کەیسی تایبەت:
"لێکۆڵینەوەیەک لە دۆخی زمانە باوەکانی ئازەربایجان لە سەدەکانی سەرەتای ئیسلامی و ڕەخنەیەک لە بۆچوونەکانی کەسرەوی لەم بارەیەوە"
د. سیروان خۆسرەوزادە
دکتۆرای مێژووی ئێران
پوختەی وتار
لەو ناوچەی کە لە سەردەمی باستاندا ناوی میدیای بچووک بووە و بۆ یەکەمجار لە سەرچاوەکانی سەردەمی ئیسلامیدا بە ناوی ئازەربایجان ناوی هاتووە، زمانەگەلێکی زۆر و جیاواز باو بوون. تا سەدەی پێنجەمی زاینی، زمانی کوردی بە شێوەزارە زۆرەکانییەوە، یەکێک بوو لەو زمانانە. لەم کاتەدا لەگەڵ هاتنی تورکەکان بۆ ئەم ناوچە، کورد و زمانی کوردی لەگەڵ زمانی پاڵەوی و دەیلەمی و هتد، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کاریگەری و پێگەی خۆیان لە بەرژەوەندیی دانیشتووانی نوێدا لەدەست دەدا، تا ئەو ڕادەیەی کە دواجار بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەم ناوچەیە بوو بە تورک و زمانی دانیشتووانەکەشی بوو بە تورکی.
لە قۆناغی دوای شۆڕشی مەشرووتییەتی ئیران (1906) مشتومڕ لەسەر مێژوو و ناسنامەی مێژوویی ئازەربایجان لەنێو ڕۆشنبیرانی ئێراندا دەستی پێکرد و گەیشتە لوتکە. سەرەڕای ئەوەی کە ئازەربایجان مەکۆی زمانە بێشومارەکان و لەوانە زمانی کوردی و هەموو زاراوەکانی بوو، بەڵام کەسانی وەک ئەحمەد کەسرەوی پێیان وابوو کە زمانی باڵادەستی ئەم ناوچەیە "ئازەری" بووە کە دوای هاتنی تورکەکان گۆڕاوە بۆ تورکی.
کەسرەوی و هاوبیروڕاکانی کاتی باس لەسەر ئەو زمانانەی کە لە ئازەربایجاندا باو بوون، بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین ناوێک لە زمانی کوردی بێنن بەڵکوو تەنیا لەسەر زمانی ئازەری جەختیان کردووەتەوە. ئەم وتارە بە پشتبەستن بە سەرچاوە کۆنەکان و لێکۆڵینەوە نوێیەکان هەوڵ دەدات وێڕای خوێندنەوەیەکی نوێ لە مێژووی کوردی واتە کەیسی زمانە باوەکانی ئازەربایجان لە سەدەکانی ئەوەڵی ئیسڵامی، بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگەرانەوە لێکۆڵینەوە لە بیر و بۆچوونەکانی کەسرەوی بکات و دەری بخات کە هۆکاری پێداگریی ناوبراو لە زمانی ئازەری وەک زمانی ئەسڵی و بنەڕەتیی ئازەربایجان لەو سەردەمە چییە و هەروەها هۆکاری خۆ بەدوورگرتنی ناوبراو لە ئاماژە بە زمانی کوردی و دانپێدانان بەو زمانە وەک زمانێکی ڕەسەن و باوی ئەو سەردەمە لە چیدایە؟ دەرئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوە نیشان دەدات کە لەڕاستیدا گرنگترین هۆکاری پێداگریی کەسرەوی لەسەر زمانی ئازەری وەک زمانی دانیشتووانی ئازەربایجان پێش هاتنی تورکەکان دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕینی ناوی خاکی ئەران بۆ ئازەربایجان لەلایەن محەمەد ئەمین ڕەسووڵزادە لە ساڵی 1918 زاینی و پڕوپاگەندەی فراوانخوازانەی پان تورکەکانی ئەو کۆمارە و وڵاتی عوسمانی کە هەوڵی یەکخستنی ئازەربایجانی ئێران و کۆماری ئازەربایجانییان دەدا. سەبارەت بە خۆ بەدوورگرتن لە باسی زمانی کوردی و دان پێدانەنان بەم زمانە وەک زمانێکی ڕەسەنی ناوچەکە لەو سەردەمەدا دەبێت بوترێت مەبەست و تەقالای کەسرەوی نەک ڕوونکردنەوەی مێژووی ئازەربایجان و لێکۆڵینەوەیەکی زانستی بەڵکوو کاردانەوەیەک بوو بە گوشار و پرۆپاگەندەی تورکە ناسیۆناڵیستەکان کە یەکخستنی هەر دوو بەشی ئازەربایجانیان مەبەست بوو؛ هەربۆیە، بنەمای لێکۆڵینەوە و هەڵوێست و کتێب نووسینەکەی کەسرەوی سیاسی بوو نەک زانستی. دیسانیش دەبێت بوترێت کەسرەوی ئەگەرچی ئێرانییەکی ناسیۆناڵیست بوو بەڵام لەبنەڕەتدا تورکێکی تەورێزی بوو و لەئاست کورددا بێلایەن نەبوو و پێی خۆش نەبوو دان بەو ڕاستییەیدا بنێت کە پێش هاتنی باب و باپیرانی بۆ ئازەربایجان، کورد خاوەنی ئەو ناوچەیە بووە، هەربۆیە خۆی لە باس کورد و زمانی کوردی لەو سەردەمەدا پاراستووە.
وشە سەرەکییەکان: میدیای بچووک، ئازەربایجان، زمانی ئازەری، زمانی کوردی، ئەحمەد کەسرەوی، محەمەد ئەمین ڕەسووڵزادە
پێشەکی
مێژوونووسی مۆدێڕن یەکێکە لەو دیسیپلینە گرنگانەی کە گەشە و پێشکەوتنی، هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕی ناسیۆنالیستی کە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمەوە دەستی پێکرد. هەر لەو ماوەیەدا بوو کە وڵاتانی ئەڵمانیا و ئیتالیا بۆ یەکەمجار یەکگرتوو و یەکپارچە کران و بوون بە یەکەیەکی سیاسیی یەکگرتوو و، پرەنسیپی دەوڵەتی نەتەوەیی بوو بە بنەمای فەرمیی یەکگرتوویی سیاسی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. زۆری نەخایاند لە وڵاتە ڕۆژهەڵاتییەکانیش ئەم بیروباوەڕانە کاریگەرییان کردە سەر حکومەتە سیاسییەکان و ئەم دەسەڵاتانەیان بەرەو فۆڕمێکی پەرەسەندن لە حوکمڕانیی مۆدێرن برد. لە ئێراندا، دوای دامەزرانی سیستەمی دەستووری و پارلمانی، ڕۆشنبیرانی ئێران لەژێر کاریگەریی پێشهاتەکانی وڵاتە ڕۆژاواییەکان، مۆدێلی سیاسیی دەوڵەت-نەتەوەیان لەبەر چاو گرت و هەوڵی یەکخستنەوە و چەسپاندنی یەکپارچەیی خاکی ئێرانیان دا.
لەم پێوەندییەدا، مێژوونووسی خرایە خزمەتەوە و ئایدۆلۆژیستەکانی دەسەڵاتی نوێی ئێران وەک زۆرێک لە وڵاتانی دیکە ئەم بوارەیان نە لە چوارچێوەی زانستی، بەڵکوو لەپێناو بەرژەوەندیی سیاسی لەبەر چاو گرت. ئەم ڕێبازە لە هەموو وڵاتان لەبەر چاو گیرا و دەرئەنجامی ئەم هەڵوێستانە، کە زۆرجار دژ بە یەکتر بوون، پێکدادانی دەرەنجامی مێژوونوسییەکان بوو کە ئاکامی سروشتیی سیاسیی مێژوونووسی بوو. ئێستا لەگەڵ نزیکبوونەوەمان لە پێکهاتنی سیستەمی سیاسیی دەوڵەت نەتەوەیی لە کوردستاندا، لە لێواری سەرهەڵدانی مێژوونووسییەکی مۆدێرنیشداین بۆ کورد. بەڵام ئهوهی دهبێت بهتهواوی لەبهر چاو بگیرێت و جه ختی لەسەر بکرێت ئه وهیه که نابێت مێژوونووسیی کوردی، واتە زانستی مێژوونووسی که ئهرکە سهرهکییهکهی "ڕۆشنگهڕیکردن و حەقیقەتخوازییە" ببێتە قوربانیی قازانجی سیاسی؛ بە واتەیەکی دیکە، نابێت ههمان ڕێچکه پهیڕهو بکات که مێژوونووسییه مەحکووم و دۆڕاوهکانی هەندێک نهتهوه پهیڕهویان کردووه .
مێژوونووسیی کوردی دەبێت پابەند بێت بە خوێندنەوەیەکی عەقڵانی، دوور لە شێواندن و چەواشە. دەبێت تەنیا و تەنیا بە مەبەستی گەیشتن بە حەقیقەت و ڕاستی و کەڵکوەرگرتن لەو حەقیقەتە لەپێناو ڕۆشنگەریی کۆمەڵایەتی، لەبەر چاو بگیرێت. بە سەرنجدان بەو ڕاستییەی کە میتۆدی مێژوونووسی پەیوەندییەکی نزیکی بە بۆچوون و هەڵوێستی هەموو تاکێکی کۆمەڵگاوە هەیە سەبارەت بە ناسنامە و ڕابردووی خۆیان، نابێت ئەم بوارە هەستیارە بە شتێکی ئاسایی وەربگیرێت و ئەرکە بەرزەکەی ببێتە قوربانیی هەستی بێبنەما و ناڕاست. سەبارەت بە گرنگی و هەستیاریی مێژوونوسین دەبێت هەر ئەوەندە کە بزووتنەوە بەربڵاوەکانی فاشیستیی کۆمەڵگاکانی وەک ئەڵمانیا و ئیتالیا لە سەردەمی هیتلەر و مۆسۆلینی و پان تورکیزمی سەردەمی ئەتاتورک و هتد کە کۆتاییان بە ژیانی ملیۆنان کەس هێنا، بەتەواوی دەرئەنجامی خوێندنەوەی هەڵە لە ڕەگەز و ناسنامە و پێشینە و مێژووی ئەو گەلانە بوو؛ بۆ نموونە، پێداگری لەسەر باڵادەستیی ڕەگەزی بوون کە بۆ یەکەمجار لەلایەن مێژوونووسە ڕەگەزپەرستەکانی ئەو وڵاتانەوە خرایە ڕوو و پاشان لە ماوەیەکی کورتدا بوو بە باوەڕی نەتەوەیی و گشتگیری ئەم کۆمەڵگایانە، ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو لە بەلاڕێبردنی بیروڕای گشتی.
مێژوونووسیی مۆدێڕنی کوردی وەک کۆرپەیەکی ساوا ڕوو لە باڵاکردن و گەشەکردندایە. ئەوەی پێشتر سەبارەت بە کورد نووسراوە و وتراوە زۆرجار بەرهەمی نەیارانی کوردە و ئێستا کە کورد دەرفەت و توانایی و مەجالی خوێندنەوە و نووسینی مێژووی خۆی بۆ ڕەخساوە، پێویستە دەست بداتە خاوێنکردنەوەی ڕابردووی خۆی و سڕینەوەی ئەو بانگەشە و چەواشانەی نەیاران کە بەئەنقەست یان نائەنقەست لەسەری نووسیویانە. هەربۆیە، لەم بابەتەدا وێڕای بایخدان بە ئەرکی مێژوونووسیی کوردی و پێشکەشکردنی خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ مێژوو، یەکێک لەو هەزاران بابەتە مێژووییانە دەخرێتە بەرباس کە پێویستە مێژوونووسیی کوردی دێر یان زوو بە ڕوانگەیەکی نوێوە خوێندنەوەی بۆ بکات.
لەم وتارەدا، مێژوونووسیی کوردی بە ڕێبازێکی نوێ لە سەر کەیسێکی تایبەت واتە پرسی ئەو زمانانە کە لە سەدەکانی سەرەتای ئیسلامیدا لە ناوچەی ئازەربایجان باو بوون و قسەیان پێدەکرا، خوێندنەوەیەکی کوردی و هەروەها زانستی دەخاتە ڕوو و ڕەخنە لەو تیۆرییانەی دەگرێت کە مێژوونووسە ناکوردەکان لەم بارەوە نووسیویانە و لەم پێناوەدا دەستیان داوەتە چەواشەکاری و سڕینەوەی جێگە و پێگەی کورد و زمانی کوردی.
وەک دەزانین لەنێوان ڕووناکبیرە ئێرانییەکان باوەڕ وایە پێش بە تورککردنی ئازەربایجان، زمانێک بە نێو زمانی ئازەری لەم ناوچەدا باو بووە و دانیشتووانی ئەم ناوچە بەم زمانە دواون. ئەم بۆچوونە پاش شۆڕشی مەشرووتییەتی ئێران و بەتایبەت لە سەروبەندی جەنگی جیهانیی یەکەم و ساڵانی دواتردوا بەدوای بڕێک ڕووداو دەستی پێ کرد و، مشتومڕی بەرفراوان سەری هەڵدا سەبارەت بەوەی دانیشتووانی ئازەربایجان تورک نین، بەڵکوو ئازەرین و لەڕاستیدا زمانەکەیان بووە بە تورکی. سەی ئەحمەد کەسرەوی تەورێزی پێشەنگی ئەو کەسانەدا بوو کە بەرگرییان لەو باوەڕە دەکرد. هەر لەم پێناوەدا کتێبێکی لەسەر ئەو بابەتە بە ناوی "ئازەری یان زمانی کۆنی ئازەربایجان" نووسی و بڵاوی کردەوە. لەسەر ئەم بنەمایە، زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی ئازەربایجانی خۆیان نەک وەک تورک، بەڵکوو بە ئازەری پێناسە دەکرد. لەم وتارەدا، بە کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوە مێژووییە بەڵگەدارەکان، بەتایبەت بەرهەمی جوگرافیاناس و مێژوونووسانی سەدەکانی سەرەتای ئیسلامی، هەوڵ دەدرێت وەڵامی سێ پرسیاری بنەڕەتی بدرێتەوە:
ئازەربایجان
سەرەتا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە وشەی ئازەربایجان بە چ مانایەکە و ڕەگوڕیشەی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟ زۆرێک لە ڕۆشنبیران و مێژوونووسانی هاوچەرخ بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد کەسرەوی لەسەر ئەم باوەڕەن کە ئازەربایجان لە ناوی ئەترۆپاتەوە وەرگیراوە کە لە سەردەمی ئەسکەندەر مەقدوونی ساتراپ یان حاکمی هەخامەنشی ئەم ناوچەیە بووە کە توانیویەتی دەسەڵاتی خۆی بپارێزێت و، هەربۆیە ناوی ئەم ناوچەیە ڕەگوڕیشەی لە ناوی ئەوەوە وەرگرتووە (کسروی، ١٣٦٨: ٨) بە واتەیەکی دیکە، دوای لەشکرکێشیی ئەسکەندەر بۆسەر ئێران، ئەو بەشەی خاکی ماد (مادی بچووک) کە لە سایەی حیکمەتی ئەترۆپات، ساتراپ و حاکمی ئەم ناوچەیە، سەربەخۆیی خۆی پاراست و بەپێچەوانەی مادی گەورە (کە ئیسفەهان، ڕێی، هەمەدان و هتدی لەخۆ دەگرت) ناوی ئەو ساتراپەی لەخۆ گرت و هێدی هێدی بە ئازەربایجان ناسرا.
جیا لەمە، لە ڕوانگەیەکی دیکەشەوە دەکرێت ڕەگوڕیشەی وشەی ئازەربایجان شرۆڤە بکرێت. بەم پێیە، ئازەربایجان لە دوو وشەی ئازەر و بایجان وەرگیراە. وشەی ئازەر لە ناوی پەرستگا ئاگرینەکانی سەردەمی ساسانییەکان (بۆ نموونە، ئازەر گۆشنەسب، ئازەر فەرنبەغ، و ئازەر بەرزین مێهر)دا هاتووە. بەپێی ئەوەی ئازەر لەڕووی زمانەوانییەوە لە ئاتەر، ئاگر، ئاور و هاوشێوەکانی نزیکە، تێدەگەین کە ڕەگوڕیشەی وشەی ئازەربایجان دەگەڕێتەوە بۆ بیروباوەڕی ئاینی زەردەشت و، بەو پێیەی ئاینی زەردەشتی لە سەردەمی ماد و هەخامەنشی باو نەبووە و دواتر گەشەی کردووە، ئەم ڕوانگەیەی دوایی بەهێزتر دەنوێنێت. یاقوت حەمەوی لە سەدەی حەوتەمی کۆچیدا پێی وایە ئازەربایجان لە زمانی پاڵەویدا لە دوو بەشی "ئازەر" و "بەیگان" پێک هاتووە کە بە وتەی ناوبراو ئازەر بە مانای ئاگر و بەیگان بە واتەی پارێزەر یان نگابانە؛ هەربۆیە، مانای ئازەربایجان بە پارێزەر یان نگابانی ئاگر دەزانێت و، یاقووت بوونی ژمارەیەکی زۆر پەرستگای ئاگر لە ناوچەی ئازەربایجان وەک نیشانەی دروستیی بۆچوونەکەی دەزانێت. (یاقوت حموی، ١٣٨٠: ١٦٠). پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بەتەواوی ڕوون نییە ناوی ئازەربایجان لە چ کاتێکەوە گشتگیر بووە و هەمووان ئەو ناوچەیان بە ئازەربایجان ناسیوە. بەپێی سەرچاوە بەردەستەکان، بەلازۆری، مێژوونووسی سەدەی سێیەمی کۆچی لە ساڵی ٢٥٥ی کۆچی، یەکەم کەسە کە ئەم خاک و ناوچەیەی بە ناوی ئازەربایجان پێناسە کردووە (مشکور، ١٣٧٥: ١٨٣-١٨٤).
مشتومڕ و پێداگرییەکانی کەسرەوی لەبارەی زمانی ئازەری
یەکێک لە گرنگترین مشتومڕەکان سەبارەت بە ئازەربایجان، مشتومڕ لەسەر زمان یان ئەو زمانانەیە کە لە ڕابردووی ئەم ناوچەدا قسەیان پێدەکرا. ئەحمەد کەسرەوی، مێژوونووس و ڕۆشنبیری ئێرانی، لە کتێبێکیدا بە ناوی "ئازەری یان زمانی کۆنی ئازەربایجان" ئیدیعای کردووە کە زمانی ئازەربایجان، پێش لە بەتورکبوونی ئەم ناوچەیە، ئازەری بووە. چەندین هۆکار و ئاماژەی بۆ پشتگیریکردن لە ئیدیعاکەی خستووەتە ڕوو. لێرەدا پێویستە ئاماژە بە هەندێک لە هۆکار و بەڵگەنامەکانی کەسرەوی بکرێت بۆ بەرگریکردن لە زمانی ئازەری وەک زمانی کۆنی ئازەربایجان و پاشان بۆچوونەکانی بخرێنە ژێر ڕەخنە و لێکۆڵینەوە.
کەسرەوی لە کتێبەکەیدا گێڕانەوەی جۆراوجۆری جوگرافیناسانی سەدەکانی سەرەتای ئیسلامیی وەک بەڵگە بۆ سەلماندنی بۆچوونەکانی دێنێتەو؛ بۆ نموونە، دەڵێت: "ئیبن حەوقەل، لە کتێبی "مەسالک و مەمالک"دا سەبارەت بە ئازەربایجان باس لەوە دەکات کە زمانی خەڵکی ئازەربایجان و زۆربەی خەڵکی ئەرمەنیا فارسی و عەرەبییە، بەڵام کەم کەس بە زمانی عەرەبی قسە دەکات". (کسروی، ١٣٦٨: ١٠) مەبەستی ئیبن حەوقەل لە فارسی، لێرەدا با مانای زمانی فارسی نییە بەڵکوو زمانی غەیرە عەرەبی یان ناعەرەبییە واتە ئێرانی. بەڵام کەسرەوی بەئەنقەست دەیەوێت وا نیشان بدات کە مەبەستی زمانی فارسییە بە مانای ئەمڕۆژییەکەی.
کەسرەوی لە درێژەی پێداگرییەکانی لەسەر فارسیبوونی زمانی ئازەربایجان، نووسراوەکانی مەسعوودی مێژوونووسی بەناوبانگی ناوەڕاستی سەدەی چوارەم بە نموونە دێنێتەوە کە: "هەموو ئەو شار و پارێزگایانە یەک وڵات بوون و یەک پادشایان هەبوو، زمانەکەیان وەک یەک بوو هەرچەندە ئەو زمانە دابەش بوبوو بەسەر زاراوەگەلی جۆراوجۆردا، وەک دەری، پاڵەوی، ئازەری و هاوشێوەکانی". (کسروی، 10) لێرەشدا، کەسرەوی دەیەوێت نیشان بدات زمانی هەموو پارێزگاکانی ئێرانی کۆن لەبنەڕەتدا یەکێ بووە (واتە فارسی بووە)، بەڵام ئەم زمانە دابەش بووە بۆسەر چەندین زاراوە و نیمچەزماندا. کەسرەوی لە زاری موقەدەسی نەقڵ دەکات کە تێگەیشتن لە زمانی فارسیی ئازەربایجانی دژوار نییە و بەتایبەت لە هەندێک وشەدا لە زمانی خوراسانی نزیکە. (کسروی، 11) لێرەشدا بێ شک مەبەستی موقەدەسی لە فارسیی ئازەربایجانی، ئەو زمانە ئێرانی و غەیرە عەرەبیەیە کە قسەی پێ دەکرا نەک فارسی بە مانای ئەمڕۆژی.
کەسرەوی بە پشتبەستن بە یاقوتی حەمەوی جوگرافیناسی سەدەی حەوتەم دەنووسێت لە ئازەربایجان زاراوەیەک هەیە بە ناوی ئازەری کە جگە لە خۆیان کەس لێی تێناگات، (هەمان:11) واتە زمانێکی تایبەت بووە. کەسرەوی لە درێژەی ئەم بەڵگەنامانەدا دەڵێت: لەم نووسینانە... تەواو ڕوونە کە ئەو زمانە یان نیمچەزمانەی لە ئازەربایجان قسەی پێدەکرا، لقێکی زمانی فارسی بووە و پێی دەگوترا ئازەری. (هەمان سەرچاوە، 11) لێرەدا کەسرەوی وەک نیمچەزمان لە ئازەری ناو دەبات.
ڕەخنە لە بۆچوونەکانی کەسرەوی
پێش ئەوەی بیر و بۆچوونەکانی کەسرەوی بخرێنە ژێر ڕەخنە و هەڵسەنگاندن دەبێت یەک دووفاقی ڕوون بکرێتەوە. یەکەم، لە کاتی باسکردنی زمانی فارسی (فارسی پەهلەوی، فارسی دەری و هتد)، دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت کە مەبەست لە فارسی لێرەدا، کە فارسی بە مانای ئەمڕۆژی بەڵکوو زمانی ئێرانییە لەبەرانبەر زمانە نائێرانییەکان بەتایبەت عەرەبی. (صفا، 1362: 42) ئەم ڕاستییە لە ئاماژەیەکی "موقەدەسی"شدا سەبارەت بە ئێران و زمانەکەی دەبینرێت: "زمانی ئەم هەشت ناوچەیە "ئێرانییە"، تەنها ئەوە نەبێت کە هەندێکیان "دەری"ن و هەندێکیشیان زاراوەگەلێکی بەپێچوپەنا و دژوارن و هەموویان بە "فارسی" ناو دەبردرێن و جیاوازیی نێوانیان دیارە. (مەشکوور، ١٣٧٥: ١٨٦) لێرەدا، موقەدەسی بەڕاشکاوی نیشانی داوە کە ئەگەرچی زمانی هەر هەشت ناوچەکەی ئێران، زمانی ئێرانییە (واتە عەرەبی نییە) بەڵام جیاوازیی نێوانیان ڕوون و ئاشکرایە. سەیر لەوەدایە کە کەسرەوی ئەم بەشە دواییەی ئاماژەکەی موقەدەسی (واتە جیاوازیی بەرچاوی نێوان هەر یەک لە هەشت زمانەکەی ئێران) بەئەنقەست باس ناکات و وا نیشان دەدات کە هەر هەشتەکەیان فارسی بوون و جیاوازییان نەبووە! بە واتەیەکی دیکە، کەسرەوی پێش هەموو شتێک هەوڵ دەدات وا نیشان بدات لە هەموو ئێران زمانێکی بنەڕەتی، واتە زمانی فارسی، هەبووە کە دابەش بووە بۆ چەند زاراوەیەک کە ئەم زاراوانە هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆیان نەبووە.
کەسرەوی لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەیدا هەوڵ ئەدات بیسەلمێنێت کە زمانی هەموو دانیشتووانی ئازەربایجان ئازەری بووە، بەڵام بەپێچەوانەی بۆچوونی کەسرەوی کە گوایە لە سەرانسەری ئازەربایجان بەم زمانە قسە کراوە (کسروی، ١٩٨٩: ٢٨)، پێویستە بگوترێت، بەپێی ئەو بەڵگانەی کە لە خوارەوە دەخرێنە ڕوو، ئازەربایجان بە هیچ شێوەیەک یەک زمانی نەبووە، واتە دانیشتووانی ئەم ناوچەیە بە زمانێکی تایبەت قسەیان نەکردووە.
گێڕانەوەی جوگرافیناسانی موسڵمان سەبارەت بە زمان یان زمانەکانی ئازەربایجان وەک یەک نین. یەعقووبی زمانی خەڵکی ئازەربایجانی بە ئازەری و، ئیبن موقەفەع و حەمزەی ئیسفەهانی و خارەزمی و ئیبن نەدیم پێیان وایە زمانی خەڵکی ئازەربایجان پەهلەوی بووە. مارکوارت زمانی پاڵەوی، کە زمانی نووسراوی ئەشکانییەکان بووە، بە زمانی ڕاستەقینەی خەڵکی ئازەربایجان دەزانێت (گۆڤاری ئێرانشار، ژمارە ١٠، ساڵی چوارەم: ٥٩١-٥٩٢، مشکور، ١٣٧٥: ١٨٤-١٨٦). لەلایەکی دیکەوە، موقەدەسی پێی وایە لە ئازەربایجان بە ٧٠ زمان قسە کراوە. ( مشکور، ١٣٧٥: ١٨٤-١٨٦).
ئیبن حەوقەل لێدوانەکانی موقەدەسی سەبارەت بە فرەزمانی لە ئازەربایجان پشتڕاست دەکاتەوە و کاتی باس لە قەوقاز دەڵێت: "دەڵێن خەڵکی ئەوێ (واتە قەوقاز) بە سێ سەد زمان یان زیاتر قسە دەکەن، منیش ئەمەم قبووڵ نەکرد تا چیای سەبەلانم بینی کە دەکەوێتە شاری ئەردەبیل، کە گوندی زۆری هەیە، هەر گوندێک بە زمانێکی دیاریکراو جیا لە فارسی و ئازەری، قسە دەکات!" (ابن حوقل، ١٣٦٦: ٩٤). ئاماژەی حەوقەل زۆر زۆر گرنگ و یەکلاییکەرەوەیە. ناوبراو بە ڕوونی نیشان دەدات کە لە ئازەربایجان بە زمانگەلێکی زۆر قسە دەکرا کە نە فارسی بوون و نە ئازەری! بەم شێوەیە، پێداگرییەکانی کەسرەوی لەسەر زمانی ئازەری وەک زمانی سەرەکیی ئازەربایجان پووچەڵ دەبێتەوە.
جێگە و پێگەی کورد و زمانی کوردی لە ئازەربایجان
بەڵام جیا لە فرەزمانی، خاڵێکی گرنگی دیکە کە کەسرەوی وەک تورکێکی ئێرانی خۆی لێ لادەدا و پێی خۆش نییە باسی بکات، هەبوونی دانیشتووانی کوردە لە ئازەربایجان. بۆ نموونە، بەلازۆری کاتی باس لە هاتنە ناوەوەی ئیسلام بۆ ئازەربایجان و بەرقەرارکردنی سوڵح و ئاشتی لەنێوان فەرماندەی سوپای ئیسلامی و پاسەوانی سنووری ساسانیی ئازەربایجان دەنووسێت: پاسەوانی سنووری ئازەربایجان پەیماننامەی ئاشتییان لەگەڵ حۆزەیفە بن یەمان (فەرماندەی ئیسلام) لەسەر ئەم مەرجانە واژۆ کرد:
... سوپای ئیسلام هێرش ناکاتە سەر کوردانی باڵەسجان و سەبەلان و سەترودان و ڕێگە بە دانیشتووانی شیز (تەکابی ئێستا) دەدا کە بە ئازادی سەما و ڕێپێوانەکانی پەیوەست بە جەژنەکانیان ئەنجام بدەن (بولازەری، ١٩٦٧: ١٦٣).
مەرجەکانی پاسەوانی سنووری ئازەربایجان جێگای سەرنجە! ئەو مەرجانە بەڕوونی دەری دەخات کە بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ناوچەکە کورد بوون. ئەگەر دانیشتووانی کورد لە ئازەربایجان بەرچاو نەبوون، بۆچی پاسەوانی سنوور ئەوەندە جەختی لەسەر کردەوە؟ جیا لە بولازەری، سەرچاوە کۆنەکان و هەروەها لێکۆڵینەوە نوێیەکان بوونی کورد لەم ناوچەیەدا پشتڕاست دەکەنەوە. لەم پەیوەندییەدا مارکوارت، زانای گەورەی ئەڵمانی، بەڕاشکاوی دەڵێت: "لە ناوچەی سەبالان زۆربەی دانیشتووان کورد بوون و بەهۆی ژیانی عەشیرەتی هیچیان نەبوو و لەلایەن عەرەب و هتدەوە چەوسێنرابووەنەوە، هەربۆیە هەمیشە ڕۆحی یاخیبوونیان هەبوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی خەیاڵی کۆمۆنیستیی مەزداک لێرەدا گەشە بکات..." (گۆڤاری ئێرانشار، ساڵی چوارەم، ژمارە ٧: ٤١٠)
هەر لەم پەیوەندییەدا، دەتوانین دیسان نموونەی دیکە بهێنینەوە بۆ پووچەڵکردنەوەی پێداگرییەکان و هەڵوێستە چەواشەکارانەکانی کەسرەوی و سەلماندنی فرەزمانی لە ئازەربایجان، لەوانەش ڕەواجی زمانی کوردی لەم ناوچەیەدا. ئیبن حەوقەل سەبارەت بە شنۆ یان وەک فارس دەڵێت ئوشنەویە دەڵێت: "دانیشتووانی ئوشنەویە لە کوردە کورد زمانەکانن" (ابن حوقل، ١٣٦٦: ٨٥). هەروەها سەبارەت بە ئەبهەر کە ئەمڕۆ شارێکی تورکنشینە دەڵێت: "شارێکی گرنگ بوو و کورد و دەیلەمی تێیدا دەژیان". (هەمان سەرچاوە: 102) دیسان سەبارەت بە سوهرەوەرد کە لە پارێزگای زەنگان بووە دەڵێت: "شارێکی پڕبەرەکەت و بەپیتە و زۆربەی خەڵکەکەی کوردن" (هەمان سەرچاوە: 114). لە سەدەی چوارەمدا، موقەدەسی خەڵکی سەڵماسیشی بە کورد دەزانی (لسترنج، 1337: 178). هەروەها، ئیبن ئەسیر باس لە خەڵکی کوردی مەراغە دەکات لە سەدەی پێنجەمدا کە لە سەردەمی وەهسوودان، حاکمی کوردی تەورێز و ناوچەکە، بەرەنگاری هێرشی تورکەکانی غوز، واتە یەکەمین تورکانێک کە پێیان نایە ناوچەی ئازەربایجان، بوونەتەوە (ابن اثیر: 97). ئیبن حەوقەل سەبارەت بە بەرزعە دەڵێت ئەم ناوچەیە گرنگترین ناوچەی ئەرانە (کۆماری ئازەربایجانی ئێستا) و وەک چاوی ئەو شوێنەیە و دەروازەیەکی هەیە بە ناوی باب الکراد کە ڕۆژانی یەکشەممە دەبێتە بازاڕێکی قەرەباڵغ (ابن حوقل، ١٣٦٦: ٨٦-٨٧، و استخری، ١٣٧٣: ١٨٨). ئەمەش ئەوە دەردەخات کە کورد نەک لە ئازەربایجان بەڵکوو لەو پەڕی ڕووباری ئەرەسیشەوە خاوەن قورسایی و جێگە و پێگە بووە. بێ گومان لەم وتارەدا نامانەوێت باس لە جێگە و پێگەی کورد لە ئەران بکەین، ئەگەینا ئاماژە بە دەسەڵاتی کوردی شەدادیەکان لە گەنجە لە سەدەی پێنجەمدا بەهێزترین بەڵگەیە بۆ سەلماندنی قورسایی جێگە و پێگەی کورد لە کۆماری ئازەربایجانی ئەمڕۆژی.
بەپێچەوانەی نووسراوەکانی عەبدوڵڵا بن موقەفەع و حەمزەی ئیسفەهانی کە زاراوە باوەکانی ئێرانی ئەو سەردەمەیان بە پەهلەوی، دەری، خوزی و سۆریانی ناو بردووە، زەبیحوڵڵای سەفا پێی وایە زاراوە ئەدەبییەکانی وەک سۆغدی، تەخاری، خارەزمی، تەبەری و کوردی و زاراوە نەنووسراوەکانی دیکەی وەک ئازەری و هتد لە ئێرانی ئەو کات باو بووە. (صفا، 1983: 35) ئەم تێبینییەی سەفا لە دوو لاوە گرنگە؛ یەکەم، ئەوەی کە ناوبراو بەپێچەوانەی کەسرەوی باسی زمانی کوردی و باوبوونی ئەم زمانەی کردووە؛ دووهەم، ئەوەی کە ناوبراو بەپێچەوانەی کوردی، ئازەری وەک زاراوەیەک پێناسە کردووە کە ئیمکان یان قابلییەتی نووسینی نەبووە، کەوایە جێگە و پێگەی زمانی کوردی زۆر لە ئازەری قورس و قایمتر بووە.
لێرەدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بەڵگانەی خرانە ڕوو، ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە بۆچی کەسرەوی خۆی لە باسی زمانی کوردی و ئاماژە بەم زمانە وەک زمانێکی بەرچاو و ڕەسەنی ئازەربایجان لەوسەردەمە بەدوور گرتووە و بە هیچ شێوازێک ناوی لێ نەهێناوە؟! بە واتایەکی دیکە، بۆچی کەسرەوی لەجیاتی دانپێنان بە زمان کوردی وەک زمانی زۆربەی دانیشتووانی ئازەربایجان، بەس پێداگریی لەسەر نیمچەزمانی ئازەری دەکات کە کێشە لەسەریەتی و جیا لە کەسرەوی کەس وەک زمانی ئازەربایجان باسی نەکردووە؟ پێش وەڵامدانەوە بەم پرسیارە جێی خۆیەتی سەرەتا هەندێک زانیاری لەسەر زمانی ئازەری بخرێتە ڕوو.
نموونەیەک لە زمانی ئازەری
ئاسەوارێکی ئەوتۆ لە زمانی ئازەری بەجێ نەماوە. چەند بەیتەشیعرێک لە یەکێک لە زاراوە کۆنەکانی ئازەربایجان هەیە کە شارەزایان بە ئازەریی دەزانن، ئەمە لە کاتێکدایە هەروەک وترا زەبیحوڵڵای سەفا پێی وایە ئازەری زاراوەیەکی نەنووسراوە و بەواتایەکی دیکە قابیلییەتی نووسینی نەبووە. (صفا، ١٩٨٣: ٣٥). لێرەدا بە گریمانەیەک کە ئەم شیعرانە ئازەرین و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە ئەم زمانە زۆر لە زمانی کوردی نزیکە، بە هێنانەوەی نموونەگەلێک لەگەڵ زمانی کوردی بەراوردی دەکەین. هۆمای تەورێزی شاعیری سەدەی ٨ و ٩ی کۆچی نووسیویەتی؛
وهار و ول و دیم یار خوش بی اوی یاران مه ول بی مه وهاران (مشکور،1375: 192) [بە ڕێنووسی کۆن نووسراوەتەوە]
هەموو کوردزمانێک بەباشی مانای وەهار (بهار)، ول (گوڵی ول)، دیم (دیمەن) و بی (بێت) دەزانێت:
بەهار و گوڵ لەگەڵ دیمەنی یار خۆشە بە بێ یاران نه گوڵ دەبێت و نه بەهاران
هەروەها کەسرەوی چەن بەیتەشێعرێک لە شێخ سەفیەدینی ئەردەوێڵی دێنێت و بەئازەری پێناسەیان دەکات:
دیره کین سر سبودای تو گیجی دیره کین چش چو خونین اسره ریجی
[بە ڕێنووسی کۆن نووسراوەتەوە]
کسروی مانای ئەم شێعرەی بەم شێوە هێناوە:
دێرزەمانێکە ئەم سەرە بە سەودای تۆوە گێژە
دێرزەمانێکە ئەم چاوە ئەسرینی خوێنین دەڕێژێت (کسروی، 1368: 28)
لەم بەیتەشدا، ئەسرە ڕێجێ (ئەسرین دەڕژێنێ) کوردین. کەسرەوی چەند بەیتێکی دیکەشی هێناوە کە ئەم وشانەی خوارەوە تێیدا کوردین:
واجید (واچیدن: وتن بە زاراوەی هەورامی)، ئاز واجەم ("ئاز" لە شێوەزاری کورمانجی بە واتەی "من" و "واجێم" یان "واچەم" لە زاراوەی هەورامیدا بە واتەی "دەڵێم")، تە (بە شێوەزاری کورمانجی: تۆ)، چە (یان جە بە هەورامی: لە)، ژاتە (هاتە: هاتووە (کسروی، ١٣٦٨: ٣٥).
ئەگەر ئەم شیعرانە بەڕاستی بە زمانی ئازەری نووسرابن، دەبێت بگوترێت ئەو وشانەی تێیدا بەکار هێنراون لە هەموو شێوەزارەکانی زمانی کوردیدا (بە سۆرانی، کرمانجی، هەورامی، و کەڵهوڕی) بوونیان هەیە و ئەمەش ئاماژەیە بۆ نزیکیی ئەم دوو زمانە. ڕەنگە ئازەری زمانێک بووبێت لەنێوان دەیلەمی و تاتی و کوردیدا و ڕەنگە زاراوەیەکی زمانی کوردی بووبێت! ئەم ئەگەرە ئەوەندە بەهێزە کە پڕۆفیسۆر موحیت تەباتەبایی ئەو شێعرەی شێخ سەفیەدین بە کوردی دەزانێت. (ڕۆحانی، ١٩٨٥: ٣١) زۆریش سەیر نییە، چونکی هەروەک دەزانین شێخ سەفیەدین کورد بووە.
بە سەرنجدان بەو بەڵگە مێژووییانەی سەرەوە، ئەوە ڕوون بووەوە کە بە پێچەوانەی بۆچوون و پێداگری کەسرەوی، یەکەم: زمانی ئازەری زمانی سەرەکی و تەنیا زمانی ئازەربایجان نەبووە، بەڵکو جۆرێک لە فرە زمانی و لەوانە زمانی کوردی لە سەرانسەری ئازەربایجاندا باو بووە و دووەم: زمانی کوردی کاریگەری و دەسەڵاتێکی بەرچاوتری لەم ناوچەیەدا هەبووە. ئێستا کاتی وەڵام دانەوە بەم پرسیارەیە:
بۆچی کەسرەوی خۆی لە ڕاستییە مێژووییەکان بەدوور گرتووە و لە لێکۆڵینەوەکەیدا دەستی داوەتە چەواشەکاری و پەراوێزخستنی ڕاستییەکان؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە سەرەتا پێویستە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی سەردەمی کەسرەوی بکرێت و ڕوون بکرێتەوە ناوبراو بۆ ئەم هەڵوێست و ڕێبازەی گرتووەتە پێش؟
سەرەتا دەبێت بوترێت ئەو شوێنەی ئێستا (کۆماری) ئازەربایجانی ناوە تا سەرەتای سەدەی بیستەم ناوی ئەڕان بوو. بەڵام لەنێوان ساڵانی ١٩٠٥ بۆ ١٩١٧ محەممەد ئەمین ڕەسووڵزادە، سۆسیال دێموکراتێکی قەوقازی کە بەشداریی شۆڕشی مەشرووتییەتی ئێرانیشی کردووە و دوای شۆڕش چووەتە وڵاتی عوسمانی و لەوێ پێگەی خۆی گۆڕیوە و بووەتە پان تورکیست، لە کتێبێکدا کە سەبارەت بە ئەرانە نووسیویەتی، بۆ یەکەمجار ناوی ئازەربایجانی لەم ناوچەیە نا و ئامادە نەبوو وەک ئەران ناوی لێ بنێت. (بیات، 2008: 48) هەرچەندە ئەم کارە بەڕواڵەت بێبایخ بوو، بەڵام هەر زوو بوو بە سەرچاوەی پڕوپاگەندە و مشتومڕ و ئامانجی دژایەتیی بەرپرسانی دەوڵەت و هەروەها ڕووناکبیرانی ئێرانی، کە مەبەست و ئامانجی سەرەکیی ڕەسووڵزادەیان لەم ناوگۆڕینە چاوبڕینی ناوبراو و هاوبیروڕاکانی بە خاکی ئازەربایجانی ئێران و ئامادەکاری بۆ یەکخستنی ئەو دوو بەشە پێناسە دەکرد.
لەم پەیوەندییەدا، زانای گەورەی ڕووس واتە بارتۆڵد ئەم گریمانەیە پشتڕاست کردوەتەوە: ناوی ئازەربایجان بۆ کۆماری ئازەربایجان (ئەران) هەڵبژێردرا، چونکە پێیان وابوو بە دامەزراندنی کۆماری ئازەربایجان، ئازەربایجانی ئێران و کۆماری ئازەربایجان یەکدەگرن. (عنایت اله رضا، 2006، 224) هەر لەو سەردەمەدا ڕۆژنامەی "وەتەن" لە تورکیە بۆ یەکەمجار لە وتارێکدا باسی باکوور و باشووری ئازەربایجانی کرد. (بیات، ٢٠٠٨: ٧٥) لەکاتێکدا کە پان تورکییەکان باسیان لە ناسنامەی تورکیی ئازەربایجان و پێویستیی یەکخستنی باکوور و باشووری ئازەربایجانیان دەکرد، کەسرەوی و هاوبیرەکانی بەرەنگاری ئەم هەوڵ و پرۆپاگەندانە بوون و دەستیان دایە هەوڵ و چالاکیگەلێک کە ئامانجی، سەلماندنی ناسنامەی ئێرانیی ئازەربایجان و ڕەتکردنەوەی ناسنامەی تورکیی ئەم ناوچەیە بوو. بۆنموونە، میرزا محەمەد خان قهزوێنی دەنووسێت: "... لهم دواییانهدا، ههندێک له دراوسێکانمان، کە یان گەمژەن یان خۆیان داوە لە گەمژەیی، بۆ پێشخستنی بڕێک لە ئامانجه ئاشکراکانی خۆیان سوودیان له نهزانی و نائاگایی گشتیی هاوچەرخەکانیان وەرگرتووه و بەبێشهرمی و زۆر بەجدی ئیدیعای ئهوه دهکهن که زمانی خهڵکی ئازهربایجان ههر له سهرهتاترین سهردهمە مێژووییهکانەوه تا ئێستا تورکی بووه...". (مجله ایرانشهر، شمارە ١٠، سال چهارم: ٥٨٧)
بۆیە لەوەها بارودۆخێکدا ئەگەر کەسرەوی دەست دەداتە نووسینی کتێبی ئازەری یان زمانی کۆنی ئازەربایجان، مەبەستی سەرەکیی نەک لێکۆڵینەوە لە مێژوو و ڕوونکردنەوەی زمانە ڕەسەن و باوەکانی ئازەربایجان لە سەدەکانی یەکەمی دەورانی ئیسلامی لەسەر بنەمایەکی زانستی، بەڵکوو ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پان تورکەکانی کۆماری ئازەربایجان و وڵاتی عوسمانی بوو کە بانگەشەی یەکخستن و یەکگرتنەوەی هەردوو ئازەربایجانیان دەدا. لە وەها بارودۆخێکدا ئەوەی لەلای کەسرەوی گرنگ بوو پووچەڵکردن و ڕەتکردنەوەی پرۆپاگەندەگەلی پان تورکەکان بوو؛ هەربۆیە، ڕاستییە مێژووییەکان تا ئەو کاتە لەلای گرنگ بوون کە خزمەت بە مەبەستەکەی بکات. بەواتایەکی دیکە، مەبەستی سەرەکیی کەسرەوی سەلماندنی ئەو بیرۆکەیە بوو کە جگە لەوەی ناسنامەی ئازەربایجان هیچ پەیوەندییەکی بە ئیدیعای پان-تورکییەکانەوە نییە، ڕەگوڕیشەی ئازەبایجان لە وشەی ئازەرەوە هاتووە و ئازەری نیشانەی زمان و ڕەگەزی دانیشتووانی ئازەربایجانە و، بەم پێیە دانیشتووانی ئازەربایجان لەبنەڕەتدا ئێرانین و، دواتر بەدوای هاتنی تورک بۆ ئەم ناوچە زمانەکەیان گۆڕاوە بۆ تورکی. بەم بۆنەیەوە دەبێت بگوترێت کە کارەکەی کەسرەوی زیاتر کارێکی سیاسییە نەک زانستی. هەوڵەکانی کەسرەوی زۆر کەسی بەدوای خۆیدا هێنا و بەرپرسیارێتیی سەرەکیی ڕووبەڕووبوونەوەی پان تورکییەکان کەوتە ئەستۆی سەرنووسەرانی گۆڤاری ئێرانشارەوە (بیات، ٢٠٠٨: ٩٤) و هەروەها بڵاوکراوەکانی وەک گۆڤاری ئایاندە بەتوندی درێژەیان پێدا.
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی ئەم بابەتە کە کەسرەوی لەبەرچی خۆی لە باسی کورد و زمانی کوردی و ڕەسەنایەتیئ کورد لە مێژووی ڕابردووی ئازەربایجان بەدوور گرت و ئامادە نەبوو دان بەم ڕاستییەدا بنێت دەبێت بوترێت سەرەتا هەر باسێک کە کەسرەوی لە مەبەستە سەرەکییەکەی، واتە بەرەنگاربوونەوەی پان توورکەکان دوور دەکردەوە لەلای ناوبراو گرنگ و هەستیار نەبوو؛هەر بۆیە، تەنانەت ئامادەش نەبوو باس لە زمانی پاڵەوی وەک زمانی زۆربەی دانیشتووانی ئازەربایجان بکات چونکی ئەو دەبوو وشەی ئازەر و زمانی ئازەریی زەق بکردایەتەوە. بەڵام ئەم خۆ بەدوورگرتنەی کەسرەوی لەناوبردن لە کورد هۆکارێکی دیکەشی هەبووە؛ ئەویش ئەم ڕاستییە بوو کە کەسرەوی ئەگەرچی ناسیۆنالیستێکی ئێرانی بوو بەڵام لەهەمان کاتیشدا تورکێک بوو کە هەست و سۆزی زۆری هەبوو بۆ ئازەربایجان و خەڵکەکەی و پێی خۆش نەبوو بە دانپێنان بەو ڕاستییەی کە کورد خاوەنی سەرەکیی خاک و مێژووی ئازەربایجانە، جیگە و پێگەی تورک لەبەرانبەر کورد لاواز بکات، بەتایبەت کە بە لەبەر چاوگرتنی شۆڕشی سمکۆ پێشبینیی ئەوەی دەکرد لە داهاتووشدا کورد و تورک لەسەر سەروەری لە ئازەربایجان ناکۆک ببن و هەربۆیە، نەیدەویست بیانوو بداتە دەست کوردان و دان بەو ڕاستییەدا بنێت کە ئازەربایجان نیشتمان و مەکۆ و وڵاتی سەرەکیی کورد بووە و دواتر تورک داگیری کردووە.
ئەنجام
لەم وتارەدا، لە ڕوانگەی مێژوونووسیی کوردییەوە، هەوڵ درا وەڵامێک بدرێتەوە بۆ پرسێک کە پێشتر لە ڕوانگەی مێژوونووسیی ئێرانییەوە و لە وەڵامی مێژوونووسیی پان تورکیستیدا ڕامانەڕێژی (تیۆریزە) کرابوو. ڕوون بوویەوە کە پێش هاتنی تورکەکان بۆ ئازەربایجان لە سەدەی پێنجەم و سەرەتای بە تورککردنی زمانی ئەم ناوچەیە، بەپێچەوانەی بانگەشەی کەسرەوی کە زمانی ئازەری بە زمانی ئەو ناوچەیە دەزانی، فرەزمانی لەوێ زاڵ بوو؛ دەیلەمی، پەهلەوی، و کوردی نموونەی ئەو زمانانە بوون. لەلایەکی تریشەوە، بڵاوبوونەوەی ئەو زمانانە لە ئاستێکی یەکساندا نەبووە. بۆ نموونە، سەرەڕای بوونی چەندین گێڕانەوە کە ئاماژە بەوە دەکەن دانیشتووانی شارە جۆراوجۆرەکانی ئازەربایجان کوردزمانن، هیچ ئاماژەیەک نییە بەوەی کە زمانی دانیشتووانی فڵان شاری دیاریکراو ئازەری بووبێت. بە واتەیەکی تر، بەپێچەوانەی ئەو گێڕانەوە تایبەتانەی کە لەبارەی کوردبوونی زمانی دانیشتووانی شارەکانی سەلماس، سوهرەوەرد، ئەبهەر، شنۆ، مەراغە و هتد هەن، هیچ ئاماژەیەکی تایبەت بە ئازەری-زمان بوونی شارێکی ئازەربایجان لە دەستدا نییە. ئەوەی کە زمانی ئازەربایجان بە ئازەری پێناسە بکرێت بەڵام هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئازەری-زمان بوونی شار یان گوندێکی دیاریکراو لەبەردەستدا نەبێت نیشانەی ناڕاستی و هەڵەبوون و پووچەڵبوونی ئەم ئیدعایەیە. هۆکاری ئەوەی کەسرەوی بەپێچەوانەی کتێب و لێکۆڵینەوە بەبایخە مێژووییەکانی، لە کتێبی "ئازەری یان زمانی کۆنی ئازەربایجان" زۆر لاواز دەرکەوتووە و تەنانەت دەستی داوەتە چەواشە و تێبینیی بێبنەما دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کە ئەم لێکۆڵینەوەیەی کەسرەوی زۆرتر لەوەی کارێکی زانستی بێت و بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکی مێژوویی و زانستی بە ئەنجام گەیشتبێت، کارێکی سیاسی بووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پان تورکەکان. هەروەک توێژەرێک ئاماژەی پێکردووە، لەو ماوەیەدا، مامەڵەکردن لەگەڵ مێژوو و یارمەتیگرتن لێی بۆ بنیاتنانی ناسنامە و نەتەوەیەکی ئێرانی، لەسەر بنەمای زانستی نەبووە (اکبری، ٢٠٠٥: ٢٥٩)، واتە مێژوو ئامرازێک بوو بۆ جێبەجێکردنی بەرژەوەندە سیاسییەکان.
کتێب و سەرچاوەکان:
ابن اثیر، عزالدین علی، تاریخ الکامل، ج 16 ،ترجمة علی حائری، تهران، شرکت سهامی چاپ و کتب ایران، ، بیتا
ابن حوقل، صوره الارض، به تصحیح دکتر جعفر شعار، تهران، امیرکبیر، 1366
اشپولر، برتولد، ایران در قرون نخستین اسلامی، ج اول، ترجمه جواد فلاطوری، تهران، بنگاه ترجمه و نشر کتاب، 1349
اصطخری، ابو اسحاق، مسالک و ممالک، ترجمه محمد بن اسعد بن عبدالله تستری، به کوشش ایرج افشار، تهران بنیاد موقوفات افشار، 1373
اکبری، محمد علی، تبارشناسی هویت جدید ایرانی، تهران، انتشارات علمی و فرهنگی 1384
بلاذری، احمد بن یحیی، فتوح البلدان، ترجمه آذرتاش آذرنوش، تهران، بنیاد فرهنگ ایران 1346
بیات، کاوه، پان ترکیسم در ایران ، تهران، شیرازه 1387
حموی یاقوت، معجم البلدان، ج اول، بخش نخست، ترجمه علینقی منزوی، تهران، معاونت معرفی و آموزش چاپ اول 1380
دولتشاهی، عماد الدین ،جغرافیای غرب ایران یا کوههای ناشناخته اوستا، بی جا، نشر نویسنده 1363
رضا، عنایت الله، آذربایجان و اران، تهران ، نشر هزار 1385
روحانی ، بابا مردوخ تاریخ مشاهیر کرد، ج اول ، تهران، انتشارات تهران، 1364
صفاء، ذبیح الله، تاریخ ادبیات ایران، ج اول، ، تهران، کتاب های جیبی، 1362
کسروی، احمد، آذری یا زبان باستان آذربایجان، گردآوری ایرج افشار، تهران ،بنیاد موقوفات محمود افشار، 1368
کسروی، احمد، شهریاران گمنام، تهران ، انتشارات جامی، 1377
لسترنج، گای، جغرافیای تاریخی سرزمین های خلافت شرقی، محمود عرفان، تهران، انتشارات نگاه، 1337
مشکور، محمد جواد، نظری به تاریخ آذربایجان، تهران، انتشارات کهکشان، 1375
گۆڤارەکان:
مجله ایرانشهر،"آذری یا زبان باستان آذربایجان" به قلم میرزا محمد خان قزوینی، سال 4 شماره 10، انتقاد ادبی اول دی 1305، صص 591 -592
مجله ایرانشهر، "آذربایجان" (یک کنفرانس علمی)، سال 4 شماره 7، اول، مهر 1305، ص 401
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved