د. ڕەحمان وەیسی حەسار
پڕۆفێسۆری یاریدەری زمانەوانی، زانکۆی کوردستان- سنە
مەبەستی سەرەکیی ئەم وتارە شیکاریی فەلسەفییانەی چەمکێکی مێژوویی لە بیرکراوە لە ڕێبازی باتنییەی کوردی. پێش ھەرشتێک دەبێت ھەوەڵ واتای ماناناسانەی دەستەواژەی 'باتنییەی کوردی' ڕوون کەینەوە و لە ھەنگاوی دووھەمدا دەبێت لایەنە مێژووییەکانی ئەم چەمکە دەستنیشان بکەین. ئەم وشەیە لە دوو بەشی 'باتنییە' و 'کوردی' پێک ھاتووە، کە پەیوەندیەکی وەسفی و تەخسیسی لە نێویاندا بەرقەرارە. بە وتەیەکی تر، لەم دەستەواژەدا وشەی 'باتنییە' وەک مەکتەبێکی فکری و دینی مەحدود دەکرێتەوە بە بواری تایبەتی 'کوردایەتی'. باتنییە شێوازی جۆراوجۆری ھەیە وەک باتنییەی مەسیحی، باتنییەی مانەوی، یان باتنییەی یەھودی؛ بەڵام باتنییەی کوردی ئەو جۆر باتنییەیە کە لە جەغزی کورداندا سەری ھەڵداوە.
ای اھل شریعت، ای اھل شریعت / حق بە ظھور آمدە، ای اھل شریعت
در حلقە کوردانست مولای طریقت / جمع کردە غلامانش با رتبە معرفت (سەرەنجام)
**
هەق وا لە ناو حەلقەی کوردان / مەستەن لە بۆی لوقمەی زەردان (سەرەنجام)
بە وتەیەکی تر، ئەم دەستەواژە ئیشارە بە جۆرە باتنییەیەک دەکا کە بەشێک لە نەریت و سوننەتی کوردیە. بەڵام پێش لەوەی باسی ناوەڕۆکی ئەم بزاڤە مێژووییە بکەین، دەبێت لایەنە مێژووییەکانی ئەم مەکتەبە نیشان بدەین. لە کۆنترین دەقە مێژوویەکانی عەرەبی نە تەنیا ئیشارە بە حوزووری باتنییەکان لە ناوچەی جێبال بەگشتی کراوە، بەڵکوو ڕاشکاوانە ئیشارە بە بەبرەوبوونی ئەم بیرۆکە لە ناو کورداندا کراوە. ھەروەتر، بەپێی بەڵگە مێژووییەکان ئەم بزاڤە تەنانەت لایەنی سەربازیشی پەیدا کردووە، کە ھەڵبەت تووشی شەڕ و سەرکوتیش ھاتووە. بۆ زانیاری، شۆڕشی خەلیل بن بەدری کوردی، سەید موسا، تەنانەت ئاژاوە بەرچاوەکەی سەیید موحەممەد نوربەخشیش لە ناوچەی کوردستاندا بەشێکن لەم بزاڤە مێژووییە. ھەڵبەت ئەمانە تەنیا ئاماژەگەلێکی کورتن لە سەدان ئاماژەی بەرچاو کە لە دەقە مێژووییەکانا دەبینرێن. بەڵام زۆر لایەنی مێژوویی تریش ھەن کە تەنیا لە دەقی کۆنی کوردی (وەک دەقی یارسانی) و مێژووی زارەکیی کوردی دەبینرێن. بۆ زانیاری، لە دەق و مێژووی زارەکیی یارسان بەڕوونی ئیشارە کراوە بە نەریتێکی کۆنی باتنییەی کوردی کە زۆر پێشتر لە سوڵتان سەھاک و یارانی ھەبووە. لە دەقە پیرۆزەکانی یارسان ئاماژە بە شاهخۆشین لە سەدەی ٤-ی کۆچی، بابا ناعوس و باوە سەرھنگ لە سەدەی ٥ تا ٦ی کۆچی کراوە. لەڕاستیدا، ئاماژەگەلێکیش بە کۆمەڵێک کەسایەتیی وەک باوە جەلیل و بوھلولیش کراوە کە زەمەنی دەرکەوتنیان زۆر ڕوون نییە، بەڵام گۆیا ئەوانیش پێش دەرکەوتنی سوڵتان سەھاک بوون. گرنگیی ئاماژەدان بەم بزاڤە باتنییانە لە دەقە یارییەکاندا ئەوەیە کە نیشان دەدەن فۆڕمی دوایینی یارسان ئەو جۆرە کە بە دەستی سوڵتان سەھاک زیندوو کرایەوە خۆی لەڕاستیدا لەسەر پاشخانێکی زۆر کۆن و لە مێژینەتر سەری ھەڵدا کە ھەمان نەریتی کۆنی باتنییەی کوردییە. بە وتەیەکی تر، یارسان بێدعەتێکی دینی نەبوو کە بە دەستی سەھاک و یارانی بونیاد بنرێت، بەڵکوو تەنیا فۆرمێکی موتەئەخێر بوو لە نەریتێکی مێژوویی کە لە چەند شوێنی تریش بە شێوازی تر تەجەللیی کردبوو و خوویا بووبوو.
ھەڵبەت خودی دەقی یارسانی بە شێوازێکی دینی و ئوستوورەیی مێژووی ئەم نەریتە دەگێڕیتەوە. بۆ وێنە، لە بەشێک لە دەقە دینییەکان باس لە چەندین قاپی (دەرگە: ئیشارە بە دەورەی مێژووییە) میژوویی دەکرێت کە لە ھەر کامدا زات و نەریتی ھەق بە شێوازێک دەرکەوتووە و دەرھاتووە. قاپیگەلێک وەک شەریعەت، تەریقەت و هەقیقەت تەنیا بەشێکی بچووکن لە ھەموو ئەو ڕوواڵەتە جیاوازانە وا مەسلەکی یارسان ئێدیعا دەکا لە مێژوودا وەری گرتوون. ئەم سێ قاپیە دواھەمین تەجەلییەکان و ئاڵوگۆڕییەکانی نەریتی باتنییەی کوردە لەدوای دەرکەوتنی ئیسلام. بەڵام بەپێی دەقی یارسان ئەم نەریتە پێش ئیسلامیش بە شێواز و دەرکەوتەی تریش ھەبووە. ھەڵبەت دەبێت دان بەوەشدا بنیێن کە بەشێک لەم گێڕانەوە و ڕەوایەتانەش تێکەڵ بە ئەفسانە و ئوستوورە بووە و ناچارەکی ھەموویان مێسداقی مێژووییان نییە. ئەم تێکەڵاویی ئوستورە و مێژووە بووەتە ھۆی ئاڵۆزبوونی لایەنە مێژووییەکانی ئاینی یارسان. سەرەڕای ئەوەش شتێکی تریش مێژووی یارسانی تەماوی کردووە و ئەویش ئاکاری شاراوەکاری و تەقییەیە کە بەو ھۆیەوە ناو و ناسنامەی زۆر لە کەسایەتییەکان یان شاردراونەتەوە یان گۆڕدراون. لە وتارێکدا نەریتی شاراوەکاریم لە باتنییەی کوردیدا بەوردی باس کردووە . دوای ئەم پێشەکییە دەبێت باس لە چەمکی مێژوو لە باتنییەی کوردی بەگشتی و یارسان بەتایبەت بکەین.
مێژوو لە یارسان نە تەنیا لەگەڵ ڕوانگە مۆدێڕنەکان بۆ مێژوو جیاوازە، بەڵکوو تەنانەت لەگەڵ زۆربەی مێژووە پێش مۆدێرنەکانیش تەوفیری ھەیە. ئەگەر مێژووی پێش مودێرن بخەینە بەر چاو، دەتوانین بە چەند جۆر دابەشی بکەین. ھەوەڵین گوتاری مێژوویی، گۆتاری دینییە کە مێژوو بە مێژووی ئەنبیا دەزانێت و ھێڵی زەمەن بە پانتایی شەڕی کوفر و ئیمان ناو دەبات. لەم گوتارەدا، کۆتایی مێژوو وەک سەرکەوتنی هەقیقەتی دینێکی تایبەت وێنا دەکرێت. دووھەمین گوتار، گوتاری مێژوویی پادشایانە کە تەرکیزیان لە سەر فتووحات و سەرکەوتنی شا یان سیلسیلەیەکە. تەنیا لە دەورانی مۆدیرندایە کە مێژوو وەک زەمەنێکی خەتتی بەدەوری نەتەوە، وڵات یان چەمکێک بە شێوەی داگەڕان و تەحەول وێنا دەکرێت. بەڵام مێژوو لەنێو یارساندا لە ھەموو ئەو گوتارانەی سەرەوە جیاوازە.
مێژوو بۆ ئاینی یارسان پانتایی تەجەللی و برووزی (دەرکەوتنی) هەقە. بەڵام نابێ هەق لە گەڵ چەمکی خودا تێکەڵ بکەین، چۆن لە یارساندا خودا تەنیا برووزێکە لە هەق نە شتێکی سەربەخۆ و بەرین. تەنانەت وشەی هەقیش لە یارسان وشەیەکی موتەئەخێرە و لە ڕەوایەتە کۆنەکان لەم وشەیەش زۆر کەڵک وەرنەدەگیرا. پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کە ڕەنگە زۆر بەکارھاتنی وشەی ھەق بە ھۆی تێکەڵبوونی کۆمەڵێک لە پەیڕەوانی حرووفییە لەگەڵ کۆمەڵگەی یارسان لە سەدەکانی ٩ و ١٠ بووبێت. ھەر وەک وترا ھەق نزیکە بە چەمکی خودا بەڵام جیاوازیشیان ھەیە. ھەق دەتوانێت بە شێوازگەلی جۆراوجۆر برووز بکا کە خودا تەنیا یەکێک لەوانە. بۆ شەرحی ئەم بیرۆکە باتنییە دەبێت چەمکی برووز، یۆرت، بارگە، دونادون و مەزھەرییەت شیکاری بکەین. هەق لە ھەر دەورە و زەمەنێکدا بە شێوازێکی تایبەت و بە نێو و ڕێبازێکی نوێدا برووز دەکات. ئەو مەکان و زەمەنە کە ھەق لە ناویدا خۆی دەردەخات بە شێوەی خوازە و ئێستعارە پێی دەڵێن یۆرت و بارگە. بەپێی ئەم خوازەیە، ھەق وەک 'ھەمیشە مۆسافرێک' وایە کە بەردەوام لە ھەوار و مینگەیەکەوە دەچێت بۆ ھەوارێکی تر. ھەر کاتیش لە جێگەیەک بۆ ماوەیەکی کاتی بارگە و بنە و یۆرت دادەخات. ئەم خوازەیە خودا وەک ھەمیشە کۆچەرییەک وێنا دەکات کە ھەمیشە لە سەفەری برووز و تەجەلیدایە. ئەو لە ھەر برووزێکدا (لە زەمەن و مەکانی تایبەت) بە شێوەیەک دەردەکەوێت و بە ناو و سیفەتێکی جیاواز خۆیا دەبێت.
ئەو کۆی کەس نەزان، ..... / بارگەی شام وەستەن، ئەو کۆی کەس نەزان
مێردان مەگێڵان قاف تا قاف جیھان / شام ھا نە جامەی شەرتە و ڕای دیوان (سەرەنجام)
**
وەست ئەو کۆی جمھوور وەست ئەو کۆی جمھوور / بارگەی شام لوا، وەست ئەو کۆی جمھوور
شام نامش گۆ بی، نە ھند کەرد زوھوور / ساقی نمانا جام ئەنتەھوور
شەترەنج بەر ئاورد ئەو پەرێ پەنجی / ھەر پەنج ستێزان نە دەورەی گەنجی
سەر جەم نە جەمدار، ئی پەنجە سەنجی / نام خاوەند کار وانا وە خنجی (سەرەنجام)
**
ئەو یۆرت موختار، ئەو یۆرت موختار / بارگەی شام وەستەن، ئەو یۆرت موختار
جەیانەی بن جان شا کەردش گۆزار / عالەمی ئەرواح شەو و ڕۆ بێدار
بێ خورد وبێ خاو دایم بین ھۆشیار / واردەنیشان بی چە نویر ڕوزگار (سەرەنجام)
لە ھەر سەردەمێکیشدا، بەپێی دۆخی تەجەللی مەسلەک و جیھانێکی نوێ خۆیا دەبێت. مرۆڤی ئەو سەردەمەش ھەر نە تەنیا بەردەنگی ئەم برووزەیە، بەڵکوو لە بازنەی ئەو برووزە جێگە و پێگەیەک وەردەگرێت. ھایدێگێر وەھا دۆخێکی بنەڕەتی لە ڕوودانی بوون بە وشەی Ereignis یان 'بە ھی خۆکردن' وەسف دەکات کە لەودا بوون لە شێوازێکی تایبەتدا برووز دەکات و شتەکان (وەک مرۆڤ و شتانی تر) بە ھی خۆ دەکات و ھەموو شت لە جیھانێکی نوێدا دادەمەزرێن و یەک دەگرنەوە.
تەجەللیی هەقیقەت یان بوونی قودسی لە ئاینی یارساندا نەبەستراوەتەوە بە پڕۆسەی ئافراندن و خیلقەتەوە، بەڵکوو هەق وەک تەنیا بوونی پیرۆز تەنانەت پێش لە خیلقەتیش برووز و تەجەللیی ھەیە. بۆ وێنە، چەندین یۆرت و برووزی ھەق لە دەقی یاریدا ھاتووە کە ھی پێش ڕووداوی خیلقەتن. ئەم برووزانە بەر لە کرانەوەی چاوی فریشتە و ئادەمن، بۆیە ئەم دەورانە بۆ ئەوان (فریشتە و ئادەم) وەک ڕازێکی ھەمیشە تاریک خۆ دەنوێنن. ئیبن عەرەبی ئەم چاخە ڕازئالودە (یانی بوونی پیرۆز پێش خیلقەت) وەک عێما (یانی کوێری) وەسف دەکا، کە ئیشارەیە بەوەی بوونەوەران کوێرن لە ئاستی ناسینی ئەو. بەڵام دەبێت بڵێین ئەم چاخە تایبەتەی برووزی ھەق لە یارساندا زۆر لە بوونناسیی عیرفانیی ئیبن عەرەبی ئاڵۆزتر و بەپێچوپەناترە، چون ئەووەڵەن بەپێی دەقی یاری، ھەق پێش لە خیلقەت نە یەک برووز بەڵکوو چەندین برووزی ھەیە کە بە ناوگەلی جیاواز وەک دوونی یا، یان قودرەت یان دوونی شەنتیا وەسف دەکرێت. بەڵام ئەگەر پرسیار کرا کە تەجەللی لە غیابی خیلقەتا چۆن دەکرێت؟ وەڵام ئەوەیە کە ئەم جۆرە لە تەجەللی ھەر جۆرێک بێت لە دەرەوەی جەغزی فامی ئینسان و فریشتەیە. تەنانەت زۆر جار لە دەقی یاری تەنانەت لە جەنگەی مێژووی ئینسانی باس لەوە کراوە کە ھەق بۆ کاتی (نە ھەمیشە) دەچێتە غیاب و عالەمی بوونەوەرانی سەر زەوی لە بەرەکەتی تەجەللی بێبەش دەبن. یەکێک لەم ئێشارەتانە داستانی پیرالیە کە باس لە پێواربوونی ھەق دەکات لە عالەمی بەحر و بێقەراریی فریشتەکان بۆ ئاشکرابوونەوەی دووبارەی ئەو.
دوای چاخەکانی ڕاز، ھەق (کە بێ ئەژمار یۆرتی ھەیە) لە یۆرتی خاوەنکاری دەردەکەوێت و جیھان دەخوڵقێنێت. لەم کاتەیە کە عالەمی ئینسان و فریشتە خۆیا دەبێت و مێژوو دەست پێ دەکات. وردەکارییەکانی ئەم دەورە لە دەقی یاری بەوردی باس کراوە و شیکاریی ھەموو ئەو وردەکارییانە لە تاقەتی ئەم وتارەدا نییە. حاجی نێعمەتی جەیحوون ئابادی، گەورە فەیلەسوفی یارسانی، ئەم چاخە تایبەتە (یانی دەستپێکردنی مێژوو و ھەروەتر بەسترانەوەی تەجەللیی ھەق بە مێژووەوە بۆ مرۆڤ) وەک پەیمانێکی ئەزەلی لەنێوان ھەق و ئینسان-فریشتە ئەزەلییەکان (حەوت تەن) ناو دەبات. ئەو ئەم دۆخە وەک نۆشینی ژەھری زەمەن وەسف دەکا، چونکە ئەگەرچی ھەق لە مێژوویەکی پیرۆزدا جار جار دەردەکەوێت، بەڵام ئەم دەرکەوتنە ئالوودەیە بە غیاب، ھیجران، ڕەنج و هەڵبەت بە تێکەڵاوبوونی ھەق لەگەڵ ناھەق. لەڕاستیدا، ھەق ئەگەریش بە یۆرتێکەوە لە بارگەیەکی (دەورە) مێژووییشدا دەرکەوێت، دیسان یۆرتەکانی تری شاراوەن و دوونەکانی تری دەچنە غیابەوە. ئەم دۆخە لە یارسان وەک ڕەنگ بازیی ھەق شەرح دەکرێت کە لەودا هەق بە ڕەنگێک خۆیا دەبێت بەڵام بە ھەزار ڕەنگ دەشاردرێتەوە. ھایدێگێر ئەم کایەیەی بوون (یانی ڕەنگ بازیی ھەق) بە Aletheia وەسف دەکا کە لەودا بوون لە سەردەمێکدا بە شێوازێک دەردەکەوێت، بەڵام ھەروەتر بە شێوازێکی تر دەشاردرێتەوە؛ واتە ھەر برووزێک لە بوون ھاوکات شاردرانەوەی لایەنێکی تریەتی.
مەولام ڕەنگبازەن ڕەنگش عەجەب کار / مەنمانۆ ڕەنگ ڕەنگ پەی مێردان ئیقرار
مێردێکم گەرەکەن ئەگێڵۆ وە تار / ژەی ڕەنگای ڕەنگە ئەو نۆش کەرۆ ژار (سەرەنجام)
**
نە ھەر جامەیە و ڕەنگش نیارا / یارێکم گەرەکەن، مێردی ھوشیارا (سەرەنجام)
**
وە زاھر سوڵتان، وە باتن ھودان / جە ڕۆژ ئەزەڵ، ڕەنگش کەرد پایان (سەرەنجام)
دەستەواژەی ڕەنگ بازی، سروشت و خدەی Ethos تەجەللیی ھەق لە مێژوودا نیشان دەدات. ھەق لە ھەر چاخێکدا بە شێوەیەک خۆیا دەبێت بەڵام شێوەکان و یۆرتەکانی تری دەچێتە غیابەوە. بۆیە ئادەم و فریشتە ھیچ کات هەقیقەت لە شێوازی تەواو و کەماڵدا نابینن. ھەق لە ھەر بارگەیەک بە یۆرت و ئاین و تەریقەتێکی تایبەتەوە دەردەکەوێت، بەڵام بێ ئەژمار برووز و یۆرتی تری ھەیە کە لەو کاتە تایبەتەدا لە غیابن، بەڵام ھەر ھەموویان تەجەللیی ئەون. چەمکی وەحدەتی ئەدیان (یانی گەڕانەوەی ھەموو دینەکان بۆ یەک هەقیقەت) لە یارساندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەم بنەما بوونناسانەیە لە تەریقەتی یاریدا. ھەر بەم ھۆیەوەیە کە یارسان تێبینییەکی جیاوازی بۆ یاسا و شەرع ھەیە کە لەگەڵ مەزاھێبی تر جیاوازە. لە وتارێکدا ئەو جیاوازیانەم بەوردی باس کردووە .
بەڵام دەبێت ئاگادار بین کە مێژووی پیرۆز (پانتایی برووزی ھەق) ھەرگیز تەنیا مێژووی ئەنبیا و ئەدیان نییە، بەڵکوو هەق لە ھەزاران یۆرت و دووندا دەردەکەوێت کە دین تەنیا یەکێک لەوانە. بۆیە دەقی یارسان زۆر جار باسی تەجەللیی هەقی کردووە لە بەرگی فەیلەسوفان، پادشایان، قەڵەندەران، سۆفیان و تەنانەت مناڵان و هەتا بوونەوەرانی غەیری ئینسان. تەنانەت لەم دەقانە شێوازی تەجەللیش جیاوازە: جار وایە ھەق ڕاستەوخۆ دەردەکەوێت (زاتی ئینسانی)، جاری وایە لە لەشی کەسێکا بە کاتی حلول دەکا (شاە مێھمان)، جاری واشە لە پەیکەرەی غەیری ئینسانی برووز دەکا. دەقی یارسان جارجار و بە شێوەی ئیشارە بڕێک لەم چاخە مێژووییانە و کۆمەڵێک لە یۆرت و تەجەللییەکانی هەق بەکورتی باس دەکات، بەڵام ھەرگیز نایھەوێت ڕەوایەتێکی کامڵ و یەکدەست لە مێژووی بوون بە دەستەوە بدا. چون ئەوەڵەن ھەموو ئەم برووزانە نەنووسراونەتەوە، دووەمەن زۆر لە برووزەکان لە قاڵبی گۆتارە ناسراوەکاندا نەبوون، سێھەمەن زۆریان لە قاڵبی ڕازدا ماونەتەوە. لە وتارێکدا بەکورتی چەن چاخم لەو مێژووە پێشنیار و شیکاری کردووە، کە لێرە دووپاتی دەکەمەوە. بەڵام دەبێت بوترێت کە ئەم چاخ و دەورانە تەنیا بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەیە کە سوڵتان سەھاک و خاندانەکانی یارسانی لەدوای کام کەسایەتییەکانی دوای ئیسلام دەرکەوتن، دەنا ئەو مێژووە مێژووی بوون و ھەق لە یارساندا نییە. لە خوارەوە ئاماژە بەو دەورە مێژووییانە دەکەین کە لە دەقەکاندا ھەڵھێجنراون:
ـ دەورەی ١، یۆرتی کەسنەزانی (دەورەی یا)، دەورەی پێش خیلقەت (یا، شەنتیا، قودرەت)،
ـ دەورەی ٢، یۆرتی خاوەنکاری (دەورەی خیلقەت)،
ـ دەورەی ٣، شاھی (برووز لە شاھان و کەسایەتییە کەوناراییەکان)،
ـ دەورەی ٤ یان دەورەی شەریعەت (دەورەی حەزرەتی محەممەد و ئیمامی عەلی لە سەدەی ھەوەڵی ھیجری)،
ـ دەورەی ٥ یان دەورەی تەریقەت و مەعریفەت (دەورەی شاە خۆشین لە سەدەی ٤ و ٥ ھیجری)،
ـ دەورەی گوزار (دەورەگەلی باوە ناعوس، باڵوول، باوە سەرھەنگ لە سەدەی ٥ تا ٧)،
ـ دەورەی ٦ یان دەورەی هەقیقەت (دەورەی سۆڵتان سەھاک و یارانی لە سەدەی ٧ و ٨)،
ـ دەورەی جانشینانی سۆڵتان سەھاک (شاە ئیبراھیم و باوە یادگار لە سەدەی ٨ ، ٩)،
ـ دەورەی خاندانی (لە سەدەی ٩ تا ئێستا) .
ھەڵبەت پێویستە ئەوە بڵێین کە ئەو دابەشکارییە نیوەچڵەی سەرێ، مێژووی ھەق و بوون نییە لە یارساندا، بەڵکوو تەنیا داڕشتەیەکە لە مێژووی پیرۆزی ھەق، بۆ ئەوەی پێگەی مێژوویی یارسان وەک میراتگری نەریتێکی ئەزەلی ڕوون بێتەوە، دەنا نە ئەم دابەشکارییە نیوەچڵە مێژووی دوورودرێژی ھەق دەگێڕێتەوە، نە مێژووی ھەق بەستراوەتەوە بەم ھێڵە بەرتەسکە. وشەی بارگە یان یۆرت (لە نمووداری سەرێ) کە لە دەقی یاری بە کار دێت بە شێوازێکی خوازەیی ئیشارە بە دەورە و شوێنی برووزی ھەق لە مێژوودا دەکا. لە ڕوانگەیەکی باختینی ئەم وشە ئیشارە بە کڕۆنۆتۆپی (کات-شوێن) تەجەللیی ھەق لە مێژوودا دەکات.
مێژووی ھەق لە یارسان نە مێژوویەکی هێڵییە (خەتتی) کە ھەوەڵ و ئاخری بێت، نە مێژوویەکی تەکامولیە (فراژووبوون) کە لە شێوازێکی ساکارەوە دەس پێ بکات و بە شێوازێکی موتەکامێل تەواو ببێت. مێژووی یارسان مێژووی ڕەنگبازیو برووزە، نە لە جێگەیەکی تایبەتەوە دەس پێ دەکات، نە لە جێگەیەکی دیاریکراودا تەواو دەبێت. لۆژیکی ڕەنگبازیو کۆچ لەڕاستیدا خەتتی و تەکامۆلی نییە، بەڵکوو بریتییە لە لۆژیکێکی ڕیزۆماتیک و ناتەبا . ئەم دوو چەمکە دێلوزیە بەجوانی مەنتقی برووز ڕوون دەکەنەوە. ھەموو یۆرت و برووزەکان پێگە و ھەقیقەتی خۆیان ھەیە و ھیچی لەوانی تر بەرزتر و تەواوتر نییە. بەڵکوو وەک چەندین لاپەڕەی جیاواز و لێکترازاو ھەر یەک تەعبیری خۆی دەکا لە ڕەنگبازیی هەق. ئەم لاپەڕانەش ناچنەوە سەر یەک تەوەر و باسی ئێستێعلایی و بەرینی واحید. ھەروەتر، ھیچ ڕیزمان (پێش و دوایی، یان ھێڵێکی بە تەرتیب و تەکامۆلی) و ڕێزمانێکی (پشت ئەستور بە پلان و گەڵاڵەیەکی لە پێشین) ڕوون و ئێستێعلایی لەنێوان ئەم بارگە و یۆرت و تەجەللییانە بوونی نییە. تەنیا شتێک کە دەکرێت لەم بارەوە بیڵێین ئەوەیە کە ئەمانە برووزاتی جیاوازی ھەقن لە مێژوویەکی غەیری خەتتی و ڕیزۆماتیکدا. ھەروەتر ئەم برووزاتانە جار جارێکیش ناتەبایی و لۆژیکی نایەکسان لە خۆیانەوە نیشان دەدن، تا ئەو ئاستەی کە ھەقدۆزان ھەقیان لەو شێوازە ناتەبایانە نەناسیوەتەوە. بەپێی ئەم ئەسڵانەیە کە هەر لەبنەڕەتەوە سازکردنی ھەر جۆرە سەروو-ڕەوایەتێکی دیاریکراو لە مێژووی هەق یان مێژووی بوون نامومکینە.
بەپێی ئەم بنەما بوونناسانەیە لە یارساندا، ھیچ جۆرە گەردوونناسییەکی تاک (واحید) و تەواو لە دەقی یارسان بوونی نییە. لەڕاستیدا، ئەگەر سەرلەبەری دەقی یاری لێک بدەینەوە، بەو قەناعەتە دەگەین کە جگە لە چەند وردەگێڕانەوەی ناڕێک لە چەند مەرەمۆی Verse پەراکەندە لە چەن دەفتەری تایبەت شتێک دەستمان ناگرێت؛ چونکی تەریقەتی باتنییەی کوردی، خیلقەت (وەک بنەمای گەردوونناسی) تەنیا بە بەشێک لە مێژووی ڕیزۆماتیک و ناتەبای بوون دەزانێت نە شتێکی بنەڕەتی و ئەنجامگر.
سەرچاوەکان
کابشر بزهویی. نسخه. فرمایشات کابشر بزهویی. نسخه.
دانشور، فریدون. نوسخە. زبور حقیقت (دیوان گوره). نسخه.
قبادی، قوباد. ١٣٨٧. دیوانی گەورە. نسخە.
طاهری، طیب. 2007. سرانجام: مجموعه کلامهای اهل یارسان. سلیمانیه: انستیتو فرهنگی کرد.
Bakhtin, M. M. (1981). The dialogic imagination: Four essays (M. Holquist, Ed.; C. Emerson & M. Holquist, Trans.). Austin, TX: University of Texas Press.
Deleuze, G., & Guattari, F. (1987). A Thousand Plateaus: Capitalism and Schizophrenia (B. Massumi, Trans.). Minneapolis, MN: University of Minnesota Press.
Heidegger, M. (2012). Contributions to philosophy (Of the event) (R. Rojcewicz & D. Vallega-Neu, Trans.). Bloomington, IN: Indiana University Press.
Heidegger, M. (2013). The essence of truth: On Plato's cave allegory and Theaetetus (T. Sadler Trans.). London: Bloomsbury Academic.
Kreyenbroek, P. (2020). God first and last: Religious traditions and music of the Yaresan of Guran. Volume I: Religious traditions. Harrassowitz Verlag.
Veisi Hasar, Rahman and Rezania, Kianoosh. 2022. Transcendence between Expression and Secrecy: A Critical Cognitive Perspective on the Metaphorical Discourse of Yārsān Religion. Iranian Studies. 791-811.
Veisi Hasar, Rahman. 2023. Law and its Absent Addressee: Towards the Semiotics of Sharia. International Journal for the Semiotics of Law. 2397-2427.
Veisi Hasar, Rahman. 2024. Canonization and Sacred Text in the Yārsān Religion. Iranian Studies. 47-72.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved