20/01/2026
ڕۆشنبیرانی ئێران: سەرهەڵدانی رەوتی رۆشنبیریی و گوتاری ڕۆشنبیران (بەشی شەشەم)

بەشی  شەشەم  و کۆتایی نەسڵی یەکەمی رۆشنبیرانی ئێران

  

 

میرزا ئاقاخانی کرمانی(١٨٥٤-١٨٩٦)

«دەبێت هەوڵی زۆر بدرێت بۆ ئەوەی گوێ و چاوی خەڵکی ئێران بکرێتەوە، هەرکرایەوە ئیتر خۆیان دەزانن چی بکەن» نامەی(٢٧) ئەگۆستی(١٨٩٢) میرزا ئاقاخان بۆ مەلکەم خان

 «ئه‌ی جه‌لالدۆله‌ به‌گیانی تۆ گه‌ر یه‌ك به‌رگ له‌كتێبی « به‌حارول ئه‌نوار» له‌ناو هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كدا بڵاوبكرێته‌وه‌و و ئه‌م هه‌موو خورافاته لەمێشكیاندا بسه‌پێت، رزگاربوونی ئەو نه‌ته‌وه‌یە نامۆمکێن دەنوێنێت»(كرمانی،٢٠٠٠ :  ١٨٨)

 

میرزا عەبدولحوسێن خان، ناسراو بە میرزا ئاقاخانی کرمانی، لە بنەماڵەیەکی ناودار و زانستپەروەری گوندی«مەشیز»ی سەر بە ناوچەی بەردسیری کرمان لەدایک دەبێت. باوکی، ئاقا عەبدولڕەحیم مەشیزی، زەویدارێکی ناسرابوو، لە بواری ئاینییشدا، سەر بە ڕێچکەی ئایینی یارسان بوو. میرزا ئاقاخان، خوێندنی سەرەتایی لە کرمان دەستپێدەکات و تا تەمەنی نزیکەی سی ساڵان، سەرقاڵی خوێندنی ئەدەبیاتی فارسی، عەرەبی،مێژوو، فیقه، بیرکاری، مەنتێق، حیکمەت، عیرفان و پزیشکی کۆن بە پێی شێوازی باوی ئەو سەردەمە دەبێت و هەر لەم ماوەیەدا، کەمێک فەرەنسی و تۆزێک ئینگلیزیش لە میرزا ئەفلاتونی زەردەشتی فێردەبێت و لە پاڵ ئەمەشدا دەست بە فێربوونی فارسی کۆن و ئاڤێستا و پەهلەوی دەکات(آدمیت،١٣٥٧ : ٥٢-١٣)

ئاقاخان پاش مەرگی باوکی وەک گەورەی بنەماڵەکەی، دەبێتە خاوەن سەرووەت و سامانێکی بەرچاو، بەڵام لەم کاتەدا ناکۆکی لە نێوان میرزا ئاقاخان و حاکمی کرمان لەسەر وەرگرتنی زۆرەملانەی باج  سەر هەڵئەدات و بەناچاری دەست لە زێد و سامانی خۆی هەڵدەگرێت و بەرەو ئەسفەهان هەڵدێت. لە ئەسفەهان بە هۆی زانابوونییەوە، ناوبانگ دەردەکات و بەم هۆیەوە، لە لایەن «زێللە سوڵتان»، حاکمی ئەو کاتەی ئەسفەهانەوە ڕێزی لێدەگیرێت و لە بارەگای دادەمەزرێت، بەڵام زۆری نەخایاند، حاکمی کرمان نامەیەک بۆ پارێزگاری ئەسفەهان  لە دژی دەنێرێت و بە ناچاری دیسانەوە لەگەڵ شێخ ئەحمەد ڕوحی، هاوڕی سەردەمی منداڵی، ئەسفەهان بەرەوو تاران بەجێدەهێڵێت.(آدمیت، ١٣٥٧: ١٨-١٤)

لە تاران سکاڵا دژ بە ستەمی حاکمی کرمان تۆمار دەکات. لە بەرانبەریشدا، حاکمی کرمان داوادەکات ئاقاخان دەسبەسەر بکرێت و ڕەوانەی کرمان بکرێتەوە، بەڵام ئەمین سوڵتان،سەدری ئەعەزەمی ئەو کاتەی ئێران، قبووڵی نەکات و دەرنجام، رێکدەکەون لە بەرانبەر ڕادەستنەکردنەوەی، میرزا ئاقاخان، دەستبەرداری سکاڵاکەی بێت و هەروەها پایتەختێش بەجێبهێڵێت.( هەمان: ١٩-١٤)

بەمبۆنەوە لە تارانەوە بەرەو مەشهەد بەرێ دەکەوێت و پاش ماوەیەک مانەوە لەم شارەدا،دەچێتە ڕەشت  و لە ڕێگەی ڕەشت و تەورێز و بادکۆبەەوە لە گەڵ شێخ ئەحمەدی رۆحی هاوڕی بەرەو ئەستەمۆڵ بەڕێدەکەون و لە ساڵی ١٨٨٦ دەگەنە ئەستەمۆڵی پێتەختی عوسمانی و دوای دوو مانگ مانەوە لەوە شارە،لە گەڵ شێخ ئەحمەد ڕوحی دەچنە قوبرس بۆ ئەوەی «سۆبحی ئەزەڵ»[1] ببینن و هەر لەوێدا لە   گەڵ دوو کچی ئەزەڵ، هاوسەرگیری دەکەن و دەگەرێنەوە بۆ ئەستەمۆڵ و تا ساڵی(١٨٩٦) لەم شارەدا دەمێننەوە. ( کرمانی، ١٣٤٣ :٤-٥٣ )

لە ئەستەموڵ لە رۆژنامەی فارسی زمانی ئەو کاتەی ئەستەمۆڵ واتە رۆژنامەی«ئەختەر»، دەست بە نووسین دەکات و جیا لە نووسین وتاری دژ بە دەسەڵاتی ستەمکارانەی ناسرەدین شاە،[2] بۆ یەکەم جاریش، باس لە ئەندیشەی سوسیالیزم و ئانارشیزم بە زمانی فارسی دەکات. پاش ماوەیەک نووسین، لە بەر هەڵسووکەتی ناپەسەندی خاوەن رۆژنامەکە، واز لە نووسین بۆ دێنیت و سەرقاڵی فێربوونی زمانی ئینگلیزی و تورکی و فەرەنسیش  دەبێت و لەم ڕێگەوە لە گەڵ ئەندیشەی مۆدێرن ئاشنا دەبێت و هاوکات دەست بە نووسینی وتار بۆ رۆژنامەی «قانون»ی مەلکەم خان لە لەندەن دەکات( کرمانی،١٣٦٧ : ٣٣-١٥)

هەر لە ئەستەمۆڵ لە گەڵ کەسایەتییە ناودارەکانی ئەو سەردمەی عوسمانی و بەتایبەتی مونیف پاشای وەزیر، پەیوەندی دەگرێت و لەم رێگەوە ئاگاداری ڕەوتی ئەندیشەی نوێخوازانە و ناسیۆنالیستانەی تورکە گەنجەکان دەبێت و  هەر لەم کاتەشدا ڕوو لە ڤۆڵتێر و ڕۆسۆ دەکات و گرنگتر لە هەمووشی پشت لە نەریتی مێژوونووسی کۆنی ئێرانی واتە گێرانەوە و باسکردن لە ژیانی پاشاکان و هەروەها نووسینەوەی شەڕەکان دەکات و زۆرتر جەخت لە هۆکارەکانی پێشکەوتن و داکشانی گەلان و فەلسەفەی مێژوو دەکات و بەم شێوەیە، میرزائاقاخان لەم شارەدا، تووشی گۆڕانکاری سەیری هزری دەبێت.

 ئاقاخان پاش دەساڵ مانەوە لە ئەستەمۆڵ، لە بەر داواکاری تاران و پاساوی بەشداری لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەرمەنییەکان، لە گەڵ دوو هاوڕی دیکەی ڕادەستی حکوومەتی ئێران دەکرێنەوە  و دوای دوو مانگ  ئەشکەنجەی وەحشیانە، بە فەرمانی وەلیعەهد،سەریان لە جەستەیان جیا دەکرێتەوە.[3]

ئاقاخان گەرچی تەنیا چل و دوو ساڵ ژیا، بەڵام توانی نزیکەی بیست و یەک بەرهەم بە کارنامەی رۆشنبیری ئێران زیاد بکات و لە ریزی گرنگترینی ئەم بەرهەمانە، دەکرێت ئاماژە بە کتێبی ڕزوان، ئاوێنەی سێکەندەری یان مێژووی ئێران، مێژووی ئێران لە ئیسلامەوە بۆ سەلجوقییەکان، سێ نووسراوە، حەفتا و دوو میللەت،  حیکمەتی تیۆری، هەشت بەهەشت، سەد خیتابە،  بیری بابی و شێخییەکان و انشااللە، انشااللە بکرێت کە بابەتی جۆراوجۆری وەک ڕەخنەی کۆمەڵایەتی، ئەدەبیات، ڕەخنەی لە شێوازی ئەدەبیاتی کۆنی ئێران، حیکمەت و فەلسەفە و هەروەها مێژووی کۆن ئیڕان و ڕەخنە لە شێوازی مێژوونووسی ئێران، لە خۆ دەگرن.

ئەندیشەی میرزا ئاقاخان:

میرزائاقاخان جیا لەوەی شارەزای چەندین زمانی وەک فارسی، عەرەبی، تورکی، فەرەنسی و ئینگلیزی بوو، شارەزای فەلسەفە و حیکمەتی ئێرانی کۆن و هەروەها ئەندیشەی سەردەمی ڕۆشنگەری و فەیلەسوفەکانی ڕۆشنگەری بوو کە وەک«ڕۆشنگەرانی عەقڵ و لەنێوبرانی خورافات»،نێویانی بردوە. (آدمیت،هەمان:٢٥٨)

شارەزایی ئاقاخان لەم بوارانەدا واتە بواری زمان و حیکمەتی کۆنی ئێران و هەروەها ئایینی ئیسلام و فەلسەفەی رۆژئاوایی و بە تایبەتی ئەندیشەی سەردەمی رۆشنگەری، کاریگەری تەواوی لە سەر هزر و ئەندیشەی میرزا ئاقاخان داناوە و لەمبارەوە،ئەندیشەی لەسەر بنەمای ئەولەویەتدان بە هزر و پێوانەبوونی هزر و ئەزموون دامەزراوە،چوونکە بەڕای ئاقاخان:«بنەما و پێوانەی مرۆڤ عەقڵە» و«عەقڵ فەرمانڕەوای هەموو شتێکە»(کرمانی،صد خطابە:٩٤) و هیچ شتێک له دنیادا«له عەقڵ به ڕێزتر و به ڕزتر نییه» و لەمڕووەوە، هیچ شتێک ناتوانێت جگه له عەقڵ، ئەو تواناییە هەبێت، چوونکه هەڕ ئارگیومێنتێک لە رێگەی عەقڵەوە دەکرێت و ڕەوایەتی هەموو بابەتەکان بۆ عەقڵ دەگەڕێتەوە.(آدمیت، هەمان: ٢-٨١)

هەر لەمبارەوە، میرزا ئاقاخان عەقڵ وەک«دانانی هەموو شتێک لە شوێنی خۆی، بەکارهێنانی هەموو هێزێک لە شوێنی خۆی وهەروەها جێبەجێکردنی هەموو شتێک لە سیستەمی سروشتی خۆیدا» دەناسێنێت و زانست یان مەعریفەش وەک گەڕان بەدوای هۆکار و سەبەدا پێناسە دەکات کە مەبەستی دۆزینەوەی«ئاخێزگەی شتەکان»و«زانینی دۆخی شتەکان» و هەروەها «کۆتایی شتەکان»ە و بەواتاییەک لەمبارەوە پێوایە، مەبەستی سەرەکی زانست ئەوەیە ڕوونی بکاتەوە کە شتەکان لە بنەڕەتدا چۆن بوونە، بۆ وایان لێهاتووە و دوای ئەمە چیان لێدێت(کرمانی،صد خطابە:٦٤-٦٣)

 هەر لەم ئاراستەیەشدا،میرزا ئاقاخان سەبارەت بە مەعریفە دەنووسێت:« مەعریفە بریتییە لە فامی سوود و قازانجەکانی ئەم دنیایە، زانای هەر نەتەوەیەک ئەو فەیلەسوفەیە کە سوود و زیانەکانی میللەتەکەی دەزانێت و لە ڕێگەی قسەکردن یان هەر ئامرازێکی ترەوە هەستە خەوتووەکانیان بەئاگا و وشیار دەکاتە. بەم پێوەرە، ئێستا ئێوە بە باشی تێدەگەن کە پلەی جەهالەتی مەلاکانی ئێران تا چ ڕادەیەکە، چونکە، ستایش بۆ خودا، هیچ کامیان دوو وشەی سوودبەخشیان بۆ نەتەوەی ئێران نەگوتووە و نەنووسیوە. حیکمەتی مەلا سەدرا و بنەماکانی شێخ مورتەزا و عیرفانی شێخ ئەحمەد و خستنەڕووی بابەتی فیقهی شێخ محمد حەسەن چ سوودێکی بۆ ئەم میللەتە بێچارەیە هەبووە؟نە سامانی دەوڵەتیان زیاد کردووە، نە ئاسوودەیی و خۆشگوەزەرانیان بۆ خەڵک هێناوە، نە زیانەکانی حکومەتی ڕووسیا و بەریتانیاشیان دوور خستووەتەوە.»( کرمانی، هەمان:٦-٦٥ )

کەواتە لە ڕوانگەی میرزا ئاقاخانەوە، مەعریفە دەبێت لە خزمەتی بەرژەوندی خەڵکدابێت و خاوەن مەعریفە، یان هەمان فەیلەسووف، کەسێکە کە بەرژوەندی خەڵک و نەتەوەکەی بزانێت و لەو ئاراستەیەدا کار بکات و هەنگاو هەڵگرێت و لەمڕووەوە،  ئەوەی بە ناوی مەعریفەوە لە لایەن مەلا و عارف و فەقی  و حەکیم و بە گشتی پیاوانی ئایینی ئێرانەوە ناسراوە و پێشکەش کراوە،  کەمترین پەیوەندییان بە زانست و مەعریفەوە نییە، چوونکە جگە زەرەر، کەمترین سوودیان بۆ خەڵکی ئێران نەبووە. دیارە لە ژێرکاریگەری ئەندیشەی رۆشنگەری، پێناسەیەکی دژە ئایینی و هاوکات نەتەوەخوازانە ئاراستە دەکات.

بە گشتی سەرەڕای ژیانی کورتی میرزا ئاقاخان و هەروەها سەرقاڵبوونی بە کاروباری سیاسی، لە بواری ئەندیشەدا وەک یەکێک لە مونەوەرانی کاریگەری ئەو سەردەمە بە تایبەتی لە بواری نەتەوەخوازی و ناسیۆنالیزمی ئێرانی سەیر دەکرێت کە لێرەدا بە گرنگترین ئەو بابەتانە، وەک بەشێک لە گوتاری هزری میرزائاقاخان ئاماژە دەدرێت.

 

نەتەوەخوازی و نیشتمانپەرەستی:

ئەی ئێران کوا ئەو دەوڵەتە گەورەیەت، کوا ئەو شکۆمەندییەت؟ئەو شانشێنە بەشکۆیەت ؟ ئەو شەرەف و بەختەوەرییەی پێشووت چی لێهات؟ کۆمەڵێک عەرەبیی ڕووت و برسی و شەقاوە، هەزار و دوو سەد و هەشتا ساڵە تۆیان وا بەدبەخت وچاڕەڕەش کردووە، ناچار بیت لەم دۆخە سامناک و تاریکەدا بژیت.( کرمانی، ٢٠٠ :١٢٨)

لە چاوی ناحەز دوور بێت، سەرجەمی خەڵکی ئێران درۆزن، بدخۆ، ناحەز،مۆن، ناشیرین، ساختەچی، وەحشی، ستەمپەرەوەرە و رەزیل بوونە(هەمان:١٥٠)

دەست بۆ هەر لقێکی درەختی ئەخلاقی ناحەزی ئێرانییەکان دەبم، ڕەگ و ڕیشەی عەرەبەکانی پێوە دیارە، تۆمەکەی ئەو تۆمەیە کە عەرەب چاندوویەتی، کۆی خراپی ئێرانیەکان یان میراتی عەرەبە یان بەرهەم و دەرئەنجامی ئەو هێرشانەیە کە لە ئێراندا کردوویانە. ( کرمانی، ٢٠٠٠ : ٢٦٥)

 

ئەمانەی سەرەوەی نموونەی بۆچوونی میرزا ئاقاخانی کرمانییە کە لە پاڵ ئاخوندزادە وەک دامەزرێنەری ناسیۆنالیزمی ئێرانی و بەتایبەت ناسیۆنالیزمی فەرهەنگی دەناسرێن و ناسراون، میرزائاقاخان لەو باوەرەدایە، ئێرانی پێش ئیسلام دەسەڵاتی تایبەت بە خۆی و هەروەها مێژووی زێرین و بەشکۆی تایبەت بە خۆی بووە و بەهاتنی عەرەب بۆ ئەم وڵاتە، هەمووشتێک تووشی شێوان و داڕمان بووە و لە ئیستاشدا چی هەڵسووکەوت و دیاردە و ئەخلاقی ناحەز لە ئێراندا هەیە و دەبیندرێت، سەرجەمی بەرهەمی کاریگەری فەرهەنگی عەرەبە و بەمبۆنەوە لە عەرەب بەوپەری ناشیرینەوە یاد دەکات وەک وەحشی، وشتەرسوار، چۆلەوانی نشین، مارمێلکە خۆر، حەماڵ، برسی، پێپەتی خوێنرێژ، ناودەبات.( کرمانی،٢٠٠ : ٣٠٠-٢٠)

ئاقاخان ئەوەش نایشارێتەوە لە ئیستادا، خەڵک ئێران لەوپەری «گەمژەیی»دان و گەمژەیی و بێ عەقڵی ژیانی ئەوانی پڕ لە جەهالەت و نەهامەتی و چی شتی ناحەز و خراپە،  کردوە و لەمبارەوە  دەنووسێت:«گەر کەسێک بیەوێت نموونەیەکی کورت لە نەهامەتیەکانی ئێرانییەکان تێبگات، لەگەڵ یەکێکیان سەفەر بۆ کەربەلای پیرۆز یان نەجەف ئەشرەف بکات » ( کرمانی، ٢٠٠٠ : ٨-٢٤٧)و هەر لەم ئاراستەیەشدا، ئاماژە بە فەرهەنگی پڕ ئاژاوەچییەتی و خوێنرێژی ئێرانییەکان دەکات وەک نموونە باس لەوە دەکات چۆن لە کاتی فتوای کۆشتنی بەهاییەکان دەستیان بە کۆمەڵکوژی بەهاییەکان  لەو پەری دڕەندەییدا کرد و لەمبارەوە دەنووسێت:«لە نێو خەڵکی ئێراندا کەم کەس هەیە کە حەزی بە جەلادبوون نەبێت یان ستەم و نادادپەروەری نەکردبێت»(هەمان: ٣٢٤)

سەرەڕای ئاماژەی بەرفراوان بە هەڵسووکەوت و ئەخلاقی دزێو و ناحەز و تەنانەت نائینسانی ئێرانییەکان، بەڵام سەبەبی ئەوەش بۆ هاتنی عەرەب و ئایینی ئیسلام دەگەرێنێتەوە و لەباوەردایە ئەمانە هەموویان، بەروبوومی فەرهەنگی عەرەب و ئایینی عەرەبە و لە پەیوەندی بە ئایینی عەرەب واتە ئایینی ئیسلام، پێوایە ئایینی ئیسلام تەنیا تایبەت بە قەومی عەرەبە و بۆ عەرەب هاتووە و فڕی بە خەڵکی ئێرانەوە نییە و گەر ئیستاش خەڵکی ئیران بوونەتە موسەڵمان، ئەوە بە ویست و حەزیان خۆیان نەبووە، بەڵکوو لە رێگەی زەبری شمشێری «سەعدی کوری وەقاس»ەوە بووە و هەر لەمبارەشەوە دەنووسێت:« بریار بوو بە پێ بەڵێنەکەی ئایینی ئیسلام، دنیا و ئاخرەتی ئەم خەڵکە شاد و شکۆمەند بکات، لەوە با لێگەڕین کەمترین ئاگامان لەو دنیاکە نییە، بەڵام بۆ ئەم دنیاشمان، لەو ڕۆژەوە ئیسلام هاتووە و ئەم وڵاتەی داگیر کردوە چی ڕەنج و بەڵا و عەزاب و خراپپە بە سەر ئەم وڵاتە و خەڵکەکەیدا داباریوە» ( کرمانی، ٢٠٠٠: ١٤٢)

کەواتە ئاقاخان، ئیسلام و عەرەب وەک هۆکار و سەبەبی سەرەکی دواکەوتوویی و هەروەها سەرهەڵدان و پەرەسەندنی ئەخلاق و هەڵسووکەوتی ناپەسەند و دزێوی خەڵکی ئێران دەزانێت و لەبەرانبەریشدا، مێژووی کۆنی ئێران و بە تایبەتی مێژووی پێش ئیسلام، وەک بەهەشت سەیر دەکات و دەیناسێنێت و بانگەشەی بۆ دەکات و تەنانەت ڕوانگەشی بۆ نەتەوەی ئێران جیا لەوەی ڕوانگەیەکی«ئەزەڵ»ییە واتە لەوباوەرەدایە، نەتەوە ئێران، جیا لەوەی هەر لە سەرەتاوە بوونی  هەبووە،بەڵکوو  وەک سەرچاوەی پێشکەوتن و شارستانیەت پیشانی ئەدات و تەنانەت لەوباوەرەشدایە، فەرهەنگ و شارستانییەتی ئیرانی کۆن، « سەرەوەروو و یەکەمی سەرجەم شارستانییەکانی دنیا»بووە.(کرمانی، هەمان:٣٩٦) 

هەر لەم ئاراستەیەشدا، ڕوانگەشەی بۆ جوگرافیای ئێران، جیا لەوەی ئەزەڵییە، بەتەواوەتی رۆمانتیک و سۆزدارانەیە و وەک «خۆشەویست»، «پەرستشگە»،«بووک»، «باوەک» و «دایک» یادی دەکات و ناوی دەبات و لەمبارەوە دەنووسێت:خاکەکەی ئێران «لە زێڕ و ئاوریشم بەنرخترە»، زەویەکەی«سەرانسەر گەشاوەیە»، کوێستانەکانی«بەهەشتی بەرین»،چۆڵەوانیەکانی« خۆش و دڵنشین»، هەواکەی«بێ هاوتا» و ئاوەکەشی وەک «کەوسەر و سەلسەبیل»،و ڕووبارەکانیشی پڕن لە «ئاوی شیرین» و هاوکات بانگەشەی ئەوەش دەکات: «هیچ گومانێک لە خاوێنبوونی هەوای ئێراندا نییە، هیچ نەخۆشییەکی درێژخایەنی تێدا نەبووە. کۆکە، هی فەرەنگە، تاعونیش لە میسرەوە یان بە ناوە پیرۆزەکەیەوە لە هیندستانەوە و لە رێگەی زیارەتکارانی حەجەوە هاتووە، ئەنفلۆنزا لە ڕووسیا و ئیتالیاوە گەیشتووە، دیفتێریا ونەخۆشی تایفۆسیش لە سعودیەوە هاتۆتە »(کرمانی،صد خطابە: ٩-٨)

دیارە میرزائاقاخان، ئێران وەک جوانترین و ڕازاوەترین وڵات سەیر دەکات و دەیناسێنێت و هاوکات مێژووی پێش ئیسلامی ئەم وڵاتەش وەک سەردەمی پڕ لە شکۆ و شارستانیەت و تەنانەت وەکوو سەرچاوەی شارستانیەت هەمووی دنیا ناودەبات و شتی سەیروسەمەرەتر ئەوەی، پێوایە زمانی سەرجەم خەڵکی ئەم وڵاتە، فارسی یان هەمان پارسی بووە و ئەم زمانە کەم هاوتا و تەنانەت بێ هاوتا ناودەبات و نەتەوەی ئێرانیش وەک نەتەوەیەکی پیرۆز سەیر دەکات و بۆ یەکمجاریش، لە کایەی رۆشنبیری ئێراندا، باسی ڕەگەزی دەکات و ڕەگەزی ئێرانیەکان بۆ ئارییەکان دەگەرێنێتەوە و لەمبارەوە، دەنووسێت: « قەومی مەزنی ئێرانی هەمان نەتەوەی نەجیمی ئاری»یە. (کرمانی، صد خطابە: ٢٤٥)

بە گشتی ناسیۆنالیزمی فەرهەنگی کرمانی، جەخت لە سەر زمانی پارسی وەک شێرینترین و کۆنترین زمان، ئایینی زەردەشت وەک باشترین و دادگەرانەترین ئایینی دنیا، مێژووی ئیڕانی پێش ئیسلام و ڕەگەزی ئاریی وەک سەرچاوە نەجابەت و زانایی دەکاتەوە و لەمڕووەوە زۆر جار لە ڕەگەزپەرەستی و فاشیبوون نزیک دەبێتەوە و هەندیجاریش بە تەواوەتی لە بازنەی داد و ئینساف و ئینسانییەت دوور دەکەوێتەوە و خۆی بە مێژووی خەیاڵی وەهمی پاشاکانی پێش ئیسلام و ڕەگەزی ئاریی دەسپێرێت و سەبەبی سەرجەمی ناحەزی و ناشیرینەکانی ئێرانی ئیستاش دەخانە ئەستۆی هاتنی عەرەب و  سەرهەڵدانی ئیسلام و لەم ڕوانگەوە لە سەرهەڵدان و پەرەسەندنی گوتاری عەرەبدژی و سووکایەتی بە عەرەب وەک ئەویتری شۆناسی ئێرانی ، رۆڵی بەرچاو و کاریگەری بووە و هەیەتی.[4]

پێدەچێت ئەندیشەی نەتەوەخوازانەی میرزا ئاقاخان و دۆخی ئەوکاتەی ئێران و بەتایبەتی شێوازی حوکمڕانی پاشاییەتی قاجار لە لایەکەوە و کاریگەری ئەندیشەی سەردەمی ڕۆشنگەری لە لایەکی دیکەوە،  میرزا ئاقا خانی بەرەوو ئەوە هاندا بێت باس لە شێوازی حوکمڕانی باش و هەروەها دیسپۆتیزم  و ئازادی بە وردی  بکاتەوە کە لێرەدا وەک بەشێک لە ئەندیشەی، ئاماژەیان پێ ئەدرێت.

 

ئیستێبداد«دیسپۆتیزم» و ئازادی:

«دیسپۆتیزم واتە پادشاییەک کە فڕی بە هیچ ڕیسا و یاسایەکەوە نەبێت،  لەبەرانبەریشدا خاوەن گیان و ماڵی سەرجەمی خەڵک بێت، بەردەوام ملهۆڕانە و بە پێی حەز و ویستی خۆی هەڵسووکەوت بکات و فەرمان دەربکات. پادشاییەک تێدا خەڵک بە تەواوەتی لە ژێر دەسەڵاتی پاوانخوازنەی پادشادا بێت و لە بەرانبەرا، خاوەن هیچ شتێک تەنانەت گیانی خۆشی نەبێت و وەک کوێلەیەکی سووک، لە سەرجەم ماڤەکانی بێبەش کرابێت»(کرمانی،٢٠٠٠: ١١٠)

«سستەمی حوکمڕانی وڵاتێک دوو دێڕ گرێبەست و قانوونی تێدا نەبێت، باس لە کەمترین سنوور و بنەما بۆ کۆتایی بە ستەم و دەستدرێژیی نەکرابێت، پرسیار ئەوەیە، خەڵکی چۆن دەژین و چۆن مانەتەوە؟ هەر لەمڕووەوە سەیر ئەوەیە گەلی ئێران، تا ئیستا چۆن بەتەواویەتی تەفرووتوونا نەبوونە »( کرمانی،٢٠٠٠: ٣٤٨)

 

سەبارەت بە ڕەگوڕیشەی دیسپۆتیزم یان هەمان ئیستێبداد و ستەمکاری، ئاقاخان پێی وایە، ئاخێزەگەی دیسپۆتیزم بۆ ئەو بیروباوەرە دەگەرێتەوە، گەلانی رۆژهەڵات لە بیروباوەڕەکانیاندا هەمیشە حەز و ویستیان بەرەو دەسەڵات و فەرمانڕەوایەکی ڕەهادا بووە و  گرنگتر ئەوەش بەدوای فەرمانڕەوایەکدا گەڕاون کە دەسەڵات و سیفەتەکانی هاوشێوەی خودا بێت،لەمڕووەوە بەردەوام لەم ناوچەیەدا، شایەتی سەرهەڵدانی شێوازی حوکمڕانی دیسپۆتیزم یان هەمان ئیستێبداد و ستەمکارین، بەڵام لە یۆناندا، لە بەر ئەوەی یۆنانییەکان، باوەڕیان بە فرە خودایی بووە، گەرچی تاکە خودایەکیش هەر هەبووە کە لە هەمووان بانتر بووە، بەڵام دەسەڵاتەکەی سنووردار و تایبەتمەندییەکانی زۆر سەیر و جیاواز و باڵاتر لەوانی دیکە نەبووە، ئەم یەکێتیە لە فرەییدا یان هەمان «وەحدەت لە کسرەتدا» بە شێوازێک، «یەکێتی دانیشتووان» و کۆمەڵگای خوڵقاندوە، کە لە ئەنجامدا تاکەکانی میللەت، توانیویانە ماف بەدەست بێنن و ئیزن بە سەرهەڵدانی دەسەڵاتی ڕەها و مانەوەی دەسەڵات لە دەستی یەک کەسدا نەدەن و ئەمە خۆی لە خۆیدا، لە سەرهەڵدانی ستەمکاری و ئیستێبداد، ریگری کردوە.(آدمیت، هەمان:١١٦)

لەمڕووەوە ئاقاخان، بە سەراحەتەوە، جیا لەوەی ئاخێزەگەی ئیستێبداد بۆ بیروباوەر و ئەندیشەی باو و زاڵی  خەڵکی رۆژهەڵات لە ڕەوتی مێژوودا دەگەرێنێتەوە، ستەمکاری و نادادپەروەری و بێ بایەخبوونی مرۆڤیش وەک بەرهەمی ئیستێبداد و دیسپۆتیزم پیشان ئەدات و پێوایە سستەمی ئیستێبدادی یان دیسپۆتیزم، ئەخلاقی خەڵک گەندەڵ و دزێو دەکات، خەڵک لە چی بەهای ئینسانی هەیە، بەتاڵ دەکاتەوە و لەمبارەوە دەنووسێت: »سیاسەتی نادادگەرانە،ئەخلاقی میللەت گەندەڵ دەکات. کەسانێک کە لەژێر باری ستەم و ترس و ستەمکارییدا دەژین، ئازایەتی و فەزیلەتی ئەخلاقی لە نێویاندا نامێنێت و پەتای کوشندەی وەک ترسنۆکی و فێڵکردن و چەواشەکاری و ماستاوکردن، ڕیشەی ژیانیان بە تەواوەتی دەسوتێنێت»( هەمان: ٢٥٣)

دیارە جیا لەوەی ستەمکاری و دیسپۆتیزم، وەک هۆکار و سەبەبی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی رەزیلەت و جەهالەت و بەتاڵبوونەوەی خەڵک لە بەهای ئینسانی دەزانێت،باس لەوەش دەکات،بە دڵنیاییەوە حوکمڕانی ستەمکارانە، تا وڵات کاول نەکات و خەڵک بە تەواوەتی ئازار نەدات، دەس لە دەسەڵات هەڵناگرێت( کرمانی، صد خطابە: ١٩٤)

هەر بەمبۆنەوە، ئاقاخان، ئازادی وەک چارەسەری سەرەکی رزگاربوون لە ستەمکاری و چاڕەڕەشی ناودەبات و هاوکات وەک تاکە رێگەی دەربازبوون لە کوێلایەتی و گەیشتن بە ماڤە ئینسانییەکان، باسی دەکات و پێوایە، بەبوونی ئازادی هیچ کەسێک ناتوانێت «دەستدرێژی» بکاتە سەر ماڤی هیچ کەسی دیکە، لە هەمانکاتدا، هیچ سنوورێک یان سنووردارکردنێک بۆ ئازادی تاک بە ڕەوا نازانێت بەو مەرجەی، دەستوەردان لە ئازادیی کەسی دیکە نەکرێت و هەر لەم ئاراستەیەشدا، ئاماژە بە ئازادی بیرکردنەوە، ئازادی قەڵەم، ئازادی ڕادەربڕێن، ئازادی ئایین، ئازادبوون لە هەڵبژاردنی جل و بەرگ و شوێنی نیشتەجێبوون، ئازادبوون  لە هاوسەرگیری وەک بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی ئازادی دەکات و پێشیوایە دادگەری بێ بوونی ئازادی بەدی نایەت و گرنگتر ئەوەش بۆ یەکەمجار باس لە ئازادی ژن و یەکسانی ژن و پیاو دەکات .(علیخانی،١٣٩٠: ٣٤٦-٣١٧)

لەمڕووەوە میرزا آقاقاخان، پاشاییەتی قاجار وەک نموونەی ئیستێبداد و دیسپۆتیزم ناودەبات و لەوباوەردایە، ئیستێبداد و دیسپۆتیزم لە ئێراندا، ڕەگوریشەی لە باوەر و فەرهەنگی کۆنی خەڵکی ئێران و ناوچەکەدایە و شتێکی نوێ و ناسروشتی نییە و هەروەها پێوایە، ئیستێبداد خۆی لە خۆیدا نادادگەری و بێ فەزیلەتی بار دێنێت و سەبەبی لە نێوچوون  وڵاتە و لەمڕووەوە، تەنیا ئازادی دەتوانێت پێش بە ستەمکاری و نادادگەری بگرێت، تەنیا ئازادی دەتوانێت پێش بە وێرانی وڵات و هەروەها بە گەندەڵبوونی ئەخلاقی خەڵک بگرێت.

لە روانگەی ئاقاخانەوە، ئازادی واتە ئەوەی هەمووکەسێک مافی بیرکردنەوەی ئازادانە، قەڵەمی ئازادانە، ڕادەربڕێنی ئازادانە و هەروەها ئازادیی ئایینی هەبێت، رێز لە مافەکانی بەرامبەری خۆی بگرێت و واز لە دەستێوەردان لە کاروباری کەسانی دیکە بێنێت و بە تایبەتی سەرجەمی خەڵک، هەست بەوە بکات کەرامەتی پارێزراوە و ستەمی پێناکرێت و لەم ئاراستەیەدا، ئاقاخان باس لە جۆرێک حوکمڕانی دەکات کە پێوایە ئازادی تاک دەپارێزێت و پێش بە ستەمکاری دەگرێت و وەک نموونەی حوکمڕانی باش و شیاو ناودەبات.

باشترین شێوازی حوکمڕانی:

ئاقاخان پێوایە ئینسان پاش ئەوەی ژیانی بە کۆمەڵی دەست پێکرد و بەواتاییەک شێوازی ژیان لە نێو کۆمەڵگادا سەری هەڵدا، هەستی بە سێ دەسەڵات واتە دەسەڵاتی حکوومەت، دەسەڵاتی ئایین و دەسەڵاتی حیکمەت یان زانست کرد. هەر لەمبارەوە، میرزا ئاقاخان جیا لەوەی بە وردی باس لەو سێ دەسەڵاتە دەکات،(آدمیت، هەمان:١١٢) بە وردیش ئاماژە بە باشترین دەسەڵاتی حکوومەتداری یان هەمان شێوازی حوکمڕانی  لە بەشی «مەزدەک» لە «وتاری چوارەمی کتێبی ئایینەی سکەندەری» دەکات و لەم ئاراستەیەدا، پێوایە دادپەروەری و حیکمەت، لە پاراستنی حکومەتەکاندا،رۆڵی سەرەکی و بەرچاو  دەگێڕن و لەمڕووەوە ئەو دەسەڵاتانەی کەوا لەسەر بنەمای «دادپەروەری و حیکمەت» دانەمەزرابێت، نەک تەنیا ئەخلاقی خەڵک گەندەڵ دەکات، بەڵکوو وڵاتیش کاول دەکات و دەرنجام خۆشی لە نێو دەبات( کرمانی، آیینە اسکندری،٢٠- ٥١٤)  

کەواتە لە ڕوانگەی میرزائاقاخانەوە، باشترین حکوومەت ئەو حکوومەتەی بە حیکمەت و دادگەری ڕازبێتەوە و بە واتاییەک لە سەر ئەم دوو تایبەتمەندییە، بنەمای دانرابێت،چوونکە ئەم چەشنە حوکمڕانیە، پێش بە گەندەڵبوونی ئەخلاقی خەڵک دەگرن، وڵات بەرەوو ئاوەدانی دەبن و تەنانەت پێش بە ستەمکاری دەگرن.

ئاقا خان گەرچی فەرهەنگی یۆنانی کۆن، وەک ئاخێزەگەی ئەم شێوازە حوکمڕانیە ناودەبات، بەڵام سەردەمی پادشاییەتی پێش ئیسلامی ئێران و بەواتاییەک پادشایی ئێرانی کۆنارا وەک نموونەی بەرز و باڵای ئەم شێوازە حوکمڕانیە واتە حکوومەتی دادگەری و زانایی دەزانێت و جیا لەوەی لە دوو کتێبی «سێ مەکتووب» و «سەد خیتابە» جارجار ئاماژە بە سەردەمی پاشاییەتی کۆنارای ئێران دەدات، دوو کتێبی «هەشت بەهەشت» و بەتایبەتی «ئایینەی سکەندەری» لەمبارەدا دەنووسێت و بێ ئاماژەدان بە کەمترین سەرچاوەی باوەرپێکراو، جیا لەوەی ئەو سەردەمە وەک سەردەمی زێرین و بەشکۆی ئێران ناودەبات، بەڵکوو وەک نموونەی حێکمەت و دادگەری، ناویدەبات و لەمبارەوە دەنووسێت لەو سەردەمەدا:« پادشاە بە غرورەوە لە گەڵ رەعییەت هەڵسووکەوتی نەدەکرد، لە گەڵ خەڵکدا لە سەر سفرەیەک دادەنیشت و خەڵک ئەوپەری رێزی لە پادشاکەت خۆی دەگرت، پادشاکانی کۆنی ئێران هەر وڵاتێکیان داگیر دەکرد، بەوپەری رێزەوە لە گەڵ خەڵکی ئەو وڵاتە دەجووڵانەوە، ماڵ و گیان خەڵک پارێزراوبوو...ژنانیش لەوپەری ئازادی و شادمانیدا دەژیان و پیاوەکان لە هەموو کارێکدا ڕاوێژیان بە ژنان دەکرد»(کرمانی، ٢٠٠٠:٧-١٢٣)

هەر لە شوێنێکی دیکەدا، ئاقاخان بانگەشەی ئەوە دەکات، لە سەردەمی پاشاییەتی پێش ئیسلامی ئێران، دادگەری و حیکمەت، شەرعییەت و ڕەوایی حوکمڕانی بوون و ئەو کەسانەی وا لەم سنوورە تێدەپەرێن، شەرعییەتی خۆیان لە دەست ئەدا و لە کورسی پاشاییەتی لادەبران، وەک نموونە ئاماژە بە کۆتایی سەردەمی ساسانییەکان دەکات کە چەند پادشاییەک چوونکە سنووری دادگەریی و حیکمەتیان تێپەراندبوو،دادگایی و موحاکمە کران(کرمانی، آیینەی سکندری: ١٩١)

بە گشتی لە ڕوانگەی ئاقاخانەوە، باشترین شێوازی حوکمڕانی و بەرێوەبردنی وڵات، ئەوە شێوازەیە کە حیکمەت و دادگەری تێدابێت و پاشاییەتی ئێرانی کۆنارا، نموونەی حوکمڕانی شیاوی دنیابوون کە بە دادگەری و حیکمەت ڕازابوونەوە و بۆ یەکەمجاریش لەو سەردەمەدا، بە هۆی بوونی حیکمەت و دادگەری، ئێران پێشکەوتن و گەشەکردنی بە خۆەوە بینی، وەک نموونە، بۆ یەکەمجار لە ئێراندا، ئاودانی و کشت وکاڵ دەستی پێکرد، ئاگر و شەراب و زۆری شتی دیکە کەشف کران.(کرمانی، آینە سکندری:٦٩-٣٠) هەر لەم ئاراستەیەشدا، باس لەوە دەکات، لە بەر زاڵبوونی فەرهەنگی دادگەری و حیکمەت، ئێرانییەکان پێش رۆژئاواییەکان واتە هەزار و چوارسەد ساڵ پێش ئەوان، خوازیاری یەکسانی و ئازادی بوون( هەمان: ٥٢٢)

دیارە ئاقاخان گەرچی سەرەتا باس لە پێگەی دادگەری و حیکمەت لە حوکمڕانی شیاودا دەکات، بەڵام ڕوانگەی ڕەگەزپەرەستانەی ئەو، ئیزن نادات کە ئەم بابەتە، وەک بابەتێکی زانستی سەیر بکات و تەنانەت وای لێدەکات کە هەست دەکرێت جگە لە هەوڵ بۆ نەتەوەسازی لە پێناو شۆناسی ئێرانی، هیچ مەبەستێکی دیکەی نەبووە و هەر بەمبۆنەوە،دەکرێت ئەم بابەتە وەک بەشێک لە گوتاری مێژوونووسانەی ئاقاخان لە پێناو نەتەوەسازی سەیر و خوێندنەوەی بکرێت.

گرنگی مێژوو:

مێژوو قەباڵەی نەجابەت و بەڵگەی گەورەیی و شەرافەت و هەروەها سەبەبی ڕەسانایەتی هەر قەومێکە.( میرزا آقاخان کرمانی، آیینە اسکندری:١٣)

 

مێژوو، مێژوونووسی، پێگەی مێژوو، ڕەخنە لە شێوازی مێژوونووسی کۆنی ئێران و جەختکردنەوە لە سەر مێژووی کۆنارای ئێران، لە ریزی ئەو بابەتانەیە کە میرزا ئاقاخان زۆرترین بابەتی لە سەر نووسیوە و بایەخی پێداوە، چوونکە پێوایە:«مێژوو قەباڵەی نەجابەت و بەڵگەی گەورەیی و شەرافەت و هەروەها سەبەبی ڕەسانایەتی هەر قەومێکە»( میرزا آقاخان کرمانی، آیینە اسکندری:١٣)

سەبارەت بە سوودەکانی مێژووش، میرزا ئاقاخان پێوایە لە کاتی باسکردن لە سوود و قازانجەکانی مێژوو ، دەبێت باس لە دوو چەشنە سوودی گشتی و تایبەت بکرێت. سوودی گشتی مێژوو «زۆرتر و بەرفروانتر لەوەیە کە بکرێت لەم مەجالەدا، ئاماژەیان پێ بکرێت، چوونکە مێژوو باس لە شێوە و هەڵسووکەوتی کەسانی بەناوبانگ، پێشکەوتن و شکستی نەتەوە جیاجیاکانی دنیا لە سەردەمە جیاوازەکاندا دەکات، باس لە سەرهەڵدانی شکۆمەندی ئینسانیەت دەکات. باس لە داب و نەریت و ئەخلاق و هەروەها سەبەب و هۆکارەکانی شکست و ڕووخانی دەوڵەتەکان دەکات» و سەبارەت بە سوودی تایبەت، خۆناسی و ئاگابوون لە  سەبەبەکانی سەرکەوتن و دواکەوتنی نەتەوەیەک، وەک بەشی سەرەکی سوودی تایبەت ناودەبات( هەمان: ١٣)

میرزا پاش باسکردن لە سوودی گشتی و تایبەت، ئاماژە بە سەرهەڵدانی فەلسەفەی مێژوو دەکات و وەبیری دەهێنێتەوە کە زانستی مێژوو لە ڕابردوودا تەنیا حیکایەت و ئەفسانە بووە، بەڵام ماوەیەکە بیرمەندانی ڕۆژئاوا«یاسایەک»یان بۆ ئەم زانستە دۆزیوەتەوە، کە ناویان ناوە«حیکمەتی مێژوویی»، لەم زانستەدا ڕووداوە مێژووییەکان بە ملکەچی یاسا شاراوەکان دەزاندرێت و لە  رێگەی توێژینەوەی ورد و زانستیەوە، «بنەماکانی گەشەکردن و داکشانی ژیانی دەوڵەتەکان» ڕوون وشیدەکرێتەوە.( هەمان: ١٧-١٦)

بە بۆچوونی میرزا ئاقا خان، حیکمەتی مێژوو، یان فەلسەفەی مێژوو« وەک ئاوێنەیەکی گەردوونییە کە عەقڵی مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لە سەبەکانی سەرهەڵدانی هەموو دەسەڵاتێک... و هەروەها  لەناوچوونی هەموو دەوڵەتێک دەکاتەوە و وای لێدەکات لە جیهانی مرۆڤایەتیدا لە ئەنجامدانی کارە گەورەکاندا سەرکەوتوو بێت»( هەمان:١١)  و هەر لەمبارەوە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە هەر نەتەوەیەک مێژووی خۆی و هەروەەها سەبەبەکانی پێشکەوتن و دواکەتوویی خۆی نەزانێت، قەت گەشە ناکات و پێشکەوتن بە خۆیەوە نابینێت (هەمان:١٢)

کەواتە لە ڕوانگەی میرزا ئاقاخانەوە، فەلسەفەی مێژوو یان هەمان حیکمەتی مێژوو، شتێک نییە جگە خۆناسین و  ئاگاداربوون لە وردەکاری و هۆکارەکانی سەرکەوتن و شکستەکان و بەمبۆنەوە، ڕەخنەی توند و ڕاشکاوانە ئاراستەی شێوازی مێژوونووسی پێشووی ئێران دەکات و لەوباوەرەدایە، لە ئێراندا، مێژووییەکی شیاو دەست ناکەوێت کە باس لە چارەنووس و ڕابردووی نەتەوەی ئێران و هەروەها هۆکاری سەرکەوتن و دواکەوتنی کردبێت و لەمبارەوە پێوایە مێژوونووسی کۆنی ئێران، دەملووسانە و ماستاوچیانەیە تەنیا باس لە ژیانی پادشاکان دەکەن و ئەمە جگە شێواندن و گەندەڵکردنی مێشکی خەڵک کەمترین دەسکەوتیان نەبووە، بۆیە دەبێت مێژوونووس خۆی لە درۆشم و ستایشکردنی دەملووسانە دوور خاتەوە و لە سەر بنەمای حیکمەت و فەلسەفە، باس لە ڕابردوو بکات و لەمڕووەوە دەنووسێت من دەمەوێت مێژوویەک بنووسم:« نەک وەک ئەو مێژووەی کە لە ڕۆژهەڵاتدا باوە و خوێنەران جگە لە گوێگرتن لە چیرۆک و ئەفسانە و تێپەڕاندنی کات هیچ ئامانجێکی دیکەیان نییە و نووسەریش جگە لە گاڵتەکردن و چەپڵە لێدان و قسەی بێهودە هیچ ئامانجێکی دیکەی نییە. بەڵکو مێژووی ڕاستەقینەیە دەنووسم واتە ئەو مێژووییەی کە ڕووداو و بابەتە جەوهەریەکانی ڕۆحی دەوڵەت لەخۆدەگرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت هاندەرێک بۆ پێشکەوتن و هۆکارێک بۆ پەروەردەکردنی میللەت بێت و بە خوێندنەوەی لاپەڕەکانی، بتوانێت خەڵک لە جەهالەت و گەمژەیی دوور خاتەوە.( میرزا آقاخان کرمانی، آیینە اسکندری:١٢- ٨)

جەختکردنەوەی میرزا ئاقا خان لە سەر حیکمەتی مێژوویی و هەروەها بەهادان  بە مێژوو و مێژوونووسی، بوەتە هۆی ئەوەی «تەباتەبایی» لەمبارەوە بنووسێت:« میرزا ئاقاخان بە نووسینی یەکەم مێژووی ڕەخنەگرانەی ئێران، دابڕانێکی سەیر و بێ هاوتای لە مێژوونووسی باو دەست پێکرد»(طباطبایی،١٣٩٩: ٣١٥) و هەروەها«ئادەمیت»یش بانگەشەی ئەوە بکات:«میرزا ئاقاخان دامەزێنەر و دەسپێکەری فەلسەفەی مێژووی ئێران و لە نێوبەری نەریتەکانی مێژوونووسی کۆنی ئێرانە، بۆیە دەبێت وەک بەناوبانگترین مێژوونووسی هاوچەرخی ئێران و تەنیا میژوونووسی بیرمەندی سەردەمی خۆی ناوببرێت»( آدمیت،١٣٥٧ :٢)

ئەوەش لە بیر نەکرێت، گەرچی میرزا ئاقاخان بە توندی ڕەخنە ئاراستەی ئەو مێژوونووسانەی دەکات کەوا دەملووسانە، ستایشی پاشاکانی قاجار و تەنانەت سەردەمەکانی پێش قاجار دەکەن وەک نموونە سەبارەت بە مێژوونووسانی سەردەمی فەتحعەلیشا دەنووسێت: «زۆرجار ئەمە ڕوویداوە کە «ئەو خاقانە گیتی ستانە» واتە فەتحعلیشاە، لەو پەری گەمژەیی و گەوجیدا، نیوەی مەملەکەتەکەی لە کیس داوە، ئەو سوڵتانە کە بە هۆی خراپەکاری و بێ ئەخلاقیی لە ڕادەبەدەریەوە، تەنانەت شەیتانیش لە دەربارەکەی هەڵاتووە، بەڵام نووسەرانی ئێمە فریشتەی بەهەشتیان بە گزگدەری  ئاسانە پیرۆزی کردوە و سەری شەرەفیان بۆئاسمان گەیاندوە. (هەمان: ١٩-١٧)

سەرەڕای ئەم بانگەشەیە، کە چی خۆدی میرزا ئاقاخانیش، زۆربەی پادشاکانی ئێرانی کۆنارای بە تەواوەتی ستایش دەکات و سەردەمی ئەوان وەک سەردەمی پڕشکۆی ئێران ناودەبات، ئەمە لە حاڵێکدایە جیا لەوەی کە ئەو سەرچاوانەی کەوا  ئاماژەیان بەو سەردەمە داوە، بڕواپێکراو نین، هاوکات ژمارەیەک بەڵگەش، باس لە بێ ئەخلاقی و ئینسانکۆژی پادشاکانی ئەو سەردەمە دەکەن کە چی میرزا ئاقاخان بەوپەری رێز و سەرسوورمانەوە باسیان دەکات و بەردەوامیش ستایشیان دەکات. لەمڕووەوە پێدەچێت ئەساسەن میژوونووسی لای میرزا ئاقاخانیش نەک بۆ هەست کردن و فامکردنی هۆکاری دواکەوتووی ئێران بێت، بەڵکوو لە پێناو گوتاری مێژوونووسانە و بەواتاییەک شوناس سازی ئێرانی لە سەر بنەمای دژایەتی عەرەب و بەشکۆکردنی ئێرانی کۆنارا بێت.

به‌گشتی، ستایشی فه‌لسه‌فەی مێژوو یان هەمان حیکمەتی مێژوو، گرنگیدان به‌نه‌ته‌وه‌سازی ‌و ناسیۆنالیزمی ئێرانی، دژایه‌تی فناتیزم ‌و دێسۆتیزم‌ و جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئازادی تاك ‌و حكومه‌تی دادگەرانە، ره‌خنه‌ی بەردەوام لە پیاوانی ئایینی و تاوانبارکردنیان بە هۆکاری جەهالەت و بڵاوکردنەوەی خورافە[5]و بە تایبەتی ناساندنی عەرەب و ئیسلام وەک هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی ئێران، دەکرێت وەک بەشی سەرەکی ئەندیشەی میرزائاقاخان لە گوتاری مونەوەری ئێراندا پێناسە بکرێت.

 

میرزا زەینولعابدینی مەراغەیی (١٩١٠ -١٨٣٩ )

«تا میللەت پەروەردە نەکرێت، لە جەهالەت دوور نەکەوێتەوە، بیرکردنەوە لە مەشروتییەت(حکوومەتی دەستوور) و کردنەوەی پەرلەمان، مەحاڵە»(زین العابدین مراغەیی،١٣٨٤: ٦٧٧)

«كاریگه‌ری كتێبی گەشتنامەی برایم به‌گی مەراغەیی له سه‌رهه‌ڵدانی‌ شۆڕشی مه‌شروتییه‌تی ئێران، هاوسه‌نگی كتێبی بریاره‌ كۆمه‌لاییه‌تیه‌كانی ژان ژاك رۆسۆ له‌ شۆڕشی مه‌زانی فه‌ره‌نسه‌دا»یە( سپانلو،١٣٦٤ : ١ )

میرزا زەینولعابدینی مەراغەیی له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی به‌ رەگه‌ز كوردی‌ شاری مه‌راغه‌ی سه‌ر به‌ پاریزگای  ئازه‌ربایجانی رۆژهه‌ڵات له‌ دایك دەبێت. بنه‌ماڵه‌ی میرزا زەینولعابدین له‌ باز‌رگانه‌ به‌ناوبانگه‌كانی شاری مه‌راغه و ته‌نانه‌ت ناوچه‌ی ئازه‌ربایجان دەبن، لە تەمەنی هەشت ساڵاندا ڕوو لە مەکتەب دەکات، بەڵام زۆر سەرکەتوونابێت و پاش ماوەیەک واز لە خوێندن دێنێت و به‌ پێ نه‌ریتی بنە‌ماڵە‌كه‌یان له‌ ته‌مه‌نی شانزه‌ ساڵاندا  ڕوو لە كاروباری باز‌رگانی دەکات و لەم كارەدا،‌ ناوبانگی سەیر دەردەکات و لە ماوەیەکی کورتدا، وەک یە‌كێك له‌ بازرگانه‌ به‌ناوبانگە‌كانی دە‌ڤه‌ری ئازه‌ربایجان،دەناسرێت.

ئه‌م دۆخه‌ زۆری  نه‌خایه‌ند، لە بیست ساڵاندا بە مەبەستی پەرەپێدانی کاری بازرگانی ڕوو لە ئەردەبیل دەکات و لەوێ لە باتی درێژەی کاروباری بازرگانی، ڕوو لە ڕابواردن و خواردنەوە دەکات و کاروباری بازرگانی پشت گوی دەخات و هەر ئەمەش وای لێدەکات ئیتر بایەخ بە پیاوانی دەسەڵات و تەنانەت باجیش بە حکوومەت نەدات(زین العابدین مراغەیی،١٣٨٤: ٥٤٠)

کەواتە لە ئەردەبیل به‌ هۆی ده‌ركه‌وتن له‌ گه‌ڵ پیاوانی دەسەڵات  و سەرقاڵبوون بە ڕابواردن وملهوڕی، تووشی‌ مایەپووچی دەبێت و ئیتر به‌ناچاری روو  له‌ ناوچه‌ی قه‌فقازی سه‌ر به‌ وڵاتی روسیا دەکات و لەوێ نیشته‌جێ دەبێت و هەر له‌ویش سه‌ر له‌ نوێ كاروباری بازه‌رگانی  ده‌سپێدەکات‌ و پاش ماوه‌یه‌كی كۆرت، دیسانەوە دەبووژێتەوە ‌ و لەم بوارەدا ئەوندە سەرکەوتوو دەبێت، ئیمپراتۆری ئەو كاته‌ی رووسیا، ناسنامەی هاووڵاتیبوونی رووسیای پێ دەبەخشێت، بەڵام پاش ماوه‌یه‌ك له‌ قبووڵكردنی‌ په‌شیمان و پاشگه‌ز دەبێتەوە و وەک «پاونی به‌ له‌حنه‌ت كراوی بێگانه»‌ تەعبیری لێوە ‌دەکات و ده‌رنجام به‌ یارمه‌تی باڵیۆزی ئەوکاتەی ئێران له‌ وڵاتی عوسمانی، روو لە شاری ئه‌سته‌مۆڵ دەکات و لەویش نیشتەجێ دەبێت و جیا لە نووسینی گەشتنامەی برایم بەگ،  سەرقاڵی ‌نووسینی وتار بۆ رۆژنامه‌ ئێرانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی وەک «شه‌مس» و «ئەختەر» له‌ ئه‌سته‌مۆڵ و «حه‌بلۆل مه‌تین» له‌ هیندستان دەبێت (زین العابدین مراغەیی،١٣٨٤ :٦- ٥٤١) و ده‌رنجام له‌  ساڵی (١٩١٠) و له‌‌ ته‌مه‌نی (٧٣) ساڵاندا، هەر لەو شارە واتە شاری ئەستەمۆڵ ، كۆچی دوایی دەکات(ارین پور،١٣٧٢ :٣٠٦ /١ )

ناوبانگی مەراغەیی نەک بە هۆی وتارەکانی ، بەڵکوو بە هۆی نووسینی گەشتنامەکەیەتی کە وەک یەکێک لە بەناوبانگترین و کاریگەرترین بەرهەمەکانی مونەوەرانی نەسڵی یەکەمی ئێران،ناوبانگی دەرکردوە.

گەشتنامەی برایم به‌گی مەراغەیی:

له‌ خوێنە‌ران ده‌پارێمە‌وه،‌ روكشانه‌ ئه‌م گه‌شتنامەیە سەیر نه‌كه‌ن، به‌ڵكوو به‌ باشی بیر بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئەوەی ئاگادار بن لەم وڵاته‌ چی ده‌قۆمێت (زین العابدین مراغەیی،١٣٨٤: ١٤٧)

 كتێبی «گە‌شتنامەی حاجی برایم به‌گ مەراغەیی» له‌ بنه‌ره‌تدا حیکایەت و چیرۆکێکی مێژوویی دوور و درێژه‌ كه له‌ ساڵه‌كانی كۆتایی پاشاییه‌تی ناسره‌دین شای قاجاردا نووسراوه‌ و‌‌ له‌ ساڵی ١٨٩٥دا، به‌شی یه‌كه‌م و دواتریش، بەشی دووەم و سێیەمی بلاو بڵاوکراوەتەوە.

به‌رگی یه‌كه‌م گه‌شتنامەکە به‌ ناوی نووسه‌رەوە‌ بڵاو نە‌كرایە‌وه‌ و بۆ ماوه‌ی ١٥ ساڵ ناوی نووسه‌ر به‌ نهێنی مایه‌وه‌ (سپانلو،١٣٦٤ :دو) و دواتر و له‌ به‌رگی دووهەمدا و پاش ‌ ئاماژه‌ی خۆدی مەراغەیی، خه‌ڵك زانیان كه نووسه‌ری ئه‌م گه‌شتنامەیە‌، باز‌رگان و نووسه‌ری ناوداری نیشته‌جێ ئه‌ستەمۆڵ واته‌ میرزا زەینولعابدینی مەراغەییە.

 ناوه‌رۆكی گەشتنامەی برایم به‌گ، ‌باسی به‌سه‌رهاتی باز‌رگانێكی ئێرانی نیشته‌جێ وڵاتی میسر به‌ نێوی ئیبراهیم به‌گ دەکات كه‌ پیاوێكی نیشتمانپه‌روه‌ر و تا سەرئیسقان ئەوینداری وڵاتەکەیەتی کە به‌رده‌وام بیر لە نیشتمان و خاکی ئێران دەکاتەوە و هاوکات بە تەواوەتی نیگه‌رانی بارودۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵاییه‌تی وفەرهەنگی و تەنانەت تەندروستی ئێرانە و لەمبارەوە بیری وڵات و  هاووڵاتیانی بۆ یەک ساتیش، بەرۆکی بەر نادات.

برایم به‌گ پاش مه‌رگی باوكی، بریار ئه‌دات بە مەبەستی دیداری نیشتمان و هه‌روه‌ها زیاره‌تی ئێمامی هه‌شته‌می شیعه‌كان، بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئێران. ئەو له‌ خه‌یاڵی خۆیدا ئێران وەک وڵاتێكی تەواو پێشكه‌توو و رێک و پێک وێنا ده‌كات کە باشترین  و جوانترین و رازاوە‌ترین و پێشكه‌وتووترین وڵاتی دنیایە‌، به‌لام كه ده‌گاتەوە‌ ئێران، به پێچه‌وانه‌، وڵاتێکی كاول و وێران و دواكه‌وتوو دەبینێت کە دیاردە و هەڵسووکەوتی ناحەز و دزێوەی وەک خورافات، ستەمکاری،گەندەڵی، نەخۆشی، درۆدەلەسە، دزی، سەرانەوەرگرتن و گەندەڵی.. تەنگی پێهەڵچنێوە  به‌ جۆرێک جگە لە  چه‌رمه‌سه‌ری و بشێویی  و كاولكاری، شتێک نابینێت دڵی پێ خۆش کات.

بە دیتنی ئەو هەموو کاولکاری و ناشیرینییە، بریار ئه‌دات به‌رپرسان و وه‌زیرانی وڵات ببینێت و به ئه‌ركی نیشتمانی و ئه‌خلاقی خۆیان ئاگاداریان بكاته‌وه‌، بەڵام هاوکات تووشی هەم هه‌ڕه‌شه‌ و هەمیش گاڵته‌ی به‌رپرسان و وه‌زیران ده‌بێته‌وه‌ و لەم کاتەدا کە بەتەواوەتی لە هەر چەشنە چاکسازی لە لایەن بەرپرسانەوە، بێ هیوا دەبێت،  ئێران  به‌ جێدەهێڵت و ڕوو لە ‌ ئه‌سته‌مۆڵ دەکات و له‌ویش تووشی شه‌ڕی خاوه‌ن ماڵ ده‌بێت و ماڵه‌كه‌ی ئاگری تێبەردەبێت. پاش ماوه‌یه‌ك مانەوەش لەو شارە، به‌ هۆی زامی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی ماڵه‌كه‌ی و هه‌روه‌ها خه‌فه‌تی دواكه‌وتوویی و كاولبوونی نیشتمانی، تووشی ئازار و چەرمەسەری زۆر ده‌بێت و به‌رگی یه‌كه‌م بەم چیرۆکە‌ كۆتایی دێت. (زین العابدین مراغەیی،١٣٨٤)

له‌ به‌رگی دوویەمدا و له‌وپەری  نائۆمیدی و نه‌هاماتی به‌ یارمه‌تی هاوڕێییەکی  به‌‌ نێوی یۆسف ده‌گرێته‌وه‌  بۆ مێسر و به‌ بیستنی هه‌واڵی پاشاییه‌تی موزه‌فه‌ره‌دین شاه و مه‌رگی ناسره‌دین شای قاجار، بۆ ماوه‌یه‌ك سۆكنایی ده‌گرێت و دڵ بەوە خۆش دەکات بە هاتنی موزەفەردەین شا، خەڵک لە ستەمکاری رزگاری بێت و وڵات بەرەوو چاکسازی و ئاوەدانی بچێت. بەڵام  به‌ هه‌واڵی وه‌ستانی ره‌وتی چاكسازی و سه‌رهه‌ڵدانی دووباره‌ی ستەمکاری،‌ دیسانەوە تووشی خه‌فه‌ت و ئازاری قووڵ‌ ده‌بێته‌ه‌وه‌  و دە‌رنجام له‌  غەمی نه‌كسه‌ی چاكسازی و ئاوه‌دانی ئێران، تووشی جه‌ڵته‌ی دڵ‌ ده‌بێت و ده‌مرێت. به‌ مه‌رگی برایم بەگ، به‌شی دووهه‌می گه‌شتنامەکەی  مەراغەیی كۆتایی دێت.

به‌رگی سێیه‌م، بە گەشتی هاورڕێ نزیكی برایم به‌گ واتە یۆسف بۆ بەهەشت دەست پێدەکات‌ كه پاش مه‌رگی برایم بەگ، یۆسف ده‌چێته‌ به‌هه‌شت و سەردانی برایم بەگ دەکات و ده‌بینێت له‌ به‌هه‌شتیشدا هه‌ر له‌ بیری نیشتمان دایە و به‌رده‌وامیش باسی نیشتمان ده‌كات و کەمترین کەڵک لە بەرهەمەکانی بەهەشت وەرناگرێت و تەنیا ئاواتی ئاوەدانی و دەستپێکردنی چاکسازی لە نیشتماندایە و هاوکات لەوەی دڵنیایە دەبێتەوە، ئاوەدانی ڕوو لە نیشتمانی ناکات و کەس هەوڵ بۆ چاکسازی نادات لە بەهەشتیشدا تووشی ڕەنج و ئازاری سەیر دەبێتەوە و ئیتر هەست دەکرێت بە تەواوەتی لە ئاوەدانی بێ هیوا بووە. بەم شێوازەش، به‌رگی کۆتایی ئەم گەشتنامەیە واتە بەرگی سێیەمیش به‌ گێرانەوەی چیرۆکی  خەم و خەفەتی و ئازاری برایم بەگ بۆ وڵاتی لە بەهەشتدا‌ كۆتایی دێت.

ئه‌م كتێبه‌ واته‌ گەشتنامەی برایم به‌گ‌ یان هەمان «سیاحەتنامەی ئێبراهیم به‌گی مەراغەیی»، له‌ گوتاری مونەوەری ئێراندا، ڕۆڵ و پێگە‌یه‌كی تایبه‌ت بە خۆی هه‌یه و لەمڕووەوە کە   ڕاشكاوانە باس لە كاولكردنی و کاولبوونی وڵات له‌ سه‌ر ده‌ستی به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتدارانی قاجار دەکات، باس لە هۆکار و سەبەبی دواكه‌وتنی ئێران دەکات، ئاماژە بە پێشکەوتنی وڵاتانی دیکە لە بەراوردکردنی بە دۆخی ئێرانەوە دەکات و گرنگتر لە هەمووی، ڕاشكاوانە خه‌ڵك به‌ره‌و شۆڕشی دژ بە سته‌می بنه‌ماڵه‌ی پاشایه‌تی قاجار هان ئه‌دات،  له‌ سه‌رده‌می شۆڕشی مه‌شروتییه‌تی ئێرانواتە یەکەم هەوڵی خەڵکی ئێران بۆ رزگاری لە دەست ستەمکاری و دامەرزاندنی دەسەڵاتی یاسا لە ساڵی (١٩٠٧)دا ، وەک یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هاندانی خه‌ڵك بۆ به‌شداری له‌ شۆڕش مه‌شروتییه‌ت وده‌ربرێنی ناره‌زایه‌تی به‌رانبه‌ر بە  ده‌سه‌ڵاتی قاجارییه‌كان ناوده‌برێت‌ و هەر بەمبۆنەوە، سپانلو لە ڕۆشنبیرانی هاوچەرخی ئێران دەنووسێت: «كاریگه‌ری كتێبی گەشتنامەی برایم به‌گی مەراغەیی له سه‌رهه‌ڵدانی‌ شۆڕشی مه‌شروتییه‌تی ئێران، هاوسه‌نگی كتێبی بریاره‌ كۆمه‌لاییه‌تیه‌كانی ژان ژاك رۆسۆ له‌ شۆڕشی مه‌زانی فه‌ره‌نسه‌دا»یە( سپانلو،هەمان:١) هەر لەمبارەشەوە، ئه‌حمەد‌ی كه‌سره‌وی، رۆشنیبری به‌ناوبانگی ئێرانی ده‌نووسیت:«بایه‌خ و پێگەی ئه‌م كتێبه ‌ئەو كه‌سانه‌ی پێده‌زانن كه‌ له‌ رۆژانی سه‌رده‌می شۆرشی مه‌شروتییه‌ت‌، خوێندویانه‌ته‌وه‌ و  هه‌ستیان بەو کاریگەریەی كردوه‌. زۆربه‌ی ئەو ئێرانیانەی كه‌وا له‌ دۆخی ژیانی خۆیان نارازی بوون و به‌ ناچاری بیریان له‌ ئاسۆیه‌كی دیكه‌ ده‌كرده‌وه‌ به‌ خوێندنی ئه‌م كتێبه‌ تووشی گۆڕان و وشیاری ده‌بووونه‌وه»‌ (كسروی، ١٣٨٠ :١١٣) و هه‌ر وه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات ئه‌م كتێبه‌ به‌رده‌وام به‌ نهێنی له‌  نێوان ئازادیخوازان و لایه‌نگرانی بزاڤی مه‌شروتییه‌ت واته‌ بزاڤی ده‌ستوورخوازی و ئازادیخوزای و لایه‌نگه‌رانی حكوومه‌تی یاسا، ده‌سبه‌ده‌س ده‌كرا(كسروی، ١٣٨٠ :١١٣)

هەر سەبارەت بە پێگەی ئەم کتێبە، جه‌وادی تە‌باتە‌بایی، پسپۆری مێژووی ئه‌ندیشه‌ی ئێران جیا له‌وه‌ی شێوازی نووسینی گه‌شتنامه‌، واتە دەربازبوون لە قورس نووسین بەرەوو ئاراستە وشێوازی سادەیی نووسین، وەک‌ «كودتای ئه‌ده‌بی» تەعبیری ده‌كات(طباطبایی،١٣٨٥ : ٣٤٩ )سه‌باره‌ت به هەڵبژاردنی شێوەی گه‌شتنامه‌ بۆ‌ باسکردن لە كه‌ش و هه‌وای سیاسی و فەرهەنگی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئەو سەردەمەی ئێران، پێوایە، لەمڕووەوە  كه زامه‌كانی ئێران یه‌ك و دووان نه‌بوون و به‌ڕای میرزا زەینولعابەدین ئێران لێوانلێو له‌  ئازار و زام  بوو، به‌ ناچاری  بۆ نووسین و ئاماژه‌كردن به‌م هه‌موو ئازار و زامانه،‌‌  شێوازی نووسینی گەشتنامەی خه‌یاڵی هه‌ڵبژارد، بۆ ئەوەی لەم رێگه‌وه‌ بتوانێت باس له‌  سه‌رجه‌م زامه‌كان و نه‌خۆشیه‌كانی وڵات بكات و لەمباره‌وه‌ ده‌نووسیت: « مەبەستی میرزا زەینولعابدین بەگی مەراغەیی لە ‌ نووسینی گه‌شتنامه، ئەوە بووە ویستوو‌یەتی دۆخی ئاڵۆز و ناله‌بار و داوكه‌وتووی ئێران بنووسێته‌وه‌، لەمبارەوە گه‌شتنامه‌نووسی ئامرازێک بووه‌ بۆ ئەوه‌ی نووسه‌ر بتوانێت گرێ كوێره‌ی بواری گه‌نده‌ڵی و دواكه‌وتوویی و ئیستبدادی ئێران بكاته‌وه‌»(طباطبایی ،١٣٨٦ :٢٧٣ )

بە گشتی نه‌بوونی یاسا و ده‌ستوور، پڕبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی له‌ دیاردەی ناحەزی وەک خورافات و دووبه‌ره‌كی و دواكه‌وتوویی له‌ ریزی ئەو گره كوێرانەیە كه‌ میرزا زەینولعابدین بەگی مەراغەیی، بە زمانی ڕەخنە ئاماژه‌یان پێ‌ دەکات.

ره‌خنه‌ له‌ كۆمه‌ڵگا:

فەرهەنگی زاڵی ئەو سەردەمەی ئێران واتە په‌ره‌سه‌ندنی خورافات، شه‌ڕی ئایینی  و دووبه‌ره‌كی، گه‌نده‌ڵی و به‌رتیل خوارد‌ن، كێشانی ماده‌ هوشبه‌ره‌كان و گشتگیربوونی له‌ نیۆ خه‌ڵكدا، جەهالەت و نه‌خوێنده‌واری،  ته‌مه‌ڵبوونی خه‌ڵك و فره‌بوونی نه‌خۆشی و گه‌شه‌سه‌ندنی بواری شێعر و گرنگیدان به‌ خۆشنووسی و شێعر  له‌ باتی‌ فێربوونی زانست و سه‌نعه‌ت  له‌ ریزی ئەو شتانه‌یه كه‌ به‌ و‌ردی له‌ كتێبی گه‌شتنامەدا ئاماژەیان پێ ئەدرێت وەک بەشێک لە گوتاری زاڵی سیاسی و فەرهەنگی کۆمەڵگەی ئێران، بە توندی ڕه‌خنەی لێ دەگرێت،‌ بۆ وێنه‌ سە‌باره‌ت به گەشەسەندنی شێعر له‌ جیاتی زانست و سەنعە‌ت، ده‌نووسێت:« ئه‌م كاره‌ی ئێوه‌ واته‌ شێعرنووسین چه‌ قازانج و سوودێکی هه‌یه له حالێكدا‌ وڵات بە هۆی‌ سته‌می ئه‌م ده‌سه‌ڵاتداره ناجوامێرانه‌ وه‌ها كاول كراوه‌ كه‌ ئە‌گه‌ری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نۆژەنکردنەوەی  بۆ نەماوە»(مراغەیی،هەمان : ٣٢ ) و هه‌روه‌ها به‌ توندی ڕه‌خنه‌ له‌ پیاوانی ئاینی ده‌گرێت كه‌ به‌ درۆ و ده‌له‌سه‌ خه‌رێكی هه‌لخه‌ڵتاندنی خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌ن و بوونه‌ته‌ هۆی ئەوه‌ی كه‌س بیر له‌ به‌رژه‌وندی گه‌شتی و نیشتمانپه‌روه‌ری  نه‌كاته‌وه‌  (مراغه‌یی،هەمان : ٣٢ )

هەرلەم ئاراستەیەدا، ڕه‌خنه‌ له‌  شێوازی باوی نووسینی قورس و بیمانا و هەروەها هێنانی وشە‌ی قورس و ئاڵۆز ده‌گرێت و ده‌نووسێت :« نووسینه‌كان لێوانلێوه‌ن له‌ نووسینی دوور ودرێژ و بێ به‌هره‌، بۆ نموونه ‌گه‌ر چه‌ندین كاژێر خۆمان خه‌رێكی خوێندنە‌وه‌ی ئەم كتێبانه‌ بكه‌ین، دڵنیا بن هیچ شتێك ده‌سمان ناكه‌وێت، ئه‌م چه‌شنه‌ نووسێنانه به‌ راست قیزه‌ون و سه‌یر و زۆر بێ مانا و بێ سوودن‌‌»(هەمان: ٢٩٠)

هەر لەمبارەوە گەشتنامەی برایم بەگ، به‌رده‌وام باس ‌له‌وشتانەی دەکات و بە واتاییەکی دیکە ڕەخنە لەو شتانە دەگرێت كه‌وا بوونەتە‌ هۆی دواكە‌وتوویی ئێران و فه‌رامۆشكردنی خۆشه‌ویستی نیشتمان و لێره‌وه‌ به‌شی زۆری گه‌شتنامه‌كه، ڕه‌خنەیە لەوکەسانەی کە وڵاتیان کاول کردوە و‌ سۆز و خۆشه‌ویستییان بۆ نیشتمان نەهیشتووە و لەمبارەدا، دەسەڵات وەک سەبەبی سەرەکی ناودەبات.

ره‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات:

میرزا زەینولعابدین، نه‌بوونی سۆز و خۆشه‌ویستی بۆ نیشتمان و كاولكردنی وڵات ده‌گرێنێته‌وه‌ بۆ  گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵاتدارانی قاجار  و پێوایه، ئەوانەی وا له‌ ئێران ده‌سه‌ڵاتیان به‌ ده‌سته‌وه‌یه، جگه‌ له كۆشتن و تاڵانكردن و خیانەت‌كردن هیچ شتێكی دیكه‌ نازانن  و هیچ كارێك ناكه‌ن، بۆیە: «لەم وڵاته‌ ناكرێت لای ده‌سه‌ڵاتداران باسی چاكسازی و ئه‌م شتانه‌ بكڕیت، ئه‌مانه‌ جگه‌ له‌ تاڵان و بڕین  و خیانەت‌به‌ خه‌ڵك و وڵات هیچ شتێکی دیکە نازانن و فێرنەبوونە» (هەمان: ٥٢ ). هەر بەمبۆنەوە به‌ توندی هێرش ده‌باته‌ سه‌ر بنەماڵەی قاجار  كه‌  لە جیاتی ئەوەی بەردەوام بیر لە نیشتمان و ئاوەدانی نیشتمان و چاکسازی بکەن، بەڵام به‌رده‌وام له‌ گه‌رمیان و كوێسان و حه‌رمسه‌ران و‌ وه‌زیره‌كانیشان به‌رده‌وام خه‌رێكی ماستاوكردنن(هەمان:٥٥ )

کەواتە لە ڕوانگەی نووسەری گەشتنامەی برایم بەگی مەراغەیی، دەسەڵات کەمترین سۆزی بۆ وڵات و نیشتمان نەماوە، چوونکە«له‌ ئێراندا یه‌ك حه‌رف به‌ ناوی یاسا له‌ سه‌ر كاغه‌ز وەک به‌ڵگه‌ بوونی نییه»(هەمان: ٢٩٢ ) کە پێش بە ستەمکاری و کاولکاری و بە تاڵانبردنی سامانی نیشتمان بگرێت.

 هەر بەمبۆنەوە، مەراغەیی خوازیاری دامەزراندنی دەسەڵاتی یاسا و حکوومەتی دەستوور دەبێت و پێوایە بەرێوەبردنی وڵات و ئیدارەدانی پرسی باج و پاراستنی مافی هاووڵاتیان و یەکسانی، تەنیا لە رێگەی یاسا و دەستوورەوە ئیمکانی هەیە و لەمڕووەوە ده‌نووسیت:« یاسا واتە‌ به‌ریۆه‌بردنی وڵات و هەروەها رازاندنه‌وه‌ و ئاماده‌كردنی هێزی عه‌سكه‌ری و وەرگرتنی باج و پاراستنی مافه‌كانی هاووڵاتییان و ڕاگرتنی یه‌كسانی(هەمان: ٢٩٩ )

‌دیارە گەرچی مەراغەیی به‌ باشی له‌ حکوومەتی دەستوور و هه‌روه‌ها ئاخیزگە‌ی سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌سه‌ندنی ده‌ستوور و بەتایبەتی جیاوازی لە شەریعەت به‌ئاگایه، بەڵام بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی دژایه‌تی نه‌یاران و بەتایبەتی نەیارانی ده‌ستووری رۆژئاوایی، وەک مه‌لكه‌م خان و موسته‌شاروده‌وڵە‌ بانگه‌شه‌ی ئەوه‌ ده‌كات كه‌ گوایه ده‌ستوور و یاسا له‌ بنه‌ره‌تدا هی ئیسلام بووە‌، رۆژئاواییه‌كان ده‌ستوور و سسته‌می یاسادانانیان له‌ موسه‌ڵمانه‌كان وه‌رگرتووه‌ و تەنانەت جار جاریش رۆژئاوا تاوانبار بەوە ده‌كات كه‌وا یاساكانی له‌ بنه‌ره‌تدا دژ به‌ شارستانییه‌ت و كه‌رامه‌تی ئینسانین‌ و لەمباره‌وه‌ ده‌نووسیت:« رۆژئاواییه‌كان سەرجەمی ئەو یاسا باشانەی‌ كەوا ئیستا‌ هەیانە‌، هه‌موویان له‌ كتێبه‌ پیرۆزه‌كانی ئیمامی عه‌لی و کەسایەتیە به‌ناوبانگه‌كانی ئایینی ئیسلام‌ وه‌رگرتوو ......له‌ لای فه‌له‌كان و له‌ ئایینی مەسیحیەکاندا، ئەحکام بوونیان نه‌بووه‌ و نیانه‌. له‌ یاساكانی ئەوان، هه‌رچی هه‌یه دژ به‌ شارستانییه‌ت و ئاواته‌ به‌رزه‌كانی مرۆڤاییه‌تیه» (هەمان: ٢٢).

 گە‌رچی ده‌كرێت بەشێک لەم قسانه‌ وەک رۆژئاوادژی تەعبیر بكرێت، بەڵام لە هەمانکاتدا دە‌بێت هۆكاری بەشێک لەم قسانه‌ بۆ ئەوه‌ بگه‌رێنەنەوە‌ كه‌ نووسەری گەشتنامەی برایم بەگ، به‌ باشی ئاگاداری فەرهەنگی زاڵی ئەو سه‌ردەمەی ئێران‌ بووە كه تێدا  پیاوانی ئایینی و بەرەی بەهێزی نەریتخوازانی ئەو كاته‌ی ئێران، دەیانتوانی به‌ ئاسانی پرسی ده‌ستوور و یاسا به پاساوی ئەوه‌ی كه‌ هی رۆژئاوا و به‌ واتاییه‌ك هی وڵاتی كوفرە، وەک  بیدعە خوێندنەوەی بۆ بکەن و بە ئاسانی ره‌فز بكه‌نه‌وه‌ و دژی بوەستنەوە، هەر بەمبۆنەوە، یاسا و دەستووری رۆژئاوا به‌ هی ئیسلام و موسه‌ڵمانان ناوده‌بات کە ئەوان دزیانە و بەم شێوەیە، دەسەڵاتداران و نەرتیخوازانی ئێران هان دەدات کە بیر لە دەسەڵاتی دەستوور بکەنەوە.

سەرەڕای جەختکردنەوەی لە سەر پرسی دەستوور و حکوومەتی دەستوور، بەڵام وادیارە مەراغەیی  لە دانان و دامەزراندنی  ده‌سه‌ڵاتی یاسا له‌ وڵاتی ئێران، لە کۆتاییدا بە تەواوەتی بێ هیوا دەبێت، هەر بۆیە‌ دەنووسیت: «كه‌س له‌ گه‌ل من هاودە‌نگ نییه، هه‌ر ئەو شتەی كه‌وا باشه‌ و له‌ به‌رژه‌وندی خه‌ڵكدایه، وه‌زیرانی گه‌مژه‌ به‌تاڵی ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌به‌ر ئەوه‌ی ده‌ترسن پله‌ و پایه‌ی خۆیان له‌ ده‌س بده‌ن»(هەمان : ٧٢)

سەرەڕای بێ هیوایی بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی دەستوور، بەڵام لە پێناو نەهێشتنی گه‌نده‌ڵی و وشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك، بەردەوام جه‌خت له‌ سه‌ر سێ شتی گرنگ واتە دامه‌زرانی خوێندنگه‌ی نوێ و ئازادی راده‌ر‌برێن  و بە تایبەتی خۆشه‌ویستی نیشتمان ده‌كاته‌وه‌.

دامه‌زرانی خوێندنگا‌ :

مەراغەیی  له‌وباوەردایە، هۆکاری سه‌ره‌كی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی خورافات،  ستەمکاری و نه‌بوونی حكوومه‌تی دەستوور و بەتایبەتی  جەهالەت، نه‌خوێنده‌واری و بە واتاییەک نەبوونی خوێندنگەی سەردەمیانەیە و لەمبارەوە دەنووسێت: «جەهالەت و نه‌خوێنده‌واری،  خه‌ڵكی ئێرانی گیروه‌ده‌ی  ئایینزای بێ كه‌ڵك و سۆفی ساخته‌چی و  ئاژاوه‌گێر و هەروەها سته‌مكاری به‌ رواڵه‌ت زانای كردوه‌، ئەم حاڵەتە بۆەته‌ هۆی ئەوه‌ی کەوا خەڵک میراتی فەرهەنگی خۆیان كاولبكه‌ن و ئه‌مه‌ش وەک چاره‌نووس و ویستی خودا تەعبیر بكه‌ن. نه‌هامەتی و نه‌گبه‌تی لەوەدایە‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات حەز وکەیفی بەم حاڵەتەیە»(هەمان: ١٢٩)

هەر لەم ئاراستەیەدا، واتە لە پێناو کەمکردنەوە و سرێنەوەی جەهالەت و خورافات، میرزای مەراغەیی، كردنه‌وه‌ی خوێندنگه‌ وەک چارەسەر ناو دەبات (هەمان: ٢٢٢) و ئەوەش ناشارێتەوە، دەسەڵات بە تەواوەتی دژی کردنەوەی خوێندنگایە و مشه‌خۆرانی بارەگای شاهانەش،کردنەوەی خوێندنگا وەک دژایەتی پادشا و سەرەتای شۆڕش ناودەبن و لەمبارەوە دەنووسێت:«مشه‌خۆران و ماستاوچییەکان به‌رده‌وام ڕوو لە پادشاە دەڵێین ئەی خاوه‌ن شكۆ، کردنەوەی‌ خویندنگا جگه‌ له‌ زه‌ره‌ر هێچ قازانجێكی تێدا نییه، مه‌گه‌ر ئاگاداری ئەوە نیت، خوێندكارانی ئه‌م چه‌شنه‌ خوێندنگایانه‌ له‌ رووسیا به‌رده‌وام شۆڕش ده‌كه‌ن و حكوومه‌ت ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسیه‌وه‌(هەمان: ٣٣٠)

ئەوەش لە بیر نەکرێت مەراغەیی له‌و په‌ری نائومێدی، بۆ ده‌ربازبوون له‌ دواكه‌وتوویی و خورافات و جەهالەت، به‌رده‌وام جه‌خت له‌ کردنەوەی خوێندنگا و سستەمی په‌روه‌رده و گشتگیرکردنی‌ ده‌كات و بۆ ئه‌م مەبەستەش، بەشێکی گوتاری بەرچاوی  گه‌شتنامەکەی  بۆ  باسکردن لە  خوێندنگا و سستەمی په‌روەردە‌ی سه‌ردە‌میانه‌ و هەروەها پرسی دیکەی وەک بایەخی ئازادی تەرخان کردوە.

ئازادی:

« لەم خاكه‌ به‌ربڵاوه‌دا، رۆژنامه‌یه‌ك ده‌رناچێت،گه‌ریش شتێک به‌ ناو رۆژنامه دەردەچێت‌، لە ئەساسدا،‌ كاغەزێکی ‌ بێ بایه‌خە‌‌ كه‌‌وا هه‌ر حه‌فته‌یەک‌، جارێک بلاو ده‌بێته‌وه‌ و هیچ قازانجێكیشی بۆ ده‌وڵه‌ت و میلله‌ت نییه»(زین العابدین مراغەیی: ١٣٨٤: ٢٨٤)

میرزا زەینولعابدین مەراغەییش وەک مونەوەرانی دیکەی  نەسڵی یه‌كه‌می ئێران، هاوكات له‌ گه‌ل باسكردن له‌ زە‌رورە‌تی ده‌ستوور و  حکوومەتی دەستوور،باس لە بایەخی ئازادی و پرسی ئازادی راده‌ربڕین دەکات و وەک هۆكاری سه‌ره‌كی پێشكه‌وتنی رۆژئاواش ناویدە‌بات (هەمان: ١٩٢) و لەمبارەوە پێوایە دژایەتیکردنی ئازادی لە لایەن نەیاران و دژبەرانی ئازادییەوە لە بەر ئەوەیە، لە بەهای ئازادی و پێگەی ئازادی و سوودی ئازادی تێنەگەیشتوون و بەواتاییەک لەو بڕوادایە، گەر دەسەڵاتداران لە مانای ئازادی تێدەگەیشتن ئاوا دژایەتی ئازادیان نەدەکرد و لەمبارەوە دەنووسێت:«نازانم ئازادی ڕاده‌ربڕین و ئازادی قه‌ڵه‌م بۆ ده‌وڵه‌ت و میلله‌ت چه‌ زه‌ره‌رێكی هه‌یه كه ئاوەها زمانی ره‌خنه‌گریان  داخه‌ستووه‌ و قه‌ڵه‌می نووسه‌رانیان شكاندووه‌، دیاره‌ كه‌ به‌ باشی له‌ مانا و چه‌مكی ئازادی تێنه‌گه‌یشتوون»(هەمان : ١٩٢ )

دیارە مەراغەیی پێوایە، بنەمای پێشکەوتنی رۆژئاوا و بەواتاییەک ڕازی پێشکەوتنی رۆژئاوا، بوونی ئازادی و بەهادان بە ئازادی و گرنگتر لە هەمووی ئاگاداربوون لە مانا و سوودەکانی ئازادییە و  لە بەرانبەردا، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانی چوونکە لە ‌ مانای ئازادی تێنەگەیشتوون و ئاگایان لە سوودەکانی ئازادی نییە، بەردەوام دژایەتی دەکەن، کەواتە پێوایە تا ئەو سات و کاتەی ده‌سه‌ڵات و خەڵک لە مانای ئازادی و سوودەکانی ئازادی تێنه‌گات، وڵات قه‌ت پێشكه‌وتن به‌ خۆیه‌وه‌ نابینێت و سۆز و خۆشەویستیش بۆ  نیشتمان بەدی نایت.

سۆز و  خۆشه‌ویستی بۆ نیشتمان:

شێوازی من پەرستەشکردنی نیشتمان و خۆشەویستی نیشتمانە..لەم رێگەدا بەردەوام و کۆڵنەدەرم..دژمنی نیشتمان، دژمنی منە، خۆشەویستی نیشتمان، خۆشەویستی منە(زین العابدین مراغەیی: ١٣٨٤: ٥٠٧)

میرزای مەراغەیی له‌ ریزی ئەو مونەوەرانەیە كه تا راده‌ی په‌رستش، نیشتمانی خۆش ئەوێت، بۆی دەمرێت، بەردەوام یادی دەکات و لە پێناو پێشکەوتنی هەوڵی تەواو دەدات  و ته‌نانه‌ت دەکرێت بانگەشەی ئەوەش بکرێت، میرزای مەراغەیی گه‌شتنامه‌كه‌ی له‌ پێناو نیشتمانپه‌رەستی و هاندانی خه‌ڵك بۆ بیركردنه‌وه‌ له‌ نیشتمان نووسێوه‌.

هەر لەم ئاراستەیەدا، تا ئەو ڕادەیە نیشتمان بۆ میرزای مەراغەیی پیرۆز و شیاوی پەرستشە ‌ كه‌  لە به‌شی سێیه‌می گه‌شتنامەکەیدا، باس لەوە دەکات، برایم بەگ لە بەهەشتیشدا لە باتی چێژوەرگرتن لە بەرووبوومی بەهەشت، باس له‌ نیشتمان و خۆشه‌ویستی نیشتمان ده‌كات،هێشتا هەر خەمی نیشتمان و ئازارەکانی نیشتمان ئازادی نەکردوە،  دیارە لە ڕوانگەی میرزای مەراغەوە، هیچ شتێک بە ڕادەی نیشتمان و سۆز و خۆشەویستی بۆ نیشتمان، بەها و بایەخی نییە، بۆیە ڕاشکاوانە دەنووسێت: «‌ دەبێت سه‌رجه‌م نووسه‌ران و لایه‌نگرانی ئه‌ده‌بیات، لەم رۆژه‌ به‌دواوه‌، ته‌نیا باس لە نیشتمان و خۆشه‌ویستی نیشتمان به‌ زمان و شێوازێکی ساده‌ بۆ خه‌ڵك بكه‌ن. ئەمیستاکە‌ كاتی ئەوه‌ گه‌یشتووه‌ كه‌وا شاعیران و په‌خشان نووسانی وڵات و میلله‌ت كه‌وا ته‌مه‌نیان له‌ رێگه‌ی ستایشی سته‌مكاران به‌ فێرۆداوه‌، وه‌شیار ببنه‌وه‌ و لەم رۆژه‌ به‌ دواوه‌ ته‌نیا و تەنیا له‌ به‌ر خۆشه‌ویستی نیشتمان و بۆ نیشتمان شیعر و په‌خشان بنووسن»(هەمان: ١٩٣)

هەر ئەم شێوە ڕوانگەیە بۆ نیشتمان، وا دەکات، بانگەشەی ئەوەش بکرێت لە نێو مونەوەرانی نه‌سڵی یه‌كه‌می ئێران، كه‌س وەک میرازی مەراغە، ئاوەها باس لە نیشتمان ناكات،کەس بە ڕادەی ئەو ئاوەها سۆز بۆ نیشتمان پیشان نادات، کەس بە ڕادەی ئەو ئاوەها نیشتمانی خۆش ناوێت و لەمڕووەوە ئیتر ئاساییە گەر میرازی مەراغە وەک مونەوەری نیشتمان بناسرێت.

به‌ گشتی لە پاڵ خۆشەویستی نیشتمان، لایه‌نگری  لە دابینكردنی حكومه‌تی ده‌ستوور،دژایەتی جەهالەت و خورافات،کردنەوەی خویندنگه‌ی سه‌رده‌مییانه‌ و بایەخدان بە ئازادی  لە ریزی گرنگترین تایبەتمەندیەکانی ئەندیشەی میرزای مەراغەن کە پێدەچێت لە‌ سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی مه‌شروتییه‌ت و به‌ گوتاركردنی خۆشه‌ویستی نیشتمان و نیشتمانپه‌رستی له‌ ئێراندا، رۆڵی كاریگه‌ر و به‌رچاوی هه‌بووه‌.

لە کۆتایی ئەم بەشەشدا، دەمێنێتەوە ئاماژە بەوەش بکرێت، دەکرێت دژایەتی دیسپۆتیزم  و خورافات، هەوڵ بۆ سەرخستنی دەسەڵاتی یاسا،نه‌ته‌وه‌سازی لە پێناو ساختەکردنی شۆناسی نەتەوەیی،‌هەوڵ بۆچاكسازی لە پێناو گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی و هەروەها هێنان و هاوردەکردنی چه‌مك و ئەندیشەی مودێرن، وەک گرنگترین تایبەتمەندییەکانی گوتاری مونەوەرانی نەسڵی یەکەمی ئێران،ناو ببرێت.[6]

پاشنووسەکان:

١)میرزا یەحیا نووریی مازندەرانی ناسراو بە «سوبحی ئەزەڵ» لە زانایان و رێبەرانی بەناوبانگی فێرقەی ئایینی «بابی»یە کە لە شیعەدا وەک لادەر و ئایینی ساختەکراوی دەستی  ئینگلیز ناسراوە. میرزا یەحیا لە گەڕەکی عەرەبەکانی تاران لەدایک بووە. کوڕی میرزا بۆزۆرگ نوری و زڕبرای میرزا حوسێن عەلی نووری، ناسراو بە«بەهائوڵا»، ڕێبەری ئایینی «بەهای»یەکانە. دایکی میرزا یەحیا لە کاتی لەدایکبوونیدا کۆچی دوایی دەکات و ڕادەستی خەدیجە خانم، دایکی بەهائوڵا دەکرێت، لە سەردەمی گەنجیەتیدا پەیوەست بە ئایینی بابی دەبێت. دوابەدوای لەسێدارەدانی سەید عەلی محمد باب،دامەزرێنەری ئایینی بابی، هەوڵی تیرۆرکردنی ناسر دین شا لە لایەن بابیەکانەوە دەدرێت، دەسەڵاتی ناسرەدین شاە، لە تۆڵەی ئەم ڕووداوەدا، دەستی بە لێدان و گرتن و هەروەها کۆمەڵکوژی بابییەکان کرد و سوبحی ئەزەڵیش کە بە پێی وەسیەتنامەی سەید عەلی محمد باب وەک جێنشین و سەرکردەی ڕێبازی بابی دیاری کرابوو، بە ناچاری و لە پێناو پاراستن گیانی ڕووی  لە بەغداد کرد، مانەوەی لە بەغداد و بانگەشەی نهێنی بۆ سەر ئایینی بابی، نارەزایەتی نایەوە. هەر ئەمە دەسەڵاتی عوسمانی ناچار کرد بۆ پێشگرتن بە مەترسی پەرەسەندنی شەڕی بابی و موسەڵمان،سوبحی ئەزەڵ  بۆ دوورگەی قوبرس دوور بخاتەوە و تا کۆتایی ژیانی لە ڕۆژی  ٢٩ی نیسانی ١٩١٢ی، لەم وڵاتە مایەوە.

دوابەدوای مەرگی سەید عەلی باب، شوێنکەوتووانی  کە بە «بابی»ناسرابوون، بەدوای ئەو «بەڵێندراوە» دەگەڕان، کەوا باب لە کتێبی «بەیان»دا وەک «من‌یظهره‌الله» یادی کردبوو. هەر لەم ئاراستەیەدا، لە ساڵی ١٨٦٣، «بەهائۆڵلا»ی زربڕای سوبحی ئەزەڵ، خۆی  وەک «من‌یظهره‌الله» واتە ئەو بەڵێندراوەی کە مزگێنی درابوو،ناساند و هەر زوو زۆربەی بابیەکان باوەڕیان پێی هێنا. پاش ئەم ڕووداوە، ئایینی بابی ئیتر وەک «بەهایی» و ئایینی بەهایی ناوبانگی دەرکرد و ئەو گروپە بچووکەی کە بە شوێنکەوتن لە سوبحی ئەزەڵ وەک «بابی» مانەوە، دوای کۆچی دوایی سوبحی ئەزەڵ، وەک «ئەزەڵی» ناسران. «ئەزەڵی»ییەکان بە سەبەبی بڕوامەندی بە «تەقیە» و شاردنەوەی ناسنامەی ئایینی خۆیان،بەرەبەرە لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا توانەوە.

سەبارەت بە چێرۆکی باب و بەهائۆڵلا و سوبحی ئەزەڵ، بڕوانە

عبدولکریمی، بیژن(١٣٩٧) دن کیشوت‌های ایرانی،تهران، نقد فرهنگ

٢) باس لەوە دەکەن هەرکات ناسرەدین شای نێوی میرزا ئاقاخانی دەبیست، لە توڕەییدا پێ دەکەوتا بە زەویندا و قەپی بە لێوی خۆیدا دەکرد(دولت آبادی،١٣٦٦: ١٢٥/١)

٣)  میرزائاقاخان لە ئەستەمۆڵ لە پاڵ کاری فەرهەنگی و هزری، سەرقاڵی کاری سیاسیش بوو و هەر لەم پەیوەندییەدا واتە رزگارکردنی خەڵکی ئێران لە ستەمکاری قاجارەکان، جیا لە نووسین- کە لەم بارەوە دوو کتێب دەنووسێت-بیر لە شۆڕش دەکاتەوە و هەر لەم ئاراستەیەدا لە گەڵ شێخ ئەحمەد ڕوحی و ئەفزەلولمولک و شێخ ئەلڕەیس و خەبێرولمولک ڕوو لە «کۆمەڵەی یەکێتی ئیسلام»ی سەید جەمالی ئەسەدئابادی دەکەن و لە دەرفەت کەڵک وەردەگرن و جیا لە ڕەخنەگرتن، نزیکەی چوار سەد نامە ئاراستەی زانایانی بەناوبانگی وڵاتانی ئیسلامی سەبارەت بە ستەمکاری ناسرەدین شاە دەنیرن. بەشێک لە نامەکان لە رێگەی یەکێک لە سیخوڕەکانی حکوومەتی تارانەوە، دەگاتە دەستی ناسرەدین شاە. بەمبۆنەوە، سەرۆک وەزیران بە ئەمری شاە، هەوڵی دەسبەسەرکردنیان دەدات و لەمڕووەوە  داوای ڕادەستکردنەوەی میرزائاقاخان لە سوڵتانی عوسمانی دەکەن، بەڵام سوڵتان عەبدولحەمید، قبووڵی ناکات و  لە دۆسیەی میرزا ئاقاخان، حسێن ڕەزا پاشا وەزیری دادی عوسمانی و یوسف ڕەزا پاشا بەرپرسی بەشی کۆچبەران- کە یەکەمیان ماوەیەک لەلای میرزا ئاغاخان ئەدەبیاتی خوێندبوو- پشتگیری دەکەن.

هەوڵەکانی حکوومەتی ئێران بۆ دەسبەسەرکردنیان لە سەرەتادا شکست دەهێنێت. نازمودەوڵە لە تەلەگرافێکدا بۆ تاران، سەبارەت بە میرزائاقاخان دەنووسێت:« سەیر لەوەدایە  ئەم سەگ بابە ناپەڕێتەوە بۆ ئەستەمۆڵ، لەودیوی ئاوەکە دادەنیشێت. ئەگینا گەر سەفەری بۆ ئەستەمۆڵ بکردایە من بۆسەیەکم  بۆی دادەنا و دەمگرتم و ڕەوانەم دەکردوە»،(کرمانی، ١٣٣٢ :١٥١) سەرەڕای ئەم هەڕەشانە، میرزا ئاقاخان ئامادە نەبوو دەستبەرداری شەڕەکە بێت لە نامەیەکدا بۆ مەلکەم دەنووسێت: «تا دەتوانم بەرەنگاری دەبمەوە، کاتێک نەتوانم دەرباز بم، دێم بۆ ئەوروپا»( میرزا آقاخان کرمانی،١٣٦٧: ٦٢) هەر لەم کاتەدا، دوو ڕووداو، هەلومەرجەکە دەگۆڕن: یەکەم ڕاپەڕینی ئەرمەنەکانی عوسمانی لە نێوان ساڵانی ١٣١٢-١٣١٣ی کۆچی، بەمبۆنەوە عەبدولحەمید تووڕە دەبێت و فەرمانی کۆمەڵکوژییان دەردەکات و ئەنجۆمەنی ئەرمەنەکانی عوسمانیش کۆچکردنیان بۆ ئێران پەسەند دەکات، دووەم تیرۆرکردنی ناسرەدین شا لە ئاوریلی ١٨٩٨.  عەلاولمولک باڵوێزی ئێران لەم دەرفەتە کەڵک وەردەگرێت و بە یارمەتی بەرپرسی ئەرشیفی ئەستەمۆڵ، میرزا ئاقاخان، شێخ ئەحمەد ڕوحی و خەبیرولمولک بە دەستوەردان لە ڕاپەڕینی ئەرمەنستان تۆمەتبار دەکەن و پێشنیاری ئەوەش  بە حکومەتی عوسمانی دەکەن، گەر ئامادەبن ئەم سێ کەسە ڕادەست بکەنەوە، حکومەتی ئێرانیش لە بەرانبەردا، یاخیبووە ئەرمەنییەکان ڕادەست دەکاتەوە کە پەنایان بۆ ئێران هێناوە.سوڵتان بەم پێشنیارە رازی دەبێت و هەر بەمبۆنەوە، ئەم سێ کەسە بە مەبەستی ڕادەستکردنەوە بە تاران، ڕەوانەی شاری ترابازۆن دەکرێن. بەڵام هیچ بەڵگەیەک لە کاغەز و نامەکانیاندا نادۆزرێتەوە کە ئاماژە بە دەستوەردانی ئەم سی کەسە لە ڕاپەڕینی ئەرمەنستاندا بکات هەر لەم کاتەدا، سەید جەمال، سەردانی سوڵتان دەکات و پێدەڵێت: ئەمانە بێتاوانن  و خزمەتێکی شایستەیان بە سوڵتان کردووە. عەبدولحەمید سوێند دەخوات، دەرکردنیان لە ئەستەمۆڵ بێ ئاگاداری ئەو بووە و لەبەر سەید جەمال،بە دەستنووسی خۆی تەلەگرافێکی بەم ئاراستەیە دەنێرێت:«بە ڕێزەوە ئەو بەرێزانە بگەڕێننەوە» و هەر بەمبۆنەوە چەند جارێک بڕیار ئەدرێت بیانگەڕێننەوە، بەڵام هەرجارەو باڵوێزی ئێران، پێش بە گەرانەوەیان بۆ ئەستەمۆڵ دەگرێت،لەم کاتەدا، بریار بوو مونیف پاشا باڵیۆزی  تایبەتی سوڵتان و دۆستی میرزا ئاغاخان، بە مەبەستی بەشداری  لە ئاهەنگی پەنجا ساڵەی  پاشایەتی ناسرەدینشاە. سەردانی تاران  بکات و لەوێدا ئەماننامەیان بۆ بگرێت، بەڵام لە ئانوساتی سەفەردا، هەواڵی تێرۆری ناسرەدین شاە لە سەردەستی میرزای رەزای کرمانی، پیاوی سەید جەمالی ئەسەدئابادی گەیشت، سوڵتانیش ترس دایگرت و ئیتر ئیزنی نەدا، سەید جەمال تۆخنی کەوێتەوە و لەژێر گوشاری حکوومەتی ئێران، بڕیاری ڕادەستکردنەوەی ئەو سێ کەسەشی دەرکرد.

 میرزا ئاقاخان پێشبینی ئەم تراژدییەی کردبوو، بۆیە لە ترابازۆنەوە بۆ میرزا یەحیا دەوڵەت ئابادی دەنووسێت: «ئاشکرایە بۆ زەماوەند ئێمە ناهێننەوە بۆ ئێران، گەر بۆتکرا بیر لە چارەسەرێک بکەرەوە».( دولت آبادی، هەمان: ١٦٦)، چارەسەر، دەسنەکەوت و هەرسێکیان ڕادەستی دەسەڵاتدارانی ئێران و ڕەوانەی تەورێز کران، لەوێ بۆ ماوەی دوو مانگ ئەشکەنجە و لێپرسێنەوە کران و دەرنجام لە رۆژی ١٥ یان ١٧ی جولای ساڵی١٨٩٦، لە ژێر داری گوڵەبەڕۆژەی باغەکەی شازادە و بە ئەمری وەلیعهەد، سەریان لە جەستەیان جیا کرایەوە.

لەمبارەوە بڕوانە: علیخانی، علی اکبر(١٣٩٠) آقاخان کرمانی،اندیشەی سیاسی متفکران دنیای اسلام، تهران،پژوهشکدە مطالعات فریهنگی و اجتماعی، ج دهم٣٤٦-٣١٧

٥) وەک نموونە دەنووسێت:« له‌سه‌رجه‌م پیاوانی ئایینی دووره په‌رێزی بكه‌ن، چوونکه‌ گه‌ر هاوڕێتان بن ماڵتان به‌تاڵان ده‌به‌ن ‌و ‌گه‌ریش دوژمنایه‌تیتان بكه‌ن خوێنتان ده‌ڕێژن»(كرمانی،٢٠٠٠ :٣١١) له‌جێگه‌یه‌كی دیكه‌دا و هه‌ر ‌ڕه‌خنه‌ له‌پیاوانی ئایینی بە توانجەوە ده‌نووسێت:«پیاوانی ئایینی ئێمه ئاشنای‌ بست به‌بستی جوگرافی ئاسمانن‌، نه‌خشه‌ی سه‌رجه‌م كۆڵان ‌و خانووه‌كانی شاری جابۆلسا و جابۆلقا ده‌كێشێن، به‌ڵام له‌جوگرافی زه‌وی كه‌مترین  زانیاریان نییه، ته‌نانه‌ت له‌جوگرافیای شارو گوندی خۆیان بێ ئاگان، هه‌موو شتێک ده‌زانن به‌ڵام له‌مێژووی نه‌ته‌وه‌کەیان هیچ شتێک نازانن». (كرمانی،هەمان:٣١١)

٦) بۆ زانیاری زۆرتر بڕوانە:

آجدانی، لطف‌اللە(١٣٩٦) روشنفکران ایران در عصر مشروطیت، تهران، اختران

 

 

 

 

 

[5]

 

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X