25/11/2025
خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی "سەرچاوەگەل و دکتۆرینی فاشیزم"

وەرگێڕ و ئامادەکار: فەرھاد ئەکبەری

 

  پوختە

  کتێبی ” سەرچاوەگەل و دکتۆرینی فاشیزم “ یەکێکە لە سەرچاوەگەلی سەرەکیی فاشیزم کە بە دەستی بەناوبانگترین فەیلەسوفی فاشیزم، واتە جیڤانی جنتیلە نووسراوە. سەنگی ئەم کتێبە لە پێشدا لەبەر ڕۆنانی بنەمایەکی ڕامانەیی (تیۆریک) بۆ فاشیزم وەک ئایدۆلۆژییە. ئێمە لەم بابەتەماندا، وێڕای لێکدانەوەی ئەو ئایدیا جیاجیایانەی کە لەم کتێبەدا لەلایەن جنتیلەوە ھاتوونە گۆڕێ، لۆژیکی زاڵ بەسەر پاساوی ئایدۆلۆژیی فاشیزم لە ئیتالیا دەگێڕینەوە. بەتەماین ھێندەی پێمان دەکرێت بسەلمێنین کە ئاخۆ جنتیلە لە داڕشتنی  چوارچێوە ڕامانەیییەکەیدا بۆ نیشاندانی سەرمەشقێکی ڕامانەیی بۆ فاشیزم لە ئیتالیا سەرکەوتوو بووە، یا نا. ئایدیای سەرەکیی لەم بابەتەماندا ئەوەیە کە ھزری سیاسیی جنتیلە لە سۆنگەی ناواخنە ئایدۆلۆژیکەکەیەوە، واقیعییەتی بە دڵخوازی خۆی لێک دەدایەوە و سەروبن شرۆڤەی دەکرد و ئەم ڕێکنەبوونە تەک واقیعییەتیشدا کە ئەزموونی فاشیزمیش ھەر لەو توخمەیە، ئەوەی پێ دەگوتین کە ھزری ئایدۆلۆژیک، توندئاژۆیی و توندوتیژی بۆ ھەتایە بێبنج و بنبۆشە. گەرچی توندوتیژی و توندئاژۆیی لە دەمکورتدا بواریش بۆ دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا خۆش بکەن، لە دەمدرێژدا دەبنە بەڵای سەری خۆیان. وەکی لە ئەنجامگیرییەکەشدا ئاماژەمان پێ داوە، پشتبەستن بە توندئاژۆیی لە سیاسەتی فاشیستیدا، بە یەکێک لە بنەماگەلی ھزری سیاسیی جنتیلە دەژمێردرێت کە دواجار لە پاراستنی فاشیزمدا دۆڕا.

 

    کلیلەوشەکان: فاشیزم، ئایدۆلۆژی، ڕۆحی ئیتالیا، شەڕ، ماتسینیەن

 

    ١- پێشەکی

   ھێزی ھزرگەلی سیاسیی ئایدۆلۆژیک، لە دەمکورتدا سەرسوڕھێنەرە، بەڵام چارەنووسی گشتیان وێک دەچێت؛ ئاوابوون و تێداچوون یان لانیکەم دامرکانی کەفوکوڵی ڕێبازەکان و پاڵدان بە سیاسەتێکی ئاوەزمەندانەوە. ئەم چەشنە ڕامانە (تیۆریییە) سیاسییە، تایبەتی کۆمەڵگە مۆدێڕنەکانە. فاشیزمیش وەک یەکێک لە دیاردەگەلی سەدەی بیست، ھێشتا پرسیاری زۆری لەپاش خۆی بەجێ ھێشتوون. پرسیاری بنەڕەتی ئەمەیە کە سەرچاوەی فاشیزم لە کوێیە؟ ئەم پرسیارە بۆیە بەبایەخە کە فاشیزم نە لە ھەناوی کۆمەڵگەلی جیھانی سێیەمەوە، بەڵکوو لە ھەناوی کۆمەڵگە مۆدێڕنەکانەوە سەری ھەڵدا. ئاخۆ دەرکەوتنی فاشیزم لەسۆنگەی تایبەتمەندییە ئایدۆلۆژیکەکەیەوە بوو؟ داخوا فاشیستەکان دیاردەکانی دەردووری خۆیان سەراوبن سەیر دەکردن؟ بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە، سەرەتا دەبێ تایبەتمەندییە ئایدۆلۆژیکەکەی فاشیزم تاوتوێ بکەین؛ چونکە ئێمە وای بۆ دەچین کە فاشیزم فەلسەفە نییە بەڵکوو ئایدۆلۆژییە. بۆ ئەوەش کە مانای جێ مەبەستی خۆیان لە ئایدۆلۆژی ڕوون بکەینەوە، چارمان نییە کە لەڕێی چییەتیی ئایدۆلۆژییەوە بگەڕینەوە بۆ سەرچاوەکانی فاشیزم.

 

  ھەر لەو دەمەوە کە دێستوت دێ تراسی (Destut De Tracy) (١٧٥٤-١٨٣٦) بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٧٩٦ زاراوەی ئایدۆلۆژیی بە مانای مەیدانی ” ھزرناسی“ ی بە چاولێگەری لە ناوگەلی تری بواری زانست وەک زیندەزانی، زیندەوەرناسی، زەوی ناسی کەڵکی وەرگرت ( ٣٥٣ : ١٩٧٩ Kennedy)  لەسەر چییەتیی ئایدۆلۆژی بووەتە گەنگەشە. لێ باسی ئەوەش دەکرێت کە ئایدۆلۆژییەکان لەچاو دکتۆرینەکان بە سەروبەرتر و ڕێکوپێکترن و ھەروەھا لەھەمبەر نوێگەریدا داخراوتر، ڕەقتر و چەقترن. لایەنی سۆزدارانە لە وەشان و داکۆکی لێیان خورتترە و دەبێت شوێنکەوتوانتیان سەرلەپێناوتر بن ( بودن ١٣٨٨: ٣٧). دەکرێت بێژین سەرپاکی ئەم تایبەتمەندییانەش لە فاشیزمدا دەرکەوتن.

 

   بەڵام لێکدانەوە و پێناسەی ئایدۆلۆژی وەک جۆرێک لە ڕوانگەی سەراوبن بۆ جیھان، کە لەلایەن ھزرڤانانی چەپیشەوە دانی پێدا نراوە، لەچاو پێناسەگەل تر باوترە؛ مانھایم پێی وایە ھزری ئایدۆلۆژیک جۆرێک نالەباری و پاساودانەوەیە  (Distortion). ئایدۆلۆژی چەشنێکی خاسمانیی پاساودانەوەیە کە باشاری شرۆڤە و ھۆدۆزی ”کەتوارگەل (واقیعگەل) نوێی پێوەندیدار بە کەتوارێکەوە“ ناکا و لە ھەوڵی ئەوەیە تاکوو لە چوارچێوەی باسوخواسی لاوەکیدا لەو کەتوارانە ڕامێنێت و پەردەپۆشیان بکا (لارین ١٣٨٠: ١٤٠). ھەربۆیە ئایدۆلۆژی کەتوار خواروخێچ و نالەبار پیشان دەدا.

 

 فرۆید (١٨٥٦- ١٩٣٩) پێی وایە ئایدۆلۆژی بەرھەمی میکانیزمی گواستنەوە (Transportation)  یان لاشانی  (Projection)ی دەروونناسانە لەلایەن مرۆڤەوەیە. ئەم ڕەوشە، دەگەڕێتەوە بۆ جۆرگەلی دەروون شێوانەکانی وەک پارانۆیا؛ لەم ڕێگەیەوە بە ڕاگواستنی ھاندەرە دەروونی و ناوەکییەکان بۆ ناو سنووری ژیانی بابەتی، پێناسەکان نالەبار و نەپێک دەبن. بە بۆچوونی فرۆید، دەروون شێواو لەم دۆخەدا ھەست بە نەخۆشیییەکەی ناکات، بۆیە دەکەوێتە پاساوھێنانەوە بۆ ھاندەرە دەروونییەکانی خۆی؛ ڕێک چۆن دەروون شێواوێک بۆ شاردەنەوەی ڤینەکانی، بۆ پاساوی دەرەکی دەگەڕێت. چونکە کۆمەڵگە ھاندەرە واڕسکەیییەکانی پێ ھەرس ناکرێن، جا بۆیە دەروون شێواوەکە ھەوڵ دەدات بەرگێکی ئاوەزپەسندیان بە بەردا بکات و پاساویان بداتەوە. (ھەمان: ١٠١). ھەروەک دیارە، فرۆیدیش وەکی مارکس ئایدۆلۆژیا وەک نیشانەی نەخۆشی دەزانێت، بەڵام ناوبراو پتر لە باری  دەروونناسییەوە لێکی داوەتەوە.

 

  ویلھیلم ڕایش (١٨٩٧- ١٩٥٧)یش ھەر لەسەر بنەمای بۆچوونەکەی فرۆید، ئایدۆلۆژیی فاشیزمی لێک داوەتەوە و ھۆکاری دەرکەوتنی فاشیزم بۆ جۆرە نەوەکامی و دۆڕانێکی جینسی دەگێڕێتەوە. ڕایش پێی وایە، ”ئایدۆلۆژیی نەژادی نیشانەی نەخۆشییە؛ ڕەنگێکی ڕووت لە پێکھاتەی  کەسایەتیی مرۆڤدایە کە ناتوانێت بگاتە لوتکەی چێژی جینسی.“ (ھەمان). زۆربەی ئەو دەروونئاژۆڤانەی کە کەسایەتیی ڕێبەرانی فاشیزم و نازیزمیان شی کردووەتەوە، لەسەر ئەم بۆچوونەن. 

 

   تایبەتمەندییەکی تری ئایدۆلۆژیا کە لە پێناسەکەی جنتیلە لە فاشیزمدا دیارە، ئەوەیە کە جۆرە کردەکارییەکی تێیدا بەدی دەکرێت. لە مانا بەرینەکەیدا، لە زاراوەی ئایدۆلۆژیا وەک ”ئایدۆلۆژیای کردەکی“ یان گەیەنەری کەموزۆر ناوشیارانەی کرداری باو کەڵکی وەرگرتووە. ھەر ئەو پێناسەیەش  کە مارکس کردوویەتی، لەلایەن ئەنتۆنی گرامشی و لویی ئەلتووسەریشەوە پەرە دراوە و پێناسەیەکی پەسندی لێ دەرچووە (ئەلیۆت ١٣٨٣: ١٠٩).

 

  جنتیلە ناوە ناوە لە ”سەرچاوەگەل و دکتۆرینی فاشیزم“دا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە نابێت وەک ڕامانە یان فەلسەفەیەکی ڕووت سەیری فاشیزم بکەین؛ بەڵکوو فاشیزم جۆرە مۆدێلێکی کردەکارییە. کەوابوو، نابێت شرۆڤەی فاشیزم تەنێ لە بواری ڕامانەییدا کورت بکرێتەوە؛ ئەم خاڵە کە ئاماژە بە ئەرکی سەرەکیی ئایدۆلۆژیا، وەک یەکخستنی ھزر و کردەیە (١٣ : ١٩٨٤Kerlinger)، ڕاستییەکە کە فاشیزمیش دەگرێتەوە. ئەم بۆچوونە لەمەڕ ئایدۆلۆژیا وای کردووە کە مووسکا ناوی ” فورمول یان هاوکێشەی سیاسی“ی لێ بنیت (٧٠ , ٢٠١٥Musca).  وا دیارە لەو شرۆڤەیەدا کە جنتیلە لە فاشیزمی کردووە، دەکرێت تایبەتمەندیگەلی ئایدۆلۆژیایەک بەدی بکەین؛ خاڵی یەکەم ئەوەی کە فاشیزم فورمولبەندییەکی ڕوون، توکمە و نۆژەن لە جیھانی خۆی بەدەستەوە دەدات؛ خاڵی دووەمیش، فاشیزم خێچ و سەراوبن سەیری جیھانی دەردووری خۆی دەکات و ھەوڵ دەدات بەرگێکی دیمۆکراتیک و ئازادیخوازانە بە بەر کردەکانیدا بکا و پاساویان بۆ بێنێتەوە؛ خاڵی سێیەمیش، بە پشتبەستن بە بۆچوونەکانی فرۆید و ڕایش، فاشیزم جۆرە نەخۆشییەکە  دەبێت لە دەروونی فاشیستەکاندا بۆ ڕیشەکەی بگەڕێین؛ خاڵی چوارەمیش، فاشیزم جۆرە ڕێکار و ڕێڤاژۆی (میتۆدی) کردەکییە و لە ھەوڵی ئەوەدایە پاز بە سەر ئەو ئایدیا ڕووت و باسوخواسە ڕۆشنبیرانەدا بدا کە جنیتلە بە ھەڵچوونگەرییان دەزانێت. لەڕێی نەخشاندنی ئەم تایبەتمەندییانەی فاشیزمەوە، دەکرێت تێزی ”سەرچاوەگەل و دکتۆرینی فاشیزم“ بەرھەمی جنتیلە بنرخێنین. بەرھەمێک کە بووە بنەمای سەرەکیی توندوتیژی و توندئاژۆیی فاشیزم یان لانیکەم پاساوی دایەوە و بواری ڕامانەیی بۆ ئایدیاگەلی فاشیستی لەمەڕ دەسەڵات دابین کرد، لێ دواجار نەیتوانی ڕێ لە داڕمانی فاشیزم بگرێت.

 

٢- پێگەی بەرھەم و نووسەر

 

 جیڤانی جنتیلە (١٨٧٥- ١٩٤٤) لە ساڵی ١٨٧٥ لە ناوچەیەکی سەر بە دوورگەی سیسیل لە ئیتالیا لەدایک بوو و گرنگترین قۆناخی گەشە ھزرییەکەی ھاوکات بوو لەگەڵ سەرھەڵدانی فاشیزم لە ئیتالیادا. جنتیلە لە باری ھزرییەوە لەبن باندۆری ھەندێک لە ھرزڤانانی ئیتالیی وەک ماتسینی، ڕۆزمینی و جیوبرتیدا بوو و ھەروەھا لە بۆچوونەکانیدا باندۆری فەیلەسوفە ئایدیالیستەکانی وەک ھێگڵ، مارکس، فیختە و نیچە بەدی دەکرا. بەتایبەت زۆر کەس پێیان وایە کاریگەریی چەمکی بەرزەمرۆڤی نیچە لەسەر بۆچوونگەلی ھزریی ناوبراو زۆر زەقە.

 

  کتێبی ” سەرچاوەگەل و دکتۆرینی فاشیزم“ یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی فاشیزم کە لەلایەن جیڤانی جنتیلە فەیلەسوفی نۆھێگڵی نووسراوە. جنتیلە خۆی وەک ”فەیلەسوفی فاشیزم“ دەناساند و ئایدیالیزمەکەشی، ناو نابوو ئایدیالیزمی ڕاستەقینە (Actual Idealizm)  کە لەھەمبەر ئایدیالیزمی ترەنسیندێنتالی کانت و ئایدیالیزمی ڕەھای ھێگڵدا بوو. جنتیلە پێی وابوو، بەپێچەوانەی ئایدیالیزمی زەینی، لە ئایدیالیزمە واقیعییەکەی ناوبراودا، دەرکەوتنی ئایدیاگەلی نوێ پەیوەستن بە ڕەتکردنەوەی کردەکی و توندوتیژانەی ئایدیا کۆنەکانەوە و، لەم پێناوەدا ڕۆڵ و ڕستی پێشەوای سیاسی سەرەکییە. بەکردەکییش پلەی ” پێشەوا“ لە فاشیزمدا لە سەروو پلەیەکی ئاسایییەوەیە. ئەرکی پێشەوا لە فاشیزمدا ئەوەیە کە ” یەکبوون“ی ڕەھای میللەت دەپارێزێت؛ دابەشکردنی میللەت بەسەر وردەیەکەی وەک چین یان ھەر گرووپێکی کۆمەڵایەتیی تردا، لە دەسەڵاتی دەوڵەت کەم دەکاتەوە. بایەخی پەرگالی ”تەک حزبی“ لە فاشیزمیشدا ھەر لەم سۆنگەوەیە. کەوابوو، فاشیزم دژی دیموکراسی و ئاشتیخوازییە و داکۆکی لە میلیتاریزم، شەڕئاژۆیی و قارەمانپەروەری دەکات.

 

  جنتیلە و بۆچوونە ھزرییەکانی لەو دەمەدا لەھەمبەر بۆچوونەکانی بندیتۆ کرۆچە (١٨٨٦- ١٩٥٢) فەیلەسوفی لیبراڵی بەریتانیاییدا بوون. لەلایەکی ترەوە، جنتیلە پێی وابوو شرۆڤەی دیاردەی فاشیزم دەبێت لە چوارچێوەی ئەو ھەمەگەری  (Holism)ە باوەدا بێت. ناوبراو بەتەما بوو بوو تاکوو ئەو پێگەیەی کە مارکس لەناو کۆمۆنیستەکاندا ھەیەتی، لەناو فاشیستەکاندا بۆ خۆی مسۆگەری بکات. بەلای ناوبراوەوە، دەوڵەت ھێمای ھەرەبەرزی یەکبوون بوو کە چارەنووسی پێوە بەندە؛ دەوڵەت ئەو تاقەڕەھایەیە کە سەرپاکی تاکەکان تەنێ لەودا دەبنە خودان مانا و ناسنامە؛ سەرجەم ئەم تاکانە، ھەر ئەو ” میللەت“ یا (Volk)ەن کە چەمکێکە لە سەروو تاکەتاکەی ئەندامانی کۆمەڵگەوە و، دەوڵەتیش وەک دەرکەوتەی ئیرادەی ڕەھایەتی. ناوبراو لە بابەتەکەی بە ناوی ”بنەمای فەلسەفیی فاشیزم“دا دەوڵەت بە ناوک و ناسنامەدەری مرۆڤەکان دەزانێت و دەڵێت کە دەوڵەت دەبێ چاوەدێریی سەرجەم ھەڵسوکەوتەکانی ئەندامانی بکا (٣٠٠  : ١٩٢٨Gentile). دروشمەکەی جنتیلە برێتی بوو لە: ”ھەموو شتێک لەپێناوی دەوڵەتدا، دەستبەردانەوە لەھەمبەر دەوڵەتدا، ھیچنەکردن لە دەرەوەی دەوڵەت“دا بوو. ھەر ئەم دروشمە لە ڕاگەیەندراوی فاشیزمی ئیتالیادا ئا بەم چەشنەیە: ” میللەتی ئیتالیا گشتێکی زیندوو یان ئۆرگانیکە کە ژیان، ئارمانج و ئامرازی کردەکیی دابینبوونیان، لە سەروو دەسەڵات و تەمەنی ئەو تاکانەوەیە کە دایانمەزراندووە“ (ڤینسنت ١٣٨٦: ٢٢٤). 

 

  بەپێی ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کرد، دیارە کە کتێبی ”سەرچاوە و دکتۆرینی فاشیزم“ چەندە لە ناو بەرھەمگەلی سیاسیی سەدەی بیستەمدا کاریگەر بووە. ئایدیاگەلی فاشیستیی یەکبوون، ناسیۆنالیزم، دەوڵەت-تەوەری، شەڕاژۆیی، ماتسینیزم، بۆچوونی جوانی ناسانە لەمەڕ سیاسەت و ھتد، لەو بابەتانەن کە لەم نامیلکەیەدا کەوتوونە بەرباس.



  ٣- مەکیاڤیلی و جنتیلە

 

  لە مێژووی سیاسەتی کردەکیدا، ھەندێک لە بەرھەمگەلی ڕامانەیی دەبنە مانیفێستی سیاسی. ھەر لەم بارەیەوە، کتێبەکەی جنتیلە، وەک میری مەکیاڤیلی بوو بە ڕێبازنامەی سیاسیی بۆ حزبی فاشیست. کتێبی ”سەرچاوە و دکتۆرینی فاشیزم“ بۆ بنیتۆ مۆسۆلینی نووسرا. ئەمەش دەری دەخا کە کتێبەکەی جنتیلە جێگە درەکییەکەی لە چ ئاستێکدا بووە. دوو کتێب لە دیاریکردنی چارەنووسی ھزریی مۆسۆلینیدا باندۆریکی قووڵیان ھەبووە؛ یەکەمیان ”میر“ی مەکیاڤیلی کە ھێندە بەلایەوە بەبایەخ بوو کە بەرگێکی بە دەستنووسی خۆی پێشکەش بە ئەدۆلف ھیتلەر کرد و ئەوی تریشیان ”سەرچاوە و دکتۆرینی فاشیزم“ەکەی جنتیلە بوو. بەڵام ھەر دوو بەرھەمەکەی  دوو ھزرمەندی ئیتالی پێوەندییەکی سەیری ناوەکییان پێکەوە ھەیە.

 

 لەمەڕ مەکیاڤیلی، پێداگرییەکەی ئەلفردۆ ڕۆکۆی (١٨٧٥-١٩٣٥)، فاشیستی ئیتالی، زۆر بەجێیە کە مەکیاڤیلی بە باوک و دامەزرێنەری فاشیزم دەزانێت. ناوبراو پێی وایە “فاشیزم نەک ھەر دکتۆرینەکەی لە مەکیاڤیلیەوە وەرگرتووە، بەڵکوو ھەڵسوکەوتەکەشی لەوەوە فێر بووە.“ (ڤینسنت ١٣٧٨: ٢٠٤) دیارە مۆسۆلینی لەگەڵ ئەوەدا نەبوو کە ھزرمەندە ھاووڵاتییەکەی، مەکیاڤیلی بە باوکی فاشیزم ناو ببرێت، چونکە ئەو پێی وابوو کە مەکیاڤیلی وەک پێویست لە خەمی خەڵکدا نەبوو، لێ فاشیستەکان خەمی خەڵکیان لەبەرە. زێدەباری ئەمەش، مەکیاڤیلی ھزرمەندی دڵخوازی مۆسۆلینی بوو و ”میر“یشی بە بەرزترین بەڵگەی ڕێبەریکردنی سیاسی دەزانی.

 

    ھەروەھا ناکرێت گرنگیی جنتیلە و کتێبی سەرچاوەکانی فاشیزمیش ڕەچاو نەکەین؛ بێ دڕدۆنگی دەکرێت بێژین، ھیچ چەشنە تۆژینەوەیەک لەمەڕ فاشیزم بە بێ گەڕانەوە بۆ بەرھەمکانی جنتیلە، بەتایبەت کتێبی سەرچاوەکان، باشاری لۆژیکی ناوەکیی فاشیزم و ناوەڕۆکەی ناکا. بایەخی ئەم کتێبە بەدەر لەوەی کە جێگەیەکی تاقانەی لە دیرۆکی فاشیزمدا ھەیە، ھەروەھا لەو سۆنگەشەوەیە کە بە دەستی فەیلەسوفێک نووسراوە کە بۆخۆشی فاشیست و ھەروەھا باوەڕی قووڵیشی بە ڕامانەی (تیۆریی) فاشیزم بوو. بۆیە جنتیلە و کتێبەکەی لەم بارەیەوە بوون بە سەرچاوەیەک بۆ فامکردنی ئەم پرسیارە کە ناوەڕۆکی فاشیزم چییە؟

 

 ٤- ناوەڕۆکی فاشیزم

 

 تێگەیشتن لە بۆچوونەکانی جنتیلە لەسەر فاشیزم، بە بێ گەڕانەوە بۆ شرۆڤەگەلی تر لەمەڕ فاشیزم و ناسینی ناوەڕۆکەکەی دەست نادات. ھاوئاسۆیی و ھاودەنگیی لەڕادەبەدەری نووسەر تەک فاشیزمدا، ڕەنگە بە لاڕێماندا بەرێت؛ بۆیە ناچارین پشت بە سەرچاوەی تریش ببەستین. وا باوە کە شوێنی فاشیزم لەناو شەبەنگی ئایدۆلۆژییەکانی سەدەی بیستەمدا لەوپەڕی ڕاستئاژۆییدا دەزانن کە لەگەڵ ناسیۆنالیزمێکی پەڕگردا تێکھەڵکێش کراوە. وشەی ئیتالیی ” Fascismo“ لە ڕەگی لاتینی ” Fasces “ەوە وەرگیراوە کە برێتی بوو لە چەند لقە غان یان ”وزم“ ێک کە پێکەوە دەکرانە کلکەتەور. ئەم ھێمایەش ئەوەی دەسەلماند کە ھێزی تەورەکە لەو لقە ناسکانەوەیە کە بەتەنێ بەرگەی ھیچ ناگرن، بەڵام ئەگەر پێکەوە بن کلکەتەورێکی خورتیان لێ دەردەچێت. فاشیزم ھەر لەبنەڕەتڕا میللەتی لە سەروو تاک دانا؛ بۆیە ئایدۆلۆژیی فاشیزم وەک ناسیۆنالیزمێکی توندڕەوی ھەژموونگەر پێناسە دەکەن (٤٢٤ : ١٩٨٥ larsen).

 

  ھێندک لە قوتابخانەکانی دیرۆکنووسی، فاشیزم وەک جۆرە کولتوورێک دەزانن (١٩٩٥ Bastow). ئەمە لە کاتێکدایە ھێندێکی تر وەک دەرکەوتەیەکی سیاسەتگەلی پاوانخوازانە سەیری دەکەن (Neumann,  ١٩٦٣ Borkenau ١٩٣٩). ئەگەر بۆچوونی کولتووری لەمەڕ فاشیزم بسەلمێنین، فاشیزم بەرھەمی سروشتیی کولتوورێک و بەھا تایبەتەکانییەتی، بەڵام ئەگەر وەک ئایدۆلۆژییەکی سیاسیی تۆتالیتەر سەیری بکەین، ڕامانەیەکی (تیۆرییەکی) چێکراو و دەمکورتە کە کۆمەڵێک ھۆی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە قۆناخێکی مێژووییدا بەرھەمیان ھێناوە. ھەرچۆنێک بێت، زۆربەی تۆژەرانی دیرۆک و سیاسەت بەلای بۆچوونی دووەمدا دەشکێنەوە.

 

سەرھەڵدانی فاشیزم بە پێشەنگایەتیی بنیتۆ مۆسۆلینی (١٨٨٣- ١٩٤٥) لە ئیتالیا بەرھەمی دۆخی نێوان دوو شەڕی یەکەم و دووەمی جیھانی لە ساڵانی ١٩٢٢ تا ١٩٤٥ بوو. دروشمی فاشیزمی ئیتالیا کە ”١٧٨٩ مردووە“ ئاماژەی بەوە دەکرد کە فاشیزم دژی ئارمانجەکانی شۆڕشی فرەنسا و بەھاکانی کە برێتی بوون لە ئاوەزگەری، یەکسانی، برایەتی و ئازادی، ڕاپەڕیوە. فاشیزم دژی ئەم بەھایانە و ھەروەھا بۆ دژایەتیکردنی دیموکراسی، داکۆکیی لە ئارمانجی قارەمانخوازانە کرد کە پێشان لەلایەن مەکیاڤیلی و نیچەوە ھاتبوونە گۆرێ. باندۆری نیچە لە سەر فاشیزم بەڕادەیەک بایەخی پێ دراوە کە ھێندیک کەس ناویان ناوە ” فەیلەسوفی نازیزم“ و ھێندێکی تریش نازناوی ” پەیامبەری نازیزم“یان بە باڵادا بڕێوە. دوو لە کتێبەکانی نیچە، واتە ” ئیرادەی ڕوو لە ھێز “ و ” وای گوت زەردەشت “ لەو بەرھەمانە بوون کە لە ناو نازییەکاندا زۆر پڕلایەنگر بوون. بەدەر لەمەش، چەمکی ”بەرزەمرۆڤ “ی نیچە باندۆرێکی خورتی وای کردە سەر بۆچوونەکانی ھیتلەر کە لە کتێبەکەیدا بە ناوی ”خەباتی من “دا ئاماژەی پێ کراوە (٣٧ : ٢٠٠٥ Taha). ئەو وێنایەی کە لە نازیزمدا لە  ” پێشەوا “ (Fuhrer) بەدی دەکرا، دەبێت سەرەتا لە چەمکی ”میر“ی مەکیاڤیلی و پاشان لە ”بەرزەمرۆڤ“ی نیچەدا بۆی بگەڕێین. گرنگترین فەیلەسوف کە بۆ گونجاندنی بۆچوونەکانی نیچە لەگەڵ ئایدۆلۆژیی نازیزمدا خەباتی دەکرد، ئەلفرێد بووملەر (١٨٨٧- ١٩٦٨) بوو. ئەم فەیلەسوفە ھیتلەری بە ھێمای بەرزەمرۆڤ و ئیرادەی ڕوو لە ھێزی نیچە دەزانی ( ١٧٢ : ٢٠٠٨Whyte). بووملەر لە کتێبەکەیدا بە ناوی ”نیچەی فەیلەسوف و سیاسەتڤان“ ئاماژەی بەوە کردووە کە لە بەرھەمەکانی نیچەدا ڕامانەیەک لەمەڕ دەوڵەت بەدی ناکرێت، لێ زەمینە بۆ ھەموو ڕێیەک لەپێناوی دانانی ڕامانەیەکی نوێ لەمەڕ دەوڵەت خۆش دەکات.

 

  ھەرچۆن بێت، ناکرێت باندۆری ڕۆمانتیسیزمی ئاڵمان بەسەر فاشیزمەوە لەبیر بکەین؛ ئەم باندۆرە بەڕوونی لە لێکدانەوەی ڕۆمانتیکی چەمکی میللەت و پێشەوادا، کە جنتیلەش پێی لەسەر دادەگرێت، دەردەکەوێت. ھەم چەمکی میللەت، ھەمیش پێشەوا، کەوتوونەتە بەرانبەر تاکخوازیی لیبراڵەوە. فاشیزم بەجارێک ”تاک“ی خستووەتە لاوە و پێ لە سەر ئەوە دادەگرێت کە سەرپاکی ئەندامانی کۆمەڵگە لە ئارمانجەکەیاندا ”یەک“ن؛ تاکخوازی و ناسنامەی تاک وەک یەکێک لە بەھاکانی لیبراڵیزم جێ بۆ ناسنامەی کۆ و میللی چۆڵ دەکات و ژیانی سەرپاکی ئەندامانی میللەت، ”لەپێناوی نیشتمان“دا مانا پەیدا دەکات. ھەروەک ئەلفرێدۆ ڕۆکۆ دەڵێت، وێنای تاک لای لیبراڵیزم کە لەبن باندۆری ئەتۆمیزمی زانستی  و ڕامانەی (تیۆریی) میکانیکی دابوو، لە فاشیزمدا جێ بۆ ھەمەگەریی فاشیستی چۆڵ دەکات کە تاک تێیدا تەنێ لەناو کۆمەڵگە و  و دەوڵەتدا دەبێتە خاوەن ناسنامە. ئەم بۆچوونە لەمەڕ مرۆڤ و ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی، بۆ پاساودانەوەی تۆتالیتاریانیزمی فاشیستییە.

 

  لەلایەکی ترەوە، فاشیستەکان ھەم دژی لیبراڵیزم بوون و ھەم نەیاری کۆمۆنیزم. مارکسیستەکان پێیان خۆشە فاشیزم بە یاسای مۆنۆپۆلگەری سەرمایەدارییەوە ببەستنەوە (١٩٧٦ : Eagleton : ١٠٠). بەم ڕەنگە فاشیزم دەبێتە دواقۆناخی فراژۆبوونی سەرمایەداری و لەسەر بنەمای لۆژیکی سەرکوت و ھەڵێنجانی زێدەبایی لە کرێکارانە. گەرچی لەڕاستیدا ھەم ئیتالیا و ھەم ئاڵمانیا لەکاتێکدا ڕوویان کردە فاشیزم کە بووبوونە کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداریی پیشەسازی. (٣٠ : ١٩٩٩Benton). ھەروەھا چەپەکان پێیان وابوو فاشیزم بەرئەنجامی لاوازیی چینی پڕۆلیتاریا لە کۆمەڵگە پیشەسازییەکانە. (مندل ١٣٥٩: ٢٣).

  

 ئەم چەشنە بۆچوونگەلە پتر لە دووی دۆزینەوەی ڕەگوڕیشەی فاشیزمدا دەگەڕێن. ھەروەک پێشان ئاماژەمان بۆ کرد، ویلھێلم ڕایش لە کتێبەکەیدا، واتە ”دەروونناسیی کۆمایی فاشیزم“ ھەوڵی داوە تاکوو شرۆڤەیەکی دەروونناسانەی فاشیزم بکات و ھۆکارەیەلی سەرھەڵدانی فاشیزم بەگوێرەی لۆژیکی دەروونئاژۆیانە لێک بداتەوە. بە ڕای ناوبراو، دەبێت لە ھەناوی سەرکوتی جنسیی قۆناخی منداڵیدا بۆ ڕیشەی فاشیزم بگەڕێین کە دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی توندوتیژیگەلی سادومازۆخیزمی، لە ڕەنگی خۆئازاردان و ئەوئازاردان. ئەم باوڕە لە ھەراشیدا لەشێوەی نالێکیی ئایدۆلۆژیک و خەیاڵپڵاویی سیاسیدا دەردەکەوێت. ھەروەھا ئەریک ئەریکسۆن (١٩٠٢- ١٩٩٤) یش،  ھەر بەپێی ئەم میتۆدە کەسایەتیی ھیتلەری شی کردووەتەوە و ئاماژەی بە ڕۆل و ڕستی نەوەکامیگەلی قۆناخی منداڵیی ناوبراوی لە ھۆگریی سیاسیی ناوبراو لە ھەراشیدا کردووە. ئەریکسۆن پێی وایە لەگەڵ دەرکەوتنی ھیتلەر ”دیرۆک بواری بۆ پیاوێک خۆش کرد تاکوو حەز و مگێزە نیشتمانییەکانی دگەڵ خولیا کەسانییەکانی لێک بدا.“ (ڤینسنت ١٣٨٦: ٢٠٩)

 

  کالینگوود (١٨٨٩- ١٩٤٣) پێی وایە فاشیزم بەرەنجامی دوورکەوتنەوە لە ئازادی و گەڕانەوە بۆ کێویەتییە. بە بۆچوونی کالینگوود، ئازادی ھەر ئەو شتەیە کە مەسیحییەت ھێناویەتی، لێ فاشیزم بەرھەمی دوورکەوتنەوە لە مەسیحیەت و ڕووکردنی مرۆڤی ئیستاکەیە لە کوفر (١٧٠ + ١٩٤٠Collingwood). ھێندێکی دیکەش لەو باوەڕەدان فاشیزم بەرھەمی ڕامانەی (تیۆریی) جۆرە تایبەتگەری و نەژادگەری و دواجار ئیمپریالیزمە (١٢١ : ٢٠٠Grcic). فاشیستەکان بە تەمای زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریای ڕۆم بوون.

 

  یەکێک لە لقە سەرەکییەکانی فاشیزم لە ئاڵمان، لە بیچمی نازیزمدا دەرکەوت. بە ڕای تۆژەران، توخم و پێکھاتەی دەسەڵاتدارەتی لە  فاشیزم و نازیزمدا یەکە و تایبەتمەندیی دەسەڵاتدارەتی لە ھەرتکیاندا تۆتالیتەرانەیە (١٩ : ١٩٩٨Paxton). ھەردووکیان دژی دیموکراسین و لەسەر بنەمای جۆرە نەتەوەخوازییەکی توندئاژۆیانە دامەزراون. بایەخی جنتیلە کاتێک دەردەکەوێت کە ڕۆڵە تاقانەکەی لە فاشیزمی ئیتالیدا ئاشکرا ببێت؛ لەڕاسیتدا، لە کاتێکدا فاشیزمی ئیتالیا، خودان فەیلەسوفێکی بیرمەندی وەک جنتیلە بوو، کەچی نازییەکانی ئاڵمانیا، بیرمەندێکی وەھایان نەبوو. ڤینسنت بەجوانی باسی ئەوەی کردووە کە تەنانەت کتێبی ”خەباتی من“ی ھیتلەریش زێدەباری زمانە کاریگەرەکەی، نەیدەتوانی ببێتە ڕێبازنامە بۆ نازیزستان (ڤینسنت ١٣٨٦: ٢١٦). بەشی سەرەکیی خەباتی ڕامانەیی (تیۆریکی) جیدی لەلایەن نازییەکانەوە پێداگرتن بوو لەسەر میللەت و نەژاد وەک دوو چەمکی ناوەکیی نازیزم، کە پێشان لە کتێبی ” نایەکسانییەکانی نەژادگەلی مرۆڤ“ (The Inequality of Human Races) کە لەلایەن ئارتۆر دو گۆبینۆوە (١٨١٦- ١٨٨٢) ڕامانەڕێژی (تیۆریزە) کرابوو (١٢٣ : ١٩٨١Pennick).

 

  فاشیزم و لقەکانی واتە نازیزم و فاڵانژیزم ھەر سێکیان لەو ئایدۆلۆژیانەن کە بەرھەمی کۆمەڵگەی مۆدێڕنن و ناکرێت لە کۆمەڵی نەریتیدا بەدووی ڕەگوڕیشەکەیاندا بگەڕێین. دەرکەوتنی جۆرە جیاکانی فاشیزم، گەرچی دیرۆکی مرۆڤی بەرەو سەردەمێکی تەماوی پاڵ پێوە ناوە، بەڵام ئەو وانەیەی مرۆڤیشی دادا کە سیستمە تۆتالیتەرەکان تەنانەت ئەگەر بەھێزترین حکوومەتیش پێک بێنن، دواجار ھەر دادەڕمێن. لێ لە کاتێکدا کردەکۆی فاشیزم ھەر تەنێ دەسەڵاتگەلی تۆتالیتەر بووە، کەچی ھێشتا ئایدۆلۆژیی فاشیزم سەرنجی ھەندێک لە لاوانی ئەوروپی و ئەمەریکی بۆلای خۆی ڕادەکێشێت.  دواشێوەی ئەم حەزەش فرە جار تێکەڵی ھەستی نەتەوەخوازیی توندئاژۆیانەیە کە لایەنگرەکانی لە دوویت پێکھێنانی دەوڵەتێکی ساخلەمی ئۆرگانیک و نەتەوەیەکی یەکدەستن کە لە بیانییە مشەخۆر، لیبراڵە ھەرزەکار، سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکان پاک کرابێتەوە (ئەپتەر ١٣٨٠ : ٨٩). 

 

  کتێبی "سەرچاوەکان و دکتۆرینی فاشیزم"یش ھەروەک سەرجەم ئەو بەرھەمانەی ئاماژەمان پێ کردن، بەتەمای شرۆڤەی فاشیزمە؛ لێ بەوحاڵەش جیاوازییەکی بنەڕەتیی تەک ئەو سەرچاوانەدا ھەیە؛ کتێبی بەرباس، لەلایەن گرنگترین فەیلەسوفی فاشیزمەوە نووسراوە.

 

   ٥. دوو مۆدیلی بیرکردنەوە؛ دوو ئیتالیا

  یەکێک لە ناواخنە سەرەکییەکانی کتێبی سەرچاوەکان و دکتۆرینی فاشیزم باسکردنە لە چۆنیەتیی گوورانی دوو جۆرە بیرکردنەوە لەمەڕ  بابەتێکی دیرۆکی و چارەنووسساز بۆ ئیتالیا؛ ”بەشداری یان بەشدارینەکردن لە شەڕی جیھانی“دا. جنتیلە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە شەڕێک کە مەبەستییەتی، ”شەڕێک“ی ڕاستەقینەیە نەک ”بەڕەڤانی“یەک کە بەتۆپزی کرابێت.  بەگوێرەی شرۆڤەکەی جنتیلە لە ئیتالیای ئەوکاتەدا خەڵک دوو دەستە بوون؛ دەستوەردەران کە لایەنگری شەڕ بوون و، ھەروەھا لایەنگرانی بێلایەنی و بەشدارینەکردنی ئیتالیا لە شەڕدا. جنتیلە بۆ خۆی لە لایەنگرانی شەڕە و پێی وایە کە چوونەناو شەڕەوەکەوە بۆ ئیتالیا پێویستە؛ چونکە تەنێ خوێنڕژان لە شەڕەکەدا دەبێتە ھەوێنی یەکگرتنەوەی ئیتالیا. ئەو پێی وایە، شەڕ وەک ڕێگەیەک بۆ تۆکمەکردنی میللەت، ئافراندنی یەک ڕوانگە بۆ ھاووڵاتیان، ھیوایەکی ھاوبەش و پێکەوەنانی ژیانێکی بەکۆمەڵە کە بەرژەوەندیی تایبەتی تاکی گەشە پێ دەدات (جنتیلە١٣٩٢ : ١٤).

 

   جنتیلە پێی وایە ئەم دووبەرەکییە ”ڕۆحی ئیتالیا“ی کردە دوو کەرت؛ لەلایەکەوە، ھەندێک کەس زۆرتر لەڕیی پەرلەمانەوە، لایەنگری بێلایەنی بوون و دژی شەڕ دەوەستانەوە و لەلایەکی ترەوەش، دەزگای ڕاپەڕێنەر کە پێویستیی بەشداری لە شەڕەکەی دەزانی. ئەم ناکۆکییە کە وەختابوو بەرەو شەڕی ناوخۆ و براکوژی مل بنێت، تەنێ لەبەر دەستوەردانی شا-وە، سەری نەگرت؛ ھەنگاوێکی چارەنووسساز کە تێیدا دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی شەڕ بە دەوڵەت درا. (ھەر سەرچاوەی پێشوو: ١٦)

 

جنتیلە ئەم ھەنگاوە بە ھەنگاوێکی ئەرێیی (ئیجابی) دەزانێت کە یەکێک لە سەردەمگەلی گرنگی دیرۆکیی ئیتالیا، واتە دەرکەوتنی ڕیزورجیمنتو (Risorgimento) بەدواوە بوو.

 

  لێرەوە، جنتیلە دەست دەکات بە جیاکردنەوەی ھزری ماتسینیەن لە ھزری ناماتسینیەن؛ ھزری ماتسینەن ھەر ئەو ڕەنگە ھزرەیە کە لەلایەن ماتیسینی و ڕیزورجیمنتۆوە ھینراوەتە گۆڕێ و ڕێڤاژۆ (میتۆد) و شێوە بیرکردنەوەیەکی تایبەتە. بۆیە، فەیلەسوفەکانی تری وەک ماتسۆنی و ڕۆزمینی، وێڕای ئەوە کە چ پێوەندییەکی دیرۆکییان لەگەڵ ماتسینیدا نەبوو، لێ لە سۆنگەی خاڵە ھاوبەشەکانیانەوە بە ماتسینیەن، دادەنرێن. (ھەمان سەرچاوە: ١٩) ئەوانەی کە پرکێشی و وێرەکییەکەیان لە سەروو لێکدانەوە مادییەکانە و بیریان بەلای ئیتالیایەکی بەشکۆوەیە.

 

  لەھەمبەر ئەم بۆچوونەدا، میتۆدێکی ھزری دیکە لەگۆڕێدا بوو کە بە داڕمانی ڕیزۆرجیمنتۆ و پاشایەتیی ئۆمبتۆی یەکەم، سەری ھەڵدا. گۆڕانکارییەکانی پەرلەمان لە ساڵی ١٨٧٦ کە سەرکەوتنی پەرلەمانی لێ کەوتەوە، بە ڕای جنتیلە بوو بە ھۆی چەقینی ڕەوتێک کە بەھێزبوونی ئیتالیای بەدووی خۆیدا ھێنا. لەو سەردەمەدا، کەس باسی شەڕی نەدەکرد و لە ھەرشتێک کە باسی شانازیی نەتەوەیی کردبا و میللەتی لە پێویستیی وە ئەستۆگرتنی پڕۆگرامێک بۆ پێشبڕکێ لەگەڵ زلھێزەکاندا وریا کردباوە، خۆی بەدوور دەگرت.  ھیچ کەسێک تەنانەت بە خەونیش بیری لە یەکسانی و ھاوشانی لەگەڵ زلھێزەکاندا نەدەکردەوە (ھەمان سەرچاوە: ٢٢).

 

  جنتیلە ئەم دۆخەی بە مایەی دەستەوەستانی و سووکیی ئیتالیا دەزانی کە لەلایەن ھەندێک ماتریالیستەوە کە خۆشبژیی تاکیان پێ لە ھەموو شتێک گرنگترە، پشتگیری دەکرا. جنتیلە لەم قۆناخەدا، تاکگەریی تەنێ تایبەتی لیبراڵەکان نەدەزانی، بەڵکوو پێی وایە،  لۆژیکی ناوەکیی ھزری چەپیش تاکگەرە. بە ڕای ناوبراو، لیبراڵیزم و سۆسیالیزم ھەردووکیان تاکگەرن؛ چونکە ھەردووک حاشا لەو ڕاستییە دەکەن کە لە سەروو ژیانی مادییەوەیە، پێوەرەکانیشی لە ژیانی تاکدا دردەکەون؛ بۆیە ماتریالیستەکان بەردەوام تاکگەرن (ھەمان سەرچاوە: ٢٤).

 

  دیارە کە جنتیلە ئەم ڕوانگە تاکگەریانە بە دژبەری بۆچوونی فاشیستی دەزانێت کە تێیدا ڕۆحی ھاوبەش، میللەت و دەوڵەت لە سەروو بەرژەوەندیی تاکەوەن. ئەو پێی وایە، ھەر ئەم بەرژەوەندیخوازییە تاکییەش لەو ھۆیانە بوو کە دەبووە سەرچاوەی دژایەتیی ئەوان لەگەڵ بەرژەوەندیی ئاشکرا، بابەتی و مادیدا.  ئەو سەرەناوە گشتییەی کە جنتیلە بۆ ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە ھەڵی بژاردووە، دژە ماتسینیەنە و ئیتالیای ساڵانی ١٨٧٦ تا شەڕی ١٩١٥-١٩١٨ دەگرێتەوە. تایبەتمەندیگەلی گشتیی ھزری دژە ماتسینیەن، خۆگێلکردن،ماتریالیزمی چەقیونۆڕ، ئەخلاقیخۆخوازانە و فریودەرانە و ترسەنۆکیی سیاسیی. ئەم دوو بیرکردنەوەیە، بەگشتی دوو ڕۆحی گشتییان بەسەر ئیتالیادا زاڵ کردبوو و، یەکبوونی ئیتالیاش تەنێ بە شەڕێکی خوێناوی دەستی دەدا. 

 

   جنتیلە لەو باوەڕەدا بوو لە سۆنگەی تەکینەوە و بێزاری لە ماتریالیزم، ئیتالیا گەڕایەوە سەر سەرچاوە ڕەسەنەکانی خۆی و جۆش و تینی وەخوێندنی ھزرمەندانی نیشتمانی پشکوت و تیتاڵی بە پۆزیتیڤیزم کرا. لەھەمبەر ئەمەدا، دەرکەوتەی نوێی ڕەوتی نۆژەن، ناسیۆنالیزم و باوەڕ بە وڵاتی دایک وەک باوەڕێکی نوێ لە ئیتالیادا سەری ھەڵدا.

 

  لە دۆخێکی ئەوتۆدا، بنیتۆ مۆسۆلینی وەک ڕزگاریدەرێک دەرکەوت؛ ئیتالییەکان ”پیاویکیان دۆزییەوە کە بەدەر لە قرموقاڵی باو و بە زمانی ھەموان دەدوا و وای لە بەردەنگەکانی دەکرد تاکوو نەھێڵن میراتی بەنرخی شەڕ لە کیس بچێت.“ (ھەمان: ٣١) مۆسۆلینی دژە پۆزیتیڤیزم و دژە ماتریالیزم بوو و باسی پیرۆزیی وڵاتی دایکی خۆی دەکرد. ناوبراو خوازیاری مەزنایەتیی ئیتالیا بوو و بەڵێنی دامەزراندنی  دەوڵەتێکی نوێی دەدا. ھەرچەند مۆسۆلینی لە دوادوای شەڕەکە بە ھەڵچوونەوە دەیگوت: ”ئیتالییەکان، مەڕەمیللەتن.“ (کسلز، ١٣٦٩: ١٦٠) بەڵام لەسەروو ئەمەوە باوەڕێکی پتەوی بە ئیتالیا ھەبوو. فاشیزم بەشێنەیی لە ئیتالیادا وەسەر پێ کەوت و بوو بە دەوڵەتێکی شۆرشگێڕ. دەستەگەلی شەڕی نایاسایی فاشیزم بوو بە میلیشیای خوازیار؛ چونکە لە ٢٨ی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٢٢دا ئیدی فاشیزم دەوڵەتێکی لەھەمبەر خۆیدا نەدەدیت کە دەبوو لەناوی بەرێت، بەڵکوو بۆخۆی جێی دەوڵەتی گرتبووەوە (ھەمان سەرچاوە: ٣٥).

 

  ٦- نرخاندنی کتێبەکە

 

 ٦.١ سیاسەتی ئایدۆلۆژیک

 

   ھەروەک لە پێشەکیی ئەم بابەتەماندا ئاماژەمان بەوە کرد کە تایبەتمەندییەکانی ھزری ئایدۆلۆژیک چین؛ لێرەشدا بە پێویستی دەزانین تاکوو پێ لەسەر ئەوە دابگرینەوە کە سەرەکیترین ڕەخنەمان لەم کتێبە ھەر بۆ ڕوانگە ئایدۆلۆژیکەکەی دەگەڕێتەوە کە ئەنجامەکەی دواجار بەھەڵە دەکرێتە بەڵگەی بینراو و شرۆڤەی سیاسی بۆی. ھەر بەم پێیە، دەکرێت ڕەخنە لە پشتبەستنی دڵخوازانەی جنتیلە بەو چەمکە سیاسی و فەلسەفییانە بگرین؛ بۆ میناک، جنتیلە ھەرچەشنە ھەستێکی دژە شەڕ بە ماتریالیستی دەزانێت (ھەمان: ٣٠). ھەر دەڵێی ماتریالیزمەکەی جنتیلە تەنێ کاتێک بەواتایە کە مەبەستە سیاسییەکانی فاشیزم وەدی بێنێت.

 

  لە زۆر شوێندا، قسەکانی جنتیلە دەبنە دروشمی سیاسیی توندئاژۆیانە؛ ئەم ڕوانگەیە بەتایبەت لەو شوێنانە دەردەکەوێ کە ناوبراو ھەوڵ دەدات فاشیزم لە سەروو ڕێبازەگەلی فەلسەفی دابنێت. جنتیلە لە ”فەلسەفەی فاشیزم“دا کە لە پاشکۆی ”سەرچاوەکان“ بڵاو کراوەتەوە، دەڵێت کە: 

 

  ” فاشیزم سەنگێکی ئەوتۆی فەلسەفی و بەکارھێنانێکی وەھای لە ئاستی جیھانیدا لە سەلماندنی بنەماکانی خۆیدا ھەیە کە دەرەنجامەکانی نەک ھەر لەسەر سیاسەت بەباندۆرن، بەڵکوو لەسەر ئابووری، ماف، زانست، ھونەر و مەزھەب بۆ خۆی- لەڕاستیدا لەسەر سەرپاکی بزاڤگەلی مرۆڤانی، ڕامانەیی (تیۆریک) و کردەکییش بەباندۆرە (جنتیلە ١٣٩٢/ ئا: ٥١).

 

  ئەم وشکەبیرییە متەی ناو ڕستەکانی جنتیلە جاروبار لە بیچمی باوەڕێکدا دەردەکەوێت و ئەو باوەڕە فاشیستییەکان وەک ئیمان و ئایدیالێک لە سەروو سەرجەم بەھایەکی مەرجداری ترەوە دەبینێت (ھەمان: ٥٤). دەکرێت لە ڕوانگەی جوانیناسانەی جنتیلەوە بۆ سیاسەت لە نھێنیی ئەم قسەیەی ناوبراو بگەیین. جنتیلە جارجار بۆ پاساودانەوەی توندوتیژی و بازدان بەسەر عەقڵانییەتدا بە تۆمەتی دابڕاوبوونی، دەستەوداوێنی پاساوگەلی جوانیناسانە دەبێت و کردەوە فاشیستییەکانی بە خەبات لەپێناوی شکۆ و مەزنایەتیی ئیتالیا پاساو دەداتەوە. لە شوێنێکی کتێبەکەیدا ڕێز لەو نیو ملیۆن قوربانییە دەگرێت کە گیانیان فیدای تاکە ئایدیایەک کرد (ھەمان: ٣١) .

 

  ٦.٢ توندوتیژی و عەقڵانییەت

   ھەر لەو کاتەدا جنتیلە لە زۆر شوێنی تردا، کردە فاشیستییەکانی، تەنانەت توندوتیژیی فاشیستی ڕێک بە عەقڵانییەت دادەنێت و لە “درۆ“ و ”ئوستوورە “گەلی وەک ئەوەی سۆشیالیزم پێی لەسەر دادەگرت، جوێ دەکاتەوە (جنتیلە ١٣٩٢/ ب: ٨٠). لایەنێکی تری ئەم دوانە پێکدژە، نرخاندنی سروشتخوازییە لەلایەن ناوبراوەوە؛ ڕوانگەی دژە بابەتییانەی جنتیلە کە ھەندێک جار وەک دژە سروشتخوازی ئاماژەی پێ دەکا، لە زۆر شوێندا دەبێت بە "ئەبستراکتگەرییەک"  (Abstractionism) کە خۆی نرخاندوویەتی، ھەر لەم شوێنەدایە کە کتێبی ”سەرچاوەگەل و دکتۆرینی فاشیزم“ یەکانگیرییە لۆژیکییەکەی خۆی دەدۆڕینێت. ناوبراو وێڕای پێداگرێی زۆر لەسەر میللەت لەبری تاک، لەو شوێنەدا کە دەچێتە سەر میللەت وەک کۆمەڵە کەسێک، دەگەڕێتەوە بۆ ماتسینی، میللەت نەک وەک بوونێکی سروشتی، بەڵکوو وەک ڕاستییەکی مەعنەوی دەبینێت. بۆیە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە تاک ھیچکات ناتوانێت خۆی بە خودان میللەت بزانێت، چونکە میللەت لە سروشتدا پەیدا نابێت- ھەروەک چۆن کێو و گرد و دەریا بەدی دەکرێن- بەڵکوو بەرھەمی ئیرادەیەکی چەلەنگە کە بەردەوام خۆی بۆ لای ئایدیالەکەی پەل دەکوتێت (جنتیلە ١٣٩٢/ ب: ٧٠). ئەمەش بۆ خۆی ھەر ئەو ”چەمکە بڵندەی میللەت“ە کە جنتیلە دەیگێڕیتەوە بۆ ماتسینی.

 

  بەڵام بۆ جنتیلە دژی خوێندەنەوەی بابەتییانەی دروشمەکانی فاشیزم و بە شوێن داڕشتنێکی ئایدیالیستییەوە بوو؟ دەکرێت ھۆی بەشێک لەم ڕوانگەیە لەو شوێنە بەدی بکەین کە جنیتیلە پێشەوا پیرۆز دەکات. جنتیلە بنەمای ھزرە ئایدۆلۆژیکەکەی خۆی بە چەشنێک دادەڕێژێت تاکوو بوار بۆ ھەرچەشنە کردەیەکی نایاسایی پێشەوا بھێڵرێتەوە. ئایدیای ھەلپەرستانە یان لێدانەوەی دۆخی [دووچە] لە ھزری جنتیلەدا کە ئاماژەمان پێ کرد، دواجار بووە بە بنەمای سەرەکیی پاساودانەوەی دیکتاتۆریی فاشیزم لە ھزری جنتیلەدا. مۆسۆلینی ڕێک ئەم ڕێبازەی گرت و لە ساڵی ١٩١٩ دا ڕای گەیاند کە ”ئیتالیا پێویستی بە دیکتاتۆرییەک ھەیە؛ دیکتاتۆرییەک لەپێناوی... میللەت یان وەکی تر لەپێناوی ئەو بەشە ھێژاترەی میللەت کە بەلای چەپگەری و قسەی بۆشدا ناڕوات “ ( وایس ١٣٨٠: ٧٨).

 

  ٦.٣ کێشەی میتۆد و نەبوونی لایەنی ئەکادیمیک

   ناکرێت کتێبی ”سەرچاوەگەل و دکتۆرینی فاشیزم“ خودان ڕێڤاژۆناسی (میتۆدناسی) و ھەروەھا خاوەن چوارچێوەی ڕامانەیی (تیۆریک) بەگوێرەی پێڤانە ئەکادیمیکەکان دابنێین؛ ھەروەک جنتیلە باسی کردووە، ناوبراو نایەوێت فەلسەفەکاری بکات و، ئەم کتێبەشی بە جۆرە ڕێکارێکی کردەکیی فاشیزم دەزانێت. وێڕای ئەوەش، گرنگترین توخمەکانی سیستمە ڕامانەییەکەی (تیۆریکەکەی) جنتیلە برێتین لەم چەند خاڵەی خوارەوە:

 

   ئا) بژاردەگەری؛ ب) ناسیۆنالیزم؛ ج) ڕۆمانتیسیزم؛ د) نرخاندنی ماتەریالیزم و پۆزیتیڤیزم؛ ھ) دەوڵەت-تەوەری؛ و) کردارگەری.

 

  جنتیلە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو ڕوانگە گشتییانەی کە فاشیزمیان بە بەرھەمی جۆرێک نالۆژیکی و ناعەقڵانییەت دەزانی، دەیگوت فاشیزم بزاڤێکی عەقڵانی، ئازادیخوازانە، ڕزگایدەر و بەڵگاندنی لۆژیکیی لەپشتە. ئەگەر بمانەوێت لۆژیکی ناوەکی وەک توخمی سەرەکیی ڕێڤاژۆناسیی (میتۆدۆلۆژی) ئەم کتێبە بزانین، بێ گومان دەبێت ئاماژە بە ئایدیالیزمە واقیعییەکەی جنتیلە بکەین. پێشان باسمان کرد کە جنتیلە ئەم جۆرە ئایدیالیزمەی لەھەمبەر ئایدیالیزمی "بەرزەجێ"ی  (Transcendental)ی کانت و ئایدیالیزمی ڕەھای ھێگڵدا داناوە و کەسایەتیی سەرەکیییەکەی برێتییە لە جۆزپە ماتسینی (Giuseppe Mazzini)ە. بە ڕای جنتیلە، ئایدیالیزمەکەی ماتسینی لە ھەوڵی کردەکیکردنی ئایدیاکانە و بەسەر ھزری ئەبستراکتگەری  (Abstractionism)دا باز دەدا. لە کن ماتسینی بە کەسێک دەڵێن مرۆڤی سیاسی کە ھەڵگری دکتۆرینێکی ئەخلاقی، مەزھەبی و فەلسەفییە و بۆ وەدیھێنانیان خەبات دەکا. جنتیلە پێی وایە، تاکە ڕێگەی ناسینی ڕاستەقینەی ماتسینی ناسینی سەرلەبەری بۆچوونەکانیەتی؛ ناکڕێت لێی تێبگەین تاکوو سەرلەبەری سیستمە ھزرییەکەی ناس نەکەین؛ ناکرێت سەری لێ دەربکەین، لە کاتێکدا سەرنجی سەرپاکی سیستمە ھزرییەکەی نەدەین. کەوابوو، تایبەتمەندیی بنگھەھیی دکتۆرینی فاشیزم، ڕەھاگەرییەکەیەتی  (ھەمان سەرچاوە: ٣٦).

 

  تایبەتمەندیی سەرەکیی ئایدیالیزمی واقیعگەرانە ھەمدەمیی ڕامانەی (تیۆریی) کردەیە؛ فاشیزم ڕێباێک لە ڕێبازەکانی فەلسەفە نییە تاکوو لەپێناوی وەدیھێنانی حەقیقەتێکی بەرزەجێ  (Transcendental) خەبات بکات، ھەروەھا بە جۆرە کردەگەرییەکی ڕووتیش دانانرێت. فاشیزم بانگەشەی ھزر و کردەی لە کات و شوێنی بەجێدا دەکا. (پابەندیی ڕاستەقینەی دوچە بەردەوام ئەو شتانە بوون کە پێوەندییان بە سەرھەڵدان و جێبەجێکردنیانەوەیە، نەک داھاتوویەکی دوور و نادیار.) بۆیە مۆسۆلینی بەردەوام خۆی بە ھەلپەرست و دۆخپێو (Tempist) دەزانی کە برێتییە لەو کەسەی کە لە دەم و دۆخێکی تایبەتدا چارەیەکی بەجێ دەدۆزێتەوە کە تێیدا ھۆ و ھەلومەرج بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکێکی تایبەت بەتەواوەتی لەبار و گونجاوە. ئەمە ھەر ئەو بۆچوونەیە کە ماتسینی پابەند بوو پێی؛ ھەربۆیە، فاشیزم لە ھەقیقەتی ماتسینیەن ”ھزر و کرد “ەوە سەرچاوە دەگرێت (ھەمان سەرچاوە: ٣٧). 

 

  ئاشکرایە کە ناکرێت لە ھەناوی ئەم ئایدیالیزمەوە، ڕەنگە ڕیڤاژۆیەک (میتۆدێک) لە وێنەی ڕێڤاژۆگەلی (میتۆدگەل) فەلسەفی وەدۆزین؛ بەوحاڵەش جنتیلە پێی وابوو فاشیزم بۆ خۆی جۆرە ڕێڤاژۆیەکە (میتۆدێکە)، ڕێڤاژۆیەکە (میتۆدێکە) بۆ کردە و ڕامانی وێکڕا و لەیەک ساتدا؛ لەمەش واوەتر، فاشیزم بۆ خۆی جۆرێک فەلسەفەیە؛ ھەروەک چۆن ھزری ماتسۆنی، پاسکال، گۆتە، لیۆپاردی یان لور بایرۆن یان شلبی بە فەلسەفە دادەنرێن. بەڵام فاشیزم بەرەواژی فەلسەفەگەلی (Abstract) سەری بە برەودان بە دەستەگەلی جیاجیا و داھێنەرەوە قاڵ نییە (ھەمان سەرچاوە: ٤٠). 

 

  ٧. کۆبەند و ئەنجام

  ئەزموونی بابەتییانەی فاشیزم و ئەو جینایەتانەی کە لە کاتی دەرکەوتنی فاشیزمدا لە ئیتالیا، ئاڵمانیا و ئیسپانیا کران، ھێندە زەق، بەرھەست و بەرچاون کە ئیدی پێویست ناکات بە دوبارەگوتنەوەیان. سەربای ئەمانەش کاتێکە نەک وەک دیاردەیەکی دیرۆکی فاشیزم، بەڵکوو وەک ”ئایدۆلۆژی“یەک سەرنجی فاشیزم دەدەین، گرنگیی ڤەئاژۆتنی ڕامانەیی (تیۆریکی) بەرھەمگەلێکی وەک ”سەرچاوەکان“ مان بۆ دەردەکەوێت. ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە ئایدۆلۆژیگەلی وەک فاشیزم لە کرداردا تەنێ توندوتیژییان لێ شین بووە و لێشی دەرباز نابن. جنتیلە لە سەر ئەم بنەمایە لە ”فاشیزم چییە“دا پێ لە سەر ئەوە دادەگرێت کە ”فاشیزم ھەر کات باوەڕی بە پێویستیی دەستبردن بۆ توندوتیژی بێت، بێ دڕدۆنگی پشتی دەبەستێت. “ 

 

  فاشیزمەکەی جنتیلە وەھا بە پیرۆز دەکرێت کە پێی وایە، داری دەستی دەستە فاشیستییەکان دەستی خوایان لە پشتە. لە لقە جیاکانی ھزری فاشیستی لە وڵاتانی ئەوروپیی وەک ئیتالیا، ئاڵمانیا، ھەنگاریاشدا فاشیزم بەدەر لە سیستەمگەلێکی سیاسیی سەرکوتکەر، تەواوەتخواز و توندوتیژ چی تریان لێ نەکەوتەوە. پەرەگرتنی ئەم چەشنە بۆچوونە لەمەڕ سیاسەت لەناو ھزری ڕۆژاوادا، تەشەنەکردنی توندوتیژی بە ناو وڵاتانی تر و ئیمپریالیزمی بەدوودا ھات. ڕۆسۆ سەردەمانێک باسی ئەوەی کردبوو ھەندێک دەوڵەت ھەبوون و ھەن کە پێھاتەکەیان وەھایە داگیرکاری بەشێکە لە بوونیان و مەرجی بەردەوامبوونیشیان ئەوەیە کە دەسەڵاتەکەیان بەردەوام لە ھەڵکشاندا بێت. وا دیارە فاشیزمیش ھەر لەم بابەتانە بوو و بەرفراوانکردنی سنوورەکانی، شەڕ و توندوتیژی بەشێک بوونە لە ناوەڕۆکەکەی. فاشیزم ھەر لەبنەڕەتدا لەباریدا نەبوو کە ببێتە  دەسەڵاتێکی ڕەگاژۆ و وڵاتێکی ھێمن و جێگیر. ئیتالیای مۆسۆلینی ھەر لە سەر ئەم بنەمایە دەستی کرد بە کۆلۆنیکردنی وڵاتانی ئەفریقیای وەک لیبیا و ئەسیۆپیا کە ئەنجامەکەشی ڕاپەڕینەکەی عومەر موختار بوو.

 

  زێدەباری ئەمانە، خاڵێکی ورد لە کتێبی ”سەرچاوەکان و دکتۆرینی فاشیزم “دا بەدی دەکرێت کە دەری دەخات، بۆچی ئیتالیا لە شەڕدا شکا. لە سەروو کۆمەڵێک خاڵی لاوازی جیاجیای وەک، لاوازیی ھێزی کەرەستەی جەنگی، ھێزی ئاسمانیی بچووک و چەند جار گۆڕینی چەکوچۆڵی سەربازەکان و سەرلێشێوانیان کە زۆر جار وەک فاکتۆرگەلی شکانی ئیتالیا باس دەکرێن، فاکتۆرێکی لەمانە گرنگتریش دەوری ھەبوو کە جنتیلە لە دەستپێکی کتێبەکەیدا پەرۆشی خۆی لەم پێوەندییەدا پیشان داوە؛ ئەویش بوونی دووپارچەیی و دووبەرەکیی نێوان خەڵکی ئیتالیا لەمەڕ شەڕەکەیە. لەڕاستیدا، زۆرکەس پێێان وایە مۆسۆلینی وەک ھیتلەر نەیتوانی مێرمنداڵانی ١٤ ساڵە ھەتاکوو پیرەمێردە ٦٠ ساڵەکان خۆبەخشانە بەرێتە بەرەکانی شەڕەوە و ھەستی نیشتمانپەروەری لەناو خەڵکی ئیتالیادا بژیێنێتەوە. ئیتالیا چەن جارێک لەنێوان دوو باڵی لایەنگر و نەیاری شەڕدا دەستاودەست کرا و دواجاریش تێک شکا.  وا دیارە ھەوڵەکانی جنتیلە بۆ پێکھێنانی جۆشی نیشتمانی تووشی شکست ھاتبوو. فاشیستەکان ئیدی ھێندە بەشکۆ و شانازییەوە باسی  میللەتیان نەدەکرد و بۆ ھەموان دەرکەوتبوو کە میللەت تەنێ ئامرازێک بووە و بەس.

 

  لەگەڵ شکانی ئیتالیا لە ساڵی ١٩٤٣، ئاڵمانیا ١٩٤٥ دا، سیستەمی دەسەڵاتدارەتیی فاشیستی  بەتەواوی مانا لە گۆڕەپانی سیاسەتدا ون بوو. تەنیا وانەیەکیش کە لە ئەزموونی فاشیستەوە بۆ مرۆڤایەتی بەجێ ما، ئەو خاڵە بوو کە توندئاژۆیی و توندوتیژی قەت نابێتە سیاسەتێکی بەردەوام. ئەم خاڵەش ھەم سیاسەتی کردەکیی و ھەم سیاسەتی ڕامانەیی (تیۆریکی) دەگرێتەوە؛ ئیستاکە بە سەرھەڵدانی جیھانێکی نوێی بیرکردنەوە، ھزرمەندانێکی وەک جنتیلە بەختی ئەوەیان نییە تاکوو خەڵک و میللەتی وڵاتێک بخەنە دوو خۆیان. لەم جیھانەی ئێستادا، ھزرگەلی توندڕەوانە، ھەر بە تەنێ بە پشتبەستن بە توندوتیژی دەتوانن بۆ ماوەیەکی کەم لەسەر حوکمی دەسەڵاتدا بمێننەوە و خێرا دەسەڵاتەکەیان دەدۆڕێنن.

 

سەرچاوە:

فدایی مهربانی، مهدی و ابراهیمی، زانیار. پژوهشنامەی انتقادی متون و برنامەهای علوم انسانی، پژوهشگاە علوم انسانی و مطالعات فرهنگی، ماهنامەی علمی (مقالەی علمی-پژوهشی)، سال بیستم، شمارە نهم، آذر ١٣٩٩، ١٧٩- ١٩٦. 



ئاماژە: لەبەر زۆریی ژمارەی ژێدەرە بیانییەکانی وتارەکە و لەسۆنگەی ئەوەی بابەتەکە وەرگێڕان و ئامادەکردن بوو، بەشی سەرچاوەکانی دەقی سەرەکیی ئەم وتارەمان نەهێناوەتەوە.

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X