پڕۆژه‌ی ئاوه‌ز، كه ژۆڕناڵی ئاوه‌ز به‌شێكه له‌و پڕۆژه‌یه، گرنگی ده‌دات به زانسته‌كان و مه‌عریفه و فه‌لسه‌فه و بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی. له‌نێو ئه‌و زانستانه یا هونه‌رانه‌دا ئه‌م ژماره‌یه‌ی ئاوه‌ز تەوەرەکەی تایبه‌ته به‌فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو، مێژوو وه‌ك كایه‌یه‌كی زانستی و وه‌ك هونه‌ر. ئێمه شه‌ش مانگ به‌ر له ئێستا ئه‌م دۆسیه‌یه‌مان ڕاگه‌یاند و كردیشمانه بابه‌تی خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی ئاوه‌ز بۆ باشترین دوو لێكۆڵینه‌وه كه له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره‌یه ده‌بێت به له‌به‌رچاوگرتنی پێودانگه فیكری و زانستی و میتۆدییهكان كه له ڕێبه‌ری ئاوه‌زدا ئاماژه‌مان پێ داوه. مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیمان لاكردنه‌وه یا به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی كایه‌یه‌ك بوو كه بێ ئه‌نداز بۆ ئێمه‌ی كورد گرنگیی خۆی هه‌یه، كه كایه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی مێژووه.
كلیلی زۆرێك له نهێنی و تراژیدیا و شكسته‌كانمان وا له‌ناو مێژوودا، هه‌ر بۆیه‌شه له‌ڕووی زانستی و تیۆرییه‌وه پێویسته بیركردنه‌وه له‌سه‌ر مێژوو و فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو سه‌رڕێگه بخه‌ین؛ هه‌وڵێكی شێلگیرانه بده‌ین كه وانه‌كانی مێژوو گه‌ڵاڵه بكه‌ین و لێیانه‌وه فێر بین. كایه‌ی مێژوو و زمانه‌وانی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌نگاته‌نگیان به ناسنامەی ئێمه‌وه هه‌یه و ئه‌و دوو كایەیە ڕۆڵی گرنگ ده‌بینن له پاراستنی ناسنامەی كوردبوونمان و نیشتمانیبوونمان به‌و مه‌رجه‌ی كه زانستییانه مامه‌ڵه‌یان له‌ته‌كدا بكەین، نه‌ك لێكۆڵینه‌وە له‌سه‌ر مێژووش بكه‌ینه په‌خشانه بێكه‌ڵكه‌كان له‌سه‌ر نه‌ته‌وه. هه‌ر بۆ نموونه، ئێسته چه‌ند ده‌نگێكی نه‌شاز هه‌ن كه بە ناوی مێژووه، به‌ناوی زانستیبوونه‌وه كۆمه‌ڵێك ئه‌حكامی سه‌یروسه‌مه‌ره ده‌رباره‌ی میزۆپۆتامیا، مێژووی كورد و سۆمه‌ری و ئه‌كه‌دی و بگره جووه‌كانیش ده‌خه‌نه ڕوو، بێ به‌ڵگه، بێ شیكردنه‌وه، بێ ڕانانی زانستی؛ بگره سه‌ركێشی ده‌كه‌م و ده‌ڵێم زۆرێك له‌و شتانه‌ی كه ده‌رباره‌ی سۆمه‌رییه‌كان و كورد و مێژووی كورد ده‌یڵێن، جا چ سیاسه‌تمه‌دارێك بیڵێت یا كه‌سێك به‌ناوی "مێژوونووسه‌وه" هیچ نین جگه له هه‌ڵه‌ی لۆژیكی. بێ گومان هه‌ڵه لۆژیكییه‌كان زۆرن، به‌نزیكه‌یی 48 هه‌ڵه‌ی لۆژیكی هه‌ن، كه من له چه‌ندین چاوپێكه‌وتنی كه‌سێك كه به‌خۆی ده‌ڵێت "مێژوونووس" یا پێی ده‌ڵێن "مێژوونووس" زۆربه‌ی ئه‌و هه‌ڵه لۆژیكیانهم دیوه‌ته‌وه. به پله یه‌ك، ئه‌م كه‌سه ته‌نیا و ته‌نیا له‌ناو سۆشیاڵ میدیادا "مێژوونووسه"، بۆیه پرسیار دەکەم، بۆ به‌ده‌م بانگه‌وازه‌كه‌ی ژۆڕناڵهكهمانهوه نه‌هات یا نه‌هاتن؟ مامۆستایانی به‌شه‌كانی مێژوو له زانكۆكان؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وانه ته‌نیا مێژوونووسی ناو سۆشیاڵ میدیان كه هیچ فلته‌رێكی عه‌قڵی و مه‌عریفی و زانستیی تێدا به‌دی ناكرێت، هه‌رچی بڵێیت ڕاسته، هه‌لومه‌رجێكه تێیدا "هه‌موو شتێك ده‌ڕوات"، ئەمەش واتە ناهیلیزم.
مێژوونووس سه‌روكاری له‌گه‌ڵ دۆكیۆمێنته‌كان و به‌ڵگه‌كان و ئاسه‌واره‌كان و ئینجا لێكه‌وته‌كانی چه‌ند زانستێكی دیكه‌وه هەیە، له‌وانه شوێنه‌وارناسی و زمانه‌وانی به‌هه‌موو لق و پۆپهكانییهوه؛ هه‌ر بۆ نموونه، سۆسیۆلینگویستك (زمانه‌وانیی كۆمه‌ڵایه‌تی)، سیمانتیك، سینتاكس، مێژووی خێزانه‌كان و زمانه‌كان، وشه‌سازی و ڕه‌گوڕیشه‌ی وشه و زاراوه‌كان و وێنه زمانییه‌كان. مێژوو گێڕانه‌وه‌ی چیڕۆك یا حیكایه‌ت نییه، گێڕانه‌وه‌یه‌كی ساده‌ی ڕووداوه‌كان نییه، به‌ڵكوو هه‌ڵێنجانی مانا و وانه‌كانه له‌و ئه‌زموونانه و ئه‌و ڕووداو و كاره‌سات و سه‌ركه‌وتن و نوشستانهی ڕابردووه‌وه، دۆزینه‌وه‌ی بونیادێك له‌نێو ڕووداوه‌كاندا، دۆزینه‌وه‌ی ڕێكخستنێك له ئاژاوه‌ی ڕووداوه بێ په‌یوه‌ندییه‌كاندا، دۆزینه‌وه‌ی ماناگه‌لێك یاخود به‌خشینی ماناگه‌لێك به ڕووداوه‌كان و ڕۆڵی كه‌سایه‌تییه‌كان و، مه‌به‌ست له كه‌سایه‌تییه مێژوویییهكانه و، به‌خشینی مانا به بۆنه‌كان و دۆزینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی ئۆرگانیكی له‌نێوان ڕووداوه‌كان و زه‌مه‌نی دیاریكراو و كه‌سایه‌تییه‌كاندا. كه‌واته، مێژوو وه‌ك كایه‌یه‌كی زانستی، وه‌ك هونه‌رێك ڕێنماییمان ده‌كات، ده‌ستمان ده‌گرێت، وانه‌كانمان پێ ده‌ڵێته‌وه به‌و مه‌رجه‌ی كه خۆمان ئاماده كردبێت بۆ تێگه‌یشتن له وانه‌كان و ئاوه‌زمه‌ندانه ڕێك خرابین، ئاماده كرابین، دیسپلینێكمان وه‌رگرتبێت تاكوو ئاوه‌زمه‌ندانه، ژیرانه ڕه‌خنه‌یییانه هه‌م له وانه‌كان بگه‌ین، هه‌م له وانه مێژوویییهكانی فێر بین و، حیكمه‌تێك كه مێژوو مه‌به‌ستیه‌تی به‌ئێمه‌ی بگه‌یه‌نێت وه‌ری بگرین. ئه‌وه‌ی له‌م ژماره‌یه‌ی ئاوه‌زدا خۆشحاڵمان ده‌كات دوو شته؛ یه‌كه‌م له‌م ژماره‌یه‌دا نووسینی خۆمان دانه‌نا، ئه‌مه له كاتێكدا كایه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو بریتییه له یه‌كێك له گرنگترین نیگه‌رانییه‌كانی من و ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه له‌ڕووی فه‌لسه‌فییه‌وه بیری لێ ده‌كه‌مه‌وه و نیگه‌رانیی خۆم ده‌رباره‌ی گه‌ڵاڵه كردووه و سه‌رنجی خۆم له باره‌یه‌وه ڕێك خستووه، به‌ڵام به پێویستمان زانی كه بوار و هه‌ل بۆ كۆمه‌ڵێك توێژه‌ر و لێكۆڵه‌ری دیكه‌ی كوردستان بڕەخسێنین و ئاوه‌ز بكه‌ینه سه‌كۆیه‌ك، مینبه‌رێك بۆ ئه‌وان تاكوو بدوێن و توێژینه‌وه‌كانیان له‌م سه‌كۆیه‌دا بخه‌نه ڕوو. ئێمه ڕای خۆمان له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو له هه‌ل و بواری دیكه‌دا ده‌خه‌ینه ڕوو. گرنگه سه‌رنجی ئه‌وه بده‌ین كه كۆی ئەو باس و لێكۆڵینهوانەی به ده‌ستمان گه‌یشتوون بڵاو نه‌كردووه‌ته‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژۆڕناڵهكه له قه‌باره یا باڕستهی خۆی زیاتر ده‌بێت، هه‌ر باسێكی مێژوویی دیكه كه په‌یوه‌ندیی به ئه‌م تەوەرەوە هه‌بێت، له به‌شی باس و لێكۆڵینه‌وه له ژماره‌كانی داهاتوودا بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه. له‌سه‌ر ئه‌م دۆسیه‌یه قسه‌ی دیكه‌مان ده‌بێت.
فاروق ڕه‌فیق
27ی جوونی، 2025
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved