زانا کەریم
دکتۆرا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی
ڕێخۆشکردن
کۆتاییهاتنی جەنگی سارد تەکانێکی گەورەی بە جیهانگیری دا و ڕەوتی بەرەوپێشچوونی پێواژۆکەی (پرۆسەکەی) خێراتر کرد. لەم قۆناغەدا، چەرخەی بەرەوپێشچوونی جیهانگیری خێراتر کەوتە جووڵە و پێواژۆکە پەرەگرتنێکی بەرفراوانی بەخۆیەوە بینی. بەهۆی جیهانگیرییەوە، چەندین ئابووری جیهان لە نەزمی نێودەوڵەتیی نوێدا ئامێزان بوون و سنووری دەوڵەتان لە بەردەم کۆمپانیاکان و بەڕووی هامشۆی هاوڵاتییان و کاڵا و شمەک و خزمەتگوزاریدا زیاتر ئاوەڵا بوو. هەرێمە جیاوازەکانی جیهان لەڕێگەی تۆڕێکی پەیوەندیگرتنی ئاڵۆزەوە، بەیەکەوە بەسترانەوە. کەرتی تەکنەلۆجیای پەیوەندیگرتن و کاروباری بانکی گەشەیەکی بەرفراوانی کرد و توانایی گەڕان و دەستڕاگەیشتنی بەکاربەران بە شمەک و خزمەتگوزارییە جیاوازەکان گەیشتە ئەوپەڕی. بۆ یەکەمین جار، ڕاکۆیی لەبارەی چەندین بەهای جیهانییەوە هاتە ئارا و لەگەڵیشیدا ڕێسا قانوونییەکانی نەزمی نێودەوڵەتی گەڵاڵە بوو. ئەم ڤێرژنەی جیهانگیری، لەسەر پایەی بەها سیاسی و ئابورییەکانی خۆراوا دامەزرا.
کتێبی "ماڵاوا، جیهانگیری" شوێنپێی پێڕەوکەبوونی ئەم قۆناغەی جیهانگیری هەڵدەگرێت و سێرەی باس و سەرنجەکانی لەسەر ئەو وەرچەرخانە بونیادییانە چڕ دەکاتەوە، کە لە دەیەی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە، بەسەر جیهانگیریدا هاتوون. پاشان ڕەوشی هەنووکەیی جیهانگیری و ئەو کارلێکە ئابووری و جیۆسیاسی و تەکنەلۆجیایی و کولتوورییانەی پەیوەستن بە جیهانگیرییەوە، دەپشکنێت و دەچێتە پای باسکردن لەو وەرچەرخانانەی لە ئابووری نێودەوڵەتیدا ڕوو دەدەن و ئەو ئاڵنگارییانە دەخاتە بەر باس، کە سەرەولێژبوونەوە و کۆتاییهاتنی جیهانگیری بەسەر خۆراوادا دەیسەپێنێت.
بەلای نووسەری کتێبەکەوە، ئێستا و بەهۆی کێبەرکێ جیۆسیاسییەکانەوە، جیهانگیری تووشی سەرەولێژبوونەوە و داڕمان هاتووە و پێی ناوەتە سەر کەلی ئاوابوون. وەکوو نووسەرەکەی دەڵێت: "خاوەنکاران و سیاستمەداران، وەکوو یەک دەرک بەوە دەکەن، جیهانگیری وەکوو جاران کار ناکات. زۆرجار زنجیرەی بەرهەمهێنان (سلاسل الإمداد) دەپسێت، ڕووسیا بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە ڕووبەڕووی هەوڵی کەنارگیرکردن بووەتەوە، چینیش ئەم لێکترازانانەی قۆستووەتەوە لەپێناو پتەوکردنی هێزی جیۆستراتیجیی خۆیدا. لەسای ئەم وەرچەرخانانەدا، کۆمەڵێک پرسیار لەبارەی ئایندەی ئابووریی نێودەوڵەتییەوە دەورووژێت".
ماوە بڵێین، ئەو هۆکارەی ڕەوایەتی بە باسکردن لە وەها کتێبێک دەبەخشێت و وامان لێدەکات بەبایەخەوە لە بابەتەکە بنواڕین، کاریگەریی گۆڕانکارییە جیهانییەکانە لەسەر هەرێمی کوردستان. پێمان وایە کۆتاییهاتنی جیهانگیری و وەرچەرخان لە هاوسەنگی هێز و ڕۆڵ و پێگەی دەوڵەتە گەورەوارەکاندا، باندۆر، جا چ زۆربێت یان کەم، لەسەر هەرێمی کوردستان دادەنێت، بەتایبەتی ئەگەر زانیشمان، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوون و سەرپێکەوتنی هەرێمی کوردستان، وەک قەوارەیەک، دەرەنجامی ئەو وەرچەرخانە جیهانییانە بوو، لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و باڵادەستبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وەک هێزێکی جیهانیی بێڕکابەر، هاتە ئارا.
یەکەم: ناسنامەی کتێبەکە
ماڵاوا، جیهانگیری: گەڕانەوەی جیهانی دابەشبوو یاخود سەرلەنوێ دابەشبوونەوەی جیهان (Goodbye Globalization: The Return of the Divided World) کتێبێکی خانمە نووسەر و توێژەری سویدیی، ئەلیزابێس براوە، ساڵی 2024 لەلایەن چاپخانەی زانکۆی یەیڵ لە وڵاتی بەریتانیا چاپ کراوە. کتێبەکە، هەمان ساڵ و لەلایەن دینا عەبدولمونسیف، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبی و لەلایەن ناوەندی ئەلمستەقبەل بۆ باس و لێکۆڵینەوەی پێشکەوتوو لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئەبوزەبی) بڵاو کراوەتەوە. ئەو چاپەشی ئێمە لێرەدا ڕانانی بۆ دەکەین و دەیخوێنینەوە، چاپی عەرەبیی کتێبەکەیە.
کتێبەکە ساڵی 2024 مەدالیای ئاڵتوونیی خەڵاتەکانی ئەکسیۆم (AXIOM) ی بەریتانیایی لە بواری بیزنسدا پێ بەخشراوە. وەکوو لە ڕاپۆرتی پێدانی خەڵاتەکەشدا هاتووە: "کتێبەکە لەبارەی ڕەوشی جیهانگیری لە ئەمڕۆدا؛ هەروەها واتاکانی داڕمانی جیهانگیری بۆ ئابووریی جیهان، کارێکی بوێرانەی نوێیە".
نووسەری کتێبەکە نایشارێتەوە، لە ڕوانگەیەکی خۆراواییەوە باس لە جیهانگیری دەکات و پێشبینی ئەوەش دەکات لە ئایندەدا چەندین کتێبی دیکە دێنە دەرەوە و لە ڕوانگەیەکی چینی یان ڕووسیاییەوە چیرۆکی کۆتاییهاتنی جیهانگیری دەگێڕنەوە.
ئەلیزابێس تانوپۆی چیرۆکەکەی خۆی لە سای ژیانی ئەو کەسانەدا دەچنێت، یان بەشدارییان لە خەمڵینی جیهانگیریدا کردووە، یان ژیانیان کەوتووەتە بن باندۆری جیهانگیری. لەم سۆنگەیەوە و لەڕێگەی بەدواداچوونی ئەزموونی ژیانی چەندین کەسایەتی و سیاسەتمەدار و خاوەنکار و سەرکردە و لە میانی دواندنیانەوە، گەشتەکەی خۆی دەست پێدەکات و چیرۆکی پەرەگرتن و گەیشتنە لوتکە و دواجار سەرەولێژبوونەوە و داڕمانی جیهانگیریش دەگێڕێتەوە.
دووهەم: جیهانگیری
هەموو بڕیارێک سەروکاری لەگەڵ دوو جۆرە کەسدا هەیە، کەسانێک بڕیارەکە دەدەن و کەسانێکیش دەکەونە ژێر کاریگەریی بڕیارەکە. وەکوو نووسەری کتێبی "ماڵاوا جیهانگیری"، دەڵێت، لە ماوەی ئەم سی و پێنج ساڵەی ڕابردوودا، هیچ بڕیارێک وەک بڕیاری جیهانگیری کاریگەریی لەسەر ژیانی زۆربەی خەڵکی دانەناوە. بەڵام جیهانگیری زۆر لەوە زیاترە، تەنها بڕیارێک بێت؛ جیهانگیری هەوڵی سەرجەم سیاسەتمەداران و گەورە خاوەنکاران بوو، لەپێناو چێکردنی جیهانێکی پێکەوەگرێدراودا؛ جیهانێک ژیانێکی باشتر بۆ هەموو خەڵکی فەراهەمبکات. لەمەش باشتر، ئەم جیهانە پێکەوەگرێدراوە، بەشێوەیەکی ڕیشەیی ئەگەری بەرپابوونی جەنگ کەمدەکاتەوە، ئەمەش لە سۆنگەی ئەو بیرکردنەوەیەوە، کەوا ئەو دەوڵەتەی خۆشگوزەرانییەکەی شان لەسەر پەیوەندیی باش لەگەڵ دەوڵەتانی دیکەدا دادەدات، بەرژەوەندیی لەوەدا نییە ئەو پەیوەندییە باشە تێکبدات.
لەڕاستیدا، سیاسەتمەداران و گەورە خاوەنکاران، جیهانگیرییان وەک بەرەنجامی هەوڵێکی یەکگرتووانە نەهێنایە بوون، بەڵکوو بەشدارییان لە داڕشتن و وەرگرتنی چەندین بڕیاردا کرد، کە دوایی بە جیهانگیری ناوزەد کرا. ئامانجیشیان سەپاندنی بیرۆکەیەک بەسەر جیهاندا، کە دوایی بە جیهانگیری ناسرا، بوو، بەڵکوو بەسەر چەندین هەلی ناوازەدا کەوتن؛ نەقۆستنەوەیان گەمژەیی بوو.
جیهانگیری کە ئومێد و بازرگانیی پێکەوە کۆ کردبووەوە، باندۆری لەسەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دانا: هاوڵاتییەکی ئاسایی دەیتوانی بەرهەمە بەکاربەرییەکان بە نرخێکی زۆر هەرزانتر بکڕێت؛ کرێکاران بەشێکیان بوون بە ئەڵقەیەک لە زنجیرەیەکی بەرهەمهێنانی جیهانی و بەشێکیشیان بەهۆی گواسترانەوەی کارەکانیان بۆ دەرەوەی وڵات، ناچار بوون بەدوای کاری دیکەدا بگەڕێن. لە سای جیهانگیریدا، پیشەسازی تەنها لە چەند ناوچەیەکی کەمدا چڕ دەبووەوە: لەپێناو دروستکردنی بەرهەمی کۆتاییدا، پێکهاتەکانی بەرهەمەکە، بەنێو کیشوەرەکاندا لەهاتوچۆدا بوون و دوای دروستکردنیشیان، لەپێناو گەیشتن بە بەکاربەراندا، جارێکی دیکە دەکەوتنەوە هاتوچۆ بە سەرتاسەری جیهاندا. ئەم هاتوچوونە بەردەوامە بە جیهاندا بەهۆی کەشتییەوە ئەنجام دەدرا، هەم کردەی گواستنەوە و هەم زۆربەی کاروبارە بازرگانییەکانی دیکەش، کردەیەکی جیهانی و بێلایەنانە بوون.
سێهەم: پەرەگرتنی جیهانگیری یاخود "تەقینەوە مەزنەکە"
ئەلیزابێس براو، سەرەتاکانی پەرەگرتنی ئەم ڤێرژنەی جیهانگیری، دەگەڕێنێتەوە بۆ دەیەی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، ئەو جموجوڵ و ڕێوشوێنانەی لەم ماوەیەدا کران و گیرانەبەر، ڕێگەی لەبەردەم جیهانگیریدا خۆش کرد و زەمینەی پێکەوەگرێدانی وڵاتانی ڕەخساند.
لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڤیلی برانت، ڕاوێژکاری ئەڵمانیای خۆراوا، لە میانی هەوڵەکانیدا بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی بارستەی سۆڤێتی-دا، غازیشی کرد بە بەشێک لە سیاسەتەکانی و ئەم کارەش بەکردەیی بەشێک لە هەوڵەکانی ئەڵمانیای خۆراوا بوو، لەپێناو هێنانەئارای جۆرێک لە پێکەوەژیان، لەڕێگەی بازرگانییکردنەوە، لەگەڵ یەکێتیی سۆڤێت-دا. لەساڵی 1973 ەوە ئەڵمانیای خۆراوا دەستی کرد بە هاوردەکردنی غازی سروشتی و لە ساڵی 1981 دا یەکێتیی سۆڤێت ڕێکەوتنێکی بە مەبەستی هەناردەکردنی غاز بۆ ئەڵمانیای خۆراوا و فەڕەنسا و بەلجیکا و ئیتالیا و هۆڵەندا واژۆ کرد و کۆمپانیا ئەڵمانیایی (ئەڵمانیای خۆراوا) و فەڕەنسایی و ئیتالیایی و هۆڵەنداییەکانیش گرێبەستی دروستکردنی هێڵێکی لوولەییان، بەدرێژایی 3500 میل، بەدەست هێنا.
لەم سەروبەندەدا چین، کە لە حەفتاکانی سەدەی بیستهەم و بەتایبەتیش لە هەشتاکانیدا، دەستی بە کرانەوە کردبوو، پێش یەکێتیی سۆڤێت کەوت؛ بڕیاری دا، نەک هەر بەڕووی بەرهەمهێنانی هەندێکی کەم لەو بەرهەمانەدا کە مۆڵەتیان پێدراوە، بەڵکوو سنووری وڵاتەکە بەڕووی ئابووری بازاڕیشدا بکاتەوە. ساڵی 1979 سەرۆکی حیزبی کۆمۆنیستی چینی، یەکەمین شاندی ڕەوانەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی لە داڤۆس کرد. بەدوایشیدا کۆمپانیا زەبەلاحەکانی داڤۆس، ڕێوشوێنی سەردانیکردنی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا ئەوروپاییەکانیان بۆ چین، دەست پێکرد.
بەر لە وڵاتی چین، ژاپۆن و کۆریای باشوور سەرکەوتنێکی گەورەیان لە تێکەڵبوون بە ئابووریی جیهانی بەدەست هێنا و هەندێک لە نیشانە بازرگانییەکانی ئەم دوو وڵاتە، بوون بە نیشانەی ناسراوی بازرگانی. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا و وڵاتانی خۆراوای ئەوروپا، لەسۆنگەی باوەڕیان بە بنەمای پسپۆڕیی و لێهاتوویی و وێڕای لەدەستدانی هەلی کاری ناوخۆییش، ڕیگەیان بە هاتنەناوەوەی بەردەوامی بەرهەمە بەکاربەرییەکانی کۆریا و ژاپۆن دەدا. لەگەڵ چنینەوەی زیاتری بەرهەمی بازرگانیی ئازاد و بنەمای پسپۆڕێتی لەلایەن ئەم وڵاتانەوە، دەوڵەتانی دیکەش زیاتر دەرکیان بە پێویستی تەڤلیهەڤبوون (ئاگاداری)، لەگەڵ ئەم پێواژۆیەدا دەکرد.
هەر لەم ماوەیەدا، چەندین دەوڵەتی ئەمریکای لاتینی گەیشتنە ئەو بڕوایەی سیاسەتی پارێزگاری (السياسة الحمائية) سوودێکی نییە. کۆستەریکا دوای ئەوەی لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی بیستدا، لەڕێگەی پشتبەخۆبەستنی زیاترەوە هەوڵی بەهێزکردنی ئابووریی خۆیی دا، بەڵام ئەزموونەکە بە ئەنجامێکی تراژیدی کۆتایی هات، بەجۆرێک قەرزەکان کەڵەکە بوون و بەهای دراوەکەی دابەزی و تێکڕای هەڵاوسان و هەژاریی، بەخێراییەکی زۆر هەڵکشان. بۆیە لە ساڵی 1986 دا حکوومەتێکی نوێ بە سەرکردایەتیی ئۆسکار ئاریاس پێکهات و، ئاریاس دەستی بە چاکسازی لە ئابووری وڵاتەکەیدا کرد.
لە کۆتایی هەشتاکانیشدا چەندین دەوڵەتی دیکە گەشتنە ئەو باوەڕەی ئابووریی خۆبژێویی هەرگیز سەرکەوتوو نابێت و پێویستییان بە ڕاکێشانی کۆمپانیا بیانییەکان هەیە؛ لەم ڕووەوە وڵاتانی ئەفریقایی دەوڵەمەند بە کانزا و، لەسەروو هەموشیانەوە غانا، هەلی کانزاکارییان خستە بەردەم کۆمپانیا بیانییەکان.
لەلایەکی دیکەوە و لە ساڵی 1986 دا مارگرێت تاتچەر، سەروەزیرانی بەریتانیا، چاکسازیی ڕیشەیی لە کاروباری بانکیدا ئەنجام دا، بەجۆرێک چاکسازییەکان وەک تەقینەوە مەزنەکە (The Big Bang) ناسران. تەقینەوە مەزنەکە، وەبەرهێنانی لە سەرتاسەری جیهانەوە هێنایە ناو بازاڕە داراییەکانی لەندەنەوە و بانکە ئەڵمانیایی (ئەڵمانیای خۆراوا) و ئەمریکایی و فەڕەنسایی و تەنانەت ژاپۆنییەکانیش، لە لەندەن دەستیان بە وەبەرهێنان کرد.
سێ ساڵ دوای "تەقینەوە مەزنەکە"، تەقینەوەیەکی مەزنی دیکە ڕووی دا. هاوڵاتیان، فەرمانڕەوا کۆمۆنیستەکانی وڵاتانی خۆیانیان ڕاماڵی و پەیمانی وارشۆ لەبەریەک هەڵوەشا. بۆیە لە دەیەی نەوەدەکاندا، وەرچەرخانە سیاسی و جیۆسیاسییەکان، ئامێزانی شۆڕشی پەیوەندییەکان بوون و ڕەوتی پەرەسەندنی جیهانگیری خێراتر بوو.
دەیەی نەوەدەکان، دەیەی کۆمپانیا سنووربڕەکان و بانک و کاروباری بانکی بوو. لە سەرەتای ئەم دەیەوە، کۆمپانیاکانی تەلەفوونی مۆبایل دەستیان بە چنینەوەی بەری جیهانگیری کرد و هاوکات گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی دیکەش لە ئاسۆوە دەرکەوت، ئەویش بڵاوبوونەوەی کۆمپیوتەری لاپتۆپ و ئینتەرنێت بوو، بە هاتنی ساڵی 1993 ژمارەی ئەو کۆمپیوتەرانەی لە جیهاندا بە ئینتەرنێتەوە پەیوەست بوون، خۆیان لە نزیکەی دوو ملیۆن کۆمپیوتەر دەدا.
لە یەکەمین ڕۆژی ساڵی 1993 دا، بازاڕی ئەوروپایی هاوبەش کارا کرا؛ بازاڕەکە کارێکی وای کرد هامشۆکردنی کەس و کاڵا و خزمەتگوزاری و سەرمایە لەنێوان وڵاتانی بازاڕەکەدا لەگەڵ هامشۆکردنیان لەناو سنووری یەک دەوڵەتدا، جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبێت. ئەمە لەگەڵ ئاوەڵابوونی سنوورەکان و فەراهەمبوونی هەلی فراوانی وەبەرهێنان لە وڵاتانی کۆمۆنیستی و وڵاتانی ئەمریکای لاتینی و چین، سەری کێشا بۆ کۆچکردنی کۆمپانیاکان و، بەشێکی زۆری پیشەسازی و کۆمپانیاکانی ئەوروپا و ئەمریکا ڕوویان لەو وڵاتانە کرد. هەروەها ئەم دەیەی نەوەدەکان، هەلێکی زێڕینیش بوو لە بەردەم بانکەکانی وەبەرهێناندا و دەرفەتی فراوانی لە بەردەمدا کردنەوە.
ئەم دەیەیە، سەرەڕای شۆکی دارایی و هاتنەپێشەوەی ئاستەنگی و ئاڵۆزیش لە چەندین ناوچەی جیهاندا، وەک قەیرانی ئاسیا و گۆڕانکاری لە نرخی سوودی فیدراڵی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆمەڵکوژییەکان لە ئەوروپا و ئەفریقا و ناڕەزایی جیهانی لەهەمبەر لێکەوتەکانی جیهانگیری، کەچی پێشڤەچوونەکانی جیهانگیری هەر بەردەوام بوو. حکوومەتەکان لە هەوڵدابوون پێکەوە ڕووبەڕووی قەیرانەکان ببنەوە و هەمووان لە جیهانێکدا خۆشگوزەران بژین.
چوارەم: جیهانگیری لە هەزارەی سێهەمدا
سەرەڕای پەرەگرتن و پێشڤەچوونی، جیهانگیری لە سەرەتای هەزارەی سێهەمەوە هەوراز و نشێوی هاتە سەر ڕێ و هەڵبەز و دابەزی تێکەوت. چەندین گورزی کاریگەر بەر ڕەوتی جیهانگیری کەوتن و گرێکانی جیهانی پێکەوەگرێدراویان ترازاند. ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەندێک لە دەوڵەتان، لەوانە کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەدەرەوەی ئەم گەشانەوە نێودەوڵەتییە بوون. ئێران بەهۆی گەمارۆی ئابوورییەوە، کە لە ئەنجامی بەرنامە ناوکییەکەیەوە خرابووە سەری، نەیتوانی سوود لەم پێواژۆیە وەربگرێت.
هاوشێوەی هاتوچۆکردن و سنووربڕینی کۆمپانیاکان، محەمەد عەتا و هاوڕێکانیشی بەشێک بوون لە جیهانگیری، بەڵام بە ئاڕاستەیەکی پێچەوانە. محەمەد عەتا و ئەوانەی هێرشەکانی یازدەی سێپتەمبەریان ئەنجام دا، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاهێنانیان کرد و دواتر بە وڵاتانی دیکەی خۆراوادا بڵاوەیان کرد. ئەمان پێچەوانەی کۆچبەران و کۆمپانیاکان، بەدوای هەلی کاری باشتر و دەرفەتی وەبەرهێناندا نەدەگەڕان و هیچ سوودێکیان لەو جیهانەدا نەدەبینی کە لە دروستبووندا بوو. ئەمان بەو ئامرازانەی جیهانگیری فەراهەمی کردبوو کەوتنە دژایەتیکردنی جیهانگیری و باڵەخانەی بازرگانی جیهانییشیان، کە سیمبۆلی جیهانگیری بوو، بە ئامانج گرت.
لەلایەکی دیکەوە لە سەرتاسەری جیهاندا، بزووتنەوەیەکی جەماوەریی بۆ دژایەتیکردنی جیهانگیری و لێکەوتە نەرێییەکانی لەسەر چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا پەیدابوو، خۆپیشاندانەکان دژی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانیی لە سیاتڵ، ساڵی 1998، ئەم ناڕەزایەتییانەی بەرجەستە کرد.
هەر لەم سەروبەندەدا، ئابڕووچونێک ڕووی دا و گورزێکی گەورەی لەو متمانەیە وەشاند کە بە بازاڕەکان هەبوو. ئەنجامدانی پرۆسەیەکی گەورەی ساختەکاری، لەلایەن هەردوو گەورە کۆمپانیای ئینرۆن و وۆرڵد کۆم و تێپەڕین بەو سیستەمی چاودێرییەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا کارا بوو، متمانەیان بە بازاڕ لەق کرد.
سەرەڕای ئەم ئاستەنگی و هەڵبەز و دابەزانەش، لەڕووی سیاسییەوە کارەکان، لەسای هاریکاری حکوومەتەکاندا، بەباشی دەچوونە پێش و گیانی گەشبینی لە جیهاندا باڵادەست بوو، لێکەوتەکانی یازدەی سێپتەمبەر تێپەڕێنرا، گۆڕانکارییە داراییەکان کۆنترۆڵ کرا، سازان و هەماهەنگی لەنێوان دەوڵەتە گەورەوارەکانی جیهاندا بەرقەرار بوو. ڕەنگە دروشمی خولی یارییە ئۆڵۆمپییەکانی ساڵی 2008 لە پەکین "یەک جیهان، یەک خەون" باشترین ئاماژەیەک بێت بۆ ئەو سازانەی لەو کاتەدا، لە کاروباری جیهانیدا بەرقەرار بوو.
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، یەکەمین سەرکردەی بیانی بوو، دوای هێرشەکانی یازدەی سێپتەمبەر، پەیوەندیی بە جۆرج بوشی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە کرد و بەڵێنی پشتیوانیکردنی ئەمریکای، لە شەڕیدا دژ بە ئافەتی تیرۆر دووپات کردەوە. هەروەها دوای هێرشەکانی یازدەی سێپتەمبەر بە سێ مانگ، ئەندامانی ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی، پێشوازییان لە بەئەندامبوونی چین لە ڕێکخراوەکەدا کرد و لە ساڵی 2013 دا ڕووسیاش بوو بە ئەندام. لە ساڵی 2006 دا دادگای هیوستن چواردە ساڵ زیندانیی بۆ جیف سکیلینگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی کۆمپانیای ئینرۆن بڕییەوە و کینیس لای، سەرۆکی جێبەجێکاری پێشووتری کۆمپانیاکەش بەر لە دادگاییکردنی، گیانی سپارد.
پێنجەم: درزبردنی جیهانگیری
لەگەڵ جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، جارێکی دیکە پرسی ئاسایشی نێودەوڵەتی هاتەوە پێشەوە و لە لوتکەی لەپێشینەکانی کارنامەی سیاسی واشینگتۆندا جێگەی خۆی گرت. لە 20/3/2003 شدا جارێکی دیکە شەڕ هەڵایسا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بیانووی ڕزگارکردنی جیهان لەدەست دەوڵەتێکی ناووکیی شیمانەکراو، عێراقی داگیر کرد.
جەنگی داگیرکردنی عێراق درزێکی گەورەی کردە ئەو سازان و هەماهەنگییەی کە لەسەر ئاستی جیهان لە ئارادا بوو. نەک هەر چین و ڕووسیا و دەوڵەتە دۆستەکانی ئەمریکا لە کۆمەڵەی حەوت دەوڵەتە پیشەسازییە گەورەکە (G7) و دەوڵەتە دۆستەکانی ئەمریکا لە ڕێکخراوی هاوپەیمانێتی باکووری ئەتڵەسی (NATO) وەک ئەڵمانیا و فەڕەنسا، بەڵکوو لە هەر پێنج کەسی ئەوروپایی چوار کەسیان دژی داگیرکردنەکە بوون. جەنگەکە جیهانی، جیهانێک کە بە ئاشتی ڕاهاتبوو، تووشی شۆک کرد.
دوای ئەم جەنگانە، دەروازەی پێشێلکردنی ڕێساکانی نەزمی نێودەوڵەتی بەئاشکرا کەوتە سەر پشت و ئەو بەهایانەی جیهانگیری لەگەڵ خۆیدا برەوی پێدان، پشتگوێ خران و کەلێنەکانی جیهانگیری فراوان بوون. عەقڵییەتی فراوانخوازیی ڕووسیا گەشایەوە، لە ساڵی 2014 نیمچە دورگەی قرمی دابڕی و کردییە بەشێک لە خاکی خۆی، دواتر و لە لە ساڵی 2022 شدا پەلاماری ئۆکرانیای دا. سەرپێچییەکانی چین و هەوڵە فراوانخوازییە دەریاییەکانی و ڕەفتارە هەڕەشە ئامێزەکانی لەبەرانبەر دەوڵەتە دراوسێکانی و پشتگوێخستنی ڕێساکانی جیهانگیری پەرەی گرت. وا دەردەکەوت سەرکردەکانی ڕووسیا و چین نەیانەوێت دەوڵەتەکانیان بەتەواوی تێکەڵی نەزمێکی ئابووری، کە دەوڵەتانی خۆراوا سەرپێیان خستووە، بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، ململانێی نێوان کۆمپانیاکانی بواری گەیاندن و تەلەفوونی مۆبایل، هەروەها پشتگوێ خستنی مافی داهێنان و مافی خاوەندارێتیی کۆمپانیاکان، بوون بە ئاڵنگارییەکی ڕاستەقینە. لە سەرەتاوە، دەسەڵاتدارانی چین هیچ بایەخێکیان بە پاراستنی مافی خاوەندارێتیی فیکری ئەو کۆمپانیا خۆراواییانە نەدەدا، کە دەچوونە ناو وڵاتەکەوە و بەردەوامیش بوون لەسەر ئەم سیاسەتە. لەهەمان کاتدا، کۆمپانیا چینییەکان کێبەرکێکارێکی بەهێز نەبوون لە بواری تەکنەلۆجیادا و خاوەندارێتیی فیکرییان ئەوەندە نەبوو کە شایانی باس بێت.
ئەو ڕایەڵە بازرگانییەش خۆراوای بە بازاڕە کراوە نوێیەکانەوە دەبەستەوە، سوودێکی بێشوماری بە دەوڵەتە خۆراواییەکان دەگەیاند و داهاتەکەی فریودەر بوو؛ بەکاربەر و بازاڕ و هەلی نوێی بۆ ئابورییەکانیان دەڕەخساند؛ هەروەها لەخۆباییبوونی کۆمپانیا خۆراواییەکان، کە پێیان وابوو داهێنانەکانیان بەردەوام دەبێت و لە لوتکەدا دەمێننەوە، کارێکی وایان کرد چاو لەم کەموکورتییانە بپۆشرێت. بەڵام دواتر و وردە وردە دەرکەوت ترسی سیاسەتداڕێژەران لەبارەی لەدەستدانی مافی خاوەندارێتیی فیکری، وەهم نییە و دەرکیان بەوە کرد دەستگرتنی بەرنامە بۆ داڕێژراوی چین بەسەر خاوەندارێتیی فیکریی کۆمپانیا خۆراواییەکاندا، تەنها کێبەرکێیەکی بازرگانی نییە، بەڵکوو گۆڕاوە بۆ جۆرێکی نوێ لە ململانێی جیۆسیاسی. پرسەکە گەیشتە ئاستێک هەندێک لە شارەزایانی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکایی تووشی دڵەڕاوکێ بوون و ڕاپۆرتێکیان لەم بارەیەوە ئامادە کرد. ئامادەکارانی ڕاپۆرتەکە گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی کە تێکڕای قەبارەی دزینی نێودەوڵەتییانەی مافی خاوەندارێتیی ئەمریکایی، بێپێشینەیە و ساڵانە خۆی دەدات لە سەدان ملیار دۆلار. هەروەها گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی سەرەڕای بەشداریکردنی ڕووسیا و هندستان و دەوڵەتانی دیکە لە دزییەکەدا، بەڵام 50٪ بۆ 80٪ ی دزینی مافی خاوەندارێتییەکان، لەلایەن چینەوە ئەنجام دەدرێت.
دەستنیشانکردنی دزییەکان و داڕشتنی قانوون، لەلایەن قانوونداڕێژەرانەوە بۆ ڕێگەلێگرتنی سوودێکی ئەوتۆی نەبوو، چونکە مافی خاوەندارێتییەکان لە دەرەوەی سنوور و لە وڵاتی چین دەدزران. سەرەنجام هەندێک لە سیاسەت داڕێژەران، گەیشتنە ئەو بڕوایەی کۆمپانیا سەرکەوتووەکانی چین لە کەرتی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوودا، مەترسین بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی و، پێویستە بەرهەمەکانیان لە کەرتە هەستیارەکاندا بەکارنەهێنرێت. سەرباری ئەم کەلێنانە، بێمتمانەبوونی خەڵکی بە جیهانگیری و ڕەنگدانەوەی لێکەوتە نەرێییەکانی جیهانگیری لەسەر ژیانی زۆرینەی خەڵک و پشتگوێخستنی هاوڵاتییانی سادە و فراوانبوونی کەلێنی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندان، هۆکارگەلێکی دیکەبوون بۆ فراوانتر بوونی درز و کەلەبەرەکانی جیهانگیری.
لە مانگی چواری ساڵی 2016 گەنجینەیەکی گەورەی بەڵگەنامە دزەی کرد و کەوتە دەست ڕۆژنامەوانان، کە بە "بەڵگەنامەکانی پەنەما" ناوبانگی دەرکرد و 11.5 ملیۆن بەڵگەنامەی لەخۆ دەگرت. ئەمەش گومانەکانی لەبارەی دەستەبژێری جیهانییەوە زیاتر کرد و نایەکسانیی لە داهاتدا بەڕوونی خستە ڕوو. دوای مانگێک لە ئاشکرابوونی ئەم ئابڕووچوونە و کاتێک ڕاپرسییەک لەناو گەلانی جیهاندا ئەنجام درا، لە هەر پێنج کەسێک چواریان پێداگر بوون لەسەر ئەوەی لە جیهاندا دوو جۆر قانوون هەیە: جۆرێکیان بۆ دەوڵەمەندان و جۆرێکیان بۆ کەسانی دیکە.
لە مانگی تشرینی دووهەمی ساڵی 1999 دا ویلایەتی ئۆهایۆ لە ئەمریکا، نزیکەی 200 هەزار وەزیفەی خاوەن کرێی باڵای لەکیس دا، هەرچەندە بەشێکیان بەهۆی خستنەگەڕی ئامێرەوە لەبواری پیشەسازیدا بوو. هەروەها لەنێوان ساڵانی 1982-2014 ڕێژەی خستنە سەر کاری کۆمپانیا فرە ڕەگەزە ئەمریکاییەکان لە دەرەوەی ئەمریکا لە 30٪ ەوە بۆ 60٪ بەرز بووەوە و لەنێوان ساڵانی 1980 و 2017 ژمارەی ئەو هاوڵاتییە ئەمریکاییانەی لە کەرتی پیشەسازیدا کاریان دەکرد، لە 20 ملیۆنەوە بۆ کەمێک زیاتر لە 12 ملیۆن دابەزی.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی ناوەندی توێژینەوەی پیو (PEW) لە ساڵی 2015 دا، 78٪ ئەمریکاییەکان پێیان وایە کەلێنی نێوان دەوڵەمەندان و هەژاران گرفتێکی گەورەیە بۆ دەوڵەت. ئەم ڕێژەیە لە ئەفریقیا هەڵدەکشێت بۆ 93٪ و لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ 74٪ و لە ئاسیا و ئەمریکای لاتینی بۆ 82٪ و لە ئەوروپاش بۆ 92٪.
لەگەڵ ئەم کەلێن و کەلەبەرانەدا، موژدەکانی جیهانگیریش نەهاتنەدی: جیهانێکی باشتر دروست نەبوو؛ ناکۆکی و لێکترازانەکان نەک هەر بنەبڕ نەبوون، بەڵکوو زیادیشیان کرد؛ سەرەڕای فەراهەمبوونی شمەک و کاڵای هەرزان، هاوڵاتییان ئاسوودەتر نەبوون؛ کێبەرکێیەکی نادادپەروەرانە لە کاروباری بیزنسدا هاتە ئارا؛ چین و ڕووسیا نەک هەر نەبوونە دوو دەوڵەتی دیموکراسی، دەستدرێژکارتر و ستەمکارتر بوون؛ ئاستی گۆڕانی کەش و هەوا هەڵکشا و جیهانی بەجیهانییبوو سەرکەروتوو نەبوو لە مامەڵەکردن لەگەڵ وەها گرفتێکی وجودیشدا.
کەواتە، پێشێلکردنی ڕێساکانی نەزمی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی؛ دزینی مافی خاوەندارێتیی کۆمپانیاکان؛ ناسەقامگیری و نادڵنیایی ڕەوشی ناوخۆیی ئەو وڵاتانەی ئابوورییەکەیان لە باری وەرچەرخاندا بوو، لە ئابووریی ناوەندی و ئاڕاستەکراوە بۆ ئابووریی بازاڕ؛ هەروەها دەسەڵاتگەرێتیی و فراوانخوازیی؛ پشتگوێ خستنی بەهاکانی جیهانگیری؛ بێمتمانەیی هاوڵاتییان و پەرەگرتنی نادادپەروەری، گەرای ئەو گرفتانە بوون لە هەناوی پێواژۆی جیهانگیریدا گووران. دواجاریش ئەم گرفتانە تەشەنەیان سەند و لەگەڵ دوو ڕووداوێکی دیکەدا (هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ و بریکزیت) یەکیان بڕی و کارێکیان کرد، جیهانگیری بگاتە سەر کەلی ئاوابوون.
شەشەم: ترامپ و جیهانگیری
ئەلیزابێس، بەشێکی تەواوی کتێبەکەی بۆ کاریگەرییەکانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەسەر کۆتاییهاتنی جیهانگیری تەرخان کردووە و بە ڕای نووسەر، هەڵبژاردنی ترامپ گورزێکی گەورەی لە جیهانگیری سرەواند. باسکردنی کاریگەرییەکانیش لە جوغزی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترامپدا کورت بووەتەوە، چونکە کتێبەکە لە ساڵی 2024 دا دەرچووە و، ئەوکاتیش ترامپ بۆ جاری دووهەم هەڵنەبژێردرابووەوە.
بە ڕای نووسەر، لە دوای ناڕەزایەتییەکان دژی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی لە سیاتڵ ساڵی 1998، بریکزیت و دەرچوونی ترامپ دوو توندترین کاردانەوەی سیاسی بوون دژ بە جیهانگیری. لە ئەمریکا و بەریتانیا یەکەمین و پێنجەهەمین گەورە ئابووریی جیهان، زیاتر لە هەشتا ملیۆن کەس، پاڵێوراوێک و ڕاپرسییەکیان یەکلا کردەوە، کە دژی بازرگانیی ئازاد و سنووری کراوە و ئامێزانکردنی ئابووریی هەرێمی بوون.
ترامپ دوای نزیکەی سێ دەیە لە نووسینی نامە کراوەکان و تۆمەتبارکردنی ژاپۆن. خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا پاڵاوت، دەنگدەرێکی زۆری لە دەوری خۆی کۆ کردەوە، ئەمجارەیان دەوڵەتی چینی تۆمەتبار کرد بە سوود وەرگرتنێکی نادادپەروەرانە لە جیهانگیری.
لە 17/1/2017 ترامپ سوێندی دەستووریی خوارد و بوو بە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. هاتنی ترامپ گورزێکی کەمەرشکێن بوو بۆ جیهانگیری و لە وتاری دەست بەکاربوونیدا ئەم نەیارییە بەرانبەر جیهانگیری، بەڕوونی دەرکەوت. سەرۆک ترامپ لە وتارەکەیدا وتی: "ئەمڕۆ تەنها دەسەڵات لە ئیدارەیەکەوە بۆ ئیدارەیەکی دیکە و لە پارتێکەوە بۆ پارتێکی دیکە ناگوێزینەوە، بەڵکوو دەسەڵات لە واشینگتۆنی پایتەختەوە دەگوێزینەوە و دەیگێڕینەوە بۆ ئێوە، ئێوە ئەی گەل".
یەک ڕۆژ دوای دەست بەکاربوونی ترامپ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، ناچێتە پاڵ ڕێکەوتننامەی هاوبەشیی هەردوو بەری زەریای ئارام (Trans-Pacific Partnership)، ترامپ بۆخۆیشی لە واشینگتۆن دەستی بە دەرکردنی فەرمانە جێبەجێکارییەکان کرد: فەرمانیدا بە دروستکردنی نووسینگەی بازرگانی و پیشەسازیی؛ هەروەها فەرمانێکی جێبەجێکاریی دەرکرد بە ناوی "شتی ئەمریکایی بکڕە و ئەمریکایی بخە سەر کار". فەرمانێکی دیکەی دەرکرد بە ناوی "وەستانەوە بەڕووی ڕێکەوتننامەی بازرگانی و سەرپێچییەکانیدا". ئەمانە سەرەڕای دەرکردنی چەندین فەرمانی دیکە لە چەند مانگی سەرەتای دەستبەکاربوونیدا، بۆ نموونە، نەیهێشت کۆمپانیایەکی سەرمایەی وەبەرهێنانی چینی، کۆمپانیایەکی گەورەی ئەمریکایی لە بواری نیمچە گەیەنەرەکان (أشباه الموصلات) دا بکڕێت.
ترامپ نیازی ئەمریکای بۆ پاشەکشێکردن لە نەخشەی کاری هاوبەشی سەراپاگیر (Joint Comprehensive Plan of Action)، ئەو ڕێکەوتننامەی کە بە "سەفقەی ناوکیی ئێرانیی" ناسراوە، ڕاگەیاند. لە مانگی ئایاری 2018 ئەمریکا لە ڕێکەوتننامەکە کشایەوە و سزاکانی ئەمریکا خرانەوە سەر ئێران. دوای کشانەوە و نوێکردنەوەی سزاکانی ئەمریکاش، کۆمپانیاکان دەستیان بە پاشەکشە لە ئێران کرد. سەرەڕای ئەم کارانە، ترامپ بە بیانووی ئاسایشی نەتەوەییەوە، دەستی بە سەپاندنی تاریفەی گومرگیی بەسەر ئەو کاڵایانەشدا کە لە دەوڵەتە دۆست و هاوپەیمانەکانی ئەمریکاوە هاوردە دەکران، کرد؛ ئەمەش بۆخۆی پێشێلکردنی ڕێساکانی ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی بوو.
حەوتەم: سەرەولێژبوونەوە و کۆتاییهاتنی جیهانگیری
لەو پێشەکییەدا کە نووسەر بۆ چاپی عەرەبی کتێبەکەی نووسیوە، ئاڵۆزییەکانی دەریای سوور دەکاتە دەستپێک و بە دەرکەوتنی شێوازێکی نوێی ململانێ و بە هەڵمەتێکی بەرنامەبۆداڕێژراو، دژ بەو کاروبارانەی کە بە جیهانیی بوون، لەقەڵەمی دەدات.
سەرەڕای هەوڵی هێزە دەریاییەکانی خۆراوا و بەئامانجگرتنی حووسییەکانی یەمەن لەسەر زەوی، لەلایەن هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیاوە، کەچی هێرشەکان بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکان هەر بەردەوامن و جموجوڵی دەریاوانی داویەتی لە کزیی، بەجۆرێک تێپەڕینی کەشتییەکان بە نۆکەندی سوێس-دا، کە دەریای سوور بە دەریای ناوەڕاستەوە دەبەستێتەوە، بە ڕێژەی دوو لەسەر سێ پاشەکشەی کردووە.
کەشتییە خۆراواییەکان، بەتوندی ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە و دەکرێنە ئامانج، بەجۆرێک سەرەڕای تێچووی زۆر، ناچار بوون ئاراستەی هاتوچۆی ئاویی خۆیان بگۆڕن و ڕێڕەوی لوتکەی ئاواتی چاک بەکاربهێنن. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و سێرە لەسەرگرتنە لەم پرسەدا، بە تەنها کەشتییە خۆراواییەکان ڕووبەڕووی هێرش و پەلامار دەبنەوە. لە جەرگەی ئەم ئاڵۆزییانەدا، کەشتییە چینی و ڕووسیاییەکان بەئارامی کەشتییەوانیی خۆیان دەکەن و بەم ڕێڕەوە ئاوییەدا تێپەڕ دەبن بەبێ ئەوەی هیچ ئاستەنگێکیان بێتە بەردەم.
لەلایەکی دیکەوە و لەساڵی 2022 دا، ڕووسیا پالاماری ئۆکرانیای دا و پێکاهەڵپژان؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چین لەسەر سروشتی پێکەوەژیانیان پێکەوە، ناکۆکی کەوتە نێوانیان؛ مەترسیی تێوەگلانی چین لە جەنگێکی هاوشێوەی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، لەگەڵ تایوان لە ئارادایە. دوو جەمسەری نوێ لە دەرکەوتندان و پێچەوانەی دوو جەمسەرەکەی جەنگی سارد، ئەم دوو جەمسەرە پشت بە وەلائی سەربازی نابەستن، بەڵکوو پشت بە وەلائی بازرگانی دەبەستن. دەیان کۆمپانیای خۆراوایی لای خۆیانەوە و بەخێرایی لە هەوڵی پاشەکشێدان، لانیکەم لە هێڵی پێشەوەی ئەم بەرە نوێیە. تاکوو سەرەتاکانی ئەم دەیەیەش (دەیەی دووهەمی سەدەی بیست و یەکەم) بڕیاردروستکەران، دوای ئەوەی بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە سوڕی متبووندا بوو، دەستیان بە ئومێدی گەڕانەوەی جیهانگیرییەوە گرتبوو. بەڵام بارودۆخەکە خراپتر بوو.
هەشتەم: ئاوابوونی سەردەمی بێلایەنی و دابەشبوونی جیهان
ئەلیزابێس دەڵێت: "ئێستا، سەردەمی بێلایەنی کۆتایی هاتووە". لەگەڵ توندبوونەوەی ئاستی پشێوییە جیۆسیاسییەکان لەنێوان خۆراوا لەلایەک و چین و ڕووسیا لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیاکان و بیزنسەکانی دیکە بۆیان دەردەکەوێت کە بوون بە ئامانجی ناکۆکییەکان. کاتێک ڕووسیا پەلاماری ئۆکرانیای دا، حکوومەتە خۆراواییەکان دەستیان کرد بە سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیا دا، بەئامانجی پەکخستنی ئابووریی ڕووسیا. بەڵام ڕووسیا پەنای بردە بەر هاوبەشە بازرگانییەکانی دیکە، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی بەهۆی جیهانگیرییەوە دەوڵەمەند بوون، هەروەها لەڕێگەی زەوتکردنی خاوەندارێتی ئەو کۆمپانیا خۆراواییانەی کە هێشتا لە ڕووسیا کار دەکەن، سزای حکوومەتە خۆراواییەکانیشی دا.
پێکدادانی جیهانگیری و جیۆسیاسییەکان، لێکەوتەی مەترسیداری لێ کەوتووەتەوە. لە ساڵی 2023 دا، 69٪ ی زنجیرەی بەرهەمهێنانی کۆمپانیا سنووربڕە خۆراواییەکان، بەهۆی ڕووداوە جیۆسیاسییەکانەوە ڕووبەڕووی پشێوی بووەتەوە. هەروەها 70٪ ی ئەم کۆمپانیایانە وای دەبینن کەلێنی نێوان چین و خۆراوا بەرین دەبێت، لەکاتێکدا تەنها 8٪ ی کۆمپانیاکان وای دەبینن کەلێنەکە بەرتەسک دەبێتەوە. لەلایەکی دیکەوە 74٪ی ئەم کۆمپانیایانە وای دەبینن بەنەتەوەیی کردنی ئابووری (القومية الاقتصادية) و لەبەریەکهەڵوەشانی جیهانگیری ڕوو لە هەڵکشانن.
وادیارە وڵاتان دابەشی سەر دوو بەرە بوون و پێویستە بیزنسەکانیش بەو ئاڕاستەیەدا بڕۆن. ئەو ڕۆژگارە ڕەنگینانە ڕۆیشت کە دەتوانرا پرۆسەی بەرهەمهێنان بگەیەنرێتە ئەو شوێنانەی بەرزترین ئاستی لێهاتوویی لەخۆ دەگرت. لە جیهانێکی دابەشبوو بەسەر دوو بەرەدا (بەرەی خۆراوا و بەرەی کۆمۆنیزمی پێشوو)، هەروەها لەگەڵ وەرچەرخانی تەرازووی هێزی جیهانیدا، ئەو دەوڵەتانەی خاوەنی ئابوورییەکی بەهێزن و سەر بە هیچ یەکێک لەو دوو بەرەیە نین، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان دەبێت. بەڵام ئەم هێزە چۆن وەسوود دەهێنرێت؟
نۆهەم: ئەنجامگیریی
نووسەر ئەنجامگیری دەکات و دەنووسێت "ئەمە چیرۆکی گەشەکردنی جیهانگیری بوو لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە؛ هەروەها گەیشتنە چڵەپۆپە و سەرەولێژبوونەی خێرای جیهانگیری بوو... وادیارە جیهانگیری تەنها چاوەڕوانی بەهێزکردنی گەشەی جیهانی لێ نەدەکرا، بەڵکوو کەمکردنەوەی ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانیشی لێ چاوەڕوان دەکرا. بەڵام حاڵەتەکانی دووبەرەکی لەجیاتی ئەوەی نەمێنن، زیادیان کرد؛ سەرەڕای فەراهەمبوونی کاڵای هەرزان، هاوڵاتیان بەختەوەرتر نەبوون؛ کێبەرکێی نادادپەروەرانە لە کەرتی کاردا سەرەوەر بوو؛ هەردوو لایەنە سەرەکییەکە (ڕووسیا و چین) نەک هەر ئاشتیخواز و بەدیموکراسی نەبوون ، بەڵکوو ستەمکارتر و دژبەرتر یان دەستدرێژکارتر بوون. سەرباری هەموو ئەمانەش ئاستی گۆڕانی کەشوهەوا باڵاتر چوو، جیهانی بە جیهانیبوو، تەنانەت لە مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەم گرفتە جیهانیی وجودییەشدا (گۆڕانی کەشوهەوا) سەرکەوتوو نەبوو. ئەمڕۆ جیهانگیری لە پاشەکشێدایە و ئەم پاشەکشێ هێواشەش لە نزیک ماوەدا سەردەکێشێت بۆ پشێویی".
لەکۆتاییدا، ئەلیزابێس براو دەپرسێت: "بۆچی دوای کۆتاییهاتنی جیهانگیری جیهانێکی باشتر دروست نەبێت؟". دەکرێت سەردەمی پاش جیهانگیری دەرفەتی ئەوەی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتبێت، جیهانێکی باشتر بینا بکەین؟ درێژەی پێدەدات و دەڵێت: پاشەکشێی لەسەرخۆی جیهانگیری، هەلی گەیشتن بە ڕێگەیەکی نوێ بۆ ڕێکخستنی ژیانی هاوبەشمان لەسەر ئەم هەسارەیە بە دەوڵەتە خۆراواییەکان و ناخۆراواییەکانیش دەبەخشێت. هەروەها چەند دەیەیەکیش بە نەوەی هەزارەی سێهەم (نەوەی Z) بە مەبەستی گەیشتن بە پلانێکی باشتر دەبەخشێت. جیهانگیری داڕماو هەلێکە بۆ چاککردنی ئەوەی لە ڕابردوودا لە بیرمان کردووە، یان پشتگوێمان خستووە.
تێبینی:
یەک/ بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی زیاتر، سوود لە چاوپێکەوتنێک وەرگیراوە "ناوەندی ئەلمستەقبەل بۆ باس و لێکۆڵینەوەی پێشکەوتوو" لەگەڵ نووسەری کتێبەکە (ئەلیزابێس براو)، لە ڕێکەوتی 16/7/2024 ئەنجامی داوە.
دوو/ لە چەندین شوێندا و بۆ ناو و چەمکە سەرەکییەکان گەڕاوینەتەوە سەر دەقی ئینگلیزیی کتێبەکە.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved