مستەشارودەوڵە (١٨٩٥ -١٨٢٣)
بنەما و رازی پێشکەوتن و نەزمی فەرەنگستان، یەک وشەیە و هەرچەشنە پێشکەوتن و باشییەک کە لەوێدا بە دی دەکرێت، بەرهەمی ئەو یەک وشەیە، قانوون(مستشارالدولە ،١٣٨٦ :٢٥)
میرزا یۆسێف‌خانی ته‌ورێزی ناسراو به»مستەشارودەوڵە» له بنه‌ماڵه‌یه‌كی بازرگانی شاری ته‌ورێز له دایك دەبێت، هەر لە سەرەتاوە، خوێندنی ئه‌ده‌بیاتی فارسی و عه‌رەبی و زانسته ئایینیه‌كان له مه‌كته‌به سونه‌تییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی شاری ته‌وریز ده‌سپێدەکات، پاش کۆتایی مه‌كته‌ب له كۆنسوڵخانه‌ی ئینگلیز لە شاری ته‌وریز دادەمه‌زرێت، به‌ڵام له‌وێ زۆر نامێنێتەوە و هەر زوو بە هۆی زیرەکی و شارەزایی لە بواری سیاسی‌دا، له ده‌زگای تازه دامه‌زراو‌ی «وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران» ده‌ست به‌كار دەکات و له ساڵی (١٨٥٣) به هۆی لێهاتووی وه‌ك جێگری باڵوێزی ئێران له شاری «حاجی ته‌رخانی» سه‌ر به روسیه دەستنیشان دەکرێت و بۆ ماوەی هه‌شت ساڵ له‌وێ دەمێنێتەوە. (مستشارالدولە ،١٣٨٦ : ١٩)
پاش هه‌شت ساڵ خزمەتی ڕاستگۆیانە و لێهاتوانە،پله‌ی به‌رز دەکرێتەوە و وه‌ك باڵیۆزی ئێران لە پیترزبۆرگ و دواتریش ته‌فلیس دیاریدەکرێت و پاش چەندین ساڵ مانەوە لە ڕووسیا، له ساڵی (١٨٦٦) وه‌ك جێگری باڵیوزی ئێران له فه‌رانسه هەڵدەبژێرێت و بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ له پاریس دەمێنیتەوە و له‌م ماوه‌یه‌شدا چوارجار سه‌ردانی له‌نده‌ن دەکات و له نزیكه‌وه هه‌ست به جیهانی پێشكه‌وتوو و مودێرنه‌ی رۆژئاوا دەکات(مستشارالدولە ، هەمان :٢٠-١٩)
به‌رهه‌می ته‌عامۆل و ناسین و شاڕەزابوون لە كلتورری رۆژئاوا و هه‌روه‌ها لایه‌نگری له مودێرنیتە، بلاوكردنه‌وه‌ی پێنچ بەرهەم لە ژێرناوونیشانی« نامیلکەی‌ی وه‌نه‌وه‌ش»، « نامیلکەی‌ی یه‌ك كه‌لێمه»،«نامیلکەی‌ی زه‌رووره‌تی چاكسازی خه‌ت»، «پێویستی دانانی رێگه‌ی ئاسن بۆ شه‌مه‌نده‌فه‌ر» و«خزێنەی زانست بۆ په‌روه‌ردكردنی منداڵان»ە.
مستەشارودەوڵە له ریزی به‌ناوبانگترین مونەوەرانی نه‌وه‌ی یه‌كه‌می ئێرانه كه جگه له زمانه‌كانی فارسی، توركی و عه‌ربی، شاره‌زای سێ زمانی بیانی رووسی، فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی بوو و له‌م رێگه‌وە و بەتایبەتی لە رێگەی پێوه‌ندی نزیكی له گه‌ڵ فەرهەنگی رۆژئاوا و ئه‌ندیشه‌ی رۆژئاوایی، سه‌رسامی ئه‌ندیشه‌ی مودێرن دەبێت و ئەمە خۆی لە خۆیدا، هانی بۆ چاکسازی لە ئێران و بەتایبەتی لە بواری دانانی یاسادا دەدات و لەمرووەوە لایه‌نگری دابینكردنی ده‌سه‌ڵاتی یاسا و حكوومه‌تی ده‌ستوور،گۆڕینی حكومه‌تی ئیستبدادی، دانانی موه‌ئه‌سه‌ساتی مه‌ده‌نی، چاكسازی ئه‌لف وبێ و سیسته‌می په‌رورده و به گشتی پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنی بارودۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری ئێرانی سه‌رده‌می ئیستبدادی ناسره‌دین شای قاجار بوو و لەمبارەوە پێوابوو هۆكاری سه‌ره‌كی پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنی رۆژئاوا، دابینكردن و مسۆگركردنی ده‌سه‌ڵاتی یاسایه و بە پێچەوانەوە، سەبەبی دواکەتوویی ئێران و جەهالەتی خەڵکی ئێران، نەبوونی دەستوور و دەسەڵاتی یاسایە و لێره‌وه له گه‌ڵ «مه‌لكه‌م خانی ئه‌رمنی» زۆرترین ته‌قه‌لایان بۆ مسۆگركردنی ده‌سه‌ڵاتی یاسا و ده‌ستوور بوو له ئێران‌دا و هه‌ر له‌م رێگه‌دا سه‌ره‌رای ئاماده‌بوونی له سیسته‌می ده‌سه‌ڵات و هه‌روه‌ها بوونی ژیانی ئاسوده، گیانی خۆی به‌خت كرد.[1]
به گشتی كۆی ئه‌ندیشه‌كانی مستەشارودەوڵە ده‌كرێت له چه‌ند ته‌وه‌ری چاكسازی ئەلفبێ، هه‌وڵ بۆ گه‌شه‌پێدانی مودێرنیزاسیوون (نۆژه‌نكردنه‌وه) و سه‌روه‌رکردنی یاسا ودانانی ده‌ستوور، كورت بكێنه‌وه کە لێرەدا، ئاماژەیان پێ ئەدرێت.
چاكسازی ئەلفبێ :
چاكسازی و ته‌نانه‌ت گۆڕینی ئەلفبێ عه‌ره‌بی، یه‌كێ له پرسه گرنگه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی گوتاری مونەوەرانی ئێران و ته‌نانه‌ت عوسمانی بوو و زۆرێک له به‌ناوبانگترین مونەوەرانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێران، كه‌سانی وه‌ك ئاخوندزاده، تالبووف ومه‌لكه‌م خان و مستەشارودەوڵە به جیدی كه‌وتنه ته‌قه‌ڵا و كاری فێكری و نووسین بۆ چاكسازی و گۆڕینی ئه‌لف و بێ و ته‌نانه‌ت چه‌ندین ساڵ له باشترین ساڵه‌كانی ته‌مه‌نی خۆیان بۆ ئه‌م كاره ته‌رخان كرد.
مستەشارودەوڵە وه‌ك ئاخوندزاده و تالبووف ڕای وابوو یه‌كێک له هۆكاره‌سه‌ره‌كییه‌كانی دواكه‌وتنی ئێران و به گشتی وڵاتانی ئێسلامی كێشه‌ی ئەلفبێ و ڕینووسی عه‌ره‌بیه . ئه‌و پێوابوو ئه‌م ڕینووسه به‌ربه‌ستی سه‌ره‌كییه له‌به‌رده‌م فێربوون و نووسین و خوێندنی خه‌ڵكی ئێران و لێره‌وه ده‌بێت رێچاره‌یه‌كی بنه‌ره‌تی بۆ بدوه‌زرێته‌وه و هه‌ڵبه‌ت راوبۆچوونی ئه‌و له‌م بابه‌ته‌وه تاراده‌ییه‌ك هاورێ تالبووف بوو واته مستەشارودەوڵە زۆرتر جه‌ختی له چاكسازی ده‌كردوه تا گۆڕان و لاوه‌نانی رێنووسی و ئه‌لف وبێ عه‌ره‌بی و ئه‌گه‌رچی برێك جاریش به راشكاوی حه‌زی به‌ره‌و لای وه‌رگرتنی رێنووسی رۆژئاواییه ده‌شكا بۆ نموونه له‌مباره‌وه ده‌نووسێت:« هه‌ر به‌و شێوه كه‌وا خه‌ڵكی وڵاتانی ئیسلامی ناچاره‌ن چه‌كی مودێرن و ئامرازی رێگه‌ی ئاسن له رۆژئاوا وه‌ربگرن، ئاواش ناچاره‌ن رێنووس و ئەلفبێ رۆژئاواش وه‌ربگرن(مستشارالدوله،١٣٠٣ :١٧)
مستەشارودەوڵە بۆ گه‌یشتن به‌م ئاواته جیا له نووسینی نامیلکەی و گۆرینی راوبۆچوون له گه‌ڵ مونەوەرانی ئەو سەردەمی ئێران و لەوانەی ئاخوندزادە، په‌نا دەباتە لای پیاوانی ئاینییی، چوونكه باش ئاگاداری ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان دەبێت و دەزانێت، بە تاوانی «بێدعه‌ت» بەربەست و کێشەی جیدی بۆ دروست ده‌كەن و هەر خۆی له‌مباره‌وه ده‌نووسێت: «لێره‌وه كه هه‌سته‌م كرد له بابەتی چاكسازی ئه‌لفبێ، پیاوانی ئایینی و مه‌رجه‌عه‌كان به‌ربه‌ستی سه‌ره‌كیین، كاتێ كه‌وا له شاری «مه‌شه‌هه‌د«بووم، نووسراوه‌یه‌كه‌م سه‌باره‌ت به كێشه‌كانی به‌رده‌م ئه‌لفبێ عه‌ره‌بی نووسی و له مه‌رجه‌عه‌كانی مه‌شه‌هه‌د خوازیاری هاوكاری بووم و ئه‌وانیش فه‌توایان سه‌باره‌ت به نه‌بوونی كێشه‌ی شه‌رعی بۆ چاكسازی ئه‌لفبێ ده‌ركرد»(مستشارالدوله،١٣٠٣ :٧)
به‌ڵام به گشتی سەرەڕای هه‌وڵ و ته‌قه‌لای مونەوەرانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێران به تایبه‌ت هەوڵی مستەشارودەوڵە و تەنانەت فەتوای ژمارەیەک مەرجەعی باڵا لە مەشهەد، به هۆی زاڵبوونی گوتاری سوننەتی و نه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌كی كارا بۆ چاكسازی و بەتایبەتی گشتگیرنەبوونی پرسی پەروەردە و خوێندن، پرسی چاکسازی ئەلفۆبێ سه‌رنه‌كه‌وت و هه‌وڵی مستەشارودەوڵەیش بی ئاكام ماییه‌وه.
مودێرنیزاسیوون (نۆژه‌نكردنه‌وه):
چ ده‌قۆماه گه‌ر له ئێرانیش[ وه‌ك رۆژئاوا]، نه‌زم و هێز و ئه‌م ئاسایش و ئاوه‌دانییه‌ش به‌دی
ده‌هات(موستەشارالدولە ،١٣٨٦ :٣٦)
مستەشارودەوڵە وه‌ك پیاوێكی سه‌ر به سیسته‌می حكومه‌تی قاجار، سەردانی زۆر وڵاتی رۆژئاوای کردبوو، بە هۆی شارەزایی و زانینی چەندین زمانی وەک فه‌ره‌نسی و روسی و ئینگلیزی، ئاگداری به‌شێکی زۆر له به‌رهه‌مه فیكیرییه‌كانی ئەو سەردەمەی رۆژئاوا بوو و بەمبۆنەوە، لایه‌نگری گه‌شه‌پێدانی ڕه‌وتی پێشكه‌وتنی رۆژئاوایی و به واتاییەک مودێرنیزاسیۆن له ئێراندابوو و له‌مباره‌وه پێوابوو دروستكرد‌نی «رێگه‌ی ئاسن»، سەرەتا و بنەمای دانانی بردی بناغه‌ی پێشكه‌وتن و سه‌ره‌تای ره‌وتی مودێرنیزاسیۆنه و هەر بەمبۆنەوە، دوو « نامیلکەی‌ی وه‌نه‌وه‌ش»، و «پێویستی دانانی رێگه‌ی ئاسن بۆ شه‌مه‌نده‌فه‌ر»ی بۆ ناسره‌دین شای قاجار[2] نووسی و به راشكاوی نووسی:«دروستكرد‌نی رێگه‌ی ئاسن له سێ ساڵدا ئێران به ته‌واویه‌تی ده‌گۆرێت. رێگه‌ی ئاسن ئامرازی به هێزكردنی سامانی ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌یه و ئێران ده‌كاته گولستان»(آدمییت،١٣٤٠ :٤٠ )
خەونی به رۆژئاواكردنی ئێران به هۆی دروستكرد‌نی رێگه‌ی ئاسن و هێانی شه‌مه‌نده‌رفه‌ر زۆر سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. راسته ئه‌و له‌و سه‌رده‌مه‌دا، ژیرانە بیری له‌وه كردبووه‌وه كه بناغه‌ی دانانی ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه و هه‌روه‌ها بەهێزکردنی ئابووری، پێویستی به ژێرخانی وەک رێگه‌وبان هه‌یه، به‌ڵام له نه‌بوونی هیچ چه‌شنێ بوودجهیەک و ته‌نانه‌ت كه‌مترین ئامراز و كه‌ره‌سه له ولاتێكی دواكه‌وتوو و ئیستبدادی ئه‌و سه‌رده‌مه زۆرتر له خه‌ون دەچوو، بۆیە له هه‌لومه‌رجی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێران و ده‌سه‌ڵاتی ئیستبدادی ناسره‌دین شاه ئه‌م ئاواته‌ی موسته‌شارده‌وله‌ه‌ش وه‌ك ئاواتی چاكسازی ئه‌لف و بێ بێ ئاكام مایه‌وه.
لایەنگری لە دەسەڵاتی یاسا و قانوونخوازی
« كتێبه‌كه‌ت هاوتای نییه،یادگاریه‌كی ئیجگار گرانبەهایە و مۆچیاریه‌كانت به جێگه‌یه، به‌ڵام بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی مردوو نووسراوە .... ئێوه بۆ دابینكردنی عه‌داڵه‌تی كۆمه‌لایه‌تی په‌ناتان بۆ شه‌ریعه‌ت بردوه، به رای تۆ ئه‌كرێت به یارمه‌تی شه‌ریعه‌ت، ده‌ستووری فه‌ره‌نسه له رۆژهه‌ڵاتدا جێبه‌جێ بكر‌ێت؟حاشا،دڵنیا به شتی وا قه‌ت ناقۆمێت» ئاخۆندزاده له وڵامی نامه‌ی موستهشارودهوله(آجودانی،١٣٨٤ :٨-٤٦ )
مستەشارودەوڵە له كه‌ش و هه‌وای رۆشنبیری ئێران‌دا به رۆشنبیری«یاسا و ده‌ستوور» ناسراوه و دەناسرێت. نووسین و بڵاوكرنه‌وه‌ی « نامیلکەی یه‌ك كه‌لێمه» له‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێران، وەک یه‌كێك له گرنگترین روداوه‌كانی مێژووی رۆشنبیری ئێران دێتە ئەژمار كه له زاڵکردنی گوتاری «یاساخوازی» و دەسەڵاتی«قانوون» لە ئێران‌دا، رۆڵی حاشاهەڵنەگری هەبووە.
« نامیلکەی‌ی یه‌ك كه‌لێمه» له ئه‌ساسدا وه‌رگێرانی بەشێک لەده‌ستووری بنه‌ره‌تی فه‌ره‌نسه و بە تایبەتی جارنامه‌ی مافی مرۆڤی ساڵی(١٧٨٩)ی فه‌ره‌نسه‌یه وپێدەچێت له ژێر كاریگه‌ری كه‌ش و هه‌وای فه‌ره‌نسه و بۆچوونه‌كانی سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی قانوون واته مه‌لكه‌م خانی ئه‌رمه‌نی نووسرابێت.
ئه‌م نامیلکەی له ١٩ به‌ش پێکهاتووە و هه‌ر به‌شێک بۆ ناساندن و ڕوونکردنەوە و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و یەک یاسا تەرخانکراوە، یه‌كسانی له به‌رامبه‌ر قانوون، دابینكردنی ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ هه‌موو هاووڵاتیان، ئازادی تاكه‌كه‌سی،دابینكردنی ئەمنییەتی گیانی بۆ سەرجەم هاووڵاتیان، به‌رگری له مافی ستەملێكراوان،ئازادی كۆبونه‌وه، ئازادی ڕاده‌ربرین،ئازادی سیاسی، دیاریكردنی باج و مالیات به پێ یاسا، دیاریكردنی سامانی حكومه‌ت،دابینكردنی خویندنگا بۆ سه‌رجه‌م منداڵان، لابرد‌نی لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌دان و مامه‌له‌كردن به گوێری یاسا، سه‌ربه‌خۆبوونی هێزی دادوه‌ری، دابەشکردن دەسەڵات بە سەر سێ دەزگای ته‌شریعی و ته‌نفیزی و دادوەری، لە ریزی گرنگترین ئەو یاسایانەن کە ئاماژەیان پێدەکات و هاوکات ڕوونکردنەوە و خوێندوەیان بۆ دەکات (هەمان،١٣٨٦ :٧٩-٣٤)
لەمبارەوە واتە لە پرسی بایەخی قانوون و دەسەڵاتی قانوون، مستەشارودەوڵە یه‌كه‌م كه‌س بوو له ئێران‌دا، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند:«ویستی و هێزی خه‌ڵك، سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵات و شه‌رعییه‌تی ده‌وڵه‌ته و هه‌ره‌وها هه‌موو هاووڵاتیان به موسه‌ڵمان و ناموسه‌ڵمان، به پادشاه و سوالكه‌ره‌وه له ئاست قانوون‌دا یه‌كسان و خاوەن ماڤی بەرامبەرن»(آدمییت،١٣٤٠ :٨٦ )
ئەوەش لە بیر نەکرێت، باسكردن له بابه‌تی وه‌ك شه‌رعییه‌تی جه‌ماوه‌ر وه‌ك سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵات، پرسی ئازادی راده‌ربرێن و لابرد‌نی ئه‌شكه‌نجه له سه‌رده‌می سه‌ره‌رۆترین پادشای قاجار كه بە «قیبله‌ی عاڵه‌م»[3] دەناسرا، ئەویش لە لایەن کەسێکەوە کە خۆی بەشێک لە دەسەڵات بێت، دیارە تا چ ڕادەیەک بوێری دەوێت و هاوکات تا چ ڕادەیەک لێوان‌لێو لە هەست و سۆزی خۆشەویستی نیشتمان و پێشکەوتنی نیشتمان بیت.
جیا له به‌ربه‌ستی سیسته‌می ئیستبدادی سیاسی، پیاوانی ئایینی ئەو سەردەمە گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ستی باسكردن له بابه‌تی وه‌ك مافی یه‌كسانی، مافی ئازادی راده‌ربرێن بوون و لەمبارەوە، له ئازادی وه‌ك كه‌لێمه‌ی «قه‌بیحه‌ی ئازادی» واته وشه‌ی ناپه‌سه‌ند و دزێوی ئازادی ته‌عبیریان ده‌كرد و قه‌ت ئەمایان بۆ پەسەند قبوڵ نەدەکرا کە موسه‌ڵمان و جوله‌كه و فه‌له و به‌هایی و ته‌نانه‌ت سونه و شێعه و له‌هه‌موو گرنگتر مه‌لای شێعه و كابرایه‌كی گوندنێشینی ئێرانی یه‌كسان بن و جیا له‌وه‌ی بۆیان قبوڵ نه‌ده‌كرا، ئه‌میان به كوفر ده‌زانی و خاوه‌ن بۆچوونی وایان به كافه‌ر و مورته‌د و له دین ده‌رچوو ناوده‌برد.
مسته‌شاروده‌وله له ترسی ئەم چەشنە توانج و تۆمەتانە، لەم نامیلکەیەدا، بژاردەی هاوتاسازی یاساكان(كۆده‌كان)ی له گه‌ڵ قورئان و هەندێجار ڕەوایەتی ئیسلامی و حەدیس هەڵبژاردبوو و لەمبارەوە دەنووسێت: «ئه‌و یاسانه كه ئیسته رۆژئاوا كاری پێده‌كات، پێغه‌مبه‌ری ئێوه ١٢٨٠ ساڵ له‌مه‌و پێش كاری پێكردبوون»(هەمان،١٣٨٦ :٣٢ ) و بەم جۆرە كه‌وته پاساو هێنانه‌وه كه گواییه له ئێسلامدا پێشتر ئه‌م كاره واته سونه‌تی یاسادانان و ده‌ستوور بوونی هه‌بووه و لەمبارەوە لە شوێنیکی دیکەدا ده‌نووسیت:« ده‌گێرنه‌وه وا پێغه‌مبه‌ری ئیسلام كاتی ئاماده‌كردنی له‌شكری ئیسلام، له یاسای ئێرانی كۆن كه‌ڵكی وه‌رگرتووه‌ه»(هەمان ،١٣٨٦ :٣٢ )
کەواتە مستەشارودەوڵە له كاتی ئاماژەدان بە هەر یاسایەک، پاشان ئاماژە بە ئایه‌یەکی قورئان یان حەدیس و ڕەوایەتێکی ئایینی دەکات و بەم شێوازە، شەرعییەتی ئایینی پێ ئەدات و دەیەوێت بەم شێوازە، بڵێیت ئەم یاسایەش له ئیسلام و قورئاندا بوونی هەیە و کەمترین دژاییه‌تی له گه‌ڵ ئیسلامدا نییه، ولەمبارەوە ناچار دەبێت بۆ پرس و یاسای وەک، یەکسانی، ئازادی چاپه‌مه‌نی و بیر‌ورا ده‌ربرین، ئازادی كۆبونه‌وه و ناره‌زای ده‌ربرین، ئاسمان و زەوی پێکەوە گرێ بدا بۆ ئەوەی پێش بە دژایەتی پیاوانی ئایینی و گوتاری زاڵی ئەو سەردەمە بگرێت، بۆ نموونه له به‌شی سێهه‌م نامیلکەی‌كه كه ته‌رخانكراوه بۆ باسی «ئازادی تاكه‌كه‌سی»ده‌ڵێت:« ئازادی تاكه كه‌سی واته هه‌موو كه‌سێک ئازاده و هیچ كه‌سێ بۆی نییه كه‌سێكی دیكه ئازار بدات و لێدان و سووكایه‌تی پێبكات، ئه‌م یاسا ده‌ركه‌وته‌ی زۆره بۆ وێنه كه‌س بۆی نییه سه‌ره‌رۆیانه پەلاماری ماڵی خه‌ڵك بدات، کەس بۆی نییه سیخۆری ماڵی خه‌ڵك بكات و نابێت به بیانووی گۆمانكردن كه‌س ده‌سبه‌سه‌ر بكر‌ێت، نابێت به بێ یاسا كه‌س سزا بدرێت. وەک ڕوونکردنەوە و خوێندنەوەی ئەم یاسایە وبەواتاییەک پاساوهێناوەی ئەم یاساییە، دەنووسێت:« ئه‌مه‌ش وه‌ك یاسای ئیسلامه بۆ وێنه خوا له سوه‌ره‌تی «حوجه‌رات» ئایه‌ی ٦ ئه‌فه‌رمێت یا ایهاالذین آمنوا ان جاکم فاسق بننا فتبیوا ان تصیبوا قوما بجهالە فتصحوا علی ما فعلتم نادمین (موستەشارالدولە ،١٣٨٦ :٤٢ )
دیارە ئه‌م شێوازەی مستەشارودەوڵە ته‌نیا بۆ به‌رگریكردن له دژاییه‌تی پیاوانی ئایینی و كۆمه‌ڵگه‌ی ئایینی و سونه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مەی ئێران بووە و له نامه‌یه‌كدا بۆ ئاخوندزادە، ڕاشکاوانەی ئاماژەی پێدەکات:« نووسینی كتێبی رۆحی ئیسلام(واته نامیلکەی یه‌ك كه‌لێمه) ئینشاڵا تا یه‌ك دوو مانگی دیكه كۆتایی دیت. نوسخه‌یه‌ك له‌به‌ر ده‌ستدایە، به‌ڵام به هۆی ئه‌وه‌ی زۆر سه‌رقاڵەم، هیشتا كۆتایی نه‌هاتووه، دواجار هەر کۆتایی دێت و نوسخه‌یه‌كی باشی لیده‌ردێت، ئایه‌ی قورئان و حه‌دیسی زۆرم هێناوەتەوە بۆ ئەوەی بانگەشەی ئەو نەکەن، فه‌ڵان شت دژی ئیسلامه و ئیسلام به‌ربه‌ستی پێشكه‌وتن و شارستانییه‌ته(ئاخوندزاده، :١١٥ )
ئه‌م بۆچوونه كه دواتریش گەرچ له ئێران‌دا ژمارەیەک لایه‌نگری بەرجای په‌یداكرد، بەڵام هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه كه‌وته به‌ر ڕخنه‌ی کەسانی وەک ئاخۆندزاده کە لە وڵامی نامه‌کەی موسته‌شاروه‌دوله دەنووسێت:« بەرهەمەکەت هاوتای نییه،یادگاریەکی ئێجگار گرانبەهایە، مۆچیارییه‌كانت به جێگه‌یه، به‌ڵام بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی مردوو نوسراوه .... ئێوه بۆ دابینكردنی عه‌داڵه‌تی كۆمه‌لاییه‌تی په‌ناتان بۆ شه‌ریعه‌ت بردوه، ئەرێ به ڕای تۆ ده‌كرێت به یارمه‌تی شه‌ریعه‌ت، ده‌ستووری فه‌ره‌نسه له رۆژهه‌ڵاتدا جێ به‌جێ بكر‌ێت حاشا ،دڵنیا به شتی وا ناقۆمێت» (آجودانی،١٣٨٤ :٨-٤٦ )
ئاخۆندزاده له درێژه‌ی نامه‌كه‌یدا، دەست بە به‌راوردی بڕگه‌كانی جارنامه‌ی مافی مروڤ دەکات و لەمبارەوە دەنووسێت:«برگه‌ی یه‌كه‌م له ده‌ستووری فه‌ره‌نسه، باسی یه‌كسانی هه‌موو هاووڵاتیان له ئاست یاسا و ده‌ستووردا ده‌كات، به‌ڵام به پێ ئه‌م ده‌ستووره‌ی جه‌نابت، ئه‌ی مافی ژنانی ئێمه چی لێدێت؟ ئایا یه‌كسانی ته‌نیا تایبه‌تی پیاوانه؟ پرسی حیجاب چێ لێدێت؟ پرسی مافی هاووڵاتی موسه‌ڵمان و نامۆسه‌لمان چێ لێدێت؟
برگه‌ی سێهه‌م باسی ئازادی تاك ده‌كات، ئایا كافره‌كان و بتپه‌رسته‌كان له ده‌ستووردا وه‌ك ئیمه یه‌كسانه‌ن؟ ئه‌ی پرسی فرۆشتنی كوێله و ئه‌و شتانه‌ی له ئیسلام چوون ده‌بێت؟ و..... هه‌روه‌ها پرسیاری جیددی سه‌باره‌ت به پرسی گرنگی وه‌ك ده‌ست بڕین به بریاری شه‌ریعه‌ت چی لێدێت؟ ئه‌و كه‌سه‌ی وا ده‌ستی ده‌بره‌ن ئه‌ی له كوێ ژیانی خۆی و بنه‌ماڵه‌ی دابینبكات؟ فه‌یله‌سۆفانی رۆژئاوا به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتوون، نابێت كه‌س له سێداره بدرێت، ئه‌ی چی له فه‌رمانی ئیسلام ده‌كەیت كه حوكمی وا ده‌دات؟
ئه‌گه‌ر شه‌ریعه‌ت سه‌رچاوه‌ی دادوه‌ری و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی بێت، ئه‌ی چی له برگه‌ی ١٧ بكر‌ێت؟ گه‌ر من رۆژو نەگرم و نوێژ نەكه‌م؟ خوا خۆی سزای من ده‌دات، بۆ شه‌ریعه‌ت ده‌بێت باس له كوشتن و سزای من بكات؟» له كۆتاییدا دەنووسێت:« كتێبه زۆر باشه و خوێنه‌ر ئه‌گه‌ر عه‌قلی هه‌بێت،باش ده‌زانیت تۆ باش له شته‌كان گه‌یشتوویت، سۆزی ئێوه پیشانده‌ری هه‌ستی نه‌ته‌وه‌پرستی و نیشتمان دوستی ئێوه‌یه، به‌ڵام باش بزانه ده‌رمانی كار له مۆچیاری و مه‌سه‌له‌حه‌تدا نییه، ده‌بێت بناغه‌کە به گشتی بگۆڕین(آجودانی،١٣٨٤ :٨-٤٦ )
سەرەڕای ئەو چەشنە ڕخنەیانەی ئاخوندزادە، مسته‌شارده‌وله له ریزی ئه‌و مونەوەرانەیە كه بۆ مسۆگركردنی یاسا و دابینكردنی ده‌ستوور و هه‌روه‌ها گه‌شه پێدانی كلتووری پێشكه‌وتن و مودێرنیتە، له ڕێچاره‌ی هاوتاسازی یاساكانی رۆژئاوا و شه‌ریعه‌ت کەڵکی وەرگرتووە و به واتاییه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی دژاییه‌تی چینی نه‌ریتخوازی ئێران كه‌مبكاته‌وه جل و به‌رگی ئێسلامی ده‌كاته به‌ری یاساكان و به گشتی كلتووری رۆژئاوایی له گه‌ڵ ئیسلام و كلتوری ئیسلامی هاوتا ده‌كات. لەمڕووەوە، موسته‌شارده‌وله یه‌كه‌م کەسە هەوڵی گۆڕینی سیسته‌می شه‌ریعه‌تی بۆ ده‌ستوور داوە (طباطبایی،١٣٨٦ :١٤ )
سەرەڕای سەرکەوتنی هەوڵی مستەشارودەولە لە زاڵکردنی گوتاری قانوون و قانوونخوازی، ئەوەش لە بیرنەکرێت، ته‌قه‌لا و رێچاره‌ی مسته‌شاروده‌وله و شوێنكه‌وتوانی ئه‌م گوتاره، دەرنجام نه‌یاتوانی ئێران به‌ره‌و مودێرنیته‌ی رۆژئاوایی و مسۆگركردنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستوور و یاسا له چه‌شنی وڵاتانی رۆژئاوا ببن.
میرزا مەلکه‌م خانی ئه‌رمه‌نی (١٩٠٨ -١٨٣٣ )
قیزه‌ونترین یاساكان له بێ یاسایی باشتره. مه‌لكه‌م خان(آدمییت،١٣٤٠ : ٩٣ )
دەوڵەتێک یاسا و دەستووری نەبێت، ماڤی ئەوەی نییە لە خەڵک باج وەربگرێت...دەوڵەتی بێ یاسا و دەستوور واتە دژمنی ماڤەکانی خەڵک. مەلکەم خان، ژمارەی یازدە(میرزا ملکم خان، روزنامە قانون، ٢٥٣٥ :٧٥)
لە ئێران‌دا بۆ ئەوەندە ستەمکاری لە ئارادایە؟چوونکە بنیام (بنیادەم/ئینسان) بە دەگمەن بەدی ئەکرێت. چی بکرێت بۆ ئەوەی بنیام زۆر بێت؟ سەرەتا خۆت ببە بە بنیام[4]. مەلکەم خان، ژمارە یازدە(هەمان:٧٥)
میرزا مەلکه‌م خان له ساڵی ١٨٣٣ و له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئه‌رمه‌نی گەرەکی جولفای[5] سه‌ر به شاری ئه‌سفه‌هان له دایك دەبێت.باوكی واتە یه‌عقووب وه‌ك وه‌رگێر له باڵوێزی رووسیا ده‌وامی ده‌کرد و شاره‌زای كلتووری رۆژئاوا و به تایبه‌تی فه‌ره‌نسه و زمانی فه‌ره‌نسی بوو، هەر به‌مبۆنەوە، مەلکەمی كوری له ته‌مه‌نی(١٠) ساڵاندا، بە مەبەستی خوێندن، ڕەوانەی شاری پاریس دەکات، مەلکه‌م پاش حه‌وت ساڵ مانەوە له پاریس، دەگەرێتەوە تاران و له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه وه‌ك وه‌رگێر دادەمەزرێت و هاوكات له خوێندنگای تازه‌دامه‌زراوی «دارولفنوون»[6]سەرقاڵی وتنه‌وه‌ی وانه‌كانی جوگرافی، ماتماتیك و هه‌نده‌سه دەبێت.(میرزا ملکم خان، ١٣٢٧:الف تا ج)
مەلکه‌م جیا له كاری ده‌وامی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و وانه‌وتنه، حه‌زی له نووسین و هێنانی كه‌ره‌سه‌ی مودێرن و بەواتاییەک مودێرنکردنی ئێران بوو، هەر لەم ئاراستەیدس، له ساڵی ١٨٥١ یەکەم هێڵی تێلگرافی لە تاران دامه‌زراند و له‌و ماوەیە‌شدا، بەردی بناغەی فه‌رامۆشخانه[7] دانا و بۆ ئه‌مكارەش ره‌زامه‌ندی ناسره‌دین شای وه‌رگرت و هاوكات نامیلکەی «ده‌فته‌ری ته‌نزیماتی» وه‌ك مانیفیستی چاكسازی و به‌رێوه‌بردنی سیستەمی حوکمڕانی به شێوازی سەردەمیانە، راده‌ستی ناسره‌دین شاه كرد.( هەمان:١٣٢٧: و)
هەڵمەتی چاکسازی مەلکەم خان، بەرەی نەریتخوازی نزیک لە دەسەڵاتی نیگەران کرد و دەستیان بە پیلانگێڕی دژ بە مەلکەم خان کرد و وەک کەسێکی دژە ئیسلام و بێ ئایین[8]و پیلانگێر و لایەنگری حكومه‌تی كۆماری و دژە پاشاییه‌تی قاجار، پێناسە کرد.(آدمییت،١٣٤٠ : ٩٥ )
پیلانی نه‌یاران كاریگه‌ری لە سەر شاە دانا و هەر زوو كه‌وته به‌ر غه‌زه‌بی ناسرەدین شاە و بە ئەمری ئەو بۆ به‌غداد دوورخرایەوە. له به‌غدادیش حكوومه‌تی عوسمانی، ئێرانی ئاگادار كرده‌وه ئه‌م پیاوه گێره‌شێوین و ئاژاوه‌گێره و مانەوە له‌م شارەدا، ده‌بێته هۆی ئاژاوه‌نانەوە و بەمبۆنەوە و به ناچار به‌غدادی به جێهێشت و ڕووی لە ئه‌سته‌مۆڵ کرد. لەم شارەدا به هۆی ناوبژیوانی باڵوێزی لایەنگری چاکسازی ئەو کاتەی ئێران، واته« موشیروده‌وله »، نەک ته‌نیا به‌خشرا ته‌نانەت وەک راوێژكاری بالوێزی ئێران له ئه‌سته‌مۆل دامەزرا و بۆ ماوەیەکیش ، ڕووی لە قاهیره کرد
دژایه‌تی وە‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئەو کاتەی ئێران، واته « مۆئه‌تمه‌نولمۆلك » كه پیاوێكی كونسێرواتیۆ و دژە چاکسازی و تازەگەری بوو، جارێکی دیکە، مەلکەم خانی تووشی کێشە کردوە و لە پۆستەکەی لادرا. بەڵام ئەم لابردنەش زۆری نەکێشا و به‌خت ڕووی لە مەلکه‌م خان کردوە و لەم ماوەیەدا، موشیروده‌وله‌ی رێفۆرمخواز و هاوڕی، وەک سه‌دری ئه‌عزه‌می ئێران دەستنیشانکرا.
سەدری ئەعزەم، مەلکه‌م خانی بانگهێشتی تاران كردوه و به به‌خشێنی نازناوی نازه‌مۆده‌وله( واته ڕیكو پێك كه‌ری ده‌وڵه‌ت)، سەرەتا وەک راوێژكاری باڵای سه‌دری ئه‌عزه‌م دەستنیشانی کرد و پاش ماوەیەک، وەک باڵوێزی ئێران له له‌نده‌ن، ڕەوانەی ئینگلیز کرا. .( هەمان: ی، یا،یی)
مەلکەم خان لە مەقامی باڵوێزی ئێران لە لەندەن تووشی هەڵەیەکی کوشندە بوو، ئەو کاتەی ناسرەدین شاە، سەردانی لەندەنی کرد، لە دەرفەت کەڵکی وەرگرت و ئیمتیازی لاتاری یان هەمان بەخت تاقیکردنەەوەی لە شاە بۆ کۆمپانیاییەکی ئینگلیزی وەرگرت و بەمبۆنەوە بەرتیلی لە کۆمپانیەکە وەرگرت، بە گەرانەوەی شاە بۆ تاران، لەمەی شاە ناچارکرابوو، ئیمتیازی لاتاری واتە کردنەوەی ناوندێکی قومارکردن واژوو بکات، کەوتە بەر لۆمەی مەلاکان و لەم نێوەندەدا، مەلکەم خان وەک بەرپرسیاری ئەم ئیمتیازە، تاوانبار کرا و پادشاش بۆ شاردنەوەی تاوانی خۆی لەم ئیمتیازە، جیا لەوەی بە فرمی ئەم ئیمتیازەی هەڵوەشاندوە، بۆ هەمیشە، مەلکەم خانی لە وەرگرتنی پۆستی حکوومی بێبەش کرد.( هەمان:ید، یە،ی‌و)
پاش لابرد‌نی لەو پۆستە، روژنامه‌ی «قانوون»ی هەر لەو شارە، بڵاو کردوە، رۆژنامەی قانوون، جەختی لە دەسەڵاتی ده‌ستوور و رێفۆرم دەکرد و لە پەراویزیشدا، بە توندی و ڕاشکاوانە، رخنەی ئاراستەی کۆمەڵگەی ئەو کاتەی ئێران و سیستەمی دەسەڵات و بە تایبەتی ئستبدادی ناسرەدین شاە دەگرت و تا تێروری شاە لە سەر دەستی کەسانی دژ بەدەسەڵاتی ستەمکارانەی، ئەم ڕەخنەیە دڕێژەی کێشاو هەر ئەم ڕەخنەگرتنانە، شاە لە چاوی لایەنگرانی چاکسازی بە شەیتان کرد بوو و مەلکەم خان‌یش لە چاوی ناسرەدین شاە، بە دێۆزمە کردبوو.[9]
پاش مه‌رگی ناسره‌دین شاه و له سه‌ردمی موزفه‌ردین شای كوڕی ناسرەدینشاە، واتە له ساڵی(١٨٩٨) وه‌ك باڵوێزی ئێران له وڵاتی ئیتالیا ده‌سنیشان كرا و ده‌رنجام له ساڵی ١٩٠٨ و له ته‌مه‌نی( ٧٧ ) ساڵاندا و له وڵاتی سویسرا كۆچی دوایی كرد. (آدمییت،١٣٤٠ : ٩٨ )
مەلکه‌م جیا له‌وه‌ی شاره‌زای زمانه‌كانی فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی بوو و به‌شی زۆری ته‌مه‌نی له فەرەنگ تێپه‌ركردبوو، به هۆی رۆژنامه‌ی «قانوون» و كاریگه‌ری ئه‌م رۆژنامه و هه‌روها نووسینی به‌رهه‌می کاریگەری وەک نامیلکەی تەنزیمات، وه‌ك یه‌كێک له چالاكترین مونەوەرانی نەسڵی یه‌كه‌می ئێران دەناسرێت كه جیا له رۆژنامه‌ی قانوون، خاوه‌نی نزێكی ٢٠ به‌رهه‌م له بواره‌كانی ئابووری، سیاسه‌ت، كۆمه‌ڵگا و كلتوورە و لەمبارەوە ده‌فته‌ری ته‌نزیمات یان نامیلکەی غه‌یبی،بانگی یه‌كسانی و شێخ و وه‌زیر له ریزی به‌ناوباگترین به‌رهه‌مه‌كانی مه‌لكه‌م خانی ئه‌رمه‌نییه.
پێدەچیت باسكردن له سه‌رجه‌م راوبۆچوونه‌كانی مه‌لكه‌م خان و هه‌روه‌ها گوتاری فیكری مه‌لكه‌م له ده‌رفه‌تێكی ئاوه‌ها زۆر سه‌خله‌ت بێت، به‌ڵام به گشتی ده‌كرێت باس لەوە بکرێت، ئازادی، فه‌لسه‌فه‌ی حكوومه‌ت، دستوور خوازی، لاساییكردنه‌وه لە رۆژئاوا و وه‌رگرتنی شارستانیه‌تی رۆژئاوایی، چاكسازی سیاسی ، گه‌شه‌ی ئابووری، هینانی راوێژكاری پسپۆری بیانی، راكیشانی وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی و زه‌روره‌تی دامه‌زرانی بەنك، دژاییه‌تی و خه‌بات له گه‌ڵ خورافات و چاكسازی ئه‌لفبێ له قۆناغی یه‌كه‌می ژیانی فیكری مه‌لكه‌م و دامه‌زرانی سیسته‌می حكوومه‌تی ئایینی و دژاییه‌تی له گه‌ڵ رۆژئاوا له قۆناغی دووهه‌م له گرنگترین بابه‌ته‌كانی گوتاری مه‌لكۆم خانی ئه‌رمنیه كه لێره‌دا ئاوه‌ر ده‌خرێتە سەر گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەندیشەی ئەم مونەوەرە سەیر و سەمەرەی نەسڵی یەکەمی ئێران.
لەمبارەوە خاڵی گرنگ له ئه‌ندیشه‌ی مەلکه‌م خان، وه‌رچه‌رخانی سه‌یره لە ئەندیشەیدا، ئه‌م وه‌رچه‌رخانه تا ئه‌و راده‌یه به‌رچاوه كه خوێنه‌ر تووشی هه‌ڵه و سه‌رسوورمان ده‌كات و هه‌ر ئه‌م وه‌رچه‌رخانه وای كردوه كه له بزافی رۆشنبیری ئێران دوو دیمه‌نی ته‌واو جیاواز و دژبه‌یه‌ك له كه‌سایه‌تی مونەوەری مه‌لكه‌م پێشان بدرێت، له لایه‌كه‌وه وه‌ك مونەوەرێکی رۆژئاوخواز و ده‌سپێشخه‌ر و بناغه‌دانەری گوتاری به رۆژئاواییكردنی ئێران بناسرێت و له لایه‌كی دیكه‌وه وه‌كمونەوەرێکی دووڕوو و هه‌لپرست پێناسه بكر‌ێت كه لە پێناو دژاییه‌تی له گه‌ڵ ناسره‌دین شاه بە هۆی كێشه‌ی کەسییەوە، بنه‌ما فیكرییه‌كانی خۆی پێشێل كردوه و بانگه‌شه‌ی دامه‌زرانی حكومه‌تی ئاینیی به سه‌رۆكایه‌تی مه‌رجه‌عه‌كان ده‌كات.[10]
بۆ تێگەیشتن له ره‌وتی ژیانی فیكری و گوتاری مونەوەری مه‌لكه‌م خان، له دوو قۆناغی پێش بڵاوکردنەوەی رۆژنامه‌ی قانوون و قۆناغی پاش بڵاوکردنەوەی قانوون ، بۆچوون و ئه‌ندیشه‌كانی به تایبه‌ت له پرسی روبه‌رووبونه‌وه‌ی ئێران و رۆژئاوا و هه‌روه‌ها چاره‌نووسی ئێران له ئاست رۆژئاوا و شارستانییه‌تی رۆژئاوا ده‌خرێتە به‌ر باس و ڕوونکردنەوە.
ئه‌ندیشه‌كانی مەلکه‌م له قۆناغی پێش بڵاوکردنەوەی رۆژنامه‌ی قانون:
« ده‌زگای حكوومه‌تی ئێران چاوه‌رێیه كه سوپای ئێران وه‌ك فه‌ره‌نگ(رۆژئاوا) ببیته خاوه‌نی نه‌زم له كاتێكدا وه‌ك چه‌نگیزخان باج له خه‌ڵك وه‌رده‌گرن و سپا‌ش وەک ناپلیۆن مەشق پێبکەن لە حاڵیکدان هێشتا وێنه‌ی پاره‌ی كاغه‌زیان نه‌بینیوه......ئاگایان له‌وه نییه كه هێزی فه‌ره‌نگ به‌رهه‌می هه‌زاران ده‌زگای جیاوازه و ده‌بێ ئه‌مه قبووڵبكه‌ین تا هه‌مووی ئه‌وانه‌ی رۆژئاوا یه‌ك به یه‌ك وه‌رنه‌گرێن ناتوانین سامان و نه‌زمی خۆمان وه‌ك رۆژئاوا دروست بكه‌ین... بۆ گه‌یشتن به پێشكه‌وتن پێویسته هاوكات هه‌موو شتێ له رۆژئاوا وه‌ربگرین (میرز ملکم خان، رسالە تنظیم لشکر، ١٣٢٧ : ٩٩)
«مه‌لكه‌م ده‌سپێشخه‌ر و داهێنه‌ری سه‌ره‌كی بیرۆكه‌ی وه‌رگرتنی شارستانییه‌تی رۆژئاواییه و پێوایه ده‌بێت ئه‌م وه‌رگرتنه به‌ده‌ر له هه‌ر چه‌شنه ده‌ستێوه‌ردانه‌كی ئێرانی بیت(آدمییت،١٣٤٠ : ١١٣ )
له‌م قۆناغه‌دا مه‌لكه‌م خانی ئه‌رمه‌نی به بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ندین كتێب و نامیلکەی وه‌ك «ده‌فته‌ری ته‌نزیمات» یان هەمان «كتێبچه‌ی غه‌یبی» و چه‌ندین كتێبی دیكه، باس له زۆر بابه‌ت و پرسی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و كاته‌ی ئێران له بواره‌كانی ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات، به‌ڵام پرسی، به ئێرانی كردنی رۆژئاوا و دانانی « نه‌زم» و ده‌ستوور به شێوازی رۆژئاوایی، دوو پرسی سه‌ره‌كی گوتاری فیكری و مونەوەری ئه‌م قۆناغه‌ی مه‌لكه‌م خانه‌ن كه به و‌ردی و بەردەوامی، باس و بەرجەستەیان دەکات.
پێشكه‌وتن به لای مه‌لكه‌م خانه‌وه سه‌ره‌كیترین تایبه‌تمه‌ندی شارستانییه‌تی رۆژئاواییه كه ده‌بێ ئێران بۆ گه‌یشتن به‌م ده‌سكه‌وته، لاسایی رۆژئاوا بكاته‌وه و و هه‌موو شته مودێرنه‌كان رۆژئاوا وه‌ربگرێت و به واتاییه‌ك له هه‌موو بواره‌كانی پێشكه‌وتن پێویسته ئێران چاو له رۆژئاوا بكات و له‌مباره‌وه به ڕاشكاوی ده‌نووسیت:«شارستانییه‌تی نوی رۆژاوا گشتگیره و ئێمه ده‌بێت به گشتی لاسایی له رۆژئاوا بكه‌ێنه‌وه ته‌نانه‌ت له سه‌نعه‌ت ته‌قه‌مه‌نی تا دروستكرد‌نی پێڵاو«(میرزا ملکم خان ،١٣٢٧: ١٢٦)
مه‌لكه‌م پێوایه ناكرێت به كه‌یف و حه‌زی خۆمان به‌شێ له شارستانییه‌تی رۆژئاوا وه‌ربگرێن و وابزانین هه‌موو شتێ دروست ده‌بێت و له‌مباره‌وه به ته‌علیقه‌وه ده‌نووسیت: « ده‌زگای حكوومه‌تی ئێران چاوه‌رێیه كه سوپای ئێران وه‌ك فه‌ره‌نگ(رۆژئاوا) ببیته خاوه‌نی نه‌زم له كاتێكدا وه‌ك چه‌نگیزخان باج له خه‌ڵك وه‌رده‌گرن و هێشتا وێنه‌ی پاره‌ی كاغه‌زیان نه‌بینیوه......ئاگایان له‌وه نییه كه هێزی فه‌ره‌نگ به‌رهه‌می هه‌زاران ده‌زگای جیاوازه و ده‌بێ ئه‌مه قبووڵبكه‌ین تا هه‌مووی ئه‌وانه‌ی رۆژئاوا یه‌ك به یه‌ك وه‌رنه‌گرێن ناتوانین سامان و نه‌زمی خۆمان وه‌ك رۆژئاوا دروست بكه‌ین ، وه‌زیره‌كانی ئێمه ده‌بێت بزانن تا شێوازی حكوومه‌تداری له فه‌ره‌نگ(رۆژئاوا) وه‌رنه‌گرین نه ته‌نیا ناتوانین ببین به خاوه‌نی هێزی عه‌سكه‌ر‌ی ته‌نانه‌ت ناتوانین ئاسنگه‌ری وه‌ك رۆژئاواش په‌روه‌رده بكه‌ین . بۆ گه‌یشتن به پێشكه‌وتن پێویسته هاوكات هه‌موو شتێک له رۆژئاوا وه‌ربگرین (میرز ملکم خان ، ١٣٢٧ : ٩٩)
هەر لەمبارەوە مەلکەم خان ته‌نانه‌ت رای وابوو نابێ ئێرانیه‌كان خۆیان بیر له‌وه بكه‌نه‌وه كه رێگه‌ی رۆژئاوا بگرنه به‌ر و به واتاییه‌ك ئه‌و پێوابوو ته‌نیا رێگه چاره ئه‌وه‌یه هه‌موو شتێكی رۆژئاوا به یه‌كه‌وه وه‌ربگرین و له وڵات‌دا دایمه‌رزێنین:«رۆژئاواییه‌كان رێگه‌ی پێشكه‌وتن و پرنیسێپه‌كانی نه‌زم و پێشكه‌وتنیان له ماوه‌ی ئەم دوو سێ هه‌زار ساڵه وه‌ك ریسای تێلگراف دۆزیوه‌ته‌وه...هه‌ر به‌و شێوازە كه ده‌كرێت تێلگراف به ئاسانی له رۆژئاوا وه‌ربگرین و له تاران دایمه‌رزه‌ێنین هه‌ر به‌و شێوه‌ش ده‌كرێت لاسایی لە رێسای نه‌زم و یاسای رۆژئاوا له ئێران‌دا بكه‌ێنه‌وه و دووپاتی ئه‌كه‌مه‌و ئه‌گه‌ر بمانه‌وه یاسا و رێسای نه‌زه‌م له ئێران‌دا خۆماڵی بكه‌ین وه‌ك ئه‌وه‌یه بمانه‌وه خۆمان زانستی تێلگراف دروست بكه‌ین(مەلکەم خان، کتابچەی غیبی،١٣٢٧ :١٣ ) خاڵی گرنگتر ئه‌وه‌ی به راشكاوی ده‌ڵێت چاره‌نووسی مانه‌وه‌ی ئێمه گرێدراوا به لاسایی كردنه‌وه و به واتاییه‌ك به شوێنكه‌وتنی رۆژئاوا«هێز و توانایی ده‌سه‌ڵاتی رۆژئاوا(فه‌ه‌رنگه‌ستان) مانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته دواكه‌وتوو و وه‌حشیه‌كانی ناموومكین كردوه، بۆیه پێویسته له‌م سه‌رده‌مه یان لاسایی له یاسا و رێساكانی رۆژئاوا بكه‌ێنه‌وه یان به ته‌واویه‌تی سه‌روه‌ری ئه‌وان قبووڵبكه‌ین و بچینه ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان. (میرز ملکم خان، رسالە تنظیم لشکر، ١٣٢٧ :٩٥)
مه‌لكه‌م وه‌ك رووناكی و لافاو ته‌عبیر له ره‌وتی پێشكه‌وتن و شارستانییه‌تی رۆژئاوایی دەکات و لەمبارەوە دەنووسێت:«روناكی رۆژئاوا وه‌ك لافاو خۆی كردوه به هه‌موو شوێنه‌كانی جێهانه‌وه. به قازانجی ئێمه‌یه رێگه‌ی هاتنی ئه‌م لافاوه باشتر و ئاوه‌لاتر بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی پشكی زۆرتر له رووناكی ئه‌م ره‌وته وه‌به‌رمان بكه‌وێت» (هەمان:٩٥)و هه‌روه‌ها لەو باوەرەدایە، ره‌وتی پێشكه‌وتن و شارستانیه‌تی رۆژئاوا گه‌ردوونییه و ئێرانێش وه‌ك به‌شێ له جیهان ناتوانێت خۆی له‌م ره‌وته بشارێته‌وه.
مه‌لكه‌م به كاریگه‌ری له بۆچوونه‌كانی ئۆگۆست كونتی فه‌ره‌نسی و ئێستیوارت میل و پوزیتیێویسته‌كانی ئینگلیز، بۆ گه‌یشتن به پێشكه‌وتنی رۆژئاوایی جیا له عه‌قڵ ، «زانست»یش به پێویست ده‌زانێت و لەمبارەوە دەنووسێت:«گرفت و كێشه‌ی سه‌ره‌كی زانایان ئێرانی ئه‌وه بووه تووشی ئه‌و هه‌ڵه‌یه هاتووه‌ن كه گوایه بۆ پێشكه‌وتن ته‌نیا پێویستمان به عه‌قڵ هه‌یه و له راستیدا عه‌قڵ به ته‌نیا و له نه‌بوونی زانست‌دا هیچ شتێكی پێ ناكرێت، هەر بۆیه ده‌بێ هێدی هێدی شاره‌زایان و زانایانی عاقڵی ئێران بگه‌نه ئه‌و قه‌ناعه‌ته كه‌وا ئه‌گه‌ر زانست له پاڵ عه‌قل دا بوونی نه‌بێت ، بێ گۆمان عه‌قڵ بە ته‌نیایی هیچ ئاكام و ده‌رنجامێكی نابێت (هەمان: ٩٢) و هەر لەم ئاراستەیەدا، لە «دەفتەری قانوون»دا دەنووسێت:«ناکرێت ئێران لە رێگەی عەقڵەوە ئیدارە بدرێت. تەنانەت عەقڵی ئێوەش لە ئەفلاتۆن زۆرتر بێت،دیسانەوە بێ حەکیم و زانای فەرەنگی ئیمکانی ئەوەی نییە، لە ئیدارەدان شتێک تیبگەن»(میرز ملکم خان،دفتر قانون ، ١٣٢٧ :٩٥)
مه‌لكه‌م بۆ فێربونی زانست جه‌خت له دامه‌زرانی خوێندنگه‌ی مودێرن و به واتاییه‌ك دانانی سیسته‌می په‌ردوه‌رده به شێوازی رۆژاوایی ده‌كاته‌وه و له‌مباره‌وه باس له پێویستی دروستکردنی سێ چه‌شنه خوێندنگه‌ی«تەریبیە، فه‌زلییه وعالییه»ده‌كات و لەمبارەوە دەنووسێت: :«پێویسته له خوێندنگه په‌رورده‌ییه‌كان منداڵان وانه‌كانی خوێندن و نووسینی فارسی، ماتماتیك، مێژوو، جوگرافی، هه‌نده‌سه و زانسته سروشتتیه‌كان، و له خوێندنگه «فه‌زلییه‌كان» ئیستاتیكا، حێكمه‌ت، نیگارکێشی، زمانه بیانییه‌كان و ... و له خوێندنگه «عالییه‌كان» مافناسی، یاسا، پزشكی، و هونه‌ره جوانه‌كان فێر بكرێن»(میرز ملکم خان،کتابچەی غیبی یا دفتر تنظیمات ، ١٣٢٧ :٦-٤٥ )
هەر لەمبارەوە،مه‌لكه‌م وه‌ك كارخانه(كارگه) ته‌عبیر له سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی رۆژئاوایی ده‌كات.ئه‌و پێوایه كارخانه‌ی په‌روه‌رده‌ی رۆژئاوا، جیا له‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ئامرازه نوێیه‌ی دروست كردوه ،گرنگتر ئه‌وه‌ش مرۆڤیش دروست ده‌كات و له كتێبی «كتابچه‌ی غه‌یبی» ده‌نووسیت : «بۆ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی وا قه‌ت سه‌فه‌ریان بۆ رۆژئاوا نه‌كردوه ناتوانن هه‌ست به‌وه بكه‌ن رۆژئاوا تا چه راده‌یه‌ك پێشكه‌وتووه. رۆژئاوا به هۆی بوونی دوو چه‌شن كارخانه‌وه، به‌روه پێش هه‌نگاوی ناوه، یه‌كه‌م كارخانه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئامراز و كاڵا و شتەومەک، دووهه‌م كارخانه‌ی دروستكرد‌نی ئینسان، له‌م كارخانه‌یه‌دا، مناڵانی بی عه‌قڵ وگەمژە ده‌هێنن و پاش ماوه‌یه‌ك، ئه‌ندازیار و زانایان لێ دروست ده‌كه‌ن و ئێرانییه‌كان ته‌نیا كارخانه‌ی چه‌شنی یه‌كه‌میان تا راده‌یه‌ك ناسیوه. (میرز ملکم هەمان، ١٣٢٧ :١٠ )
به گشتی مه‌لكه‌م خان لەم قۆناغەدا، لایه‌نگری شارستانیه‌تی رۆژئاوایی و هەروەها خوازیاری لاساییكردنه‌وه له رۆژئاوا بۆ گه‌یشتن به پێشكه‌وتن و دەربازبوون لە جەهالەتە و ئه‌م كاره به ئه‌ركی سه‌ره‌كی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی ده‌زانێت و لەمڕووەوە «شارستانیه‌تی رۆژئاوایی لای ئه‌و خاوه‌ن چه‌ندین تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌كیی واتە، نه‌زمی ده‌وڵه‌تداری، یاسای و رێسای حكوومه‌تكردن و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزی و ته‌شریعی و دادوه‌ری» هەیە(آجودانی،١٣٨٤ : ٢٩٣ )
جیا لەمەش، پێشكه‌وتن و سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی خۆڵقێنه‌ر، وەک دوو تایبه‌تمه‌ندی دیار وبەرجەستەی شارستانییه‌تی رۆژئاوا پێناسە دەکات و بەمبۆنەوە، بەردەوام مونەوەران و سیاسەتمەدارانی ئێران هان ئەدات کە لە پێناو پێشکەوتن و گەیشتن بە شارستانییەت، تەنیا بیر لە بژاردەی پڕبەهای بەرۆژئاواییکردنی ئێران بکەنەوە.
ئه‌ندیشه‌كانی مەلکه‌م له قۆناغی پاش دانانی رۆژنامه‌ی قانوون:
«كام نه‌زان و گەمژە، گووتوویه‌تی ئێمه ده‌بێت، سەرجەمی داب و نه‌ریتی رۆژئاوا وه‌ربگرین و لاسایی بكه‌ێنه‌وه، قسه‌ی هه‌موو زانایانی بواری پێشكه‌وتن ئه‌وه‌یه، بنه‌ماكانی ئایینی ئێمه له ئه‌ساسدا هه‌مان بنه‌ماكانی پێشكه‌وتنه« (میرزا ملكم خان، ندای عدالت: ١٩٧)
هاوكات له گه‌ڵ سه‌فه‌ری سێیه‌می ناسره‌دین شاه بۆ رۆژئاوا، مه‌لكه‌م خان «ئیمتیازی لاتاری» واته به‌خت ئه‌زمه‌كردن و مامه‌ڵه چانسیه‌كانی له شاه وه‌رگرت و له ساڵی ١٨٨٩، شاه ئه‌م ئیمتیازه‌یه بۆ مه‌لكه‌م خان واژوو كرد، به‌ڵام پیاوانی ئایینی و سه‌دری ئه‌عزه‌می ئەوکاتەی ئێران واته ئه‌مین سولتان، به توندی لەبەرانبەری وەستان و كه‌وتنه دژاییه‌تی توندی ئه‌م ئیمتیازه و وه‌ك قۆمار ناوزدیان کرد.ناسره‌دین شاش به ناچاری ئەم ئیمتیازەی هەڵوەشاندەوە، به‌ڵام مه‌لكه‌م خان به نهێنی و سەرەڕای بەتاڵکردنەوەی، ئه‌م ئیمتیازه‌ی فرۆشته چه‌ندین کۆمپانیا و لەم ڕێگەوە، پاره‌یه‌كی بەرچاوی دەسکەوت.
ئه‌م كاره‌ی مه‌لكه‌م، بیانوو دایە دەستی ئەمین سولتانی سەدر ئەعزەم کە دژمنی مەلەکەم خان بوو و بەمبۆنەوە،توانی فەرمانی لابرد‌نی مەلکەم له كاروباری حكوومی بۆ هەمیشە لە ناسرەدین شاە وەربگرێت.
لێرەوە چیرۆكی دژمنی ناسره‌دین شاه و مه‌لكەم خان دەست پێدەکات، گەرچی پاش ئەم ڕووداوە ڕادەگەیەند:« ئەرکێکی پیرۆزتر لە بەرژوەندی خۆم لە ئاست پادشاە و وڵاتەکەم لە ئەستۆدایە، هەست دەکەم ئەمە دوایین دەرفەت و هەل بێت، بۆ ئەوەی بەرنامەی چاکسازی خۆم کە ئەرکی سەرەکی ژیانم بووە و بە ڕای خۆم کە کۆتا دەرفەتی ژیانەوەی ئێرانە، پێشکەشی سەرجەمی خەڵکی بکەم» (الگار،١٣٦٩ : ٩٠- ١٨٩)
دواتر دەرکەوت مەبەستی لەم بەرنامەیە بڵاوکردنەوەی رۆژنامەی «قانوون» بووە، هەر خۆی لەمبارەوە و لە نامەیەکدا سەبارەت بە قورسایی رۆژنامە دەنووسێت:« لەم سەردەمەی ئێمەدا، بۆ پێشکەوتنی کاروباری دەوڵەتی و تەنانەت کەسی، چەکی قەبە هەمان رۆژنامەگەرییە و لە ئێران‌دا، گەر سێ کەس هەبن کە بوێرن و بتوانن توخنی کەونەوە، یەکێک لەو سێ کەسە منە»( صفایی،٢٥٣٥: ١٢٥)
پاش ڕاگەیاندنی بەرنامەکە، یەکەم ژمارەی رۆژنامەی قانوونی لە رێکەوتی(٢١)ی فێبرییەی(١٨٩٠)دا بڵاو کردوە[11] و گەرچی بە وتەی خۆی مەبەستی «ژیانەوەی ئێران» بوو، بەڵام لە لایەکی دیکەوە، پێدەچێت پرسی توڵەسەندوەش لە ئارادا بووە، چوونکە هەر وەک خۆی لە نامەیەکەدا بۆ ئەمین سوڵتان نووسیوویەتی، ڕاشکاوانە دەنووسێت:« جەنابی وە‌زیری گەورە، قسە ئەمەیە دەبێت قەرەبووی ئەو هەموو خراپی و پیسیەی کە دەرهەق بە من ڕەاتان زانی، قەرەبووی بکەێتەوە و سەرجەمی مەنسەبەکانم بۆ بگەرێنیتەوە ... لەم دواکارییەم پاشەکشە ناکەم...ئێوە بە هەزاران شێوە ئازار دەدەم، ئێوە مەلەکەمی ماندوو و بێ عورزەتان بینیوە، بەس هێشتا مەلکەمی شێت و هارتان نەبینییوە... ڕاستە میر غەزەب و پیاوکوژتان زۆرتر، بەڵام لە کاریگەری هەناسەی ئەم پیرەپیاوە دڵشکاوەش، نابێت کەمترغەم بن»( صفایی،١٣٤٩:١٣٤) ولێرەوە مەبەستی لە رێگەی رۆژنامەکەیەوە بوو، چوونکە لە نامەیەکی دیکەدا، ئەمەش ڕاشکاوانە دەردەبێت: «لە رێگەی رۆژنامەوە هەرکەسم بەوێت بە ئەژنۆی دێنم»(آجودانی،هەمان:٣٠٨)
ڕاستە لە بڵاوکردنەوەی رۆژنامەی قانوون، پرسی توڵەکردنەوەش هەبوو، بەڵام ئەو ڕۆڵەی کە ئەم رۆژنامەیە لە گۆڕانکاری سیاسی ئەو کاتەی ئێران هەیبوو، ناکرێت پشتگووی بخرێت و مەبەستی سەرەکی لە تۆڵەکردنەوەدا،کورت بکرێتەوە،چوونکە رۆژنامەی قانوون لە ڕەوتی گۆڕانکاری سیاسی ئەو سەردەمەی ئێران و هەروەها بەرزبوونەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی شارەزایی خەڵکی ئێران لە پرسی دەسەڵاتی یاسا و هەروەها ئاستی گەندەڵی حکوومەتی بێ یاسای قاجار، رۆڵی ئیجگار بەرچاوی هەبوو (آجودانی،هەمان :٣٠٧)
گوتاری رۆژنامەی قانوون:
هیچ کەسێک لە ئێران‌دا خاوەن هیچ شتێک نییە،چوونکە یاسا نییە، بێ یاسا حوکمڕان دەستنیشان دەکەین ، بێ یاسا خەڵک دەسبەسەر دەکەین. بێ یاساخزێنە تەخشان وپەخشان دەکەین. بێ یاسا زگی خەڵک هەڵدەدرێن. ژمارەی یەکەمی قانوون( میرزا ملکم خان، روزنامە قانون،٢٥٣٥ : ٣١)
مێژووی سەڕی سووڕماوە، لە ماوەی ئەم چل ساڵەی پادشاییەتی ئێران، هێشتا یەک وشە لە دەستوور تۆمار نەکراوە(هەمان:٣٢)
مه‌لكه‌م له رۆژنامه‌ی قانوون ، باس له زه‌روره‌تی بوونی ده‌ستوور و یاسا و دابینكرده‌نی سیسته‌می ده‌ستوور ده‌كات، به‌ڵام مه‌به‌ستی له یاسا و ده‌ستوور رێك به پیچه‌وانه‌ی قۆناغی یه‌كه‌می فیكری و به واتاییه‌ك سه‌رده‌می نووسینی كتێبی «ده‌فته‌ری ته‌نزیمات» و «كتێبچه‌ی غه‌یبی» یه. ئه‌و كاته مه‌به‌ستی له یاسا و ده‌ستوور واته ئه‌و بریارانه‌ی بوو كه‌وا ده‌زگای تایبه‌ت به دانانی یاسا واته ئه‌نجومه‌نی یاسا و ده‌ستوور، له سه‌ریان بریاری دەدا و له به‌رژه‌وندی گشتی خه‌ڵكدا بوو و به واتاییه‌ك مه‌به‌ستی ئه‌و بریارانه بوو كه سه‌رچاوه‌ی شه‌رعییه‌تی له خه‌ڵكه‌وه وه‌رئه‌گرت (میرز ملکم خان،کتابچەی غیبی یا دفتر تنظیمات ، ١٣٢٧ : ٥٠-١٠)
به‌ڵام پاش ده‌ركردنی رۆژنامه‌ی قانوون و زاڵبوونی بیرۆكه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له ناسره‌دین شاه به گشتی راو بۆچوونی تووشی وه‌رچەرخانی سه‌یروسەمەرە ده‌بێت ، له ژماره یه‌كه‌می «رۆژنامه‌ی قانوون » به راشكاوی له بۆچوونه‌كانی پێشووی ده‌رباز ده‌بێت و ده‌نووسێت :«یاسا و ده‌ستووری باش ئه‌و یاسا و ده‌ستووره‌یه كه‌وا له لایان خوداوه هاتووه بۆ ئێمه» ( میرزا ملکم خان، روزنامە قانون،٢٥٣٥ :٣٣) و له ژماره‌ی دوو‌هه‌مدا، دەنووسێت: «یاسای باش ده‌بێ زانایان و پیاوانی ئایینی دیاری بكه‌ن»(میرزا ملکم خان، هەمان:٤٢) و له ژماره‌ی سێیه‌مدا باسی ئه‌و ده‌كات كه مه‌به‌ست له یاسا واته ئه‌و بریارانه‌ی كه‌وا باس له شێوازی حكوومه‌تكردن و ده‌وڵه‌ت به‌ریوه‌بردن دەکات( هەمان: ٤٢-٣٩) و له ژماره‌ی پێنچه‌مدا دەنووسێت:«پێویسته یاسا پاریزه‌ری ئاسایش گیانی و ماڵی هاووڵاتیان بیت»(هەمان:٥١) و له ژماره‌ی شه‌شدا باسی ئه‌و ده‌كات گوایه ئێمه ده‌مانه‌و یاسای تازه بینین، یاسا هه‌ر ئه‌و شتانه‌یه كه‌وا خودا و پێغه‌مبه‌ری خودا فه‌رموویانه»( هەمان:٥٥)
لەم ئاراستەیەدا، مەلکەم خان، ڕاشكاوانە باس له‌و یاسایانه‌ی ده‌كات كه له خانه‌ی گوتاری ئیسلامی پێناسه ده‌كرێن و ئه‌گه‌ر چی جار جاریش تووشی پارادۆكس ده‌بێت ، به‌ڵام به گشتی له گوتاری ئیسلامی و به‌ره‌ی پیاوانی ئایینی جێگه‌ی خۆی پێناسه ده‌كاتبۆ نموونه له ژماره‌ی هەفدەدا ده‌نووسێت: «شتێک كه ئیستا پێویستە وه‌ك ئه‌ركی سه‌رشانمان كاری بۆ بكه‌ین، ئه‌وه‌یه روو بكه‌ێنه رێبه‌رانی ئایینی و نابێت هیچ گۆمانێ له‌وه‌دا بكر‌ێت كه ئه‌م چینه واته پیاوانی ئایینی و مه‌رجه‌عه‌كانی شێعه ، خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌ته‌ن و نابێت حكوومه‌ت فریۆمان بدات و تۆخنی ده‌سه‌لات بكه‌وێنه‌وه و ده‌سبه‌رداری پێشتیوانی مه‌رجه‌عه‌كانمان بین، مه‌رجه‌عه‌كانی ئێمه به گشتی پیاوانی عاقڵ و خاوه‌ن بیر و سیاسه‌توانانی به‌رجه‌سته و لێهاتوون و به‌رنامه‌ی ئیسلامیش بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی ئینسانییه‌ته » (هەمان: ١٠٢) و له هه‌مان ژماره‌دا به باس لەوە دەکات،پێویسته خەڵک دوا لە مه‌رجه‌عه‌كان بكه‌ین بۆ ئەوەی رزگاریان بکەن و رزگاری خەڵک کەم دۆخە، بەتەنیا لە توانایی ئەواندایە و رزگاری پەیوەستە بە ویستی ئەوانەوە.(هەمان: ١٠٢)
مه‌لكه‌م له‌م قۆناغەدا، جیا لەوەی بە سەراحەتەوە رە‌فزی یاسادانان به شێوازی رۆژئاوایی دەکات، ته‌نانه‌ت ره‌خنه له شێوازی به‌ریوه‌بردنی و ئیدارەدانی حكوومه‌تی رۆژئاوایی ده‌كات و هەر لەمبارەوە، له ژماره‌ی سی و شه‌شی رۆژنامه‌ی قانوون‌دا دەنووسێت:« له دونیادا هیچ نه‌زم و زانستێ شك نابه‌م كه یاسا و ریساكانی له قورئان و قسه‌كانی پێغه‌مبه‌ر و ئیمامه‌كانی ئێمه وه‌رنه‌گیرابێت، هەر ئه‌و شتێ وا ئێمه به ناوی «حه‌دیس» ده‌یناسین ، ئێوه‌ی رۆژئاوایی قه‌ت ناتوانن فامیان بكه‌ن»(هەمان: ١٦٤ )
ئه‌م قسانه‌ی مه‌لكه‌م رێك به پێچه‌وانه‌ی ڕاو بۆچوونەكانی پێشوو و به تایبه‌ت قۆناغی یه‌كه‌می فیكری مه‌لكه‌م بوو، هەر وەک نموونە له كتێبی «كتابچه‌ی غه‌یبی» و له زمانحاڵی كه‌سێكی وه‌همی به نێوی «ئاقەی فزوول» دەنووسێت: «داوای لێبۆرده‌ن، ئێمه نامانه‌وه كه ئاینی خۆمان له کیس بدین. ئێمه هه‌ركات ویستمان كافه‌ر ببین ئه‌وا ئێوه ئاگادار ده‌كه‌ێنه‌وه و ئه‌وكات یاساكانی فه‌ره‌نگ(رۆژئاوا) قبووڵ ده‌كه‌ین . به‌ڵام ته‌قه‌لای ئێوه بێ كه‌ڵك و بێده‌رنجامه، خوا عه‌قڵی به ئێمه داوه و پێویستمان به ئێوه نییه و گرنگ تر ئه‌وه‌ی ئێره ولاتی ئێرانه و رۆژئاوا نییه كه بكر‌ێت باسی هه‌موو شتێک بكر‌ێت، لێره مه‌لاكان و رێبه‌رانی ئایینی (مه‌رجه‌عه‌كان) پێستمان ده‌گرنه‌وه.. مەلکەم خان له وڵامی ئاقای «فزوول» و له زمانی خۆیه‌وه ده‌نووسێت:«ئه‌م قسانه زۆر كۆنه و سوواون و ئیتر كاتی ئه‌م قسانه به سه‌ر هاتووه ،باسی پیاوانی ئایینی مه‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر كه‌سێک بێت ومانای رۆژئاوا بزانه ئه‌وه ته‌نیامه‌لاكانه‌ن ( میرزا ملکم خان، کتابچەی غیبی و دفتر تنظیمات، ١٣٢٧ :٩٥ ) ئه‌م قسانه پیشانده‌ری ئه‌وه‌یه رووبه‌رووبونه‌وه‌ی ئه‌و له گه‌ڵ مه‌رجه‌عه‌كان زۆرتر له كایه‌ی سیاسی و مامه‌له‌كردن ئه‌چێت و نه بڕواكردن به مه‌رجه‌عه‌كان .
خاڵی گرنگ لەم نێوەندەدا ئەوەیە جیا لەوەش ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆ، هەندیجار ڕەخنە ئاراستە ناسرەدەین شاش دەکات، بۆ نموونە لە ژمارەی دەیەمدا ڕوو لە پادشاە دەنووسێت:« ئێمە خەڵکی ئێران، هیچ ماڤی ئەوەمان نییە، پرسیار ئاراستەی بارەگای خاوەن شکۆ بکەین کە بۆ بەرپرسانی دەوڵەت فڵان وەزیریان لە نێوبرد، بۆ فڵان خانوویان بە تاڵان برد، بۆ ئاوەها وڵاتیان کاول کردوە، لە بەرچی میللەتی ئێمەتان تا ئەم ئاستە، زەلیلی ئەسارەت کردوە؟ خاوەن شکۆ وڵام ئەداتەوە، ئێوە خەڵکی ئێران، خۆتان ئاوەها زەلیل و سووک کردوە، گەر ئێوە ئینسان بایان...تووشی ئەم چارەنووسە نەدەبوون»( هەمان: ٧٢) لە هەمان کاتدا، جارجاریش پاساوی سەیر دێنیتەوە بۆ خاوەن شکۆ، بۆ نموونە لە ژمارەی یازدە دەنووسێت:« ئێمە لە ئاست خاوەن شکۆ، جگە سۆز و خۆشەویستی وخزمەتکاری دەوڵەتەکەی، هیچ ویست و داواکاری دیکەمان نییە، گازندەی ئێمە لە بشێویی و بێ سەروەبەرەیی دۆخەکە و هەروەها نەشیاویی وەزیرەکانە»( هەمان:٧٥)
لەمڕووە پێدەچیت، جیا لەوەی هەندیجار وادەنوێنیت خاوەن شکۆ لە سەرهەڵدانی ئەم دۆخە، کەمترین ڕۆڵی هەیە و سەرجەمی خەتای وەزیر و کەسانی دیکەیە و بە شێوازێک پاساو دەهێنێتەوە، بەڵام بە گشتی له‌م قۆناغه‌ی ژیانی فیكری و به واتاییه‌ك قۆناغی ده‌ركردنی «رۆژنامه‌ی قانوون» ئامانجی سه‌ره‌كی جیا له به گوتاركردنی یاسا ، شكانده‌نی شكۆمه‌ندی پێگه‌ی ناسره‌دین شاه و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه بووبێت کە لە ژمارەکانی کۆتاییدا، ئیتر هێرشەکانی سەر بارەگای شایی کە وەک «تاڵانگەی خزێنە» ناوی دەبات چڕ دەکاتەوە و دیارە دەیەوێت، پیاوانی ئایینی و مەرجەعە باڵاکانی شیعە، ڕووبەڕووی پادشاە و دەزگای پاشاییەتی بکاتەوە، و لەمڕووەوە هەندێجار هانیان ئەدات لە مزگەوتەکانەوە بانگەوازی ئەوە بکەن، شوێنکەوتنی ستەمکار، دژی ئیسلام و شیاوی قاڕی خودایە(میرزا ملکم خان، روزنامە قانون،٢٥٣٥ :٣٣) هەر لەم ئاراستەیەدا، بە شێوازێک ماڤی حوکمرانی و شەرعییەت و ڕەوایی دەسەڵاتداریەتی لە پادشاە وەردەگرێت و بۆ مەرجەعەکانی شیعە، دەیگەرێنێتەوە، بۆ نموونه له ژماره‌ی بیست و نۆیەمەدا و له زمانی كه‌سێكه‌وه کە بە نێو یان مەنسەبی «سەفیر» ناسراوە، ده‌نووسێت:«سه‌رۆك ئایینی وڵات پێویسته زۆر پله به‌رزتر بێت له هه‌ر پادشاییه‌ک»( میرزا ملکم، هەمان:١٤٩)
لەمبارەوە پێدەچێت، تۆڵەسەندنەوە لە خاوەن شکۆ و بارەگای شاهانە لە رێگەی ڕووبەرووکردنەوەی دەزگای مەرجەعییەتی باڵا و پادشاە، سەبەبی وەرچەرخانی مەلکەم لە گوتاری رۆژئاواخوازی و لایەنگەری لە رۆژئاوا بۆ دژایەتی رۆژئاوا و لایەنگری شەریعەت و مەرحەعییەت ببێت، بەڵام لەم نێوەندەشدا، نابێت ئەوەش فەرامۆش بکرێت، بە دڵنیایەوە مەلکەم خان‌یش وەک موسته‌شاره‌ودوله له ڕادەی ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ی مه‌رجه‌عییەتی باڵا و به گشتی زاڵبوونی گوتاری ئایینی به‌ئاگا بووە، هەر بۆیه دووریش نییە لە پێناو دابینكردنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستوور و یاسا لە ئێران‌دا، بە هەڵە په‌نای بردبێتە بەر مەرجەعییەت و شەریعەت، به‌ڵام خاڵی جیاوازی مه‌لكه‌م خان و موستهشارودهوله لەوەدایە، مه‌لكه‌م خان زۆرتر خه‌رێكی كایه‌ی سیاسی و به واتاییه‌ك شكاندنی شكۆ و پێگه‌ی ناسره‌دین شاه و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه بووه، لە حاڵێکدا،هەم و غەمی موستهشارودهوله، چەسپاندنی یاسا و دەستوور لە ئێران‌دا بوو.
کەواتە بە ڕەچاوکردنی کۆی ئەندیشەی مەلکەم خان، دەردەکەوێت، كه‌ماندنی ده‌ستوور بۆ شه‌ریعه‌ت و به‌رزكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی مەرجەعییەت بۆ به‌رزتر له پادشاه، بڕوای راسته‌قینه‌ی مه‌لكه‌م خان نه‌بووە، به‌ڵكو پێدەچیت زۆرتر باسی دژاییه‌تی و تۆڵه‌كردنه‌وه و ترساندنی ناسره‌دین شاه لە لایەکەوە و بە گژدانی مەرجەعییەت و دەزگای پاشاییەتی لە پێناو وادارکردنی پادشاە بۆ پەسەندکردنی دەسەڵاتی یاسا لە لایەکی دیکەوە بووبێت. بەم پێیەش نابێت و ناکرێت ئەوەش لە بیربکرێت، مه‌لكه‌م خان له سه‌ره‌تای بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆژنامه‌ی« قانوون» به خراپترین شێواز و لە پێناو به‌رژه‌وندی تاکەکەسی له بنه‌ماكانی ئه‌ندیشه‌ی پاشكه‌ز بووەوە و لەمڕووەوە، نووسه‌ری ناوداری ئێرانی، ئاجۆدانی، ئه‌م كاره‌ی مه‌لكه‌م، وه‌ك شانۆی پرشكۆی بێ ئاكاری، ماستاوچییه‌تی، فێڵبازی و چاچۆڵبازی سیاسی رۆشنبیرانی سێكۆلار و عه‌لمانی ئێران پێناسه‌ی ده‌كات كه ره‌وتی تازەگەری و چاکسازیان له ئێران به‌روو ئاڵۆزی و لاده‌ری هانداوە. (هەمان: ٣٤١ )
بە گشتی راستە مه‌سه‌له‌ی« ئیمتیازی لاتاری» و بۆچوونی به‌رژه‌وندیخوازانەی له پرسی یاسا و ده‌ستوور، وه‌ك دوو خاڵی ره‌ش له كارنامه‌ی رۆشنبیری مه‌لكه‌م خان دیارە و لە بیرناکرێت و تەناتەت ناشبەخشرێت، به‌ڵام ناشبێت ئەوەش فەرامۆش بکرێت، مه‌لكه‌م خان له ریزی یەکەم نەسڵی مونەوەری ئێرانە كه له به گوتاركردنی پرسی یاساخوازی و دەسەڵاتی یاسا و هه‌روهه‌ها هێنانی چه‌مكی نوێ، ڕۆڵی و پێگەی بەرچاویان هەبووە.
پاشنووسەکان:
١) پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبی «نامیلکەی‌ی یه‌ك كه‌لیمه» و برێك ڕخنه‌ی توند سه‌باره‌ت به نه‌بوونی سیسته‌می دادپه‌روه‌ری و خراپ بوونی دۆخی دادگەری ، كه‌وته به‌ر غه‌زه‌بی ناسره‌دین شاه و به ئه‌مری ئه‌و پاش ده‌ركردنی له كاروباری حكوومی، ره‌وانه‌ی زێندان كرا و له زێنداندا به كتێبی «یه‌ك كه‌لێمه»واته به‌هه‌می یه‌ك ته‌مه‌ن یاساخوازی، له سه‌ر و چاویاندا کە بینایی تووشی کێشە بوو، و پاش ماوه‌ییه‌ك حه‌بس ئازادكرا به‌ڵام به هۆی ئه‌شكه‌نجه‌ی زێندان له خراپترین دۆخدا كۆچی دوایی كرد. لێدانی به كتێبی «یه‌ك كه‌لێمه« ده‌توانێت ئاماژه‌ییه‌ك به‌م راستیه بێت هه‌ركه‌سێ بۆ سه‌پانده‌نی ده‌سه‌ڵاتی یاسا ته‌قه‌لا بكات ده‌زگای ستەمکار كوێری ده‌كات.
٢) ناسره‌دین شاه(١٨٩٦-١٨٤٩) چواره‌مین پادشای بنه‌ماڵه‌ی قاجاره كه بۆ ماوه‌ی (٥٠) ساڵ وه‌ك پادشاییه‌كی سه‌ره‌روو و دژە چاكسازی، حكوومه‌تی كرد، سه‌رده‌می ئه‌م پادشاییه هاوكاته له گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی بزاڤی رۆشنبیری و رۆژنامه‌گه‌ری و ململانی ده‌سه‌ڵات و هه‌وڵی مونەوەران بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئیستبدادی شاه و دامه‌زرانی حكوومه‌تی مه‌شروتییه‌ت
٣) پاشاكانی قاجار و بە تایبەت ناسرەدین تووشی ئه‌و وه‌همه هاتبوون وایان ده‌زانی ئه‌وان ناوه‌ند و سه‌نته‌ری دنیان و لەمڕووەوە نازناوی «قیبله‌ی عاڵه‌م»یان بۆ خۆیان هەڵبژاردبوو یان لە لایەن کاسەلێسانی بارەگاوە، پێشکەشیان کرابوو، لەمبارەوە بڕوانە، ئەم کتێبە پڕبەهایە
امانت، عەباس(١٤٠٢) قبلە عالم، ترجمە حسن کامشاد، تهران،کارنامە
٤) لێرەدا مەلکەم خان بە ئەنقەست لە باتی چەمکی ئینسان، ئادەم یان هەمان بنیام(بنیادەم)ی بەکار هێناوە و مەبەستی ئینسانی خاوەن شعوور و بەرپرسیارە، لە زاراوەی کوردی سنەیی لە باتی ئینسان، زۆرتر وشەی بنیام بەکار دەبن. مەلەکەم خان لە ژمارەی دووەمی رۆژنامەکەی بە سەراحەتەوە ڕایگەیاندبوو:« ئەم جەریدەیە تەنیا بۆ بنیام( بنیادەم، ئینسان) دەنووسرێت، کەسانێک بنیام نین، نابێت چاو لەم جەریدە بکەن»( میرزا ملکم خان، روزنامە قانون،٢٥٣٥ :٤٣)
٥) گه‌ره‌كێکی ئە‌رمه‌نی نیشینی شاری ئه‌سفه‌هانه. جولفا له بنه‌ره‌تدا نێوی شارێك له ئه‌رمه‌نستان بوو كه كاتی خۆی شاه عه‌باس سەفەوی خه‌ڵكی ئه‌و شاری به‌ره‌وه ئێران هێنا چوونکە خاوەن سەنعەت و شارەزای سەنعەت و بازرگانی بوون، شاە عەباس خەڵکی جولفای لە گەڕەکێکی ئەسفەهان نیشتەجێ كرد و ئەو خەڵکەش به بۆنه‌ی سۆز و خۆشه‌ویستیان بۆ شاری پێشوویان ئه‌و گه‌ركه‌یان ناو نا جولفا و ئیستاش هەر بەو ناوە دەناسرێت.
٦) دارولفونوون یان یه‌كه‌م ناوه‌ندی خوێندن به شێوازی سەردەمیانە له سه‌رده‌می ناسره‌دین شاه(٩٦- ١٨٤٦ ) و له سه‌ر ده‌ستی ئه‌میر كه‌بیر، سه‌در ئه‌عزه‌می ناودار و گۆرانخوازی مێژووی ئێران، دامه‌زرا و ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌میر كه‌بیر وەک دامەزرێنەری ئەم ناوندە، ئاماده‌كردنی كادێری كارا بۆ كاروباری حكوومی و هه‌روه‌ها رووبه‌رووبۆنه‌وه له گه‌ڵ رۆژئاوا و گرنگتر له هه‌موو شتێ كه‌مكردنه‌وه‌ی پێداویستی به رۆژئاوا بوو. ئەم ناوەندە له ساڵی (١٨٥١) كرایه‌وه و هەڵبەت پێش كرانه‌وه‌یه، ئه‌میر كه‌بیر كه‌وته به‌ر غه‌زه‌بی شاه و دواتر كوژرا، به‌ڵام ئه‌م یادگاریه‌ی ئه‌و دواتر بوو به یه‌كێک له ناوه‌نده‌كانی زانستی مودێرن و هه‌روها سه‌ره‌تای په‌روه‌رده به شێوازی سه‌رده‌مییانه ، شایانی ئاماژه‌ییه یه‌كه‌م مامۆستایانی ئه‌م ناوه‌نده له وڵاتانی نه‌مسا و ئیتالیا بانگهێشت كرابوون و له هه‌شت به‌شی سەربازی،هه‌نده‌سه،كانزاناسی،پزیشكی، فیزیا و ده‌رمان سازی خوێندكاریان وه‌رگرت، فارسی و فه‌ره‌نسی، زمانی فرمی ئەم ناوەندە و وانەکانی بوون(رینگر،١٣٨١ :٩٦ -٨٨ )
٧) فراماسۆنێری یان فریماسۆنێری (Freemasonry) واته ناوه‌نده‌كانی گه‌شه‌پێدانی برایه‌تی، ئه‌م ده‌سته‌واژەیە له زمانی فه‌ره‌نسی واتە «بنەمای ئازاد» وه‌رگیراوه و جگە له ئه‌ندامه‌كانیان، کەس ئاگاداری کۆبوونەوە و مەبەستەکان و بەرنامەکانیان نییە و بەواتاییەک هەموو شتێک نهێنییە.
درۆشمی سه‌ره‌كی ئه‌م ناوه‌ندانه» به‌رانبه‌ری، یه‌كسانی و برایایه‌تی»ییه و خاڵی گرنگ و شایانی سه‌رنج ئه‌وه‌یه كه له زۆربه‌ی ڕووداوه چاره‌سازه‌كانی دنیا، ناوه‌نده فراماسۆنێرییه‌كان رۆڵی سەرەکیان هەبووە و لەمبارەوە ئاماژە به شۆڕشی ئه‌مەریكا دژ بە بەریتانیا و هەروەها شۆڕشی مه‌زنی فه‌ره‌نسه دەكڕیت. لە ئێران‌دا یه‌كه‌م ناوه‌ندی فراماسۆنێری لە ساڵی(١٨٥٩) و لە ژێر ناوونیشانی یانەی لە بیرکردن یان هەمان «فه‌رامۆشخانه» له سه‌ر ده‌ستی مه‌لكه‌م خانی ئەرمەنی دامه‌زرا و ته‌نانه‌ت ناسره‌دین شا، پادشای ئەوکاتەی ئیرانیش لە سەرەتادا بوو به ئه‌ندامی، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك له ناكاودا شاه به ڕووبەرووی بووە و بە ئەمری شاە داخرا و له‌و سه‌رده‌مه‌وه تا ئیستا فراماسۆنێری لە ئێران‌دا وەک ناوەندی پیلانگیڕی رۆژئاواییه‌كان بە مەبەستی رووخانی حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات، پیناسە و خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت و بەردەوام دەسەڵات ئەندامانی ئەم ناوەندانە، بە پیلانگێری و سیخۆری بۆ وڵاتانی بیانی تاوانبار دەکات.
٨)مه‌لكه‌م له ئه‌ساسدا مەسیحی بوو، باس لەوە دەکرێت بە بۆنەی وه‌رگرتنی پۆستی حكوومی و پێش‌گرتن بە دژاییه‌تی پیاوانی ئایینی له به‌رده‌م ئه‌ندیشه‌كانی، وای پیشانده‌دا ئاینی ئیسلامی قبووڵ كردوه، به‌ڵام هه‌ر له سه‌ر ئاینی مەسیحیت مابووەوە، ره‌چه‌ڵكی ئه‌رمه‌نی بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه وه‌ك پیاویكی بێ ئایین و دژە ئیسلام تاوانبار بکرێت.
٩) بۆ زانیاری زۆرتر سەبارەت بە ژیانی سەیری مەلکەم خان بڕوانە
میرز ملکم خان ارمنی(١٣٢٧) مجموعە آثار میرزا ملکم خان، تدوین و تنظیم، محمد محیط طباطبایی، قسمت اول. تهران،انتشارات علمی.
١٠) لەمبارەوە بڕوانە لێکدانەوەی وردبینانەی ئەم دوو بەرهەمەی خوارەوە
آجودانی،ماشااللە(١٣٨٢)مشروطە ایرانی،تهران،اختران: ٣٦٢-٢٨١
میرزا ملکم خان(٢٥٣٥) روزنامە قانون، با کوشش و مقدمە هما ناطق، تهران،امیر کبیر
١١) درۆشمی سەرەکی چل ویەک ژمارەکەی رۆژنامەی قانوون، درۆشمی«رێکەوتن، دادگەری و پێشکەوتن» بوو. لە ژمارەی دووەمەیشدا نووسرابوو:« ئەم جەریدەیە تەنیا بۆ بنیام( بنیادەم، ئینسان) دەنووسرێت، کەسانێک بنیام نین، نابێت چاو لەم جەریدە بکەن»( میرزا ملکم خان، روزنامە قانون،٢٥٣٥ :٤٣)
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved