دانا ئیسماعیل
توێژەری بواری فەلسەفە و پەروەردە
براوەی خەڵاتی ئاوەز بۆ توێژینەوەی هزری، ساڵی ٢٠٢٥
مێژوو تەنها تۆمار و گێڕانەوەى ڕووداوەکانى ڕابردوو و ساغکردنەوەى بەڵگە و دۆکیومێنتەکان نییە، بەڵکوو ڕاڤە و شیکردنەوەى ڕووداوەکان و دید و جیهانبینییە بۆیان. واتە لە هەناوى مێژوودا ساغکردنەوە و یاداشت و تۆمار و لێکدانەوە و ڕاڤەى ڕووداوەکان ئامادەییان هەیە. مێژوو زانستێکە بۆ تێگەیشتن و لێکۆڵینەوە لە واقیع و ڕاستیی ڕووداوەکان و دروستیی گێڕانەوەکان و گەڕان بەدواى هۆکارەکانیدا و شیکردنەوە و ڕاڤەکردنیان. واتە فەلسەفەى مێژوو بریتییە لە شیکردنەوە و ڕاڤەکردنى تۆمارەکانى مێژوو، پرسینەوەیە لە هۆکار و بەرئەنجامەکان و شیکردنەوەیان و تێڕامان و بیرکردنەوەیە لە ڕوودانى ڕووداوەکان. ئامانجى فەلسەفەى مێژوو لەپاڵ کەشفکردنى حیکمەتدا دۆزینەوەى مانایە، مانا وەک بزوێنەرى ڕاڤەى ڕووداوەکان و لێکدانەوەى هۆکارەکان. ئیبن خەلدوون ڕاى وابوو کە مێژوو لە حیکمەتەوە سەرچاوەى گرتووە و لە هەمان کاتدا زانستێکیشە لە چۆنییەتیی ڕووداوەکان دەکۆڵێتەوە و ڕاڤەیان دەکات. ئیبن خەلدوون لە مووقەدیمەدا ئاماژە بەوە دەدات کە مێژوو زانستى لێکۆڵینەوەیە دەربارەى ڕووداو و بنەماکانیان و بنکۆڵکردنى ورد و چڕە بۆ دۆزینەوەى هۆکارەکان. ئیبن خەلدوون تەنها تەرکیزى لەسەر ئەوە نەبوو کە گێڕەڕەوەى مێژوو ڕاستگۆیە لە گێڕانەوەکەیدا یاخود نا، بەڵکوو پێوانەیەکى دیکەشى بەهەند گرت کە بریتى بوو لە زانستێک بە نێوى (علم عمران). ڕۆڵى ئەم زانستە گرنگ بوو لەپاڵ کنە و پشکنین و لەبێژنگدانى گێڕانەوە و ڕووداوەکانى مێژوودا پێودانگێکیش بوو بۆ هەڵسەنگاندن و ڕاڤەکردنى مێژوو. هەرچەندە ئیبن خەلدوون لە مێژوونووسێک زیاتر نییە، واتە ناکرێت وەک فەیلەسوفى مێژوو لێى بڕوانرێت، چونکە ئەو لە جەوهەردا بەتوندى دژ بە فەلسەفەیە. لە مووقەدیمەدا بەتوندى هێرش دەکاتە سەر فارابى و ئیبن سینا و بە گومڕا و لادەر و سەرلێشێواویان دەزانێت (١).
فەیلەسوفەکانى فەلسەفەى مێژوو هەوڵى ئەوەیان دا مێژوو لە چیرۆک و گێڕانەوە قوتار بکەن، هەربۆیە پەنایان بەر ئەوە برد کە ڕامانەیەک (تیۆرییەک) بۆ مێژوو دابڕێژن و زانستییانە ڕاڤەى بکەن. هێگڵ پێی وابوو مێژوو پڕۆسەیەکى عەقڵانییە و ڕووەو ئازادى و تێگەیشتنى زیاتر هەنگاو هەڵدەگرێت و باوەڕی وابوو کە ڕۆحى جیهان بەردەوام لە مێژوودا خۆى مانیفێست دەکات. ئەو ڕاى وابوو هەموو ئەو ڕووداوانەى کە لەنێو مێژوودا ڕوو دەدەن ڕووداوگەلێکى بێبنەما نین و هەروا بە هەوانتە ڕوو نادەن، بەڵکوو لۆژیکێکى قووڵ لە پشتییانەوە ئامادەیى هەیە بۆ دۆزینەوەى مانا قووڵ و پەنهانەکانى نێو ڕووداوە مێژووییەکان(٢). کاریگەرییەکانى فەلسەفەى مێژوو بریتییە لە تێگەیشتن لە ڕووداوە مێژووییەکان و دروستکردنى تێگەیشتنێکى گشتى لە مرۆڤایەتى و هۆکارى سەرهەڵدان و داڕمانى شارستانییەتەکان. دیارترین و بەرچاوترین ئامانجى فەلسەفەى مێژوو بریتییە لە دیدێکى ڕەخنەییانە بۆ مێژوو و ڕووداوەکانى نێوى، لەڕێی خوێندنەوە و شیکردنەوەى ڕووداوەکان، لەڕێى ڕێواژۆێکى زانستى و لۆژیکییەوە، ڕەخنەگرتن لە گێڕانەوە تەقلیدى و باوەکانى مێژوونووس و پەرەدان بە هونەرى گێڕانەوە و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنى دەقە مێژووییەکان ل ڕووى لۆژیکییەوە. فەلسەفەى مێژوو وەک چوارچێوەیەکى فیکرى کۆمەکمان دەکات تا لە مانا و مەغزاى قووڵی مێژوو تێبگەین، نەک تەنها وەک زنجیرەیەک لە ڕووداو، بەڵکوو مێژوو پێواژۆیەکی (پڕۆسەیەکى) بەردەوامە لە گۆڕان و بەرەوپێشچوون و کۆڵینەوە لێیان. واتە مێژوو مەعریفەیەکە دەربارەى داهاتوو. لێرەوە بەو بەرئەنجامە دەگەین کە پێشهات و ڕووداوەکانى نێو مێژوو خۆڕسک نین، بەڵکوو لۆژیکین و عەقڵێکى گەردوونى ئاراستەیان دەکات و تەونێکى بەیەکداچوو و هۆمۆجینین. ئەم دیدە پێمان دەڵێت کە گۆڕانکارییە مێژووییەکان چۆن و بە چ شێوازێک ڕوو دەدەن و ئامانجیان چییە لە ڕەوتى مێژوودا. ڕووداو و گۆڕانکارییە مێژووییەکان هارمۆنین و پەیوەندیی لۆژیکى پێکیانەوە دەبەستێت.
وەزیفەیەکى دیکەى فەلسەفەى مێژوو بریتییە لە بیرکردنەوەى ڕەخنەیی، کە نیشانەى پرسیار لەسەر تەواوى ڕووداوەکانى نێو مێژوو دادەنێت و بە دیدێکى گومانگەرایانەوە لێیان دەڕوانێت و بە ڕێواژۆێکى زانستییانە لێیان دەکۆڵێتەوە و هەڵیان دەسەنگێنێت و دەیانخاتە بەردەم تاقیکردنەوەى لۆژیکییەوە، تا لە ڕاستى و دروستییان دڵنیا ببێتەوە. لێرەوە بەو بەرئەنجامە دەگەین کە مێژوو تەنها بریتی نییە لە ئەرشیفکردن و گێڕانەوە و بەسەرهات. واتە ئەگەر فەلسەفەى مێژوو نەبوایە بۆ لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەى ڕووداوەکان و شیکردنەوە و ڕاڤە کردنیان، ئەوا مێژوو جگە لە کۆمەڵێک حیکایەتى بێکەڵک و بێفەڕ زیاتر هیچى دى نەدەبوو. واتە بۆ ئەوەی لە مێژوو تێبگەین، پێویستە لە هۆکار و دیاردەکان تێبگەین لەنێو کۆنتێکستە مێژوویی و کولتوورییەکاندا. هۆکار و دیاردەکان بەرهەمی پێواژۆی (پڕۆسەی) مێژوویین و دەبێت لەنێو کۆنتێکستی مێژوویی خۆیاندا لێیان تێبگەین و ڕاڤەی زانستی و دروستیان بۆ بکەین.
چۆنیەتیى کەڵکوەرگرتن و سوودبینین لە سەرچاوەکان
بەر لەوەى داتا و زانیارییەکان لە سەرچاوەکانەوە وەربگرین و لە دەقێکى میژووییدا بەکاریان بهێنین، پێویستە بە دیدێکى ڕەخنەگرانەوە لێیان بڕوانین و بەدروستى هەڵیانبسەنگێنین، تا بە بەرئەنجامێکى دروست و لۆژیکى بگەین. بۆ هەڵسەنگاندنى ڕادەى دروستیى سەرچاوەکان پێویستمان بە میتۆد یان ڕێواژۆیەکی [وشەیەکە نەمر شوکور مستەفا لەبری "Method" بەکاری هێناوە] زانستى و ڕەخنەیى هەیە تا کنە و پشکنین بۆ دەستنووس و بەڵگە و دۆکیومینتەکان بکەین و لەگەڵ ڕووداو و سەرچاوەکانى دیکەدا بەراوردیان بکەین. لەڕێى ڕەخنەوە دەتوانرێت سنوور بۆ مێژوونووس دابنرێت، تا خۆى بەدوور بگریت لە لایەنگیرى و گیڕانەوەى ناڕاست و بەکارنەهێنانى ڕێواژۆیەکی دروست بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداو و سەرچاوەکان. مێژوونووس لەڕێى بەکارهێنانى ڕێواژۆى (میتۆدی) ڕەخنەییەوە دەتوانێت خۆى بەدوور بگرێت لە هەموو ئەو کەمایەسى و خەوشداری و کەموکورتییانەى کە دەبنە هۆى تەمومژاوى بوونى ڕووداو و سەرچاوەکان. ڕاڤەى مێژوویى خۆى لە خۆیدا ئامرازێکە بۆ بەیانکردن و شیکردنەوە و لێکدانەوەیەکى یەکانگیر بۆ دەقەکان، تا داتا و زانیارییە مێژووییەکان لە نەزمێکى لۆژیکیدا بە جۆرێک دابڕێژرێت کە تا ئەندازێکى زۆر دەرخەرى ڕاستییەکان بێت و لێکدژى و ناڕوونى لەنێو داتا و سەرچاوەکاندا نەهێڵێت.
دیدى فەیلەسوفان بۆ مێژوو
١- هێردەر: یوهان جوتفرید هیردر (١٧٤٤- ١٨٠٣) یۆهان گۆتفرید هێردەر یەکێک لەو فەیلەسوفانەیە کە خاوەن دیدە بۆ مێژوو. ئەو مێژووى وەک پێواژۆی پەرەسەندنى کولتووری دەبینى. لە دیدى ئەودا، هەر نەتەوەیەک و هەر کولتوورێک خاوەن ناسنامەی تایبەت بەخۆیەتى کە لە مێژوودا گەشە دەکات. هێردەر باوەڕى وابوو هەر نەتەوەیەک خاوەن ناسنامە و ڕۆحە؛ ڕۆحى هەر نەتەوەیەک لە زمان و ئەدەب و هونەر و نەریت و کولتووری نەتەوەکەدا خۆى بەیان دەکات. واتە هەرنەتەوەیەک خاوەن کەسێتییەکى تایبەت و بێهاوتایە کە لە مێژوو و ژینگەکەیەوە سەرچاوەى گرتووە. لە دیدى هێردەردا، زمان گرنگترین دەربڕی ڕۆحى نەتەوەیە، چونکە هزر و بیری نەتەوە لەخۆ دەگرێت و لەوڕێیەوە گوزارشت لە بوونى خۆى دەکات و، دید و ئایدیاکان لەنێو زماندا خۆیان بەیان دەکەن. فۆلکلۆر و مۆسیقا و هۆنراوە بەشێکن لە خەسڵەتى سروشتىی هەر نەتەوەیەک. هێردەر دژ بەو دیدە بوو کە نەتەوەکانى بە یەکسان و یەکگرتوو دەبینى؛ ئەو پێی وابوو جیاوازیی کولتووری دەوڵەمەندییە و، ناکرێت نەتەوەکان چاولێکەر و لاساییکەرەوەى یەکدى بن. پێویستە هەر نەتەوەیەک لەسەر بنەماى کولتوورى تایبەت بە خۆى گەشە بکات.
هێردەر ئەندێشەى ڕەوتى تاکهێڵى لە مێژوودا ڕەت دەکاتەوە. لە دیدى هیردەردا، فراژووبوونی (تەکامولى) هەر نەتەوەیەک هاوتەریبە لەگەڵ بنەماى گۆڕانى نێوخۆیى هەمان نەتەوە، بنەمایەک کە لە ڕۆحى تایبەتى ئەو نەتەوەیەدا وێنا دەبێت خۆى لە ئەدەب و هونەر و ئاین و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکاندا نیشان دەدات. ئامانج و مەبەستى مرۆڤ گەیشتنە بە گەشەی مرۆڤبوون. بەڵام ئەم ئامانجە خۆى لە بەرەو پێشچوون بە ئاراستەى ئاکامێک دەرناخات، بەڵکوو مێژوو خۆى لە تەکامولى ئەو لێهاتوویى و توانستە خودى و سروشتییانە دەردەخات کە لە پێگەیشتنى هەر نەتەوەیەکدا هەن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ئاکارە بە شێوەیەکى ئاماژەیى پیشاندەری ئەوەیە مێژوو پێواژۆیەکی عەقڵانى و مانادارە. واتە هەر نەتەوە و شارستانییەتێک تا ئەو شوێنە دەتوانن درێژە بە بەرەو پێشچوون و گەشەى خۆیان بدەن کە توانایى وەڵامدانەوەى ئاستەنگ و تەنگەشەکانیان هەبێت، بەڵام گەر نەتوانرا بەسەر لەمپەڕ و تەنگەشەکاندا زاڵ بێت، ئەوا بەناچارى مەحکوومە بە شکست و لەنێوچوون. هێردەر بەتوندی دژ بە بیرۆکەى پێشکەوتنى ڕەها بوو؛ ئەوەى ڕەت دەکردەوە کە مێژوو ڕووەو ئامانجێکى ڕەها یاخود جیهانى بەرەوپێش دەچێت. ئەو پێی وابوو هەر کولتوورێک بەپێی خەسڵەتەکانى خۆى گەشە دەکات و پەرە دەسێنێت. واتە گەشەکردنى هەر کولتوورێک وابەستەیە بە هۆشیاریی جڤاکەوە. هێردەر دژ بە عەقڵگەرایى ڕەهاى ڕۆشنگەرى بوو؛ پێی وابوو خەیاڵ وەزیفە و پانتاییەکى گەورە داگیر دەکات لە بونیادنانى کولتووردا. ئەو باوەڕى بە پلورالیزمى کولتووری هەبوو و داکۆکیى لە بایەخ و گرنگیى هەموو کولتوورەکان دەکرد، بەدەر لە لەبەرچاوگرتنى ئەوەى لە چ دۆخێکى پەرەسەندندان. واتە باوەڕى بەهەمەڕەنگى و فرەیى کولتوورەکان هەبوو و جەختى لەوە دەکردەوە کە هەر کولتوورێک دەبێت بەپێی پێوەرەکانى خۆى هەڵبسەنگێنرێت نەک بە بەراورد بە کولتوورێکى دیکە(٣).
لەڕاستیدا، ئەم دیدەى هێردەر زۆر هیومانستییە و شوێنى ڕەخنەیە. ناکرێت لە هەمان گۆشەنیگاوە لە کولتوورێکى ڕاقى و مەدەنى و کولتوورێکى هەمەجى و بەربەرى بڕوانین و پێمان وابێت هەردووکیان هەر کولتوورن، چونکە دواجار ستانداردێک هەیە بۆ قبووڵکردن و هەڵسەنگاندنى کولتوورەکان. لەڕاستیدا، لێکدژییەکە لەوێدایە کە کولتوورێک هەیە دژ بە عەقڵ و بیرکردنەوە و ئازادیى بەیان و مافە مەدەنییەکانى مرۆڤە، چۆن دەشێت بەراوردى بکەین بە کولتوورێکى عەقڵانى و مەدەنى کە ڕێزى قووڵى بۆ کەرامەت و ئازادییە مەدەنییەکانى مرۆڤ هەیە! دواجار کولتوور وابەستەیە بە ئاستى هۆشیاریى زەینى و عەقڵیى هەر جڤاکێکەوە. هێردەر پێی وابوو مێژوو پێواژۆیەکی پەروەردەییە بۆ مرۆڤایەتى بەڵام هەر کولتوورێک ڕێگاى تایبەت بە خۆى هەیە بۆ ئەم پەروەردەیە. ئەم دیدە دیدێکى ڕێژەگەراییە و شوێنى ڕەخنەیە. لە کاتێکدا پەروەردە بابەتێکى گەردوونییە و چاوبڕینە لە گەیشتن بە گەشە و کەماڵى عەقڵى، ئیدى بۆ هەر کەسێک و هەر جڤاکێک هەمان لێکەوتە و بەرئەنجامى دەبێت. هێردەر پێی وابوو هیچ ئامانجێکى گشتگیر بۆ تەواوى مێژووى مرۆڤایەتى بوونى نییە و بەتوندى ڕەخنەى لە تێڕوانینى میکانیکیى ڕۆشنگەرى دەگرت کە جیهانى وەک ماشێنێک دەبینى. لەبەرانبەردا، هێردەر مێژووى وەک پێواژۆیەکی (پڕۆسەیەکى) ئۆرگانیک و زیندوو سەیر دەکرد کە تێیدا ڕووداوەکان پەیوەندیى ئۆرگانیکیان هەیە نەک وەک کۆمەڵێک ڕووداوى لێکدابڕاو. لە دیدى ئەودا، مێژوو لە چوارچێوەى خوازەی (میتافۆڕى) گەشەسەندنى ڕووەک و بوونەوەرانى زیندوودا باشتر شایانى تێگەیشتنە. ئەو پێی وابوو هەر کولتوورێک بە قۆناغى بەرایى و منداڵى و پێگەیشتن و پیری و کامڵیدا تێدەپەڕێت. لە ڕوانگەی ئەوەوە، مێژوو پێواژۆی بەدیهێنانى توانستی تەواوى مرۆڤایەتییە. هەر نەتەوە و کولتوورێک بەشێکە لە پڕۆژەى گەورەى مرۆڤایەتى و، پێویستە هەموویان پارێزراو بن، چونکە بەشێکن لە موزاییکى مرۆڤایەتى(٤). دیدى هێردەر بۆ مێژوو بێ کاریگەر نەبوو؛ ڕۆڵ و کاریگەریى هەبوو لە سەرهەڵدانى مرۆڤناسیی (ئەنسرۆپۆلۆژیای) مێژوویی و کولتوورییدا و کاریگەرى لەسەر ڕێبازى مێژووگەرایی (Historicism) لە فەلسەفەى مێژوودا هەبوو و زەمینەى بۆ ڕەخنە گرتن لە کۆڵۆنیالیزم و ئیمپرالیزم ڕەخساند. هێردەر کاریگەریى گەورەى لە پاش خۆى جێهێشت، بەتایبەت لەسەر کایەى هیرمینیوتیک و فەیلەسوفانى کایەکە لە چەشنى دێڵتاى و گادامیر و هایدگەر.
هێردەر و خوێندنەوەى هیرمینیوتیکیانە بۆ مێژوو
هێردەر ڕێواژۆێکى (میتۆدێکی) تایبەتى بۆ تێگەیشتن لە مێژوو داهێنا کە لەم چەند خاڵەدا کورتیان دەکەینەوە:
١- چەمکى تێگەیشتن لەبەرانبەر ڕوونکردنەوەدا: هێردەر جیاوازیی دانا لەنێوان " تێگەیشتن" لە مێژوو و "ڕوونکردنەوە"ى زانستى مێژوو، بەپێچەوانەى زانستە سروشتییەکان، پێویستى بە تێگەیشتنى ناوەکى هەیە نەک شیکردنەوەى دەرەکى. "تێگەیشتن" ڕێواژۆى "ناوەکى" تایبەتە بە زانستە مرۆییەکان. "ڕوونکردنەوە" ڕێواژۆى "دەرەکى" تایبەتە بە زانستە سروشتییەکان.
أ- تایبەتمەندییەکانى " تێگەیشتن" لاى هێردەر و تێگەیشتنى ژیانى ناوەکى: هێردەر پێی وابوو بۆ تێگەیشتن لە مێژوو دەبێت هەوڵ بدەین لە "ژیانى ناوەکى"ی کەسەکان و جڤاکەکان تێبگەین، نەک تەنها لە ڕەفتارە دەرەکییەکانیان، کە لە زانستە سروشتییەکان دەکۆڵنەوە.
ب- ڕەهەندى ئەزموونى: لە دیدى هێردەردا، تێگەیشتن لە مێژوو پڕۆسەیەکى ئەزموونییە، نەک میکانیکى. واتە مێژوو تەنها ئەوانە تێیدەگەن کە خاوەن ئەزموونن. خوێندنەوەى مێژوو بەدەر لە ئیحساس تەنها ناسینى پەیکەرى مردووە.
ج- پەیوەندیى نێوان بەش و گشت: لە ڕێواژۆى " تێگەیشتن"دا، هێردەر پێی وابوو تێگەیشتن لە تاکەکان (مرۆڤ، ڕووداو) بەندە بە تێگەیشتن لە کۆنتێکست. تێگەیشتنیش لە کۆنتێکست بەندە بە تێگەیشتن لە تاکەکان. دەبێت لە 'گشت لە بەش و بەش لە گشت' تێبگەین. ئەم چەمکە لەدواى هێردەر بە شێوەیەکى بەرچاو پەرەى سەند و چەندان فەیلەسووف پەیڕەوییان لێ کرد، لەوانە دێڵتاى کە جیاوازیى خستە نێوان زانستە مرۆییەکان و زانستە سروشتییەکان، فینۆمینۆلۆژیاى هۆسڕەڵ و هایدگەر، هیرمینیوتیکاى گادامیر. هێردەر لە کتێبى بیرۆکەکان بۆ فەلسەفەى مێژووى مرۆڤایەتى ئاماژە بەوە دەدات کە بۆ تێگەیشتن لە مێژووى نەریتێک (ترادسیۆنێک)، لە چەشنى نەریتی گریک، ئەوا پێویستە لە کۆنتێکستە مێژووییەکەیدا لێی تێبگەین. چەمکى تێگەیشتن لە دیدى هێردەردا پڕۆسەیەکە پێویستى بە خۆخستنە جێ و هاوسۆزى و خەیاڵ و ڕۆچوونە نێو ڕۆحى سەردەمەکان هەیە، نەک تەنها کۆکردنەوەى داتا و زانیارى و یاساکانى مێژوو(٥). واتە هەر سەردەمێک خاوەن لۆژیکى تایبەت بە خۆیەتى، پێویستە بەپێی ئەو لۆژیکە خوێندنەوەى بۆ بکەین و لێی تێبگەین.
٢- گرنگیى زمان لە تێگەیشتنى مێژووییدا:- هێردەر پێی وایە زمان کلیلى تێگەیشتنە لە کولتوورەکان. بۆ تێگەیشتن لە بیر و هزرى نەتەوەیەک پێویستە بەدروستى ئاشناى زمانەکەى بین؛ وشە و دەستەواژەکان هەڵگرى چیرۆکە مێژووییەکانن و ڕۆحى کولتوور لەنێو وشە و دەستەواژەکاندا خۆیان حەشارداوە.
٣- تێکستەکان وەک دەرچەیەک بۆ کولتوور: هێردەر پێی وایە فۆلکلۆر و هۆنراوە و ئەفسانە گرنگترین سەرچاوەن بۆ تێگەیشتن لە کولتوورەکان. تێکستە مێژووییەکان پێویستە لە کۆنتێکستى کولتووریى خۆیاندا بخوێنرێنەوە. هەر بەرهەمێکى کولتووری بەرهەمى کات و شوێنێکى دیاریکراوە و ناکرێت بە پێوەرى هەمیشەیى هەڵبسەنگێنرێت.
٤- بازنەى هیرمینیوتیکى لە تێگەیشتنى مێژووییدا: لە بازنەى هیرمینیوتیکدا تێگەیشتن لە بەشەکان بەندە بە تێگەیشتن بە گشتەوە. واتە بۆ تێگەیشتن لە ڕووداوێکى مێژوویى پێویستە لە کۆنتێکستى گشتى تێبگەین. بۆ تێگەیشتن لە گشتێتیى مێژوویى پێویستە لە بەشەکان تێبگەین. میراتى هێردەر لە پاش خۆى بوو بە میراتێک بۆ فەیلەسوفانى پاش خۆى لە چەشنى شلایەر ماخەر و دێڵتاى و گادامیر لە بوارى هیرمینیوتیکدا. ڕێواژۆى هیرمینیوتیکى هێردەر بەرهەڵستکارییەک بوو لەبەرانبەر عەقڵگەرایى ڕەها و پۆزەتیڤیزمى مێژووییدا؛ ئەو پێی وابوو مێژوو تەنها بە شیکردنەوەى ڕووکەش و داتاى بەرچاو ناتوانرێت لێی تێبگەین، بەڵکوو پێویستى بە کرانەوە و هاوسۆزى و خەیاڵى مێژوویى هەیە (٦).
٢- هێگڵ: جورج فیلهلم فریدریش هێگڵ (١٧٧٠- ١٨٣١) فەلسەفەى مێژووى هێگڵ گەورەترین ڕامانەی (تیۆریی) فەلسەفییە دەربارەى مێژوو. ئەم فەلسەفەیە بەدواى دۆزینەوەى واتا و ڕێڕەوى مێژووەوەیە. هێگڵ مێژوو بە ڕەوتێکى عەقڵانى دەزانێت بە ئاراستەى بارودۆخێکى تایبەت، واتە بەدیهاتنى ئازادیى مرۆڤ دەجووڵێت. بابەتەکە ئەوەیە کە ئامانجى کۆتایی مرۆڤ، ئەو ساتەیە ڕۆح خۆى لە جیهاندا بەیان دەکات، هێگڵ لە فەلسەفەکەیدا خواستێکى زۆرى بۆ مێژوو هەیە. ئەو لەنێوان مێژووى واقیعی و گەشەى زەینى ئاگایى کەسی (ڕۆح) وەک بابەتێکى تاکەکەسی، پەیوەندى دروست دەکات. ئەو بڕواى وایە ئەرکى سەرەکیى فەلسەفە بریتییە لە پێگەى خود لە پانتایی مێژوودا. مێژوو ڕەوتێکە لەو ڕێگەیەوە ئاگایى خود و چەمکى خود کەشف دەکات. هێگڵ لە ڕاڤەیدا بۆ مێژووى جیهان، دەربارەى قۆناغەکانى بەدیهاتنى ئازادیى مرۆڤ پێکهاتەبەندى دەکات. ئەم قۆناغە بە ئازادیى گشتى لە شارى یۆناندا دەست پێدەکات و دواتر هاونیشتمانبوونى کۆمارى ڕۆما، ئازادیى تاکەکەسیی چاکسازییەکانى پڕۆتسانتى و ئازادیى مەدەنیى دەوڵەتى مۆدێرنى لێ دەکەوێتەوە. ئەو لە تێگەیشتنى خۆیدا بۆ مێژووى جیهان، ئاوڕى لە شارستانییەتەکانى چین و هیند داوەتەوە، هەر چەندە بە بۆچوونى ئەو ئەم شارستانییەتانە چەقبەستوون و، لە ئاکامدا پێش مێژوویین. بە بڕواى هێگڵ، دەتوانین ڕێژەى ئازادیى ئەندێشەى ڕەها و باڵا لە هەر قۆناغێک لە هەست و ئاکارى خەڵکی بە مێژووی ئەو قۆناغ و سەردەمە بزانین. ئەو خەڵکانى چین و هند بە خەڵکانێکى نامێژوویى وەسف دەکات، واتە خەڵکانێک کە گیرۆدەى ستەمکاری بوون و سوودیان لە ئازادى وەرنەگرتووە، لەم ڕووەشەوە نەچوونەتە نێو مێژووەوە.
لە دیدى هێگڵدا، مێژووى جیهان جگە لە جووڵەى ئەندێشەیی لە زەیندا هیچى دى نییە؛ لەڕێگەى لێکدژییەکان و بەریەککەوتنەکانەوە ڕێڕەوى خۆى بەرەو پێشەوە دەبات. هەر قۆناغێکى نوێى مێژوویى بەرئەنجامى ناکۆکى و بەریەککەوتنى سەنتێزى دوو قۆناغى ناتەبا و دژبەیەکى پێشووە (تێز و ئەنتى تێز) بەڵام، لەهەمان کاتدا، ئەم قۆناغە نوێیە کراوەتر و گشتگیرتر و ئازادترە. بەم پێیە، مێژووى جیهان جگە لە دەرکەوتنى ڕۆحى ڕەها شتێکى دیکە نییە، هەرچى بەرەو پێشتر دەڕوات بە ئازادیى زیاتر دەگات (٧). ئەم دیدەى هێگڵ کێشەسازە و مێژوو پێچەوانەکەى سەلماندووە. لە دیدى هێگڵدا، یۆنان و ڕۆمى دێرین قۆناغى گەشەى لاوى پێشکەوتن و ڕسکاوى ئەندێشەى جیهانین. بە ڕاى هێگڵ، لەم قۆناغەدا نە هەموو لە بەندى ستەمکارى بوون و نە هەموو ئازاد، بەڵام لەدواى سەرهەڵدانى ڕێنیسانس و دەرکەوتنى حکوومەتى پەرلەمانى و بەتایبەت لە سەردەمى دەوڵەتى پروس، ئەندێشەى جیهانى بە لوتکەى ئازادیى خۆى دەگات. ئەو مێژووى جیهان بەم شێوەیە کورت دەکاتەوە: سەردەمى ئازادیى یەک کەس و کۆیلایەتیى هەمووان، پاش ئەو سەردەمى ئازادیى هەندێک و کۆیلایەتیى هەندیکى دیکە، دواتر سەردەمى ئازادیى هەمووان. یەکەمیان مەبەست لێى پاوانخوازیی (ئیستیبدادى) شەرقییە، دووەهەمیان هاوکاتە لەگەڵ یۆنان و ڕۆمى دێرین، سێهەمیان دەلالەتە لە سەردەمى دەوڵەتى هاوچەرخ. ئەو ساتەوەختە تایبەتەکان لە مێژوودا بە ڕووداوى مێژووى جیهان نێو دەبات. ئەم ڕووداوانە لەپێناو بەدیهاتنى ئامانجى مێژوو، واتە ئازادیى مرۆڤدا ڕوویان داوە. بۆ نموونە، داگیرکردنى بەشێکى زۆرى ئەورووپا لەلایەن ناپلیۆنەوە ڕووداوێکى مێژوویى جیهانییە کە بە زەمینەى پێویستییەکانى دەوڵەتى دامەزراوەیى عەقڵانیى پێشکەوتووى مێژوویى ڕەخساند.
هێگڵ ئامادەیى عەقڵ لە مێژوودا هەست پێدەکات، بەڵام ئەم عەقڵە لە مێژوودا پەنهان و شاراوەیە و کاتێک دەرک دەکرێت کە کارى فراژووبوونی (تەکامولى) جیهانى کۆتایى هاتبێت. بە بۆچوونى ئەو، پەیوەندییەکى جەوهەری لەنێوان عەقڵى فەلسەفى و زانیاریى مێژووییدا هەیە. پێشنیارى ئەو ئەوەیە فەیلەسووف دەبێت بابەتى عەقڵانى لە هەناوى ئەمرى واقیعدا کەشف بکات، نەک ئەو بەسەر ئەمرى واقیعدا بیسەپێنێت. فەلسەفە دەبێت ئەوەى کە هەیە دەرکى بکات، هەر بۆیە ئەوەی کە هەیە عەقڵانییە. ڕامانەکەی (تیۆرییەکەى) هێگڵ لەسەر ئەوە بونیاد نرابوو کە مێژوو هیچ نییە جگە لە مێژووى عەقڵ و گەشەکردنى، کە ئەوەش تەریبە بە گەشەکردنى مێژوو. لە دیدى هێگڵەوە، بابەتى مێژوو بەپێی ئەم سێ جۆرە لە مێژوو کە ئەو دیاریى دەکات جیاوازە. لەچەشنى یەکەمى مێژوودا، ئەو کار و ڕووداوانە پەسند دەدرێن کە مێژوونووس بینیونى و ئەزموونى کردوون و ئاوێتەى قووڵایى ڕۆحى ڕووداوەکان بووە و، ڕاپۆرتى لەسەر ئەو کار و ڕووداوانە نووسیوە و بەم شێوەیە لە ڕووداوى دەرەکى و ماددیدا ڕێگاى بۆ کایەى وێناکردنى مەعنەوى کردووەتەوە. لێرەوە دەردەکەوێت کە ناوەڕۆکى ئەم مێژووانە ناتوانرێت گشتگیر بێت. خاڵى بنچینەیى ئەوان شتێکە لە ئەزموونى تایبەتى مێژوونووس و بەرژەوەندیی ڕاستەقینەى تاکى زیندوودا شێوە دەگرێت، شتێک کە لە ژینگەى ئەواندا زیندوو و واقیعییە بەڵام لە مێژووى هزر و بیرکردنەوەدا، نووسەر سنوورى ئەو هەلومەرجەى کە تێیدا دەژىت دەبەزێنێت، نەک ئەوەى کە لەو سەردەمەدا هەبووە و ئامادە بووە، بەڵکوو ئەوەى لە ڕۆحى هەبوودا ئامادەیە، پەسند دەدات (٨).
لە مێژووى فەلسەفەدا، تێڕوانینى گشتیى مێژووى فەلسەفیی جیهان نەک بە شێوەیەکى ئەبستراکت، بەڵکوو بەشێوەیەکى دیاریکراو و پێکەوەنووساو و ستوونییە و بەشێوەیەکى ڕەها ئامادەیە. بۆیە جیهان ڕۆحێکە تا ئەبەد لاى خۆى بە زیندوویى دەمێنێتەوە و بۆ ئەو ڕابردوو بوونى نییە؛ بە واتایەکى دیکە، دنیایەکى بێڕۆحە. کەواتە، ئەوەى لە بابەتى مێژوو پەیوەست بە واقیعییەت نەک وتووێژ دەخرێتە ڕوو، دیدگاى دووهەمى هێگڵە کە شوێنى تێڕامانە، لەبەر ئەوەى ئەو دەڵێت ڕۆح بە شێوەیەکى گشتى، زەمینەى مێژووە و لەوێدا بە وێنەى جۆراوجۆر خۆى بەیان دەکات، کە ئێمە ئەوان بە نەژادەکان یاخود نەتەوەکان ناو دەبەین و لەم ڕووەوە بابەتى گوتار یان دیسکۆرسە. ئەمە نیشان دەدات لە ڕوانگەى ئەوەوە ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان خۆیان دەرکەوتەى عەقڵ (ڕۆح )ن لە مێژوودا. لاى یۆنانییەکان بابەتى سەرەکیى مێژوو بریتی بوو لە کۆکردنەوەى ڕاستییەکان و گێڕانەوەیان بە زمانێکى سانا. هەمان ئەو شتەى کە هێگڵ بە مێژووى دەستى یەک ناوى دەبات و بەرهەمەکانى مێژوونووسانى وەک هیرۆدۆت و تۆکسیدیدس لەخۆ دەگرێت. بە ڕووکەش بوارى بایەخپێدراوى سەرەکیى زانستى مێژوو، ڕابردووە. هەڵبەتە ئەمە دروستە، بەڵام ورد و دەقیق نییە. هەموو ڕابردوو ناتوانێت ببێتە زەمینەى چالاکیى مێژوونووس، چونکە ڕابردوو بێئەنداز بەربڵاوە. زۆرینەى مێژوونووسان هاوڕان لەسەر ئەوەى بابەتى زانستى مێژوو بە سروشتى خۆى تەواوى دیاردەکانى ژیانى کۆمەڵگەى مرۆڤایەتى لەخۆ دەگرێت؛ ئەو گوتەیەى کە بابەتى زانستى مێژوو پەیوەندییەکى نزیکى لەگەڵ ژیان و ڕابردووى کۆمەڵگە و مرۆڤی کۆمەڵایەتیدا هەیە، بەو واتایە نایەت کە ئێمە ناوەڕۆکى زانستى مێژوومان ناسیوە و لێی تێگەیشتووین. لەبەر ئەوە ژیانى کۆمەڵگە و مرۆڤى کۆمەڵایەتى بابەتى لێکۆڵینەوەى زانستە کۆمەڵایەتییەکانى دیکەشە. دەتوانین بڵێین ئەم بوارە زانستییانە بەپێچەوانەى زانستى مێژووەوە، کۆمەڵگە و مرۆڤ لە زەمەنى ئێستادا دەخاتە بەر باس و شیکردنەوە. بەڵام سنوورى نێوان ڕابردوو و ئێستا تاڕادەیەک مەرجدارە و بەردەوام تێکەڵى یەکدی دەبن.
کەواتە، ناتوانین بابەتى مێژوو تەنها لە کۆمەڵگەى ڕابردوو و مرۆڤى کۆمەڵایەتیدا کورت بکەینەوە. بە ڕووکەش سیفەتى تایبەتى ئەو بابەتەى کە مێژوو تاوتوێی دەکات، نابێت لەوەدا کە لێی دەکۆڵێتەوە بپشکنین، بەڵکوو دەبێت لە چۆنیەتیی لێکۆڵینەوەکەدا بۆى بگەڕێین. میژوو بەپێچەوانەى زانستە کۆمەڵایەتییەکانى دیکەوە، ڕەوتى فراژووبوونی مرۆڤ و کۆمەڵگە شی دەکاتەوە. مێژوو تیشک دەخاتە سەر ئەو قۆناغە تایبەتییانەى کە کۆمەڵگە و مرۆڤە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕەوتى تەکامولیدا تێیانپەڕاندووە و هەروەها ئەو پێشکەوتنانەى لە هەلومەرجی هەنووکەیى کۆمەڵگە و مرۆڤ لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەى کە ڕوویان داوە بنکۆڵ دەکات. کەواتە، مێژووى دیاریکراوى ئەم پێواژۆی (پرۆسەى) گۆڕانە بابەتى زانستى مێژووە. لە دیدى هێگڵدا، تەنها گەلانى ئازاد بەشێکن لە ڕەوت و ڕەوڕەوەى مێژوو، چونکە تەنها مرۆڤی سەروەر لە بەهاى ئازادى تێدەگات. لە ڕوانگەی هێگڵەوە، عەقڵ جەوهەرى مێژوو و مرۆڤیشە؛ ئەو عەقڵەى کە مێژوو دەبات بەڕێوە عەقڵێکى بەئاگایە لە خودى خۆى. هێگڵ "مێژوو" بە مانایەک بەکار دەبات کە لە "فەلسەفەى مێژوو" جودا ناکرێتەوە. لە دیدى هێگڵدا، مێژوو تەنها تۆمارى ڕووداوەکان نییە، بەڵکوو بە ماناى هزریى مێژووییە کە ئەمەش بەو مانایە دێت کە مەبەست لە خوێندنەوەى مێژوو بریتی نییە لەوەى لە ڕووداوەکان بەئاگا بیت بەڵکوو مەبەست ئاگابوونە لە فاکتەر و ئاراستەى ڕوودانى ڕووداوەکان.
هێگڵ لە مانا گشتییەکەدا باس لە گەردوون دەکات، کە هەم مانا ماددى و هەم مانا ڕۆحییەکەى گەردوون لەخۆ دەگرێت و باوەڕى وابوو کە سروشتى مادى لە گۆڕانى مێژوودا بەشدارە، بەڵام ڕۆح و گۆڕانى ڕۆحى بە فاکتەرى بنەڕەتیى گۆڕانى مێژوو دەزانێت (٩). لەم سۆنگەیەوە، دەتوانین بڵێین مێژوو خشتە و قۆناغە جۆربەجۆرەکانى بەدەستهێنانى ئازادییە، چونکە ئازادى جەوهەرى ڕۆحە و، قۆناغە جۆربەجۆرەکانى ژیانى مرۆڤ گوزارشتە لەو ئازادییە. لە دیدى هێگڵدا، ماددە جەوهەرى نییە و پشت بەخۆبەستوو نییە بەڵکوو پشت بە ڕۆح دەبەستێت؛ بەپێچەوانەى ڕۆحەوە کە جەوهەرییە و پشت بەخۆبەستووە، ئەمەش حەقیقەتى ئازادییە. بەرجەستەبوونى دۆخى ئازادى لە ڕەوتى مێژوودا پێویستى بە بەرجەستەبوونى دۆخى ئاگایى و هەستە. واتە مێژووى جیهان مێژووى ڕۆحە، لەو سۆنگەیەوە کە ڕۆح هەوڵ دەدات هۆشیار ببێتەوە لە خودى خۆى و بە شێوازى دیالێکتیکى مێژووى جیهان قۆناغە لۆژیکییەکانى ڕەوتى گەشەسەندنى ئازادى بەیان دەکات. لە ڕوانگەی هێگڵەوە، چەمکى هۆشیارى و هەست لەگەڵ چەمکى ئازادیدا هاومانایە، چونکە لە دیدى هێگڵدا، ماناى ئازادى جیا نییە لە خودئاگایى و دەرککردنى خود، ئەمەش خەسڵەتى جەوهەریى ڕۆحە.
هێگڵ مێژووى جیهان بە مێژووى ڕۆح دەزانێت و مێژوو پێناسە دەکات لەسەر بنەماى 'سنووردارى و مەبەستگەرایی و بەدەستهێنانى مانا'؛ سنووردارى واتە سنوورەکان دیارى کراون و پابەندى مەرج دەبن؛ مەبەستگەرایى واتە ئاراستە و ماناکەى تێکەڵە لە بابەتگەرى و خودگەرى، واتە ماناکەى مەعقوولێکە دەکەوێتە دواى ڕێککەوتە سەرزارەکییەکانەوە؛ بەدەستهێنانى مانا بەدەستهێنان و کامڵبوونە لەتەک سروشتدا، واتە شێوەى هاوگونجاویى ناوەڕۆک. لە دیدى هێگڵدا، مێژوو گرێیەکە تەنها فەیلەسوفەکان دەتوانن بیکەنەوە، واتە مێژوونووسەکان تەنها مێژوو دەگێڕنەوە. هێگڵ هەوڵی داوە خوێندنەوەیەکى شیکارى و ڕاڤەکارى بۆ مێژوو بکات و ڕاى وایە کە 'بوون' بریتییە لە پەخشبوونەوەى ئایدیا، واتە وێنا یاخود نموونە. بەڵام ئەم 'ئایدیایە' کاتێک هەموو واقیعییەتى خۆى بەدەست دەهێنێت کە لەڕووى کردارییەوە فراوان بێت؛ ئەم فراوانبوون و بەدیهاتنەى ئایدیاش لە شوێن و زەمەندا بە ئەنجام دەگات. کاتێک ئایدیا لە شوێندا پەخش دەبێتەوە، دەبێتە 'سروشت'؛ گەر ئایدیا لە زەماندا بڵاو ببێتەوە، دەبێتە 'ڕۆح'؛ مێژووش لە دیدى هێگڵدا کە مەبەست لێی 'مێژووى جیهانە' بریتییە لە بڵاوبوونەوە و فراوانبوونى ڕۆح لە زەمەندا، واتە مێژوو بریتییە لە ئازادبوونى ڕەها لە کاتدا و پەرەسەندن و تەکامولى خودى ڕۆحە لەڕێی قۆناغەکانى ژمارەیەک لە نەتەوە مێژووییە جیهانییەکان، لەو شوێنەى کە جەوهەرى ڕۆح بەیانکەرى ئازادییە. لەهەمان کاتدا، جەوهەرى ڕۆح بریتییە لە خودى ئازادى، کەواتە مێژوو هیچ نییە جگە لە پەخشبوونەوە و هۆشیارى لە ئازادیدا.
هێگڵ لە فەلسەفەى مێژوودا جەختى لەسەر هەر سێ چەمکى ئایدیا، سروشت، ڕۆحە. ئایدیا بریتییە لە بزواوەکانى جیهان کە ئەوەى لەبەرانبەریدایە خودی سروشتە. هەرچەندە سروشت لە ڕەوتى قۆناغەکانى (بێگیان، ڕووەک ، ئاژەڵ) تێدەپەڕێت و بە مرۆڤ دەگات کە لە هۆشیاریی ئەودا، ئایدیا-ش هۆشیار دەبێت. ئەم هۆشیارییەى 'ئایدیا' بریتییە لە ڕۆح و، مێژووش بریتییە لە پەخشبوونەوەى هۆشیاری. لە دیدى هێگڵدا، جەوهەرى ڕۆح بریتییە لە ئازادى، مێژووی جیهانیش بریتییە لە چەندێتى و چۆنێتیى ئازادیى مرۆیی لە شێوازە جۆراوجۆرەکانى دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکاندا. هێگڵ بڵاوبوونەوەى کامڵ و تەواوى ڕۆح لە هەناوى دەوڵەتدا دەبینێتەوە. لە دیدى ئەودا، دەوڵەتیش بریتییە لە 'ئایدیا'ى خودایی کە لە سەر زەویدا بەدى دێت. هێگڵ ئاماژە بەوە دەدات کە تەنها لەڕێی دەوڵەتەوە تاک دەتوانێت ئازادى بەدەست بهێنێت و لێی سوودمەند بێت. هۆشیاریى ڕۆح کە جەوهەرەکەى ئازادییە، لە واتادا هەموو واقیعییەتى مێژووى جیهان پێکدەهێنێت و، نەتەوەکانى جیهان لە گەیشتن بەم هۆشیارییە جیاوازییان هەبووە و بەپێی زەمان، گەیشتوون بەو کەماڵە یاخود پێی دەگەن. بە ڕاى هێگڵ، یۆنانییەکان یەکەم نەتەوە بوون دەرکى ئەو ئازادییەیان کردووە. هێگڵ پێی وایە مێژووى جیهان بریتییە لە پێشکەوتن و گەشەکردنى ئازادى لە هۆشیاریدا (١٠). هەرچەندە خواست و ئارەزووە تاکەکەسییەکان لە بەدیهاتنى ئەم هۆشیارییەدا کاریگەر نین، ڕێڕەوى مێژوو بەشوێن ئامانجە گشتى و ناتاکەکەسییەکانەوەیە؛ هەربۆیە، بۆ ئەوەى سوود و حەز و خواستە تاکەکەسییەکان لەگەڵ ئامانجە گشتى و کوللییەکاندا بگونجێت. لێرەوەیە کە بوونى دەوڵەت زەڕوورەت پەیدا دەکات. لە دیدى هێگڵدا، مێژوو ڕەوتێکى پێشکەوتنى بەردەوامى ڕۆحى جیهانە، کە بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت:
١- قۆناغى ڕۆحى سروشتى: کە تێیدا مرۆڤ هیشتا بەتەواوى ئازاد نییە و ژێردەستەى دەسەڵاتى سروشت و کۆمەڵگەیە.
٢- قۆناغى ڕۆحى مێژوویى: کاتێک مرۆڤ هەوڵى بەدەستهێنانى ئازادى دەدات و لەڕێگەى بەربەرەکانێ و ململانێى کۆمەڵایەتى و سیاسییەوە پەرە بە ئازادى خۆى دەدات.
٣- قۆناغى ڕۆحى ڕەها: لەم قۆناغەدا مرۆڤ گەیشتووەتە تێگەیشتنى تەواو لە ئازادى و ماهییەتى خۆى.
هێگڵ پێی وایە مێژوو لۆژیکێکى ناوەکى هەیە و بەرەو مەبەستێکى دیاریکراو دەڕوات. ئەم بۆچوونەى جیاوازە لە تێڕوانینى پێشتری کە مێژووى وەک ڕووداوى ڕێککەوتى بێئامانج دەبینی. لە دیدى هێگڵدا، پێشڤەچوون لە مێژوودا لەڕێگەى دیالێکتیکى تێز (بیرۆکەیەک)، ئەنتى تێز (بەربەرەکانێ و دژایەتى) و سینتێز (ئەنجام و یەکلاییکردنەوە) بەدى دێت. فەلسەفەى هێگڵ گرنگیی بەرچاو بە ڕۆڵى هزر و بیر دەدات لە گۆڕانى مێژوودا. گرنگترین چەمک لە فەلسەفەى هێگڵدا بریتییە لە هۆشی گشتى و بەردەوامیى مرۆڤایەتى ڕووەو ئازادى و تێگەیشتن پەرە دەسێنێت و لەڕێى مێژووەوە خۆى دەناسێتەوە و گەشە دەکات. دیالێکتیکى مێژوویى لە دیدى هێگڵدا پڕۆسەیەکى بەردەوامى گۆڕان و پێشکەوتنە، لەڕێی ململانێ و دژایەتییەوە گەشە دەکات و پێش دەکەوێت و قۆناغ بە قۆناغ بەرەو پێش دەچێت و ئازادیى زیاتر بەدەست دێنێت. هێگڵ پێی وایە پاڵەوانە مێژووییەکان ئەو قارەمانانەن کە ڕۆحى جیهان بەڕێوە دەبەن، لەچەشنى ئەسکەندەرى مەکدۆنى و ناپلیۆن، کە بەبێ ئەوان ڕەوتى مێژوو بەرەوپێش ناڕوات.
هێگڵ پێی وایە دەوڵەت گرنگترین دامەزراوەى کۆمەڵگەیە و هەر لەو سۆنگەیەوە پەیوەندیى نێوان مرۆڤ و دەوڵەتى لەنێو گوتارە مێژووییەکەیدا شی کردۆتەوە. لە دیدى ئەودا، پەیوەندیى نێوان دەوڵەت و مێژوو پەیوەندییەکى قووڵ و فەلسەفییە. ئەو دەوڵەت بە گرنگترین دەرکەوتەى ڕۆحى جیهان دەزانێت و وەک نێوەندى ئازادى و گرنگترین دامەزراوەى کۆمەڵگەیە و مافەکانى تێدا بەدەست دێن و دەپارێزرێن. هێگڵ وەک بەرهەمى پێواژۆی (پرۆسەی) مێژوویى لە دەوڵەت دەڕوانێت و پێی وایە دەوڵەت گەشەى بەردەوامى مرۆڤایەتییە کە لەڕێی ململانێ و پێکدادانى کۆمەڵایەتییەوە پەرە دەسێنێت و، هەر قۆناغێکى مێژوویى جۆرێکى تایبەت لە دەوڵەتى لێ دەکەوێتەوە. دەوڵەت لەڕێی یاسا و دامەزراوەکانییەوە مافى هاونیشتمانییان دەپارێزێت و بوارى گەشەى کۆمەڵایەتى و ئابووریان بۆ دەڕەخسێنێت. هەر قۆناغێکى مێژوویى جۆرێکى تایبەت لە دەوڵەت فەراهەم دەکات لەچەشنى دەوڵەتى مەدەنى کە کەرامەتى تاک تێیدا پارێزراوە و چاوى لە عەقڵانییەت و ئازادى بڕیوە بۆ کاراکتەرەکانى نێوى. هێگڵ پێی وایە دەوڵەت تەنها دامەزراوەیەکى سیاسی نییە، بەڵکوو نێوەندێکى گرنگى بەرهەمهێنانى مانا و ئازادیى مرۆڤایەتییە. ئامانجى کۆتایی مێژوو لە دیدى هێگڵدا گەیشتنە بە کەماڵى ئازادى و تێگەیشتنە لە ڕەوتى گشتیى مرۆڤایەتى و دروستکردن و بونیادنانى جڤاکێکى عەقڵانى و دادپەروەر، کە چاوى لە فەزیڵەتەکان بڕیوە لەچەشنى دلێرى و جوامێری و ئازادى و عەدالەتخوازى (١١).
٣- شپنگلەر: ئوسوالد شپنگلەر (١٨٨٠- ١٩٣٦) مێژوو لە دیدى شپنگلەردا بریتییە لەو فۆڕمەى کە مرۆڤ هەوڵى دەرککردن و تێگەیشتن لە جیهان دەدات وەک هەبوویەکى زیندوو لەمەڕ گەیشتن بە حەقیقەتى قووڵ. لەم ڕوانگەیەوە، بەو بەرئەنجامە دەگەین کە مێژوو لە دیدى شپنگلەردا سنوورێکە بۆ تێگەیشتن لە جیهان وەک هەبوویەکى زیندوو و تۆمارێکیشە بۆ ڕووداوەکانى مرۆڤ و نەتەوە و جیهان. شپنگلەر تۆمار و یاداشتى تاکەکەسی تەنها وەک ژیانى کەسێک نابینێت، بەڵکوو بە بەشێک لە ڕۆحى شارستانییەتى دەزانێت. ئەو شارستانییەت بە یەکەى لێکۆڵینەوەى مێژوو دەزانێت و ڕۆڵى تاک پەراوێز ناخات لە پێکهێنانى شارستانییەتدا، واتە مێژوو بریتی نییە لە مێژووى ڕابەر و پاشاکان، بەڵکوو تەواوى هاونیشتمانیانى سەر بە شارستانییەتێک بەشدارن لەو مێژووەدا. لە دیدى شپنگلەردا، مێژوو مەعریفەیەکى خۆڕسکە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداو و دیاردەکان؛ هەر شارستانییەتێک هەڵگرى کولتوورێکی تایبەتە، کە ڕەنگدانەوەى جەوهەرى ناوەوەى خۆیەتى و ئایندەى خۆى سنووردار دەکات. مێژوو لاى شپنگلەر تەنها بریتی نییە لە ژمارەیەک ڕووداو، بەڵکوو پرسێکى مەعریفیی قووڵە کە سروشتى شارستانییەتێک بەیان دەکات.
هەر شارستانییەتێک چەند قۆناغێک دەبڕێت، لەوانە قۆناغى گەشەکردن و گەیشتن بە ئەوج و ترۆپکى خۆى و پاشان گەیشتن بە دۆخى کەوتن و ئاوابوون. لە دیدى شپنگلەردا، هۆکارى کەوتنى هەر شارستانییەتێک بریتی نییە لە ڕووبەڕووبوونەوەى سەربازى و ئاستەنگ و قەیرانى ئابوورى، بەڵکوو هۆکارى بنەڕەتى بریتییە لە کەوتن و داڕزینى ناوەکیى خودی شارستانییەتەکە. بەگوێرەی شپنگلەر، لە سووڕى ژیانى هەر شارستانییەتێکدا چەند قۆناغێک هەیە. لە قۆناغى بەراییدا، بە دوندی داهێنان دەگات و بەرهەمى هونەرى و ئەدەبی و فەلسەفی و زانستى و فەرهەنگیى خۆى بەرهەم دەهێنێت و خۆى دادەمەزرێنێت. لە قۆناغی دواتردا، ڕووبەڕووى ئاستەنگ و بیرۆکراسییەت دەبێتەوە و لەنێوخۆدا تووشی داڕزین دێت و هەرچی وزە و توانستى داهێنەرانە هەیە لە دەستى دەدات و لەسەرخۆ ڕووبەڕووى لێکترازان و هەڵوەشاندنەوە دێت و هۆمۆجینییەت و یەکگرتوویى لەدەست دەدات و دادەڕمێت. قۆناغى کەوتنى هەر شارستانییەتێک حەتمییە و قوتاربوون لێی ئەستەم و مەحاڵە. شپنگلەر پێی وابوو گەشەکردن و کەوتنى هەر شارستانییەتێک بەشێکى تەکامولییە لە سووڕی ژیان و هۆکار و دەرفەتە بۆ سەرهەڵدانى شارستانییەتى پاش خۆی، ئەم پڕۆسەیەش بەشێکى جەوهەرییە لە ڕیتمى مێژوو.
فەلسەفەى مێژوو لە دیدى شپنگلەردا، ڕووەو ئامانج و خاڵێکى دیاریکراو ناڕوات و بە کۆتایی مێژوو ناگات. ئەو پێی وابوو سووڕى مێژوو خولگەییە و هیچ ئامانجێکى کۆتایی و خاڵى کۆتایی نییە. هەر شارستانییەتێک جەوهەر و ڕۆحێکى تایبەت بەخۆى هەیە کە لە پەروەردە و فەلسەفە و ئاین و هونەر و ئەدەبەکەیدا خۆى بەیان دەکات. شپنگلەر ڕاى وابوو داڕمانى هەر شارستانییەتێک تەنها هۆکارى دەرەکى نییە لەچەشنى جەنگ و پەلاماردانى سەربازى و داڕمانى ئابوورى، بەڵکوو هۆکارى ناوەکى ڕۆڵى بەرچاوى هەیە لە کەوتن و داڕمانى هەر شارستانییەتێکدا، لەچەشنى لەدەستدانى ڕۆح و جەوهەرى شارستانییەتەکە. واتە هیچ شارستانییەتێک ناکەوێت و تووشی دالەنگان و پووان نایەت تاوەکوو لە ناوەوە ڕۆحەکەى نەڕزێت. لە دیدى شپنگلەردا، شارستانییەتەکان وەک ئۆرگانیزمەکان دەژین و وەک بوونەوەرێکى زیندوو پەیدا دەبن و گەشە دەکەن و پێدەگەن و لەنێودەچن و دەمرن. شپنگلەر پێی وایە هەر شارستانییەتێک خولى ژیانى هەیە و پێکدێت لە:
١- بەهار: سەرەتاى کولتوور، داهێنان، ئەفسانە، ئاین و بیر و باوەڕى سەرەتایی، لەچەشنى هۆمیرۆس بۆ یۆنان و سەدەکانى نێوەڕاست بۆ خۆرئاوا.
٢- هاوین: گەشەکردنى فەلسەفە و کولتوور، گەشەکردنى هونەر و سیاسەت، لەچەشنى یۆنانى دێرین و ڕێنیسانس لە خۆرئاوا.
٣- پاییز: کولتوور دەگاتە لوتکە، زانست و تەکنەلۆژیا بە ئەوجى خۆیان دەگەن، لەچەشنى سەردەمى هیلینستى بۆ یۆنان و سەردەمى ڕۆشنگەرى بۆ خۆرئاوا.
٤- زستان: داڕزینى کولتوور، مادیگەرایی، ئیمپریالیزم، پاشان کەوتن و داڕمان، لەچەشنى شارستانییەتى یۆنان و ڕۆما... هتد (١٢).
جیاوازیى نێوان کولتوور و شارستانییەت لە دیدی شپنگلەردا
کولتوور ڕەسەنە، داهێنەرە، ڕۆحى و مەعنەوییە، بەڵام شارستانییەت میکانیکییە، ناداهێنەرە، ماددییە، نامۆیە، تەکنیکییە. کولتوور لە قۆناغەکانى بەهار و هاویندا زاڵە، بەڵام لە پاییز و زستاندا دەگۆڕێت بۆ شارستانییەت. شپنگلەر دژ بە پێشکەوتنى هێڵى بوو لە شارستانییەتدا، باوەڕى وابوو سووڕى مێژوو خولگەییە و چاوى لە پنتێکى دیاریکراو نەبڕیوە. ڕاى وابوو کە مێژوو خۆى دووبارە دەکاتەوە، هەربۆیە پێویستە فۆڕم و پێکهاتەی مێژوو بناسین. لێرەوە بەو بەرئەنجامە دەگەین کە مێژوو تەنها بریتی نییە لە ڕستێک داتا و زانیارى دەربارەى ڕووداوەکانى ڕابردوو، بەڵکوو تێگەیشتن و ڕاڤەى دروست و زانستییە بۆیان، واتە لێکدانەوە و خوێندنەوەیە بۆ هۆکارەکان.
چەمکى ڕۆح لە مێژووى شارستانییەتدا لە ڕوانگەی شپنگلەرەوە
لە ڕامانەکەی (تیۆرییەکەى) شپنگلەردا چەمکى ڕۆح ڕۆڵێکى جەوهەرى و بنەڕەتیى هەبووە. شپنگلەر ڕاى وایە هەر شارستانییەتێک "ڕۆح"ێکى تایبەت بەخۆى هەیە کە سەرجەم کولتوور و بەرهەمەکانى شارستانییەتەکە خۆیانى لێوە بەیان دەکەن، لەچەشنى فەلسەفە، ئاین، ئەفسانە، هونەر، زانست.
١- ڕۆحى وێنایی: شپنگلەر ڕۆحى شارستانییەتى خۆرئاوایى بە ڕۆحى فاوستى نێو دەبات کە لە چیرۆکى فاوستى گۆتەوە وەری گرتووە. تایبەتمەندییەکانى بریتین لە مەیلى بێسنوور بۆ زانست و تەکنەلۆژیا، ویستى دەسەڵات و کۆنتڕۆڵکردنى سروشت، بیرکردنەوەى ئەبستراکت و ئایدیالیزمییانە، مەیلى بەردەوام بۆ ئاسۆى بێکۆتایی.
٢- ڕۆحى ئەپۆلۆنى: تەعبیرە لە ڕۆحى شارستانییەتى کلاسیکى (یۆنانى – ڕۆمانى) کە گرنگى بە بیردۆزیى جەستە و سنوورە فیزیکییەکان و فۆڕم و هارمۆنیا دەدات و مەیلى بۆ ساتى ئێستایە و تەرکیزى لەسەر شتە بەرجەستەکانە نەک ئەبستراکتەکان.
٣- ڕۆحى جادوویى و سیحربازى: ڕۆحى شارستانییەتە عەرەبی و ئیسلامییەکانە، کە گرنگى بە ئاین و سیحر و جادوو دەدات و جیهان وەک ململانێی نێوان ڕووناکى و تاریکى دەبینێت، واتە خێر و شەڕ.
٤- ڕۆحى کولتوور لەبەرانبەر زیرەکیى شارستانییەتدا: شپنگلەر جیاوازى دەکات لەنێوان "ڕۆح" کە بەرهەمى کولتوورە لەگەڵ "زیرەکى" کە بەرهەمى شارستانییەتە؛ لە دیدى شپنگلەردا، ڕۆح داهێنەر و ئافرێنەرە، بەڵام زیرەکى تەنها کردەیی و پراکتیکییە.
٥- پریمۆردیاڵ و سیمبۆڵ: هەر ڕۆحێکى کولتووریى سیمبۆڵێکى بنەڕەتیى هەیە کە هەموو دەرکەوتەکانى کولتوورەکە ڕەنگدانەوەین و بەشێکن لێی.
٦- ناکۆکیى ڕۆحەکان: شپنگلەر ڕاى وایە ڕۆحى هەر کولتوورێک یەکانگیرە و ناتوانرێت بەڕەهایى لەلایەن کولتوورێکى دیکەوە لێی تێبگەیەندرێت و بەتەواوى ئاشناى بێت. لە دیدى شپنگلەردا، هەر ئەو هۆکارەشە کە ڕۆژئاواییەکان ناتوانن لە هونەرى میسرى و فەلسەفەى چینى تێبگەن. لەڕاستیدا، ئەم دیدەى شپنگلەر بە قووڵى شوێنى نەقد و ڕەخنەلێگرتنە. ئێمە پێمان وایە ڕۆژئاواییەکان بەقووڵى لە کولتوور و هونەرى ڕۆژهەڵاتى تێگەیشتوون (بۆ زانیاریى زیاتر بگەڕێنەوە بۆ نووسینێکى ئێمە لە ژمارە دووى ژۆڕناڵی ئاوەزدا بە ناونیشانى "تیۆریى و زانستى ڕۆژهەڵاتناسی").
٧- ڕۆحى کولتوور و زمان: شپنگلەر ڕاى وایە زمان و ڕێزمان دەربڕی ڕۆحى کولتوورە. زمان لەنێو کولتووردا گەشە دەکات و سنوورەکانى بوونى خۆى دیاری دەکات و مانا بە کولتوور دەبەخشێت.
٨- ڕۆحى کولتوور و هونەر: لە دیدى شپنگلەردا، هەر ڕۆحێکى کولتووری فۆڕمێکى هونەریى تایبەت بەرهەم دێنێت، لەچەشنى پەیکەرتاشیی کلاسیک کە تەعبیرە لە ڕۆحى ئاپۆڵۆنى. کاتێک ڕۆحى کولتوورێک دەمرێت، ئیدى شارستانییەتەکە بە دواقۆناغى خۆى دەگات، کە قۆناغى مادیگەرایى، بیرۆکراسی و میکانیکى بوونە بەبێ داهێنان و ئافراندن.
٩- ماتماتیک وەک دەربڕینى ڕۆح: لە دیدى شپنگلەردا، ماتماتیکیش دەربڕی ڕۆحى کولتوورە. بۆ نموونە، ماتماتیکى گریکى گرنگى بە ژمارە و ئەندازەى ستاتیک دەدا (هارمۆنى و نسبەت)؛ ماتماتیکى خۆرئاوایى گرنگى بە ( X , Y ) و ژمارەى نادیار دەدات. ئەم جیاوازییە ڕەنگدانەوەى ڕۆحى کولتوورەکانە. شپنگلەر لە کتێبی "داڕمانى شارستانییەتى خۆرئاوا"دا بەشێکى تایبەت تەرخان دەکات بۆ پرس و پەیوەندیى نێوان کولتوور و ماتماتیک. لە دیدى شپنگلەردا، ماتماتیک تەنها زانستێکى پەتیى نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەى قووڵى ڕۆحى هەر کولتوورێکە. بۆ نموونە، ماتماتیکى ڕۆحى ئەپۆلۆنى (یۆنانى – ڕۆمانى) زیاتر گرنگى بە ژمارەکان و نسبەت دەدات. شێوەی ستاتیکى کە گرنگى بە ئەندازە و شێوەی بەرجەستە دەدات، لەچەشنى ڕامانەی (تیۆریی) فیساگۆرس و بەرهەمەکانى ئەکڵیس. یۆنانییەکان ژمارە سفریان قبووڵ نەبوو، چونکە ماناى "هیچ" بوو، لەگەڵ جیهانبینیى ئەواندا یەکانگیر نەبوو (١٣).
ماتماتیکى ڕۆحى فاوستى خۆرئاوایى: لە دیدى شپنگلەردا، ماتماتیکى خۆرئاوایى تەرکیزى لەسەر ژمارەى بێکۆتایى و ژمارەى مەوهومى بوو. ماتماتیک پەیوەندیى بنەڕەتیى بە جیهانبینیى کولتوورەکانەوە هەیە و، ئەو یەکەم کەس بوو کە هەوڵى دا ماتماتیک بەستەیتمەند بکات و بیبەستێتەوە بە کولتوورەوە. دید و تێڕوانینەکانى شپنگلەر کاریگەرى قووڵى لەسەر فەلسەفەى زانست دانا لە سەدەى بیستەمدا، بەهۆى پێشبینى قەیرانى بنەماکانى ماتماتیک کە لە سەرەتاى سەدەى بیستەمدا سەریان هەڵدا. لە دیدى ئەودا، ماتماتیک تەنها ئامڕازێکى ڕووت نییە بۆ بابەتە زانستییەکان، بەڵکوو دەربڕینێکى قووڵى "ڕۆح"ى کولتوورە و ڕەنگدانەوەى بنەڕەتیى ڕوانینى هەر کولتوورێکە بۆ جیهان. ماتماتیک لاى شپنگلەر بەشێکە لە زمانى سیمبوولیکی هەر کولتوورێک.
تایبەتمەندییەکانى فەلسەفەى مێژوو لاى شپنگلەر
ئەم فەلسەفەیە چەند تایبەتمەندییەکى سەرەکیى هەیە، لەوانە:
١- خولى بوون لەبرى پێشکەوتنى هێڵى: شپنگلەر بەتوندى دژ بە تێڕوانینى خۆرئاوایى بوو بۆ مێژوو، کە ئەو دیدە پێی وابوو مێژوو بزووتن و جووڵەیەکى هێڵییە ڕووەو پێشکەوتن. ئەو باوەڕى بە خولى بوونى مێژوو هەبوو و پێی وابوو مێژوو خۆى دووبارە دەکاتەوە، واتە ڕووەو پنتێکى دیاریکراو ناڕوات. شپنگلەر دژ بەو دیدەى هێگڵ بوو کە پێی وابوو مێژوو لە پێشکەوتن و گەشەکردنى بەردەوامدایە، واتە مرۆڤایەتى لە ئێستادا گەشەى بەرچاوى بەخۆوە بینیوە؛ ئەمەش دیدێکى ڕۆشنگەرانە و مێژووگەرانەیە کە بەتوندى شوێنى ڕەخنەیە. شپنگلەر بەقووڵى باوەڕى بە خولانەوەى مێژوو هەبوو و پێی وابوو مێژوو لە خولانەوەیەکى بەردەوام و بێکۆتادایە. واتە، هەر شارستانییەتێک سەرهەڵدەدات و گەشە دەکات و دەپووکێتەوە و لەناو دەچێت. شپنگلەر بەپێچەوانەى هێگڵەوە باوەڕى بە مێژووى جیهان نەبوو، بەڵکوو باوەڕى بە مێژووى جیاوازیى شارستانییەتەکان هەبوو. ژمارەیەکى بەرچاو لە نووسەران و بیرمەندان باوەڕیان بە تێزەکەى شپنگلەر هەبوو، لەوانە سامۆیل هانتگتون.
٢- مۆرفۆلۆژیای مێژوو:
ا- فۆڕم لەبرى ڕووداو: بایەخ بە پێکهاتە (ستروکتور) و فۆڕمى مێژوو دەدات نەک ڕووداوە جیاوازەکان. ب- پەترۆنى گشتى: لێکۆڵینەوەى مێژوو دەبێت لە دۆزینەوەى پەترۆن و نەخشى دووبارەبووەوە بێت. پەترۆنى گشتى لای شپنگلەر ئەو بنەڕەتە کولتووریانەیە کە هەڵسوکەوتى گشتیى شارستانییەتێک دیارى دەکات، وەک شێوەى تێڕوانین بۆ کات و شوێن و فۆڕمى هونەر و ماتماتیک و زانست و سیستەمى بەهاکان و ئایدیاکان. واتە هەر شارستانییەتێک بەپێی پەترۆنێکى تایبەت پەرە دەستێنێت و ژیانێکى بایۆلۆژیى هەیە، واتە لەدایک دەبێت وگەشە دەکات و دەمرێت.
ج- بەراوردکاریى مۆرفۆلۆژى: ڕێواژۆى (میتۆدی) مۆرفۆلۆژى بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە فۆڕم و پێکهاتەى شارستانییەتەکان، واتە بەراوردکردنى شێوە کولتوورییەکان لە هەموو شارستانییەتەکاندا بۆ تێگەیشتن لە یاسا گشتییەکانى و گەشەکردنیان. شپنگلەر ئەم ڕێواژۆیەى بەکار هێنا بۆ بەراوردکردنى هەشت شارستانییەتى سەرەکى کە پێی وابوو هەر یەکەیان دەور و سووڕى ژیانى تایبەت بەخۆیان هەیە، لەوانە: میسرى، هیندى، چینى، بابلى، یۆنانى و ڕۆمانى و عەرەبی و ئیسلامى (١٤). لەم ڕوانگەیەوە بەراوردکاریى مۆرفۆلۆژى پێمان دەڵێت شارستانییەتەکان بەرەو داڕمان دەچن کاتێک لە قۆناغى "كولتوور"ەوە دەگوازرێنەوە بۆ قۆناغى "شارستانيیەت"، کە تێیدا داهێنان و ڕۆحى کولتوور لاواز دەبێت و تەنها تەکنیک و دیدە ماددییەکەى شارستانییەت دەمێنێتەوە. وێڕاى گرنگیى ڕامانەکەی (تیۆرییەکەى) شپنگلەر بۆ مێژوو خاڵییش نەبوو لە ڕەخنە و کەموکورتى، لەوانە نەسەلماندنى بانگەشەکانى لەڕووى زانستییەوە. بۆ نموونە، باس لە شارستانییەتى چینى و هیندى دەکات و ئاماژە بە فەلسەفەى چینى دەکات بەبێ ئەوەى پێمان بڵێت فەلسەفەى چینى چییە؟ تا ئەم چرکەساتە، چین نە خاوەنى فەلسەفەیە و نە خاوەنى کولتوورە. کۆنفیشیۆس و لاوزى و چوانگ زى فەیلەسوف نین. واتە چین خاوەنى هیچ فەیلەسوفێک نییە و هەر کەسیش باوەڕى وابێت چین و هیند و عەرەب خاوەنى فەیلەسوفن بەڕاستى شوێنى بەزەییە. ڕەخنەیەکى دیکە لە ڕامانەکەی شپنگلەر بریتییە لە حەتمییەتگەرایى مێژوویى، واتە هەموو کولتوور و شارستانییەتەکان بەناچارى دەبێت بە قۆناغ و سووڕى گەشەکردندا تێپەڕ بن و لەنێو بچن. واتە، تەواوى شارستانییەتەکان هەمان چارەنووسیان هەیە. تایبەتمەندى سەرەکى حەتمییەتگەرایى مێژوویى لاى شپنگلەربریتییە لەوەی کە شارستانییەتەکان ناتوانن خۆیان لە چارەنووسى خۆیان قوتار بکەن. واتە، پێواژۆی (پرۆسەى) گەشەکردن و داڕمانیان بەهۆى هێزە ناوەکییەکانەوە بڕیارى لەسەردراوە و حەتمییە. لەکۆتاییدا، گرنگە ئاماژە بەوە بدەین کە شپنگلەر کاریگەریى گەورەى بەسەر خۆرئاواوە جێ هێشت، لەوانە، ڕەخنەى قووڵى لە مۆدێرنیتەی گەشبین و خۆشخەیاڵى خۆرئاوا گرت و ڕایچڵەکاندن لە وەهم و غەفڵەت، هەرچەند تا هەنووکە مەترسیی جیددى و گەورە لەسەر شارستانییەتى خۆرئاوا هەیە، لەوانە ئیسلامیزم و سۆسیالیزم. فەلسەفەى مێژووى شپنگلەر وێڕاى هەموو ئەو ڕەخنانەى ڕووبەڕووى بووەوە، توانى پرسیارى قووڵ دەربارەى چۆنیەتیی گەشە و داڕمانى شارستانییەتەکان بورووژێنێت و دژایەتیى دیدى پێشکەوتنخوازى خۆرئاوایى بکات کە لەوکاتدا دیدێکى زاڵ بوو.
٤- گیاپاتێستا ڤیکۆ (١٦٦٨- ١٧٤٤):
لە دیدى ڤیکۆدا، مێژوو دابەشی سەر سێ قۆناغ دەبێت. لەوانە قۆناغى:
١- خولەکانى مێژوو: ئەم قۆناغە پێکدێت لە سەردەمى خوداوەندەکان، سەردەمى پاڵەوانەکان، سەردەمى مرۆڤەکان. ئەم قۆناغانە بە شێوەیەکى بازنەیى دووبارە دەبنەوە.
ا- لە سەردەمى خوداوەندەکاندا بیرکردنەوەکان زیاتر ئەفسانەیى بوون و مرۆڤەکان لەڕێگەى ئاین و ئەفسانەوە لە جیهان تێدەگەیشتن و باوەڕیان وابوو کە سروشت ڕاستەوخۆ لەلایەن خوداوەندەکانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە و ئەوان هۆکارى ڕووداوە سروشتییەکانن.
ب- سەردەمى پاڵەوانەکان: لەم قۆناغەدا توێژێکى ئۆرستۆکرات حوکم دەکەن کە نیمچە مرۆڤ و نیمچە خوداوەندن. لەم قۆناغەدا، مرۆڤ باوەڕى بە پاڵەوانى نیمچە خودایى هەیە، نەک خودى خوداوەندەکان. میتۆلۆژیاى قارەمان شوێنى میتۆلۆژیاى ئاین دەگرێتەوە و بنەماکانى شەرەف و هێز و شکۆ گرنگى پەیدا دەکەن. لەم قۆناغەدا، سیستەمى سیاسى و یاسایى گەشە دەکەن و شار بونیاد دەنرێت، هەرچەندە دیدى ڤیکۆ بۆ حوکمى ئۆرستۆکراتەکان نەرێییە و پێی وایە چینایەتیى بەهێز تێیدا خۆى بەیان دەکات وەک سەردەمى فیوداڵى لێی دەڕوانێت و کۆمەڵگە دابەشى سەر دوو چین دەکات، ئەوانیش کۆیلە و سەروەرن. لەم پارادایمەدا شارەکانى یۆنان و کۆمارى ڕۆم دروست دەبن و یاسا نووسراوەکان دەردەکەون. دیدى ڤیکۆ بۆ ئەم قۆناغەى مێژوو تەواو نەرێیى بوو. ئەو پێی وابوو لەم قۆناغەدا ململانێی توندى چینایەتى هەبوو، مافى هاوسەرگیرى و خاوەندارێتیى زەوى و زار تەنها بۆ ئۆرستۆکراتەکان پارێزراوە. ڤیکۆ پێی وابوو ئەم قۆناغە ناتوانێت بەردەوام بێت، چونکە ململانێی چینایەتى و نایەکسانیى توند ناسەقامگیرى دروست دەکات و ڕێگا خۆش دەکات بۆ دەرکەوتنى قۆناغى دواتر کە سەردەمى مرۆڤەکانە، کە تێیدا سیستەمێکى عەقڵانى خۆى بەیان دەکات. لەڕاستیدا، ئەم شێوازە لە بیرکردنەوە بەتوندى شوێنى ڕەخنەیە. چونکە نەمانى جیاوازى بکوژى داهێنان و دژ بە گەشەکردنى ڕەوتى مێژووە. پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە هەل و دەرفەتى یەکسان بۆ هەمووان مسۆگەر بکرێت، تا توانایی و مەهارەتە خودییەکان خۆیان بەیان بکەن. واتە بوونى جیاوازیى چینایەتى حەتمییە و هەر دەبێت هەبێت. لە یۆنانى دێریندا شار لە چەند چینێک پێکدێت، لەوانە چینى فەرمانڕەواکان کە چینى ئۆرۆستۆکراتەکانە، لەگەڵ چینى پاسەوانەکان و چینى پیشەوەرەکان، کە تەواوى ئەم چینانە بەهۆى هارمۆنیاى نێوانیانەوە ڕۆڵى بەرچاویان لە پاراستن و گەشەکردنى شاردا هەیە.
ج- سەردەمى مرۆڤەکان: لەم قۆناغەدا بیرکردنەوەى عەقڵانى باڵادەست دەبێت. مرۆڤەکان پشت بە عەقڵ دەبەستن وەک ڕێنوێنیکەر و، ئیلهامى خۆیان لە عەقڵەوە وەردەگرن بۆ بەدەستهێنانى ماف و ئازادییەکان لەڕێی یاساوە. لەم قۆناغەدا 'قانوون' وەک بەرهەمى عەقڵ ڕەواج پەیدا دەکات و شێوازى ژیان ڕێک دەخاتەوە و سیستەمى کۆمەڵایەتى لەسەر بنەماى هاونیشتمانیبوون و دادپەروەرى دادەمەزرێت و یاساکان ڕوون و گشتگیر دەبن و تەواوى هاونیشتمانیان یەکسان دەبن لەبەرانبەریدا. بیرکردنەوەى لۆژیکى و عەقڵانى باڵادەست دەبێت و دامەزراوە مەدەنى و دیموکراسییەکان گەشە دەکەن و بەرەوپێش دەچن و تەواوى هاونیشتمانیان بەشدار دەبن لە پڕۆسەى سیاسیدا. دەسەڵاتەکان بەپێی یاسا ڕێک دەخرێن و دابەش دەکرێن و هاوسەنگیى نێوانیان دەپارێزرێت.
٢- پڕۆسەى بازنەیى: لە دیدى ڤیکۆدا، لە پاش سەردەمى مرۆڤەکان بەهۆى زیادەڕەوى لە بەکارهێنانى دەسەڵاتەکان و تاکگەرایى و خۆپەرستى و بەکارهێنانى بەرژەوەندیى تاکەکەسی و لاوازبوونى ئەخلاق، کۆمەڵگە توانایى ڕێکخستنى خۆى لەدەست دەدات و گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و دەگەڕێنەوە بۆ خاڵى سەرەتا، واتە سەردەمى خوداوەندەکان. سەرلەنوێ خولێکى نوێی مێژوویى دەست پێ دەکاتەوە. لە دیدى ڤیکۆدا، سەردەمى مرۆڤەکان گرنگە، چونکە دوولایەن لەخۆ دەگرێت. لەلایەکەوە، پێی وایە عەقڵانییەت و بیرکردنەوەى لۆژیکى زۆر گرنگن و مرۆڤ لە نەفامى و دواکەوتوویى قوتار دەکەن، بەڵام لەلایەکى دیکەوە، هۆشدارى دەدات لەوەى هەر ئەو عەقڵانییەتە بەهۆى زیادەڕەویکردن تێیدا هاوسەنگى لەدەست دەدات و دەگەڕێتەوە خاڵى سەرەتا. ڤیکۆ بۆ ئەم مەبەستە چاوى لە مێژووى ڕۆما بڕیبوو؛ بینیى کە چۆن لە کۆمەڵگەیەکى سادەى ئاینییەوە گۆڕا بۆ کۆمارى قارەمان و پاڵەوانەکان و دواتر بۆ ئیمپراتۆرێکى عەقڵانى و پاشان داڕمان و لەنێوچوون. ڕوانگەى ڤیکۆ بۆ عەقڵانییەت تەواو جیاواز بوو لە فەیلەسوفەکانى ڕۆشنگەرى کە پێیان وابوو مێژوو بەردەوام ڕووەو عەقڵانییەت و پێشکەوتن هەنگاو دەنێت. واتە لە دیدى ڤیکۆدا مێژوو بازنەییە نەک هێڵى. تایبەتمەندیى ئەم ڕامانەیە (تیۆرییە) لەوەدایە کە ڤیکۆ نکوڵى لە پێشکەوتنى مرۆڤایەتى ناکات، بەڵام پێی وایە ئەم پێشکەوتنە بازنەییە و لەنێو خولێکى گەورەتردا ڕوو دەدات.
لە دیدى ڤیکۆدا، مرۆڤ دەتوانێت بەدروستى لەو شتانە تێبگات کە دروستکراوى خودى خۆین لەچەشنى کۆمەڵگە و قانوونو کولتوور (١٥). واتە مێژوو زیاتر قابیلى زانین و تێگەیشتنە تا سروشت، چونکە مێژوو خوڵقێنەرەکەى خودى مرۆڤە بەڵام سروشت خوداکردە. ئەمە پێچەوانەى دیدى دیکارتە کە پێی وابوو سروشتناسی بنەماى هەموو زانستێکە. لە دیدى ڤیکۆدا، هەر قۆناغێک لە مێژووى شارستانییەت هەڵگرى تۆوى فەنابوونە لە خۆیدا، واتە شارستانییەت لەدایک دەبێت، گەشە دەکات و دواتر فەنا دەبێت (١٦). ئەمەش سووڕى خولییە کە دواتر لاى ژمارەیەک لە فەیلەسوفانى مێژوو هەڵدەگیرێتەوە و تەبەننى دەکرێت، لەچەشنى هێردەر و شپنگلەر. ڤیکۆ ڕاى وابوو کە خەیاڵ لە قۆناغەکانى بەرایی مرۆڤایەتیدا پانتاییەکى زۆرى داگیر کردبوو بۆ لێکدانەوە و ڕاڤەى جیهان، هەربۆیە پەناى بەر ئەفسانە و میتۆلۆژیا بردبوو؛ لەو ڕێیەوە لە جیهان تێدەگەیشت و ڕاڤەى ڕووداوەکانى دەکرد. ئەفسانە ڕۆڵى بونیادیى هەبوو لە شارستانییەتە دێرینەکاندا، لەچەشنى یۆنانى دێرین کە ئەفسانە لەپاڵ فەلسەفە و زانست و مێژوو و شانۆدا، تانوپۆى شارستانییەتەکەى چنیبوو. واتە هەر شارستانییەتێک بۆ تێگەیشتن لە جیهان سیستەمى میتافۆڕیى خۆى دادەمەزرێنێت.
ڕێواژۆناسیی (میتۆدۆلۆژیی) ڤیکۆ: ڤیکۆ سێ سەرچاوەى گرنگى بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژوو دیاریى کرد، واتە، زمان و ئەفسانە و ئەدەب.
١- زمان: ڤیکۆ پێی وابوو ئەتیمۆلۆژیا (ڕەچەڵەکناسیی وشەکان) کلیلى تێگەیشتنە لە بیرکردنەوەى جڤاک و کۆمەڵگەکانى پێشوو. ئەو پێی وابوو ڕەچەڵەکى وشەکان مێژوو و بیرکردنەوەى مرۆڤایەتى لەخۆ دەگرن. لەڕێگەى ئەم چەشنە لێکۆڵینەوەیەوە هەوڵی دا لەوە تێبگات کە چۆن چەمکەکان گەشەیان کردووە. ئەو تەنانەت گۆڕانکارییەکان لە دەربڕین و ڕێزمانى زمانیش، وەک ئاماژەى گۆڕانکاریى کۆمەڵایەتى دەبینێت. لێکۆڵینەوە لە زمان ڕێگەیەکە بۆ تێگەیشتن لە بیرکردنەوەى نەتەوە دێرین و کۆنەکان.
٢- لێکدانەوەى ئەفسانەکان: ڤیکۆ پێی وابوو ئەفسانەکان ڕستێک چیرۆکى خەیاڵی نین بەڵکوو ڕاستیى مێژوویى لەخۆ دەگرن. بۆ نموونە، ئەفسانەى ئیلیادە و ئۆدیسەى هۆمیرۆس، کە ڕەمزى دلێرى و جوامێریى مرۆى قارەمان بوون لەو ئانەدا. ڤیکۆ پێی وابوو ئەفسانەکان چیرۆکە ڕاستەقینەکانى ژیان بوون کە لەڕێگەى خەیاڵەوە گوزارشتیان لێکراوە.
٣- ئەدەب و هۆنراوە: لە دیدى ڤیکۆدا، ئەدەب و هۆنراوە ڕۆڵى بەرچاویان بۆ ناسین و تێگەیشتنى کولتوورەکانى پێشتر هەبوو. واتە بۆئەوەى لە کولتوورێک تێبگەین پێویستە بەدروستى ئاشناى زمان و ئەدەبەکەى بین(١٧). گرنگترین خاڵ لە ڕێواژۆناسیی ڤیکۆدا بریتی بوو لەوەى ڕێواژۆى (میتۆدی) بەدیلى پێشنیارکرد بەدەر لە ڕێواژۆى زانستە سروشتییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژوو.
کرۆکى بیرۆکەکانى ڤیکۆ لە کتێبی زانستى نوێدا لەسەر چەند بنەمایەکى گرنگ دامەزراوە، لەوانە:
١- تێگەیشتنى مێژوو وەک دیاردەیەکى مرۆیی: بنەڕەتیترین بنەماى فەلسەفەى مێژووی ڤیکۆ بریتییە لە بنەماى "ڕاستى ئەوەیە کە دروست کراوە". بەپێی ئەم بنەمایە، ئێمە تەنها دەتوانین لەو شتانە بەتەواوەتى تێبگەین کە خۆمان دروستمان کردوون. بەم پێیە مرۆڤ دەتوانێت بەقووڵى لە مێژوو تێبگات، چونکە مێژوو بەرهەمى کرداری مرۆییە، بەڵام ناتوانرێت بەهەمان ئەنداز لە سروشت تێبگات، چونکە خوداکردە. ئەم بۆچوونە ڕەخنەیەکى توند بوو لە عەقڵانییەکان کە پێیان وابوو دەتوانن بە عەقڵى ڕووت لە هەمووشتێک تێبگەن. ڤیکۆ پێی وابوو مێژوو بە شێوەیەکى تایبەت بۆ تێگەیشتنى مرۆیی کراوەیە، چونکە ئێمە ئەوەین کە مێژوومان دروست کردووە. لەم بەشەى کتێبەکەیدا، ڤیکۆ باس لە ڕامانەی (تیۆریی) مەعریفە دەکات و جەخت لە چۆنیەتیی تێگەیشتنى مرۆڤ دەکاتەوە لە جیهان، مرۆڤى سەرەتایی لەڕێگەى هەستەکانییەوە دەرکى جیهانى کردووە، پاشان لەڕێگەى خەیاڵ و ئەفسانەوە هەوڵى داوە مانا بۆ دیاردەکان بدۆزێتەوە و لێکدانەوەیان بۆ بکات؛ دواجار لە قۆناغى مرۆییدا، عەقڵى گەشەى کردووە و ڕووداو و دیاردەکانى ڕاڤە کردووە. ڤیکۆ باس لە خەسڵەتێکى سەرەکیى زەینى مرۆڤ دەکات کە بریتییە لە مەیلى بەخشینى سروشتى خۆى بە شتەکانى دەرەوە. ئەمە بۆ ئەوەیە کە کاتێک ناتوانێت هۆکارى شتێک بزانێت، ئەم شتە لە چوارچێوەى تێگەیشتنى خۆیدا ڕادەگرێت. ئەمەش بنەما و هۆکارى سەرهەڵدانى ئەفسانەکانە. لە دیدى ڤیکۆدا، ئەفسانەکان تەنها چیرۆکێکى هەڵبەستراو نین، بەڵکوو ڕێگەیەکى سەرەکین کە نەتەوە دێرینەکان لەڕێگەیانەوە مێژووى خۆیان تۆمار کردووە. لە گۆشەنیگای ئەوەوە، ئەفسانەکان "وێناکردنى شیعری" بوون بۆ ڕووداوە مێژووییەکان.
ڤیکۆ بەگرنگییەوە لە ئاین وەک ڕامانە (تیۆری) دەڕوانێت و ئاماژە بە سەرهەڵدانى ئاین دەکات و پێی وایە ئاین لە ترسی هێزە نەناسراوەکانەوە سەرى هەڵداوە. ترس یەکەمین خوداوەندەکانى دروست کرد؛ مرۆڤى سەرەتایى دیاردە سروشتییەکانى لەچەشنى بورکان و بوومەلەرزەى بە دەرکەوتنى هێزى خودایی زانیوە، هەربۆیە پەناى بەر میتۆلۆژیا بردووە.
٢- پێشەنگیدانى ڤیکۆ بە مێژووى کولتووری: ڤیکۆ پێی وابوو کولتوور و دامەزراوەکان بەرئەنجامى پێویستییە مرۆییەکانن، نەک پلانى پێشوەختە. ئەو جەختى لەوە کردەوە کە بۆ تێگەیشتن لە مێژوو، دەبێت زمان و ئەفسانەکان شی بکەینەوە و لە ترادسیۆن و دابونەریتەکان تێبگەین و ڕاڤە و لێکدانەوە بۆ هونەر و ئەدەب بکەین و یاسا و دامەزراوەکان شرۆڤە بکەین.
٣- لۆژیکى شیعرى: ڤیکۆ چەمکى "لۆژیکى شیعریی" داهێنا کە پێی وابوو مرۆڤ سەرەتا لەڕێگەى خەیاڵ و هونەرەوە بیرى کردۆتەوە، نەک بە عەقڵى ڕووت. ئەو جەختى لەوە کردەوە کە زانینى شیعرى بەر لە زانینى عەقڵى دێت و ئەفسانەکان ڕێگەیەکن بۆ ڕێکخستنى ئەزموونى مرۆیی. لە دیدى ئەودا، بیرى مرۆڤ بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت: هەستکردن، خەیاڵکردن، عەقڵاندن. هەر قۆناغێکى مێژوویى جۆرێکى تایبەت لە بیرکردنەوە و زمان بەرهەم دەهێنێت.
٤- تێگەیشتنى ڤیکۆ لە پێواژۆی (پڕۆسەی) مێژوویی: ڤیکۆ باوەڕى بە جۆرێک لە بنەماى ڕێکخەریى مێژویی هەبوو بەڵام نەک وەک ئیرادەیەکى ئیلاهیی ڕاستەوخۆ، بەڵکوو وەک یاسا و بنەمایەک کە مێژوو ڕووەو ئاراستەیەکى دیاریکراو دەبات. مرۆڤەکان ویستى تایبەتیان هەیە بەڵام ئەنجامى کردارەکانیان بابەتێکى دیکەیە و کۆى کردارە مرۆییەکان بە شێوەیەکى نەزانراو لەلایەن کاراکتەرەکانەوە، پڕۆسەیەکى گەشەسەندنى کۆمەڵایەتى دروست دەکات، کە خەباتى چینایەتى و ناکۆکیە کۆمەڵایەتییەکان بزوێنەرى گۆڕانى مێژوویین.
٥- بینێدێتۆ کرۆچە (١٨٦٦ – ١٩٥٢):
کرۆچە یەکێک لە فەیلەسوفە خاوەن دیدەکانە بۆ فەلسەفەى مێژوو. لە دیدى کرۆچەوە، مێژوو هونەرە. ئەو پێی وابوو مێژوو جۆرێکە لە هونەر، نەک زانست. دەیگوت مێژوو "هونەرى تایبەتە" چونکە پەیوەندیدارە بە ڕووداوە ڕاستەقینەکانەوە. لە دیدى کرۆچەدا، هەموو مێژوو "مێژووى هاوچەرخە"، چونکە هەمیشە لە چوارچێوەى بیرکردنەوەى ئانی و هەنووکەییدا دەنووسرێتەوە و وابەستەیە بە بیرکردنەوەى نووسەرەوە. ئەو دژ بە پۆزەتیڤیزمى مێژوویی بوو و پێی وابوو مێژوو تەنها کۆکردنەوەى داتا و زانیارى نییە و باوەڕەى بە یاساى مێژوویى نەبوو کە بیرۆکەى هێگڵ و مارکس بوو. ئەو پێی وابوو نابێت مێژوو بەشێوەیەکى میکانیکى لێکبدرێتەوە و ڕاڤە بکرێت. لای ئەو مێژوو بریتییە لە گێڕانەوەى ئازادى بۆ مرۆڤ و گەشەکردنى ڕۆح و جەختى لە پەیوەندیى نێوان ڕۆح و ئازادى دەکردەوە. لە دیدى ئەودا، مێژوو بریتییە لە پەرەسەندنى ڕۆحى مرۆڤایەتى لەڕێگەى ئازادییەوە. لەم بابەتەشدا لەژێر کاریگەریى هێگڵدا بوو، هەرچەندە تێگەیشتنى ئەو بۆ پەرەسەندنى ڕۆح جیاواز بوو. کرۆچە پیى وابوو ڕۆح لەڕێگەى چالاکیى داهێنەرانە و ئازادانەى مرۆڤەوە گەشە دەکات. ئەو جەبرگەرایی مێژوویی ڕەت دەکردەوە و بەتوندى دژ بە هەر جۆرە جەبرگەراییەک بوو لە مێژوودا. کرۆچە دژ بە ڕامانەکانی (تیۆرییەکانى) مارکسیزم بوو و بەتوندى ڕەتى دەکردنەوە کە پێیان وابوو مێژوو ڕووەو ئامانجێکى دیارکراو دەڕوات. بەلاى کرۆچەوە، مێژوو کراوەیە و بەردەوام لەڕێگەى بڕیار و کردارى ئازادانەى مرۆڤەوە دروست دەبێت و گەشە دەکات.
ڕۆڵى تاک لە فەلسەفەى مێژوویى کرۆچەدا
کرۆچە گرنگییەکى تایبەت و لەڕادەبەرى دەدا بە ڕۆڵى تاک لە مێژوودا. ئەو پێی وابوو مێژوو لەڕێگەى کردارى ئازادانەى کاراکتەرەکانەوە دروست دەبێت، نەک هێزە بێکەسایەتییەکان. ئەمەش پێچەوانەى دید و بۆچوونەکانى مارکس و پۆزەتیڤیزمى مێژوویى بوو. کرۆچە پێی وابوو مێژوو بریتییە لە گەشەکردنى خۆئاگایى مرۆڤایەتى. واتە هەرکاتێک مرۆڤ لە ئازادیى خۆى تێدەگات و بەکاری دێنێت، خودئاگایى زیاتر دەبێت. لە دیدى ئەودا، مێژوو پێواژۆیەکی (پڕۆسەیەکى) بەردەوامى گەشەکردنى خودئاگایى مرۆڤایەتییە. هەر قۆناغێکى مێژوویی قۆناغێکى نوێی تێگەیشتنى مرۆڤە لە خودى خۆى و لە جیهان. کرۆچە پێى وابوو لەڕێگەى خوێندنەوە و نووسینى مێژووەوە، مرۆ پتر لە خۆى و تواناییە ڕاستەقینەکانى تێدەگات. خوێندنەوەى مێژوو لاى کرۆچە بە ماناى گفتوگۆ لەگەڵ ڕابردوو و تێگەیشتن لە ئەزموونى مرۆیى بوو. لە دیدى ئەودا، مێژوونووس ڕۆڵێکى بەرچاو و چالاکى هەیە لە دروستکردنى خودئاگایى مێژووییدا. مێژوونووس تەنها ڕووداوەکان تۆمار ناکات، بەڵکوو لەڕێگەى داهێنان و تێگەیشتنى قووڵەوە ڕابردوو دەهێنێتە نێو هۆشیاریى زەینەوە لە ئێستادا. لاى کرۆچە خودئاگایی مێژوویی وابەستە و پەیوەندیدارە بە یەکێتیی نێوان ڕامانە (تیۆری) و کردەوە (پڕاکتیکەوە). واتە تێگەیشتن لە مێژوو تەنها بابەت و مەسەلەى ڕامانە (تیۆری) نییە، بەڵکوو کاریگەریى لەسەر کردارى ئانى و هەنووکەیی مرۆڤیش هەیە.
پەیوەندیى نێوان عەقڵ و مێژوو
عەقڵ وەک سەرچاوەى مێژوو: کرۆچە پێی وابوو عەقڵى مرۆڤ بەتەنها سەرچاوەى مێژووە. لە دیدى ئەودا، مێژوو بەرهەمى کردارى عەقڵە، نەک کۆمەڵێک ڕووداوى دەرەکى. ئەو چالاکییەى کە مێژوو دروست دەکات، بیرکردنەوەى مرۆڤە. لە دیدى کرۆچەدا، عەقڵ تەنها ئامرازێکى مەعریفى نییە بەڵکوو چالاکییەکى داهێنەرانەى مرۆڤیشە. ئەو عەقڵى دابەشی چوار ئاست و چالاکیى سەرەکى دەکرد:
١- چالاکیى جوانیناسى: (ئێستاتیکا) خەیاڵ.
٢- چالاکیى تێگەیشتن و دەرککردن: لۆژیکى.
٣- چالاکیى ئابوورى: سوودمەندى.
٤- چالاکیى ئەخلاقى: بەها ئەخلاقییەکان.
لاى کرۆچە مێژوو زیاتر وابەستە و پەیوەندیدارە بە چالاکیى لۆژیکییەوە لە بابەتى مێژوو وەک خودناسیی عەقڵ. کرۆچە کاریگەر بوو بە هێگڵ، لەو دیدەوەى کە پێی وابوو مێژوو پڕۆسەى خودناسیی عەقڵە. بەڵام جیاواز لە هێگڵ، کرۆچە پێی وابوو ئەم پێواژۆیە (پڕۆسەیە) کراوەیە و پێشتر دیاریکراو نییە. لاى کرۆچە، عەقڵ لەڕێگەى مێژووەوە لەخۆى تێدەگات. لە دیدى ئەودا، عەقڵ داهێنەرى مێژووە و تەنها لە ڕووداوەکانى ڕابردوو ناکۆڵێتەوە، بەڵکوو بە شێوەیەکى چالاک مێژوو دەخوڵقێنێت، بەو مانایەى کە لەڕێگەى تێگەیشتنەوە ڕابردوو دەکات بە بابەتێکى مانادار. لە دیدى کرۆچەدا، عەقڵ و مێژوو دوو ڕووى یەک دراون. مێژوو بریتییە لە چالاکیى عەقڵ و، عەقڵیش بریتییە لە چالاکیى مێژوویی. ئەم یەکانگیرییەى نێوان عەقڵ و مێژوو کرۆچە دەکات بە نوێنەرى ئایدیالیزمى مێژوویی. لە دیدى کرۆچەدا، عەقڵ بە جەوهەر ئازادە، چونکە بیرکردنەوە چالاکییەکى ئازادە. لە دیدى ئەودا، عەقڵ لەڕێگەى ئازادییەوە لە مێژوودا چالاک دەبێت و مێژووش پێواژۆی (پڕۆسەى) پەرەسەندنى ئازادییە(١٨). هەرچەندە کرۆچە ڕۆڵى کاراکتەر لە مێژوودا بەرز ڕادەگرێت لە بەشداریى پڕۆسەى مێژوودا، هەر تاکێک لەڕێگەى بیرکردنەوەى خودییەوە بەشدارى لە پیواژۆی گشتیى مێژوودا دەکات، بەڵام هاوکات بیری تاکەکەسی وابەستەیە بە کۆنتێکستى کولتوورى و مێژووییەوە.
گرنگیى بیری ڕەخنەگرانە لە دیدى کرۆچەدا
کرۆچە ڕای وابوو عەقڵ لەڕێگەى ڕەخنەوە بەرەو پێش دەچێت. لە دیدى ئەوەوە، مێژوونووس دەبێت بە شێوازێکى ڕەخنەگرانە لە ڕابردوو بڕوانێی و لێی بکۆڵێتەوە. ئەم ڕەخنەیە خۆى بەشێکە لە پێواژۆی (پڕۆسەى) گەشەکردن و پەرەسەندنى عەقڵ؛ ئەم تێگەیشتنە جەخت لەسەر ڕۆڵى چالاکى مێژوونووس و پەیوەندیى مێژوو بە پرسیارە جەوهەرى و قووڵەکان دەکاتەوە و ڕێگە بۆ ڕاڤە و تێگەیشتنى قووڵتر لە ڕابردوو دەخوڵقێنێت، لەچەشنى گومانکردن و دانانى نیشانەى پرسیار لەسەر گێڕانەوەى ڕووداوە مێژووییەکان و تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی بەڵگە و ئیستدلالەکان لەڕووى لۆژیکییەوە. لەم سۆنگەیەوە کرۆچە ڕەخنەى لە چەمکى عەقڵى جیهانى دەگرت لاى هێگڵ. لە دیدى کرۆچەدا، عەقڵ بابەتێکى دەرەکى نییە کە لە دەرەوەى مرۆڤ بوونى هەبێت، بەڵکوو بریتییە لە چالاکیى مرۆڤەکان لەنێو مێژوودا.
پەیوەندیى نێوان کولتوور و ئازادى لە دیدى کرۆچەدا
کرۆچە ڕاى وابوو کولتوور و هونەر دەربڕی ئازادیى مرۆڤن، هەربۆیە لە نووسینەکانیدا گرنگییەکى بێهاوتاى دەدا بە پەیوەندیى نێوان پەرەسەندنى کولتوور و ئازادیى سیاسى. ئەو پێی وابوو تەنها لە کۆمەڵگەى ئازاددا کولتوور و هونەر دەتوانن بەدروستى گەشە بکەن. ئەم تێگەیشتنە بۆ مێژوو کاریگەریى جەوهەریى هەبوو لەسەر دیدى سیاسیی کرۆچە. ئەو لە بەراییدا پشتگیریی لە مۆسۆلۆنى و فاشیزمی ئیتاڵى دەکرد، بەڵام دواتر بوو بە یەکێک لە گەورەترین ڕەخنەگرانى فاشیزم. کرۆچە پێی وابوو فاشیزم بەتوندى دژ بە ئازادییە و دابڕانە لە مێژووى مەدەنى. ئەو ڕۆڵى بەرچاوى هەبوو لە گەشەسەندنى سیستەمى دیموکراسی لە ئیتاڵیادا؛ فەترەیەکى زەمەنى ڕێبەرایەتیى پارتى لیبڕاڵى ئیتاڵیای کرد و دژ بە فاشیزم جەنگا و داکۆکیى لە ئازادیى بەیان و بیر و ڕا دەکرد. ئەو پێی وابوو ئازادیى سیاسی بۆ گەشەکردنى کەسایەتى و کولتوور پێویستە. فەلسەفەکەى کرۆچە کاریگەریى لەسەر نەوەیەک لە سیاسەتمەدارانى ئیتاڵیا دانا، کە دواى جەنگى دووەمى جیهانى دەوڵەتى دیموکراتى ئیتاڵیایان بینا کرد و دەستوورى کۆمارى ئیتاڵیایان نووسییەوە.
مێژوو وەک بیر لاى کرۆچە
کرۆچە ڕاى وابوو هەموو مێژوو مێژووى هاوچەرخە، چونکە مێژوو لە چوارچێوەی بیرکردنەوەى ئێستا و هەنووکەدا دەنووسرێتەوە و تێی دەگەین. مێژووى ڕابردوو بەکردەوە بەرهەمى هۆشیاریى ئێستایە؛ ئەم دیدە لە فەلسەفەى ئایدیالیزمى کرۆچەوە سەرچاوە دەگرێت. لە دیدى ئەودا، واقیع بەبنەڕەتی بریتییە لە بیر و هۆشیاریى. واتە مێژوو وەک بەشێک لە واقیع، بریتییە لە کردارى بیرکردنەوە، نەک تەنها کۆمەڵێک ڕووداوى دەرەکى. هەڵبەتە دیدى کرۆچە بۆ مێژوو بێخەوش و بەدەر لە ڕەخنە نییە. مەرج نییە ئێمە کە ئێستاکە مێژوو دەخوێنینەوە هەرچى دید و جیهانبینیى خۆمانە لە مێژووى بار بکەین بەدەر لە گەڕانەوە بۆ بەستێنە کولتوورى و مێژووییەکە؛ بۆ خویندنەوەى ڕووداوەکانى مێژوو پێویستە بەر لە هەر شتیک ڕووداوەکان لە نێو کۆنتیکستە مێژووییەکاندا بخوێنینەوە و لێى تێبگەین.
فەلسەفەى ڕۆح لە دیدى کرۆچەدا
فەلسەفەی ڕۆح بەپێی سروشتێکی جووڵاو و داینامیکی پێکدێت کە هاوکێشەی ڕەوتی مێژووە، بەڵام نەک هەموو مێژوویەک بەڵکوو مێژووی واقیعی داینامیکی. کرۆچە لێرەدا دەرچەیەکی بۆ واڵا کردووین کە مێژوو ڕۆڵی خۆی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا دەگێڕێت، کە بریتییە لە شیکردنەوە و وەسفکردنی داینامیکییەتی فەلسەفەکەی، واتە فەلسەفەی ڕۆح. شایەنی باسە کە مەبەستی ئەو لە "ڕۆح" لێرەدا ئەو پلانە باڵایە نییە کە دەسەڵاتی خۆی لە دوورەوە بەسەر واقیعدا دەسەپێنێت، بەڵکوو ڕۆح لەواقیعدا بەرجەستە بووە کە جیهانی چالاکی و زیندەیی پێکدەهێنێت. چالاکی و زیندەیی بەشێکن لە پێکهاتەکانی کە بریتین لە چوار بابەت: هونەر، لۆژیک، ئابووری، ئەخلاق. ئەمانە شێوەی وەستاو نین بەڵکوو لە داینامیکیەتی بەردەوام و چالاکیی بێوچاندان، چونکە پەیوەندیدارن بە تاکی مرۆڤ و واقیعی بەردەوام نوێبووەوە. جیاوازییەکان لە کارایی بێوچان و چالاکیی بێماندووبوون بەردەوامن. بۆ جیاکردنەوەی ئەم شێوازە لە شێوازەکانی دیکەی فەیلەسوفان ناوی "جیاوازییەکان"ی لێ ناون تاکوو جیاوازیی بنەڕەتییان لە دیالیکتیکەکانی هێگڵ و بەهاکانی ئەفڵاتوون (ڕاستی، چاکە، فەزیلەت، جوانی) ڕوون بکاتەوە. کرۆچە لەم جیاوازییانەدا ئاستی باڵا و نەوی دانانێت، بەڵکوو هەموویان لەیەک ئاستدا دەبینێت.
دیدی کرۆچە دەربارەی فەلسەفەی مێژوو لەسەر شرۆڤەیەکی نوێ دامەزراوە کە باس لە چەمکی ڕۆح و واقیع دەکات. کرۆچە باس لە یەکێتی (وحدة) دەکات کە لەگەڵ دژایەتییەکان ناگونجێت. ئەو پێی وایە جیاوازییەکان باشترین پەسنن بۆ ئەم یەکێتییە کە یەکێتیی جیهانە. جیاوازییەکان بەپێچەوانەی دژایەتییەکان، لەگەڵ یەکێتیدا دەگونجێن(١٩). ئەم ساتانە بێجووڵە نین بەڵکوو چالاک و بەکارن بۆ بونیادنانی واقیعی مرۆیی ڕاستەقینە. کردار سیفەتی مرۆڤە و لێرەدا گرنگیی ڕۆڵی مرۆڤ لە دروستکردنی واقیعدا دەردەکەوێت. گەر مرۆڤ نەبێت، واقیع یاخود ڕۆح شکڵ ناگرێت. بۆ واقیع و ڕۆح چوار چالاکیی شکڵدەر هەیە کە دابەش دەبن بۆ بەشەکی و گشتی، بەپێی دوو چالاکی: ڕامانەیی (تیۆری) و کردەیی (پراکتیکی). چالاکیی ڕامانەیی (تیۆریک) هونەر لەخۆ دەگرێت وەک بەشەکی و لۆژیک وەک هەمەکی. چالاکیی کردەیی (پراکتیکی) ئابووری لەخۆ دەگرێت وەک هەندەکی و ئەخلاق وەک هەمەکی. بەم شێوەیە، کرۆچە وینەیەکی بازنەیی دەخاتە ڕوو بۆ پەسندانی واقیعی ڕۆح. ئەم بازنەیە فەلسەفەیەکی خولی بۆ مێژوو پێشنیار دەکات و هەوڵ دەدات ڕوونی بکاتەوە کە مێژوو دووبارە نابێتەوە بەڵکوو داینامیکی و نوێبووەوەیە، بەتایبەت کە جەختی لەسەر گرنگیی واقیعی ئێستایە، واتە یەکێتیی واقیعی کە لێک دانابڕێن و بەردەوام نوێ دەبنەوە. یەکێتیی واقیعی کاتێک دروست دەبێت کە کرۆچە ئاماژە بە واقیع دەکات، کە لە ماددە و شکڵ پێکهاتووە. هەندەکی ماددەیە و هەمەکی شکڵە. ماددە ناوەڕوکی شکڵە، و ئەگەر شکڵ بێناوەڕۆک بێت، ئەوا دەبێتە شتێکی دابڕاو و دوور لە واقیع. لێرەدا پەیوەندیی نێوان مێژوو و فەلسەفە دەبێتە بنەڕەت لە فەلسەفەکەی کرۆچەدا، چونکە مێژوو نوێنەرایەتیی واقیع دەکات، واتە 'بەشەکی'ی فەلسەفە نوێنەرایەتیی هەمەکی دەکات. بۆ تێگەیشتن لە فەلسەفەی کرۆچە پێویستە بە شێوەیەکی ڕوونتر کارلێکی نێوان هەندەکی و هەمەکی لە ساتەکانی ڕۆحدا ڕوون بکەینەوە و ئاماژە بەو یەکێتییە بدەین.
لەبنەڕەتدا، هونەر شێوەی یەکەمی ڕۆحە و شێوەکانی دیکە لاوەکی نین، بەڵکوو بە شێوەیەکی لۆژیکی لە زەروورەتی بازنەییبوونن، بەبێ ئەوەی بەدوای بەرزی یاخود نزمیدا بگەڕێن. ساتەکان لەسەر یەکدی بەندن جگە لە هونەر کە پشت بە هیچ شتێکی دیکە نابەستێت. ئەمەش بەو مانایە نییە کە هونەر سەربەخۆیە، چونکە هونەر لە کۆی لایەنەکانی ژیاندا ڕەگی داکوتاوە کە لە سێ شێوەکەی دیکەدا خۆیان بەیان دەکەن. ئەم شێوانە بە شێوەی بازنەیەک دەڕۆن کە نە سەرەتایان هەیە و نە کۆتایی، بەردەوام لە سووڕانەوەدان تاکوو وێنەی مێژوو دەرخەن، ئەوەش ئەو خاڵەیە تێیدا چنینی مێژوو ڕوو دەدات. بۆ تێگەیشتن لە فەلسەفەکەی کرۆچە و بۆ ئاگاداربوون لە چنینی مێژووی ڕۆح بە شێوەیەکی قووڵتر، دەبێت شیکردنەوەیەکی سادە پێشکەش بکەین بۆ دوو چالاکیی ڕۆح: ڕامانەیی (تیۆری) و کردەیی (پراکتیکی) کە بەهۆیانەوە مێژوو دروست دەبێت.
چالاکییەکانی ڕۆح
یەکەم: چالاکیی ڕامانەیی (تیۆریک) کە پەیوەستە بە هونەری جوانیناسی (ئێستاتیکا) و لۆژیک. لەم چالاکییەدا دەستپێکی بازنەی ڕۆح لەگەڵ هونەردا دەبینین، بەڵام کرۆچە زوو هەوڵ دەدات ئەم سەرەتایە بە پاساوی نەگونجان لەناو ببات بۆ ئەوەی یەکێتیی بازنەیی بێسەرەتا و بێکۆتایی بسەپێنێت. سەرەڕای ئەمە، هونەر یەکەم شێوەی ڕۆحە، چونکە هەستی ناوەکی و هەستی سروشتی پەیوەستن بە ڕاستییە تاکەکەسییە نوێیەکانەوە کە هەمیشە دەبێت لە شێوەی دووەم - لۆژیک- جیا بکرێتەوە، کە پەیوەستە بە عەقڵەوە و کەرەستەکەی لە هەستی ناوەکییەوە (ساتی یەکەم) وەردەگرێت کە کۆتاییان نییە. کرۆچە لێرەدا دووخاڵ دەخاتە ڕوو.
یەکەم: پشتبەستنی چەمکەکان بە هەستی ناوەکی، چونکە بەبێ هەستی ناوەکی چەمکە لۆژیکییەکان بێناوەڕۆک دەبن، کەواتە چەمکەکان بە هەستی ناوەکی بەهێز دەبن.
دووەم: هونەر وەک یەکەم شێوەی ڕۆح، بەو مانایەی کە لە خاڵی پێشوودا تێگەیشتین، دەبێتە ساتێکی سەربەخۆ کە پشت بە شتەکانی دیکە نابەستێت. لێرەدا دەتوانین دوو ئەرکی چالاکیی ڕامانەیی (تیۆریک) جیا بکەینەوە، کە شێوەکانی دیکە پشتی پێ دەبەستن، بەڵام فۆڕمەکانى دیکەش وابەستەى ئەوەن.
هونەر دەمانخاتە ناو سنووری تاکایەتیی بێکۆتاییەوە و لۆژیک (زانستی چەمکەکان) نەک تەنها ئەمە، بەڵکوو چەمکەکانمان پێ دەبەخشێت لە ڕێژەی سنوورە بێکۆتاییەکان. ئەمە ئەرکێکی پێکهاتەییە - واتە لۆژیک - بنەما وا داڕێژراوە کە پەیوەندیی نێوان شتەکان دەرک بکات، واتە لەنێوان سنوورەکان و، بەم شێوەیە ئەم دوو چرکەساتە سەربەخۆیە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن بۆ پێکهێنانی بەشێکی گرنگ لە واقیع، کە لەوێدا پێکهێنانی وێنەی مێژوو دەخوازین.
لۆژیک پشت بە هونەر دەبەستێت - واتە چرکەساتی یەکەم - سەربەخۆ نییە و پشت بە خۆی نابەستێت، بەڵکوو بڕیارە بۆ سنوور. لۆژیک تایبەتە بە گشتییەکان لەبەرانبەر هونەر کە تایبەتە بە تاکەکان. ئەمەش ئەگەر شتێک بگەیەنێت مەبەستی ئەوەیە کە سیفەتی گشتی تایبەت بە لۆژیک جێبەجێ دەبێت بەوەی کە پێی دەگوترێت 'بڕیار'، کە کۆکەرەوەی نێوان تاک و گشتە. لەوانەیە ئەمە ئامانجی کرۆچە بێت لەبنەڕەتدا، چونکە گرنگیی گەیشتن بە یەک بابەتی لۆژیکی دەسەلمێنێت کە بەسەر هەموو شتێکدا جێبەجێ دەبێت، کە بابەتی گشتی- تاکایەتییە، بە واتای ئەوەی کە ئەو، سیفەتی دیاریکراوی داوەتە پاڵ سیفەتی گشتی، بۆیە ئەگەر بابەتی لۆژیکی تاکایەتی لەخۆ بگرێت، ئاسان دەبێت بۆ سەلماندنی واقیع لە بیرکردنەوەدا. لەوانەیە لەمەدا چارەسەرێک بۆ کێشەی مێژوویی هەبێت، چونکە لۆژیک کە پەیوەندیی نێوان سنوورەکان دەرک دەکات، نەیدەتوانی ئەم پەیوەندییانە دەرک بکات گەر بوونیان نەبوایە، لەو بڕوایەوە کە ڕاستیی تاکەکەسی بابەتی زانینی عەقڵییە، واتە لۆژیک.
بەم شێوەیە کرۆچە شانازی بەوەوە کرد کە شتێکی هێناوە کە ئەرستۆ نەیهێناوە دەربارەی چەمک. کاتێک چەمک لای ئەرستۆ چەمکێکی ڕووت یان گشتی بوو، ئەو (واتە کرۆچە) لەگەڵ خۆیدا بیرکردنەوەی گەیاندە قۆناغی گشتی، چونکە سیفەتی گشتی ڕێگر نییە لەوەی لە هەموو سنوورێکدا بوونی هەبێت و، ئەمەش ئەوەیە کە تاقیکردنەوەکانی ئەرستۆی تێپەڕاند ڕووە و واقیعی دیاریکراو. بەم شێوەیە چەمک بووە دەربڕینی ڕاستی، دەربڕینی واقیع، دەربڕینی جیهان، دەربڕینی مێژووی جیهان. بەم شێوەیە گەیشتین بە دەروازەیەکی سەرەکیی سەبارەت بە هەڵوێستی ئەو لە فەلسەفەی مێژوو. ئاخاوتن لەسەر لۆژیک وێنەیەکمان لە فەلسەفە دەداتێت. بۆیە گەر کرۆچە سەرسام بێت بە بابەتی گشتی- تاکایەتی بەجۆرێک کە وەک بابەتی ڕاستەقینە دایناوە، ئەوا لەو کاتەدا لامان دەبێت.
ئامادەکردنی بۆ فەلسەفەی مێژوو ئامادەیە. لەلایەکەوە، لۆژیک بنەمای فەلسەفەیە، واتە ئەوەی کە ئێمە تێیدا دەژین، ئەگەر نەڵێین ئەوە فەلسەفەیە کە وامان لێدەکات بگەینە ئەو بەرئەنجامەی کە فەلسەفە بریتییە لە تێگەیشتن لە بوون و ڕاستی (حەقیقەت). لەلایەکەوە، کرۆچە وا دەکات کە مێژوو ڕاستی بێت، بەوەی کە مەبەستی بیرکردنەوەیە لە ڕاستییەکەیدا کە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو وەک هەمیشە ئامادە دەبێت و، لەلایەکی ترەوە، تایبەتە بە ڕووداوی تاک یاخود هەندەکى، بەو پێیە کە لایەنی یەکەم - واتە بەشی - لە بابەتی یەکگرتوودا بریتییە لە هەڵگری ئەوەی کە گشتییە کە فەلسەفەیە. بەم شێوەیە، یەکگرتنی نێوان مێژوو و فەلسەفە شێوەی پێگەی کرۆچەی پێکهێنا، کە تێیدا فەلسەفە بەشێکی جیانەکراوەیە لە بیرکردنەوەی مێژوویی خۆی. ئەمە مانای ئەوەیە کە بابەتی هەندەکى لە مێژوودا تەنها بابەتێکی لۆژیکی نییە، بەڵکوو لە واتاکەیدا هەڵگری توخمێکە لە توخمەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفی.
بەم پێیە ئێمە ئاشنا دەبین بە ئەرکی فەلسەفە کە بریتییە لە دەرهێنانی چەمکە ڕووتەکان بۆ ڕووداوەکانی مێژوو. لەم ڕووەوە، ڕاستی لە هەردوو مێژوو و فەلسەفەدا دەسووڕێتەوە. مێژوو نوێنەری ڕاستییە، کە ئەمەش وا دەخوازێت هەموو جۆرەکانی مەعریفە مێژوویی بن، چونکە مەعریفە ڕاستییە. فەلسەفەش وەک لایەنی گرنگ لە بابەتی یەکگرتوو ئەوکات بەشداری دەکات لە تێگەیشتنی ڕاستیی ڕووداو. بۆیە ڕاستیی جیهانی واقیعی بریتییە لە چەمکە گشتییەکان کە ڕاستن بەسەر ڕووداوە بەشییەکاندا، بەو پێیەی کە هەندەکى وێنەیەکی بەرجەستەیە بۆ چەمکی هەمەکى.
پرسیارەکە ئەوەیە ئێستا ئێمە لە قۆناغی فەلسەفە و مێژوودا، چۆن ئەم پەیوەندییەی ئەم قۆناغە بە سەرەنج وەسف دەکەین؟ وەڵامەکە ئەوەیە کە قۆناغی تێگەیشتن کە لەگەڵ فەلسەفە و مێژوودا دروست بوو، بیرکردنەوەی سەرەکی تێدەپەڕێنێت، بەو پێیەی کە تێگەیشتن پێکهاتووە لە بابەتێک و هەڵگرێک، کە بابەتەکەی دەبێتە ئەوەی کە بەکردەوە ڕووی داوە، واتە مێژوو، و هەڵگرەکەی دەبێتە ئەوەی کە گشتییە، واتە فەلسەفە. گەرەنتی بوونی فەلسەفە و مێژووە، ئەم پەیوەندییە پێکهاتەییەیە لەنێوان مێژوو و فەلسەفەدا کە حوکمی تێگەیشتن پێکدەهێنێت. بەپێی ئەوەی پێشتر باس کرا، فەلسەفە تەنها بیرکردنەوەیەکی مێژوویی بووە و ئەرکی بریتییە لە بەرهەمهێنانی چەمکەکان کە بەبێ ئەوان مرۆڤ نەیدەتوانی لە واقیع تێبگات. لێرەوە دەتوانین بڵێین فەلسەفەی داهاتوو فەلسەفەیەکی مێژووییە، چونکە فەلسەفەیە بۆ بیرکردنەوەی واقیعی ژیانی. ئەم بابەتە دواتر ڕوون دەبێتەوە دوای ناسینی چالاکیی کردەیی.
دووەم، چالاکیی کردەیی: ناونیشانی ئەم چالاکییە بەرەو واقیعی ڕاستەقینە دەمانبات، کە لەوێدا بزوێنەری ڕاستەقینەی مێژوو کارە، کە لە ویست و کردەوەدا بەرجەستە دەبێت. بەگوێرەی بۆچوونی کرۆچە لە فەلسەفەکەیدا، چالاکیی کردەیی ناتوانێت بەبێ چالاکیی پێشوو - واتە چالاکیی ڕامانەیی (تیۆریک) - هەبێت، بەڵکوو پشت بەو دەبەستێت نەک بەپێچەوانەوە. ئەگەر بمانزانیبایە بەبێ ویست یان کردەوە، ئەوا ناتوانین بمانەوێت یان بیکەین بەبێ ئەوەی یەکەم جار بزانین. کەواتە، هەردوو ویست و کردەوە ڕاستەقینەن. لێرەوە ئەو ویستەی کە هەمیشە بە لایەنی ڕامانەیی (تیۆری) لە بیری فەلسەفیدا بەستراوەتەوە، کردی بە چالاکیی ڕۆحی کردەیی کە دوورە لە تێڕامانی تیۆری و ڕووتکردنەوەی شتەکان، واتە نەیکردە بەرهەمی زانین بەڵکوو کردی بە بەرهەمی کردەوەکان.
کاریگەریی ویست دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە مرۆڤ خاوەنی هەستی مێژوویی شتەکانە کە پێشتر زانیومانە چەند ڕاستەقینەن و هەروەها زانینی پەیوەندییەکان لەنێوان شتەکان و لەئەنجامدا زانینی جیهانی دەوروبەری. کرۆچە ئەم چالاکییەی دابەش کردووە بۆ دوو بەش: ئابووری و ئەخلاق. بەڵام ئابووری وەک هونەر وایە، بەشێکی تایبەتە - واتە ئابووری- کە هەوڵ دەدات بۆ بەدیهێنانی ئارەزووە تاکەکەسییەکانی مرۆڤی تاک. کرۆچە توانیویەتی ڕۆح بە ئابووری دەوڵەمەند بکات لەڕێگەی تێکەڵبوونی هەستەکان بە ڕۆح، بەهۆیەوە ئابوورییەکی پێگەیشتوو و تەواوى بەرهەم هێناوە کە نوێنەری شێوازی کردەیی و کاریگەری ڕۆحە. شێوازی کردەیی لەڕێگەی تایبەتمەندیی بەشەکی، واقیعی، نەک ئایدیالییەوە دەردەکەوێت.
ئەوە ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر گشتاندنێک هەبێت کە بەشێک وەسف دەکات، پێویستە ئەم گشتاندنە بە زمانی بیرکاریی کردەیی (پراکتیکی) وەربگێڕدرێت کە چەمکە واقیعییە بەرجەستەکان بەکار دەهێنێت. کەواتە، زانستی ئابووری پیادەکردنی بیرکارییە لەسەر چەمکەکانی کردار یان ئیرادە، واتە ژماردن بەسەر کردەوە مرۆییە دیاریکراوەکانەوە دەبێت بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامەکان، بە مەرجێک بیرکاریی ڕووت نەبێت. بۆ ئەوەی ئابووری لەگەڵ چەمکی ڕۆح بەپێی تێگەیشتنی کرۆچە گونجاو بێت، دەبێت وەک شێوەیەکی نموونەیی بێت کە هاوکاری لەنێوان چینە بەرزەکان و نزمەکاندا دەبێت و لەسەر بنەمای نیازی باش دروست دەبێت (٢٠).
بۆ ئەوەی ڕۆیشتن بۆ قۆناغی چوارەم پاساو بدرێت، کرۆچە بڕیاری دا کە ئابووری ساتێکی سەرەتاییە لە چالاکیی کرداریدا، کە مانای وایە پێویستە هەنگاوی دووەم بۆ تەواوکردنی چالاکییەکە دروست بکرێت. بە بۆچوونی ئەو، ئابووری وەکوو بەشێک پێویستی بە ساتێکی گشتگیرە بۆ تەواوکردنی چالاکیی کرداری. قۆناغی چوارەم - واتە ئەخلاق- بێ گومان ئەو ساتە گشتگیرەیە کە کرۆچە دەیەوێت. هەروەک لە لایەنی ڕامانەییەوە (تیۆرییەوە)، قازانجی تایبەت بە ئابوورییەوە بابەتی ئەخلاقە و ئەخلاق پشت بە ئابووری دەبەستێت، بەڵام پێچەوانەکەی دروست نییە. دەکرێت ئامانجێکی ئابووری بەدەست بهێنرێت بەبێ دەرککردنی ئامانجێکی ئەخلاقی، بەڵام ناکرێت ئامانجێکی ئەخلاقی بەدەست بێت بەبێ ئەوەی ئامانجێکی ئابووری لە ناوەڕۆکی خۆیدا هەبێت.
بەگوێرەی یاسای بازنەی ڕۆح، تاک لەگەڵ ئەخلاق لە چوارچێوەی تاکەکەسییەوە بەرەو گشتی دەچێت - واتە ئەخلاق - کە ناوی ناوە "سوودی گشتی". ئەرکی ئەخلاق پاراستنی یەکگرتوویی ڕۆحە لە هەڵوەشانەوە و لەسەر بنەمای هەموو ئەو کردەوانەی کە سروشتی گشتگیریان بەخشیوە، لەڕێگەی خەباتی دژبە خراپە. کرۆچە گرنگییەکی گەورە دەدات بەم خەباتە بۆ سەلماندنی یەکگرتوویی ڕۆح لەلایەکەوە و بۆ ڕاگەیاندنی ڕۆڵی مێژوو لەلایەکی دیکەوە. خراپە ئەوەیە بە شێوەیەکی بەردەوام هەڕەشە لە یەکگرتنی ژیان و ئازادی ڕۆحی دەکات و، چاکە بریتییە لە گەڕاندنەوە و پاراستنی بەردەوام. لێرەدا کرۆچە هەوڵ دەدات چەمکێکی نوێی ئابووری پێشکەش بکات کە جیاوازە لە ئابووریی باو کە ڕامانەکان (تیۆرییەکان) دادەڕێژێت و دەیان گشتێنێت. بەردەوامبوونی ئەو یەکێتییە و لەگەڵیدا ئەو ئازادییە، ململانێی نێوان چاکە و خراپەى ژیان خۆیەتی و ژیان جیاوازی لە شێوەکانیدا دەردەخات کە بەردەوام و یەکگرتووە لە بازنەی ئەو شێوازانەدا، کە ئەوەش ڕادەگەیەنێت وێنەیەکی مێژووییە کە گشتی و ناوخۆیی دەردەکەوێت لە هەمان کاتدا.
بەپێی ئەم چوار شێوەیە، کرۆچە جیهانی خۆی پێشکەش کردووە، جیهانی ڕۆح، جیهانێک کە شێوەکانی نیشان دەدات کە یەکیان لەوی دیکە و دواتر پشت بە پێشتر دەبەستێت تەنها هونەر نەبێت کە تاکە شێوەیە پشت بە هیچ شتێکی دیکە نابەستێت، بەڵام هەموو شتێکی دیکە پشت بەو دەبەستێت (٢١). ئەم بازنەیە بە چالاکییە تیۆری و پراکتیکییەکانییەوە هاوبەها و پێویست دەردەکەوێت، چونکە پەیڕەوکردنێکە نەک لەسەر بنەمای بەرز و نزم، بەڵکوو لە بازنەیەکدا دەمێنێتەوە کە بەدوای لوتکەدا ناگەڕێت وەک لای هێگڵ. بە چالاکیی ئەو - واتە ڕۆح - مێژوو وێنەی خۆی دەکێشێت و دەکرێت بەئاسانی بگوترێت کە ئەوەی پێشتر باس کرا فەلسەفەی ڕۆحی کرۆچەیە کە بەبێ تەواوبوونی چالاکییە ڕامانەیی (تیۆریک) و کردەییەکان (پراکتیکییەکان) ڕوو نادات و، شادەماری ئەم فەلسەفەیە هونەرە.
ژێدەر و سەرچاوەکان
١- محمد بن خلدون، عبدالرحمن – مقدمة ابن خلدون – اعتناء ودراستة، احمد الزعبیى. الناشر: دار الارقم بن ابى الارقم للطباعة والنشر والتوزیع.
٢- هیغل، جورج فیلهلم فریدریش – العقل فى التاریخ، المجلد الاول من محاضرات فى فلسفة التاریخ – ترجمة وتقدیم وتعلیق د. امام عبدالفتاح امام – الناشر: دار التنویر للطباعة والنشر والتوزیع بیروت. الطبعة الثالثة ٢٠٠٧.
٣- هردر،یوهان جوتفر – افکار فى فلسفة تأریخ البشریة. ترجمة: د. محمد محجوب- المنضمة العربیة للترجمة- عام ٢٠١٤ فى بیروت.
٤- هەمان سەرچاوە.
٥- هەمان سەرچاوە.
٦- هەمان سەرچاوە.
٧- هیغل، جورج فیلهلم فریدریش – العقل فى التاریخ، المجلد الاول من محاضرات فى فلسفة التاریخ – ترجمة وتقدیم وتعلیق د. امام عبدالفتاح امام – الناشر: دار التنویر للطباعة والنشر والتوزیع بیروت. الطبعة الثالثة ٢٠٠٧.
٨- هیجل، جورج فیلهلم فریدریش- اصول فلسفة الحق– الجزء الثانى- محاضرات فى فلسفة التأریخ. ترجمة وتقدیم وتعلیق د.امام عبدالفتاح امام. التاشر: دار التنویر للطباعة والنشر. بیروت- لبنان. الطبعة الاولى- ٢٠١٠.
٩- هیغل، جورج فیلهلم فریدریش – العقل فى التاریخ، المجلد الاول من محاضرات فى فلسفة التاریخ – ترجمة وتقدیم وتعلیق د. امام عبدالفتاح امام – الناشر: دار التنویر للطباعة والنشر والتوزیع بیروت. الطبعة الثالثة ٢٠٠٧.
١٠- هیغل، جورج فیلهلم فریدریش – العقل فى التاریخ، المجلد الاول من محاضرات فى فلسفة التاریخ – ترجمة وتقدیم وتعلیق د. امام عبدالفتاح امام – الناشر: دار التنویر للطباعة والنشر والتوزیع بیروت. الطبعة الثالثة ٢٠٠٧.
١١- هیجل، جورج فیلهلم فریدریش- اصول فلسفة الحق– الجزء الثانى- محاضرات فى فلسفة التأریخ. ترجمة وتقدیم وتعلیق د.امام عبدالفتاح امام. التاشر: دار التنویر للطباعة والنشر. بیروت- لبنان. الطبعة الاولى- ٢٠١٠.
١٢- شبنغلر، اوسوالد- تدهور الحضارة الغربیة- ترجمة: احمد الشیبانى- دار مکتبة الحیاة للطباعة والنشر بیروت، ١٩٦٤.
١٣- هەمان سەرچاوە.
١٤- هەمان سەرچاوە.
١٥- فیکو، جیامباتیستا- العلم الجدید فى الطبیعة المشترکة لکل الامم. ترجمة: د.احمد الصمعى- دار ادب للطباعة والنشر- الطبعة الاولى ٢٠٢٢.
١٦- هەمان سەرچاوە.
١٧- محمد اب السعود، دکتورة عطیات- فلسفةالتأریخ عند فیکو- دار النشر: منشأةالمعارف بالاسکندریة- الطبعة الاولى ١٩٩٧.
١٨- کروتشە، بینیدیتو- الفلسفة والتأریخ- ترجمة: جورج طرابیشى- الناشر: دار التنویر للطباعة والنشر، بیروت الطبعة الاولى.
١٩- هەمان سەرچاوە.
٢٠- حنفى، د.حسن- فلسفة التأریخ عند بینیدیتو کروتشە-
٢١- کروتشە، بینیدیتو- الفلسفة والتأریخ- ترجمة: جورج طرابیشى- الناشر: دار التنویر للطباعة والنشر، بیروت الطبعة الاولى.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved