27/01/2026
ڕۆشنبیر کێیە و کێ نییە؟

         سەربوردی چەند وتارێکی تەوەرەی ژمارەی پێشووی ئاوەز، پەیوەست بە ڕۆشنبیر

پێشەکی:

شتێکی نوێمان نەگوتووە، ئەگەر بڵێین: لە کۆمەڵگەکانی ئەم ناوچەیەدا نەبوونی بەرچاوڕۆشنی و دنیابینیی ئەقڵانی و لە ئەنجامدا هەژموونی زیاد و فرەچەشنی جەهل و خورافە، لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی نە مەیینی، بەڵکو هەر سەرڕێنەخستنی وێناکردنی ژیانێکی شایستەن.

(کێشەی ڕۆشنبیریی)، پەیوەندی و پەیوەستییەکی تەنگاوتەنگ و بەڵکو پەیوەستبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆی بە هۆشیاری گەلان و ئاراستەی چۆنییەتی ژیان و ژیارییانەوە هەیە. ڕۆشنبیریی گەمە و هیوایەت و حەزی تاک نییە، بەڵکو ژێرخان و بنەمایەکە کە سیاسەت و ئابووریی و بە گشتیی کۆمەڵگەی لەسەر بونیاد دەنرێ و بێگومان زیادەڕەویی نییە ئەگەر بڵێین: هەموو پرۆژەیەکی ڕێنیسانس-چاکسازی و نوێگەریی، سەرەتا لە چاکسازیی پێکهاتەی ڕۆشنبیرییەوە دەست پێ دەکات.

زۆرجار وەک بابەتێکی سەربەخۆ باس لە گرنگی ڕۆشنبیریی کراوە و دەکرێ، بێ لەوەی کەس دەمی لە ناگرنگبوونی دابێ و بە پێچەوانەوە هەمووان خەریکی پیاهەڵدانیین!. هاوکات لە خستنەڕووی هۆکارەکانی دواکەوتوویی کۆمەڵگەکانی ئەم ناوچەیەدا تیشکۆ دەخرێتە سەر لاوازی باری ڕۆشنبیریی تاکەکانی نێو کۆمەڵگە، وەک ئەوەی لەم هەلومەرجەدا و تەنانەت لە باری ئاساییشدا چاوەڕوانی ئەوە بکرێ کە گشت تاکێک ببێتە ڕۆشنبیر!.

ئەوەی گرنگ و نوێیە، یان کەمتر لاکردنەوەمان هەبووە بۆی و گۆڤاری (ئاوەز) هێنایە پێشەوە وەک تەوەرەی ژمارەی پێشوو، ڕەگەزی سێهەمە لە پێکهاتەی ڕۆشنبیری و هۆشیاریدا کە (ڕۆشنبیر) ە و پردی پەیوەندی نێوان کۆمەڵگە و ڕۆشنبیرییە کە بڕیار وایە خودی ڕۆشنبیر بەرهەمهێنیبێت.

وەک پێشتر ڕایگەیاندبوو، گۆڤاری ئاوەز تەوەرەی ژمارە پێنجی تایبەت کردبوو بە پرسیار گەلێک کە بە گشتی ئامانج لێی جەختکردنەوە و دەستنیشانکردنی "ڕۆڵی" ڕۆشنبیر بوو، ئیتر لە ڕابردوودا تیشکۆی بخرێتە سەر یان لە ئێستادا ڕەخنەبکرێ، گرنگ گەڕانە لە دووی ئەرکی ئەو توێژەی کۆمەڵگە کە بڕیار وایە کاری بەرچاوی ڕۆشنکردنی کۆمەڵگە و توێژەکانی بێت، بەڵام لە پێناو زیندوویەتی و کارابوونی بابەتەکان جەختکرابوویەوە لە: "ڕۆڵی" ڕۆشنبیر لە نیشتیمانسازیدا، "ڕۆڵی" لە برەودان بە کولتووری گومانکردن و پرسیارکردن و دواجار "ڕۆڵی" لە کەمکردنەوەی هەژموونی وەهم و ئایدۆلۆژیدا.

شەش توێژینەوە لە تەوەرەی ژمارە پێنجدا بڵاوکرایەوە، بەگشتی دیدی قووڵ و نوێیان دایە خوێنەر، بەڵام ئاوەز ئەو نەریتەش دادەهێنێت کە خوێندنەوە و ڕەخنەکردن و نرخاندنی هەبێت بۆ توێژینەوەکانی گۆڤارەکەی، ئەمەش لە دۆخێکدایە کە ڕۆشنبیری ئەم کۆمەڵگەیە، ڕەخنە لای دوژمنایەتییە و کەیفیشی تەنیا بە پێداهەڵدان دێ!.

لەم نووسینەدا، هێندەی مەودا هەبێت، هەڵوێستە لەسەر سێ  چوار  توێژینەوە دەکەین و فۆکەس دەخەینە سەر چەند جومگەیەکی کە مایەی وروژاندنی بابەتگەلی گرنگ بوون و توێژینەوەی ڕەسەنیش مشتومڕ زیاتر بە دوای خۆیدا دەهێنێ.

لە یەکەم توێژینەوەی تەوەرەی تایبەت بە ڕۆشنبیردا، دکتۆر ئیسماعیل مەحموودی کە دکتۆرای لە مێژوودا هەیە و توێژەری مێژووی هزرە، بابەتێکی نووسیوە بە ناوی(سەرهەڵدانی یەکەم بەرەی ڕۆشنبیرانی کورد و مەکتەبی ئەستەمۆڵ، بەستێن و هۆکارەکانی سەرهەڵدانی دیاردەی مونەوەریی کوردی).

بونیادی ئەم توێژینەوەیە لەسەر چەند گریمانەیەک داڕێژراوە:

١-گوتاری "مۆدێرنیتەی ڕۆژئاوایی" گوتاری زاڵی شاری ئەستەمۆڵ بووە.

٢-لە نێو کوردانی دانیشتووی ئەستەمۆڵ، بە کاریگەری مۆدێرنیتەی ئەو شارە، یەکەم بەرەی مونەوەر سەریانهەڵداوە و تەنانەت بوونەتە خاوەنی گوتاری خۆیان.

٣-مونەورانی ئەو دەمە هەوڵیان داوە بۆ: نەتەوەسازی، ناسنامەخوازی، وشیاریی نەتەوەیی، پەرەپێدانی خوێندەواری و گۆڕانکاری لە سیستەمی پەروەردە و بە تایبەتی دامەزراندنی دەسەڵاتی کوردی.

دکتۆر ئیسماعیل پێویستی بەوە نییە من شایەتی بۆ بدەم، تەنیا ئەم نووسینەی بەڵگەیە لەسەر قووڵبوونەوە و دیدی فراوانی بۆ پسپۆڕییەکەی خۆی و لەوەش زیاتر هێنانەوە و پێکەوە بەستنەوەی دەرکەوتە هزریی و مەعریفییەکانی دیکەی ناو مێژوو، بەڵام لە نێو نووسەران و ئەکادیمیەکانی بواری زانستە مرۆییەکانی ئێمەدا بە گشتی جۆرێک لە سەپاندن هەیە؛ بەو واتایەی کە لە ئێستادا شتێکمان نییە، دێین لە مێژوودا بۆی دەگەڕێێن، یاخود دیاردەیەک کە ڕیشە و زەمینە و پێشینەی نییە، دەیکەینە دەسکەلا تا لە بەرامبەر داهێنانی کولتوورێکی پێشکەوتووی دیکەدا بڵێێن ئەوەتا منیش ئەمەم هەیە، یان پێش تۆش هەمبووە!، ئەمە سەلماندن نییە، چونکە لەسەر بنەمای بەڵگە و پێشەکی لۆژیکی نییە و بە داخەوە سەپاندنە.

کەم نیین ئەو توێژینەوانەی بەم دەرئەنجامانە گەیشتوون : مەولەوی ڕۆمانتیکە و ڕۆمانتیکی کوردی پێش ئەوروپا کەوتووە!، ئەدەبیاتی کوردی پیشەنگی ڕیالیزمی شۆڕشگێڕانەیە!، مەراسیمی ژیرێی هۆمەرا لە هەورامان ڕیشەی دیموکراسییە لە نێو کولتووری ئێمەدا!، موفتی پێنجوێنی فمینیزم بووە بە بەڵگەی ئەوەی کچەکەی لەسەر دووکانەکەی داناوە، یاخود ژن و پیاو لە لادێکانی کوردستان پێکەوە ئیشیان کردووە کەواتە یەکسانی هەبووە!، ئەوە لێگەڕێ هەر داهێنانێکی زانستیی لەو خۆرئاوایە بێتە دەرەوە پێشتر لە کتێبە ئاینییەکانا باسکراوە!، ئەمانە و سەدان نموونەی دیکە هەن کە باس لەوە دەکەن ئێمە لە ڕابردوودا زۆرشتمان هەبووە لە کاتێکدا ئەمڕۆ نییمانە!.

سەبارەت بە گریمانەی یەکەمی ئەم نووسینە: ((گوتاری "مۆدێرنیتەی ڕۆژئاوایی" گوتاری زاڵی شاری ئەستەمۆڵ بووە))، دەبوو دکتۆر سەرەتا پێمان بڵێ مۆدێرنیتە چییە، ئاخر ئەگەر لەو نوویسنەدا پێمان بووترایە مۆدێرنیتە تەنیا پێشکەوتنی تەکنەلۆژی(ئەویش سەربازیی کە پێداویستی عوسمانی بوو چونکە لە واقیعی جەنگدا بوو و بەردەوام کەڵکەڵەی غەزا-داگیرکاریی هەبووە) و چەند دیاردەیەکی ڕووکەشی ژیان و دیزایین و بەرگ نییە و قۆناغێکی گۆڕانکاریی بنەڕەتی مێژوویی فیکری و کولتوورییە، ڕیشەی چەندین سەدەیی پێش سەدەکانی ناوەڕاست و پەندوەرگرتن لە هەزار ساڵەی هەژموونی دەسەڵاتی کڵێسا و ڕێنیسانس و ڕۆشنگەریی لە پێشە و جەختکردنەوە و داهێنەری ئەقڵانییەت و تاکگەرایی و ئازادی و گەڕانەوەیە بۆ مرۆڤ سەنتەری لە بری خوا سەنتەری، ئەوا ئێمە شۆک دەیگرتین کە چۆن دەسەڵاتێکی سیاسیی ئایینی لە ماوەیەکی کورتدا مۆدیرنیتەی کردە گوتاری زاڵی خۆی.

پێناچێ دکتۆر لەو دەربڕینەی سەرەوە مەبەستی لە "زاڵ"  بە "باوبوون" بێ لە ئاستی سەرسامبوون و هەوڵدان، بەبەڵگەی ئەوەی وتاری زاڵی مۆدێرنیتە، ‌هێندە ڕیشەداربووە کە لە نێو کوردیشدا مونەوەری پێگەیاندووە و تەنانەت بوونەتە خاوەنی گوتاری مونەوەری خۆیان.

لە ئەنجامی گریمانەی یەکەم، دەچێتە گریمانەی دووەم و بەڕێزیان باس لەوە دەکات کە: ((تاقمێکی مونەوەری کورد بە کاریگەری لە پێشکەوتنی دنیای ڕۆژئاوا و هەروەها گوتاری تازەگەریی ئیمپراتۆریای عوسمانی و بەرزبوونەوەی ویستی دەوڵەتخوازی نەتەوەکانی هەناوی ئیمپراتۆریا، ویست و خواستی نوێیان دەربڕی و لەم بارەیەوە خوازیاری گۆڕانکاری لە ڕێگەی نەتەوەسازی و هەروەها چاکسازی و پەرەپێدانی وشیاریی قەومی لە ڕێگەی پەروەردە و خوێندن بە شیاوی ڕۆژئاوایی بوون و لەم ڕووەوە دەکرێت بانگەشەی ئەوەش بکرێت، یەکەم مونەوەرانی کورد، ژمارەیەک خوێنەوار و عەسکەر و تکنۆکراتی سەر بە چینە باڵادەستەکانی کۆمەڵی کوردی دانیشتووی ئەستمۆڵ بوون کە بۆ یەکەمجار هەستیان بە سەرهەڵدانی دنیایەکەی نوێ کرد کە لەسەر ئەقڵانییەت و پێشکەوتن بونیاد نراوە و باس لە بەهای ئینسانیی وەک ئازادی، یەکسانی و مافی چارەنووس دەکات و گرنگتر لەوەی لە باری ئامڕاز و ئەندێشەوە تەواو جیاواز و پێشکەوتووە و لە بەرانبەریشدا کۆمەڵی خۆیان واتە کوردەوارییان وەک کۆمەڵیەکی دواکەوتوو و ژێر دەستە سەیر دەکرد و لە پێناو پێشکەوتن و دەربازبوون لە دواکەوتوویی، خوازیاری چاکسازی و گۆڕانکاری بە لاساییکردنەوە لە گوتاری تازەگەریی ڕۆژاوایی بوون)).

دواتر بەڕیزیان بێ سەلماندن و بەگریمانەی، ئەوەی سەرەوە فاکت-هەقیقەتی بەڵگە نەویستە، بە ئەنجامگیرییەک دێتە دەرەوە و پێمان دەڵێ:

((کەواتە، لە مێژووی کوردستان و بە تایبەتی مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا، ئەم چینە نوێیەی کۆمەڵی کوردی، لە ڕێگەی هەوڵ بۆ نەتەوەسازی و ئاشناکردنی کۆمەڵی کوردی بە ئەندێشەی نوێ وەک نەتەوەخوازی و هەروەها ئامڕاز و دەزگای نوێ وەک ڕۆژنامە و خوێندنگا و زانکۆ و تەنانەت کاری ڕێکخراوەیی و حیزبی، کاریگەری بەرچاو و جیاوازیان لەسەر کۆمەڵی کوردی و بە تایبەت بوارەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگیدا بووە .........))

دواتر بەڕێزیان گلەیی و رەخنەی لەوە هەیە کە: ((کەمترین باس لە مێژووی ئەندێشەی کوردی و بە تایبەتی بواری مێژووی ڕۆشنبیریی کوردی نەکراوە .....))

لە ڕاستیدا گریمانەی دووەمیش هەڵگری هەمان ئاریشەی گریمانەی یەکەمە، مەبەست لە "گوتاری تازەگەریی ئیمپراتۆریای عوسمانی چییە؟!

ڕاستە ئیمپراتۆریای عوسمانی، بە تایبەتی لەسەدەی نۆزدەدا هەندێ چاکسازی کرد، بە تایبەتی دامەزراندنی سیستمێکی نوێی سەربازی، کردنەوەی قوتابخانە و خوێندنی بابەتی هاوچەرخ و سەرهەڵدانی چاپ و ڕۆژنامە و گۆڤار و پێکهێنانی حیزب، بەڵام هیچکام لەم کارانە لەسەر زەمینەی بەئەقڵانیکردنی بیرکردنەوە و زاڵبوونی مۆێرنیتە نەبووە تا لە ناو نەتەوەیەکی ژێر دەستە و پاشکۆدا کاریگەرییەکی ئەوتۆ دروست بکات و بەرەیەک لە مونەوەر بخاتەوە.

لەبارەی ئەوەی کە: ((بەرزبوونەوەی ویستی دەوڵەتخوازی نەتەوەکانی هەناوی ئیمپراتۆریا، ویست و خواستی نوێیان دەربڕی و لەم بارەیەوە خوازیاری گۆڕانکاری لە ڕێگەی نەتەوەسازی و هەروەها چاکسازی و پەرەپێدانی وشیاریی قەومی لە ڕێگەی پەروەردە و خوێندن بە شیاوی ڕۆژئاوایی بوون))، خواستی جیاخوازی و سەربەخۆیی، سیاسەتی بەریتانیا و وڵاتانی هاوپەیمان بوون کە ئەو کات عوسمانی چووبووە جەنگیان و ئەوانیش لە دووی پارچەکردن و لاوازکردنی بوون، ئەگینا باسکردن بۆ "هوشیاری قەومی' تا هەنووکەش بە راست نایەتەوە، پتر قۆناغی خێڵ دەبینیین تا نەتەوەو هۆشیاری نەتەوەیی و خودی نووسەری بەڕێزیش دواتر ئەم هۆشیارییە نەتەوەییە کورت دەکاتەوە لە "سۆز بۆ زمانی کوردی"، یان گوایە بۆ ئێمە زۆر گرنگە ئەگەر خێڵ بڵێ: من کوردم؟!، ئەوە کوردایەتی نییە و گەڕان بە دوای شوناسی نەتەوە و نەتەوەسازیش نییە، بەڵکو هەنگاوی سەرەتایی بۆ نەتەوەسازی، تێپەڕاندنی خێڵە.

هەر ئەم هەنگاوانەی عوسمانی کە پینەکردنە لە پێناو درێژەدان بە دەسەڵاتی سیۆکراتیانەی، چاوبەستکردن و لەباربردنی لە دایکبوونی سروشتییانەی ئەقڵانییەت و مۆدێرنە بوو،  تا هەنووکەش "قوتابخانەی ئەم ناوچەیە هەر حوجرەیە و بۆنی لە ئاوەز و زانست نەبردووە"، "حیزب، خێڵی جارانە و ناوی گۆڕاوە"، "چاپ و چاپەمەنیش جگە لە هەندێ کاری سەرەتایی لە برەودان بە هەندێ ژانری ئەدەبی، ئەرکی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەی لە ئەستۆ نەگرتووە، ئەگەر پێچەوانەکەی نەکردبێ"، بێگومان لە پێناو ئەوەی لە دیدمان بۆ چەمکی ڕۆشنبیر-یش بەلاڕێدا نەڕۆین، پێویستە باس لە ڕۆڵی ڕۆشنبیر بکەین و بیسەلمێنیین کە نیمانە، چونکە ئەگەر بەوانە بڵێین ڕۆشنبیر لەبەر ئەوەی لە ڕووکەشدا مۆدێرنەن یا سۆزی نەتەوەییان هەیە، ئەوا ئەمانەی ئێستاش دەچنە ئەو جوغزەوە.

ئەگەر ئێمە لەو سەردەمەی ئەستەمۆڵەوە بەرەیەکمان لە ڕۆشنبیر هەیە، خێرە  لە تەوەرەی گۆڤارێکی وەک "ئاوەز"دا کە باس لە نموونەی ڕەوت و بەرەیەکی ڕۆشنبیر دەکەین، لەوکات تا ئێرە هەمانە و نیمانە رەهەندییەکانن، ئەویش بەو جۆرەبوون کە توێژەرێکی بەڕێز لەم تەوەرەی ئاوەز بابەتێکی تایبەتکردووە بەوان؟!.

لە کولتوورێکدا کە بابەتیبوون و ئەقلانیبوون و پێوەری لۆژیک لە مەحەکدایە، لەدووی ئەرکی ڕۆشنبیر دەگەڕێن و ڕەخنەی فیکر دەکەن تا لە چەقبەستوویی بێنە دەرێ، نەک لە دووی شانازی بگەڕێن لە مێژوودا.

سەبارەت بە گریمانەی خاڵی سێیەم، من گومانم هەیە لە ئەمڕۆشدا تێگەیشتنی دروست بۆ ئەو خاڵانە دروست بووبێ کە توێژەری بەڕێز پێی وایە بەرەیەکی مونەوەر هەبوون و کاریان بۆ ئەو چەمکانە کردووە، چونکە تا هەنووکەش نەک کارکردن، بەڵکو تێگەیشتن بۆ ئەو چەمکانە نییە، لەبەر ئەوەی فەلسەفە و گفتوگۆی ئەقڵانی نییە.

باسکردنی کوردبوون لە شیعردا، وەک باسکردنی ئازادییە و شاعیر باسی "داری ئازادی" دەکات و ئەو وئێمەش پڕ دەبین لە سۆز، بەڵام کەس ناپرسێ و پێمان ناڵێ "ئازادی" چییە بۆچی بەهایە و چۆن کاری بۆ دەکرێ!. ئێمەی کورد تا هەنووکەش سۆزی هاوبەشمان هەیە، بەڵام دۆزی هاوبەشمان نییە بە جۆرێک کۆمان بکاتەوە.

هەژمارکردنی هەندێ شاعیر و نووسەر بە دەسپێکی هەستی نەتەوەیی و نەتەوەسازی، خوێندنەوە و پێداچوونەوەی دەوێ، بە نموونە (شەرەفخانی بەدلیسی) کە شەرفنامە دەنووسێ، بۆ سوڵتان و دەرباری دەنووسێ و پێشکەشی ئەوی دەکات، بۆیە و ناتوانیین بڵێین ئەرکێکی نەتەوەیی بەجێ گەیاندووە، چونکە ڕاڤەی دیکەش هەڵدەگرێ. یەک بەراوردی "شەرەفنامە" بکەین لەگەڵ "شانامەی فیردەوسی" و "ئەلیادە و ئۆدیسە"ی یۆنان، بۆمان دەردەکەوێ دووانەکەی دیکە نەتەوە و شوناسیان دروستکرد، ئێمە نا . ئێمە ڕۆشنبیری خاوەن هەڵگری مەسەلەمان نەبووە، لە باشترین حاڵەتا نووسەرمان هەبووە کە لە گۆشیەکەوە تێڕوانینی خودیی خۆی خستووەتەڕوو.

باسکردن لە ڕێبازەکانی نەقشبەندی و قادری، ڕاستە لە ڕووی ڕۆحی و ئاراستەی ڕەفتاری ئایینی و هەندێ جار هەژموونی کۆمەڵایەتییەوە ڕۆڵیان بووە، بەڵام بە گشتی عوسمانی وەک بەرەبەستێک و بۆ بەرگرتن لە بەرامبەر گەشەی تەسەوفی شیعە و سەفەوی بەکاری هێناون.

توێژەری بەڕێز لە درێژەی نووسینەکەیدا (ل١٤٧ بۆ ل١٥٢)، کۆمەڵێ ڕووداو و بابەت لە مێژوودا دەخاتەڕوو کە بەگشتی راستن، بەڵام بەڵگەنیین بۆ ئامانجی بنەڕەتی بابەتەکە کە ئێمە بەرەیەک لە مونەوەرمان بووە و خەریکی نیشتمان و نەتەوەسازیی و ژیانی ئەقڵانی و هاوچەرخ بوون:

-بەڕێزیان دەیەوێت بڵێت: (( کورد لە مێژووی پێش مۆدێرنی خۆی، سەر بە خێڵ بووە، دەسەڵاتە سیاسییەکانی خۆیشی بە ناوی ناوچەگەریەتیی وەک سۆران و ئەردەڵان و بۆتان ناساندووە و بە کوردبوون نەیناساندووە)) و ئەوە هەر لێ گەڕێ کە کێ دروستی کردووە و چۆن داویەتی بە گژی ئەوی دیکەدا و هەر لە بنەڕەتەوە ئەو ڕایەش هەیە کە ئەم دەسەڵاتە ناوچەییانەی ناسراو بە 'ئیمارەت" چ نەبووە جگە لە بنکەیەکی پارێزەری سنوور یان هێزی فشاری سەفەوی و عوسمانی بۆ سەر یەکتری، ویڕای هەموو ئەمانە توێژەری بەڕێز پێی وایە  ((لەبەر ئەوەی زانیویەتی کوردە و سۆزی بۆ زمانی کوردی هەبووو و لە نەریتی کوردیدا ئاماژەگەلێک هەن کە باسی کوردبوونی خۆی کردووە، ئەوە بەڵگەی وشیاریی قەومییە))!.

لە بەڵگەکانی وشیاریی قەومیدا، بەڕێزیان باس لە (گەشەی زمانی کوردی-گۆران هەورامی دەکات تەریب بە فارسی و عەرەبی) .

ئەم راستییە دەکرێت بەڵگەشبێت لەسەر ئەوەی کە شاعیر توانای خۆیی نواندووە کە دەتوانێت بە زمانێکی ساکاری ناوچەییش مەبەستە گەورەکانی دەرببڕێت، بیریشمان نەچێت پتر شیعر بووە و شیعریش خودی و لیریکی بووە و بابەتگەلی عیشقی مەجازی یان حەقیقی لەخۆگرتووە و زۆرجاریش مایەی پەسەندی دەسەڵاتی ئایینی نەبووە، بۆیە پەنا براوەتە بەر ئەو زمانە بۆ شیعر، هەروەها بابەتە زانستییە شەرعی و جدییەکان بە زمانی عەرەبی و فارسی بووە، بەڵام خودییەکان کە فەزڵی پیرۆزیی بابەتە ئاینییەکانی نەبووە بە زمانی ناوچەیی بووە.

نالی شاعیر لە نموونەی ئەوانەیە کە بە زمانی ناوچەیی نووسیویەتی و تەحەدای کردووە کە مانای گەورە بەم زمانە ناوچەیی و خۆکردییە دەردەبڕێ، بەڵام هەر نالی و قوتابخانەکەی کێشی پەنجە، کە یەکەی ڕیتمی شیعری ڕەسەنی کوردییە و  پەیوەندی بە بەستێنی کولتووری کوردەوە هەیە دەباتە سەر ڕیتمی عەروزی عەرەبی کە لەگەڵ ترپەی پێی وشتردا دێتەوە و سۆزە کوردانەکەشی دەستی ناگرێ تا ئەمە نەکات!، تا دواتر عەبدوڵا گۆران دەمانباتەوە سەر کانیاوەکەی خۆمان. 

لە بەڵگەی دیکەی وشیاریی قەومی، بەڕێزیان ئاماژە بە کوردبوون و شانازی بە زمانی کوردی و ئاماژەدانە بە وشەی کوردستان.

لە ڕاستیدا کەم نیین ئەو غەیرە کوردانەی ناوی کورد و کوردستانیان ‌هێناوە، واتە نە ئەو ناوهێنانە و نە شانازیکردن، بەشی ئەوە نیین بڵێین وشیاری قەومی هەبووە و مونەوەری لە پشت بووە.

دکتۆر باس لە میراتی هەزار ساڵەی میرنشینی کوردی دەکات، دەڵێ واتە "ئیرادەی حوکمڕانی کوردی"، مافی خۆمانە بپرسین ئەگەر ئەم دەسەڵاتانە کاریگەری مونەوەربوون و نیشتیمان و نەتەوەسازییان لە پشت بووە، کامەیە ئەو نەریتە سیاسی و کارگێڕی و زەمینەی کە خستوویانەتەوە تا ئەمڕۆ خشتێکی بخەینە سەر؟!.

لە بابەتی مۆدێرنێتە و تازەگەری لە ئەستەمۆڵ و چاکسازی، پێشتر هەندێ ڕوونکردنەوەمان دا، بەڵام توێژەری بەڕێز باس لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتی ئایینی لە دەسەڵاتی سیاسی دەکات .

 ئەمە زەمینەی کام مۆدێلی مۆدێرنیتەیە کە خەلافەت-نوێنەرایەتی دەسەڵاتی خوا بکەیت لەسەر زەوی و بانگەشەی ئەو پرنسیپەی سەروە بکەیت کە تا هەنووکەش لەم ناوچەیە  تابۆیە؟!. ئێمە هەقمان نییە داواکراوە یان نا، یاخود نووسەرێک وا چیرۆکی عوسمانیمان بۆ بگێڕێتەوە، بەڵام ئەوە لاقەرتیکردنە بە مۆدێرنیتە. ئەگەر لە ڕابردوودا عوسمانی هەندێ تەکنیکی بەرهەمی مۆدێرنەی خستووەتە خزمەتی خۆی، ئەوا لەم سەردەمەدا ئیسلامییەکان و هێزە دژە مۆدێرنەکان زیاتر لە کەسانی دی سوود لە تەکنەلۆژیا دەبەن بۆ مەرامەکانیان، دەی ئەکرێ بڵێین پێشکەوتووخوازن؟!.

دوا تێبینییم لەم نووسینەدا، توێژەری بەڕێز لە بابەتی سەرهەڵدانی یەکەم چینی مونەوەرلفیکر لە ئەستەمۆڵ، ئاماژە بە بەرەیەک دەکات کە کەوتنە دژایەتی شێوازی حوکمڕانیی و خوازیاری حکومەتی دەستوور بوون، لە قۆناغی دواتردا ناوی ڕێکخراوی (جەمعییەتی ئیتیحادی عوسمانی) دەهێنێ کە لەلایەن چەند مونەورێکەوە دامەزرا و دووکورد بە ناوەکانی (ئیسحاق جەودەت) و (ئیسکۆتی کورد) لە دامەزرێنەرانی دەبن.

لە ڕاستیدا ئەم دوو ناوە لەو کۆمەڵەیەدا کوردایەتییان نەکردووە، بەڵکو سەرەتای گرفتاربوون بوو بە ئایدۆلۆژیاوە.

ئەم ئاماژانە و بە گشتی ئەوانەشی دواتر لە ژێر ناونیشانی "سەرهەڵدانی مونەوەرلفیکریی کوردی لە ئەستەمۆڵ" دەیانخاتەڕوو، هەڵوێستی سیاسیانەی موعارەزەی سیاسیین، نە لەبەر ئەوەی هەڵگری فەلسەفەیەکی سیاسی جیاوازن، بەڵکو خوازیاری دەسەڵاتن. ئەمانە پرسیارگەلێکیان لە چەشنی ئازادی چییە نەخوڵقاندووە تا بە گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی خوازیاری ئازادی زیاتربن، بەناو سیاسی ئەم ناوچە لە دووی دەسەڵات دەگەڕێ تا بەسەرییەوە بلەوەڕێ نەک شەرەفی ئازادکردنی مرۆڤەکان و پرۆژەی ئەقڵانی.

دواجار من وای دەبینم کە هەلومەرجی کورد ئەوە نەبووە تا بیرکردنەوەی کوردانە بخوڵقێنێ و (ڕۆشنبیری کوردی) دروست ببێ.

تویژینەوەی دووەم

توێژینەوەی دووەمی تەوەرەی ئاوەز تایبەت بە ڕۆشنبیر، بە ناوی (کولتوور و بیری کوردی، زیندووکەرەوەی ئایینە هێترۆدۆکسەکان لە بەرانبەر ئایینی ئۆرتۆدۆکس و کاریگەریی لەسەر ڕۆشنبیریی کوردی)، لە نووسینی ئەکادیمی و توێژەر، دکتۆر کەیومەرس عەزیمی-یە.

بە گشتی ئەم نووسینە دەیەوێت پێمان بڵێ لە نێوکورددا بە بەڵگەی ئەوەی ئایین و ئایینزای فرە هەن، بەڵگەیە بۆ ڕەسەنایەتی کولتووری کوردی و ئەمەش کاریگەری بووە لەسەر ڕۆشنبیریی کوردی.

ئەم توێژینەوەیە لە بنەڕەتەوە هەڵگری کێشەیە، بە بەڵگەی:

١-پێمان ناڵێ کولتووری ڕەسەن کامەیە و چۆنە؟

٢-هەبوونی ئایین و ئایینزای فرە، یان لەڕاستیدا مانەوە و بەرگەگرتنیان دەکاتە بەڵگەی ڕەنگاو ڕەنگی فرەیی ئایینی لە کوردستان  و بە هیندستانی جیهانی ئیسلام ناوزەدی دەکات، لە کاتێکدا زۆرینەی وڵاتانی ئەم ناوچەیە ئەو فرەییەیان تێدابووە و بەردەوامیش مەیدانی سەرکوتکردنی ئایینی ژێر دەستەبووە، ئیتر باسکردنی مانەوەیان وەک بەڵگەی قبوڵکردنی فرەیی، وەک ئەوەیە بڵێێ: دوژمنانی کورد، کوردیان قبوڵە ئەوە نییە کورد ماوە و پێکەوە دەژین!

٣-باس لە لێبوردەیی مرۆڤی ئایینداری کورد دەکات، لە کاتێکدا لەم شاری سلێمانییە، کە بە شاری ڕۆشنبیری ناسراوە دوو تەریقەتی سۆفیی-تەسەوف خوێنی یەکیان حەڵاڵکردووە و شێخ مارف مەولانای وەدەرناوە، ئەوە لێگەڕێ چی بەرامبەر بە جوو و فەلە نەکراوە، تا ئێستەش لە زۆر شوێن کاکەیی و بەهایی و هیی دیکەش ناچارن شوناسی خۆیان بشارنەوە و لە ڕابردووشدا بە جۆرێک ئایینەکەی خۆیان گونجاندووە لەگەڵ ئایینی باڵادەست دا کە نەکوژرێن، ئێزیدی لە مێژووی ئیسلامدا پتر لە هەفدەجار لەسەر دەستی موسڵمانی کورد جینۆساید کراون، کەچی توێژەر پێمان دەڵێ:نەبوونی شەڕی ئایینی و کارلێکی ئایینە جیاوازەکان لە نێوکورددا، نەتەوەی کوردی کردووەتە پێشکەوتووترینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست!.

٤-بەڕێزیان ئەم فرەیی ئایینی و یەکترقبوڵکردنەی ئایینی جیاواز، دەکاتە زەمینەی سەرهەڵدانی ڕۆشنبیریی کوردی، کە لای بەڕێزیان ڕەسەنە، چونکە فرە رەنگە و ئەمەش لە باوەڕییەوە هاتووە، لە کاتێکدا دروست پێچەوانەکەیەتی و دەمارگیریی ئایینی کارێکی کردووە ئەزموونی بیرکردنەوەکانیش وەک ئایین و پیرۆز سەیربکرێن و ڕۆشنبیریش وەک پیاوی ئایینی بدوێ.

٥-ئەم نووسینە هیچ ئارگومێنتێکی تێدا نییە کە  ڕێز لە خوێنەرەکانی بگرێ، لە دوو شێوە ئارگومێنتدا پێمان دەڵێ:

-بڵاوبوونەوەی دەستەواژەی "کورد و شیعە و سوننە"(لە عێراق و سوریا)، ڕەگ و ڕیشەی لە تێڕوانینی عەرەبدا هەیە بۆ کورد کە ئیسلام نییە، گوایە کورد کولتوور و ناسنامەی خۆیی پاراستووە وێڕای ئەوەی بووە بە ئیسلام.

-کورد بۆ پاراستنی کولتوور و تایبەتمەندییان، لەبری ئەوەی پەیڕەوی لە ئایینی فەرمیی خەلافەت(مەزهەبی حەنەفی) بکەن، لە چوار چێوەی مەزهەبی شافیعیدا ئیسلامیان قبوڵ کرد و ناسنامەی دینییان بۆ کوردستان دیاری کرد تا سەربەخۆبن لە ناوچە عەرەب نشینەکان.

سەبارەت بە ڕای یەکەم، ئایینی ئیسلام کەمی نەسڕیوەتەوە لە کولتووری کورد تا بڵێێن کورد کولتووری خۆیی پاراستووە و هیچکەسیش هێندەی کورد خۆی لەبیرنەچووەتەوە لە خزمەتکردنی ئایینی ئیسلامدا، ئەو دابەشکردنەش سیاسییە و لە ململانێی دیارکردنی شوناسی دەوڵەتی نەتەوەیی ناوچەکەدا هاتووەتە دەرەوە و پۆڵێنکردنی دەسەڵاتداران بووە بۆ مامەڵکردن لەگەڵ واقیعدا.

ڕای دووەمی، شافیعی مەزهەببوونی کورد بە پلانێک دەزانێ بۆ خۆ جیاکردنەوە لە مەزهەبی فەرمی خەلافەت، ئەگەر هێندە بەتەنگ خۆجیاکردنەوە بووە لە خەلافەت، خێرە سەرەڕمی خەلافەت بووە بۆ سەرکوتکردنی نەیارانی خەلافەت و جینۆسایدی غەیرە ئایینییەکان؟!.

جگە لەوەی تەنیا کورد شافیعی نییە، برەوی ئەم مەزهەبە دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتدارییەتی سەلاحەدینی ئەیوبی، بڵێێ سەلاحەدین سەرقاڵی پاراستنی کولتووری کوردی و خۆ جیاکردنەوە بووبێ لە عەرەب!؟.

٦-لە دێڕەکانی پێش کۆتایی ئەم نووسینەدا هاتووە: ((ئەم ڕەگوریشە مێژووییەی ژیانی ئاشتییانەی ئایین و باوەڕە جیاواز و هەمەچەشنەکان لە کۆمەڵێ کوردیدا وای کردووە، گەلی کورد لە کۆتوبەندەکانی جیاوازییە ئایدۆلۆژی و ئاینییەکان ڕزگار بکات و سەکۆیەک بۆ گەشەی جڤاکێکی پێشکەوتنخوازی دیموکراتیک و ڕۆشنبیر دابین بکات ))!!!.

 

توێژینەوەی سێیەم

نووسەر و توێژەر، جەواد خەلیل توێژینەوەیەکی هەیە بۆ تەوەرەی ئاوەز بە ناونیشانی(ڕۆشنبیر وەک پارێزەری فرەیی-لە بارەی ئەرکی راستەقینەی ڕۆشنبیرەوە).

بەڕێزیان لە باسی ئەرکی ڕۆشنبیردا، تیشکۆ و جەختی لەسەر فرەیی و هزری فرەییە و دەنووسێت: ((.....وتارەکەی ئێمە لە ڕۆشنبیر دەروانێت و باس لەو ئەرکە سەرەکییانە دەکات کە دەشێت ڕۆشنبیر ڕایانپەڕێنێت. تەوەرەی سەرەکیی ئەم وتارە ئاوڕدانەوەیەکی فیکرییە لە بایەخی هەبوونی هزری فرەیی و ئەو ئەرکەی دەکەوێتە ئەستۆی ڕۆشنبیر بۆ هێشتنەوە و برەودان بە ئازادی بیروڕا و چەسپاندنی دۆخی فرەیی و لە پاڵ یەکدیدا ژیان و تۆخکردنەوەی هەمە چەشنەیی نێو فەزای گشتی)).

دواتر باسی "ترس" دەکات لە ئینسانی ڕۆشنبیر و هۆکارە سەرەکییەکەشی دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی کە "ڕۆشنبیر بە ئاگایە لە پێویستی هەبوونی فرەیی بۆچوون و ئایدیا جیاوازەکان وەک پێدراوێکی سروشت، تەنانەت کە "زۆرجار ناتەبان بە هێڵە سەرەکییەکانی تەوژمی باو، چونکە لێبڕاوانە پشتگیری لە فرەیی دەکەن". جەختیش دەکاتەوە لەوەی "ئەرکی ڕۆشنبیری ڕاستەقینە دەبێتە کارکردن لە پێناو چێکردنی فرەییدا". دواتر پێناسەی فرەییمان بۆ دەکات بەوەی کە " واتا ڕەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ خستنەڕووی سەرجەم بیرورا جیاوازەکان و داننان بەوی دیکەی جیاوازدا".

ئەوەی من لە چەند دێڕێکی دواتری ئەم نووسینە (ل ٢٢٧-٢٢٨)تێدەگەم، دەیەوێت بڵێت: دژبوون و جیاوازی و ناتەبایی لە تایبەتمەندییە سروشتییەکانی کۆمەڵگەن و ئەگەر ئازادی و دۆخی گونجاوی یەکترقبووڵکردن دەستەبەر بکرێت، ئەوا ئەگەرەکانی بەریەککەوتنی نێوانیان بە کراوەیی دەمێنێتەوە، ئەرکی ڕۆشنبیریش پاراستنی گوتارە جیاوازەکانە و ڕۆشنبیر ((ئەم بوونەوەرە بیرکەرەوە دەگمەنە بەهۆی خوێندەوارییە فراوانەکەی و لێهاتووییە فیکرییەکانییەوە، لە هەمووان زیاتر دەزانێت کۆمەڵی پێشکەوتوو لەسەر بنەمای پاراستنی فرەیی و هێشتنەوەی گوتارە جیاوازەکان لە تەنیشتی یەکتری و هەڵکردنیان لەگەڵ یەکتریدا پەرە بەخۆی دەدات....)).

ئەم پێشەکیانە سەردەکێشت بۆ ئەوەی ئەرکی ڕۆشنبیر پاراستنی هەموو ئەو جیاوازی و فرییانەیە کە هەرکامیان بەشێک لە هەقیقەتی لایە یان وا مەزەندە دەکات لایەتی، گرنگ ئەوەیە هەقیقەتەکان لە تەنیشت یەکەوە بن و پێکەوە هەڵکەن((..هاتنە نێو فرەییەوە بەو مانایە دێت تۆ رازیت ئەوانەی تریش کە بانگەشەکاری هەقیقەتن، لە تەنیشتی هەقیقەتەکەی تۆوە بووەستن و ئازادانە گوزارشت لە خۆیان بکەن...))، دواتر ئەم بابەتە سادە دەبێتەوە بۆ فرەیی سیاسیی و فرە کلتووریی و کارایی ڕۆشنبیر لە هێنانەدی و پاراستنی ئەو هەلومەرجەدا.

ئەم نووسینە دروست کەوتووەتە ئەو تەلزگەیەوە کە گۆڤاری ئاوەز درکی پێ کردووە و ڕووبەڕووبوونەوەی کردووەتە دروشمی خۆی (ڕاستی، نەک ڕا).

لە نەبوونی ئازادیدا بیرکردنەوە بوونی نییە و فرە ڕاییەکیش کە پشت ئەستوورە بە ئارگومێنت مەرجی گەشەی مەعریفەیە، بەڵام هەقیقەت فرە نییە تا هەر یەکە و بەشێک لە هەقیقەتی لابێ، یان هەقیقەتی من و تۆ هەبێ. فرە هەقیقەتی، پووچگەرایی و تەڵزگەی سوفستایی و دواتر پۆست مۆدێرنەیە و ڕۆشنبیریش کاری گەڕانە بە دوای هەقیەقتدا و بەتاڵکردنەوەی ئەو ساختانەن کە وەک هەقیقەت خۆیان دەنوێنن، ڕێگای هەقیقەتناسیش تەنیا لۆژیکە .

لە کۆمەڵگەیەکدا کە فەلسەفە ناخوێنرێ و ڕۆشنبیرەکانی فەلسەفەیان نەخوێندووە، هەرچی پۆخڵەواتە بە ناوی فرەیی و مافی ڕا دەربڕینەوە دێتە دەرەوە و پاراستنی ئەو پووچگەراییەش دەبێتە ئەرکی ڕۆشنبیر و پاراستنی هەقیقەت.

بێگوما هەمووان دەرفەتی یەکسانیان هەیە قسەی خۆیان بکەن، بەڵام نابێتە ڕا تا ئارگومێنتی نەبێ و نابێتە هەقیقەت تا تاقینەکرێتەوە و نەسەلمێنرێ، ڕۆشنبیرێکیش کە بەم مانایە ڕای نییە و تەنیا کاری پاراستن و مانەوەی فرەیی و جیاوازییەکانە، ئەوە پتر لە پۆلیسی هاتووچۆ دەچێت.

ئەمڕۆ ئێمە لە کوردستان کێشەی فرەییمان نییە و ئەم چەشنە فرەییەش لە لایەن ستەمکارییەوە پشتیوانی دەکرێت و ڕۆشنبیری مشەخۆریش قاودەرییەتی، بەجۆرێک باسکردن لە هەقیقەت بووەتە عەیبە و هەموو شتێک وەک هەقیقەتێک دەڕوات.

توێژینەوەی چوارەم

دوا توێژینەوە کە لە تەوەرەی تایبەت بە بابەتی ڕۆشنبیر لە جۆرناڵی ئاوەزدا، خوێندنەوەی بۆ دەکەین، بابەتی(دەستپێکێک بۆ خوێندنەوەی دۆخی ڕۆشنبیریی ئێستای کوردستان، بە جەختکردنەوە لەسەر باشووری کوردستان)، لە نووسینی نووسەر و توێژەر دکتۆر هەورامان مەحموودی-یە.

لەم نووسینەدا هەڵویستەم تەنیا لەسەر بابەت و چەمکی نەریتە کە وادەزانم بەڕێزیان ئەو چەمکە دەکاتە دەلاقەی ڕەخنەکردنی ڕۆشنبیرانی کورد.

لەسەر بەرایی نووسینەکەی کە هەمان ڕای توێژینەوەی یەکەمە، نووسیومە و پێویست بە هێنانەوە ناکات و بەڕیزیشیان پێی وایە نەریتێکی پتر لە سەدساڵەی ڕۆشنبیریمان هەیە، بەڵام ئاراستە و تایبەتمەندی ئەم نووسینە لەوەدایە کە نووسەر ڕای وایە ئەرکی ڕۆشنبیرانی چل ساڵی ڕابردوو لادان بووە لە نەریتی ڕۆشنبیرانی سەدساڵی پێشین و لایان داوە لە خواستەکانی کۆمەڵگەی کوردی و بەلکو کردوویانە بە تاقیگەی فیکر و رۆشنبیری بێگانە، تەنانەت لە تێروانینیدا بۆ ڕەهەندییەکان، دەنووسێت : ((...کەمترین شارەزاییان لە نەریتی کوردی نەبووە و تەنانەت خۆیان لە پێناسەکردن و باسکردنی لاداوە، ئەساسەن خوازیاری لە نێوبردنی نەریت و بە وتەی خۆیان ڕووخانی ستراکتورە کۆنەکان بوون)).

نووسەر پێی وایە ڕۆشنبرانی هاوچەرخمان بە هۆی نەشارەزاییان لە پرسی نەریت و ئاگادارنەبوونیان لە میژوومەندی ئەو چەمکانەی دەیخەنەڕوو، بوونەتە سەر ئێشەی کایەی ڕۆشنبیری و شێواندنی شیرازەی کۆمەڵ.

گومان لەوە نییە کە زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی ئێمە و ئەم ناوچەیەش شارەزاییان لە مێژووی فەلسەفە و چۆنییەتی گەشەکردنی فیکری خۆرئاوا نییە و ڕاستەوخۆ یان بەهۆی کارە وەرگێڕدراوەکانەوە نیشتوونەتەوە بە پووچگەرایی پۆست مۆدێنەوە، یاخود بە هەڵە ئەو چەمکانە دەکەنە بنەمای خوێندنەوەی کێشەکانی کۆمەڵگەکەمان، ڕۆشنبیری ئێمە لەبەر ئەوەی بیرکردنەوەی ڕەسەنی خۆی نییە، پەنا دەباتە بەر وەرگێڕان و کاریگەربوون بە نەفەسی ڕەگەزپەرەستی نەتەوەکانی ناوچەکە و ئەم پەتایەش دەگوازێتەوە.

ڕۆشنبیری ئێمە قووڵکەرەوە و بەدیهێنەری ڕؤشنبیری ژێر دەستەیە...زۆرشت دەهێنێتە ناوەوە کە هێج رەبتی بە ئێمەوە نییە.... تەنانەت پێمان دەڵێن فەلسەفە بۆ کورد نابێ. ڕۆشنبیری ئێمە هەست بە بەرپرسیاریتی کردنی خودی و کەسیی دروست ناکات، بەڵکو هەمیشە فاکتەرە دەرەکییەکان دەخاتە ڕوو، لە ڕاستیدا جورئەتی ئەوەی نییە خۆی و خەڵک ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکاتەوە. ئەوە لێگەڕی کە زۆریان لە ئاست بەرپرسیارییەتی ئەخلاقی و مەعریفییەکانیاندا نیین و بە گشتی من لەگەڵ ڕەخنەکانی توێژەری بەڕێزم، بەڵام سەبارەت بە ڕۆشنبیر و پەیوەستی بە نەریتەوە دەکرا بەڕێزیان فراوان و وردتر لەو بارەوە بدوێن، چونکە بەدەر لەو ڕاستییانەی خراونەتەروو، ئەوە بابەتێکی زۆر ستراتیژییە پەیوەست بە کارەکتەری ڕۆشنبیر.

بابەتی "نەریت" و "ڕۆشنبیر" بابەتێکی دیکەیە، بەڵێ بۆ کۆمەڵگەی ئیمە جێی ئەوەی تێدا دەبێتەوە تایبەتمەندییەکانی کوردبوون و لەوانەش  شوناسیی کوردبوو بهێنرێنە پێشەوە، بەڵام ئەوە ناکاتە ئەوەی بە ناوی پیرۆزکردنی نەریتەوە باس لەو بابەتانە نەکرێت.  

لە کتێبی (سوسیولوجیا المثقفین) دا، گیرار لیکلیرک، باس لە دووفاقی کەسێتی ڕۆشنبیر دەکات کە لە ناخیدا ڕا ڕا و دوودڵە لە نێوان نەریت و نوێگەریدا، کە من گومانم هەیە ئەم گنگڵییە مەعریفییە بۆ ڕۆشنبری باوی ئێمە راست بێ تا ئەوە بکەینە پاساوی ئەو گلەیی و ڕەخنانەی توێژەر هەیەتی.

جۆرج تەرابیشی-یش لە کتێبی (المثقفون العرب و التراث)دا سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ڕۆشنبیرانی عەرەب و نەریت، پێی وایە: پەیوەندییەکی ئەقڵانی لەسەرەخۆ نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی کێشەدارە و  تەندروست نییە و پتر یا ڕەهایانە پیرۆز دەکرێت، یان لە ڕیشەوە و بە گشتی ڕەددەکرێتەوە. ئەم دیاردەیەش، دەمارگیرییەکی دەستەجەمیمان بۆ دەخاتەڕوو کە وەک پەتایەکی هاوبەشی بڵاوەبووە، ڕۆشنبیر لە توانای بەرهەمهێنانی فیکری ڕەخنەگرانەی ڕەسەن بەتاڵ دەکاتەوە.

پەیوەستبوونەوە بە نەریتەوە، وەک تەرابیشی لەو کتێبەیدا باسی دەکات، ئەوەی لێ بەرهەم دێ کە بیر و باوەڕ و کلتوری پێشینان وەک سیمبوڵی باوک لێی دەڕوانرێ، هەر بۆیە تێناپەڕێنرێ، بە جۆرێک کە تەرابیشی کەرەسەکانی شیکاریی دەروونی (فرۆید) و (لاکان) بەکار دەبات بۆ شیکاریی هەڵوێستی ڕۆشنبیری عەرەب لە بەرامبەر بیر و کولتووری پێشینانیدا. بە پێی تەرابیشی، "نەریت" لەم بەستێنەدا ڕۆڵی باوک دەگێڕێ کە هەژموونی دەسەڵاتی سیمبولیکی خۆی دەسەپێنێ، هەر ساتێکیش ئەو بۆماوەیە ڕەد دەکەنەوە، خێرا هەست بە تاوانباربوون دەکەن و دەگەڕێنەوە باوەشی باوک-نەریت، لێرەوە لە نێو بازنەی دەمارگیریی بێ کۆتادا دەخولێنەوە و دژیەکی بەڕوونی لە گوتاریاندا دەبینرێت، بەجۆرێک بانگەشەکردن بۆ پچڕان لە نەریت، لەبەرامبەردا گەڕانەوەی نەستانەی لێ دەکەوێتەوە بۆ باوەشی، ئەمەش لەبری ئازادی و خۆ دەربازکردن پاشکۆیەتی بۆ بیر و بۆماوەی پێشینانی لێ دەکەوێتەوە. دواجار بۆماوە-نەریت دەبێتە ڕەگەزێکی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دواکەوتوویی و هەموو هەوڵێک بۆ خستنە سەرپێی پرۆژەی چاکسازی و مۆدێرنە، بە توندی ڕووبەڕووی بۆماوەی پیرۆزکراو دەبێتەوە، هەر بۆیە ڕۆشنبیری عەرەب لە حاڵەتی دووفاقیدا دەژی، دەیەوێ مۆدێرن بێ، بەڵام بەردەوام ڕابردوو کەمەندکێشی دەکات و نۆستالژیای بۆی هەیە. ئەم دووفاقییە جۆرێک لە دڵەڕواکێی لێ دەکەوێتەوە کە ئازادی بیرکردنەوە پەک دەخات.

تەرابیشی داوا دەکات بونیادی ئەم دەمارگیرییە لە ڕێی گۆڕینی پەیوەندیمان بە بۆماوە و نەریتەوە لە پەیوەندییەکی سۆزدارانەوە بۆ پەیوەندییەکی ڕەخنەگرانەی ئەقڵانییانە، بشکێنرێ. پێویستە بیر و کلتوری پێشینان وەک بابەتێک بێت بۆ لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوەی ڕابردوو، نەک وەک باوکێکی سیمبوڵیک و شوناسێکی نەگۆڕ و داخراو.

ئەمەی تەرابیشی ئارگۆمێنتی لە پشتە و خوێندنەوەی ئەقڵانی و قووڵی واقیعی ڕۆشنبیری ئەم ناوچەیە، لەوانەش کورد، ناکرێت بە دروشمی کوردایەتی و نەریت پارێزییەوە خوێندنەوەی بۆ نەکەم.

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X