مەسعوود بابایی
توێژەر و وەرگێڕی بواری فەلسەفە
بەرایی
پەیوەندیی نێوان زمان و ناسنامە وەک بابەتێکی ڕەها بۆ هەموو کۆمەڵگەکان وەڕاست ناگەڕێت؛ بەو واتایەی کە بنیاتی پێکهاتنی کۆمەڵگە و ئەو گرێبەستەی کە کۆمەڵگەکەی پێک هێناوە و لە چوارچێوەی جوگرافیای دەوڵەتێکدا ڕێک خراوە، ڕەنگە زمان وەک فاکتەری سەرەکی لەبەرچاو نەگرێت. ڕەنگە لە هیندستان "ناسنامەی هیندی" زیاتر لەسەر بنەمای هیندۆسی و فەرهەنگی ئەفسانەیی و جادوویی لەمێژینە بێت کە ئەم نیمچە وشکاڕۆیەی داتەنیوە و زمان تەنیا یەکێک لە پێناسەکان بێت کە بڕشتێکی ئەوتۆی لە پێکهاتنی ئەم کۆمەڵگەیەدا نەبێت!
لەلایەکی دیکەوە، لەمەڕ گەلانێکی دیکە، زمان کۆڵەگەی ناسنامەیە، وەک ئاڵمانی و فەرەنسی و ئیسپانیولی و ئینگلیزی و عیبری (لەگەڵ دینی یەهوودی) و تاڕادەیەکیش عەرەبی. ئەو زمانانەی کە نوێنەرانی نەتەوە بندەستەکان و زمانی سەردەست دەبێت بە ئامرازی چەوساندنەوە و قەدەخەکرانی زمانی بندەستەکان، ئەو زمانە بندەستە دەکات بە چەکی مانەوە و بەرەنگاری و خەباتی نەتەوایەتی.
بەشێوەیەکی ڕێژەیی دەتوانین بێژین بنەمای دژایەتیی "دوژمن" لەگەڵ نەتەوەیەکدا دەتوانێت مایەی پاڵپشت و وزەش بێت؛ ئەگەر زمان ببێت بە چەکی سڕینەوەی ئەوی دیکە، لەبەرانبەردا زمانی بندەستیش دەبێتەوە بە چەکی بەرەنگاریی بندەستەکان. چونکە خاڵی دژایەتی ئەو خاڵەیە کە دەتوانێت خاڵی سڕینەوە و تواندنەوە بێت. لەم ڕووەوە سروشتییە کە تەنانەت زمان ببێت بە کۆڵەگەی ناسیونالیزمێک.
خاڵی فرچک و باشار
بۆچی دەبێت بڵێین "زمان و ناسنامە" و نابێ بڵێین "ناسنامە و زمان"؟ ئەم پرسیارە یەک وڵامی هاوشێوەی نییە؛ واتە وەک "کەچەڵ حەسەن" و "حەسەن کەچەڵ" یان "هێلکە و مریشک"! بەو واتایەی ئەگەر ناونیشانەکە پاش و پێش یان پێش و پاش بکەوێت جیاوازی دروست دەکات. "ناسین" وەک "پێڤاژۆ" (پرۆسە) و "زمان" وەک "ئامراز" لە یەکەم نیگادا خۆی نیشان دەدات. ئەگەر بێژین زمان ئامرازی ناسینە، لەهەمان کاتدا ئامرازی "زانین"یشە. ئەگەر لە ئامانج بدوێین، "ئامراز" دەبێتە ڕێگەی گەیشتن. بەڵام ئەگەر "ناسین" لەنێو "زمان"دا بێتە دی و، زمان خۆی بەرهەمهێنی ناسین و زانین بێت، سەیرکردنی زمان وەک ئامراز ڕاست و دروست نییە. چونکە "ناسین" تەنیا پەیوەندیی بە هەبوونی "دیاردە"یەک لە دەرەوە نییە، بەڵکوو پابەندە بە "بوون + لەوێ" = هەبوون. ئەمە "نیشانەدارکردن"ە، کە لە چاوگی "دەستنیشانکردن"دا بەزەقی وەبەرچاو دەکەوێت. کەوایە، ئێمە لە "سیستمێکی نیشانەناسی و نیشانەسازی" دەدوێین کە سەرەتا دەبێتە مایەی "ناسین". بەم گوێرەیە، دەتوانین بێژین "لەڕێگەی "سڕینەوەی نامۆیی"یەوە ناسین" بەرهەم دێت. ئەگەر زمان بریتی بێت لە سیستمێکی نیشانەناسانە و نیشانەسازانە، کە وابوو زمان ئامراز نییە، بەڵکوو خودی ئامانجەکەیە، بەرهەمهێنەرە و پەیوەندیی بە خودی بکەرەوە هەیە و لەڕاستیدا زمان هەمان بکەرە. هەر بۆیە "ناسین" لەنێو "زمان"دا بەرهەم دێت و لە ئەنجامی کەڵەکەکردنەوە کە بە ڕەوتی "فێربوون"دا تێدەپەڕێت، "زانین" بەرهەم دەهێنێت. دیارە ئەگەر زمان بە "ئاخاوتن" بزانین، زمان بۆ ئامرازێک دادەلەنگێنین. لایەنگرانی ئەم ڕوانگەیە ئاوەز و زمان، بە جیا دەزانن. بەڵام من زمان بە ئاوەز و ئاوەز بە زمان دەزانم و لەم ڕوانگەوە لە پەیوەندیی "زمان و ناسنامە" دەڕوانم.
بەگوێرەی ئەم تێگەیشتنە، نیشانە "خاڵێکی ڕاڤەیی"ە؛ واتە "نیشانە" دەستپێکی ڕاڤەی دیاردەیە. دیاردە وەک "هەبوون" لە جیهانی بینراودا "جێبەند" لە سروشتدا "بەرهەستەکی" (عینی)یە. دیاردە دەرکەوتێکی "بوون"ە کە وەک "هەبوو" دەردەکەوێت. ئەوەی کە ئێمە "بوون" لەڕێگەی "هەبووەکان"ەوە دەناسین، پەیوەندیی بە "دەرکەوتن" ەوە هەیە؛ هەموو دەرکەوتنێک مایەی "دڕدان" (انکشاف)ێکە و لێرەوە "نیشانە" دەڕەخسێت. لەسەر بنەمای ئەم نیشانەیە "یەکەی زمانی" دەزێتە زەینەوە، بەسەر "دەنگ"دا بار دەکرێت و ئەم دەنگە بەرەنجامی پێڤاژۆیەکە کە سەر لە "ناولێنان"ەوە دەردەهێنێت. ئاوەز هێزی ڕاڤەیە کە فرچک بە مانا دەدات؛ مانا پەیڕەوی لە سیستمێکی نیشانەناسی دەکات کە ئەویش دیاردە وەک هەبوویەک کە جێگیرە لە شوێندا دەستنیشان دەکات. جێگیرکردنی مانایەک لە هەبوویەکدا دەبێتە مایەی بەخشینی "گیرسانەوە"، گیرسانەوە لە شوێندا، سەقامێکی نیشانەییە و، کە وابوو "سەقامی واتایی" هەر ئەو شتەیە کە بە "ناولێنان" ناودێر دەکرێت.
هەر ناوێک پێگەیەکە و هەر پێگەیەک ناسنامەیەکە کە بەرەنجامی ڕاڤەیەکی نیشانەناسانەیە. ئەگەر "پێگە" شوێن بێت، دەبێت لە ئەنجامی "جیاکاری"ەوە ڕەخسابێت. جیاکاری بریتییە لە "مەودادانان"، مەودای نێوان دوو دیاردە، دەبێتە هۆی ڕەخسانی نیشانەدارکردن؛ نیشانەدارکردن لەپێناو ناسینەوەیە، هەر ناسینێک دانانی دۆژ (مەودا)ێکە کە بە "لەنێوان" لێی دەدوێین. مەودا خاڵێکی بەراوردکارانە چێ دەکات کە هەوێنی "هاوشێوەیی" و "جیاوازی"یە. فرچک دەستپێکی پێڤاژۆی دروستبوونی مانایە و "مانا" لە ڕەوتی مەودا - جیاوازیدا، دەرخەری هەبوویەکە کە بۆ پاراستنی پێگەکەی دەکەوێتە باشاری هەبووەکانی دیکە یان ئەوانی دیکەوە: ئەمە ناسنامەیە.
هەرچییەک لە شوێندا بگیرسێتەوە، دەکەوێتە نێو بازنەی کاتەوە. ئەگەر "شوێن"مان پێگەی ئێمە دەستنیشان بکات، "کات" بەسەریدا تێدەپەڕێت؛ تێپەڕینی کات بەسەر پێگەی ئێمە لە شوێندا، چەمکی "مانەوە" لە بیر و هۆشمان دەچێنێت. "مانەوە" خاڵی دەستپێکی "هەبوو" یان "بوونەوەر"ە لە کاتدا کە بەگوێرەی "شوێن" پێگەکەی لە جیهاندا دەستنیشان دەکرێت. ئەمە بۆ گیاندار و بێگیان وەڕاست دەگەڕێت. "بێگیان" ئەم پێگەیەی هەیە، بەڵام ناتوانێت پێناسەی بکات و لە ئاستیشیدا نە هەست و نە هۆشیاریی نییە. "گیاندار" هەست بە "بوون"ی خۆی دەکات و بۆ "مانەوە"یشی هەوڵ دەدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەی کاتی بەسەردا تێدەپەڕێت، هیچ هۆشیارییەکی بە "کات" نییە. واتە خاوەنی "یادگە" نییە. وارسکە (غریزە) پاڵنەری سروشتکردی ئەوە، بۆ ژیان و "مانەوە" هانی دەدات بە بێ ئەوەی خاوەنی "خودئاگایی" بێت - هەڵبەت لە ڕوانگەی مرۆیی ئێمەوە.
هۆشیاری بە کات، هۆشیاری بە تێپەڕین و ئاگایی لە "پێگە" لە شوێندا دروستکەری ڕابردووە. ڕابردوو ڕووبەرێکە لە زەینی ئێمەدا کە "یادگە" دروستی دەکات. ئەگەر ئەم ڕابردووە نەبێت، هێڵی دەستپێکی بوونەوەر لە "بوون"دا تۆمار ناکرێت و ئەم بوونەوەرەش "مرۆڤ"ە. هەربۆیە، لە پێناسەی مرۆڤدا ئەم تایبەتمەندییانە هەن: هەبوو، شوێنگیر و جێبەند، کاتمەند، ئاگا و هۆشیار بە ئاگایی، خاوەن یادگە. یادگە، هەموو ئەو هێڵە ئاسۆییەی کات نیشانەدار دەکات کە هەر لە خاڵی دەسپێکەوە "پێگە" پێناسە دەکات و بەبەردەوامی وەبیری دەهێنێتەوە. ڕابردوو، لە ئەنجامی هەبوونی "پێگە"وە مانا پەیدا دەکات، نەک "کات". ڕابردوو وەک کاتی بەسەرچوو، بۆ مرۆڤ تەنیا بەسەرچوو نییە. ڕابردوو ڕووبەری بیرلێکراوەیە؛ ڕابردوویەک کە بە وەبیرهێنانەوەی، "من"ی ئێمە دروست دەکات.
بەم شێوەیە "ئاگایی بە خود" ئاگایی بە "من" دەخوڵقێنێت. "من" ئەو قۆناخەیە کە "ناسنامەی مرۆیی" بەبەردەوامی گەورەی دەکات. هەوڵدان بۆ گەورەکردنەوەی "من"، هەڵپەی هەمیشەیی مرۆڤ بووە بۆ زاڵبوون بەسەر ژینگە و جوگرافیا و ئەوانی دیکەدا. "زمان" ڕەنگدانەوەی "من"ە وەک خودئاگایی.
یادگە، من، خودئاگایی، دیاردەی مێژوویین کە بە ناوی "مرۆڤ"ەوە گرێدراون. مێژووییبوونی مرۆڤ، پێ بەپێی کار لە مێژوودا، فەرهەنگ (کولتوور) دروست دەکات. "من" لە مێژوودا لەگەڵ هاوشێوەکانیدا پەیوەندی دەگرێت و پێڤاژۆی "بەکۆمەڵایەتیبوون" ئافرێنەری "جڤاک"ە. هاوشێوەیی "من"ەکان لە ڕەوتی شوێن - کاتدا ڕابردوو لە یادگەی وێکڕاییدا دەچەسپێنێت، ڕابردوو بە "گێڕانەوە" - گێڕانەوەی هاوجۆر و هاوبەش - دەبێت بە مێژوو. ڕابردوو لە ئاستی تاکەکی و کەسیدا لە سایەی یادگەوە وەبیر دێتەوە. بەڵام لە سایەی گێڕانەوەدا دەبێت بە مێژوو؛ "گێڕانەوە" یەکخستنی ڕابردووە. بۆیە پێویستیی بە "کۆدەنگی" هەیە. کۆدەنگیی جڤات لەسەر گێڕانەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی مێژوو. بۆیە کاتێک باس لە مێژوو دەکەین، باس لە کۆمەڵەی "من"ەکان کە ئێمەین، دەکەین. لێرەوە "فەرهەنگ" لەسەر ڕووبەرێکی بیروهۆشی جڤاکی، لەسەر ڕووبەرێکی خاک بەرەو فرچکگرتنی ناسنامەی نەتەوایەتی هەڵدەکشێت. شوێن، کات، یادگە و پێگە بەتێکڕا جووڵەی نێوەکیی زەین و هۆشن کە یارمەتیی "من" دەدەن تا ڕابردوویەک بۆ خۆی بسازێنێت، بەڵام "گێڕانەوە" توخمێکی زمانییە. "من" تێیدا بەشدارە، بەڵام ناتوانێت بەتەنیا "کۆدەنگی" دروست بکات.
جوگرافیا بە بێ مرۆڤ نابێت بە "نیشتمان"؛ باشتر بڵێین بە بێ "زمان" و "گێڕانەوە". مرۆڤان وەک تاک و بەدوور لە کۆمەڵگە و وەکو گیانلەبەرێکی سەرەتایی، خاوەنی نیشانەناسیی گیانەوەرین. بەو واتایەی قەڵەمڕەوی ژینگەیان بە بۆن یان نیشانەی ماددی دیاری دەکەن. نیشانەدارکردن خاڵێکی هاوبەشی ئاژەڵ - مرۆڤە. بەڵام ئەو تایبەتمەندییانەی کە باسمان کردن، واتای "نیشتمان" لە "قەڵەمڕەو" جیا دەکەنەوە.
ئەگەر "مێژوو" گۆڕەپانی "یادگە" بێت، لەڕێگەی "زمان"ەوە "گێڕانەوە" دروست دەکات. کە وابوو زمان لە دۆخی ئێستادا دەکرێت وەک ئامرازی پێوەندی دەربکەوێت، هەربۆیە دۆخی ئاخاوتن، نیشاندەری دۆخی زیندووانە. من پێم وایە دۆخی ئێستای زمان "ناسنامەخوڵقێن" نییە بەڵکوو ڕەنگدانەوەی ناسنامەیە. ناسنامە لە گێڕانەوەدا فرچک دەگرێت و لە ئێستادا لەگەڵ ئەوی دیکەی ناهاوجۆردا دەکەوێتە باشارەوە. گێڕانەوە وەک توخمێکی زمانی، پێگەی ئێمەیە لە شوێنکاتی مێژووییدا. "من" وەک کەسی گێڕەرەوە هەر بەسەرهاتێک بگێڕێتەوە، لە جەغزی فەرهەنگی خۆییدا دەیگێڕێتەوە. هەرچەند وا دەردەکەوێت لە بیر و ڕای کەسیی خۆی دەدوێت بەڵام داکۆکی لە ناسنامەیەک دەکات کە تەنیا هی خۆی نییە بەڵکوو هی گرۆ و جڤاکێکە ئەو تێیدا ئەندامە. هیچ گێڕانەوەیەک لە دەرەوەی ئاسۆی فەرهەنگیی "من"ەوە لە ئارادا نییە؛ تەنانەت ئەگەر "دەقئاوێزان"یش بێت، دەبێت "پێگە"ی من ئاوێزانی ببێت. هیچ منێک چیرۆکی "من" لە دەرەوەی جڤاکی فەرهەنگیدا ناگێڕێتەوە. ئاسۆکانی ژیانی تاک لە خودئاگاییەکدایە جڤاک بەرهەمی هێناوە و لە دەرەوەی ئەم جڤاکە خاوەنی سیستمی نیشانەناسیی فەرهەنگی نییە. بۆیە کاتێک باسی "گێڕانەوە" دەکەین، لە ئاسۆیەکی فەرهەنگی دەدوێین کە لەڕێگەی زمانێکەوە خۆی دەردەبڕێت. هەم زمان و هەم گێڕانەوە دیاردەی مێژوویین. زمان دەتەنێتەوە و گەشە دەکات و دەمرێت. مەرگی کۆمەڵگە و فەرهەنگێک مەرگی زمانێک و گێڕانەوەیەکیشە. ناسنامە هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە کە لە زماندا دەگێڕدرێنەوە، باس دەکرێن و نیشانەدار دەکرێن. هەرچییەک بشێت "پێناسە" بکرێت، دەشێت هەنگاوبەهەنگاو "ناسنامە"یەک وەربگرێت. پێناسە توخمگەلی جیاجیا و هاوگوێن دەخاتە پاڵ یەکدی. بە وشە و چەمک و زاراوە پۆلێنیان دەکات. وەک موگناتیسێک کە هاڕاوەی ئاسن بۆ خۆی ڕادەکێشێت.
جوگرافیا بە هەرچ زمانێک پێناسە بکرێت دەکەوێتە جەغزی ناسنامەیەکی فەرهەنگییەوە. چیاکان، ڕووبارەکان، گوڵ و گیا و شار و گوند بەو ناوانە ناویان لێ دەنرێت کە ژینگەی مرۆڤێکی فەرهەنگییە، مرۆڤێکی سەر بە نەتەوەیەکی دیاریکراو کە بە "کۆدەنگیی زمانی" گەیشتووە. ئەم جوگرافیایە بە وشەکانی زمانی نەتەوەیی دەبێت بە "نیشتمان". هەربۆیە نیشتمان شتێکی زیاترە لە جوگرافیا، شتێکە بە ناولێنان و بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی "ئێمە" تێیدا لە دایک دەبێت. نیشتمان هەرچەند لە جوگرافیادا هەڵکەوتووە، بەڵام واتاکانی لە "گێڕانەوە"دا سەقامیان گرتووە. ئەو سەقامگیرییە واتاییەی کە دەخزێتە نێو ناسنامەوە بابەتێکی زمانییە. واتاکانی جیهانی بەرهەستەکی و جیهانی دەرهەستەکی لە زماندا لەتەک ناسنامە کارلێک دەکەن، بەو مەرجەی، هەروەک گوتمان، زمان تەنیا بە "دۆخی ئاخاوتن" پێناسە نەکرێت.
کاتێک ناوی چیا، یان گوڵ یان ڕووبارێک لە کەسێکی سەر بەو ژینگەیە دەنرێت، نیشتمانێک لە یادگەی دەچێنرێت. ئەم هەڵبژاردنی ناوە هۆگری و پێکنووسانی فەرهەنگی نەتەوەییە بە جوگرافیایەک کە ئێستا بووەتە نیشتمان. ئەم ناوە بەرەنجامی پرۆسەیەکی دوورودرێژە کە پێشتر باسمان کرد و من نەک تەنیا فۆڕمی دەربڕینەکە بەڵکوو تێکڕای پێڤاژۆکە بە زمان لەقەڵەم دەدەم، چونکە لەپاڵ ڕەهەندی بوونناسانە و دیاردەناسانە، هەڵگری ڕەهەندی نیشانەناسانەشە. لەبەر ئەوەی لە هەموو ئەم پێڤاژۆیەدا زمان خەریکی دانانی نیشانە و کۆد و سیمبۆلە. هەر شوێنێک زمان تێیدا گەرا دادەنێت ئاوەزمەندی و زەینییەتێکیش دەستنیشان دەکات. ئەم وشەی "دەستنیشان"ە لە زمانی ئێمەدا لەو "چاندن"ە دەدوێت کە نیشانەی خۆیی و خۆیەکیبوونی ناسنامەی ئێمەی پێ جیا دەکاتەوە. مەبەستم ئەوە نییە کە پەیوەندییەکی لۆژیکی لەنێوان "پەیڤ" و "دیاردە" یان "ناو" و "ناولێنراو"دا هەیە. مەبەستم ئەوەیە ناخودئاگا کاتێک لەگەڵ خودئاگا تێک دەکاتەوە، "هاوبەشیی مانایی" دەخوڵقێت. هاوبەشییەک لەنێوان "خۆ" و "من"دا. ئەگەر "خۆ" و "من" لە ئاستی هۆشەکی و دەروونناسانەدا "پەیکاڵ" نەبن، زمان ناتوانێت نیشاندەری ناسنامە یان تەنانەت دروستکەری ناسنامە بێت. پەیکاڵی (انطباق) "خۆ" و "من" لەگەڵ هاوشێوەکاندا هۆگری و هاوسۆزی دروست دەکات. "من" وەک کەسایەتیی جڤاکی و "خۆ" وەک کەسایەتیی تاکەکەسی وەخۆگری ئەوی دیکەی هاوشێوەن. هاوشێوەییەک کە لە ئاستی "من، ئێمە"دایە. پەیوەندیی "من" بە "ئێمە"وە پەیوەندییەکی نزیکی هاوناسنامەییە. ئەم هاوناسنامەییە بەرهەمی هاوشێوەییە کە وا لە "من" دەکات ببێتە ئەندامی "هاوشێوەکان". هاوشێوەییە کە لەڕێگەی زمانەوە - بە پێناسەیەکی نیشانەناسانەوە - هۆگری دروست دەکات. زایەڵەی دەنگی زمانی لە "دەنگ" (فۆن) و "ڤاچ" (فۆنیم) تا وشە و ڕستە لە پەیوەندیدا تەنینەوەی وێنا و مانایە کە وا لە "من" دەکات هۆگری جڤاکێکی دیاریکراو بم. هەڵبەت ئاشکرایە هەر لە سەرەتاوە "بەکۆمەڵایەتیبوون" دەبێت ڕوو بدات تا "من" وەک ئەندام دروست ببێت. بەڵام "خۆ" وەک ناسنامەی کەسی پێشتر لەسەر بنەمای هاوشێوەیی پاڵ بە "من"ەوە دەنێت ببێت بە ئەندامی جڤاکی هاوشێوە کە دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت، کە گەورەترین بەرژەوەندی پاراستنی ژیانە لە جڤاکدا. ئەم هاوشێوەییە لەڕێگەی زمانەوە وەردەگێڕدرێت و دەبێت بە ڕایەڵێک کە هۆگری و هاوسۆزی و متمانە لە پەیمانێکی نەنووسراو یان نووسراودا دروست دەکات. ئەمانە لە ئاستی نیشانەناسانە و مانا و دەنگدا هەر هەموویان تەرخانەی زمانن.
کەرستەکانی زمان لە ڕستەدا خاوەنی ناسنامەن. فەزای ژیانیان هەیە؛ فەزای ژیانیان بریتییە لەو مەودایەی کە لەپێش و پاشیانەوە لەکاتی ڕیزبوونیان لە ڕستەدا دەهێڵدرێتەوە. بەکارهێنانی "وشە"یەک بەگوێرەی مەبەست دەبێت بچێتەوە سەر کێڵگەی واتاییی خۆی تا بتوانێت مانا نەگوتراوەکان لە زەیندا بورووژێنێت. ناسنامەی فەرهەنگیی وشەیەک "دەنگ - دیاردە - مانا"یە. ئەم ناسنامەیە ڕادەگوازرێت و بەشێوەیەکی خوازەیی بەکار دەهێنرێت، بەڵام بەتەواوەتی ناتوانی لە کێڵگەی واتایی جیای بکەیتەوە، هەرچەند دەتوانی بەستێنەکەی بگۆڕیت. هیچ واتایەکی خوازەیی دروست ناکرێت مەگەر ئەوەی "ڕووی لێکچوون"ی هەبێت و بەپێی "ماناکێشەکێ (تداعی معانی) دەبێت لە "تاریکانی یادگەی مێژووییدا"، کە هەمان "ناخودئاگا"ی فەرهەنگە، توانستی بەخوازەبوونی هەبێت. بۆ نموونە:
سوور: ڕەنگ
"سوور" : گوڵاڵە سوورەی سەر گڵکۆی شەهیدان -.
"سووربوون": پێداگری و دڵنیایی و پڕکێشی – دۆخی چاو لە چاو بڕین – ڕاستگۆیی.
سووربوونەوە: تووڕەیی یان شەرم.
ڕووسوور: سەربەرز، ئەو کەسەی بوێرە و لە کردەی خۆی دڵنیایە.
"سوور" وەک "ڕەنگ" نیشانەیەک بۆ "دیاردە"(ناو)یە کە دەبێت بە "ئاوەڵناو"، دەدرێتە پاڵ گوڵاڵە سوورە، هێمای شەهیدان کە هەندێ جار بە گوڵی شەهیدان ناودێر دەکرێت و، لە ماناکێشەکێی ئەم پەیڤەدا "خوێن" دێتەوە بیر.
سووربوون، کە بەتەواوەتی وەردەچەرخێت و دەبێت بە چاوگێکی لێکدراو تا نیشاندەری دۆخی بکەر بێت لەو دەمەی کە "لەسەر قسەی خۆی سوورە"!
سووربوونەوە: ڕەنگدانەوەی دەروونیی شەرم و تووڕەیی.
ڕووسوور: بەرەنجامی سووربوون لەسەر کار و کردەوە و ڕێبازێک و سەربەرزبوون تێیدا.
لەم نموونانەدا دۆخی ئاوەڵواتایی و خوازە چەند پەیڤێکی دروست کردوون کە دۆخگۆڕکێی واتاییان بەسەردا هاتووە بەڵام لە باری نیشانەناسییەوە بەگوێرەی ماناکێشەکێ، دەچنەوە سەر وشەی "سوور". ئەمە توانستێکی بانزمانییە لە وشەیەکدا کە بەشێوەیەکی وێنایی لە وشەی "سوور"دا ئاخنراوە و قووڵاییەکەی لە فەرهەنگێکدایە کە ئەم وشەیە لە باری ئاماژەییەوە هەڵگری ئەم قووڵاییەیە.
کە وابوو، ئەم وشەیە لە ئاستە جیاجیاکانی مانادا چ لیکسیکۆن و ئاوەڵواتا و خوازە تا دۆخی مەبەستناسانە (پراگماتیکاڵ) هەڵگری ئاماژەیەکە کە جڤاکی فەرهەنگی لەسەری ڕێک کەوتووە. مەبەستم ئەوەیە کە زەینییەتی فەرهەنگ لە سیستمێکی نیشانەییدا لە وشەکانی زمان ئاخنراوە، کە گەلێک جار بانزمانییە و بەشێوەیەکی پەنامەکی لە زماندا ڕەنگ دەداتەوە. "ناسنامە" گشتکۆیەکی ماناییە، هەم لە ئاستی زمان و هەم لە ئاستی بانزماندا. بەڵام بە بڕوای من، زمان و بانزمان دوو هێڵی تەریب نین، بەڵکوو دوو هێڵن کە بەگوێرەی کێڵگە واتاییەکان، بەگوێرەی نیشانەگەلی زمانی (دەنگ - واتا) و نیشانە نازمانییەکان (ئاماژەیی، وێنەیی) تێک دەکەنەوە. دیارە تەریببوونی زمان و بانزمان دابەشکارییەکی ئاکادیمیکە بەگوێرەی زانستی زمانناسی، نەک زانستی نیشانەناسی. بە بڕوای من، نیشانەی دەنگی و وێنەیی و ئاماژەیی لە پێناسەی نیشانەناسانەی زماندا، هەر هەمووی گشتکۆی زمان پێک دەهێنن.
لەم ڕووەوە، "ناسنامە" تێکڕای ئەو نیشانە فەرهەنگییانەن کە بەشێوەیەک لە شێوەکان دەردەبڕدرێن. "دەربڕین" یان "نواندن" یان "بەیانکردن" هەر هەموویان لە چەمکی "نیشاندان"دا جێیان دەبێتەوە. ئەوەی لە فەرهەنگێکدا نیشان دەدرێت و زمانێکی دەربڕین بۆ خۆی دەدۆزێتەوە و سیستمێکی نیشانەیی، چ ئاخاوتە و چ نائاخاوتە، بۆ گەیاندنی خۆی هەڵدەبژێرێت، بەتێکڕا ناسنامەی ئەو فەرهەنگەن.
دەگەڕێینەوە سەر درێژەی باسی "من" وەک چەقی ناسنامە. "تاکایەتیی" مرۆڤ لە ئازادییەکەیدا دەردەکەوێت، لە ئارەزووەکانی و خۆشبژیوی و بەختەوەرییەکەی. بەڵام "فەرهەنگیبوون"ەکەی لە "بەکۆمەڵایەتیبوون"یدایە. هەر بۆیە "من"ی مرۆڤ لە پەیوەندییەکەی لەتەک ئەوانی دیکەدا مانا پەیدا دەکات و، ئەم مانایە لە "ئاسۆی زمانیدا" دەردەکەوێت. هەربۆیە، هەرچەند "من" وەک "تاک" لەبەرانبەر ئەویدیکەدا پێگەی دەستنیشان دەکات، بەڵام ئەگەر بەراوردی دۆخی "من" لەگەڵ "تۆ" یان "ئەو" نەبێت، نابێت بەخاوەنی "تاکایەتی". تاکایەتی وەک ناسنامەی کەسی، کە "خۆیەتی" دەستنیشان دەکات، لە مرۆڤدا بە واتای "بەتەنیا ژیان" نییە. ئەم تاکایەتییە لەگەڵ ئەوەی بەراوردە بە تاکەکانی دیکە لە پێڤاژۆی "بەکۆمەڵایەتیبوون"دا فرچک دەگرێت. پێم وایە کە "تاکایەتی" بەرهەمی ئەندامەتیی "من"ە لە جڤاکدا. ئەندامەتیی "من" لە "جڤاک"دا دەبێتە هۆی درووستبوونی "من"؛ چونکە "من" خاڵێکی بەراوردییە لەنێوان "تۆ" و "ئەو". "لەنێوان"، هەمان مەودادانانە کە لەڕێگەیەوە "هەرێمی کەسی" تێیدا دروست دەکرێت. "لەنێوان"، نیشتەجێبوونی "من"ە لە "هەرێمی کەسی"دا کە وەک خانوویەکی نێو شار لە گەڕەک و کۆڵانێکدا ئەندامێکی ژیانی جڤاکییە. ئەم پەیوەندییە، پەیوەندییەکی نیشانەناسانەیە کە لەڕێگەی "خاڵی ڕاڤەیی"ەوە "پێگە" دەستنیشان دەکات. کە وابوو، هەر نیشانە یان شوێنپێیەک بەرهەمی "خاڵی ڕاڤە"ییە کە توانایی "نیشانەسازی" یان "نیشانەدانان" بە "من" دەبەخشێت. واتە "من" بە سەروساخت لەگەڵ "خاڵی ڕاڤەیی" دەتوانێت دەست بە "نیشانەسازی" یان "نیشانەدانان" بکات، ئەم کارەی "من" بۆ دەستنیشانکردنی پێگەی "خۆ"یە. هەربۆیە، "خۆیەتی" لە دەرەوەی خۆیدا دەبێت بە "من". "خۆیەتی" ڕووی ناخەکیی مرۆڤبوونی ئێمە و جیهانی شاراوەی ژیانمانە کە بۆ نیشاندانی "پێگە"کەی لە "جڤاک"دا "من" دروست دەکات. ئەم "پێگە"یە هەمان "تاکایەتی"یە کە تەنیا بە هەبوونی "کۆمەڵگە" دەڕەخسێت. لەم ڕووەوە، پێم وایە دژایەتیی مارکسیست و کۆمۆنیستەکان لەگەڵ تاکگەرایی و بەستنەوەی پێناسەی مرۆڤبوون بە "جڤاک"ەوە بێمانایە، چونکە تاکایەتی بەرجەستەبوونەوەی پێگەی "من"ە لە جڤاکدا و بە بێ جڤاک تاک نابێت بە خاوەنی پێگە. ئەمە کە ئێمە لە ترسی لیبراڵیزم دژی "تاکایەتی" بین بێمانایە، بەڵام دەکرێت دژی ڕاڤەی لیبراڵیستی لەبارەی "تاکایەتی" بین.
نیشانەناسیی فەرھەنگی و ناسنامە
"نیشانەناسیی فەرهەنگی بریتییە لە بوارێکی لێتۆژینەوە لە نیشانەناسیدا کە دەپەرژێتە سەر ڕاڤەی فەرهەنگ (کولتوور) لە گۆشەنیگای نیشانەناسییەوە و وەک چالاکییەکی سیمبۆلیکی مرۆیی دەیخاتە ڕوو. واتە، پێڤاژۆی داهێنانی نیشانەکان و مێتۆدی واتابەخشین بە هەموو شتێک لە ژینگەدا. کەوایە، لێرەدا فەرهەنگ وەک سیستمێک لە سیمبۆلەکان یان نیشانەگەلی واتادار پەی پێ دەبردرێت".
توێژینەوە لە مێژوو بەگوێرەی شوێنەوارناسی کارێکی نیشانەناسانەیە. نیشانە بە پشتبەستن بە زناک و شوێنپێ دانەدوو دەکرێت. هەر شوێنپێیەک شوێنێک لە خۆیدا جێ دەهێڵێت. "شوێنهەڵگرتنەوە" واتە گەڕان بەدوای شت یان بوونەوەر یان گیانەوەرێک کە پێش کاتی ئێستا بە شوێنێکدا تێپەڕیوە. کە وابوو، "گەڕانەوە" بە بێ "شوێنپێ و زناک"، کە نیشانەی ماددین، نەلواوە. کاتێک باس لە گەڕانەوە دەکەین بەدوای شتێکی "بەجێماو"دا دەگەڕێین. "شۆپاژۆ"، واتە ئەو "شۆپ (هەنگاو)"انەی لە شوێندا چەقیون، کاتیان بەسەردا تێپەڕیوە و لەوێدا ماونەتەوە. کە وابوو، ئەمانە نیشانەن، ئەمانە دەبینرێن و دەگێڕدرێنەوە. "زناک" و "شوێنپێ" نیشانەن کە لە شوێنکاتێکی دیاریکراودا "سەرگورشتە"ن، بەسەرماندا هاتوون و تێپەڕیون؛ ئەمانە هەوێنی ڕۆحی گێڕانەوەن کە دەبن بە مێژوو، بەو مەرجەی لە یادگەی جڤاکدا فۆڕمێکی لێکچووی "گێڕانەوە" وەربگرن. ئەگەر مێژوو - ڕیکۆر گوتەنی - کۆمەڵێک "نەزیلە و چیرۆک بن کە حەز دەکەن زانست بن"، زانستی مێژوو، لەگەڵ ئەوەی فۆڕمێکی گێڕانەوە بەسەریدا زاڵە، بەیارمەتیی شوێنەوارناسی، یان هەرچییەک کە بەجێماوە، سیستمێکی نیشانەناسانەی هەیە. هەرچییەک لەوێدا کەوتووە، شوێنێکی داگیرکردووە و کاتێکی بەسەردا هاتووە. واتای "چاند" لە زمانی کوردیدا، چەقینی تۆو یان خاش لە خاکدایە؛ "کار و کەرستە" و "بیرکردنەوە"ی وێکڕاییە. لە سایەی پێناسەی سەرەوە، سیستمی باوەڕیش، تێکبەستی نیشانەیە. جیهان، بریتییە لەو دەزگایەی کە جمەی دێت؛ جمەی بوونەوەر و گیانەوەر. جڤاکی سەرەتایی نیشانەکان ڕاڤە دەکات؛ ڕووبار دەگەڕێتەوە بۆ "بەفری چیاکان یان کانیاوەکان، تیشک دەگەڕێتەوە بۆ خۆر...هتد.
بەم شێوەیە ڕاڤەی نیشانەیی ڕاڤەیەکی پاشەوپاشگەڕانەوەیە، گەڕانەوە بۆ سەرچاوە. بەگشتی، ڕاڤەی نیشانەیی پاشەوپاشگەڕانەوەیە، هەر بۆیە مرۆڤەکان "ڕەسەنایەتی"یان بەلاوە گرنگە. ڕەنگە بگوترێت جووڵەی نیشانە تەنیا پاشەوپاش نییە، بەڵکوو هێماکانی هاتوچۆ بەرەو پێشەوەمان دەبەن. ڕاستییەکە ئەوەیە تا جادەیەک نەکێشرابێت هیچ هێمایەکی هاتوچۆش لە ئارادا نابێت. جادە ڕووبەرێکە نیشانەکان لەسەری دەگیرسێنەوە؛ جادە پێشتر کێشراوە و هێما دواتر دانراوە. "فەرهەنگ" جادەیەکە لە ڕابردوویەکەوە کێشراوە و بەڵام نازانین لە داهاتوودا بەکوێ دەگات. ئەو جادەیە پێشتر لە سایەی نیشانە بەراییەکانەوە دروست کراوە، دانانی هێماکان لەسەر جادەکە لەلایەن ئێمەوە نیشانەدانانە لەسەر نیشانەیەکی مێژوویی. جادە شوێنپێی پێشینانی ئێمەیە، ئەو شتەیە کە بە "ڕەسەنایەتی" ناوی لێ دەنێین. هێما نوێیەکانی ئێمە لەسەر جادەکە نیشانەدانانی ئێمەیە لەسەر بنەمای ئەو ڕەسەنە. "دەفری ژیان"ی ئێمە لە ژیارێکدا کە دروستی دەکەین نابێت بە ڕەسەن تا ئەو کاتەی "دەفرێکی دیکەی ژیان" تێیدا بگیرسێتەوە. هەموو کاتێکی ئێستا لەگەڵ ئەوەی لەلایەن نەوەکانەوە نیشانەسازیی بۆ دەکرێت، بەڵام بە بێ نیشانەکانی پێشووتر ناتوانێت ئەم کارە بکات. هەموو مرۆڤێک "ئەزموونێکی پێوەژیو"ی هەیە کە هەرچەندیش ئازاد و سەربەست بێت، لەسەرێکەوە بەستراوەتەوە بە "نەریت"ێک. سەرەڕای ئەوەی لاوەکییەکان دەسڕدرێنەوە و دەچنە ئەنتیکەخانەی فەرهەنگ و ژیار، لەگەڵ ئەوەشدا سەرەکییەکان دەمێننەوە تا ئێمە بتوانین "شوێنپێی" خۆمان لەسەریان جێ بهێڵین. بەم شێوەیە "فەرهەنگ" کەڵەکە دەبێت، بژار دەکرێت و پوخت دەکرێتەوە. بەڵام بەستێن هەمیشە دەمێنێتەوە. گەشەی فەرهەنگ پەیوەندیی بەو بەستێنەوە هەیە کە هەمان "زەینییەت/ ئاوەزمەندیی" فەرهەنگە، نەک ئەو سیستمە ڕاڤەییەی کە بەردەوام دەگۆڕدرێت! هەڵبەت ئاشکرایە لەگەڵ ئەوەی سیستمی ڕاڤەیی دەگۆڕدرێت بەڵام سیستمی نیشانەناسیی فەرهەنگ زنجیرەیەکی ڕاڤەیی دروست دەکات کە وەک دیالکتیکی فەرهەنگ وەگەڕ دەکەوێت و ڕێگە بەوە دەدات بە پاراستنی تایبەتمەندییەکانی، خۆی نوێ بکاتەوە.
توانەوەی فەرهەنگەکان ئەو کاتەیە کە بەستێن نەمێنێت، هەمان "خودئاگا و ناخودئاگا"ی مێژوویی. واتە ناسینی شێوەی ژیان و کار و داناییی پێشینان نەک چەقین لە سەردەمی ئەواندا. واتە ژێرخانێک کە دەیپارێزین و سەرخانێک کە لەسەری جیهان و ئاسۆی فەرهەنگیی خۆمانی لەسەر بونیاد دەنێین. ئەوەی کە دەڵێین "ناسنامە" لە گۆڕاندایە، پەیوەندیی بە سەرخانەوە هەیە نەک ژێرخان. نیشانەناسیی دێرینی فەرهەنگ "ژێرخان"ە و نیشانەناسیی هەنووکەیی ئێمە لە ئاسۆی فەرهەنگی و واتایی خۆماندا "سەرخان"ە؛ وەک شوێنی کۆشکێک کە بەردەوام نۆژەن دەکرێتەوە و پێوەی زیاد دەکرێت و لێی کەم دەکرێت. بەڵام شوێن وەک "پێگە"کەی، کە ڕەگێکی مێژووییی هەیە، دەهێڵدرێتەوە. هێشتنەوەی تەلارسازیی سەردەمی کۆن، هێشتنەوەی نیشانەناسییەکی ماددی و ژیارییە کە فەرهەنگێک تێیدا نووستوە و ئێمە لەڕێگەیەوە بەبەردەوامی دەتوانین پێگەی خۆمان لە مێژوودا وەبیر ئەوانی دیکەیش بخەینەوە: ئێمە لێرەبووین و لێرەین.
تەلارسازی، خاوەنی سیستمێکی نیشانەناسانەیە. بەگوێرەی شوێنەوارناسی تەمەنێکی هەیە کە کەرستە بەکارهاتووەکان تێیدا دەستنیشان دەکرێت. بەڵام لە باری سیمبۆل و هێما و ڕەنگ و نیگارەکان، کە نیشانەی فەرهەنگی جڤاکێکن، گێڕانەوەیەکی بانزمانین و لە ڕەخسانی ناسنامەی وڵات و گەل و جڤاک و نەتەوەیەکدا کاریگەرییان هەیە. زمانی تەلارێک، بۆ زمانی دەربڕین وەردەگێڕدرێت، لە مۆنۆلۆگی خۆماندا دەتوانین بیدوێنین، وەقسەی بهێنین؛ بەو مەرجەی پەیکاڵی نیشانەییمان هەبێت. واتە ئێمە نیشانە خۆماڵییەکانی خۆمانی تێیدا بدۆزینەوە، زمانێکی نیشانەیی کە لەبەرانبەریدا وشەیەک لەدایک دەبێت. ئەو نیشانەیە دەتوانێت دەرخەری "ڕۆح" و باوەڕێک بێت و دەشتوانێت دەربڕی "کار"ێک بێت. فەرهەنگ بە "نەریت" دەمێنێتەوە و بە "کار" گەشە دەکات. "نەریت" ڕابردوو دەپارێزێت و "کار" داهاتوو دابین دەکات. پاراستنی زمان پەیوەندیی بە "نەریت" و گەشەی زمان پەیوەندیی بە "کار"ەوە هەیە. هەر کارێک نیشانەیەک لە دەرەوە جێ دەهێڵێت و مانایەک لە وشەیەکدا لە زەینمان دەچێنێت. بۆ پاراستنی مێژوومان نەریت دەپارێزین و بۆ گەشەی ئێستا و داهاتوومان "کار" دەکەین. کار شوێنەواری نوێ لە ژینگەماندا دەخوڵقێنێت، هەر شوێنێک لەسەر زەوی "ناو"ێک بۆ شوێن لە جوگرافیادا کە هەمان نیشتمانمانە "نیشانەدار" دەکات و هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا "کەرستە و ئامراز"ێک چێ دەکات کە "ناو - کارکرد"ی هەیە. کە وابوو، وشەکانی زمان بە دوو ئاراستەی "ناو - کار" گەشە دەکەن. ئەم پێڤاژۆیە تەنیا توانایی دەربڕینی زیاتر بە زمان نابەخشێت، بەڵکوو ڕاپەرموونی زیاتر بە "ناسنامە" دەدات تا باشتر خۆی بنوێنێت. ناسنامە ڕووبەرێکە ئەگەر بە یارمەتیی "نیشانە - واتا"، کە هەمان زمانە، سووچ و قوژبنەکانی نیشانەدار بکرێن، گەورەتر دەبێت. هەر نیشانەیەک تیرۆژێکە دیاردەیەکی پێ دەناسرێتەوە و دیاردەکان هەرکە بە "نیشانە" دەستنیشان بکرێن، هێزی دەربڕینی زیاتر بە زمان دەبەخشن و هەرچی زیاتر "ناسنامە" بە پرشنگێکی زیاترەوە دەنوێننەوە.
کاری "خۆ - من" لە فراژووتنیدا ئەوەیە گەورەتر و زاڵتر و پرشنگدارتر ببێت، وەدیار بکەوێت، "خۆ"ی لە "من"دا نیشان بدات. بە یارمەتیی "من" ناخ دەڕژێتە دەرەوە - چ خاکەڕایانە بێت و چ لووتبەرزانە". نیشانەدانان لە زماندا، لە دۆخی پەیوەندیگرتنیشدا، خۆنواندنە. "من" لەنێو "ئێمە" دا دەژیت، "خۆ"ی دەنوێنێت و لەو دەمەی لەبەرانبەری "تۆ" و "ئەو" دا پۆلێن دەکرێت، ناچارە "پێگە"ی دەستنیشان بکات. هەوڵدان بۆ نیشاندانی "پێگە"، هەوڵدانە بۆ وەدەستهێنانی "ناسنامە". هەربۆیە، "من" بۆ گەورەکردنی "پێگە"ی خۆی پێویستە لەتەک هاوگرۆ و هاوچەشنەکانیدا "هاوناسنامە" ببێت. هەوڵ بۆ "هاوناسنامەبوون"، "بەکۆمەڵایەتیبوونی" گەرەکە تا "من" بتوانێت زیاتر "پێگە"ی خۆی نیشان بدات. مرۆڤ لەوە تێگەیشت کە "من"ەکەی لەنێو "ئێمە"دا گەورەتر دەبێت و "هاوسۆزی" و "هاومشووری" لەبەرانبەر بازنەکانی دیکەی ناسنامە کە لەگەڵ بازنەکەی ئەودا باشار دەکەن، بەهێزتری دەکات.
ئەگەر ئەمە بە بەرژەوەندی ناودێر بکەین، دیسان واتاکەی لەجێی خۆیەتی و ناگۆڕدرێت. بەهەرحاڵ، بەهێزکردنی "پێگە" دەبێتە مایەی "دانپیانان"ی ئەوانی دیکە و زمان وەرگێڕی زنجیرەیەکی نیشانەناسییە کە پێ بەپێی ناسینەوەی نیشانەکان، نیشانەسازییش دەکات. "ناسنامە"ی من تا دەگات بە ئێمە و تا گەیشتن بە نەتەوە بەم شێوەیە پەرە دەستێنێت و، مێژوو گەواهی ئەوەیە کە زاڵبوونی ناسنامەکان بەسەر یەکدیدا لەپێناو وەدەستهێنانی پێگەی گەورەتر و هێزی زیاتر بووە و تا ئێستاش بەردەوامە و، سروشتی مرۆییش لەگەڵیدا تەبا و کۆکە.
پەیوەندییەکانی خزمایەتی(من - ئێمە)، ئاشنایەتی(تۆ - ئێوە)، بێگانەیی(ئەو - ئەوان) ئەو مەودا – جیاوازییانەن کە بازنەکانی پەیوەندیی تاک - جڤاک و شێوەکانی سەروساختی کۆمەڵگەکان لەتەک یەکدی دەستنیشان دەکەن. دووری و نزیکی، خزمایەتی و ئاشنایەتی، هەرێمی ژیانی کەسی و کۆمەڵایەتی، سروشت و شێوازی ئاشتی و ململانێ و جەنگ - لەو دەمەی کە هەڵپەی زاڵبوون بەسەر جوگرافیا و خاکی ئەویدی بەسەر مرۆڤدا زاڵ دەبن - هەر هەموویان ڕەخسێنەری ناسنامەی جڤاکێکی هاوچارەنووسن. ترس و تەنیایی تاک بە یەکگرتن لەگەڵ کۆمەڵگەدا دەڕەوێنەوە و قوربانیدانی تاک لەپێناو کۆمەڵگەکەی لەپێناو درێژەدان بەو ناسنامەیەیە کە دەیهەوێت لە نەوەکانی داهاتووی خۆیدا درێژە بکێشێت. "من" لە "تۆ"دا لەڕێگەی هاوناسنامەییەوە پاتەوپات دەبمەوە و بەم چەشنە "قوربانیدان" لەپێناو ناسنامەیەکی دیاریکراو مانا پەیدا دەکات. هەر بەو چەشنەی کە "من" لەبەر ئەوانی دیکە قوربانی دەدات، هەر ئەم منە دەیهەوێت بەسەر ئەوانی دیکەی هاوناسنامەی خۆیدا زاڵ ببێت. کارکردی "من" وەک "قوربانی" و وەک "ستەمکار" یان "ڕێبەر" و "چاکساز" لەسەر بنەمای هەماهەنگیی هەرچی زیاتری ناسنامە لە جڤاک و دەوڵەتدا بەگوێرەی هەمان نیشانەسازیی فەرهەنگییە کە دواجار "سیاسی" دەبێتەوە. بە بڕوای من، نیشانەناسیی فەرهەنگی بازنەیەکە لە سیاسەتدا دەبێت بە سێگۆشە و قووچەک؛ ئیدی"هێز" بەرهەم دەهێنێت. ئەم پێڤاژۆیە لەو دەمەدا ڕوودەدات کە جڤاک بە هێزی وێژمان، کە خۆی نیشانەسازییەکی سیاسییە، تەیار دەبێت.
ھەڵنان: وەرگۆڕانی بازنە بۆ قووچەک
ڕاڤەی سیاسیی نیشانەناسیی فەرهەنگی، "هێز" بەرهەم دەهێنێت. "دەوڵەت"، لە "زنجیرەپلە/ هیرارشی)"دا هێزی فەرهەنگیی نەتەوە دەکات بە هێزی سیاسی کە هەرکە پاڵپشتیی دەستووری و یاسایی پەیدا دەکات وەردەگۆڕدرێت بۆ "دەسەڵات". زمان، کە پێشتر بە یارمەتیی "نیشانەدانان" کێڵگەی فەرهەنگیی مانادار کردووە، بەتەیارکردنی جڤاکی فەرهەنگی یان فەرهەنگی جڤاکی "زمانحاڵ" بۆ خۆی دروست دەکات. ئەم زمانحاڵە لە "وێژمانی دەسەڵات"دا دەردەکەوێت کە ویستی جڤاک لە ئۆرگانیزاسیۆندا پۆلێن دەکات. کاتێک باسی "وێژمان" دەکەین لە دوو پانتایی دەدوێین: کێڵگەیەکی نیشانەناسانەی فەرهەنگی کە وێنایەکی بازنەیی لە مێشکماندا چێ دەکات و جڤاکێک تێیدا جێی دەبێتەوە و لە گرێبەستدا بە ئۆرگانیزاسیۆنێکەوە دەبەسترێتەوە کە بەگوێرەی قووچەکی هەڵدەنرێت. پانتایی دووەم، قووچەکی دەسەڵاتی دەوڵەتە کە پاش پاچەڤەی نیشانەناسیی فەرهەنگیی جڤاک لە وێژمانی خۆیدا، نیشانەناسیی تایبەت بە خۆی بەرهەم دەهێنێت. ئەمە کە چ بەشێکی فەرهەنگی جڤاکی لە دەسەڵاتدا ڕەنگ بداتەوە و بڕیار لەسەر چ فۆڕمێکی ناسنامە بدرێت لە دەستنیشانکردنی "ناسنامەی سیاسی"دا یەکلاکەرەوەیە. گۆڕەپانی دانپیانراوی فەرهەنگی جڤاکی، بەرهەمهێنەری "وێژمانی سیاسی" (Political Discourse)ی دەسەڵاتە کە لە چوارچێوەیدا "نەتەوە" پێناسە دەکرێت. پاڵپشتیی دەستووری و یاسایی لەم "وێژمان /دیسکۆرس"ە، ئوتۆریتی و ڕەوایی بە دەوڵەت دەبەخشێت و بەم چەشنە وێژمانی فەرمیی "دەوڵەت - نەتەوە" لەدایک دەبێت. زمان لەم قۆناخەدا تەنیا زمانی پەیوەندیگرتن نییە، بەڵکوو ئامرازی "بەرهەمهێنانی هێز"ە کە لە "وێژمان"دا کە هەڵگری نیشانەناسییەکی دیاریکراوی جڤاکێکی فەرهەنگییە ڕەنگ دەداتەوە و بەمە دەگوترێت "زاڵبوون" یان "هەژموون".
کاتێک دەڵێین "ڕێکخستنی زمان یەکخستنی نەتەوەیە" مەبەستمان تەنیا ئەوەیە کە کێڵگەی فەرهەنگی جڤاکیمان بۆ قووچەکی دەسەڵاتی سیاسی بەگوێرەی "وێژمان" (دیسکۆرس) ڕاگواستووە تا ئەو فەرهەنگە جڤاکییە کە خاوەنی نیشانەناسیی فەرهەنگییە ببێت بە خاوەنی نیشانەناسیی سیاسی. تێهەڵکێشی نیشانەناسیی فەرهەنگی (بازنە) لە نیشانەناسییەکی سیاسیدا (قووچەک)، هەڵکشاندنی ناسنامەیە لە پێناسەیەکی فەرهەنگییەوە بۆ پێناسەیەکی سیاسی. لە ناسنامەی فەرهەنگیدا، هەموو کردەیەک لەبەرانبەر فەرهەنگی سەردەستدا، کردەیەکی بەرەنگارییە؛ بەڵام تەنانەت کردەی فەرهەنگیی ناسنامەیەکی سیاسییش (نەتەوەی سەردەست) بە ئامانجی کاریگەریدانانە؛ بەدەر لەوەی ئەم کردەیە ستەمکارانە یان دیمۆکراتیک بێت. چونکە وێژمانی ناسنامەی سەردەست لە دەستوور و کردەی سیاسیدا ڕەنگدانەوەی فەرهەنگی زاڵە، بەپێچەوانەوەی کردەی بەرەنگارانە کە هەوڵدانە بۆ خۆڕزگارکردن لە باڵادەستیی کردەیەک کە وەک "وێژمان" لەلایەن هیرارشییەکەوە دەسەپێنرێت؛ تەنانەت ئەگەر ئەم سەپاندنەش لەڕێگەی دانوستان و گرێبەستەوە هەبێت. چونکە هیرارشی پەیڕەوی لە تەکووزی (نظم)ێک دەکات کە "بەهاسازی" دەکات. هەر نیشانەیەکی فەرهەنگی لە هیرارشیدا دەبێت بە "خاڵی هێز"، کە پێشتر "خاڵی ڕاڤەیی" بووە و، هەرکە دەکەوێتە نێو قووچەکی دەسەڵاتەوە بە یارمەتیی وێژمانی زاڵ دەبێت بە پاژێک لە "هەقیقەت".
فرۆکلاف (١٩٩٥) وێژمان بە "زمان وەک کردەیەکی جڤاکی" پێناسە دەکات و لەم پێناسەیەدا، بۆ بەکارهێنانی پێناسەی پەتیی زمان ناگەڕێتەوە، بەڵکوو زمانی لە پەیوەندییەکی سیستماتیک لەگەڵ کردەگەلی جڤاکی و فەرهەنگی بینیوە. زمان لەم پێناسەیەدا، لە پەیوەندییەکی سیستماتیک لەتەک کردەکان و ڕووداوە جڤاکییەکاندا، بیچم بە جیهانی جڤاکی دەدات و هاوکات لەگەڵیدا بیچم پەیدا دەکات و چالاکانە لە ڕەخساندنی گۆڕانکارییە جڤاکی و فەرهەنگییەکاندا بەشداری دەکات (فرۆکلاف ٢٠٠٣ و یۆرگنسێن و فیلیپس، ٢٠٠٢ ، لەنێو وتاری "مریەم قەهرەمانی").
ئەم پێناسەیە لەنێو سیستمێکی نیشانەییی زماندایە بەڵام بەشێک لە سەروساختە جڤاکییەکان دەخاتە دەرەوەی بیاڤی زمان. دیارە ئەم پێناسەیە، سەروساختی جڤاکی لە بەرهەمهێنانی کردەی زمانی پەیوەندیدا دەبینێتەوە و "نازمان" و "بانزمان" بە زمان دانانێت. لەکاتێکدا کە "نازمان" و "بانزمان"، بە بڕوای من، لەگەڵ ئەوەی لە کردەی پەیوەندیدا دەرنابڕدرێن، بەڵام دۆخی گڕوگاڵی زمانن، کە تێیدا بە ڕەخسانی زمانی ئاسایی و باوی پەیوەندیی جڤاکی، فەرامۆش کراون. ئەم گڕوگاڵە بەشێوەی لاڵبوونی کاتی لە دەمی ئاخاوتندا جاروبار دەردەکەوێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەی "لاڵی"یە ئێمە دەتوانین بەو جووڵانەی کە بۆشایی مانا پڕدەکەنەوە لێی تێبگەین. "لاڵی"یەک کە پاش زمانپژانیش و پاش فێربوونی زمان، "نازمان" و "بانزمان"یش وەک میرات لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و دەبێت بە بەشێک لە زمانی پەیوەندی. ئەگەر بەم شێوەیە لە بابەتەکە بڕوانین، دەبینین بە گرتنەبەری وەها لێڕوانینێک، زمان تەنیا وەک سیستمێکی گشتلای نیشانەیی لەبەرچاو دەگیردرێت و لە تەنیشت سیستمگەلی نیشانەییی نازماندا دەخرێتە بەرباس. گرتنەبەری وەها لێڕوانینێک، ئەم ئەگەر و توانستە بە شرۆڤەکاری ڕەخنەگری وێژمان دەدات تا تێکڕای کردەکان، پێڤاژۆکان، دیاردەکان و ڕووداوگەلی جڤاکی - فەرهەنگی... بە کاروباری وێژمانی لەقەڵەم بدات و ئەوانە بە شوێنکەوتەی ڕێساگەلی ویژمانی بزانێت. هەربۆیە، هەر لە سەرەتای ئەم باسەوە بۆ لێڕوانینی گشتلای شرۆڤەی ڕەخنەگرانەی وێژمان، ناونیشانی "نیشانەناسیی وێژمانیی ڕەخنەگرانە" پێشنیار دەکەین.
پێناسەی فۆکۆیی لە وێژمان، قەڵەمڕەوی شیکاریی وێژمان بۆ بیاڤێکی سەرتری سیستمی نیشانەیی هەڵدەکشێنێت و، بابای شرۆڤەکاری وێژمان بۆ تەرخان و ڕەخسانی هەمەلایەنی سیستمە نیشانەییەکان سەرپشکتر دەکات (ڕوانگەی فۆکۆیی).
ناسنامەی سیاسی بەرزترین ئاستی ناسنامەیە. ئێمە لێرەدا لە "ڕێژیمی سیاسی" نادوێین، بەڵکوو لەو جوگرافیا سیاسییە دەدوێین کە بە نیشانە فەرهەنگییەکان بووەتە نیشتمان و بە وێژمان کە خۆی سیستمێکی نیشانەناسانە و نیشانەسازانەیە و دەربڕی "هیرارشی" لە نێوەوەوە و "سەروەری" لە دەرەوەیە، ناسنامەی نەتەوەییی ڕەخساندووە.
لە جیهانی دەوڵەت - نەتەوەکاندا، "ناسنامە" پرسێکی سیاسییە؛ ئەمە کە مرۆڤەکان یەک نەژادن و کەم و زۆر شێوەی فراژووتنی ژیار و فەرهەنگەکان هاوچەشنە، هێشتا نەیتوانیوە بیرۆکەی دەوڵەتی جیهانی وەڕاست بگەڕێنێت. "قارەمانان"، کە لە گۆڕەپانی جەنگدا دەکوژن و دەکوژرێن، نیشانەکانی فەرهەنگێک لە پاش خۆیان جێ دەهێڵن کە پاشەبەران لە گێڕانەوەیاندا، بە هەموو جۆرەکانییەوە، مەودا - جیاوازییەک دروست دەکەن کە سروشتی ململانێ زەق دەکەنەوە. سەرلەبەری ناسنامە، چیرۆکی "من"ەکانە کە هەمیشە ڕووی لە گەورەبوونە، لە هیچ بارگەیەکدا ڕاناوەستێت و پاڵنەری "خۆیەکیی" مرۆڤ بۆ زاڵبوون بەسەر ئەوانی دیکە شوێنپێیەک لە جوگرافیادا جێ دەهێڵێت کە دواتر دەبێت بە سیستمی نیشانەناسانە.
کاتێک دەڵێین زمان سیستمێکە لە نیشانەکان، مەبەستمان ئەوەیە هەموو شتێک تێیدا ببێت بە زمان؛ چ زمانی ئاخاوتن و چ نازمان و چ بانزمان هەموویان دەبنە زمان. بەم پێوەرە هەرچییەک لە خودئاگا و ناخودئاگادایە بە مەودا – جیاوازییەک کە ژینگەی فەرهەنگی نیشانەدار دەکات، فەرهەنگی جڤاکی دەڕەخسێنێت. "ئێمە" وەک بازنەی خزمایەتی کە ڕەنگدانەوەی "من"ەکانە، بەردەوام بە کار و ململانێ و هاوناسنامەبوونی هەرچی زیاتر هەوڵ دەدات بەهێزتر ببێت. هەوڵدان بۆ گەیشتن بە هاوگری و هۆگری و هاوسۆزی و هاومشووری تەنیا بۆ ئەوەیە "هاوچارەنووسی" بڕەخسێنێت. دەبێت هەموو ئەم تایبەتمەندییە لە سیستمێکی نیشانەناسیی زمانیی گشتگردا ڕەنگ بدەنەوە و ڕووبەری ژینگەی فەرهەنگی بە زمانی خۆوڵاتی ئەوەندە خاک بە "نیشانەی نیشانە" بڕازێنێتەوە تا لە ئەدەبیاتدا خاک ببێت بە "نیشتمان". ئەم پێڤاژۆیەی کە "من" دەیگرێتەبەر بۆ ئەوەیە "من"ەکان لە "ئێمە"دا وەک "نەتەوە" دەربکەون (نیشانەناسیی نێوەکی) و ژینگە و جوگرافیا ببن بە "نیشتمان" (نیشانەسازیی دەرەکی).
ئەم دوو ناولێنانە لە ئاستی نێوەکیدا بۆ "نیشانەناسی"یە و لە ئاستی دەرەکیدا "نیشانەسازی". چونکە "من" بە شۆڕبوونەوەی بۆ "خود" وەک پاڵنەر، دەیهەوێت بەگوێرەی زەینییەتی خۆی هاوشێوەکانی خۆی بناسێت و پەل بۆ دەرەوە بهاوێت. بەڵام کاتێک پێڤاژۆی ژینگەیی یان "ژینجیهان" (بە ئەڵمانی Lebenswelt)ی خۆی دەگرێتەبەر، دەیهەوێت من - ئێمە" وەک هێزی کاریگەریدانان زاڵ بکات و دەست بە نیشانەسازی دەکات. نیشانەسازیی بەردەوام وردە وردە لەسەر ڕووبەری فەرهەنگی هاوبەشدا پێویستیی بە دروستکردنی شیرازە و تەکووزییە تا خۆی بە دەرەوە نیشان بدات و لێرەدا وێژمان (دیسکۆرس) بۆ ئەوەیە فەرهەنگ لە سیاسەتدا تێهەڵکێش بکرێت و قووچەکی دەسەڵاتی لەسەر هەڵبنرێت تا هێزی کاریگەریدانان بگاتە ئەوپەڕی خۆی.
وای دەبینم کە زمان بە واتای ڕەها، کردەی نواندنە کە "من" ئاست بە ئاست و پێگە بە پێگە دەینوێنێت. "من" تەنیا لەڕێگەی "هاوناسنامەیی"یەوە گەورە دەبێتەوە، ئەگەر هاوشێوەکانی نەدۆزێتەوە نابێت بە "سەردار"؛ سیاسیبوونەوەی "من" لە سەرداربوونیدایە، لەو دەمەی کە دەیهەوێت بە فەڕی خۆی دانپیانانی ئەوانی دیکە وەربگرێت. جڤاکی فەرهەنگی کۆبوونەوەی ئەم "من"انەیە کە لەڕێگەی داڕشتنی وێژمانەوە دەبێت بە "جڤاکی سیاسی". وێژمان، بەتەواوەتی و لەبنەڕەتەوە بابەتێکی سیاسییە؛ تەنانەت ئەگەر مژاری باسوخواسیشی سیاسی نەبێت، لەبەر ئەوەی کۆدەنگیی جڤاکی فەرهەنگی لە خۆیدا دەنوێنێتەوە و بۆ "کار" و "بەڕێوەبردن" و "ئایدیاڵ"ەکان جڤاک ئاراستە دەکات، ئەرکێکی سیاسی بەڕێوە دەبات. چونکە "شیرازەبەخشین و تەکووزیی جڤاکی" ئەرکێکی سیاسییە. تەنیا لەڕێگەی داڕشتنی وێژمانەوە کە ئەویش کردەیەکە لە زماندا جێ خۆش دەکات، "من" دەبێت بە خاوەنی ناسنامەی سیاسی.
شۆپاژۆی نیشانەیی لە ناسنامەی "من" دا لە سایەی "وێژمان"ەوە بە دوای خاڵەکانی هێزی زیاتردا دەگەڕێت. ئەگەر ڕووبەرێک لە زەوی بە "هاوناسنامەیی" ببێت بە "جڤاک"، کە تێیدا "کار" و "نەریت" جڤاکی فەرهەنگی پێک بهێنن و لەوێوە لە سایەی "وێژمان"ەوە شیرازە و تەکووزییەکی سیاسی دروست بکەن و پێ بە پێی جڤاکی فەرهەنگی، کۆمەڵگەیەکی سیاسییشی لێ بکەوێتەوە، دیسان جووڵەی نیشانەناسانەی وێژمان لە هیچ خاڵێکدا ڕاناوەستێت. بەگوێرەی گەشەی هێز و دەسەڵات، "من" کە ئێستا "نەتەوەیە لە دەوڵەتدا" لەوەش زیاتر هەڵدەکشێت و لەڕێگەی زمانەوە بانزمانێکی دیکە دروست دەکات؛ بانزمانێک کە هەمان فەنتازیا و ئوستوورە و جادوو و دینە کە لە ڕۆژگاری کەوناردا بۆی ماوەتەوە و بەشێوەیەکی دیکە دەیکات بە ڕەوایی کردەی سیاسی لە دەوڵەتدا. واتە ئەم ناسنامەیە کە زەمینییە بەشی "من" ناکات و پێویستە سیستمێکی باوەڕیش هەبێت کە بەشێکی هەرەزۆری لە یادگەی مێژووییدا چەقیوە و بە یارمەتیی هونەر و جوانیناسی و ئەدەبیات، ئەمجارەیان یەزدانناسیی سیاسی بەشێکی دیکەی وێژمان پێک دەهێنێت.
***
دەکرێ ڕێگەیەکی دیکە بۆ درێژەدان بەم وتارە، بە کردنەوەیەکی دەروازەیەکی نوێتر هەبێت. بەڵام لەبەر ئەوەی هەموو لایەنەکانی کردنەوەی دەروازەی باسێکی نوێ هێشتا لە بیروهۆشی نووسەردا بەتەواوەتی هەڵنەسەنگێنراون، کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ لەم وتارەدا و درێژەدان پێی ڕەنگە زیان بە هێڵی بەڵگەهێنانەوە و بەرەنجامگیرییەک بدات کە دەشێت خوێنەر پێی بگات.
ئەمە کە بۆچی بابەتی ناسنامە ئەوەندە بەرین کراوەتەوە، پەیوەندیی بە مێتۆدی نیشانەناسانەی وتارەکەوە هەیە. "من - خۆ"، خودئاگا و ناخودئاگا، لە بابەتێکی دەروونناسانەوە هەڵکەنراون و لە پەیوەندییەکی نیشانەناسانەوە لکاون بە پرسی ناسنامەوە. زمان بە سیستمێکی نیشانەناسی پێناسە کراوە و لە زمانناسی ترازێنراوە تا ببەسترێتەوە بە مێژوو و نەریت و جڤاکی فەرهەنگییەوە، لەوێوە بە یارمەتیی "وێژمان" باس لە ناسنامەی سیاسی کراوە. مێتۆدی ڕاڤەی هێرمێنۆتیکی بەشێوەیەکی بێڕەنگ پەیڕەویی لێ کراوە، بەڵام مێتۆدی نیشانەناسانە زەقتر نیشان دراوە.
لە ئێستادا بۆ ئێمەی کورد "قەیرانی وێژمان (دیسکۆرس)" لەمپەڕی سەرەکیی ناسنامەی نەتەوەیی یان بەنەتەوەبوونمانە و زمانی یەکنەخراوی ئێمە بەم شێوەیە ناتوانێت ئەم وێژمانە – کە پێڤاژۆیەکی سیاسییە – بئافرێنێت. پەرۆشی و نیگەرانییەک کە لەم وتارەدا دەبینرێت زیاتر لەم پەیوەندییەدایە و هەوڵ دراوە ناڕاستەوخۆ ئەم بۆشاییە وەدیار بخرێت.
سەرچاوەکان:
١. نیقولاس اوستلر، امبراطوریات الکلمة ، تاریخ للغات فی العالم، ترجمة: محمد توفیق البجیرمی، دار الکتاب العربی، بیروت – لبنان، ٢٠٠٥ [ئەو بەشەی کە لەم کتێبەدا وەک سەرچاوە بەکار هاتووە: بساط ثمیستوکلیس: النظرة اللغویة للتاریخ الأنسانی، لاپەڕە، ٣٣ – ٤٨.
٢. سیزار قاسم، نصر حامد ابو زید، مدخل الی السیمیوطیقا، انظمة العلامات فی اللغة و االأدب و الثقافة، ادار التنویر للطباعة و النشر، مصر، القاهرة، طبعة التنویر الاولی، ٢٠١٤.
٣. د. عادل مصطفی، فهم الفهم، مدخل الی الهرمنیوطیقا، رویة للنشر والتوزیع، القاهرة، ٢٠٠٧. [ئەو بەشەی کە بۆ ئەم وتارە کەڵکی هەبووە: الفصل الثانی، الاستخدام القدیم و دلالة الحدیثة، لاپەڕەکانی ٣٣- ٦٥.]
٤. جان لاینز، معناشناسی زبان شناختی، ترجمە، حسین والە، نشر گام نو، تهران، چاپ اول، ١٣٨٣.
٥. ارنست کاسرر، زبان و اسطورە، ترجمە، محسن ثلاثی، انتشارات مروارید، چاپ اول، تهران ١٣٨٧ [ئەو بەشەی کە بەکەڵکی ئەم وتارە هاتووە: زمان و چەمکسازی (زبان و مفهوم سازی)]
٦. مایکل پین، لکان، دریدا، کریستوا، ترجمە، پیام یزدانجو، نشر مرکز، ١٣٨٠.
٧. مریم قهرمانی، نشانەناسی گفتمانی انتقادی، سایت آرشیو، ١٣٩٦.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved