مەنسور ئەحمەدی
خوێندکاری دکتۆرای مێژووی ئێران لە سەردەمی ئیسلام، زانکۆی تەورێز
پوختە
سەرهەڵدانی مێژوونووسی لە کوردستان، دیاردەیەکی نوێ بوو بۆ شانشین و ناوچە جیا جیاکانی جوگرافیای ئێران. بەدلیسی لە ساڵی ١٠٠٥ی کۆچی بە سەرنجدانە هەڵکەوتەی جوگرافیای کوردستان و گرنگییەکەی بۆ هەر دوو زلهێزی ئەودەم و پێگە و هەڵکەوتەی بەدلیس لە ڕابردوو، زانیاریی دەربارەی کورد و ناوچە جوگرافییەکانی کوردستان کۆ دەکردەوە و دەینووسی و، بەمە شەرەفخان بوو بە بناغەدانەر و بونیاتنەری مێژوونووسی لە کوردستان. مێژوونووسی لە کوردستان لە سەردەمی قاجار زیاتر جێگەی سەرنج بوو. بارودۆخی مێژوونووسی لەکوردستان لە سەردەمی قاجار، کەوتە ژێر پێگەی کاریگەریی سیاسی و کارگێڕیی میرەکانی ئەردەڵان و میرە فەرمانڕەواکانی کوردستان. لێکۆڵینەوە لە پانتایی سەرهەڵدانی مێژوونووسی لە کوردستان، بابەتی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیەیە و ڕێڤاژۆی (میتۆدی) توێژینەوەکە، ڕێڤاژۆیەکی وەسفی- شیکارییە. پێدەچێت هەڵکەوتەی جوگرافیی کوردستان و گرنگبوونی لە سەرچاوە جوگرافییەکانی پێشوو، بایەخی ناوچە کوردستانییەکان بۆ هەر دوو زلهێزی ئەودەم (سەفەوی و عوسمانی)، هەڵکەوتە و پێگەی میرنشینەکانی کورد، پێگە و هەڵکەوتەی میری بەدلیس لە میرنشینی بەدلیس، ڕەخسێنەری بەستێن و پانتایی بوو بۆ سەرهەڵدانی مێژوونووسی لەکوردستان لەسەردەمی سەفەویدا.
وشە کلیلییەکان: مێژوونووسی، کوردستان، بەدلیسی، شەرەفنامە، میرنشینەکانی کورد
پێشەکی
هەمیشە مێژوونووسی وەک ناسنامەیەکی پلە دوو لە ڕوانگەی فەیلەسوفانی مێژوو، لەژێر کاریگەریی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و کولتووری و بەجۆرێک بەرهەمی سەردەمی خۆی بووە. ئەمە سەبارەت بە کوردستان کە هەڵکەوتەی جوگرافیاکەی لەژێر کاریگەریی زلهێزە دەرەکییەکاندا بووە، واتە لەژێر کاریگەریی بارودۆخی تایبەتدا بووە. شەرەفخانی بەدلیسی، مێژوونووسیی لە کوردستان و نووسینی مێژووی کوردی دوای پێکهاتنی میرنشینەکانی نووسی.
هەموو لێکۆڵینەوەکان لە شەرەفنامە، زیاتر لە سەرەتای مێژوونووسی ناوخۆیی لە کوردستان، جەخت دەکەنەوە لە کتێبی "شەرەفنامە". ئەم لێکۆلێنەوەیە کە لێکۆڵەرەوانی مێژوونووسی لە ئێران، وەک عەباس قەدیمی قەیداری بە وتاری "مێژوونووسی ناوخۆیی کوردستان و سەرهەڵدانی یەکەم مێژوو نووسی ژن لە ئێران"، لێکۆڵینەوە مێژووییەکانی زانکۆی ئیسفەهان لە ساڵی ٢٠٠٩ کە زیاتر باسی دۆخی مێژوونووسی ناوخۆیی کوردستان لەسەردەمی قاجار و بەستێنەکانی سەرهەڵدانی یەکەم مێژوونووسی ژن لە مێژووی ئێران و وتارێک بەناوی "شیکارکردنی ڕێبازی مێژوونووسین و مێژوونووسیی شەرەفخانی بەدلیسی لە شەرەفنامەدا" لە گۆڤاری مێژوونووسین و مێژوونووسی لە زانکۆی ئەلزەهرا لە ساڵی ٢٠١١، نووسینی زیکروڵڵا محەمەدی و کەیمورس فەیای، کە زیاتر باسی سیستمی فیکریی شەرەفخان لە شەرەفنامەدا دەکات. لێکۆڵینەوەیەکی تر کە باسی مێژوونووسی ناوخۆیی کوردستان دەکات، وتاری "مێژووی سوڵتانەکانی هەورامان، بەردەوامی یان پەرەسەندنی مێژوونووسی ناوخۆیی لە کوردستان"، لە گۆڤاری لێکۆڵینەوەی مێژووە ناوخۆییەکانی زانکۆی پەیامی نور لە ساڵی 2016دا باسی ڕادەی کاریگەریی نووسەری کتێبی "مێژووی سوڵتانەکانی هەورامان" دەکات لە ڕەوتی مێژوونووسی لە کوردستاندا. لەوانە ئەو لێکۆڵینەوەیەی بە شێوەیەکی تایبەتی باسی شەرەفنامە دەکات، لێکۆڵینەوەیەکە بەزمانی ئینگلیزی بەناوی
«Şeref Xan's Sharafnama: Kurdish Ethno- Politics in the Early Modern World, Its Meaning and Its Legacy» لەلایەن جۆن ڕیس باجلان لە ساڵی2012 لەگۆڤاری «Iranian studies» پرسە سەرەکییەکەی تایبەتە بە کاریگەرییەکانی شەرەفنامە لەسەر سیاسەتی نەتەوەیی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە سەردەمی هاوچەرخدا. وەک بە ناو و لێکۆڵینەوە لە پرسە سەرەکییەکانی لێکۆڵینەوە لە شەرەفخان دەردەکەوێت، ئەم لێکۆڵینەوە و وتارە نووسراوانە کەمتر باسی کاریگەریی بەستێنەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە سەرهەڵدانی مێژوونووسی ناوخۆی کوردستانیان کردووە. لەم لێکۆڵینەوەیەدا نووسەر هەوڵی داوە وەڵامی پرسی سەرەکیی لێکۆڵینەوەکە بداتەوە، واتا لێکۆڵینەوە لە بەستێنەکانی سەرهەڵدانی مێژوونووسی لە کوردستان لە سەردەمی سەفەوی، سوودوەرگرتنە لەمیتۆدی وەسفی–شیکاریی.
جوگرافیای کوردستان
هەڵکەوتەی کوردستان لە سەردەمی دوای ئیسلام ناوچەیەکە کە تا سەردەمی سەلجوقییەکان بەگشتی بە "شاخ" یان "شاخەکان" ناسرابوو. سەرهەڵدان و بەکارهێنانی وشەی "کوردستان" وەک بەشێک لە جوگرافیای مێژووی ئێران لە دەقە کۆنەکاندا، بەراورد بە لێکۆڵینەوە لە بڵاوکراوەکانی دەربارەی مێژووی "کوردەکان"، کەمتر جێگاسەرنجی ورد و ڕەخنەی لێکۆڵەرەوان بووە. ناوەڕۆکی لێکۆڵینەوە بڵاوبووەکان تا ئێستا لەمبارەیەوە دەری دەخەن، بەراورد بەوشەی کۆنی "کورد"، "کوردستان" وشەیەکی نوێترە و لە دەوروبەری سەدەی ٦ی کۆچی بەکار هێنراوە (٤٢:١٣٩٦).
لێکۆڵەرەوەیەکی جوگرافیای مێژوو، بەمشێوەیە باسی بەڕەسمیبوونی وشەی کوردستان لە سەدەی ٦ دەکات: "دەربارەی ڕەسەنێتیی ویلایەتی کوردستان دەڵێن، لە نیوەی سەدەی ٦ی کۆچی سوڵتان سەنجەر سەلجوقی بەشی خۆرئاوای ویلایەتی شاخ، سەر بە کرماشانی جیا کردەوە و پێیگوت کوردستان و سلێمان شای برازای ناسراو بە ئەبو (ئیڤە)ی کردە فەرمانڕەوا. ئەو ئەبوە دوای ماوەیەک، واتا لە ٥٥٤ی کۆچی تا ٥٥٦ی کۆچی جێگەی مامی گرتەوە و بوو بە سەرۆکی خانەدانی سەلجوقی و سوڵتانەکانی عێراق" (لێسترانج،٢٠٨:١٣٣٧). لێسترانج بۆ سەرهەڵدانی چەمکی جوگرافیی "کوردستان" لە سەردەمی سەلجوقییەکان، بە دەستەواژەیەک پشتی بە کتێبی "نەزهەت ئەلقلوب" (٧٤٠ی کۆچی)، مستەوفی بەستووە (لێسترانج،٢٠٨:١٣٣٧).
جوگرافیای مێژوویی کوردستان لە سەردەمی مەغۆلەکان
کوردستان ئاماژەیە بە بەشێک لە جوگرافیای مرۆیی کورد لە باشووری خۆرئاوای ئاسیا، ئاماژەیە بە بەشێک لە نیشتەجێبوونی مێژوویی کورد لە ئێران، لە کاتێکدا کورد بەدرێژایی مێژوو ئەم وشە مێژووییەی بەزاندووە و لە ناوچە فراوانترەکاندا نیشتەجێ بوون. دیارە "نەخشەیەکی دیاریکراو نییە بۆ نیشاندانی خاکی کوردستان، چونکە ئەم خاکە بەدرێژایی مێژوو بەهۆی هەڵکەوتە ناوازەکەیەوە، کە هەمیشە کەوتووەتە سەرەڕێی فەتحکەر و زلهێزەکانی ئەو سەردەمە، ئەم خاکە زیاتر بەرتەسک و زۆرتر فراوان بووە و لە ئەنجامدا هێڵە سنوورییەکانی زەوییە نیشتەجێبووەکانی کورد بەردەوام گۆڕاوون. (تابانی، 1380: 19-20).
بە گوتەی بەدلیسی: "سەرەتای میرنشینی کوردان لە کەناراوەکانی دەریای هرمز دەست پێ دەکات، کە کەوتووەتە سەر کەناری دەریای هیندی و لەوێوە بە هێڵێک درێژ دەبێتەوە تا ویلایەتی مەلاتیە و لە مەرعش کۆتایی پێدێت" (بەدلیسی،٢٣:١٣٧٣-٢٤). وادیارە حەمدولڵا مستەوفی بۆ یەکەمجار ناوی کوردستانی لە دەربڕینی ناوچەیەک بەکار هێنا کە سوڵتان سەنجەر لە ناوەڕاستی دوازدەی زایینی جیا لە میرنشینی شاخ و بە ناوی میرنشینی سەربەخۆ بە سلێمان شای بەخشی (مستەوفی،١٢٦:١٣٦٦، لێسترانج،٣٧٥:١٣٩٠،فەتاح قازی،١٣٦٧: ٦٦و کەریمی، ٧١:١٣١٦). کوردستان لە سەردەمی سلێمان شا زۆر ئاوەدان بوو و داهاتەکەی گەیشتە دوو ملیۆن دینار کە دە هێندەی داهاتی ئەم هەرێمە بوو لە سەردەمی مەغۆلەکاندا. شاری بەهاری لە ١٣کیلۆمەتری باکووری هەمەدانی کردە ناوەندی خۆی و لەوێ قەڵایەکی پتەوی دروست کرد (لێسترانج،هەمان،٢٠٨) ئەم شارە ناوەندی ویلایەتی کوردستان بوو تا سەردەمی ئۆلجایتۆ (٧١٦-٧٠٣ی کۆچی). لە ساڵی ٧١١ی کۆچی بە دروستکردنی شارێکی نوێ بە بڕیاری ئەو لەپەنا کێوی بێستوون بەناوی "سوڵتاناوای چەمچەماڵ" ناوەندی کوردستان گوازرایەوە ئەوێ (ئەلقاشانی،هەمان،٤٨) و یان بەوجۆرەی مستەوفی دەڵێت بە "نموونەی فیردەوسی باڵا" ناسرابوو (مستەوفی،٦٠٧:١٣٣٦) لەوانەیە پرسی پەیوەندییەکان کە زیاتر هۆکاری کۆنتڕۆڵکردنی ویلایەتی کوردستان بوو، گرنگترین پاڵنەر بووبێت بۆ ئەم گۆڕانە.
حەمدولڵا مستەوفی لە "بژاردەی مێژوو"دا (نووسینی٧٣٠ی کۆچی) لە بەشی وەسفکردنی شاعیرانی سەدەی ٧ی کۆچی دەربارەی "ئەسیر دینی ئومانی" دەنووسێت: "شاعیر و پێداهەڵدەری سلێمان شا ئیڤەی فەرمانڕەوای کوردستان" بووە و لەمبارەیەوە دەنووسێت، لە "سەردەمی هۆلاکۆخان" کۆچی دوایی کردووە().
لە ناوەڕاستی سەردەمی سەلجوقییەکان و سوڵتان سەنجەر بوو کە کوردستان لە دابەشکردنێکی نوێدا، وەک ویلایەتی کوردستان، سەربەخۆ بوو (مستەوفی،١٢٠:١٣٣٦). بەپێی حەمدولڵا مستەوفی، جوگرافیانووسی بەناوبانگ لە "نەزهەت ئەلقلوب"، بەشێک لە ویلایەتی شاخ و ناوەندەکەی شاری وەهار (بەهار) و ١٦ ویلایەت بوو کە بەپێی ئەم دابەشکردنە و دیارە بە پێوەری ئەمڕۆ چەند بەشێک لە میرنشینەکانی کرماشان، هەمەدان، لوڕستان و چەند ناوچەیەکی کوردستانی عێراقە لەچوارچێوەی سنوورەکانی کوردستانی ئێران دەگرێتەوە. لەڕاستیدا مستەوفی یەکەم کەس بوو زاراوەی کوردستانی بۆ وەسفکردنی دابەشکردنی کارگێڕی و جوگرافیی سەردەمی سەلجوقییەکان بەکار هێناوە (ڤاسیلیڤا، ١٧:٢٠١١).
بەسەرنجدان بەوەی مستەوفی کتێبەکەی "نەزهەت ئەلقلوب"ی لە سەردەمی ئێلخانییەکانی مەغۆل نووسیوە، بۆیە دەتوانین بڵێین لە سەردەمی ئێلخانیانی مەغۆلیش ئەم دابەشکردنە بەردەوام بووە و نەگۆڕاوە و بەسەرنجدان بەوەیکە سەرچاوەکان گۆڕانیی تایبەتی دابەشکردنی وڵاتێک لە سەردەمی تەیموور و تورکمانەکان زانیارییەک بەدەستەوە نادات، پێدەچێت ئەم دابەشکردنە لە سەردەمی تەیموور و تورکمانەکانیش بە هەمان شێوە بووبێت (نوری،٢٤:١٣٨٩).
دابەشکردنی کارگێڕی و وڵاتێک لە سەردەمی سەفەوییەکان وەک سەردەمەکانی پێشووی، شتێکی وەهای نەگۆڕا و لەڕاستیدا دابەشکردنی کارگێڕیی سیاسیی بەردەوامی سەردەمی پێش سەفەوییەکان بوو. هەر چەند گۆڕانی گچکەش هەبوو. بۆ کوردستان لە سەردەمی سەفەوییەکان و سنوورو بەرینی، بەرەو ڕووی دوو جۆر ناساندن دەبینەوە. یەک، سەرچاوە مێژوونووسییە ناوخۆییەکان کە کوردستان نەک لە ڕوانگەی کارگێڕی و سیاسی، بەڵکوو بەپێی ڕەگەزی نەژادی و کوردبوون و بەگوێرەی ڕادەی چۆنێتیی پەڕاگەندەیی کوردەکان ناساندوویانە. شەرەفخانی بەدلیسی وەک یەکەم مێژوونووس کە وەسفی جوگرافیای کوردستان و تایبەتمەندییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای کوردی کردووە، سنووری ئەم خاکە لەلایەک تا کەنداو و پارێزگای فارس و لەلاکەی تر تا ئەرمینیا، موسڵ و دیاربەکر و لەلایەکی ترەوە عێراقی عەجەمی و ئازەربایجان دەزانێت. لە دابەشکردنی خودی میرنشین و دانیشتووانی، لوڕیشی بە کورد زانیوە و بەوپێیە خاکی شوێنی نیشتەجێبوونی لوڕەکانیشی بە بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکان داناوە (بەدلیسی،هەمان،٢٣).
دلاوالە گەشتیاریی ئیتالی کە لە کۆتایی سەردەمی شاعەباس چووەتە ئێران، لەسەر سنوورەکانی کوردستان دەنووسێت: "کوردستان، واتە خاکی کورد و کەوتووەتە نێوان تورک و ئێرانییەکان و فراوانیی لەخۆرهەڵاتەوە تا خۆرئاوا دە تا یازدە ڕۆژە. دیارە هەندێک شوێن زیاتر و هەندێک شوێن کەمتر، بەڵام لە باکوورەوە تا باشوور فراوانییەکەی بەڕادەیەکە پێم وایە لە بابل و شوش لە دەوروبەری کەنداوی فارس دەست پێدەکات و بەرەولای باکوور تا موسڵ و ئەرمینیا و ئازەربایجان و نزیکەی تا دەوروبەری دەریای ڕەش درێژ دەبێتەوە. کوردستان خاکێکی شاخاوی و سەختە، لەڕاستیدا پەیکەری زنجیرەشاخێکە کە ئەم بەشەی ئاسیا دەبڕێت و لە کەنداو کۆتایی پێ دێت، ئەم زنجیرە شاخانە باشترین سنووری نێوان هەر دوو ئیمپراتۆری تورکەکان و ئێرانییەکانە کە لە کۆندا سنووری نێوان ڕۆمەکان و پارتەکان بووە" (دلاواله، 1380: 4-5).
ئەولیا چەلەبی گەشتیاری بەناوبانگی تورک کە لە ساڵی١٠٥٦ی کۆچی، کوردستان گەڕاوە دەنووسێت: "کوردستان لە باکوورەوە بۆ باشوور، لە ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمەوە تا وان و هەکاری، جەزیرە، ئامێدی، موسڵ، شارەزوور، ئەردەڵان و دەربەند و لەوێشەوە تا بەسرە درێژ دەبێتەوە. درێژیی ئەم زەوییانە حەفتا (قۆناغ) خانووە، بەڵام پانییەکەی کەمترە." (اولیاچلبی، 1364: 4/75). پێدەچێت ئەو ئاماژانەی چەلەبی بۆ کوردستان کردووە لەڕاستییەوە نزیکترن، چونکە نووسەر بۆخۆی سەردانی ناوچە کوردستانییەکانی کردووە.
ئاماژە جوگرافیاییەکانی دیکەی کوردستان لەدەرەوەی ئەوسەرچاوە و مێژووانەی لە سەردەمی سەفەویدا نووسراون دەدۆزرێتەوە و بێ گومان زۆر سەرلێشێوێنەرن، ئەو ئاماژانەن کە کامپفەری گەشتیاری ئەڵمانی لەو دابەشکردنانەی لە سەفەرنامەکەی بەدەستەوەی دەدات و دەیگێڕێتەوە بۆ سەردەمی شا عەباس و کوردستانیش وەک سەردەمی سەدەی ناوەڕاستی مێژووی ئێران، بە ناوچەیەکی لاوەکیی دەوڵەتی فارسی عێراق دانرا، کە کرماشان، هەمەدان و ئیسفەهان پایتەختی وڵاتەکەی بوو، هەروەها شارەکانی دیکەی ئەم دەوڵەتە (کامپفەر، ١٩٨٤: ١٥٧-١٥٨). ئەوە لە کاتێکدا سەرچاوە مێژووییەکان کە لەسەرەتای سەردەمی سەفەوی نووسراون، لە باسی ڕووداو و گۆڕانکاریی ناوچە کوردستانییەکان، لەژێر ناونیشانی ویلایەتی کوردستان باسی ئەو ناوچەیەی کردووە. نووسەری کتێبی "جیهانگوشای خاقاق" و نووسەری کتێبی "عالەم ئارای سەفەوی" هەر دووکیان ناوی شیرسارامیان بە "والی کوردستان" هێناوە (جیهانگوشای خاقان، ٢٤:١٣٦٤،عالەم ئارای سەفەوی،١٠٢:١٣٥٠)(). هەروەها حەبیب ئەلسیر لە چەند بابەتێکدا باسی هێزەکانی یاوەری ویلایەتی کوردستانی و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی سەفەوی لەشەڕەکانی دەرەوەدا، لەگەڵ جوجی سوڵتان وەک فەرمانڕەوای کوردستان کردووە (خاندمیر،١٣٤٥: ٤/٥٦٢). لە کاتێکدا دانەری کتێبی "تکلمەالاخبار" لە سەردەمی شاتەهماسپ لە باسکردنی چراغ سوڵتان وەک فەرمانڕەوای "سنقر و دینەوەر و کوردستان" ناوی هێناوە (عەبدی بەگ شیرازی، ٩٨:١٣٦٩).
میرنشینە کوردییەکان
لە سەردەمی بوەیهی (٣٣٤-٤٤٧ی کۆچی) بوو، کە بووە دەرفەت بۆ چەند خانەدانێکی گرنگی کوردستان و توانییان دەسەڵاتیان وەک ئەمارات یان میرنشین بەڕێوە بەرن. ئامانج لەم میرنشینانە، میرنشینی ڕەوادی، شەدادی، مەروانی، هەزبانی و حەسنویە و عەنازی بوو (قادر محەمەد حەسەن،٤٧:١٩٩٩-٦٧).
دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بوەیهی، حکومەتی سەلجوقی هەڕەشەی لەم میرنشینانە کرد و پاشەکشەیان پێکردن. لەو میرنەشینانە، هەر دوو میرنشینی لوڕی گەورە و لوڕی گچکە دوای لەناوچوونی سەلجوقییەکان دامەزراون و پاش پەلاماری مەغۆلەکان بۆ سەر ئێران، درێژەیان بە ژیانی سیاسیی خۆیان دا. هاوکات لەگەڵ پەلاماری مەغۆلەکان بۆ سەر میرنشینە کوردەکان لەسەدەی ٧ی پێش زایین، ژمارەیەک هۆز و خێڵی کورد کۆچیان کرد بۆ وڵاتانی سوریا و میسر. دیسانەوە ژمارەیەک خانەدانی کوردی لە هەکاری (بەدلیسی، هەمان سەرچاوە، ل233)() و ئەیوبییەکانی حەسەن کێفی ناچار کرد لە سەردەمی ئۆزوون حەسەن ئاق قۆینلو کۆچ بکەن بۆ خاکی مەلیکەکان و دوای ڕووخانی ئاق قۆینلو، گەڕانەوە حەسەن کێف.
شکستی ئاق قۆینلو لەبەرانبەر عوسمانییەکان لە ساڵی ٨٧٨ی کۆچی و مردنی ئۆزوون حەسەن لە ساڵی ٨٨٢ی کۆچی، دەرفەتێکی سیاسی بوو بۆ میرنیشینە کوردەکان و ئەم دەرفەتە ڕێگەی خۆش کرد بۆ پێداچوونەوە و بەدەستهێنانەوەی دەسەڵات لەلایەن کوردەکان، بەڵام دەرفەتێکی سنووردار بوو بۆیان، چونکە دووبارە شائیسماعیل سەفەوی تینی بۆ هێنان (سەعدی عوسمان،٢٠٠٨: ٣٠-٣٢). میرنشینەکان لەسەدەکانی ٨ و ٩، پێگەیەکی گرنگیان لە کوردستان هەبوو. ئەم میرنشینە کوردانە لە کۆمەڵگای کوردیدا پێشکەوتن و بە هۆی پاشخانی مێژوویی لە کوردستان، دەوڵەتی عوسمانی لە سەدەی ٩ی کۆچی، دانی پێداناون. ئیمپراتۆڕییەتی عوسمانی، لە پەیماننامەی نێوان سوڵتان سەلیم و ئیدریس بەدلیسی، بەفەرمی ئەو میرنشینانەی ناساندووە. هەموویان لەو سەردەمەدا دەرئەنجامی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و جوگرافی و کولتوورییەکانی دوو سەدەی پێش خۆیان بوون.
قەڵاکان بەهۆی پاراستنیان لە هێرشی بەردەوامی تاڵانچییەکان زۆر گرنگ بوون، ژمارەیەک لەو میرنشینانەش بەهۆی خاوەنی ئەو قەڵا و مەتەرێزانە بوونە میرنشینی گەورە و شایستە. هەر بۆیەش شانبەشانی میرنشینە بەناوبانگ و شکۆمەندەکانی (بۆتان، هەکاری، بەدلیس، دونبەلی، ئەیوبییان حەسەن کێف، چەمشگەزەک، شێروان، برادۆست، لوڕی گەورە و بچووک، ئەردەڵان، بادینان، سۆران، بابان و موکری)، ژمارەیەک میرنشینە بچووکەکانیش قەڵا و مەتەرێزیان هەبوو.
بەدلیسی لە کتێبەکەیدا باسی ژمارەیەک لەو میرنشینانەی کردووە لە سەرەتای سەدەی ١٠ی کۆچی هەبوون و مێژووی دامەزراندن و سەرهەڵدانی هەندێکیان بۆ دوای ئیلخانانی مەغۆل و فەرمانڕەوایی ئاق قۆینلو دەگەڕێتەوە. تەنانەت هەندێک لەم میرنشینانە دوای شەڕی چاڵدێران بەردەوام بوون (سەعدی عوسمان،هەروتی،٢١-٣٠).
جگەلە سیستمی میرنشینی، دەتوانین باسی فەرمانڕەوایەکانی میری ناوچە و حاکم و فەرمانڕەوای شارەکان و یەکێتیی عەشیرەتەکانی سەدەکانی ٧ و ٨ لە بەشێکی کوردستان بکەین. هەر سیستمێکی لۆکاڵی، هەر چەندە ناویان وەک میرنشین نەهاتووە، بەڵام لە سەدەی ٨ی کۆچی میکرۆبی سەرەتایی میرنشینیان لە کوردستان چاند. بۆ نموونە، دەتوانین بڵێین میرنشینی سۆران پێش دامەزراندنی، جۆرێک لە سیستم و حکومەتی خێڵەکیی بووە، پاشان فراوانتر بوو و بوو بە میرنشین (هەمان سەرچاوە).
بەزۆری خاوەن قەڵاکان لە سەرەتای سەدەی ٨ی کۆچی لە سەرچاوە مێژووییەکاندا دەبینرێن، بەڵام گۆڕین و گۆڕانکاریی لە سەرەتای سەدەی ٩ بووە هۆی نەمانی هەندێکیان. وەک نموونە، لە دەڤەری بادینان لەجیاتی میرنشینەکانی (داسنی، حەمیدی و سندی) کە هەر یەکەیان چەند قەڵایەکیان هەبوو، بوونە بەشێک لە میرنشینی بادینان.
سەرەتا یەکخستنی خێڵ و هۆزە جیاوازەکان پێویست و زەڕووری بوون بۆ دامەزراندنی میرنشینی، کە سەرۆک هۆز یەکی دەخستن. هەندێک جار ئەم هاوپەیمانییانە وەک بەرخودان لەدژی تاڵانچییەکان بەردەوام بوون و دواتر بوونە ناوکی سەرەتایی میرنشینی. لەسەرەتادا، هەنگاو بە هەنگاو سەرۆک عەشیرەتەکان کەوتنە ژێر دەسەڵاتی ئەم یەکێتییە. میرنشینەکانی بادینان لە کۆتایی سەدەی٩ی کۆچی لەڕێگەی هەمان گۆڕانکاری، واتە یەکخستنی هۆزە جیاوازەکانەوە بەهێز بوون.
ئەو خێڵ و عەشیرەتانەی وەک هاوپەیمانی خێڵی سەرەکیی پێکهێنەری میرنشین لەدەوری کۆ ببوونەوە، هەموویان لە خێزانێک یان تایەفەیەکی تایبەتی نەبوون؛ میرنشینی لوڕی گەورە و لوڕی بچووک و حەسەن کێف، لە ژمارەیەک عەشیرەت و تایەفە پێکهاتبوون (مستەوفی، هەمان سەرچاوە،٥٤١) یان دامەزراندنی میرنشینی بادینان لەلایەن بەهائەدین، لە سایەی یەکێتیی خێڵ بوو. سیستمی میرنشینی لە کوردستان، بوو بە میتۆدێکی کارگێڕیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ناوخۆیی کە بەگشتی لە ناوچە کوردستانییەکان باو نەبوو. مێژوونووسان ناسنامەیەکی دیاریکراویان بۆ میرنشینەکان نەنووسیوە، بۆئەوەی بە دەوڵەتی سەربەخۆ یان نیمچە سەربەخۆ یان دەوڵەتۆکە ناویان نەهێنن.
"میر" دەسەڵاتی یەکەمی میرنشینی بوو و کارەکانی پەیوەست بە سەربازیی و پەیوەندیی دەرەوە، بە چاودێری ئەو بوو (لازاریف،٢٠٠٦ :٧٧-٧٨). هەندێک جار پەیوەندیی دەرەوە، کە بە چاودێری دەوڵەتە گەورەکان بوو، بەڵام تا ڕادەیەک بۆ کاری ناوخۆی میرنشینەکان سەربەخۆ بوون. دەربارەی پێدانی باج و پشتیوانیکردنی سوپای حکومەتەکان کە لە سەردەمی عوسمانی بووبووە بنەمایەکی نێوان میرنشینە کوردەکان و دەسەڵاتی عوسمانی، لە سەدەکانی ٨ و ٩ ڕوون نییە (سەعدی عوسمان،هەمان سەرچاوە، ٦٣).
لە سەردەمی بوەیهی (334-447ی کۆچی)، میرنشینە کوردەکان بە ئامانجی سەربەخۆیی، بەدوای ڕەوایەتیدان بەخۆیان دەگەڕان، پێویستیان بە ڕەزامەندیی خەلیفە بوو، بەڵام میرنشینەکان یان ئەمارەتە کوردییەکان دامەزراو دوای پەلاماری مەغولەکان، شێوازی پەیوەندییەکانی ئەم ئەمارەتانە بە حکومەتە بەهێزترەکان لە خۆیان جیاواز بوو. وەک نموونە، هەر دوو میرنشینی فەزلەویە و خورشید لە لوڕستان، پەیوەندییان بە مەغۆلەکان و تەیموریان و ئاق قۆینلو، جیاواز بوو لە پەیوەندییان بە خەلیفەکانی عەباسی. لە تایبەتمەندییەکانی تری ئەمارەت و میرنشین و خاوەن قەڵاکان لە کوردستان لەم ماوەیەدا ئەوە بوو هەموویان لە کاتێکی دیاریکراودا دامەزران. بەدلیسی ڕەچەڵەکی ژمارەیەکی زۆری میرنشینە کوردەکان دەگەیەنێتەوە بە خانەدانە بەهێزەکانی سەدەکانی ناوەڕاست، لە یاوەر و سوڵتانەکانی سەلجوقی و ئەیوبی و ئەم دەربڕینە زیاتر لە ئەفسانە دەچێت.
جوگرافیای کوردستان و ناوچە سنوورییەکان لە خۆرئاوای کوردستان لە سەردەمی تورکمانەکان، فەرمانڕەوایی نیمچە سەربەخۆ (ئیمارات)یان هەبوو، لە سەدەی ٩، بەسەر کێشمەکێشی تورکمانە قەرە قۆینلو و ئاق قۆینلو، بارودۆخی ئاڵۆزی سیاسی و سەربازی باڵی کێشا. ئۆزوون حەسەن ئاق قۆینلو لەبەرانبەر میرنشینە/ئەمارەتە کوردییەکان و نیوە سەربەخۆ، سوودی لە سیاسەتی سڕینەوە و لەناوبردن و بەکرێگرتنی مرۆڤی ناکورد وەرگرت و ڕێک بە دەرکەوتنی شا ئیسماعیلی سەفەوی هەمان سیاسەتی ئۆزوون بەرانبەر میرنشین/ئەمارەتەکان بەردەوام بوو. ئەم شێواز و ستراتیژە توندوتیژییە، واتە سەرکوتکردن و دوورخستنەوەی میرە کوردەکان، کە بە ململانێی نێوان کورد و قزڵباش دوای دانانی سەرکردەکانی قزڵباش گەیشتە لوتکە و دواجار سەری کێشایە ڕووبەڕوو بوونەوەی سەفەوییەکان و عوسمانییەکان لەگەڵ هاتنە سەرکاری سوڵتان سەلیم لە ئیمپراتۆڕییەتی عوسمانی و سیاسەتی چاوخشاندنەوەی بەرەو خۆرهەڵات. هەر چۆنێک بێت لەم بارودۆخەدا کوردستان و میرنشینە کوردەکان گیرۆدەی نێوان هەر دوو دەوڵەتی سەفەوی و عوسمانی بوون و هەندێک جار میرنشین و سەرۆک خێڵەکانی کورد لەگەڵ سەفەوییەکان و جاروبار عوسمانییەکان بەپێی بەرژەوەندی و هەوڵدان بۆ پاراستنی خۆیان کاریان کردووە.
ئیدریس بەدلیسی کوردی ئەمارەتی بەدلیسی کە سەرەتا سکرتێری یەعقووب (کوڕی ئۆزوون حەسەن) فەرمانڕەوای ئاق قۆینلو بوو و دوای قۆینلووەکان چووە لای شا ئیسماعیل، بەڵام شا ئیسماعیل گوێی پێنەدا و پاشان چووە دەرباری عوسمانییەکان و خزمەتی سوڵتان بایەزید و ئنجا سوڵتان سەلیم و لە کۆتاییدا خزمەتێکی شایستەی عوسمانییەکانی کرد و کتێبی "هەشت بەهەشتی" نووسی. لە سەردەمی سوڵتان سەلیم، بەهۆی ئاشنایی و ئاگایی زیاتری بۆ پرسی کورد، ڕێزی لێ گیرا و ڕەوانەی ناوچە کوردستانییەکان کرا بۆ ڕاکێشان و دەستەبەرکردنی پشتیوانیی کورد. هەندێک سەرچاوە بەهۆی بەدلیسییەوە ئاماژەیان بە میرنشینە کوردەکان لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی کردووە.
محەمەد ئەمین زەکی بەگ لە کتێبی "مێژووی کورد و کوردستان" ئاماژە بە "سەلیم نامە" ئیدریسی بەدلیسی کردووە، کە باس لە هەوڵەکانی خۆی دەکات بۆ لکاندن و یەکخستنی میرنشینە کوردەکان بە عوسمانییەکانەوە و دەڵێت: "دوای شەڕ و فەتحکردنی تەورێز، سوڵتان سەلیمی یەکەم فەرمانی پێکردم هەوڵ بدەم هەموو میرەکانی کورد لە ناوچەی ورمێ و شنۆ و دیاربەکر تا مەلاتیا ناچار بکەم بێنە ژێر سێبەری ئیمپراتۆڕییەتی عوسمانی و لەڕێگەی پەیماننامەیەک و لەسەر بنەمای شەریعەتی ئیسلامی دڵیان بەرانبەر بە ئیمپراتۆڕییەتەکە بەدەست بهێنن و ڕێگەیان پێ بدەن لەبابەتە ناوخۆییەکان سەربەخۆ بن. (زەکی بەگ، ١٣٨١:١/١٣١) لە درێژەی باسکردنی لکاندنی میرنشینە کوردەکان بە عوسمانییەکانەوە، زەکی بەگ دەڵێ: "سەفەوییەکان زۆر هەوڵیان دا هەموو میرنشینە کوردییەکان لەناو بەرن و ڕاستەوخۆ بیانکەنە بەشێک لە شانشینەکەیان، بەڵام عوسمانییەکان بەیارمەتی و هەوڵی ئیدریس بەدلیسی توانییان کارێک بکەن دڵی کوردەکان بەدەست بێنن و هەموویان بکەنە بەشێک لە پارێزەرانی خۆیان" (زەکی بەگ، هەمان سەرچاوە، ١٦٣).
شەرەفخان دەربارەی ڕۆڵی بەدلیسی لە چوونەپاڵی کوردەکان بۆ ئیمپراتۆڕییەتی عوسمانی دەڵێت، کە کوردەکان ئیدریس بەدلیسییان ناردە لای سوڵتانی عوسمانی، داواکەیان لە هەڵوێستی لاوازییەوە بووە، چونکە عوسمانییەکان لەم کاتەدا دەسەڵاتی زاڵ بووە و کوردەکان بەهۆی هاوبەشی مەزهەبی لەگەڵ عوسمانییەکان، سیاسەتی ئاشتییانەی عوسمانییەکان لەم قۆناغە زەمەنیەدا خوازیاری ڕێککەوتن و لکاندن بوون، بەم شێوەیە شەرەفخانی بەدلیسی دەیگێڕێتەوە: "کاتێک سوڵتان تەورێزی بەجێهێشت بۆ ئەوەی بچێتە ڕۆژئاوا، میرەکانی کوردستان داوای میهرەبانی و بەخشندەیی پاشا دەکەن تا پارێزگاری بۆماوەیی خۆیانیان پێ ببەخشێت و کەسێک لەنێویاندا وەک گەورە و بەگلەربەگی دیاری بکات کە پێکەوە دژی قەرەخان (فەرماندەی قزڵباش) بچن و لە دیاربەکر دەریان پەڕێنن" (بەدلیسی، ٤١٧-٤١٨)."
لەدرێژەیدا، سوڵتان سەلیم لە ئیدریس بەدلیسی پرسی: "کام لە میرەکان بۆ ئەم پۆستە شایستەترە، ئیدریس پێی گوت، کەموزۆر ئەمانە هەموویان دوو ڕووی دراوێکن و هیچیان سەر بۆ ئەوی دیکە دانانەوێنێت، پێویستە بۆ بەگژداچوونەوەیەکی یەکگرتوو و یەکپارچە و کاریگەر دژی قزڵباشەکان بۆ ئەو شوێنە هاوئاهەنگکەرە، خزمەتکارێکی دەربار بێ کە میرەکان گوێڕایەڵی فەرمانەکانی بن. ئاوەها کار کرا و بیگلی محەمەدپاشا کرا بە بیگلەربەگی کوردستان" (بەدلیسی،٤١٧). سوڵتان سەلیم لە وەڵامدا، ئیدریسی بەدلیسی ناردە لای هەموو هۆز و میرنشینە کوردەکان، تا دژی قزڵباشەکان ڕابپەڕن.
بەمشێوەیە دانیشتووانی دیاربەکر دوای شەڕی چاڵدێران دژی سەفەوییەکان ڕاپەڕین و نوێنەری شای ئێران، محەمەدخان ئوستاجلویان دەرکرد و چوونە لای عوسمانییەکان و بوونە هاوپەیمانیان، پاشان لە زۆربەی ناوچە کوردستانییەکانی: "حەسەن کێف"، "سەعەرد"، "ساسون" و شارەکانی عەتاق و میافارقین و پالو قزڵباشەکان دەرکران و لە هەموو ناوچەکانی سەرەوە بە ناوی عوسمانییەکان وتاریان خوێندەوە، کە هەموو ئەو ڕووداوانە بە هاوئاهەنگیی نێوان کوردەکان و عوسمانییەکان و بەرنامە و سیاسەتی ئیدریس بەدلیسی بوو. ئەم ڕووداوانە بەهۆی پەیماننامەیەکەوە بوو کە ئیدریس لەگەڵ میرە کوردەکان بەستبووی.
ئەم ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییە لە کۆمەڵێک عەشیرەت پێکهاتبوو (زۆرجار دوو یەکێتیی خێڵەکی لەرزۆک) کە بنەماڵەی دەسەڵاتدارییان دژی یەکترییان گرتبوو و هاوسەنگی هێزیان پاراستبوو و ئەم میرنشینانە دەزگای دیوانی و سەربازیی خۆیان هەبوو. ئەم ئیماراتانە نوێنەرایەتیی قۆناغێکی نێوەندگیریی نێوان دەسەڵاتی خێڵەکی و دەوڵەتێکیان دەکرد، لەڕاستیدا ئیمپراتۆڕییەتی عوسمانی خۆی زادەی میرنشینەکانی هاوشێوەی ئەمانەیە.
میرنشینەکان، پێشکەوتووترین فۆڕمە ڕەسەنەکانی ڕێکخستنی سیاسی بوون (مارتن ڤان برونەسەر، ١٩٠:١٣٧٨). تاڕادەیەک کارکردن و ڕێکخستنی ناوخۆیی میرنشینەکان لەژێر کاریگەریی هۆکارە دەرەکییەکاندا بوو.
ئەمارەتەکان وەک هاوپەیمانیی خێڵەکان بەرهەم و خوڵقێنراوی دەوڵەتەکان یان حکوومەتەکان نەبوون. ئیمپراتۆڕییەتی عوسمانی لەبەرانبەر بەیعەتی سیاسیی سەرۆک عەشیرەتەکان و دژایەتیکردنی سەفەوییەکان، عەشیرەت و میرنشینە کوردەکانی لە دەوڵەتێکی نیمچە سەربەخۆدا جێهێشت. دواتر لەماوەی سەدەی ١٩، چاکسازییە کارگێڕییەکان کۆتایی بەم سیاسەتە هێنا و ئیمپراتۆرییەتەکە هەوڵی دا ئەم فەرمانڕەوایانە بە بەرپرسانی ناوەندی دیاریکراو بگۆڕێت. ئەمەش بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی میرنشینەکان و سەرهەڵدانی جۆرێکی جیاواز لە سەرۆک وەک دەسەڵاتی ناوخۆیی.
لەگەڵ پەلاماری تورک و مەغۆلەکان بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست (سەدەکانی١١ تا ١٤ی زایینی) ناجێگیری و گۆڕانکاریی و وەرچەرخانی سیاسی ڕووی دا. پانتایی جوگرافی کوردەکانیش بەسەختی کەوتە ژێر کاریگەریی ئەم ڕەوتە، لەم ڕووەوە پەلاماردەران لە جوڵان بەرەو باکوور و خۆرئاوا دزەیان کردە ناو ئەرمینیای گچکە و گەورەوە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی ئیمپراتۆڕییەتی سەفەوی و عوسمانی لە سەرەتای سەدەی ١٠، بارودۆخێکی جێگیری نوێ هاتە ئاراوە. ئەم دوو ئیمپراتۆرییەتە لە کوردستان بەریەک کەوتن و لەم ناوەدا بێ گومان هۆز و سەرۆکەکانی کورد ڕۆڵی گرنگیان بینی. لە نیوەی یەکەمی سەدەی١٠ی کۆچی، سەرکەوتنە سەربازییەکانی عوسمانی و ئەو شارەزاییە سیاسییەی کە لە دەستەبەرکردنی دڵسۆزیی میرەکانی کورد نیشانی دا، زۆربەی خاکی کوردستانی هێنایە ناو شانشینی عوسمانییەوە.
لە ساڵی٨٥٣ی کۆچی زۆربەی میرنشینەکانی کورد لەژێر فەرمانڕەوایی و دەسەڵاتی قەرەقۆینلوەکان بوون، بەڵام لە خۆرئاوا (واتا، بتلیس و سێرت و حەسەن کێف) پەیڕەویکردنی میرە کوردەکان لە فەرمانڕەوایانی قەرەقۆینلو ڕواڵەتی بوو. قەرە یوسف کە پێشتر لە سوپاکانی تەیمور هەڵاتبوو، لەگەڵ گەڕانەوەی، کچەکەی بەخشییە میرشەمسەدینی بەدلیس و ئەو لە بەرانبەردا بەشێک لە شانشینەکەی وەک دیاری پێ بەخشی و لە شکاندنی نەوەکانی تەیموور یارمەتیی دا (بەدلیسی، هەمان سەرچاوە، ٥٨٣).
وردە وردە میرنشینە کوردەکان و لەئەنجامدا گۆڕانی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و سیاسی ڕووی دا. میرنشینە کوردەکان ئاماژە بەو کۆمەڵە ناوچە و دامەزراوە سیاسییانە دەکەن لە مێژووی کوردەکان و بەتایبەت پێش دامەزرانی دەوڵەتی سەفەوی و هاوکات لە ناوچە سنوورییەکان دامەزران. بەگشتی خانەدانە ناوخۆییەکان ڕابەرایەتیی ئەم میرنشینانەیان دەکرد. ئەم میرنشینانە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی تایبەتی خۆیان و فرەکولتووری، هەمیشە ڕۆڵیان لە مێژوو و سیاسەتی ناوچەکەدا گرنگ بووە. وردە وردە میرنشینە کوردەکان و لەئەنجامدا گۆڕانی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و سیاسی ڕووی دا. ئەم پرۆسەیە پەیوەندیی بەهۆکاری جیاجیاوە هەبوو کە ئاماژە بە ژمارەیەکیان دەکرێت.
پێگە و شوێنی بەدلیس
بەدلیس شارێکی دێرینە و دەکەوێتە باشووری خۆرئاوای دەریاچەی وانەوە. بەو جۆرەی بەدلیسی نووسیویەتی، سەرەتا لە کەناری ڕووباری وان قەڵای بەدلیس و پاشان پەیتا پەیتا لە دەوروبەری قەڵا، شارەکە بونیات نرا. فەیروزئابادی لەمبارەیەوە دەنووسێت: "بەدلیس ناوی شارێکی جوانی نزیک ئەخڵاتە". شەمسەدین سامیش نووسیویەتی: "بەدلیس ناوی شارێکی کوردستانە، ماوەیەکی زۆر ناوەندی حکومەتێکی گچکە بووە و بەهۆی سەوزایی گەشی دەوروبەری و بوونی چەندین باخچە، گەورە و فراوان دەردەکەوێت. بەدلیس کەشوهەوایەکی مامناوەند و کانیاوی سارد و ڕوونی هەیە".
حاجی زەینلعابدین شێروانی لەوبارەیەوە دەنووسێت: "خانووەکانی نیشتەجێبوونی شاری بەدلیس، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئەخڵاتەوە، بە شێوەیەکی پلیکانەیی دەبینرێت بەهۆی بوونی لەنێوان دوو زنجیرە چیادا، لەم شارەدا نزیکەی پێنج هەزار بینای نیشتەجێبوونی جوان لە بەردی مەڕمەڕ دروست کراون، کە سەرنجی هەموو بینەرێک ڕادەکێشێت" (شێروانی، 2010: 153).
ژمارەیەکی کەم لە نووسەران باسی کەشوهەوای بەدلیس دەکەن. بەدلیسی دەنووسێت: "پێگەی سیاسیی بەدلیس لەنێوان ئازەربایجان، دیاربەکر و ئەرمینیا بەشێوەیەکە کە بەشی گەورەی حەجاجی ئاسیا، بازرگانان و گەڕیدەکانی ئەوروپا و تەواوی شوێنەکانی دونیا بەوێدا تێدەپەڕن" (بەدلیسی، هەمان سەرچاوە، ل٣٣٩).
شاری بەدلیس لە باکوورەوە هاوسنووری ڕووباری مراد، لە باشوور دیجلە، لە خۆرئاوا ڕووباری فورات و دەریاچەی وانە. ڕووباری "ڕەبات" بەهۆی تێپەڕبوونی بە ناوەڕاستی شارکەدا، دیمەنێکی جوانی پێداوە. (هەمان سەرچاوە) ئەم شارە بریتییە لە ١٩ ناوچە و، فەرمانڕەوایان تەلاری گەورە و جوانیان تێدا دروست کردووە. میرنشینی بەدلیس کە لە سەدەکانی ناوەڕاست بەشێک بووە لە ناوچە بازرگانییەکان و پەیوەندیی لەگەڵ میرنشینەکانی تردا دروست کردبوو. بەدلیسی لەمبارەیەوە دەڵێت: "پاشان میرنشینی بۆختی و ئەخڵات لەگەڵ میرنشینی بەدلیس یەکیان گرت، بەڵام بەهۆی بوومەلەرزەیەکی ترسناکی ساڵی ٦٤٤ی کۆچی و دواتریش بەهۆی پەلاماری مەغۆل و شەڕەکانی عوسمانی و سەفەوی لە میرنشینی ئەخڵات، بەرەو لەناوچوون چوو" (هەمان سەرچاوە، ٣٥٢). بەوجۆرە دەردەکەوێت کە میرنشینی ئەخڵاتیش یەکێک بووە لە بەشە لاوەکییەکانی میرنشینی بەدلیس. "موش"، شارێکی دیکەی زۆر دێرین و سەر بە بەدلیس بووە. لەم پەیوەندییەدا بەدلیسی دەنووسێت: "باوک و باوباپیرانم، کە فەرمانڕەوای ئەو ناوچانە بوون، قەڵایەکی نوێیان لە سەر لوتکەی شاخەکان دروست کردبوو" (هەمان سەرچاوە).
موش، دەشت و لێوار و لەوەڕگەی گەشاوە و دەوڵەمەندی هەبوو و بەهۆی ڕووباری فوراتەوە لە باکووری زەوییە تەختەکانییەوە و ڕووباری قەرەسوو لە ناوەندی شار، دیمەنێکی جوانی هەبووە.
شانشینی "خانووس"، ناوچەیەکی دیکەی بەدلیس بووە کە لادێ و ناوچەی شاخاویی خۆشی هەبوو. بەپێی "کتێبی کاتب چەلەبی"، دەڤەری خانووس بەشێک بووە لە میرنەشینی بەدلیس. خانووس دەریاچەیەکی هەبوو، درێژییەکەی حەوت کیلۆمەتر بوو و بە "گۆلی شەلڤی" ناسراوە. جگەلەوەش دوو کانیاوی جوان بۆ ئەم شارە زیاد دەکەن. لەڕووی بەخێوکردن و بەرهەمی کشتوکاڵییەوە، میرنشینەکانی بەختی و خانووس بەهای ئابوورییان زۆر بووە (ئۆلیا چەلەبی، ١٩٨٥: ٩٣).
قازی ئەحمەد قەزوینی کە هاوسەردەم و هاوچاخی بەدلیسی بووە، دەربارەی بەدلیس و شارە لاوەکییەکانی دەنووسێت: "میرنشینی ئامەد"یش سەر بە بەدلیس بوو (قەزوینی، ٢٤١:١٣٤٠). حەمدولڵا مستەوفی لەم پەیوەندییەدا دەنووسێت: "عیماد دەولە دیلمی ئەم شارەی نۆژەن کردووەتەوە و ناوی ناوە ئامەد" (مستەوفی، هەمان سەرچاوە، ١٧٣). بەدلیسی لە شەرەفنامەدا بەشێکی دیاریکراوی تایبەت کردووە بە میرنشینی ئامەد و مێژووی ئەم میرنشینەی تا سەردەمی ژیانی خۆی (کۆتایی ١٠ی کۆچی) نووسیوە (بەدلیسی، هەمان سەرچاوە، ١٠٦-١١٥).
میرنشینی بەدلیس لە ژمارەیەک نەتەوەی جیا پێکهاتبوو. بنەماڵەی ئەرمەنی و ئاسووری زۆر لەم میرنشینەدا دەژیان، بەڵام عەشیرەتە کوردەکان زۆربەی دانیشتووانی بوون. شەرەفخان دەنووسێت: "چوار هەزار ئەرمەنی لە میرنشینەکە دەژیان" (هەمان سەرچاوە، ل٣٦٠) کە بە گوتەی ئەو، ژمارەی ئەو عەشیرەتە کوردانە ٢٤ خێڵ دەبوون (هەمان سەرچاوە، ل٣٦١)، بەڵام بە ڕای شەمسەدین سامی لە کتێبی "قاموس الاعلام"، ئەم میرنشینە ١٧٢ گوند و تاڕادەیەک سێ هەزار کەس دانیشتووانی بووە کە ١\٣یان ئەرمەنی بوون. زانیاریی بەردەستی دانیشتووانی بەدلیس لەشەرەفنامەدا، ناکۆکە بە زانیارییەکانی شەمسەدین سامی. پێدەچێت هۆکاری جیاوازیی ڕای هەر دوو نووسەر بۆ بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە و، ئەمەش واتا ژمارەی دانیشتووانی میرنشینەکانی بەدلیس هاوشێوەی میرنشینەکانی تری کورد پاش هاتنە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی کەمی کردو دەبێت بۆ هۆکاری سەرەکی ئەمە، لە شەڕەکانی ئێران و عوسمانیدا بگەڕێین. "ڕۆژەکییەکان"، بەهێزترین عەشیرەتی کورد بوون لە ناوچەی بەدلیس و ڕۆڵی زۆر گرنگییان لە مێژووی ئەم ناوچەیەدا هەبوو.
لە سەدەی ١٤ی زایینی میرە کوردەکان کە لە خانەدانی شەرەفەدین بەدلیسی بوون، بەسەر ئەم ناوچەیەدا زاڵ بوون (بەدلیسی، ٤٣٩ و مەردۆخی کوردستانی، ٢١٥). دوای ئەوەی تەیمووریان و پاشان فەرمانڕەوایانی قەرە قۆینلو و ئاق قۆینلو فەرمانڕەوایەتییان بەسەر ئەم ناوچەیەدا کرد (١/٩٦،٨٤، ٢/٥٥٩،٥٤٣، بەدلیسی، ١٢٨، حافز ئەبرۆ، ١/٤٨٤، ڕۆملو، 1357: ۱/ ۸۸) و ئۆزوون حەسەن، ئەرکی فەتحکردنی قەڵای بەدلیسی بە سلێمان بەگ سپارد (بەدلیسی، ٥٠٥-٥٠٧).
لە ساڵی١٥٠٧ی زایینی شائیسماعیل، دەستی بەسەر بەدلیس دا گرت. میر شەرەفەدین، فەرمانڕەوای بەدلیس گوێڕایەڵیی خۆی ڕاگەیاند و جارێکی تر شائیسماعیلی بە میرنشینی بەدلیس دانایەوە (هەمان سەرچاوە، ٥٣٠-٥٣١). شائیسماعیل لەگەڕانەوەیدا لە خوی، قشڵاقێکی دروست کرد. میر شەرەفەدین لەگەڵ ١٠ میری دیکەی کوردستان بۆ نوێکردنەوەی بەیعەت هاتنە لای شائیسماعیل. شائیسماعیل بە هاندانی خان محەمەد ئوستاجلو، میرنشینی دیاربەکر، کە دووژمنایەتیی لەگەڵ کورد هەبوو، نۆ کەسییانی زیندانی کرد و میر شەرەفەدینیش لەناویاندا بوو، دواتر فەرمانی بە چاپان سوڵتان کرد دەستبەسەر بەدلیس دا بگرێت. میر ئیبراهیم کە لەدوای میر شەرەفەدین بوو بەفەرمانڕەوای بەدلیس، سەرەڕای هێرشی بەردەوامی قزڵباشەکان، بۆ ماوەی دوو ساڵ خۆی گرت، پاشان بەدلیس کەوتە دەستی چاپان سوڵتان (هەمان سەرچاوە، ٥٢٦-٥٢٧).
پاش ماوەیەک، میر شەرەفەدین لە زیندان ڕای کرد و بەدلیسی گەمارۆدا، بەڵام کوردبەگ شەرەفلو کە شائیسماعیل پۆستی فەرمانڕەوای بەدلیس و عەدیلجوز و ئەرجیشی پێدابوو، شکاندی و هەڵات (پارسادۆست، ١٣٦٤: ٤٠٠). لەشەڕی چاڵدێران (١٥١٤ز) لەگەڵ بەشێک لە فەرمانڕەواکانی کوردستان خۆی ڕادەستی سوڵتان سەلیم کرد و دوای سەرکەوتنی لە شەڕەکەدا، سوڵتان سەلیم فەرمانڕەوای بەدلیسی پێ سپارد (بەدلیس، ٥٣٧-٥٤٠).
لە سەردەمی شاتەهماسپ، ئولمە تەکەلو فەرمانڕەوای ئازەربایجان دژی شاتەهماسپ وەستایەوە و پەنای بردە بەر سلێمانی قانوونی سوڵتانی عوسمانی. هانی سوڵتانی عوسمانیی دا پەلاماری ئێران بدات. ئولمە لە دیدارەکەیدا لەگەڵ سوڵتان سلێمان، بەدوای شەرەفخانی فەرمانڕەوای بەدلیسدا دەگەڕێت. سوڵتان سلێمان لەژێر کاریگەریی قسەکانیدا شەرەفخانی لە پۆستەکەی لابرد و ئولمێی بە میرنشینی بەدلیس دانا و فیل پاشای بە٥٠ هەزار سوارە لەگەڵ ئولمێ ڕەوانەی بەدلیس کرد. شەرەف خان پەیامێکی بۆ شاتەهماسپ نارد، هەروەها شاتەهماسپ هێزی سەربازیی نارد بۆ بەدلیس. بە بیستنی هەواڵی نزیکبوونەوەی سوپای ئێران لە بەدلیس، هێزەکانی عوسمانی هەڵاتن (هەمان سەرچاوە، ٥٤٠-٥٤٨؛ ڕۆلمو، ٣١٤-٣١٥؛ قازی ئەحمەد، ١/٢١٧).
دەرئەنجام
سەرهەڵدانی مێژوونووسی لە کوردستان لەهەموو شتێک زیاتر لەژێر کاریگەریی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی، کێبڕکێ و ناکۆکیی نێوان حکوومەتی سەفەوی و عوسمانی، کاریگەری و میراتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی میرنشینە ناوخۆییە کوردەکان لە ناوچە سنوورییەکان و بارودۆخی کولتووری و کۆمەڵایەتیی شاری بەدلیس بوو. ئەم هەلومەرج و پانتایییە کۆمەڵایەتییانە بواریان بۆ سەرهەڵدانی مێژوونووسیی کوردستان ڕەخساند و شەرەفخان بەئاگایی و زانیاری و تێگەیشتنی لە زانستی مێژوو و بەکارهێنانی زانیاریی مێژوویی و جوگرافیی مێژوونووسانی پێش خۆی، توانی شەرەفنامە بنووسێت، ئەگەرچی بەتەواوی نەبوو. بەوپێیەی دوای ئەوەی شەرەفخان بەدلیسی شەرەفنامەکەی نووسی، هونەری مێژوو و مێژوونووسی کورد و کوردستان لەبیر کرا، ئەم بابەتە لەژێر کاریگەریی پێگەی خانەدانە دەسەڵاتدارەکان بوو لە کوردستانی سەردەمی قاجار، هەروەها زۆربەی سەرچاوەگەلی مێژوونووسیی کوردی لەوماوەیەدا نووسران.
سەرچاوەکان:
--- جهانگشای خاقان (تاریخ شاه اسماعیل) (1364). مقدمه و پیوستها، اللهدتا مضطر، اسلام آباد: مرکز تحقیقات فارسی ایران و پاکستان.
بدلیسی، شرفخان، (1373). شرفنامه (تاریخ و جغرافیای کردستان)، به تصحیح محمد عباسی، چاپ سوم، تهران: حدیث.
پارسادوست، منوچهر (1364). روابط تاریخی و حقوقی ایران، عثمانی و عراق، تهران: انتشار.
پیترو، دلاواله (1380). سفرنامه پیترو دلاواله، ترجمه محمود بهفروزی، تهران: نشر قطره.
تابانی، حبیبالله (1380). وحدت قومی کرد و ماد- منشاء و نژاد، تهران: گستره.
چلبی، اولیاء، (1364). کُرد در تاریخ همسایگان: سیاحتنامه اولیاء چلبی، ترجمه فاروق کیحسروی، ارومیه: انتشارات صلاح الدین ایوبی.
خواندمیر، غیاثالدین بن همام الدین (1380)، حبیبالسیر، با مقدمه جلال همایی، تهران: خیام.
روملو، حسن بیگ (1349). احسنالتواریخ، به اهتمام عبدالحسین نوائی، تهران: انتشارات کتابخانه شمس.
زکیبگ، محمدامین (1388). زبده تاریخ کرد و کردستان، جلد دوم، تصحیح یدالله روشن اردلان، تهران: انتشارات توس.
شیرازی، عبدیبیگ (1369). تکمله الاخبار: تاریخ صفویه از آغاز تا 978ق، با مقدمه و تصحیح عبدالحسین نوایی، تهران: نشر نی.
شیروانی، زینالعابدین (1389). بستان السیاحه، مقدمه و تصحیح منیژه محمودی، تهران: حقیقت.
طهرانی، ابوبکر (1356). دیاربکریه (تاریخ حسن بیک آق قویونلو)، به تصحیحی فاروق سومر. تهران: انتشارات طهوری.
غفاری قزوینی، احمدبن محمد (1340). تاریخ نگارستان، به تصحیح و مقدمه مرتضی مدرس گیلانی، تهران: حافظ.
فاسیلیفا، شرفخان بدلیسی (العصر و الحیاه و الخلود) (2011)، ترجمه عبدی حاجی، اربیل: موسسه موکریانی للبحوث و النشر.
فتاح قاضی، اسماعیل (1367). کرد در دائرهالمعارف اسلام، ارومیه: صلاحالدین ایوبی.
فرخی، یزدان (1396). پدیداری نام کردستان در عهد ایلخانان و پیوستگی آن با جغرافیای تاریخی ایران زمین. مطالعات ملی، 18(1 (69).
قادر محمد حسن (1999م). الامارات الکردیه فی العهد البویهی، دراسه فی علاقاتها السیاسیه و الاقتصادیه 334-447، رساله ماجیستر، کلیه الاداب، جامعه صلاح الدین.
القاشانی، عبدالله بن علی (1384). تاریخ الجایتو، به اهتمام مهیم همبلی، تهران: انتشارات علمی و فرهنگی.
کریمی، بهمن (1316) جغرافی مفصل غرب ایران، تهران: چاپخانه فرهنگ.
کمپفر، انگلبرت (1363). سفرنامه کمپفر، ترجمه کیکاوس جهانداری، تهران: انتشارات خوارزمی.
گای، لسترنج (1338). جغرافیای تاریخی سرزمینهای خلافت شرقی، ترجمه محمود عرفانی، تهران: بنگاه ترجمه و نشر کتاب.
لمبتن، آن. کی. س (1372). تداوم و تحول در تاریخ میانه ایران، ترجمه یعقوب آژند، تهران: نشر نی.
مستوفی، حمدالله ابن ابیبکر (1336)، تاریخ گزیده، به اهتمام عبدالحسین نوایی، تهران: امیرکبیر.
منشی، اسکندربیگ (1350) عالمآرای عباسی، تصحیح ایرج افشار، تهران: انتشارات امیرکبیر.
نوری، فریدون (1389). بررسی تحلیلی شکلگیری حکومت صفویه و تاثیر آن بر تحولات کردستان از آغاز حکومت صفویه تا پایان عصر شاه عباس اول (907-1038ق)، به راهنمایی دکتر علیاکبر کجباف و فریدون الهیاری، دانشگاه اصفهان، دانشکده ادبیات و علوم انسانی، گروه تاریخ (پایان نامه دکتری).
هروتی، سعدی عثمان (2008). کوردستان و الامبراتوریه العثمانیه، دراسه فی تطور سیاسیه الهیمنه العثمانیه فی کردستان (1514- 1851)، اربیل: موسسه الموکریانی للبحوث و النشر.
وان برویین سن، مارتین (1378). جامعه شناسی مردم کرد (آغا، شیخ و دولت)، ترجمه ابراهیم یونسی، تهران: نشر پانیذ.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved