13/08/2025
خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی "کوێری"ی ژۆزێ ساراماگۆ

وەرگێڕان و ئامادەکردنی: عەبدولخالق یەعقووبی (توێژەری بواری هزر و ئەدەب)

 

“Inside us there is something that has no name, that something is what we are. I don't think we did go blind; I think we are blind, Blind but seeing, Blind people who can see, but do not see.

The difficult thing isn't living with other people, it's understanding them. 

Chaos is merely order waiting to be deciphered.”

Blindness, Jose Saramago

 

"شتێک لە ناخی ئێمەدایە ناوی نییە، شتێک کە ئێمەین. من پێم وانییە ئێمە کوێر بووین، من پێم وایە ئێمە کوێرین، کوێری بینین، خەڵکێکی کوێر کە دەتوانن ببینن، بەڵام نابینن.

ئەوەی ئەستەمە ژیان لەگەڵ کەسانی دیکەدا نییە، بەڵکوو تێگەیشتنە لێیان.

قەیران تەنیا بریتییە لە نەزمێک کە چاوەڕێ دەکات شی بکرێتەوە و بخوێندرێتەوە."

 

کوێری، ژۆزێ ساراماگۆ





"کوێری" ڕۆمانێکی ژۆزێ ساراماگۆی پورتەگالییە کە یەکەم جار ساڵی ١٩٩٥ چاپ کرا و بڵاو بوویەوە. ساراماگۆ ساڵی ١٩٩٨ بەبۆنەی ئەم کتێبەوە خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیاتی بردەوە. لە ڕۆمانی کوێری-دا، کەسایەتییەکان خاوەن ناوی ڕاستەقینە نین  و تەنیا ئاماژە بە ئەرک و ڕۆڵی کۆمەڵایەتییان دەکرێت. لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا، شۆفیرێک لە پشت ترافیک لایت لەکتوپڕ کوێر دەبێت و، کوێرییەکەی جۆرێکە هەمووشت بە ڕەنگی سپی دەبینێت. دواتر ئەو پیاوەی دەیگەیەنێتەوە ماڵەوە ئۆتۆمبیلەکەی دەدزێت. هاوسەرەکەی دەیباتە لای پزیشک، بەڵام هۆکاری کوێرییەکەی نادۆزێتەوە. دوای ئەمە، هەم دزی ئۆتۆمبیلەکەی، هەمیش پزیشکەکەی تووشی کوێرییەکە دەبن. پزیشکەکە بەرپرسانی کەرتی تەندروستی لە دۆخە نامۆکە ئاگادار دەکاتەوە و، ئەم کارەساتە ناو دەنێن غوولی سپی. ئەوانەی تووشی ئەم غوولە بوون دەخەنە نێو تیمارستانێک و کەرەنتینەیان دەکەن. 

ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەی کوێرەکان زیاد دەکات. هاوژینی پزیشکەکە کوێر نابێت، بەڵام خۆی وەک کوێر نیشان دەدات بۆئەوەی لە پیاوەکەی جیا نەبێتەوە؛ ئەو تەنیا کەسایەتییەکی ڕۆمانەکەیە تا دواخاڵی ڕووداوەکان بینایە. کەسایەتییەکان هەر کام بە نیشانەیەک دەناسرێنەوە؛ کچێک کە چاویلکەی دژەخۆر بەکار دەهێنێت، پیرەمێردێک کە چاوبەستێکی ڕەش لەوانی دیکەی جیا دەکاتەوە، پزیشکەکە، کە یەکەم جار کوێر بووە و هتد. ئەم تەکنیکە بۆ داڕشتنی کەسایەتییەکان و وەسفکردنی ڕواڵەت و سیمایان وا دەکات ڕۆمانەکە پێگەیەکی ناتاکەکەسی و سەرووی نەتەوەیی وەخۆ بگرێت و، قەیرانی کوێری وەک قەیرانێکی گشتگیری مرۆیی پێناسە بکات. گرنگیی ئەم بابەتە لەوەدایە خوێنەر هەست بە یەکگرتنەوەی خۆی لەگەڵ کەسایەتییەکان دەکات و، لەوەشەوە کاریگەریی ڕۆمانەکە لەسەر هزر و بیری خوێنەر زیاتر و چڕتر و قووڵتر دەبێت. لەم ڕۆمانەدا، ساراماگۆ ناونیشانی کەسایەتییەکانی خۆی لەسەر بنەمای ئەو ئەرکەی لە کۆمەڵگەیەکی مۆدێڕندا دەکەوێتە سەر شانیان دیاری دەکات، چما ناسنامەی مرۆڤ لە کۆمەڵگەیەکی ئەوتۆدا بەگوێرەی دەور و قازانجێتی بۆ سیستەمی سیاسی/ئابووریی دەسەڵات، نەک لەسۆنگەی بوون و شکۆی مرۆییانەی خۆی بە شێوەیەکی ڕووت و ڕەها. 

ڕۆمانەکە بەم ڕستەیە دەست پێدەکات: "کاتێک دەتوانی ببینی، بڕوانە. کاتێک دەتوانی بڕوانی، چاوپاک بە." لە کوێری-دا، کوێربوونی کەسایەتییەکانی بەسەرهاتەکان بەرەبەرە و هەنگاو بە هەنگاو ڕوو دەدات. ساراماگۆ قەیرانی وێرانبوونی مرۆڤ لە دووتوێی ئیماژی کوێربوونی بەکاوەخۆی کەسەکاندا وێنا دەکات، بۆئەوەی کوێریی مرۆڤ لە ئاست خۆی، کەسانی دیکە و جیهانی دەوروبەری نیشان بدات. لەم ڕۆمانەدا، چیرۆکێکی سیمبۆلیک دەگێڕدرێتەوە کە تێیدا کوێری هێمای کەمتەرخەمیی مرۆڤە بۆ ئاوەزمەندیی ڕاستەقینە و گیانی مرۆڤایەتی لەلایەک و گرنگیدان بە عەقڵی ئامرازەکی و خواستی سوودگەرایی لەلایەکی دیکە. لەم بەرهەمەی ساراماگۆدا، کوێربوون وێنایەکە لە ژیانی ئەو کەسانەی پێیان وایە هەموو شتێک دەبینن و هەموو شتێک دەزانن، بەڵام لەڕاستیدا کوێرن و لەنێو ئەو جیهانەی تێیدا دەژین سەرگەردان دەخولێنەوە، بێ ئەوەی خاوەن ناسنامەیەکی ڕەسەن بن. کوێری لەم شاکارەی ساراماگۆدا جیاواز لە کوێریی ئاساییە؛ کوێری لەم ڕۆمانەدا کویریی سپییە، کە دەتوانێت پەیامێک بێت بەو واتایەی ئێمەی مرۆڤ خاوەن ئاوەزین ، بەڵام ئاوەزمەند نین؛ وەک ساراماگۆ دەڵێت، "ئاوەزمان هەیە، بەڵام ئاوەزمەندانە ناجووڵێینەوە". بە وتەیەکی دیکە، ئەو شتەی زۆربەی خەڵک تووشی دەبن کوێریی دەروونییە کە دەبێتە هۆی ئەوەی لەو شتانەی لە دەوروبەریان ڕوو دەدەن تێنەگەن و توانستی خوێندنەوە و شیکردنەوەی بەسەرهاتەکانیان نەبێت (ئەو پیاوەی یەکەم کەس کوێر بوو نەیدەتوانی ڕەنگی ترافیک لایت بناسێتەوە). هەڵبەت خاڵی سەرنجڕاکێش و هاوکات مەترسیدار لێرەدا ئەمەیە کە ئەم کوێریی دەروونییە لە ئاستی تاک دەترازێت و دەگاتە ئاستی کۆمەڵایەتی و، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە و سەرلەبەری کۆمەڵگە تووش دەکات. بەکورتی، دەکرێت بگوترێت کوێری ڕۆمانێکی کۆمەڵایەتی/سیاسییە کە ئاڵۆزیی کۆمەڵگەی مۆدێڕن و سەرلێشێواویی مرۆڤی گیرخواردووی جیهانی هاوچەرخ لەنێو ڕایەڵەکانی ئەم کۆمەڵگەیەدا ڕوون دەکاتەوە. 

ساراماگۆ لە ڕۆمانەکەیدا وێنەی جیهانێک دەکیشێتەوە تێیدا مرۆڤەکان لە دۆخی کوێریدا جووڵەی وێرانکەر دەکەن و لەبری ئەوەی بە پێوەرە مرۆییەکان ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆیان ڕێک بخەن، بە یاسای دارستان هەڵسوکەوت دەکەن و شکۆی مرۆڤانەی خۆیان و کەسانی دیکە ژێر پێ دەخەن. لە دۆخێکی ئەوتۆدا، مرۆڤەکان لە بەرگی مرۆبوونی خۆیان دادەماڵدرێن و دەستدرێژی دەکەنە سەر یەکدی، دەکەونە کوشتوبڕی یەکدی، خاک و ماڵی یەکدی داگیر دەکەن؛ هەموو ئەمانە پیشاندەری ئەوەن مرۆڤ لە جیهانی ئەمڕۆدا، سەرباری ژیانی مۆدێڕن و کەرەستە پێشکەوتووەکانی خۆشگوزەرانی، هێشتا هەر کوێر و نەزانن. ئەم ڕۆمانە جۆریک هەڵوێستگرتنی ساراماگۆیە لەهەمبەر ئەو  جیهانە مۆدێڕنەی ئامێرەکانی تەکنەلۆژیای بە مرۆڤ بەخشیوە، بەڵام گیانی لێبوردەیی لێ ستاندووە؛ خۆشگوزەرانیی بۆ کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان دابین کردووە، بەڵام خواستی پێکەوەژیان و ئاستی لێکتێگەیشتنی نێوان تاکەکانی کەم کردووەتەوە. ساراماگۆ هەستیارترین ئەندامی جەستەی مرۆڤ، واتە چاوی لە مرۆڤگەلی ڕۆمانەکەی سەندووەتەوە، بۆئەوەی بە مرۆڤەکان بڵێت، جیهانی ئەمڕۆ لە قەیرانی نەک هەر نەبینین بەڵکوو نەڕوانینیشدایە، قەیرانێک کە شەڕ و پێشێلکردنی مافی یەکدیی نێوان تاک و کۆمەڵگەکانی لێ دەکەوێتەوە. ساراماگۆ قسەی خۆی دەخاتە سەر زاری هاوژینی پزیشکی چاوەکە و دەڵێت: "ئێمە بۆچی کوێر بووین؟ نازانم؛ لەوانەیە ڕۆژێک بزانین بۆ./ دەتەوێ بزانی من چۆن بیر دەکەمەوە؟/ بەڵێ./ من پێم وا نییە ئێمە کوێر بووبێتین؛ ئێمە کوێرین، کوێرێک کە دەتوانێت ببینێت، بەڵام نابینێت". 

لەم بەرهەمەی ساراماگۆدا، کۆمەڵێک بیرۆکەی دیکە لەڕێگەی ڕووداو و کەسەکانەوە شەنوکەو دەکرێن، بیرۆکەی وەک ڕەخنەگرتن لە توندوتیژی و شوێنکەوتنی کۆیلەئاسا و پاوانخوازیی سیاسی و قۆڕغکاریی کولتووری کە پێکهێنەری ڕەوتی بەشێکی بەرچاوی مێژووی جیهانی هاوچەرخن. سەرلەبەری ئەم چەمکە ڕەخنەلێگیراوانە لە چوارچێوەی ڕووداوێکی سەرەکیدا دێنە ئاراوە کە نەخۆشییەکی مۆدێڕنە بە ناوی کوێری، یان وەک کەسانی نێو ڕۆمانەکە ناوی دێنن: "بەڵای سپی". کاتێک بەڵایەکی ئەوتۆ تەشەنە دەستێنێت و سەرلەبەری ئەندامانی کۆمەڵگە تووشی دەبن، ئیتر نەزمی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی مرۆیی و ئاسایشی نیشتمانی لە واتای ڕاستەقینەی خۆیان بەتاڵ دەبن و، ئەوەی پێوەری ژیانێکی شکۆمەندانەیە وردە وردە کاڵ دەبێتەوە و دواجار بزر دەبێت. "کوێری" حیکایەتی داڕمانی ئەخلاقی پێکەوەژیانی مرۆڤی مۆدێڕن دەگێڕێتەوە، حیکایەتێک پیشاندەری ئاستی ناهومێدیی نووسەرە لە جیهانی هاوچەرخ و چارەنووسی مرۆڤەکانی. لەم ڕۆمانەدا ساراماگۆ جیهانێکی خوڵقاندووە خوێنەر تێیدا وا بیر بکاتەوە بۆ ماوەیەک کوێر بێت و هیچ نەبینێت و تێبگات لە حاڵەتی کوێریدا کۆمەڵ تووشی چ بارودۆخێک دەبێت و، هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان چ گۆڕانێکیان بە سەردا دێت. ئەم ڕۆمانە دەرفەت دەخوڵقێنێت بۆ خوێنەر بیر لە پێگەی مرۆیی خۆی و هەڵویستی ئەو لە کاتی تەنگەتاویی لەچەشنی کوێری بکاتەوە. پێتان وا نییە شەڕی ناوخۆ و شەڕی یەکترسڕینەوەی باشووری کوردستانیش لە کۆتاییەکانی سەدەی ڕابوردوودا جۆرێک بووە لەو کوێرییەی ساراماگۆ وێنای دەکات کە لەسۆنگەیەوە، ئێمەی کورد نەمانتوانیوە لە ئاستی سیاسی و کولتووریدادا یەکتر ببینین و دان بە یەکدیدا بنێین و ئاشتیخوازانە پێکەوە بژیین؟! ئەو کارەساتەی ساڵی ١٩٩٦ لەم هەرێمە نیمچەئازادەی ئێمە ڕووی دا لەڕاستیدا، ڕەنگدانەوەی کوێریی ئێمە بوو لەهەمبەر پرسی پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە لەپێناو گەشەپێدان بە کوردوستانێکی سەربەست و دیموکرات و ئاوەدان، بەچەشنێک ببێتە ماڵی هەموو دەنگ و ڕەنگەکان. ئەم جەنگ/ کوێرییە بووە هۆی ئەوەی مێژووی گەشەسەندنی دیموکراسی و سیکولاریزم لە کوردستان دوا بکەوێت و کولتوورێکی سیاسیی تاڕادەیەک بارگاوی بە توندوتیژی بێتە ئاراوە کە ڕێگە بۆ هێزە توندڕەوە دینییەکان خۆش بکات پتر دەست بەسەر ڕای گشتیی خەڵکدا بگرن و مرخ لە دەسەڵاتی سیکولاری کوردی خۆش بکەن و ئەگەر بتوانن لە باری ببەن و دەسەڵاتێکی ئاینگەرای شەریعەت-تەوەر و بناژۆخواز لەبری داسەپێنن.  ئێستا تەنانەت دوای پتر لە سی ساڵ لەو ئەزموونە تاڵە، دەبینین دیالۆگی نیشتمانی هەم لە ئاستی حیزبە سیاسییەکان، هەمیش لەئاستی هێزە کۆمەڵایەتییەکاندا ئامادەییەکی ئەوتۆی نییە، بۆئەوەی دواجار هەموو ڕەنگ و دەنگەکان لەسەر بەهێزکردنی کوردستان ڕێک بکەون و بناغەی نیشتمانێکی فرەڕەنگ و فرەدەنگ دابمەزرێنن.

ژۆزێ ساراماگۆ خۆی ساڵی ١٩٢٢ لە بنەماڵەیەکی جووتیاری پورتوگالی لەدایک بوو. باوکی بەدرێژایی جەنگی یەکەمی جیهانی لە سوپای فەرەنسا خزمەتی کرد. سەرباری ئەوەی باوکی خاوەن پیشەیەکی سەربازی بوو، بنەماڵەکەیان هەر هەژار مایەوە. دایک و باوکی ناردیانە قوتابخانەی زمان، بەڵام نەیانتوانی دەرەقەتی تێچووی خوێندنی ئەو تا کۆتایی بێن و، بەناچاری ساراماگۆ چوو بۆ فێرگەی تەکنیکی بۆ ئەوەی ببێتە میکانیک؛ هەڵبەت کاتی دەستبەتاڵی، خۆی بە خوێندنەوەی بابەتی ئەدەبییەوە سەرقاڵ دەکرد. ساراماگۆ پێش زەماوەندی لەگەڵ یەکەم هاوژینی لە ساڵی ١٩٤٤، وەک کارمەندی کەرتی گشتی لە بەشی خزمەتگوزاریی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی دەستی بەکار کرد. سێ ساڵ دواتر، یەکەم کتێبی خۆی بە ناوی "وڵاتی تاوان" چاپ کرد. لەڕاستیدا، هەوڵە سەرەتاییەکانی ساراماگۆ لە بواری ئەدەب زۆر سەرکەوتوو نەبوون. ساراماگۆ کەوتە خۆ و کۆمەڵێک ڕۆمانی نووسی، بەڵام لە وەشاندن و بڵاوکردنەوەیاندا بەختیار نەبوو. ئەو لە ژیاننامەی خۆیدا، بەم چەشنە باسی هەوڵە بەراییەکانی دەکات: "کاتێک دەستم لە پڕۆژەکانم هەڵگرت، بۆ من وردە وردە بەتەواوی ڕوون بووبووەوە هیچ قسەیەکی بەنرخم بۆ گوتن پێ نییە؛ بۆ ماوەی ١٩ ساڵ لە گۆڕەپانی ئەدەبیاتی پورتوگالدا بزر بووبووم، ئەو شوێنەی کەس نەیدەتوانی ئاگاداری نەبوونی من بێت".  

دیکتاتۆری فاشیست و بێبەزەیی پورتوگال، ئانتۆنیۆ سالازار، مامۆستای پێشووی زانستگە، ماوەی پتر لە نیوەی تەمەنی ساراماگۆ دەسەڵاتی وڵاتی قۆرغ کردبوو (لە ساڵی ١٩٢٨ تا ١٩٧٤). سالازار وەک قوتابییەکی هیتلەر و موسولینی دەجووڵایەوە و بە پشتبەستن بە بیرۆکەکانی ئەوان یاساکانی وڵاتی خۆی دادەڕشت، ڕێک وەک ئەو نەخۆشخانە دەروونییانەی ڕۆمانی "کوێری"ی ساراماگۆ کە هاوشێوەی بەندیخانەگەلی ترسناکی کەمپەکانی نازی وێنا کراون. ساراماگۆ لە وتووێژێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی پورتوگالی، باسی ئەوە دەکات نەخۆشخانە دەروونییەکانی ئەو لە ڕۆمانەکەیدا "چارەسەری کۆتایی"ن، هەمان ناونیشان کە نازییەکان بۆ کۆمەڵکوژی و سڕینەوەی جووەکان بەکاریان دەهێنا.

ساراماگۆ هیچ متمانەیەکی بە دەوڵەت و ڕژیمی سالازار نەبوو، هەربۆیە ساڵی ١٩٦٩ بوو بە ئەندامی حزبی کۆمۆنیستی پورتوگال. کردەیەکی لەمجۆرە لە حکوومەتی پاوانخوازی سالازاردا نایاسایی بوو. لە دوایین ساڵانی حکوومەتەکەی سالازار، ساراماگۆ بۆ دوو ڕۆژنامەی لیسبۆنی کار دەکرد. ساڵی ١٩٧٥ و پاش دەسەڵاتگرتنی دەوڵەتی دژەکۆمۆنیستی، ساراماگۆ چیتر پێگەی پیشەیی جارانی لە بواری ڕۆژنامەنووسیدا نەما. ئەو کە ئیتر هیوای بە کار و داهاتی ڕۆژنامەنووسی نەمابوو، سەرلەنوێ ڕووی کردەوە نووسین لە بواری ئەدەبیات و، گەشەی بە شێوازی تایبەت بە خۆی دا، کە بریتی بوو لە خاڵدانانی زۆر کەم و هێنانەوەی دیالۆگ لەنێو دەقی گێڕانەوەدا. ڕۆمانەکانی دواتری ساراماگۆ زۆر زیاتر پێشوازییان لێکرا، ئەگەرچی خۆی لەسۆنگەی ناوەڕۆکی کۆمۆنیستی و دژەئاینی بەرهەمەکانییەوە ڕووبەڕووی دژایەتیی هاوکاتی کلێسای کاتۆلیک و دەوڵەتی پورتوگال بوویەوە. ساراماگۆ لە ژیاننامەی خۆیدا باسی ئەوە دەکات لە ڕۆمانی "بالتازار و بلمۆندا"دا (١٩٨٢)، ڕەخنە لە ڕۆڵی ئاینزای کاتۆلیک لە پورتوگالی سەدەی هەژدەهەم دەگرێت و سەرکۆنەی دەکات. دواتر کلێسا ڕەخنە لە "ئینجیل بە گێڕانەوەی عیسا مەسیح" (١٩٩١) دەگرێت و بانگەشەی ئەوە دەکات ئەو وێنەیەی ساراماگۆ لەبابەت مەسیح لەم بەرهەمەیدا دروستی کردووە لەڕادەبەدەر مرۆیانەیە و وەک جنێوێک وایە بە کلێسا درابێت. لەبەر ئەوەی دەوڵەتی پورتوگال زۆر لەژێر کاریگەریی کلێسای دەستڕۆیشتوودا بوو، ڕێگەی نەدا ئەم ڕۆمانە لە ڕێوڕەسمی خەڵاتی ئەدەبیی ئەورووپادا بەشدار بێت. زۆربەی لایەنگران و خوێنەرانی ساراماگۆ دژ بەم بڕیارەی دەوڵەت دەنگیان هەڵبڕی. ساراماگۆ ساڵانی دواتر، ڕۆمانەکانی "کوێری" (١٩٩٥) و "هەموو ناوەکان" (١٩٩٧)  نووسی و ناباونگی زیاتری دەرکرد. 

ساراماگۆ بێمتمانەیی خۆی بە نیسبەت کلێسا جارێکی دیکە لە ڕۆمانی "کوێری"دا نواندەوە، لە دیمەنێکی کۆتایی ڕۆمانەکەدا، ئەو شوێنەی "هاوژینی پزیشکەکە" دەچێتە نێو کلێسایەک، کە بووەتە کەمپی پەنابەرانی کوێر، هاوسەری پزیشکەکە دەبینێت "چاوی هەموو وێنەکانی نێو کلێساکە داپۆشراوە، پەیکەرەکان قوماشێکی سپییان پێ دادراوە کە بە دەوری سەریانەوە گرێ دراوە، تابلۆ شێوەکارییەکان بە زەڕبەی فڵچەیەکی پانی ئاوێتە بە ڕەنگی سپی ڕەنگاون... تەنیا چاوەکانی ژنێک دانەپۆشرابوو، کە ئەویش چاوە دەرهاتووەکانی لە سەر سینییەکی زیوین هەڵدەگرت." ئەو ئەم بابەتە لەگەڵ هاوسەرەکەی باس دەکات و، ئەویش وەڵام دەداتەوە: "لەوانەیە ئەمە ئیشی کەسێک بێت کاتێک زانیوێتی کوێر دەبێت، ئیمانی زۆر پیس لاواز بووە، لەوانەیە تەنانەت قەشەی گەڕەک ئەمەی کردبێت." گۆڕینی سەیروسەمەرەی وێنە و تابلۆکانی نێو کلێسا و مەزەندەکردنی ئەوەی لەوانەیە قەشەیەک دەستی لەم کارەدا بووبێت دەربڕی ئەم پەیامەیە کە کلێساش ڕێک وەک جیهان تووشی بەڵای سپی، واتە کوێری، بووە. خودا و کەسانی پیرۆز (قدیسەکان) چیتر ئاوڕ لە ناڵە و نزای قوربانییانی ئەم کارەساتە نادەنەوە. بەکورتی، هەبوون و نەبوونی ئەخلاق لە کۆمەڵگەیەکی وێراندا و ئەو لێکەوتانەی لە ململانێی نێوان چاکە و خراپە دێنە ئاراوە ناوەڕۆکی سەرەکیی ڕۆمانی "کوێری"ی ساراماگۆیە. 

لایەنێکی گرنگی دیکەی ئەم بەرهەمەی ساراماگۆ، ڕەخنەگربوونێتی لەهەمبەر نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکانی جیهانی مۆدێڕن. ئەم ڕۆمانە ئاوڕدانەوەیەکی تۆخ و هاوکات وردە بۆ پرسی ناتەواوی و سنوورەکانی تەکنۆلۆژیا و زانستی مرۆڤ، کاتێک پرسیاری تێگەیشتن لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی مرۆڤ دێتە گۆڕێ. برسێتی و نەخۆشیی ئاماژەپێکراو لەم کتێبەدا هێمای شارستانییەتێکی مۆدێڕنە کە لە باری زانستییەوە گەشەی کردووە، بەڵام بۆ دابینکردنی نیازە بەراییەکانی ژیانی مرۆڤ لە کاتی قەیراندا دۆش دادەمێنێت. ئەوەی ڕاستی بێت، لەم ڕۆمانەدا، ئەو نەخۆشخانە دەروونییەی کوێرەکان ناچارن تێیدا بمێننەوە ئاوێنەی باڵانوێنی بەندیخانە مۆدێڕنەکانی جیهانی هاوچەرخن. لە دونیایەکی ئەوتۆدا،  ترس و سام تەشەنە دەستێنێت و، دواجار ئەم ڕاستییە خۆی دەردەخات کە کوێری هێمای نەزانی و گەمژەییەکی هەمەلایەنەیە و  وەک بەڵایەک جیهانی داگیر کردووە. نموونەی هەرە نزیک و زەقی ئەم قسەیە زیندانە شاراوەکانی ڕژیمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد لە سووریا بوو کە جیهانی تووشی سەرسوڕمان کرد، کاتێک بەندییەکان دوای پڕۆسەی ئازادبوون، بە ڵاڵی و کەڕی و گێژی و کوێری و شەلی لە سیاچاڵی بەندیخانەکان دەهێنرانە دەرەوە. بۆیە، دەتوانین بڵێین ئەم ڕۆمانە تاڕادەیەک ڕێی تێدەچێت شڕۆڤەی سیاسیشی بۆ بکرێت. بەم پێودانگە بێت،  "کوێری" باسکردنە لە ئامانجگەلی بێبەها و خۆویستانەی ئەو حزبە سیاسییانەی نەک هەر بۆ چارەنووسی گەلەکەیان گرنگ نین، بەڵکوو بار و زیادەن بەسەر شانی چارەنووسی خەڵکی ڕەش و ڕووتەوە، ئەگەرچی ئەوان بەردەوام ئەم قسەیە دەفرۆشنەوە کە ژیان و ئاسوودەیی خەڵک بەلایانەوە زۆر گرنگە. کەرەنتینەکردنی کوێرەکان لەم بەرهەمەی ساراماگۆدا وەبیرهێنەرەوەی کەمپەکانی مەرگی حزبی نازییە لە ئەڵمانیا، ئەو حزبەی لەسەر بنەمای نەژادپەرەستی، دزێوترین و سامناکترین جۆری فاشێزمی سیاسیی سەدەی بیستەمی پێکهێنا. 

ئەگەر لە نوختەنیگای فەلسەفییەوە لەم ڕۆمانە بڕوانین، ڕۆمانی "کوێری" پێداگرتنە لەسەر هێمایەک بە ناوی "نەخۆشیی نەبینین" یان باشترە بڵێین "نەخۆشیی نەبوونی توانستی بینین". ساراماگۆ خۆی لە شوێنێکدا گوتوویەتی، ئەو ڕۆمانی کوێریی نووسیوە بۆئەوەی بە خوێنەرانی بڵێ، کاتێک ئێمە بەهاکانی ژیانی خۆمان دادەبەزێنین [و چاومان لە حاند هەقیقەتەکانی ژیان دەنووقێنین]، ئاوەزی خۆمان لە ڕاستەڕێ لاداوە و، هەر لەم سۆنگەیەوە دەبینین شکۆ و کەرامەتی مرۆیی لەسەر دەستی ئەو کەسانەی لە پێگەی دەسەڵاتدان هێرشی دەکرێتە سەر. سەیر نییە ساراماگۆ هەر لە لاپەڕە سەرەتاییەکانی ڕۆمانەکەیدا باسی ئەم نەخۆشییە سەیرە، کە دواتر کەسەکانی نێو ڕۆمانەکە پێی دەڵێن "ئەهریمەنی سپی"، دەهێنێتە گۆڕێ و خوێنەر لە مەترسیی ئەو نەخۆشییە ئاگادار دەکاتەوە. ساراماگۆ چیرۆکی ڕووخانی کۆمەڵایەتی و گەندەڵیی ئەخلاقیی کۆمەڵگەیەک دەگێڕیتەوە کە قەیرانێکی وجوودی بە ناوی کوێری ئەزموون دەکات، کوێریی ئاوەز و کوێریی ویژدان و کوێریی چاو. ساراماگۆ لەم بەرهەمەیدا، ڕوانینێکی فەلسەفیی ڕەشبینانەی بۆ جیهانی مۆدێڕن و لێکەوتەکانی هەیە و گومان لە ڕەوایی و ڕاستیی زۆربەی هەرەزۆری دامەزراوەکانی ئەم جیهانە، بە دەوڵەت و دینیشەوە، دەکات. پێدەچێت هەڵوێستی چەپگەرایانەی ساراماگۆ لەم بابەتەشدا بێ کاریگەری نەبووبێت؛ ئەو پێمان دەڵێت تەنانەت دەوڵەتی مۆدێڕن و دینیش وەکوو دوو دامەزراوەی مادی و مەعنەویی جیهانی هاوچەرخ، ناتوانن مزگێنیدەری ڕزگاریی مرۆڤ بن، لەو جێیەی سیاسەتمەدارە پیاوانی ئاینی خۆیشیان تا سەر ئێسک نوقمی گەندەڵیی ئەخلاقیین، ئەو گەندەڵییەی ناوەکەی دیکەی کوێرییە. 

 

سەرچاوەکان:

ساراماگۆ، ژوزە (١٤٠١). کوری. ترجمە مینو مشیری. تهران: انتشارات علم. 

سدیق، شاخەوان. (٢٠٢٣). ڕۆمان و خوێنەرە جیاوازەکانی. سلێمانی: دەزگای جەمال عیرفان.

Saramago, Jose. (1997). Blindness. Translated from the Portuguese by Giovanni Pontiero. Harcourt.

Latimer, Dan. (1984). Philosophy and Literature. Volume 8, Number 2. John Hopkins University Press. 

https://classicsconsidered.com/2021/03/02/inhuma

nity-to-man-blindness-by-jose-saramago/

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X