پێشتر و لە بەشی دووەمی ئەم زەنجیرە یادداشتەدا، باس لەوە کرا، حەیرەت و سەرسووڕمان لە ئاست دەرکەوتە و بەرهەمەکانی فەرهەنگ و سامانی نوێ رۆژئاوا و هەروەها هەوڵ بۆ ناساندنی ئەم فەرهەنگ و سامانە سەیر و نوێیە بە ئێرانییەکان و بە تایبەتی پێشنیاری لاساییکردنەوە لە پێشکەوتنی رۆژئاوا وەک سێ تایبەتمەندی سەرەکی گوتاری گەشتنامەنووسانی ئێرانی دەناسرێت[1] و ئیتر بەمبۆنەوە گوتاری رۆژئاواخوازی و دواتریش رۆژئاوادژی لە فەرهەنگی سیاسی و تەنانەت گوتاری فەرهەنگی ئێران‌دا سەر هەڵئەدات و بە تایبەتی گوتاری رۆژئاواخوازی، دەبێتە بەشێکی بەردەوام و هەمیشەیی لە گوتاری زاڵی سیاسی و فەرهەنگی ئێران و هەر ئەمە خۆی لە خۆیدا، زەمینە بۆ ویستی چاکسازی و سەرهەڵدانی دیاردەی ڕەخنە لە کەش و هەوای سیاسی و فەرهەنگی ئەم وڵاتە ساز دەکات و دواتر و بەرە بەرەش لە گوتاری گەشتنامەنووسانی دیکەدا، ئەم ویست و ڕەخنەگرتنە لە پێناو چاکسازی لە ئێران‌دا بەرجەستەتر و زەقتر و تەنانەت بەربڵاوتریش دەبێت، هەر لەمبارەوە، جیا لە گەشتنامەنووسانی باس‌کراو، دەکرێت ئاماژە بە چەندین گەشتنامەی دیکە وەک «گەشتنامەی خەسرو میرزا بۆ پێترزبۆرگ»،«گەشتی رەزقولی بۆ ئینگلیز»، «گەشتنامەی زەهیرولدەوڵە» و بەتایبەتی گەشتنامەی«مەخزنەلوقایع» و « سەحافباشی» بدرێت.
نووسەری«گەشتنامەی خەسرو میرزا بۆ پێترزبۆرگ»،واتە خوسرو میرزا[2]، لە ساڵی(١٨٢٤) گەشتی ڕووسیا دەکات و لە گەشتنامەکەیدا جیا لە بەراوردی دۆخی ئێرانی ئەوکاتە لە گەڵ ڕووسیادا و هەروەها ئاماژە بە ژمارەیەک دەرکەوتە و دەسکەوتی مودێرنی وەک نەخۆشخانە و شانۆ ، باس لە پێویستی چاکسازی دەکات و لەمبارەوە خوازیاری بەناوەندکردنی دەسەڵات، دانانی سسیتەمی فێربوونی زمانی بیانی، ناردنی خوێندکار بۆ دەرەوەی وڵات و هەروەها دامەزراندنی خوێندنگەی کچانە و گومرگ و دایرکردنی گەنجێنەی دەوڵەت بێت و لەمڕووەوە لە کۆی گەشتنامەکەیدا تا ئەو ڕادەیە، باس لە پێویستی چاکسازی دەکات(افشار، ١٣٤٩: ٣٦٠-٢١٦) کە بە وتەی جەوادی تەباتەبایی، لەوە دەچێت ئەم گەشتنامەیە وەک پرۆژەیەک لە لایەن بەرپرسانەی تەورێزەوە لە پێناو چاکسازی بۆ دەسەڵاتدارانی تاران نووسرا بێت(طباطبایی،١٣٩٩: ٢٢٥) و هەر لەم ئاراستەیەشدا، دواتر«رەزا قولی میرزا»ش لەگەشتامەکەیدا کە لە ساڵی(١٨٣٦)دا نووسراوە، ئەویش جیا لەوەی ئاماژە بە ژمارەیەک دەرکەوتە و دەسکەوتی مودێرنی وەک دەسەڵاتی دەستوور، مەشرووتەخوازی و بۆ یەکەمجار بە چەمکی «دەوڵەتی مودێرن» دەکات(رضا قلی میرزا، ١٣٦١:٥٣٠-٥٥٤) لە رێگە‌ی بەرواردکردنی دۆخی رۆژئاوا لە گەڵ ئێران،دەکەوێتە ڕخنەی ئارامی دۆخی سیاسی ئێران و لەمبارەوە دەنووسێت، بە پێچەوانەی ئێران، لێرەدا واتە لە رۆژئاوا،«پادشاە خاوەن دەسەڵاتی ڕەها نییە»( هەمان: ٤٧٨) و ئەوە لە حاڵێکدایە، «ئازادیش بە تەواوەتی بەدی دەکرێت»( هەمان:٥٢٩) و هەر لەمبارەشەوە، «ئەمینولدەوڵە»ش، لە بەرپرسانی باڵای سیاسی ئەو کاتەی ئێران لە گەشتنامەکەیدا، سەرەڕای ئاماژە بە بوونی دەسەڵاتی یاسا وەک رازی سەرکەوتن و پێشکەوتنی رۆژئاوا و هەروەها بوونی پولیس وەک زامنی ئاسایش،خوازیاری چاکسازی لە ئێران‌دا دەبێت و لە پاڵ لاساییکردنەوە لە رۆژئاوا، خوازیاری دژایەتی هەندێ دیاردەی دزێوی وەک بەرتیل دەبێت و لەمبارەوە دەنووسێت:«وڵاتێک بەرتیلی تێدا بێت قەت سەقام ناگرێت»( سرابی، ١٣٦١:٧٢)
ئیتر ئارام ئارام و کەمکەم، ڕەخنە گرتن لە دۆخی سیاسی و فەرهەنگی و بەتایبەتی دیاردەی دزێوەی وەک بەرتیل و دزی، ناخاوێنی، نەبوونی سامانێکی رێک وپێک،درۆودەلەسەی دەسەڵاتداران، نائەمنی، نەبوونی دەسەڵاتی یاسا و پەرلەمان و هەروەها ماستاوکردن بۆ پادشاە، لە گەشتنامەکاندا ڕوو لە زیادبوون دەکات و ئیتر بە ئاشکرا، ئاماژە بەم دیاردە دزێوانە ئەدرێت و خوازیاری چاکسازی دەبن، بۆ نموونە «زەهیرولدەوڵە» لە گەشتنامەکەیدا بە سەراحەتەوە دەنووسێت:« تەنیا کاری سیاسەتمەدارانی ئێران، ماستاوکردن بۆ پادشایە، ئەوان بەردەام سەرقاڵی درۆ و دەلەسەنن و ئەم کارە وەک «پولتێک» کردن ناو دەبن» و لە ئیدامەشدا، سەبارە بەم دیاردە ناحەز و دزێوە واتە درۆدەلەسە و ماستاوکردن، دەنووسێت، ئەم دیاردە ناحەز و بێشەرمانە، «دەسەڵات و خەڵکی ئێمەی، تووشی ماڵ وێرانی و ڕووخان و لە نێوچوون کردوە»(ظهیرالدولە،١٣٧١:١١٣) و هەر لەم ئاراستەیەشدا،«سەحافباشی»یش لە گەشتنامەکەیدا دەنووسێت: «مەخابن خەڵکی ئێمە، زۆرتر حەزیان لە چێژی خواردن و جیماع کردنە تا پێشکەوتن»(صحافباشی تهرانی، ١٣٥٧ :٨١) و هەرلەمبارەوە لە شوێنکی دیکەشدا لە نەبوونی نەریتی پەروردەی دروست گازندە دەکات و دەنووسێت: «بەداخەوە، هیچ کتێبێک یان مێژووییەکمان نییە کە شتێک فێری ئێمە بکات یان ئاوەزمەندی ئێمە زۆرتر بکات، هەمووی باسی لێدان و کوشتن و خواردن و کردنە»( هەمان: ٨٣) و بەم چەشنە،ڕەخنەگرتن و سەرهەڵدانی چاکسازیش دەبێتە بەشێک لە گوتاری گەشتنامەنووسانی ئێرانی.
کەواتە گەشتنامەنووسانە ئەم وڵاتە جیا لە ئاشناکردنی خەڵکی خوێنەوار و تەنانەت سیاسەتمەداری ئێران لە گەڵ کەش و هەوای فەرهەنگی و سیاسی ئەوکاتەی رۆژئاوا و هەروەها دەرخستن و هێنانی دیاردە وچەمکی مودێرن، رۆڵی حاشاهەڵنگریان، لە سەرهەڵدان و پەرەپێدان ویستی چاکسازی لە وڵایشتدا هەبووە، تا ئەو ڕادەیە کەوا دەسەڵاتداران، بەردەوام هەستیان بە مەترسی کردوە و هەوڵیان داوە پێش بە بڵاوکردنەوەی ئەم چەشنە گەشتنامانە بگیرێت، بۆ نموونە، میرزا ئاقاخان، سەدرئەعزمی ناسرەدین شاە، کاتێک ئاگادار کرایەوە کەوا بریارە گەشتنامەی ئەمینەدەوڵە واتە «مەخزنول وقایع» یان هەمان «گەنجی ڕووداوەکان» بڵاو بکرێتەوە، لە نامەیەکدا بۆ نووسەری گەشتنامەکە دەنووسێت:« بیستم، بەرێز،میرزا حەسەن، مونشی بارەگای باڵای نوێنەرایەتی ئێران، بە ئاگاداری ئێوە، دەیەوێت گوزارەشتی گەشتی رۆژئاوا لە تەورێزدا بڵاو بکاتەوە، ویستم بەرێزتان ئاگادار بکەمەوە، کاتی خۆی «سەیفولمولک»یش، کاتێک نوێنەری باڵای ئێران بوو، کتێبێکی وەک ئەمەی نووسیبوو، ئەویش ویستی بڵاوی بکاتەوە، منیش لە بەر ئەوەی، خەڵکی ئێران لە دۆخی رۆژئاوا ئاگادار نەبێتەوە و بەراوردی بە دۆخی ئێرانەوە نەکەن، نارەزایەتێم پیشاندا و پێش بە بڵاوکردنەوەێم گرت، دیارە ئێوەش، ناتانەوێت خەڵک لە دۆخی رۆژئاوا ئاگادار بکرێتەوە، بۆیە نابێت ئیزن بە میرزا حەسەن بدەن ئەم کتێبە چاپ و بڵاوکاتەوە، بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە لە مەسڵەحەتی ئێمەدا نییە»( سرایی،١٣٦١: ٢٦)
هەڵبەت سەرەڕای دەسکەوتی بەرچاو و کاریگەری وەک ئاشناکردنی ئێرانییەکان لە گەڵ ژمارەیەک بیر و چەمک و ئامرازی نوێ وەک ئازادی، پێشکەوتن و زانکۆ و هەروەها هەوڵ بۆ چاکسازی، کەمترین بایەخ و پێگەیان بە بنەماکانی ئەم فەرهەنگ و سامانە نوێیە و بە تایبەتی مێژوومەندی رەوتی پێشکەوتن و سەرهەڵدانی مودێرنیتە داوە،[3] گەرچی ڕەنگبێ لەمبارەشەوە تا ڕادەیەک، هەق بە«شوشتەری» وەک پێشەنگی گەشتنامەنووسانی ئێرانی بێت کە پێوابوو: ئاساییە کە نەکرێت میژووی سێ سەت ساڵ بیرکردنەوە و رازی پێشکەوتنی رۆژئاوا، لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکی وەک گەشتنامەدا بە تەواوەتی بنووسرێتەوە.(شوشتری، هەمان: ٣٥١)
بەڵام بە گشتی و سەرەڕای پاسای وەک ئەوەی شوشتەری و دەسکەوتی بەرجەستەی ئەم گەشتنامەنووسانە، ناکرێت ئاماژە بە خاڵی لاوازیان نەدرێت، چوونکە بە وتەی جەوادی تەباتەبایی لە بەر ئەوەی: «گەشتنامەنووسی بە حەیرەتەوە دەستی پێ‌کرد و بە حەیرەتی بەردەوامەوە، کۆتایی هات»، (طباطبایی، ١٣٩٩: ٢٧١)، دەرک و تێگەیشتنی ئەوان لە مودێرنیتەی رۆژئاوایی، بەتاڵ لە بنەمای تێورێک بوو و لەمڕووەوە، تێگەیشتنی گەشتنامەنووسان لە سنووری بایەخدان بە ڕواڵەتی گۆڕانکاری وڵاتانی رۆژئاوایی تێپەرنەبوو، دیارە ئەم وێنا و تێگەیشتنە کاڵ وسەرەتایانە لە پێشکەوتنی رۆژئاوا و بە واتاییەک سەرهەڵدانی رەوتی مودێرنیتە وەک رەوتێکی مێژووییی، بەربەستی سەرەکی لە دروستکردنی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە تێگەیشتنی تێوریکی گەشتنامەنووساندا بوو (هەمان: ٢٧١)
کەواتە تێگەیشتنی ئەوان لە مودێرنیتە و رەوتی پێشکەوتن بە گشتی، ڕواڵەت ئامیزانە و ڕوکشانە بوو و هەر ئەمەش وایکرد، گوتاری رۆژئاواخوازی بێ بنەما لە پاڵ هەوڵ بۆ لاساییکردنەوەی مودێرنیتەی ڕووکشانە لە پێناو چاکسازی، ببێتە بەشێک لە گوتاری مونەوەران و ڕۆشنبیران و بەتایبەتی گوتاری یەکەم نەسڵی مونەوەرانی ئێرانی کە پێدەچیت تا ئیستاش، درێژەی هەبێت.[4]
یەکەم نه‌سلی مونەوەرانی ئێرانی:
بەخوێندنەوەی کۆی بارودۆخی سیاسی و فەرهەنگی ئەو کاتەی ئێران، پێدەچێت، ژمارەیەک هۆکاری و سەبەبی وەک شکستی عەسکەری ئێران لە ڕووسیا، زاڵبوونی فەرهەنگی مودێرنیتە ،سەرهەڵدانی قەیرانی پرسی بەرێوەبردنی وڵات و هەروەها گوتاری زاڵی تازەگەری دوو شاری ئەستەمۆڵ و باکۆ[5] لە پاڵ گوتاری گەشتنامەنووسان و کەش و هەوای ئیستێبدادی سیاسی ئەو کاتەی ئێران لە سەرهەڵدانی رەوتی مونەوەری و بەتایبەتی سەرهەڵدانی یەکەم نەسڵی مونەوەرانی ئێرانی کاریگەری بەرچاویان هەبووە[6] کە لێرەدا هەوڵ ئەدرێت، ژیان و ئەندیشەی بەناوبانگترین و کاریگەرترینی ئەم مونەوەرانە وەک یەکەم نەسڵی مونەوەرانی ئێرانی، بخرێتە بەرباس و خوێندنەوە.
١)میرزا فەتح عەلی ئاخوندزادە(١٨٧٨-١٨١٢)
حەیفی تۆ ئەی ئێران، ئەو دەوڵەتەی جارانت چی لێهات، کوا ئەو هەموو شکۆیەت، کوا ئەو هەموو دەسەڵاتەت، کوا ئەو هەموو بەختەوەریە جارانت، عەرەبی بێ پەتی و برسی، نزیکەی هەزار و دووسەت ساڵە تۆی چارەڕەش و داماو کردوە، نیشتمانی وێران و خەڵکەکەشتی نەزان و نەفام کردوە و لە شارستانیەتی دنیا، بێ ئاگا و لە نیعمەتی ئازادییش بێبە‌ش کردوە و پاشاکەیشت دیسپۆت کراوە ، کاریگەری ستەمی دیسپۆت و زۆری فەناتیزمی ئاخوندەکانت، بوەتە هۆی لاوازی تۆ.. و خەڵکیشی فێری کوێلایەتی، ماستاوچیەتی، دووڕویی، خوێریەتی، تەرەسی، زەبوونی، فێلبازی کردوە و لەمڕووەوە لە چی سیفەتی جوان و بەرزی وەک ڕاستبێژی و دادگەری و ئەمەگ و ئازایەتی و نەفس بەرزی بووە، بەتاڵی کردوە...( ئاخوندزادە، ١٣٩٥: ٢٧)
رزگاربوون لە دیسپۆت و بیروبڕوای پووچ و بەتاڵ، جگە لە ڕێگەی زانستەوە نەبێت بەدی نایەت، زانستیش بەدەست نایەت جگە لە رێگە‌ی پرۆقرەوە(پێشکەوتنەوە) نەبێت، پرۆقرەش بەدەست نایەت مەگەر ئەوە ببیتە لیبراڵ، و لیبراڵ بوونیش بە دەست نایەت مەگەر ئەوەی لە بیروبڕوای پووچ و بەتاڵ خۆت رزگار بکەیت و دیارە ئایین و دینی تۆ بەربەستی سەرەکییە بۆ ئەوەی ببێتە لیبراڵ (ئاخوندزادە، ١٣٩٥:
ئەمانەی سەرەوە چەند پاژێک لە کتێبە بەناوبانگەکەی «مەکتووباتی کەماڵودەوڵە»ی ئاخوندزادەیە کە لە مێژووی ئەندیشە و رۆشنبیری ئێران‌دا وەک سەرەتای سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و بەواتاییەک دامەزرێنەری نەتەوەخوازی و نەتەوەپەرەستی ئێرانی دەناسرێت.[7]
میرزا فه‌تح عه‌لی ئاخوندزادە، له‌شاری«نۆخه»ی[8] سه‌ربە خاناتی«شه‌كی»ی وڵاتی ئازه‌ربایجانی ئەمرۆ له‌دایكبوو، بابی لە ئەساسدا، كوێخای گوندی«خامنه»ی سەر بە پارێزگاری تەورێز بوو، به‌ڵام یه‌ك ساڵ پێش له‌دایكبوونی ئاخوندزادە لە پۆستەکەی ده‌ركرا و بەناچاری ڕووی کردە ناوچه‌ی «شه‌كی». لە بەر ئەوەی بابی، جگه له‌دایكی ئاخوندزادە، ژنێكی دیكه‌شی هه‌بوو، به‌رده‌وام ماڵیان پر له‌شه‌ڕو ئاژاوه بوو و هەر ئەم شەڕو ئاژاوە بەردەوامەی ژیانیان، والێکرد، دایك و بابی لێك جیابنەوە، پاش جیابوونەوەی باب و دایکی، ئاخوندزادە لای دایكی مایەوە و دوای ماوەیەک، لە بەر سەخڵەتی ژیان، بەناچاری پەنایان بردە لای مامێكی دایكی و لەوێدا ژیانی خۆیان درێژە پێدا.
ئاخوندزادە لای مامی دایكی، فێری قورئان و زانستی ئایینی و هەروەها خوێندنی سه‌ره‌تایی به زمانی فارسی و عه‌ربی بوو، پاش ماوه‌یه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی«ئاخوند حاجی عه‌لی ئه‌سغه‌ر» مامی دایكی حه‌زی ئه‌كرد، ئاخوندزادە ببێته مه‌لا، ئەوی ره‌وانه‌ی شاری «گه‌نجه»ی سەر بە ئازره‌بایجانی ئەو کاتەی ڕووسیا كرد و پاش یه‌ك ساڵ سەرقاڵبوون بە وانەی ئایینی، وازی هێناو و گه‌ڕایه‌وه بۆ نۆخه واته زێدی خۆی.(آخوندزادە،١٣٦٤ :٢ -١)
فه‌ریدون ئاده‌مییه‌ت نووسه‌ری كتێبی «ئاخوندزاده‌و ئەندێشەكانی»، سەبارەت بە گۆڕانکاری لە ئەندێشەی ئاخوندزادە لە لایەنگری ئایینەوە بۆ دژایەتی ئایین، ئاماژە بە دوو هەڵکەوت و سەبەبی سەرەکی دەکات و لەمبارەوە دەنووسێت:«دوو هه‌ڵكه‌وت و ڕووداو بوونه هۆی گۆڕانكاری بنه‌ره‌تی له‌ئەندێشەی ئاخوندزادە وهەروەها وازهێنانی له ئایین و پرسی مه‌لایه‌تیدا» (آدمیت،١٣٤٩ :١٦ -١٥)
ئادەمییەت لە درێژەدا، باس لەوە دەکات ئاشنابوونی ئاخوندزادە لە گەڵ میرزا شه‌فیع، شاعیر‌و عارفی دژه ئایین، سەبەبی یەکەم بوو و هەرلەمبارە خۆدی ئاخوندزادەش ده‌نووسێت: «رۆژێك میرزا شه‌فیع له‌حوجره‌دا لێ پرسیم: مەبەستی تۆ لە خوێندن چیە؟ لە وڵامیدا گووتم، دەمە‌وێت ببمه مه‌لا. گووتی تۆش ده‌ته‌وێت ببیته ده‌ستبڕ و ساخته‌چی و تەڵەکەباز، تووشی سه‌رسووڕمان بووم، گوتم مەبەستت چییە؟ میرزا گووتی دەست له‌م بازنەیە هەڵگرە و توخنی ئەمانە مەکەرەوە، ژیانت به‌ڕوشتنه نێو ئه‌م بازنه خراپ و وێران مه‌كه، بە قسەم بکەو بكه‌وه شوێنی شتانی دیکە، پاشان دەستی بە پەردەهەڵدانەوە لە هەندێک هەڵسووکەوتی ئاخوندەکان کرد، من تا ئه‌و رۆژه له دنیا بێ بێ ئاگا و بێ خەبر بووم و ته‌نیا زمانی عەرەبی و فارسیم ده‌زانی»( آخوندزادە،هەمان:٢) ئادەمییەت لە درێژەدا و سەبارەت بە سەبەب و هەڵکەوتی دووەم، ئاماژە بە گەشتی ئاخوندزادە بۆ«ته‌فلیس»ی پایته‌ختی گورجیا و فێربوونی زمانی ڕووسی لەو وڵاتەدا دەکات(آدمیت، هەمان)
ئاخوندزادە پاش کۆتایی خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌شاره‌كانی نۆخان و گەنجه و بەتایبەت قسەکانی قسه‌كانی میرزا شه‌فیع، له‌ته‌مه‌نی٢٣ ساڵاندا، به‌ره‌و ته‌فلیسی پایته‌ختی گورجیا ڕی دەکەوێت و تا كۆتایی ژیانی واته ساڵی ١٨٧٨ له‌وێ دەمێنیەوە تا ئەوەی له‌ته‌مه‌نی ٦٧ ساڵاندا كۆچی دوایی دەکات.
ئەو له‌شاری ته‌فلیس لە گەڵ نووسه‌ران‌و شاعیرانی رووس به‌تایبه‌ت پووشكین و هه‌روه‌ها ئەندێشەی نوێ رۆژئاوا ئاشنا دەبێت و لێره‌وه دەکەوێتە ڕامان و لێكۆڵێنه‌وه له‌مێژووی كێشه‌و ئاریشه سیاسی ئێران و بەتایبەتی مێژووی کۆنارای ئێران و هه‌روه‌ها لە گەڵ شانۆی مودێرنی روژئاواش ئاشنا دەبێت و ده‌ست به‌نووسینی شه‌ش شانۆنامه و یه‌ك رۆمان به‌زمانی توركی ئازه‌ری دەکات کە دواتر، بەشێک لەم شانۆنامەیانە بە یارمەتی هاوڕییەکی لە تەورێز، تەرجومە دەکرێتەوە سەر زمانی فارسی و ئەمە دەبێت بە بەشێک لە رەوتی هزری ئاخوندزادە.
رەوتی فیكری ئاخوندزادە:
باسكردن له كۆی ئەندێشەی ئاخوندزادە و به‌رهه‌م و به‌گشتی ره‌هه‌نده هزرییەکانی ئه‌م مونەوەرە ناسراو و کاریگەرەی سەر گۆڕەپانی ئەندێشەی ڕۆشنبیری ئێران، لە نووسراوەیەکی وه‌ك ئه‌مه‌ی به‌رده‌ستان، ره‌نگه تۆزێك زه‌حمه‌ت بێت و هه‌مووی ئەو ڕەهەندانە لە خۆ نه‌گرێته‌وه، به‌ڵام به‌گشتی ده‌كرێت به‌وته‌ی«فه‌رزینی وه‌حده‌ت» هێل و ره‌وتی فیكری ئاخوندزادە بۆ سێ قۆناغی جیاواز، دابە‌شبكرێت:
قۆناغی یه‌كه‌م: له‌م قۆناغه‌دا شەس شانۆ و یه‌ك رۆمانی ده‌نووسێ، كه هه‌ڵگری ئەندێشەی په‌ره‌پێدانی رۆحی ره‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه.
قۆناغی دووه‌م: خۆی سه‌رقاڵی چاكسازی «ئه‌لفبێ» وه‌ك ئامرازی سه‌ره‌كی بۆ گۆڕانكاری به‌رچاو و كاریگه‌ر له‌په‌رورده‌ی گشتی ده‌كات.
قۆناغی سێیه‌م له چاكسازی ئه‌لفبێ، نا‌ئومێد دەبێت‌و وازی لێدەهێنت و ڕوودەکاتە خه‌باتی به‌رده‌وام بۆ دروستکردنی شوناسی نوێ ئێرانی لە رێگە‌ی عەرەب دژی و هەروەها ستایشی مێژووی کۆنارای ئێران و جیا لەمەش چاكسازی و رێفۆرمی «ئایین»یش لە پاڵ کرێتیکا دەبێتە بەشێک لە کەڵکەی سەرەکی ئاخوندزادە و لەمبارەوە پێوایه بۆ به‌دیهێنانی گۆڕانكاری به‌رچاو له‌فه‌زای فه‌رهه‌نگی وسیاسی ئێران‌دا، دەبێت رێفۆڕمی ئایینی بکرێت کە وەک پرۆتیستانیزمی ئیسلامی پێناسەی دەکات و ئەم ڕیفۆرمە زۆر به‌پێویست ده‌زانێت و كتێبی به‌ناوبانگی «مه‌كتووباتی كه‌ماڵودەوڵه» به‌رهه‌می ئه‌م قۆناغه‌یه».(وحدت،١٣٨٢ :٧٨)
یه‌كه‌م: قۆناغی شانۆ نووسی
ئه‌م قۆناغه له‌ژیانی ئاخوندزادە به‌نیشته‌جێبوون له‌ته‌فلیسدا ده‌سپێدەکات، به‌رهه‌می ئه‌م قۆناغه ئاشنابوونه لە گەڵ شانۆی مودێرنی رۆژئاوا و نووسینی چه‌ندین شانۆ و بەتایبەت باسكردن له بایەخی ڕه‌خنه‌ی زانستی یان هەمان کرێتیکایە و لەمبارەوە نووسه‌ران و مونەوەران و سیاسەتمەدارانی ئێرانی بۆ ئاشنابوون لە گەڵ ڕە‌خنه‌ی زانستی و شێوازه نوێیه‌كانی هان ئەدات و لێره‌وه ئاخوندزادە له ڕۆژهه‌ڵاتدا وەک پێشه‌نگی هونه‌ری شانۆنووسی و رۆمان نووسی مودێرن و لایەنگری لە ڕەخنەی کۆمەڵایەت وەک تاکە رێگە‌ی گەیشتن بە پێشکەوتن و چاکسازی بە تایبەتی لە رێگە‌ی شانۆوە دەناسرێت. (آخوندزادە،هەمان: ٥٦) ، بە جۆرێک له عوسمانییه‌وه تا ژاپۆن هه‌مووی پاش ئاخوندزادە ده‌ستیان به‌نووسینی شانۆی مودێرن كردوه، گه‌رچی ئاخوندزادە لە شانۆنامەکانیدا باس له‌ڕێگه‌چاره‌یه‌کی بنەڕەتی ناكات، به‌ڵام وەک یه‌كه‌م كه‌س دەناسرێت کە بۆ یەکەمجار باس لە ژن و كێشه‌ی ژنان لە کۆمەڵگەی نەریتی ئەو کاتەی ئێران دەکات و خوازیاری دەربازبوون لە نەفامی و گەیشتن بە ئازادیە بۆ ژنان(عروجی، ١٣٩٥:٣١٦)[9]
دووهه‌م: قۆناغی هەوڵ بۆ گۆڕین و چاكسازی «ئەلفبێ»
نه‌ته‌وه‌ی ئیسلام به‌هۆی به‌كارهێنانی رێنووسی عەرەبه‌كانه‌وه تا ئیستاش هه‌ر له‌ئاستی جه‌هاله‌ت و نه‌زانین و نەفامی ماوه‌ته‌وه(ئاخوندزادە،١٣٩٥ :٧٨ )
كه‌ڵكه‌ڵه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌م قوناغه‌ی ئاخوندزادە، گۆڕین و چاكسازی «ئەلفبێ» و هەروەها گشتیكردنی سیستمی فێركاری و په‌روەرده‌یە و لەمبارەوە، پێوایە: «ناكرێت خه‌ڵكی گوندنشین له‌خوێندن بێبە‌ش بكرێت. راده‌ی گوندنشین له ئاست شارنشین وه‌ك ده‌ریاییه له ئاست دڵۆپێك. دەبێت هه‌موو خه‌ڵكی ئاسایی وه‌ك خه‌ڵكی پرۆس(ئاڵمان) و روژئاوا له ژن و پیاوەوە، فێری خوێندن و نووسین ببن و په‌روەرده‌ی گشتی به‌زۆ‌ره‌ملی جێبه‌جێ بكرێت» کەواتە «نابێت زۆ‌ره‌مله‌كردنی په‌رورده‌ی گشتی وه‌ك سته‌م سەیر بكرێت، به‌ڵكووه دەبێت وەک چەشنێک خۆشه‌ویستیەک سەیر و خوێندنەوەی بۆ بکرێت »(ئاخوندزادە،١٣٥٧ :١٥٨)
ئاخوندزادە سەرەتا ویستی ئەم پلانەی لە وڵاتی عوسمانی سەربخات، بەڵام سەرنەکەوت و هەرلەم ئاراستەیەدا، له‌نامه‌یه‌كدا بۆ مه‌لكوم خانی ئەرمەنی دەنووسێت:«له عوسمانییه‌كان من نا‌ئومێد بووم و هه‌ڵبه‌ت لۆمه‌شیان ناكه‌م. ئه‌وان باش تێگه‌یشتن كه دوای گۆڕانی ئەلف و بێ، حكومه‌تی ئیستبدادی (دیسپۆتیزم) و هه‌روه‌ها ئایینه‌كه‌یان ده‌رووخێت؟ مه‌گه‌ر ئێوه دژی ئه‌م بۆچوونه‌ن؟ دیاره پاش بڵاوبوونه‌وه و گه‌شه‌سه‌ندنی زانست و په‌رورده‌ی گشتی، بێگۆمان دیسپۆتیزم(ئیستبداد)و فه‌ناتیزم (ده‌مارگرژی)و خورافات له‌نێو ده‌چێت، ئه‌م كاره‌ی ئێمه، به‌س بۆ خه‌ڵكی ئاسایی سوودمه‌نده و تەنیا خه‌ڵكی ئاسایی به‌خته‌وه‌ر ده‌كات»( فشاهی،١٣٧٩: ٧٧)
ئاخوندزادە تا ئەو ڕادەیە بڕوای بە کاریگەری گۆڕانی ئەلفبێ دەبێت کە ته‌نانه‌ت له دانانی «رێگە‌ی ئاسن» به سوودمەندتری ده‌زانێت و بەمبۆنەوە، نزیکەی بیست ساڵ له‌ته‌مه‌نی خۆی تەرخانی ئه‌م كارەی له دوو وڵاتی عوسمانی و ئێران‌دا دەکات گه‌رچی دواتر له تورکیا به‌دی هات، به‌ڵام تا كاتێك له‌ژیاندابوو، ئه‌م ده‌سكه‌وته‌ی به‌چاوی خۆی نه‌بینی، هەر لەمبارەوە و لە هەڵسەنگاندی بۆچوونی ئاخوندزادە سەبارەت بە بایەخی ئەم پلانە، «ئاجودانی» ده‌نووسێت:«بێگۆمان له‌ڕێگه‌ی په‌روه‌ردی گشتی، رێگه بۆ پێشكه‌وتن و ئەندێشە و گۆڕانكاری بنەڕەتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كراییه‌وه، به‌ڵام ئه‌م بۆچوونه كه‌وا له‌ڕێگه گوڕینی «ئەلفبێ» ، خه‌ڵك خوێنده‌واری فێر ده‌بوو، بۆچوونێکی به‌تاڵ بوو كه ٢٠ ساڵ ته‌مه‌نی مه‌زنترین و دیارترین رۆشنبیر‌و بیرمه‌ند و ره‌خنه‌گری كۆمه‌ڵایه‌تی ئێرانی سه‌رقاڵی خۆی كرد (آجودانی،١٣٨٢ :٢٢٠)
به‌گشتی ئاخوندزادە گۆرێنی ئەلفبێ وه‌ك سه‌ره‌تا و مه‌رجی گشتگیربوونی پەروەردە و هەروەها سه‌ره‌تای به‌ئاگاكردنی خه‌ڵكی ئاسایی سەیر ده‌كرد و پێوابوو ئه‌م «ئەلفبێ»یه كه ئێستا له‌نێوان وڵاته موسه‌ڵمانه‌كاندا باوه‌و و به‌نێوی «ئەلفبێ»ی عەرەب ده‌ناسرێت، رێگه‌ری خه‌ڵكی ئاسایی بۆ خوێندن و نووسین و به‌گشتی فێربوونی پەروەردە دەکات، بۆیه ده‌بێت به‌هه‌ر شێوازێک بووه ئه‌م «ئەلفبێ» عەرەبیه بگۆڕین و باشتر وایه له‌باتی ئه‌م «ئەلفبێ»یە ، ئەلفبێ لاتینی په‌ره‌پێبدین. هەڵبەت ئەوەش لە بیر نەکرێت، هەر وەک خۆی لە نامەکەیەدا بۆ مەلکوم خانی ئەرمەنی، دەنووسێت، ئەم کارە واتە گۆڕانی «ئەلفبێ» عەرەبی وەک بەشێک لە گوتاری دژایەتی فەرهەنگی عەرەب و ئایینی ئیسلام سەیر دەکات کە لەمبارەوە پێوابوو، گۆڕانی «ئەلفبێ»عەرەبی سەرەتاییەک بۆ گۆڕانی ئایین و نەمانی دیسپۆتیزم و فه‌ناتیزم و خورافات دەبێت.
قۆناغی سێیه‌م: قۆناغی کرێتیکا، پرۆتێستانیزم و ناسیۆنالیزم
له‌م قۆناغه‌دا ئێمه لە گەڵ مونەوەرێک ڕووبەڕوو ده‌بینه‌وه كه به‌ڕاشكاوی بانگه‌شه‌ی لیبراڵیزم، ئایین دژی و گه‌ڕانه‌وه بۆ شوناسی كۆنی ئێران و به‌واتایه‌ك باستانخوازی[10] و هەروەها کرێتیکا و پرۆتێستانیزمی ئیسلامی ده‌كات.
ئاخوندزادە پاش نائومێدبوون له‌سه‌رنه‌كه‌وتنی ئەندێشەی گوڕینی ئەلفبێ، دەكه‌وێته باسی فه‌لسه‌فی سه‌باره‌ت به‌شوناس و ئایین و سیاسه‌ت و به‌گشتی ئەندێشەی گۆڕانکاری كۆمه‌ڵگای ئێران و ئیسلام له‌ڕێگه‌ی نووسینی كتێبی«مه‌كتووباتی كه‌ماڵودەوڵه» و خۆی له‌م باره‌وه ده‌نووسێت:« پاش ماوه‌یه‌ك و گه‌یشتن به‌م بڕوایه كه ئایینی ئیسلام و فه‌ناتیزم (ده‌مارگرژی)، له‌نێو وڵاتانی موسه‌ڵمان به‌ربەست و له‌مپه‌ری سەرەکی پرسی گوڕینی ئەلفبێ و سیوێلیزاسیوونه‌ن(مه‌ده‌نییه‌ت)، بۆیه بە مەبەستی له‌نێوبردنی بنەمای ئه‌م ئایینه و فه‌ناتیزم (ده‌مارگرژی)و هه‌روه‌ها وشیاركردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه رۆژهه‌ڵاتییه‌كان و بەتایبەتی بۆ مسۆگه‌ركردنی پرۆتێستانیزم له‌ئیسلامدا، دەستم به‌نووسینی كتێبی« مه‌كتووبات» کرد (ئاخوندزادە،١٣٦٤ : ٤)
مه‌كتووبات له ئه‌ساسدا هه‌ڵگری سێ نامه‌یه كه به شێوازی وه‌ڵام و پرسیار له نێوان دوو كه‌سایه‌تی خه‌یاڵی به ناوه‌كانی كه‌ماڵودەوڵه (شازاده‌ی هیندستانی) و جه‌ماڵودەوڵه (شازاده‌ی ئێرانی) روو ئه‌دات و گرنگتر ئه‌وه‌ی بۆ یه‌كه‌م جار، پێناسەی چه‌ندین چەمک و ده‌سته‌واژه‌ی گرنگی سیاسی و فه‌لسه‌فی وه‌ك دیسپۆتیزم(ئیستبداد)،سیووێلیزاسیوون(شارستانییه‌ت)،فه‌ناتیك(ده‌مارگرژی)، پروگره (پیشكه‌وتن یان) پاتریۆت(نیشتمانپه‌روەری)و لیبراڵیزم و پرۆتێستانیزم، دەکات.[11] ( آخوندزادە،١٣٩٥: ١٨-١٢)
مه‌كتووبات له ئەساسدا ره‌خنه‌گرتنه له ده‌سه‌ڵاتی ئایینی و سیستەمی پاشایه‌تی و هه‌روه‌ها بانگه‌شه‌ی دابینكردنی ئازادی و حكومه‌تی ده‌ستووره و هەر لەم ئاراستەیەدا. ئاخوندزادە ڕاشكاوانە خۆی به کەسێکی لیبڕاڵ و لایه‌نگری پرۆگرێس (پیشكه‌وتن)و سیوێلیزاسیوون (مه‌ده‌نییه‌ت)ه ده‌ناسینێت کە خوازیاری سەرکەوتن و پێشکەوتنی نەتەوەکەیەتی»(هەمان:١٧٤) و سه‌باره‌ت به‌لیبڕاڵبوونی ده‌نووسێت:« لیبڕاڵ ئه‌و كه‌سه‌یه كه‌وا به‌گشتی خۆی له‌هه‌ر چه‌شنه كۆت‌و به‌نده رزگار كردوه‌و هه‌رگیز بیر له‌هه‌ڕه‌شه‌كانی ئایین ناكاته‌وه و هەروەها به‌و شتانه‌ی وا له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی عه‌قلانییه‌تن قه‌ت بایه‌خ نادات»(هەمان: ١٧)
به‌گشتی ئاخوندزادە له‌م قۆناغه و به‌واتایه‌ك له‌م كتێبه‌دا، بانگه‌شه‌ی پەرەپێدانی کرێتیکا، چاكسازی ئایینی یان هەمان پرۆتێستانیزمی ئیسلامی و لایه‌نگری له‌ئازادی و دژایه‌تیكردنی ئیستبداد و بە تایبەتی شوناسی نوێ ئێرانی دەکات کە لێرەدا ئاماژەیان پێ ئەدرێت.
پرسی کرێتیکا و بایەخی لای ئاخوندزادە:
دەوڵەتەکانی رۆژئاوا لە رێگە‌ی کرێتیکاوە گەیشتوونەتە ئەم ئاستە لە پێشکەوتن و بەسیستەم بوون لە ڕێگەی موچیاری کردنەوە( آخوندزادە، ١٣٥١: ٢٦)
بۆ پەروەردە نەتەوە و چاکسازی و پاکی ئاکار و نەزمی دەوڵەت و هەروەها ئەمر بە باشی و پێش‌گرتن لە خراپی، لە کرێتیکا شتێکی سوودمەندتر بوونی نییە( آخوندزادە،هەمان: ٥٦)
ئاخوندزادە، پرسی«كرێتیكا» یان ره‌خنه‌ی زانستی، وەک سه‌ره‌تا و مه‌رجی ئازادی راده‌ڕبرین پێناسە دەکات (وحدت،١٣٨٢:٧٨)و له‌مباره‌یه‌وه ده‌نووسێت:«ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگا مرۆییه‌كان ئازادی نه‌به‌خشه‌نه ئه‌ندامانی خۆیان و وەک پێشوو، بەردەوام ناچار بەوەیان بكه‌ن شوێنكه‌وتووی باب و باپیر و پیاوانی ئایینی خۆیان بن و عه‌قڵی خۆیان بۆ كاروباری دنیا به‌كار نه‌هێنن، ئه‌وا له‌ئه‌سپی ئاسیا‌و ده‌چه‌ن كه به‌رده‌وام له‌بازنه‌ی دیاری خۆیاندا ده‌خولێنه‌وه.» به‌ڵام «له‌ڕێگه‌ی ئازادی راده‌ڕبرین و ئازادی ئه‌ندێشه و هەروەها ده‌ڕبرینی بیروڕای جیاواز، هێدی هێدی حه‌ق له‌ناوه‌ند و پێگه‌ی بنەڕەتی خۆیدا جێده‌گرێت»(آدمیت،١٣٤٩:١٤٢)
لەم ئاراستەیەدا، بازنه‌ی بابەتی ره‌خنه‌ی ئاخوندزادە نەک ته‌نیا شانۆ و ئه‌ده‌بیات و کۆمەڵگا، به‌ڵكو مێژووش ده‌گرێته‌وه‌وە و لەمبارەوە دەنووسێت«مێژووی ئێران لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی پڕ لە هەڵەیە»(آخوندزادە،١٣٩٥ :٤٧) و ئەساسەن مێژوونووسی ئێران، بە بۆچوونی ئاخوندزادە بوەتە شوێنی ماستاوچییەتی و درۆودەلەسەکردن و ئەمە خۆی لە خۆێدا، ڕێگای زاڵبوونی حوکمڕانانی سەرەڕووی خۆش کردوە و لەمڕووەوە ئیتر لە باتی ئەوەی مێژوو ببێتە شوێنی وشیاری نەتەوەیی، بوەتە شوێنی دەملووسی و درۆودەلەسەکردنی و ماستاوکردن بۆ پاشاکان(طباطبایی، ١٣٩٥: ١٢-٣١٠)
هەر لەم ئاراستەیەدا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەندیشە و رۆشنبیری ئێران‌دا، ئاخوندزادە جەخت لە بایەخ و پێگەی ڕەخنە دەکاتەوە و لە پرسی مووچیاری جیای دەکاتەوە و ڕازی سەرکەوتن و پێشکەوتنی کۆمەڵگا نەک لە رێگە‌ی مۆچیارییەوە بەڵکوو لە رێگە‌ی ڕەخنە و کرێتیکاوە دەزانێت و ئیتر ئەو دەبێت بە پێشەنگی بەگوتارکردنی ڕەخنە و لەمبارەوە لە مەکتووبی دووەم و سێهەم کتێبی «مەکتووباتی کەماڵودەوڵە» دەست دەکات بە ڕەخنەگرتن و لە رێگە‌ی زمانێکی زبر و توندەوە، ڕەخنە لە ئایینی ئیسلام،فەرهەنگی عەرەب و بەتایبەتی وتاردانی ئاخوندەکان لە مەنبەردا دەگرێت و ئەم کارە وەک جەفەنگ و قسەی سووک و بێ بایەخ ناودەبات( آخوندزادە، هەمان: ١٣٥) و لەمبارەوە دەنووسێت:« ئاخوندە سەفیحەکان بەدەوام لە مەنبەرەوە خەرێکی گێرانەوەی قسەی سووک و بێ بایەخن»( آخوندزادە، هەمان: ١٣٤)
ئاخوندزادە لەم بەرهەمەیدا، هۆکاری دواکەوتوویی ئێران، بۆ ئایینی ئیسلام و هاتنی عەرەب و زاڵبوونی فەرهەنگی عەرەب دەگەرێنتەوە و لەمبارەوە عەرەب وەک ڕێگر و خورافی و بێ فەرهەنگ و بەتاڵ لە شارستانییەت ناو دەبات(هەمان:١٨٤-١٥٣) و هاوکات رێورەسمی ئایینیش وەک بەشێک لە خورافات دەزانێت و لەو بڕوادایە:« مادامێکە هێشتا بڕوا بە مەلایەکە و جن و پەری و موعجێزە ماوە، خەڵک لە جەهاڵەت و نەفامیدا دەمێنییەوە»( آخوندزادە، هەمان:٩٧) و ئەمە خۆی لە خۆیدا زەمینە بۆ ئەوە سازدەکات«هەر ڕۆژەو ئاخوندێک، ژیان لە خەڵک تێکبدات و زەبوون و سەرگەردانیان بکات» (هەمان: ١٥٣)
ئاخوندزادە لەو باوڕەدایە ئەم چەشنە قسەیە واتە ئەم قسە سووک و بێ بایەخ و جەفەنگە کە بە ناوی وتاردان، دەرخواردی خەڵک ئەدرێت، لای هیچ نەتەوەیەک بەدی ناکرێت(هەمان:٧٤) و لەمبارەوە، زاڵبوونی فەرهەنگی عەرەبی لە ئێران‌دا، وەک هۆکاری پەرەسەندنی ئەم چەشنە وتاردانە، ناودەبات و بەسەراحەتەوە دەنووسێت :«تایفەی عەرەب لە درۆودەلەساختەکردن و هەروەها دروستکردنی ئەفسانە، وێنەیەیان نییە و خەڵکی ئێرانیش لە بڕواکردن بەم درۆودەلەسە و ئەفسانانە، نموونەیان نییە(هەمان:٨٠)
لێرەوە ڕەخنە لای ئاخوندزادە واتە کەڵک وەرگرتن بۆ لێدانی ئایینی ئیسلام و فەرهەنگی عەرەب و هەروەها پێناسەکردنی وەک خورافات و قسەی سووک و بێ بایەخ و دیارە، ئیتر لە باتی ڕەخنە. ئاخوندزادە، داخڵی بازنەی ئیهانە و سووکایەتی پێکردن دەبێت و خۆشی دان بەمەدا دەنێت گەرچی وەک «قورس نووسی» تەعبیری دەکات(هەمان:٨٠) و لە نەهایەتدا، زانست و ئایین وەک دووانەیەکی دژبەیەک پێناسە دەکات و لەو باوەرەدایە، گەر کەسێک بڕوای بە ئایین هەبێت، ناتوانێت ببێتە زانا (هەمان:٨٠)
دیارە جیا لەوەی ڕەخنە و کرێتکا بۆ لێدانی ئایین و تایفەی عەرەب، بەکار دێنێت، لە بەر ئەوەی هۆکاری دواکەوتوویی ئێران و گیرودەبوونی خەڵکی بە کوێلایەتی، ماستاوچیەتی، زەبوونی و فێلبازی بۆ هاتنی عەرەب و پەرەسەندنی و زاڵبوونی فەرهەنگی ئایینی عەرەب لێک ئەداتەوە، لەمبارەوە دەکرێت، باس لەو ڕاستیەش بکرێت کە دەمارگرژیی دژە ئایینی ئاخوندزادە، ئەو لە بازنەی کرێتکای زانستی دوور دەخاتەوە و تەنانەت بەر بە تێگەیشتنی بنەماکانی کرێتیکا و هەروەها رەوتی مێژووی کرێتیکا و فامی قووڵی لە پێناو، ڕوونکردنەوەی ڕەهەندەکانی دواکەوتوویی کۆمەڵگای ئێران و سەبەکانی دەگرێت.
کەواتە ڕاستە ئاخوندزادە لە زاڵکردنی گوتاری عەرەب دژی وەک هۆکاری دواکەوتوویی ئێران سەرکەوتووبووە و لە ئیستاشدا، بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئێران، عەرەب و ئایینی ئیسلام بە هۆکاری دواکەوتوویی خۆیان دەزانن، بەڵام لە ئەساسدا، ئەم ڕوانگەیە، بەربەستی سەرەکی لە تێگەیشتنی زانستی و قووڵ لە چەمکی ڕەخنە و فەرهەنگی ڕەخنە و بەکارهێنانی بۆ دۆزێنەوە و ڕوونکردنەوەی سەبەب و هۆکارە سەرەکییەکانی دواکەوتوویی ئێران بووە و لەمڕووە، ئاستی ڕەخنە لەلایەن ئاخوندزادەوە بۆ لێدان و ڕێسواکردنی عەرەب وەک تەنیا هۆکاری دواکەوتووی کۆمەڵگەی ئێرانی دادەبەزێت.
چاكسازی ئایینی یان پڕۆتستانیزمی ئیسلامی:
پرۆتێستانیزم واتە ئەو مەزهەبەی کەوا مافی خودا و بەندەکانی خودا بە گشتی مانای نامێنیت و تەنیا یەک شت دەمێنێت ئەویش مافی خەڵکە( ئاخوندزادە، ١٣٩٥: ٢٧)
پرۆتێستانیزم واتە پێشکەوتن و شارستانییەت، واتە زەمانتکەری دابینکردنی هەر دوو چەشنی ئازادی و یەکسانی مافەکانی مرۆفە و هەروەها لاوازکردنی دیسپۆتیزمی سوڵتانەکانی رۆژهەڵاتە( ئاخوندزادە،هەمان: ١٩٩)
ئه‌گه‌ر ئێمه گوێڕایه‌ڵی پیاوانی ئایینی بین ده‌بێت، چاوه‌ڕوانی شارستانییه‌ت‌و زانست نه‌بین(ئاخوندزادە،١٣٦٤ :٧١)
ئاخوندزاده لە باسی پێویستی بە چاکسازی ئایینی یان هەمان پرۆتێستانیزم، دەنووسێت:« ئیستبداد و دیسپۆتیزمی پاشاییه‌تی به‌رده‌وام جه‌سته و ئاینیش بەردەوام ڕۆح و ڕەوانی ئێمە ئازار ده‌دات، به‌گشتی ئایین به‌نده‌ی سووكایه‌تی پێكراو و دیلكراوی ده‌سه‌ڵات سازده‌كات كه ناتوانێت قەت بگاته ئازادی، بۆیه ده‌بێت له‌بیری چاكسازی پرۆتستانیزمی ئایینی‌دا بین» و هەر لەمبارەشەوە، هەڵبەتە ڕاشكاوانه دەنووسێت: «من نامه‌وێت مرۆڤه‌كان ببنه «ئا‌ته‌یست» و بێ بڕوا‌و بێ ئێمان، به‌ڵكو ده‌مه‌و‌ێت له‌ڕێگه‌ی پرۆتستانیزمی ئایینیه‌وه چیتر كویله دروست نه‌كرێت و له‌و دۆخه پڕ له‌ئیستبداده رزگارمان بێت( ئاخوندزادە، ١٣٩٥: ١٩٩)
کەواتە ئاخوندزادە پێوایه به‌رهه‌می ده‌ستێوه‌ردانی ئایین له‌سیاسه‌تدا، به‌نده‌گی(عەبوودیه‌ت) دێنێت و زانستیش ئازادیخوازی و لیبرالیزم. هەر بۆیه ده‌بێت چاكسازی ئایینی بگاته ئه‌و ئاستەی كه قه‌ت ده‌ستێوه‌ردانی سیاسه‌ت نه‌كات، لێره‌وه ئه‌و لایه‌نگری لە عه‌قڵ و زانسته ته‌بیعیه‌كان له‌ئاست ئایین و زانستی ئایینی ده‌كات و ڕای وایه پاسه‌وانانی ئایین هه‌زاران ساڵه عه‌قڵیان به‌لاوه ناوه وحەبسیان كردوه(ئاخوندزادە،١٩٨٥ :٩٤)
ئاخوندزاده لە مێژووی ئێران‌دا بە شوێن پرۆتێستانیزمدا دەگەرێت و دەیەوێت وەک دیاردەیەکی ئێرانی پێناسەی بکات و لەمڕووەوە، مێژووی گرووپی ئایینی ئیسماعیلیه له‌سه‌رده‌می حه‌سنی كوڕی محه‌مه‌د واتە لە كۆتایی سه‌ده‌ی دووازده وەک سەرەتای پرۆتێستانیزم ناودەبات و لەمبارەوە، پێوایە ئەو کاتەی کەوا حەسنی کوری محەمەد، ڕاشکاوانە رایگه‌یاند: ئایین و شه‌ریعه‌ت ئیتر به‌تاڵه، ده‌بێت هه‌موو ژنان ئازادانه دەرکەون، ئەم ڕووداوە وەک سەرەتا و ئەم فەرمانەش وەک بنەمای پرۆتستانیزمی ئیسلامی،دیاری دەکات(ئاخوندزادە،١٣٩٥ :١٧)
کەواتە لە ڕوانگەی ئاخوندزادەوە، پرۆتێستانیزم واتە له ئاییندا ئه‌رك و ته‌كلیف و مافه‌كانی خودا‌و به‌نده‌كانی خوا به‌تاڵ بكرێته‌وه‌و ته‌نیا مافه‌كانی مروڤ بمێنیته‌وه(ئاخوندزادە، هەمان: ٢٧) و لەمڕووەوە ئاخوندزادە، گه‌ر بانگه‌شه‌ی چاكسازی ئایینی ده‌كات و ده‌یه‌وێت رێگه‌ری لە ده‌ستێوه‌ردانی ئایین له‌سیاسه‌تدا بكات و ئه‌ركه ئایینیه‌كانی ئینسان كه‌مبكاته‌وه، به‌ڵام به‌رده‌وام ره‌خنه‌ی توند له‌ئایینی ئیسلام ده‌گرێت و زۆر جاریش ده‌گاته ئاستی سووكایه‌تیكردن‌و به‌گشتی له‌باتی چاكسازی، زۆرتر سوكایه‌تی ده‌كات، بۆیه ئاخوندزاده قه‌ت نه‌یتوانی گوتاری چاكسازی ئایینی و پرۆتستانیزمی ئیسلامی نه‌تیۆریزه بكات و نه بیكاته گوتاری زاڵ له‌ئێراندا و ته‌نیا توانی رێگه بۆ رۆشنبیرانی پاش خۆی سازبكات، كه بتوانن تا ڕادەیەک، ئازادانە ڕه‌خنه ئاراسته‌ی ئایین و ئایینی زاڵی كۆمه‌ڵگای ئێران بكه‌ن وهاوکات به‌ڕاشكاوی به‌رگری له‌ئه‌ندیشه‌ی عێلمانی بکەن و لەمبارەوە دەکرێت باس لەم ڕاستییەش بکرێت، باسکردنی ئاخوندزادە لە چاکسازی ئایینی یان هەمان پرۆتیستانیزمی ئیسلامی کە لە داماڵێنی مافی خودا و بەرزکردنەوەی مافی ئینسان کورت دەبێتەوە، ڕووکشانە و تا ڕادەیەکی بەرچاو ئاست نزمە و دەلالەت لە تێگەیشتنی قووڵ و زانستی لە چەمکی پرۆتێستانیزم و هەروەها ئایینی ئیسلام لە لایەن ئاخوندزادەوە ناکات و لەمڕووەوە تەواو بێ بنەما و سەتحی دەنوێنێت.[12]
لایه‌نگری له‌ئازادیی رۆژئاوایی لە پێناو دژایه‌تیكردنی دیسپۆتیزم
گەر بەرپرسانی ئێرانی شارەزای زانست و قانوون و پولێتیک دەبوون، دەیانزانی ئیتر لە رێگە‌ی کوشتن و برێنی دەست وپێ، مەمڵەکەت ڕێک وپێک ناکرێت و ئەم کارە، لە ریزی دزێوترین بەشی پولێتیکە. بە داخەوە، بەرپرسانی ئێران و تەنانەت سەرجەمی خەڵکی ئێران و بەتایبەتی دیسپۆت، خوازیاری فێربوونی هیچ زانستێک نین. (آخوندزادە،١٣٩٥:٥٩)
ئاخوندزادە هاوکات لە گەڵ باسکردن و ئاماژەدان بە پرۆتێستانیزم، راشكاوانه لایه‌نگری له‌ئازادی رۆژئاوایی ده‌كات و دژ بە بنەمای سیاسی و بەواتاییەک شێوازی حوکمڕانی ئێرانی کە وەک دیسپۆتیزم پێناسەی دەکات، ده‌وستێتەوە و پێوایه لە پێناو رزگاربوون لە دیسپۆتیزمی ئێرانی، ده‌بێت كه‌لتووری ئازادی رۆژئاوایی به‌بێ هیچ بیانویه‌ك لە وڵات‌دا په‌رە پێبدرێت و ته‌نانه‌ت دژی هاوتاسازی چه‌مكه ئیسلامییه‌كان لە گەڵ چه‌مك و ئەندێشەی مۆێرنیشدا ده‌وستێتەوە. بۆ نموونه، كاتێك« مو‌ستشار ولدوه‌ڵە» بۆ ئاخوندزاده له‌نامه‌یه‌كدا باسی ئه‌و كتێبه‌ی واتە «ریساله‌ی یه‌ك كه‌لیمه» ده‌كات، كه له‌ئه‌ساسدا وه‌رگێڕانی «جارنامه‌ی مافی مروڤ»ە و مه‌ستشارولدەوڵە لە بەر مەرترسی نەریتەخوازەکان و بەتایبەتی پادشاە، ناچاربوو کە بە وتەی خۆی «بۆ كۆی ئامرازه‌كانی پێشكه‌وتن و مه‌ده‌نییه‌ت له‌قورئان و حه‌دیسه‌كاندا، ئایه‌ت‌و حه‌دیسی زۆرم ده‌رهێنا تا ئیتر بانگه‌شه‌ی ئه‌وه نه‌كه‌ن، ئه‌و شتانه دژی ئایینی ئیسلامه‌ن« (آجودانی،١٣٨٤ :٤٠ ) له‌وه‌ڵامدا ده‌نووسێت: «ئێوه بۆ دابینكردنی مافی یه‌كسانی، په‌ناتان بردۆته به‌ر ئایی ن‌و شه‌ریعه‌ت، وا ده‌زانن بتوانن به‌یارمه‌تی ئایین و شه‌ریعه‌ت، سامانی ده‌ستوورو مه‌شروتییه‌تی فه‌رەنسا له‌ڕۆژائادا دابین بكه‌ن. حاشا له‌شتی وا، دڵنیابه شتی وا قه‌ت ئه‌گه‌ری نییه» (آجودانی،١٣٨٤ :٤٤)
لەمڕووە و بە پێچەوانەی ئەو مونەوەرانەی کە دەیانەوێت ئیسلام وەک لایەنگری ئازادی و مافی مرۆڤ پیشان بدەن و بەواتاییەک خۆیان وەک کەسێکی لایەنگری ئیسلام پێناسە بکەن ، ئاخوندزاده، ڕاشکاوانە به‌رگری لە لیبراڵیزم و مودێرنیتە ده‌كات و خۆی وەک کەسێکی ئاتەیست و بێ دین دەناسێنت و لەمبارەوە پێوایه، كه‌لتووری عەرەب بۆ ئێرانییەکان جگه له توندوتیژی و وه‌حشیگه‌ری و داوكه‌وتوویی هیچی دیکەی نه‌هێناوه و تەنیا كه‌لتووری رۆژئاوا هاوته‌با لە گەڵ پێشكه‌وتن و شارستانییه‌ت دەزانێت، بۆیه لەو باوەرەدایە، ده‌بێت ئێرانییەکان بەرەو پیری كه‌لتووری رۆژئاوا و مودێرنیتە بچن و ته‌نانه‌ت پێوایە:« ده‌بێت بیری رۆژئاوایی له‌زه‌ینیه‌تی خه‌ڵكی ئێران‌دا سه‌قامگیر بكرێت».(آدمیت،١٣٤٩ :١٦٥)
لەمبارەوە واتە لە پرسی تێگەیشتن لە مودێرنیتە و دەسکەتەکانی وەک ئازادی و دەسەڵاتی یاسا لە باتی دیسپۆتیزم، پێدەچیت، لە هەندێ ڕووەوە، تا ڕادەیەکی باشتر و وردتر لە مونەوەرانی و گەشتنامەنوووسانی ئێرانی لە بنەماکانی مودێرنیتە تێگەیشتووە، بۆیە لەو باوەرەدایە، گرنگیدان و بایەخدان به‌ڕه‌هه‌ندە روكشەکانی مودێرنیتە و ئامرازه‌كانی له باتی قووڵبونه‌وه له‌ڕه‌هه‌ندی تیۆریک و هزری مودێرنیته و پێشكه‌وتنی رۆژئاوا، هۆكاری سه‌ره‌كی شكستی وڵاتانی ئیسلامی له‌مودێرنکردنی رۆژهه‌ڵات بووه (ئاخوندزادە،١٣٥٧ :٢٨٩)، بۆیه پێوابوو: «ده‌بێت زۆرتر گرنگی به بیر‌و خه‌ونی رۆژئاوایی بدرێت تا باز‌رگانی و ئامرازه‌كانی» (آدمیت،١٣٤٩ :١٦٥)
هەر لەم ئاراستەیەشدا، ئاخوندزادە بانگەشەی ئەوە دەکات،ده‌كرێت له‌ڕێگه‌ی پەرەپێدانی كه‌لتووری رۆژئاوایی،پێش بەكویلەکردنی ئینسان ئێرانی بگیرێت و لە هەمانکاتدا هانییش بدرێت، به‌ره‌و رزگاربوون له «ده‌سه‌ڵاتخوازی دیسپۆتە ئاسمانی و زه‌مینیه‌كان، كه‌وا له‌ڕۆژئاوادا بوونه‌ته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی بۆچوونی ماستاوچییه‌تی له‌ئاست ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه» هەوڵ و تەقەلای تەواو بخاتە گڕ (ئاخوندزادە،١٩٨٥ : ٥٣)
دیارە لایه‌نگری ئاخوندزاده له ڕۆژئاوا و فەرهەنگی نوێ رۆژئاوا له پێناو په‌ره‌پێدانی ئازادی و دژایه‌تی لە گەڵ دیسپۆتیزمی روحی و جه‌سته‌یی واته ده‌سه‌ڵاتی پاشاییه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی ئایینی بووە، کە هەر لەمبارەوە و ڕوو لە خەڵکی ئێران دەنووسێت:«ئەی خەڵکی ئێران، گەر ئێوە لە بۆنی و بەرامەی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ ، ئاگادار دەبوونەوە، بە دڵنیایەوە، ئیتر بەم چەشنە کوێلایەتی و سووکایەتی و تەرەس بوونتان قبووڵ نەدەکرد»(آخوندزادە،١٣٩٥ :٥٦)
ئاخوندزادە وه‌ك پێشه‌نگی ساختەکردنی شوناسی نوێ ئێرانی
«من ئه‌گه‌رچی به‌ڕواڵه‌ت تورکم، به‌ڵام ره‌گه‌ز‌م له‌پارسیه‌كانه» (ئاخوندزادە،١٣٦٤ :٥)
یه‌كێك له كه‌ڵكه‌ڵه بنەماییەکانی ئه‌م قۆناغەی ئاخوندزادە، شوناسی ئێرانی و به‌واتاییه‌ك دانانی بناغه‌ی شوناسی نوێی ئێرانییه، ئه‌و پێوابوو، هێرشی ئیسلام و عەرەب بۆ سەر ئێران، هۆكاری سه‌ره‌كی دواكه‌وتوویی ئێران و فه‌رامۆشكردنی شوناسی ره‌سه‌ن و ئایینی ئه‌سلی ئێرانییه‌كانه‌و له‌نامه‌یه‌كدا بۆ«مانكجی»، وەک گەورە و دەمڕاستی زەردشتییەكانی تاران، ڕاشكاوانە، عەرەب و ئیسلام وەک هۆكاری په‌رته‌وازه‌بوونی ئیرانییه‌كان و تەنانەت سه‌رهه‌ڵدانی دوژمنایه‌تی له نێوان ئێرانییەکان ده‌زانێت ولەمبارەوە دەنووسێت: «ئێوه یادگاری باپیرانی ئێمەن و دەمێکە ئێمە به‌هۆی دوژمنانمانەوه، ئەە‌نده لێتان دووربووینه‌ته‌وه كه ئێستا وەك نەتەوە و ئایینه‌كی جیاواز سەیرتان ده‌كه‌ین. ئاواتی من ئەوەیە كه ئەم جیاوازییانه نەمێنیت و ئێرانییەکان تێبگەن ئێمه پاشماوی پارسیەكانین و ئێرانیش نیشتمانی هەموومانە (ئاخوندزادە،١٣٥٧ :٣٤)
لەمبارەوە، ئاخوندزاده، هێرشی عەرەب بۆ سەر خاکی ئێران، وەک سه‌ره‌تای رووخانی شارستانییه‌تی ئێران پێناسە دەکات و هۆكاری سه‌ره‌كی بێ بایه‌خبوونی عه‌قڵ له‌ئێراندا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتگرتنی ئیسلام و گرنگتر له‌هه‌مووی ئامیته‌بوونی ره‌گه‌زی ئێرانی لە گەڵ عەرەبدا، وەک هۆكاری سه‌ره‌كی سه‌رهه‌ڵدانی بێ سامان بوونی بنه‌مای بیۆلۆژیکی مرۆڤی ئێرانی ناوده‌بات و لەمڕووەوە «عەرەب» وه‌ك پێپه‌تی،رووت و برسی، رێگر و وەحشی و حەیوان ، ناودەبات (ئاخوندزادە،١٣٩٥ :١٧٩)و هاوکات سەبارەت بە موسڵمان بوونی ئێرانییەکان دەنووسێت:« ئێمه به‌ئه‌مری سه‌عدی كوڕی وه‌قاس ئیسلامان قبووڵكرد. به‌پێی وه‌عده‌كانی ئه‌و ده‌بواییه له هه‌ر دوو دنیادا له‌خۆشی و سه‌روه‌ریدا باین. له ئه‌و دنیا كه هیچ هه‌واڵكمان به‌ده‌سته‌وه نییه. له‌م دونیاشدا هاوكات لە گەڵ قبووڵكردنی ئیسلام تا ئێستا تووشی ئه‌ونده چه‌رمه‌سه‌ری‌و كاره‌سات هاتووینە كه هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک تووشی نه‌بووه.»(ئاخوندزادە،هەمان: ٣٢)
ئاخوندزادە لەبەرامبەردا،پارسیەکان وەک نموونەی باڵا و جوانی سەرجەم نەتەوەکان ناودەبات (ئاخوندزادە،هەمان:٨٥) و بەوپەری خۆزگه‌وه ده‌نووسێت:«ئه‌ی ئێران، كوا ئه‌و هه‌موو به‌خته‌وه‌ریی و مه‌زناییه‌تیه‌ی سه‌رده‌می كیومه‌رس‌و جه‌مشێیه‌ر و گوشتاسب و نوشیروان و خوسرو پرویزه‌ت...تاد. عەرەبه ره‌ش و رووته‌كان هه‌زارو دووسه‌ت‌و هه‌شتاد ساڵه تۆیان كاول و چاره‌ڕه‌ش و داماو كردوه. زه‌وی تۆ كاولكراوه، خه‌ڵكه‌که‌ت گه‌مژه و له شارستانییه‌تی جیهان بێ ئاگاییه‌و له خه‌ڵاتی ئازادیش بێبه‌ش كراوە و پادشاکەشت بوەتە دیسپۆتیزم(ئاخوندزادە،١٣٩٥: ٢١)
کەواتە ئاخوندزاده كۆی خراپی و نه‌هامه‌تی و دواكه‌وتوویی و ئاڵۆزی دۆخی ئێران و خه‌ڵكی ئێران ده‌گرێنیته‌وه بۆ كاتی به‌ئیسلامکردنی ئێران و هێرشی عه‌رب بۆ سه‌ر ئێران و لەمبارەوە دەنووسێت عەرەبەکان:«بەرهەم و نیشانە و پاشماوەکانی پادشا فریشتەئاساکانی پارسیەکانیان کاول و وێران کرد»(ئاخوندزادە،هەمان:١٧٩) و به‌شێوازێك بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات، کە گوایە پێشتر ئێران بەهەشتێکی بێ هاوتا بووە و تەنانەت پاشاکانیشی وەک فریشتە بوونە و ئەوە عەرەبە رێگرەکان بوون ئەم بەهەشتەیان کاول و وێران کرد و لەمڕووەوە دەیەوێت باس لەوە بکات، تەنیا رێگه‌ی ده‌ربازبوون له‌م دۆخه ئاڵۆزه گه‌ڕانه‌وه‌ییه بۆ مێژووی كۆنارا و به‌واتاییه‌ك بونیاتنانه‌وه‌ی شوناسی پێش هاتنی ئیسلامی ئێرانییه‌كان كه به‌شوناسی ره‌سه‌ن و سەرەکی ئێرانییه‌كان، ناوی ده‌بات و له‌م كتێبه‌دا ئەندێشەی ناسیۆنالیزمی خۆی ڕاشكاوانه ده‌رده‌خات و خوازیاری یه‌كگرتنەوەی هه‌موو پارسییەکان واتە ئێرانییەکان لە گەڵ زەردەشتیەکان دەبێت و لەمبارەوە دەنووسێت:«ئێمه نه‌ته‌وه‌ی پارسیه‌كانین و ده‌بێت ته‌نیا پشتیوانی له‌پارسیه‌كان بكه‌ین، نه‌ك چه‌ته عەرەبه‌كان»(ئاخوندزادە،١٣٦٤ :٧٢)
دیارە ناسیۆنالیزمی ئاخوندزاده په‌یوه‌سته به باستانخوازی و ستایشی مێژووی کۆنارای ئێران و هه‌روه‌ها دژایەتی تۆخی عەرەب و تاراده‌یه‌ك رۆژئاواخوازی و لێره‌وه ناسیۆنالیزم لای ئاخوندزادە، ئیتر له پێگه‌ی نیشتمانخوازی و نیشتمانپەروەری و نه‌ته‌وەسازی تێپه‌ڕ ده‌بێت و هاوتا لە گەڵ دژه عەرەب دژی و ئیسلام بێزی و ده‌مارگرژی بۆ مێژووی كۆنی ئێران و به‌واتایه‌ك باستانپه‌ر‌ستی دەبێت و بە وتەی فه‌رزین وه‌حده‌ت: ئیتر«بۆچوونی ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ناسیۆنالیزم له‌باتی ئه‌وه‌ی ره‌چاوكه‌ری مافه‌كانی هاوولاتیبوون بێت، دژاییه‌تی كردنی عەرەب و به‌واتایه‌ك به «ئه‌ویتر»كردنی عەرەب دەبێت و لەمڕووەوە «ئه‌ویتر»ی ئاخوندزاده واته عەرەب ئیتر له ئاستێكی زۆر نزم و سووك دا پێناسە دەکرێت، بۆیه بە ئاسانی ئازادی و دیموكراسی لای ئاخوندزاده ئیتر ده‌كه‌وێته په‌راوێزه‌وه».(وحدت،١٣٨٢ :٨٥) و پرسی شوناسخوازی ئاخوندزادە، بەرەو ناسیۆنالیزمی فاشیانە نزیک دەبێتەوە.
به‌گشتی ئاخوندزاده له‌ڕیزی یه‌كه‌م رۆشنبیرانی ئێرانه كه بیر له‌دروستكردنی شوناسی ئێرانی ده‌كاته‌وه و گوتاری شوناسی ئێرانی ئه‌و بریتییه له‌به‌رجه‌سته‌كردنی مێژووی كۆنی ئێران و گرنگیدان به‌زمانی فارسی په‌تی[13] و به‌ئه‌ویتركردنی عەرەب و به‌واتایه‌ك باستانخوازی و عەرەب‌دژی و ستایشی رۆژئاوا، سێ توخمی سه‌ره‌كی ئه‌م گوتاره‌ن كه هاوكات لە گەڵ كاره‌كانی جه‌لالدین میرزا وەک سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدان و ده‌سپێكردنی ناسیۆنالیزمی ئێرانی، پێناسە دەکرێت[14] کە بێگومان« گوتاری ئێرانخوازی عێلمانی و باستانخوازیانه و هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌تی ئاخوندزاده بۆ شوناسی نه‌ته‌وه‌یی ئێران، كاریگه‌ری بەرچاو و سەیری له‌سه‌ر رۆشنبیرانی نه‌سڵه‌كانی داهاتوو»و هەروەها ئاراسته‌ی ناسیونالیزمی ئێرانی هه‌بووه. (اكبری، ١٣٨٤ :٦٧)
لە کۆتاییدا پێدەچیت وەبیرهێنانەوە و نووسینەوەی سێ خاڵ سەبارەت بە ئاخوندزادە و ئەندێشە و کاریگەرییەکانی، سوودمەندی تایبەت بە خۆی هەبێت.
یەکەم: ئاخوندزادە نزیکەی سه‌ت و حەفتا ساڵ له‌مه‌وه پێش، توانیویەتی له وڵاتێكی تا سه‌ر ئیسیقان ئایینی و ئیستبدادی وەک ئێران، ئازایانه و بوێرانه ره‌خنه‌ی ڕه‌ها له ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی و ئایینی بگرێت و ڕاشكاوانه به‌رگری له عیلمانییه‌ت و ریفۆرمی ئایینی و لیبرالیزم بكات و خۆی وه‌ك كه‌سێكی عیلمانی و لیبرال بناسێنێت.
دووەم: پرسی چاکسازی ئایینی و هەروەها بەگوتارکردنی کرێتیکا لە ئێران‌دا گەرچی بۆ یەکەمجار لە لایەن ئاخوندزادەوە هاتە ئاراوە، بەڵام ڕوانینی ڕووکشانەی بۆ پرۆتێستانیزم و هەروەها بێ ئاگایی لە ڕەوتی مێژوویی پرۆتێستانیزم لە لایەکەوە و ڕوانگەی پڕ لە بۆغزی سەبارەت بە ئیسلام و پێناسەکردنی ئەم ئایینە وەک بەشێک لە خورافاتی فەرهەنگی عەرەبی، ئەم پرسەی واتە پرسی چاکسازی ئایینی بۆ ماوەیەکی بەرچاو، بێ مانا و سەقەت کرد و هاوکات ئاستی ڕەخنەی بۆ لێدانی عەرەب، وەک تەنیا هۆکاری دواکەوتوویی ئێران دابەزاند کە تا ئیستاش وەک بەشێک لە گوتاری زاڵی دواکەوتوویی ئێران، بەردەوامە و ئەمە خۆی لە خۆیدا، بەربەستی سەرەکی لە پێناو ڕوونکردنەوە و خویندنەوەی زانستی لە سەبەبەکانی دواکەوتوویی و هەروەها پرسی چاکسازی لە ئێران‌دا بۆ ماوەیەکی بەرچاو بووە.
سێیەم: هەوڵی ئاخوندزادە لە پێناو دروستکردنی شوناسی مودێرنی ئێرانی لە سەرهەڵدانی گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی نزیک لە فاشی کە تا ئیستاش وەک بەشێک لە گوتاری زاڵی ناسیۆنالیزمی ئێرانی خۆی دەنوێنێت، رۆڵی بەرچاو و تەناتەت سەرەکی هەبووە و لەمڕووەوە دەکرێت ئاخوندزادە وەک دەسپێکەری ناسیۆنالیزمی ئێرانی پێناسە بکرێت.
پاشنووسەکان:
١)هەست دەکرێت لێردا واتە لە سەرەتای ئەم بەشەدا، وەبیرهێنانەوەی خاڵێک پیوێست بێت، لەبەشی یەکەم و دووەمی ئەم زەنجیرە یادداشتەدا، لە چەند شوێنکدا، ئاماژە بە دەستەواژە و ناوونیشانی «یەکەم بەرەی گەشتنامەنووسانی ئێرانی» کراوە، پێدەچێت ئەم ناوونیشانە، بەردەنگ و خوێنەری ناشارەزا بە ئێران، تووشی ئەم هەڵەیە بکات کە یەکەم گەشت بۆ دەرەوە و بەتایبەتی وڵاتانی رۆژئاوایی لەم سەردەمەدا دەستی پێدەکرد و ئەو لە حاڵێکدایە لێرەدا مەبەست ئەوە نییە کە لەم سەردەمەدا بۆ یەکەمجار گەشتی ئێرانییەکان دەستپێدەکات و گەشتنامەنووسی لە دایک دەبێت، بەڵکوو مەبەست لە ناوونیشانی «یەکەم بەرەی گەشتنامەنووسانی ئێرانی»، ئەو بەرە لە گەشتنامەنووسانەیە کە بەرهەمەکەیان بۆ یەکەمجار گوزارەشت لە مودێرنیتە و دەسکەوت و دەرکەوتە و دیاردەکانی مودێرنیتە دەکات. دیارە گەشتی ئێرانییەکان و بەتایبەتی نوێنەرانی شاە عەباس بۆ رۆژئاوا و دواتریش گەشتی خۆویستانەی هەندێ کەسی سەربەخۆ بۆ بەشی ئاسیای دوور یان ئاسیای ناوەڕاست دەست پێدەکات و لەمبارەوە دەکرێت ئاماژە بە «گەشتنامەی دون خوانی ئێرانی» یان «گەشتنامەی ئورۆج بەگ»، نوێنەری شاەعەباس بۆ بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا و هەروەها «گەشتنامەی خەتای سەی عەلی ئەکبەری خەتایی» بۆ ئاسیای ناوەڕاست و ناوچەی سیام بکرێت، بەس ئەم گەشتنامانە، ئاماژە بە هیچ چەشنە زانیاریەک سەبارەت بە فەرهەنگی نوێ رۆژئاوا ناکەن سەڕەرای ئەوەش کە لەم سەردەمەدا واتە سەردەمی سەفەوییەکاندا، یەکەم دەرکەوتەکانی فەرهەنگ نوێ رۆژئاوا واتە مودێرنیتە دەردەکەوێت.
لەمبارەوە واتە بۆ شارەزابوون و بۆ زانیاری وردتر و زۆرتر لە گەشتی ئێرانییەکان بۆ دەرەوە لە سەردەمی سەفەوییەدا، بڕوانە: طباطبایی، جواد(١٣٩٩) تاملی دربارە ایران، جلد نخست: دیباچەای بر نظریە انحطاط ایران، تهران، مینوی خرد، لا ٣٣٧-٢٨١
هەروەها بۆ ئاگاداربوون لە ڕەوتی گەشتنامە نووسی لە ئێران‌دا، بڕوانە: دانش پژوە، منوچهر(١٣٨٠) سفرنامە، تا پختە شود خامی، تهران،ثالث
٢) لە ئەدەبیاتی سیاسی و فەرهەنگی ئێرانی پێش مودێرن، وشەی میرزا بە دوو مانای جیاوازی «خوێنەوار» و «شازادە» بەکار هاتووە، بەو پێیە گەر ئەم وشەیە لە پێش نێوی کەسەکەدا هاتبێت ئەو بە مانای «خوێنەوار» بەکار هاتووە، بۆ نموونە میرزا خوسرەو، واتە خوسرو کەسێکی خوێنەوار بووە، گەریش پاش نێوی کەسەکەدا بەکار هاتبێت ئەوە بەمانای ئەوەیە، ئەو کەسە «شازادە» و بەواتایەک لە بنەماڵەی پاشاییەتی خاوەن دەسەڵاتە بۆ نموونە «خوسرو میرزا» ئیتر بە مانای ئەوەیە خوسرەو، شازادە و لە بنەماڵەی پادشاییە.
٣) هەڵبەت لەم ئاراستەیەدا، نابێت چاو لەم راستیە داخەین کە شیرازی و تا ڕادەیەکی بەرچاویش ئەمینەدەوڵە، لەمبارەوە جیاوازن، وەک نموونە، شیرازی وەک ئەوانی ترێش توشی سەرسوڕمان دەبێت و هەوڵیش بۆ ناساندنی دیاردەکانی مودێرنیتە دەدات و زۆر جارێش روانینی بە مودێرنیتە روکەشانەیە، بەڵام سەرسوڕمان و جەختکردنەوەی شیرازی لە بەدەرکەوتنی ژنان لە فەزای گشتی تا ئەو رادەیە نیە کە وەک ئەوانی تر زۆر شت فەراموش بکات و لە دەرنجامدا هاودەمبوونی ژنانی رۆژئاوا هەڵببژێریت، بەڵکو بە پێچەوانەی ئەوان نە ماندوو دەبێت و نەک کات بۆ ژنانی رۆژئاوا تەرخان دەکات و تەنانەت بە جیددی هەوڵ بۆ ناسینی بناغەی پێشکەوتنی رۆژئاوا دەدات و لەم روەوە زانیاری نوێ و دەگمەن، ئاراستەی کۆمەڵگای ئێرانی دەکات و بە چاپکردنی یەکەم رۆژنامەی فارسی،چینی نوخبە و خوێندەوار و زانا بۆ تازەگەری و گۆڕانکاری هان ئەدات و تەنانەت ئەتوانێن بڵێن کاریگەری شیرازی لە سەر کۆمەڵگای ئێرانی لە ئاست نووسەران و بیرمەندانی بەرەی یەکەمی رۆشنبیری ئێران وەک ئاخوندزادە،جەلالەدین میرزا و بە گشتی بەناوبانگترین رۆشنبیرانی بەرەی یەکەمی مێژووی رۆشنبیری ئێرانە کە لە درێژەدا ، ئاماژەیان پێدەدرێت.
٤) هەست دەکرێت لە کۆتایی ئەم بەشە واتە بەشی گەشتنامەنووسان، باشتر ئەوە بێت ئاماژەیەکی کورت بە کۆی ئەم یادداشتانە بدرێت، بەشی یەکەمی ئەم یادداشتانە، پێشتر لە کوردستان و پەیسەر، بڵاو کرایەوە کە پێدەچێت هەم لاواز بوو، هەمیش هەڵەی زەقی زۆری تێدابوو، ئەمەی بەردەستان، سەرەڕای بوونی هەڵە و تەنانەت کەم و کورتی، دەقی سەرەکی و کۆتایی ئەم توێژێنەوەیە، کەواتە هەم لە باری بابەت و ناوەرۆکە پیاچوونەوەی ورد و کۆتایی کراوە و هەمیش لەمبارەوە کە مێژووی سەرهەڵدانی گوتاری مونەوەری و ڕۆشنبیری ئێران لە سەرەتاوە تا شۆرشی ئیسلامی ١٩٧٩ واتە تا سەردەمی سەرهەڵدانی رۆشنبیرانی دژە رۆژئاوا و گوتاری رۆژئاوادژی لە خۆ دەگرێت، کامڵتر و تا ڕادەیەکی بەرچاو، ڕێک و پێکتر دەنوێنێت و لە ئەساسیشدا، ئەم نوسخەیە بە پێشنیاری کاک د.فارق ڕەفیق، پیاچوونەوە و تەواو کراوە و لەمڕووەوە، تایبەت بە گۆڤار و سایتی «ئاوەز» ئامادە کراوە.
٥)سەبارەت بە پرسی کاریگەری ئەستەمۆڵ و باکۆ لە سەر گوتاری رۆشنبیرانی ئێران و بەتایبەت سەرهەڵدانی رەوتی مونەوەری ئێرانی بڕواننە: متین،افشین(١٣٩٩) هم شرقی، هم غربی، تاریخ روشنفکری مدرنیتە ایرانی، ترجمە حسن فشارکی، تهران،شیرازە، لاپەرکانی:٧٨-٣٤
٦) لەمبارەوە واتە سەبەب و هۆکارەکانی سەرهەڵدانی مودێرنیتە و تازەگەری و هەروەها دیاردەی مونەوەری لە ئێران‌دا، دەنگ و ڕەنگی جیاوازتریش بەدی دەکرێت، بۆ نموونە محەمەد تەوەکولی تەرەقی، مامۆستای بەناوبانگی مێژووی ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەراست لە زانکۆ تورنتۆی کەنەدا، پێوایە، تازەگەریی ئێرانی، بەرهەمی مودێرنیتەی رۆژئاوایی نییە و ئەساسەن، میرات و سونەتی پێشووی ئێرانی لە هیندستان کاریگەری سەرەکی لە سەرهەڵذانی رەوتی چاکسازی و تازەگەری لە ئێران‌دا هەبووە، بۆ زانیاری لە سەردەمی هێرشی ئیسلام بۆ ئێران، ژمارەیەک زەردەشتی لە ئێرانەوە بەرەوو هیندستان هەڵدین کە بە پارسییەکان ناسراون، ئەم پاراسیانە لە هێندستاندا، ئارام ئارام دەست بە کۆکردنەوەی سامانی کۆنی ئێرانی دەکەن و دواتریش بە زمانی فارسی پەتی دەست بە نووسینی مێژووی ئێران دەکەن و لەوانەش ئاماژە بە چەندین بەرهەمی وەک دەساتیر ئاسمانی، شارستانی چوار چەمەن،نامەی فەرارستان ودەبستان دەکات، ئەم میراتە بە ڕای تەوکولی تەرەقی لە سەرهەڵدانی ڕەوتی مونەوەری و تازەگەری و تەجدودی ئێرانی و هەرەرها چاکسازی، ڕۆڵی سەرەکی هەبووە بۆ زانیاری زۆرتر بڕوانە:
توکلی طرقی، محمد(١٣٩٥) تجدد بومی و بازاندیشی تاریخ،تهران،پردیش دانش وهەروەها:
Mohamad Tavakoli-Taraghi, Refashioning Iran: Orientalism, Occidentalism, and Historiography (London: Palgrave Macmillan, 2001)
٧)بۆ ئاگاداری و شارەزایی لە کاریگەری ئاخوندزادە لە سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و هەروەها تایبەتمەندییەکانی ،بڕوانە ئەم بەرهەمە نایابە کە هەر دوو نوسخەی فارسی و ئینگلیزی لە بەر دەستدایە
ضیا ابراهیمی، رضا(١٣٩٦) پیدایش ناسیونالیسم ایرانی، نژاد و سیاست بی جاسازی، ترجمە حسن افشار، تهران، مرکز
Reza Zia-Ebrahimi, The Emergence of Iranian Nationalism: Race and the Politics of Dislocation (Columbia University Press, 2018)
٨) شاری «نۆخه» پاش شكستی ئێران لە ڕووسیا و به پێی گرێبه‌ستی «توركمانچای» له ساڵی(١٨٢٨) واته ئه‌و كاته كه‌وا ئاخوندزادە لە تەمەنی ١٦ ساڵاندا بوو، له ئێران جیا دەبێتە و دەبێت بە به‌شێك له خاکی ڕووسیا.
٩)بۆ ئاگاداربوون لە ڕاوبووچۆنی ئاخوندزادە سەبارەت بە ژنان و پێویستی ئازادی بۆ ژنان بڕوانە:
عروجی، فاطمە(١٣٩٥) زن در اندیشە میرزا فتحعلی آخوندزادە، ایران نامە، دورە جدید، سال ١، ش، بهار(١٣٩٥) لا ٣١٦
١٠) باستانخوازی یان ئاركایزم(Archaism) له ئێران‌دا دیاردەیەکی نوێیه كه له‌كۆتایی دەسەڵاتی قاجارییەکاندا له ئەدەبیاتی فەرهەنگی و سیاسی ئیران‌دا دەرکەوت (بیگدلو،١٣٨٠ :١) و لەمڕووەوە بۆ پێناسەکردنی شوێنكەوتووان و لایەنگرانی شۆناسی کۆنارای ئێران، سیفەتی باستانخواز یان کۆناراخواز بەکار دەهێنن. باستانخوازەکان دەیانەوێت به وەسفکردن مێژووی پێش ئیسلامی ئێران وەک سەردەمێکی زێرین و پڕشکۆ و لێوان‌لێو لە خۆشی و سەرەوەری، شۆناسێکی نەتەوەیی جیاواز لە ئیسلام و عەرەب و تەناتەی دژی عەرەب بۆ ئێرانییەکان ساز بکەن، به‌ڕای بیگدلۆ، پەرواێزخستنی كه‌لتوورو ئایینی ئیسلام وەک هۆكاری دواكه‌وتنی كۆمەڵگا، دابەشكردنی مێژووی ئیران بۆ دوو سەردەمی مێژووی باستان(کۆنارا) و مێژووی ئیرانی پاش ئیسلام لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی گوتاری باستانخوازین (بیگدلو،١٣٨٠ :٢٠ ). ئاخوندزادە، جەلالەدین میرزا و ئاقاخانی كرمانی لە ریزی بەناوبانگترین رۆشنبیرانی باستانخوازی ئیران دێنە ئەژمار.
١١) ئاخوندزادە لە پێشەکی ئەم کتێبەدا، سەرەڕای ئاماژە بە هەندێ چەمک و دەستەواژەی فەرهەنگی سیاسی مودێرن، بۆ یەکەمجار پێناسەیەکی کورت لەم چەمکانە، پێشکەش دەکات کە لێرەدا بە چەندین نموونەی بەرچاویان ئاماژە ئەدرێت کە هەست دەکرێت بۆ فام و تێگەیشتن لە گوتاری ئاخوندزادە، تا ڕادەیەکی بەرچاو،سوودمەند بێت.وەک نموونە دیسپۆت: بریتییە لە پادشاییەک کە لە هەڵسووکەوت و رەفتاری خۆیدا، ڕەچاوی هیچ یاسا و ڕیسایەک ناکات، بە سەر ماڵ و گیانی خەڵکدا بە تەواوەتی زاڵە، بە کەیف و حەزی خۆی دەجووڵێیتەوە و خەڵکیش لە ژێر دەسەڵاتی پاشاییەتی ئەودا بەردەوام دەبنە کویلە و سووک و ڕێسوا دەکرێت و گرنگتر لە هەمووی لە سەرجەمی مافی ئازادی و ئینسانی بە تەواوەتی بێبە‌ش کراون..بڕوانە: ئاخوندزادە، فتحعلی(١٣٩٥) مکتوبات کەمال‌الدولە و ملحقات آن، بە کوشش علی اصغر حقدار، باشگاە ادبیات.ل: ١٣-١٢ و هەروەها
سیویلیزاسیۆن: واتە رزگاری نەتەوەیەک لە جەهل و نەفامی و وەحشیگەری و بەدەست هێنانی مەعریفە بۆ ژیان( آخوندزادە، هەمان: ١٣) فەناتیک: واتە، ئەو کەسەی کە چوارەچێوەی ئایین و مەزهەب و هەروەها دمارگرژی ئاینیی بگاتە ئەو ئاستەی کە لە بەرامبەر دژبەرانی ئایین و دین، دژمنایەتی تەواو بکات و بێزاتی خۆی ڕاشکاوانە پیشان بدات و لە هەر دەرفەتێکیشدا کە بۆی ساز دەبێت، هێرش دەباتە سەر ماڵ و گیان و ناموسی خەڵک و کەمترین ڕەحم و بەزەییش بە کەس نەکات( آخوندزادە، هەمان: ١٤) پاتریۆت: واتە ئەو کەسەی کەوا ماڵ و گیانی، بەختی نیشتمان و نیشتمان پەرەستی و خۆشەویستی نەتەوەکە دەکات و لە پێناو بەرژەوندی و ئازادی نیشتمان و نەتەوەکەی، هەوڵی تەواو دەخاتە گڕ( آخوندزادە، هەمان: ١٦) پولیتێک: واتە ئەو شێوازەی کە هەموو کەسێک بتوانێت و بوێرێت لە کاروباری پاشایەتی و مەملەکەتی خۆیدا، بەشداری بکات و بەرژوەندی دەسەڵات و مەملەکەتەکەی ڕەچاو بکات( هەمان: ١٦)
پرۆقرە(progress): واتە خەڵک لە بواری زانست و سەنعەت و بیروبڕوادا، خوازیاری پێشکەوتن بێت و لە پێناو رزگاربوون لە حاڵەتی جەهالەت و نەزانین و وەحشیگەریدا، هەوڵ بدات( آخوندزادە، هەمان: ١٥) لیبراڵ: واتە ئەو کەسەی کە لە خەون و خەیاڵی خۆیدا بە تەواوەتی ئازاد بێت و قەت نیگەرانی هەڕەشە ئاینیەکان نەبێت و بەو شتانەی کەوا لە بازنەی عەقڵدا جێ ناگرن و عەقڵ پەسەندیان ناکات، کەمترین بایەخ نەدات( هەمان:١٧)
١٢) بۆ باسکردنی ورد و قووڵ لە پرسی چاکسازی ئایینی ئاخوندزادە بڕوانە ئەم لێکدانەوە نایابەی تەباتەبایی لە ژێر ناوونیشانی تێوری چاکسازی ئایینی لەم بەرهەمەی خوارەوە
طباطبایی، جواد(١٣٩٥) تاملی دربارە ایران، جلد دوم: نظریە حکومت قانون در ایران، تهران، مینوی خرد: ١٩٦-١٥٢
١٣) ئاخوندزادە له‌نامه‌یه‌كدا بۆ جەلالەدین میرزا، ڕاشكاوی پشتگیری له شێوازی فارسی نووسینی ئەو واتە بەکار هێنانی وشەی فارسی په‌تی و سڕێنەوە وشه عەرەبیه‌كان ده‌كات و ئەم كاره وه‌ك هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ری و نیشتمان دوستی جەلالەدین میرزا ته‌عبیر ده‌كات (جلال دین میرزا،١٢٨٥ :٨ ⁄٢)
١٤) لەمبارەوە واتە ناسیۆنالیزمی نزیک لە فاشی ئاخوندزادە و کاریگەری لە سەر رەوتی ناسیۆنالیزمی ئێرانی بڕوانە: ضیا ابراهیمی، رضا(١٣٩٦) پیدایش ناسیونالیسم ایرانی، نژاد و سیاست بی جاسازی، ترجمە حسن افشار، تهران، مرکز
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved