د. ئیسماعیل مەحموودی
دکتۆرای میژووی هاوچەرخی ئێران و توێژەری مێژووی ڕۆشنبیریی کوردستان
براوەی خەڵاتی ئاوەز بۆ توێژینەوەی هزری، ساڵی ٢٠٢٥
[پێشکەشی ئەو دوو برا پڕ لە خۆشەویستی و میهرەبانییە... ڕەفیق ساڵح و سەدیق ساڵح]
پوختە
پرسی نەتەوەسازی لەپێناو دروستکردن و پێناسەکردنی ناسنامەی نەتەوەیی لە مێژووی هاوچەرخی سیاسی و بەتایبەت مێژووی ئەندیشەی کوردستاندا، دیاردەیەکی نوێ و تایبەتە و هەر لەمبارەوە، ڕەنگبێ بکرێت بانگەشەی ئەوەش بکرێت، نەتەوەسازی لەپاڵ خەباتی سیاسی، تایبەتمەندیی سەرەکیی مێژووی هاوچەرخی سیاسی و بەتایبەت مێژووی ڕۆشنبیریی کوردستانە.
ئەم وتارە دەیەوێت باس لە هەوڵی مونەوەرانی کورد بۆ نەتەوەسازی لەڕێگەی گەڕانەوە بۆ مێژوو و بە واتایەک گوتاری مێژوونووسانەوە بکات و، بۆ ئەم بابەتە، بازنەی زەمەنیی نێوان ساڵەکانی کۆتایی نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە تا سەرەتای ساڵی(١٩٢٥)، واتە لە سەردەمی سەرهەڵدانی گوتاری نەتەوەیی حاجی قادرەوە تا ساڵی بڵاوکردنەوەی غونچەی بەهارستانی هەڵبژێردراوە.
ئەم وتارە پێی وایە لەم سەردەمەدا، هەوڵی بەرچاوی مونەوەرانی کورد لەپێناو نەتەوەسازیدا بووە و لەمبارەدا، گوتاری مێژوونووسانە، گۆڕەپانی سەرەکیی مونەوەران بۆ ئەم پرسە بە مەبەستی پێناسەکردن ناسنامەی نەتەوەیی کورد و تەنانەت خەبات لەپێناو دابینکردنی مافەکانی کورددا بووە.
وشە سەرەکییەکان:نەتەوەسازی، مونەوەران، کوردستان، گوتاری مێژوونووسانە،حاجی قادر کۆیی
پێشەکی
ئەوەی کورد وەک نەتەوە لە کۆنەوە هەر بوونی هەبووە و ناسنامەی نەتەوەیی کوردی دیاردەیەکی نوێ و بەرهەمی سەردەمی مۆدێڕنیتە نییە، یان ئەوەی دیاردەیەکی تەواو نوێ و بەرهەمی سەردەمی مودێڕنیتەیە و لەبنەڕەتیشدا بەرهەمی پەرچەکردار لەبەرانبەر پرسی دامەزراندنی دەوڵەت- نەتەوەکانی خاوەن دەسەڵات لە کوردستاندا بووە، یان ئەوەی کورد ئێستا وەک نەتەوەیەکی یەکپارچە پێناسە دەکرێت، یان خاوەن چەندین ناسنامەی جیاوازی کوردییە و ناسنامەی کوردی بەتەواوەتی لە یەک دابڕاوە و بەهۆی نەبوونی دەوڵەتی کوردی و هەروەها نەبوونی سێ فەکتەری سەرەکی واتە سەرۆکێکی شارەزا وکارامە، نەبوونی مونەوەرانی کەمتر گەندەڵ و هەروەها نەبوونی حەز وئیرادەی تەواوی لە کۆمەڵگەی کوردی بۆ دەربازبوون لە کویلایەتی و ژێردەستی، پرسی نەتەوەسازی هێشتا هەر بەسەقەتی ماوەتەوە، بابەتی سەرەکیی ئەم وتارە نین، هەر بۆیە نابێت چاوەڕی ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە لەم بابەتەوە واتە لە باری تیۆریکەوە بکرێت.
کەواتە، ئەم وتارە نایەوێت هەر تەنیا باس لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ڕەوتی نەتەوەسازی لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا بکات، بەڵکووو دەیەوێت لە ڕوانگەی مێژووییەوە و بەتایبەت لە ڕوانگەی «مێژووییخوازی» یان «مێژوویی ڕوانییەوە»، باس لە هەوڵی مونەوەرانی کوردەوە لە سەرەتای بەرجەستەبوونی ئەم چەمکەوە بکات و بەواتایەک دەیەوێت، باس لە ڕەوتی هەوڵی مونەوەران لەپێناو نەتەوەسازیدا بکات و لەم ڕووەوە دەکرێت ئەم بابەتە، وەک بەشێک لە میژووی ڕۆشنبیری یان مێژووی ئەندێشەی کوردستان، پێناسە بکرێت.
بەگشتی، ئەم وتارە دەیەوێت پاش ئاماژەدان بە کەشوهەوای سیاسی و ڕۆشنبیری و هەروەها گوتاری زاڵی ئەو سەردەمەی ئەستەمووڵ وەک ناوەندی دەسپێکردنی گوتاری مونەوەرانی کورد، باس لە یەکەم هەوڵەکانی مونەوەرانی کورد لە ڕەوتی نەتەوەسازی لە گوتاری مێژوونووسانەی کوردستاندا بکات.
مەبەست لە گوتاری مێژوونووسانەی کوردستان هەر«تەنیا نووسین و نووسینەوەی مێژوو و بڵاوکردنەوەی بەرهەمی مێژوویی کوردستان نییە»، بەڵکووو جیا لە بەرهەمە مێژووییەکان، مەبەست «سەرجەمی ئەو چالاکی و گوتارانەیە کەوا لەپێناو وەبیرهێنانەوە و ناسینی ڕابردوو، مانا بە ئیستا و داهاتوو دەبەخشن» و لەم ڕووەوە « گوتاری مێژوونووسانە وەک بەشێک لە مێژوو و گەڕانەوە بۆ ڕابردووە، بەردەوام بەشێک لە «پێکهاتەی بنەرەتی و سەرەکیی گوتار و خەباتی نەتەوەییخوازی و ناسیۆنالیزمی کوردی بووە، کە بەئاسانی«لە سەرجەم بوارەکاندا دەرکەوتووە و بووەتە بنەمایەکی هاوبەش بۆ بەرهەمە ڕووشنبیرییەکان لە کۆمەڵگەی کوردیدا»(بوز ارسەلان، حمید،١٣٩٨:٤٢-٣٧)
کەواتە، مەبەست لە گوتاری مێژوونووسانە، تەنیا نووسین و بڵاوکردنەوەی بەرهەمی مێژوویی نەتەوە-تەوەر نییە، بەڵکووو سەرجەمی ئەو چالاکییە ئەدەبی و ڕۆژنامەوانی و تەنانەت خەباتی سیاسییەیە کەوا لەپێناو نەتەوەسازیدا لەلایەن مونەوەران و سیاسەتوانانی کوردەوە، پێشکەش کراوە و لەم ڕووەوە بۆ گەیشتن بە مەبەستی ئەم وتارە، سەرەتا ئاماژەیەکی خێرا بە کەشوهەوای ئەستەمووڵ وەک یەکەم ناوەندی سەرهەڵدانی یەکەم بەرەی مونەوەرانی کورد و هەروەها یەکەم هەوڵی مونەوەران بۆ نەتەوەسازی لە ساحەی گوتاری مێژوونووسانەدا ئەدرێت.
ئەستەمووڵ وەک یەکەم ویستگەی سەرهەڵدانی مونەوەرانی کورد
هاوکات لەگەڵ داگیرکردن و نیشتەجێبوونی عوسمانییەکان لە «کونستانتێن شار» و گۆڕینی ناوی ئەو شارە بۆ «قوستەنتەنیە»و دواتریش بۆ «ئەستەمووڵ»، دەرفەت و بواریش بۆ نیشتەجێبوونی کورد وەک بەشێک لە جەنگاوەرانی بەشداربوو لە داگیرکردنی ئەستەمووڵ و هەروەها وەک بەشێک لە دانیشتووانی ئیمپراتۆریی عوسمانی دروست بوو، چونکە هەر دوابەدوای شەڕی چالدێران و دواتریش بەپێی ڕێککەوتنامەی زەهاو لە ساڵی (١٦٤٠)دا، کوردستانی ئەمڕۆی تورکیا و عێراق، بە فەرمی بوونە بەشێک لە ئیمپراتۆریی عوسمانی و لەم ڕووەوە واتە هەر لە سەرەتای نیشتەجێبوونی تورکەوە، کوردیش لەو شارە نیشتەجێ دەبێت و، ئەو شارەش دەبێتە زێدی بەشێک لە کوردەکانی سەر بە دەسەڵاتی ئیمپراتۆری و هەر لەم ئاراستەیەشدا، جیا لەوەی ژمارەیەکی دیکەی کوردیش بۆ گەیشتن بە پێگەی سیاسی و سەربازی و تەنانەت بۆ فێربوونی زانست، نیشتەجێی ئەو شارە دەبن،لەسەدەی (١٨)وە،ئیتر ئەستەمووڵ، دەبێتە جێگەی نیشتەجێکردنی ئەو میرە کوردانەی وا گومانیان لێ کرابوو لە ئیستا و داهاتوودا ببنە مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی سوڵتان، وەک میر بەدرخان (١٨٦٨-١٨٠٢)، شێخ ئەحمەدی باوکی شێخ مەحموود و محەمەدی ئاغای باوکی سمکۆی شکاک لە ئەستەمووڵ نیشتەجێ کران (ئەلاکۆم٢٠٠٥ :٥٧-٥٤).
کەواتە، لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دوویەمیشدا (١٩٠٩-١٨٧٦)، دەرفەت بۆ زیادبوونی جەماوەری کورد لە ئەستەمووڵ سازبوو و، هەر لەمبارەوە کردنەوەی قوتابخانەی عەشایری بۆ منداڵانی میرە کوردەکان لە ساڵی(١٨٩٢)دا، بە مەبەستی پەروەردەکردنیان لەژێر گوتاری عوسمانیخوازی، نەک تەنیا هەل و دەرفەتی زۆرتری بۆ نیشتەجێ بوونی کورد، بەڵکووو دەرفەتی بۆ گۆڕینی روانگەی هەندێ خوێندکار و زانای کورد، بە نیسبەت جیهان و ناوچەکەوە هێنایە ئاراوە و، ئیتر تەنانەت وەک ناوەندێکی خوێندەواری بۆ کوردانی لێ هات (ئەڵاکۆم، ٢٠٠٥: ٢٨-١٦).
هەر لەم ئاراستەیەدا، پاش دەرکەوتەکانی فەرهەنگی مودێڕن و بەتایبەت گوتاری چاکسازی و ناسنامەخوازیی تورکی لەلایەن یەکەم بەرەی مونەوەرانی تورکەوە لە ساڵی(١٨٦٥)، ئەستەمووڵ ئیتر دەبێت بە مەڵبەندی مونەوەری و چاکسازیخوازی ئیمپراتۆری و لەم ڕووەوە کاریگەریی بەرچاوی لەسەر قەومەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی دەبێت و بەم بۆنەوە، جگە لە کوردانی نیشتەجێی ئەستەمووڵ، ژمارەیەکی دیکەی کوردی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، ڕوو لەو شارە دەکەن و لەژێر کاریگەریی گوتاری تازەگەری و چاکسازیی ئەم شارەدا، ناسنامەی عەشایەری و ناوچەیی خۆیان لەپێناو پشکنینی ئەتنیکی و گەڕان بەدوای بنچینەی نەتەوەییدا دەخەنە لاوە و لێرەوە ئیتر ئەستەمبووڵ دەبێتە یەکەم مەڵبەندی بیری نەتەوەیی کوردی.
بەگشتی، هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گوتاری تازەگەری و زاڵبوونی گوتاری ناسنامەخوازی لە ئەستەمووڵ و ئامادەبوونی جەماوەرێکی بەرچاوی کورد و بەتایبەت خوێنەوەران و ماڵەمیرانی بابان و بەدرخان و نەهری لەوشارە، کاریگەریی لەسەر کوردانی نیشتەجێی ئەستەمووڵ دەبێت و هەر لەم شارەشدا هەل و دەرفەرت بۆ سەرهەڵدانی یەکەم بەرەی مونەوەرلفیکریی کورد، واتە کەسانی وەک سەید عەبدوڵقادر، ئەمین عالی بەدرخان، ڕەمزی، شوکری، پیرەمێرد، مێهری هەورامی و مەولانزادە و لە پێشەوەی هەمووشیانەوە حاجی قادر کۆیی، ساز دەبێت و لەم ڕێگەشەوە، ئیتر زنجیرەیەک چالاکیی رۆژنامەوانی و دامەزراندنی یانە و کۆمەڵەی کوردی بە هەوڵی مونەوەرانی کوردەوە دەستپێدەکات.
دەرکەوتنی حاجی قادر کۆیی (١٨٧٠-١٧١٨) لە ئەستەمووڵ وەک یەکەم مونەوەری کورد
سەبارەت بە ساڵی دەرکەوتنی حاجی ڕا و بۆچوونی جیاواز هەیە، بەڵام بەگشتی پێدەچێت حاجی لەنێوان ساڵانی(١٨٦٣-١٨٦٢)، واتە لە سەردەمی سوڵتان عەبدولعەزیز(١٨٧٦-١٨٦١)دا، ڕووی لەم شارە کردبێت و نیشتەجێ بووبێت. کەواتە، ئامادەبوونی حاجی لە ئەستەمووڵ لە سەردەمیکدا بوو کە جگە لەوەی نزیکەی(١٤٠) ساڵ لە مێژووی چاکسازی و تازەگەری لەو شارەدا تێپەریبوو، نزیکەی(٢٣) ساڵیش لە دەستپێکردنی «سەردەمی تەنزیمات» و یەکەم گوتاری عوسمانیگەرایی سوڵتان عەبدولحەمید(١٨٦٩-١٨٣٩) و هەروەها گوتاری ئیسلامخوازیی سوڵتان عەبدولمەجیدی دووهەمیش(١٩٠٩-١٨٦٧) تێپەریبوو و تەنانەت گوتاری تورانیخوازییش سەری هەڵدابوو.
پێدەچیت حاجی لەم شارەو و لەژێر کاریگەریی گوتاری تەجەدودخوازی و ناسنامەخوازیی عوسمانی، گەیشتبێیە ئەو قەناعەتەی کە سەرجەمی ئەو هەوڵە تەجەدودخوازانە لەپێناو بەهێزکردن و پاراستنی وڵات و هەروەها نەتەوەسازیدابووە؛ بۆیە، هەر لەمبارەوە و بۆ یەکەمجار هەوڵ بۆ نەتەوەسازی بە مەبەستی دروستکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و دامەرزراندنی دەوڵەتی کوردی لەڕێگەی گوتاری مێژوونووسانەوە لەلایەن حاجی قادری کۆییەوە دەستپێدەکات.
یەکەم قۆناغی دەستپێکردنی نەتەوەسازی لە گوتاری مێژوونووسانەی کوردیدا
هەست دەکرێت پێش دەستپێکردنی بابەتەکە سەبارەت بە هەوڵی حاجی قادری کۆیی وەک سەرەتای یەکەم هەوڵ بۆ نەتەوەسازی بە مەبەستی دروستکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و دامەرزراندنی دەوڵەتی کوردی لەڕێگەی گوتاری مێژوونووسانەوە، باشترە ئاماژە بەو ڕاستییە مێژووییەش بدرێت کە ناسنامەی کوردی بەپێچەوانەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کوردی، دیاردەیەکی نوێ و بەرهەمی هەوڵی مونەوەران نییە، بۆیە هەر لەم ئاراستەیەشدا دەکرێت بە گەڕانەوە بۆ مێژوو و ئاماژە بە دوو چەمکی کوردستان و کورد وەک بەڵگەی بوونی ناسنامەی کوردی لە سەردەمی پێش مۆدێڕندا ئاماژە بکرێت.
کورد و کوردستان لە سەردەمی پێش مۆدێڕن
چەمکی «کورد» بۆ یەکەمجار لە سەدەی دووەمی کۆچی و لە سەرچاوە عەرەبییەکاندا دەرکەتووە و بەکارهێنراوە، «سوهەیم کوڕی حەفسی ئەبو یەقزان» لە سەدەی دووەمدا، وشەی کوردی وەک نێوی قەومێک بەکارهێناوە (حاجيخليفه،١٩٩٤: ١٧٩)و جیا لەوەش، مێژوونووسانی دیکەی وەک مەسعودی، تەبەری ودینەوەری(دینوری،١٣٦٨: ٤-٥)هەمان مانایان لە بەرچاوبووە و بە پێچەوانەشەوە،«یاقوت حەمەوی» و «ئیبن حەوقەل» و «ئەسفەهانی»، وشەی «کورد»یان بە مانای کۆچەری بەکاریان هێناوە،بۆ نموونە، ئەسفەهانی، لە دەیلەمییەکان وەک«کوردەکانی تەبەرستان» ناو دەبات و یادیان دەکات.( اصفهانی، ١٩٩٠: ١٨٠)
سەبارەت بە دەستەواژەی «کوردستان»یش،سەرچاوە مێژووییەکانی سەردەمی ئیسلامی، ئاماژەیان بە چەمکی کوردستان وەک دەستەواژەیەکی جوگرافیی لەژێر ناونیشانی وەک پەهلە (مسعودی: ٣٧)،جبالالاکراد،بلادالاکراد،ارضالاکراد(کاشغری،١١٣٢: ٢٧/١) والمملكة الأكراد( القلقشندی، همان: ٣٠٦/٧)کردوە،گەرچی هیچ یەک لەمانە،هیچکات تەعبیریان لە سەرجەمی ڕووبەری ناوچە کوردییەکانیان واتە نیشتمانی کوردان نەکردوە، بەڵام بەگشتی ئاماژەیان بە بوونی ئەم جوگرافیاییە وەک جوگراگیاییەکی جیاواز کردوە و لەمبارەوە پێدەچێت ئەوە شەرەفخان بوو، بۆ یەکەمجار پێناسەیەکی تا ڕادەیەک گشتگیری لە نیشتمانی کوردان واتە کوردستان کرد.
بەم وەسفەوە، گەرچی چەمکی کوردستان، وەک یەکەیەکی سەربەخۆی نیشتمانی و خاوەن سنووری دیاریکراوی قەومی لە مێژوودا بوونی نەبووە، بەڵام ئەو خەڵکەی کەوا لەم خاکەدا ژیاون، سەرەڕای بەکارهێنانی نازناوی ساختەی وەک "جبال" و "ارض الاکراد" لە کۆن و ڕۆژهەڵاتی تورکیا و باکووری عێراق لە ئیستادا، بەردەوام نیشتمانی خۆیان وەک «کوردستان» و «کوردەواری» ناسیوە و جیا لە سەرچاوە مێژوییە بیانییەکان، لە بەرهەمی کەسانی وەک باباسەرهەنگ و شاوەیس قولی ومەم و زینی خانی، واتە مێژووی سەردەمی پێش مۆدێرنی کوردستانیشدا بەدی دەکرێت.
هەر لەم بارەشەوە، خانی لە کۆتایی سەدەی حەڤدەهەم، نەک تەنیا ڕاشکاوانەتر ئاماژە بە کورد دەکات، بەڵکوو لە تورک و قزلباشیش جیای دەکاتەوە وگازندەی ئەوەش دەکات، کورد لەلایەن ئەمانەوە گەمارۆ دراوە و، لەم ڕووەوە خوازیاری دامەزراندنی «شانشینی کوردی» دەبێت و پێی وایە ئەگەر کورد پاشانشینیی خۆی هەبێت، لە دەستی ئەم دزێوانە ڕزگاری دەبێت و چیتر خاکەکەی نابێتە وێرانەی کوندەپەپوو و لەم بارەوە باس لە نەبوونی یەکڕیزیی کوردیش دەکات ودەڵێت، گەر کورد یەکریز بایەن، تورک و عەجەم ئیستا خزمەت و نۆکەریی کوردی دەکرد» (خانی:٢٠٠٨: ٢٠-٤)
دیسانەوە و هەرلەم ئاراستەیەشدا، سەدەیەک دوای خانی، «شەرەفخانی بەدلیسی»ش، گازندە لە نەبوونی«فەرمانڕەوایەکی بەهێز»ی شکۆمەندی کورد دەکات و لەهەمان کاتیشدا ئاماژە بە «وڵاتی کوردستان» و هەڵکردنی «ئاڵای پاشایەتی» و «سوڵتانەکان»ی کورد دەکات. (بدلیسی،هەمان:١٧)و تەنانەت ئاماژە بەوەش دەدات، کوردستان و میرنشینە کوردییەکان هەرگیز بەتەواوەتی گوێڕایەڵی ناوەند نەبوونە و کۆنتڕۆڵی تەواوی کوردستان و میرنشینەکانی لە پلانی بارەگای شاکانیشدا نەبوو و گەریش هەبووە، زۆر سەرکەوتوو نەبوو (شرفنامه، هەمان:١٧-١٨) و لەم ڕووەوە شەرەفخان کاتی باسکردن لە ڕووداوە سیاسییەکانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، تەعبیری «وڵاتی کوردستان» بەکار دێنێت و سەرەڕای ئەوەش، سەبارەت بە مەبەستی خۆی لە نووسینی مێژووەکەی دەنووسێت، بۆ ئەوەی ئەم بەرهەمە دەنووسم، تاوەکوو«ئەحواڵی ماڵباتە مەزنەکانی کوردستان لە بیر نەکرێت» ( هەمان:٨). لەهەمان کاتدا، دەکرێت بانگەشەی ئەوەش بکرێت، شەرەفخان سەرەڕای نزیکبوونەوەی لە بارەگای سەفەوییەکانەوە، بەڵام یەکەم کەسە کە بەدوای جۆرێک لە پێکەوەبوونی کوردستان و دابڕان لە عوسمانی و سەفەوییەکانە و، ئەمەش بە دیاریکردنی تەعبیری «وڵاتی کوردستان» بۆ مێژووکەی ئەوە پیشان دەدات و هەروەها ڕاشکاوانە ئاماژە بە سەربەخۆییخوازی میرنشینەکانی وەک حەسەنەوییە و جزیرە دەکات و تەنانەت بەشێکی جیاوازیش بۆ باسکردن لەو میرنشینە کوردانە تەرخان دەکات کە لایەنگری سەربەخۆیی بوون ( هەمان:٥٥-١٩).
کەواتە، بەگشتی دەکرێت بانگەشەی ئەوە بکرێت، ناسنامەی کوردی دیاردەیەکی تەواو نوێ و بەرهەمی ئەندیشەی مۆدێڕن و ساختەکراو نییە، بەڵکوو دیاردەیەکی مێژووییە و دەکرێت لە ڕەوتی مێژووی پێش مۆدێڕنی کوردستاندا بەئاسانی بەدی بکرێت، بەڵام لەبەرانبەریشدا، ناسنامەی نەتەوەیی کوردی کە بەرهەمی نەتەوەسازیی مونەوەرانی کوردە، دیاردەیەکی نوێ و بەرهەمی ئەندێشەی مۆدێڕنە و، لەم بارەوە یەکەم هەوڵ بۆ نەتەوەسازی لەڕێگەی گوتاری مێژوونووسانەی کوردستانەوە لەلایەن حاجی قادری کۆییەوە دراوە کە لێرەدا ئاماژەی پێ دەدرێت.
گوتاری نەتەوەسازی حاجی قادری کۆیی لەڕێگەی گوتاری مێژوونووسانەی کوردیدا
حاجییە شیعرەکانی وەک کاوە/ ڕۆژێ دەبێنن درەفشی هەڵداوە
( حاجی قادر کۆیی،١٣٩٠:١٩٦)
بە هاتن و زاڵبوونی پرسی ناسیۆنالیزم و دیاردەی دەوڵەت- نەتەوە لە ئیمپراتۆریی عوسمانی و ڕەنگدانەوەی لە گوتاری مونەوەرانی ئەو سەردەمەدا، حاجی قادری کۆیی، جیا لەوەی شایەتی هەوڵەکانی چەندین نەتەوەی وەک یۆنان و ئەرمەن و تەنانەت عەرەبی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی لەڕێگەی نەتەوەسازییەوە دەبێت، هاوکات ئاگاداری ڕەوتی گۆڕینی مانای دوو چەمکی «میللەت» و «وەتەن» وەک دوو چەمکی ئایینی و نەریتی بۆ مانایەکی سیکۆلار و بەربڵاوتر لەپێناو نەتەوەسازیدا دەبێت و، هەر لەم ئاراستەیەدا یەکەم هەوڵ لەلایەن حاجی قادرەوە لەپێناو نەتەوەسازی لەڕێگەی گوڕێنی مانای دوو چەمکی«میللەت» و«وەتەن»ەوە دراوە و مانای تازەیان بەخۆوە گرتووە.
حاجی پاش گۆڕانی چەمکی میللەت لە شوێنکەوتووانی ئایینەوە بۆ نەتەوە، باس لە بایخ و گرنگیی نەتەوە دەکات و لەم ئاراستەیەدا، دەڵێت جگە لە نەتەوە هەموو شتێک«فانی»یە:«سەت شەهەنشا و پادشا مردن/سەیری کە کوردی ئێمە هەر کوردن/ میللەتە باقی مابەقی فانی/ هەر لە جافی هەتا بە گۆرانی» ( حاجی قادر کۆیی، ١٣٩٠ :١٩٦) و ئەمجا لەڕێگەی گوتاری مێژوونووسانەی کوردستانەوە دەستپێدەکات و لەڕێگەی شیعری «شەهسەواری بەلاغەتی کوردان» بە ماناکردنەوەی دووبارەی وەتەن، باس لە پێناسەی کوردستانی فەرهەنگی دەکات و لەم بارەوە واتە لەم شیعرەدا، حاجی لەڕێگەی ئاماژە بە کەسانی وەک کوردی، نالی، ڕەنجووری، کەیفی، سالم و وەفایی و شێخ ڕەزا، ئاماژە بە بەشێک لە جوگرافیا و بەتایبەت جوگرافیای فەرهەنگیی کوردستان دەکات و لە درێژەی بابەتەکەیدا، ئاماژە بە خانی، مەلای جزیری، فەقێ تەیران، وەک سێ هێمای فەرهەنگیی ناوچەی کورمانج زمان دەکات و، وەک بەشێکی دیکەی کوردستانی فەرهەنگی و سیاسی پێناسەیان دەکات و هەروەها بە ئاماژە بە مەولانا خالید، مەولەوی ، خانای قوبادی، بێسارانی، مەلا خدری ڕوودباری و ئەحمەد بەگی کۆماسی، و هەروەها ناوچەکانی گۆران و هەورامان و جاف وەک بەشێک لە ناوچەی کەڵهورنشین و گۆڕانی و یارسانی دیاری دەکات. دیارە لەم شیعرەدا حاجی جیا لەوەی دەیەوێت بە ئینسانی کورد لەو سەردەمە ئەمە بسەلمێنێت کە کورد خاوەن فەرهەنگ و میراتی بەربڵاوە، لەڕاستیدا دەیەوێت بە کاریگەریی لە گوتاری نەتەوە-تەوەری خۆی بڵێت ئەم سنوورەی کوردستان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوە زۆر بەربڵاوترە لەوەیە کە لە ئیستەدا، وەک وەتەنی کوردان لای خودی کوردان وێنا دەکرێت و، ئەم سنوورە جگە لە جزیرە، بۆتان و سۆران، درێژ دەبێتەوە بۆ ئەردەڵان و هەورامان و کەڵهوڕ و لەکستان و لۆرستان (هەمان، ٢٢٦-٢١٧). هەر لەم ئاراستەیەشدا و لە پرسی جۆگرافیای سیاسی، ئەو پێی وایە وەتەن و نیشتمانی سەرەکیی نەتەوەی کورد لە بۆتانەوە تا شاری "ڕەی" لە نزیک "تاران" درێژ دەبێتەوە (هەمان:٢٣١-٢٢٧) و لە شیعرێکی دیکەدا بەوردی ئاماژە بە جوگرافیای میژوویی کوردستان دەدات و نیشتمانی نەتەوەی کورد دیاری دەکات.
حاجی پاش باسکردن لە بایخی نەتەوە و دواتریش دیاریکردنی نیشتمانی مێژوویی کوردان واتە کوردستان، باس لە بایخی زمان و میراتی نەتەوە دەکات و گازندە لە بێعاریی کورد لەبەرانبەر ئەو میراتە دەکات:«بەسیە بێعاری ئەی گەلی خۆمان/ لەم هەموو بەیتی میللەتی خۆمان» (هەمان :٤٦)
هەر لەم ئاراستەیەدا، واتە بەپیرۆز تەماشاکردنی میرات و زمانی کوردی، جیا لەوەی ڕەخنەی توند لە «عولەما» بە «درشت و وردی»یەوە دەگرێت کە ناتوانن «دوو حەرفی کوردی» بخوێننەوە،( هەمان :٢٥٧) ناسزاش ئاراستەی ئەوانە دەکات کەوا« قسەی بابی» خۆیان، واتە کوردی نازانن (هەمان :٢٥٧) ئەو زمانەی کەوا بە لای حاجییەوە، «بەلاغەتێکی هەیە، هیچ زوبانێ نایگاتێ»( هەمان :٤٦ )
ئیتر هەر لە ئەم ڕەوتەدا، واتە لە ڕەوتی «نەتەوەسازی»دا، بەپێچەوانەی گوتاری پێشوو کە کورد وەک بەشێک لە «ئوممەت»ی ئیسلامی و«میللەت»ی موسەڵمان پێناسە دەکرا لە گوتاری حاجی، ئیتر کورد بۆ خۆی وەک میللەت و چیتر وەک بەشێک لە ئوممەت و میللەتی عوسمانی پێناسە ناکرێت و لەم بارەوە عوسمانی و سەفەوییە وەک ئەوی تری کورد یان هەمان «ئێمە و سنە و سولەیمانی» پێناسە دەکات، (هەمان : ٢٢٣ ) و بەواتایەک ئەوی تری کورد، وەک «ناپاک» و شیاوی «بڕوا پێنەکردن» پێناسە دەکات و ئەوەش ناشارێتەوە، ئاواتی ئەوەیە نەتەوەی کورد، ئەوی ترەکەی واتە ڕۆمی ناپاک کە « عەللامەیی ویلایەت و شێخی ویلایەتی» ناگەن « بە حیز و ڕێگری» کورد، دەرنجام « ڕافڕێنن بۆ دەری ئەسفەل» (هەمان :١٩٦)
حاجی لە گوتاری شاعیرانەی خۆیدا، لە پرسی نەتەوەسازییدا بەردەوامە و لەم بارەشەوە ئیتر بە ئاشکرا پەنا بۆ گۆتاری مێژوونووسانە دەبات و لەم ئاراستەیەدا، دەست بە دێرێنەکردنی کورد و هەروەها زیندووکردنەوە و یادکردنەوەی کەسایەتییە کوردییەکان بە مەبەستی پێدانی شکۆی قەومی بە کورد و یادسڕینەوەی کەساییەتییە ناکوردییەکان لە مێژوودا دەکات. وەک نموونە، لە پرسی بە دێرێنەکردن و مێژووسازییدا، حاجی لەسەر شێوازی باوی موەنەوەرانی ئەو سەردەمە لەپێناو نەتەوەسازیدا بیر لە ئایدیالۆژیای نەتەوەسازی دەکاتەوە و لە چەند بەیتێکدا مێژوو و ڕەچەڵەکی کورد، دەباتەوە سەر ساسانییەکان و دەڵێت:«سولایی ئەکراد» کە ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆسەر ساسانییەکان، «لێرەوە بگرە تا دەگاتە قوباد» سەرجەمیان «زیرەک و ژیر و ئەهلی تەدبیرن». (هەمان :٢١٢) و هەر لەم بارەشەوە، سەرجەم پاڵەوانەکانی شانامە بە کورد ناو دەبات و دەنووسێت: گوردی شانامە پاکیان کوردە (هەمان :٢١٣) و تەنانەت بانگەشەی ئەوەش دەکات، کورد لە هەمووان کۆنتر و ڕەسەنترە، تەنانەت بە شایەتی سەرجەم «تەواریخی جوملەیی ئەدیان» (هەمان :٢٣٨) و تەنانەت لەڕێگەی گوتاری مێژوونووسانەوە، تا «شیراز و ئەسفەهان» هەمووی بە کورد دەکات (هەمان:٢١١).
حاجی لە بەشی یادکردنەوە و یادسڕینەوەشدا، بەپێچەوانەوەی نەریتی ئەدەبی پێشوو، دەست بە بەپەراوێز خستن و سڕینەوەی کەسایەتییە ئایینیەکانی عەرەب، جگە پێغمبەر دەکات و لەبەرانبەردا و لەپێناو دروستکردنی غروری قەومی دەست بە زیندووکردنەوە و یادکردنەوەی کەسایەتییە مێژووییەکانی کوردی وەک سەلاحەددین، نوورئەدینی کوردی، عەزیزانی جەزیر و مووش و وان، مەهەلهەل، ئەردەشیر، دەیسەمی شێر قوباد و میری ئەردەڵانی دەکات و لەم بارەوە دەڵێت: ئەمانە پاکیان کوردن/ ( هەمان :١٥٣) و هەرلەم ئاراستەیەشدا، تەنانەت یادی «والیی سەنەندوج، بەگزادەیی ڕەواندوز» زیندوو دەکاتەوە.
لە نەتەوەوە بۆ دەولەتی کوردی
لە جێی خۆیان هەڵستاون بە غیرەت/ لە دونیا ناوی خۆیان ناوە دەوڵەت
(حاجی قادر کۆیی، هەمان :٢٣)
دیارە حاجی لە گرنگی و بایەخی پێگەی دەوڵەت ئاگادارە و جیا لەوەی باس لە گرنگیی «تەئریخی دەوڵەت» دەکات، ئاماژە بەو خاڵە گرنگەش دەدات کەوا میللەتی کورد، ئەو کاتە لە دنیادا مەزن دەبێت و بە مەزنی ناوی دەبن، کە بیر لە دامەزراندنی دەوەڵەت بکاتەوە( حاجی قادر کۆیی، هەمان :٢٣٧) و لەم بارەوە کە کورد ئاگاداری بایخی دەوڵەت نییە، بەتەواوەتی بێقرار و نائارامە.
کەواتە، هەر لەبنەڕەتەوە ئەو هەوڵەی حاجی بۆ نەتەوەسازی لەپێناو دامەزراندنی دەوڵەت - نەتەوەی کوردستان دابووە و هەر لەم ئاراستەیەدا دەزانێت گەر نەتەوەی کورد دەوڵەتی نەتەوەیی دانەمەزرێنێت، لە داهاتوودا بەئاسانی کەرامەتی پێشێل دەکرێت و لەنێوان« کڵاو سوور و کڵاوەڕەش» تەفروتوونا دەکرێت و لەم بارەوە ڕاشکاوانە باس لەوە دەکات شکۆمەندیی یەک نەتەوە لە دامەزراندنی دەوڵەت دیاری دەکات : ئەوانەی موڵکی خۆیان کردە دەوڵەت/ وەکوو بت دەیپەرستن جەمعی میللەت ( هەمان :٢٥٦)
لەم ڕووەوە حاجی دوابەدوای هەوڵ بۆ نەتەوەسازی، بیر لە هاندانی خەڵکی کوردستان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت دەکاتەوە و پێدەچێت ئاگاداری ئەوە بوو کە نەتەوەسازی پەیوەستە بە ویست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان بۆ دەربازبوون لە ڕەعییەتی و لەم بارەوە بە پەنابردنە بەر گوتاری مێژوونووسانە، دەست بۆ غروری قەومی دەبات و باس لەو نەتەوانە دەکات کە زۆر چکۆلەتر و بە ژمارە کەمتر بوونە لە کورد و پێشترییش وەک کورد ژێردەستەی عوسمانی بوونە، بەڵام چونکە قۆڵی هێممەتیان هەڵماڵیوە، گەیشتوونەتە سەربەخۆیی و لەم بارەوە، ئاماژە بە سوودان، بولغار، سیرب، یۆنان و قەرەتاغ دەکات کە «هەر پێنجیان بە تەعداد نابن بە قەددی بابان»،بەڵام چونکە «هەستانە سەر پێ وەکوو شێر» ، ئیتر لە «ئیستە موستەقیللن » و «مەحسوودی کوللی ئەدیان» و« ساحێبی جەیش و ڕایەت، ئەرکانی حەرب و مەیدان»ی خۆیانن. ( هەمان :٩٩)
حاجی هەر لەم بارەوە، واتە هەوڵ بۆ نەتەوەسازی و ئاماژەدان بە گرنگیی پێگەی دەوڵەت، لە گوتاری شاعیرانەی خۆیدا، جیا لەوەی ڕەخنەی توند لە گوتاری شاعیرانەی پێشووی کورد، دەکات کە بووەتە مەکانی«عیشقبازی » و مەدحی«مەکانی پیسی و میز» و لەم ڕووەوە ڕاشکاوانە، دەست بە لۆمەی کۆمەڵگەی کوردی بەهۆی نەبوونی یەکڕیزی، ئاگادارنەبوون لە بایخی دەوڵەت و هەروەها بەرجەستەبوونی پرسی براکوژی و یەکترکوژی دەکات (مەحموودی:هەمان:١٤٢-١٣٣) و هاوکاتیش بەتوندی لۆمەی نەریتی کوردی و خوێندنی کوردی دەکات کەوا، میللەتی بێ کتێب و بێ نووسین/غەیری کوردان نییە لە ڕووی زەمین (هەمان :٢٥٩-٢٥٧) و لەم بارەوە ڕاشکاوانە دەڵێت: «پاڕانەوە و تەوەککول» ئیتر«لەم عەسرە»دا کە«سەردەمی تۆپ و تفەنگ و هاوەن» واتە سەردەمی مۆدێڕنە،«پارە ناکا»ت (هەمان :٧-٩٦) و، بەدڵنیاییەوە ئەم نەریتە واتە نەریتی «قەید و تەزبیب و شەرح و حاشیەکان بوونەتە سەددی مەعاریفی کوردان ( هەمان :٢٢٦)
ڕەخنە و لۆمەی حاجی لەو سونەت و نەریتە بەهۆی ئەوەیە کە جیا لەوەی گرنگی بە یەکسانی نادات،خوێندنیشی نەک تەنیا«سەنعەتێک « فێری کەس ناکات، بگرە جگە دروستکردنی کەسانی «خاینی موڵک و دوشمنی میللەت»، دەسکەوتی ئەوتۆی نابێت و لەم ڕووەوە دەبێت بیر لە مەعریفەی سەردەم لەڕێگەی وەرگێڕان، ڕۆژنامە، زانکۆ، ناردنی خوێندکار بۆ فەرەنگ و هەروەها ڕەخنەگرتن لە کۆمەڵگە و نەریت و سونەتەکانی بکرێتەوە و حاجی خۆی بەردەوامە لە لۆمەی«قوتبی ئاش» واتە «شاعیر و شێخ و خواجە» کەکۆمەڵگەیان لە «کەسب و کاری تەحسیلی مەعانی» و «مەعریفە» دوور خستووەتەوە (هەمان :١٩٧-١٨٨)
لەم ڕووەوە حاجی بۆ دەربازبوون لەم دۆخە، واتە دۆخی بێمەعریفەیی و بەتایبەت بێدەوڵەتی، لە گوتاری شاعیرانەی خۆیدا، ئەولەویەت بە پرسی نەتەوەسازی دەدات و هەوڵی سەرەکیی خۆی بۆ پرسی نەتەوەسازی تەرخان دەکات و لەم بارەوە یەکەم هەوڵی نەتەوەسازی لەڕێگەی گوتاری مێژوونووسانەی کوردستانەوە سەرهەڵدەدات و لەکۆتاییشدا، حاجی ئەوەش ناشارێتەوە گەرچی: «وەزیفەی »خۆی «بە جێ هێنا تەمامی» بەڵام «بە شیر و دەوڵەتە» کە «میللەت نیزامی» دەبێت (هەمان:٢٥٢).
گوتاری نەتەوەسازی پاش حاجی قادر
پاش حاجی هەوڵ بۆ نەتەوە سازی لەلایەن مونەوەرانی کوردی ئەستەمووڵەوە لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی وەک کوردستان (١٩١٢)، ڕۆژی کورد (١٩١٣)، هەتاوی کورد (١٩١٣)، ژین (١٩١٨) و، هەروەها دامەزرانی چەندین ڕێکخراوە و ناوەندی وەک «جەمعییەتی تەعاوەن و تەرەقی» (١٩٠٨)، «تەعالی کوردستان»( ١٩١٨)، «کۆمەڵەی هێڤی قوتابیانی کورد» (١٩١٢) و بەتایبەت«جەمعییەتی تەعالی کوردستان»(١٩٢٢-١٩١٨) درێژەی پێدرا.
بۆ نموونە، لە یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، واتە کوردستان لە ساڵی ١٨٩٨، وەک هەوڵی نووسەرانی ئەم ڕۆژانەمەی لە بواری نەتەوەسازی، دەکرێت ئاماژە بە بابەتی وەک بایخی خوێندن، ژیاننامەی بەدرخان پاشا، نووسینەوەی شیعری حاجی قادر و خانی و باسکردن لە مێژووی حکامێن جزیرە و هەروەها بابەتی گرنگی وەک ئۆتۆنۆمی، سەربەخۆیی و پەروەردە و گرنگتر لە هەمووی بڵاوکردنەوەی چەندین بەشی شەرەفنامە سەبارەت بە ڕەچەڵەکی کورد لە خولی سێیەمی ڕۆژنامەکە، واتە لە ساڵی (١٨-١٩١٧)دا بدرێت( کوردستان،٢٠٠:٢٢٠-٤٨) و، هەر لەم بارەشەوە، جیا لە بابەتی وەک «نەتەوەی کورد و لقەکانی، پرسی توانایی کورد، مێژووی کەسایەتیی گەورەی کورد، سەلاحەدین ئەییوبی، مێژووی پێش ئیسلامی کورد و هەروەها ئەمیرانی کورد»ی ڕۆژنامەی «کوردستان»ی ساڵەکانی(١٩١٩-١٩٢٠) ئەستەمووڵ، (سەدیق ساڵح و ڕەفیق ساڵح،٢٠٢٢) دەکرێت ئاماژە بە بابەتەکانی بانگی کورد (١٩١٤)، واتە بابەتی وەک نووسینەوەی «مێژووی کۆنی کورد و گەڕاندنەوەی مێژووی کورد بۆ سەردەمی کەیخسرەو و بە ئاریی پێناسەکردنی ڕەگەزی کورد و هەروەها مێژووی کورد لە سەردەمی ئیسلامدا» بدرێت ( سدیق ساڵح و ڕەفیق:٢٠٢١). هەر لەم نێوەندەدا، واتە هەوڵ بۆ نەتەوەسازی لەڕێگەی گوتاری مێژوونووسانەوە، هەست دەکرێت زۆرترین هەوڵ لەلایەن نووسەرانی ڕۆژنامەی «ڕۆژی کورد»وە درابێت، ڕازاندنەوەی چوارژمارەکە بە وێنەی سێ کەسایەتیی مێژوویی، واتە سەلاحەدین ئەییوبی و کەریم خانی زەند و حەسەن بەدرخان وشاری ئەرزەرۆم و هەروەها بڵاوکردنەوەی بابەتی گرنگی «وەک بەهرەی شارستانییەت لە کورددا، یەکگرتویی کورد، تایبەتمەندیی نەتەوایەتی،عەردی مە، پێشکەوتن و ژیاننامەی سەلاحەدین وەک کەسایەتییەکی مێژوویی گەورەی کورد» دەکرێت وەک بەشێک لەو هەوڵانە سەیر بکرێت کەوا لەلایەن نووسەران و موەنەوەرانی ڕۆژنامەی ڕۆژی کوردەوە لەپێناو نەتەوەسازیدا پێشکەش کراون. هەر لەم ئاراستەیەدا،«عەبدووڵا جەودەت» لە ژمارەی یەکەمی ڕۆژنامەکە لە (١٩١٣) سەبارەت بە گرنگیی مێژوو و گوتاری مێژوونووسانە ڕاشکاوانە نووسی: «ئەو نەتەوانەی شارەزای مێژوو و داهاتووی خۆیان بەباشی نین، ناتوانن ببنە خاوەن کیانی سەربەخۆ و هەروەها ئەو نەتەوانەی وا هەست بە بوونی خۆیان ناکەن دەبنە مۆڵکی کەسانی دیکە» (سدیق سالح و ڕەفیق سالح ،٢٠٠٥: ٤-١).
بەم شێوازە، پاش حاجی قادری کۆیی، هەوڵی مونەوەران لە ڕۆژنامەکان سەبارەت بە پرسی نەتەوەسازی درێژەی پێدرا. چەندین دەیەی مونەوەرانی کورد لە ئەستەمووڵ لەڕێگەی ڕۆژنامە و هەروەها دامەزراندنی چەندین ڕێکخراوەی فیکری و سیاسی کە هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی قەومی و زاڵبوونی گوتاری ناسنامەخوازی و گرنگتر لەوە هاوکات بوو لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی یەکەم (١٩١٨-١٩١٤) کە دەرفەتی بۆ نەتەوەسازی و دامەزرانی دەوڵەتی نەتەوە ساز کردبوو، بەڵام هەوڵی مونەوەرانی کورد بۆ نەتەوەسازی بە ڕاگەیاندنی کۆتایی خەلافەت و سەرکەوتنی کەمالیستەکان لە ساڵی (١٩٢١) و بەتایبەت ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیای نوێ لە ساڵی( ١٩٢٣) تووشی کێشەی سەرەکی لە بواری بڵاوکردنەوە و هەروەها خەباتی سیاسییەوە بووەوە و، بەهۆی کۆتایی شۆڕشی کۆچگیری ( ١٩٢١) و ڕاپەرینی شێخ سەعید (١٩٢٣) و هەروەها ڕاپەرینی بەیتی شەباب لە ساڵی (١٩٢٤) وەک بەشێک لە هەوڵی نەتەوەسازی، لە یەکەم وێستگەدا بۆ ماوەیەک ئیتر تووشی وەستان بوو.
پێشگرتن بە هەوڵی نەتەوەسازی لە ئەستەمووڵ لەلایەن کەمالیستەکانەوە، دەرفەتی بۆ ویلایەتی موسڵ و بەتایبەت شاری سلێمانی ڕەخساند بۆ ئەوەی وەک دووەم وێستگەی، ڕۆڵی بێت لە هەوڵ بۆ نەتەوەسازی و لەم ڕووەوە بە گەڕانەوەی مونەوەران و سیاسەتمەدارانی گەڕانەوەی باشوور یان هەمان ویلایەتی موسڵ، بۆ باشوو و بریاری کۆبوونەوەی قاهرە لە ساڵی (١٩٢١) ئەو هیوایەی ژیاندەوە کە هێشتا دەرفەت بۆ نەتەوەسازی لەپێناو بوون بە دەوڵەت لە بەشێکی دیکەی کوردستان لە ئارادایە. کەواتە، پاش کۆتاییهاتنی هەوڵەکانی یەکەم ناوەندی مونەوەری کورد لە ئەستەمووڵ، ڕێگە بۆ ڕەوتی نەتەوەسازی کورد لە ویلایەتی موسڵ و ناوچە کوردنیشینەکانی موسڵ خۆش کرا؛ سەرهەڵدانی شۆڕشی شیخ مەحموود، بڵاوکردنەوەی چەندین گۆڤاری وەک پێشکەوتن (١٩٢٠)، ڕۆژی کوردستان (١٩٢٢)، بانگی حەق (١٩٢٣) وهەروەها ئومیدی ئیستقلال ( ١٩٢٣) دەکرێت وەک بەشێک لە هەوڵی دووەم وێستگەی مونەوەرەی و سیاسەتوانانی کورد بۆ نەتەوەسازی لەڕێگەی گوتاری مێژوونووسانەوە، سەیر و خوێندنەوەیان بۆ بکرێت.
هەوڵی دووەم وێستگەش بۆ نەتەوەسازی لەپێناو دامەزرانی دەوڵەتی کوردستان، گەرچی بە هۆی بریاری (٢٣)ی ئاوریل (١٩٢٣)ی ئینگلیز کە ئەم ویلایەتەی بەفەرمی وەک بەشێک لە عیراق ناساند، کۆتایی پێهات (مک داول،١٣٨٣ : ٣٠١)بەڵام ڕەوتی نەتەوەسازی و بە واتایەک گوتاری مێژوونووسانەی کوردستان کۆتایی پێ نەهات و بگرە پتەوتر و بەرجەستەتر لە جاران لەلایەن مونەوەرانەوە درێژەی پێدرا وئەمجارە، جیا لە رۆژنامەکان، لە بواری مێژوونووسی نەتەوە-تەوەر و هەروەها بزاڤی سیاسی و نەتەوەییدا دەرکەوت. بڵاوبوونەوەی «غونچەی بەهارستان»ی حوزنی موکریانی لە ساڵی (١٩٢٥) و هەروەها «خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان»ی ئەمین زەکی بەگ لە ساڵی(١٩٣١) وەک سەرەتای مێژوونووسیی نەتەوە-تەوەری کوردستان دەکرێت لەم ئاراستەیەدا سەیر و خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
ئەنجام
گوتاری زاڵی تازەگەری وچاکسازیخوازی و بەتایبەت گوتاری ناسنامەخوازیی تورانی و تورکی ئەستەمووڵی نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە، بەستێنی بۆ سەرهەڵدانی یەکەم بەرەی مونەوەری کورد، وەک بەشێک لە دانیشتووانی ئەو شارە ساز کرد و لەم ئاراستەیەشدا، یەکەم هەوڵ بۆ نەتەوەسازی لەپێناو ناسنامەی کوردی و بەمەبەستی دامەرزاندنی دەوڵەتی کوردستان لەلایەن هەمان مونەوەرانی کوردەوە هاتە ئاراوە.
لەم نێوەندەدا، یەکەم هەوڵ بۆ نەتەوەسازی لەلایەن حاجی قادرەوە و بە کاریگەری لەو گوتارە زاڵانەی ئەو سەردەمەی ئەستەمووڵ و هەروەها هەستکردنی بە بایخی نەتەوەسازی بۆ کۆمەڵگەی کوردەواری ئەو سەردەمە، دەستی پێکرد و لەم بارەوە، گوتاری شاعیرانەی حاجی بوو بە ناوەندی نەتەوەسازی وەک بەشێک لە مێژووی گوتاری مێژوونووسانەی کوردستانەوە.
گوتاری مێژوونووسانەی کوردستان یان هەمان مێژوونووسیی کوردستان و سەرجەمی ئەو گوتار و چالاکییانەی کەوا بە مەبەستی وەبیرهێنانەوەی ڕابردووی کوردستان لەپێناو مانابەخشین بە ئیستا و داهاتووی کورد، مانایان بە کوردبوون دەبەخشی، ئیتر بوو بە گوتاری زاڵی حاجی قادری کۆیی و لەم ئاراستەیەدا، ئەم گوتارە لە نەبوونی دەوڵەتی کوردی بوو بە تەنیا ئامرازی مونەوەران و بەتایبەت حاجی قادری کۆیی بۆ نەتەوەسازی لەپێناو دروستکردنی ناسنامەی نەتەوەیی کوردی و بەم شێوازە یەکەم هەوڵی نەتەوەسازی کوردستانی لەلایەن حاجی قادرەوە دەستی پێکرد و، پاش ئەویش لەلایەن مونەوەرانی ئەستەمووڵی ساڵانی کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای بیستەم و لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی وەک کوردستان و ڕۆژی کورد درێژەی پێدرا.
کۆتایی خەلافەت و سەرکەوتنی کەمالیستەکان لە ساڵی (١٩٢١) و بەتایبەت ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیای نوێ لە ساڵی ( ١٩٢٣) لە لایەکەوە و کۆتایی شۆڕشی کۆچگیری( ١٩٢١) و شێخ سەعید (١٩٢٣) لە لایەکی دیکەوە، وێستگەی ئەستەمووڵی بۆ موسڵ، واتە باشووری کوردستان گواستەوە.
سەرهەڵدانی شۆرشی شیخ مەحموود و بڵاوکردنەوەی چەندین گۆڤاری وەک پێشکەوتن (١٩٢٠)، ڕۆژی کوردستان(١٩٢٢)، بانگی حەق (١٩٢٣) و هەروەها ئومیدی ئیستقلال (١٩٢٣) دەکرێت وەک بەشێک لە هەوڵی دووەم وێستگەی مونەوەر و سیاسەتوانانی کورد بۆ نەتەوەسازی لەڕێگەی گوتاری مێژوونووسانەی کوردستانەوە، سەیر و خوێندنەوەیان بۆ بکرێت.
هەوڵی دووەم وێستگەش بۆ نەتەوەسازی لەپێناو دامەزرانی دەوڵەتی کوردستان، گەرچی بەهۆی بڕیاری (٢٣)ی ئاوریل (١٩٢٣)ی ئینگلیز کۆتایی پێهات، بەڵام ڕەوتی نەتەوەسازی، ئەمجارە جیا لە گۆڕەپانی ڕۆژنامەکان، لە بواری مێژوونووسیی نەتەوە-تەوەر و هەروەها بزاڤی سیاسی و نەتەوەییدا دەرکەوت و درێژەی پێدرا. بڵاوبوونەوەی «غونچەی بەهارستان» و «خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان»، وەک سەرەتای مێژوونووسیی نەتەو-تەوەری کوردستان دەکرێت لەم ئاراستەیەدا سەیر بکرێت.
سەرچاوەکان:
ئەڵاکۆم، ڕوهات(٢٠٠٥) کوردەکانی ئەستەمبۆڵی کۆن، وەرگێڕانی ئەحمەد تاقانە، هەولێر، موکریانی.
بدلیسی، شەرەفخان (٢٠٠٦) شەرەفنامە، مێژووی ماڵە میرانی کوردستان، وەرگیڕانی هەژار، هەولێر، ئاراس.
حاجی قادر کۆیی، (١٣٩٠) دیوانی حاجی قادر کۆیی، لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە سەردار حەمید میران و کەریم موستەفا شارەزا، لە سەر نووسینیکی نوێ بە پێی بۆچوونەکانی موحەمەدی مەلا کەریم، سنە، کوردستان.
خانی، ئەحمەدی (١٣٦٧) مەم و زین، ڤەژاندنا: پەرویز جهانی، ورمێ، ناوەندا وەشانین سەلاحەدین ئەییوبی.
زەنگەنە، عەبدووڵا (٢٠٠٥) ڕۆژی کورد (ئیستەمبووڵ ١٩١٣)، پێشەکیی ئیسماعیل شوکور، سلێمانی، بنکەی ژین.
سەدیق ساڵح، ڕەفیق ساڵح و زەنگەنە (٢٠٢١) بانگی کورد، بەغداد ١٩١٤، سلێمانی، بنکەی ژین.
سەدیق ساڵح، ڕەفیق ساڵح (٢٠١١) پێشکەوتن، یەکەم رۆژنامەی سلێمانی، سلێمانی، بنکەی ژین.
سەدیق ساڵح، ڕەفیق ساڵح (٢٠٢٢) کوردستان، ئەستەمووڵ ١٩١٩-١٩٢٠، سلێمانی، بنکەی ژین.
شارەزا، کەریم (١٩٦١) کوێە و شاعیرانی، بەغدا.؟
عەبدوڕڕەحمان، سەعید(١٩٢٥) دیوانی حاجی قادر کۆیی.بەغدا،؟
فواد، کەمال (٢٠٠٠) کوردستان، یەکەم رۆژنامەی کوردی،سلێمانی، بنکەی گەلاوێژ
کەرەمی، سەعید (١٣٩٠) دیوانی حاجی قادر کۆیی، سەردار حەمید میران و کەریم موستەفا شارەزا، سنە کوردستان.
محەمەد، مەسعوود (٦-١٩٧٣) حاجی قادر کۆیی، بەغدا، کۆڕی زانیاری کورد.
مەحموودی، ئیسماعیل (٢٠٢٠) ڕۆشنبیرانی کورد و مەکتەبی ئیستەنبووڵ، گوتاری تازەگەریی کوردی، سلێمانی، جەمال عیرفان.
......................................(٢٠٢٢) هەنگاوێک بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی، سلێمانی، سەردەم
مەلا کەریم، محەمەد (١٣٩٩) حاجی قادر کۆیی شاعیری قۆناغێکی نوێیە لە ژیانی نەتەوەی کورد، سنە، کوردستان.
فارسی:
ولی، عباس و بوز ارسلان (١٣٩٨) گفتارهای در خاستگاە ناسیونالیسم کرد، ترجمەی مراد روحی، تهران، چشمە.
اشرف، احمد (١٣٩٥) هویت ایرانی، ترجمە حمید احمدی،تهران، نی.
فیلد هاوس، دیوید (١٣٧٠) لایان، والاس، کردها، عربها و انگلیسی ها، ترجمەی حسن افشار، تهران، مرکز.
مک داول، دیوید (١٣٨٣) تاریخ معاصر کرد، ترجمە ابراهیم یونسی، تهران، پانیذ.
Amir, Hassanpour (2003) The Making of Kurdish Identity: Pre-20th century historical and literary discourses, Essays on the origins of Kurdish nationalism, Mazda Publishers
Hamilton, Paul (2003) Historicism, Published by Routledge, New York Second Edition
Vali, Abbas(1988). The Kurd and Their Others: Fragmented Identity and Fragmented Politics. Comparatives studies of south Asia, Africa and the Middle East, (xviii)
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved