25/11/2025
کاریگەریی فاکتەرە سیاسییەکان لەسەر پرۆسەی بەکوردبوونی ناوچەی دیاربەکر لە سەردەمی مەروانی تا کۆتایی ئەییوبی

د. مودەرس سەعیدی

مامۆستای یاریدەدەر، دامەزراوەی ئەنسکڵۆپیدیای ئیسلامی- تاران

 

پوختە

ناوچەی دیاربەکر  کە لە لەگەڵ دیاررەبیعە و دیار مۆزەر، یەک لە سێ مەڵبەندی ناوچەی جزیرەی– و یەکەمیانی لەلای باکوورە -پێکدەهێنا، لە دێرزەمانەوە شوێنی نێشتەجێبوونی هەندێک نەتەوەی جیاواز و شوێنی بە یەکگەیشتنی شارستانییەتەکان بووە. لە سەروبەندی فەتح و دەستبەسەرداگرتنی ناوچەی جزیرە لەلایەن موسڵمانەکانەوە، ئەم ناوچەیە یەک لە ناوندە گرنگەکانی زمان و کولتووری سوریانی بوو. لەم قۆناغەدا  نیشانەیەک لە هەبوونی کورد لە ناوچەی دیاربەکر بەدی ناکرێت، بەڵام ناوچەکانی زەوزان و ئەرمەنیە لە ڕۆژهەڵاتی دیاربەکر، هەر لە کۆنەوە ناوەندێکی حەشیمەتی هۆزە کوردەکان بووە. لە کۆتاییەکانە سەدەی چوارەمی کۆچیدا، مەروانییەکان، کە بنەماڵەیەکی کوردی ئەم ناوچانە بوون، دەستیان بەسەر ناوچەی دیاربەکردا گرت و بۆ ماوەی نزیک یەک سەدە حوکمڕانییان تێدا کرد. دەست بەسەرداگرتنی دیاربەکر لەلایەن مەروانییەکانەوە، بوو بە سەرەتایەک بۆ پرۆسەی گۆڕانی پێکهاتەی نەتەوەیی دانیشتووانی ناوچەی دیاربەکر، کە لە زۆربوونی ژمارەی کورد و هۆزە کوردییەکان لە پێکهاتەی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە، خۆی دەبینێتەوە. ئەم پرۆسەیە پاش ڕووخانی دەوڵەتی مەروانی، لە سەردەمی دەوڵەتە تورکەکان وەک زەنگی و ئۆرتۆقیەکانیشدا، لەژێر کاریگەریی هەندی فاکتەری جیاواز، بەردەوام بوو و لەگەڵ دەست بەسەرداگرتنی ناوچەکە لەلایەن کوردە ئەییوبییەکانەوە، خێراییەکی زۆرتری بە خۆیەوە بینی، بە شێوەیەک کە لە کۆتایی سەردەمی ئەییوبییەکاندا، ناوچەی دیاربەکر لە ڕوانگەی پێکهاتەی دانیشتووانەوە جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ سەدەکانی سەرەتای قۆناغی ئیسلامیدا پەیدا کردبوو.

 لەم توێژینەوەیەدا، بە ڕێواژۆی (مێتۆدی) مێژوویی و بە کەڵکوەرگرتن لە گرنگترین سەرچاوە و ژێدەرە مێژووییەکان، پرۆسەی ئاماژەپێکراو تاوتوێ کراوە. هەوڵ دراوە کە لەڕێگەی خوێندنەوە و شیکردنەوەی زانیاری و سەرچاوەکانەوە، وێنەگەلێک لە پێکهاتەی نەتەوەیی دانیشتووانی ناوچەی دیاربەکر و هەروەها شرۆڤەیەک لە پێڤاژۆی (پرۆسەی) گۆڕانەکەی لە سەردەمی مەروانییەکانەوە تا کۆتایی سەردەمی ئەییوبی، بە دەستەوە بدرێت. بەپێی دەستکەوتەکانی توێژینەوەکە گرنگترین فاکتەرەکانی گۆڕانی پێکهاتەی نەتەوەیی دانیشتووانی ناوچەی دیاربەکر، کە لە کۆتاییەکانی سەردەمی ئەییوبیدا خۆیان نواند، بریتی  بوون لەمانە: لەلایەک هێدی ‌هێدی کاڵبوونەوەی  ڕێژەی سوریانییەکان و لەلایەکی ترەوە بڵاوبوونەوەی کوردەکان لە زۆرێک لەبەشەکانی ناوچەی دیاربەکر، بە چەشنێک کە لە کۆتایی قۆناغی لێکۆڵینەوەکەدا هۆزە کوردەکان لە بەشە جیاجیاکانی ناوچەی دیاربەکردا بڵاو بووبوونەوە و کوردەکان تەنانەت لە ناو پێکهاتەی دانیشتووانی شارە سەرەکییەکانی ناوچەی دیاربەکردا بەدی دەکران.

  وشە سەرەکییەکان: دیاربەکر، کورد، سوریانی، پێکهاتەی نەتەوەیی، گۆڕان



پێشەکی

دیاربەکر، کە بە گوێرەی جوگرافی نووسە موسڵمانەکان یەک لەسەر سێی مەڵبەندەکەی ناوچەی جزیرە بوو، لەمڕۆدا لەگەڵ بەشێک لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی تورکیا-  تاڕادیەک تەواوی پارێزگای دیاربەکر و بەشێک لە پارێزگاکانی باتمان، سێرت، شێرناخ، ماردین و شانلی ئورفا-  یەک دەگرێتەوە. ئەم دەڤەرە بەدرێژایی مێژووی کۆنی خۆی شوێنی نیشتەجێبوونی نەتەوە و خاڵی بەیەکگەیشتنی شارستانییەتە جیاوازەکان بووە. دیاربەکر پێش سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلام شوێنی پێکدادانی دوو ئیمپراتۆریی ئێران و ڕوم بوو. لە سەروبەندی سەرهەڵدانی ئیسلامیشدا بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەم ناوچەیە بە دەست دەوڵەتی ساسانی و بەشی ڕۆژئاوای لەژێر حوکمڕانیی بیزانسدا بوو. لە ڕوانگەی پێکهاتەی دانیشتووانیشەوە، دیاربەکر ناوەندێکی گرنگی زمان و کولتووری سوریانی بوو و زۆربەی دانیشتووانی لەڕووی نەتەوەوە سوریانی و لەڕووی ئاینەوە مەسیحی بوون. لەو سەردەمەدا نیشانەیەک لە هەبوونی کورد لە ناوچەی دیاربەکر لە سەرچاوە مێژووییەکاندا بەدی ناکرێت، لەگەڵ ئەمەشدا ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی دیاربەکر کە لە سەرچاوەکاندا بە زەوزان یان ئەرمەنییە ناسراون، هەر لە سەردەمانی زۆر کۆنەوە، ناوەندێکی حەشیەمەتی هۆزە کوردەکان بووە.

 لەگەڵ فەتح و دەستبەسەرداگرتنی ناوچەی دیاربەکر لەلایەن عەرەبە موسڵمانەکان و لێک هەڵوەشانی دەوڵەتەکان ساسانی و بیزانس، پرۆسەیەکی  ئاڵوگۆڕی پێکهاتەی نەتەوەیی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە دەستی پێ کرد کە لە ئەنجامیدا ناوچەی دیاربەکر لەڕووی پێکهاتەی دانیشتووانەوە سیمایەکی جیاوازی لەگەڵ پێشتر پەیدا کرد. ئەم ئاڵوگوڕە  هەر وەک تایبەتمەندییی گۆڕانکارییە مەزنە کۆمەڵایەتییەکانە، سروشتێکی ئارام و لەسەرخۆی هەبوو و لە مەودایەکی درێژخایەندا خۆی نواند. بۆیە لەم توێژینەوەیەدا، مەودایەکی زەمەنی تا ڕادەیەک درێژ- واتە لە سەرەتای سەدەی یەکەمی هیجری تا کۆتایی سەدەی هەفتەم- بۆ لێکۆڵینەوەی تەرخان کراوە. هەوڵ دراوە کە لە هەنگاوی یەکەمدا، وێنایەک لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی پێکهاتەی دانیشتووانی ناوچەی دیاربەکر لە مەودای ئاماژە پێکراودا بەدەستەوە بدرێت. بۆ ئەم مەبەستەش پێکهاتەی نەتەوەیی دانیشتووانی ناوچەی دیاربەکر و شار و مەڵبەندە جیاوازەکانی، هەم  لە سەرەتای مەودای زەمەنیی توێژینەوەکە و هەم لە کۆتاییەکەیدا، خراوەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە؛ تاکوو لە ئەنجامدا بتوانرێت لەڕێگای بەراوردی نێوان قۆناغە جیاوازەکاندا، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی پێکهاتەی دانیشتووانی ناوچەکە، تاوتوێ بکرێت. سەبارەت بە هۆکارناسیی پرۆسەکەش، لەنێوان کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی، جوگرافی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، لەسەر هۆکارە سیاسییەکان، بەتایبەت کاریگەریی سەردەمی حوکمڕانیی دوو بنەماڵەی کوردی، واتە مەروانی و ئەییوبی، هەڵوێستە کراوە.

لەو توێژینەوانەدا کە بە زمانی جیاواز لەسەر مێژووی ناوچەی جزیرە و دیاربەکر لەبەردەست دایە، لەگەڵ ئەوەی کە مێژووی ئەم ناوچەیە لەڕووی ڕەهەندە جوداکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری باس کراوە، بەڵام هەتا ئێستا توێژینەوەیەک لەبارەی پرۆسەی گۆڕانی پێکهاتەی نەتەوەیی و چۆنیەتیی بەکورد بوونی ئەم ناوچەیە، ئەنجام نەدراوە و ئەم توێژینەوەیە بە هەنگاوی یەکەم لەم بارەوە دادەنرێت.

 

جوگرافیای مێژووی ناوچەی دیاربەکر

جوگرافی نووسە موسڵمانەکان، ناوچەی جزیرەیان لەسەر بنەمای چۆنیەتیی نیشتەجێبوونی هۆزە عەرەبەکان لە سەردەمی پێش ئیسلامدا بە سەر سێ مەڵبەندی، دیاربەکر، دیار ڕەبیعە و دیار مۆزەر دابەش دەکرد. دیاربەکر بچووکترین و لەهەمان کاتدا یەکەمین مەڵبەندی وڵاتی جزیرە بوو لەلایەن باکوورەوە. ناوچەی دیاربەکر بریتی بوو لە سەرزەوینەکانی قەراخ ڕووباری دیجلە لە باکوورەوە تا دەگاتە تل فافان لە باشوور، واتە ئەو شوێنەی ڕووباری دیجلە پێچیکی گەورەی بەرەو باشوور تێ دەکەوێ  (ئەو شوێنەی کە ئەوڕۆکە دیجلە لە وڵاتی تورکیا دێتە دەرەوە و بەشێک لە سنووری ئەو وڵاتە لەگەڵ سوریا پێک دەهێنێت). هەروەها زەویوزارەکانی لای ڕۆژئاوای دیجلە تا دەگاتە نزیک نۆسەیبین و دەشتاییەکانی  ڕۆژهەڵاتی دیجلە، لەسەر ناوچەی دیاربەکر دەژمێردرا. شاری ئامەد ناوەندی ناوچەی  دیاربەکر بوو، لەگەڵ ئەوەش هەندێکک سەرچاوە میافارقینیان بە ناوەندی دیاربەکر زانیوە. کە هۆکاری ئەمەش دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی لەسەردەمانێک، بەتایبەت لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتیی مەروانییەکاندا ( 380-487 ک)، میافارقین ناوەندی سیاسی بووە. مەقدەسی ئامەد، میافارقین، حێسن کەیف و تل فافانی بە شارە گرنگەکانی دیاربەکر داناوە. ئیبن شەداد ئەرزەن و ماردینیشی لەسەر دیاربەکر ژماردووە و ژمارەیەکی زۆری قەڵا و حۆسنی سەر بە دیاربەکری ناو هێناوە.

 

پێکهاتەی ئیتنیکی دانیشتووانی دیاربەکر لە سەدە سەرەتاییەکانی کۆچیدا

سەرچاوەکان زانیارییەکی ڕوون و ڕاستۆخۆیان لەسەر پێکهاتەی نەتەوەیی دانیشتووانی دیاربەکر لە سێ سەدەی سەرەتایی سەردەمی ئیسلامیدا بە دەستەوە نەداوە. دەربارەی دوو شاری سەرەکی ئەم ناوچەیە، واتە ئامەد و میافارقین، تەنها ئاماژە بە مەسیحی بوونی دانیشتووانەکانیان لە سەردەمی فتوحاتی ئیسلامیدا کراوە. ئەم مەسیحییانە لەڕووی ئیتنیکییەوە، دەکرێت سوریانی یان ئەرمەنی بووبن، بەڵام لەبەر ئەوەی کە سەرچاوە عەرەبییەکان بەشێوەیەکی ئاسایی لە کاتی ڕووبەڕووبوون لەگەڵ ئەرمەنییەکاندا، ئاماژە بە ئیتنیکیان دەکەن و، هەروەها بە ئاوڕدانەوە لە پێشینەی زمان و فەرهەنگی سوریانی لەم ناوچانە لەسەردەمی پێش ئیسلامدا، پێدەچێت ئەو مەسیحییانەی کە سەرچاوەکانی سەردەمی فتوح باس لە هەبوونیان لە ئامەد و میافارقین دەکەن، لەڕووی ئیتنیک و زمانەوە سوریانی بووبن. بەپێی وتەی میخائیلی سوریانیش، خەڵکی ناوچەی جزیرە بەزۆری شوێنکەوتووی کەنیسەی سوریانی بوون و تەنیا دانیشتووانی دەیرساسۆن مەزهەبی ئەرمەنیەکانیان هەبوو. هەر ئەم نووسەرە، نوێنەرانی شارەکانی وەک ئامەد و میافارقین و ڕها و حەڕڕانی کە لە سەردەمی خەلافەتی یەزید کوڕی عەبدولمەلیکدا، بۆ گفتگۆکردن لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان کەنیسەی سریانی و ئەرمەنی، کٶبووبوونەوە، بە نوێنەری سوریا ناو هێناوە کە ئاماژەیەکە بە سوریانی بوونی مەسیحییەکانی ئەم شارانە.

سەبارەت بە ناوچەکانی دەوەرووبەری شارەکانی دیاربەکر، سەرچاوەکان ئاماژەیەکیان بە هەبوونی هۆزە کورد یان عەرەبەکان لەم ناوچەیە نەکردووە. ئەمە بەتایبەت بەنیسبەت هۆزە عەرەبەکانەوە، تاڕادەیەکی زۆر دەکرێت بە واتای نەبوونی هۆزە عەرەبەکان لەم ناوچەیە لێک بدرێتەوە؛ چونکی ئەگەر لەم ناوچەیە هۆزی عەرەب ژیابان، ئەمە  بەدڵنیاییەوە سەرنجی سەرچاوە عەرەبەکانی بۆلای خۆی ڕادەکێشا.

 هۆزە کوردەکان، لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دیاربەکر وەکوو ئەرمەنییە، زەوزان و هەکاریدا دەژیان. بەپێی ئەو زانیارییانەی بلازری گواستوویەتەوە، لە سەدەی یەکەمی کۆچیدا ناوچە شاخاوییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵیش شوێنی ژیانی هۆزە کوردەکان بووە. بە وتەی بلازری عەتبە کوڕی فەرقەدی سەلمی دوای ئەوەی لە ساڵی 20ی کۆچیدا ویلایەتی موسڵی پێ سپێردرا، دەستی بەسەر قەڵای نەینەوادا گرت و پاشان  بە سوپاکەیەوە لە ڕووباری دیجلە پەڕییەوە و لەوێ ڕووبەڕوی ئەو کوردانە بوەوە کە لەم ناوچانە دەژیان و ژمارەیەک قەڵای لێ داگیر کردن . لە سەردەمی خەلافەتی مەئموونی عەباسیشدا ( 170-218 ک)، بەپێی گێڕانەوەی میخائیلی سوریانی، بزاڤێک بە بانگەشەی مەهدەوییەت و پێدەچێت بە ڕەگ و ڕیشەی زەردەشتییەوە، لەناو کوردەکانی نیشتەجێی ڕۆژهەڵاتی دیاربەکردا سەری هەڵدا کە دواترهەندێکک شوێنی ناوچەی دیاربەکر وەک بازەبدی و تورعەبدینیش کەوتە ژێر کاریگەریەکانییەوە و ترس و دڵەڕاوکەیەکی زۆری لای دەزگای خەلافەت و مەسیحییەکانی ناوچەکە دروست کرد. لە ئەنجامیشدا، مەئمون  بە هاوکاریی مەسیحییەکانی ناوچەکە کۆتایی بەم ئاژاوەیە هێنا و مەهدیە کوردەکەش کوژرا.

 

حوکمڕانیی کوردە مەروانییەکان و کوردە ئەییوبیییەکان لە ناوچەی دیاربەکر

ناوچەی دیاربەکر تا کۆتایی سەدەی سێیهەمی کۆچی لەژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی خەلافەتی ئومەوی و پاشان عەباسیدا بوو. لەگەڵ لاوازبوونی دەسەڵاتی خەلافەت و دەرکەوتنی هەندێک دەسەڵاتی سەربەخۆ و نیمچە سەربەخۆ لە قەلەمڕەوی خەلافەتدا، ناوچەی دیاربەکر لەلایەن عەرەبە حەمدانییەکانی موسڵ و دوای ئەوان کوردە مەروانییەکانەوە دەستی بەسەردا گیرا. مەروانییەکان (سەردەمی حوکمڕانی: 380-478 ک)، بنەماڵەیەکی کورد بوون کە بۆ ماوەی نزیک یەک سەدە، حوکمڕانیی بەشێکی زۆری ناوچەی دیاربەکریان کرد. ئەم بنەماڵەیە لەڕاستیدا خوشکەزاکان و میراتگری باد کوڕی دۆستەک، یەکێک لە سەرۆک هۆزە کوردەکان بوون. بەگوێرەی فارقی باد و زاواکەی مەروان کوڕی کەک ( باپیری خانەدانی مەروانی)، هەردوو سەر بە هۆزی کوردی چواربۆختی (حارختی) و خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی نێوان سەعرەد و مەعدەن بەناوی کرماس (کرمانج؟) بوون کە دەکەوێتە ناوچەکانی نزیک ڕۆژهەڵاتی دیاربەکر. سەرچاوەکان یەکەم جار لە باسی ڕووداوەکانی ساڵی 368 كۆچیدا، ناوی باد کوڕی دۆستەک ( یان بادی کورد)یان هێناوە. لەم ساڵەدا، پاش ئەوەی "عیزدەولە" دەیلەمی دەستی بەسەر موسڵدا گرت، باد بۆ دیدار لەگەڵ ئەو ویستی سەردانی موسڵ بکات، بەڵام پێش ئەوەی چاوی بە عیزدەولە بکەوێ، هەستی بە مەترسی لەسەر گیانی خۆی کرد و لە موسڵ هەڵات. چەند ساڵ دواتر لە ساڵی 372 ک، بە کەڵکوەرگرتن لە لاوازبوونی دەیلەمییەکان، دەستی بەسەر ناوچەی دیاربەکر و شارە سەرەکییەکانی ئەم ناوچەیە واتە ئامەد و میافارقیندا گرت. لە 380-ی کۆچیشدا کاتێک کە دەیویست هێرش بکاتە سەر موسڵ، لە تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزێکی هاپەیمانی حەمدانییەکان و عۆقەیلییەکان کوژرا.

دوای کوژرانی باد لە نزیک موسڵ، دەسەڵات گواسترایەوە بۆ خوشکەزاکانی، واتە کوڕەکانی مەروان بن کەک. عەڵی کوڕی مەروان پاش  ئەو کارەساتەی بە مل باددا هات، لەگەڵ بەشێک لە هێزەکانیدا گەڕایەوە دیاربەکر و دەستی بەسەر شارەسەرەکییەکانی ئەم ناوچەیە، واتە ئامەد و میافارقیندا گرت و بەم چەشنە بناغەکانی دەوڵەتی مەروانیی لەم ناوچەی دیاربەکردا پتەو کردەوە.

سەردەمی حوکمڕانی درێژماوەی نەسڕەدەولە مەروانی (401-453 ک) بە لوتکەی هێز،  بەرفراوانی و سەقامگیری دەوڵەتی مەروانی دادەنرێت. ‌هەڵکەوتی ستراتیجی ناوچەی دیاربەکر لەسەر ڕێگاکانی پەیوەندی نێوان عێراق و شام و ئاسیای بچووک، ئەو دەرفەتەی بۆ نەسڕەدەولە ڕەخساندبوو کە لەڕێگای ڕاگرتنی باڵانس لە ناو هێزەکانی دەورووبەردا، بۆ ماوەیەکی زۆر درێژە بە فەرماڕەوایەتیی خۆی بدات. سەرەتا ئەو گوێڕایەڵبوونی خۆی بۆ خەلیفەی عەباسی ڕاگەیاند. هاوکات پەیوەندییەکی باشیشی لەگەڵ فاتمییەکان دامەزراند و بەپێی هەندێک سەرچاوە ماوەیەکیش خەلیفەی فاتیمی المستنصربالله ی بە فەرمی ناسی، پاش نەسڕەدەولە کوڕەکەی بە ناوی نیزامەدین نەسر بن نەسڕەدەولە (453-472ک)، لەگەڵ نزیکبوونەوەئ تورکە سەلجوقییەکان لە ناوچەی دیاربەکر هەوڵی دا  پەیوەندی بە سەلجوقیەکانەوە بکات. ساڵی 463 ک، لە کاتی تێپەڕبوونی سوپای ئەلب ئەرسەلانی سەلجوقی  بە ناوچەکەدا، نیزامەدین چووە خزمەت سۆلتانی سەلجوقی و بە پێشکەشکردنی بڕێک ماڵ و پارە، توانی بە شێوەیەکی کاتی هەڕەشەی سوپای تورک لە دیاربەکر دوور بخاتەوە. بەڵام گوشاری ڕوو لە زیادبوونی سەلجوقییەکان، سەرەنجام لە سەردەمی ناسردەوله مەنسور کوڕی نیزامەدین-دا، لەناوچوونی دەوڵەتی مەروانیی لێ کەوتەوە. لە ساڵی 477 ک دا، مەلێکشای سەلجوقی سوپایەکی بە سەرکردەیی وەزیرەکەی فەخرودەوله بن جەهیر ناردە سەر جزیرە. لەبەرانبەردا، مەروانییەکان و عۆقەیلیەکانی موسڵ هەوڵیان دا پێکەوە بەرەنگاری ئەم هەڕەشە هاوبەشە ببنەوە. بەڵام بۆیان نەچووە سەر و لەبەرانبەر تورکەکاندا تووشی شکست بوون. دوای ئەمە شارەکانی ئامەد و میافارقین لەلایەن تورکەکانەوە گەمارۆ دران و، پاش ماوەیەک دەستیان بەسەردا گیرا.

پاش دەسبەسەرداگرتنی لەلایەن تورکە سەلجقیەکانەوە، ناوچەی دیاربەکر و جزیرە لە بیست ساڵی کۆتایی سەدەی پێنجەم و سەرەتای سەدەی شەشەمی کۆچیدا، لەلایەن ئەو کاربەدەست و حاکمانەوە بەڕێوە دەچوو کە ڕاستەوخۆ لەلایەن دەوڵەتی سەلجوقییەوە دادەنران. لە سەرەتای سەدەی شەشەمەوە، هاوکات لەگەڵ لاوازبوونی دەوڵەتی سەلجوقی، هەندێک لە سەرۆک و سەردارە تورکەکان لە گۆشە و کەناری قەلەمڕەوی سەلجوقییەکاندا سەربەخۆ بوون و چەندین دەوڵەتی بنەماڵەیی تورکیان دامەزراند. لەم ناوەدا، ئەتابەکە زەنگییەکانی موسڵ و ئەرتۆقییەکانی ماردین و حێسن کەیف، هەرکام دەستیان بەسەر بەشێکی ناوچەی دیاربەکردا گرت. تاکوو لە کۆتاییەکانی سەدەی شەشەمدا، ناوچەی دیاربەکر جارێکی تر کەوتە ژێر دەسەڵاتی بنەماڵەیەکی کورد، کە ئەییوبییەکان بوون.

ئەییوبییەکان بنەماڵەیەکی کورد بوون کە بنچینەیان دەگەڕایەوە بۆ ناوچە شاخاوییەکانی نێوان ئەرمەنییە و ئەران و ئازەربایجان لەلای باکووری ڕۆژهەڵاتی دیاربەکر. ئەم بنەماڵەیە کە سەرەتا خزمەتی دەوڵەتە موسڵمانەکانی ناوچەکە وەک زەنگییەکانیان دەکرد، سەرەنجام توانیان لە وڵاتی میسر حکوومەتێکی سەربەخۆ دابمزرێنن و پاشان لەوێوە پەل بۆ ناوچەکانی تر، لەوانە جزیرە و دیاربەکریش بهاوێژن. 

سەلاحەدینی ئەییووبی دوای دەست بەسەرداگرتنی شام، لە ساڵی 578 ک لەگەڵ سەردارە کوردەکانی خۆی، لە چەمی فورات پەڕییەوە و شارەکانی جزیرە، لەوانە ڕها و نۆسەیبین و خابور و سنجاری داگیر کرد. لە ساڵی 579 ک-شدا سەلاحەدین بۆ جاری دووهەم ئاوڕی لە جزیرە دایەوە و بۆ ماوەی چوار مانگ شاری موسڵی کە لە دەست زەنگییەکاندا مابوویەوە، گەمارۆ دا. پاشان بەرەو دیاربەکر چوو و دەستی بە سەر  شارەکانی ئامەد و میافارقینیشدا گرت.

دوای مردنی سەلاحەدین، قەلەمڕەوی دەوڵەتی ئەییوبی بەسەر کوڕەکان و براکانیدا دابەش بوو و، وڵاتی جزیرە بەربەشی سیفالدین عادڵ کەوت. پاش ماوەیەک عادڵ بە کەڵکوەرگرتن لە ناکۆکیی نێوان ئەندامانی بنەماڵەی ئەییوبی دەسەڵاتی خۆی لە جزیرەوە بەسەر شام و میسردا سەپاند و بۆ ماوەیەک وەکوو گەورەی بنەماڵەی ئەییوبی دەرکەوت. ناوبراو کاتێک لە ژیاندا مابوو قەلەمڕەوەکەی خۆی بەسەر ئەندامانی بنەماڵەکەیدا دابەش کرد و جزیرە بەر ئەشرەف (607-617ک) کەوت. دوای ئەمە، ئەییووبییەکان تا ساڵی 657 ک، دەسەڵاتیان   بەسەر ناوچەی دیاربەکر و شارەکانی ئامەد و میافارقین و حێسن کەیف-دا هەبوو. تاکوو لەم ساڵەدا لەگەڵ داگیرکاریی مەغۆلەکان، دەسەڵاتی ئەییوبییەکان لە ئامەد و میافارقین کۆتایی پێ هات. لەگەڵ ئەمەشدا لقێک لەم بنەماڵەیە هەتا کۆتاییەکانی سەدەی نۆهەمی کۆچی، لە حێسن کەیف مانەوە.

 

هۆکارەکانی گۆڕانی پێکهاتەی ئیتنیکیی دیاربەکر

ناوچەی جزیرە و دیاربەکر لە سەدەکانی یەکەم تا حەوتەمی کۆچی، خالی ڕووبەڕوبوونەوەی دارۆلئیسلام و دارۆلکوفر بووە. ئەم ناوچەیە لەلای ڕۆژئاواوە، لە ناوچەکانی  ژێر حوکمڕانیی ئیمپراتۆریی بیزانس نزیک بوو و لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ میرنشینە ئەرمەنییەکانی هاوپەیمانی بیزانس، هاوسنوور بوو. لە سەرتاسەری دەورەی باسکراودا، ناوچەی دیاربەکر گرنگییەکی ستراتیجیی تایبەتی لە شەڕی نێوان دەوڵەتە موسڵمانەکان و هێزە مەسیحییەکان هەبوو کە هەندێک جار لایەنی بەرگری و هەندێک جاریش لایەنی هێرشکارانەی بە خۆوە دەگرت.

لە سەرتاسەری دەورەی باسکراودا، هزری جیهاد لە دژی کافرەکان و بەرگری لە دارۆلئیسلام، زەمینەخۆشکەر، ڕەوایی بەخش و پاڵنەرێکی بەهێز بوو بۆ ئەوەی هۆزە کوردەکان هێدی هێدی لە شوێنەکانی نیشتەجێی بوونی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوچەی دیاربەکر، بەرەو ناوچەکانی ڕۆژائاوای دیاربەکر بکشێن و تێیدا بڵاو ببنەوە. لەم پەیوەندییەدا، دامەزرانی دەوڵەتی کوردی مەروانی بە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ دادەنرێت. بنەماڵەی مەروانی سەر بە هۆزێکی کوردی ناوچەکانی زەوزان و ئەرمەنییە، لە تەنیشت ڕۆژهەڵاتی دیاربەکر بوون. بەگوێرەی فارقی، ناوی هۆزەکەی باد بن دۆستەک، بناغەدامەزرێنەری دەوڵەتی مەروانی و خوشکەزاکانی واتە بەنی مەروان، چاربۆختی (حاربختی) بوو و لە نزیک سەعرد و مەعدەن لەوپەڕی ڕۆژهەڵاتی دیاربەکر، ژیانیان بەسەر دەبرد. لە سەرەتادا، زۆربەی بزاڤەکانی باد بن دۆستەک و عەشیرەکەی لە ناوچەکانی دەرەوەی سنووری دیاربەکر بوو. لەنێوان ساڵەکانی 358 تا 368 کۆچی، باد توانی هێز‌ و دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکانی دەورووبەری دەریاچەی وان، بڵاو بکاتەوە. ناوبانگی "غازی" کە باد هەیبوو، ئەوە دەردەخات کە لەم قۆناغەدا، گرنگترین چالاکیی باد و هۆزە کوردەکانی هاوپەیمانی لەم ناوچانەدا، جیهاد لە دژی مەسیحییەکان، واتە ئیمپراتۆریی بیزانس و ئەرمەنییەکانی هاوپەیمانی بووە. دوای مردنی عیزدەوله دەیلەمی، باد بە کەڵکوەرگرتن لە لاوازبوونی دەوڵەتی دەیلەمییەکان، ڕووی سەرنجی بەرەو ڕۆژائاوا و ناوچەی دیاربەکر گەڕاندەوە و لە ساڵی 374 ک، دەستی بەسەر  ئامەد و میافارقین و شارەکانی تری ناوچەی دیاربەکردا گرت. بەم چەشنە، کوردەکان بۆ یەکەم جار ناوچەی دیاربەکر و شارە گرنگەکانی ئەوێیان داگیر کرد و ئەم ناوچانە بۆ ماوەی نزیک لە یەک سەدە لەژێر دەسەڵاتی مەروانییەکاندا مایەوە.

 سەرکەوتنەکانی باد بن دۆستەک و مەروانییەکان، پێش هەموو شتێک بەهۆی هۆزە جەنگاوەرە کوردەکانەوە بەدەست هاتبوون. هۆزە کوردەکان هێزی سەرەکیی پشتیوانی دەوڵەتی مەروانییان پێک دەهێنا؛ تاڕادەیەک کە سەرچاوەکان  زۆر جار بۆ ئاماژە بە هێزەکانی باد بن دۆستەک، تەنیا وشەی " ئەکراد"یان بەکار هێناوە. ئەمانە ئەو هۆزە کوردانە بوون کە لە ناوچەکانی هەڵکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی دیاربەکر وەک ئەرمەنییە و زەوزان و هەکاری، ژیانیان بەسەر دەبرد. بێجگە لە چاربۆختییەکان کە هۆزی بنەماڵەی مەروانییەکان بوو، کوردە بەشنەویەکان گرنگترین هۆزی پشتیوانی دەوڵەتی مەروانی بوون و، مێژوونوسەکان لە شوێنی جیاجیادا باسیان لە پێگەی گرنگی ئەم هۆزە لەناو دامەزراوەی دەوڵەتی مەروانی و پشتگیریی ئەوان بۆ مەروانییەکان کردوە. شاعیرێک بە ناوی حوسەین بن داوودی بەشنەوی کە ابن اثیر بە " شاعیری بەنی مەروان" ناوی لێ هێناوە، لە قەسیدەیەکی عەرەبیدا نازناوی " یاوەرانی بەنی مەروان" (انصار بنی مروان)ی بە بەشنەوییەکان داوە. هەروەها لەو هۆزە کوردانەی کە ڕۆڵی گرنگییان لە دامەزراوەی سیاسی و سەربازیی دەوڵەتی مەروانیدا گێڕاوە، دەکرێت ئاماژە بە هۆزەکانی بۆختی، دۆنبۆلی و چۆپی بکرێت. شوێنی نیشتەجێبوون و ژیانی ئەم هۆزانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوچەی دیاربەکر هەڵکەوتبوو. پاش ئەوەی مەروانییەکان دەستیان بەسەر ناوچەی دیاربەکردا گرت، زەمینەیەکی لەبار بۆ هۆزە کوردەکان وەکوو هێزی یەکەمی پشتیوانی دەوڵەتی مەروانی ڕەخسا تاکوو هەرێمەکانی خۆیان بەرەو ڕۆژائاوا و ناوچەی دیاربەکر بەرفراوانتر بکەن و لەم ناوچانەدا نیشتەجێ ببن. هەبوونی هۆزە کوردییەکانی پشتیوانی دەوڵەتی مەروانی، بۆ درێژەپێدانی دەسەڵاتی مەروانییەکان لەم ناوچانەدا، پێویست بوو؛ لەهەمان کاتدا، پێگەی ستراتیجیی دیاربەکر وەکوو بەرەی پێشەوەی بەرگری لە "دارۆلئیسلام" و پێگەیەک بۆ جەنگ و جیهاد دژی " دارۆلکوفر" هۆکارێکی تر بوو کە زەمینەی بۆ بڵاوبوونەوەی هۆزە کوردەکانی پشتیوانی دەوڵەتی مەروانی بە ناوچەی دیاربەکردا، خۆش دەکرد.

مەقدەسی لە ئاماژە بەمەدا شاری ئامەدی بە " دارالجهاد" پێناسە کردووە. یەکێک لە دەروازەکانی ئەم شارە کە بەرەو ڕۆژئاوا، واتە بە ئاراستەی دەرچوونی سوپای موسڵمانەکان بۆ جەنگ لەگەڵ ڕومییەکان دەکرایەوە،  بە " باب الجهاد" دەناسرا. بەپێی گێڕانەوەیەک لە سەردەمی نەسڕودەوله ی مەروانیدا بە دەیان هەزار جەنگاوەر و " موجاهید" لە ئامەد دەژیان کە بەهۆی ئەوەی کوردەکان هێزی سەرەکیی پشتیوانی دەوڵەتی مەروانی بوون، زۆربەی ئەم جەنگاوەرانە دەبێ کورد بووبن.

 مەروانییەکان پاش دەستبەسەرداگرتنی دیاربەکر، حوکمڕانیی شار و ناوچە جیاجیاکانی دیاربەکریان بە دەستوپێوەندەکانی خۆیان بەخشی. زۆربەی ئەمانە ئەندامانی بنەماڵەی مەروانی یان سەرۆک هۆزە کوردەکان بوون کە بە پشتیوانی سەرەکیی دەوڵەتی مەروانی دادەنران و، دوای ئەوەی کە حوکمڕانیی شار یان ناوچەیەکیان بەدەست دەگرت لەگەڵ بەشێک لە هۆز و عەشیرەتەکەی خۆیاندا لەو شوێنانە نیشتەجێ دەبوون. لە ساڵی 374 ک، باد بن دۆستەک دوای ئەوەی دەستی بەسەر شاری میافارقیندا گرت،  براکەی خۆی  ئەبو فوارس حسێن بن دوستەکی بە حوکمڕانی ئەم شارە دانا کە بە وتەی فارقی، ناوی لەسەر زۆر شوێن لە شورەی میافارقین دەبیندرا. لەسەردەمی فەرمانڕەوایی مەمهودەوله-ی مەروانیشدا (387-401 ک)، یەکێک لە سەرۆک هۆزە کوردەکان بە ناوی شیرۆیە بن مەم، قەڵای ستراتیجیی هەتاخی بە ئیقتاع پێ بەخشرابوو. شاری ئامەد کە دوای کوژرانی ئەمیر ئەبووعەلی مەروانی ( لە 387 ک) ، بۆ ماوەیەک لەژێر حوکمڕانیی مەروانییەکاندا نەمابوو، لەبەرانبەر بڕێک پارە و بە مەرجی ناوهێنانی ئەمیری مەروانی لە خۆتبەدا، لە دەست دوو کەس لە گەورەکانی ئەم شارە بە ناوی ئیبن عەبدولبەر و ئیبن دمنه-دا، مایەوە، بەڵام  سەعرەد لە ئیقتاعی یەکێک لە براکانی ئەمیر مەمهودەوله بە ناوی ئەحمەد بن مرواندا بوو. نەسرودەولەی مەروانیش (387-401 ک) بێجگە لە ئەندامانی بنەماڵی مەروانی و سەرۆک هۆزە کوردەکان، خۆی ژمارەیەک زۆر کوڕی هەبوو کە حوکمرانیی ناوچە جیاجیاکانی قەلەمڕەوەکەی خۆی پێ سپاردبوون یا بە ئیقتاعی دابوونێ. لە  ساڵی 415 کە ئەمیر نەسرودەولە پاش گەڕاندەوەی دەسەڵاتی مەروانییەکان بۆ ئامەد، حوکمڕانیی ئەم شارەی بە کوڕە گەورە و هەرە خۆشەویستەکەی خۆی، ئەبولحەسەن سەعدولا  سپارد و پاش مردنی ئەم لە تەمەنی لاوێتیدا، یەکێکی دیکە لە کوڕەکانی خۆی کرد بە حوکمڕانی ئامەد. کوڕێکی تری ئەمیر نەسرودەولە بە ناوی ئەبوحەرب سلیمان حوکمڕانی جزیرەی ئیبنی عومەر بوو کە لە ساڵی 477 ک، لە ئاژاوەیەک کە لەگەڵ هۆزە کوردەکانی ئەم ناوچەیە بەرپا بوو، کوژرا. لە کۆتاییەکانی سەردەمی مەروانیشدا،  حوکمڕانی جزیرەی ئیبن عومەر  لەلایەن ناسردەوله دواهەمین ئەمیری مەروانییەوە ( 472-478 ک)  بە مامی خۆی حسێن بن نەسرودەولە بەخشرابوو. ناوبراو بە پشتیوانیی هۆزە کوردەکانی ناوچەکە، ماوەیەکیش دوای ڕووخانی دەوڵەتی مەروانی، توانی درێژە بە بەرەنگاربوونەوەی تورکە سەلجوقییەکان بدات.

هەندێک ڕاپۆرتی میژوویی گۆڕانی پێکهاتەی نەتەوەیی دیاربەکر و جێگیربوونی کورد لە ناو شارەکانی ئەم ناوچەیە لە سەرەدەمی مەروانییەکاندا پشتڕاست دەکەنەوە. ئەمە هەندێک ناکۆکیشی لەنێوان کوردە هۆزەکییەکان لەگەڵ دانیشتووانی ئەم شارانە لێ دەکەوتەوە. لە ساڵی 380 ک پاش کوژرانی باد بن دۆستەک، خەڵکی میافارقین لە دژی کوردەکان ڕاپەڕین کە دواتر ئەمیر ئەبوعەلی حەسەن بن مەروان (380-387 ک)  بەتوندی ڕاپەڕینەکەی سەرکوت کرد. دوابەدوای ئەم ڕووداوانە خەڵکی میافارقین ناچار بوون شارەکە بەجێ بهێڵن و  بە وتەی سەرچاوەکان، کوردەکان بێجگە لە لایەنگرانی دەوڵەتی مەروانی، ڕێگایان بە کەس نەدا بۆ شارەکە بگەڕێنەوە.

لەگەڵ ڕووخانی دەولەتی مەروانیدا، سەرەڕای ئەوەی لە سەدەکانی شەشەمدا، دەوڵەتە بە ڕەگەز تورکەکانی وەک زەنگییەکانی موسڵ و ئۆرتۆقییەکان  بەسەر ناوچەی دیاربەکردا زاڵ بوون، بەڵام حوکمڕانیی تورکەکان گۆڕانێکی ڕادیکاڵی لە پێکهاتەی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە و بە تورکبوونیدا لێ نەکەوتەوە. سەبارەت بە هۆکاری ئەمە دەکرێت بوترێت کە هۆزە تورکەکان بەپێچەوانەی کوردەکانەوە، ناوەندەکانی نیشتەجێبوونیان لە نزیک ناوچەی دیاربەکر و جزیرەدا نەبوو. تەنانەت بنەماڵە تورکەکانی وەک زەنگییەکان و ئەرتۆقییەکانیش تاڕادەیەکی زۆر پشتیان بە هۆزە کورد و عەرەبەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان دەبەست. لەگەڵ ئەوەی لە سەردەمی زەنگییەکاندا، دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە قەڵا و و شوورەی سەرۆک هۆزە کوردەکاندا گیرا و لە سەربەخۆیی سەرەڕۆیی سەرۆک هۆزەکان کەم بوویەوە، بەڵام کوردەکان وەک هێزێکی گرنگ چوونە ناو سوپای زەنگییەکانەوە و، سەرچاوەکان لە کاتی گێڕانەوەی ڕووداوە مێژووییەکاندا ئاماژەیان بە ڕۆڵی گرنگی هۆزە کوردەکان- لە تەنیشت تورکمانەکان- لەناو سوپای زەنگیدا کردووە. بە وتەی میخائیلی سوریانی، کوردەکان لە کاتی گرتنەوەی ڕها لەلایەن عیمادەدین زەنگییەوە (ساڵی 539ک) هێزێکی کاریگەری ناو سوپاکەی بوون. کوردەکان هەروەها هێزی سەرەکیی ناو سوپای ئەرتوقییەکانی ماردین و دیاربەکریان پێکدەهێنا کە فەرمانڕەوای ناوچەیەک بوون کە پێکهاتەی خێڵەکانی پتر کوردی بوو. بۆیە لە سەدەی شەشەم لە سەردەمی حوکمڕانیی بنەماڵە تورکییەکانی وەک زەنگی و ئەرتقیەکانیشدا، زەمینە بۆ بزاڤی هۆزە کوردەکان بەرەو ڕۆژئاوای ناوچەی دیاربەکر و جێگیربوونیان لە ناو شارەکانی ئەم ناوچەیە لەبار بوو.

 بەڵام خاڵێکی تری وەرچەخان لەم پرۆسەیەدا، دەکرێت لە پەیوەندیی لەگەڵ دەسەڵات وەرگرتنی کوردە ئەییوبییەکان لەم ناوچانە، دەستنیشان بکرێت. هۆزە کوردە جەنگاوەرەکان لەم سەردەمانەدا بە یەکێک لە هێزە جەنگاوەرە هەرە باشەکانی جیهانی ئیسلامی دەژمێردران و زۆرێک لە حوکمڕانە موسڵمانەکانی ناوچەکە، سوودیان لە خزمەتە سەبازییەکانی ئەوان وەردەگرت. ئەییوبییەکان، لقێک لە هۆزی گەورەی کوردی هەزبانی بە ناوی ڕەوادی بوون کە لە ناوچەکانی دەورووبەری شاری دوین، لە نزیک قارس و ئیرەوانی ئەمڕۆدا (لە نزیک کۆماری ئێستای ئەرمەنستان لە باکووری خۆرهەڵاتی تورکیا)، دەژیان. ئەییوب کوڕی شادی و براکەی شێرکۆ کوڕی شادی ( باوک و مامی سەلاحەدین) وەکوو زۆرێک لە کوردانی دیکە بە مەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتی جەنگاوەری و سە ربازی ڕوویان لە عێراق کردبوو و ماوەیەک لە خزمەت موجاهیددین قایماز، شەحنەی بەغدادا بوون. هەندێک لە لێکۆڵەران پێیان وایە لەم سەردەمەدا جگە لە هۆکار و پاڵنەری وەک پێشکەشکردنی خزمەتی جەنگی و سەبازی، ڕووخانی دەوڵەتی کوردی شەدادی و زۆربوونی گوشاری هۆزە گورجی و مەسیحییەکانی ناوچەکە لەسەر کوردەکان، هۆکارێکی گرنگی کۆچکردنی هۆزە کوردەکانی ئەو ناوچانە و هاتنیان بەرەو ناوچەکەنی تری جیهانی ئیسلامی وەک جزیرە و عێراق و شام، بووە. پرۆسەی ئاماژە پێکراو، بەتایبەت دوای دەسەڵاتگرتنی کوردە ئەییوبییەکان خێراتر بوو و ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە هۆزە کوردەکان، بەتایبەت لە وڵاتەکانی وەک ئەرمەنییە، ئازەربایجان، زەوزان، هەکاری و ناوچەکانی  تەنیشت خۆرهەڵاتی دیاربەکر و جزیرە، ڕوویان لە هاونەژادە ئەییوبییەکانی خۆیان کرد؛ بەتایبەت کە دەستپێکردنی شەڕی سەلیبی و لە ئارادابوونی جیهاد دژی کافرەکان، پاڵنەرێکی بەهێز و لەهەمان کاتیشدا ڕەوایی بەخشی ئەم کۆچە گەورەیە بوو. دەگوترێت تەنانەت پێش دامەزرانی ئەییوبییەکان لە فەرمانڕەوایی میسر، کاتێک کە ئەسەدەدین شێرکۆ مامی سەلاحەدین لەلایەن نورەدین زنگییەوە حوکمڕانی حەلەب بوو، ژمارەیەکی زور لە هۆزە کوردەکان ڕوویان تێ کردبوو و لە دەوری کۆ بووبوونەوە. دواتریش ئەسەدەدین  شێرکۆ هێزێکی بە ناو " ئەسەدیه" پێکهێنا کە پێکهاتەی سەرەکی لە کورد و فەرماندەکانی زۆرتر لە دەستەبژێری سەربازی کورد بوون. هێزە کوردەکان ڕۆڵی سەرەکییان لە بەدەسەڵات گەیشتنی ئەییوبییەکان لە میسر و دواتر پەلهاویشتنی دەوڵەتەکەیان بۆ ناوچەکانی تر گێڕا. دوای بەدەسەڵات گەیشتنی سەلاحەدینی ئەییوبیش لە میسر بە وتەی نویری، هۆزە کوردییەکان لە هەموو لایەکەوە ڕوویان تێ کرد. تا ئەو جێگایەی کە کوردەکان هێزی سەرەکیی سوپای سەلاحەدین ئەییوبییان پێک دەهێنا. لەنێو ئەو هۆزە کوردییانەی کە ڕوویان لە خزمەتی ئەییوبییەکان کرد و دواتر ڕۆڵی گرنگیان لە دامەزراوەی سەبازی و سیاسیی دەوڵەتی ئەییوبیدا گێڕا، هەکارییەکان و حەمیدییەکان ڕۆڵێکی یەکجار بەرجەستەیان گێڕا. هەروەها سەرچاوەکان ناوی ژمارەیەکی زۆری تر لە هۆز و سەرۆک هۆزە کوردییەکانیان هێناوە کە لە خزمەت ئەییوبییەکاندا بوون: لەوانە هۆزەکانی ڕەواددی، زەرزاری، هەزبانی، مەهرانی، قەیمەری و دۆنبۆلی. زۆربەی ئەم هۆزانە لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی جزیرە و دیاربەکرەوە ڕوویان لە ئەییوبییەکان کردبوو.

هۆزە کوردەکان، هێزی سەرەکی و نێوەندیی سوپای ئەییوبییان بوون. بۆیە لەو ناوچانەی کە ئەییوبییەکان دەستیان بەسەردا دەگرت، کوردەکان وەکوو هێزی پشتیوان و لایەنگری سەرەکیی دەوڵەتی ئەییوبی نیشتەجێ دەکران. ئەم سیاسەتە بۆ مانەوەی دەسەڵاتی ئەییوبی لەو ناوچانە پێویست بوو. هەروەها سیاسەتی بەخشینی ئیقتاع (اقطاع) کاریگەرییەکی زۆری بەسەر گۆڕانی دیموگرافی ئەم ناوچانەوە هەبوو. ئەیوبییەکانیش وەک دەوڵەتانی پێش خۆیان، لەبەرانبەر پێشکەشکردنی خزمەتی سەربازی، پارچەیەک زەوی یان ناوچەیەکی دیاریکراویان بە سەردار و فەرماندە سەربازییەکانی خۆیان دەبەخشی کە پێی دەگوترا " ئیقتاع".  ئەو کەسەی کە ئیقتاعی وەردەگرت (واتە: مقطع) لەگەڵ  سوپاکەی خۆی و ژمارەیەکی زۆر لە دەستوپێوەندەکانی – کەزۆرجار سەربە هۆز و عەشیرەتەکەی خۆی بوون- لە " ئیقتاع"ەکەی خۆی دادەمەزرا و لە کاتی پێویستدا بۆ ئامادەبوون لە سوپای ئەییوبی بانگهێشت دەکرا. لە دەرئەنجامی ڕۆڵی بەرجەستەی کوردەکان لە سوپای ئەییوبیدا، زۆرێک لە خاوەن ئیقتاعەکان لە سەرداران یا سەرۆک هۆزە کوردەکان یان لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەییوبی بوون.

لە ناوچەی جزیرە و دیاربەکریش، ئەییوبییەکان ئیقتاعێکی زۆریان بە سەرۆک هۆزە کوردەکان یان ئەندامانی بنەماڵەی ئەییوبی بەخشیبوو. سەلاحەدین دوای ئەوەی دەستی بەسەر جزیرەدا گرت، حوکمڕانیی دیاربەکر و ڕەققەی بە عادلی برای سپارد و جەمالەدین خۆشترین زەرزاری بە والی ناوچەی خابور دانرا. حەڕڕان لەلایەن سەلاحەدینەوە درا بە برازاکەی مەلەک موزەفەر تەقیدین عومەر بن شاهنشاه ئەیوب و دوای مردنی ئەو لە ساڵی 617 ک، مەلەک عادل ئەییوبی حەڕڕانی بە کوڕەکەی خۆی کامل بەخشی. نۆسەیبین دوای گرتنی لە ساڵی 578 ک لەلایەن سەلاحەدینەوە درا بە حیسامەدین ئەبولهەیجای هەکاری. کوڕی یەکێک لە سەردارە ناودارەکانی سەلاحەدین واتە سەیفەدین مەشتوب هەکاری (مردن لە ساڵی : 588) کە بە " ابن مشطوب" دەناسرا، ناوچەی "راس العین"ی بە ئیقتاع پێدرابوو. ئیبن مەشتوبی هەکاری لە ساڵی 617 ک، بە پشتیوانی  ئەو هێزە کوردییەی کە لە ئیقتاعەکەیدا بڵاو بوبوونەوە، یاخیبوونێکی  لە  دژی مەلەک ئەشرەفی ئەییوبی بەرپا کرد. هەروەها ئەییوبییەکان دوای دەست بەسەرداگرتنی ڕها کە لەو پەڕی ڕۆژائاوای دیاربەکر و لە خاڵی پێشەوەی ڕوبەڕووبوونەوە لەگەڵ سەلیبییەکان هەڵکەوتبوو، حوکمڕانییەتی ئەوێیان زۆربەی جاران بە سەرۆک هۆزە کوردەکان یان ئەندامانی بنەماڵەی ئەییوبی دەدا.

لەسەردەمی ئەییوبیدا، کوردەکان لە سەرانسەری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئەییوبی بەتایبەت لە شام، کە مەیدانی سەرەکیی شەڕ لەگەڵ سەلیبییەکان بوو، بڵاو بوبوونەوە. بەگوێرەی نووسینی ئیبن فەزلوڵا عیمری ( مردن لە ساڵی 749 ک)، کورد تەنانەت لە وڵاتی دوورەدەستی وەک یەمەن، کە ماوەیەک لەژێر دەسەڵاتی ئەییوبییەکاندا بوو، نیشتەجێ بووبوون و تەنانەت ماوەیەکی زۆریش دوای نەمانی دەوڵەتی ئەییوبی لەو وڵاتە مابوونەوە و لە ڕووداوە سیاسی و سەربازییەکانی ئەوێدا کاریگەرییان هەبوو. بۆیەش دوای دەست بەسەرداگرتنی دیاربەکر لەلایەن ئەییووبییەکانەوە، هۆزە کوردەکان بە شێوازێکی چڕتر و فراوانتر، لەم ناوچەیە بڵاو بوونەوە. بەتایبەت بەهۆی ئەوەیکە ناوچەی دیاربەکر لە ناوەندەکانی حەشیمەتی هۆزە کوردەکان نزیک بوو، هەل بۆ ژمارەیەکی زۆرتر لە هۆزە کوردەکان دەرەخسا لەم ناوچەیە نیشتەجێ بن. زانیاریی سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکات کە لە سەدەکانی شەشەم و حەوتەم، هۆزە کوردەکان لەڕووی چەندایەتییەوە زۆرتر و لەڕووی جوگرافییەوە لە پانتاییەکی بەرفراوانتر لە ناوچەی دیاربەکردا دەبیندرێن. هۆزە کوردەکان تەنانەت لە هەندێک ناوچەی ڕۆژائاوای فوراتیش نیشتەجێ بووبوون؛ بەپێی نووسینی ئیبن عەدیم، لە سەدەی حەوتەمدا، پێکهاتەی خێڵەکیی ناوچەکانی دەورووبەری شاری حەدەس (حدث) لەوپەڕی چەمی فورات- نزیک ناوچەکانی مەلەتیە (ملطیه)  و مەرعەش- زۆرتر لە هۆزە کوردەکان پێکهاتبوو.

 

پێکهاتەی ئیتنیکیی شارەکانی ئامەد و میافارقین لە لە سەدەکانی پێنجەم تا هەشتەمی کۆچیدا

شاری ئامەد، ناوەند و گەورەترین شاری ناوچەی دیاربەکر، بەو شێوەی کە لە زانیاریی سەچاوەکان و  لێکدانەوەی نیشانە و هێماکانیان دەردەکەوێ، لەم سەردەمەدا پێکهاتەیەکی تێکڵاو لە چەند گروپی ئیتنیکی و دینی هەبوو. لەڕووی دینییەوە زۆرینەی دانیشتووانی شاری ئامەد موسڵمان و کەمینەیەکی بەرچاو لە مەسیحییە سوریانییەکان بوون. ژمارەیەکی زۆر مزگەوت، مەدرەسە و مەزارگەی ئیسلامی و کەسایەتیی زانستی و ئاینیی موسڵمان کە سەر بەم شارە بوون، سیمای شارێکی موسڵمان نشینیان بە ئامەد دابوو. لەگەڵ ئەمەشدا زانیاریی سەرچاوەکان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە موسڵمانانی شاری ئامەد سەر بە کام گروپی نەتەوەیی و ئیتنیکیی کورد، عەرەب یان تورکمان  بوون، بەس نییە. بەڵام لەڕووی ئەوەی کە شاری ئامەد بەتایبەت لەلایەن ڕۆژهەڵاتەوە  لە جوگرافیای ژیانی هۆزە کوردەکان نزیک بوو، هەروەها لەبەر ئەوەی هۆزە کوردەکان لەم سەردەمەدا یەکەم هێزی جەنگاوەری حوکمڕانانی شارەکە بوون، دەکرێت بەشێکی زۆر لە دانیشتووە موسڵمانەکانی شاری ئامەد لەم سەردەمانەدا، لەو کوردانە بزانین کە لە پێکهاتەی خێڵەکیی دەورووبەری شارەکەوە، ڕوویان لە ئامەد کردبوو. بەپێی سەرچاوەیەک، کاتێک کە لە ساڵی 623 کۆچی، سوپایەکی سەلجوقییەکانی ڕوم بۆ داگیرکردنی ئامەد هاتە سەر ئەم شارە کە لەو کاتەدا لە دەست بنەماڵەی ئەرتوقیدا بوو، یەکێک لە سەرۆک هۆزە کوردەکان بە ناوی فەخرەدین ئیبن دیناری، بەرگری لە قەڵای شارەکەی لە ئەستۆ بوو. بە وتەی سەرچاوەکە، ئەم سەرۆک هۆزە کوردە، بە  کۆڵەکەی سەرەکیی بەرگریکاران لە شاری ئامەد دادەنرا. هەروەها ئەو ڕاستییەی کە  لەڕووی ناو و نازناوی هەندێک لە کەسایەتییەکانی سەر بە شاری ئامەد، عەرەببوونیان دەسەلمێت، وا دەکات کە بەشێک لە دانیشتووانی شاری ئامەد بە عەرەب بزانین. لە کەسایەتییە عەرەبەکانی سەر بە شاری ئامەد دەکرێت ئاماژە بە زانای ناسراوی بواری فیقه ئەبولحەسەن بن محەمەد بن سالم تغلبی ناسراو بە سەیفەدین ئامەدی (کۆچی دوایی: 583 ک) و عەبدولواحد تمیمی ئامەدی (کۆچکردووی لسەدەی شەشەم) بکەین. جگە لەمە شاری حانی لە نزیک ئامەدیش لەم سەردەمەدا شوێنی لەدایکبوونی هەندێک کەسایەتیی ناسراوی عەرەب وەک زانای ناسراوی حەدیس، ئەبوسالح حنەوی شیبانی (کۆچی دوایی لە ساڵی 540ک) و سدیدەدین شیبانی، ناسراو بە  ئیبن زەقیقه (کۆچی دوایی لە ساڵی 635 ک) زانا، ئەدیب و هەروەها پزیشکی ناسراوی سەدەکانی شەشەم و حەوتەم بووە.

جگە لە نەتەوە بە ئاین موسڵمانەکانی وەک کورد و عەرەب کە بەسەریەکەوە زۆرینەی دانیشتووانی شاری ئامەدیان پێکدەهێنا، کەمینەیەک لە مەسیحیە سوریانیەکانیش  لەم شارە دەژیان. لەسەدەی شەشەمی کۆچیدا ئامەد ناوەندێکی "بتریق نشینی" کەنیسەی سوریانی بوو کە ئەمە هەبوونی ژمارەیەکی بەرچاوی سوریانییە مەسیحییەکان لەم شارەدا دەسەلمێنێت. هەروەها لە ناوەندەکانی تری مەسیحییە سوریانییەکان لە شاری ئامەد، ئینبن شەداد ناوی دوو "دێر"ی هێناوە کە ناوی یەکێکیان "مەنازی" بوو و ئەوی تریان بەناوی "دێر مەریەم/ بەیعە مەریەم" لە تەنیشت دەروازەی ڕۆژئاوای شارەکە (باب الروم) هەڵکەوتبوو. میخائیلی سوریانی ناوی دوو لە بنەماڵە سوریانییە بەناوباگەکانی شاری ئامەدی بۆمان گواستۆتەوە. بنەماڵەی یەکەم کە بە " ئال کامرا" ناسرابوو، بنەماڵەی "بتریق"ی بوو و "بتریق"ەکانی شاری ئامەد زۆرجار سەر بەم بنەماڵەیە بوون. بنەماڵەکەی تر کە دەستێکی زۆری لەنێو مەسیحییەکان ئامەددا دەڕۆیشت، لە گوندێکی نزیک شاری ئامەد بە ناوی "‌قەنقەرد؟" دەژیا. لەم گوندە کە لەوانەیە یەک لە گوندە مەسیحی نشینەکانی دەورووبەری ئامەد بووبێت، دێرێکی مەسیحییەکان هەبوو کە بە ناوی گوندەکەوە، بە "دێر قەنقەرد" دەناسرا.

میافارقین شارێکی تری ناوچەی دیاربەکر بوو کە هەرچەندە لە کۆتایی سەدەی پێنجەمەوە، دوای لەناوچوونی دەوڵەتی مەروانی، پێگەی جارانی وەک ناوەندی دەسەڵاتی سیاسی نەما، بەڵام بەردەوام بە یەکێک لە گەورەترین و بەناوبانگترین شارەکانی دیاربەکر دەژمێردرا. زۆرینەوی دانیشتووانی میافارقین موسڵمان بوون، کە ئەمە بە زۆربوونی ناوەندە ئیسلامییەکانی ئەم شارەدا دەردەکەوێت. لەم سەردەمەدا میافارقین پتر لە سەد مزگەوتی هەبوو کە لە ناو ئەم مزگەوتانەدا مزگەوتی جامیعی شارەکە کە بە جامیعی بەنی مەروان دەناسرا، ناوبانگێکی تایبەتی هەبوو. هەروەها ژمارەیەکی زوری مەدرەسە لەوانە مەدرەسەی تایبەت بە مەزهەبەکانی حەنبەلی، شافیعی و حەنەفی لە میافارقیندا هەبوون. هەروەها ناوی چەندین مزارگە و شوێنی پیرۆزی ئیسلامی لەوانە مەزارگەی هەندێک ئەسحابی پێغەمبەری ئیسلامی  هەبوون کە خەڵکی میافارقین پێیان وابوو لەوێ نێژراون و ڕێزیان لێ دەگرتن. لەگەڵ ئەمەشدا، زانیاریی سەرچاوەکان ئەوەی کە خەڵکی موسڵمانی میافارقین سەر بە کام ئیتنیکی کورد، عەرەب یانیش تورک بوون، پشتڕاست ناکاتەوە. بەڵام لەڕووی هەندێک نیشانەوە دەتوانین بڵێین موسڵمانانی ئەم شارە زۆرتر کورد بوونە. ئەم شارە لە نزیک ناوچەکانی ژیانی هۆزە کوردەکان هەڵکەوتبوو. کوردەکان بێجگە لە سەردەمی سەد ساڵەی دەوڵەتی مەروانی، بەڵکوو دوای ئەویش لە سەردەمی زەنگی و ئەرتقوقی و بە تایبەت ئەییوبییەکاندا، ڕۆڵی سەرەکییان لە سوپای ئەم دەوڵەتانەدا هەبوو. بۆیە دەکرێت بڵێین لەم قۆناغەدا زەمینە بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی نیشتەجێبوونی کوردەکان لەناو شاری میافارقیندا لەبار بووە. ئەمە وا دەکات کوردەکان بە نەتەوەی یەکەم لەناو نەتەوە موسڵمانەکانی میافارقین دابنێین. مەسیحییە سوریانییەکان لەم سەردەمەدا پێدەچێت گروپێکی ئیتنیکیی کەم هەژمار و لاواز لە میافارقین بووبن. بەپێچەوانەی زۆرێک لە شارەکانی جزیرە وەک ئامەد، ماردین، نۆسەیبین، نیشانەگەلێکی بەهێز بۆ سەلماندنی هەبوونی کۆمەڵگایەکی بەرچاوی سوریانییە مەسیحییەکان لە میافارقین لە سەرچاوەکاندا بەدی ناکرێت. سەرچاوەکان باسی هەبوونی کەنیسە یان دەیر یان ناوەندێکی تری پەیوەست بە مەسیحییە سوریانییەکان لەم شارەدا نەکردووە. بەوتەی قەزوینی، دەیرێکی کۆنی مەسیحی لە میافارقین هەبوو کە لە سەردەمی ئەودا وێران بووبوو. هەڵبەت ئەمانە بە مانای نەبوونی ناوەندی مەسیحی دیکە یان نەبوونی ژمارەیەکی کەم مەسیحی لە شاری میافارقیندا نایەت. لە دەورووبەری میافارقین و لە ناو گوندنشینەکانی ناوچەکەیشدا ژمارەیەک مەسیحیی سوریانی دەژیان. دەیری مارتوما لە مەودای دوو فەرسەخی شاری میافارقین لەم سەردەمەشدا ئاوەدان بوو و مەسیحییە سوریانییەکان لە بۆنەی جۆراوجۆر وەکوو جەژنە ئاینییەکانی خۆیاندا ڕوویان تێ دەکرد ، نەزر و نیازیان پێشکەش دەکرد. بەگوێرەی ئیبن شەدادیش، لە چیایەکی باکووری میافارقیندا ژمارەیەک دەیری مەسیحییەکان هەبوون.

 

پێکهاتەی ئیتنیکیی هۆزەکانی ناوچەی دیاربەکر لە سەدەی چوارەم تا هەشتەمی کۆچیدا

بێجگە لە دانیشتووانی شار و گوندەکان، بەشێکی زۆر لە حەشیمەتی ناوچەی دیاربەکر لە هۆزە کۆچەرەکان پێکهاتبوو. سەرەڕای ئەوەیکە زانیاریی سەرچاوە مێژووییەکان تیشک ناخاتە سەر هاوسەنگی و نیسبەتی نێوان خەڵکی نیشتەجێ و کٶچەرەکان، بەڵام لەڕووی ئەو ڕاستییەی کە تا پێش سەردەمی مۆدێڕن هۆزە کۆچەرەکان لە ناوچەکەدا  بەردەوام ژمارەیان لە شارو و گوند نشینەکان زۆرتر بووە، دەکرێت بەو ئاکامە بگەین کە لە قۆناغی توێژینەوەکەشدا، بەشی زۆری حەشیمەتی ناوچەی دیاربەکر لە هۆزە کۆچەرەکان  پێکهاتبوو.

 پێکهاتەی هۆزەکانی ناوچەی دیاربەکر بەتایبەت بەشی ڕۆژهەڵات و ناوەندی ئەم ناوچەیە، پتر کوردی بوو. سەرچاوەکانی ئەم سەردەمە دیاربەکریان بە ناوچەی ژیانی هۆزە کوردەکان داناوە، یانیش لە سەروبەندی باسکردن لە ڕووداوە سیاسییەکانی ناوچەکە، ئاماژەیان بە هەبوونی هۆزە کوردەکان داوە. بۆ وێنە، ئاقسەرایی لە کاتی گێڕانەوەی هەندێک ڕووداوی سەرەتای سەدەی شەشەم، هێزە خێڵەکییەکانی دیاربەکری وەکوو "ئەکراد" یان " سوپای دیاربەکر و ئەکراد" ناو هێناوە. هەروەها، نووسەری ئەخبار سلاجقه ڕۆم کەسێک بەناوی فەخرەدین ئیبن دیناری لە ساڵی 526 ک، بە " سەرۆکی هۆزە کوردەکانی دیاربەکر" ناوزەد کردوە. زۆرێک لە سەرچاوەکان لە کاتی گێڕانەوەی چۆنیەتیی کوژرانی سوڵتان جەلالەدین خارەزمشا ( لە ساڵی 628 ک)، ئاماژەیان بە هەبوونی هۆزە کوردەکان لە دەورووبەری شاری ئامەد و میافارقین کردووە. بەپێی ئەم سەرچاوانە، سوڵتان جەلالەدین دوای شکست لە دوژمنەکانی خۆی، بۆ ناو هۆزە کوردەکانی ئەم ناوچانە هەڵهات و دواتریش لەم ناوچانە کوژرا

سەرەڕای ئەمانە، سەرچاوەکان ناوی هەندێک لە هۆزە کوردەکانی ناوچەی دیاربەکر و شوێنگەلی نیشتەجێبوونیان باس کردووە. قەڵای هەتاخ لە نزیک میافارقین تا ساڵی 532 لە دەست کوردە مەروانییەکان، واتە هۆزی چواربوختی-دا مابوویەوە. هەروەها یاقوتی حەمەوی ئاماژەی بە هەبوونی " کوردە شامییەکان" لە نزیک میافارقین لە سەرەتای سەدەی حەوتەمی کۆچی داوە. هۆزی زەرقی لە سەدەکانی شەشەم و حەوتەم، هەندێک شوێن وەک تەرجیل لە نزیک میافارقین و ئامەد و هەندێک ناوچەی نزیک حێسن کەیفایان بەدەستەوە بوو. قەیمەریەکانیش هۆزێکی تری کورد بوون کە بە هۆی ئەوەی دەدرانە پاڵ قەڵای قەیمەر بە قەیمەری ناویان دەرکردبوو. سەرچاوەکان شوێنی قەڵای قەیمەر و وڵاتی کوردە قەیمەرییەکانیان بەوردی دەستنیشان نەکردووە. بەگوێرەی یاقوتی حەمەوی، قەڵای قەیمەر لەنێوان موسڵ و ئەخلات-دا ( واتە ناوچەی دیاربەکر) هەڵکەوتبوو و زۆرێک لە حوکمڕانە کوردەکانی موسڵ و ئەخلات سەر بەم قەڵایە بوون. لەگەڵ بەدەسەڵات گەیشتنی کوردە ئەییوبییەکان لە میسر و شام، زۆرێک لە سەردارە قەیمەرییەکان ڕوویان لە خزمەتی ئەییوبییەکان کرد و لە ڕووداوەکانی میسر و شامدا ڕۆلێکی گرنگیان بینی؛ بەتایبەت هەندێک لە ئەمیرە قەیمەرییەکان دەستێکی باڵایان لە کاری خزمەتگوزاری  و بیناکردنی مزگەوت و خەستەخانەدا هەبوو. ئەمە وای کردووە کە قەیمەرییەکان لەلای سەرچاوە میسرییەکان ناوبانگێکی زۆر پەیدا بکەن و هەندێک لەم سەرچاوانە وڵاتی سەرەکیی کوردە قەیمەرییەکان و شوێنی قەڵای قەیمەرییان لە ناوچەی دیاربەکر و نزیک شاری سەعرەد (سێرتی ئێستا) دەستنیشان کردووە. ناوچەی سەعرەد لە سەدەکانی شەشەم و حەوتەمدا ناوەندێکی گرنگی هۆزە کوردەکان بووە. بە شێوەیەک کە قازی عیاز (کۆچی دوایی لە 544 ک)، ئەم ناوچەیەی بە شێوەیەکی تایبەت بە " بلاد الکرد" واتە " کوردستان" ناو هێناوە.

ناوچەی دیاربەکر لەلای ڕۆژهەڵاتەوە دراوسێی ناوچەکانی زەوزان و ئەرمەنییە بوو کە لە دێرزەمانەوە ناوەندێکی گرنگی حەشیمەتی هۆزە کوردەکان بووە. لە سەدەکانی پێنجەم تا حەوتەمدا شوێنەکانی ژیان و نیشتەجێبوونی هەندێک لە هۆزە کوردەکانی ناوچەی زەوزان، لە ڕۆژئاواوە بۆ هەندێک لە بەشەکانی ناوچەی دیاربەکر درێژ بووبووەوە. هۆزی بەشنەوی یەکێک لەو هۆزانە بوو کە لە ناوچەکانی نێوان زەوزان و دیاربەکردا و هەروەها لە  باکووری شاری جزیرەی ئیبن عومەر ژیانی بەسەر دەبرد. بەشنەوییەکان بە پشتیوانی سەرەکیی دەوڵەتی مەروانی ( 370-478 ک) دەناسران، بەڵام دوای لەناوچوونی ئەم دەوڵەتەش، دەسەڵاتی خۆیان لە ناوچە شاخاوییەکانی نێوان دیاربەکر و زەوزاندا پاراست. بەگوێرەی یاقوت حەمەوی، بەشنەوییەکان لەم دەڤەرانەدا هەندێک قەڵا و شوورەی قایەمیان وەک قەڵاکانی بەرقە، بەشیر و فەنەک هەبوو. قەڵای فەنەک کە ناوەندی سەرەکیی ئەم هۆزە کوردە بوو، دەکەوتە باکووری شاری جزیرەی ئیبن عومەر. عیمادەدین زەنگی (521-541 ک) لەگەڵ ئەوەشدا کە لە سەردەمی حوکمڕانیی خۆیدا توانیی دەست بەسەر زۆرێک لە قەڵای سەرۆک هۆزە کوردەکاندا بگرێت، لە داگیرکردنی قەڵای فەنەکدا سەرکەوتوو نەبوو. دوای ئەمە قەڵای فەنەک تا سەردەمی ئیبن ئەسیر (كۆچکردووی 630 ک) لە دەست بەشنەوییەکاندا مابوویەوە.

کوردە بۆختییەکانیش هەر وەک بەشنەوییەکان، لە هەندێک ناوچەی زەوزان لەگەڵ بەشی ڕۆژهەڵاتی دیاربەکر دەژیان. قەڵای جۆرزەقیل، گرنگترین قەڵای کوردە بۆختییەکان لەگەڵ دوو قەڵای تری ئەم هۆزە واتە ئاتیل و باز لە ناوچەی زەوزان و قەڵای عەلوس لە ئەرمەنییە هەڵکەوتبوو. بەڵام بەشێک لە هۆزی بوختیش لە دەورووبەری شاری جزیرەی ئیبن عومەر نیشتەجێ بووبوون، کە ئەمە بووە هۆی ئەوەی هێدی هێدی ناوی جزیرەی ئیبن عومەر و هۆزی بۆختی/ بوهتی لێک گرێ بدرێت و ئەم شارە لای کوردەکان بە جزیرەی بۆتان/جزیرا بۆتان ناو دەربکات. لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەرتوقییەکاندا  بەشێک لە هۆزی بوختی لە دیاربەکر و جزیرەی ئیبن عومەر هاوکاری ئەرتقییەکانیان کرد. ئیبن شەداد لە ناو سەردارانی مەلەک نەجمەدین ئیلغاری ئەرتوقیدا  (500-516 ک) ناوی دوو سەرۆک بۆختی بە ناوەکانی ئەسەدەدین بوختی و حیسامەدین بوختی ‌‌هێناوە.  بەڵام سەرەڕای ئەوەی بوختییەکان گرنگترین هۆزی کوردی ناوچەی جزیرەی ئیبن عەمەر بوون، بەگوتەی ئیبن شەداد، هەژمارێکی زۆر هۆزی کوردی دیکە لەم ناوچەیە ژیانیان بەسەر دەبرد کە ناویان لە سەرچاوەکاندا نەهاتووە.

هۆزی چۆپی (جوبی/الجوبیه/الجونیه/ الشوبیه) هۆزیکی تری کوردی ناوچەی دیاربەکر بوو. بنەماڵەی سەرۆکی ئەم هۆزە خۆیان لە نەتەوەی بەهرامی چوبین، سەرداری سەردەمی ساسانییەکان دادەنا و، پێدەچێت هۆکاری ناولێنانی ئەم هۆزەش لەمەوە هاتبێت. سەبارەت بە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەم هۆزە، سەرچاوەکان زانیاریی وردیان بەدەستەوە نەداوە، تەنها هەندێکیان بەشێوەیەکی گشتی، ناوچەکانی دەرووبەری ئامەد و میافارقینیان وەکوو شوێنی ژیانی هۆزی چۆپی دەستنیشان کردووە. لەگەڵ ئەمەشدا، زانیاریی هەندێک سەرچاوەش وا دەکات کە ناوچەکانی دەوروبەری شاری حێسن کێفا بە ناوەندی سەرەکیی هۆزی چۆپی بزانین. کوردە چۆپییەکان لە دەورووبەری حێسن کێفا هەندێک قەڵای گرنگ وەکوو قەڵاکانی "حسن تالب" (حصن طالب) و " شاتان"یان بەدەستەوە بوو. قەڵای شاتان بەتایبەت بە هۆی ئەوەی کە یەکێک لە زانا ناسراوەکانی سەدەی شەشەم بە ناوی " عیلمودین شاتانی" ( کۆچی دوایی 579 ک)، دراوەتە پاڵی، لای سەرچاوەکان بەناوبانگە. بەڵام ناوەندی سەرەکیی هۆزی چۆپی قەڵای "حسن تالب" بوو کە لە نزیک شاری حێسن کەیفا هەڵکەوتبوو. لە کۆتاییەکانی سەدەی شەشەمی کۆچی، لەگەڵ بەهێزبوونی دەوڵەتی ئەرتوقی لە حێسن کێفادا، قەڵاکانی سەر بە هۆزی چۆپیش کوتنە مەترسییەوە. لە ساڵی 556 کۆچیدا، قەرا ئەرسەلان ، حوکمڕانی حێسن کێفا بە یارمەتیی هۆزی "ملی"، کە هۆزێکی کوردی تری ئەم ناوچەیەبوو، توانی دەست بەسەر قەڵای شاتاندا بگرێت. دوای چەند ساڵ لە 560 کۆچیدا قەڵای " حسن تالب"یش، کە دواین پێگەی کوردە چۆپییەکان بوو، لەلایەن قەرە ئەرسەلانەوە داگیر کرا. بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە لەم سەردەمەدا زۆرێک لە قەڵا شاخاوییەکانی ناوچەکە لە دەست سەرۆک هۆزە کوردەکان دەرهێنرا، بەڵام هۆزە کوردەکان بەردەوام لە ناوچەکەدا ئامادەبوونێکی دیاریان بوو و بەردەوام  ڕۆلی کاریگەر و گرنگیان لە ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکەدا دەگێڕا. بەپێی ڕاپۆرتێک، کوردەکان زۆرینەی سوپاکەی نورەدین بن قەرە ئەرسەلان (562-581 ک)، حوکمڕانی ئورتوقی ماردینیان پێک دەهێنا.

هەروەها سەرچاەکان لە نیوەی یەکەم سەدەی حەوتەمدا، ناوی هۆزێکی تر لە هۆزە کوردەکانی ناوچەی حێسن کێفایان هێناوە کە لە نزیک دەربەندی " قورەیشی" لە نزیک شاری تەنزە (طنزه) دەژیان. ئەو هۆزە کوردانەی کە لەم ناوچانە دەژیان بە " کوردی قورەیشی" ناسرابوون. لە ساڵی 628 ک، لە کاتی گەیشتنی یەکەم شاڵاوی مۆغۆلەکان بۆ سەر ناوچەی دیاربەکر، کوردە قورەیشییەکان بەرەنگاری مەغۆلەکان بوونەوە و ژمارەیەکی زۆر لە هەردوو لا کوژران.

لە خوارووی ناوچەی دیاربەکر، ڕەوەندە کوردەکان لە ناوچەکانی دەورووبەری شار و قەڵای ، ماردینیش دەژیان. کە ئەمە بە  ڕاپۆرتی هەندێک سەرچاوەوە کە بەردەوام باسیان لە ئاژاوەگێڕی و تاڵانکاریی ڕەوەندە کوردەکان لەم ناوچانە کردووە بەدەر دەکەوێت. ئەم ڕاپۆرتە بەبێ ئەوەی ناوی هۆزە کوردەکان دەربخات، بە شێوەیەکی گشتی زۆربوونی ژمارەی کوردەکان لە ناوچەکانی نزیکی ماردین دەسەلمێنێت. یەک لەم هۆزانە هۆزی کوردی ئیزۆلی بووە کە لە ناوچەی ماردین و بەوردی لە دەوروبەری شاری دۆنیسەر (قوچ حصار) دەژیان.

ئەنجام

لە سەرەتای چاخی ئیسلامی واتە لە سەرەتای مەودای زەمەنیی ئەم توێژینەوەیەدا، ناوچەی دیاربەکر لەڕووی پێکهاتەی نەتەوەییەوە،  سیمای زاڵی سورییانی پێوە دیار بوو، ئەمە لەکاتێکدایە کە سەرچاوەکان ئاماژەیەکیان بە هەبوونی هۆزە کوردەکان لەم ناوچەیە نەکردووە. لەگەڵ ئەمەشدا، لێکۆڵینەوە لە پرۆسەی گۆڕانی پێکهاتەی نەتەوەیی ناوچەی دیاربەکر لە سەدەی یەکەم تا کۆتایی سەدەی حەوتەمی کۆچی، بۆمان دەردەخات کە لەو ماوەیەدا بەردەوام دوو پرۆسەی هاوتەریب لە ئارادا بووە کە لەئەنجامدا وای کردووە کە ناوچەی دیاربەکر لەڕووی پێکهاتەی ئیتنیکییەوە سیمایەکی جیاواز لە پێشوو پەیدا بکات. ئەم دوو پرۆسەیە کە لە سەرانسەری مەودای زەمەنیی لێکۆڵینەوەکەدا- لەبەر هۆکاری جیاواز-  بەردەوام بوون، ئەمانەن: 

  1.  هێدی هێدی کەمبوونەوەی ڕیژەی سوریانییەکان 
  2. بەرفراوانبوونی جوگرافیای نیشتەجێبوونی کوردەکان و زۆربوونی ژمارەی کورد لە ناوچەی دیاربەکر.

پرۆسەی یەکەم واتە کەمبوونەوە و کاڵبوونەوەی سوریانییەکان، لەگەڵ فەتح و دەست بەسەرداگرتنی ناوچەی دیاربەکر لەلایەن عەرەبە موسڵمانەکانەوە دەستی پێکرد و لە سەرانسەری مەودای توێژینەوەکە لەژێر کاریگەریی فاکتەری جیاوازدا بەردەوام بوو. یەکەم هۆکار و گرنگترین هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ توانەوەی سوریانییەکان لەناو  کولتوور و زمانی نەتەوە سەردەستەکانی دیاربەکر، واتە کورد و عەرب. هەرچەندە کە بەهۆی سروشتی ئارام و لەسەرخۆی ئەم پرۆسەیە و هەر وەها نەبوونی زانیاریی پێویست، بەدواداچوونی ئەم پرۆسەیە لە ناو سەرچاوەکاندا ئەستەمە، بەڵام ئاشکرایە کە سەردەستبوونی درێژماوەی نەتەوە سەردەستە موسڵمانەکان،  ئاسیمیلەبوونی سوریانییەکانی لە ڕوانگەی کولتوورییەوە بە دوادا دەهات. چونکە لەگەڵ  پێشوەچوونی پرۆسەی بە موسڵمانبوون لە ناو سوریانییە مەسیحییەکاندا، ئەو تازە موسڵمانانە دەبوون بە بەشێک لە کۆمەڵگەیەکی گەورەتر ( کۆمەڵگەی موسڵمانان) و هاوکات لەگەڵ پچڕانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمەڵگای پێشووی خۆیاندا، پەیوەندییەکی زۆریان لەگەڵ نەتەوە موسڵمانەکانی وەک کورد و عەرەب پەیدا دەکرد. پرۆسەی بڵابوونەوەی ئیسلام لە ناو سوریانییە مەسیحییەکانی دیاربەکردا، پێدەچێت هەر لە سەدەی یەکەمی كۆچییەوە دەستی پێ کردبێت کە لەو  ڕاپۆرتانەی کە لە سەرچاوەکاندا وەکوو موسڵمانبوونی ئەهلی زەمە (اهلی ذمه) ؛ دەبینرێن، ڕەنگی داوەتەوە. 

هەروەها "ناتەبایی و ناکۆکیی نێوان هۆزە ڕەوەندەکان و خەڵکی خۆجێی" فاکتەرێکی گرنگی دیکە بوو کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پرۆسەی " کەمبوونەوەی ڕێژەی سوریانییەکان" لە ناوچەی دیاربەکردا هەبوو. چونکە سوریانییە مەسیحییەکان بەپێچەوانەی نەتەوە موسڵمانە سەردەستەکانی وەک کورد، تورک و عەرەبەوە-  دەتوانین بڵێن بە شێوەیەکی تەواو - نیشتەجێ بوون و لە شار و گوندەکان دەژیان. سەرچاوەکان نموونەی زۆریان لە دەستدرێژی و تاڵانی خەڵکی نیشتەجێی دیاربەکر لەلایەن هۆزە کۆچەرەکان تێدایە کە مەسیحییە سوریانییەکان بەڕادەی یەکەم  تێیدا قوربانی بوون. چونکە زۆر جار ناکۆکییە ئاینییەکانیش بە پاڵنەرەکانی تر زیاد دەبوو و ڕەوایەتیان بە تاڵان و دەستدرێژی بۆ سەر  سوریانییە مەسیحییەکان دەدا. ئەمەش خۆی هۆکارێک بوو بۆ بڵاوەپێکردنی سوریانییە مەسییحیەکانی دیاربەکر و کۆچکردنیان بۆ ناوچەکانی تر.

لەلایەکی ترەوە، پرۆسەی بەرفراوانبوونی جوگرافیای نیشتەجێبوونی کوردەکان و  بڵاوبوونەوەی هۆزە کوردەکان لە ناوچەی دیاربەکر، لە سەرانسەری مەودای زەمەنیی تویژینەوەکەدا درێژەی هەبوو. لە سەدەی یەکەمی کۆچیدا، سەرەڕای ئەوەی ناوچەکانی وەک زەوزان و ئەرمەنییە لە ڕۆژهەڵاتی دیاربەکر، لە ناوەندە گرنگەکانی ژیانی هۆزە کوردەکان بوون، بەڵام لە خودی ناوچەی دیاربەکردا، بەڵگەیەک کە سەلمێنەری هەبوونی کورد لەم ناوچەیە بێت، لەبەر دەستدا نییە. پرۆسەی کۆچی کوردەکان بەرەو ڕۆژئاوا و قووڵایی ناوچەی دیاربەکر، دوای موسڵمانبوونی  زۆربەی هۆزە کوردەکان و چوونیان بۆ ناو سوپای دەوڵەت و بنەماڵە حوکمڕانە موسڵمانەکان، هەر لە سەدەکانی سەرەتای چەرخی ئیسلامییەوە دەستی پێکرد. خاڵی وەرچەرخانی ئەم پرۆسەیە دەکرێت بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی مەروانی لە کۆتاییەکانی سەدەی چوارەمی کۆچی دابنرێت. بنەماڵەی کوردی مەروانی و هۆزە کوردە هاوپەیمانەکانیان، لە کوردەکان ناوچەی زەوزان و ئەرمەنییە بوون کە  لە ناوەڕاستی سەدەی چوارەمی کۆچییەوە بەهۆی بەشداریکردن لە شەڕی دژ بە مەسیحییە ئەرمەنییەکان و دەوڵەتی بیزانس،  وەکوو " موجاهید" و " غازی" ناوبانگیان دەرکردبوو. مەروانییەکان پاشان دەستیان بەسەر  ناوچەی دیاربەکر و شارە سەرەکییەکانی ئەم ناوچەیە وەکوو ئامەد و میافارقینیان داگرت کە لە ڕۆژئاوای شوێنەکانی نیشتەجێبوونی خۆیانەوە بوون  و بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەک حوکمڕانیی ئەم ناوچانەیان کرد. دوای نەمانی دەوڵەتی مەروانیش، هۆزە کوردەکان بەردەوام ڕۆلێکی سەرەکی و گرنگیان لە سوپای دەوڵەتەکانی ناوچەکە وەکوو سەلجووقییەکان، ئەتابەکە زەنگییەکان و ئەرتقوقییەکان و بەتایبەت کوردە ئەییوبییەکاندا گێڕا. هەڵکەوتی ستراتیجیی ناوچەی دیاربەکر و گرنگیی ئەم ناوچەیە لە شەڕی نێوان موسڵمانەکان و هێزە مەسیحییەکانی وەکوو میرنشینە ئەرمەنییەکان و دەوڵەتی بیزانس وای کردبوو لە سەرانسەری ئەم سەردەمانەدا هۆزە کوردەکان لە ناوچە سەرەکییەکانی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی دیاربەکرەوە ڕوو لە دیاربەکر بکەن و وەکوو هێزی پشتیوانی ئەم دەوڵەتانە لەم ناوچەیە نیشتەجێ ببن؛ بە شێوەیەک کە لە کۆتایی سەدەی نۆییەمی کۆچی-  واتە لە کۆتایی مەودای زەمەنیی توێژینەوەکەماندا-  کوردەکان لە هەموو ناوچەی دیاربەکر بڵاو بووبوونەوە و تەنانەت لە ناو پێکهاتەی دانیشتووانی شارەکانی ئەم ناوچەیە وەکوو میافارقین، ئامەد، حێسکێفا و جزیرەشدا کوردەکان بوونێکی بەرچاویان هەبوو.

 

سەرچاوەکان:

ابن خردادبه، عبیدالله بن عبدالله.المسالک و الممالک. بیروت: دارصادر-افست لیدن، 1992.

اصطخری، ابراهیم بن محمد. مسالک الممالک. بیروت: دار صادر، 1927.

سهیل زکار.  الموسوعه الشامیه فی تاریخ الحروب الصلیبیه. دمشق: بینا، 1416/ 1995.

مقریزی، احمد بن علی. المواعظ و الاعتبار بذکر الخطط و الآثار.  بیروت: دار الکتب العلمیه، 1418.

سوادی عبد محمد. الاحوال الاجتماعیه و الاقتصادیه فی بلاد الجزیره الفراتیه، خلال القرن السادس الهجری- الثانی عشر المیلادی. بغداد: دار الشؤون الثقافیه العامه، 1989.

آقسرایی، محمود بن محمد. تاریخ سلاجقه یا مسامره الاخبار و مسایره الاخیار،  تصحیح عثمان توران. تهران: اساطیر، 1362ش. 

نسوی، شهاب الدین. سیرت جلال الدین منکبرنی، تصحیح مجتبی مینوی. تهران: انتشارات علمی و فرهنگی، 1384ش.

ابنعبری، غریغوریوس الملطی .تاریخ مختصر الدول. تحقیق انطوان صالحانی الیسوعی. بیروت: دار الشرق، 1992.

نعیمی دمشقی، عبدالقادر بن محمد.  الدارس فی التاریخ المدارس، تصحیح ابراهیم شمس الدین.بیروت: بینا،1410.

صفدی، خلیل بن ایبک. الوافی بالوافیات. بیروت: دار احیاء التراث، 2000.

قاضی عیاض. الغنیه فهرست شیوخ القاضی عیاض، تحقیق ماهر زهیر جرار. بیجا: دار الغرب الاسلامی، 1402/ 1982.

قزوینی، زکریا بن محمد. آثار البلاد و اخبار العباد. بیروت: دار صادر، 1998.

محسن محمد حسین.  الجیش الایوبی فی عهد الصلاح الدین . اربیل: دار آراس، 2003.

ابن ابی جراده، عمر بن احمد . زبده الحلب فی تاریخ حلب، تصحیح سهیل زکار. دمشق: دار الکتاب العربی، 1425.

ابن فضل الله عمری، احمد بن یحیی. مسالک الابصار فی ممالک الابصار. ابوظبی: المجمع الثقافی، بیتا.

ابن بی بی. اخبار سلاجقه روم، به انضمام سلجوقنامه ابن بی بی، به کوشش محمد جواد مشکور. تهران: کتاب فروشی تهران، 1350ش).  

ابن خلکان، احمد بن محمد بن ابی بکر. وفیات الاعیان و انباء اهل الزمان. دارصادر: بیروت، 1900.

ذهبی، شمس الدین محمد بن احمد. تاریخ الاسلام و وفیات المشاهیر و الاعلام، تحقیق عمر عبدالسلام تدمری. بیروت: دار الکتاب العربی: 1413/ 1993.

ادریسی، محمد بن محمد. نزهه المشتاق فی اختراق الآفاق. بیروت: عالم الکتب، 1409.

هروی، علی ابن ابوبکر . الاشارت الی معرفه الزیارات، تصحیح علی عمر. قاهره: مکتبه الثقافه الدینیه، 1423.

الفقی، عصام عبدالروؤف. بلاد الجزیره فی اواخر العصر العباسی . بیجا: دار الفکر العربی، بیتا.

کاتب اصفهانی، عماد الدین. البرق الشامی، تحقیق فالح حسین. عمان: مؤسسه عبدالحمید شومان، 1987.

ــــــــــ. خریده القصر و جریده العصر.  تحقیق محمد بهجه الاثری. بغداد: مطبوعات الجمع العلمی العراقی، 1375/1955.

سلفه اصفهانی، صدرالدین.  معجم السفر ،حقیق عبدالله عمر البارودی. مکه: المکتبه التجاریه، بیتا)؛ 

دنیسری، عمر بن خضر. تاریخ دنیسر،  تصحیح ابراهیم صالح. دمشق: دار البشائر، 1413. 

نیبور، کارستن. رحله الی شبه جزیره العربیه،  تعریب عبیر منذر. بیروت: مؤسسه الانتشار العربی، 2007.

مقدسی، محمد بن احمد. احسن التقاسیم فی معرفه الاقالیم. بیروت: دار صادر، بیتا.

فارقی، احمد بن یوسف بن علی بن الازرق. تاریخ الفارقی. قاهره: الهیئه العامه لشئون المطابع الامیریه، 1959/ 1379.

ابن اثیر، عزالدین ابوالحسن علی . الکامل فی التاریخ. بیروت: دار صادر، 1385/ 1965.

ابن خلدون، عبدالرحمان بن محمد. تاریخ ابن خلدون.  تحقیق خلیل شحاده. بیروت: دارالفکر، 1408/ 1988.

عبدالرقیب یوسف . الدوله الدوستکیه فی کردستان الوسطی. ج1. بغداد: مطبعه اللواء، 1972. 

ــــــــــ .  الدوله الدوستکیه فی کردستان الوسطی.ج2.  السلیمانیه: اکادمیه التوعیه و تاهیل الکوادر الاتحاد الوطنی الکردستانی، 2014. 

الفقی، عصام عبدالروؤف. بلاد الجزیره فی اواخر العصر العباسی . بیجا: دار الفکر العربی، بیتا.

 قادر محمد حسن، الامارات الکردیه فی العهد البویهی. اربیل: موکریانی، 2011.

باسورث،ادموند کیلفورد. سلسلههای اسلامی جدید راهنمای گاهشماری و تبارشناسی، ترجمه فریدون بدرهای. تهران: مرکز باستانشناشی اسلام و ایران، 1381ش. 

ابن تغری بردی، یوسف.  النجوم الزاهره فی ملوک مصر و القاهره. قاهره: وزاره الثقافه و الارشاد القومی، المؤسسه المصریه العامه، 1392.

حسن زاده، اسماعیل. حکومت ترکمانان قراقوینلو و آققوینلو در ایران.  تهران: سمت 1379ش. 

ابن عدیم، عمر بن احمد. بغیه الطلب فی تاریخ حلب. تصحیح سهیل زکار. بیروت: دار الفکر، بیتا.

طقوش، محمد سهیل . تاریخ الایوبین فی مصر و بلاد الشام و اقلیم جزیره . بیروت: دار النفائس، 1429/ 2008.

زرار، صدیق توفیق کورد و کوردستان له سهردهمی خیلافهی ئیسلامیدا. ههولیر: ناوهندی ئاویر، 2013.

زرار، صدیق توفیق.  هۆز و دهسهڵاته هۆزەکییه کوردییهکانی چاخی ناوهڕاست، وهرگێڕان ئیدریس عهبدوللا مستهفا ( ههولیر: موکریانی، 2010)؛ 

لسترنج، سرزمینهای خلافت شرقی، ترجمه محمود عرفان. تهران: شرکت انتشارات علمی و فرهنگی، 1364ش. 

یاقوت حموی. معجم البلدان. بیروت: دار صادر، 1995.

ابوالفداء، اسماعیل بن علی ، تقویم البلدان، قاهره 1427/2007؛

ابن شداد، عزالدین محمد بن علی بن ابراهیم. الاعلاق الخطیره فی ذکر امراء شام و الجزیره، تصحیح زکریا عباره،. دمشق: وزاره الثقافه، 1991.

واقدی، محمد بن عمر.  فتوح الشام. بیروت: دار الکتب العلمیه، 1417/ 1997.

میخائیل سریانی.  تاریخ مار میخائیل السریانی الکبیر. حلب: دار ماردین، 1996.



ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X