د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد
(مامۆستای زانکۆی سلێمانی)
عەلمانییەت و ئایین دوو بابەتی پڕ لە ئیشکال و گیروگازن، ئەم دوو بابەتە لە ڕەوتی مێژوویی خۆیاندا بە قۆناغی جیاجیا و پڕ لە ململانێدا تێپەڕیون، بەڵام عەلمانییەت و ئایین، لەڕووی نووسینی زانستییەوە، دوو بابەتی پێکەوەبەستراون، بەتایبەتی لە سەدە نوێیەکاندا دوو بابەتن پێکەوە گرێ دراون و لە ململانێی بەردەوامیشدان، باسکردنی یەکێکیان بەبێ ئەویدیکەیان باسکردنێکی ناتەواو و کەموکورتە، بۆیە د.عەزمی بیشارە لەم کتێبەدا ئایین و عەلمانییەتی توند بەیەکەوە بەستۆتەوە و لە ڕەوتی مێژووییدا باسی هەردووکیان دەکات.
ئەم کتێبەی نووسەر و بیرمەندی فەلەستینی عەزمی بیشارە بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی و زانستیی نێوان ئایین و عەلمانییەت لە ڕەوتی پێشکەوتنی مێژووییاندا، ئەم کتێبە ٣ بەرگی گەورەیە، هەر سێ بەرگەکە لە ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٥دا لە قەتەر چاپ کراوە، بە هەر سێ بەرگەکەوە هەزار و هەشت سەد لاپەڕەیە. ئێمە هەوڵ دەدەین خوێندنەوەیەکی وردی بۆ بکەین و سەرنجی خۆمانی لەسەر بدەین، پاشان پەیوەستی بکەین بە واقیعی کۆمەڵگەکانی خۆمان.
تایبەتمەندیی ئایین و ئایینداری
عەزمی بیشارە لە بەرگی یەکەمی کتێبەکەدا، کە کردوویەتی بە پێشەکییەک بۆ سەرجەم پرۆژەکەی، باسی "ئایین" و "ئایینداری" دەکات لەڕووی دیاردەی کۆمەڵایەتییەوە، واتە بەرگی یەکەمی تەرخان کردووە بۆ ڕوونکردنەوەی هەردوو چەمکی دین و دینداری لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە و جیاکردنەوەی ئەو دوو چەمکە و ئەو دوو تێگەیشتنە، بۆ ئەوەی دواتر بچێتە سەر بابەتی تێگەیشتن لە عەلمانییەت و چەشنەکانی عەلمانییەت و بەعەلمانیکردن؛ ئەمەش بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ تێگەیشتن لە مەسەلەی دینداری، چونکە ئایین دیاردەیەکە بەبێ ئایینداری (واتە پرۆسیسەکردنی ئایین لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە) نابێت، ئینجا مەسەلەی ئیمان لەنێو ئایین و ئایینداری وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی شی دەکاتەوە، ئەو جیاوازییانە شی دەکاتەوە کە لەنێوان باوەڕهێنان بە ڕاستیی ئایینی (کە ناوی دەنێت ئیمانی مەعریفی) و ئیمانێکی تەواو ئایینیدا هەیە (ئەمەی دووەمیشیان ناو دەنێت ئیمانی عیرفانی). پاشان دەچێتە سەر بابەتی جیاکردنەوەی "دینداری" وەک دیاردەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی کە بەپێی پێشکەوتنی کۆمەڵگەکان دینامیکییەتی پێشکەوتنی خۆی هەیە، دواجار دینداری دەبێتە قەوارەیەکی مانابەخش و کۆمەڵایەتی، بەجۆرێک ڕێگە دەکاتەوە بۆ دیندارییەکی بێئایین، یان دیندارییەک بەبێ ئیمانی تەواو، ئەمەش بەبێ باسکردنی ماناکانی عەلمانییەت وەک نموونەیەکی سۆسیۆلۆجی، مانا نابەخشێت، بۆیە دێتە سەر باسکردنی بەعەلمانیکردن وەک بەرەوپێشچوونێکی مێژوویی لەو کاتەوەی کۆمەڵگە بەشەرییەکان پێشکەوتنی گەورەیان بەخۆوە بینیوە، بەتایبەتی لە سەدەکانی ڕێنیسانسەوە تاوەکوو سەدەی هەژدەیەمی ڕۆشنگەری و سەدەی نۆزدەی مۆدێرنە و شۆرشی پیشەسازی، پاشان سەدەی بیستەمی تەکنۆلۆجی و سەدەی بیست و یەکەمی شۆڕشی پۆست پیشەسازی و ئەلیکترۆنی، لەم نێوەندەدا هەم ئایین و ئایینداری گۆڕانێکی گەورەیان بەسەردا هاتووە، هەم عەلمانییەت و بەعەلمانیکردن؛ دەرەنجام دەوڵەت لە بواری ئاییندا بێلایەن دەکرێت، ئایینیش لە دەوڵەت و دەسەڵاتداری بێلایەن دەبێت و تەنانەت زانستیش لەڕووی ئاینییەوە بە بێلایەنی دەوەستێت، بەو مانایەی چیدی زانست هێرش ناکاتە سەر ئایین و فۆرمە نوێیەکانی ئایین، لێدەگەڕێ ئایینیش تەفسیرەکانی خۆی پێشکەش بکات لەتەک تەفسیرەکانی زانستدا.
بەپێی عەزمی بیشارە پرۆسەی ئایینداری دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە. لەگەڵ ئاییندا هەم خاڵی جیاوازیان هەیە هەم خاڵی هاوبەش، چەندین بیرمەندی دیکە لەم مەسەلەیەیان کۆڵیوەتەوە،. لەنێو نووسینی کوردیدا مەریوان وریا قانع لە کتێبی "بەهەشتی ئیجباری"دا باس لەو دوو دیاردەیەی دین و دینداری دەکات و گەڕاوەتەوە بۆ بیرمەندی ئێرانی عەبدولکەریم سرووش و بیرمەندی میسری عەبدولجەواد یاسین کە هەردووکیان دین و دینداری لێکدی جودا دەکەنەوە، پاشان خاڵی جیاواز و هاوبەشیان لەنێواندا دەدۆزنەوە، وەک ئەوەی ئایین دیاردەیەکی میتافیزیکیی بانمێژووییە، ئایینداری دیاردەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتییە؛ ئایین باوەڕە، ئایینداری پرۆسە و ڕەفتار و هەڵسوکەوتە لەڕێگەی سرووتەکانەوە، خوێندنەوەی کتێبەکەی مەریوانیش یارمەتیی تێگەیشتنمان دەدات لە مەسەلەی ئایین و ئایینداری.
عەزمی بیشارە هەر لە بەرگی یەکەمدا بۆ تێگەیشتن لە هاوبەشی و جیاوازیی ئایین و ئایینداری، باسی خاڵی هاوبەش و جیاوازی نێوان ئایین و ئەفسانە، ئایین و ئەخلاق، ئایین و سیحر دەکات. ئەفسانە چەشنێکی مەعریفییە کە ڕێک وەکو ئایین موقەدەس و دونیایی تێدا کۆدەبێتەوە، واتە ئایین بریتییە لە یەکێتیی دونیایی و میتافیزیکی کە لەنێو هۆشیاریی میللی و ئایینداریی میللیدا ڕیشەی داکوتیوە؛ ڕاستە ئەفسانە هەمووی حیکایەتی بانسروشتە، بەڵام هەمووی باسی موقەدەس نییە، ئەفسانە پڕە لە دونیایی، پڕە لە پرسیاری فەلسەفی دەربارەی ئەفراندن، ئەفسانە بەتەنها ئەو دیوەی نییە کە وێنەیەکی شیواوی واقیع بێت، یان وێنەیەکی ناحەقیقی بێت بۆ حەقیقەت، بەڵکووو ئەفسانە پێکهاتەیەکی ژیارییە و ئامرازێکە بۆ گوتن و دەربڕین و کەشفکردنی قووڵایی دەروونی بەشەری؛ سیحریش مامەڵەیەکی نازانستییە، هەم لەگەڵ موقەدەسدا و هەم لەگەڵ دونیاییدا، یان ڕوانینێکی منداڵی و سەرەتاییە بۆ جیهان، ئەخلاقیش بە هەمان شێوە، هەم پەیوەستە بە ئایین و هەم لە دەرەوەی ئایینیشدا پرۆسە کراوە و دەکرێت، کەچی پتر لە ئایینداریدا دەردەکەوێت؛ بۆ هەمیشە گونجان لەنێوان ئایین و ئەخلاقدا نییە، دەشێت هاودژی لەنێوان ئەرکی ئایینی و ئەرکی ئەخلاقیدا دروست ببێت، بەتایبەتی لە سەردەمانی گەورەبوونی پرۆسەکانی "ئایینداری"دا. عەزمی بیشارە بۆیە ئەم باسانە دەهینێتە ئاراوە تا پاساو و ڕەوایی بۆ پرۆسەکانی ئایینداری ڕوون بکاتەوە، بەو پێیەی ئایینداری واقیعێکی حاشاهەڵنەگری ژیانی کۆمەڵایەتی و دیاردەیەکی سۆسیۆلۆژییە کە تێکدانی ئەم واقیعە دەبێتە مایەی ئەوەی ئایین ببێت بە ئایدیۆلۆژیایەکی ترسناک کە تێکدانی کۆمەڵگە و سەرهەڵدانی بیری توندڕەویی ئایینیی لێ بەرهەم دەهێنرێت.
لە بەشی دووەمی هەمان بەرگدا، بەدرێژییەکی زیاترەوە مەسەلەی ئایینداری پەیوەست دەکات بە پرۆسە کۆمەڵایەتییەکان و بەرژەوەندییەکانی تاکەکەسەوە لە ژیانی ڕۆژانەدا، لەو ڕوانگەیەوە کە ئایین دیاردەیەکە بەبێ ئایینداری ناتوانێت بەتەنها بوەستێت، بۆیە دەشێت چەندین دیاردەی کۆمەڵایەتی هەبن کە بە دامەزراوەیی کرابن و ئیمان بەشێک نەبێت لەو دامەزراوانە؛ ئەمەش ژیانی مۆدێرنە دەیسەپێنێت، بۆیە ئایین هەتا پتر لە ئایینداری دوور بکەوێتەوە، واتە لە پرۆسەی کۆمەڵایەتییانەی ئایین و لە تاکگەرایی ئایین و لە ئایینی میللی دوور بکەوێتەوە، پتر بەرەو ئایدیۆلۆیا و دۆگماتیزم و داعشیزم دەڕوات. بۆیە لە بەشی چوارەمدا ڕەخنە لەو ڕەخنانە دەگرێت کە ئاراستەی ئایین دەکرێت، بەو مانایەی مەرج نییە ڕەخنە لە ئایین بەشێک بێت لە کۆششێکی ڕۆشنگەرییانەی پێشکەوتنخواز، ئەمە لە سەدەکانی پێشوودا وابوو، بەڵام لە سەردەمە نوێیەکاندا ئایین وەک بابەتێکی ڕۆحی تێکەڵ بە چەشنە نوێیەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی دەبێت، لەم تێگەیشتنەوە ئایین چیدی کۆمەڵێک خورافات و فریودان و ئایدیۆلۆژیای کۆنترۆڵکردن نییە، عەزمی بیشارە بۆ شیکردنەوەی ئەم بۆچوونە پەنا دەباتە بەر شیکردنەوەی میتۆدی کۆمەڵناسیی وەزیفی، یان سۆسیۆلۆجیای فەنکشنالیزم Functionalism، ئەو میتۆدەی پێی وایە دیاردەکان و بەرژەوەندییەکان و بەگشتی بەشەکان بەیەکەوە بەستراون، لە یەک بونیاددا کۆ بوونەتەوە، تێکچوونی یەکێکیان کار دەکاتە سەر تێکچوونی بەشەکانی دیکە. ئەگەر ئەم شیکردنەوەیە بهێنینە نێو ئایین و ئاییندارییەوە، ئەوا ئەو دیدەمان لەلادا ڕوونتر دەبێتەوە کە کاتێک ئایین دەبێت بە دۆگما و ئایدیۆلۆجیا، کاریگەریی نەرێیی (نێگەتیڤ) لەسەر ئایینداری بەجێ دەهیڵێت و ژیانی کۆمەڵایەتی بە ئاراستەیەکی دیکەدا دەبات.
عەزمی بیشارە لە بەشەکانی دیکەی ئەم بەرگەدا لە ئایینەوە دەچێتە سەر بابەتی عەلمانییەت و بە عەلمانیکردن وەک ڕێرەوێک یان وەک پەڕینەوەیەک بۆ بەرگی دووەمی کتێبەکە، کە تەرخانی کردووە بۆ فراوانکردنی چەمکی عەلمانییەت لە کۆنتێکستی مێژوودا، تا لە دواییدا بگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە ئایین دیاردەیەکی ئیرادەگەری و مرۆیی و کۆمەڵایەتی و هەمەڕەنگ و ڕێژەییە؛ پێچەوانەی ئەمە دەبێتە مایەی خوڵقاندنی ئایینێکی دۆگما و بە ئایدیۆلۆژیکراو، چونکە گواستنەوەی ڕێژەیی بۆ ڕەهاگەری و هەمەڕەنگی بۆ تاکڕەنگی، نە بە زانست ئەنجام دەدرێت نە بە ئیمانی ئایینداری، بەڵکوو بە ئایدیۆلۆژیا ئەنجام دەدرێت، ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو کە بریتییە لە ئایدیۆلۆژیای تۆتالیتاریزم.
عەلمانییەت لە کۆنتێکستی مێژووییدا
عەزمی بیشارە بەرگی دووەمی پرۆژەکەی تەرخان کردووە بۆ بابەتێکی گرنگی گرێدراو بە بابەتی ئایینەوە، ئەویش بابەتی بەعەلمانیکردنە، یان سەردەمە نوێیەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی کە دنیای بەرەو بەعەلمانیکردن بردووە، بە کارکردی ڕێنیسانس و شۆڕشی پیشەسازی و تەکنۆلۆجی و مۆدێرنە کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بەرەو پەیوەندییەکی عەلمانییانە بردووە و کۆمەڵگە ئەوروپییەکانی لە قۆناغی فرە ئایینییەوە گواستۆتەوە بۆ قۆناغی قبوڵکردنی جیاوازییەکان و ڕێزگرتن لێیان.
لە سەرەتادا وشەی "عەلمانییەت" لەڕووی فەرهەنگییەوە شی دەکاتەوە، ئەو پرسیارە دەخاتە ڕوو کە ئایا وشەکە لەبنەڕەتدا عەلمانییەتە یان عیلمانییەت، واتە لە عالەمەوە وەرگیراوە یان لە عیلمەوە. ئێمەش ئەم وشەیەمان لە زمانی کوردیدا لە وشە عەرەبییەکەوە وەرگرتووە، لە کوردیدا وشەیەک شک نابەین بۆ وشەی عەلمانییەت، هەندێ جار دەنووسین سیکیولاریزم، کە ئەمم وشەیەشمان لە زمانی ئینگلیزییەوە خواستووە (Secularism).
عەزمی بیشارە لە لاپەڕەی یەکەمەوە وشەکە بە عەلمانییەت یەکلا دەکاتەوە، نەک عیلمانییەت؛ دەیسەلمێنێت عەلمانییەت لەتەک ئاییندا پەیوەندییان بە دنیای مرۆڤەکانەوە هەیە، ئەو جەخت لە وشەی عەلمانییەت دەکات نەک عیلمانییەت، Secularism، (العَلمانية)، ئەم وشەیە لە بنەڕەتدا وشەیەکی عەرەبییە و لەنێو زمانی کوردیدا جێگیر بووە، ئەم وشەیە لە عالەمەوە وەرگیراوە، بۆیە دەگوترێت عەلمانییەت نەک عیلمانییەت، چونکە لە عیلمەوە وەرنەگیراوە. لە زمانی ئینگلیزیدا چوار چەمکی سەرەکیی هەیە: ١. The Secular واتە کەسی عەلمانی. ٢. Secularization واتە بەعەلمانیکردن، پراکتیزەی عەلمانییەت. ٣. Secularism ئەمەیان پتر بۆ ئایدیۆلۆجیای عەلمانییەت بەکار دەهێنرێت. ٤. Secularity پتر بۆ سیستمی عەلمانییەت بەکار دەهێنرێت.
مانای گشتیی ئەم زاراوەیە بریتییە جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، بەڵام عەزمی بیشارە وای دەبینێت ئەم دەستەواژەیە لە زەینی زۆر کەسدا هەستیارییەک دەورووژێنێت. لەڕاستیدا، مەبەست لەم دەستەواژەیە بریتییە لە جیاکردنەوەی دەوڵەت لە ئایین، یان دەست تێوەرنەدانی دەوڵەت لە ئایین، بەهەمان شێوە دەست تێوەرنەدانی ئایین لە کاروبارەکانی دەوڵەت. لێرەدا دەبێ سەرجەم ئایین و ڕەوت و مەزهەب و ئایدیۆلۆجیاکان لە خزمەتی دەوڵەتدا بن، بۆ ئەوەی دەوڵەتیش بە شێوەیەکی دادپەروەرانە حوکمی هەمووان بکات، ئیدی دەوڵەت بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی و لە میانی دامەزراوەکانیدا، بەیەکسانی تەماشای هەمووان دەکات، بە یەکسانی ئازادی بۆ هەموو ئایین و ڕەوتەکانی دیکە فەراهەم دەکات؛ هەموو ئایینەکان وەک یەک مافی پرۆسەکردنی سرووتەکانی خۆیان هەیە، بێ ئەوەی ئایینێک بەسەر ئایینەکانی دیکەدا بسەپێنێت، تەنانەت ئەگەر ئایینی زۆرینەش بێت. کەواتە، عەلمانییەت بریتییە لە سیستمی بەڕێوەبردن کە بە پلەی یەکەم لە خزمەتی هاووڵاتیدا دەبێت، سا ئەو هاووڵاتییە سەر بە هەر ئایین و نەتەوەیەک بێت.
لێرەدا عەلمانییەت بەهیچ جۆرێک دژی ئایین نییە، عەلمانییەت یەکسان نییە بە بێدینی، مانای بێبایەخکردن و بێماناکردنی ئایین نییە و دژایەتیی هیچ ئایین و ڕەوتێکی دیکە ناکات، بەڵکوو بریتییە لە جیاکردنەوەی هەموو ئایینەکان لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی دەوڵەت، دانانی سنوورێکە بۆ هەموو ئەو باوەڕە ئایینی و مەزهەبییانەی دەیانەوێت هەموو فەزای کۆمەڵگە داگیر بکەن؛ ئەمەیە مانای ڕاستەقینەی عەلمانییەت لەم سەردەمەی ئەمڕۆماندا، بەڵام لێرەدا عەلمانییەتی نەرێیی (نێگەتیڤ) و عەلمانییەتی ئەرێیی (پۆزەتیڤ)، عەلمانییەتی توندڕەو و عەلمانییەتی نەرم هەیە؛ عەزمی بیشارە ناوی دەنێت عەلمانییەتی ڕەق و عەلمانییەتی نەرم، لەڕووی مێژووییەوە ڕەوتەکانی عەلمانییەت و پرۆسە جیاوازەکانی دەخاتە ڕوو.
بەرگی دووەم زۆر دوورودرێژە، نزیکەی نۆ سەد لاپەڕەیە، بەدرێژی پێشکەوتنی ڕەوتی پڕ لە هەڵکشان و داکشانی هزری ئەوروپی دەخاتە ڕوو سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان ئایین و زانست و سیاسەت؛ بیشارە بە ڕەوتی خوار و خێچ یان لەولوبی و حەلەزۆنی ناوی دەبات، چونکە بە چەندین قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە و ژمارەیەکی زۆر لە فەیلەسوفان و بیرمەندان و پیاوانی ئایین قسەیان لەبارەیەوە کردووە؛ ئەمەش لەبەر ئەوەی ڕیشەی ئەم پەیوەندییە زۆر قووڵ و دوورودرێژە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی بەر لە ڕیفۆرمی ئایینی و مارتن لوتەریش، واتە عەلمانییەت و پەیوەندیی نێوان عەلمانییەت و ئایین لەنێو خودی ئایین خۆیەوە هەڵقوڵاوە، بیرکردنەوەی ئایینی و نائایینیی بەشەرەکان لە سەردەمە کۆنەکاندا لەگەڵ موقەدەسدا مامەڵەی کردووە، بۆیە پێویستیی بە ئایین و ئایینداریش هەبووە، هەروەکوو دواتر پێویستیی بە فرە مەزهەبی و فرە ئایینی و پلورالیزم و لێبوردنی ئایینی هەبووە.
نووسەر لە بەشی یەکەمی ئەم بەرگەدا وشەی عەلمانییەت وەک زاراوە و وەک ئایدیۆلۆژیا لێکدی جودا دەکاتەوە. وەک زاراوە مومکینە شی بکرێتەوە و ڕاڤەی جۆراوجۆری بۆ بکرێت، وەک مێژوو مومکینە دەیان کتێبی لەسەر بنووسرێت، وەک ئایدیۆلۆژیاش پێویستە لەو کۆنتێکستەوە باس بکرێت کە بۆی دەگوازرێتەوە، ئینجا عەلمانییەت لە ئاتیزم (Atheism) و بێباوەڕی جیا دەکاتەوە، بگرە فەرقێکی گەورە لەنێوان عەلمانییەت و ئاتیزمدا هەیە، بە هیچ جۆرێک سیکیولاریزم لە نەریتە دێرینەکانی ئاتیزمەوە لەدایک نەبووە.
بیشارە لەبیری ناچێت ئەو وێناکردنە عەرەبییانەش بەسەر بکاتەوە کە لە کۆن و نوێدا سەبارەت بە عەلمانییەت هەبووە و، بەو ئاراستەیە گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکات ئایا سیکیولاریزم فەلسەفەیە یان ئایدیۆلۆژیا یان چەشنی حوکمڕانی و بێلایەنی لە بەرامبەر ئایینە جۆراوجۆرەکاندا؛ دواجار هەڵوێستی خۆی دیاری دەکات بەوەی عەلمانییەت فەلسەفەیەکی تایبەتی و دیاریکراو نییە، بەڵکوو هەڵوێستی دەوڵەتە لە بەرامبەر ئاییندا، ئەم جۆرە هەڵوێستەش وەک خۆی دەڵێت ڕەگێکی قووڵی لە پرۆسەی مێژووییدا هەیە کە پێشکەوتنی زانست و بیری عەقڵانی و سیاسەتی دەوڵەت و چەشنی حوکمڕانی، دەوڵەتەکان ناچار دەکات ئەو چەشنە هەڵوێستە لەبەرامبەر ئایین یاخود ئایینەکاندا پەیڕەو بکەن، ئەم هەڵوێستەی دەوڵەت بێ گومان پەیوەستە بە سیستمی دیموکراسی و لێکبوردنی ئایینی و هەوڵدان بۆ ئاشتەوایی و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی.
میتۆدی سەرەکیی عەزمی بیشارە بۆ پیشاندانی ئەم ڕەوتە مێژووییەی پەیوەندیی نێوان عەلمانییەت و ئایین بریتییە لە میتۆدی سۆسیۆ- مێژوویی، بەو پێیەی سۆسیۆ-مێژوویی بەشێکە لە فرەمیتۆدی (مۆڵتی میتۆد) کە بۆ ڕاڤەکردن تەنیا بە یەک میتۆد واز ناهێنێت، بەڵکوو پتر لە میتۆدێک ئاوێزانی یەکدی دەکات بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی بەرینتر تیشک بخاتە سەر چەمکەکان و تێکست و ڕووداوەکان، ئەم میتۆدە لەیەک کاتدا سوود لە هەردوو زانستی کۆمەڵناسی و مێژوو وەردەگرێت، هەوڵ دەدات پەیوەندییەک لەنێوان تیۆریی سۆسیۆلۆجی و ڕاڤەکردنی مێژووییدا دروست بکات بۆ خوێندنەوەی ئەو ڕووداو و ڕاستییانەی لە کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکاندا ڕوو دەدەن، یان بۆ خوێندنەوەی تێکستێکی ئەدەبی، مێژوویی، ئایینی، کەلەپوور، فەلسەفی... و هتد.
لە بەشی سێیەمدا دەچێتە سەر قۆناغێکی گرنگ لە گۆڕانکارییەکانی فیکری بەشەریدا، ئەویش قۆناغی ڕێنیسانسە لە سەدەی چواردە و پانزەدا، لەوێدا لەتەک بیری ئایینی و گرنگیدان بە ئایین، بیرکردنەوە و گرنگیدان بە بابەتی دیکەش دێتە ئاراوە. لە سەرەتادا، لە ئیتالیاوە گرنگیدان بە ئەدەب و هونەرەکان دەست پێدەکات، ئینجا بە سەرجەم وڵاتانی دیکەی ئەوروپادا بڵاو دەبێتەوە، ئیتالیا بە پێشەنگی ڕێنیسانس دادەنرێت، لەبەر ئەوەی زۆربەی ئەو فەیلەسوف و بیرمەند و شاعیرانەی بە دەستنووسەکانیانەوە پەڕینەوە بۆ ئەوبەری دەریای سپیی ناوەڕاست، واتە ئەوروپا، لە ئیتالیا گیرسانەوە و لەوێوە دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیان، کە لەدواییدا سەرجەم وڵاتانی دیکەی ئەوروپای گرتەوە. بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی ئەو شاعیر و نووسەرانە بریتی بوون لە تێکست و کتێبە فەلسەفی و ئەدەبییەکانی نیو-کلاسیزم. پاشان تیۆلۆژیای مرۆیی -هیومانیستی و پەرەسەندنی بیری سیاسی، هەروەها ڕیفۆرمی ئایینی کە وەرچەرخانی گرنگ دەخوڵقێنێت، بەتایبەتی ڕۆڵی گەورەی مارتن لۆتەر و سەرهەڵدانی پرۆتستانت کە هەوڵی دەدا لەبەرامبەر کاتۆلیکدا دۆگمای ئایینی کەم بکاتەوە و ڕەخنە لە کەنیسەی کاتۆلیکی بگرێت، لە سەدەی شانزەشدا فراوانبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ڕۆشنبیری و کولتووری، داهێنانی چاپخانە، رۆڵی گرنگیان هەبوو لە بڵاوبوونەوەی پلورالیزمی ئایینی و بیری ڕیفۆرمی ئایینی و لێکبوردنی ئایینی کە بەدرێژی باسی دەوڵەت و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لەپاش جەنگە ئایینییەکان لە ئەوروپادا دەکات، چۆن بیری لێکبوردن بووەتە مایەی قبوڵکردنی پلورالیزمی ئایینی نەک تەنها لەلایەن دەوڵەت و دامەزراوەکانیدا، بەڵکوو لەلایەن هاوڵاتی و هەندێک لە کەسانی ئایینیشدا.
عەلمانییەت بە پرۆسەیەکی مێژوویی دوورودرێژدا تێپەڕیوە تا گەیشتۆتە ئەمرۆ، عەلمانییەت بەرووبومی چەندین سەدەیە، لە چەرخی پانزە و شانزەی ڕێنیسانس و ڕیفۆرمی ئایینیی مارتن لۆتەرەوە دەست پێدەکات، بە چەرخی حەڤدەی عەقڵانییەت و سەدەی هەژدەی ڕۆشنگەری و پۆزەتیڤیزم و شۆڕشی هزریدا تێدەپەڕێت، تا دەگاتە شۆڕشی پیشەسازی لە سەدەی نۆزدەدا. هەموو ئەو پێشکەوتنە هزری و پیشەسازی و زانستییانە، کە چەندین بیرمەندی گەورەیان لەپشت بووە، کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و عەقڵیی مرۆڤ و ژیانی مۆدێرنە و بیرکردنەوەی تاکەکاندا بەجێ هێشتووە، بە جۆرێک گەیشتۆتە گەڵاڵەبوونی بیرۆکەی عەلمانییەت کە بە پلەی یەکەم لە ئەوروپادا سەرهەڵدەدات و جێگیر دەبێت. لەبنەڕەتدا، عەلمانییەت بۆ کۆتاییهێنان بووە بە شەڕی نێوان ئایینەکان و شەڕی مەزهەب و ئایینزا جیاوازەکان، عەلمانییەت تەنیا لەنێو بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی دەوڵەتدا نییە، بەڵکوو پەیوەستە بە زانست و مەعریفە و چەمکی هاووڵاتیبوون و مۆدێرنە و سیستمی پەروەردە و سیستمی دیموکراسییەوە.
بەشی پێنجەمی تەرخان کردووە بۆ بیرۆکەی دەوڵەت، بەو مانایەی مومکین نییە لە عەلمانییەت تێبگەین بەبێ تێگەیشتن لە مانای دەوڵەت و لە جۆری سیستم و حوکمڕانییەکەی؛ شەرحی ئەو جیاوازییانە دەکات لەنێوان دەسەڵات و دەوڵەتدا هەیە، یان ئیمپراتۆرییەت و دەوڵەت، فیوداڵیزم و دەوڵەت، دەوڵەت و دەسەڵاتی ڕەها، تا دەگاتە دەوڵەت و بیرۆکەی هاووڵاتی لە پەیمانی کۆمەڵایەتیدا، بەتایبەتی لە تێزە ناودارەکەی جان جاک رۆسۆ دەربارەی ئەو پەیمانەی لەنێوان دەوڵەت و هاووڵاتیدا هەیە.
لە بەشی شەشەمی بەرگی دووەمدا دەگاتە سەدەی حەڤدە، سەدەی دیکارت و عەقڵانییەت و پێشکەوتنی زانستی ئەزمونگەری و بیرکردنەوەی زانستی، لە کۆپەرنیکۆسەوە بۆ گالیلۆ و نیوتن. لە بەشی حەوتەمیشدا بۆ تێگەیشتن لە مێژووی سەرهەڵدانی عەلمانییەت دەگەڕێتەوە بۆ تێزەکانی کانت و هیوم و ڕەخنەگرتن لە تەورات و ئینجیل، گرێدانی تێکستە ئاینییەکان بە کۆنتێکستی مێژوویی و بە سەردەمەکەی خۆیانەوە؛ پاشان دێتە سەر سەدەی هەژدەیەمی ڕۆشنگەری بەو پێیەی ڕۆشنگەری درێژەپێدانێکی فکری و فەلسەفیی شۆڕشی زانستی و بیرۆکەی دەوڵەتە، ئینجا سەرهەڵدانی ئینسایکلۆپیدیا وەک مانیفێستی ڕۆشنگەری لەلایەن ڤۆلتێر و ڕۆسۆ و دیدرۆ و مۆنتسکیو و زۆری دیکەش. ئینسایکلۆپیدیا لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەدا چاپ کراوە کە ٣٥ بەرگە و پتر لە ١٥٠ بیرمەند بەشدارییان تێدا کردووە، ئەمە بۆ ئەو سەردەمە بازدانێکی زۆر گەورە بوو کە بیر و وێنای دیکە لە بەرامبەر ئایین و دەوڵەت و کۆمەڵگە سەری هەڵدا، وێنای نائایینی و وێنای زانستی، هەموو ئەمانە لەپێناو ئەوەی کۆمەڵگەکان بەرەو لێکبوردنی ئایینی و مەزهەبی، دادپەروەری و یەکسانی ببەن و عەقیدەی دۆگماتیزم و توندڕەوی کەم بکەنەوە.
لە بەشەکانی دیکەدا، ڕیشەی پەیوەندیی نێوان عەلمانییەت و ئایین دەباتەوە سەر فەیلەسوفێکی ئەڵمانیی گرنگی سەدەی نۆزدە کە فریدریک هیگڵە، تا دەگاتە مارکس و سەردەمی شۆڕشی پیشەسازی و مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنە و نیولیبرالیزم و ڕەخنەی میشێل فۆکۆ لە ڕۆشنگەری، ڕەخنەی هابرماز لە عەلمانییەت و داهێنانی زاراوەی پۆست سیکیولاریزم. بە بڕوای من، ئەم کتێبە زۆر گرنگە، زۆریش پێویستە بکرێت بە کوردی، خۆزگە کەسێک یان گرووپێک یان دامەزراوەیەکی ڕۆشنبیری ئەم ئەرکە بگرێتە ئەستۆ.
فۆرمەکانی عەلمانییەت و بەڕێوەبردنی دەوڵەت
لە بەرگی سێیەمدا، عەزمی بیشارە گرنگترین ئەو تیۆری و فۆڕمانەی عەلمانییەت دەخاتە ڕوو کە لە ئەوروپا و خۆرئاوادا پراکتیک کراون، بەو پێیەی عەلمانییەت پلە و فۆرمی جۆراوجۆری هەیە، بە تایبەتی لە فەرەنسە و بەریتانیا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا؛ هەروەها ئەو پەیوەندییەی ئایین دەبەستێتەوە بە پرۆسەی بەعەلمانیکردن کە ئایین و ئیمان دەگۆڕێت بۆ ئیمان و ئایینی عیرفانی، پاشان پاشەکشەی کۆمەڵایەتییانەی ئایین وەک عەقیدە و وەک پرۆسە لە ژیانی خەڵکیدا، بەتایبەتی لە شارەکاندا، ئایین دەبێت بە مەسەلەیەکی شەخسی، ئەگەرچی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە بەڵام پەیوەندیی بە کەسی تاکەوە هەیە، گۆڕانكارییەکان ئایینیان كردووە بە مەسەلەیەكی شەخسی و لە بواری تاكەكەسدا قەتیسیان كردووە.
فەرەنسە مێژوویەکی ڕوونتری بۆ عەلمانییەت هەیە، لەوێدا عەلمانییەت لەژێر کاریگەریی شۆڕشی فەرەنسیدا بەشێوەیەکی توندتر داوای جیاکردنەوەی ئایینی کردووە لە دەسەڵات، لەبەر ئەوەی لە فەرەنسەدا کەنیسە ڕۆڵێکی گەورەی لە فەرمانڕەوایی و ژیانی کۆمەڵایەتی و زانستیشدا هەبووە و دەستی لە ژیانی تایبەتیی تاکەکانیش وەرداوە، جەنگە ئاینییەکان توندوتیژتر و درێژخایەنتر بوون، بەتایبەتی جەنگی نێوان کاتۆلیک و پرۆتستانت و چەوساندنەوەی پرۆتستانتەکان لەلایەن زۆرینەی کاتۆلیکەکانەوە. عەلمانییەت لەوێدا بە جۆرێکی کاریگەرتر کۆتایی بە جەنگە ئاینییەکان هێنا، ئایینی لە کایەی گشتی و لە بواری گشتیشدا دوور خستەوە، ئایینی لە بواری گشتییەوە گواستەوە بۆ بواری تایبەتی، لەدوای شۆڕشی فەرەنسی دەستکاریی یاساکانی خێزان و ئەحوالی شەخسیشیان کرد کە پێشتر ئەمانە لەژێر کۆنترۆڵی کەنیسەدا بوون؛ تەنیا لە سەردەمی ناپلیۆندا مامەڵەیەکی نەرمتر لەگە ئاییندا کراوە، چونکە ناپلیۆن پێی وابوو جارێ کاتی ئەوە نەهاتووە ئایین پەراوێز بخرێت، هێشتا جووتیاران نەکەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ڕۆشنبیریی عەلمانییەتەوە. عەلمانییەت لە فەرەنسەدا خێرا چووە نێو دامەزراوەی پەروەردەییەوە، سیستمێکی عەلمانییانەی نوێیان بۆ پەروەردە داڕشت و مامۆستایان بە حەماسێکی زۆرەوە مەنهەجی خوێندنیان گۆڕی؛ داوایان دەکرد کەنیسە دەست وەرنەداتە سیستم و پرۆگرامەکانی خوێندنەوە و پرۆگرامی بێلایەنیی قوتابخانە و سیستمی پەروەردەیی لە مەسەلە ئایینییەکاندا پارێزراو بێت.
لەو سەردەمەدا، هەم مەیلی ناسیونالیستی لە برەودا بوو و هەم کۆمەڵە و رێکخراوی عەلمانییانە دادەمەزران؛ سۆسیۆلۆجیای ماکس فێبەر و تیۆرییەکانی ئیمیل دۆرکهایم دەربارەی ئایین، وردە وردە ئاسەواری نەرێیانەی (نێگەتیڤانەی) کاتۆلیکەکانی لە ئاستی عەلمانییەتدا سڕییەوە، سۆسۆلۆجیای ئایین بوو بە بەشێکی گرنگ لە سۆسیۆلۆجیای گشتی کە لە زانکۆی سۆربۆن دەخوێنرا. دۆركهایم دیدێكی نەرێیی (نێگەتیڤی) نەبوو بۆ ئایین، بە پێچەوانەوە پێی وابوو ئایین لە قۆناغێكی دوورودرێژی ژیانی بەشەریدا سەرچاوەی زانین بووە. دۆركهایم وای دەبینێت ڕەگەكانی مەعریفە لە ئاییندایە، ئایین بیری مرۆڤایەتیی دەوڵەمەند كردووە، هەروەها ئایین لە جەوهەردا دیاردەیەكی كۆمەڵایەتییە؛ دۆركهایم پێی وایە ئینسان لەڕێگای سرووتە ئایینی و ڕۆحانییەكانەوە گەشەی بە مەعریفەی خۆی داوە، چونكە هەموو چەمكە فكری و زانستە قووڵەكان لە سەرەتادا چەند گریمانەیەكی ئایینی و ڕۆحانی بوون، كە پاشان گەشەیان كردووە و لە بوارەكانی فەلسەفە و زانستدا شی كراونەتەوە. دۆركهایم پێمان دەڵێت بیری ئایینی سەرچاوەی هەموو بیرێكی مرۆییە و مرۆڤ لە گێرەشێوێنییەوە دەگوازێتەوە بۆ ئارامی. دۆركهایم ڕەخنە لەو دژایەتیكردنە لە ئایین دەگرێت و ڕەخنە لەو كەسانە دەگرێت كە دەڵێن ئایین ڕێگرە لە بەردەم كرانەوەدا، دەبینین هەر دیدێكی زانستی یان فەلسەفی ڕەگێكی لەناو ئایندا هەیە، بەڵام دۆركهایم داكۆكی لە ئایین ناكات وەك بیروباوەڕێكی ڕەها، بەڵكوو وەك قۆناغێك لە قۆناغەكانی گەشەكردنی بیركردنەوەی مرۆڤایەتی داكۆكیی لێ دەكات، ئەمە ڕۆڵی هەبوو لە سڕینەوە یان کەمکردنەوەی باکگراوندی نەرێییانەی (نێگەتیڤانەی) کەنیسە بۆ عەلمانییەت، چونکە لێرەدا عەلمانییەت واتە ئازادیی ئایینی.
لە بەریتانیا عەلمانییەت هەمان ئەو مێژووەی نییە کە لە ئەوروپادا هەیەتی؛ لە بەریتانیا ئاسەواری عەلمانییەت نابینرێت بەو شێوەیەی زاراوەی سیکیولاریزم مانیفێستی دەکات، واتە بانگەشەی جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، لە بەریتانیا شێوازێکی دیکە یان فۆڕمێکی دیکە لە عەلمانییەت پرۆسە کراوە کە لەگەڵ ئاییندا ئاوێزانی یەکدی بوون، هەم ئایین ڕێزی لە دەوڵەت و دامەزراوەکانی ناوە و دەستی لە کاروباری دامەزراوەکان وەرنەداوە، هەم دەوڵەتیش پێویستیی بەوە نەبووە بڕیاری جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت بدات. لەبری ئەمانە، بانگەشە بۆ بۆچوونەکانی جۆن لۆک سەبارەت بە لێکبوردن کراوە و بەتایبەتی کار بۆ لێکبوردنی ئایینی و پەیمانی کۆمەڵایەتیی ڕۆسۆ کراوە، دەسەڵاتی سیاسیی پاشایی لە دەسەڵاتی ئایینی جیا کراوەتەوە؛ ئەمە بانگەشەیەکی ئایینیش بووە نەک تەنیا مەدەنی، مەبەستی ئەوە بووە ئازادیی ئایین فراوانتر بێت و دوور بێت لە دەسەڵاتی دەوڵەت، لەوانەیە ئەم دۆخەی عەلمانییەت لە بەریتانیادا پەیوەندیی بەو ڕەوتە ئاینییەی پرۆتستانتەوە هەبێت کە لەوێدا زۆرینەیەکی گەورە پێک دەهێنن بە بەراورد بە کەمینەیەکی کاتۆلیکی، سەرباری ئەوەی پرۆتستانت مامەڵەیەکی نەرم لەتەک بەڕێوەبردنی عەلمانییانەی دەوڵەتدا دەکات.
لە ئەمریکادا، دەوڵەت بەعەلمانی دەکرێت و کۆمەڵگەش ئایینداری قبوڵ دەکات، لە مێژووی ئەمریکادا، بەپێچەوانەی فەرەنسە، حوکمێکی ڕەهاگەر بوونی نەبووە کە هاوپەیمانی کەنیسە بووبێت، دۆخی ئەمریکا تا ئەندازەیەک لە هەمان دۆخی بەریتانیا دەچێت کە زۆرینەی پرۆتستانت و کەنیسەی پرۆتستانتی تێدا باڵادەست بووە، بەڵام ڕۆڵێکی گەورەی لە ژیانی شەخسیی تاکەکان و خێزاندا نەبووە، دیسان لە ئەمریکادا حزبی سیاسی تۆتالیتاری نەبووە، کەنیسەش لەتەک کۆمەڵە و گرووپە نائایینییەکاندا خزمەتگوزاریی پێشکەش کردووە، تەنانەت کەنیسە ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە خەبات دژی ڕەگەزپەرستی و جیاکاری، داکۆکیی بەرچاوی لە ڕەشپێستەکان کردووە و دژی سیستمی کۆیلایەتی بووە، ئەمەش ڕێگەی لەوە گرتووە عەلمانییەتێکی توند یان عەلمانییەتی ڕەق لە ئەمریکادا دروست ببێت.
ڕەخنە لە عەلمانییەت
لێرەدا ڕەخنە لە عەلمانییەت بەو مانایە نایەت کە عەلمانییەت پرۆسەیەکی هەڵەیە و دەبێت دوور بخرێتەوە، بەو مانایە نییە عەلمانییەت لە ڕەوتی مێژوودا دژی ئایین بووە و ئەمرۆ شکستی هێناوە، بەڵکوو ڕەخنە لە عەلمانییەت بەو مانایە دێت کە ئاراستە توندڕەوەکانی پراکتیزەکردنی عەلمانییانە ڕەخنە بکرێت و هەڵوێستێکی مەعریفییانەی بەرامبەر بە ئایین هەبێت، ڕەخنە لە عەلمانییەت بە مانای ئەوەی ڕەخنە لە وێناکردنە کۆنەکانی عەلمانییەت بگیرێت، ڕەخنە لە عەلمانییەتی ڕەق و پەڕگیر بگیرێت، وەک چۆن ڕەخنە لە ئایینی دۆگما و توندڕەو دەگیرێت. ئەم ڕەخنەگرتنە لە عەلمانییەتی دەیەکانی پێشوو بۆ دوو ئامانجە؛ یەکەم: بۆئەوەی پتر ڕوون بێتەوە کە عەلمانییەت دژی ئایین نییە بەڵکوو بریتییە لە سیستمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و تەماشاکردنی سەرجەم ئایینەکان بە یەکسانی لەپێناو پێکەوەژیانی ئاشتییانە و خۆشگوزەرانی، دووەم: بۆئەوەی لەم سەردەمەی پاشەکشەی ئایینی توندڕەودا هەماهەنگییەک لەنێوان ئایین و عەلمانییەتدا دروست ببێت کە بیرمەندانی ئەمرۆ بە پۆست-سیکیولاریزم ناوی دەبەن.
ڕەخنە لە عەلمانییەت مانای کۆتایی عەلمانییەت نییە، بەڵکوو مانای ئەوەیە عەلمانییەتی پەڕگیر کۆتایی هاتووە، رێک وەکو تێزەکەی ئالان تورێن کە باسی کۆتایی کۆمەڵگە دەکات مەبەستی ئەوە نییە کۆمەڵگەکان تەواو بوون و کۆتاییان پێ هاتووە، بەڵکوو مەبەستی ئەوەیە کۆمەڵگە بە مانا کلاسیکی و تەقلیدییەکەی تەواو بووە، کۆمەڵگەی پۆست پیشەسازی هاتۆتە ئاراوە، یان کاتێک میشێل فۆکۆ باسە مەرگی مرۆڤ دەکات، مەبەستی ئەوە نییە مرۆڤ مردووە و تەواو بووە، بەڵکوو مەبەستی لە کۆتایی هیومانیزمی کلاسیکیی سەردەمە کۆنەکانە، بە هەمان شێوە مەرگی خودا لەلای نیتچە مانای ئەوەیە خودای سەدەکانی ناوەڕاست کۆتایی پێ هاتووە و وێناکردنی خورافییانەی مرۆڤ بۆ خودا تەواو بووە، یان مەرگی ڕەخنەی ئەدەبی لەلای ڤینسینت لیتچ مانای ئەوە نییە ڕەخنەی ئەدەبی مردووە و چیدی پرۆسە ناکرێت، بەڵکوو مەبەستی ئەوەیە ڕەخنەی ئەدەبی سنوورەکانی خۆی بە ئەندازەیەکی زۆر بەرین کردۆتەوە و تێکەڵ بە زانستەکانی دیکە بووە و ڕەخنەی کلاسیکی مردووە.
بەدرێژایی مێژووی سەرهەڵدانی عەلمانییەت و پراکتیزەکردنی، بە شێوازی جیاواز ڕەخنەی لێ گیراوە، بەتایبەتی لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، ئەو کاتەی عەلمانییەت وەک ئایدیۆلۆژیا دەردەکەوێت و لە کایەی سیاسیدا دەکەوێتە ململانێ لەگەڵ ئاییندا، بەڵام دواتر، لەلایەن چەندین بیرمەندەوە، ڕوخساری عەلمانییەت گۆڕدرا و شێوازی دیکەی بەخۆوە بینی، کە دەشێت دیارترینیان بریتی بێت لە عەلمانییەتی کراوە و نەرم لەبەرامبەر ئایین و ئیتنییە جیاوازەکاندا، بۆ نموونە، کۆمەڵناسی ئەمریکی پیتەر بێرگەر لەتەک عەلمانییەتدا باسی دنیای پلورالیزم دەکات کە دەشێت ئایینە جیاوازەکان بە تەنیشتی یەکدییەوە بن، ئایین و عەلمانییەت پێکەوە بەشێک بن لە ژیانی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە هاوچەرخەکانی ئەمڕۆ، بە مەرجێک ڕێز لە عەقیدە و بۆچوونی جیاوازی یەکدی بگرن، سا ئەو بۆچوونە سەر بە هەر ئایینێک و هەر دیندارێک بێت، یان سەر بە هیچ ئایینێک نەبێت، واتە دۆخی دنیای ئەمڕۆ دۆخێکی تەواو جیاواز و پلورال و فرەجۆرە، هەم ئایینی فرەجۆری تێدایە، هەمیش شێوازی فرەجۆری نائایینی، ئەمانەش لەپاڵ یەکدا و لەنێو یەک کۆمەڵگەدا بەئاشتی پێکەوە دەژین، واتە دەشێت لەنێو زەینی کەسی عەلمانیدا چەندین پانتایی ئایینی هەبێت و لەنێو زەینی دینداریشدا چەندین پانتایی عەلمانییانە هەبێت.
بیرمەندی ئەڵمانی یۆرگن هابرماس، باس لە پۆست عەلمانییەت دەکات Post-Secularism کە هەوڵ دەدات ڕێگەیەکی گونجاو و واقیعی بدۆزێتەوە لەنێوان فەندەمێنتالیزمی توندڕەوی ئایینی و عەلمانییەتی پەڕگیردا؛ لێرەدا هەم ئایین پتر ئایینێکی مۆدێرن و ڕۆشنگەرە، هەم عەلمانییەتیش بوارێکی بەرینتر بۆ ئایینەکان دەکاتەوە، ئەگەرچی هابرماز پێی وایە پۆست عەلمانییەت زیاتر بۆ کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانی ئەوروپا و کەنەدا و ئوستورالیا و نیوزلەند دەگونجێت، بەڵام دەشێت کۆمەڵگەکانی دیکەش، بەپێی ڕەوتی پێشکەوتنیان، سوود لەو پرۆسەیە وەربگرن.
سەرچاوەکان:
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved