24/11/2025
''مێژوویەتیی دەق و دەقێتیی مێژوو''

د. هاشم ئەحمەدزادە

نووسەر و مامۆستای زانکۆی ئۆپسالا

 

دەستپێک

هەر لە یۆنانی کۆنەوە، هاوتەریب لەگەڵ فەیلەسوفان، مێژوونووسانیش بوون بە بەشێک لە ئاڵاهەڵگرانی هزری مرۆڤ و بەرهەمهێنانی زانیاری و گواستنەوەی ئەزموون و تێفکرین و ڕامانی مرۆڤ و کۆمەڵگە مرۆییەکان. بەڵام بەر لەو دوو دیسیپلینە لەمێژینەی مێژووی هزر، هەبوون کەسانێک کە دواتر بە ئەدیب و شاعیر ناوبانگیان دەرکرد و زۆر پێش فەیلەسوفان و مێژوونووسان بە گێڕانەوەی خەون، خەیاڵ، خولیا و حەزی مرۆیی بوونە ئافرێنەری ئەو سامان و سەرمایە لەبننەهاتووەی مرۆڤایەتی کە ئێمە ئەمڕۆ بە داهێنانی ئەدەبی و گێڕانەوەی هونەری ناوزەدی دەکەین. ئەو کاتەی هۆمێر لە دەوروبەری سەدەی هەشتەمی بەر لە زاییندا، ئیلیاد و ئۆدیسەی وەک بناغەی ئەدەبی یۆنانی دەهۆنییەوە، ئەو کاتەی سافۆ لە ناوەڕاستەکانی سەدەی حەوتەمی بەر لە زایین، هەستی ناسکی خۆی لە چوارچێوەی شیعرییەتی ژنانەدا تۆمار دەکرد، هێشتا فەیلەسوفان و مێژوونووسان دەست بەکار نەبووبوون ئەرکی فەلسەفاندن و تۆماری مێژوو بەجێ بێنن. ڕەنگە دوو چەمکی چیرۆک و دیرۆک لە زمانی کوردیدا پڕ بەپێستی ئەو ڕەوتە بن کە لە گێڕانەوەی خەیاڵییەوە دەست پێدەکات و دواجار لە بەڵگەی مێژوویی و هزری فەلسەفیدا خۆی دەنوێنێت. 

ئەو کاتەی فەیلەسوفانی وەک تالێس، ئاناکسیماندەر و هیراکلیت، کە بە فەیلەسوفانی بەر لە سوقرات ناسراون و لە سەدەکانی شەشەم و پێنجەمی بەر لە زایین بەردی بناغەی فەلسەفەیان بۆ نەوەکانی دوای خۆیان دادەڕشت، نزیکەی دوو سەدەیەک لە گێڕانەوەی ئەدەبی و هۆنینەوەی شاعیرانە تێپەڕیبوو. ئەودەم شاعیران و دەنگبێژان بە سۆزی شیعرەکانیان هەستی بەردەنگەکانیان دەڵاواندەوە و داستان و حەماسەکانیان دەکردە خۆراکی زەینی گێڕانەوەخوازی مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لە مەتەڵۆکی بوون و ڕازی ئاڵۆزی ژیان. ئەو کاتەی سوقرات (٤٧٠-٣٩٩ پ. ز.) و ئەفلاتون (٤٢٧-٣٤٧ پ. ز.) و ئەرەستوو (٣٨٤-٣٢٢ پ. ز.) بەڕیز پلەکانی مامۆستایی و شاگردییان تێپەڕ دەکرد و گەشەیان بە ڕەهەندە جیاوازەکانی فەلسەفە و تێگەیشتن دەدا و دوافەیلەسوفیان، ئەرەستوو، دەبووە مامۆستای یەکەم شەڕکەری بلیمەتی جیهانگیر، واتە ئەسکەندەری مەزن، تازە مێژوونووسان دەستیان بۆ قەڵەم دەبرد و هەوڵی تۆماری مێژوویان دەدا. ئیتر لێرەوەیە هێرۆدۆت (٤٨٤-٤٢٥ پ.ز.) وەک باوکی مێژوو دەناسرێت. لەو ڕەوتی گەشەی ئەدەب و فەلسەفە و مێژوونووسییەدا دیاردەی زانیاری و دەسەڵات بەبەردەوامی ئامادەیی هەبووە و ئەوە هیچ بە هەڵکەوت نییە کە باوکی مێژوو بە تۆماری شەڕی یۆنان و پێرشیا دەست بە کار دەکات. مێژوونووسانی دوای ئەویش زێنۆفۆن (٤٣٠-٣٥٤ پ.ز.) و دواتر پلوتارک (١٢٠-٤٦ پ.ز.) هەر بە هەمان ڕێچکەدا ڕۆیشتن و لاپەڕەکانی مێژووی شەڕ و بەسەرهاتی کەسایەتییەکانیان بەرهەم هێنا. 

پرس ئەوەیە لەنێوان ئەو دیسییپلینانەدا چ جۆرە پێوەندییەک هەبووە و مێژوویان چۆن نووسراوەتەوە و کامیان پێشفەڕزی کامیان بوونە و چ مەودایەک لەنێوانیاندا هەبووە؟ ڕەوتێکی نزیک لە سێ هەزار ساڵ چ جۆرە گۆرانکارییەکی لە پێوەندیی نێوان ئەو هاوکێشانەدا ساز کردووە؟ گەلۆ مێژوونووسانی کلاسیک و مێژوونووسیی کلاسیک و نەریتی، چەندە لە بەجێهێنانی داواکارییە سەرەکییەکەی خۆیان لەمەڕ بێلایەنی، سەرکەوتوو بوونە؟ ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ نیشاندانی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و هەمەلایەنە لە ڕەوتی مێژوونووسیدا کە بە مێژووخوازیی نوێ ناوبانگی دەرکردووە. ئەم بوارە نوێیەی مێژوونووسی، دە هەناوی خۆیدا پێوەندیی هەرسێک دیسیپلینی ئاماژەپێکراوی سەرەوە، بەتایبەتی بواری ئەدەب و مێژوو، دەخاتە بەر باس. ئەم وتارە، با زۆر بەکورتیش، باس لە لایەنە جیاوازەکانی ئەم ڕێبازە هزرییە دەکات و بە پلەی یەکەم گرنگی دەدات بە پێگەی ئەدەب لە مێژوونووسیدا. بۆ ئەوەی تیشکی زیاتر بخاتە سەر پێوەندیی ئەدەب و مێژوو بە یەکترەوە، چەند ئاماژەیەک بە ئەدەبی کوردی و ڕۆڵی چەند بەرهەمی ئەدەبی لە یارمەتیدان بۆ تێگەیشتن و نواندنەوەی مێژوودا دەکات.     

 

مێژووخوازیی نوێ

لە دەیەکانی حەفتای سەدەی بیستەمدا هێدی هێدی ڕەخنەگریی لە نەریتی مارکسیستی لە بواری ڕامانەی (تیۆریی) ئەدەبیدا پەرەی دەگرت و کۆمەڵێک ڕامانەکاری (تیۆریسیەنی) ناسراوی ئەوروپایی و ئەمریکایی بەرپەرچی ڕوانینە بەرتەسکەکانی مارکسیسزمی نەریتییان لەمەڕ ئەدەب و فەرهەنگ و پرسی سەرخان و ژێرخان دەداوە. یەک لەو ڕێبازانەی لە بریتانیا و بەپێشەنگیی کەسانی وەک ڕەیمۆند ویلیامز سەری هەڵدا و بە گۆشەنیگایەکی نوێوە سەیری کارتێکەریی فەرهەنگ و ئەدەبی لە ڕەوتی مێژوودا کرد بە ماتریالیزمی فەرهەنگی ناسرا. دواتر ڕێبازێکی کەم تا زۆر هاوشێوەی ئەم ڕێبازە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا سەری هەڵدا، بەڵام لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری هزری، ڕامانەیی (تیۆریک)، فەرهەنگی، سیاسی و ئایدۆلۆژیک بە مێژووخوازیی نوێ ناوبانگی دەرکرد. ئەو ڕاستییە کە دوو ڕێباز، هەندێک کەم یان زۆر، لە سەردەمێکدا سەر هەڵدەدەن و کەموزۆر هەڵگری کۆمەڵێک بنەمای هاوبەشن، بەڵام بە دوو مۆرکی جیاواز ناوبەنگ دەردەکەن، نیشانەیەکە بۆ کارتێکەریی نەریت و فەرهەنگی دیاریکراوی بەستێنە جیاوازەکانی سەرهەڵدانی ئەم ڕێبازانە. لە کاتێکدا لە بریتانیای مەزن نەریتی مارکسیستی خاوەنی پێشینەیەکی هزریی دوورودرێژە و لە زانکۆکانی ئەم وڵاتەدا و هەروەها لە چاپەمەنی و ژیانی ڕووناکبیریدا ئاخافتن لەسەر مارکسیسم و ماتریالیزم بڤە نەبووە، لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا ڕێک بەپێچەوانەوە، نەریتی هزری مارکسیستی و چەپ خاوەنی پێگەیەکی هاوشێوە نەبووە. ڕەنگە لەو سۆنگەیەوە بووبێت کە ناوزەدکردنی ڕێبازەکە بە ماتریالیزمی فەرهەنگی برەوێکی ئەوتۆی نەبووبێت و لە جیاتان چەمکی مێژووخوازیی نوێ کە لە بواری ئایدۆلۆژی و سیاسییەوە بێلایەن و دوورەپەرێزە، جێگیر بووبێت. هەڵبەت نابێت لە بیر بکەین کە لە هەناوی ئەم دوو ڕێبازەدا کۆمەڵێک جیاوازیی هزری و شێوازناسییانەش خۆیان حاشار داوە. 

یەک لە پێشەنگە هەرە ناسراوەکانی مێژووخوازیی نوێ ستێفەن گرینبلاتە (-١٩٤٣). گرینبلات لە بەرهەمی ڕچەشکێنی خۆیدا بە ناوی خۆنواندنەوەی ڕێنێسانس: لە مۆرەوە بۆ شێکسپیر (١٩٨٠) بنەما هزرییەکانی ئەم ڕێبازە دەخاتە بەرباس و دەستنیشانکردن. ئەو هەروەها لە ژۆڕناڵی نوێنەرایەتییەکاندا کە لە ساڵی ١٩٨٢دا دەست بە بڵاوکردنەوەی دەکات، بواری باسوخواستی زیاتر لەسەر ئەم ڕێبازە و مژارە پێوەندیدارەکانی دەڕەخسێنێت. 

مێژووخوازیی نوێ بە پێداچوونەوەی بنەما فکرییەکانی مێژووخوازیی کۆن و نەریتیدا بەرپەرچی ئەو گشتاندنانەی دایەوە کە لە ئاکامی نێڕینی نەریتیدا گەڵاڵە کرابوون و لە چوارچێوەی ڕامانەکانی (تیۆرییەکانی) ڕەخنەی نوێ و فۆرمالیزمی ڕووسیدا بە شێوەیەکی تاکڕەهەندانە پێناسە کرابوون. لایەنێکی سەرنجڕاکێشی ئەو ڕێبازە هزرییە ئەوەیە کە ناوەکەی تێکەڵاوێکە لە دوو پەیڤی دوو ڕێبازی ناسراوی پێشتر لە خۆی: مێژووخوازی و ڕەخنەی نوێ. تا ئەو جێگەیەی دەگەڕێتەوە سەر لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و ڕێبازە ناسراوەکانی ئەم بوارە، مێژووخوازیی نوێ وەک دژکردەوەیەک بوو لە هەمبەر ڕەخنەی نوێ و فۆڕمالیزمی ڕووسیدا. لە کاتێکدا ئەم دوو ڕێبازە لە دەیەکانی بەرایی سەدەی بیستەمدا لە دوو جەمسەری جیاوازیی جوگرافیایی ڕووسیا و ئەمریکادا سەریان هەڵدابوو و هەردووکیان جەختیان لەسەر ناوەندییەتیی دەق دەکردەوە و بە بۆچوونێکی پۆزیتیڤیستی لە دەقی ئەدەبییان دەڕوانی و ئاڵاهەڵگری پێوەرە بابەتی و بەرهەستەکانی لێکدانەوەی ئەدەبی بوون، مێژووخوازیی نوێ پێی لەسەر ئەو ڕاستییە دادەگرت کە ئەدەبیات ناکرێت لە کۆمەڵگە و سەردەم و کات و شوێنی خۆی داببڕدرێت و بە شێوەیەکی یەکلایەنانە و بەدوور لە بەستێن و هەلومەرجی بەرهەمهاتنی، بخرێتە بەرباسەوە. مێژووخوازیی نوێ بەتوندی بەرپەرچی ئەو باوەڕەی دەداوە کە مێژووخوازیی کلاسیک بنەماکانی خۆی لەسەر هەڵچنیبوو و تێیدا دوانەی ئەدەب و مێژووی لێک هەڵدەوارد و لە پێوەندییەکانی نێوان ئەم دوانەیە چاوپۆشیی دەکرد. هەڵبەت دەبێت لەبیرمان بێت کە ڕەخنەی مێژووخوازیی نوێ لە ڕەخنەی نوێ و ڕێبازەکانی دیکەی پێکهاتەخوازی و مارکسیستی بەو مانایە نایە کە لەم ڕێبازەدا کۆمەڵێک لە شێوازە لێکدانەوەییەکانی ئەم ڕێبازانە وەلا بندرێن و کەڵکیان لێ وەرنەگیرێت. لەم ڕێبازەدا، پێداگری لەسەر ئەوە دەکرێت نابێت لەنێوان مێژوو و ئەدەبدا دیوارێک هەڵبچندرێت. ئەگەرچی مێژووخوازیی نوێ پێی وا نییە کە مێژوو تەنیا بەستێنێکە بۆ ئەدەب و ئەدەبیش شوێنی ڕەنگدانەوەی تایبەتمەندییەکانی سەردەمێکی دیاریکراوی مێژووییە، بەڵام لەهەمان کاتدا باوەڕی بە کارتێکەریی بەرچاوی هێزە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان هەیە لە داڕشتنی زەینییەتی مرۆڤ و دەرکەوتە فەرهەنگییەکانی. مێژووخوازیی نوێ پێوەندییەکی هەمەلایەنە لەنێوان دەقی مێژوویی و ئەدەبی و لەڕاستیدا هەر جۆرە دەقێکی دیکەدا دەبینێت و بۆ لێکدانەوەی مێژوو هەموویان بە چاوێک سەیر دەکات و هیچیان بە بەستێن یان ئاوێنەی ئەوی دیکە نازانێت. کاتێک فرێدریک جەیمسن بەڕاشکاوی دەڵێت کە شتەکان بدیرۆکێنن، ڕێک ئاماژە بە گرنگیی بەستێنی مێژوویی لە تێگەیشتنی دەقی ئەدەبیدا دەکات. بە واتەیەکی دیکە، دەکرێت بڵێین کە لە ڕوانگەی مێژووخوازیی نوێوە پێوەندییەکی شێلگیر لەنێوان بەرهەمە گوتارییەکانی سەردەمێکی دیاریکراودا هەیە و جۆرێک لە نێواندەقێتی (Intertextuality) لەنێوان هەموو دەقەکانی سەردەمێکی دیاریکراودا دەور دەگێڕێت و خوێندنەوەیەک لەسەر ئەم باوەڕەوە دەتوانێت یارمەتیدەری تێگەیشتنی زیاتری ئێمە بێت لە تایبەتمەندییەکانی ئەو سەردەمە دیاریکراوە. 

 مێژووخوازیی نوێ لەگەڵ ڕێبازە ئەدەبییەکانی پێش خۆی لە پێوەندییەکی چڕدا بووە و بە هەڵسەنگاندنی بواری شێوازناسیی ئەو ڕێبازانە، دواجار سنوورەکانی لێکۆڵینەوە و ڕوانینی خۆی بۆ دەقی ئەدەبی و مێژوویی دەستنیشان کردووە. بە پلەی یەکەم، ئەو جیاوازییەی کە لە ڕێبازە هزرییەکانی دیکەدا لەنێوان دەقی مێژوویی و ئەدەبیدا لەبەرچاو دەگیرێت، لە چوارچێوەی مێژووخوازیی نوێدا بەتەواوی بەرپەرچ دەدرێتەوە و هەردووکیان بە شێوەیەکی یەکسان سەیر دەکردرێن و ئاوڕیان لێ دەدرێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، مێژوو تەنیا بەستێنێک نییە بۆ هاتنە کایەی بەرهەمی ئەدەبی و ئەوە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە کە لێکۆڵەرەوە بەرهەمی ئەدەبی وەک دەرکەوتەی سەردەمێکی دیاریکراوی مێژوویی ببینێت و پێی وابێت کە هەر سەردەمێکی مێژوویی لە هەناوی خۆیدا بەرهەمی ئەدەبیی تایبەتی خۆی لێ دەکەوێتەوە و بە واتایەکی دیکە بەرهەمێکی ئەدەبیی دیاریکراو نوێنەرایەتیی سەردەمێکی مێژوویی دیاریکراو دەکات. لەم ڕێبازەدا، کەڵک لە شێوازە ناسراوەکانی ڕێبازگەلی فۆرمالیزمی ڕووسی، ڕەخنەی نوێی ئەمریکی، پێکهاتەخوازی، لێکدانەوەی گوتاری، پێکهاتەشکێنی و مارکسیزم وەردەگیرێت، بەڵام لەهەمان کاتدا ڕوانگەی نامێژوویی ئەم ڕێبازانە دەکەوێتە بەر نەشتەری ڕەخنە و بەرپەرچدانەوە و پێداگری لەسەر ڕۆڵی بڕیاردەرانەی فاکتەرە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکان لە بەرهەمهاتنی ئەدەبدا دەکرێت. بەم جۆرە، دەقی ئەدەبی دەبێتە هەڵگری پێگەیەکی هاوشان لەگەڵ دەقی مێژوویی و هەردووکیان وەک تەواوکەری یەکتر سەیر دەکرێن. لێرەدا کارلێکی بەرهەمی ئەدەبی و گوتارگەلی دیکەی هاوچەرخ دەخرێنە بەر باس و بێ ئەوەی جیاوازییەک لەنێوان دەقگەلی جۆراجۆر دابندرێت هەموویان دەبنە بابەتی لێکدانەوە و شرۆڤە و، بەم جۆرە ڕایەڵەی پێوەندیی دەقەکان بە یەکترەوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێگەیشتن لە هەلومەرجی بەرهەمهاتن و دەرکەوتنیان.   

بنەمای سەرەکیی مێژووخوازیی نوێ لە دەربڕینێکی ناسراوی یەک لە پێشەنگانی ئەم ڕێبازەدا خۆی دەردەخات: ''دەقێتیی مێژوو و مێژوویەتیی دەق''.  لەو دەربڕینەدا، کە لەلایەن لویی مۆنترۆزەوە گەڵاڵە کراوە، هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم ڕێبازە خۆیان مەڵاس داوە. لەم ڕوانگەیەوە، مێژوو شتێک نییە جگە لە گێڕانەوەیەک و زمان پێکهاتەیەکی دەسەڵاتە و بەرهەمی داستانی/گێڕانەوەیی/خەیاڵی نوێنەرایەتیی مێژووی ئەو سەردەمە دەکات کە تێیدا بەرهەم هاتووە. مێژوو شتێکی بابەتییانە نییە و بابەتییەتی، تەنیا ئەفسانەیەکە و بەس. لەڕاستیدا ئەوە مێژوونووسە کە بوار و بابەتی لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی هەڵدەبژێرێت و بەپێچەوانەی بۆچوونی باوی مێژووخوازیی نەریتی، هیچ کەسێک ناتوانێت تەواو بابەتییانە بیر بکاتەوە و خۆی لە ئاسەوار و هۆکارە زۆروزەبەندەکانی زەینیبوون، هۆگری و لایەنگرییەتی، بپارێزێت. لەبیریشمان نەچێت خودی بەرهەمی ئەدەبی و ئەدەبیاتیش وەک بوارێکی لێکۆڵینەوە، لەلایەن دەسەڵاتەوە کۆنترۆل دەکرێت و دوورە لە دیاردەیەکی قەتیسماو و دابڕاو لە کێشمەکێشی دەسەڵات و هێز لە ئاستە جۆراجۆرەکانی کۆمەڵگە و فەرهەنگدا. مێژوو بوارێکی هێڵی و پێشکەوتنخوازانەی ڕووداوەکانی ڕابردوو نییە و خاڵی گرنگ لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ باسە مێژووییەکان و کۆمەڵگە جۆراجۆرەکاندا ئەوەیە کە بزانین چ پێکهاتیەکی دەسەڵات بەسەریاندا حوکم دەکات. مێژووخوازیی نوێ پێی وایە کە ئەوە هەر گێڕانەوە مەزنەکان نین کە دەبێت حیسێبیان بۆ بکرێت، بەڵکوو دەبێت سەرنج بدرێتە دەق و دەنگە پەراوێزخراوەکانیش. هەروەها دەبێت دەق و کۆدەق و هاودەق هەموویان بەیەکەوە بخرێنە ژێر لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەوە. دەقی ئەدەبی و نائەدەبی یاخود مێژوویی دەبێت بەیەکەوە بخوێندرێنەوە و هەوڵی پێناسەکردنیان بدرێت. مێژووش ناکرێت لە بەستێنی فەرهەنگی هاوێر بکرێت و، دەبێت فەرهەنگ وەک بەشێک لە بواری مێژوو دابندرێت و هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت. هەر بەم چەشنەش پرسی سازکراوبوونی ناسنامەکان لە مێژووخوازیی نوێدا سەرنجی دەدرێتێ و ناسنامە نەک دیاردەیەکی جەوهەری، بەڵکوو دیاردەیەکی داڕێژراو و سازکراوی فەرهەنگی و سیاسییە. بەکورتی لەم بۆچوونەدا، زەینییەتەکان بەردەوام لە گۆڕاندان و دوورن لە چەقبەستوویی و نەگۆڕی.  

 

میشێل فووکۆ و مێژووخوازیی نوێ

یەک لەو بیرمەندانەی لە مێژووخوازیی نوێدا بەبەرفراوانی کەڵکی لێ وەرگیراوە میشێل فووکۆیە. لە مێژووخوازیی نوێدا پرسی دەسەڵات بەو جۆرەی لە ڕامانەکانی (تیۆرییەکانی) میشێل فووکۆدا پێناسە کراوە، دەکار دێت. ڕێک هەر بەو جۆرەی فووکۆ باس دەکات، دەسەڵات بە شێوەیەکی بەربڵاو لە هەموو کەلێن و قوژبنێکی کۆمەڵگەدا و لە دەق و ڕەوتی بەرهەمهاتنیدا ئامادەیی هەیە. لە ڕوانگەی مێژووخوازیی نوێوە، دەقی ئەدەبی ئاوێتەی تۆڕی دەسەڵاتە و لە بەرهەمهێنانی زانیاری و دەسەڵاتدا ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت. لە کاتێکدا خودی دیاردەی زانیاری و دەسەڵات بەرهەمهێنەرەوەی یەکترن، دەقی ئەدەبییش بەشێکە لەو ڕەوتی بەرهەمهێنانە و تەنانەت دەکارهێنانیان. باوەڕی فووکۆ لەمەڕ گوتار و ئەوەی کە 'ڕاستی'، 'ئاسایی' و 'نائاسایی' چین و چۆن خۆ دەردەخەن و لە کۆمەڵگەدا دەبنە نۆڕم، لە خوێندنەوەی مێژووخوازیی نوێدا کەڵکی تایبەتیی لێ وەردەگیرێت. لەڕاستیدا، شرۆڤەی وردی دەق دەرخەری ئەو تێبینییەیە کە دەقەکان چۆن باندۆڕی خۆیان لە سازکردن و داڕشتنی بۆچوون و ڕوانینی کۆمەڵگە لە دەورەگەلی جیاوازدا دادەنێن. دەقە ئەدەبییەکان وەک بەشێک لە گوتار دەبنە داڕێژەر و سازکەری 'واقیع' (کەتوار). دەقی ئەدەبی لەم ڕوانگەیەوە وەک گوتارێک لە ڕیزی هەموو گوتارگەلی دیکە سەیر دەکردرێت و نابێت لەوان جیا بکرێتەوە. کەواتە، دەقی ئەدەبییش وەک گوتارێک بەشداری ڕەوتی داڕشتنی دەسەڵات، ڕەوشت و ناسنامەکانە و لە خوێندنەوەیاندا دەبێت ئەم بوارە بەوردی سەرنجی بدرێتێ. لێرەدا بابەتینەبوونی مێژوو وەک مژارێکی دیکەی جێگەی سەرنج و تێڕامانی مێژووخوازیی نوێیە و ڕەوتی بیچمبەخشین بە بەرهەمهێنانی 'ڕاستی' لەڕێگەی کارلێکی ئاڵۆزی گوتارەکانەوە دەخرێتە بەر لێکۆڵینەوە. ئەگەر قەرار بێت دیرۆک چیرۆکێکی هەبێت، ئەوە مێژووخوازیی نوێ لەڕێگەی دنیای پێچەڵپێچی چیرۆکەکانەوە هەوڵی نیشاندانی کارلێکی دەقی ئەدەبی و ململانێ بەردەوامەکانی هزر و ئایدۆلۆژیاکان دەدات. بەگشتی، دەستکەوتە ڕامانەییەکانی (تیۆریکییەکانی) فووکۆ لەمەڕ، زیندان، سێکسوالیتی، شێتی، کۆنترۆل، چاوەدێری و تەمێکردن، سامانێکی هزریی دەوڵەمەندن لە دەست مێژووخوازیی نوێدا بۆ ڕاڤەی دەقی ئەدەبی. لێرەدا دەق و گێڕانەوەی ئەدەبی، ڕێک وەک سووژە ڕاستییەکانی مێژوو هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت و، ڕەخنەکاری ئەدەبی چلۆنایەتیی کارتێکەریی نەزم و سیستەمی کۆنترۆلکردن لە ئاکار و هۆشمەندیی کاراکتەرەکاندا دەشۆپێنێت و لێکیان دەداتەوە. بەکورتی، دەستکەوتە هزرییەکانی فووکۆ لە ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی مێژووی بیر و ئایدیاکاندا بەبەرفراوانی لە ڕەخنەکاریی مێژووخوازیی نوێدا کەڵکیان لێ وەردەگیرێت و دەق و دەسەڵات وەک دوانەیەکی حاشاهەڵنەگرتوو ڕاڤە دەکرێن.

 

ھاوارەبەرە و میرزا لە گۆشەنیگایەکی مێژووخوازیی نوێوە

لێرەدا بۆ نیشاندانی دینامیزمی پێوەندیی دوولایەنەی دەق و مێژوو بە یەکترەوە ئاوڕێک لە دوو ڕۆمانی کوردیی سەرەتاکانی کۆتا دەیەی سەدەی بیستەم دەدەمەوە و هەوڵ دەدەم دەقێتیی مێژوویی و مێژوویەتیی دەقیانەی ئەم ڕۆمانانە تاوتوێ بکەم. بێ گومان ئەم ڕۆمانانە دەکرێت لە ڕەهەندی جیاوازەوە بخوێندرێنەوە و هەڵبسەنگێندرێن. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە بەستێنی مێژوویی و هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سەردەمی بەرهەمهاتنی ئەم ڕۆمانانە بەوردی دەستنیشان بکەین. ئەگەر لە بۆچوونی مێژووخوازانەی نەریتیدا ئەوە ئامانج و مەبەستی نووسەر بوو کە دەکەوتە بەر باس و هەوڵی ئەوە دەدرا کە چۆن دەقێکی ئەدەبی کەوتووەتە ژێر کارتێکەریی ڕووداوە مێژووییەکان، ئەوە لە ڕوانگەیەکی مێژووخوازانەی نوێوە شێوازی لێکۆڵینەوەکە بە ئاقارێکی دیکەدا دەڕوات. لەم ڕوانگە و شێوازناسییەدا، بیرۆکەی بابەتیبوونی بەستێنی مێژوویی دەچێتە ژێر پرسیار و سازکراوەبوونی بۆچوونی مێژوویی ئێمە لە هزر و ڕەهەندە فکرییەکانی ئێستامانەوە دەبەسترێتەوە. مێژووخوازیی نوێ دینامیزمی دەسەڵات و هێزە فەرهەنگییەکان هەم لە دەقە ئەدەبییەکەدا دەستنیشان دەکات، هەمیش لەو بەستێنەی کە دەقەکە تێیدا بەرهەم هاتووە. کەواتە، ئەوە دەقی ئەدەبی یان مێژوو نین کە یەکتر بەرهەم دێنن، بەڵکوو بەرهەم و مێژوو بە شێوەیەکی چڕ و ئاڵۆز و چەندلایەنە کار دەکەنە سەر یەکتر. بەم جۆرە، بۆ تێگەیشتن لە ھاوارەبەرە و میرزا، دوو ڕۆمانی کوردی بە قەڵەمی ڕۆماننووسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان فەتاح ئەمیری (١٩٤٦-٢٠٢٤)، ئەوە تەنێ دەستنیشانکردنی بەستێنی مێژوویی سەردەمی بەرهەمهاتنی ئەو ڕۆمانانە نییە کە دەکەوێتە بەر شێوازی لێکۆڵینەوەی مێژووخوازیی نوێ، بەڵکوو لێکۆڵەرەوە هەوڵ دەدات چلۆنایەتیی کارلێکی ئەو ڕۆمانانە و بەردەنگی ئەم سەردەمە بخاتە بەر باس و بزانێت شرۆڤەکان چۆن بەپێی ڕەهەند و گۆشەنیگای فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی بەردەنگەکانەوە تووشی گۆڕان دێن. مێژووخوازیی نوێ بە پێداگرتن لە بوارەکانی دەسەڵات و ناسنامە و نەتەوە و ئاڵۆگۆڕی فەرهەنگی لە ئێستا و ڕابردوو، واتە سەردەمی بەرهەمهاتنی ڕۆمانەکان، پرسی جۆراجۆریی شرۆڤەکان و کارتێکەرییان لەسەر داڕشتنەوەی ئێستا و ڕابردوو تاوتوێ دەکات. بەم جۆرە، ئەم ڕۆمانانە نەک وەک ئەنجامێکی ڕووتی سەردەمی خۆیان، بەڵکوو وەک فاکتەرێک کە لە دیالۆگێکی بەردەوام لەگەڵ بەستێنی خۆیاندان، سەیر دەکرێن.     

بە شێوەیەکی دیاریکراوتر دەبێت توێژەری مێژووخوازیی نوێ پەنا بۆ لێکدانەوەی بەستێنی بەرێت و تاوتوێی تایبەتمەندییەکانی فەزای کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەو سەردەمە بکات. کاتێک ئەو تایبەتمەندییانە دەستنیشان کران، دەکرێت ئاوڕ لە چلۆنایەتیی ڕەنگدانەوەیان لە دەقی ئەدەبیدا بدەینەوە و بزانین چۆن ئابووریی سیاسی و گۆڕانکارییە فەرهەنگییەکانی سەردەمەکە لە دەقە ئەدەبییەکەدا تۆمار کراون یان داڕێژراونەتەوە. پرسی دەسەڵات و ئایدۆلۆژیا و چلۆنایەتیی دەرکەوتنیان لە کۆمەڵگەدا دەبێتە بوارێکی دیکەی جێگەی سەرنجی توێژەری ڕێبازی مێژووخوازیی نوێ. دەبێت بزانین لە دەقی ئەدەبیی گێڕانەوەییدا پێوەندییەکانی دەسەڵات و ئایدۆلۆژیا چۆن وێنا کراون و کاراکتەرەکان بە چ شێوەیەک دەکەونە نێو جیهانی ململانێ بەردەوامەکانی دەسەڵات و ئایدۆلۆژیاوە. شێوازی هەڵسوکەوتی کاراکتەرەکان لەگەڵ دەرکەوتەکانی دەسەڵات و ئایدۆلۆژیای سەردەمی خۆیان فاکتەرێکی گرنگ و ڕوونکەرەوەیە بۆ تێگەیشتن لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو. هەر بەم جۆرەش هەلومەرجی ماددیی ژیان و بژیوی کاراکتەرەکان و پێگەی چینایەتی و ڕۆڵیان لە دابەشکردنی سیستەمی کار و ئابووریی کۆمەڵگەکەیاندا دەتوانێت یارمەتیدەری تێگەیشتنی ئێمە بێت لە پێکهاتەی کۆمەلایەتی و چلۆنایەتیی پێوەندییەکان لە ئاستە جۆراجۆرەکانی چینایەتی و جڤاکی و سیاسی و فەرهەنگیدا. بۆ ئەوەی مێژووخوازیی نوێ زیاتر بپەرژێتە سەر کارلێکی دەقی ئەدەبی و بەستێنە مێژووییەکەی، دەبێت ئاوڕ لە پرسی نێواندەقێتی بدرێتەوە و ئاست و چلۆنایەتیی پێوەندیی گێڕانەوە ئەدەبییەکان لەگەڵ دەقگەلی جۆراجۆری سەردەمی خۆیان و تەنانەت پێشتریشیان هەڵسەنگێندرێت. ئەم کارە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرفراوانکردنی تێگەیشتنی ئێمە لە سەردەمی بەرهەمهاتنی دەقە ئەدەبییەکان و ئاستی سەرکەوتووییان لە تیشکخستنیان بۆسەر ڕووداوەکانی سەردەمی خۆیان. 

هەڵێنانەوەی ئەم هەنگاوانە و بەجێهێنانیان دەبێتە ڕێگەخۆشکەری تێگەیشتن لە پێوەندیی دوولایەنەی دەقی ئەدەبی و بەستێنی سیاسی و فەرهەنگی لە سەردەمێکی دیاریکراودا. بەم جۆرە، لێمان ڕوون دەبێتەوە چۆن هەلومەرجی سەردەمەکە لە دەقەکاندا ڕەنگی داوەتەوە و لەهەمان کاتدا چۆن جیهانی سەردەم بەهۆی دەقەکانەوە بیچم دەگرێت و دادەڕێژرێت. ئەم کارلێکە دوولایەنەیە لەهەمان کاتدا بە شێوەیەکی کارتێکەرانە لە زەینی خوێنەری سەردەمێکی دیکەشدا دەنگ دەداتەوە. بە واتەیەکی دیکە، زایەڵەی کارلێکی دەق و بەستێنی سەردەمێکی دیاریکراو لە سەردەمێکی دیکەشدا دێتە گۆ و دەکەوێتە بەر گوێ و بە ڕەنگدانەوەی هەلومەرجی سەردەمی خۆی، زەمینە و دەرفەتی تێگەیشتنی خوێنەر لەمەڕ ڕابردوو دەڕەخسێنێت.    

با لەسەر بنەمای ئەم تێڕوانینە و هەڵێنانەوەی ئەم هەنگاوانە، ئاوڕێک لە ڕۆمانی ھاوارەبەرە و میرزا وەک دوو بەرگی ڕۆمانێک بدەینەوە. کۆتاییەکانی دەیەی هەشتای سەدەی بیستەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زۆر گۆشەنیگاوە گرنگییەکی تایبەتیی هەیە بۆ گەشەی ئەدەبی کوردی لەم بەشەی کوردستاندا. دوابەدوای شۆڕشی ١٩٧٩ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەلومەرجێکی تایبەت هاتە ئاراوە. بزووتنەوەی کورد دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ دەیە لە ڕووخانی کۆماری کوردستان بۆ یەکەم جار خۆی لە چەقی هەلومەرجێکی بێوێنەدا دەبینییەوە. ڕژێمی پاشایەتی ڕووخابوو و کۆمەڵێک لە سیاسەتمەدارانی چالاکی کورد لە چوارچێوەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەڕا گەڕابوونەوە وڵات و دەستیان بە جموجۆڵی بەربەرینی سیاسی کردبووەوە. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران وەک هێزێکی تازەی کوردی دوای ساڵانێک خەباتی نهێنی دەستی بە دامەزراندنی بنکە ئاشکراکانی خۆی کردبوو. تەنانەت لقی هەندێک لە ڕێکخراوە چەپەکانی ئێران، بۆ نموونە ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئێران لە زۆربەی شارەکانی کوردستان دەستیان بە چالاکی و دانانی بنکەکانیان کردبوو. کۆمەڵێک هێزی دیکەی چەپی چالاک لە بەستێنی ئێراندا، لە حیزیی توودەی ئێرانەوە بگرە هەتا ڕەوتە جیاوازەکانی ناسراو بە هێڵێ سێهەم و چوارەمیش، کوردستانیان وەک شوێنگەی بەردەوامبوونی شۆڕش دەبینی و لە هەوای ئازاد و گەرموگوڕی ئەم مەڵبەندەدا باشتر لە هەر شوێنێکی ئێران دەگیرسانەوە. ئەگەر چەند مانگی سەرەتای دوای شۆڕش کێبڕکێی هێزەکان بە جۆرێک بوو کە حکوومەتی تازە بە دەسەڵاتگەیشتوو توانایی سەرکوتی ئازادیخوازان و بەرەی چەپ و دێمۆکراتی نەبێت، ئەوە هێشتا ساڵوەگەڕی شۆڕش نەهاتبووەوە کە حکوومەتی تازە، ڕۆژبەڕۆژ چنگ و ددانی خۆی لە دژی دیمۆکراسی و ئازادیی تیژتر دەکرد و گرتن و کوشتن و داپڵۆسین دەبووە ئەکتێکی ڕۆژانەی سیستەمی تازەی دەسەڵات. لەم نێوەدا گەشەی هەمەلایەنەی خەباتی گەلی کورد بۆ مافە دێمۆکراتیکەکانی لەگەڵ دژایەتیی داپڵۆسێنەرانەی حکوومەت ڕووبەڕوو دەبووە و بەرەبەرە شەڕێکی خوێناوی هەموو شار و گوندەکانی کوردستانی گرتەوە. دەکارهێنانی بەربڵاوی توندوتیژی و سەرکوتی هەمەلایەنەی ڕژێم بووە هۆی ئەوەی هێزی تازەڕێکخراوی پێشمەرگە دوای چەند ساڵ لە بەرخۆدان و بەربەرەکانی، هێدی هێدی ناچار بە پاشەکشە لە شار و دێهاتی کوردستان بکرێت و، هێزەکانی حکوومەت بەسەر هەموو جومگەکانی دەسەڵات لە کوردستاندا زاڵ ببن و بار و بنکەی خۆیان دابمەزرێنن. بەکورتی و چڕی، دەکرێت بگوترێت دوو تا سێ ساڵی یەکەمی دوای شۆڕش، ئازادییەکی بێوێنە سەرتاسەری کوردستانی گرتبووەوە و هێزە کوردییەکان لە نەبوونی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێران لە کوردستاندا بەکردەوە ئەم بەشەی وڵاتیان بەڕێوە دەبرد. تەنیا دوای تێپەڕبوونی چەند مانگ لە شۆڕش، شەڕ و پێکدادانەکان لەنێوان دەوڵەتی ئێران و هێزە کوردییەکان دەستی پێکرد. دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ تا چوار ساڵ هێزە کوردییەکان نەیانتوانی بەکردەوە پێگە ئاشکراکانیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بپارێزن و ناچار بە پاشەکشە بوون. کۆمەڵێک ڕووداوی سیاسییش لەنێو حیزبی دێمۆکراتدا بووە هۆکاری جیابوونەوە و دووبەرەکی و لاوازبوونی هێزی بەرەی کوردی. کۆمەڵەش سەرقاڵی دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوو و بەکردەوە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی کورد بەرەو سنوورەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پاشەکشەدا بوو و دواجار بنکە و بارەگاکانیان کەوتنە ئەو دیوی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. 

هەر لەو ساڵانەدا بوو کەسایەتیی ئەدەبی و سیاسیی ناسراوی کورد مامۆستا هێمن لە شاری ورمێ دەستی بە چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری سروە کرد و، یەکەم ژمارەی ئەم گۆڤارە لە ساڵی ١٩٨٥ بڵاو بووەوە. بەزوویی سروە بوو بە مەکۆیەک بۆ بەشێک لە چالاکانی ئەدەبیی کورد. لەو ساڵانەدا ئەدەبی گێڕانەوەیی کوردی تەنێ خۆی لەو چیرۆکە کورتە تاکوتەرایانەدا دەدۆزییەوە کە لە گۆڤاری سروەدا بڵاو دەبوونەوە و هەواڵێک لە ڕۆمانی کوردیی هەر نەبوو. کاتێک لە ساڵی ١٩٩٠ سەرەتا ڕۆمانی ھاوارەبەرە و دواتر میرزا بڵاو بوونەوە، ئێمە بۆ یەکەم جار بڵاوبوونەوەی ڕۆمانێکی کوردیی نووسراوی نووسەرێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم بەشەی کوردستاندا دەبینین. تەنیا ڕۆمانی ڕۆماننووسێکی کوردی ڕۆژهەڵات، پێشمەرگە ، لە نووسینی دکتۆر ڕەحیمی قازی، زیاتر لە بیست ساڵێک پێشتر لە باکۆ نووسرا بوو و لە بەغدا چاپ کرابوو. پرس ئەوەیە ئێستا ئەم دوو ڕۆمانە کە لەڕاستیدا دووبەرگی یەک ڕۆمانن بە دوو ناو، دەبێت چۆن هەڵسەنگێنین؟ ئایا خوێندنەوەیەکی دەقییانە بەتەنیا دەتوانێت یارمەتیدەری تێگەیشتن لە شێواز و ناوەڕۆکی ئەم ڕۆمانە بێت؟ ئایا خوێندنەوەیەکی کۆدەقییانە بەتەنیایی دەتوانێت لە گرنگی و تایبەتمەندییەکانی ئەم ڕۆمانە نزیکمان بکاتەوە؟ بە باوەڕی من، مێژووخوازیی نوێ ڕێک لێرەدا دەفریامان دێت و شێواز و ناوەڕۆکی ئەم ڕۆمانە، هاوتەریب و هاوتای گوتاری دیرۆکیی پێوەندیداری ئەو سەردەمە دەبینێت و بە تێکهەڵکێشی خوێندنەوەی دوودەقییانە هەلومەرجی لەباری تێگەیشتن لە دەقەکان بەجوانی دەڕەخسێنێت. بەو چەشنە توێژەری ئەدەبی لە خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی لە بۆشاییەکی هەڵاوێردراو لە فەزا و سەردەمی بەرهەمهێنانی دەقەکە قوتاری دەبێت و دەق و کۆدەق/بەستێن بە یەکەوە دەبن بە هۆکاری بینینی بەرهەمی ئەدەبی وەک بەڵگەیەکی دیرۆکی. 

 

پرسی زمان: زمانێکی پاراوی ڕەسەنی فرەچەشنی بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگەیەکی نەریتی 

کاتێک تۆ نەریتی نووسینی ڕۆمانت نەبووە و ئەوەی هەشتبووە بە هیچ شێوەیەک لە ڕەوتێکی درێژخایەنی نەپچڕاودا نەبووەتە سامانێکی گێڕانەوەیی، دەبێت بە نیشاندانی توانایی زمانی و هەمبانەی دەوڵەمەندی وشەیی ئەو زمانە بە خۆت و ئەوی دیکەت بڵێی، بەڵێ زمانەکەم هەیە و دەتوانم پێی بنووسم و ڕۆمانیشی پێ بئافرێنم. لێرەدا ئیدی ئەوە کەرەستەی خاوی زمانە کە دەوری سەرەکی دەگێڕێت و تەکنیکی گێڕانەوە دەکەوێتە پلەی دووهەمەوە. لە میرزا و ھاوارەبەرەدا ئەوە کاراکتەرەکان نین کە بە گوێرەی زمانێک کە دەکاری دێنن دەئافرێندرێن، بەڵکوو ئەوە زمانە کە بە گوێرەی کۆمەڵێک تیپی کۆمەڵایەتی دەئافرێندرێتەوە. ئاخر تۆ لە هەر گۆشەنیگایەکەوە سەیری ڕەوتی ڕووداوەکان و تایبەتمەندیی کاراکتەرەکان بکەی، ئەوە دواجار زمانی پاراوی نووسەر و وەگێڕی هەمووشتزانی دیار و نادیارە کە تەنانەت لە کاتی تاکبێژییە نێوخۆییەکانیشدا لەو پەڕی شارەزاییدا دەدوێت و بەیت و مەتەڵ و دەستەواژە و قسەی نەستەق ڕیز دەکات. بە باوەڕی من ڕێک بەپێی هەلومەرجی نووسینی ئەم ڕۆمانانە و شوێنکاتی بڵاوبوونەوەیانە کە دەبێت سەیری ڕۆڵی بونیادنەرانە و پێشەنگانەی ئەم دوو ڕۆمانانە بکەین. تایبەتمەندییە ڕاوێژی و پەیڤییەکانی ئەم دوو ڕۆمانە لە ئاستێکی هێندە دەوڵەمەند و بەرزدان کە دەکرێت مرۆڤ بیر لە دەستەبەرکردنی فەرهەنگێکی زمانیی تایبەتی ئەم دوو ڕۆمانە بکاتەوە و لەوە دڵنیا بێت کە لەڕێگەی پەیڤە دەکارهاتووەکانی ئەم ڕۆمانانەوە دەتوانێت فەزا و شێوازی هزرین و پێوەندیی کۆمەڵگەی کوردی لە دەیەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم هەست پێ بکات. بوارە جیاوازەکانی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی ئەو سەردەمی کۆمەڵگەی کوردستان بە وشە ڕەسەنەکانی نووسەرەوە دێنە گۆ. ئەمیری لەو دوو کتێبەدا هەوڵێکی گرنگ و بەرچاو دەدات بۆ پەرەپێدانی زمانی کوردی و دەوڵەمەندکردنی هەمبانەی وشەی کوردی. ڕاستییەکەی ئەوەیە من لێرەدا وێکچووییەکی بەرچاو لەنێوان لایەنی زمانیی ئەم بەرهەمانە و هەوڵی زمانیی مامۆستا هەژاری موکریانی لە وەرگێڕانەکانیدا دەبینم. هەر چۆن مامۆستا هەژار لە وەرگێڕانەکانیدا زۆر جاران زمانی ماکەی دەقەکان لە بیر دەکات و ئەسپی سەرکێشیی زمانیی خۆی تاو دەدات و بە زمانێکی تۆکمە و پاراو و ڕەسەنی کوردی، دەقێکی نوێ دەئافرێنێتەوە، فەتاحی ئەمیرییش بواری زمان دەخاتە پێش تەکنیک و کاراکتەرسازی و تایبەتمەندییەکانی گێڕانەوەیەکی سەردەمییانە. ئەمیری بەڕاشکاوی دەڵێت کە هەوڵی داوە ''ئەو شتانەی لەبیر چوونەوە، بێدەفتەری و بێقامووسی خۆڵەمێشی فەرامۆشیی بەسەر داکردوون بێنەوە کایە.'' شارەزایی و وەستایەتیی بێوێنەی نووسەر لە بوارگەلێک کە ئێستا ئیتر بە تێپەڕبوونی زەمەن یان باویان نەماوە، یان خود زۆر کەمڕەنگ بوونەتەوە، بۆ نموونە، ئاژەڵداری، ئەسپسواری، وەرزێڕی، جووت و گا، چەتەیەتی، دەرەبەگایەتی، پیاوەتی، چاکە، حەیا و ئەدەب و نامووس و زۆر باوەڕ و دیاردەی دیکەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، ئەوەندە بەرفراوانە کە خوێنەر تووشی سەرسوڕمان دەکات.

فەتاحی ئەمیری بەو دوو ڕۆمانەی، لە باری زمانییەوە تەنانەت دەبێتە ڕێگەخۆشکەر بۆ دوو ڕۆمانەکانی دواتری خۆیشی. ساڵانێک دواتر ئەمیری بە زیندەخەو و گێژەڵووکە و خەم و خەیاڵەوە هەمدیسان دێتەوە گۆڕەپانی گێڕانەوەوە. هەڵبەت، ئەمجارەیان شار و شارنشینی تاڕادەیەک ئاستی ئاڵۆزیی کاراکتەر و جیهانی گێڕانەوەکان وەدەر دەخات و تەکنیکی گێڕانەوە تاڕادەیەک گۆڕانی بەسەردا دێت و تووشی چۆڵەپێچەی ڕێگا و دەروونی شڵەژاو دەبێت و زمان لە قاوغی دەربڕینی نەریتی و بێ گرێوگۆڵەوە دەرباز دەبێت و جیهانی تەواو سپی و ڕەشی گێڕانەوەکان تۆزێکی خۆڵەمێشیشیان لێ دەنیشێت. سەرەڕای ئەم ڕاستییە، هێشتا زمانی ئەم ڕۆمانانە تژییە لە پەتییەتی و ڕەسەنایەتیی زمانی. بەم جۆرە، ئەمیری دەبێتە ڕچەشکێن و، زۆری پێ ناچێت کۆمەڵێک ڕۆماننووسی دیکەی کورد، بۆ نموونە حوسێن شێربەگی، عومەر مەولوودی، عەتا نەهایی، کامران حامیدی، مەنسوور حامیدی، شارام قەوامی، نەسرینی جەعفەری، زێنەب یوسفی، ...،  نووسینی ڕۆمان بە زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن بە نەریتێکی جێکەوتوو و پەرەگرتوو.      

 

پەنابردن بۆ سەردەمانی کۆن و ورووژاندنەوەی هەستی نۆستالژیک

لە ھاوارەبەرە و میرزادا بە گەڕانەوە بۆ سەردەمی دەربازبوو، جۆرێک لە هەستی نۆستالژیک دەئافرێندرێتەوە. کاتێک دەبینی بزووتنەوەی ئاشکرای کوردی لە پاشەکشەدایە و هێزی پێشمەرگە گەیشتووەتە ئەو دیو سنووری ڕۆژهەڵات، تۆ دەبێت هێمنایەتیی ڕۆحی و نەتەوەیی خۆت لە ڕابردوویەکی خەیاڵیدا بدۆزییەوە و پەنا ببەیە بەر میرزا و سەفەری نادیاری ئەو بەرەو نادیارستان. ئەو ڕاستییە کە میرزا و یای ناز و وەتمان بە سواری دوو ئەسپ تەنانەت خۆیشیان نازانن بەرەو کوێ دەچن لە زۆر ڕووەوە تەواو جێگەی سەرنج و لێوردبوونەوەیە. لە سەردەمانێکدا کە هێزی داپڵۆسێنەری ڕژێم مەجال بە تاوتوێ و باسوخواستی دیاردەی پێشمەرگە و بەربەرەکانی و خەباتی ڕزگاریخوازانە نادات، تۆ بە گێڕانەوەی سەردەمانی دوور و ئافراندنەوەی نەریتی عەییاری و جوامێری، هەستی ئێستای کۆمەڵگەی خۆت بەجوانی و ئازایەتی دەلاوێنییەوە و لە نەبوون و نائامادەیی ئەم دیاردانەدا پەنا بۆ هێمنایەتیی ڕابردوو دەبەی. ئەگەر تۆ ناوێری و بۆت نالوێت باس لە پێشمەرگە و ئازادیخوازانی ئێستا بکەی، ئەوە تایبەتمەندییەکانیان دەگوێزییەوە بۆ سەردەمانی بەربەرەکانی و ململانێ لەگەڵ ڕژێمی پێشوو و بەم شێوەیە جۆرێک لە ڕەوایی بە ئاماژە و هێماکانی ئێستا دەبەخشی. هەربۆیە، لە هەیبەتی میرزادا دەکرێ مرۆڤ هەموو ئەو کەسانە بەرجەستە بکاتەوە و ناویان بێنێتەوە نێو گۆڕەپانی کۆمەڵگە و بە حەز و ڕێزەوە سەیریان بکات.  

ژیاندنەوەی خەیاڵییانەی بایخە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان دەبێتە هەوێنی سەرەکیی دامرکاندنەوەی هەستی نۆستالژییانە. لە ھاوارەبەرە و میرزادا ئەم ئەرکە زۆر بەجوانی بەجێ دەگەیەندرێت. لە سەردەمانێکدا کە ئەڤین و ئەڤینداری باوی نەماوە و لە تەپومژی شارستانێتیی مۆدێرندا تلیساوەتەوە، ئەوە وەگێڕ پەنا بۆ ڕابردوو دەبات و هەستی نۆستالژییانەی خۆی بە ئەڤینی پاک و بێپەڵەی ئەڤیندارانی دوێنێ دادەمرکێنێت و خۆشەویستی لە دەلاقەیەکی دیکەوە دەردەخاتەوە و بە حەسرەتەوە لە ڕابردوو دەڕوانێت و بێ گومان ئاواتەخوازە ئەڤین و ئەڤیندارانی ئێستاش لەوان ئیلهام وەربگرن. بەسەرهاتی یای ناز و لەدەستدانی هاوژینەکەی و پێبەندبوونی بە چاودێریکردن لە وتمان و ئەستی و پەروەردەکردنیان بە جوانترین شێوە، دەبێتە ئەو ئایدیالەی مرۆڤ بە ئاواتی دەخوازێت. لەو نێوەدا، میرزای بەندکراو و چارەنووسی گەلاوێژەکەی و بەیەکتر نەگەیشتنیان، دەبێتە زەمینەیەک، هەرچەند دووربەدوور، بۆ گەرای ئەڤینداریی ئەو و یای ناز. بەڵام خۆ ئەوە تەنیا نموونەی ئەڤینی پاک و ڕەسەنی گێڕانەوەکە نییە، چیرۆکی ئەڤینداریی ڕەشید و زڵەخاش کە لە زمانی ڕەشیدەوە بۆ میرزا دەگێڕدرێتەوە هەر هەمان بۆن و بەرامەی هەیە و، خوێنەر بە چارەنووسی تاڵی مەرگی زڵەخا ئەوەندە غەمبار دەبێت کە هاوکێشەی پەژارە و شادیی گێڕانەوەکە ئاراستەی دەکات. لەو نێوەدا ئەڤێنی یارە و خەزاڵ وەک گوڵی سەرتۆپ و چەقی گێڕانەوەکە خۆی دەردەخات و ختۆکەی حەزەکانی خوێنەر دەدات.  

ئەگەر لە ڕۆژگاری ئێستادا دۆستایەتی بووەتە ئەفسانە و کەمتر حسێبی لەسەر دەکرێت، دەبێت بۆ ئەهوەنکردنەوەی هەستی دۆستخوازی و دۆستایەتییەکی ڕەسەن و پڕ لە فیداکاری و وەفاداری، هەمدیسان پەنا بەرینەوە بۆ ڕابردوو. کاتێک یارەی سەڵت و سوبات بەشوێن کاردا ڕێی دەکەوێتە ماڵی سۆفی ئەحمەدێک کە هەرگیز نەیناسیوە، ئێمە لەگەڵ دیاردەی میوانداریی کوردانەی کۆمەڵگەی نەریتیی کوردەواریی ڕووبەڕوو دەبینەوە. پیرەی سۆفیژن بەگەرمی بەخێرهاتنی یارەی گەنج دەکات و ئەوەی سۆفی لە ماڵ نییە، هیچ لە ورەی میوانداریی ئەو کەم ناکاتەوە. کاتێکیش سۆفی دێتەوە ئەوە میوان هەمدیسان بەخێرهاتن دەکرێتەوە و ئەو هەستەی پێ دەبخشرێت کە لە ماڵی خۆیەتی. سۆفی کە سەردەمانێک پێشتر کوڕەکەی جوانەمەرگ بووە، وەک باوکێک لەگەل یارەی نەدیو و نەناس هەڵسوکەوت دەکات و دەینێرێتە ئاواییەکی دیکە بۆ لای حاجیی هاوڕێی. ئەمەش دەبێتە زەمینەی ئاشنایی حاجی و یارە و زۆری پێ ناچێت یارە دەبیتە زاوای حاجی و دواتر کوڕی سۆفی. ئافراندنەوەی ئەم جۆرە لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییە و ئەم جۆرە لە بێڕیایی و ساکاری و دڵپاکییە، ڕێک ئەو دەرەتانەیە کە دەبێتە هۆکاری ئۆخژنیی خوێنەری ئەم سەردەمە. هەر بەم چەشنەش کاتێک لە کۆتاییەکانی ڕۆمانەکەدا بەرەنگاربوونەوەی میرزا و ڕەشید لە ئاشەکەی ڕەشید لەگەڵ دەستەودەیارەکانی حکوومەت دەبینین، وەفاداری و فیداکاریی ڕەشید و میرزا بۆ یەکتر وەک نموونەی جوانی و بەرزەهزری، میوانی زەینمان دەبێت و لە فریاڕەسیی میران بۆ ڕزگارکردنی میرزادا دەگاتە لوتکە. ئەنجامی خۆشی گێڕانەوەکە ناهێڵێت مەرگی ڕەشید ئەوەندەمان غەمبار بکات کە چێژ لە هەڵکەوتی بەیەکگەیشتنی میرزا و یای ناز نەبەین و نوقمی وەدیهاتنی ئاواتی ئەم دوو ئەڤیندارە ئەفسانەییە نەبین.   

ئەم گێڕانەوەیە کاتێک دەگاتە کۆتاییەکانی خۆی و میرزا و یای ناز بڕیاری ژیانی هاوبەش و لەهەمان کاتدا بەجێهێشتنی مەڵبەندی خۆیان دەدەن، کۆمەڵێک پرسیار لە زەینی خوێنەردا دەورووژێنێت. ئەسپەکان ئامادەن و هەر یەک لە میرزا و یای ناز سواری ئەسپی خۆیان دەبن و وتمان لە پشت دایکی لەسەر ئەسپەکە دادەنیشێت. کۆمەڵێک مرۆڤ لە خزم و دۆست دەوریان داون و بە حەسرەت و حەزێکی زۆرەوە لێیان دەڕوانن. گرفت ئەوەیە هیچ کەس نازانێت ئەم دوو ئەڤیندارە بەرەو کوێ دەڕۆن و داهاتووی وتمانی زارۆک چی لێ دێت. لە ڕوانگەی مێژووخوازیی نوێوە، پێوەندیی و تێکەڵاویی دەقەکان بە یەکترەوە گرنگییەکی تایبەتیان هەیە. گەلۆ ناکرێ شوێنپێی لێڵی و ناڕوونیی چارەنووسی میرزا و یای ناز و وەتمان لە دیرۆکی کۆنی کورد و لە ئەفسانە و ئوستوورەکانیدا هەڵبگرین؟ دواجار دەقەکان، ئاگایانە یان نائاگایەنە، لەو دیوی زەمەن و شوێندا بە جۆرێک لە جۆرەکان تووشی یەکتر دەبنەوە و ڕاڤەی بەریەککەوتنیان دەتوانێت ئاستی وشیاری و تێگەیشتوویی ئێمە بەرز بکاتەوە. بۆ نموونە، وەک گریمانەیەک، دەکرێت ئەو دیمەنە، واتە دیمەنی ڕۆیشتنی میرزا و یای ناز و وەتمان بەرەو ئامانجێکی نادیار، بە چارەنووسی ئوستوورەیی و حەماسیی کەیخەسرەو ببەستینەوە. گێڕانەوەیەک، لەنێو کۆمەڵێک گێڕانەوەی دیکەدا، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە کەیخەسرەو دواجار بەرەو لوتکەی چیاکان دەڕوات و لە نێو بەفر و مژی بەرزاییەکاندا ون دەبێت و هیچ ئاسەوارێکی لێ بەجێ نامێنێت. پرسیار ئەوەیە گەلۆ نەدەکرا میرزا و یای ناز و چەند کەسێک لە نزیکەکانیان لەم بارەوە باسوخواستێک بێننە ئاراوە و لە چارەنووس و پلان و بەرنامەی خۆیان بکۆڵنەوە؟ گەلۆ لە هەمووی ئەم گێڕانەوەیەدا هێمایەک بۆ هزر و ڕامانەی (تیۆریی) خەبات لەئارادا هەیە؟ ئەم پرسیارانە و بگرە دەیان پرسیاری دیکە لە هەناوی دەقێکی ئەدەبیدا خۆی حاشار داوە و، ڕێک لێرەدایە کە گرنگیی ڕێبازی مێژووخوازیی نوێ خۆی دەردەخات کە دەقی ئەدەبی وەک دەقێکی مێژوویی ببینێت و بارتەقای بەڵگە و سەرچاوە مێژووییەکان هەڵی بسەنگێنێت. 

 

ئەنجام

مێژووخوازیی نوێ بە پلەی یەکەم ڕێباز و ڕامانەیەکی (تیۆرییەکی) ئەدەبییە کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەقگەلی مێژوویی و ڕوانینی مێژوویی، ئاوڕ لە بەرهەمی ئەدەبی دەداتەوە و هاوچەشنی بەڵگە و دەقی مێژوویی لێی دەڕوانێت و بە تێگەیشتن لە بڕگە مێژووییەکان و سەردەمە جیاوازەکان بەستێنی بەرهەمهاتنی دەقی ئەدەبی دەستنیشان دەکات و لەهەمان کاتدا کارتێکەریی ئەم بەرهەمە لەسەر سەردەمی مێژوویی خۆی و تەنانەت دوای خۆی تاوتوێ دەکات. لەم ڕوانینەدا، بەرهەمی ئەدەبی وەک ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی مێژوویی نابیندرێت، بەڵکوو وەک فاکتەرێکی کارتێکەر لەسەر بیچمگرتنی مێژوو سەیر دەکردرێت. هەر بۆیە کاتێک ستێفەن گرینبلات ئاوڕ لە بەرهەمەکانی شێکسپیر دەداتەوە تەنیا لایەنی جوانیناسی و ئەدەبیی دەقەکان هەڵناسەنگێنێت، بەڵکوو کارلێکی بەرهەمەکانی شێکسپیر و مێژووی سەردەمەکە تاوتوێ دەکات و هەردووک دەقی ئەدەبی و مێژوویی بۆ تێگەیشتنی سەردەمەکە دەکار دێنێت و بەم جۆرە ڕووناکی دەبەخشێتە سەر هەردووکیان، هەم دەقەکان و هەمیش سەردەمەکە. ڕۆمانی ھاوارەبەرە و میرزا وەک نموونەیەک نیشان دەدەن بەرهەمی ئەدەبی و هەلومەرجی سیاسی چەندە گرێدراوی بەستێنی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیەتی و لە هەمان کاتدا چەندە کارتێکەریی هەیە لەسەر جەماوەری خوێنەر و بێچمپێدانی گوتارێکی دیاریکراو لە سەردەمێکی دیاریکراودا. لایەنی زمانی، جوانیناسی، شێوازی، ناوەڕۆکی و ئەدەبیی ئەم ڕۆمانانە ناکرێت و نابێت لە بەستێنی بەرهەمهاتنیان و کارلێکیان لەگەڵ فاکتەرە جیاوازەکانی دیکە، هاوێر بکرێن.  

 

پەراوێز و سەرچاوەکان:

1 Knowledge 

2 Homer (8th century BC)

3 Sappho (630/612 BC)

4 Thales, Anaximander, and Heraclitus

5 Pre-Socratic Philosophers

6 Socrates (death. 399 BC)

7 Plato (428-348 BC.)

8 Aristotle (384-322 BC)

9 Alexander the Great (356- 323)

10 Herodotus (484- 425 BC)

11 Xenophon (431- BC)

12 Plutarch (ca. 45–120 CE)

13 New Historicism 

14 Raymond Williams (1921-1988)

15 Cultural Materialism 

16 Stephen Greenblatt (1943-)

17 Renaissance Self-Fashioning: From More to Shakespeare

18 The journal of Representations

19 New Criticism and Russian formalism

20 جەمیمسن پێی وایە دەبێ ئێمە بەبەردەوامی دەقەکان بخەینە نێو بەستێنی مێژووییەوە (‘’Always historicize!’’).

Jameson, F. (1981). The Political Unconscious: Narrative as a Socially Symbolic Act, Cornell University Press, p. 9. 

لە زۆربەری سەرچاوە هزری و بەرهەمە ڕامانەییەکانی (تیۆریکییەکانی) ئەو ساڵانەی دواییدا مێژووخوازیی نوێ بەبەردەوامی و بەچڕی باس کراوە. بۆ سەرچاوەیەکی گرنگ لەم بارەوە بڕوانە بەشی نۆهەمی ئەم کتێبەی خوارەوە: 21

Dale, Parker, Robert, How to Interpret Literature: Critical Theory for Literary and Cultural Studies, Fourth Edition, New York and Oxford: Oxford University Press, 2020, pp. 314-317.

بۆ ڕوانینێکی ورد و چلۆنایەتیی دەکارهێنانی ڕامانەی (تیۆریی) مێژووخوازیی نوێ لە خوێندنەوەی دەقگەلی ئەدەبی بڕوانە: 

Barry, Peter, Beginning Theory: An Introduction to literary and cultural theory, Second Edition, 2002, pp. 172-191.

 پۆل تێنگارت پێناسەیەکی چڕ لە پێوەندیی مێژووخوازیی نوێ بە ڕێبازە هزرییەکانی دیکەوە ئاراستە دەکات. بڕوانە: 22

Tenngart, Paul Litteraturteori, Malmö: Gleerups, 2010, pp. 103–104.

23 Russian formalism, New Criticism, Structuralism, Deconstruction and Marxism

24 Montrose Louis A. ‘Professing the Renaissance: The Poetics and Politics of Culture’, In Veeser, H. Aram (ed.), The New Historicism, Routledge, 1989, pp. 15-36, p. 20.

25 Subjectivities 

لەو وانەیەی پڕۆفیسۆر پۆل فرای26 (Paul Fry) لە زانکۆی یێلدا، بەرهەمەکانی دوو لە پێشەنگە سەرەکییەکانی مێژووخوازیی نوێ، ستێفن گرینبلات و ژێرۆم مەکگان، بە وردەکارییەکی زۆرەوە دەخرێنە بەرباس و بەم جۆرە خاڵە سەرەکییەکانی ئەم ڕێبازە ئاماژەیان پێ دەکرێت.

 Professor examines the work of two seminal New Historicists, Stephen Greenblatt and Jerome McGann.

https://www.youtube.com/watch?v=FZjHEk0FmLw&t=1162s

27 بۆ زانیاریی گشتی لەسەر کارتێکەریی هزری میشێل فووکۆ لەسەر ڕێبازی مێژووخوازیی نوێ، بڕوانە وتاری کورت بەڵام چڕی خوارەوە:

  Bell, David F., ‘Foucault, Conventions, and New Historicism’, in Barker, Stephen, (ed.) Signs of Change: Premodern, Modern, Postmodern, Albany، State University of New York Press, 1996، PP. 297-307.

28 Reality 

29 بۆ وتارێک لە ڕەهەندی ئەدەبی 'ئیقلیمی'یەوە بڕوانە:

ساڵحی، کەژاڵ، 'هاوارەبەرە و میرزا بناخەی ئەدەبیاتی ئیقلیمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان'

https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20230326225003477873&lng=27

بینراو: ٢٠٢٥-٠٥-٢٠

30 Contextual analysis 

31 ئەمیری، فەتاح، هاوارەبەرە، ورمێ: ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی، ١٣٦٩/١٩٩٠.

32ئەمیری، فەتاح، میرزا، ورمێ: ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی، ١٣٧٢/١٩٩٣.

بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ڕۆمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕوانە: 

Ahmadzadeh, Hashem, ‘The Kurdish Novel in Iranian Kurdistan’, The International Journal of Kurdish Studies, Vol. 19, 2005, pp. 25-37.  

بۆ زانیاریی هەمەلایەنە لەسەر سەرهەڵدان و گەشەی ڕۆمانی کوردی بڕوانە:

Ahmadzadeh, Hashem, Nation and Novel: A Study of Persian and Kurdish narrative discourse, Uppsala: Uppsala University, 2003. 

33 Textual 

34 Contextual

35 Co-text 

36 مامۆستا ماجد مەردۆخ ڕۆحانی لە لێدوانێکیدا باس لەو لایەنەی وەرگێڕانی مامۆستا هەژار دەکات و دەڵێت کە مامۆستا هەژار بەئانقەست ئەو کارەی دەکرد و دەیویست پێگەی زمانی کوردی بەهێز بکات و ''بناخەی زمانێکی پوخت و پاراو و جوان و ڕەسەن دابمەزرێنێت.'' بۆ قسەکانی مامۆستا ماجد لە ڕێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی کۆبەرهەمی مامۆستا هەژار لە هەولێر، بڕوانە:

https://www.youtube.com/watch?v=haXfNu44Dl

بینراو: ٣٠-٠٥-٢٠٢٥.

37 ئەمیری، فەتاح، هاوارەبەرە، ورمێ: ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی، ١٣٦٩/١٩٩٠د، ل. ٧.

38 لەڕاستیدا، ئەم دوو ڕۆمانە توانایی ئەوەیان هەیە فەرهەنگی تایبەتیی خۆیان بۆ سازبکرێت و وشەکانیان بۆ کەڵکوەرگرتن لە نووسینی نوێی کوردیدا کەڵکیان لێ وەربگیرێت. هەڵبەت دەبێت بگوترێت کە نووسەر بۆخۆی هەستی بەو ئەرکە گرنگە کردووە و لە کۆتایی ڕۆمانی یەکەمیدا 'فەرهەنگۆک'ێکی لە ٩ لاپەڕەدا ئامادە کردووە و لیستەیەکی لە وشە ڕەسەنەکان و هاوماناکانی پێشکەش کردووە.

39 ئەمیری، فەتاح، زیندەخەو، هەوڵێر: ئاراس، ٢٠٠٣.

ئەمیری، فەتاح، گێژەڵووکە (١)، سنە: ئامیار، ٢٠٢١.

ئەمیری، فەتاح، خەم و خەیاڵ، بەرگی دووی گێژەڵووکە (٢)، سنە: ئامیار، ٢٠٢١.

40 پرسی کێبوونی کەیخەسرەو کە لە سروودی نەتەوەیی کورددا ئاماژەی پێکراوە و کوردەکان بە ڕۆڵەی میدیا و ئەو دادەندرێن، دەتوانێت هەڵگری لێکدانەوەی جیاواز بێت. گەڕان بە شوێن کەیخەسرەو و کێبوونی ئەو لە مێژوونووسیی جێگەی باوەڕی کوردیدا ئاوڕێکی بەرچاوی لی نەدراوەتەوە. لە شانامەی فیردەوسی و شانامە کوردییەکاندا ئاماژەکانی سەر کەیخەسرەو کەم تا زۆر لێک دەچن. بەگوێرەی شانامەی فیردەوسی، کەیخەسرەو پاشایەکی دادپەروەر و بەرزەفڕە کە کوڕی سیاوەش و نەوەی کەیکاوسە. ئەو هەر لە مناڵییەوە لای پاڵەوانی ناسراوی شانامە، واتە ڕۆستەم گەورە بووە و دواتر بەهۆی پیلانێکی زڕدایکەکەی، سودابە، دوای ئەوەی بێگوناهییەکەی دەسەلمێنێت، دەچێتە وڵاتی توران و لەوێ دەبێتە زاوای ئەفراسیاب و لەگەڵ فەرەنگیس زەماوەند دەکات. دواتر دیسانەوە بەهۆی کۆمەڵێک پیلانەوە لەلایەن سپای ئەفراسیابەوە دەکوژرێت و ''خوێنی'' سیاوەش دەبێتە چەمکێک کە هەتا ئەمڕۆش وەک پەندێک ئاماژەی پێ دەکرێت. ساڵانێک دواتر فەرەنگیس و کەیخەسرەوی کوڕی دەگەڕێنەوە ئێران و کەیخەسرەو جێگەی باپیری دەگرێتەوە و دەبێتە پاشا. ئەو دوای ئەوەی بە تۆڵەی باوکی، ئەفراسیاب دەکووژێت، لەنێوان ئێران و توراندا ئاشتی بەرقەرار دەکات و دنیای سەردەمی خۆی پڕ دەکات لە هێمنایەتی و بەیەکەوەژیانی هەموو لایەک. کەیخەسرەوە لە ترسی ئەوەی تووشی بەرزەدەماغی نەبێت و چارەنووسی جەمشید و زەححاکی بەسەر نەیەت، سەرەتا خۆی گۆشەگیر دەکات و پاشان بەرەو چیاکان دەچێت و لەنیو بەفر و لەسەر بەرزاییەکاندا لە تەمومژدا بەرەو ئاسمان هەڵدەکشێت. 

بۆ زانیاریی گشتی لەسەر پێکهاتەی شانامە و بەشە جیاوازەکانی، بڕوانە نووسینی پرۆفیسۆر جاشوا مارک (Joshua J. Mark) لە ماڵپەڕی مێژووی جیهان:

https://www.worldhistory.org/shahnameh/

 بەداخەوە گەڕان بەدوای سەرچاوی جێگەی متمانە و ئاکادێمیک لە بارەی کێبوونی کەیخەسرەو بە ئەنجامێکی ئەوتۆ ناگات و جگە لە چەند لێدوان و نووسینی کورتی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ویکپێدیا شتێکی ئەوتۆ نادۆزرێتەوە. لە هەندێک لەو چەشنە سەرچاوە بێبەڵگەیانەدا دەگوترێت کە کەیخەسرەو هەر هەمان ''هەڤەخشتر'' یاخود کیاکسار (٦۲٥– ٥٨٥ پ. ز) واتە سێهەمین پاشای مادە. تەنانەت لە ویکیپێدیای کوردیدا وێنەی گۆڕە بەتاڵەکەشیان داناوە کە گۆیا لە شاری سلێمانی هەڵکەوتووە. بڕوانە: 

https://ckb.wikipedia.org/wiki/%DA%BE%DB%95%DA%A4%DB%95%D8%AE%D8%B4%D8%AA%D8%B1%DB%95

بینراو: ١٧-٠٥-٢٠٢٥

    هەر بەم جۆرەیش، دکتۆر کەیوان ئازاد لە وتارێکی کورتدا باس لەوە دەکات کە کەیخەسرەو کەسێک نییە جگە لە سێهەم پاشای ماد. بڕوانە:

https://www.komarixwaz.com/ku/index.php/2011-10-20-07-47-07/5287-2015-08-16-06-36-43

بینراو: ١٧-٠٥-٢٠٢٥

بۆ ئەم مەبەستە و ڕوونکردنەوەی زیاتر پێوەندییم بە چەند مێژووناسی دیاری کوردەوە گرت کە ناویان لای من پارێزراوە و بە سپاسەوە هەموویان وەڵامی پرسیارەکەمیان دایەوە و ئەوانیش ڕای جیاوازیان لەم بارەوە هەبوو. یەک لە پسپۆڕەکانی ئەم بوارە ئاماژەی بە سەردەمی پەهلەوییەکان لە ئێران کرد و ئاماژەی بە کۆمەڵێک باسوخواست لەم پێوەندییەدا کرد کە بەشێک لە ئێلیتی کوردیی ئەو سەردەم دەگرێتەوە. هەڵبەت لەم ساڵانەی دواییدا گەشەی ناسیۆنالیزمی کورد و هەوڵی جیاکردنەوەی خۆی لە مێژووسازیی ئێرانی، خوێندنەوەیەکی دیکەی لە سەرچاوە ئوستورەیی، حەماسی و مێژووییەکان هەیە و بە شوێن ئەوەدایە جێپێی باوەڕە مێژووییەکانی خۆی قایمتر بکات و ڕابردوو جۆرێک بگێڕێتەوە لە خزمەت باوەڕەکانی ئێستایدا بێت. کێبڕکێی ئایدۆلۆژییە ناسیۆنالیستییەکان لەسەر گرێدانەوەی خۆیان بە مێژووییەکی هەرە دوور و تەنانەت ئوستوورەیی و حەماسییەوە، ڕەوتێکی ئاسایی و باوی خەمڵاندنی ناسیۆنالیستانەی مێژوویە. ناسیۆنالیزمی کۆنینەخوازی ئێرانی/فارسی لەم بارەوە نموونەیەکی هەرە بەرچاوی فانتێزیایی گەڕانەوە بۆ ئوستوورە و حەماسەکانە. 

هەرچەند مەبەست و بابەتی ئەم وتارە پرسی کەیخەسرەو نییە و ئەم پرسیارە بە هیچ شێوەیەک بواری لێکۆڵینەوەی من ناگرێتەوە و لەڕاستیدا هیچ حەزیشم لێی نییە و پێم وا نییە دواجار ئەم باسانە بتوانن خۆیان لە جغزی خەیاڵ و حەدس و گومان ڕزگار بکەن و لەهەمان کاتدا یارمەتیدەری ململانێ باوەکانی ئەم سەردەمە بن، بەڵام لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە و بەتایبەتی مێژووخوازیی نوێوە گرنگە پێوەندیی دەقەکان بە

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X