٢)جەلالەدین میرزای قاجار (١٨٧٢-١٨٢٦)
«گه‌وره‌م، ئێوه زمانی ئێمه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی عه‌رب رزگار كه‌ن، ئەمنیش له هەوڵ و تەقەلای ئه‌وه‌دام له ده‌س خه‌تی عه‌رەبی رزگاری كه‌م» (آخوندزادە،١٣٥٧ :١٧٢ )
جەلالەدین میرزای قاجار، په‌نجاو پێنچەمین كوری پادشای ئێران، واته فه‌تح عهلیشای (١٨٣٤- ١٧٩٧ ) قاجاره، دایکی واتە خاتوو«هۆما»، کچی جەمشیدبەگ، سەر بە عەشیرەتی کوردانی جەهانبەگلوو بوو[1] کە لە حەرمی شاهانەدا، بە پۆشینی جلی فەرەنگی و هەڵسووکەوتی فەرەنگی ناسرابوو.( عضدالسطنە،١٣٥٥ : ٤٢)
کاتێک تەمەنی جەلالەدین هەشت ساڵان دەبێت، بابی واتە فەتح عەلیشای قاجار کۆچی دوایی دەکات و بەهاتنە سەرکاری محەمەد شای زڕبرای، جەلالەدین میرزا و منداڵانی دیکەی فەتحعەلیشاە بە پێی نەریتی شاهانە لە حەرمی شاهانە دوور دەخرێنەوە و لەبەر ئەوەی حەزی لە خوێندن و فێربوون دەبێت، سەرقاڵی خوێندن و بەتایبەتی خوێندن و فێربوونی زمانی فەرەنسی دەبێت و هەر بە کردنەوەی یەکەم خوێندنگەی سەردەمیانەش لە تارانی پێتەخت واتە ناوەندی خوێندنی باڵای «دارولفنوون»[2]، سەرقاڵی فێربوونی چەندین زانستی سەردەمیانە و بە تایبەتی باشترکردنی زمانی فەرەنسی دەبێت، کە بە لایەوە«شیرین‌ترین زمانی فەرەنگی و کلیدی زانستە»( جلال ا‌لدین میرزا، ١٩٠٤: ٤-٥)
گەرچی جەلالەدین میرزا هەر لە منداڵییەوە حەزی بە خوێندن و فێربوون دەبێت، بەڵام بە پێچەوانەی نەریتی باوی ئەو سەردەمە، کەمترین حەزی بە بابەتی ئایینی نابێت و تۆخنی ناکەوێتەوە و تەنانەت دەنگۆی ئەوەش بڵاو دەبێتەوە کە وازی لە ئایین ئیسلام هێناوە و بۆەتە «زەردەتشتی» و هەر بەمبۆنەوە ئیتر وەک کەسێکی بێ دین و دژە ئایین ناوبانگ دەردەکات(دیوان بیگی،١٣٦٤: ٣٧٠/١)
هەر لەمسەردەمەدا، واتە لە ساڵی(١٨٦١)، یەکەم «یانەی لەبیرکردن» یان هەمان «فەرامامۆشخانە»[3] لە ئێران‌دا بە لاساییکردنەوە لە ناوەندەکانی فەراماسۆنی رۆژئاوا لە لایەن مەلکۆم خانی ئەرمەنیەوە، دادەمەزرێت و دەبێتە ناوەندی کۆبوونەوەی مونەوەران، لەم ناوەندە پڕ لە ڕازوسەیرەدا، باس لە بابەتی وەک ئازادی، قانوون و چاکسازی سیاسی و بە گشتی ئەندیشەی رۆژئاوایی دەکرێت و لەم نێوەندەشدا، جیا لەوەی جەلالەدین میرزاش دەبێتە ئەندامی فەرامۆشخانە، تەنانەت لە لایەن «مەلکۆم خان»ەوە، وەک یەکەم سەرۆکی فەرامۆشخانە دەستنیشان ودیاری دەکرێت.
سەرەتا پادشای ئەوکاتەی ئێران واتە ناسرەدین شا، پشتگیری تەواوی خۆی بۆ فەرامۆشخانە ڕادەگەیەند و تەنانەت یارمەتی دارایی ئەم ناوەندە و خۆدی جەلالەدین میرزاش لە ئەستۆ دەگرێت ، بەڵام دواتر و بە هۆی دەنگۆی کەسانی نزیک لە شاە،کە گوایە ئەندامانی فەرامۆشخانە، سەرقاڵی پیلانگێڕی و داڕشتنی پلانی ڕووخاندنی دەسەڵاتی «ناسرەدین شا»ی قاجارن، لە ناکاودا، ئەندامانی فەرامۆشخانە دەکەونە بەر غەزەبی شاە و بەمبۆنەوە جیا لەوە فەرامۆشخانە دادەخرێت، بە ئەمری شاە و بە بیانوو و پاساوی ئەوەی کە فەرامۆشخانە بانگەشەی بێ دینی و ناپاکی دەکات، دەکەونە بەر پەلاماری هێزەکانی دەسەڵات و لەپڕا هێرش دەکرێتە سەر ئەندامانی فەرامۆشخانە و لە میانەی ئەم پەلامار و هێرشانەدا، ماڵەکەی جەلالەدین میرزاش وێران دەکرێت،گەرچی جەلالەدین میرزا لە بەر ئەوەی سەر بە بنەماڵەی شاهانەی قاجارە، لە مەرگ رزگاری دەبێت و دەبەخشدرێت (دیوان بیگی،١٣٦٤: ٣٧٠/١) بەڵام تا کۆتایی تەمەنی گۆشەگیر دەبێت و لە دەزگا و بارەگای شاهانە دوور دەخرێتەوە.
هەر لەم کاتەدا، دەرفەت بۆ جەلالەدین میرزا دەرخسێت بۆ ئەوەی کاتی باشتر و زۆرتر بۆ خوێندن و بەتایبەت نووسین تەرخان بکات و هەر لەم ماوەیەدا، كتێبی«نامه‌ی خوسرەوان»یان «مێژووی پادشاكان»، دەنووسێت و بە نووسینی ئەم کتێبە، لە مێژووی ئەندیشە و ڕۆشنبیری ئێران‌دا، وەک یه‌كێک له مونەوەرانی بەناوبانگی نەسڵی یەکەم و هەروەها ده‌سپێكه‌ری گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی ناوبانگ دەردەکات.
دەسپێکردنی مێژوونووسی ئێران تەوەر:
چوونکە بیرم لەوە کردەوە تازییەکان(عەرەبەکان) زمانی باب و باپیرانی ئێمەیان وەک زانستەکانی دیکەمان لە نێوبردوە و تاڵان کردوە و لە ئیستاشدا تەنیا جگە ناوێک هیچیان لێ نەماوەتەوە، بریارمدا، بە زمانێک سادە و ساکار و بە شێوازی فەرەنگیەکان(رۆژئاواییەکان) ....بەرهەمێک بنووسم بەو هیوایە سوودێکی بۆ خەڵکی نیشتمانەکەم هەبێت، لەمبارەوە باشتر و شیاوتر لە چیرۆکی پاشاکانی پارس شتێکم شک نەبرد کە سەرەڕای ئەو هەموو سەروەریی و بەرزی نێوبانگیان، بە هۆی تازییەکانەوە لە نێوچووە، لەمڕووەوە دەستم پێ‌کرد و نێوی نامەی پاشاکانم بۆ ئەم بەرهەمەمم هەڵبژارد کە لە چوار بەشدا پێشکەشی دەکەم( جەلالەدین میرزا بۆ ئاخوندزادە)[4]
یەک لە ئەنجامە دیارەکانی ڕووبه‌رووبونه‌وه‌ی ئێرانی سەردەمی قاجار له گه‌ل رۆژئاوای مودێرن، سه‌رهه‌ڵدانی گوتاری«نه‌ته‌وه‌سازی» و «شۆناسخوازی» و به واتاییه‌ك ڕووکردن و بیرکردنەوە لە شۆناسی نۆی ئێرانی بووه کە له‌م رووبه‌رووبونه‌وه‌دا: «سێ گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی ئایینخواز، ناسیۆنالیزمی ئێرانی نەتەوەخواز و ناسیۆنالیزمی ئێرانی سیكۆلار و باستانخواز (كۆنینه خواز) سه‌ر ههڵەدات» (اكبری، ١٣٨٤ :٧٧ – ٥٧ ) و جەلالەدین میرزای قاجاریش، لە رێگەی نووسێنی كتێبی«نامه‌ی خوسرەوان»یان هەمان «مێژووی پادشاكان»، وەک دامەزرێنەری مێژوونووسی ناسیۆنالیستی و ئێران تەوەرەی دەناسرێت.
لەمڕووەوە جەلالەدین میرزای قاجار، یەکەم مونەوەری ئێرانی بوو کە مێژووی ئێرانی بۆ یەکەمجار لە فورم و شێوازێکی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمیدا نووسییەوە و گێرایەوە، لەم شێوازەدا، جەلالەدین میرزا،وێنای ئێرانی وەک وڵاتێکی خاوەن مێژووی بەردەوام لە سەردەمی پێش ئیسلامەوە تا سەردەمی قاجار، پیشاندا[5](ضیاابراهیمی،١٣٩٦: ٧- ٥٦) و گوایە ئەم وڵاتە هەر لە سەرەتاوە تا ئیستا هەر بوونی بووە و تووشی کەمترین پچڕان نەبووە و خاوەن شۆناسی تایبەت بە خۆیەتی.
لەم شێوازە گێرانەوەیەدا بە پێچەوانەوەی نەریتی مێژوونووسی و مێژوونووسی باوی ئەم وڵاتە و ناوچەکە، ئێران و ڕووداوەکانی ئێران، وەک یەکەیەکی سیاسی مێژوویی و بەواتاییەک ئەزەلی پیشان ئەدرێت، هەر ئەو شتەی کەمترین پێوەندی بە ئێرانەوە نییە، بەئاسانی پەراوێز دەخرێت و تەنیا باس لە ئێران و ڕووداوەکانی ئێران و خاکی ئێران و گەورەکانی ئێران و پاشاکانی ئێران دەکرێت و سەرجەمییشیان ستایش و کەمترین ڕەخنەش ئاراستە مێژووی پێش ئیسلامی ئێران و پاشاکانی ئێران ناکرێت و لەبەرامبەردا، بەوپەری ناشیرینەوە ئاماژە بە عەرەب دەکرێت و عەرەب وەک «ئەوی» دیکەی شۆناسی ئێرانی پیشان ئەدرێت کە بووتە هۆی دواکەوتوویی و کاولی ئێران و لە بەرامبەردا هەوڵ ئەدرێت بەردەوام ستایشی ئێرانی کەونارا و پادشاکانی مێژووی پێش ئیسلام بکرێت و ئەمە بۆ یەکەمجار لە لایەن میرزا جەلالەدین میرزای قاجارەوە دەستی پێ‌کرد.[6]
سەیر ئەوەیە لەم کتێبەدا، جەلالەدین میرزا ئەوندە ڕق و کینەی لە عەرەب هەیە، لە نووسینی کتێبەکەدا، وشەی عەرەبی بەکار ناهێنیت، تەنیا وشەی فارسی پەتیبەکار دێنێت و لەم ئاراستەیدا، کەمترین ئاماژەش بە وشەی «عەرەب» ناکات و لە باتی وشەی «عەرەب»، وشەی فارسی «تازی» بە مانای نامۆ و بێگانە، وەک سووکایەتی بەکار دەبات و تەنانەت کەمترین ئاماژەش بە نێوی پێغمبەری ئیسلام و دەسکەوتەکانی ناکات و بە گشتی، مێژووی ئیسلام نە ئەنقەست پەراوێز دەخات و بەواتاییەک لە مێژووی ئێران‌دا دەیسرێتەوە.
دواتر ئەم شێوازە گێرانەوەیە و بەواتاییەک ئەم شێوازە مێژوونووسینە کە دەکرێت وەک سەرەتای «مێژوونووسی نەتەوەیی»،دەستنیشان بکرێت،دەبێتە گوتاری زاڵی ناسیۆنالیزمی ئێرانی کە خاوەن چەندین تایبەتمەندی سەرەکییە و لەوانەی دەکرێت ئاماژە بە ڕق و بۆغز بەرامبەر بە عەرەب و ناوبردنی وەک «تازی» و «تازییەکان»، ناساندنی عەرەب وەک هۆکاری سەرەکی دواکەوتوویی ئێران و لەبەرامبەردا، ستایشی مێژووی ئێران پێش ئیسلام، بکرێت و لەمڕووەوە دەکرێت جەلالەدین میرزای قاجار، لە پاڵ ئاخوندزادە و میرزائاقاخانی کرمانی وەک دەسپێشخەرانی گوتاری عەرەب دژی لە پێناو ساختەکردنی شۆناسی مودێرنی ئێرانی و هەروەها پرسی نەتەوەسازی، پێناسە بکرێن. (ضیاابراهیمی،هەمان : ١٤٩)
ئەوەش لە بیر نەکرێت، بیرۆكه‌ی نووسینی «نامه‌ی خوسرەوان»، به وته‌ی خۆدی جەلالەدین میرزای قاجار، دوو شتی سه‌ره‌كی واتە پاڵاوتنی زمانی فارسی له وشه‌ی عه‌ره‌بی و تەنانەت توركی و هەروەها نووسێنه‌وه‌ی مێژووی كۆنارای ئێران بە مەبەستی ئاشتەوایی ئێرانییه‌كان له گه‌ڵ رابردووی پڕشكۆی خۆیان بوو، لێره‌وه جەلالەدین میرزای قاجار لە پێناو بنیاتنانی شۆناسی نۆی ئێرانی و هەروەها پرسی نەتەوەسازی له سه‌ر دوو تۆخمی سه‌ره‌كی واتە پاڵاوتنی زمانی فارسی لە وشەی بیانی و هەروەها ستایشکردنی مێژووی کۆنارا«باستان»ی ئێران جەخت دەکاتەوە.(اكبری، ١٣٨٤ :٧٧ – ٥٧)
پاڵاوتنی زمانی فارسی:
جەلالەدین میرزا هەر له سه‌ره‌تای كتێبی «نامه‌ی خوسرەوان»دا، ڕاشکاوانە باس لەوە ده‌كات، مەبەستی سەرەکی له نووسینی ئه‌م كتێبه ئەوە بووە کە ویستوویه‌تی زمانی فارسی كه به «پارسی» ناوی ده‌بات له وشه‌ی عه‌ره‌بی خاوێن بكاته‌وه و له‌مباره‌وه ده‌نووسیت: «رۆژێک له بیری ئەوەدابووم كه بۆ ئێمه ئێرانییه‌كان زمانی باب و باپیرانی خۆمان فه‌رامۆشكردوه ...تۆزێك بۆ له نێوچوونی ئه‌م زمانه خه‌فه‌ته‌م خوارد و پاش ئه‌وه ویسته‌م بۆ ژیانه‌وه‌ی ئه‌م زمانه، بەرهەمێک به زمانی پارسی ده‌سپێبكه‌م و باشتر له مێژووی پادشاكانی خۆمان شتێكی دیكه‌م شك نه‌برد، هەر بۆیه ناوونیشانی «نامه‌ی خوسرەوان»م بۆ ئەم كتێبه هەڵبژارد» (قاجار،١٢٨٥ :٩ )
بۆچوونی جەلالەدین میرزا سه‌باره‌ت به بیرۆكه‌ی «پارسی نووسینی» خاوێن و ته‌قه‌لا بۆ سرێنه‌وه‌ی وشە عەرەبییەکانی نێو ئەم زمانە، له لایان مونەوەرانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێرانەوە،پەرچه‌كرداری جیاوازی لێكهوتهوه، بۆ نموونە،«ئاخۆندزاده» وه‌ك هه‌ستی نیشتمانخوازی و نیشتمانپه‌روه‌ری، ته‌عبیر له‌م كاره دەکات (قاجار،١٢٨٥ :١٢-٨ ⁄٢ ) و جەلالەدین میرزای قاجار وه‌ك «كه‌سێكی نیشتمانپه‌روه‌ر» و «ئێرانیخواز» ناوی دەبات و لەبەر ئەوەی کە دەیەوێت زمانی فارسی لە وشەی عەرەبی وتورکی خاوێن بکاتەوە، پڕ بە دڵ ستایش و سپاسی دەکات و لەمبارەوە دەنووسێت:« تۆ كه توانایی ئەوەت هەبوو زمانی پارسی له وشه‌ی عه‌رەبی خاوێن بكه‌یته‌وه، شیاوی هەموو ستایشێکی، خۆزگه هه‌مووان وه‌ك تۆیان دەكرد و زمانەکەمان كه ڕازاوەترین و شیرین‌ترین زمانی دنیایە له وشه‌ی ناحەزی عەرەبی رزگاری ده‌كرد، گه‌وره‌م، تۆ زمانی ئێمه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی عه‌رب رزگار بكه، منیش له ته‌قه‌لای ئه‌وه‌دام له ده‌ست خه‌تی عەرەبی رزگاری كه‌م، خۆزگه كه‌سێكی دیكه دەهات و نه‌ته‌وه‌كه‌مانی له ده‌ست كلتووری ناحەزی ئه‌م عه‌رەبه كه‌وا هه‌زاران ساڵه كلتووری به‌رزی ئێمه‌یان په‌راویز خستووه و نیشمانی وه‌ك گوڵزاری ئێمه‌یان به تهواویەتی کاول كردوه و «هه‌موومان»یشی تەرەس و كویله كردوه، رزگار دەكرد» (آخوندزادە،١٣٥٧ :١٧٢ )
له به‌رامبه‌ردا،« تالبۆف»، سه‌ڕه‌رای ئه‌وه‌ی جەلالەدین میرزای وه‌ك «مونەوەری زانستپه‌روه‌ر» ناو ده‌بات،(تالبۆف، ١٣٤٧ :٢٦٨) به توندی ڕه‌خنه لەم بیرۆكهیە دەگرێت و ئەم کارە، وەک «سەرلێشوایی» و «دەمارگرژیی» وەسف دەکات و پێوایە، یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی دواكه‌وتوویی و گۆمڕابوونی خه‌ڵك و به واتاییه‌ك نهخوینهوهاری و جەهالەتی خه‌ڵكی ئیران، كێشه‌ی خه‌ت و رێنووسی عه‌ره‌بیه، بۆیه له باتی بیرۆكه‌ی خاوێنكردنی زمانی فارسی له وشه‌ی عه‌ره‌بی، ده‌بێت بیر له رێگهچارهییهكی بنەمایی بۆ چاكسازی خه‌ت و رێنووس بدۆزرێتەوە و له‌مباره‌وه ده‌نووسێت: «[جەلالەدین میرزا] حه‌زێكی سه‌یری هه‌یه بۆ نووسین به زمانی فارسی پەتی و هه‌ڵبه‌ت له حه‌زیش تێپهرێوە و كه‌وتووه‌ته داوی ده‌مارگرژی و ته‌نانه‌ت گومڕا و سه‌رلێشێواویش بووه» و هه‌ره‌وه‌ها له دیدارێكی خه‌یالی له گه‌ڵ جەلالەدین میرزای كه وه‌ك «فه‌رز بۆ هه‌مووان» ده‌روانێته پاڵاوتنی زمانی پارسی، له وه‌لامیدا ده‌نووسێت: «نه‌ک تەنیا هەر منی نه‌خوێنده‌وار، به‌ڵكوو هه‌موو زانایان و شارەزایان دنیا له سه‌ر ئه‌م بیر و بڕوایه‌ن، بۆ نەتەوەیەک كه‌وا هێشتا رێژه‌ی یه‌ك له هه‌زاری، خوێندەوارەی نییە، پرسی پاڵاوتنی زمان، هیچ مانایه‌كی نییه، ئه‌و نه‌ته‌وه‌ی كەوا ئه‌لفبێ و اته رێنووسی بوەته هۆی نه‌زانین و جه‌هاله‌ت و نه‌خوێنده‌واربوونی،گه‌ر له چاكسازی ئه‌لفبێ و رێنووس واز بینێت و خۆی سەرقاڵی کایەی بێمانای پاڵاوتنی زمان بكات، بێگومان تاوانبار و گوناحباره»(تالبوف، ١٣٤٧ :٢٦٨ )
سەرەڕای پەرچەکرداری جیاواز،نووسین بە شێوازی فارسی خاوێن یان به وته‌ی لایه‌نگرانی ئه‌م گوتاره،نووسین بە شێوازی «پارسی سەرە»، پاش جه‌لاله‌دین میرزاش، بۆ سەردەمانێک لایه‌نگری بەرچاوی په‌یدا كرد و بەشێک له نووسه‌ران و بیرمەندانی ئێرانی، دەستیان بە نووسین بەم شێوازە کرد(قیصری، ١٣٨٣ :٣٥ ) و بە تایبەتی له سه‌رده‌می حكوومه‌تی«پاله‌وی یه‌كه‌م»، ئەم شێوازە بوو بە بەشێک لە گوتاری زاڵی ناسیۆنالیزمی نەتەوەخوازی ئێرانی کە تا ئیستاش لە لایەن بەشێک لە ناسیۆنالیست توندئاژوەکانەوە هەر باوە و وەک دەسکەوتێکی پیرۆز سەیری دەکرێت.
ئەوەش لە بیر نەکرێت،جەلالەدین میرزای قاجار، لە ئەساسدا، داهێنەری شێوازی نووسین بە فارسی پەتی یان هەمان «پارسی سەرە» نەبوو، بەڵکوو پێش ئەو، زەردەشتییەکانی دانیشتووی هیندستان كه وەک «پارسیەکانی هیندستان» ناسراوه‌ن، به نووسینی چه‌ندین بەرهەمی وه‌ك «دەساتیر»، «شارستانی چەمن» و «دەبستان مەزاهەب»، ئەم شێوازەیان دەست پێ‌کردبوو (توكلی،١٣٨١ :١٦ ) لێره‌وه ، گەرچی جەلالەدین میرزای قاجار وه‌ك ده‌سپێشخه‌ری گوتاری فارسی پەتی یان «پارسی سەرە»،پێناسە ناکرێت، بەڵام لە رێگەی «نامەی خوسرەوان»ەوە بوو کە ئەم شێوازە بوو بە بەشێک لە گوتاری زاڵی ناسیۆنالیزمیی نەتەوەخوازی ئێرانی.
گرنگیدان به مێژووی ئێرانی کۆنارا (پیش ئیسلام):
ئێرانییه‌كان له به‌هه‌شتی زێرین خۆیان ده‌ژیان، پادشاكانیان خه‌ڵكی ئاسایی بوون و خه‌ڵكیش له ژێر سێبه‌ری ئه‌واندا و له ئه‌و په‌ری ئاسایش و گه‌وره‌یدا دەژیا (جەلالەدین میرزای قاجار،١٢٨٥ :٨ )
بە بۆچوونی جەلالەدین میرزا وه‌ك ناسیۆنالیزمێکی کۆناراخواز، مێژووی پێش ئیسلامی ئێران، مێژوویەکی پڕ لە شكۆ و سه‌روه‌ری بوو و ئه‌وە عەرەبەکان«تازییەکان» بوون کە لە پڕا هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەم بەهەشتەیان کردە دۆزەخ و بە تەواوەتی کاولیان کرد و زمانی شیرینی فارسیان تێکەڵ بە وشەی ناحەزی تازی کرد و خراپتر لە هەمووشی فەرهەنگی دواکەوتووی خۆیان بە سەر فەرهەنگی پێشکەوتووی «فارس»دا سپاند و بۆ هەزاران ساڵ ئێران و فارسەکانیان لە پێشکەوتن و شکۆمەندی بێبەش کرد.
کەواتە بە بۆچوونی جەلالەدین میرزا، ئێرانییەکان گەر دەیانەوێت بۆ ئەو بەهەشتە بگەرێنەوە و لە ژێر سێبەری پاشاییەتی پڕ لە شکۆی خۆیاندا بژین، دەبێت واز لە کەلتووری ناحەز و دواکەتووی تازییەکان بێنن، دەبێت زمانی خۆیان لە وشەی تازی و تورکی خاوێن بکەنەوە و بگەرێنەوە بۆ فەرهەنگی پڕ لە سەروەری ئێرانی کۆنارا.
لەمبارەوە واتە لە دژایەتی بەردەوامی زمان و فەرهەنگ و ئایینی عەرەب، جەلالەدین میرزا گه‌رچی وه‌ك ئاخۆندزاده، تا ئەو ڕادەیە ڕادیکاڵ و توندئاژۆ نییە، به‌ڵام به گشتی وه‌ك ئه‌و بیر ده‌كاته‌وه و پێوایه ده‌بیت شۆناسی عەرەبی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی شۆناسی عەرەبی له شۆناسی ئێرانی بسرێته‌وه و زمانی پارسی پاراو و مێژووی شكۆمه‌ندی رابردوو جێنشینی بكرێت و بە واتاییه‌ك ئه‌و ده‌یه‌وێت شۆناسی نوی ئێرانی له رێگه‌ی زمان و مێژووه‌وه پێناسه بكات و لێره‌وه مرۆڤی ئێرانی نه وه‌ك «مرۆڤی موسه‌ڵمان» به‌ڵكوو وه‌ك «مرۆڤی ئێرانی» كه خاوه‌نی زمانی تایبه‌ت و مێژوویه‌كی پر له شكۆمه‌ندی و سه‌روه‌ری و شانازییه پێناسه بکرێتەوە و کتێبی نامەی خوسرەوان لەم ئاراستەیەدا، نووسراوە.
لەمڕوەوە، جەلالەدین میرزا، لە پاڵ ئاخوندزادە و میرزا ئاقاخانی کرمانی (١٨٩٦-١٨٥٣) لە ریزی بەناوبانگترین مونەوەرانی نەسڵی یەکەمی ئێرانن کە لە سەرهەڵدانی گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی و شۆناسی نوێ ئێرانی لە سەر بنەمای زمانی فارسی خاوێن«پارسی سەرە» و مێژووی ئێرانی پێش ئیسلام «مێژووی باستان»،کاریگەری بەرچاو و حاشاهەڵنەگریان هەبووە.
ئەوەش لە بیر نەکرێت، ئەم گوتارە، واتە گوتاری ناسیۆنالیزمی نەتەوەخوازیی ئێرانی، لە رێگەی پەرەپێدانی فەرهەنگی«عه‌رەب دژی» و«تورك بێزی»، بەردەوام لە دەستنیشانکردن و خوێندنەوەی سەبەب و هۆکارە سەرەکییەکانی دواکەوتوویی ئێران، خۆی شاردوەتەوەو لەمبارەوە ناکرێت کاریگەری بەرچاوی نامەی خوسرەوان لە بەرچاو نەگیرێت.
٣ )میرزا عەبدورەحیمی تالبۆف (١٩١١–١٨٣٤)
ناكرێت و نابێت به بیانوو و پاساوی کاری ناحەز و دزێو و خراپەی ده‌سه‌ڵاتداران، ده‌س له خۆشه‌ویستی نیشتمان هه‌ڵگرین.(طالبوف،١٣٤٦ : ٣⁄٣)
بزانه ئه‌م كافره (تالبۆف) چوون گاڵته به هه‌موو ئێرانیه‌كان ده‌كات. «ناسەرەدین شاه »(آدمیت،١٣٦٣ :٨ )
تالبۆف باش ده‌نووسیت و كه‌سێكی نیشتمان په‌روه‌ره. «موزه‌فه‌ردین شاه » (آدمیت،١٣٦٣ :٩ )
خۆشه‌ویست و مه‌عشوقی من «نیشتمان»ه، نیشتمان پهرستهشگای منه، (طالبوف،١٣٤٦ : ٣⁄٣)
تالبۆف له ساڵی(١٨٣٤) و له بنه‌ماڵه‌یه‌كی مامناوه‌ندی تورك زمانی شاری ته‌وریز له دایك بوو. سه‌رده‌می منداڵی له‌م شاره به سه‌ربرد و پێدەچێت لەم شارەدا، جیا لە فارسی، فێری زمانی عەرەبیش بووبێت. له ته‌مه‌نی شانزه ساڵانەدا، ته‌وریزی به‌ره‌و «ته‌فلیسی» پێته‌ختی«گورجیا» به جێهێشت و له‌وێ خه‌رێكی بازرگانی و هاوکات خوێندن و فێربوونی زمانی رووسی و فەرەنسی بوو، پاش ته‌واو كردنی خوێندن و فێربوونی زمانی رووسی و فەرەنسی، تەفلیسی بە جێهیشت و له شاری «ته‌مه‌رخانی شوره»، ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی «داغه‌ستان» نیشته‌جێ بوو و تا کۆتایی ژیانی لەوێ مایەوە.
تالبۆف تا ته‌مه‌نی (٥٥) ساڵان، سەرقاڵی خوێندن و كاروباری ئابووری دەبێت، له ته‌مه‌نی ٥٥ ساڵاندا، ڕوو لە نووسین و کۆکردنەوەی نووسینەکانی دەکات و تا کۆتایی تەمەنی[7] واتە بۆ ماوەی (٢٤) ساڵ، دوازدە كتێب، پێشکەشی کتێبخانەی فارسی دەکات، لە کۆی ئەم دوازدە کتێبە، سێ کتێبی واتە «مۆچیارییەکانی مارکۆسی پادشای رۆم»،« فیزیا» و«ئەستێرەناسی»، وەرگێڕانە لە زمانی ڕووسییەوە بۆ سەر زمانی فارسی.
وەرگێڕانی«مۆچیارییەکانی مارکۆسی پادشای رۆم»، بە مەبەستی خزمەت بە «گەورەکانی نەتەوە» و هەروەها ئاگادارکردنەوەی دەسەڵات بۆ دوورەپەرێزی لە ستەم و کۆرسی پەرەستی، کراوە(طالبوف، ١٣٤٦: ٢٢٩- ٢٢٢ ) ودوو کتێبی دیکە واتە «فیزیا» و «ئەستیرەناسی»ش بە مەبەستی خزمەت بە منداڵانی نیشتمان و ئاگادارکردنەوەیان لە ڕەوتی زانستی نوێ و سەردەمیانە، کراوە( هەمان: ٢٤٦)
جیا لەو سێ بەرهەمە، خاوەن نۆ بەرهەمی دیکە لە بوارەکانی سیاسەت، ڕەخنە لە دەسەڵاتی سەرەڕوویانەی ئێران و هەروەها بایەخی ئازادی و دەسەڵات دەستوور و بایەخی پاشاییەتی مەشرووتەییە کە وەک نموونە، دەکرێت ئاماژە بە «کتێبی ئەحمەد» وەک بەناونابگترین بەرهەمی تالبۆف بدرێت، ئەم بەرهەمە لە سێ بەرگدا نووسراوە، بەرگی یەکەم، بە کاریگەری لە کتێبی «ئیمل»ی «ژان جاک ڕۆسۆ»،لە پێناو فێرکردنی زانست و سەنعەت و هونەر بە گەنجان نووسراوە کە هاوکاتیش ئاماژە بە ژمارەیەک پرسی کۆمەڵایەتیش کراوە، بەرگی دووەم لە ژێر ناوونیشانی «سەفینەی تالبی» بۆ باسکردنی بابەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێران‌دا،تەرخانکراوە و بەرگی سێیەمیش تایبەتە بە بابەتی وەک قانوون و مەشرووتییەت، شیاوی ئاماژەیە ئەم سێ بەرگە بە شێوازی دیالۆگ و لە نێوان دوو کەسی خەیاڵی واتە نێوان تالبی و کورە خەیاڵیەکی واتە ئەحمەد نووسراوە و بەرهەمەکانی دیکەی وەک «روونکردنەوە سەبارەت بە ئازادی»، لە بواری سیاسەت و ڕەخنە لە کۆمەڵگای ئێرانی نووسراون و کاریگەری فەیلەسووفانی رۆژئاوایی و لەوانە «ئیستوارت میل»ی پێوە دیارە و دواهەمین بەرهەمی« تالبۆف»یش واتە «سیاسەتی تالبی» کە بە پێ پێشنیار و وەسیەتی خۆی، پاش مەرگی بڵاو کرایەوە لە دوو بەشدا نووسراوە، بەشی یەکەم سەبارەت بە سیاسەتە و بەشی دووەم، ڕەخنەیە لە کۆمەڵگا و شێوازی حوکمڕانی و لەم بەشەدا کە ئەویش بە شێوازی دیالۆگی خەیاڵی لە نێوان دوو کەس بە نێوەکانی میرزا عەبدووڵڵا و میرزا سادق نووسراوە، باس لە سەبەبەکانی دواکەوتوویی و کاولبوونی وڵاتی ئێران دەکرێت و لەمبارەوە بە ژمارەیەک سەبەب و هۆکاری وەک «نەبوونی قانوون، نەبوونی ئاسایش و دەسەڵاتی یاسا، حەزنەکردنی خەڵکی ئێران بە قانوون و جێبەجێکردنی قانوون، دەسەڵاتدارانی ستەمکار و بەرتیل خۆر، سیستەمی ئیستێبدادی، مەلای بێ دین و کردار، دەستێوەردانی بیانی و دەسەڵاتگرتنی کەسانی نەزان و گەندەڵکار و هەلپەرەست و هەروەها پەراوێزخستنی شارەزایان دلسۆز» ئاماژە دەکرێت(طالبوف،١٣٥٧:١٣١-١٢٠).[8]
بە گشتی تالبۆف له ریزی ئه‌و مونەوەرانەیە كه نزیكەی سه‌ت و هەفتاد ساڵ لەمەوە پێش، ڕاشکاوانە، خۆی وەک کەسێکی دیمۆكرات و لایه‌نگری دیمۆكراسی كۆمه‌ڵایه‌تی و سوسیالیزمی ئابووری پێناسە دەکات و بە رژدی و ڕاشکاوانە لایه‌نگری لە دەسەڵاتی مەشرووتە، ئازادی، یه‌كسانی، ده‌سه‌ڵاتی یاسا، كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پادشاه، تازه‌گه‌ری و بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی ئێران له سه‌ر بناغه‌ی نیشتمان و ناسیۆنالیزمی مه‌ده‌نی دەکات و لەمبارەوە خۆی لە توندڕەوی و سووکایەتی کردن بە کەسان و قەومەکانی دیکە دەپارێزێت و ڕەوتی میانەڕەوی لە پێش دەگرێت و لەمڕووەوە، كۆكردنه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌ندیشه‌كانی تالبۆف له مه‌جالێکی ئاوه‌ها، پێدەچیت گه‌ر نامۆمکێن نەبێت، سهخڵەت و ئەستەم بێت، بۆیە هەوڵ ئەدرێت، لێرەدا ئاماژەیەکی تا ڕادەیەک خێرا بە گوتاری تالبۆف و تایبەتمەندییەکانی ئەم گوتارە بدرێت.
گوتاری سیاسی و فەرهەنگی تالبۆف:
زانستم فێر کردی..بۆ ئەوەی لە خۆشەویستی نیشتمان تێبگەیت..لاسایی کەس نەکەیتەوە،واتە لە هەموو شوێنێک و هەمیشە و بەردەوام ئێرانی بیت و ئێرانی بمێنیتەوە(طالبوف،١٣٥٦: ١٩٤)
دەکرێت ئاماژە بە بابەتی وەک هەوڵ بۆ ڕوونکردنەوەی دەسکەوتەکانی حكوومه‌تی مه‌شرووتییه‌ت و بەتایبەت گۆڕێنی سیستەمی سیاسی ئێران لە پاشاییەتی ئیستێبدادییەوە بۆ پاشاییەتی مەشرووتە، ڕوونکردنەوە و گه‌شه‌پێدانی دوو چەمکی ئازادی و ڕه‌خنه(كرێتیكا)، په‌ره‌پێدان و گشتگیركردنی پرسی په‌رورده له سه‌ر بنه‌مای سیسته‌می مودێرن، دامه‌زرانی ده‌وڵه‌ت - نه‌ته‌وه له سه‌ر بناغه‌ی ناسیۆنالیزمی مەدەنی و خۆماڵی كردنی ره‌وه‌تی تازه‌گه‌ری و بە کورتی رزگارکردنی ئێران لە داوێنی ئیستبداد و جەهل و نەزانی وەک بەشێک لە گوتاری «تالبۆف» پێناسە بکرێت كه لە ژێر کاریگەری فه‌یله‌سووفانی وه‌ك ڕۆسۆ، بینتام، ئیستۆارت میل، ئه‌گۆست كونت و هه‌روه‌ها بیرمه‌ندانی چه‌پی «ڕووسیە»دا بووە.
لەم ئاراستەیەدا، تالبۆف هەوڵ و ته‌قه‌لای خۆی لە پێناو ڕازاندنەوەی کەش وهەوای وڵات بە سیستەمێکی تەندرۆستی حوکمڕانی لە رێگەی ڕوونكردنه‌وه‌ی چه‌مكی وه‌ك ئازادی، ده‌ستوور، ڕەخنە و قانوون دەخاتە گڕ و بە رژدی لە سەر سیستەمی «مەشرووتە»ش، پێداگری دەکات، چوونکە بە لای تالبۆفەوە،«مانا و ناوه‌رۆكی چه‌مكی تازه سه‌رهه‌ڵداوی وه‌ك ئازادی، یه‌كسانی و ده‌ستوور... تا ههنووكەش، کەش و هه‌وای ئێرانی به خۆیه‌وه نهرازاندوهتهوه» (طالبوف،١٣٤٦ : ١٧٤/١ )
قانوون و حكوومه‌تی مهشرووتە:
تا ئەو کاتەی نەبینە خاوەن قانوون و دەستوور، نابینە خاوەن دەولەت و نیشتمان و سەربەخۆیی راستەقینە(طالبی، ١٣٥٧: ١٥١)
هۆکار و سەبەبی بێ سەرەوبەرەیی ئێران، نەک لە نەبوونی قانوون و دەستوورە بەڵکوو لە نەویستن و جێبەجێکردنی دەستوورە، وادیارە ئەوەیە خەڵکی ئێران دەستووری ناوێت و حەز وکەیفی پێ نییە(هەمان:١٦٢)
كاری سهرەڕوویانه، وه‌حشیانه، دەڕندانه و هەروەها په‌رپێدانی سته‌مكاری له ئێران‌دا به‌رهه‌می رۆحی حكوومه‌تی ره‌ها و ئێسبتدادییه، دیارە كه پاش مه‌رگی ده‌سه‌ڵاتدارێكی سته‌مكار، سته‌مكارێكی دیكه جێگه‌ی ئەو ده‌گرێته‌وه و لەمڕووەوە بازتهی سته‌مكاری و ناعه‌داڵه‌تی له ئێران‌دا به‌رده‌وام له خولانەوەدایە (طالبوف،١٣١٢: ١٠ )
شێوازی حكوومه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێران واته حكوومه‌تی قاجار، پاشاییەتی ئێسبتدادی و له شێوه‌ی ئێسبتدادی ئاسیایی یان ئێرانی بوو. مه‌به‌ست له ئێستبدادی ئێرانی واته ئه‌و سیسته‌مه كه له نه‌بوونی ده‌زگای وەک پەرله‌مان، كابینه‌ی وه‌زیران، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و یاسادانان و بەرێوەبردن، سەرجەمی ده‌سه‌ڵات له ده‌ست خۆدی پادشادا بوو و لەمڕووەوە، ئەو بە تەنیایی قسه‌ی یه‌كه‌م و كۆتایی ده‌كرد و ئەمە واتە ئیستێبدادی ڕەها.[9]
گۆرینی ده‌سه‌ڵات لە ئیستێبدادییەوە بۆ مهشروتییهتیەت و بەواتاییەک چاکسازی لە دەسەڵاتی ئیستێبدادی و سەرەڕوویانەی ئێران، مەبەست و ئاواتی سەرەکی تالبۆف بوو و هەر لەم رێگەیەدا، ، ڕوونکردنەوەی خراپیەکانی پاشاییەتی ئیستێبدادی و باشیەکانی پاشاییەتی مەشرووتییەت، بەشی سەرەکی بیرکردنەوەی تالبۆفی تەرخان کرد و لەمبارەوە لە کۆی بەرهەمەکانی و بەتایبەتی لە «سەفینەی تالبی» و «مەسالێک ئەلموحسینین» و «مەسایلولحەیات» باس لە شێواز و جۆرەکانی دەسەڵات و حوکمڕانی و لەوانە، حوکمڕانی کۆماری و مەشرووتە و ئیستێبدادی دەکات و بە وردی ئاماژە بە تایبەتمەندییە خراپ و ناحەزە و هەروەها لایەنە دزێوەکانی دەسەڵاتی ئیستێبدادی ڕەها دەکات، وەک نموونە لەو بڕوادایە، لە هەر شوێنێک دەسەڵاتی پاشاییەتی لە شێوازی ئیستێبدادی ڕەها، حوکمڕانی دەکات، دادپەروەی نامێنێت، نەزم ڕوو لە ئاوابوون دەکات و ناکرێت چاوەڕێ پێشکەوتن و رێزگرتن لە ئینسان و کەرامەتی ئینسانی بکرێت(طالبوف، ١٣٥٧ :٩٨)و لە بەرامبەردا لایەنگری لە پاشاییەتی مەشرووتە دەکات.( طالبوف،١٣٤٦ :١٢٨/٢)
مه‌به‌ستی تالبۆف له دەسەڵاتی مهشرووتە، مەرجکردنی دەسەڵاتی ڕەهای پادشا لە رێگەی دامەزراندنی دەزگای وەک پەرلەمان و بە تایبەتی نووسین و پەسەندکردنی«ده‌ستووری بنه‌ره‌تی»یە. هەر بەمبۆنەوە و لە پێناو بەرچاوڕوونی سیاسەتمەدارانی ئێران لە سیستەمی پاشاییەتی مەشرووتە، جیا لەوەی دووپات باس لە سیستەمی ئیستێبدادی دەکات و لە گەڵ سیستەمی مەشرووتە، بەراوردی دەکات، ده‌ستووری بنەرەتی وڵاتی «ژاپۆن» وەک یه‌كه‌م وڵاتی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵات كه سیسته‌می پاشایه‌تی مەشرووتەی پەسەند کردبوو، بە فارسی تەرجۆمە دەکاتەوە و بە شێوەیەک رادەگەیەند کە مه‌به‌ست لە «حكوومه‌تی مهشرووتە» ئه‌وه‌یه كه دەسەڵاتی پادشاه نەک برۆخێت، بەڵکوو كه‌مبكرێته‌وه و پەرله‌مان وەک مه‌رجه‌عی سه‌ره‌كی ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵک پەسەند بکرێت. لێره‌وه ئیتر له سه‌ر ده‌ستوور جه‌ختی زۆر ده‌كاته‌وه و پێوایه هه‌ر وه‌ڵاتێک ده‌ستوور و قانوونی نه‌بێت، ئه‌و وڵاته جیا لەوەی ده‌بێته ناوه‌ندی سته‌م و وه‌حشیگه‌ری و سەرەڕوویی، قەت پێشکەوتنیش بە خۆیەوە نابینێت و هەر لەمبارەوە واتە بایەخی قانوون و دەستوور و پێویستی دابەزاندنی لە کۆمەڵگا دەنووسێت:«گەر خەڵکی بیەوێت بزانێت بۆچی هەوڵە نیشتمانپەروەرییەکان بێ ئەنجامن، بۆچی تۆوی پێشکەوتنی ئێمە بەرهەم نادات و هەر زوو وشک دەبێت، بۆچی بەڵێنەکانی ڕۆژنامەکانی ئێمە دوای دوو ڕۆژ ڕوو لە نائومێدی و بێهیوایی دەکەن، بۆچی فەرمانەکانی حکومەت لەبیر دەکرێن، چونکە بیناکەی ئێمە بێ بنەمایە، و ئەم بنەمایەش قانوون و یاسایە، ئێمە هیچ یاسایەک و قانوونێکمان نییە، تا هیچ یاسا و قانوونمان نەبێت، میللەت، دەوڵەت، و سەربەخۆیی بە هیچ مانایەک بوونی نابێت. »(طالبی، ١٣٥٧: ٢١٤)
تالبۆف مه‌به‌ستی خۆی له قانوون و یاسا ڕوون دەکاتەوە و لەمبارەوە دەنووسێت:«قانوون، واتە زەنجیرەیەک بڕیاری ڕێکوپێکی تایبەت بە ماف و سنوورە مەدەنی و سیاسییەکان کە پەیوەندییان بە تاک و کۆمەڵگاوە هەیە کە لە ڕێگەیانەوە هەموو کەسێک لە ژیان و موڵک و ماڵی خۆیدا بە تەواوی ئەمنیەتی هەیە و بە یەکسانی بەرپرسیارە لە هەڵەکانی»(هەمان:١٥١) و هەروەها ڕاشکاوانەش له «شه‌ریعه‌ت» جیا ده‌كاته‌وه و لەوبڕوادایە ده‌بێت ده‌ستوور به پێ ویست و به‌رژه‌وندی خه‌ڵك و وڵات بنوسرێت: «بناغه‌ی ده‌ستوو ده‌بێت به پێی بریاری ده‌نگی زۆرێنه‌ی خه‌ڵك دابنرێت نه وەکوو بە پێ شه‌ریعه‌ت و ئایین» (طالبوف،١٣٤٦ :٨/٢ )
کەواتە تالبۆف پێوایە ده‌ستوور یان کۆی قانوونەکان، ده‌بێت ده‌نگی زۆرێنه‌ی جه‌ماوه‌ر بێت، چوونكه ده‌ستوور بۆ ئاسایش و به‌خته‌وه‌ری كۆمه‌ڵگای ئینسانییه و لێره‌وه ئیتر نابێت شەریعەت و ئایین بكرێته مه‌رجه‌ع و بنه‌ما بۆ نووسینی دەستوور، چوونكه شه‌رع و ئایین ئیزن به خه‌ڵك نادات له دانان و نووسینی یاسا به‌شداری بكات» (طالبوف،١٣٤٦ :٨/٢ )
تالبۆف هەر لەم ئاراستەیەدا، لە سه‌ر پرسی ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تی، جه‌ختی زۆرتر ده‌كاتەوە و لەو باوەڕەدایە، «تەنیا ده‌ستووره كه‌وا مافی یه‌كسانی دەسەڵاتدار و خه‌ڵكی ئاسایی مسۆگه‌ر ده‌كات و ئیجازه نادات سته‌مكار له بنده‌سته‌كانی سته‌م بكات»، هەر بەمبۆنەوە، تالبۆف پێداگری لە سەر ئەوە دەکات کە ده‌بێت ئاوەزمەندانی کۆمەڵگا وەک نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک، دەستوور بنووسنەوە و دواتریش خەڵکی له سه‌ری دەنگبدەن، کەواتە نابێت قەت ئیزن بدرێت، دەستوور لە سەر بنەمای شه‌ریعه‌ت بنووسرێتەوە، دیارە تالبۆف دەیویست لەم رێگەوە، واتە رێگەی سیستەمی پاشاییەتی مەشرووتە« ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی کە پەیوەست به شهریعهتەوە کرابوو، كه‌مبكاته‌وه و دواتر تێوری دەسەڵاتیدهستوور مسۆگه‌ر بكات، تالبۆف ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ی له سیسته‌می ئینگلیزوه وه‌رگرتبوو و ده‌یوێست له ئێران‌دا دایبه‌زێنیت» (طباطبایی،١٣٨٦ : ٦٠٥ )
هەوڵی تالبۆف و بەشێک لە مونەوەران دیکە سیاسەتمەدارانی لایەنگری چاکسازی، دەرنجام وڵامی دایەوە و لە ساڵی(١٩٠٦)، پاش زەنجیرەیەک نارەزاییەتی و خۆپیشاندان، پادشای ئەوکاتەی ئێران واتە موزەفەردینشاە، فەرمانی مەشرووتییەتی ئێرا نی واژوو کرد و بەم جۆرە سیستەمی پادشاییەتی ئیستێبدادی بۆ پادشایەتی مەشرووتە، گۆڕا و هەمان ساڵ یەکەم پەرلەمانی ئێرانیش کرایەوە و وەک رێزگرتن لەو هەموو هەوڵ و تەقەلایەی تالبۆف، وەک نوێنەری تەورێز دەستنیشانکرا. [10]
ئازادی:
ئێرانییه‌كان ئازاد نیین. خوازیاری مافە مرۆییەکانی خۆیان نابه‌ن، چوونكه سه‌باره‌ت به حكوومه‌ت و ده‌وڵه‌ت خاوه‌ن بۆچوونی دروست نیین و به نیسبه‌تی ئه‌و گۆرانكارایانهی كه له سروشتی حكوومه‌تدا روویانداوه له جەهل و نەزانینی ته‌واودان. (طالبوف،١٣٤٦ : ١٢٧ ⁄٢ )
ئازادی لە گەڵ یەکسانی مانای هەیە، گەر ئازادی هاوتەریبی یەکسانی نەبێت، ئیتر ئەوە بەرەڵڵایە وهەروەها دەستدرێژییە بۆ مافی کەسانی دیکە(طالبوف،١٣٥٦: ١٨٥)
پێدەچێت گرنگترین و پڕبایه‌خترین چه‌مك لای تالبۆف، چه‌مكی «ئازادی» بێت، تەنانەت یاسا و ده‌ستوور و دەسەڵاتی دستوور لای تالبۆف، دەرگای گه‌یشتنی ئینسانی ئێرانی به ئازادییه و هەربەمبۆنەوە، ئازادی وه‌ك «سۆزی نیشتمان» ته‌عبیر ده‌كات و پێوایه له هه‌ر شوێنیک ئازادی نه‌بیت، سۆزی نیشتمانیش بوونی نییە و لەمبارەوە باس لە پێناسەی ئازادی و چەشنەکانی ئازادی دەکات و تەنانەت بە وردی ڕوونیان دەکاتەوە[11] و لە ئەنجامدا، باس لە بواری ئازادی واتە ئازادی ڕادەڕبرین، ئازادی تاكه‌كه‌سی و ئازادی بیروبڕوا دەکات و پێوایه ئازادییه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك ئازادی كۆبۆنه‌وه و چاپه‌مه‌نی و هه‌ڵبژرادن له‌م سێ بواره سه‌رچاوه ده‌گرن (طالبوف،١٣٥٦ : ٧-١٨٦ ⁄٣)
لە ڕوانگەی «تالبۆف»وە، ئازادی به بۆنه‌ی زاتی ئازادییه‌وه گرنگه و پڕبایهخە و ئەمە خۆی لە خۆیدا، یه‌كسانی و پاراستنی كه‌رامه‌تی ئێنسانی ئێرانی به‌رهه‌م دهێنیت، هەر بۆیه تا ئەو ئاستە لە له ئازادی به‌رگری ده‌كات کە وەک پارێزی کەرامەتی ئینسانی و سەرچاوەی یەکسانی، وەسفی دەکات.
هەڵبەت هاوکات کە لایەنگری لە ئازادی دەکات، لە بشیویی و بەرەڵایی جیای دەکاتەوە و تەنانەت بشێویی وەک دژمنی ئازادی ناودەبات و لەو بڕوایەدا ئازادی کاتێک دابین دەکرێت و مانای دەبێت کە یەکسانی و دادگەری کۆمەڵایەتی لە گەڵ خۆیدا بێنیت وەرنە ئیتر ئەوە مانای ئازادی نیە و تەنانەت مانای بۆ بەرەڵایی دەگۆرێت، لەمڕووەوە لە گوتاری «تالبۆف»دا، «ئازادی» دوو دژمنی سەرەکی هه‌یه، یه‌كه‌م ئیستبداد و دووهه‌میش بشێوییه. (آدمیت،١٣٦٣ :٦١ )
جیا لە قۆناغی نەزەر، تالبۆف به كردهوش پیشانیداوە كه مونەوەرێکی دیمۆكرات و ئازادیخواز و یەکسانیخوازە، هەر وەک نموونه له كاتی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی مهشرووتە و کردنەوەی یه‌كه‌م خولی پەرلەمانی ئێران، کاتێک نوێنەران و ئەندامانی پەرلەمان، سه‌رقالی نووسینی ده‌ستووری بنه‌ره‌تی ئێران بوون، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له سه‌ر چه‌ندین خاڵی بنه‌ره‌تی و سه‌ره‌كی وەک نووسین و دانان و پەسەندکردنی خاڵی«یه‌كسانبوونی سەرجەم هاوڵاتیانی ئێرانی» تووشی كێشه و ئاژاوە بوون، پیاوانی ئایینی ناوه‌وه‌ی پەرلەمان و ده‌ره‌وه‌ی پەرلەمان له به‌رامبه‌ر ئه‌م خاڵه به توندی هه‌ڵوێستیان گرت و وەک کردوەیەکی «دژه ئایین»، پێناسەیان کرد و بانگەشەی ئەوەیان کرد بە پێ شەریعەت و حوکمی خودا، نابێت و ناكرێت موسه‌ڵمان و ناموسه‌ڵمان یه‌كسان سەیر بکرێن.
تالبۆف لە وڵامی ئەم تاقمە و هەروەها بەرگری لەم خاڵەی دەستوور، لە نامەیەکدا بۆ ئەندامێکی پەرلەمان دەنووسێت: «من به باشی له‌م به‌ریزانه تێناگه‌م، گه‌ر پیاوانی ئایینی ده‌یانه‌وێت فەلەکانی ئێران وه‌ك پێشوو مافی ئینسانیان لێ زەوت بكرێت، ئیتر كاتی ئه‌و شتانە تێپیەڕیوە، یان گەر دەیانهویت موسه‌ڵمانه‌كان هان بده‌ن ماڵ و سامانی ناموسەڵمانەکان تاڵان بكه‌ن و مافی ئینسانیان بخه‌نه ژێر پێ، ئه‌وه ئیتر ئێمه شتێکی وامان له ئیسلامدا نییه» و لە نامەیەکی دیکەدا سه‌باره‌ت به هەواڵی دژایەتی دووبارەی پیاوانی ئایینی له ئاست پرسی یه‌كسانی زهردهشتتیهكان و به هاووڵاتی کردن و بانگهیشتكردنهوهیان له هیندستانەوە بۆ ئێران، دەنووسێت:«زه‌رده‌شتییه‌كان كه باپیرانی ئێمه‌ن، به چه ماف و ئینسافێك وەک هاووڵاتی وه‌ریان ناگرن، بۆ ئەو خه‌ڵكه نهجییم و خاوێنه له مافی هاووڵاتیبوون و ئێرانی بوون بێ به‌ش ده‌كه‌ن و رێگه نادەن بگه‌رێنه‌وه بۆ نیشتمانی خۆیان »(طباطبایی،١٣٩٥ :١-٣٩٠ )
به گشتی تالبۆف وه‌ك مونەوەرێکی لایه‌نگری «دیمۆكراسی كۆمه‌ڵایه‌تی» (آدمیت.١٣٦٣ :٢ ) بڕوای ته‌واوی به ئازادی هه‌یە، ئازادی لە ڕوانگەی ئەوەوە واتە بەشێکی جیانەکراو لە سروشتی ئینسان كه هەڵبەت لە پاڵ «یه‌كسانی»دا مانا دەگرێت و مانا دەبخشێت. لەمڕووەوە ئازادی لە ڕوانگەی «تالبۆف»ەوە واتە یەکسانی و رێزگرتن لە کەرامەت و شەرافەتی ئینسانی و لەمبارەوە دامەزراندنی سیستەمی مەشرووتە و دەسەڵاتی یاسا دەبێت لە پێناو دابینکردنی ئازادی و یەکسانی و پاراستنی کەرامەتی ئینسانی بۆ هاووڵاتیان بێت.
ناسیونالیزم و نیشتمان:
دەبێت لەوە تێبگەین و فێری ئەوە ببین، ئەو نیشتمانەی کە دەبێت لە پێناو پاراستنی و پێشکەوتنی گیانی خۆمان بەخت بکەین، تەنیا و تەنیا «ئیران»ە (طالبوف،١٣٤٦: ٩٣/٢)
تالبۆف ناشارێتەوە، ئەوینداری ئێرانە و ئازادی و دادوەری و یەکسانی بۆ خەڵکی ئێران دەوێت و ناسیۆنالیزمی مەدەنی وه‌ك بناغه‌ی دامه‌زرانی ده‌وڵه‌ت- نەتەوەی ئێران و هەروەها ژیانه‌وه‌ی نیشتمان سەیر ده‌كات و پێوایه ئیتر كاتی ئه‌وه تێپه‌رێوه كه وه‌كوو ڕابردوو بروانینە چه‌مكی نیشتمان و زووربه‌ی ولاتانی دیكه و به تایبه‌ت ولاته ئیسلامییه‌كان به نیشتمانی خۆمان بزانین و لەمبارەوە ڕاشکاوانە دەنووسێت: «وه‌لاتی ئێمه و نیشتمانی ئێمه تەنیا ئێرانه».(طالبوف،١٣٤٦ : ٩٣ ⁄٢)
لەم ئاراستەیەدا، ئەوەندە نیشتمانی خۆش دەوێت،سەبارەی بە خوشەویستی و سۆزی بۆ نیشتمان دەنووسێت:« خۆشه‌ویست و مه‌عشووقی من نیشتمانه، نیشتمان پهرستهنگهی منه چوونكه خودا پێویستی به ستایشی ئافه‌ریده‌كانی خۆی نییه به‌ڵام نیشتمان پێویستی به پهرستهشی روڵه‌كانی خۆیەتی (طالبوف،١٣٤٦ : ٣⁄٣) و لەمبارەوە هۆشدا ئەدات«نابیت و ناكرێت به بیانووی كاری خراپ و ناشیرینی ده‌سه‌ڵاتداران، ده‌س له خۆشه‌ویستی نیشتمان هه‌ڵگرین»(طالبوف،١٣٤٦ : ٣⁄٣)
ئه‌و نایشارێته‌وه كه نیشتمانی خۆش ئه‌وێت و له سێبه‌ری نیشتماندا ئاماده‌ییه گیانی خۆی به‌خت بكات و پێواییه «گه‌وه‌ریی و كه‌رامه‌ت ئینسانی تەنیا مانای له سۆز و فیداگاری له پێناوی نیشتمان و نامۆسی نیشتمان و سامانی نیشتمان ... ده‌گرێت (طالبوف،١٣٤٦ : ٣ ⁄٣)»
لێره‌وه ده‌توانیین بڵین تالبۆف مونەوەرێکی ناسیونالیست و نەتەوەخوازە، هه‌ڵبه‌ت به پێچه‌وانه‌ی ئاخۆندزاده و میرز جەلالەدین كه ناسیۆنالیزمی ئه‌وان هاوتا له گه‌ڵ «عهرەبدژی» بوو و بەواتاییەک ناسیۆنالیزمی نەتەوەخوازنە و فەرهەنگی بوو، ناسیۆنالیزمی تالبۆف هاوتایه له گه‌ڵ نیشتمانپه‌روه‌ری و نیشتمانخوازی له پێناوی ریزگرتن له كه‌رامه‌تی ئێنسانی ئێرانی به بێ هیچ جیاوازی و دژاییهتییەک له گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه و گرنگتر ئەوەی بە پێچەوانەوەی ئەوان، بانگه‌شه‌ی ئەوەش ناکات کە ره‌گه‌زی ئێرانی باشترین و خاوێنترین رهگهزەی دنیایە و ئێران پێش ئیسلام، بەهەشت بووە و ئەوە عەرەب و کەلتووری عەرەب بوو کە ئەم وڵاتەی کاول کرد، بەڵکوو تەنانەت سەرەڕای ئەو هەموو سۆز و خۆشەویستییەی بۆ نیشتمان، بە وردی و رژدی و بەردەوامی ڕەخنە لە نیشتمان و بەواتاییەک کۆمەڵگای نیشتمان و ناحەزییەکانی دەگرێت.
ڕەخنه یان کرێتیکا:
ئیدارەدانی نەتەوە کێشە نییە، پەروەردەکردنی کێشەیە(طالبوف،١٣٥٦ : ١١٧)
گەر لە کردار و گوفتاری بازنەی بەرژوەندی نەتەوەیی، کرتێکا واتە باسکردن لە خراپیەکان و باشیەکان، شوێنی نەبێت، ئەو نەتەوەیە قەت پێش ناکەوێت، بێ ئاماژەدان بە جوانییەکان و ناشیرینیەکان، لە گۆی زەوی، یەک نەتەوەی خاوەن شارستانییەت نامێنتەوە..سەرچاوەی بنەمای پێشکەوتن و شارستانیەت، کرێتیکایە(طالبوف، ١٣٥٧ :٢٢ )
سه‌یرە له ئێران‌دا له سه‌ر پرسی لایه‌نگری له «ده‌ربرینی ئازادی بیروڕا»، شەڕ دەکرێت، به‌ڵام هیچ كه‌سێک بایه‌خ له بیر‌و ڕای كه‌سی دیکە ناگرێت، ئاساییە گەر كه‌سێك بیروڕای خۆی ده‌ربخات، تاوانبار دەکرێت، شیاوی کوشتن دەناسرێت... ئەمەش کەسێک رایدەگەینێت کە لە حەوت ئاسیاوی خودا، مسقاڵێک ئاردی نیە، واتە نە رۆحی هەیە نە زانست و ئەزموون، بەس یەک شتی هەیە، چەکی و گورزی هەیە(طالبوف، ١٣٥٧ :٤٢)
گەرچی تالبۆف نیشتمانی خۆش ئەوێت و سۆزی سەیروسەمەرەی بۆ نیشتمان هەیە تا ئەو ڕادەیەی کە دەنووسێت«گه‌وه‌ریی و كه‌رامه‌ت ئینسانی تەنیا مانای له سۆز و فیداگاری له پێناوی نیشتمان و نامۆسی نیشتمان و سامانی نیشتمان ... ده‌گرێت» (طالبوف،١٣٤٦ : ٣ ⁄٣)
بەڵام بەردەوام ڕەخنەش لە کۆمەڵگا و هەندێ نەرێت ناحەزی کۆمەڵگای نیشتمان لە پێناو، ژیانەوەی و ڕازاندنەوەی نیشتمانی دەگرێت و لەم ئاراستەیەدا، گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵاتداران، دونیاخوازی پیاوانی ئایینی، خورافات و كۆنه‌په‌ره‌ستی، ره‌مه‌كی بوونی خه‌ڵك، لاسایی كردنه‌وه به شێوه‌ی روخێنه‌رانه له رۆژئاوا، گرفته‌كانی رێنووسی خه‌تی عەرەبی. سیسته‌می په‌روه‌رده، رووخانی ئه‌خلاق، زیده‌بوونی درۆ و ده‌له‌سه و فیڵ وته‌ڵه‌كه و پێداگری له سه‌ر بیری كۆن و ئیستبداد له ریزی ئه‌و دیاردانه‌ی كومه‌ڵگای ئێرانن كه به توندی و جددی، تالبۆف ڕەخنەیان ئاراستە دەکات و كومه‌ڵگای ئێران به‌م شێوه هان ئه‌دات و از له‌م شتێ ناحەز و سه‌خیفانه بینن (آدمیت.١٣٦٣ :٧٩)
تالبۆف وەک نموونە،سەبارەت بە پاشاییەتی ئیستێبدادی ڕەها دەنووسێت:«بنەمای سیاسەتی ئەم پاشایەتییە ئەوەیە کە هاووڵاتی بە تەواوەتی لە جەهل و نەزانیندا بژیت،چاوی نەکرێتەوە، گوێ نەبیسێت، دەنگی هەقی گوێ لێ نەبێت...چوونکە هەر بەو ڕادەیەی ئەمان لە جەهل و نەزانیندا بژین،سەبریان لە ئاست دەسەڵات فرەتر و باشتریش گوێراڵی دەسەڵات دەبن» و هەر لەم ئاراستە و سەبارەت بە مەلاکانیش ئاوا ڕەخنە دەگرێت: مەلاکان، گوێ خەڵکیان بە هەواڵی درۆودەلەسە ئاخنیوە و لە رێگەی گێرانەوەی چیرۆک و ئەفسانەی سەیروسەمەرە، خەڵکیان لە فێربوون و زانین پەک خستووە»(طالبوف،سیاستی طالبی.١٣٥٧: ٦-١٢٥) و هەرلەمبارەوە واتە دۆخی وێرانی ئازادی و سیاسەت لە ئێران‌دا دەنووسێت:« وڵاتێک پەنجا ساڵی پێش، گوڵستانی ئاسیا بوو، لە ئیستادا لە گۆڕستان دەچێت، ئاسایش نەماوە، متمانەی خەڵک بە گیان و ماڵیان لە نێوچووە، نیوەی خەڵک کویلە یان شەقوەشێن و شەقاوەن، دەسەڵات بەدەستان ستەمکار و بەرتێل خۆر»(طالبوف، ١٣٥٧ :١٩٢)
هەر لەم نێوەندەدا،[12] دیاردەی گشتگیری لاساییكردنه‌وه‌ی بێ بنه‌ما له رۆژئاوا له ریزی ئه‌و شتانه‌ی كه به توندی ره‌خنه‌ی لێ ده‌گرێت و پێوایه خه‌ساری گه‌وره ئه‌وەیه ئێمه خۆڕا بكه‌وینه شوینی خه‌ڵك و به پێ هیچ بنهمایەک بكه‌وینه لاساییکردنەوەی رۆژئاوا و له‌م باره‌وه ئه‌نووسیت: «له ئێران شتی وا قۆماوه، سەرجەمی زانایان دنیا له دیتنی تووشی سه‌رسورمان دەبن، وەک نموونە ئێمە به لاسایكردنه‌وه له بارودۆخی جیهان، ئەنجوومەنی وه‌زیرانمان پێكهێناوه، به‌ڵام شتێك بە نێوی وەزیر بوونی نییه، نه ده‌زگای دانانی یاسامان هه‌یه، نه فێرگه‌ی یاسا، بهرێوەبردنی وڵات نه به پێ یاسای ئینسانییه نه یاسای شه‌ریعه‌ت، .....ده‌سه‌ڵات لای ئێمه هیچ پێوهرهكی نییه، ئیسبتداد و سیسته‌می ئیستێبدادی به‌رده‌وام خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتن، به راستی ته‌رخانكردن ئه‌م هه‌موو پارەیە بۆ لاساییكردنەوەی لە گاڵتەجار ناچێت؟ پیش‌تر به عهرەبكراو بووین، ئیسته گهیشتینته ئاستی لاساییكردنه‌وه له رۆژئاواییه‌كان، بهعهرەبكردنی ئێمه زورهملانه بوو، به‌ڵام به رۆژئاوایبوونمان، به ده‌ستی خۆمان بووە و به بۆنه‌ی پاره‌ییه»(هەمان)
به گشتی ره‌خنه له ناشیرینیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران و كلتووری ئێرانی سەردەمی قاجار، لایه‌نگری له ناسیۆنالیزم بۆ دانانی ده‌وڵه‌ت-نەتەوەی مودێرنی ئێرانی، دامه‌زرانی حكومه‌تی ده‌ستوور بۆ دابینكردنی مافی یه‌كسانی و ئازادی و هه‌روه‌ها دانانی سیسته‌می ئابووری سوسیالیستی لە پێناو گەشه پێدانی عه‌داڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و خۆشەویستی نیشتمان بە بێ هیچ بیانوو و پاساوێک، به‌شێك لە گوتاری رۆشنبیری «تالبۆف»ە كه له سه‌ر رۆشنبیران و ته‌نانه‌ت سیاسه‌تمه‌داران و خه‌ڵكی ئاسایی ئێرانی سه‌ده‌ی بیسته‌م كاریگه‌ری به‌رچاوی هه‌بوو و لەمڕووەوە، هەڵە و زێدەگۆیی نییە گەر بانگەشەی ئەوە بکرێت، تالبۆف به‌ناوبانگترین و خوێنده‌وارترین مونەوەری نه‌سڵی یه‌كه‌می ئێرانه كه راوبۆچوونه‌كانی له سه‌ر رووداوی چارەنووسازی وەک مهشرووتە و کردنەوەی یەکەم پەرلەمانی ئێران و هەروەهاپرسی نەتەوەسازی و بەگوتارکردنی ویست قانوونخوازی كاریگه‌ری راسته‌وخۆ و ناڕاستەوخۆی هه‌بووه.
درێژەی هەیە..............................................................................
پاشنووسەکان:
١) پێدەچێت ئەم عەشیرەتە لە سەردەمی سەفەوییەکاندا، هاوکات لە گەڵ گواستنەوەی ژمارەیەک لە عەشیرەتەکانی کورد بۆ خوراسان، ئەمان بۆ مازەندرەران دوور خرانەتەوە و لەم ناوچەیەدا نیشتەجێ کرابن. ئەم عەشیرەتە لە سەردەمی دامەزراندنی پاشاییەتی قاجار، لە ریزی ئەو عەشیرەتانەدا بوون کە یارمەتی ئاغامحەمەدخانی قاجاریان لە دامەزراندنی پاشاییەتی قاجارداوە و هەر بەمبۆنەوە لە سەردەمی قاجار تا پاشایەتی فەتح عەلیشاە خاوەن پێگەی تایبەت بوونە.
٢)دارولفونوون، یەکەمین ناوەندی خوێندنی باڵای مۆدێرن لە ئێران‌دا بوو کە لە ساڵی (١٨٥١ز) لەسەر دەستپێشخەری میرزا تەقی خان فەرهانی (ئەمیر کەبیر) دامەزرا. ئەم ناوەندە بە مەبەستی فێرکردنی زانست و تەکنۆلۆژیای سەردەمیانە و هەروەها پەروەردەکردنی گەنجانی ئێرانی دامەزرا.
ئەم ناوەندە بوارە جۆراوجۆری وەک پزیشکی، ئەندازیاری، زانستە سەربازییەکان و تەکنەلۆژیای سەردەمی دیکەی لەخۆگرتبوو و لە رێگەی بانگهێشتکردنی پرۆفیسۆرە بیانییەکان، بە تایبەت لە «نەمسا»وە، هەوڵی جێبەجێکردنی ستانداردە مۆدێرنەکانی پەروەردەیی لە ئێران‌دا دەدا. جیا لەوەی زۆرێک لە دەرچووانی دارولفونوون بە پێشەنگەکانی زانست و تەکنۆلۆژیای سەردەم لە ئێران ناسراون، ئەم ناوەندە و ڕۆڵێکی سەرەکی لە مۆدێرنیزاسیۆنی سیستەمی پەروەردەی ئێران‌دا هەبووە.
بڕوانە: آدمیت، فریدون(١٣٨٥) امیر کبیر و ایران، تهران، خوارزامی
٣)فەرامۆشخانە لە ئەدەبیاتی سیاسی ئێران‌دا هاوتای دەستەواژەی «فەراماسۆنی»یە،دەستەواژەی فرانماسۆنی فەڕەنسی (Franc – mason) و فریماسۆنی ئینگلیزی (Free mason) لە دوو وشەی فری و فران بە مانای ئازاد، و ماسۆن، بە مانای ئۆسا بەنا هاتووە. کەواتە بە مانای «ئۆسا بەنای ئازاد» دێت؛ بەڵام بە گشتی ئاماژە بە کەسێک دەکرێت کە ئەندامی ناوەندی ماسۆنییەت بێت، کە لە ئەساسدا ڕێکخراوێکی سیاسییە کە لە سەدەی ١٨ و لە وڵاتی بەریتانیاوە سەریهەڵداوە و دواتر لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ڕەگی داکوتاوە. لەم ناوەندانەدا سەبارەت بە چارەنووسی خەڵک و هەروەها پرسی گرنگ و چارەنووسساز بریار ئەدرێت و بەمبۆنەوە کە هەمووشتێک پڕ لە ڕازوڕەمز و شاراوەیە، تاوەکوو ئیستاش توێژێنەوەیەکی زانستی سەبارەت بەم ناوەندانە و سەرەتای سەرهەڵدانی نەکراوە گەرچی لەمبارەوە یەک دنیا شت نووسراوە، بە گشتی دواتر چەند لقێک لەم ناوەندانەش لە ئێران‌دا دادەمەزرێن و لەبەر ئەوەی ئەندامانی فەرامۆسۆنییت، ئەوشتانەی کە لە ناوەندەکەدا باس دەکرێت، دەبێت فەرامۆشی بکەن و بە شاراوەیی بمێنێتەوە، دەستەواژەی فەرامۆشخانەیان بۆ بەکار هێناوە..
٦) تا سەردەمی قاجار، نەرێتی مێژوونووسی ئێران، خاوەن چەندین شێوازی مێژوونووسی بوو کە دەکرێت وەک نموونە، ئاماژە بە نووسینی مێژووی «دوودمانی» یان هەمان مێژووی ماڵبات و هەروەها مێژوونووسی «عمومی» یان هەمان مێژوونووسی گشتی بدرێت، مەبەست لە مێژووی ماڵبات ، ئەوە بوو کە مێژوونووسی لە هەر سەردەمێکدا، مێژوویی ئەو ماڵباتەی کەوا لە ئێران‌دا خاوەن دەسەڵات بوون دەنووسیەوە وەک نموونە دەکرێت ئاماژە مێژووی غەزنەویان، مێژووی سەفەوییەکان و مێژووی قاجارەکان بدرێت و مەبەست لە مێژووی گشتی«عوموومی» ئەوە بوو، کە مێژوونووس، مێژووکەی خۆی بە سەردەمی پێغمبەرانەوە دەست پێدەکرد و پاشان ئاماژە بە هاتنی عەرەب بۆ ئێران و هەروەها ئەو ماڵباتانە دەکرد کە لەم خاکەدا خاوەن دەسەڵات بوونە تا سەردەمی خۆدی مێژوونووس و لەمڕووەوە شتێک بە نێوی «مێژووی ئێران» و لە ژێرناوونیشانی مێژووی ئێران لە ئارادا نەبووە.
لەمبارەوە واتە نووسینی مێژووی بەردەوامی وڵاتی ئێران و کۆکردنەوەی سەرجەم ڕووداوەکانی ئەم وڵاتە لە ژێر ناوونیشانی «مێژووی ئێران» کە هەست بە بەردەوامی ڕووداوە سیاسیەکانی یەکەیەک بە نێوی ئێرانەوە دەکرێت بۆ یەکەمجار لە لایەن رۆژئاواییەکانەوە دەستی پێ‌کرد و لەمبارەوە بۆ یەکەمجار، بازرگان و گەشتیارێک بەرەگەز جوولەکەی خەڵکی وڵاتی «پورتەگال» لە ساڵی(١٦١٠)، پۆختە مێژووی رەوزەتولسەفای میرخاندی لە ژێر ناووونیشانی پادشاکانی ئێران بڵاو کردوە و ئەم یەکمەجار بوو کە کەسێک ناوونیشانی مێژووی ئێران بەکار بێنێت و تەنیا باس لە پادشاکانی ئێران بکات و دواتریش لە سەردەمی قاجارەکاندا، سێرجام مەلکۆم، نوێنەری دەوڵەتی ئینگلیز، بە پێشنیاری دەسەڵاتی ئینگلیز لە هیندستان لە ساڵی(١٨١٥) نووسی و هەر لەم ئاراستەیەشدا، مێژووی ئێرانی وەک یەکەیەکی سیاسی کە خاوەن مێژوویەکی سەربەخۆە، پیشاندا و ئەم سەرەتای گوتاری مێژوونووسانەی ئێران واتە نووسینی مێژوو بە مەبەستی سیاسی بوو.
هەر لەم ئاراستەیەدا، جەلالەدین میرزای قاجاریش یەکەم ئێرانی بوو کە بۆ یەکەمجار، بەرهەمێکی لە ژێرناوونیشانی مێژووی پادشاکانی ئێران و تەنیا سەبارەت بە ئێران نووسی و ئەم بەرهەمە بە پێچەوانەوەی بەرهەمە مێژووییەکانی پێشوو، بە پاشاکانی ئوستورەیی ئێران و بەواتاییەک مێژووی پێش ئیسلامی ئێران دەست پێدەکات کە سەرچاوەی سەرەکی مێژوویی پێش ئیسلامی، بەرهەمەکانی پارسیەکانی هیندستان و بەواتاییەک زەرتشتیەکانی دانیشتووی هیندستان بوو کە بریار بوو لە چواربەرگەدا، مێژووی ئێران لە سەرەتاوە واتە پادشا ئوستورەرییەکانی ئێران تا سەردەمی نووسەر بنووسێتەوە کە مەرگ مەجالی نەدا، بەرگی چوارەم تەواو بکات.
ئەم بەرهەمە مێژووییە بە مەبەستی ستایشی مێژووی کۆنارای ئێران و لێدانی عەرەب وەک ئەوی دیکەی ئێرانی و هەرەوەها هۆکاری دواکەتوویی ئێران، نووسراوە و ئەساسەن وا پیشانی داوە ئەم وڵاتە هەر لەسەرەتاوە واتە لە ئەزەلەوە بووە و بەردەوام بووە و ئەمە بۆ یەکەمجار بوو کە لەلایەن مێژوونووسێکی ئێرانیەوە، ئیران وا پیشان بدرێت. بۆ زانیاری وردتر و زۆرتر بڕوانە ئەم بەرهەمە نایابە کە هەر دوو نوسخەی فارسی و ئینگلیزییەکەی لە بەردەستدایە
ضیا ابراهیمی، رضا(١٣٩٦) پیدایش ناسیونالیسم ایرانی، نژاد و سیاست بی جاسازی، ترجمە حسن افشار، تهران، مرکز
Reza Zia-Ebrahimi, The Emergence of Iranian Nationalism: Race and the Politics of Dislocation (Columbia University Press, 2018)
٧) تالبۆف لە تەمەنی ٧٩ ساڵاندا و لە هه‌رێمی «داغه‌ستان» کۆچی دوایی دەکات.
٨)بۆ زانیاری زۆرتر و وردتر سەبارەت بەم بەرهەمانە، بڕوانە
جمالزادە، ناصر،(١٣٩٠) طالبوف، اندیشە سیاسی متفکران مسلمان، ج نهم، علی اکبر علیخانی و همکاران،تهران،پژوهشکدە مطالعات فرهنگی و اجتماعی،٢٣٦-٢٠٩
آدمیت،فریدون(١٣٦٣) اندیشەهای طالبوف تبریزی، تهران،دماوند.
عبدالرحیم، طالبوف(١٣٤٦) کتاب احمد، ادبیات آغاز مشروطیت، بە کوشش محمد باقر مومنی، تهران، سازمان انتشارات کتاب های جیبی.
عبدالرحیم، طالبوف(١٣٥٧)سیاست طالبی، بە کوشش رحیم رئیس نیا و محمدعلی علی نیا، تهران،علم.
٩) نووسەر لێرەدا بە ئەنقەست و مەبەست دەستەواژەی «ئیستبێدادی ڕەها»ی هێناوە و خۆی لە دەستەواژەی باوی «دکتاتۆری« لاداوە، چوونکە لەو باوەرەدایە دکتاتۆری تایبەتی وڵاتانی رۆژئاوایی سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاستە و مەبەست لە دکتاتۆری ئەوە بووە کە پادشا خاوەن دەسەڵاتی ڕەها نەبوو بەڵکوو دەسەڵاتی لە لایەن فئۆداڵ یان خاوەن زەوییەکانەوە سنووردار کرابوو بەڵام لە ئێران‌دا خاوەن دەسەڵاتی ڕەها بووە و لێرەوە بۆ جیاوازکردنی و تێگەیشتنی باشتر، هەست دەکرێت هەمان دەستەواژەی ئیستێبدادی ڕەها، بە کار بهێنرێت.
١٠) تالبۆف گه‌رچی وه‌ك نوێنه‌ری یه‌كه‌م خولی پەرله‌مانی ئێران له بازنەی ته‌ورێز ده‌سنیشان كرا، به‌ڵام له به‌ر چه‌ندین هۆكار و له‌وانەی ته‌مه‌نی باڵای (ئه‌و كاته ٧٢ ساڵی بوو) و هه‌روه‌ها فه‌توای مه‌لاكان كه به «مولحه‌د »و «كافر» تاوانباریان كردبوو ،نەیتوانی لە پەرلەماندا ئامادە بێت، به‌ڵام به‌رده‌وام له دەرەوەی وڵات، لە یارمه‌تی و رێنوێنی نووسەرانی ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تی ئێران، بەردەوام بوو.
ئەوەش لە بیر نەکرێت لە سەردەمی موزەفەرەدینشادا، سەردانی تارانی کرد و لە لایەن پادشاوە، پێشوازی گەرمی لێ‌کرا و سەبارەت بە تالبۆف، پادشاە رایگەیاند:«تالبۆف باش ده‌نووسیت و كه‌سێكی نیشتمان په‌روه‌ره.» (آدمیت،١٣٦٣ :٩ )
١١)وەک نموونە، تالبۆف نزیکەی(١٧٠) لەمەوە پێش ئاوەها چەشنەکانی ئازادی دابەش و پێناسە و ڕوون دەکاتەوە.
ئازادیتاکەکەسی: واتە هیچ کەسێک ناتوانێت و نابێت کەسی دیکە زیندانی بکات یان بچێتە ناو ماڵەکەی مەگەر بەپێی یاسا.
ئازادی بیروباوەڕ: واتە هەموو کەسێک ئازادە، هەر بیرووڕایەکی بیەوێت، پەسەند و بانگەشەی بۆ بکات. هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە لەسەر هەڵە یان تێڕوانینی خۆی، کەسی دیکە بە هۆی بیروڕای جیاواز سەرزەنشت یان سزا بدات ....چونکە باوەڕ و بۆچوونەکان بەرهەمی عەقڵانییەتی مرۆڤن... ئەم ئازادییە کاتێک سنووردار دەبێت کە بیروباوەڕی ئەوکەسە ببێتە مایەی ئاژاوە و زەوتکردنی ئارامی و سووکایەتی بە بیروڕای کەسانی دیکە.
ئازادیی قسەکردن: واتە هەرکەسەوە ئازادە هەرچی بزانێت، بیڵێت و بینوسێت و لە پێناو ڕ ڕوونکردنەوە، خەڵک بانگهێشت بکات و هانی خەڵک بدات قسەکانی ببیسن..
ئازادی هەڵبژاردن: واتە هەر کەسێکی پێگەیشتوو کە لە ڕووی یاساییەوە مافەکانی لێ زەوت نەکرابێت، و بە شایستەی بزانێت، ئازادە لە هەڵبژاردنی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگا، و نابێت هیچ بەربەستێک بۆ ڕەتکردنەوەی هەڵبژاردن و ڕەتکردنەوەی هەڵبژاردنەکەی هەبێت...
ئازادی ڕۆژنامەگەری: واتە هەرکەسێک بنووسێت یان کتێب بڵاو بکاتەوە ئازادە، کەس مافی ئەوەی نییە ڕێگری لێبکات، مەگەر ئەوەی بڵاوکردنەوەی کەسێک لە ڕووی یاساوە شکاتی لێ بکات.
ئازادی گردبوونەوە: واتە کۆمەڵێک کەس کە لە بۆچوونەکانیاندا یەکدەنگن و یەکگرتوون لە ڕەتکردنەوە یان قبوڵکردنی پرسێکی مەدەنی یان سیاسی، هەرکاتێک بیانەوێت، لە هەر خاڵێکدا، دەتوانن لە ڕێگەی ڕۆژنامەگەرییەوە ئەندامەکانیان بانگهیشت بکەن بۆ کۆبوونەوەیەکی گشتی و لە کاتێکی دیاریکراودا کۆبنەوە، گفتوگۆ بکەن، ئیدانە یان ستایشی کارەکانی حکومەت بکەن، و لە کۆتاییشدا کۆنووسی کۆبوونەوەکەیان بە نووسراو بنێرن بۆ هەر شوێنێک کە حکومەتی ناوخۆیی یان ناوەندی دیاری دەکات (طالبوف، ١٣٥٦: ١٨٧-١٨٩)
١٢)سەبارەت بە گوتاری ڕەخنەی تالبۆف و بە تایبەتی ڕەخنەی لە پرسی ئازادی و سیاسەت لە ئێران‌دا بڕوانە:
طالبوف،عبدالرحیم(١٣٥٧) آزادی و سیاست، بە کوشش ایرج افشار،تهران،سحر.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved