د. ئیدریس شێخ شەرەفی
(کۆلێژی زانستە سیاسییەکان/ زانکۆی سەڵاحەددین)
یەکەم: سیاسەت و فەلسەفەی سیاسیی کلاسیک
لیۆ شتراوس (*) چەمکی سیاسەت لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە و لە پەیوەندی بە فەلسەفەی سیاسی و حەقیقەت بە مانا کلاسیکی و یۆنانییەکەی سەیر دەکات؛ ھاوکات ڕەخنە لە زانستی سیاسیی نوێ دەگرێت کە بووەتە ھۆی پشتگوێ خستنی چەمکە ھەمەکییەکان، کە کۆی کۆمەڵگەی سیاسی بەیەکەوە دەبەستنەوە. ھەربۆیە، لە میانی تێزە ڕەخنەییەکانی سەبارەت بە زانست و مۆدێرنە ھەوڵ دەدات بەرسڤی ھەندێ لە پرسیارە جەوھەرییەکان بداتەوە سەبارەت بە چەمکی سیاسەت یان ھەمان پۆلێتیکی politique یۆنانی. لێرەوە شتراوس دەگەڕێتەوە بۆ مۆدێڵی کۆنی فەلسەفەی سیاسی (زەینەفۆن و سوکرات و ئەفلاتون و ئەرستۆ) و پێی وایە بەمە فەلسەفەی سیاسی ڕزگار دەکات لە قەیرانی ڕێژەگەرایی و خۆدزینەوە لە حەقیقەت؛ ھەربۆیە، ئەم گەڕانەوەیە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لای ئەو بە مانای «گەڕانەوەیە بۆ دابەشکردنی مەعریفە و خاوەندارێتیی حەقیقەت و بەمەش پێی وایە عەقڵی کۆنی فەلسەفی لە دەست عەقڵی مۆدێرن ڕزگاری دەبێت» (١)، چونکە لە دیدی شتراوس وای لێھاتووە «فەلسەفەی سیاسی" بووە بە ھاوواتای "ئایدیۆلۆژیا" ئەگەر نەڵێین "ئەفسانە"» (٢). چونکە هەروەک لە نەریتی یۆنانی و بەتایبەتی لە ھزری سوکراتدا نمایان دەبێت، فەلسەفە واتە پرسیار و بە پلەی یەکەمیش پرسیار لە جەوھەری شتەکان و گەڕان بۆ تێگەیشتن لە ماھییەت. ئەم پێواژۆیە (پرۆسەیە) و خودی گەڕانەکە بنەمایەکی گرنگی فەلسەفەی کلاسیک پێکدێنێت، نەک وەڵامە ئامادەکان، چونکە بەرسڤی ئامادە بۆ پرسیارە جەوھەرییەکان ڕەھەندێکی ترسناکی ئایدیۆلۆژیی ھەیە و، ھەر کاتێکیش ئەمە بەرەو زانینێکی شەعبی و جەماوەری خزی، ئەوا ڕەھەندی خوڕافی و دوور لە بیرکردنەوەی ڕەسەن وەردەگرێت.
ھەربۆیە، بەپێچەوانەی نەریتی باڵادەستی ئەزموونگەرایی، کە میتۆدی ئیستقرایی و کارکردن لەسەر ھەندەکان دەکاتە بنەما، فەلسەفە بە بوارێکی دەرەوەی زانستی ورد دەزانێت و، لە ڕوانگەی شتراوس ئیشی فەلسەفە بینینی «پرەنسیپە نەگۆڕەکانە کە لە خودی مرۆڤ و شتەکاندایە؛ فەلسەفە لە چوارچێوەی ئەبەدییەتی مەعریفەی مرۆیی دەکۆڵێتەوە و حەقیقەتی بان-مێژوویی دەدۆزێتەوە و ئامانجی فەلسەفە بەدەستھێنانی مەعریفەی ڕاستەقینە و ھەمیشە ڕاست و بنبڕ و کۆتاییەکانە» (٣) و، ئەمەش لە دەقە کلاسیکییە مەزنەکاندا دەدۆزێتەوە، چونکە ئەم کتێبانە سەروکاریان لەگەڵ پرسیارە ئەبەدییەکاندا abiding question ھەیە (٤). کەواتە، ئەرکی فەلسەفە گەڕانە بەدوای حیکمەت و گوتارێک سەبارەت بە مەعریفەی یونیڤێرساڵ، واتە مەعریفە سەبارەت بە ھەمەک؛ ھەر لێرەوە فەلسەفەی سیاسی ھەوڵێکە بۆ مەعریفە سەبارەت بە ماھییەتی شتە سیاسییەکان لەجیاتی گومانکردن لێیان (٥). ئەگەر زانستی نوێ لەڕێگای جەختکردن لەسەر پسپۆڕی و شارەزایی لە بوارە تایبەتمەندەکان و دابەشکردنی مەعریفە توانیبێتی لەڕووی ھەندەکییەوە سەرکەوتنی بەرچاو بەدەست بێنێت، لە دیدی شتراوس ئەم دابەشکارییە پرسە ھەمەکییەکانیش دابەش دەکات و بەم جۆرە ھەمەکییەتی مرۆیی لەناو دەچێت. ھەربۆیە، دەبێت سێ پێداویستی لە ھزری سیاسی ھەبێت بۆ ئەوەی ببێت بە فەلسەفەی سیاسی:(٦)
١-ھەوڵێکی ڕاستەقینە لەپێناو مەعریفەی ڕاستەقینە (جیاکردنەوەی بۆچوون لە مەعریفە)
٢-گەڕان بەدوای شتی سیاسیدا (باج، پۆلیس، یاسا، داداگا، حزب، ئاشتی، ئاگربەست)
٣-دۆزینەوەی ماھییەتی سیستەمی ئایدیالی سیاسی.
بەم جۆرە، یەکەم خاڵی شتراوس دەرچوونە لە ڕێژەگەرایی و فرەبۆچوونی کە خۆی وەک جێگرەوەی (بەدیلی) حەقیقەت پێشان دەدات و لە ھزری لیبراڵدا وەک بەشێکی گرنگی سیستەمەکە دەژمێردرێت؛ ئەوە جگە لەوەی، وەک شمیت ئاماژەی بۆ دەکات، سیاسەت بواری تایبەت بەخۆی ھەیە کە جیای دەکاتەوە لە پانتاییەکانی تر کە پەیوەندیی بە دەسەڵاتەوە ھەیە. خاڵی کۆتاییش پەیوەستە بە خۆ نەدانەدەست ئەمری واقعی سیاسی، چونکە ئەرکی فەلسەفەی سیاسی ھەوڵدانە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەک کە لەگەڵ ئایدیالە باڵاکاندا تەبا بێت؛ ئەمە ئەگەر جۆرێک لە یۆتۆپیاش بێت گرنگە، چونکە مرۆڤ ناچار دەکات بەداوی باشتریندا بگەڕێت. لێرەوە دەتوانین بڵێین فەلسەفەی سیاسی سێ ڕەھەندی ھەیە: (٧)
١-سیاسەتی فەلسەفی: واتە فەلسەفە سەبارەت بە ژیان و شار و سیاسەت، کە پێویستی بە سیاسەتێکی تایبەتی ھەیە، بۆ خۆ پاڕاستن لە شار و ژیانی سیاسی.
٢-توێژینەوە سەبارەت بە بواری سیاسی.
٣-فەلسەفەی سیاسی بە مانای گشتیی وشە لە شێوە ھەرە ڕەسەنەکەیدا، کە کاکڵ و کرۆکی فەلسەفە یان وردتر فەلسەفەی بەراییە (الفلسفە الاولی)، واتە فیلۆسۆفیا. ئەمەش ئەرکی فەیلەسوف و بیرمەندەکان دیاری دەکات کە نەکەونە ژێر ھەژموونیی شار، ئەوە توێژینەوە و ڕامانە قووڵەکانە کە ئەولەوییەتی بواری سیاسی و ژیانی سیاسی دەستنیشان دەکات، ئەمەش لە ڕۆحی فەلسەفەی کلاسیکی یۆنانیدا دەدۆزێتەوە و بانگەشە بۆ رەوایی ئایدیالیزم دەکات. لەگەڵ گەڕانەوە بۆ ھزری سیاسیی یۆنانە کە جارێکی تر دەرچوون لە چەقبەستوویی ڕەوشی ھەنووکەیی دەبێت بە شتێکی پێویست، چونکە ھەروەک ئاشکرایە «ھەموو ھەوڵەکانی ئەفلاتون و پەیڕەوکارە زۆرەکانی بووە ھۆی بە ئایدیالیکردنی سیاسەت و بەسیاسیکردنی فەلسەفە، حوکمی فەیلەسوفەکان و سەروەریی یاسای دادپەروەرانە لە کۆماری ئەفلاتون ھەر دووکیان سیمای پرۆژەیەکی ئایدیاڵین». (٨)
بەم جۆرە سیاسەت، چیتر نابێت بە ئەجێندای سیاسەتدانان بۆ ڕەوشی ھەنووکەیی و ژیانی ڕۆژانە، بەڵکوو دەبێت لە ھەناوی خۆیدا سیستەمێکی ئایدیاڵ دوائامانجی بێت، بەبێ ئەوەی بکەوێتە داوی خوڕافە و کورتبڕی و، ھەوڵی ئامادەکردنی مرۆڤ بدات بۆ گەیشتن بە باشترین؛ ئەمەش جەختکردنی بەردەوامی دەوێت لەسەر بواری سیاسی the political وەک بوارێکی ناوازە، نەک تەنیا ھێنانەپێشەوەی بوارەکانی وەک ئابووری و کۆمەڵایەتی و ھتد. فەلسەفەی سیاسی بەپێی مۆدێلە کلاسیکییەکە لە گشتیترین پێناسەی خۆیدا، ھەوڵێکی سیستەماتیک و ڕامانی ھەمەکی و گشتییە سەبارەت بە حەقیقەتی بواری سیاسی (٩).
لە دیدی شتراوس، خاڵە ھاوبەشەکەش فەلسەفەی کلاسیکە کە بریتییە لە حەقیقەت-سەنتەری، فەزیڵەتگەرایی، بەختەوەریخوازی و چاکەخوازی لە چوارچێوەی ڕوانگەی ھیرارکی گەردوون/خودا و بنەمای مەعریفەناسیی پێوانەیی و مرۆڤناسیی نوخبەگەراییدا. (١٠) بەم چەشنە، فەلسەفە بریتییە لەوەی لە جیھانی بۆچوونەوە opinion بەرەو جیھانی مەعریفە یان جیھانی حەقیقەت ھەنگاو بنێین و لەم دیدگایەدا یارمەتی لە بۆچوونەکانیش وەربگرین (١١). چوارچێوەی توێژینەوەی فەلسەفەی سیاسیی کلاسیک ئامانجە مەزنەکانی مرۆڤایەتییە کە بریتین لە: ئازادی، حکوومەت یان فرمانڕەوایی، ئەو ئامانجانەی کە دەتوانێت مرۆڤ لە ئاستی نەفسی نزمی خۆی بەرز بکاتەوە، لە جیاتی بۆچوون ھەوڵ دەدات ماھییەتی بواری سیاسی و سیستەمی سیاسی چاک و ڕاست بزانێت (١٢). ھەربۆیە، شتراوس «لە ھەوڵی دامەزراندنی فەلسەفەیەکی نامێژووییە، کە بریتییە لە گەڕان بەدوای سروشتی دیاردە سیاسییەکان و سیستەمی ئایدیالی یان ڕاست» (١٣). کەڵەکەبوونی مەعریفەش ئەرکی فەیلەسوفە کە ڕاستگۆیە لەگەڵ پەیامەکانی فەلسەفە، کە بە پلەی یەکەم "چاکە"یە و بەپێی لۆژیک و ئەرگیۆمێنتی عەقڵی، ھەوڵی بینینی ھەمەکییەتی کۆمەڵگە دەدات و تەکاندنی تەپوتۆزی نەزانین و ھەڵەوێژی بەرەو ڕادیکاڵبوونی دەبات و ھاوکات بە بەرپەرچدانەوەی زڕەزانین و تێگەیشتنی دژەلۆژیکی کە لە فۆڕمەکانی ئایینیی عەوام و ساویلکەسازیی عەقڵی ڕەشۆکدا خۆی دەردەخات، دژی ھەژموونی کۆمەڵایەتییە. واتە، ئەو ڕێگەیە کە فەیلەسوف دەیبڕیت لەپێناو ئەو بیرۆکەیەیە کە دەڵێت: «ژیانی تەرخانکراو لەپێناو گەڕان بۆ توێژینەوە باشترە لە ژیانی تەرخانکراو بۆ ملکەچی» (١٤). توێژینەوە لێرە، بە مانای کۆپیکردن و دووبارە داڕشتنەوەی بۆچوونی زاڵی کۆمەڵگە و پاساوھێنانەوە بۆ ڕازیکردنی خۆبەڕاستزانینی ساتەکی و زووتێپەڕی حەشامات نایەت، بەڵکوو ھەوڵێکە بۆ جەختکردنەوەی بەردەوام لەسەر ماھییەتە هەرماو (ئەبەدی) و نەمرەکان کە بەبێ ئەوان کۆمەڵگە بەرەو گەندەڵی و داڕزان دەچێت.
ھەربۆیە، فەیلەسوف ھەم لەلایەن دەسەڵات، ھەمیش لەلایەن کۆمەڵگەوە دەچەوسێنرێتەوە و سەرکوت دەکرێت؛ ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە فەلسەفە لەگەڵ بیروباوەڕە باوەکاندا ناکۆکە و گومان دەخاتە سەر بۆچوون و باوەڕی گشتی. ئەم کێشەیەش ڕەگێکی قووڵی ھەیە و پەیوەستە بە پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان فەلسەفە و سیاسەت کە ھەمان پشێویی نێوان ئەسینا و ئۆرشەلیم، واتە نێوان ڕابردوو و ئێستا و نێوان عەقڵ و ئیمانە (١٥). لەم ململانێیەدا، ھەندێ جار ھەوڵ دراوە ڕادیکاڵبوونی فەلسەفە و ڕەخنە توندەکانی دژی واقع و کۆمەڵگە ئارامتر و ھێواشتر بکرێتەوە و فەلسەفە بەجەماوەری بکرێت، بەڵام بەو حاڵەش «بە بازاڕیکردنی فەلسەفە لە مەیلی جەماوەر بۆ چەوساندنەوەی فەلسەفە کەمی نەکردووەتەوە» (١٦). ئەمەش وای کردووە ئەرکی فەلسەفە ھێندەی دیکە قورس بێت و بکەوێتە بەرانبەر جەماوەر لەلایەک و دەسەڵاتی سیاسی لەلایەکی تر. ھەربۆیە، شتراوس باتنییەت و حەشاردان بە پێویست دەزانێت وەک ڕێگەیەکە بۆ پاڕاستنی فەلسەفە و پێی وایە فەیلەسوفەکان لەنێوان ئەوەی وتوویانە و ئەوەی نەیانوتووە کەلێنێکی بونیادییان بەجێ ھێشتووە کە بەھۆی حەشاردان و ھونەری نووسینەوە پڕ دەکرێتەوە (١٧). ئەگەر ئەم دیدگایەی شتراوس وەک جۆرێک لە کۆنسێرڤاتیزمیش لێکبدرێتەوە، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان دژی ئەو ھەوڵە ڕیشەییانەیە کە فەلسەفە دەتوانێت بۆ ئاراستەکردنی کۆمەڵگە بیگرێتە بەر، بەڵام بابەتەکە ڕەھەندێکی قووڵتری ھەیە کە پەیوەستە بە زمانی نووسینی فەلسەفە وەک زمانێکی چڕ و تۆکمە، زمانێک کە بەتەواوی لەژێر کاریگەریی ھزر دایە و بەجۆرێک لە واقیع نزیک دەبێتەوە کە ڕاستترین گوزارشتەکان دەرببڕیت و، ھاوکات ئەم زمانە دەرگایەکی گەورەش بە ڕووی ڕاڤە و ھێرمنیوتیکدا دەکاتەوە.
ئەم حەشاردانە بە چەکێک لەقەڵەم دەدرێت کە دەرفەتی دەرکەوتنی فەلسەفەی بۆ کۆمەڵگەی سیاسی ڕەخساندووە و ھۆکاری سیاسیی لەپشتەوە بووە (١٨). چونکە ھەر وەک ئاماژەی بۆ کرا، فەلسەفە ھەوڵێکی چڕە پێکهاتوو لە گومانەکان و جێگیرکردنی مەعریفە وەک جێگرەوەی ئەم گومانانە، ئەمەش کۆمەڵگە تووشی مەترسی دەکات، کە خوازیاری ئەوەیە ئەندامەکانی لەسەر بنەمای بۆچوونە گومانھەڵنەگرەکان بەڕێوە بچن، بەڵام بێ گومان بۆچوون گومانی لێ دەکرێت (١٩).
لەم سۆنگەیەوە، بیرمەندەکان ناچار بوون نییەتی ڕاستەقینەی خۆیان و ناوەڕۆکی بابەتەکانیان لەنێوان دێڕەکان between the lines حەشار بدەن، ھەربۆیە، ئەرکی توێژەری مێژووی فەلسەفە و ھزر ئەوەیە نێوانی ئەم دێڕانە بخوێنێتەوە. ئەمەش واتە گەڕان بەناو جیھانی دەقە مەزنەکان کە بەردەوام نووسین و وتراوەکان دەرفەتی ڕاڤەی نوێیان لە دووتوێی خۆیان ھەڵگرتووە و، تەنانەت نەوتراوەکانیش خۆیان دەلالەتی فەلسەفییان ھەیە. بۆ نموونە، شتراوس پێی وایە بێدەنگیی میکاڤیللی لە کتێبی "میر" سەبارەت بە ھەندێ چەمک بەتایبەتی لاھووت و ئەخلاق، گەیاندنی ئەو پەیامەیە کە ئەمانە پەیوەندییان بە سیاسەتەوە نییە (٢٠). لەم خاڵە دایە دەتوانین بڵێین مێژووی فەلسەفە یان ئەو سەردەمەی دەقی تێدا بەرھەم ھاتووە گرنگە، چونکە بە ڕامان لە واقعی زاڵی ئەو کات دەردەکەوێت کە پەیامی ڕاستەقینەی ناو دەق و پشت دەقی بیرمەندەکان چییە. ھەر چەندە جەختکردنی شتراوس لەسەر حەشاردانی بیرۆکە پەیوەستە بە دەقە مەزنەکان کە ھەڵگری ئایدیای نوێ و گەورەن، بەڵام دەشێت، باتنییەت و ئیزوتیری ئەم مەترسیانەشی لێ بکەوێتەوە (٢١):
١-ھەنگاو بنێت بەرەو مەبەستگەرایی باتنی.
٢-بڕوات بەرەوە بەسووک زانینی سیاسەتمەدار و جەماوەر.
٣- فەیلەسوفەکان قۆرغی حەقیقەت بکەن.
بەرسڤی سەرەتایی شتراوس بۆ ئەم مەترسییانەش بە پلەی یەکەم ئەوەیە کە پسپۆڕی خۆی ھەڕەشەیە لەسەر ھەمەکییەتی کۆمەڵایەتی و، مەعریفەی ڕاستەقینە لای جەماوەر نییە، بەڵکوو ئەوان خەریکی ئەو بۆچوونان کە بەرژەوەندی و ڕواڵەتبینی دروستی کردوە و لەگەڵ حەقیقەتی ھەمەکیدا جۆرێک ناتەبایی ھەیە. ھەربۆیە، مەعریفەی سیاسی لای ئەو دوو جۆرە: یەکەمیان، ڕەسەنە و لای فەیلەسوفەکانە و ئەویتریان، لەڕێگای خوێندنی لیبڕالەوە بەدەست دێت. بۆ نموونە، «ھەڵینجانی مافی سروشتی کە لوتکەی فەلسەفەی سیاسییە، ھەوڵێکە بۆ گەیشتن بە پێوەرێک سەبارەت بە حەقیقەتی بەھا و ئایدیالەکانی کۆمەڵگە جیاوازەکان و تێگەیشتن لە حەقیقەت و سروشتی ژیانی چاک» (٢٢). بۆیە لە دیدی ئەو، ناتوانین کێشەی ناو دژایەتی پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان چارە بکەین بەبێ تێگەیشتنمان بۆ مافی سروشتی و ھەوڵدان بۆ نزیکبوونەوە لە پێوەر و حەقیقەتی ژیانێکی فەزیڵەتمەندانە. بەم جۆرە، شتراوس ھەڵێنجانی چەمکە ھەمەکییەکان و مەعریفەی ڕەھا لەگەڵ پەیامی فەلسەفەدا بە تەبا دەزانێت، چونکە فەلسەفە لەبنەڕەتدا بە مانای خاوەندارێتیی حەقیقەت نییە، بەڵکوو بە واتای گەڕانە بەدوای حەقیقەتدا.
دووەم: مۆدێرنە و زانستی سیاسیی نوێ
شتراوس یەکێکە لە دیارترین ڕەخنەگرانی فەلسەفەی سیاسیی مۆدێرن کە ھەوڵی داوە پێشکەوتنخوازی، مێژووگەرایی عەقڵی مۆدێرن و پۆزەتیڤیزم و ڕێژەگەرایی و نێھێلیزمی ھەناوی مۆدێرنە بداتە بەر ڕەخنە. ھێڵی جیاکەرەوەی فەلسەفەی کلاسیک و فەلسەفەی سیاسی مۆدێرن لای شتراوس ململانێی ئەزەلی و حەتمیی نێوان فەلسەفە و کۆمەڵگەیە کە ئەمە قەدەری فەیلەسوفەکانە. چونکە فەلسەفە ڕەدکردنەوەی ئەو شتەیە کە بە "ڕا" یان "بۆچوون" (opinion) ناو دەبرێت و لەسەردەمی نوێدا زۆر پەرەی سەندووە. ھەربۆیە، لە دیدی ئەو، سیاسەتی مۆدێرن بە ھۆی کولتووری جەماوەر و دیموکراسیی جەماوەری حەشامات و ڕێژەگەرایی ئەخلاقی لە قەیراندایە. فەلسەفەی سیاسیی کلاسیک و حەقیقەتخوازییەکەی دەتوانێت بەسەر ڕا و بۆچووندا زاڵ بێت، کە بووە بە خەسڵەتی دیاری ھزری سیاسیی ئێستا و زۆر کورتبڕن. لەبەرانبەر ئەمەدا، شتراوس پێی وایە نامێژوویبوون یان سەردەمبڕی فەلسەفەی کلاسیک وای کردووە تەنانەت «ئەفلاتون و بیرمەندە کلاسیکەکان تەفسیری کاولکارییەکانی سەدەی بیستەممان بۆ بکەن» (٢٣). چونکە ستەمکاری بەوردی لە فەلسەفەی کلاسیکدا وەک مەترسی لەسەر مرۆڤ ئاماژەی بۆ کراوە، تەنیا بەو جیاوازییەی کە «ستەمکاریی ئەمڕۆ دوو شتی زیاتری لە بەردەستدایە: تەکنەلۆژیا و ئایدیۆلۆژیا» (٢٤). بەم جۆرە، ڕەخنەی جیدی شتراوس لە زانستی ئەزموونی یان پۆزەتیڤیزمە کە ھەوڵ دەدات کۆکردنەوەی داتا و زانیاری وەک بەدیلی مەعریفەی عەقڵی فەلسەفی لەقەڵەم بدات کە سەرەڕای بەرەوپێشچوونە بەردەوامەکانی لە ئاستی تەکنەلۆژیدا، بەڵام کۆمەڵگەی جیھانی لە قەیران و کوشتار و داڕمان ڕزگار نەکردووە، چونکە بنەمای ئەم زانستە تەکنەلۆژیایە و، تەکنەلۆژیاش لەسەر ئابوورییەکی زەبەلاح دامەزراوە کە تاڕادەیەکی زۆر پێویستی بە وێرانکردنی سروشت و ھەندێ شوین ھەیە کە کەمتر بەرچاون. کەواتە، فەلسەفەی کلاسیک نەک ھەر پێویستە دژی ھەموو فۆڕمەکانی ستەمکاری بێت لە کۆمەڵگەی سیاسیدا، بەڵکوو دەبێ خۆیشی نەکەوێتە ژێر ھەژموون و پەیڕەویکردن لە مەرجەعییەت، چونکە ناسنامەی خۆی لەدەست دەدات و دەگۆڕیت بۆ ئایدیۆلۆژیا، واتە داکۆکیکردن لە سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراو یان تازەھەڵتۆقیوی بەسەرداکەوتوو.
شتراوس لە شیکردنەوەی خۆی بۆ مۆدێرنەی ڕۆژئاوا وەک دیاردەیەکی مێژوویی، کە لەگەڵ سەرمایەداریدا سەرھەڵدەدات، ئاماژە بە سێ شەپۆلی مۆدێرنە دەکات (٢٥): یەکەم؛ شەپۆلی میکاڤیللی-ھۆبزی و دەرچوونی مرۆڤ لە کەنیسە و جەختکردن لەسەر ویستی مرۆڤ و کۆتاییھاتنی "شانشینی تاریکی".
دووەم؛ یاخیبوونی ڕۆسۆ دژی شارستانییەتی بازرگانی و پارە، بە ناوی ئەخلاق و فەزیڵەت و ئامانجی سروشتیبوونی مرۆیی.
سێیەم؛ پڕۆژەی لاھووتی-سیاسیی نیچە و ھایدگەر، دژی بۆرژوازییەتی میکاڤیللی-ھۆبزی و ڕۆمانسییەتی ڕۆسۆ.
بەم جۆرە، لە ڕوانگەی شتراوس، میکاڤیللی دامەزرێنەری فەلسەفەی سیاسی و زانستی سیاسیی نوێیە کە بووە ھۆی داخستنی ئاسۆی ھەموو واقعێکی مرۆیی، واتە ئەزەلییەت و ھەمەکییەت و حەزی سروشتیی خودی مرۆڤ بەرانبەریان. چونکە میکاڤیللی بە دامەزرێنەری سیاسەتێک دەزانێت کە دژی ئایدیالیزمە و، ھۆبزیش ھەوڵ دەدات لەڕێگای بەزانستیکردنی سیاسەتەوە، کۆمەڵگە لە ڕەوشی سروشتی و جەنگ ڕزگار بکات، ئەوە جگە لەوەی ڕۆسۆ بە لایەنگری بۆ ویستی گشتی، یاسای سروشتی بە شتێکی لاوەکی دەزانێت. دواجار ڕەخنە لە گومانگەرایی و نێھێلیزمی نیچە لە ھەموو پێوەر و بەھایەکی ھەمەکی لەلایەک و ڕێبازی مێژوویی ڕادیکاڵی ھایدگەر دەگرێت وەک ھەوڵێک بۆ لە ڕەگەوە دەرکێشانی نەریت و ترادسیۆن (٢٦). ھەموو ئەم ھەواڵانە لە دیدی شتراوس لەپێناو نەھێشتنی ھەمەکییەت و ماھییەتی مرۆڤەکانە، ھەوڵێکە جەوھەرە نەگۆڕەکان دەگۆڕێت و پارچە پارچە و دابەشیان دەکات بەسەر کۆمەڵگە و کولتوور و ڕای جیاوازدا و وەک بەرھەمی ھزری مێژووگەرایی، وەک پێواژۆیەکی (پرۆسەیەکی) شوێنکاتیی ھەندەکی.
بەم چەشنە لە دیدی شتراوس، لە سەردەمی نوێشدا دوو ئاراستە ھەڕەشە لە فەلسەفەی سیاسی دەکات: یەکەم؛ ئەزموونگەرایی positivism و دووەم؛ مێژووگەرایی historicism و، ئەمەش لای ئەو بریتییە لە قەیرانی سەردەم. ئاراستەی یەکەم پێی وایە میتۆدی زانستە سروشتییەکان دەتوانێت مەعریفەی ڕاستەقینە بەدی بێنێت و دژی فەلسەفەی سیاسییە بۆ پێناسەکردنی ماھییەتی سیستەمی ئایدیالی سیاسی و، ئەمەش بووە بە ھۆی گۆڕینی فەلسەفەی سیاسی بۆ زانستە سیاسییەکان، واتە ئیشکردن لەسەر ئەوەی لە واقیع ھەیە، نەک ئەوەی دەبێت ھەبێت. زانستی کۆمەڵایەتی پۆزەتیڤیستی "بەری لە بەھا" و " لەڕووی ئەخلاقییەوە بێلایەن"ە، واتە لە دژایەتیی نێوان چاک و خراپ، بەبێ وەبەرچاوگرتنی ئەوەی چۆن دەرک دەکرێن بێلایەنن (٢٧). ھەربۆیە، لە دیدی ئەزموونگەراییەوە، مرۆڤ ناتوانێت بگات بە چاکەی ڕەھا و سیستەمێکی ئایدیالی ، بەڵکوو لەناو مێژوودا سنووردارە و زەمەن حوکمی بەسەردا دەدات، ھەربۆیە چاکە و ھەموو شتەکانی تر ھەندەکین، نەک فۆڕمێکی ھەمەکی. ئاراستەی دووم، کە خۆی لە ھزری ھیگڵ و نیچە و ھایدگەردا دەبینێتەوە و خۆی لە "مێژووگەرایی تیۆری" و "مێژووگەرایی ڕامانی"دا دەردەخات، واتە ھەموو بیرکردنەوەی مرۆڤ مێژووییە historical یاخود ئەوەی کە بناغەی بیرکردنەوەی مرۆڤ لەلایەن چەندین ئەزموونی دیارەوە دادەڕێژرێت (٢٨). لە ڕوانگەی شتراوس، ئەم ڕێبازە لەگەڵ مۆدێرنە سەرھەڵدەدات و پێی وایە زانست ئەرکەکەی بریتییە لە ڕامان لە جووڵەی مێژوویی بەو پێیەی لە جەوھەری خۆیدا پەرەسەندنی عەقڵە، ئەمەش فەلسەفەی مێژوو دەکاتە جێگرەوەی (بەدیلی) فەلسەفەی سیاسی (٢٩).
کەواتە، ھێڵی جیاکەرەوەی مۆدیرنە و کلاسیک، گۆڕانی ڕادیکاڵە لە ئامانجەکان و لە دیاریکردنی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئایدیاڵی و بەھایی، بەرەو مەعریفەیەکی زانستی سنووردار (٣٠). شتراوس پێی وایە زانستی سیاسیی نوێ سەبارەت بە پرسیاری باشترین جۆری حکوومەت یان باشترین سیستەمی سیاسی خەمساردە و خەریکی ئەو پرسیارانەیە کە زیاتر وەسفێکی پۆزەتیڤیستین. بەڵام فەلسەفەی سیاسیی کلاسیک خەریکی تێگەیشتنی پەتی و بەکارھێنانی عەقڵە لە سروشتی بواری سیاسی، واتە فەلسەفەی سیاسیی مۆدێڕن بەدوای مەعریفەیەکدا دەگەڕێت دەسەڵات بە مرۆڤ ببەخشێت بۆ داگیرکردنی جیھان و سروشت و بەرەوپێش بردنی ھۆگری و بەرژەوەندییەکان. بەم جۆرە، فەلسەفەی سیاسی جیاوازە لە "زانستی سیاسەت"، وەک زاراوەیەکی ناڕوون: واتە ئەو جۆرە توێژینەوەیەی سەبارەت بە بواری سیاسی کە بەپێی مۆدێلی زانستە سروشتییەکان ڕێنمایی دەکرێت، کە یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی بریتییە لە خەسڵەتی داتاشراوی derivative character (٣١)؛ خۆی ڕەسەن و خاوەن بونیادی جێگیر نییە، چونکە مەعریفە سەبارەت بە بواری سیاسی لەسەر بنەمای گریمانەی دۆزینەوەی ماھییەت و چەمکە گشتییەکان لە ھەمەکییەتی خۆیاندا دامەزراون، دەرکردنی فەلسەفەی سیاسی وەک ئیشێکی نازانستی، یەکێکە لە تایبەتمەندییە پۆزەتیڤیستییەکانی سەردەمی ئێمە، چونکە بەدوای مەعریفەی ڕەھا سەبارەت بە "بۆچی" ناگەڕێت، بەڵکوو بەدوای زانستی ڕێژەیی سەبارەت بە "چۆن" دەگەڕێت (٣٢).
بەم جۆرە، فەلسەفە وەک گەڕانێک لە بۆچوون و باوەڕەوە بەرەو مەعریفە، حەتمەن وەک خاڵی پێویست سەرەتا جووڵەی خۆی سەیری پانتایی بۆچوون و ڕەخنە لە بیروباوەڕەوە دەست پێدەکات دەکات، بەڵام ئەمە پەیژەی یەکەمە نەک وەڵامی کۆتایی. لە دیدی شتراوس، بەڕێکەوت نییە کە زانستی سیاسی ئەمڕۆ شکستی ھێناوە لەوەی لە جەوھەری ستەمکاری تێبگات، چونکە زانستی سیاسی لەسەردەمی ئێمەدا بەو ڕادەیە ڕێگەپێدراوە کە خۆ لە حوکمە بەھاییەکان value judgment بەدوور بگرێت لە زانستدا؛ کەواتە، لەخۆڕا نییە لەسەردەمێکدا دەژین کە زانست و یاسا و بوارەکانی تر بۆ نموونە، ناتوانن بەئاشکرا بڵێن تیرۆر چییە، ستەم چییە، و بەردەوام لە چوارچێوەی پێناسە جۆراوجۆر و گەمەی زمانیدا دەسوڕێینەوە. ناونانی ڕژێمیک بە ستەمکار خۆی لە خۆیدا بەیانکردنی حوکمێکی بەھاییە (٣٣). کەواتە، شتراوس فەلسەفەی سیاسی وەک فەلسەفەی بەھا و ئایدیاڵە بەرزەکان دەبینێت کە بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە ھەمەکییەتی خۆیدا گرنگە و، ئەمەش خواستی ئەو بۆ حەقیقەتخوازیی ڕەھا بەھێز دەکات، دژی مۆدێلی زاڵی لیبراڵی کە خۆی لە فرەبۆچوونیدا دەردەخات.
شتراوس وەک قوتابی کارل شمیت Carl Schmitt ئەو پرسیارە سەرەکییە لە مامۆستاکەی (**) دەکات کە پێی وابوو سیاسەت واتە ھێڵی جیاکەرەوەی نێوان دۆست و دوژمن؛ بە چ ئەندازەیەک ڕەوشی ھەنووکەیی ناچارمان دەکات ئەوە قبوڵ بکەین کە بواری سیاسی بنەمای دەوڵەتە؟ بواری سیاسی دژی کام دوژمن وەک بنەمای دەوڵەت دەردەکەوێت؟ (٣٤) ئەو پێی وایە شمیت بەئاشکرا لە خستنەڕووی پێناسەیەکی گشتگیر بۆ بواری سیاسی و ئەوەی کە چ شتێک بواری سیاسییە، خۆی دەبوێرێت و ھەر لەسەرەتاوە بە گریمانەکردنی چەمکی بواری سیاسی، پێداویستییەکان و ئیلزامات و دەرەنجامەکانی دەخاتە ڕوو (٣٦). ئەمەش بە مانای ئەوەیە کە لە پێشەکی و بنەماکانەوە دەست پێناکات، بەڵکوو یەکسەر ئەو دەرەنجامانە وەک بەڵگەنەویست قبووڵ دەکات، کە خۆی دایڕشتوون. ئەگەرچی پێوەرەکەی شمیت بۆ بواری سیاسی بە گرنگ دەزانێت، بەڵام ئەو کێشەکە لە پەیوەندیی سیاسەت بە واقع و دەسەڵاتدا نابینێت، بەڵکوو لە مەعریفە و زانستی نوێ و ئەزموونگەراییدا دەبینێتەوە کە لەدوای سەدەی شازدە بوو بە زانستی باڵادەست و کێشەی لەگەڵ چەمکی حەقیقەتی ھەمەکی ھەیە. ھاوکات ھاوڕایە لەگەڵ شمیت کە سەردەمی ئێمە سەردەمی بێلایەنی و لەسیاسەت خستنە کە نەک ھەر پەیوەستە بە گەشەسەندنی مۆدێرنە، بەڵکوو ئامانجە سەرەکی و بنەڕەتییەکەشی پێکدێنێت، کە ئەمەش لە ھەناوی خۆیدا پەیوەندیی بە بزوتنەوەی لیبرالیزمەوە ھەیە، کە بواری سیاسی نەفی دەکات و لەبنەڕەتدا لە پەیوەندیی نێوان سیاسەت و کۆمەڵگەی مەدەنیدا ئەولەوییەت بەوەی دووەمیان دەدات، بەڵام ئەو پێی وایە ئەمە بەتەواوی بواری سیاسی لە جیھان دەرناکات، بەڵکوو حەشاری دەدات. ئەوە جگە لەوەی یەکێک لە بونیادە ڕامانەییەکانی (تیۆرییەکانی) لیبرالیزم جەختکردنە لەسەر ڕەوشی سروشتی کە بەردەوام ئەگەری جەنگ تێیدا ئامادەیە، ھەربۆیە «بواری سیاسی نەک ھەر مومکین، بەڵکوو بەردەوام واقعییە، نەک ھەر واقعی، بەڵکوو زەڕووریشە و لەبەر ئەوەی زەڕوورییە لە سروشتی مرۆڤدایە» (٣٧). مادام جەنگ وەک ئەگەرێک بەردەوام ھەیە و مادام جەنگ دەرکەوتی ماددیی دوژمنە و، دوژمنیش جەوھەری بواری سیاسییە، کەوتە بەتەواوی لەسیاسەت خستن ڕوو نادات.
دواجار چەمکی سیاسەت لە ڕەوتی مێژوویی خۆیدا ھەم لەڕووی زاراوە و ھەم لەڕووی واقعییەوە، لەنێوان دامەزراندنی واقعێکی دیاریکراو، (بۆ نموونە، پۆلیس) polis و دامەزراندنی سیاسەت وەک فەرمانڕەوایی (بۆ نموونە پۆلیتیا) گوزارشتە لە کێشەی نێوان دابەشکردنی دەسەڵات و پێناسەکردنی سنوورەکانی لەلایەک و جۆر و فۆڕمی ڕازیبوون و شەرعییەتی ئەم دابەشکارییە و ڕاڤەکردنی، واتە ڕامکردنی سوبێکت لە چوارچێوەی بڕیارەکاندا لەلایەکی تر. کەواتە، سیاسەت چ وەک پیشە ھەم بە مانای پەیامی دەروونی وھەم بە مانای لەپێناو سیاسەت ژیان، یان سیاسەت وەک پۆلێنکردنی دوژمن بە بڕیاری خاوەن سەروەری یان وەک دامەزرێنەری سیستەمێکی ئایدیالی کە لەسەر بەھا بەرزە ئەخلاقی و ھەمەکییەکان دادەمەزرێت، لە کۆنتێکستی ڕۆژئاوادا گوزارشتە لە ھەوڵدان بۆ سەربەخۆکردنی ئەم بوارە ھەستیارە و ئەگەرەکانی نەمان و لەناوچوونی سیاسەت کە بە لەسیاسەت خستن ناوزەد دەکرێت، ئەم بیرمەندانە بە نەمانی ململانێ و جەنگ و نێھێلیزم لێکیان داوەتەوە.
پەراوێز و ژێدەرەکان
* لیۆ شتراوس Leo Strauss یەکێکە لە دیارترین فەیلەسوفەکانی سەدەی بیستەم لە ١٨٩٩ لە ئەڵمانیا لەدایک بووە. لە زانکۆکانی ماربۆرگ و ھامبۆرگ خوێندوویەتی و ھەر لەوێ لەگەڵ ھوسرڵ و ھایدگەر ئاشنا بووە. ساڵی ١٩٢١ لە ھامبۆرگ بڕوانامەی دکتۆرای فەلسەفەی وەرگرتووە. لەنێوان ساڵی ١٩٢٥ تا ١٩٣٢ پۆستی ئەکادیمی ھەبووە لە توێژینەوەی یەھودی لە بەرلین. لە ١٩٣٢ ئەڵمانیا بەجێ دەھێلێت و دەچێت بۆ فەرەنسا و ئینگلتەرا؛ دواتر لە ١٩٣٨ دەچێتە ئەمریکا. لە نیۆیۆرک پەیوەندی بە فاکەڵتی قوتابخانەی نوێی توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان دەکات. ساڵی ١٩٤٩ دەبێت بە پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی شیکاگۆ.
کتێبە گرنگەکانی بریتین لە: چەوساندنەوە و ھونەری نووسین ١٩٥٢، فەلسەفەی سیاسی چییە؟ ١٩٥٩، مێژووی فەلسەفەی سیاسی، دوو بەرگ (ئیدیتۆر)، شار و مرۆڤ ١٩٦٤، مافی سروشتی و مێژوو ١٩٥٣، سەبارەت بە ستەمکاری ، ھزری میکاڤیللی ١٩٥٨، فەلسەفەی سیاسیی ھۆبز. ساڵی ١٩٧٣ لە ئەمریکا کۆچی دوایی کردووە.
١. Strauss, Leo, The City and the Man, Midway، Reprint, ١٩٩٣, pp. ٧-٩.
٢. شتراوس، لیو و کروبسی، جوزیف، تاریخ الفلسفە السیاسیە، ت: امام عبد الفتاح امام، الجزء الاول، المرکز العربیە للترجمە، القاھرە، ٢٠١٦، ل ١٩.
٣. بشیریە، حسین، تاریخ اندیشەھای سیاسی در قرن بیستم: جلد دوم لیبرالیسم و محافظەکاری، نشر نی، تھران، ١٣٨٢، ل ٢٥٣.
٤. . Strauss, Leo and Cropsey, Joseph, History of Political Philosophy, third edition, University of Chicago Press, Chicago and London, ١٩٨٧, p. xiii.
٥. اشتراوس، لئو، فلسفە سیاسی چیست، ت: فرھنگ رجایی، شرکت انتشارات علمی فرھنگی، چ ٢، تھران، ١٣٨١، ل ٤.
٦. میلر، ف یوجین، لیو شتراوس وصحوە الفلسفە السیاسیە، بەشێک لە کتێبی: دی کرسبنی، انگونی ومینوج، کینیپ، اعلام الفلسفە المعاێرە، ت: نیار عبد اللە، المجلس الاعلی للشباب والریاچە، القاھرە، ١٩٩٦، ل٦١-٦٤.
٧. بنرتی، سپ، چیافت افلاگون بە نزد اشتراوس، ت: ایرج آژرفزا، شرکت علمی و فرھنگی، تھران، ١٣٩٥، ل ١٤.
٨. نرسیسیان، ف. س، الفکر السیاسی فی الیونان القدیمە، ت: حنا عبود، الاھالی للگباعە للنشر، دمشق، ١٩٩٩، ل ١١٤-١٢٣.
٩. اشتراوس لئو، فلسفەی سیاسی چیست؟، ت: فرھنگ رجائی، شرکت انتشارات علمی و فرھنگی، چ ٢ ، تھران، ١٣٨١، ل ٣-٥.
١٠. خرمشاد، محمد باقر و نوذری، محمد اسماعیل، واکاوی تحول مفھومی فلسفەی سیاسی بر اساس دو مولفەی حقیقت و قدرت در اندیشە اشتراوس، آرنت و فوکو، دو فصلنامە علمی-پژوھشی "پژوھش سیاست نظری"، شمارە بیست و چھارم، پاییز و زمستان ١٣٩٧، ل ٢٦٠.
١١. اشتراوس، حقوق طبیعی و تاریخ، سەرچاوەی پێشوو، ل ١٤٣.
١٢. اشتراوس، فلسفەی سیاسی چیست، سەرچاوەی پێشوو، ل ٢-٤.
١٣. شتراوس و کروبسی، سەرچاوەی پێشوو، ل ٦١٨.
١٤. عبد العڤیم، احمد فاروق، نقد الحداپە عند لیو شتراوس: دراسە تحلیلە-نقدیە لمشکلە العلاقە بین الفلسفە والسیاسە،
١٥. رسالە دکتوراە غیر منشورە، جامعە عین شمس، کلیە الاداب، قسم الدراسات الفلسفیە، القاھرە، ٢٠١٧، ێ گ.
١٦. عماد، حنین، الفکر السیاسی عند لیو شتراوس، الرافدین، بیروت، ٢٠١٧، ل٨٤.
١٧. میلر ، سەرچاوەی پێشوو، ل٧٢.
١٨. میر احمد، منور و مرادی طادی، محمد رضا. روش شناسی فھم اندیشە سیاسی: اشتراوس و اسکینر (مقایسەای انتقادی) رھیافت ھای سیاسی و بین المللی، سال نھم، شمارە ٤٦، تابستان ١٣٩٥، ل ١٣٢.
١٩. Strauss, Leo, Persecution and the Art of Writing, University of Chicago Press, Chicago,١٩٥٢, p. ١٨.
٢٠. شتراوس و کروسبی، سەرچاوەی پێشوو، ل ٦٢٥.
٢١. Strauss, Leo, Thoughts on Machiavelli, Chicago: University of Chicago Press, ١٩٥٨, p. ٣١.
٢٢. شعیبی، عماد فوزی، لیو شتراوس و تڕسیس الفلسفە الباطنیە، مجلە جامعە دمشق، المجلد ٣٠، العدد ١و٢، ٢٠١٤، ل ٤٨٧.
٢٣. خرمشاد، محمد باقر و نوذری، سەرچاوەی پێشوو، ل ٢٦١.
٢٤. شتراوس، لیۆ، دەربارەی ستەمکاری، و: فاروق ڕەفیق، ناوەندی غەزەلنووس، سلێمانی، ٢٠١٥، ل ٨٤.
٢٥. ھەمان سەرچاوە، ل ٨٥.
٢٦. Leo Strauss, "The Three Waves of Modernity", in: Ed. By Hilali Gildan An Introduction to Political Philosophy: Ten Essays by Leo Strauss, Wayne State University Press, Detroit, ١٩٨٩, pp. ٨١-٩٨.
٢٧. شتراوس، تاریخ الفلسفە السیاسیە، سەرچاوەی پێشوو، ل ٦٢٧-٦٣٠.
٢٨. اشتراوس، فلسفەی سیاسی چیست، سەرچاوەی پێشوو، ل ١٤.
٢٩. شتراوس، ستەمکاری، سەرچاوەی پێشوو، ل ٨٩.
٣٠. میلر، سەرچاوەی پێشوو، ل ٧٤-٧٥.
٣١. عپمان، گارق، نزعە سلفیە: الحداپە من منڤور لیو شتراوس، دوریە نماء، فصلیە محکمە ومخصصە فی علوم الوحی والدراسات الانسانیە، العدد ١، خریف ٢٠١٦، ل ٤٧-٤٨.
٣٢. اشتراوس، فلسفە سیاسی چیست، ، ل ٢٩.
٣٣. ھەمان سەرچاوە، ل ٧- ١٣.
٣٤. شتراوس، ستەمکاری، سەرچاوەی پێشوو، ل ٨٦.
** ئەم وتارەی لیۆ شتراوس بە یەکێک لە گرنگترین شیکردنەوە و ڕەخنەکان لە ھزری شمیت دادەنرێت، تاکە وتارە کە شمیت لەگەڵ کتێبەکەی خۆی چاپی کردووە و پێشنیاری خوێندنەوەی بە قوتابییەکانی کردووە و دەڵێت: شتراوس قووڵایی ھزری منی بینیوە و بە جۆرێک منی خستۆتە ژێر تیشکی ئێکس کە ھیچ کەسی تر پێشتر ئەمەی نەکردووە. امر سیاسی، ل ٨-٩.
٣٥. شتراوس، لئو، یادداشتھایی در باب کارل اشمیت، پاشکۆی کتێبی: اشمیت، کارل (١٣٩٣)، مفھوم امر سیاسی، ت: یاشار جیرانی و رسول نمازی، نشر ققنوس، تھران، ل ١٢٠.
٣٦. شترواس، لئو، حقوق طبیعی و تاریخ، ت: باقر پرھام، چاپ ٣، نشر آگاە، تھران، ١٣٩٣، ل ١٣٦.
٣٧. ھەمان سەرچاو، ل ١٢٤ و دواتر.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved