بلێسە شاوەیس
نووسەر و توێژەر
دەروازەی باس
پرسی کوردستان و باسی کەرکوک، لەمێژ ساڵە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کراوە. هەندێک کوردستان وەک کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتی و هەندێک وەک داگیرکراو و هەندێک وەک کۆڵۆنییەکی ئاسایی و کەسانێکیش تەنها وەک پرسێکی جێگەی بەزەیی دەیبینن. تێگەیشتن لە پرسی کوردستان و بابەتی کەرکوک بەبێ تێگەیشتن لەو لایەنە ئەستەمە کە چ کوردستان و کەرکوک، چ ئەوانی لەخۆی ناچن وەک ئەوی دیکە و دوژمن دەبینێت. گەر لایەنێک هەبێت شایستەی پەنجەڕاکێشان بێت لەو ستەمەی سەدەیەکە لە کەرکوک دەکرێت، ئەوا بێ گومان پان عەرەبیزمە. ئەم توێژینەوەیە، هەوڵێکی سادەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەوەی ئەو ڕووداوانەی سەد ساڵە لە کەرکوک ڕوو دەدەن لەکوێوە ڕەگوڕیشە دەگرن و دەرەنجامی چین.
توێژینەوەکە ئەگەرچی پەیوەستە بە ڕووداوە مێژووییەکانەوە، بەڵام توێژینەوەیەکی مێژوویی نییە، بەڵکوو بەراوردکارییەکە بۆ تێگەیشتن لە ئایدۆلۆژیا و دونیابینیی پشت تەعریب. بەوپێیەی توێژینەوەکە بۆ سەلماندنی ئەو هاوشێوەییەیە کە لەنێوان پلانی لێبنسراومی نازییەکان و پلانی تەعریبی دەوڵەتی عێراق هەیە، بەشی یەکەمی باسێکە لەبارەی ئەوەی لێبنسراوم لەکوێوە دێت و چۆن لە ئەرستۆوە دەست پێدەکات و لە ڕاتزڵ دەگاتە لوتکە. هەرچی بەشی دووەمە، باسکردنە لەوەی نازیزم چ کاریگەرییەکی هەبووە بۆ پان عەرەبیزم و چۆن ئەزموونی نازیزم و ئایدۆلۆژیاکەی بووەتە ئیلهامبەخش بۆ پان عەرەبیزم و چۆن پان عەرەبیستەکان سەرکەوتنی خۆیان و پڕۆژەکەیان لە لاساییکردنەوەی ئەزموونی نازییەکان دەبینییەوە. هەرچی بەشی سێهەمە، باسی ئەوەیە بۆچی تەعریب دووبارەکردنەوەی لێبنسراومە و بۆ ئەمەش زنجیرەی ڕووداوە گرنگەکان تاوەکوو ساڵی ١٩٦٨ باس دەکەین، هۆکاری ئەوەی کە تاوەکوو ساڵی ١٩٦٨ جێگەی باسمانە، ئەوەیە کە کۆمەکی زۆرمان دەکەن لە تێگەیشتن لەو کۆپیە عێراقییەی پلانی نازییەکان و لەلایەکی دیکەشەوە، قۆناخی دوای ١٩٦٨، قۆناغێکە کە زیاتر لە لێبنسراوم ڕۆیشتووە و ئیدی پرۆسەکە لە دڕندەیی ئاستی نازییەکانیش تێپەڕ دەکات.
بنچینەی لێبنسراوم
تێڕوانینی سەرەکی ئەرستۆ کە لە کتێبی "سیاسەت"دا خراوەتە ڕوو، ئەوەیە کە پۆلیسی یۆنانی کۆن، یان دەوڵەت-شار، کۆتایی سروشتی مرۆڤەکانە. بەگوێرەی ئەرستۆ، ئەم پرۆسەیە لە گروپی خێزانییەوە دەست پێدەکات، بە شێوەیەکی سروشتی پێش دەکەون بۆ پێکهێنانی گوند و دواجار لە شارەکاندا کۆ دەبنەوە. بەم شێوەیە خێزان ڕەگی پەیوەندییە مرۆییەکان پێکدەهێنێت، بەڵام شار گوڵە.
ساڵی ١٨٩٧، فرێدریک ڕاتزڵ، سوود لەم تێڕوانینەی ئەرستۆ وەردەگرێت و ڕامانەی (تیۆریی) ئۆرگانیکی دادەڕێژێت. ڕاتزڵ ئەو ڕامانەیەی خۆی لە دووتوێی کتێبێک بەناوی "جوگرافیای سیاسی" Politische Geographie"" دەخاتە ڕوو.
بەگوێرەی ڕامانەکەی (تیۆرییەکەی) ڕاتزڵ، دەوڵەت ئۆرگانێکی زیندووە؛ هاوشێوەی زیندەوەر گەشە دەکات و دەکرێت بمرێت، بۆئەوەی دەوڵەت نەمرێت پێویستی بەگەشەکردن هەیە و ئەم گەشەکردنە پەیوەندە بە جوگرافیاوە.(1)
ئەم ڕامانەیە لەلایەن هێربێرت سپێنسەریشەوە پشتگیری لێکرا. ئەو لێکچوونەکانی خستە ڕوو لەنێوان دەوڵەت و زیندەوەردا، بەگوێرەی سپێنسەر:
دەوڵەت هاوشێوەی جەستە سێ سیستەمی سەرەکیی هەیە: سیستەمێک بەردەوام لە جەستەی مرۆڤدا کار بۆ هەرسکردنی خۆراک دەکات، بە هەمان شێوە دەوڵەت لەڕێگەی پرۆسەی کشتوکاڵ و پیشەسازییەوە سیستەمێکی بەردەوامی هەیە. سیستەمێکی سووڕی خوێن کە خوێن دەسووڕێنێت بۆ بەشە جیاوازەکانی جەستە. دەوڵەتیش و هاوشێوەیەکی سیستەمی سووڕی خوێنی هەیە کە خۆی لە گواستنەوە و پەیوەندی دەبینێتەوە. سیستەمێکی دەمار و مێشک کە ڕۆڵی ڕێکخستن لە زیندەوەراندا دەگێڕن. دەوڵەتێکیش سیستەمێکی ڕێکخستنی هەیە لە شێوەی بەرگری، و حکوومەت. کەواتە، پەیوەندییەکی نزیک لەنێوان دەوڵەتێک و زیندەوەرە زیندووەکاندا هەیە.(2)
هەر پەیوەند بەم باسەوە، ڕاتزڵ چەمکێک بەناوی لێبنسراوم (Lebensraum) دەخاتە ڕوو. لێبنسراوم وەک چەمک بە واتای "بواری ژیان" یاخود "ڕووبەری ژیان" دێت. بیرۆکەی سەرەکیی لێبنسراوم پێی وایە کە فراوانبوونی ڕووبەر تاکە هۆکارە بۆ ئەوەی دەوڵەتێک خۆی بپارێزێت و بەهێزتر ببێت و بمێنێتەوە. بەتوندی پێچەوانەی ئەو تێڕوانینە ئەوروپییەیە کە پێی وایە خاک لە جیهانی مۆدێرن و سەردەمی گلۆبالیزم پێگەیەکی ئەوتۆی نییە، ئەمە بەهۆی ئەوەی، بەگوێرەی گلۆبالیزم چەمکی گۆی زەوییەکی بێ سنوور زاڵ بووە کە دەوڵەتێک دەکرێت بێسنووربێت. کەواتە، بەگوێرەی ڕامانەی (تیۆریی) ئەوروپی، ئەوە خاک نییە کە هۆکاری بژێوی نەتەوەیەکە، بەڵکوو ئابوورییە. بەڵام بیرۆکەی "لێبنسراوم" لەوەوە دێت کە دەوڵەت هاوشێوەی زیندەوەری زیندوو، پێویستی بە فراوانبوونی ڕووبەر هەیە بۆ گەشەکردن. ئەمەش لە سێ ڕێگەوە:
2- سنووری دەوڵەت پێویستی بە گەشەکردنی بەردەوام و لە کاتی خۆیدا هەیە بۆ بژێو.
3- مەیلی لکاندنی خاک لە دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی تر لە دەرەنجامی زیادبوونی چڕیی دانیشتووان.(3)
ئەو سەردەمەی کە چەمکی لێبنسراوم تێیدا سەری هەڵدا، ئەو سەردەمەیە کە بە سەردەمی ململانێێ هێزە کۆڵۆنیالیستییەکان ناو دەبرێت. ئەڵمانیا، هاوشێوەی بریتانیا و فرانسا و پرتوگال چەندین کۆڵۆنیی هەبوو لە ئەفریقا، بەڵام لە دەورانی پێش جەنگی یەکەمی جیهانی، بیرۆکەی ئەوە هاتە پێشەوە کە ڕاستە سیاسەتی کۆڵۆنیالیستیانە هەنگاوێکی باشە بۆ بەدەستهێنانی کەرەستەی خاو، بەڵام خۆ ناکرێت ئەڵمانییەکان لەو کۆڵۆنیانە نیشتەجێ بکرێن، بۆیە پێویستە چارەسەرێک بۆ ئەم پرسە بخرێتە ڕوو.
پەیوەست بە وەڵامی ئەم پرسەوە، کۆمەڵێکی زۆر پێشنیار و سەرنج خراونەتە ڕوو، لەوانە ڕەنگە دیارترینیان کتێبەکەی جەنەڕاڵی خانەنشینکراو، فریدریش ڤۆن بێرناردی بێت. بێرناردی کە کەسێکی ڕادیکاڵی کۆنپارێز بوو، لە کتێبێکدا کە لە ساڵی ١٩١٢دا بڵاو کرایەوە بە ناوی "ئەڵمانیا و جەنگی داهاتوو"، زۆرێک لە بیرۆکەکانی ڕاتزێلی بەکار هێنا بۆ داکۆکیکردن لە هەڵگیرساندنی شەڕێکی سەرکەوتوو بۆ دەستبەسەرداگرتنی خاک لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بۆ نیشتەجێکردنی جووتیارانی ئەڵمانی.
لێبنسراوم، وەک سیاسەت بۆ یەکەمجار لەلایەن ئەڵمانیا لە جەنگی یەکەمی جیهانی بەکار هێنرا بۆ داگیرکردنی خاکەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات. پاشان لە ساڵی ١٩٢٥، ئەدۆلف هیتلەر لە کتێبەکەیدا "خەباتی من"، زاراوەی لێبنسراومی پێناسە کردووە. بەگوێرەی هیتلەر، سیاسەتی لێبنسراوم تەنها لە داگیرکاریی سەربازیدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکوو فەرمانڕەوایی بەسەر ڕەگەزە "نزمەکان"یشدا دەکات. ڕژێمی نازییەکان پێی وابوو کە جووەکان و ڕەگەزە "نزمەکان"ی دیکە ئەڵمانیا و خاکە نوێیەکانی ئەڵمانیایان داگیر کردووە، بۆیە پێویستە موڵک و هەلی کاریان لێ بسەندرێتەوە و لە گێتۆ یان ئۆردوگا زۆرەملێکاندا "نیشتەجێ بکرێن".(3)
جۆن ڕودۆڵف کیلن لێبنسرامی وەک زاراوەیەکی جوگرافی پێناسە کرد کە نازییەکان بەکاریان هێنا بۆ پاساوهێنانەوە بۆ شەڕی ئەڵمانیا. ئەو زاراوەکەی فراوانترکرد و ناوی لێنا جیۆپۆلیتیک وەک بوارێکی دیاریکراوی لێکۆڵینەوە و ڕێچکەیەک بۆ دەوڵەتسازی. سەرەتا وەک کۆمەڵێک یاسای دیاریکراوی جوگرافی کە چارەنووسی ستراتیژی دەوڵەتێک بەڕێوەدەبەن، پێشکەش کرا و وەک بنەمای جوگرافیای ڕیاڵپۆلیتیک پەرەی سەند. جیۆپۆلیتیک وەک وشەیەک و هەروەها کۆمەڵێک بیرۆکەی پەیوەندیدار لەڕووی ئیتیمۆلۆژییەوە تێکەڵەیەکە لە جوگرافیا و سیاسەت. لەم پێگەیەدا ئاماژەیە بۆ "پەیوەندیی دەسەڵاتی سیاسیی نێودەوڵەتی بە ژینگەی جوگرافیاوە"؛ فەلسەفەیەکە کە “هەوڵی تێگەیشتن و ڕوونکردنەوە و پێشبینیکردنی ڕەفتاری سیاسیی نێودەوڵەتی دەدات، بە پلەی یەکەم لەڕووی گۆڕاوە جوگرافییەکانەوە، وەک شوێن، قەبارە، کەشوهەوا، تۆپۆگرافی، دیمۆگرافی، سەرچاوە سروشتییەکان و گەشەسەندن و توانایی تەکنەلۆژی.(4)
لەگەڵ گواستنەوەی بۆ ئەڵمانیای نازی، جیۆپۆلەتیک بوو بە زانستی ساختەی شێواو. بەکورتی، ئەم زاراوەیە بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئەڵمانیا و پاساوهێنانەوە بۆ سیاسەتی فراوانخوازیی وڵات لەنێوان دوو جەنگی جیهانیدا بەکارهات.
لەم دواییانەدا، ‘لێبنسرام’ پاڵنەرێکی نوێی لەلایەن شی جینپینگ و ڤلادیمێر پوتین وەرگرتووە، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک شیتلەر و پوتلەر ناو دەبرێن، ئەمەش بەهۆی سیاسەتە فراوانخوازییەکانیان دژی دراوسێکانیان.
لێبنسراوم لە ئەڵمانیا
لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیهانی لەساڵی ١٩١٤، لە ٩ی ئەیلوولی هەمان ساڵ، لەلایەن سکرتێری تایبەتی ڕاوێژکار تیۆباڵد ڤۆن بێثمان هۆڵڤێگ ، کە ناوی کورت ڕیزلەر بوو نەخشەڕێگایەک داڕێژرا کە بە "بەرنامەی ئەیلول" یان (September Program) ناویدەرکرد.
داڕشتنی ئەو نەخشەڕێگایە تەنها دوای چەند مانگێک لە دەستپێکی جەنگی یەکەمی جیهانی، هۆکارەکەی ئەوەبوو کە ئەڵمانییەکان پێشبینی ئەوەیان دەکرد کە جەنگ بەزوویی لە بەرژەوەندیی ئەوان کۆتایی بێت و ئەوان لەسەر مێزی گفتوگۆی کۆتاییهێنان بە جەنگ کۆمەڵێک مەرج بەسەر وڵاتانی دیکە بسەپێنن، بەتایبەتی کە پێشبینیان دەکرد بەزوویی شکست بە فرانسا بهێنن.
لێبنسراوم، بەشێکی دیاری ئەو پرۆگرامە بوو. بەگوێرەی بەرنامەکە، بەلجیکا پێویست بوو ببێتە دەوڵەتێک سەر بە ئەڵمانیا و بەشێک لە خاکی فرەنسا و تەواوی لوکسمبۆرگ بدرێتە ئەڵمانیا یان بخرێتە سەر دەوڵەتێک کە سەر بە ئەڵمانیایە، هاوکات سنووری ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا کە ئەوکات سەر بە ئیمپراتۆریەی تزاری رووسیا بوو، دەخرایە سەر ئەڵمانیا.
لەپاڵ ئەوەشدا، بانگەشەی دروستکردنی نوایەکی ئارامی دەکرد لەو دەوڵەتانەی کە سەر بە ئیمپراتۆرییەتی ڕۆژئاوای ڕووسیا بوون، وەک بەشێکی پۆڵەندا، ئۆکرانیا، بێلاڕوس، فینلاند، لیتوانیا، دەوڵەتێکی باڵتیک و دەوڵەتێکی دیکە کە دەکرێت جۆرجیا بێت، بەو مەرجەی هەموویان لەژێر سەروەریی ئەڵمانیادا بمێننەوە. لەگەڵ هەموو ئەمانە، بەشێکی بەرنامەکە، تەرخان کرا بۆ فراوانکردنی پڕۆژەی کۆلۆنیالیستیی ئەڵمانی لە ئەفریقا و چەند پرسێکی دیکەی پەیوەست بە وڵاتانی بێلایەن لە ئەورووپا.
بەر لەوەی فریتز فیشەر، مێژوونووسی ئەڵمانی، دەقی بەڵگەنامەی بەرنامەی ئەیلول بدۆزێتەوە، مشتومڕی زۆر لەئارادا بوو لەبارەی ئەوەی بۆچی ئەڵمانیا چووە ناو جەنگی یەکەمی جیهانییەوە، بەڵام دوای دۆزینەوەی ئەو بەڵگەنامەیە، وەڵامەکەی بەوە کۆتایی هات کە ئەڵمانیا پڕۆژەی لێبنسراومی هەبوو و هەر لەبەر ئەوەش چووە ناو شەڕەکە و شەڕی بردە جەرگەی ئەورووپا.(5)
ئەم بەرنامەیە، لە جەنگی یەکەمی جیهانی، جێبەجێ نەکرا و وەک مەرەکەبی سەر کاغەز مایەوە. جێبەجێنەکردنی ئەم بەرنامەیە تەنها بەهۆی ئەوە نەبوو کە ئەڵمانییەکان جەنگەکەیان دۆڕاند، بەڵکوو وەک ئەوەی فرێدریک شێک لە کتێبە بەناوبانگەکەی بە ناوی (1945 Germany, a Concise History -1871) نووسیویەتی، بەهۆی ئەوە بوو، پڕۆژەکە تەنها لەسەر پێشنیاری کۆمەڵێک فەرماندەی سەربازی و بیرۆکراتی ئەڵمانیا نووسرابووەوە و لە چوارچێوەی پێشنیاردا بوو نەوەک بەرنامەی ڕاستەقینە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەڵمانەکان خەونی جێبەجێکردنی بەرنامەکەیان هەڵگرت و لەگەڵ هاتنەسەر دەسەڵاتی نازییەکان ڕوونتربووەوە کە ناوەڕۆکەکەی چییە. لەگەڵ کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانی و واژۆکردنی ڕێککەوتنی ڤێرسای، ئەڵمانییەکان خۆیان وەک گەلی بێفەزا (Volk ohne Raum) ناو دەبرد. ئەمە وای کرد دووبارە پەنا بۆ چەمکی لێبنسراوم ببەنەوە.
هەر لە کتێبی (Mein Kampf)دا، لە بەشی "ئاراستەکردنی ڕۆژهەڵات یان ئۆستپۆلیتیک"دا، هیتلەر بە شێوەیەکی دوور لە دوودڵی پێویستی فراوانکردنی لێبنسراومی ئەڵمانی بۆ ڕۆژهەڵات لەڕێگەی کردەوەی سەربازییەوە بە مەبەستی پاراستنی نەتەوەی ئەڵمانیا دەخاتە ڕوو، هیتلەر لە گوتارێکی کە ساڵی ١٩٣٣ پێشکەشی کرد، سەبارەت بە ئامانجە سیاسییەکانی بۆ فەرماندەکانی سوپا و هێزی دەریایی، دەڵێت، “دەسەڵاتی سیاسی چۆن بەکار بهێنرێت لەکاتێکدا دەسەڵاتی بەدەست هاتووە؟ . . . بێ گومان لەبری شەڕکردن بۆ هەناردەکردنی زیاتر، ڕەنگە - و ڕەنگە داگیرکردنی بۆشایی ژیانی نوێ لە ڕۆژهەڵات و ئەڵمانیکردنی بێبەزەییانە باشتر بێت. ناساندنی ڕووبەرێک بە ئەڵمانی مەرج نییە پشت بە پاشخانی مێژوویی ببەستێت، بەڵکوو هێندە بەسە کە دیمۆگرافیاکەی ئاریایی بێت"(6)
ئەوەی لەم قسانەی هیتلەرەوە ڕوون دەبێتەوە، ئەوەیە کە هیتلەر پێی وابووە لێبنسراوم پڕۆژەیەکە جیاوازە لە کۆلۆنیالیزم، بگرە زیاتر لە خزمەتی ئەڵمانیایە، لەبەر ئەوەی لێبنسراوم جگە لەوەی دەبێتە هۆی ئەوەی بۆشاییەکی ژیان بدرێتە ئەڵمانییەکان و خاکی زیاتر بخرێتە سەر ئەڵمانیا، هاوکات پرۆسەی بەئەڵمانیکردنی ئەو شوێنانە ئاسانترە.
نازییەکان پرۆسەکەیان لە ڕقەوە دەست پێکرد و گەیاندیانە ئاستی لێدان لە ئابووریی پێکهاتە "نائارییەکان"، گەر جووەکان بە نموونە وەربگرین، تەنها لە ١٩٣٣-١٩٣٨، ڕێژەی موڵک و ماڵی جووەکان بە ڕێژەی دوو لەسەر سێ کەمی کرد، پێشتریش لە ١٩٢٠ەوە، جووەکان پابەند کرابوون بە دانی ڕێژەیەکی زۆر باج بە ناوی ئەوەی خۆیان لە دانی باج دزیوەتەوە. لە ساڵی ١٩٣٨ یاسایەکی نازییەکان دەرکرا کە داوا لە هەموو جووەکان دەکات کە هەر موڵکێک یان سەروەت و سامانێک کە بەهای زیاتر لە ٥ هەزار ڕیشمارک بێت تۆمار بکەن.
هەر لەبەر بنەمای پرۆسەی لێبنسراوم، ئەڵمانەکان ساڵی ١٩٣٩، دەستیان بە پرۆسەی هۆڵۆکۆست کرد. هۆڵۆکۆست یەکەم هەنگاوی کردەیی پرۆسەی لێبنسراوم بوو. کەواتە، "پاککردنەوە"ی ناوخۆی ئەڵمانیا ستراتیژیی لەپێشینەی ئەڵمانەکان بوو و دوای ئەوە ئیدی پلانەکانیان بەرەو وڵاتانی دیکە دەستی پێکرد. هەربۆیە، لە یەکەم ڕۆژی ئەیلولی هەمان ساڵ پۆڵەندایان داگیر کرد. دواتر پرۆسەکە گەشەی کرد تا ئەوەی لە چلەکاندا گەیشتە Generalplan Ost (ماستەرپلانی ڕۆژهەڵات)، کە پلانی ئەڵمانیای نازی بوو بۆ پاکتاوکردنی نەتەوەیی و قڕکردن و جینۆسایدی بەرفراوانی سلاڤەکان، جووەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و گروپە نەتەوەییەکانی دیکە کە لەنێویاندا ڕۆمانییەکان (قەرەجەکان). بەگوێرەی ئایدۆلۆژیای نازی، ئەو پێکهاتانە وەکوو"Untermensch" پۆلێن کرابوون، کە بە واتای کەسانی نزمتر دێت و بۆ ئەو پێکهاتانە بەکار هاتووە کە نائاریایین.(7) ئەم پلانە، بەشێک بوو لە ئامرازەکانی پڕۆژەی لێبنسراوم و بەکار هێندرا بۆ دووبارە نیشتەجێکردنەوەی گەلی ئەڵمانیا لەو ناوچانە.
ئەوانەی لە گۆڕینی دێمۆگرافیای ئەو ناوچانە بەشدار بوون، هەموویان کەسانێک نەبوون کە هاوڵاتیی ئەڵمانیا بن، بەڵکوو پێڤاژۆی (پرۆسەی) گۆڕانکاریی دیمۆگرافی لەسەر بنەمای ڕەگەزی "ئاری" ئەنجام درا. لەمەدا، چوونی خۆبەخشانەی شەش هەزار جووتیاری هۆڵەندی بۆ ئەو ناوچانەی لە پۆڵەندا داگیرکرابوون و نیشتەجێبوونیان لەوێ و کارکردنیان لە گوندەکان نموونەیەکی باشە. ئەوان هاوبەش لەگەڵ جووتیارە ئەڵمانەکان خەونی "Greater Ger-manic’ یان هەڵگرتبوو.(8)
لێبنسراوم وەک پڕۆژە، ئەگەرچی هەندێک هاوبەشیی لەگەڵ کۆلۆنیالیزم هەیە، وەک ئەوەی ڕەگەزەکانی کولتوورساید و جینۆساید و داگیرکاریی تێدایە، بەڵام لە هۆکار و کۆمەڵێک دیوی دیکە زۆر جیاوازن. وەک هۆکار، لێبنسراوم لە کۆمەڵێک تێڕوانینی سەرەکییەوە دێت، یەکەمیان، نزیکیی خاکی داگیرکراو لە دەوڵەتی داگیرکەر، کە ئەمە لەڕووی تێچوونەوە زۆر کەمترە لە کۆڵۆنیالیزم. دووەمیان، ترس لە توانەوە و ئێنتێگرێبوون وادەکات لێبنسراوم باشتر کار بکات وەک لە کۆڵۆنیالیزم. ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە پڕۆژەی لێبنسراوم، ئەو گرووپەی کە دەچن لە ڕووبەرە نوێیەکە نیشتەجێ دەبن، پەیوەندییان لەگەڵ خاکی بنەڕەتی ناپچڕێت، بەڵکوو ئەوان تێڕوانینیان بە جۆرێکە کە وڵاتەکەیان گەورە بووە. بەڵام لە پڕۆژەی کۆڵۆنیالیزم پەیوەندی لەنێوان ئەو دوو گرووپە دانیشتووانە بە ئەگەری زۆرەوە دەپچڕێت. باشترین نموونە بۆ ئەمە، ئەمریکایە کە دانیشتووانی ئەمریکا پەیوەندییان لەگەڵ ئەو هێزە کۆلۆنیالە پچڕاند کە بریتانیا بوو و، ئەمریکییەکان بوونە نەتەوەیەکی سەربەخۆ، یاخود لە وڵاتانی ئەمریکای لاتینی کاتێک پەیوەندیی نێوان دانیشتووانی هاوردە، لەگەڵ پرتوگال و ئیسپانیا پچڕا و بگرە شۆڕش لە دژیان هەڵگیرسێندرا. ئەمە جگە لەوەی هۆکارێکی دیکە بریتییە لە تێڕوانین بۆ خود و ئەوی دیکە، بۆ نموونە، لە لێبنسراوم تێڕوانینەکە بۆ خود بەجۆرێکە کە "ئەوە منم شایستەی باشترین شوێنی ژیانم و ئەوانی دیکە کەمترن و ئەوە دەوڵەتی منە بۆ مانەوە دەبێت گەشە بکات" بەڵام لە کۆڵۆنیالیزم پرسەکە پەیوەستە بە ئابووریی دەوڵەتەوە نەک خودی دەوڵەت، زیاتریش پەیوەستە بە کەرەستەی خاو.
لە کۆلۆنیالیزم، دەوڵەتی کۆلۆنیال دڵنیایە لەوەی خاکی کۆڵۆنیکراو خاکی خۆی نییە، هەربۆیە ئامانجی زیاتر دادۆشینی کۆڵۆنییەکەیە، بەڵام لە لێبنسراوم دەوڵەتی داگیرکار خاکی داگیرکراو بە هی خۆی دەهێنێتە هەژمار و بە مافی خۆی دەزانێت فراوان بێت، هەر لەبەر ئەمەیە زیاتر پشت بە دووبارە بەکارهێنانەوە دەبەستێت. لەڕووی میتۆدەوە، کۆڵۆنیالیزم، زیاتر پەیوەستە بەچوون بەرەو نادیار، هەربۆیە لە پێشکەوتووترین سەردەمی خۆی پشتی بە ڕۆژهەڵاتناسەکان بەست، بەڵام لێبنسراوم پەیوەست نییە بە بوونی خاکی نادیارەوە، بەڵکوو دەوڵەتی داگیرکەر زۆر باش خاکی داگیرکراو دەناسێتەوە. لەلایەکی دیکەوە، بەکارهێنانی هەندێک ڕەفتاری کۆڵۆنیالیستی مەرج نییە کۆڵۆنیالیزم بەرهەم بهێنێتەوە، هەر ئەمەیە وای کردووە هەندێک کە دیارترینیان هانا ئارێنتە وا لێکی بدەنەوە کە لێبنسراوم زیاتر هاوشێوەی ئیمپێریالیزمی کیشوەرییە.(9) پرسێکی دیکە کە زۆر گرنگە لە کۆڵۆنیالیزمدا، پرسی سەروەرییە. لە کۆڵۆنیالیزم، گەلی کۆڵۆنیکراو سەروەرییان هەبووە پێش قۆناخی کۆڵۆنیالیزم، ئەگەرچی دەوڵەتی مۆدێرنیشیان نەبووبێت، بەڵام لە لێبنسراومدا ئەمە مەرج نییە، هەر ئەوانەن وا دەکەن لێبنسراوم دڕندانەتر و سەختتر بێت لە کۆڵۆنیالیزم.
کاریگەریی نازیزم بەسەر پان عەرەبیزم
لەگەڵ کۆتاییهاتنی حوکمڕانیی ئیمپراتۆریی عوسمانی و دامەزراندنی عێراق، مۆدێلە جیاوازەکانی دەوڵەتداری کاریگەرییان کردە سەر ئەو جوگرافیا نوێیە. لە دیارترین ئەو مۆدێلانە، مۆدێلی بریتانی و مۆدێلی ئەڵمانی بوون. بێ گومان لە دەرەوەی بازنەی حوکمڕانی و لە شەقام، ڕەوتی دیکەش هەبوون کە دیارترینیان ڕەوتەکانی چەپ، بزووتنەوەی کوردستانی و گەڕانەوە بۆ خەلافەت بوون.
لەژێر بنەمای پرسە نەتەوەیی و چینایەتییەکان لەو دەوڵەتە نوێیە، هزری ئەڵمانی و مۆدێلی ناسیۆنالیزمی ئەڵمانی کاریگەرییەکانی لەسەر سیاسەتی عێراق دەرکەوت. لە عێراق، ئەو کارەکتەرانەی کە لەو سەردەمە دەسەڵاتیان هەبوو، بەشێکیان لە عەرەبە ناسیۆنالیستەکان بوون، دیارترینی ئەو کەسانە، جەعفەر عەسکەری، یاسین حلمی هاشمی و ڕەشید عالی گەیلانی بوون. ئەمانە زۆر بەڕوونی و بێ شاردنەوە، سەرسامییان بە مۆدێلی ئەڵمانی دەردەبڕی. لەبەرانبەردا، کارەکتەری دیکەش هەبوون وەک نووری سەعید کە ناسیۆنالیستیش بوون بەڵام سەرسامی مۆدێلی بریتانی بوون. بەشێک لەو کارەکتەرانە سەرسامیی زۆریان هەبوو بە مۆدێلی ناسیۆنالیستی ئەڵمانی و هەندێکیان لە قۆناغەکانی پێشوو، مێژوو و بەرکەوتەیان لەگەڵ ئەڵمانیا هەبووە.
٢٢ی تشرینی دووەمی ١٩٢٣، جەعفەر عەسکەری پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی وەرگرت. پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، عەسکەری لەسوپای عوسمانیدا بووە و وەک خۆی باسی دەکات هاوڕێیەکی زۆر نزیکی جەمال پاشا بووە، کە یەکێکە لە پلانداڕێژەرانی جینۆسایدی ئەرمەنەکان. جەعفەر عەسکەری ساڵی ١٩١٤ لە میسر دەکرێتە یاوەری ئەمیراڵی ئەڵمانی ڤۆن سۆشن و میدالیای خاچی ئاسنینی لەلایەن ئەڵمانییەکانەوە پێدراوە. دواتر چووەتە پاڵ شەریف حسێن و لەو جووڵانەوەیەی کە بە "شۆڕشی عەرەبی مەزن" ناودەبرێت بەشداریی کردووە. عەسکەری لە یەکەم حکوومەتی عێراقدا پۆستی وەزیری بەرگریی وەرگرت و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی سوپای عێراق. (10)
لە سییەکانی سەدەی بیست، کاتێک ئەڵمانەکان لەوپەڕی هێزدابوون، ئەم کاریگەرییانە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتربوون، بەتایبەتی عێراق و سوریا. هەر ئەو سەردەمە، مەیلی دامەزراندنی حزبێکی دەقاودەق لێکچوو لەگەڵ ئایدۆلۆژیای نازیزم خەونی گەنجێکی سووری بوو کە بۆ خوێندن ڕووی کردبووە فرانسا.
میشێل عەفلەق (لەدایکبووی ١٩١٢) یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی حزبی بەعس، لە کاتی خوێندنی لە سۆربۆن، بەرکەوتەی لەگەڵ ئایدۆلۆژیای نازییەکاندا هەبوو، لەنێوان ساڵانی ١٩٢٨ و ١٩٣٢. بەرنامەی سیاسیی هیتلەر، کە ناسیۆنالیزم و سۆسیالیزمی تێکەڵ کردبوو، عەفلەقی سەرسام کرد. هەر لەو سەردەمە، عەفلەق وەرگێڕانی گرۆسکلۆدی لە کتێبی Mythos des Zwanzigsten Jahrhunderts ی ڕۆزنبێرگ دەخوێنێتەوە کە دوای کتێبی "خەباتی من"ی هیتلەر دووەم گرنگترین دەقی نازییەکان بوو.(11)
سامی ئەلجندی، ئەندامی دامەزرێنەری حزبی بەعس لە بیرەوەرییەکانیدا باس لەوە دەکات کە چۆن میشێل عەفلەق و زەکی ئەرسوزی لەنێوان ساڵانی ١٩٣٩ بۆ ١٩٤٠ گروپێکی سیاسییان لە دیمەشق پێکهێنا کە دواتر بووە ناوکی پێکهێنانی حزبی بەعس. بەگوێرەی گێڕانەوەی ئەلجندی، ئەو گرووپە دەستیان بە خوێندنەوەی قووڵ کرد و لە دیکارتەوە دەستیان پێکرد و بە چەمبەرلین کۆتاییان پێهێنا. هەر لەم بارەیەوە، سامی ئەلجندی دەنووسێت:
"هەرکەسێک لەم قۆناغەدا لە دیمەشق ژیاوە، مەیلی گەلی عەرەب بۆ نازیزم بەرز دەنرخێنێت، چونکە نازیزم ئەو دەسەڵاتە بوو کە دەیتوانی وەک پاڵەوانی ئەو کەسە بێت کە دۆڕاوە، گەلی دۆڕاو بە سروشت سەرکەوتووی خۆش دەوێت.
لەم سەرسامییەمان بە نیچە و چەمبەرلین و فیختە، هیتلەریش جێگەی خۆی کردەوە، ئێمە ڕەگەزپەرست بووین، سەرسام بووین بە نازیزم، کتێبەکانی و سەرچاوەی بیرکردنەوەکانیمان بەوردی دەخوێندەوە، بەتایبەتی "زەردەشت وەها دوا"ی نیچە، وتاری فیختە بۆ نەتەوەی ئەڵمانیا و بنەماکانی سەدەی نۆزدەهەمی چەمبەرلین کە لەسەر ڕەگەز دەسووڕێتەوە. ئێمە یەکەم کەس بووین کە بیرمان لە وەرگێڕانی "خەباتی من" ی هیتلەر کردەوە"(12)
لەم نووسینەی ئەلجندیدا، کە تاڕادەیەک گشتگیرە، لانیکەم دوابەشی هەڵەیە؛ لەبەرئەوەی زۆر پێش ساڵی ١٩٣٩ وەرگێڕانی مەین کامپف بۆ زمانی عەرەبی هەبووە و سەرسامی بە نازیزم لە عێراق زۆر زووتر وەک لە سوریا دەستی پێکردووە. بۆ نموونە، لە ٢١ی تشرینی یەکەمی ١٩٣٣، یونس ئەلسەبعاوی بە چەند بەشێک دەستی بە بڵاوکردنەوەی "خەباتی من"ی هیتلەر کرد لە ڕۆژنامەی (العالم العرب). ئەم بڵاوکراوانە، تاوەکوو بەهاری ساڵی ١٩٣٣ بەردەوام بوون. لە ڕۆژنامەکانی دیکەش ئەم چالاکییانە هەستی پێدەکرا، هەر وەک ئەوەی پێش لەو بەروارەش، لە ساڵی ١٩٣٠ لە ڕۆژنامەی (البلاد) بەشێکی زۆری بابەتەکان تایبەت کرابوون بە سۆسیالیزمی نەتەوەیی و فاشیزم و هەوڵەکانی مۆدێرنیزاسیۆنی کەمال ئەتاتورک و پرسی هیندستان و خەونی پێکهێنانی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمانە دەبەسترانەوە بە سۆسیالیزمێکی نەتەوەیی بۆ عەرەب و پێکهێنانی یەکێتییەک بۆ "خاکی عەرەب".
ناشبێت ئەوەمان لە بیر بچێت کە جگە لە بەعس، حزبی سیاسیی دیکە هەبوون کاریگەریی نازیزمیان لەسەر بووە. لەوانە پارتی ناسیۆنالیستی سۆسیالیستی سوریا کە دامەزرێنەرەکەی ئەنتۆن سەعادەی لوبنانی بوو. سەعادە کە کریستیانێکی ئەرتەدۆکس بوو پێی وابوو لوبنان بەشێکە لە سووریای مەزن و تەنانەت سروودی حزبەکەیشی، کە بڕیار بوو ببێتە سروودی نیشتمانیی داهاتوو، بە ڕستەی "سوریا، سوریا لە سەرووی هەموو شتێکەوە" کۆتایی دەهات و ئاوازەکەش هی سروودی "دۆیچلاند، دۆیچلاند فایبەر" بوو.
لە عێراق بزاوتی فتوە ڕۆڵی بزاوتێکی ناسیۆنالیستی دەگێڕا. ئەم بزاوتە لەسەر فەرمانی خودی نووری سەعید، سەرۆک وەزیرانی ئەوکات پێکهاتبوو و ٦٥ هەزار ئەندامی هەبوو و لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، دکتۆر سامی شەوکەتەوە سەرپەرشتی دەکران. ساڵی ١٩٣٧، باڵدور ڤۆن شیراخ، سەرۆکی بزوتنەوەی لاوانی هیتلەر سەردانی عێراق دەکات. لەو سەردانە، شیراخ دەستخۆشی لە پێکهێنانی ئەو هێزە دەکات و بە مۆدێلێکی تەواو عێراقی – نیشتمانی ناوی دەبات، لەهەمان کاتیشدا ڕێکخراوی دێدەوانی عێراقیی بە ڕێکخراوێکی بریتانی ناو برد. شیراخ پێشنیاری ئەوەیشی کرد کە مەشقی زیاتر بدرێتە گەنجانی فتوە و لەژێر ئەم ڕۆشناییە شاندێکی ئەو ڕێکخراوە، بەشدارییان لە ڕێپێوانی بەناوبانگی نۆرمبێرگ کرد لە ئەیلولی ١٩٣٨.(13)
سامی شەوکەت، لەڕووی تیۆریشەوە لەژێر کاریگەریی جووبێزی (anti-Jewish) ئەڵمانیای نازی لە دووتوێی کتێبێکدا بەناوی (هذه أهدافنا) کە ساڵی ١٩٣٩ لە بەغدا بە چاپی گەیاندووە، داوای دەرکردنی جووەکان لە خاکی عەرەب دەکات. سامی شەوکەت ساڵی ١٩٤٦، حزبی بەعسی نەتەوەیی دادەمەزرێنێت و هەمان ساڵیش ڕۆژنامەیەک بەناوی "ڕۆژنامەی بەعسی نەتەوەیی " دەر دەکات.
لەگەڵ دەستپێکی جەنگی دووەمی جیهانی لە ١٩٣٩، ئەم کاریگەرییە گەیشتە ئاستێک کە پێشتر نەبیندرابوو. باشترین نموونە بۆ ئەوە، ئەو ڕێپۆرتاژەی ڕۆژنامەی ئەلئەهالییە کە لە بەغدا چاپ دەبوو و تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات شەش هەزار خوێندکاری بزووتنەوەی فتوە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر ڕیپێوانێکیان بە مارشی سەربازییەوە بە چەکەوە ئەنجام داوە. ڕێپۆرتاژەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەم دیمەنانە پڕن لە هەستی نەتەوەیی بەرز و دەربڕینە لە داهاتوویەکی گەش بۆ ئوممەی عەرەبی.(14)
ئەم دیمەنانە، دەکرێت وەک نزیکبوونەوەیەکی ڕوون لەنێوان ڕەوتی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و نازیزم ببینین. لە ئایاری ١٩٤١، ڕەشید عالی گەیلانی حکوومەتی ڕزگاریی نیشتمانیی لە عێراق ڕاگەیاند. حکوومەتەکەی گەیلانی بە پاڵپشتیی چوار ئەفسەر کە پێکهاتبوون لە عەقید سەڵاحەدین ئەلسەباغ، فەهمی سەعید، مەحموود سەلمان، کامل شەبیب و یونس سەبعاوی، لەگەڵ کۆمەڵێک سەربازی ناوداری ئەو کاتە پێکهات و بەئاشکرا بانگەشەی ئەوەیان کرد کە عێراق دەبێت لە دەستی بریتانیا ڕزگاربکرێت و لە وڵاتانی تەوەر کە ئەڵمانیای نازی و ئیتاڵیای فاشی بوو نزیک ببێتەوە. تەنانەت ڕەشید عالی گەیلانی پەیوەندیی پتەوی لەگەڵ موفتی ئەمین حوسێنی هەبوو کە لەلای هیتلەر پێگەیەکی تایبەتی پێدرابوو و لەسەر پێشنیاری ئەویش، هیتلەر ڕادیۆیەکی عەرەبی لە بەرلین دەکاتەوە. گەیلانی هێندە سەرسام بوو بە نازیزم پێی وابوو ئەوە تەنها ڕێگایە بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی جووەکان و بەرقەرارکردنی سەروەریی خاکی عێراق و هەموو وڵاتانی عەرەبی. هەر لەسەر بنەمای ئەمەش، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ١٩٤١، پرۆسەی فەرهود ئەنجام درا، کە تێیدا موڵک و ماڵی جووەکانی بەغدا بە ئامانج گیرا و دەیان جوو بوونە قوربانی.
بزاوتەکەی ڕەشید عالی گەیلانی، کە لە عێراق بە (دگة( ناسراوە، بووە ئیلهامبەخش بۆ ناسیۆنالیستەکانی دواتری عەرەب، دیارترینیان سەدام و ئەنوەر سادات. بەو پێیەی گەیلانی زۆرترین بانگەشەی دژی ڕۆژئاوا دەکرد و دروشمی ڕادەستنەبوون بە سایکس-پیکۆی بەرز کردبووەوە.
پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە کاریگەریی نازیزم تەنها لەلای عەرەبی عێراق نەبوو، بەڵکوو لەلای کوردیش هەبوو. لەژێر ئەو کاریگەرییە کارەکتەرێکی وەکو ڕەمزی نافع دەچێتە بەرلین و بە ئەرکێکی تایبەت لەگەڵ سوپای ئەڵمانیا دێتەوە کوردستان و دواتر شکست دەهێنێت. هەر لەگەڵ ئەوە، حزبی کوردیش بەدەر نەبوو لە کاریگەرییەکان. بە نموونە، حزبی هیوا هەمان سڵاوی نازییەکانیان دەکرد و ڕێکخراوێکیان بۆ تازەپێگەیشتووان و گەنجان هەبوو بە ناوی بەچکەشێران.
هێندەی نەبرد، بریتانیا دەسەڵاتی خۆی بەسەر عێراق سەپاندەوە و بزاوتەکەی ڕەشید عالی گەیلانی شکستی هێنا. لە ٥ی ئایاری ١٩٤٢، سێ لەو ئەفسەرانەی پاڵپشتیی ڕەشید عالی گەیلانییان کردبوو لە سێدارە دران.
کۆمەڵگەی عێراق لەو سەردەمە هێندە سەرسامی ئەڵمانیای نازی بوو کە تەنانەت شاعیرێکی وەک بەدر شاکر سەیاب، کە دواتر وەک یەکێک لە روخسارەکانی بزاوتی چەپ ناسرا و بووە یەکێک لە ناودارترین شاعیرانی عەرەب، شیعرێکی بۆ ئەو سێ ئەفسەرە نووسیوە و تێیدا دەڵێ،
أراق ربيب الأنجليز دماءهم و لكن في برلين ليثا يراقبه(15)
سەیاب دەسەڵاتدارانی بەغدا بە "ربیب" ناو دەبات کە واتای ئەو کوڕە دەگەیەنێت کە کوڕی ژنێکە کە شووی بە پیاوێک کردووە و لە کوردیدا واتای زڕکوڕ دەدات و دەڵێت،
ئەو زڕکوڕانەی ئینگلیز خوێنیان ڕشتن بەڵام لەبەرلین شێرێک چاودێریەتی
ئەم شیعرە بەڵگەی ڕوونە بۆئەوەی بزانین چەندە نازیزم کاریگەریی هەبوو و چۆن توانیویەتی سنووری سیاسەت و شەقام ببڕێت و بچێتە ناوەندی ئەدەبیشەوە. ئەم فەزایە تەنها لە عێراق نەبوو، بەڵکو وڵاتانی دیکەش لە نموونەی سووریا کاریگەربوون بە شەپۆلی نازیزم، هەربۆیە لەو سەردەمە بەشێک لە پۆستەری دیوارەکان بریتی بوون لەوەی "لە ڕۆژی دوایی خودا حاکمە و لە دونیاش هیتلەر!"(16)
لە ٧ی نیسانی ١٩٤٧ حزبێک بە ناوی حزبی بەعسی عەرەبی سۆسیالیستی دامەزرا؛ ئەم پارتە بە یەکخستنی بزووتنەوەی بەعسی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی میشێل عەفلەق و سەلاح البیتار و بزووتنەوەی بەعسی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی زەکی ئەرسوزی دامەزرا. هەر زوو ئەو حزبە لقەکانی لە وڵاتانی دیکەی عەرەبیدا دامەزراند و، ساڵی ١٩٥٤ بەعس بووە یەکێک لە حزبەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق.
لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە بەعس پێی وابوو جیهانی عەرەبی یەکەیەکی سیاسی و ئابووریی دابەشنەکراو پێکدەهێنێت و هیچ وڵاتێکی عەرەبی ناتوانێت مەرجەکانی ژیانی خۆی بە دابڕان لە وڵاتەکەی دیکە تەواو بکات، هەر بۆیە پێویستە یەکێتییەکی عەرەبی هەبێت.(17) بەعس باوەڕی بە چەمکی ئوممە هەبوو. ئوممە لەلای بەعس واتای ئەوەی هەیە کە عەرەببوون ئەزەلییە و ئیلهامبەخشە، ئەوە ئیسلام نییە کە عەباسی و ئومەوی و فتوحاتی پێکهێناوە، بەڵکوو ئەوە عەرەببوونە کە هێزی داوەتە ئیسلام. جوگرافیا لەلای بەعس گرنگییەکی ناوازەی هەبوو. بە تێگەیشتنی ئەوان، خاکی عەرەب دیاریکراوە و هەر پێکهاتەیەکی دیکە لەو خاکە ئەگەرهەبێت تەنها دەتوانێت لە چوارچێوەی ئومەی عەرەبیدا خۆی ببینێتەوە.
نازیزم و لێبنسراوم لە عێراق، کەرکوک وەک نموونە
تێڕوانینی جیاواز لەبارەی مێژووی دروستبوونی کەرکوکەوە هەیە. هەندێک دەیگێڕنەوە بۆ سەردەمی لولوبییەکان و هەندێکیش بۆ هورییەکان. کۆنترین ناو کە لەو جوگرافیایە نراوە کە ئێستا پێی دەگوترێت کەرکوک، ئارابخایە کە ناوێکی هورییە.(18) پتۆڵەمی (پەتڵیمۆس) کە جوگرافیناسێکی بیزانسییە، کەرکوک وەک کۆرکۆرا ناو دەبات. ئەم ناوە زیاتر نزیکە لەو ئاگرە هەمیشە داگیرساوەی پارێزگاکە کە لە دێرزەمانەوە وەک بابا گوڕگوڕ ناوی دەرکردووە.(19)
لەبارەی دانیشتووانی کەرکوکەوە، یەکێک لە کۆنترین بەڵگە بەردەستەکان، بەڵگەکانی سەردەمی عوسمانین. لە کۆتایی تەمەنی ئەو ئیمپراتورییەتە، ژمارەی دانیشتووانی کەرکوک سی هەزار کەس بوون؛ ٧٥٪ی دانیشتووانی کەرکوک کوردبوون و ئەوانی دیکە تورکمان و عەرەب بوون، لەگەڵیاندا ٧٦٠ جوو و ٤٦٠ کلدانی ژیاون. لە کەرکوکدا قەڵایەک و ٣٦ مزگەوت و ١٥ تەکیە و حوجرە، ٨ گەرماو و ١٢٨٢ دوکانی هەبووە. (20)
لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، کەرکوک بووە بەشێک لەو دەوڵەتە نوێیە و سنووری ئیداریی پارێزگاکە بە دووریی ٢٣٨ کیلۆمەتر لە پایتەختی ئەو دەوڵەتە نوێێە دیاریکرا و، هێندەی نەبرد کەرکوک بووە ناوەندی پیشەسازیی نەوتی ئەو دەوڵەتە نوێیە.
دەوڵەتی نوێی عێراق، لەسەر بنەمای سوننی/عەرەبی تەوەری دامەزرا. لەو دەوڵەتە کە خاوەن دانیشتووانێکی زۆرینە شیعی بوو، پرسی یەکلاکردنەوەی دەسەڵات بۆ عەرەبی سوننە، بووە ئامانجێکی سەرەکی.
لە سەردەمی حکوومەتەکەی جەعفەر عەسکەری و ساڵی ١٩٢٤، یەکەمین کۆمەڵکوژی لە مێژووی عێراق لە کەرکوک ڕوو دەدات. ئەو کۆمەڵکوژییە لە کاتێکدا بووە، کە لەکۆتایی مانگی ڕەمەزان و بەدیاریکراوی ٤ی ئایاری ١٩٢٤، دەمەقاڵێ لەنێوان دوکاندارێکی تورکمان و سەربازێکی لیڤی ڕوو دەدات. لەو سەردەمە، سەربازانی لیڤی زۆرینەیان ئاشووری بوون. لە کاتی دەمەقاڵێکە سەربازە لیڤییەکە برینداردەبێت و دەگەڕێتەوە سەربازگەکەی و لەوێ چیرۆکەکە بۆ هاوڕێکانی دەگێڕێتەوە. بەگوێرەی گێڕانەوەی سەربازەکە، فرۆشیارە تورکمانەکە جوێنی بە ئاینەکەی داوە و، لەئەنجامدا سەربازانی لیڤی هەڵدەکوتنە سەر بازاڕی کەرکوک و شەڕ روودەدات و لەئاکامدا نزیکەی حەفتا کوژراو و سی برینداری لێ دەکەوێتەوە؛ لەنێو کوژراوان حەوت هاوڵاتیی ئاشووری هەن و، وەک بەشێک لە شەڕەکە ١٠٢ دوکان تاڵان کران کە جگە لە دووانیان، ئەوانی دیکە موڵکی تورکمان و کورد بوون و هەشتا دوکان سووتێندران.(21)
مەبەست لە بە ئامانجگرتنی تورکمان و دواتر کورد لەو کۆمەڵکوژییە لێدان بوو لە پێگەی ئەو دوو پێکهاتەیە کە ساڵانێکی زۆر بوو پێکەوە لە کەرکوک دەژیان و هیچ مێژوویەکی توندوتیژییان لە کەرکوک نەبووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەفسەرێکی بریتانی بە ناوی ئانسن، کە لە ئەرشیڤی شاهانەی بریتانیا بە کۆدی Air 569/21 پارێزراوە، کورد و تورکمان هەردووک لەو سەردەمە ڕقیان لە سوپای لیڤی بووە.
پەیوەند بەم باسەوە، چ بەرانبەر کورد، چ بەرانبەر شیعە و پێکهاتەکانی دیکەش هەوڵی زۆر دڕندانە هەبوون. ساڵی ١٩٢٤، لە سەردەمی کابینەکەی یاسین حلمی هاشمی (یاسین هاشمی) بۆ یەکەمجار چەکی کیمیاوی دژ بە شیعەی عێراق بەکار هات، تەنانەت بۆ یەکەمجار قەدەغەکرانی دیاردەکانی عەزاداری و شینگێڕانی حسێنی لەو سەردەمە بوو. ئەم جووڵەیە تەنها بەرانبەر بە شیعە نەبوو، بەڵکوو پێشتر بەرانبەر کورد ئەنجام درابوو و سەرکوتی ڕاپەڕینەکەی شێخ مەحمودی حەفیدی لێ کەوتبووەوە، هەربۆیە کورد ماندوو کرابوو. یاسین هاشمی پێی وابوو بوونی دوو ئاینزای شیعی و سوننی و بوونی چەندین پێکهاتەی ئیتنیکیی جیاواز مەترسییە بۆسەر دەوڵەتی عێراق، هەر بۆیە تەنانەت پێشنیاری داخستنی مزگەوتەکانیشی کردبوو و بەتوندیش بەرگریی لەوە دەکرد کە پێویستە هەموو شت بە عەرەبی بێت(22)
تەعریب لەهزری دەوڵەتی عێراق، جیاوازە لەو تەعریبەی لە سەردەمی دوای ئیسلام هەبووە و زیاتر ڕووی زمانەوانی و کولتووریی گرتووەتەوە. تەعریب لە دەوڵەتی عێراق لە هزرێکی تەواو ڕەگەزپەرستانەوە دێت، بەو واتایەی عەرەب باشترینن و شایستەی باشترینن. ئەمە دووبارەکردنەوەی هەمان میتۆدی نازییەکانە لە پڕۆژەی لێبنسراوم.
کۆنترین بەڵگەی بەردەست کە تێیدا وشەی تەعریب لە نووسراوی فەرمیی دەوڵەتی عێراق بەکار هاتبێت، ئەوە بووە کە فەرماندەی فیرقەی سوپای عێراق لە کەرکوک ساڵی 1929، نووسراوێک دەنووسێت و تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ژمارەی ئەو عەرەبانەی لە کەرکوکن، بەشی ئەوە ناکەن پشتیان پێ ببەسترێت بۆ پرۆسەی تەعریب.(23)
بەگوێرەی بەڵگەنامەکە، لە سنووری ئیداری پارێزگای کەرکوک پێنج هەزار عەرەبی سەر بە هۆزی جبوور لە نزیک زابی بچووک، شەش هەزار عەرەبی سەر بە هۆزی عوبێد لە نزیک چیای حەمرین و پێنج هەزار عەرەبی سەر بە هۆزی (کروی( لە نزیک قەرەتەپە دەژین و هەمووشیان لە دۆخێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی دواکەوتوودان.
بەگەڕانەوە بۆ یەکەم ئەنجوومەنی شاری کەرکوک، ڕوونە کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن و کورد زۆرینەی ئەنجوومەنەکە پێکدەهێنێت لەکاتێکدا عەرەب تەنها یەک نوێنەری هەیە کە بە "نوێنەری سەحرا" ناسرابوو.
هاوکات لە هەموو سەردەمی پاشایەتی، یەک جار هەبووە کە ژمارەی نوێنەرانی کورد لەگەڵ کۆی نوێنەرانی پێکهاتەکانی دیکەی کەرکوک هاوتا بووبێت و هەموو جارێک کورد زۆرینە بووە.
سەرەتا گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکوک لە گۆڕانکاریی بیرۆکراتی ناو کەرکوکەوە دەست پێدەکات. لە 20.12.1930 ئەمین زەکی بەگ کە وەزیر بووە لە حکوومەتی عێراق، یاداشتێک بۆ شا فەیسەڵ دەنووسێت و باس لە هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق دەکات بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی کورد لە کەرکوک. ئەو لەنامەکە بەراورد لەنێوان ئامارەکانی ١٩٣٠ و ١٩٢٦ دەکات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە تاوەکوو کۆتایی ئەو ساڵە ڕێژەی فەرمانبەرانی کورد لە کەرکوک 91 فەرمانبەر بووە و هەموو پێکهاتەکانی دیکە 34 فەرمانبەریان هەبووە، کەچی لە کۆتایی ئەو ساڵە فەرمانبەرانی کورد دەبنە 64 فەرمانبەر و پێکهاتەکانی دیکە 84 فەرمانبەریان بەردەکەوێت. ئەمین زەکی بەگ ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ناکرێت کورد ناچار بکرێت ببێتە عەرەب و ئەم پرۆسەیە کورد ناکاتە عێراقییەکی ڕاستگۆ و نموونەی سکۆتلاندی و ئینگلیز دەهێنێتەوە کە سکۆتی نەکراونەتە ئینگلیز تاوەکوو بکرێنە بریتانییەکی ڕاستگۆ. هاوکات ئاماژە بۆ پێویستیی خوێندن بە کوردی دەکات و گلەیش دەکات لەوەی لە کۆی ١٢٥ خوێندکاری نێردراو بۆ خوێندن لە دەرەوەی عێراق تەنها دوو یان سێ کەسیان کوردن.(24)
لە سییەکانی سەدەی بیست، کاتێک ئەڵمانەکان لەوپەڕی هێزدابوون، نازیزم کاریگەریی بەسەر سیاسییەکانی وڵاتانی دیکە و لەنێویاندا ڕۆژهەڵاتی ناوین کرد، یەکێک لەو وڵاتانە عێراق بوو. هەربۆیە، لە کابینەی دووەمی یاسین هاشمی، تەعریب دەگەیەنێتە ئاستێکی جیاواز کە هاوشێوەیە لەگەڵ لێبنسراومی ئەڵمانیا.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، یاسین هاشمی لە کابینەی دووەمیدا، وەک هەنگاوی یەکەم دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی حەویجە دەکات. ئەم پڕۆژەیە بە زیندانیانی کفری بە شێوەی زۆرەملێ دروست دەکرێت بەوئامانجەی زەوییەکانی حەویجە بکرێتە بەراو و لەئەنجامدا بۆ کشتوکاڵ بشێن. پڕۆژەکە ساڵی ١٩٤٦ تەواو دەکرێت.
یەکێک لەو کەسانەی کە هەستی بەوەکرد کە پڕۆژەی ئاوی حەویجە پڕۆژەی بەعەرەبکردنی کەرکوکە، سەعید قەزازی وەزیری ئەوکاتی ناوخۆی عێراقبوو. قەزاز کە لە بنەماڵەیەکی ناوداری سلێمانی بوو، هەوڵی زۆری دا لەگەڵ سەرۆک هۆزە کوردییەکان بۆئەوەی سنووری حەویجە ئاوەدان بکەنەوە و بچن لەو زەوییانە نیشتەجێ ببن، بەڵام زۆرینەیان گوێ بە قسەکەی نادەن، کاتێکیش حامید بەگی جاف داوای ئەوە دەکات ڕێگە بدرێت کۆمەڵێک لە کۆچەرییەکانی هۆزی جاف لەو ناوچەیە نیشتەجێ ببن داواکەی ڕەت دەکرێتەوە و لە پۆستی قایمقامی چەمچەماڵ دوور دەخرێتەوە.(25)
یاسین هاشمی توانیی چەند بنەماڵەیەکی هۆزی عوبید ڕازی بکات لە حەویجە نیشتەجێ ببن، دواتریش بۆ جیاکردنەوە و چارەسەریی کێشەی نێوان عەشیرەتی عەزە و عوبید، لەسەر زەوی دەشتاییەکانی عوزیم، کۆمەڵێک خانەوادەی دیکەی عەرەب هێندرانە حەویجە. پێش ئەو بەروارە، حەویجە ناوچەیەکی چۆڵ بوو و لە وەرزی بەهار هۆزە عەرەبییەکان مەڕوماڵاتیان بۆ لەوەڕاندن بۆ دەهێنا.
ئەگەر بەراوردی ئەو پێڤاژۆیە (پرۆسەیە) و سەرەتاکانی لێبنسراوم بکەین، جیاوازییەکی ئەوتۆ نابینین. تێڕوانینی دەسەڵاتی بەغدا بۆ ئەو خاکە ئەوە بووە کە خاکێکی باش شایستەی خەڵکی باشە. خەڵکی باش لە تێڕوانینی ئەوان، عەرەبی سوننین؛ دەنا بۆچی داواکاریی هۆزێکی کوردی ڕەت دەکرێتەوە و لەبەرانبەردا پێشنیار دەدرێتە هۆزێکی عەرەبی؟ ئەوان جگە لەوەی خودی کەرکوک بە ناوەندێکی گرنگی پیشەسازیی نەوت دەزانن، خاکی کەرکوکیش بە خاکێکی بەپیت و بە شایستەی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی پێکهاتەی عەرەبی دەزانن. ئەم پرۆسەیە لەڕووی پاشخانی هزرییەوە هاوتای لێبنسراومی ئەڵمانییە. سەردەمی حوکمڕانیی هاشمی ئەو سەردەمەیە کە ئیدی کورد دەبێتە ئامانجی ڕاستەوخۆ، هەر لەو سەردەمە بوو کە بڕیاری زیادکردنی هێز لە چەند ناوچەیەکی کوردستان دەدرێت و کۆتایی بە جووڵانەوەی خەلیل خۆشەوی دەهێندرێت. ناشبێت لە بیری بکەین بەهۆی کەم توانایی حکوومەتی عێراق و ململانێی بەرەی بریتانیا و ئەڵمانیا لە عێراق پرۆسەکە زۆر بەهێواشی بەڕێوە چوو. ٣٠ی ئۆکتۆبەری ١٩٣٥، بەکر سدقی، کە جەنەڕاڵێکی سەربازیی سوپای عێراق بوو، کودەتای بەسەر حکوومەتەکەی یاسین هاشمی کرد. بەکر سدقی پێشتر کاری بۆ دەزگای هەواڵگریی بریتانیا کردبوو و کارەکتەرێکی نزیک بوو لە بریتانیا، بەڵام هاوشێوەی نووری سەعید کەسێکی پان عەرەبی بوو.(26) پێش کودەتاکە و لە ساڵی ١٩٣٣جینۆسایدی ئاشوورییەکانی لە سێمێل کرد و، بە سەدان کەس تێیدا کوژران.
لە ناوەڕاستی جەنگی دووەمی جیهانی، بەرەی لایەنگری نازیزم لەنێو دەوڵەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی ڕەشید عالی گەیلانی حکوومەتی ڕزگاریی نیشتمانی ڕادەگەیەنن. لە سەردەمی ئەم حکوومەتە و بە سوودوەرگرتن لە ڕێکخراوی فوتووە، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ١٩٤١، پرۆسەی فەرهود ئەنجام درا، کە تێیدا موڵک و ماڵی جووەکانی بەغدا بەئامانج گیرا و دەیان جوو بوونە قوربانی.
لەگەڵ هەموو ڕووداوەکان، گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکوک بەهێواشی دەستی پێکرد و دوای ئەوەی بە دە ساڵ پڕۆژەی ئاوی حەویجە تەواو کرا، ڕێژەی عەرەب لەو پاریزگایە گەیشتە ئاستێک کە زیاتر بوو لە پێکهاتەی دووەمی شارەکە کە تورکمان بوو و بەهۆی ئەوەشی کە کەمترین کار دەدرایە پێکهاتەی کورد لەو شارە، زۆرینەی کوردی لە شارەکە نەما. پەیوەست بەم باسەوە خودی کۆمپانیای نەوت و حکوومەتی عێراق ڕۆڵێکی زۆر خراپیان گێڕا، بەوەی کاری لەپێشینەیان ئەوە بوو کار نەدەنە کرێکارانی کورد.(27)
ساڵی ١٩٥٧، سەرژمێری لە عێراق ئەنجام درا. بەگوێرەی سەرژمێرییەکە، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای کەرکوک بەگوێرەی زمانی دایک بەمشێوەیە دابەش کرابوو:
کورد: 187,593
عەرەب: 109,620
تورکمان: 83,371
جوو: 123
سریان: 1,605
ئەوانی دیکە: 6,545
کۆی گشتی: 388,829
وا نەبێت ئەو ڕێژەیەی لە ئاماری ١٩٥٧ هەیە، زۆر باوەڕپێکراو بێت. بەشێکی زۆر لە توێژەرانی کورد پێیان وایە حکوومەتی عێراق لەو سەردەمە ناوی ڕێژەیەک لە دانیشتووانی کوردی بە تورکمان نووسیوە و بەشێکی گوندەکانیش سەرژمێریان تێدا ئەنجام نەدراوە.(28)
لەو ساڵانە، تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی ناو کەرکوک یەکێک بووە لە هەوڵە بەردەوامەکان. هەر بۆ نموونە، مشتومڕێکی گەورە لەنێوان تورکمان و کوردی کەرکوک لەبارەی ناونانی هۆتێلێک پەیدا دەبێت. تورکمان داوا دەکەن ناوی ئەتڵەس بێت و کورد داوای ناوی سیروان دەکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەرۆکی شارەوانیی ئەوکاتی کەرکوک، (موعتەسەم خەلیفە) کورد بووە، ناوە کوردییەکە چووەتە سەر.
لە ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨، بەشێکی سوپای عێراق بە ڕێبەریی عەبدولکەریم قاسم کودەتایەکی سەربازیی دژ بە ڕژێمی پاشایەتی ئەنجام دا و ڕژێمی کۆماری لە عێراق هاتە سەر کار. لە ڕۆژەکانی سەرەتاوە، پرسی کەرکوک بووە یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی ئەم حکومڕانییە نوێیە، کە بەشێکی کورد ئومێدیان پێی هەبوو. لەو کاتە، بریتانیا کاریگەریی گەورەی بەسەر عێراقەوە نەمابوو، بەڵام هەردوو ڕەوتی کۆمونیزم و پان عەرەبیزم، کە یەکەمیان پاڵپشتیی لە سۆڤیەت و دووەم لە میسر وەردەگرت لە ململانێی قووڵدا بوون. لەبەرانبەر ئەمە، بزووتنەوەی کوردی لە عێراق کەوتە پاڵپشتیی قاسم و نێوانیشی لەگەڵ کۆمونیستەکان باش بوو. باڵادەستیی حزبی شیوعیی عێراق بە جۆرێک بوو کە میلیشیایەکی هەبوو بە "لجان الشعبية" ناوزەد دەکران.
دوو ڕۆژ دوای کودەتاکەی قاسم، نازم تەبەقچەلی کرایە فەرماندەی فرقەی دووی سوپای عێراق کە جڵەوی سەربازیی کەرکوکی بە دەستەوە بوو. یەکەم کاری تەبەقچەلی دوورخستنەوەی سەرۆکی شارەوانیی کەرکوک بوو کە کورد بوو؛ دواتر دژایەتیی ئەوەی کرد کە بەڕێوەبەرایەتییەکی تایبەت بە پەروەردە بۆ تەواوی ناوچە کوردنشینەکانی عێراق دابنرێت و ناوەندەکەی کەرکوک بێت، بەڵام تەبەقچەلی لە ڕاپۆرتێک بۆ هەواڵگریی سەربازی دەنووسێت و داوا دەکات حکوومەت لەو داواکارییانە ئاگادار بێت، لەبەر ئەوەی دەبێتە هۆی دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان و ئەگەر حکوومەت ناچارە کارێکی لەو جۆرە بکات، ئەوا دەبێت بەڕێوەبەری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە عەرەبێک بێت.(29)
تەبەقچەلی دەزانێت کە لەگەڵ باڵادەستیی کۆمونیستەکان و هەژموونیان بەسەر حوکمڕانیی عێراقدا، ئاسان نییە بە هەمان ڕیتمی پێشوو تەعریب لە کەرکوک دەست پێبکاتەوە؛ هەربۆیە، پلانەکە دەکات بەوەی ئاشتیی کۆمەڵایەتی تێکبدات. هەربۆیە، کاتێک موعتەسەم خەلیفە لادەبات لە پێگەی سەرۆکی شارەوانی، نورەدین واعیز دەخاتە جێگەکەی. واعیز کە پارێزەرێکی کەرکوکی بووە و لە بنەماڵەیەکی ناوداری تورکمانی شارەکەیە، یەکێکە لە پێشەنگەکانی بزووتنەوەی ئیخوان لە عێراق و لەڕووی هزرییەوە پەیوەندیی بە تۆرانیزمەوە نەبووە، بەڵکوو لە ١٩٥١، سەرپەرشتیی ڕێکخستنەکانی ئیخوانی لە کەرکوک کردووە، بەڵام لە چاوی کوردی کەرکوکدا، واعیز نوێنەرایەتیی تۆرانیزمی کردووە و لە چاوی کۆمونیستەکانیش واعیز دووجار جێگەی سەرکۆنە بووە؛ یەکەم لەبەر ئەوەی ئیخوانە و دووەم، لەبەر ئەوەی تورکمانە و سەر بە بۆرژوای ناو کۆمەڵگەیە. ئەمە جگە لەوەی لە بنەماڵەیەکی ئاینیی دیاری شارەکە بووە کە ئەوەش دیسان جێگەی ڕەخنە بووە.(30)
ساڵێک دوای کودەتای ١٤ی تەمووز، لە یەکەم ساڵیادی کودەتاکە، لجان الشعبي ی سەر بە حزبی شیوعی و جەماوەرەکەی ڕێپێوانێک لە کەرکوک ڕێک دەخەن. ڕێپێوانەکە لە کاتژمێر شەشی ئێوارە دەست پێدەکات و لایەنگرانی حزبی شیوعی بە پەتی سێدارەوە دەست بە خۆپێشاندان دەکەن و لە کاتژمێر حەوت، ڕووبەڕووی خۆپێشاندانێکی دیکە دەبنەوە کە لەلایەن کۆمەڵێک تورکمان ڕێک خراوە و بە سواری کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە بەرەوڕوویان دێن. وانەبێت لە خۆپێشاندانەکەی حزبی شیوعی هیچ کەسێکی چەکدار نەبووبێت، بەڵکوو بەشێکی ئەوانەی پەتی سێدارەیان هەڵگرتبوو چەکداری سوپای عێراق بوون. هەرچۆنێک بێت، کاتێک خۆپێشاندانەکە دەگاتە بەردەم چایخانەی ١٤ی تەمووز، کە زیاتر تورکمانەکان لێی دانیشتوون، تەقە ڕوو دەدات و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەشارەکە شەڕ بەردەوام دەبێت. لە ئەنجامی ئەو ڕووداوانە، ٣١ کەس دەکوژرێن و دەیان کەس بریندار دەبن. ٢٧ لە کوژراوەکان تورکمانن و یەکێک کریستیانە و دووانیان سەر بە سوپای عێراقن و کەسێکیشیان ئەندامی مقاومة شعبية بووە.
ڕۆڵی سوپای عێراق، لەم ڕووداوانە زۆر ڕوون بوو، بەتایبەتی بەوەی پاڵپشتیی هەردوو بەرەیان کرد و چەکیان بۆ هەردوو بەرە تەرخان کرد. دواتر بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ڕێگەیان بە کۆمۆنیستەکان دا کوشتار و تاڵانکاری دژ بە تورکمانەکان بکەن و لەو ڕووداوانە دەیان دوکان سووتێندران و تاڵان کران و تاوەکوو ڕۆژی ١٧ی تەمووز هیچ کاردانەوەیان نەبوو، کەچی لە ١٧ی تەمووز، سوپای عێراق دەستی بە چەککردنی سەربازانی کورد لە سوپای عێراق کرد.(31)
یەکێک لە پاڵنەرەکانی پشت ڕووداوەکە، گۆڕینی سەرۆکی شارەوانیی کەرکوک بوو بەر لە دوو مانگ لە نورەدین واعیزی تورکمانەوە بۆ شێخ مارف بەرزنجی کە کورد بوو. مارف بەرزنجی جگە لەوەی سکرتێری لقی کەرکوکی بزووتنەوەی ئاشتیخوازان بووە، پاشخانێکی نەتەوەیی هەبوو و پێشتر سەرۆکی لقی کەرکوکی قوتابییانی حزبی هیوا بووە کە ئەوانیش سەرسامی نازیزم بوون! دواجار لە ٢٣ی حوزەیرانی ١٩٦٣، مارف بەرزنجی لە سەر پردی خاسەی کەرکوک بڕیاری لەسێدارەدانەکەی جێبەجێ دەکرێت.
ئەم ڕووداوانە بوونە هۆی تێکدانی تەونی کۆمەڵایەتیی ناو کەرکوک، بەتایبەتی نێوانی کورد و تورکمان، بەجۆرێک تاوەکوو ئەمڕۆ لێکەوتەکانی دیارن؛ هاوکات بووە هۆی دروستبوونی میلیشیای تورکمانی لە کەرکوک کە بۆ تۆڵەسەندن لە کورد دروست کرابوون و دروشمی (پەڕ پەڕ، پەڕپەڕە، ئەتەش دوشتو شەڕوەڵە)یان هەڵگرتبوو. ئەمانە هەموو بوونە هۆی ئەوەی زۆر خێزانی کورد و تورکمان کەرکوک بەجێ بهێڵن و، جارێکی دیکە دیمۆگرافیای کەرکوک بگۆڕدرێت.
هاوکات باڵی پان عەرەبیستی ناو دەسەڵاتی عێراق، کە لە بەعسییەکان خۆیان دەبینییەوە، دەستیان بە دروستکردنی میلیشیایەکی چەکدار کرد بە ناوی حەرەس قەومی. لەگەڵ یەکەم کودەتای بەعسییەکان لە ساڵی 1963، پرۆسەکە مۆرکێکی دڕندانەتری وەرگرت. کاتێک بەعس تەنها بۆ ماوەی نۆ مانگ دەسەڵاتی گرتە دەست، لەو سەردەمە حەرەس قەومی جڵەوی تەعریبی گرتە دەست و گەڕەکی کۆماریی کەرکوکی ڕووخاند، کە گەورەترین گەڕەکی کەرکوک بوو. هاوکات دانیشتووانی ڕەحیماوای ڕاگواست و عەرەبی لە ماڵەکانیاندا نیشتەجێ کرد و دانیشتووانە کوردەکەیشی زیندانی کرد. لەگەڵ هەموو ئەمانە ئیدی گۆڕینی دیمۆگرافیا پەلی کێشا بۆ گوندەکانی کەرکوک و چەندین گوند خاپوور کران. هەر بۆ نموونە، لە ناوچەیەکی وەکوو کەندێناوا، ٤٠ گوند لە کۆی٧٠ گوند تەعریب کران و، هێرش بۆ تەواوی ناوچەکانی کەرکوک بە دروشمی "احنا البدو وین العدو" دەستی پێکرد.
حەرەس قەومی، کۆپیکردنی دەقاودەقی میلیشیای (Schutzstaffel)ی نازی بوو کە بە ئێس ئێس ناسرابوو. وەک چۆن ئێس ئێس لە سەر قۆڵیان دەنووسی SS، حەرەس قەومی لە سەر قۆڵیان دەیاننووسی ح.ق. هەمان ساڵ، حکوومەتی عێراق بە یاسای ژمارە ٣٥، حەرەس قەومیی کردە هێزێکی فەرمی و لە مادەی (2)ی یاسای حەرەس قەومیدا هاتبوو؛ حەرەس قەومی، هێزێکی جەماوەریی ڕێکخراوە کە لە بەکارهێنانی چەکدا مەشقی پێکراوە، لە کەسانێک پێکهاتووە کە باوەڕیان بە مافی ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانە هەیە و ئەرکەکانی بریتین لە:
ا - پاراستنی بزووتنەوەی عەرەبی لە عێراق و چەسپاندنی ڕێبازی پێشکەوتنخوازانە و شۆڕشگێڕانەی.
ب - هاوکاریکردنی هێزە چەکدارەکان و بەرگریکردن لە وڵات لە ئەگەری شەڕ یان هێرشی دەرەکی.
ج - بەشداریکردن لە پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ.
د - بەشداریکردن لە ئەرکەکانی خزمەتگوزاریی گشتی، هەڵمەتەکانی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی ئابووری و کۆمەڵایەتی.
هـ- ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی کە لەلایەن دەسەڵاتی پەیوەندیدار یان نوێنەری ڕێگەپێدراوەوە پێی سپێردراوە.
هەرچی لەبارەی مەرجەکانی ئەندامبوون لەو هێزەیە، یەکێک لە مەرجەکان ئەوە بوو کەسی ئەندام، تەمەنی لە ١٥ ساڵ کەمتر نەبێت، کە ئەمە خوار تەمەنی یاسایی بوو.(32)
میلیشیای حەرەس قەومی تەنها کاری لەسەر کورد نەکرد، بەڵکوو لە ماوەیەکی کورتدا بووە دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا و زۆرترین کوشتاری لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ئەنجام دا، بەتایبەتی بەرانبەر کۆمونیستەکان. دەسەڵاتەکانی حەرەس قەومی لەو سەردەمە تەنانەت لە سەروو دەسەڵاتەکانی سوپاشەوە بوو؛ بووە مەترسی بۆسەر حوکمڕانی لە بەغدا. ئەمە وای کرد، لە ١٧ی تشرینی دووەمی ١٩٦٣، حکوومەتی عێراق کۆتایی بەو میلیشیایە بهێنێت. کۆتاییهێنان بە حەرەس قەومی کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵکوو بۆ ئەوە حکوومەتی عەبدولسەلام عارف ناچار بوو قەدەخەی هاتووچۆ ڕابگەیەنێت و لە هەندێک لە بارەگاکانی حەرەس قەومی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سوپای عێراق هاتە ئاراوە تا ئەوەی گەیشتە بەکارهێنانی هێزی ئاسمانیی عێراق لەلایەن سوپاوە.
وەک چۆن Schutzstaffel، ناوچە جیاوازەکانیان دەسووتاند، حەرەس قەومیش دەیان گوندی سووتاند. وەک چۆن Schutzstaffel، پشتی بە کەمپی زۆرەملێ دەبەست، حەرەس قەومیش بە هەمان شێوە. حەرەس قەومی بۆ گوندەکانی دەوروبەری کەرکوک، هێزێکی چەکداری پێکهێنابوو، بەناوی "سوارەی خالیدی کوڕی وەلید"؛ بۆ ناو کەرکوکیش جگە لەوەی گەڕەکە کوردییەکانیان خاپوورکرد، دەیان هەزار خێزانی عەرەبیان هێنا و نیشتەجێیان کردن. عەرەبی هاوردە لەسەردەمی حەرەس قەومی بەجۆرێک لە کەرکوک زیادی کردبوو، کە گەڕەکە کوردییەکان توانایی لەخۆگرتنیانی نەبوو، هەر لەبەر ئەوەش چەندین گەڕەکی نوێ دروست کران، دیارترینیان، الكرامة، واسطي، عروبة،غرناطة، اشتراكية، قتيبة، الحرية و چەندین گەڕەکی دیکە.
بۆ هاندانی کوردیش بۆئەوەی کەرکوک بەجێ بهێڵن، هەر خێزانێکی کورد لە دەرەوەی سنووری پارێزگای کەرکوک بیویستایە نیشتەجێ ببێت، شوێن یان پارەی پێدەدرا. هاوکات لەمانگی حوزەیرانی هەمان ساڵ، ٣٣ گوند بە درێژایی کەرکوک و دوبز وێران کران و دواتر کرایە قەزایەکی تەعریبکراو بەناوی دبس و ژمارەیەکی زۆر عەرەبی تێدا خرایە جێگەی کورد.
لەنێوان ساڵانی ١٩٥٧-١٩٦٥، ڕێژەی دانیشتووان لە کەرکوک بۆ هەر ساڵێک ٢.٧٪ زیادی کردووە، بەشی هەرە زۆری ئەو زیادکردنەش بەهۆی هێنانی دانیشتووانی عەرەبەوە بووە. هاوکات لە ساڵی ١٩٦٢ەوە بڕیاردرا حەویجە بکرێتە قەزا و لەوکاتەوە تاوەکوو ئێستا بووەتە سەنتەری دانیشتووانی عەرەبی کەرکوک.(33)
بۆ تێگەیشتن لە ڕیتمی تەعریب، سەرژمێریی ساڵی ١٩٦٥، کە لە ١٤ی تشرینی یەکەمی ئەو ساڵە ئەنجام دراوە کۆمەکی زۆرمان دەکات. بەگوێرەی سەرژمێرییەکە، دابەشبوونی دیمۆگرافی کەرکوک بەم شێوەیە بوو:
کورد: 170905
عەرەب: 177904
تورکمان: 153479
ئەوانی دیکە: 71348
کۆی گشتی: 430940
بە تێڕوانین لەم ژمارانە، ڕوونە کە ڕێژەی دانیشتووانی کورد نەک زیادی نەکردووە، بەڵکوو کەم بووەتەوە، هەرچی ڕێژەی عەرەبە بە زیادکردنی ساڵانەی ٦٪ و تورکمان بە زیادکردنی ساڵانەی ٪١.١ بووە. لەڕووی دابەشبوونیشەوە، لەو سەردەمە نەخشەی ئیداریی کەرکوک دابەش بووبوو بەسەر شەش قەزا کە ئەمانەن: (34)
قەزای کەرکوک: لەناوەندی شار و ناحیەکانی شوان و قەرەحەسەن و دوز خورماتوو و پردێ و دبس پێکهاتبوو.
قەزای کفری: لەناحیەکانی قەرەتەپە و جەبارە پێکهاتبوو.
قەزای حەویجە: لە ناوەندی قەزاکە و ناحیەی ریاز پێکهاتبوو.
قەزای چەمچەماڵ: لەناوەندی قەزاکە و ناحیەکانی سەنگاو و ئاغجەلەر پێکهاتبوو.
قەزای دوز خورماتوو: لە ناوەندی قەزاکە و ناحیەکانی قادر کەرەم و داقوق و ئامرلی و سلێمان بەگ پێکهاتبوو.
ئەنجامگیری
نازیزم سەرسام بووە بە ئەزموونی عەرەب و تەنانەت ئیسلامیش. یەکێک لە بناغەکانی ئەم سەرسامییە، هاوبەشییانە لە جووبێزی و هاوپەیمانێتیی ئۆبژێکتیڤییانە لە دژایەتیی بریتانیا و فرانسا. ئەدۆلف هیتلەر و هاینریش هیملەر لە چەندین بۆنەی جیاواز ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە ئیسلام وەک ئاین و ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی فۆڕمێکی دیسپلیندارتر و سەربازیتر و سیاسییانەتر و پراکتیکیانەتریان هەیە بەبەراورد بە کریستیانیزم. هاوکات پێیان وابوو لێهاتوویی محەمەد جێگەی گومان نییە لە سیاسەت و سەرکردایەتیی سەربازیدا.(35) تەنانەت هیتلەر بە ئاشکرا گوتوویەتی ئیسلام بۆ ئێمە لە فرانسا نزیکترە!(36)
لەبەرانبەریشدا، پان عەرەبیزم، چ وەک مێژووی پراکتیکی و چ وەک مێژووی ڕامانە (تیۆری) سەرسامە بە نازیزم. لەڕووی ئایدۆلۆژیاییەوە، پان عەرەبیزم و نازیزم هەر دووکیان لە باوەشی ناسیۆنال-سۆسیالیزم بوون و لەژێر کاریگەریی نازیزم بزاوتەکانی وەک فتوە لە عێراق و کەتائیب لە لوبنان سەرهەڵدەدات. هاوکات هەر لەژێر ئەو کاریگەرییەیە عەفلەق بەعسیزم ڕامانەڕێژی (تیۆریزە) دەکات.
میکانیزمەکانی بەردەم پان عەرەبیزم و نازیزم، هەمان میکانیزمن و پان عەرەبیزم سوودی زۆری لە لێبنسراوم بینیوە. ڕاگواستن، کوشتنی بەکۆمەڵ، کەمپی زۆرەملێ، برسیکردن و گۆڕانکاریی دیمۆگرافی سیمای دیاری هەر دوو ڕەوتەکەن؛ جووبێزی و هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بەوانی دیکە، تایبەتمەندیی هەر دوو ئایدۆلۆژیاکەن.
پێچەوانەی ئەوەی زۆر کەس ئاماژەی بۆ دەکەن، پرسی کەرکوک پرسێکی کۆلۆنیالیستی نییە، بەڵکو توندترە و دەچێتە قاڵبی لێبنسراومەوە. کەرکوک نموونەی پڕۆژەیەکی نازییە و هیچ جیاوازیی نییە لەگەڵ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی پۆڵۆنیا کە نازییەکان خستیانە ژێر پلانی لێبنسراومەوە.
چاوتێبڕینی پان عەرەبیزم بۆ کەرکوک، تەنها پرسی نەوت نییە، بەڵکوو دەرەنجامی لێکدانەوەی مەترسییەکانی داهاتووە. کۆمەڵگەی عەرەبی عێراقی، کە بە تێڕوانینی پان عەرەبیزم، باشترینن و شایستەی باشترینن، ڕۆژێک دێت نە نەوت تێری دەکات و نە خاکی عەرەبنشینی عێراقیش دەتوانێت جێگەیان بکاتەوە و چاوەڕوانییەکانیان بەدی بهێنێت، بۆیە باشترین کار ئەوە بووە پیشوەختە پڕۆژەی لێبنسراوم هەبێت، چونکە کوردستان بەگشتی و کەرکوک بەتایبەتی خاکێکی بەپیتە، بەتایبەتی بۆ کشتوکاڵ، گەشتیاری، سەرچاوەکانی سەر زەوی و ژێر زەوی و سامانی ئاو کە لە داهاتوو یەکێک دەبێت لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم خاکی عەرەبنشینی عێراق.
ئەزموونی نازییەکان هێندە کاریگەریی لەسەر پان عەرەبیزم هەبووە، لە شێوازی قسەکردن و گوتاردانی سەرکردەکان، تاوەکوو میلیشیا چەکدارەکانیان کۆپیی نازیزمە. حەرەس قەومی هەمان ئەزموونی نازیزمە، وەک چۆن کەرکوک نموونەی لێبنسراومە و ئەنفال نموونەی هۆڵۆکۆست. پان عەرەبیزم هێندە کاریگەرە بەنازیزم، تەنانەت لە مامەڵەی ناوخۆییدا بەدی دەکرێت؛ شەڕی حەرەس قەومی و لە قۆناغەکانی دواتریش ڕووداوەکەی هۆڵی الخلد، هەمان دووبارەی شەوی چەقۆدرێژەکانی نازییەکانە و پاکتاوی ناوخۆییە لەسەر یەک ڕیتم، وەک چۆن هەردوو بەرە، یەک ڕیتمیان هەیە بۆ تێکدانی ئاشتیی ناوخۆ و هەمیشە سوود لە بازاڕێکی شێواو دەبینن. نازییەکان سوودیان لە ناکۆکیی کۆمونیستەکان و جووەکان، هەروەها کۆمونیستەکان و بەشێکی گەلانی سڵاڤی بینی، پان عەرەبیزمیش زۆر سوودی لە ناکۆکییەکانی کورد و تورکمان و پێشتریش کورد و ئاشووری بینی.
لێبنسراوم، پرۆسەیەکی دڕندانەترە لە داگیرکاری ئاسایی و کۆلۆنیالیزم، ئەگەرچی هەردووکیان کاریگەریی سۆشیاڵ داروینیزمیان بەسەرەوەیە، بەڵام پابەندییە یاساییەکانی دوای لێبنسراوم چەند هێندەی پابەندییە یاساییەکانی کۆلۆنیالیزمن. نموونەی پابەندی یاسایی ئەڵمانیا بەرانبەر پۆڵۆنیا و جووەکان ناکرێت بەراورد بکرێت بە هەمان ئەڵمانیا لەگەڵ کۆڵۆنییەکانی ئەفریقا.
ئەگەر تەنها کەیسی جووەکان وەربگرین، ئەڵمانیا هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆڵی خۆی وەک ئەنجامدەری هۆلۆکۆست و دڵنیابوون لەوەی کە قوربانیانی هۆلۆکۆست و میراتگرانیان قەرەبوو کراونەتەوە یان قەرەبووکردنەوە وەردەگرن. لە ساڵی ١٩٤٥ تا ٢٠١٨ حکوومەتی ئەڵمانیا نزیکەی ٨٦.٨ ملیار دۆلاری وەک گەڕاندنەوە و قەرەبووکردنەوەی داوە بە قوربانیانی هۆلۆکۆست و میراتگران، کەچی ئەم هەنگاوانە لە کۆڵۆنییەکان نابینین. هەروەها ئەڵمانیا ئەو کەلوپەلانەی کە نازییەکان تاڵانیان کردوون دەستنیشانیان کردووە، لەوانە کارە هونەرییەکان و کتێب و چەندین بابەتی دیکە؛ لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ١٦ هەزار کەلوپەلی بۆ ڕزگاربووان و میراتگرانیان گەڕاندووەتەوە. ئەڵمانیا، بە جددی کاری بۆ ئەوە کردووە نازیزم وەک ئایدۆلۆژیا و کردەوە مەحکووم بکات، کەچی ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە لە پرسی کۆڵۆنیالیزم نەک مەحکوومی ناکەن بگرە زۆرجار جێگەی شانازییانە.
جگە لەمە، یەکێک لە جیاوازییە بنەڕەتییەکان ئەوەیە کە لێبنسراوم مەرج نییە گەلی داگیرکراو بگرێتەوە، بەڵکوو دەکرێت بەشێک لە گەلی هەمان وڵات بگرێتەوە، ئەمەش پێچەوانەی کۆلۆنیالیزمە؛ هاوکات لێبنسراوم ئایدۆلۆژیایەک بەرانبەر گەلێک بەکاری دەهێنێت کە باش دەیناسێت و دراوسێن، کەچی کۆلۆنیالیزم بزاوتی چوونە بەرەو نادیار؛ هەربۆیە، لە پێشکەوتووترین دۆخەکاندا کۆلۆنیالیزم پشتی بە ڕۆژهەڵاتناسەکان بەستووە.
پێچەوانەی ئەوەی زۆر کەس ئاماژەی بۆ دەکات کە تەعریب لە عێراقدا لەسەردەمی یاسین هاشمییەوە دەستی پێکردووە، بەڵام بە تێڕوانین لە ڕەوتی ڕووداوەکان ڕوونە کە تەعریب لە سەردەمی جەعفەر عەسکەرییەوە دەست پێدەکات و بەشێکە لە پرۆژەیەکی فراوانتر کە تەنها کورد ناگرێتەوە، بەڵکوو هەموو توخمێکی ناعەرەبی سونی یان عەرەبی- نەتەوەیی دەگرێتەوە.
ئەوە تەنها خوارووی کوردستان نییە کە زیانمەندی پڕۆژەی لێبنسراومە، بەڵکوو هەر چوار بەشەکەی کوردستان لە هەمان دۆخن؛ بە گەڕانەوە بۆ مێژووی ئەوان، ڕوونە کە کاریگەریی نازیزم لە تورکیای کەمالی، ئێرانی سەردەمی ڕەزا شا چەندە لە عێراق زیاتر بووە.
سەرچاوەکان:
Arendt, Hanna (1963): The Origins of Totalitarianism. 2nd and enlarged edition. Cleveland and New York: Meridian. P:222
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved