ستەمکاریدا، ناوی چاپتەرەکانیش مانا و مەغزا و ئاماژەی ترسناکن لەبەرئەوە ئاماژەیان پێ دەدەین، کە ھەر خودی ناونیشانی ئەو چاپتەرانە دەستمان دەگرن بەرەو ناوەڕۆکی کتێبەکە:

چاپتەری (٣) عیبادەتی یەکەم لە کەڵتی کۆمۆنیستانەی مەرگ.

چاپتەری (٤) چەپی نوێ - زیندووکردنەوەی غەریزەیەک بۆ کاولکاری.

چاپتەری (٥) کەمپی کاسترۆ بۆ کۆیلە: مەیلێک بۆ کێڵگە تازەکانی کوشتن.

چاپتەری (٦) عاشقی قەسابەکەی ھانۆی بووە.

چاپتەری (٧) دەستبازی لە تەک جەللادەکانی ماوتسی تۆنگدا.

چاپتەری (٨) نیکاراگوایا: دوائومێدی کۆمۆنیست.

بەشی دووەم: کەڵتی مەرگی ئامۆزا: ئیسلامیزم.

چاپتەری (٩) تاسەی مەرگ و خۆکوشتن.

چاپتەری (١٠) ڕقبوونەوە لە ئافرەت.

چاپتەری (١١) تۆوەکانی مەرگ.

چاپتەری (١٢) کوشتن و مردن لەپێناوی بێگەردیدا.

چاپتەری (١٣) ڕقبوونەوە لە جوو.

بەشی چوارەم: دڵداری لەتەک ترۆردا.

چاپتەری (١٤) شادمانی بۆ ئەلقاعدە.

چاپتەری (١٥) ڕیشەکانی دڵدارییەک.

چاپتەری (١٦) ئارەزوو و خواستنی مەرگ.

چاپتەری (١٧) خۆشویستنی بورقە.

چاپتەری (١٨) ڕایەڵەکانی ڕقبوونەوە لە جوو.

بەدەگمەن ڕۆژێک تێدەپەڕێت کە ترۆری ئیسلامگەرایی دەستی بە ژیانی کەسە بێتاوانەکان نەگات لە شوێنێکی ئەم جیھانە (لا ٢٢). سایتی Religion of peace لە لاپەڕەی یەکەمیدا ھەژمارێکی داناوە کە ئاماژەیە ھەموو ڕۆژێک نوێ دەکرێتەوە، بەو کارە ترۆریستییانەی ئیسلامییەکان لە جیھاندا لە یازدەی سێپتەمبەری دووھەزار و یەکەوە، کە تا ڕۆژی ١٦/٢/٢٠٢٤ کارە ترۆریستییەکان لە جیھاندا ڕوویان داوە و تۆمار کراوە گەیشتووەتە ٦٨٠٠ کاری ترۆریستیی ئیسلامی.

بێ گومان کتێبەکە سیخناخە بە زانیاری و داتا و شیکردنەوە و ھەڵسەنگاندن و ئاماژەکردن بەڕووداوە حەقیقی و کەسە حەقیقییەکان لە سەرتاسەری جیھاندا، بەتایبەتیتر لە خۆرئاوا، ئەمە لەپاڵ سەدان سەرچاوەی گرنگ و لە کتێب و دۆکیۆمێنت و بڵاوکراوە کە ئاماژەپێکردنیان لێرەدا مەحاڵە، لەبەر ئەوە لەسەر چەند وێستگەیەکی کتێبەکە دەوەستین.

گڵازۆڤ ھەر لە سەرەتاوە ئاماژە بەو وەحشە ناھیڵستە دەدات کە پیلانگێڕی دژ بە خۆرئاوا دەکات، وەک ھاوپەیمانییەکی نێوان گرووپە چەپەکان و ئیرھابی ئیسلامی خۆی بەیان دەکات. کتێبەکە ئەوە بەوردی ڕوون دەکاتەوە کە چۆن چەپی ئەمریکی، دواجار چەپ لە خودی خۆرئاوا، واتا لە سەرتاسەری ئەوروپاش بەو کارە ھەستاوە، ئەویش ھاوپەیمانێتی دروستکردنی لەتەک گرووپە ترۆریستییە ئیسلامییەکان، قاعیدە و ئیخوانەکان و سەلەفییەکان؛ ئەو گرووپانەی بەرپرسیارن لەو تاوانە گەورانەی ئەنجامیان داوە و ئەنجامیان دەدەن. لەم ھاوپەیمانییەتییەدا لەنێوان چەپەکان و ئیسلامییەکان، ھەروەک قۆناغەکانی پێشووتر کە چەپ لە خۆرئاوا بەرەی سۆڤیەتی دەگرت و دژە خۆرئاوایی بوو، ئێستەش بە وشە و بەکردار ھەردوولا وا سەیری شارستانێتیی خۆرئاوا دەکەن.

وەک ئەوەی سەرچاوەی بەدی و شەڕ بێت و شایانی ئەوە نییە بپارێزرێت، خۆزگەی خاپوورکردنی ئازادی و مافەکانی تاکەکانیش بەھەر شێوازێک کە گونجاوە بەتایبەتیتر لە ڕێگەی توندوتیژییەوە، گەر وا نییە چۆن تەفسیری ئەوە بکەین کاتێک جیمی کارتەر لە ساڵی ٢٠٠٨ دەچێت بۆ قاھیرە و دیمەشق و ڕابەرانی گرووپێکی ترۆریستی وەک حەماس لە ئامێز دەگرێت؟ چۆن تەفسیری ئەوە بکەین کاتێک کە ئەو لە تەک ترۆریستگەلێکدا قسە دەکات کە دەستیان بەخوێنی جوو و خۆرئاوایی و خەڵکی ناوچەکە سوورە؟

لە ھاوینی ٢٠٠٦دا حیزبی اللە، وەک ڕێکخراوێکی ترۆریستی باکووری ئیسرائیلی مووشەکباران کرد، گۆڤاری The Nation  وەک بڵاوکراوەیەکی چەپەکان کۆی بەرپرسیارێتییەکەی خستە سەر شانی ئیسرائیل و بەھانەی بۆ ترۆریستەکان ھێنایەوە. لە ساڵی ٢٠٠٦دا چۆمسکی بۆ بەیروت سەفەر دەکات و دەچێتە بارەگەی حیزبوڵڵا و شێخ حەسەنی نەسروڵڵا لە باوەش دەگرێت؛ دواجار باوەش بەترۆریستێکدا دەکات کە ٢٤١ ئەمریکی لە کردەیەکی ترۆریستیدا دەکوژێت (١٩٨٣). حیزب و حەماس و مەحموود ئەحمەدی نەژاد نییەتی خۆیان ھەرگیز نەشاردووەتەوە، لەناوبردنی ئیسرائیل و مەرگ بۆ ئەمریکا.

دوای یازدەی سێپتەمبەر، چەند جوویەک دوای کارە تیرۆریستییەکە چەپەکان دەستیان کردە سنگ کوتان گوایە دژ بەتاوانەکانی ئیدارەی ئەمریکین، لە چۆمسکییەوە تاوەکوو نۆرمان میللەر و ئیریک خۆنەر ھاواریان لێ بەرز بوو. کە ئەو سێ ھەزار مرۆڤەی بوونە قوربانی، قوربانیی لاوەکین، دەنا ئیمپراتۆرییەتی شەڕی ئەمریکی تاوانبارە، ئەوەش مارکسییەکەیە: ئەو کاتەی ئەمریکا خوێنی لێ دەڕژێت، قوربانییەکە (ئەمریکی)یەکان دەبێت لۆمە بکردرێن نەک ترۆریستەکان، چونکی ترۆریستەکان لەسەر ھەقن و داوای دادپەروەری دەکەن.

پشتگیریی چەپ بۆ دوژمنانی ئەمریکا لە گشت ئەو حاڵەتانەدا کە نووسەر بەوردی و بەدوورودرێژی ئاماژەیان پێ دەکات، ڕەنگە فزوڵییەتێک بوایە گەر چەپ کاریگەری نەبوایە، بەڵام چەپ لەڕاستیدا شێوەی بەھۆشیاری و ویژدانی سەردەمەکەمان بەخشیوە. لە ھەموو حاڵەتەکاندا چەپ ھەمیشە ئەوەی ھەڵبژاردووە کە پشتگیریی ستەمکاری بکات و دژ بەئازادیی بەیان بوەستێـتەوە. لە سەردەمی جەنگی ساردیشدا چەپەکان پڕوپاگەندەیان بۆ بلۆکی خۆرھەڵات دەکرد و کۆڵانیان دەڕازاندەوە، وەک ئەوەی ئەو ئیرھابەی کۆمۆنیزم بۆ قۆناغەکە پێویستە.

ھەروەھا ئەو ڕۆشنبیرە چەپانەمان دەبینییەوە کە دژ بە ھەر کەسێک بوون ڕەخنەیەکی لە سۆشیالیزم یا کۆمۆنیزم گرتبا، دڵداریی ئێستەی چەپەکانیش لەتەک فەندەمێنتالیزمی ئیسلامیدا، درێژەدانە بەھەمان ئاواز. چیڕۆکی دڵداریی چەپ لەتەک ستەمکاریدا بە تاقیکردنەوەی بەھا سەرەکییەکانی ئەم ئیماندارییە سیاسییە دەست پێ دەکات. نووسەر لێرەدا بکەری ئەم تاقیکردنەوەیە ناوزەد دەکات بە"باوەڕھێنەر" یا "باوەڕدار". تەشخیسی باوەڕدار لێرەدا ئەم ڕستە بەناوبانگەی مارکسە لە The Eighteenth Brumaire. Louis Napoleon  لەسەر زمانی شەیتانەوە “Everything that exists deserves to Perish”  ھەر شتێک کە بوونی ھەیە موستەھەقی ئەوەیە کە مەحف ببێتەوە.

ڕۆشنبیری فەڕەنسی دیارە ژان پۆل سارتەر ئاوھا باسی خوای سیکیولارەکەی دەکات، واتا کاسترۆ، لە دیدی سارتەرەوە "کاسترۆ لە ھەمان کاتدا دوورگەیە، مرۆڤەکانە، جووڵەیەکە، خودی زەوییە. ئەو بریتییە لە ھەموو دوورگەکە". لە یادمان بێت ئەمە ھەڵەیەکی سارتەر نییە، سارتەر مارکسی بوو، بەبەردەوامی لەو گۆشەنیگای ئایدیۆلۆژییە چەپڕەوانەیەوە مامەڵەی کردووە و لە دنیا و کێشەکانی ڕوانیوە. ھەمان کاری لە تەک فڕانس فانون کرد، ڕۆڵی ھەبوو لە گەورەکردنی قانون و گەیاندنی مەقامی "تیۆریسینی ئیرھاب دژ بەخۆرئاوا" کە دواجار گوایە ناوەکەی بریتییە لە دیسکۆرسی پۆست کۆڵۆنیاڵیزم، کە لێرەدا ئیدوارد سەعیدیش بە وەزیفەی خۆی ھەستاوە، ئێستە ترۆریستی ئیسلامی نییە سەرلێشێواوییەکانی سەعید لەژێر ناوی خۆرھەڵاتناسیدا نەجوێتەوە.

بابەتی گشت ئەو سەرسامبوونانە بە ستەمکار و مرۆڤکوژ و قەسابانەی کە ڕوویان داوە چەپن، سەر بە کەمپی چەپەکان بن، کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە چی وا لە ڕۆشنبیرێک دەکات ئیلھام لە جووڵانەوەیەکی دەستەجەمعی وەربگرێت کە ستەمکارێکی وەحشی وەک ماو، کاسترۆ، مۆگابی، عەبدولناسر، دانیال ئۆرتیگا، ھۆشی من ڕابەرایەتیی دەکات، ستەمکارێک کە ڕۆشنبیرەکانی لەچەشنی سارتەر و سەعید گەیاندوویانەتە مەقامی "خودا"؛ بەھەمان تۆن لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا دڵداریی چەپەکان لەتەک جھادییەکان و ترۆریستە ئیسلامییەکان خۆی مانیفێست دەکات، واتا ئەو ھاوپەیمانییە ئەھریمەنییەی نێوان چەپ و فاشیزمی ئیسلامی، کە لەسەر ئاستی جیھانی خۆی بەیان دەکات، لەسەر ئاستی لۆکاڵیش، بۆ نموونە، کوردستانی باشوور و باکوور ھاوپەیمانیی چەپەکان و ئیسلامۆ فاشیست کە لەسەر حیسابی ئازادی و دادپەروەری تەواو بووە.

گڵازۆڤ ڕای وایە ئەم گەشتە تۆتالیتارییە بە نامۆبوونی کەسەکان دەست پێ دەکات، نامۆبوون لە کۆمەڵگە و لە سەردەم، بەڵام نامۆبوونێک کە کەسی نامۆ خۆی بێئاگایە لێی. کەسی باوەڕدار The believer خۆی بەوە ڕازی دەکات کە شتێک لە کۆمەڵگەکەیدا ھەڵەیە، لێرەوە دەرگیری فەنتازیایەک دەبێت، فەنتازیای ھێنانەئارای کۆمەڵگەیەکی یۆتۆپیایی. توخمی سەرەکیی ئەم پارادیمە ئەوەیە کە باوەڕدارەکە شکست دەھێنێت لەوەی کە بەرز بێتەوە بۆ ئاستی ئاڵنگارییەکانی مۆدێرنتی و قەیرانەکانی سەردەم، ئەو شکست دەھێنێت لە دروستکردنی پەیوەندیی نێوانی (نێوان کەسەکان و کەسەکان و دامەزراوەکان)، ھەروەھا شکست دەھێنێت لە بردنە ناوەوەی بەھاکان بۆ ناوەخۆ، خودی خۆ و کردنیان بە خۆ لەپێناو دۆزینەوەی ماناکانی ژیان. ئازارچەشتن بە دەست بۆشاییی ڕۆحییەوە Spiritual emptiness کە خودی باوەڕدارەکە ھۆشیار نییە یا بێئاگایە لێی، لێرەوە باوەڕدارەکە "چارەسەری ناڕۆحانی بەزۆر بەسەر کێشە ڕۆحانییەکاندا دەچەسپێنێت" ئێمە ئەمەمان لای چەپەکانی شەستەکان، دژە کولتوورە باوەکان دیتەوە، ئێستەش لای چەپە ڕادیکاڵەکان دەیبینینەوە.

ھەروەک کەسانی ئیماندار، ئاین بەمانا تەقلیدییەکەی، باوەڕداری ناو گەمە سێکیولارەکە، کەسی چەپ بەدوای ڕزگاریی تاکەکەسییانەی خۆیدا دەگەڕێت، ڕزگاری بە مانا ئاینییەکەی، لێرەدا ئاینێک لە خۆمانیفێستکردندایە بەناوی ئیمان و ئاینی پێشکەوتنخوازی Progressive Faith کە ئاینێکی سێکیولارە. ھەر لەسەر ئەم ڕێچکەیە داینامیکایەتیی سۆشیالیزم کۆپییەکی کاربۆنیانەی یەھودی - مەسیحییە (لا ٤١). یۆتۆپیای سۆشیالیزم ھەروەک ئاینی مەسیحی بەئایدیای “Fall” کەوتن، کەوتن لە پارادایمی دەرکردن لە پارادایس (بەهەشت)، لەم کەیسەدا کەوتن لە برایەتیی دەستەجەمعیانە Collective brotherhood بەدوای گەشتێک دەست پێ دەکات لە ڕۆڵەکانەوە گەشتی سەرکوتکردن و نادادپەروەری، دواجار ھەنگاونان بەرەو redemption  ڕزگاری.

باوەڕدار کە سزا دەچێژێت بە دەست نامۆبوونەوە، ھاوڕێ لە تەک بێزھاتنەوە لە خۆ، لێرەدا جھانی حیکایەتێک مەیل دەکات کە تێیدا تاکایەتی بوونی نییە. لێرەوە نامۆبوونیش مەحاڵ دەبێت، واتا چاو لە ھەلومەرجێک دەبڕێت کە تێیدا تاکایەتیی خۆی لەناو کۆی دەستەجەمعیدا نقوم بکات، خۆی لە خۆی ڕزگار بکات و ئارەزووی لەدایکبوونەوەیەکی دیکە دەکات کە تێیدا ئەو ھەیە وەک شوناسێکی دەستەجەمعی، نەک تاکێکی سەربەخۆ.

لێرەدا باوەڕدار ھیچ کۆپییەکی لە کاریگەرییەکانی ئایدیۆلۆژییە تۆتالیتارییەکەی کە پەسەندی کردووە نییە، ئەو سەرقاڵی مەحفکردنەوەی ئازارەکانی خۆیەتی، ئازارە خەیاڵکراوەکان، لەھەمان کاتدا بێباکە بەرانبەر ئەزموونکردنی یۆتۆپیا تۆتالیتارییەکەی کە ئەم بۆتە داکۆکیکەری، کە یا چەپە یا فاشیزمی ئیسلامییە، ھەر بۆیە نە چەپ نە ئیسلامی بۆ دواوە ئاوڕ ناداتەوە، ئامادەیی تێڕوانینی ڕەخنەییان لە کار و دنیابینیی خۆیان نییە. ئەو، چ چەپ و چ ئیسلامی، لە بەرئەنجامەکانی ئایدیۆلۆژیاکانیان، کە کاولکاری و بڵاوکردنەوەی  ترۆرە، نایبینن، چونکی لەوە دەترسن کە ڕەوایەتیی عەقڵی و قانوونی و ئەخلاقی لە دەست بدەن. ھەر لەم ڕوانگەیەوە، شەھوەتی کاولکاری لە ڕیشەی مارکسیزمدایە (لا ٤٣)، لە زەینی مەحشەرییانەی کاڕڵ مارکسدا، کاولکاری و خاپوورکردن لە دواجاردا لە جیھانێکی تازەی کامڵەوە سەر دەردەھێنێت.

مارکسیزم کە ھەمیشە چاوی لە وێرانکردن بڕیوە ھیچ کات نائومێد نەبووە، چونکی زیاد لە بەشی خۆی وێرانی و کاولکاریی کردووەتە دیاری. لێرەوە باوەڕدار کە خەون بەکاولکارییەوە دەبینێت، تەعویزی ئەم تەنیایی و دێوانەیییەی بەوە دەداتەوە کە ئەو ئیدی نامۆ نییە، بەڵکوو سەر بەجڤاتێکە (چەپ) یا سەر بەئومەیەکی خەیاڵکراوە (ئیسلام). ئەمەش ھیچ نییە جگە لە ئیمانی سیاسی (The Political Faith) ، ئیمانی سیاسیش گەڕان نییە بەدوای ڕاستیدا، بەڵکوو بریتییە لە جووڵانەوە، بزووتنەوە  movement. لێرەدا کەسی "چەپ" یا "چاڵاکوانی ئاینی" دادەبەزێت بۆ ئاستی non person ناکەسبوون. ئیدی باوەڕدار (چ چەپ و چ ئیسلامی) ھەوڵ دەدات کە بۆشایییەکەی دروست بوو بەھۆی غیابی ھاوڕێیەتی و مرۆڤی حەقیقییەوە بە بڕوابوون بە مرۆڤایەتییەکی گریمانەکراو، یاخود "ئومەیەکی خەیاڵکراوی ئیسلامی" پڕ بکاتەوە. لەم حاڵەتەدا، خەڵکی لە دوورەوە خۆش دەوێت، لە نزیکیشەوە ڕقی لە مرۆڤەکان و تاکەکانی دەبێتەوە؛ لێرەدا ئەو کەسانەی گوایە خۆشی دەوێن ھیچ نین جگە لە "مەخلوقاتی فەنتازی". ئەو گوایە ئەو مەخلوقانەی خۆش دەوێت کە (Victims) قوربانییەکانی کاپیتاڵیزم و ئیمپریالیزمی ئەمریکین، ئەو خۆشی بەدەست زھنیەتی قوربانیبوونەوە Victimize))  دەناڵێنێت، ئەم زەینە کارێکی کردووە بۆ ئەوەی مرۆڤ بیت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا دەبێت victim  (قوربانی) بیت. لە دیدی چەپەوە، ھاوکێشەکە ئاوھای لێ ھاتووە: من قوربانیم، کەواتە ھەم. بەڵام لە یادمان بێت، باوەڕدار بێباکە بەرانبەر قوربانییانی ژیانی ڕاستەقینە، واتا ئەوانەی لەڕاستیدا قوربانین. لەم دیدەوە قوربانییانی ئەو ئایدیۆلۆژیایانە، چەپ و ئیسلامگەرایی، لە تەک ئەجێندای چەپەکان و ئیسلامییەکاندا ناگونجێت لەبەر ئەوە وەک قوربانی ھەژمار ناکرێن، بەڵکوو وەک دوژمنی جووڵانەوەکە و ئایدیۆلۆژیاکە ھەژمار دەکرێن، چونکی مرۆڤ نین، دوژمنن، لەناوبردنیشیان ئەرکێکی ھەم ئاینی و ھەم ئایدیۆلۆژییە.

لێرەدا بازنەیەکی سەپێنراو خۆی بەیان دەکات، تا زۆر باوەڕدار خۆی بەرئەنجامی بزانێت زۆرتر لە قوربانییانی گوایە کاپیتاڵیزم نزیک دەبێتەوە، تا قوربانیانی کاپیتاڵیزم زۆرتر ئازار بچێژن، باوەڕدار زیاتر سۆزی بۆیان دەبێت. وەک گڵازۆڤ ئاماژەی پێ دەدات تا قوربانییەکان زۆر بێت، تا ھاوشوناسیان لەتەکدا بکرێن، جڤاتەکە گەورەتر دەبێت و باوەڕدارەکە ئینتیمای خۆی بۆ ئەو جڤاتە ڕادەگەیەنێت. لێرەدا ئەوە ئاشکرا دەبێت بوونی چینێکی بەخۆ نامۆ و وێران لەژێر سایەی کاپیتاڵیزمدا. ئەمە بۆ باوەڕدار چاکترە، تا خەڵکی لە کارەساتدا بژیت چەپەکان کاروباریان بەباشی دەڕوات و ماشێنی پڕوپاگەندەیان باشتر دەگەڕێت، کەواتە ناسنامەی چەپی بە بەرگێکی قوربانیبوون ڕازێنراوەتەوە.

"ھەستکردن بە تاوان بزوێنەری ئەم بازنەیەیە". باوەڕدار ھەست بە تاوان دەکات، چونکی لە خۆشییەکی ماتەڕیاڵیدا دەژی بەھۆی جێگە و ڕێگەی کۆمەڵایەتییەکەیەوە، لەم ڕێگایەوە، ھەستکردن بە تاوان، باوەڕدار گەرەنتی وەھمییەکانی دەکات، بۆ ئەوەی ئەمە ڕوو بدات چەپڕەو بەبەردەوامی دەبێت خودی واقیع ئینکار بکات و دژی ھەست و ئیدراکی گشتی (Common Sense) بوەستێتەوە، بۆ نموونە ئینکارکردنی ئەوەی داعش پەیوەندییەکی بە ئیسلامەوە ھەبێت. لە نووسینی کوردیدا، لە ئان و ساتی ڕوودانی جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکاندا چەند نووسەرێکی چەپی کورد لە دەرەوەی ھەر شەرم و حەیایەک بانگەشەیان بۆ ئەوە دەکرد کە داعش پەیوەندییەکی بە ئیسلامەوە نییە.

باوەڕدار لە پەشێوییەکی دەروونیدا ژیان بەسەر دەبات، لە پشت دژایەتیکردنی دوژمنەکانی لەژێر ناوی ستەمکاری، ئەو خۆی داربەدەستی ھەم ئایدیۆلۆژیایەکی شمولی، تۆتاڵیتارییە و ھەم خۆی داوە بەدەست کیانێکی تۆتاڵیتارەوە. بۆ نموونە، باوەڕھێنان بەمارکسیزم کە ئایدیۆلۆژیایەکی تۆتاڵیتارییە بەپلەی ئیمتیاز، یاخود ئیسلامگەرایی کە ستەمکاری یەکێکە لە ئەرکانە سەرەکییەکانی.

ئەم تەسلیمبوونە بە کیانێکی تۆتاڵیتاریا و ئایدیۆلۆژیای تۆتاڵیتار نییەتی باوەڕدار نیشان دەدات کە لە مەیلی ئەو بۆ سڕینەوەی تاکایەتیی خۆی و خۆبزرکردن و خۆبەقوربانیکردنی خۆی بۆ شتێک، کیانێک گەورەتر لە خۆی، ڕاستیی ئەوەش واتە شەھوەتی خۆتوانەوە و خۆنامۆکردن، کە قۆناغی باڵاتری بریتییە لە مردن یا شەھیدبوون لە پێناو ئایدیایەکدا. لێرەدا ھەلی دەستڕاگەیشتن بەمەرگ لەپێناو "دۆزێکدا" ئەو مەیلە بۆ مەرگ گوایە مانا بە ژیانی دەدات و ڕووناکی دەخاتە سەر "ژیانی ناوەوەی"، ڕادیکاڵەکانی شەستەکانی سەدەی ڕابوردوو و چەپەکانی ئەمڕۆ و پەیڕەوانی فاشیزمی ئیسلامی نموونەی ئەم مەیلەی فەنابوونن، کەڵتی مەرگ پەرستی.

توخمێکی دیکەی باوەڕدارەکە the believer بریتییە لە گەڕان بەدوای ھەستی دەسەڵات تاکوو یارمەتیی بدات دژ بەو ھەستکردنەی بەبێدەسەڵاتی بوەستێتەوە، ئەمەش ھاوپەیوەستە بە کەمکردنەوەی ئۆتۆرەتی لە کۆمەڵگەی خۆرئاوایییەکاندا، کە باوەڕدار دەیکاتە قۆچی قوربانی و ھاوپەیمانی لەتەک ڕژێمە ستەمکارەکانی دەبەستێت. بۆ نموونە، چەپەکان لە خۆرئاوا بەبەردەوامی سەرقاڵی گەورەکردن و ھەستکردن بە واقوڕمان بوون بە ستالین، بە ماوتسی تۆنگ و تیتۆ و ھەموو تاوانبارەکانی دیکەی کەمپی "سۆشیالیست". لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا، بڕوادار ھەست بەو بۆشایییە دەکات کە لەدوای ھەرەسی ئەو بلۆکەوە دروست بوو، مەحفبوونەوەی کۆمۆنیزم، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییە سەرقاڵی ھاوپەیمانێتییەکی ئەھریمەنانەیە لەتەک فاشیزمی ئیسلامیدا، لە ئێستەدا باوەڕدار (چەپ) ئەو مەیلەی پڕ دەکاتەوە لەڕێگەی تەماھیکردن لەتەک توندوتیژیی ئینتحارییەکانی فاشیزمی ئیسلامی، واتە دوای ھەر ترۆرێک، لەڕێگەی ترۆرەوە سوکنایی بە ڕۆحە ماندووەکەی یا ڕۆحە تینووەکەی بەتوندوتیژی و ترۆر دەدات. گەر ئایدیۆلۆژیاکە توندڕەو نەبوو باوەڕداری چەپ پشتگوێی دەخات، لەبەرانبەر ئەو حاڵەتەدا تاکوو کەڵتی مەرگ" مەرگەکە زیاتر بکوژێت و سەر ببڕێت باوەڕداری چەپ بەھێزتر پشتگیریی دەکات و سوکنایی بە ڕۆحە ماندووەکەی دێت". دوای ڕەتکردنەوەی مۆدێرنتی و بەھا دیموکراتییەکان لەوانە ئازادیی تاک، ئیمانداری چەپ "تاسەی یەکبەرگی، ئیستقرار و مانا دەکات" گەرچی لەسەر حیسابی کەرامەت و ئازادییش بێت.

بەئایدیاڵکردنی کولتووری ئەوانی دیکە یاخود کولتووری بێگانەکان دیاردەیەکی سەدەی بیستەم نییە. "ڕۆشنبیرانی" خۆرئاوایی ھەمیشە خەونیان بە جێگە و شوێنی خەیاڵکراوە لە دەرەوەی خۆرئاوا بینیوە. بۆ نموونە، "وەحشی جوامێر" لە کۆتایی سەدەی حەڤدەھەمدا داھێنرا کە پەیوەست کرایەوە بە ژان ژاک ڕۆسۆوە، ڕۆسۆ لە دەرەوەی ئەرگۆمێنتدا وێنای مرۆڤی دەکرد لە "حاڵەتی سروشتیدا وەک بوونەوەرێکی بێگەرد و زۆر چاک، ئەوە کۆمەڵگە بوو کە گەندەڵیی کرد، ئەوە "موڵک و ماڵی شەخسی" بوو کە گەندەڵیی کرد. لەم مۆدێلەدا "وەحشی جوامێر" کە لەدایک دەبێت ئازادە و کۆت و زنجیری شارستانیەتیی لە مل و لە دەست و قاچیدا نییە. گڵازۆڤ ڕای وایە کە دەبوو ڕۆشنبیرانی خۆرئاوا وا سەیری جیھانی سێیەم بکەن وەک بەرجەستەبوونێکی بێگوناھی و بەستەزمان بۆ ڕۆشنبیرە نامۆکانی خۆرئاوا؛ وەحشی جوامێر نوێنەرایەتیی شتێک دەکات کە مرۆڤی خۆرئاوا نە نوێنەرایەتیی دەکات و نە لێی تێدەگات. ھەندێکیان ھەنگاوێک زیاتر لەمە ڕۆیشتوون ئەوەی کە ئەو وەحشە جوامێرە دەتوانێت ببێتە مامۆستای خۆرئاوایییەکان.

زیاتر لەمە، بۆ ھەندێک لەو ڕۆشنبیرە چەپانە وەحشی نوێنەرایەتیی ئەفسانەیەک و بێگەردییەک دەکات، بگرە بەرجەستەبوونی ئایدیاڵێکی دیکەشە ئەویش خاپوورکردن کە چەپەکان چاویان لێ بڕیوە کە لەڕێگەی ئەو خاپوورکردنەوە و بەھۆی ئەو وەحشەوە زەوی پاک بکەنەوە، ھەر ئەوەشە پەیامی گەردوونییانەی کۆمۆنیزم و ئیسلامگەرایی. لێرەدایە کە ئێمە لەو شەھوەتی مەرگە تێ دەگەین کە چ چەپ و چ ئیسلامی لێی دەخۆنەوە و بەرجەستەی دەکەن.

لە تاسەیاندا بۆ زەوییەکی نوێ، زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی خۆرئاوا مەیلیان بۆ فاشیزم زیاد دەبێت، فاشیزم ئایدیالۆژیایەکە کە ئامۆزای کۆمۆنیزم و ئیسلامگەرایییە. بەشێکی زۆری ئایدیاکانی چەپ حاڵی حازر ڕەگوڕیشەکانیان لەناو فاشیزمدایە، ھەروەھا لەناو نازیزمدا کە خۆی نازیزم سۆشیالیزمە و ھیتلەر سۆشیالیست بوو. ئەوەش بڵێین کە چ چەپەکان و چ ئیسلامییەکان دژی بەختەوەرین، چونکی بەختەوەری گوایە بەری “False Consciousness”ە، واتا خود ئاگایییەکی بەد یا ھەڵە، چونکی ڕیاڵەتی باس لە شادی ناکات، بەڵکوو باس لە کڵۆڵی دەکات، لەبەر ئەوە ڕەسەنایەتی لەوەدایە کە کڵۆڵیی خۆت نیشان بدەیت.

بۆ ڕاگرتنی ئەم ژەھرە و ئەو دنیابینییە ژەھراوییە کەسی چەپ دەبێت خۆی قانع بکات کە ئەو "شتێک دەزانێت مرۆڤە ئاسایییەکانی دیکە نایزانن" (لا ٥٣) ئەو لە سەروو ئارەزووەکانی مرۆڤی ئاسایی و کاروباری بنەڕەتییەوەیە. لەم ڕوانگەیەوە، ڕۆشنبیری چەپ ھەق بە خۆی دەدات وەک سارتەر و ئەوانی دیکەش دەڵێن "ڕۆشنبیرە چەپلەرەکانی کوردیش دووپاتی دەکەنەوە" ئەو دەبێت دەست وەربداتە ھەموو ئەو کاروبار و مەسەلە و شتانەی کە پسپۆڕیی تێیاندا نییە، ئەو باس لە ھەموو شت دەکات بێ مەشقبینیی مەعریفی و ئەکادیمی بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە "ڕۆشنبیرە"، بگرە زۆر جاران بەناوی ھەموو مرۆڤایەتییەوە قسان دەکات.

لێرەدایە کە چەپی خۆرئاوایی و فاشیزمی ئیسلامی بەیەک دەگەن. "ژیانی مرۆڤ دەبێت بکرێتە قوربانی لەبەر خاتری ئایدیا. ھەروەک ئیسلامییەکان، چەپەکانیش دیدێکی مانەوەییان ھەیە (Manichean)، شوێنێکە دەتوانی مانی فارسی کە وەسفی کێشمەکێشێک دەکات لە بووندا لە نێوان چاکە و خراپە، خوای ڕووناکی و خوای شەڕ و کارێکی) چەپەکان خۆیان بە بەرجەستەبوونی چاکە و ڕووناکی لە قەڵەم دەدەن و نەیارەکانیشیان بەرجەستەبوونی ئەھریمەن، لێرەوە بە ئەھریمەنکردنی ئەوانی دیکە گەمەیەکی سەرەکیی نووسەرانی کوردە کە زۆربەیان ستالینین بێ ئەوەی ددانی پێدا بنێن، ھەروەھا ھەمووشیان ئاینین).

وەک بەشی سێھەم و چوارەمی ئەم کتێبە نیشانی دەدات، ھەروەک چ ئیسلامگەراکان و چ چەپەکانی خۆرئاوا، ئەمریکا وەک ئەھریمەنێکی گەورە وێنا دەکەن. ئەوانەمان کە ئەمریکامان خوێندووەتەوە ئەو ڕاستییە دەزانین کە لە ترادسیۆنی ئەمریکیدا "شوێن مرۆڤ لە تاک و ئازادییەکانی و ژیانی پیرۆز کراوە و لە سەروو ھەموو دامەزراوەیەکی سیاسییەوە"، ھیچ کاتێک دەوڵەتێکی ئازاد نایەتە ئاراوە مەگەر ئەو کاتەی کە تاک وەک دەسەڵاتێکی سەربەخۆ و ئازاد دەناسێتەوە (لەم ھاوکێشەیەدا پیرۆزبوونی ژیانی تاک بریتییە لە ئیمانی سیاسی. بەڵام بۆ ئیسلامییەکان و ڕۆشنبیرانی چەپ ئەو ھاوکێشەیەی سەرەوە نەفرەتە، لەعنەتە، چەپەکان و ئیسلامییەکان دەیانەوێت مافەکانی مرۆڤ و گەڕان بەدوای بەختەوەری و ھەوڵ بۆ ڕێکخستنێکی دادپەروەرانە، ھەموو ئەمانە خاپوور بکەن، سوکنایی ئەوان لە خاپوورکردن و ماڵکاولیدایە).

وەک ئەوەی سێ ڕۆمانی dystopia (دیستۆپیا)

(dystopia وشەیەکی یۆنانییە بەمانای خراپ - شوێن بەکار دێت، واتە دژە یۆتۆبیا کە جڤاتێکە بەتەواوی خراپە). نیشانیان داوین، ڕۆمانی "ئێمە" (We)  ١٩٨٤ی ئۆرویل و Brave New Worldی ھێکسڵی، کۆمەڵگە تۆتاڵیتارییەکان دژ بە ژیانی تاکەکەسی و بەختەوەری و خۆشەویستیی تاکەکەسییانە بەتوندی وەستاونەتەوە لە ھەوڵیاندا بۆ لە مرۆڤخستن. بەڵام ھەر ئەم ڕۆمانانە بەقەشەنگی ئەوەیان نیشان داوین کە ھەوڵی تەواوی ستەمکاران و فاشیستەکان، بۆ کردنی مرۆڤ بە زۆمبی و بە ڕۆبۆت ھەمیشە شکست دێنێت، چونکی ھەمیشە کەسێک ھەیە کە گومان دەکات، کە گومانگەرایە، کە دەڵێت نا، کە یاخی دەبێـت، کە بەو خودایانە ڕازی نابێت کە ئیسلامییەکان و چەپەکان بۆی دروست دەکەن.

گڵازۆڤ ئاماژە بەو دیاردەی دژایەتیکردنی ڕۆژی عیشق یا "ڤاڵانتاین دەی" دەکات کە چۆن ئیسلامگەرەکان و چەپەکان دژی ئەم یادکردنەوەیەن. بانگخوازەکان و ئیمامە تەقلیدییەکان لە وڵاتە ئیسلامییەکان و لە خۆرئاواش ھیستریای ھەموو ساڵێک بۆ ماوەی یەک مانگ دژ بەم یادە، "ڤاڵانتاین دەی" دەوەستنەوە، یەک ئەرگۆمێنت چییە نایخەنە ڕوو، چونکی ئەمانە بە ھەزاران فرسەخ لە لۆژیکەوە دوورن لەجیاتی ئەوە سووکایەتی نامێنێت نەیکەن بە ڕۆژەکەش و بەو کەسانەش کە یادی دەکەنەوە، ئەوان "زبردەستن" لە جنێوداندا. لە خۆرئاواش فێمینستە چەپەکان بەتوندی بەسەر ڕۆژەکەدا دەڕشێنەوە Jane Fonda  کەمپینەیەکی ڕێک خست تاکوو ناوەکەی ڤاڵانتاین دەی بکرێتە Violence against  Women Day  واتە "توندوتیژی دژ بە ڕۆژی ژنان"، ڕۆژێک بۆ ڕق و کینە، ڕۆژێک بۆ تاوانبارکردنی دەستەجەمعییانەی پیاوان.

**

گڵازۆڤ لە کتێبەکەیدا لەسەر ئەم ھاوپەیمانێتییە دۆزەخییەی فاشیزمی ئیسلامی و چەپ تاکوو ساڵی ٢٠٠٩ دەدوێت، بەڵام ئەو پەیوەندییە ئەھریمەنییە و ئەو ھاوپەیمانیەتییە دۆزەخییە دوای ئەو ڕێکەوتە تۆخ کرد پتەوتر و جێ بەخۆگرتوو بووە. ئاڵوگۆڕی ئایدیاکان و گۆڕینەوەی ستراتیژی لەنێوان چەپەکان و ئیسلامگەراکاندا سەرسوڕھێنەرانە ڕووی داوە بەڕێژەیەک کە نازانێت کامەیان فاشیزمی ئیسلامییە و کامەیان چەپگەرای خۆرئاوایی و خۆرھەڵاتییە، ھەردوو لا لەسەر چەند خوانێک کۆبوونەتەوە ژەمەکانیان تێر دەکەن، خوانی دژایەتیکردنی خۆرئاوا و بەھا گەردوونییەکانی، خوانی دژایەتیکردنی ئاوەزگەری، خوانی دژایەتیکردنی ئایدیای جوانی و چاکە و ڕاستی، خوانی دژایەتیکردنی جوو و ئیسرائیل و زایۆنیزم، بەڵام پشتگیریکردنی ترۆر لەوانە ترۆری گرووپێکی ھەمەجی، وەحشیی وەک حەماس، پشتگیریکردنی ستەمکاری، بگرە لە ئامێزگرتنی ستەمکاری و ترۆر.

٢٣/٢/٢٠٢٥

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X