25/11/2025
مێژوونووسینی ئاین، بیروباوەڕ، مەزهەب و ڕێبازە باوەکان، لە مێژووی کورد و کوردستاندا

د. کەیومەرس عەزیمی

دکتۆرای مێژوو لە زانکۆی ئیسفەهان

 

پوختەی بابەتەکە

لێکۆڵینەوە لە مێژووی بڵاوبوونەوە و ناساندنی ئاین، بیروباوەڕ، مەزهەب و ڕێبازە باوەکان لەنێو خەڵکدا، کە لە مێژووی ئیسلامیدا زیاتر بە "الملل و النحل" ناسرابوو، یەکێکە لە لقە گرنگەکانی زانستی مێژوو. ئامانجی ئەم لقە، ناساندنی ئەو داب و نەریت و بیروباوەڕ و ڕێوڕەسمانەیە کە لەنێو مرۆڤەکاندا باو بوون و ناوەکانیان بەدرێژایی مێژوو تا ئەمڕۆش بەردەوام بووە. بەهۆی لێبوردەیی گەلی کورد بۆ بڵاوبوونەوەی ئاین و بیروباوەڕی جۆراوجۆر، کوردستان شوێنێکی ئەمن و پارێزراو بووە بۆ ڕەگداکوتاندن و بڵاوبوونی بیروباوەڕ و ڕێوڕەسم و ئاینە هەمەچەشنەکان. ئەم تایبەتمەندییە تایبەتە، گەلی کوردی لە دراوسێکانی جیا کردۆتەوە؛ چونکە لای کورد، فاکتەری کارلێک و پەیوەندیی نێوان تاک و هۆزە جیاوازەکان، پێش ئەوەی لەسەر بنەمای پابەندبوونیان بە ئاین یان بیروباوەڕێکی دیاریکراوەوە بێت، لەسەر بنەمای "کوردبوون" و قسەکردن بە زمانێکی هاوبەش دامەزراوە. بوونی شوێنکەوتووانی ئاین و مەزهەبە جۆراوجۆرەکان وەک شافیعی، فەلەی ئاشووری و کەلدانی، جوولەکە، ئێزیدی، شێعەی دوانزە ئیمامی، یارسان (ئەهلی حەق، کاکەیی)، سارێلی، بیجوران، شەبەک، عەلەوی، بەهایی، سەلەفی، وەهابی، و شوێنکەوتووانی ڕێبازە سۆفییە جۆراوجۆرەکانی وەک نەقشی، قادری، حەقەکان، نێعمەتوڵاهی، جەلالی (خاکساری) و بەکتاشی لە سەر خاکی کوردستان، لەژێر کاریگەریی ئەم فاکتەرەی لێبوردەیی گەلی کورددایە. لێکۆڵینەوە لە سەرچاوە مێژووییەکانی بڵاوبوونەوەی ڕێوڕەسم، ئاین، مەزهەب، بیروباوەڕ و ڕێبازە هەمەجۆره باوەکان لە کوردستاندا، ئەو ئامانجەیە کە لەم بابەتەدا بەدوایدا دەگەڕێین و شیکاریی بۆ دەکەین.

وشەی سەرەکی: مێژوونووسین، کورد، کوردستان، سەرچاوە مێژووییەکان، ئاین، بیروباوەڕ، ڕێباز.

 

سەرچاوەکانی مێژووی ئاین، مەزهەب، بیروباوەڕ و ڕێوڕەسمەکان

سەرەتای ئەم مەعریفەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێک کە دابەشبوونی شوێنکەوتووانی ئاینی و مەزهەبی، لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا سەری هەڵدا و مەزهەبە جۆراوجۆرە ئیسلامییەکان بە ڕادەیەک زیادیان کرد کە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و ناساندنی جیاوازییەکانیان بۆ خەڵک حەتمی بوو. لەڕاستیدا، زانستی ناساندنی ئاین و مەزهەبەکان، بە ڕێژەیەک لەگەڵ بڵاوبوونەوەی مەزهەبە ئاینییەکان و فراوانبوونیان، خۆی کامڵ کرد. ئەو کتێبانەی سەرەتا لەم بوارەدا نووسراون، باس لە ئاینێک یان چەند ئاینێکی ئیسلامی و لقەکانیان بوو، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی ئاینی نوێ و وردە وردە فراوانبوونی قەبارەی بیروباوەڕەکان، پێویستیی نووسینی کتێبی لەم جۆرە زیاتر بووە. بەگشتی، ئەو کتێبانەی لەم بوارەدا نووسراون، دەتوانرێت بۆسەر چوار گرووپ دابەش بکرێن:

  • ئەو کتێبانەی کە هەوڵی ناساندنی هەموو ئاین و بیروباوەڕ و مەزهەبەکان دەدەن، جا ئیسلامی بێت یان غەیرە ئیسلامی. ئەو کتێبانە بەگشتی هەوڵ دەدەن هەر چەشنە ئاین یان مەزهەبێک کە لەناو خەڵک باوە و شوێنکەوتووی هەیە بناسێنن. لە نموونەی ئەو کتێبانەدا، دەتوانین ئاماژە بە کتێبی "الملل و النحل"، لە نووسینی عەبدولکەریم شەهرستانی (٤٧١ی کۆچی) و کتێبی" الفصل فی الملل و الأهواء و النحل " لە نووسینی ئیبنی حەزم ئەندەلۆسی (٤٥٦ کۆچی) بکەێن.
  • ئەو کتێبانەی کە هەوڵی ناساندنی ئاین، بیروباوەڕ و مەزهەبە ئیسلامییەکان دەدەن و باسی ئاینە غەیرە ئیسلامییەکان ناکەن. کتێبی "مقالات الأسلامیین و اختلاف المصلین" لە نووسینی ئەبولحەسەنی ئەشعەری (330 کۆچی)، دامەزرێنەری ڕێبازی ئەشعەری، کتێبی "الفرق بین الفرق" لە نووسینی عەبدولقاهیری بەغدادی (429 کۆچی) و لە سەردەمی هاوچەرخەوە، کتێبی "فرهنگ جامع فرق اسلامی" لە نووسینی سەید حەسەنی خومەینی و کتێبی "تاریخ شیعه و فرقه های اسلام تا قرن چهارم" لە نووسینی محەممەد جوادی مەشکوور، لە بەناوبانگترین ئەو کتێبانەن کە دەکەونە ناو ئەم گرووپە.
  • ئەو کتێبانەی کە یەکێک لە مەزهەبە ئیسلامییەکان و لقە لاوەکییەکانی دەناسێنن. لەو کتێبانە کە بۆ ناساندنی مەزهەبەکانی ئەهلی سونە نوسراون دەتوانین ناوی کتێبی "تاریخ مذاهب فقهی اهل سنت" لە نووسینی ئەبولقاسمی شاکر و محەممەدتەقی شاکر، بێنین. کتێبی "الفرق الشیعە" لە نووسینی حەسەنی کوڕی مووسای نەوبەختی (سەرەتای سەدەی چوارەم کۆچی دوایی کردووە) و کتێبی "المقالات و الفرق" لە نووسینی سەعدی کوڕی عەبدوڵڵای ئەشعەری قومی (٣٠١ی کۆچی) کە تایبەتن بە ناساندنی مەزهەبە شیعەکان، نموونەی دیکەی ئەم گرووپەن.
  • کۆمەڵەیەکی تری ئەم کتێبانە ئەوانەن کە تەریقەت و ڕێبازە سۆفیگەرییەکان لەناو کورددا دەناسێنن. لەم کتێبانە دەتوانین ئاماژە بە کتێبی "تاریخ تصوف در کردستان" لە نووسینی محەممەد رەئووفی تەوەکوولی و "تاریخ جامع تصوف کردستان" بە قەڵەمی کەماڵی رۆحانی بکەین.

لێکۆڵینەوەی مێژوویی له بواری ئاین، بیروباوەڕ و مەزهەبە باوەکان، لەنێو کورد و کوردستاندا

کوردستان بە هۆی فرەچەشنیی ئاینی و بوونی چەندین بیر و بڕوای ئاینی، لەڕووی مەزهەب و ئاینەکانەوە، یەکێکە لە ئاڵۆزترین شوێنەکان. بڵاوبوونەوەی ناوەندە ڕۆشنبیرییە کوردییەکان لە ئێران، تورکیا، عێراق، سوریا، ئەرمینیا و دەرئەنجامی، بڵاوبوونەوەی سەرچاوەکانی پەیوەست بە مێژووی کولتوور و بیروباوەڕی کورد بە زمانە جۆراوجۆرەکان؛ لەوانە زمانی کوردی، عەرەبی، فارسی، تورکی، ئەرمەنی، ئینگلیزی و هتد، لێکۆڵینەوەی لەم بوارەدا، بۆ توێژەران قورس کردووە. چونکە پێویستە توێژەر ئەو سەرچاوانەی بەم زمانانە بڵاو کراونەتەوە ببینێت تا بتوانێت بە بەراوردکردنیان، لێکۆڵینەوەکانی خۆی پێش بخات. كەمبوونی لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر مێژووی کولتوور، بیروباوەڕ، ڕێوڕەسم و ئاینەکانی کوردستان، بابەتێکی دیکەیە کە ئاستەنگ بۆ لێکۆڵینەوە لەم بوارەدا دروست دەکات. کێشەیەکی تر ئەوەیە کە ئەو لێکۆڵینەوە کەمەی لەسەر ڕێوڕەسم، بیروباوەڕ و ئاینەکانی بەربڵاو لە ناوچە کوردستانییەکان کراوە، زۆرتر لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسانی ڕۆژئاوایی و لە ڕوانگەی دەرەکییەوە ئەنجام دراوە. كەمبوونی ئەو جۆرە لێکۆڵینەوەیە لەناو کۆمەڵگەی کوردی و لەلایەن توێژەرانی کوردەوە، ئاڵۆزیی کارەکە زیاتر دەکات. ئەمەش بووەتە هۆی خستنەڕووی بۆچوونی سەیر و سەرسوڕهێنەر و ناشارەزایانە، سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕ و ڕێوڕەسمەکان لە ناوچەکانی کوردستاندا، کە وای کردووە جیاکردنەوەی ڕاست و ناڕاست لەم بوارەدا قورس بێت. بوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئاین و مەزهەبەکانی ئیسلامی و غەیرە ئیسلامی، ژمارەیەکی زۆر لە ڕێبازگەلی سۆفییانە لە کوردستاندا و نەبوونی سنوورێکی ڕوون لەنێوان شوێنکەوتووانی ئاین و مەزهەبە جۆراوجۆرەکان کە لەنێو کورددا باون، بابەتی دیکەن کە کاری لێکۆڵینەوە لەم بوارەدا بۆ توێژەران قورس دەکەن.

باشترین ڕوانگەی مێژوویی بۆ لێکدانەوە و شیکردنەوەی بەستێنەکانی سەرەتا و بڵاوبوونەوەی ئاین، مەزهەب، ڕێباز و بیروباوەڕی باو لەنێو نەتەوەیەکدا، ڕوانگەیەکە کە لە ناو کۆمەڵگەی زانستیی ئەو نەتەوەیەوە سەرهەڵدەدات؛ ڕوانگەیەک کە شارەزای لایەنە کولتوورییەکانی کۆمەڵگە بێت و بتوانێت بە بێ نێوەندگیری و وەرگێڕان، ڕەگوڕیشەی ڕووداوەکان دەستنیشان و بەوردی شیکاری بکات. ئەم جۆرە تێڕوانینە لە کوردستان و لەنێو ئێمەی کورددا، بە هۆکاری جۆراوجۆر، کەمتر بەر چاو دەکەوێت. هیوادارم توێژەران و زانایانی کوردی زمان - کە خۆیان بە چەکی شارەزایی زانستی تەیار کردووە - هەنگاو بنێن بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەموکوڕییە و چالاکتر بن لە ناساندنی کولتووری خاکی باوباپیرانمان بە جیهان.

بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی پێویست سەبارەت بە بیروباوەڕی ئاینی گرووپەکانی وەک سارێڵی، شەبەک، بیجوران، حەقەکان، کاکەیی و تەنانەت کوردانی ئێزیدیش، پێویستە لێکۆڵینەوەی مەیدانی لەو بارەوە بکرێت، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئەو بیروباوەڕانەی کە لەنێوانیاندا باون لەگەڵ مەزهەبە ئیسلامییەکانی دیکەدا بەراورد بکرێت و دیاری بکرێت کە تا چەندە ئەم گرووپانە لەژێر کاریگەریی بیروباوەڕی ئیسلامی، غەیرە ئیسلامی و یان بیروباوەڕ و رێوڕەسمە کۆنەکانی کورد و کوردستانن.

سەرەڕای هەوڵی نووسەرانی وەک میران ڕەشاد، کەریم زەند، مەحموود ئەفەندی بایەزیدی، مێهرداد ئیزەدی، تۆفیق وەهبی بۆ نووسینی کتێب لەسەر لێکۆڵینەوە لە مەزهەب و ئاینەکانی باوی کورد، تا ئێستا هیچ بەرهەمێکی هەمەلایەنە لەو بوارەدا نەنووسراوە؛ چونکە ئەوان شوێنپێی کۆنتێکستی مێژوویی گەشەی ئاین و مەزهەبە جۆراوجۆرەکان لەنێو کورددا هەڵنەگرتووە و لێکۆڵینەوەکانیان زیاتر لەسەر ناساندنی ئاین و باوەڕە کۆنەکانی گەلی کوردە. هەروەها نووسەرانی دیکە، باسیان لەم بابەتە سنووردار کردووە بە نووسینی کتێب و کورتەوتار سەبارەت بە مەزهەبێکی دیاریکراو یان گرووپێکی ئاینی لە کوردستاندا.

توێژەرێک کە بیەوێت لێکۆڵینەوە لەم بوارەدا بکات، پێویستە بە زمانەکانی کوردی، فارسی، عەرەبی، تورکی، ئەرمەنی و ئینگلیزی شارەزا بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو کەرەستانەی کە پێویستە لە کتێب و نووسین و بەڵگەنامەکانی بەردەست، بەم زمانانە لەسەر بابەتی مێژووی کورد و کوردستان و دابونەریتی ئەوان هەڵی بژێرێت و بە ڕەخنەگرتن و شیکردنەوە و لێکۆڵینەوە، توێژینەوەکانی بەرەو پێش ببات. جگە لە ئاماژەدان بە کتێب و بەڵگەنامەی جۆراوجۆر بە زمانەکانی پێشوو، بۆ لێکۆڵینەوە لەم بوارەدا، پێویستە ئاماژە بە کەسانێک بکرێت کە شارەزا و ئاگاداری ئاین و مەزهەبەکانی کوردستانن و زانیاری بەسوود و پێویست لە پیرانی ئەو ئاین و مەزهەب و ڕێبازانە کۆ بکرێنەوە.

لەنێو ئەو لێکۆڵینەوە و نووسینانەی کە هەن لەسەر مێژوو، کولتوور، داب و نەریتی کورد بە زمانەکانی لاتین، عەرەبی، فارسی، تورکی، ئەرمەنی و هتد، لێکۆڵینەوەی سێ زانای ناودار شایەنی ستایشکردنە، کە نووسینەکانیان لە بواری مێژووی ئاین و مەزهەب و ڕێبازەکانی باوی کوردستاندا، لە چاو ئەوانی دیکە بەرچاوترن؛ 

  1. مارتین ڤان برویینسن

مارتین ڤان برویین سن (1946-    ) بە یەکێک لە دواڕۆژهەڵاتناسەکان دادەنرێت کە لەبابەت مێژوو و شارستانیەتی کورد و کوردستاندا لێکۆڵینەوەی ئەنجام داوە. لە ساڵی ١٩٤٦زایینی، لە هۆڵەندا لەدایک بووە. دەرچووی بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی جاکارتا، لە وڵاتی ئەندەنوسیایە و لە ساڵی ١٩٩٤زایینی هەتا ئیستا، مامۆستای بەشی تورکستان و کوردستان ناسی، لە زانکۆی ئوترێخت، لە هۆڵەندایە و وانە دەڵێتەوە. لێکۆڵینەوە و نووسینەکانی ئەم ڕۆژهەڵاتناسە هۆڵەندییە، لە بواری مێژوو و ڕۆشنبیریدا، بەتایبەت ئەو ئاین و ڕێوڕەسمە باوانەی کە لە کوردستاندا باون، لە جۆری خۆیاندا ناوازە و بێوێنەن. برویین سن چەندین جار سەفەری کوردستانی کردووە و لە سەفەرەکانیدا، لەگەڵ پیر و پیاوماقوڵانی ئاینی کورد کۆ بووەتەوە و شتانێکی زۆری لەمەڕ ڕا و بیروباوەڕیان نووسیوە. ئەو ڕاماناگەلەی (تیۆرییانەی) لە لێکۆڵینەوەکانیدا دەیخاتە ڕوو، ناساندنی هەندێک لەو باوەڕ و بیرۆکە و ڕێوڕەسمانەی کە لەنێو گەلی کورددا هەن، ڕوون دەکاتەوە و زۆر سەرنجڕاکێش و شایەنی خوێندنەوەن. بەڵام نووسین و لێکۆڵینەوەکانی، وەک تەواوی ڕۆژهەڵاتناسانی دیکە، چاوێکی دەرەکییه له بیروباوەڕی گەلی کورد و، لێکۆڵینەوەکانی له کۆمەڵەیەکی بچووکی ئاین و مەزهەبە باوەکانی کوردستاندا سنوردار کراوه، که له خوارەوه ئاماژه به هەندێکیان دەکەین؛

  • ڤان برویینسن، مارتین(1372ش)، جامعهشناسی مردم کُرد (آغا، شیخ و دولت)، ساختار اجتماعی و سیاسی کردستان [کۆمەڵناسیی کورد (ئاغا، شێخ و، دەوڵەت) پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستان]، وەرگێڕانی ئیبراهیم یونسی، تاران، چاپی دووەم، چاپخانەی پایەندە.

ئەم کتێبە بەدواداچوون و شیکردنەوە بۆ پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و مێژوویی گەلی کورد دەکات و بابەتی جۆراوجۆری دەوڵەمەندی ماددی، لە سەر دابونەریتی کوردی و بیروباوەڕی ئاینی لەخۆ گرتووە. برویین سن توێژەر و زانای دیاری بواری مێژووی بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕی ئاینییە لە کوردستاندا. ئەو مامۆستای زانکۆی پایەبەرزە، چەندین جار سەفەری کوردستانی کردووە و لەگەڵ پیرە ئاینییەکانی ناوچە جۆرواجۆرەکانی کوردستان، قسەی کردووە و کتێبە ئاینییەکانیانی خوێندووەتەوە. کۆکراوەی نووسینەکانی ئەو مامۆستایە لەسەر عەلەوی، یارسان، شەبەک، سارێڵی و ئاینە باوەکانی دیکەی کوردستان، پێویستە بە یەکێک لە گرنگترین لێکۆڵینەوەکانی بەردەست لەم بوارەدا هەژمار بکردرێت. ڤان برویین سن لەو کتێبەی سەرەوەدا، بەوردی ڕۆڵی میر و شێخ و پیاوماقوڵانی ئاینیی کورد لە کۆمەڵگەی کوردیدا شی دەکاتەوە و لەمەڕ پێگەی ئەوان لە بڵاوکردنەوەی مەیلی ئاینی و ڕێوڕەسمی کوردی دەکۆڵێتەوە.

  • ڤان برویینسن، مارتین، (تاوسان و پاییز1385کۆچی هەتاوی)، کُردها و اسلام، [کوردەکان و ئیسلام] وەرگێڕانی هۆشیار وەیسی، مەریوان، چارەگی فەرهەنگی، ئەدەبی و کۆمەڵایەتی زرێبار، بەرگی نوێ (٨-٩)، ساڵی دەیەم، ژمارە ٦١-٦٢، ل٥٣-٧١.

یەکێکی دیکە لە نووسینەکانی برویین سن سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ئیسلام و ئاینەکانی بەربڵاو لە کوردستان، وتارێکی وردی " The Kurds and Islam "ە، کە لە ساڵی ١٩٩٩ زایینی، لە تۆکیۆ، لە وڵاتی ژاپۆندا بڵاو کراوەتەوە. وەرگێڕانە فارسییەکەی ئەم وتارە، لە ساڵی ٢٠٠٦ زایینی، لە گۆڤاری زرێبار بڵاو کرایەوە. لەم لێکۆڵینەوەیەدا، نووسەر شیکاری بۆ چۆنیەتیی هاتنە ناوەوەی ئیسلام بۆ کوردستان و بڵاوبوونەوەی مەزهەبە ئیسلامییە جۆراوجۆرەکان؛ لەوان مەزهەبی سوننە و شێعە و ڕێبازە سۆفییەکان، لە کوردستاندا دەکات. پاشان باس لە پەروەردەی ئیسلامی لە ناوچە کوردستانییەکان و پەیوەندیی کورد و بڵاوبوونەوەی ئاینە ئیسلامییەکان و کەمینە ئاینییەکانی دیکە، لە کوردستاندا دەکات. ئەو بۆچوونانەی لەم باسەدا سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ئاینە ئیسلامییەکان، بە پشتبەستن بە داتای مێژوویی خراوەتە ڕوو، بەنرخن و لایەنە شاراوەکانی ئاین و بیروباوەڕەکانی بەربڵاو لە کوردستاندا، بۆ خوێنەران ڕوون دەکەنەوە.

  • ڤان برویینسن، مارتین (1378کۆچی هەتاوی)، رستاخیز علویان کُرد در ترکیه، [ڕاپەڕینی عەلەوییە کوردەکان لە تورکیا] وەرگێڕانی شەهرام شێخزادە، تاران، مانگنامەی کۆمەڵایەتی - فەرهەنگیی ئەندێشەی جامعە، ژمارە ٥، ل ٤٤-٤٩.

ئەم نووسین و وتارە، یەکێکە لە لێکۆڵینەوە گرنگەکانی ڤان برویین سن، لەسەر مێژووی ڕووبەڕووبوونەوەی کوردانی عەلەوی ئەنادۆڵ و حکوومەتی ناوەندیی عوسمانی و تورکیا، لە سەدەی ڕابردوودا. ئەم توێژینەوەیە بەدواداچوون بۆ نزیکبوونەوەی کوردانی عەلەوی لە حکوومەتی نوێی تورکیا، لەدوای ڕووخانی خەلافەتی عوسمانی لە سەرەتای سەدەی بیستەم تا ئێستا دەکات. پاشان، باس لە ناسنامەخوازیی ئاینیی ئەم کۆمەڵە کوردە، لە کۆمەڵگەی تورکیادا دەکات لە وەڵامی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ناوەندیدا، بۆ سەرکوتکردن و دەربەدەرکردن و کۆمەڵکوژیی شۆڕشەکانیان. ناساندنی کوردانی عەلەوی و وەسفکردنی بەشێک لە دابونەریت و ڕێوڕەسمی ئاینییان، چەند بەشێکی بەنرخی دیکەی ئەم نووسینەن، کە ڕۆشنایی دەخەنە سەر زۆرێک لە لایەنە تاریکەکانی مێژووی کولتووری کوردانی عەلەوی بۆ لێکۆڵینەوە. گەڕان بەدوای ناسنامەی کوردی لەنێو عەلەوییەکان، هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێوڕەسمە ئاینییەکان لە کۆمەڵگەی مۆدێرنی تورکدا و ڕووبەڕووبوونەوەی کوردانی عەلەوی و حکوومەتی عەلمانی و گرووپە ئاینییەکانی دیکەی ئەو وڵاتە، لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم بابەتە بەنرخەی مارتین ڤان برویین سنن.

  • Bruinessen,m,van,(not date),"satans psalmists: some heterodox beliefs and practices among the ahl-e haqq of the guran district",le mont zagros en iran(dawray-diwanay gawra),paris.

 

نووسینەکانی برویین سن لە مێژووی بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕ و ئاینە جۆراوجۆرەکان، لە کوردستاندا زۆر گرنگن. یەکێک لەو نوسینانە، ئەو بابەتەی سەرەوەیە، کە باس لە مێژووی بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕی یارسان و مەزهەبەکانی تری پەیوەست بە شیعەگەری لە کوردستاندا دەکات. لەم لێکۆڵینەوەیەدا، نووسەر لە مێژووی سەرهەڵدانی ئاینی یارسان لە سەرەتای دامەزراندنییەوە و ئەو بیروباوەڕانەی کە لەنێویاندا باو بووە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ مەزهەبە ئیسلامییەکانی دیکەی کوردستان دەکۆڵێتەوە. ئاماژەکردن بە هێما و باوەڕە هاوبەشەکانی ئیسلام، لە بیروباوەڕ و دابونەریتی ئاینی یارسان و ناساندنی مێژووی سەرهەڵدان و بەردەوامی ئەم ئاینە لە چوارچێوەی مێژووی ئیسلامیدا، بەشێکی گرنگی ئەم بابەتە بەنرخەن، کە توێژەران ئاشنا دەکات بە لایەنە شاراوەکانی مێژووی ئاینی ئەهلی حەق (یارسان). سەفەری زۆر بۆ کوردستان و لێکۆڵینەوەی مەیدانی؛ لەوانەش چاوپێکەوتن لەگەڵ پیران و سەرکردەکانی یارسان، وای کردووە برویین سن ببێتە توێژەرێکی دیار لەم بوارەدا و نووسینەکانی لەسەر مێژوو و ناساندنی ئاینی یارسان بێهاوتایە.

 

  • Bruinessen,m,van van(1998), "On the study of some heterodox sects in kurdistan",Blau(eds),Islam des kurds, INALCO-ERISM, paris, pp:163-184.

لە وتارەکەی سەرەوەدا برویین سن، بەدواداچوون بۆ مێژووی بڵاوبوونەوەی ئاینە هێترۆدۆکسەکان لە کوردستان دەکات و ئەو بیروباوەڕانەی لەنێوانیاندا باو بووە، لەگەڵ بیروباوەڕی مەزهەب و ڕێبازه ئیسلامییەکان و ئاینەکانی پێش ئیسلام، لە کوردستان بەراورد دەکات. نووسەر لەم نووسینەدا، ڕەگوڕیشەی بەشێک لەو بیروباوەڕانە ڕوون دەکاتەوە کە لەم ئاینانەدا دەبینرێن و ئەو هێما و دەرکەوتە ئیسلامییانەی کە لە هەر یەکێکیاندا دەبینرێن، دەستنیشان دەکات. ناساندنی بیروباوەڕی ئاینی یارسانەکان و کوردانی عەلەوی و شەبەکەکان و پێکهاتە ئاینییەکانی تری کوردستان، لەم بابەتەدا بە باشی کراوە و یارمەتیی توێژەران دەدات لە تێگەیشتن لەو گرووپە ئاینییانە.

هەروەها لە نووسینەکانی تری مارتین ڤان برویین سن، دەتوانین زانیاریی بەسوود لەبارەی دابونەریتی کولتووری گەلی کورد و ئەو بیروباوەڕ و ڕێوڕەسمانەی کە لە کوردستاندا باو بوون، بدۆزێنەوە. بەڵام لەم بابەتەدا خۆم سنووردار دەکەم بە ناساندنی ئەوانەی سەرەوە.

 

2- ولادیمیر مینۆرسکی

مینۆرسکی (١٨٧٧-١٩٦٦زایینی) ڕۆژهەڵاتناس و ئێرانناس و کوردستانناسی ڕووسی، هەروەها مامۆستای زانکۆی لەندەن بووە. لێکۆڵینەوەکانی لە بواری مێژوو و کولتوور و بیروباوەڕ و ڕێوڕەسمەکانی کوردستان، زۆر بەنرخە. مینۆرسکی یەکێک بوو لە یەکەم کەسەکان کە لەم بوارەدا لێکۆڵینەوەی ئەنجام دا و بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکانیش، چەندین جار سەفەری کوردستانی کردووە و پەیوەندیی لەگەڵ عەشیرەتە جۆراوجۆرەکانی کورد دروست کردووە. گرنگترین بەرهەمەکانی ئەم زانایە، کە دەتوانرێت لە بواری ئاینەکان و بیروباوەڕی ئاینیی گەلی کورد کەڵکیان لێ وەربگیرێت، بریتین لە؛

 

  • مینورسکی، ڤلادیمیر(بیتا)، بنچینهکانی کورد و چهند وتارێکی کوردناسی، سلێمانی، وهرگێڕانی نهجاتی عهبدوللا، مهکتهبی بیر و هۆشیاری (ی.ن.ک).

ئەم کتێبە کۆمەڵێک وتار لەخۆدەگرێت کە مینۆرسکی لە تەمەنی ژیانیدا بۆ ئینسایکلۆپیدیا و گۆڤارە بەناوبانگەکانی لاتینی لەسەر مێژوو و کولتوور و باوەڕە جەماوەرییەکانی کوردستان نووسیویەتی. وەرگێڕ بە ئاماژەدان بە نووسینە جۆراوجۆرەکانی مینۆرسکی، لە سەرچاوە لاتینییەکانەوە، بابەتەکانی خۆی لەبارەی بنەچەی کورد و ناوچەکانی کوردستان و ئەو بیروباوەڕانەی کە لەنێو کورددا باو بووە، کۆ کردۆتەوە و لە کۆمەڵەیەکدا بە ناوی "بنچینهکانی کورد و چهند وتارێکی کوردناسی" وەری گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. ئەم کتێبە زانیاریی بەنرخی لەخۆ گرتووە، سەبارەت بە بنەچەی کورد و مەزهەب و بیروباوەڕی ئیسلامی لە کوردستاندا.

  • مینۆرسکی، ڤلادیمیر(2006 زایینی)، مینۆرسکی و کورد، وهرگێڕانی ئهنوهری سوڵتانی، هەولێر، چاپی دووم، چاپخانهی وهزارهتی پهروهرده.

هەروەها ئەم کتێبەش، کۆمەڵێک بابەتی تێدایە کە مینۆرسکی لە گۆڤارە لاتینییە بەناوبانگەکاندا سەبارەت بە کورد و کوردستان بڵاوی کردۆتەوە. ئەو بابەتانە لەژێر ناونیشانی وشەی کورد، کوردستان، سلێمانی، گۆران، جاف، سنە، کرماشان، یارسان و... نووسراون و دوای کۆکردنەوەیان، وەرگێڕ، وەرگێڕانی بۆ کردووە و لەژێر ناوی "مینۆرسکی و کورد" چاپی کردووە. لە چەند بەشێکی ئەم کتێبە بەنرخە، مینۆرسکی ئاینە باوەکان و ڕێورەسمە کۆنەکانی نەتەوەی کورد بۆ ئێمە ڕوون دەکاتەوە.

  • مينۆرسكی، ڤلادیمیر(1984زایینی)، كورد، وەرگێڕانی بۆ عهرهبی مارف خەزانهدار، وهرگێڕانی بۆ كوردی حهمه سهعيد حهمه كهريم، ههولێر، چاپخانهی زانكۆی سهلاحهدين.

هەروەها ئەم کتێبە، یەکێکە لە وتارە وردەکانی مینۆرسکی سەبارەت بە کورد، کە تێیدا باس لە مێژوو و دابونەریت و بیروباوەڕ و ڕێوڕەسمی باوی کوردستان دەکات. لێکۆڵینەوەکانی مینۆرسکی سەبارەت بە بیروباوەڕی یارسانەکان، یەکێکە لە بەرهەمە هەرە دیارەکانی لە بواری مێژووی بیروباوەڕ و ڕێوڕەسمەکانی کوردستاندا. ئەم کتێبە، لەلایەن حەبیبوڵڵا تابانی لەژێر ناوی "کورد" وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی و لە ساڵی ١٣٧٩ کۆچی هەتاوی، لەلایەن چاپخانەی گوستەرە، لە تاران چاپ کراوە. هەرچەندە مینۆرسکی بە شێوەیەکی سەربەخۆ کتێبێکی لەسەر بابەتی ئاین و مەزهەبەکانی باوی کوردستان نەنووسیوە، بەڵام لە زۆربەی نووسینەکانیدا، پچڕپچڕ باسی ئەم بابەتەی کردووە و تێیاندا مادە و نووسینی بەنرخی تۆمار کردووە.

 

3- محەممەد عەلی سۆڵتانی

پرۆفیسۆر محەمەد عەلی سۆڵتانی ساڵی ١٣٣٦ كۆچی هەتاوی [١٩٥٧ زاینی]، لە شاری کرماشان لەدایک بووە. خوێندنی ناوەندی لە کرماشان تەواو کردووە و هاوکات لەگەڵ خوێندنی ئاسایی، لای مامۆستایانی ئەو شارە وانەی دینیی خوێندووە و لە کۆتاییدا لای مامۆستا سەید تاهێری هاشمی و مامۆستا سەید محەممەدی شێخولئیسلام (پرۆفیسۆری بەڕێزی زانکۆی تاران و شێخولئیسلامی کوردستان) ئیجازەنامەی وەرگرتووە. لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانی لە مێژوو، کولتوور و دابونەریتی ناوچەی کرماشان و مەزهەبە ئاینییە باوەکانی ئەم ناوچەیە بێهاوتایە. بە هەوڵ و خۆبەخشیی ئەو لێکۆڵەرە بەناوبانگە، زۆرێک لە چیرۆکە نەگێڕدراوەکان و خاڵە کوێرەکانی مێژووی ناوچەی کرماشان لە سەردەمی ئیسلامی و سەردەمی هاوچەرخدا، ئەمڕۆ بۆ ئێمە ڕوون کراوەتەوە. نووسین و لێکۆڵینەوەکانی ئەم زانای ناودارەی کورد لە بواری مێژووی بڵاوبوونەوەی ئاینەکان و مەزهەبەکان و ڕێوڕەسمە بەربڵاوەکان لە ناوچەیلی کرماشان، دەبێت لە ڕیزی بەرهەمە هەڵکەوتووەکانی ئەم بابەتەدا هەژمار بکرێن کە لە خوارەوە هەندێکیان دەناسێنین؛

 

  • سلطاني، محمدعلي(1380 کۆچی هەتاوی)، تاريخ تشيع در كرمانشاه(6و7) [مێژووی شیعە لە کرماشان]، تاران، چاپی یەکەم، دەزگای چاپ و پەخشی فەرهەنگی سوها.

دوو بەرگی کۆمەڵە کتێبی سۆڵتانی بە ناوی "تاریخ مفصل کرمانشاهان"، باسی مێژووی پەرەسەندنی ڕەوتی مەزهەبی شیعە لە کرماشان دەکات. سۆڵتانی لەم کۆمەڵەیەدا، بەوردی مێژووی ناوچەی کرماشان، لە سەرەتاوە تا ئێستای نووسیوە و لە دوو بەرگی ئەم کۆمەڵەیەدا (بەرگی شەشەم و حەوتەم)، چۆنێتیی هاتنە ناوەوەی بیری شیعە بۆ ناو کرماشان و مەیلی خەڵکی کوردی ئەم ناوچەیە بۆ قبوڵکردنی شی کردووەتەوە. بڵاوبوونەوەی بیری شیعە لە سەرەتای سەدەکانی ئیسلامیدا، نیشتەجێبوونی زانایانی شیعە لەم ناوچەیە و مێژووی دروستکردنی بینا و دەرکەوتەکانی شیعە لە ناوچەی کرماشاندا، لە گرنگترین بەشەکانی کتێبەکەن، کە نووسەر بە لێکۆڵینەوەی چەندین بەڵگەنامەی مێژووی ناوخۆیی باسی کردووە. ناساندنی بنەماڵە و زانایانی ناوداری شیعە، کە لە کاتی سەفەرەکانیاندا بۆ مەزارەکانی عێراق، لە ناوچەکانی باشووری کوردستان و بەتایبەتی کرماشان نیشتەجێ دەبوون و لە پڕوپاگەندەکردنی ئیسلامی شیعە لەم ناوچە کوردنشینەدا چالاک بوون، گەورەترین بەشی ئەم بەرهەمەی نووسەر پێکدەهێنێت. سۆڵتانی بە ئاماژەدان بە بەڵگەنامە و سەرچاوەکانی مێژووی ناوچەکە و هەندێک جاریش لێکۆڵینەوە مەیدانییەکانی لە بەرکەوتن لەگەڵ بنەماڵە ئاینییەکان کە لە شارەکانی کرماشان نیشتەجێ بوون، چۆنیەتیی نیشتەجێبوونی ئەو زانا و بنەماڵە ئاینییانە، لەم ناوچەیەدا ڕوون دەکاتەوە. پاشان باسی خزمەتەکانیان دەکات لە دامەزراندنی مزگەوت و حوسەینییە و تەکایا و قوتابخانەی ئاینی و هێما و دەرکەوتەکانی تری مەزهەبی شیعە. بەم شێوەیە ڕۆڵی مێژوویی هەر یەکێک لەو زانا و بنەماڵانە لە بڵاوبوونەوەی شیعەگەرایی لە ناوچە کوردستانییەکانی ئێراندا دەستنیشان دەکات و زیاتر لە هەر فاکتەرێکی دیکە، کاریگەریی ئەم فاکتەرە لەسەر گەشەی شیعەگەری لە ناوچەکەدا دەناسێنێت.

 

  • سلطانی، محمدعلی (1373 کۆچی هەتاوی)، قیام و نهضت علویان زاگرس یا تاریخ تحلیلی اهلحق [شۆڕش و بزووتنەوەی عەلەویانی زاگرۆس یان مێژووی شیکاریی ئەهلی هەق]، تاران، چاپی یەکەم، دەزگای چاپ و پەخشی فەرهەنگی سوها. 

 

ئەم بەرهەمە، مێژووی سەرهەڵدانی ئاینی یارسان لە ناوچەکانی کوردستانە. نووسەر بە لێکۆڵینەوە لە بەڵگەنامە مێژووییەکان، ڕەگوڕیشەی ئاینی یارسان دەگەڕێنێتەوە بۆ ئاینە کۆنەکانی ئێرانی؛ وەک زەردەشتی، زەروانی و مانەوی. پاشان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ مەزهەبە شیعەکانی وەک کودکییە و کوردشاهیە لە سەردەمی ئیسلامیدا نیشان دەدات. قۆناغی سەرهەڵدانی شای خۆشین - کە بە موبارەکشای عەلەوی ناسراوە - لە لوڕستان و چالاکییە ئاینییەکانی لە کوردستان، لە کۆتایی سەدەی چوارەم و سەرەتای سەدەی پێنجەمی کۆچی، سەردەمی سەرهەڵدانی سوڵتان سەید ئیسحاقی بەرزنجی لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا و سەرهەڵدانی پیاوە گەورەکانی دیکەی یارسان و کاریگەرییان لە گواستنەوەی ئەم ئاینە بۆ سەردەمی ئێستا، گرنگترین بەشەکانن لە کتێبەکەدا. هۆکارەکانی نزیکیی ئاینی یارسان لە مەزهەبە شیعەکان و گەشەکردنی دەرکەوتە ئیسلامییەکان لەم ئاینەدا، خاڵی بەرچاون کە دەتوانرێت لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەدا سوودیان لێ وەربگیرێت.

  • سلطانی، محمدعلی (1381 کۆچی هەتاوی)، تاریخ خاندانهای حقیقت، مشاهیر متأخر اهلحق در کرمانشاه [مێژووی بنەماڵەکانی هەقیقەت، کەسایەتییە بەناوبانگەکانی دواینی ئەهلی هەق لە کرماشان]، تاران، چاپی دووەم، دەزگای چاپ و پەخشی فەرهەنگی سوها.

 

دووهەمین بەرهەمی سۆڵتانی سەبارەت بە ئاینی یارسان دەکرێت بە بەشی دووەمی کتێبی پێشووی خۆی هەژمار بکرێت. نووسەر لەم کتێبەدا، بنەماڵە سەرەکییەکانی یارسان، لە ناوچەکانی کوردستان دەناسێنێت و ڕۆڵی ئەوان لە سەرکردایەتیی ئاینی ئەهلی حەقدا نیشان دەدات. ناساندنی ناوەندە سەرەکییەکانی پڕوپاگەندەی بنەماڵە بەناوبانگەکانی یارسان و ناوچەی جوگرافیای پڕوپاگەندەی ئەو بنەماڵانە، ئامانجی سەرەکیی نووسەرن لە دروستکردنی ئەم بەرهەمەدا. دەستنیشانکردنی پەیوەندیی نێوان گرووپە ئاینییەکانی ئەهلی حەق و مەزهەبە ئیسلامییەکان و ناساندن و وەسفکردنی ڕێوڕەسم و دابونەریت و بیروباوەڕی ئاینیی ئەم گرووپە ئاینییە، بەشەکانی تری ئەم کتێبەن، کە بە چرایەکی ڕێنمایی بۆ توێژەرانی ئەم بوارە دادەنرێت.

 

  • سلطانی، محمدعلی (1380 کۆچی هەتاوی)، تاریخ تسنن در کرمانشاه به انضمام احوال و آثار علماء و عرفاء دینور[مێژووی سوننە لە کرماشان و ژیان و بەرهەمی زانایان و عاریفانی دینەوەر]، تاران، چاپی یەکەم، دەزگای چاپ و پەخشی فەرهەنگی سوها.

سۆڵتانی لەم کتێبەدا بەکورتی هۆکاری بڵاوبوونەوەی مەزهەبی سوننەکان و بەتایبەتی مەزهەبی ئیمام شافیعی لە سەرەتاوە تا ئێستا لە ناوچەی کرماشان ڕوون دەکاتەوە و باس لە هەوراز و نشێوی ئەم مەزهەبە و کارلێککردنی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی مەزهەبەکانی دیکەی ئەم ناوچە کوردییە دەکات. ناساندنی زانایانی ئیسلامیی ناوچەی کرماشان، لە سەرەتای هاتنی ئیسلام بۆ شارەکانی پارێزگا و ڕۆڵی ئەوان لە فراوانکردنی قوتابخانە ئیسلامییەکان و بەتایبەت مەزهەبی ئیمام شافعی، ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو کتێبەن کە شیکاری و لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوە. دووبارە نیشتەجێکردنەوەی گرووپە سوننەکان لە کرماشان، لە کۆتاییەکانی سەردەمی قاجار و سەرەتای پەهلەوی، دامەزراندنی مزگەوتی سوننە لەو شارە و پەرەسەندنی حەشیمەتی ڕێرەوانی مەزهەبی شافیعی لەم ناوچەی کوردە، چەند بەشێکی دیکەی کتێبەکەن.

 

  • سلطانی، محمدعلی (1380 کۆچی هەتاوی)، تاریخ تصوف در کرمانشاه به انضمام پیشینه سلاسل و فرق صوفیه در غرب ایران[مێژووی سۆفیگەری لە کرماشان و مێژینەی زنجیرە و باڵەکانی سۆفیگەری لە ڕۆژاوای ئێران]، تاران، چاپی یەکەم، دەزگای چاپ و پەخشی فەرهەنگی سوها.

 

بەشە سەرەتاییەکانی ئەم کتێبە، شیکارییە بۆ ئەو چوارچێوەیەی کە سۆفیگەری تێیدا هاتۆتە ناو کوردستان و، ناساندنی سۆفییە چالاکەکان لە بڵاوکردنەوەی فێرکارییەکانی ئەو ڕێبازانە لە ناوچەی کرماشان لەخۆ دەگرێت. ناساندنی ڕێبازە سۆفییە بەناوبانگەکان، لەنێو کوردانی سوننە و هۆزە کوردە شیعەکانی ناوچەی کرماشان و لێکۆڵینەوە لە ڕۆڵی ڕێبازە سۆفییەکان، لە بڵاوکردنەوەی بناغەکانی ئیسلام لەنێو خەڵکی کورد، لە گرنگترین بەشەکانی کتێبەکەن. ئەم بەرهەمە بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە خەڵکی کوردی سوننە و شیعەی ناوچەی کرماشان، هەریەک لە ڕێبازێکی تاێبەتی سۆفی، پەیڕەوییان کردووە. بەم جۆرە کە سوننەکان لە ڕێبازی نەقشی و قادری و کوردە شیعەکان لە ڕێبازی نێعمەتووڵایی و جەلالی پەیڕەوییان کردووە.

ئەم سێ زانایە بەناوبانگە (مینۆرسکی، برویین سن و سۆڵتانی) دیارترین توێژەرانن کە کتێبیان لەسەر مێژووی بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕ و ڕێوڕەسم و ئاینەکانی بەربڵاو لە کوردستان نووسیوە و لێکۆڵینەوەکانیان لە بواری مێژووی بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕ و ڕێوڕەسمی ئاینی لە کوردستاندا بنەمای کارەکانی توێژەرانی دواتر بووە و بەردەوامیشی هەیە. هەرچەند کەموکورتییەکی زۆر لە لێکۆڵینەوەکانیاندا، سەبارەت بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئاینەکان لە کوردستان هەیە، بەڵام تاکە سەرچاوەی بەر دەست لە بواری ئاین ناسی لەنێو کورددا ئەمانەن کە ڕێنوێنی پێشخستنی توێژینەوەن لەو بوارەدا. شوێنەواری بەکارهێنانی بەرهەم و لێکۆڵینەوەکانی ئەم سێ مامۆستا زانا بەڕێزە، لە زۆربەی نووسینەکانی دواتردا دەبینرێن. لە نووسین و لێکۆڵینەوەکانی مینۆرسکی و برویین سندا، هەموو ناوچەکانی کوردستان بە مانا گشتیەکەی وەک بنەما دادەنرێت. ئەم دوو پرۆفیسۆرە مەزنە، لێکۆڵینەوەیەکی بەنرخیان لەسەر مێژووی بڵاوبوونەوەی ئاین و ڕێوڕەسمەکانی باوی کوردستان ئەنجام داوە. بەڵام بەهۆی تێڕوانینی دەرەوەیی خۆیان بۆ بارودۆخی کۆمەڵایەتی و فەڕهەنگیی کوردستان و پانتایی جوگرافیای فراوانی لێکۆڵینەوەکانیان، هەندێک جار به لاڕێدا چوون و تێڕوانینی ڕووکەشیان لەسەر بیروباوەڕ و ئاینەکانی باوی کوردستان خستووەته ڕوو. لە دۆسیەی سوڵتانیدا، دۆخەکە تەواو جیاوازە. لێکۆڵینەوەکانی ئەم توێژەرە بەناوبانگەی کورد، لە بواری بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕ و ئاینە ئیسلامییەکان، لە کوردستاندا قووڵە. بەڵام کێشەی کارەکە لەوەدایە کە مەودای لێکۆڵینەوەکانی لە ڕووبەرێکی بچووکی کوردستان؛ واتە کرماشاندا سنووردارە، ئەمەش وا دەکات گشتاندنی بۆ هەموو بوارەکانی کوردستان قورس بێت.

هێنری فیڵد، لیرخ، ڤاسیلی نیکیتین، ڕەشید یاسمی، مەحموود ئەفەندی بایەزیدی، تۆماس بۆیس، جەمال نەبەز، بابامەردوخی کوردستانی، میرزا شوکروڵای سنەیی، سدیق سەفیزادەی بۆرەکەیی و محەممەد ئەمین زەکی بەگ، لە نووسەران و لێکۆڵەرانی دیکەن، کە لە نووسینەکانیاندا ئاماژەیان بە ڕێوڕەسم و ئاین و دابونەریتی نەتەوەی کوردیان کردووە و بۆ شیکردنەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو بیروباوەڕ و ئاینانەی کە لە کوردستاندا باون بەسوودن. هەروەها شەرەفخانی بەدلیسی، لەنێوانی باسە مێژوویەکانی کورد و کوردستاندا، لە کتێبی شەرەفنامە - کە دەکرێت بە ناسنامەی نەتەوەی کورد هەژمار بکرێت - باسی ئاین و ڕێوڕەسم و مەزهەب و ڕێبازی عەشیرەتە کوردییەکانی کردووە و لەو کتێبە بە نرخەدا تۆماری کردووە.

 

بیروباوەڕی ئاینیی گەلی کورد

ئەمڕۆ نزیکەی لەسەدا ٧٠ی خەڵکی کوردستان، لەڕووی ئاینی و فیقهییەوە، موسڵمان و سوننەن و پەیڕەوی لە مەزهەبی شافعی دەکەن. ئەمەش وای کردووە زۆرینەی دانیشتووانی کورد لە دراوسێکانیان جیا بکاتەوە؛ چونکە تورک و عەرەبی دراوسێیان، پەیڕەوی لە مەزهەبی حەنەفی دەکەن و ئێرانییە دراوسێکانیشیان شیعەن. هەروەها نزیکەی لەسەدا ١٥ی کۆی دانیشتووانی کورد پەیڕەوی لە شیعەی دوانزە ئیمامی دەکەن کە زۆربەیان لە ناوچەکانی باشووری کوردستانی ئێران و عێراق نیشتەجێن و لەو ناوچانەدا، کورد لەگەڵ ئێرانییەکان و شیعە عێراقییەکان، هاوئاین و هاومەزهەبن. دانیشتووانی دیکەی کورد، پەیڕەوی لە ئاینەکانی تر دەکەن کە ڕەگوڕیشەیان لە ئاینەکانی پێش ئیسلامدایە و، لە ماوەی درێژخایەنی هەژموونی ئیسلامیدا فێرکاری و هێمایان لە ئیسلامەوە وەرگرتووە و لە چوارچێوە ئایدیۆلۆژییەکانیاندا، زۆر لە مەزهەبە جۆرواجۆرە شیعەکان دەچن. لەنێو ئەو گرووپانەدا، کوردانی عەلەوی لە باکووری ڕۆژئاوای کوردستان و کوردانی یارسان (ئەهلی حەق، کاکەیی) لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان هەن، کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانی کوردستان پێکدەهێنن. هەر دوو گرووپەکە، ڕێزێکی تایبەتیان بۆ ئیمامی عەلی هەیە و بەوردی لە دابونەریت و بنەماکانی بیروباوەڕیان بڕوانرێت، دەتوانرێت بیروباوەڕەکانی زەردەشتی و ئاینە کۆنەکانی تر، وەک ئاینی زەروان و مانی، لەنێو باوەڕەکانیاندا بدۆزریتەوە. گرووپە ئاینییە کوردییەکانی دیکە بریتین لە کوردانی ئێزیدی، کوردانی جوولەکە، فەلە مەسیحییەکانی ئاشوری و کەلدانی و شەبەکەکان کە ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانی شار و ناوچە جۆربەجۆرەکانی کوردستان پێکدەهێنن.

 کورد نەتەوەیەکی خاوەن ئاین و مەزهەبی جیاوازە و بۆچوون و باوەڕی زۆر لە ناوچەکانیدا هەیە. سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ئاین و مەزهەبی جۆراوجۆر لەنێو کورددا، چەند ئاین و مەزهەبی تایبەتیش لەنێویاندا باون، کە لەنێو نەتەوەکانی دیکەدا، هیچ شوێنکەوتوویەکیان نییە و بەشێکیشیان ڕەگوڕیشەیان دەگەڕێتەوە سەر ئەو ئاینانەی کە پێش لە ئاینە گەورە جیهانییەکان باو بوون؛ وەک ئاینی میترا و مێهرپەرەستی. بۆیە دەکرێت کوردستان بە موزاییک و فەرشێکی ڕەنگاوڕەنگ و پڕنەقش ببینین کە هەر ڕەنگ و نەقشێکی ئەو موزاییک و قالییە، ئاین و مەزهەب و باوەڕێکە کە کوردستانی جوان و ڕەنگین کردووە. ئەم تایبەتمەندییە تایبەت و جیاواز و ناوازەیە، ناوچەکانی کوردستانی لە ناوچە دراوسێکانیان جیا کردۆتەوە. لەم موزاییکە ئاینییە و نەقشی فەرشی مەزهەبییە، زۆرترین ژمارەی دانیشتووان، لە کوردانی شافعی پێکهاتووە و لەدوای ئەویش کوردەکانی شیعەن. شانبەشانی ئەوان، شوێنکەوتووانی ئاین و مەزهەبەکانی ئیزەدی، بەهایی، ئەهلی حەق (یارسان، کاکەیی، عەلیوڵاهی)، قزلباش، عەلەوی، سارێڵی، شەبەکان و بێجورانەکان دەژین کە هەموویان ڕەنگ و نەقشێکی ئەو فەرشەیان پێک هێناوە و کوردستانیان جوان و نەقشین و ڕەنگین کردووە. جگە لەوەش کوردستان ناوەندێک بوو بۆ بڵاوبوونەوەی ئاینەکانی دیکەی وەک فەلەی ئاشووری و کەلدانی، جوولەکە و زۆرێک لە ڕێبازە سۆفییەکانی وەک حەقەکان، بەکتاشی، قادری، نەقشبەندی نێعمەتوڵاهی و جەلالی و هتد. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، پێویستە کوردستان بەراورد و بەناوبانگ بکرێت بە "هیندستانی جیهانی ئیسلام".

بەهۆی فرەچەشنیی ئاین و مەزهەبە جیاوازەکانەوە، کوردستان هەمیشە شوێنێکی گونجاو بووە بۆ داڵدەدانی میسیۆنەرە ئاینی و سیاسییەکان، لە عەرەب و ئێرانی و تورکی دراوسێ، کە بەئارامییەکی تەواو لەنێو کورددا ژیاون و بانگەشەی ئاین و بیروباوەڕەکەی خۆیان کردووە. 

لە کوردستاندا، پەرستگای چەندین ئاین و مەزهەبی جیاواز هەیە. لە دڵی ناوچە کوردستانییەکانی پاڕێزگای کرماشان، لە شاری کەنگاوەر، پەرستگای ئاناهیتا، خوداوەندی جوانی و باران و ئاو دانراوە. کەنیسەکانی مەسیحی و چەندین کەنیسەی جوولەکەکان تەک پەرستگاکانی ئێزیدیەکانەوە لە تەنیشتی هەزاران مزگەوتی موسڵمانان هەیە، هەروەها چەندەها جەمخانە و شوێنە پیرۆزەکانی عەلەوییەکان، یارسانەکان، کاکەییەکان، شەبەکەکان، سارێڵییەکان، هەروەها ژمارەیەکی زۆری خانقا و تەکیەی جۆراوجۆری سۆفیگەری لەنێو کوردستاندا هەن، کە بەئاشکرا و ئاشتییانە بانگەشەی ئاین و بیروباوەڕەکانیان دەکەن. ئەمەش فرەچەشنییەکی بێهاوتا لەڕووی پێکەوەژیانی ئاین و مەزهەبە جیاوازەکانەوە نیشان دەدات کە بەدەگمەن لەنێو گەلانی دیکەدا دەبینرێت. بەشێک لەو پەرستگا و شوێنە پیرۆزانە تەمەنیان هەزاران ساڵە و هەندێکی تریش سەدان ساڵە لە کوردستان چالاکن.

 ناکۆکیی نێوان مەزهەبی سوننە و شیعە و هەروەها نێوان ڕەوتی ڕۆشنبیریی ئیسلامی و ئاین و مەزهەبەکانی تری کوردستان، یان تەنانەت مەزهەبە غەیرە ئیسلامییەکانی ناو کورد، زیاتر لەوەی کە لەسەر بڕوا و بیروباوەڕ و عەقیدە ڕوو بدات، لە سیاسەتی میر و حاکمەکان پەیڕەوی کردووە کە بەسەر گەلی کورددا حوکمڕانییان کردووە؛ چونکە هەمیشە دەبینین خەڵکی کورد، بە شێوەیەکی سەرەکی بیری ئاینیی سەرکردە عەشیرەتەکانیان پێ باشتر بووە لە پەیڕەوکردنی بنەما ئایدیۆلۆژییەکانی ئاینێکی دیاریکراو. هەر لەبەر ئەوەش، بەدەگمەن لە مێژووی کورد و کوردستان، ئێمە شەڕ و ئاژاوە و دوژمنی دەبینین و، مێژوونووسەکان ناوی شەڕێکیان بە شەڕی ئاینی و مەزهەبی، لە کوردوستان تۆمار نەکردووە. 

کورد بەدرێژایی مێژوو، جگە لە قبووڵکردنی ئیسلام و پابەندبوون بە فیقه و بنەماکانی ئاینی ئیمام شافیعی، بنەما و یاسا و دابونەریتە خێڵەکییەکانی خۆی پاراستووە و دابونەریتی باوباپیران و مێژوویی خۆی پراکتیزە کردووە. هەروەها بەدرێژایی مێژوو، حاکم و ئەمیرەکانی کوردیش، جێبەجێکردنی یاسا خێڵەکی و عورفییەکانی کوردیان نەکردۆتە قوربانی بۆ یاسا ئیسلامییەکان و هەوڵیان نەداوە تەواوی ئەو ڕێوڕەسمە کوردییانە، بە یاسا و بنەماگەلی فیقهی ئیسلامی بسڕنەوە. حاکمە دیارەکانی کورد کە بەهۆی پەیوەندیی ئیسلامی و ئاینییەوە، توانیویانە سەرکردایەتیی کورد لە هەندێک ناوچەی کوردستاندا بگرنە ئەستۆ، هەرگیز هەوڵیان نەداوە یاسا و ڕێسای ئیسلامی لە خاکەکانیاندا بەفەرمی بکەن و بەتەواوی لەسەر بنەمای ئەوان مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کورد بکەن. بۆ نموونە، شێخ مەحمود بەرزنجی بۆ ماوەی پێنج ساڵ خۆی وەکوو حاکمی سەربەخۆی کوردستان ناساند، لە ساڵی ١٣٤٣ی کۆچی/١٩٢٤ تا ١٣٣٧ی کۆچی/١٩١٩. لە کاتی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان بە سەرکردایەتیی قازی محەممەد لە ساڵی ١٣٦٥ی کۆچی/١٩٤٦ لە مەهاباد، یان ڕاپەڕینی شێخ سەعیدی پیران لە کوردستانی تورکیا لە ساڵی ١٣٤٤ی کۆچی/١٩٢٥ و هەروەها لە سەردەمی ڕاپەڕینی بارزانییەکان بە ڕابەرایەتیی مەلا مستەفای بارزانی، کە هەموویان کەسایەتیی ئاینیی کورد بوون و بەهۆی ناوبانگ و خزمەتی خۆیان و باوباپیرانیان بە ئیسلام، سەرکەوتوو بوون لە بەدەستهێنانی سەرکردایەتیی کورد، بەڵام لە ماوەی حوکمڕانیدا هەوڵیان نەداوە حوکمی ئیسلامی بخەنە ناو یاساکانی دەوڵەتەوە و ئەم بابەتەیان نەخستووەتە کارنامەی حکومەتەکانیانەوە.

نەتەوەی کورد وا ڕاهاتووە کە کاروباری ئاینی و ئایدیۆلۆژی خۆی بە پسپۆڕانی ئاینی بسپێرێت و خۆیان بەتەواوی شوێنیان بکەوەن. هەروەها لە کاروباری دونیای خۆیانیشدا تاڕادەیەک هەمان کار دەکەن. بۆیە کەسانی بەناوەکانی "سەید"، "شێخ"، "پیر" و "مەلا" بەرپرسی کاروباری ئاینی دەبوون و سەرکردە عەشیرەتەکانیش بە نازناوەکانی وەک "ئاغا"، "بەگ"، "سوڵتان"، "میر" و هتد بەرپرسی کاروباری دونیایی گەلی کورد دەبوون. فاکتەری سەرەکیی نەتەوەی کورد لە قەبووڵکردنی ئاین و مەزهەبە جۆرواجۆرەکان ئەوەیە کە لەنێوان خەڵکی کورد، جیاوازیی ئاینی، مەزهەبی و ڕێبازی سۆفییانە نابێتە هۆی گرژی و دوژمنایەتی؛ کوردی فەلەی مەسیحی، جوولەکە، ئێزیدی، شافیعی، کوردانی ئێزدی، یارسان و هتد، بەدرێژایی مێژوو، وەک دراوسێی ئازیز، شان بە شانی یەکتر ژیاون و لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا، بەبێ بچووکترین گرژی لەگەڵ یەکتردا، کارلێکیان کردووە؛ چونکە لە کوردستاندا، بناغەی کارلێکی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتردا، لەسەر بنەمای کوردبوون و قسەکردن بە زمانی کوردییە، نەک پەیڕەوکردنی ئاین، باوەڕ، مەزهەب، ڕێباز یان بیروباوەڕێکی دیاریکراوی ئایدیۆلۆژیک.

 

کۆتایی بابەتەکە

لێکۆڵینەوەی مێژوویی و ناساندنی ئاینەکان، مەزهەبەکان و ڕێباز و بیر و بڕواکان، لقێکی زانستی مێژووییە، کە بەدرێژایی مێژووی ئیسلام کۆنە. هاوکات لەگەڵ کۆتایی سەدەی دووەم و سەرەتای سێهەمی سەدەی هیجری، کە دابەشبوونی فیکری و ئاینی لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا پەرەی سەند، بەشێک لە زانایانی موسڵمان دەستیان کرد بە نووسینی کتێب بۆ دەستنیشانکردنی جیاوازییەکان و ناساندنی ئەو لقە ئاینییانەی کە لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا دروست بوون. لە سایەی هەوڵی ئەو تاکانەدا، کتێبی ناوازە لەمەڕ تێگەیشتن لە نەریتە ئیسلامی و غەیرە ئیسلامییەکان بەرهەم هات، کە بە سەرچاوەی دەوڵەمەندی مێژووی بیری ئاینی، لە مێژووی ئیسلامدا دادەنرێت. کوردستان بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییە تایبەتەکەیەوە، هەمیشە پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ بڵاوبوونەوەی ڕێوڕەسم و ئاین و نەریتی سۆفیگەری بەدرێژایی مێژوو. بەربڵاویی ئاین و ڕێوڕەسمی زۆر و مەزهەب و ڕێبازی جۆرواجۆر لەنێو کورددا، بە بەراورد لەگەڵ گەلانی دیکە، بەتایبەت عەرەب و تورک و هۆزەکانی دیکەی دراوسێی ئێران بەڵگەیەکی ڕوونە بۆ سەلماندنی ئەم ئیدیعایە. هەرچەندە کتێبەیلی کۆنی ئیسلامی، لە بواری ئاین ناسی کە بە "الملل و النحل" دەناسێن،  ئاماژەیان بە و و ئاینە جۆراوجۆرەکانیان کردووە کە لە کوردستاندا باون و لەم سەدانەی دواییدا، ڕۆژهەڵاتناسانیش هۆگرییان بۆ ئەم بابەتە بووە و لە نووسینەکانیاندا هەندێک لەو ئاین و بیر و بڕوا و ڕێبازانەی کوردستانیان ناساندووە و لە کتێبەکانی خۆیان تۆماریان کردووە، بەڵام بەهۆی جۆراوجۆری و بەرفراوانیی ئاین و مەزهەب و ڕێبازەکان کە لە مێژووی کوردستاندا باون، پێویستە لێکۆڵینەوەی زانستیی زیاتر ئەنجام بدرێت. جا بۆ ئەوەی ئەم لێکۆلینەوانە بتوانرێت بارودۆخی بابەتەکە باشتر ڕوون بکاتەوە، دەشێت توێژەرانی کورد لە ناو کۆمەڵگەی کوردییەوە و لە ڕوانگەی ناوخۆییەوە بۆ شیکردنەوە و لێکۆڵینەوە، بۆ مەسەلەکە بکۆشن تا بتوانن ئەو کەلێنانە لە مێژوو و کولتووری کورد و کوردستان پڕ بکەنەوە. 




سەرچاوەکان:

  • شاملیوف، اراب (1997محول مسأله الاقطاع بین الأکراد، ترجمه کمال مظهر أحمد، بغداد.
  • احمد، محمد احمد (2009ماکراد الدوله العثمانیه، تأریخهم الاجتماعی و الاقتصادی و السیاسی (1923-1880م)، دهوک، الطبعه الأولی، مکتبه البدرخانیین.
  • ایزدی، مهرداد (2000م)، الدیانه و الطوایف الدینیه فی الکردستان، تعریب، کامران فهمی،سلیمانیه، مطبعه الفکر و الوعی.
  • میران، رشاد (2000م)، رهوشتی ئاینی و نهتهوهیی له کوردوستاندا، چاپی دووم، هولیر(اربیل)، ئینتشاراتی برایهتی.
  • زند، کریم (1973م)، الدین و الاعتقاد فی الکردستان، بینا، موصل.
  • اليما، بئوار (1378ش)، آخرين مستعمره (بحران کردستان ترکيه از آغاز تا اکنون)، تهران، انتشارات پژوهنده.
  • سلطاني، محمدعلي (1380ش)، تاريخ تشيع در كرمانشاه(6و7)، تهران، چاپ اول، مؤسسه نشر فرهنگی سها.
  • سلطانی، محمدعلی (1373ش)، قیام و نهضت علویان زاگرس یا تاریخ تحلیلی اهلحق، تهران، چاپ اول، مؤسسه نشر فرهنگی سها. 
  • سلطانی، محمدعلی (1381ش)، تاریخ خاندانهای حقیقت، مشاهیر متأخر اهلحق در کرمانشاه، تهران، چاپ دوم، نشر فرهنگی سها.
  • سلطانی، محمدعلی (1380ش)، تاریخ تسنن در کرمانشاه به انضمام احوال و آثار علماء و عرفاء دینور، تهران، چاپ اول، مؤسسه نشر فرهنگی سها.
  • سلطانی، محمدعلی (1380ش)، تاریخ تصوف در کرمانشاه به انضمام پیشینه سلاسل و فرق صوفیه در غرب ایران، تهران، چاپ اول، مؤسسه نشر فرهنگی سها.
  • مینۆرسکی، ڤلادیمیر (بیتا)، بنچینهکانی کورد و چهند وهتاریکی کوردناسی، سلێمانی، وهرگێڕانی نهجاتی عهبدوللا، مهکتهبی بیر و هوشیاری(ی.ن.ک).
  • مینۆرسکی، ڤلادیمیر (2006 ز)، مینۆرسکی و کورد، وهرگێڕانی ئهنوهری سولتانی، هەولێر، چاپی دووم، چاپخانهی وهزارهتی پهروهرده.
  • مينۆرسكی، ڤلادیمیر (1984ز)، كورد، وهرگێڕانی بۆ عهرهبی مارف خهزانهدار، وەرگێڕانی بۆ كوردی حهمه سهعيد حهمه كهريم، ههولێر، چاپخانهي زانكوی سهلاحهدين.
  • وان برویینسن، مارتین (1372ش)، جامعهشناسی مردم کُرد (آغا، شیخ و دولت)، ساختار اجتماعی و سیاسی کردستان، ترجمهی ابراهیم یونسی، تهران، چاپ دوم، نشر پاینده.
  • وان برویینسن، مارتین، (تابستان - پاییز1385ش)، کُردها و اسلام، ترجمه هوشیار ویسی، مریوان، فصلنامه فرهنگی، ادبی، اجتماعی زریبار، دوره جدید(9-8)، سال دهم، شماره 62-61.
  • وان برویینسن، مارتین (1378ش)، رستاخیز علویان کُرد در ترکیه، ترجمه شهرام شیخ زاده، تهران، ماهنامه اجتماعی- فرهنگی اندیشه جامعه، شماره 5.
  • Bruinessen,m,van (1992), Agha,sheikh and sttes in kurdistan, Zed book 1td. London.
  • Bruinessen,m,van,(not date),"satans psalmists: some heterodox beliefs and practices among the ahl-e haqq of the guran district",le mont zagros en iran(dawray-diwanay gawra),paris.
  • Bruinessen,m,van van(1998), "On the study of some heterodox sects in kurdistan",Blau(eds),Islam des kurds, INALCO-ERISM, paris.
  • Dahlman Carl(2002), The  Political Geography Of Kurdistan, Eurasian Geography and Economics, 43, No4, pp: 271-299, university of south carolina, columbia.
  • Mc dowall, david(1996), the kurds of syria, khrp(kurdish human rigt project), london.

Nebez jamal(2004), The kurds, History and Calture, translator Hanne kuchler, kurdish community House in berlin,Germany, WKA publication, London.

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X