٢٤/٩/٢٠٢٥
ھەولێر
لەناو جەرگەرەی کەوتنێکی پڕ لە سامدا، لەناو گەردەلوولی نامۆبوون و بزربوون لە زریان و تۆفانێکی لەخۆدابڕان و سەرلێشێواوی و لەدەستدانی مانا و مەغزا و مەیلەکانی ژیاندۆستیدا، ئا لەو کاتەدا، فیلمێکی سینەمایی بەناوی "زەوی سەخت و ئاسمان دوور" لە نێوەندی کولتوور و ھونەری کوردیدا وەک داھێنانێکی گەورە دێتە دەرەوە و بە گوێیەکانمان پەیامی گەورە گەورە دەچرپێنێت؛ جوانی و خۆشەویستیی ژیان و لەئامێزگرتنی قەدەری خۆ و ئایندەی خۆ، بە مانای ھەبوونی بوێریی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوەکان و شکستەکان، ئا لەم کاتەدا، کە بایەقووشەکان، مورتەزەقەکان ، بەکرێگیراوەکان سەڕقاڵی خوێندنی نائومێدی و بڵاوکردنەوەی وانەکانی کەوتن و دژایەتیکردنی کوردبوون بوون، داھێنانێکی ھونەری لە کایەیەکی گرنگیی ھونەریدا، واتە سینەما، لەبەردەمماندا ڕوخساری شیرینی خۆیی وەدەرخست و پەیامی خۆشەویستنی نەک ژیان، بەڵکوو جارێکی دیکە کوردبوونی بەگوێماندا چرپاند. فیلمێکە پڕە لە ڕەنگ و بۆی ژیان، پڕە لە ڕەنگە جوانەکان کە کولتووری کوردی پێ دەناسرێتەوە، پێش ئەوەی کە لەلایەن بیابانەوە داگیر بکرێت و مەسخ بکردرێت، پێش ھێرشی ئەعراب.
وێڕای ئەوەی کە من ساڵانێک لە شانۆدا کارم کردووە و لە لاوێتیشمەوە عاشقی سینەما بووم و شاکارە سینەماییەکانی جیھانم دیوە، بەڵام من لێرەدا خۆ لە قەرەی لایەنی ھونەری نادەم و زۆرتر لە مانا و مەغزاکانی ئەم شاکارە تێڕادەمێنم .
بەرھەمێک ھونەری یا ئەدەبی لەوێدا گرنگیی خۆی نیشان دەدات کە ئێمە ناچار بکات لەتەکیدا دەرگیر بین، نیگەرای بین سەبارەت بە کارەکە خۆی، یا بیر لە پەیامەکانی بکەینەوە و مێشکمان بکرۆژێت و بمانخاتە ناو گێژاوی پرسیارە وجوودییەکانەوە، یاخود دەستمان بگرێت بەرەو ئەو جوگرافییایە کە پێشتر بیریمان لێ نەکردۆتەوە یا مەحاڵ بوو بیری لێ بکەینەوە، بەڵام کارە ھونەرییە کە دێت، ئەو جوگرافیایە، ئەو ڕووبەرە بەرفراوانتر دەکات، واتا ڕووبەری بیرکردنەوە و بیرلێکراوە زیاتر دەکات؛ ڕووبەری بیرلێنەکردنەوە بەرتەسک تر دەکاتەوە، یاخود بوێریمان دەداتێ تاکوو ڕیسکی نوێ بکەین و پەل بھاوێژین بۆ سەرزەمینە قەدەغەکراوەکان، تابۆکان، بەمەش جوگرافیای بیرکردنەوە بەرفراوانتر و پان و بەرینتر دەبێت. فیلمی "زەوی سەخت و ئاسمانی دوور" بەوردی ئەم پڕۆسەیەی لەلای من کرد، منی ناچار کرد بە بیرکردنەوە، جارێکی دیکە تراژیدیای کوردبوونی خۆم، جڤاتەکەم ژیامەوە و، ئەمجارە بە ھەستی شانازیکردن و ڕازیبوون بە کوردبوون، بە ھەستی شانازیکردن بە خۆوە، نەک تووڕەبوون لە خۆ، نەک نامۆ بوون لە خۆ.
ھەر لە سەرەتاوە دوو تێبینی
یەکەم: فیلمی "زەوی سەخت و ئاسمان دوور" لە نووسین و سیناریۆی ھەوراز موحەممەد و مەنسور تەیفووری و لە دەرھێنانی ھونەرمەندی لاوی توانا ھەوراز موحەممەدە. ڕەوەز حەمە ساڵح بەرھەمێنەری فیلمەکەیە. کۆمەڵێک ئەکتەری زۆر توانا کە شایانی سەرسوڕمان و شایانی ئاماژەپێدانە لەم فیلمەدا ڕۆل دەبینن، لەوانە بەختیار پەنجەیی، خاتوو مەریەم بوبانی و ئەژدەر سازگار و خاتوو دیمەن زەندی و ئەوانی دیکە و بەتایبەت گرووپی تەمبوورژەنانی یارسان.
دووەم : لە ڤەژین بووکس بەرھەمێکی شعری ھەیە بە ناوی "زەوی سەخت و ئاسمان دوور"، کە دیوان یان دەفتەرەشیعری مارف ئاغایی-یە (١٩٦٦-١٩٩٨). من ئەو دیوانە شعرییەیم نەدیوە، بەڵام ھەقمە بپرسم ئایا پەیوەندییەک ھەیە لەنێوان سیناریۆی فیلمەکە و ئەو دیوانە یا دەفتەرەشعرییەدا کە بە ھەمان ناوەوەیە؛ ڕەنگە ڕێکەوتێک بێت و زیاتر ھیچی دیکە نەبێت، ئەگەر ئەوەیشی ھەیە کە ئەم فیلمە کە زۆر شیعرییە ئیلھامی لەو دیوانە وەرگرتبێت!
نامەوێت سەر بە پڕۆسەی کورتکردنەوە بم ( reductionist )، واتا کورتکردنەوەی ئاڵۆزییەک بۆ سادەبوونێک کە پڕۆسەیەکە، داھێنانێکە، کە بوخچەیەکە لە بابەتەکان و بەسەرکردنەوەکان و کۆمەڵێک چیرۆک و دەنگ وعیشق و تێروانینی جودا جودا، بڵێ ئەم کارە ھوونەرییە باس لەم (Theme) سەرباسی یا ئەم بابەتە دەکات، ئەم فیلمە کە لێرەدا ئێمە لەسەری دەدوێن چەندین سەرباسی ھەیە؛ تراژیدیای کوردبوون، جەنگ، شەڕی ناوخۆ، ڕۆڵی مۆسیقا لە ژیانی جڤاتییانەدا، چەمەری، ئاوازە حەزینەکان، شوکرانە بۆ مەرگ، عیشق، نەفرەتەکان، شکستەکانی جڤات، داگیرکردنی ماڵ و حاڵ و وڵات لەلایەن دوژمنەکانەوە (من بۆ یەکەمین جار لە کارێکی ھونەری باڵادا گوێم لە وشەی " دوژمن" بوو کە کورد فێر نەبووە ھێما بۆ دوژمنەکانی بکات، ئەمە لە ھۆشیارییەکی نوێ دەدوێ ) ئەفسانەکان، شامار، ھۆرە و مۆسیقا کە ئاە و نزولەی ڕوحی کوردانە دەچڕێ، تەنیا دەتوانین لەسەرخۆ مۆسیقا بوەستین و تێی ڕامێنن و لە کوردبوونمان تێبگەین، لەو ھەموو ڕەنگ و ئاڵ و واڵایە تێڕابمێنین، ئەوسا دەزانیین کە ئەعراب چۆن ئێمەی مەسخ کردووە .
کەواتە، من لیرەدا (Reductionist) کورتکەرەوە نیم، بەڵام بە ناچاری جەختیشم لەسەر ھەندێک توخمە، کە فیلمەکە دەربارەیانە .
لە چەند دیمەنێکدا مەرگەسات و تراژیدیایەک وێنا دەکرێت کە لەم سەردەمەدا بە ناوی " کۆلبەرەکانەوە " ناوزەند دەکرێت، کە دیاردەیەکی ترسناکە و لەو سەرمەرز و سنوورە دروستکراوانەی کوردستان یا ئەو سنوورانەی کە ئاماژەن بە داگیرکردن و بەش بەشکردنی وڵاتی کوردان . ھەر چەندە ئەم ئەم بابەتە لاوەکییە لە فیلمەکەدا، بەڵام ئاماژەیە بە داگیرکردن و دابەشکردنی وڵات و نامۆبوون؛ چ کوردێک ھەیە خۆی ھاوشوناس نەکات لەتەک ئەو قاچاغچییەکەدا کە باسی خۆرھەڵات و باکوور و باشوور دەکات و بەبەردەوامی ھەڵدێت، لە پاسدار لە جەندرمە ھەڵدێت، لە ھەر بەشێکی وڵاتە داگیرکراوەکەشیدا کەس و کارێکی ھەیە ، واتا ماڵەکەی سەربەشی ماڵان کراوە، بگرە ئەم کەسە بێماڵە ، و بەبەردەوامی لە حالەتی ڕاکردن و جووڵەدایە نەکا بەردەستی دوژمن بکەوێت، کە ئەمە وێنەی قاچاغچییەک نییە، بەڵکوو ئەمە وێنەی ھەر کوردێکە (من خۆم ئەزموونم ھەبووە لەنێوان ڕۆژھەڵات و باشوور و باکوور و ڕۆژئاوا). کەواتە، ھونەرمەندانە لێرەدا وێنەی بێماڵی و نامۆبوونی کورد و دابەشکردنی ماڵەکەی، شوناسەکەی، بێشووناسییەکەی، نەبوونی سەروەری، نەبوونی خاکی خۆ و ماڵی خۆ لە چەند دیمەنێکدا، ھونەرمەندانە، وەستایانە کێشراوە، نیشاندراوە، و خراوەتەوە ڕوو، ڕێگا خۆش کراوە مێژوو و جوگرافیا بدوێن، لە چی ؟ لە تراژیدیای کوردبوون.
گەر لەسەرخۆ لە دیمەنەکان و گفتوگۆکان و وێنەکان و ئاوازەکانی ئەم فیلمە ورد ببینەوە ،لەبەردەمماندا تراژیدیایەک خۆ بەیان دەکات، کە تراژیدیای کوردبوونە، تراژیدیای جڤاتێک کە ماڵەکەی داگیر کراوە . ڕوخساری شەقار شەقار بووە ( ھەروەک پاڵەوانی سەرەکی فیلمەکە) گیرۆدە بووە، ئاڵوودە بووە، غەمێکی قووڵ ، حوزنێک بەلام قەشەنگ ڕووحی داگیر کردووە، حوزنێک کە دەڕبڕی تراژیدیایانەی کەینوونە ئەوە، بوونی تراژیدیایی ئەوە، نامۆبوون و دابڕان لە خودی خۆی، سەرگەردانیی ئەو لەنێوکێوەکان، ناو شەڕەکان و جەنگه پووچەکان و بێماناکان و خاپوورکردنی بەردەوام بەدوور لە مەخزا ومماناکان .
فیلمی "زەوی سەخت و ئاسمان دوور" پانۆڕامای تراژیدیای کوردبوونە؛ کرۆکی ئەو تراژیدیایەش جەنگ یا شەڕی ناوخۆیە کە لە کوردیدا بە براکوژی ناوەزەد دەکرێت؛ ئەم شەڕە ھەندێک ساویلکانە دەیگەرێننەوە بۆ شەستەکانی سەدەی بیستەم و بەتایبەتی لە باشوور (کوردستانی عێراق)، بەڵام ئەم دیدە خێل وقیچە، شەڕی ناوخۆ، شەڕی کورد دژ بە کورد بریتییە لە مێژووی دووھەزار ساڵەی کورد، ھەردوور نەڕۆین شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی ھیچ نیە جگە لە تۆمارێکی مێژوویی جەنگی کورد دژ بە کورد. پێش ئەو مێژووییەش ئەو جەنگ و شەڕ دەعوایەی کورد دژ بە خۆی، دژ بە جەستەی خۆی ، دژ بە ئەندامەکانی خۆی خاڵی ناسینەوەی ئەو مێژووە بووە، واتە تراژیدیای کورد بریتییە لە جەنگی خۆ دژ بە خۆ، جەنگی زاتێک دژ بە خودی خۆی دژ بە کیان و بوون و وجوودی خودی خۆی، بە شێوەیەک کە بووەتە سروشتی دووھەمی کورد؛ واتە دژایەتی کورد بۆ خودی خۆی مەراسیمێکە، سرووتێکە، شاییەکە، چەمەرییەکە، حوزنێکە ئەبەدی و ھەمیشە دووپات و سەدبارە دەبێتەوە، بە ڕێژەیەک کە بۆتە خاڵی ناسینەوەی شوناسی ئەم جڤاتە؛ لە باشوور وایە ، لە باکوور وایە ، لە ڕۆژھەڵات وایە ، لە ڕۆژئاوای کوردستان وایە؛ شەڕی کورد بە کورد خاڵی ناسینەوەی کوردبوونە، شوناسی کوردبوونە تا ئەم چرکەساتەش بیرکردنەوەیەک، پرسیارێکی فەلسەفی لەم دیاردەیە نەکراوە و نەخراوەتە ڕوو، ئایا ئەمە قەدەرە؟ کارمای کوردە؟ ئایا کورد مەحکومە بەم چارەنووسە تراژیدییە پڕ لە شکست و خوێنە؟ یاخود دەریچەیەک، دەریچەیەک بۆ ڕزگاریی وجوودییانە و مەعنەوییانە لەم قەدەرە لە ئارا دایە، بەڵام تا ئێستا پەیمان پێ نەبردووە؟ ئەم شاکارە ھونەرەیە ورووژێنەری پرسیارە نەک ڕیزکردنی وەڵامەکان (جگە لە دوادیمەنی فیلمەکە کە لە دواجار لەسەری دەوەستم) گرنگیی کارێکی ھونەریش یا ئەدەبیش یا فەلسەفەییش و ورووژاندنی پرسیارە گرنگەکانە، خستنەڕووی نیگەرانەکانە، نەک ڕیزکردنی چارەسەرەکان، کە ئەمەی دوایی بەرھەمی کاری ھونەری و ئەدەبیی زۆر تەنکە، واتە خستنەڕووی چارەسەرەکان. ھونەر گینگلخواردنە، قەلەقبوونە، تێڕامانە، لێوردبوونەوەیە، خستنەڕووی کێشە و پرسیارە ئەزەلییەکانە نەک پزیشک ئاسا دیاریکردنی چارەسەرەکان.
فلیمی "زەوی سەخت و ئاسمانی دوور" یەکێک لە بابەتەکانی کە دراماکە بە دەوریدا دەخولێتەوە، دیارە تەنھا سەرباس یا بابەت نییە، ئەم فیلمە فرە ڕەنگ و فرە بابەت و ھەمەچەشنەییەکی ئازار و ناسۆر و خەم و تێکشکاندنی عەشق و شۆڕش (گۆڕینی شۆڕش بۆ حزب کە لە حیوارێکدا ھاتووە یەکێکە لە ئاماژە گرنگەکان)، واتە ھەژموونی حزب کە ناوی تراژیدیای حکومڕانیی کوردە لە ماوەی (٣٢) ساڵی حکومڕانیی بزووتنەوەی تێکشاوی کوریدا لەم بەشەی کوردستان. شەڕی ناوخۆ لەم فلیمەدا بۆ شەستەکانی سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە، دوای سەرھەڵدانی کۆمەڵێک مورتەزەقە لەناو بزووتنەوەی کوردایەتیدا. بەڵام شەڕی ناوەخۆ مێژوویەکی دوورودرێژتری ھەیە، کورد نەتەویەکی دێرینی ئەم ناوچەیەیە و ڕەسەنە بەڵام کێشەی وجوودی و میتافیزیقی ھەیە؛ کێشەی سیاسی و ھۆشیاری و مەعریفی و کولتوریی ھەیە، بگرە کێشە گەورەکەی ئەوەیە کە داگیرکراوە، زەینی داگیرکراوە، زەینی بە شێوەیەک مەسخ کراوە خود بە خود بووە عەرەب، عەرەب بە شێوەیەک مەسخی کردووە کە کورد خۆی بزر کردووە، کورد سەرقاڵی پەرستنی عەرەب و بتەکانی عەرەبە، سەرقاڵی دووپاتکردنەوەی سروودەکانی بتپەرستەکانی عەرەبە، خودایەک دەپەرستێت کە ھی عەرەبە، کە ئەمە لووتکەی نامۆبوون و مەسخبوونی کوردە. ئێمە مەسخبووترین بوونەوەرەکانی ئەم جیھانەین، ڵەپاڵ ئەمازیخ و فارسەکان و بلوچەکان، پاکستانییەکاندا کە ئەمانەی دوایی خۆشحاڵن بە مەسخبوونیان، بەلایەنی کەمەوە ئێمە جار جار ناڕەزاییەک دەردەبڕین.
گەر ھەزار و چوارسەد ساڵی ڕابردوو لەبەر چاو نەگرین و لە شەستەکانی سەدەی بیستەمەوە ڕۆژمێرەکەمان تەوقیت بکەین، ئەوا دەڵێین شەڕی ناوخۆ کە ئەم فیلمە ھونەرمەندانە وێنەی کێشاوە دەگەڕێتەوە بۆ شەستەکانی سەدەی بیستەم، ئەو کاتەی چەپەکان کە تا ئەمڕۆ نە دنیابینینیان دیارە و نە ئەو پرەنسیپانەش کە ئەم شەڕە بێسوودەیان لەپێناو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی داغانکرد و دابەش کرد و وێران کرد ھیچ پرەنسیپێکیان دیاری نەکرد، مۆدێلێکیان نیشان نەدا، ماڵی کوردیان خاپوور کرد، بەرەنجام دەستیان بە چەند وەزیفەیەک یا پۆستێک کەوت لە ماڵی دوژمندا، ئەم " پۆستە" لەسەر خوێن و ئازار و مەینەت و میحنەتی کورد کەوت، کەسێک بە پۆستێک گەیشت، نەتەوەیەک لەپێناویدا ڕیسوا بوو، کەرامەتی ڕووشێنرا، ڕەزیل کرا ، کرا بە سۆزانی، و پیاوێک و چەند پیاوێکی دیکە کە پۆستی بەتاڵیان وەرگرت باجەکەی بریتی بوو لە شکاندن و لێدان لە شکۆی نەتەوەیەک، کە نەتەوەی کورد. ئەم پیاوە تا لە ژیاندا بوو کورد باجی بوونی ئەوی دا، کە ئێستا مردووە، کورد ھەر باجی بوونی ئەو دەدا بەوەی کە نەوەیەکی ترسناکی دروست کردووە کە سەرقاڵی دژایەتیکردنی کوردبوونە.
با وا گریمانە بکەین کە فیلمی "زەوی سەخت و ئاسمان دوور" دەربارەی شەڕی ناوخۆیە. زۆرباشە، ئەم فیلمە شاکارە لەم ڕووەوە واتە یەکەم بەرھەمی ھونەرییە کە ئەم داستانە، ئەم تراژیدیایە بەسەر دەکاتەوە ، بەسەردەکاتەوە بەو شێوەی ھونەرییە باڵایە، پڕ لە مۆسیقا و ڕەنگاوڕەنگ و تابلۆیە، خستنەڕووی پرسیاری گرنگ لەم ڕووەوە کە پاڵەوانی فیلمەکە بەھۆی شەڕی ناوخۆوە و کوشتنی دیلێکەوە لە نەیارێکی بەرامبەر (نەیار لە شەڕی ناوخۆدا، کە دەرھێنەرەکە زیرەکانە ئەوەی دیاری نەکردووە کە کێ کێ یە لەم شەڕەدا و لەم داستانەدا، ئەوەش ھونەرمەندبوونی سینارێست و دەرھێنەری فیلمەکە دەردەخات)، بۆ ئێمە چ پارتی، چ یەکێتی وەک یەک بەرپرسیارن لە شەڕی ناوخۆ لە نەوەدەکاندا، بەڵام بۆ شەستەکان ڕاست نییە. بەڵام ئەمە بۆ پشت ئاشان ڕاست نییە کە نووسەری ئەم چەند دێڕە ھاوڕێیەکی خۆی لە پشت ئاشان بە دەستی تیرۆریستێکی کورد کوژراوە).
یەکێک لە پڵوتەکانی فلیمەکە بریتییە لە شەڕی ناوخۆ کە کارەکتەرە سەرەکییەکە ئاڵودە بووە بەھۆی کوشتنی دیلێکەوە لە شەڕی ناوخۆدا تووشی ئازاری ویژدانی بووە؛ ئەم ئازاردانە ژیانی لێ زەوت کردووە و ژیانی لێ تاڵ کردووە، خەوی لێ بڕیوە، کە ئەمە خۆی لەخۆیدا نیشانەی زیندوێتیی ویژدانی ئەم کارەکتەرەیە. ئەم قەلەقی و دوردونگییە دەیبات بەرەو دۆزینەوەی چارەسەر یاخود کردنەوەی گرێ کوێرەکەکەی، گرێکوێرە دەروونییەکەی کە پێوەی دەناڵێنێت، لوغز و گرێ دەروونییەکەی کە ئەم بەھۆیەوە ئاڵودە بووە، گیری خواردووە، پەکی کەوتووە، ئەویش داننان بە تاوانەکەدا، کە ئەم پرۆسەیە زۆرتر نامۆیە بە کولتووری کوردی، ئەو داننانە زۆرتر مەسیحییانەیە، نەک کوردانە. دوای داننانەکەشی بە تاوەنەکەدا کە لوغزەکە، کە موعەماکە، کە گرێ کوێرەکە دەکرێتەوە، کۆمەڵێک کێشەی میتافیزیقی و وجودی و ئەخلاقی دیکە سەردەردەھێنن، بەدیار دەکەون، کە فیلمەکە قودرەتی چارسەردنی ئەو کێشە تازانهی نییە. ھەروەھا دەرھێنەرەکە دەستەوەستانە لە بەردەم ئەوکێشانەدا، بەتایبەتی کێشەی سەرەکیی ئەم فیلمە کە بریتییە لە دوادیمەن، دوا چارەسەر کە فیلمەکە باس لە تراژیدیای کوردبوون دەکات، باس لە شەڕی ناوخۆ دەکات، شەڕی کورد دژبە کورد، کەچی کۆتاییەکی سەلەفییانە _ ئاینیانە لە فیلمەکەدا دەخرێتە ڕوو، چۆن ؟
فیلمەکە ڕەوتێکی ھونەرییانە و مۆسیقییانە و شیعرییانە دەگرێتە بەر، داستانەکەمان بۆ دەگێرێتەوە، دیمەنەکانمان نیشان دەدات، مۆسیقا کوردییە ھەرەباڵاکانمان بەگوێدا دەدات میلۆدرامییەکە خستنەڕووە ھونەرییەکەمان بۆ نومایش دەکات، ھەموو شتێک بەباشی دەڕوات، ئاوازەکان و دیالۆگەکان و میلۆدرامییەکان ھەرھەموو لە ھاڕمۆنییەکدا لە بوخچەیەکی درامیدا نیشان دەدرێن و بەیان دەکرین، بەڵام لەم درامایەدا ھەڵەیەک ڕوو دەدات، ھەڵەکە پەیوەندی بە بەیانکردنی خودی دراماکەوە ھەیە، بەشێوازی خستنەڕووی دراماکەوە، ئەوەی نیشان دەدرێت خودی دراماکە نییە.
لە شەڕی ناوخۆ یا شەڕی براکوژیدا کە تا ئێستا بەردەوام بووە، لایەنەکانی جەنگەکە دووباڵی ناو بزوتنەوەی بەناو ڕزگاریخوازی کورد لە شەستەکانەوە بۆ حەفتاکان و ھەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو ھەزاران تاوانیان دەرھەق بەخۆیان و دەرھەق بە مرۆڤی کورد کردووە، ئێستاشی لەتەکدا بێت ئەو شەڕە تەواو نەبووە، لەبەرئەوەی شەڕەکە لایەنی براوەی نەبووە، شەرێکی پووچ بووە، ھیچ پرەنسیپێک یان بەھایەک، مانایەک، مەخزایەک لەو دیو ئەو شەڕەوە بوونی نەبووە (دواجارھەمان ئەزموون لە ڕۆژھەڵات لەنێوان کۆمەڵە و حزبی دیموکرات دووبارە دەبێتەوە، بەڵام زۆر کۆمیدیانەتر، کۆمیدیا لەوەدا کۆمەڵەی ڕەنجدەران خاوەن موڵکێک ڕابەرایتییان دەکرد، ئاغایەکی بۆکانی کە ئەمانە خۆیانی بە پرۆلیتاری دادەنا و حزبی دیموکراتیشیان بە بورژوازی ناوزەد دەکرد، ئەمە دیاریی مارکسیزم، بۆ جڤاتی کوردی).
لە باکووریش بە ھەمان شێوە، لە باشووریش بە ھەمان شێوە، لە ڕۆژئاواشدا بە ھەمان شێوە، دونیابینیی چەپ، سۆشیالیست و مارکسییەکان ماڵی کوردیان خاپوور کرد و گەشەکردنی مرۆی کوردییان بۆ چەندین سەدە دوا خست و گورزیان لە شوناسی کوردبوون دا و ئێستاش دەیدەن.
فیلمی "زەوی سەخت و ئاسمانی دوور" باس لەم گیرخواردنە دەکات، پاڵەوانی سەرەکیی فیلمەکە لە شەڕی ناوەخۆدا لە نەوەندەکاندا دیلێکی لەلایەن نەیاری بەرامبەر دەکوژێ. ئیدی ئەوەش تووشی نەخۆشی دەروونی و ئازاری ویژادنی دەکات تا ئەوەی کە پیری یارسانەکان ھارون دەنێرێت بۆ لای مریەمی خاڵکوتە تا لەڕێگەی خاڵکوتینەوە چارەی دەردەکەی بکات. ئەو دیمەنەی ھارون دەچێتە لای مریەم لە سرووتێکی مەسیحی کاسۆلۆکی دەچێت، مریەم وەک کەشیش دەردەکەوێت لەو دیو پەردەوە، ھارونیش لەم دیوەی دەستی دەخاتە بەردەم و، مریەم دەڵێ قسەم بۆ بکە، ڕێک ھەروەک چۆن ئیماندارێکی مەسیحی لەناو قەفەسی داننان بە گوناھەکاندا بە چۆکدا دێت؛ ئەم دداننانەش بە گوناھەکاندا پرۆسەیەکی پاک بوونەوەیە بەھەمان شێوە، ھاورونیش دەدوێ. بەڵام چرکە درامییەکە زیاتر بەرەو ئاڵۆزتر و بەرەو تراژیدیایەکی دیکە ھەڵدەزنێ خاڵکوتینەکە و ھاتنە دەرەوەی خوێنە پیسەکە دەبێتە مایەی وەرچەرخانێکی دیکەی گرێ کۆێرەی فیلمەکە. ئازاد، دیلەکە کە کوژراوە، پێش ئەوەی بە دیل بگیرێت و لەلایەن نەیارەکانەوە بکوژرێت، ئەو دەچێت بۆ گرتنی شاخێک، گەر ئەو شاخە بگیرێت شەڕەکە تەواو دەبێت. ئەوە ئاماژەیە بە پووچیی شەڕی ناوەخۆ، شەڕی براکوژی، چونکی شاخەکان دەبا پەناگا بن، نەک ئامانجی گرتن و شەڕ لەسەرکردن، بێ گومان ھچ کەس تا ئێستا پێی نەگووتوین شەڕی ناوەخۆ لەسەر چی بوو، لەسەر چ پرەنسیپگەلێک و ئامانج و سیستەمێکی بەھایی و ئەخلاقی بووە؟
شەڕی ناوەخۆی ئەمریکا لەسەر کۆیەلایەتی بوو، باشوور دۆڕانی و باکووری پیشەسازی بردییەوە و کۆتایی بە کۆیلایەتی ھات. ئەی شەڕی براکوژیی کورد لەسەر چی بووە؟ لەسەر ھیچ. شەڕێکی پووچی بێھوودەی پووچگرا. دیارە فیلمەکە تەنیا ئاماژە بەو تاوانە دەکات، دەنا ھەزاران تاوان لە جەنگی (٦٠) سالەی ناوەخۆدا ئەنجامدراون، لە ھەمووی ترسناکتر، تاوان و فەزیعەی "لاقەکردنی بەرپرس بۆ بەرپرسی نەیار"، پێشمەرگە بۆ پێشمەرگەی نەیار، لاقەکردنی ژنی پێشمەرگە و ژنی جووتیار و ژنی سەربازی فیرار و ھەزاران تاوانی دیکە. فیلمەکە تەنھا مامەڵە لەگەڵ ئەو تاوانە دەکات بەڵام بە کارەساتێک تەواو دەبێت، ئەویش ئەوەیە کە دایکی ئازاد بەھانە بۆ ھارون دەھێنێتەوە دەڵێ:
"ئەو بەیانییە کە ڕۆیشت، جوان سەیرم نەکرد، چاوم بڕوای نەھێنا جوان سەیری بکەم، چاوم لەسەر مەچەکی بوو، ھێشتا خاڵەکەیم بۆ تەواو نەکردبوو. لە کۆتاییدا، توانیم بیبنمەوە، ژیان ھیچ بەڵێنێک بە کەس نادات و کەس وەک ئەوە نەژیاوە کە ویستوویەتی،
تۆش ئەم ژیانەت ھەڵنەبژاردووە. من لێت خۆش ئەبم، ئەمە قەدەری ئێمە بوو.....
دوعات بۆ ئەکەم سزای تاوانەکانت لێت دوور بن، ئەوەندەی دووری زەوی لە ئاسمان".
دەتوانین یەک کتێب لەسەر ئەم دیدە ترسناکە بنووسین کە کۆمەڵگەی ئێمەی تەنیوە، ئەویش
"تۆش ئەم ژیانەت ھەڵنەبژاردووە، من لێت خۆش ئەبم ... ئەمە قەدەری ئێمە بوو. "
ھیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە لە ھیچ کەسێک، لە ھیچ تاوانێک، بەتایبەت لە ناپاکیی سیاسی، لە کوشتن و لە شەڕی ناوەخۆ و لە لاقەکردن و لە خیانەتی ناو خێزان خۆش بێت. دایکبوون ئەو مافەی نییە کە لە بکوژی منداڵەکەی خۆش بێت، بگرە کەس ئەو مافەی نییە. ئەوەی لەم تەسلیمبوونە بە قەدەر، بەقەزاو قەدەر کە ئایدیایەکی ترسناکی ئاینی و دژ بە کەرامەتی مرۆڤ، دژ بە یاسا و دژ بە دادپەروەرییە، ئەوەی لێرەدا شوێنی مەترسییە ڕازیبوونە بە درێژەدان بەو ژیانەی کە لە دەرەوەی کەرامەت و قانوون و دادپەروەرییە، لەجیاتی پەنابردن بۆ سەروەریی یاسا، پەنابردن بۆ ئەخلاقی بەرپرسیارەتی، ئەو مەزھەبەی کە ژیانی ئێمەی ئاڵوودە کردووە و لە کەرامەتی مرۆیی داوین ئێمەی ڕاھێناوە لەسەر ئەوەی کە "ئەوە قەدەری ئێمەیە". کەس ئیختیاری بە دەستی خۆی نییە. ھەمووان ھەلومەرجەکان، ھێزە شاراوەکان دەمانجووڵێنن و ئێمە ھیچ ئازادییەکمان لە ھەڵبژاردنی کردار وھەڵسوکەوتەکانماندا نییە، ئێمە تەنھا بووکەڵەیەکین بە دەستی قەدەرەوە، بە دەستی ئەوھێزانەوە کە ئێمە دەجووڵێنن و سەمامان پێ دەکەن، ئەمەش ترسناکترین پەیامە کە لەم شاکارەوە دێتە دەرەوە . لەمە ترسناکتر دوا دیمەنی فیلمەکەیە، کاتێک ھاروون بە رووتی لە بەردەم باراندا کەوتووە، ئەمە سیمبولی ئەوەیە کە تەنیا بارانی ڕەحمەتی ئیلاھی دەتوانێ پاکی بکاتەوە؛ ئەمەش سەلەفیترین وێنەیە کە لە ژیانمدا بینیبێتم، کوا قانوون؟ کوا سەروەریی یاسا؟ لە دواجاردا، دەبێت پەنا بەرین بۆ بارانی ئیلاھی تا لە گوناحەکانمان پاک بینەوە. من کە دێتە سەر لێخۆشبوون من فەنەتیکم؛ من نە لە دوژمنەکانم خۆش دەبم، نە لەو ھاوڕێیانەی ناپاکییان بەرانبەرم کرد، نە لەو کەسەی کە خیانەتی لێکردم خۆش دەبم. دیارە کە خۆش نابم خانمی فەلسەفەش سەلوایەکی پێداوم کە ھەڵە نەکەم، وێڕای ئەمەش لەسەر ئاستی جڤات ئەم کێشەیە کێشەیەکی کەینونییه و نابێت نە خۆش ببین، نە چاوەڕێی بارانی ڕەحمەت بکەین؛ دەبێت ببینە مەدەنی، شارستانییەت بینا بکەین تاوەکوو داکۆکی لە کەرامەتی تاکی کورد بکەین. لێرە و لە ئێستادا چاومان لە ئیلاھییات نەبێت، بەڵکوو چاو ببڕینە مەدەنییەت و ئاوەزمەندی بۆ پاراستنی ژیانێکی پڕ لە شکۆمەندی.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved