پێشڕەو محەمەد
(نووسەر و توێژەر)
دەروازە
ڕامانەی (تیۆریی) پۆستکۆلۆنیال لە سەردەمی دەرکەوتن و سەرهەڵدانییەوە لە دەیەی ١٩٧٠ بەدواوە بووە بە پایەیەکی سەرەکیی شیکاریی و گوتاری ئەکادیمی، بەتایبەت لە بوارەکانی زانستی مرۆیی و کۆمەڵایەتیدا. ڕەگوڕیشەکانی لە بزووتنەوە ئایدیۆلۆژی و فیکرییەکانی «لەکۆڵۆنی خستن» دایە و، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد دەیانەوێت کاریگەرییە قووڵەکانی باڵادەستیی کۆلۆنیالی لەسەر بەرهەمهێنانی زانین، پراکتیکە کولتوورییەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان هەڵبگرن. بیرمەندانی وەک ئێدوارد سەعید، گایاتری سپیڤاک و هۆمی کەی. بهابها لە دامەزرێنەرە سەرەکییەکانی ڕامانەکەن (تیۆرییەکەن)، کە تێیدا پەرە بە چەمکەکانی «ڕۆژهەڵاتناسی» (Orientalism)، «ژێردەستەیەتی» (Subalternity)، و «هەمەچەشنی» دەدەن تا پەیوەندیی و هاوسەنگیی دەسەڵات لەنێوان ئەوەی پێی دەگوترێت «باکووری جیهان» (خۆرئاوا) و «باشووری جیهان» (خۆرهەڵات و ئاسیا) شی بکەنەوە. تیۆرییەکە لە ساتی سەرهەڵدانیدا بانگەشەی ئەوەی دەکرد بۆ ئەوە داڕێژراوە تا بتوانێت کاریگەرییەکانی باڵادەستیی کۆلۆنیالی و پاشماوەکانی لەکۆلۆنی دابماڵێت، و دەیویست پیشانی بدات چۆن گوتار و پراکتیکی کۆلۆنیالی هێشتا بەردەوامن لە بڕیاردان لە چارەنووسی ناسنامە، کولتوور و واقیعە سیاسییەکانی ئەو وڵاتانەی پێشتر کۆلۆنیزە کرابوون. ڕامانەکە (تیۆرییەکە) هەروەها بانگەشەی ئەوەی دەکرد دەیەوێت هەژموونی خۆرئاوا بخاتە ژێر پرسیارەوە و دەنگی گرووپە پەراوێزخراوەکان بەهێزتر بکات کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی چەوساندنەوەی کۆلۆنیالیدا ناڵاندوویانە.
بەڵام لەگەڵ تێپەڕینی ساڵاندا، ئەم ڕامانەیە کاتێک کەوتە هەڵوەستەکردن لەسەر بەستێن و سیاقی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زیاتر ڕەهەندە گرفتسازەکانی خۆی دەرخست، بەتایبەتتریش بە پلەی یەک ڕووخساری دژە-جوویی و پاشان دژە-کوردی پیشان دا. لە حاڵەتی جووەکاندا زۆر ڕاشکاوتر و لە حاڵەتی کورددا ناڕاستەوخۆتر، کە ئەرکی ئەم نووسینە لەکۆد خستن و پیشاندانی ڕەهەندە شاراوە دژە-کوردییەکانی تیۆرییەکەیە. ئەگەرچی بیرمەندە پێشەنگەکانی تیۆرییەکە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد تیۆرییەکەیان لەپێناوی ڕزگاری دایە، بەڵام لە پراکتیکدا هەمیشە بەشداریی لەو مەیدانەدا کرد، تێیدا پێشبڕیار و ستریۆتایپەکان بەهێزتر بکات و ڕەوایەتی بە فۆڕمە تازەکانی جیاکاریی (Discrimination) بدات. بەتایبەت ئامێزانبوون و بەناویەکدا چوونی ئەنتیسێمیتیزم (دژە-جووایەتی) و ئەنتیکوردیزم (دژە-کوردایەتی) لە گوتاری پۆستکۆلۆنیالدا بەو ئاراستەیەدا ڕۆیشتووە کە وا دەردەکەوێت ڕامانەکە (تیۆرییەکە) نەک هیچی بۆ کورد و بۆ جوو پێ نییە و، دەبێتە بەربەست لەبەردەمیان پەرە بە تیۆرییەیەکی نوێی ڕزگارییخوازیی بدەن، بەڵکوو هەروەها لەوەش تێدەپەڕێت و وێنەی دوژمنیان پێ دەبەخشێت. لەم نووسینەدا، هەوڵ دەدەم بەفراوانی و بەوردەکارییەوە پیشانی بدەم چۆن ڕامانەی پۆستکۆلۆنیال ئەنتیسێمیتیزم و ئەنتیکوردیزم بەناویەکدا دەبات، هەروەها هەڵوەستە لەسەر ئەوە دەکەم ئیسلامیزم چ ڕۆڵێک دەگێڕێت و چۆن چەپی خۆرئاوایی و ڕۆشنبیرانی پۆستکۆلۆنیال لە گوتار و کرداریاندا هەمیشە وەک نەیارانی کورد و جووەکان دەردەکەون. لێرەوەشەوە ئەم پرسیارە بنچینەییە دەخەینە ڕوو، ئایا تیۆریی (ڕامانەی) پۆستکۆلۆنیال ئامرازێکی ڕزگارییە یاخود ئامرازێکی ئایدیۆلۆژیی چەوساندنەوەیە بۆ کورد و جووەکان.
گەشەسەندنی تیۆریی پۆستکۆلۆنیال، وەک باس کرا، لەژێر کاریگەریی بەهێزی ڕەهەندی مێژوویی لەکۆلۆنی خستن لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستدا دروست بوو. دوای جەنگی دووەمی جیهانی، بزووتنەوە ڕزگارییخوازییە نەتەوەییەکان لە ئەفریقا، ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەو ئاراستەدا ڕۆیشتن داوای هەڵگرتنی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی سیاسیی کۆلۆنیستەکان لەسەر وڵاتەکانیان بکەن. بەڵام سەربەخۆیی فەرمی بە مانای کۆتاییهاتنی پێکهاتە کۆلۆنییەکان نەدەهات. تیۆریی پۆستکۆلۆنیال دەیگوت پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە فۆڕمی بەرهەمهێنانی زانین، نواندنەوەی کولتووری و چەوساندنەوەی ئابووریدا بەردەوامی بەخۆیان دەدەن، کە لەڕێگەی چەمکەکانی «کۆلۆنیالیزمی نوێ» (Neocolonialism) یاخود «کۆلۆنیالیتی» (Coloniality) باسیان لەم دۆخە دەکرد. ئەم چەمکانە بەتایبەت لەم ڕووەوە کاریگەرییان هەبوو کە هەوڵیان دەدا نایەکسانییە جیهانییەکان شی بکەنەوە، بەو جۆرەی بەتایبەت لە کارەکانی ئانیبال کویخانۆ-دا هەن، کە «کۆلینیالیتیی دەسەڵات» (Coloniality of Power) وەک پێکهاتەیەک پێناسە دەکات کە تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی فەرمی و ڕاستەوخۆی کۆلۆنیالی، بەردەوام هەڕەمە جیهانییەکانی بەرهەم هێناوەتەوە.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕامانەی پۆستکۆلۆنیال زۆر بەتایبەتتر زەمینەیەکی بەپیتتری دۆزیوەتەوە، چونکە ناوچەکە لەڕێگەی دابەشکردنی کۆلۆنیالییەوە دوای جەنگی یەکەمی جیهان – وەک ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ لە ١٩١٦ – بەقووڵی بەر ئەم دیاردەیە کەوتووە. بەڵام ئەم دابەشکردنانە زێدەتر کارەساتیان بۆ ئەو گەل و نەتەوە و گرووپە ئایینییانە هێنا، کورد وەک نموونەیەکی هەرە بەرچاو، کە تیۆریی پۆستکۆلۆنیال تەواو فەرامۆشی کردوون و زۆربەی جاریش هەوڵی کوردی بۆ مافی چارەی خۆنووسین لە ڕەوایەتیی خستووە، بەوەدا، وەک دواتر دەبینین، هەمیشە جووڵەی کوردی وەک پاڵنەری ئیمپریالیی خوێندووەتەوە. هەروەها بەکارهێنانی تیۆرییەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەگشتی بووەتە هۆی سادەکردنەوەی واقیع و هەلومەرجە ئاڵۆزە مێژوویی، سیاسیی، کولتووریی و ئابوورییەکان. ئەم ڕامانەیە (تیۆرییە)، وەک گوتمان، لە ساتی سەرهەڵدانیدا بانگەشەی هێنانی ڕامانەیەکی ڕزگارییخوازیی بۆ ژێردەستەکان دەکرد، بەڵام لەجیاتی ئەوەی ئەزموونی کەمینەکان و بەتایبەتتر ئەزموونی بێدەوڵەتی، تراژیدی و جینۆسایدی کورد و پاشان تراژیدیا و جینۆسایدی هۆلۆکۆست وەک نموونەی تاوان و تراژیدیای مرۆیی شی بکاتەوە، لە زۆربەی هەوڵ و حاڵەتەکاندا ئەو حیکایەتەی بەهێزتر کردووە، کە ئەم گرووپە نەتەوەییانە هەڕەشەن لەسەر یەکێتییەکی ئایدیالیزەکراوی هەرێم و ناوچەکە. ئەمەش بەتایبەت خۆی لە دێواندنی ئیسرائیل وەک «دەوڵەتی کۆلۆنیال، ئاپارتاید، ڕاسیست» و بزووتنەوەی سەربەخۆیی کوردستان وەک «ئیسرائیلی دووەم» و «پڕۆژەی ئیمپریالیستی»دا دەبینێتەوە، ئەم حیکایەتە پۆستکۆلۆنیالییانەش بەردەوام هەڵگری ڕەهەندی قووڵی دژە-جوویی و دژە-کوردی بوون و خزمەتیشیان بە پڕۆژە ڕادیکاڵەکان کردووە، کە پەلاماری ئەم دوو نەتەوەیەیان داوە: واتە، حەماس و داعش.
هەروەها تیۆریی پۆستکۆلۆنیال ژینگەی ئەکادیمیی خۆرئاوای بەشێوەیەکی بنچینەیی و ماوەدرێژ گۆڕیوە، بەتایبەت لە زانکۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئوسترالیا، کەنەدا و ئەوروپا، و هەروەها بووەتە ئامرازێکی ستانداردی ناو زانست و لێکۆڵینەوە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان. جگە لەوە، بەگەڕخستنی تیۆرییەکە بەگشتی بە ئاراستەی بەجەمسەرکردندا ڕۆیشتووە، کە تێیدا ململانێ ئاڵۆزە مێژووییەکانی بۆ دوو کاتیگۆریی خێرای وەک کۆلۆنیزەکەر و کۆلۆنیزەکراو کورت کردووەتەوە. ئەم کورتکردنەوەیەش بەو ئاراستەیەدا ڕۆیشتووە، کە بەستێنە دیاریکراوتر و تایبەتترەکانی کورد و جوو بخرێنە پشتی پەردەی شانۆکەوە و بدێوێنرێن، لەکاتێکدا حیکایەتی «بەرەنگاریی» (Resistance) دژی خۆرئاوا چەقی سەکۆ و شانۆی سیاسیی داگیربکات. ئەم داینامیکەش نەک تەنها مشتومڕ و گفتوگۆ ئەکادیمییەکانی تەنیوەتەوە و کاری تێکردوون، بەڵکوو هەروەها بۆچوون و باوەڕی باو و گشتیشی گۆڕیوە، بەتایبەت لەو بازنانەی سەر بە چەپن یان خۆیان بە بازنە پێشکەوتووخوازییەکان پێناسە دەکەن، کە تێیاندا ڕامانەی پۆستکۆلۆنیال وەک ڕەوایەتی و پێوەرێکی ئەخلاقی کار دەکات، تا بتوانن لەڕێگەیەوە هەڵوەستە لەسەر نایەکسانی و نادادپەروەرییە جیهانییەکان بکەن.
بەکاربردنی مشتومڕساز و گرفتسازانەی تیۆرییەکە هەروەها خۆی لەو ئاراستەیەشدا دەردەخات کە فۆڕمە هەرێمییەکانی چەوساندنەوە و سەرکوت فەرامۆش بکرێن، چونکە هەم بە کۆلۆنیالیستیی دانانرێن، هەمیش ناخرێنە پاڵ کۆلۆنیالیزمی خۆرئاواییەوە. بۆ نموونە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، چەوساندنەوە، داگیرکردن، جینۆساید، لەشوێنهەڵکەندن، تواندنەوەی زۆرەملێ و کۆچپێکردنی زۆرەملێیی کورد لەلایەن دەوڵەتانی وەک تورکیا، سوریا، عێڕاق و ئێرانەوە یاخود ڕاوەدوونانی دژە-جووییانەی جووەکان لەلایەن عەرەبەکان، موسڵمانان، تورکان و ئێرانیانەوە بەهیچ شێوەیەک لە تیۆریی پۆستکۆلۆنیالییدا قسەیان لەسەر ناکرێت. بەڵکوو لەجیاتییان تەنها و بەگشتی تەرکیز دەخرێتە سەر هەژموونی خۆرئاوایی و، ئەمەش ئەو دەرەنجامەی لێ دەکەوێتەوە کە فۆڕمەکانی دیکەی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و جیاکاریی بەتەواوی بخرێنە دەرەوەی چوارچێوەی تیۆریی سیاسییەوە. ئەم ڕوانگە هەڵبژاردەییە پیشانی دەدات کە تیۆریی (ڕامانەی) پۆستکۆلۆنیالیی لەبنەڕەتدا بریتییە لە دەزگایەکی ئایدیۆلۆژی، کە تێیدا لەبنەڕەتەوە هەم دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پێشبڕیاری دژە-مرۆیی، هەمیش ڕەوایەتی بە فۆڕمە تازەکانی سەرکوت و جیاکاریی دەدات.
بەناویەکداچوونی ئەنتیسێمیتیزم و ئەنتیکوردییزم
یەک: ئەنتیسێمیتیزم لە ڕامانەی (تیۆریی) پۆستکۆلۆنیالدا
دەکرێت ئێدوارد سەعید و کتێبەکەی «خۆرهەڵاتناسی» (١٩٧٨) بە دامەزرێنەر و پێشەنگی تیۆریی پۆستکۆلۆنیال بزانین. سەعید دەڵێت، خۆرئاواییەکان «خۆرهەڵات» وەک دواکەوتوو، وەستاو و سەرەتایی دادەمەزرێنێت، تا ڕەوایەتی بە باڵایەتیی کولتووری و سیاسیی خۆی بدات. سەعید خۆرهەڵاتناسی وەک پراکتیکێکی گوتارسازی دەبینێت، کە خۆرئاوا نەک تەنها بەهەڵە لە خۆرهەڵات تێدەگات، بەڵکوو هەروەها بەشێوەیەکی چالاکانە خۆرهەڵات وەک «ئەوی دیکە» دروست دەکات، تا بتوانێت باڵادەستیی کۆلۆنیالییانەی خۆی لەسەر خۆرهەڵات بسەپێنێت. سەعید دەڵێت، خۆرهەڵات لای خۆرئاوا وەک «ناسنامەیەکی سێبەر» (Shadow Identity) دەجووڵێتەوە و، لەم ڕێیەوە باڵایەتیی کولتووریی خۆرئاوا پێناسە دەکرێت. خۆرئاوا بە دانانی خۆرهەڵات وەک دواکەوتوو و هەستەوەر، خۆی وەک پێشکەوتوو و عەقڵانی دادەمەزرێنێت. سەعید هەروەها بەردەوام باس لەوە دەکات خۆرئاوا لە بینینی خۆرهەڵاتدا بە پرۆسەی «بەجەوهەریکردن» (Essenstialisation)دا دەڕوات. بەڵام دژبەری و پارادۆکسەکە لێرەدا دەست پێدەکات، کە ئەگەر خۆرئاوا خۆرهەڵات وەک یەکەیەکی یەکگرتوو و ناجیاواز ببینێت، لە بەرکارهێنانی چەمکی «خۆرئاوا»دا سەعید خۆشی خەریکی «بەجەوهەریکردن»ی خۆرئاوایە و هیچ جیاوازییەک لەنێو بەستێنی خۆرئاواییدا ناهێڵێتەوە. لەگەڵ ئەوەی تیۆرییەکانی خۆی بەگەڕانەوە بەتایبەت بۆ میشێل فوکۆ و پۆستمۆدێرنیزمی فەڕەنسی، یاخود ئەوەی پێی دەگوترێت « تیۆریی فەڕەنسی» دادەمەزرێنێت، لەم ڕێگەیەوە مۆدێرنیزم (تیۆریی خۆرئاوا) و پۆستمۆدێرنیزم (تیۆریی دژە-خۆرئاوا، بەڵام بەرهەمی خۆرئاوا) وەک یەک دەبینێت.
سەعید دەڵێت هەم جووەکان، هەمیش موسڵمانان/عەرەبەکان لەلایەن خۆرئاوای سپی پێستی مەسیحییەوە وەک «ئەوی دیکەی سامی» (Semitic other) دروست دەکرێت. لەم ڕێگەیەوە سەعید بەو ئەنجامە دەگات هەم ئەنتیسێمیتیزم، هەمیش ئەنتی-ئیسلامیزم (جووەکان و عەرەبەکان وەک دوو گرووپی سامی) وەک دوو ڕووی یەک دراوی «خۆرهەڵاتناسی» دەردەکەون. سەعید پێی وایە دەبێت ئەنتیسێمیتیزم بەم شێوەیە بنووسرێت «ئەنتی-سێمیتیزم» بنووسرێت، واتا وەک فۆڕمێکی ڕاسیزم کە دژی «گرووپی سامی»یە وەک گشتێک و لەم ڕێگەیەوە دژایەتیکردنی جوو، هەمان دژایەتیکردنی موسڵمانان و عەرەبەکانیشە. لێرەوە سەعید بەو ئەنجامە دەگات هەم نازییەکان، هەمیش دەوڵەتی ئیسرائیل لەبنەڕەتەوە دژی جوو نەبوون، بەڵکوو دژی عەرەبەکانیش بوون. ئێستا ئیسرائیل تاقانە یەکەی سیاسیی دژە-سامیی (ئەنتی-سێمیتیزم)ە بەوەدا عەرەب/موسڵمانان دەچەوسێنێتەوە. بەڵام سەعید بە مەبەست یان بێ مەبەست لە بیری دەکات کە هەم دامەزرێنەرانی تیۆری و پراکتیکی ئەنتیسێمیتیزم لە ئەڵمانیای سەدەی نۆزدەدا، بۆ نموونە ڤیلهێلم مار وەک دروستکەری چەمکی «ئەنتیسێمیتیزم»، هەمیش نازییەکان جیاوازییان لەنێوان جووەکان و عەرەبەکاندا دەکرد و تەنانەت ڤیلهێلم مار بەڕاشکاوی دەڵێت چەمکی ئەنتیسێمیتیزم تەنها بۆ جووەکان بەکار دێت و لە ئەڵمانیای نازییشدا بەردەوام لەڕووی ڕووخسارناسییەوە باسی ئەوە دەکرا کە عەرەبەکان لەڕووی ڕووخسارەوە لە ئەوروپییەکان نزیکترن نەک لە جووەکان.
ئەم ڕوانگەیە بە فراوانتر لە ئەمڕۆی ڕامانەی (تیۆریی) پۆستکۆلۆنیالدا زۆر ڕوونتر دەردەکەوێت و ئێمە دەتوانین لەم خاڵانەدا بەشداریی ئێدوارد سەعید لە ڕادیکاڵیزەکردنی ڕامانەی ئەنتیسێمیتیزمدا وەک دژە-جوو پوخت بکەینەوە:
١. ناڕوونکردنی چەمکی ئەنتیسێمیتیزم: ئەنتیسێمیتیزم بەردەوام وەک فۆڕمێکی ڕاسیزم یاخود خۆرهەڵاتناسی ڕاڤە دەکرێت، لێرەوە تایبەتمەندییەکانی دژە-جووایەتیی (ئەنتیسێمیتیزم) بزر دەبێت. بەپێچەوانەی ستریۆتایپ و پێشبڕیارە ڕاسیستییەکان دەربارەی عەرەبەکان، کە وەک «پێش-مۆدێرن»، یاخود «لەڕووی کولتوورییەوە دواکەوتوو» دەبینرێن، جووەکان لە ئەنتیسێمیتیزمی مۆدێرندا وەک «سەروو-مۆدێرن» (hypermodern) دەردەکەون، دەبنە گرووپێکی پیلانگێڕیی جیهانیی نەبینراو و نادیار، کە لە پشتی سەرمایە و یاسا\مافەوە دەوەستن. لێرەوە ئەم بینینەی جوو و بەدێوکردنی وەک «زیادە-سپی پێست» (Hyper-White) یاخود کۆنتڕۆڵکەرانی جیهانی لەبنەڕەتەوە جیایە لە فۆڕمەکانی دیکەی ڕاسیزم، بەڵام لە تیۆریی (ڕامانەی) پۆستکۆلۆنیالدا ئەم بەتایبەتکردنەی جوو لەلایەن دژە-جووە ئەوروپییەکانەوە، تەواو فەرامۆش دەکرێت.
٢. بەڕێژەییکردنی هۆلۆکۆست: هۆلۆکۆست بە گەڕانەوە بۆ ئەیمی سیزار و هانا ئارێنت وەک توندوتیژییەک پێناسە دەکرێت کە ڕیشەی لەنێو توندوتیژیی کۆلۆنیالیی سەدەی نۆزدەدا هەیە، کە لە «باکووری جیهان»ەوە بەرەو ئەوروپا گەڕێنراوەتەوە. یەکێک لە بیرمەند و مێژوونووسە بەناوبانگەکانی ئەمڕۆ، یورگن تسیمەرە، دەڵێت جینۆسایدی سەر گەلی هێرێرۆ و ناما لە باشوور و خۆرئاوای ئەفریقا (ئەمڕۆ نامبییا و تانزانیا) هەنگاوێک بووە بە ئاراستەی ئاوشڤیتزدا، بەڵام ئەم تێزە پۆستکۆلۆنیالییە لەبنەڕەتەوە تایبەتمەندیی جیا و تاقانەیی قڕکردنی جووەکان، هۆلۆکۆست، ناڕوون و بزر دەکات. کەمپەکانی کاری زۆرەملێی کۆلۆنییەکان ئامانجییان ڕێکخستن و چەوساندنەوەی هێزی کار بوو، نەک قڕکردنی سەرتاپاگیر (total extermination)، وەک ئەوەی لە هۆلۆکۆستدا دەیبینین. مێژوونووسانی دیاری وەک یۆناس کراینباوم و شتێفان مالینۆڤسکی جەخت لەوە دەکەنەوە، کە هیچ بەڵگەیەک نییە پیشانی بدات زانستێکی دامەزراوی ڕاستەوخۆ لەنێوان کەمپە کۆلۆنیالییەکان و کەمپی قڕکردنی جووەکان لە نازیزمدا هەبێت.
٣. دێواندنی ئیسرائیل: تیۆریی (ڕامانەی) پۆستکۆلۆنیال پاڵنەری دژە-سامی بە ئیسرائیلەوە هەڵدەواسێت و دەڵێت ئیسرائیل بەرجەستەبوونی تاوانی کۆلۆنیالیی خۆرئاواییە. نوێنەرانی دیاری ئەم بوارە جودیت بەتلەر و ڕامۆن گرۆسفۆگل، هەمان ڕوانگە کۆنە دژە-جووییەکانی ناو مەسیحایەتیی وەک «منداڵکوژان» دووبارە دەکەنەوە، ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی کۆلۆنیال دەبینن کە بوونی هەڕەشەیە لە مرۆڤایەتی. ئەم جۆرە حیکایەتانە تەنانەت زمانێکی ئاخیرزەمانی (ئەپۆکالیپسیی) بەکار دەهێنن و ئایدۆلۆژی و باوەڕە پیلانگێڕییە جیهانییە دژە-جووییەکانمان بیر دەهێنن، شتێک وەک خەیاڵی هیتلەر کە باسی لە «سەمای کوشتنی مرۆڤایەتی» (Totentanz der Menschheit) لەڕێگەی باڵادەستیی جیهانیی جووەکانەوە دەکرد: «ئەگەر جوو بە یارمەتیی بیروباوەڕی مارکسیستییانەوە بەسەر گەلانی ئەم جیهانەدا باڵادەست بێت، ئەوا تاجەکەی دەبێتە سەمای مەرگی مرۆڤایەتی». هیتلەر دەیان جار دەیگوت، قڕکردنی جووەکان لەپێناوی ڕزگارکردنی مرۆڤایەتییە، چونکە بوونی جوو هەڕەشەیە لەسەر مرۆڤایەتی. لێرەوە بە هەبوونی تەریب و پارالێل لەگەڵ گوتاری نازیدا، پۆستکۆلۆنیالەکان باس لە خواستی «لەکۆلۆنی خستن»ی ئیسرائیل دەکەن و بە «دووبارە-داگیرکردنەوە» (Re-Invasion) ناوی دەبەن لەلایەن خاکی ڕەسەنەکانەوە، کە خۆبەخۆ عەرەب و موسڵمان دەکاتە سەروەری خاکەکە و، ئەمەش ئەو کاتە دەردەکەوێت کە هێرشی تیرۆریستیی حەماس بۆسەر خەڵکی مەدەنیی ئیسرائیلی وەک پرۆسەی «لەکۆلۆنی خستن» لێکدەدرایەوە و ڕەوایەتیی پێدەدرا و پێدەدرێت.
٤. پشتگوێخستنی دژە-جووایەتیی ئیسلامی: شیکارییە پۆستکۆلۆنیالییەکان عەرەبەکان و موسڵمانان لە دەسەڵاتی هەبوون و پراکتیزەکردنی توندوتیژی بێبەری دەکەن و ئەوان وەک تەنها قوربانیانی تاوانی خۆرئاوایی پیشان دەدەن. سەرجەمی مێژووی ئیسلام و تاوانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی دەخەنە پشتی پەردەوە. ئایدۆلۆژییە دژە-جووەکان، وەک حەماس، بەسانایی وەک «ڕەوانبێژی و ڕیتۆریکی قوربانی» لە تاوان دادەماڵرێن. کۆمەڵێک ئەکادیمی و ڕۆشنبیر نامەیەک ئیمزا دەکەن و تێیدا توندوتیژیی حەماس وەک کاردانەوە بەرانبەر بە «وەدەرنان»، «داگیرکردن» و «بلۆککردن»ی ئیسرائیلیی دەبینن، بەبێ ئەوەی بە وشەیەک هەڵوەستە لەسەر سیاقی مێژوویی جەنگی عەرەب، هەم لەمێژووی کۆن، هەمیش لە مێژووی نوێدا بۆسەر جووەکان بکەن، یاخود بێ ئەوەی بە وشەیەک ناوی «ئایدۆلۆژیی دژە-جوویی» حەماس بهێنن. تا دەگات بەوەی جودیت بەتلەر هێرشی تیرۆریستیی حەماس و حزبوڵا وەک بەشێک لە «چەپی جیهانی» ببینێت کە ڕەواترین بزووتنەوەی ڕزگارییخوازی و دژە-کۆلۆنیالیین.
ئەگەر لە سەرەتادا ڕامانەی (تیۆریی) پۆستکۆلۆنیال ئامرازێکی ڕەوا بووبێت بۆ ڕەخنەگرتن لە هەژموونی خۆرئاوایی، هەرزوو بە ئاراستەیەکی تەواو کۆنەپارێزانە و دوژمنکارانەدا ڕۆیشت. لەڕێگەی سادەکردنەوەکانی بۆ دیاردەکان و دەبڵ ستانداردەکەیەوە، فۆڕمێکی نوێی «پرسی جوو» (Judenfrage)ی هێنایە پێشەوە، ئەو پرسەی لە نازیزمدا دەبوو بە قڕکردنی سەرتاپاگیری جووەکان چارە بکرێت و لە پۆستکۆلۆنیالیشدا دەبێت لەڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی ئیسرائیل و دروشمی «لە ڕووبارەوە بۆ دەریا فەڵەستین ئازاد دەبێت» چارە بکرێت. کێشەی گەورەی تیۆریی پۆستکۆلۆنیال تواندنەوە و سڕینەوەی ئەنتیسێمیتیزمە لە گوتاری باوی ڕاسیزمدا، کە دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە هۆلۆکۆست بکاتە دیاردەیەکی ڕێژەیی و یەکسانی بکات، بۆ نموونە، بە ڕاسیزمی دژە-موسڵمانان لە خۆرئاوا. ئەم ئایدیۆلۆژییە، وەک باس کرا، ئیسرائیل بەدێو دەکات و دژە-جووایەتیی ئیسلامی وەک شتێکی نەبوو لەقەڵەم دەدات و لێرەوە بەقووڵی ئایدۆلۆژیی ئەنتیسێمیتیزم بەرهەم دەهێنێتەوە.
جارێکی دیکە لە سیاقی ململانێکانی ئیسرائیل-فەڵەستیندا، ئیسرائیل بەردەوام دەبێتەوە بە دەوڵەتی کۆلۆنیالیست کە دانیشتووانی ڕەسەنی فەڵەستینی دەچەوسێنێتەوە. ئەم ڕوانگەیە بەتەواویی مێژووی دوورودرێژی ئامادەیی جووەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پشتگوێ دەخات، کە زۆر پێش دامەزراندنی ئیسرائیل لەوێ دەژیان؛ هەروەها، ئەو ڕاستییەش پشتگوێ دەخات کە زۆرێکی جووە ئیسرائیلییەکان نەوەی ئەو پەنابەرە جووانەن کە لە وڵاتانی عەرەبی ڕاوەدوو نران و ئەوانەی بەهۆی باڵادەستیی ئایدۆلۆژیی دژە-جوویی لەنێو موسڵمانان و عەرەبەکاندا ناچار بوون ڕابکەن بۆ ئیسرائیل. بۆ نموونە، دووەم گەورەترین ڕاوەدوونانی جووەکان، بەناوی فەرهوود لە بەغدا ڕوو دەدات، بەڵام لەم ئایدۆلۆژییەدا ئەم ڕووداوە هەرگیز باس ناکرێت. قڕکردنی جووەکان لە تورکیا و ئێران بابەتی باسکردن نابێت. تیۆریی (ڕامانەی) پۆستکۆلۆنیال وا دەکات ئەنتیسێمیتیزمی ئیسلامی و عەرەبی بەتەواوی لە بیر بکرێت و بەهای باسکردنی نەبێت و، ئامادەیی ئەو هەموو دەقە ئایین و پراکتیکە مێژووییانە وەک شتێکی نەبوو بە فەرامۆشی دەسپێردرێن. ئەگەر جاروبار باس لە ئەنتیسێمیتیزم لای موسڵمانان و عەرەبەکان بکرێت وەک تەنها کاردانەوە بەرانبەر بە دەوڵەتی ئیسرائیل لەقەڵەم دەدرێت، کە خۆبەخۆ ڕەوایەتی بە هەبوونی ئەمجۆرەی ئەنتیسمێیتیزم دەدرێت. هەروەها، لەنێو جیهانی ئیسلامیدا، نووسین و لێکۆڵێنەوە سەبارەت بە جووەکان بە ستایلی هیتلەر ئێجگار باڵادەستە. بۆ نموونە کتێبی «گەلی ئیسرائیل لە قورئان و حەدیسدا» لە نووسینی شێخ محەمەد سەید تەنتاوی، سەرۆکی زانکۆی ئەلئەزهەری میسر، سەرەکیترین دامەزراوەی ڕۆحیی ئیسلامی سوننی، کە نامەی دکتۆراکەیەتی لە ساڵی ١٩٦٧دا و لە ١٩٩٧دا چاپ بووە دەڵێت، جووەکان لە پشتی هەموو شۆڕشەکانەوە بوون بۆ نموونە، شۆڕشی فەڕەنسیی ١٧٨٩ و شۆڕشی بەلشەڤیی ١٩١٧؛ تەنانەت لە کتێبەکەیدا، گوتە لە خەباتی منی هیتلەر دەگوازێتەوە «لە دژایەتیکردنی جووەکاندا من فەرمانی خوا جێبەجێ دەکەم». تەنتاوی هەروەها لە کتێبەکەیدا ستایشی تۆمارنامەکانی سەرانی زایۆن دەکات کە هەموو نهێنیی جووەکانی بۆ دەرخستوون و خۆشحاڵانە دەنووسێت «دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارنامەکان لە ڕووسیا ١٠ هەزار جوو کوژران».
تۆمارنامەکانی سەرانی زایۆن دەقێکی ساختەکراو و نووسراوی دەستی پۆلیسی نهێنیی ڕووسیای قەیسەرییە لە ساڵی ١٩٠٣دا؛ تۆمارنامەکە لەسەر زاری جووەکان باسی پیلانگێڕیی جووەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی جیهان و هەڵگیرساندنی جەنگە جیهانییەکان و بەشەڕدانی وڵاتان دەکات بۆ ئەوەی جووەکان بتوانن لە پشێوییدا حوکم بکەن و لەڕێگەی پارە و بانکەوە دونیا بکەنە کۆیلەی خۆیان. ساڵی ١٩١٧ شۆڕشی بەلشەڤییەکان ئاشکرایان کرد ئەم تۆمارنامانە پۆلیسی نهێنیی ڕووسیا نووسیونی، بەڵام دوو لە ئەفسەرانی کۆنی سوپای قەیسەریی ڕا دەکەن و نوسخەیەکی پۆلیسیان بەدەست دەکەوێت و لەگەڵ خۆیان دەیبەن بۆ ئەڵمانیا، لەوێ ڕادەستی بازنە ڕاستڕەوەکانیان دەکەن کە پاشان پارتی نازی پێکدەهێنن؛ وەریدەگێڕن بۆ ئەڵمانی و بەفراوانی یەکەمجار لەڕێگەی ئەڵمانیاوە بە جیهاندا بڵاو دەبێتەوە. هانا ئارێنت لە کتێبە کاریگەرەکەیدا، سەرچاوەکانی تۆتالیتاریزم (١٩٥١) تۆمارنامەکان وەک دەقی سەرەکیی نازیزم دەبینێت و دەڵێت، نازییەکان ئەم دەقەیان وەک «کتێبی وانەیی» بەکار هێناوە. نۆرمان کۆهن، مێژوونووس و دەروونشیکاری بریتانی، لە کتێبە بەناوبانگ و کلاسیکەکەیدا فەرمانی جینۆساید: ئەفسانەی پیلانگێڕیی جیهانیی جوو و تۆمارنامەکانی سەرانی زایۆن (١٩٦٧)، ئەم نامیلکەیە وەک «فەرمانی جینۆساید» لەقەڵەم دەدات و دەڵێت، ئەم دەقە بووە «دەربڕین و پاڵنەری باڵا و سەرەکی بۆ ئەفسانەی پیلانگێڕیی جووی جیهانی. مێشک و زەینی هیتلەری بەقووڵی بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد و دەقەکە بووە ئایدۆلۆژیی سەرەکیی توندڕەوترین و شێتانەترین لایەنگرانی هیتلەر لە ناوخۆ و لە دەرەوە – و دەقەکە یارمەتیدەر بوو لە ئامادەکردنی ڕێگەکە بۆ بەنزیکەیی قڕکردنی سەرتاپای جووەکانی ئەوروپا».
بۆیە، ئەوەی پێی دەگوترێت سەرهەڵدانی ئەنتیسێمیتیزم لە جیهانی ئیسلامییدا پەیوەندیی بە ململانێی ئیسرائیل-فەڵەستینەوە هەیە، دوورە لە ڕاستییەوە. با نموونەیەکی دیکە بهێنینەوە: شێخی سەلەفی، محەمەد حوسەین یەعقووب، بانگخوازی سەلەفیی ئیسلامی، خەڵکی میسر زۆر ڕاشکاوتر لە ئەوانی دیکە باس لەوە دەکات کە ڕق و کینەی ئیسلامییەکان بەرانبەر بە جووەکان هیچ پەیوەندییەکی بە ئیسرائیلەوە نییە:
«ئەگەر جووەکان واز لە فەڵەستین بهێنن و بۆ ئێمەی بەجێ بهێڵن، ئایا ئێمە ئیتر ئەوانمان خۆش دەوێت؟ بێ گومان نەخێر. هەرگیز جووەکانمان خۆش ناوێن. بەڕەهایی نەخێر. جووەکان کافرن – نەک لەبەر ئەوەی من وا دەڵێم و، نەک لەبەر ئەوەی ئەوان موسڵمانان دەکوژن، بەڵکوو لەبەر ئەوەی... ئەوە ئەڵایە دەڵێت ئەوان کافرن... بیروباوەڕتان بەرانبەر جووەکان سەرەتا دەبێت، یەکەم ئەوان کافرن و دووەم ئەوان دوژمنن. ئەوان دوژمنی ئێمەن، نەک لەبەر ئەوەی فەڵەستینیان داگیر کردووە. ئەوان هەر دوژمنمانن و هەر دوژمن دەمێننەوە، تەنانەت ئەگەر هیچ شتێکیش داگیر نەکەن... جەنگی ئێمە دژی جووەکان جەنگێکی ئەبەدییە و، ئەم جەنگەش هەرگیز کۆتایی نایەت تا دووایین جەنگ...، تا ئەو کاتەی یەک جوو لەسەر زەوی نامێنێنت... هۆ ئێوەی جوو، نەفرەتی خواتان لێ بێت، ئێوەی بەرازی سەر زەوی».
کاریگەرییەکانی تیۆریی پۆستکۆلۆنیال بەدیاریکراوی لە زانکۆکانی خۆرئاوادا زۆر بەرچاون. لە هێرشی حەماسەوە چەندین تاوانی دژە-جوویی لە دامەزراوە ئەکادیمییەکان، بۆ نموونە زانکۆی کۆلۆمبیا لە ئەمریکا و زانکۆکانی ئەوروپا تۆمارکراون. چالاکوانان لەسەر لافیتەکانیان دەنووسن «ئامانجەکانی دواتری ئەل-قەسام» [عزەدین ئەلقوسام یەکەم میلیتانتی ئیسلامی بوو کە لەنێوان ١٩٢٠-١٩٣٠ چەندین هێرشی میلیشیایی بۆسەر دانیشتووانی جوو لە فەڵەستین و سوریا ئەنجام دان کە بووە هۆی کوشتاری بەکۆمەڵی جووەکان]. ئەمڕۆ ناوی یەکەی سەربازیی حەماس «ئەلقوسام»ە و حەماس لەژێر ئەم ناوەدا هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری ئەنجام دا. ئێستا لە ئەمریکا و ئەوروپا خوێندکاران ناوی «ئەلقوسام»یان کردووە بە وێردی سەرزمانیان. خوێندکارە جووەکان بەبەردەوامی لەلایەن ئەو خوێندکارانەوە هەڕەشەی کوشتنیان لێ دەکرێت کە کاریگەرن بە تیۆریی (ڕامانەی) پۆستکۆلۆنیال و، دروشمگەلی وەک «زایۆنیستەکان شایانی ئەوە نین بژین»، بەردەوام دەگوترێنەوە. هەموو ئەم کردەوانەش لەژێر ناوی ڕەخنەی پۆستکۆلۆنیالی ڕەوایەتی وەردەگرن. یەکێک لە نموونەکانی کاریگەریی ئێدوارد سەعید لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە دژە-جووییەکانی زانکۆکانی خۆرئاوا بریتییە لە خوێندکارێکی زانکۆی کۆلۆمبیا، کە لافیتەیەکی پێیە و لەسەری نووسراوە: «بۆچی داوام لێدەکەن ئێدوارد سەعید بخوێنمەوە، کاتێک ناتوانم بەکاری بهێنم و بەگەڕی بخەم؟». ئەم ڕووداوانە ئامادەیی سەعید وەک بڕبڕەی تیۆریی پۆستکۆلۆنیال دەردەخەن کە ئەمڕۆ خۆی لە ڕەوایەتیدان بە حەماس دەبینێتەوە.
دوو: ئەنتیکوردیزم: جیاکارییەکی هاوتەریب
پێشتر لە دوو وتاردا «هاوپەیمانیی ناپیرۆز» (بە زمانی ئەڵمانی) و «ڕەچەڵەکناسیی دێواندن» (بە زمانی کوردی) بە دوورودرێژی کارم لەسەر بەستنەوە و بەناویەکداچوونی ئەنتیسێمیتیزم و ئەنتیکوردیزم لە گوتاری پۆستکۆلۆنیال و ئیسلامی و ناسیۆنالیزمی پان-عەرەبییدا کردووە. لێرەدا جێی خۆیەتی لە پەیوەندیدا بەم بەشەوە، جارێکی دیکە هەڵوەستە لەسەر ئەم پرسە بکەمەوە. کەواتە، سەرەتا بزانین بۆ کوردیش بەدێو دەکرێن. هاوشێوەی جووەکان، کوردیش لە گوتاری پۆستکۆلۆنیالدا بەردەوام وەک هەڕەشە بۆسەر یەکێتیی جیهانی عەرەبی یاخود ئیسلامی پیشان دەدرێن. ئەنتیکوردیزم وەک جیهانبینی، کە لە ڕژێمەکانی وەک سوریا، عێڕاق، ئێران و تورکیایدا ڕەگوڕیشەی قووڵی هەیە، لە تیۆریی (ڕامانەی) پۆستکۆلۆنیالدا بنچینەیەکی نوێی ئایدۆلۆژیی وەردەگرێت. کورد، کە چەندین سەدە بە فۆڕمی جۆراوجۆر خەباتی بۆ ئۆتۆنۆمیی ڕێژەیی یان سەربەخۆیی کردووە، ئێستا لەم گوتارەدا دەبنە «دووەم جوو» (Second Jew) و کوردستان دەبێتە «ئیسرائیلی دووەم» (Second Israel)، ئەمەش ئەو هێمایەیە تێیدا حیکایەتی دژە-جوویی و دژە-کوردی یەک دەگرن. ئەم ڕیتۆریکە ڕەگوڕیشەی لە ئایدۆلۆژیی بەعسیدا هەیە، کە لە دەیەی ١٩٦٠دا دەستی پێکرد کە کورد وەک هەڕەشە بۆ «چوونییەکێتیی ڕەگەزیی» نەتەوەی عەرەبیی ببینێت.
یەکەم جار بەعسییەکان ڕاستەوخۆ باسی هاریکاریی زایۆنیزم بۆ کورد دەکەن. عەبدولعەزیز ئەلعوقەیلی، وەزیری بەرگریی عێڕاق لە ساڵی ١٩٦٦دا هەوڵی کورد بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی دەچوێنێت بە «دووەم ئیسرائیل» لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەها، بانگەشەی ئەوەش دەکات «خۆرئاواییەکان و خۆرهەڵاتییەکان پشتیوانیی لە یاخیبووان[ی کورد] دەکەن بۆ دامەزراندنی ئیسرائیلێکی نوێ لە باکووری نیشتمان [مەبەست باشووری کوردستان، پ.] وەک ئەوەی لە ١٩٤٨ کاتێک ئیسرائیلیان دروست کرد، ئەنجامیان دا؛ وەک بڵێیت مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە». هەروەها بەڕاشکاویی هەوڵی کورد بۆ نەتوانەوە و مانەوە وەک کورد، وەک جۆرێک لە ئایدۆلۆژیی چێنراوی زایۆنیستی-جوویی دەبینێت کە ئامانج لەڕێگەی کوردستانەوە گەیشتنەوەیە بە ڕووباری فورات و ئیسرائیلی گەورە، بەوجۆرەی ئەو دەڵێت لە تەلمود و تەوراتدا هاتووە. ئەم ڕیتۆریکە ئەوکات ئاسەوارەکانی دەردەکەون کە لە هەڵمەتی جینۆسایدی ئەنفال (١٩٨٧-١٩٨٨)دا دەگەنە لوتکە، هەڵمەتی قڕکردنی کورد. ئەم زمانە کە بۆ ڕەوایەتیدان بە تاوانە دڕندەکان و جینۆساید دژی کورد بەکار هاتووە، ئێجگار لە ڕیتۆریکی نازییەکان دەچێت بەرانبەر بە جووەکان، کە تێیدا کورد دەبنە «گرووپی نزمەمرۆڤ» وەک هەڕەشەیەک لەسەر «یەکێتیی پاکی عەرەبی»، هاوشێوەی چەمکی «ڕەگەزی داوەشاو» (entartete Rasse) لە نازیزمدا بەرانبەر بە جووەکان، کە هەڕەشە لە «ڕەگەزی پاک و باڵادەستی ئاریی» ئەڵمانی دەکەن.
لە گوتاری پۆستکۆلۆنیالدا ئەمڕۆ ئەم حیکایەتانە فۆڕم و دەرکەوتەی تازەتر بەخۆیانەوە دەگرن. بۆ نموونە، حەمید دەباشی، یەکێک لە نوێنەرە هەرە دیارەکانی ئەمڕۆی پۆستکۆلۆنیالیزم لە ئەمریکا، لە ساڵی ٢٠١٧دا، وتارێک بە زمانی ئینگلیزی لە ئەلجەزیرە بەناوی «دەربارەی پرسی کورد» بڵاو دەکاتەوە و، تێیدا بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازیی کورد وەک «بەئیسرائیلیکردنی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی» لەقەڵەم دەدات. دەباشی دەڵێت، کوردستانێکی سەربەخۆ دەبێتە کارەسات بۆ سەرتاپای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە لە حاڵەتێکی وەهادا یەکێتیی عەرەبی و ئیسلامی بەتەواوی لەناو دەچێت و دەترازێت. دەباشی بەمەوە ناوەستێت و پەنا بۆ ئەو شتە دەبات کە من پێی دەڵێم «بەناویەکداچوونی ئەنتیسێمیتیزم و ئەنتیکوردیزم» و هەمان ئایدۆلۆژیی پیلانگێڕیی دژە-جوویی بەکار دەهێنێت و دەڵێت، کوردەکان کۆمەڵە ئامرازێکی پیلانگێڕیی زایۆنیستیین، کە ئامانجیان ئەوەیە سەرتاپای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیر بکەن. ئەو پێی وایە ئامانجی کوردستانی سەربەخۆش بۆ ناسەقامگیرکردن و هەڵوەشاندنەوەی تورکیا و ئێرانە و پێشتر لە عێڕاق و سوریا ڕووی داوە و ئیسرائیل بە پشتیوانیکردنی کورد دەیەوێت سەرتاپای ناوچەکە «بەئیسرائیلی بکات». پێکەوەدانانی کورد و جوو و بەیەکسان دێواندنیان، پیشانی دەدات چۆن ئەنتیسێمتیزم و ئەنتیکوردیزم لە ڕامانەی پۆستکۆلۆنیالدا قووڵ بەناویەکدا چوون.
لەم گوتارەدا، بنچینە و جەوهەرە مێژووییەکانی ناسنامەی کوردی پشتگوێ دەخرێن. باس لەوە ناکرێت زۆر پێش دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل و سێ سەد ساڵ پێش سەرهەڵدانی زایۆنیزم، کورد بیری لە ناسنامەی سەربەخۆی خۆی کردووەتەوە و لەسەر خاکی خۆی ژیاوە و بۆ جارێکیش چییە بەجێی نەهێشتووە، بەپێچەوانەی کۆچی مێژوویی جووەکان. بۆ نموونە، ئەحمەدی خانی لە مەم و زیندا باس لە پێداویستی و زەروورەتی یەکگرتوویی نەتەوەی کورد دەکات، تا بتوانن دژی باڵادەستیی عوسمانی و سەفەوی و عەرەب بجەنگن. شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی (١٥٩٧) تۆماری مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستی کوردە و دەیسەلمێنێت بیرۆکەی «کوردستان» زۆر پێش سەرهەڵدانی زایۆنیزم هەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا، کورد لە گوتاری پۆستکۆلۆنیالدا وەک ئەکتەرانی ناڕەوا پیشان دەدرێن، کە هەوڵ و خەباتیان بۆ مافی چارەی خۆنووسین هیچ نییە جگە لە هەڕەشەکردن لە نەزم و ڕێکخستنی هەرێمایەتی و هەمیشەش وەک بەکرێگیراو و ئامرازی دەستی زایۆنیزم و ئیمپریالیزم دەبینرێن. ئەمە لە گوتاری چەپیشدا بە فراوانی هەیە کە دواتر باسی دەکەم.
سێ: میکانیزمە هاوشێوەکان و تەریبە مێژووییەکان
بەناویەکداچوون و ئاوێتەبوونی ئەنتیسێمیتیزم و ئەنتیکوردیزم خۆی لە دێواندنی هاوبەشی جووەکان و کورد وەک «جەستەی نامۆ»ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینێتەوە. هەردوو گرووپەکە وەک هەڕەشە لەسەر بیرۆکە و ئایدیای ناسنامەیەکی چوونیەکی عەرەبی و ئیسلامی پیشان دەدرێن، کە وەک باسمان کرد حیکایەتێکە ڕیشەی لە ئایدۆلۆژیی بەعسیزم و ئیسلامیزمدا هەیە و، ئێستاش بیرۆکەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی-ئیسلامی زۆر بەهێزتر دەکات. تیۆریی (ڕامانەی) پۆستکۆلۆنیال بەبێ دەستکاریی ئەم حیکایەتەی ئایدۆلۆژیی بەعسی-ئیسلامی هەڵدەگرێتەوە و ئیسرائیل و کوردستان وەک بەرهەمی کۆلۆنیالیزمی خۆرئاوایی دەبینێت. بەڵام هەرگیز باس لەوە ناکات چوار دەوڵەتی وەک ئێران، تورکیا، سوریا و عێڕاق (لە حاڵەتی ئەم دووانەی دواییدا لە سفرەوە) لەلایەن کۆلۆنیالیزمەوە دروست کران و پاشان خۆیان بوونەوە بە دەوڵەتانی داگیرکەر کە زیاتر لە کۆلۆنیالیزم تێپەڕین. ئەم حیکایەتە لەبنەڕەتدا بۆ ئەوەیە بوونی سەربەخۆیی و مێژوویی کورد بە پلەی یەک و پاشان جوو بەتەواوی لە ڕەوایەتی بخات و لە یادەوەریی مێژووییدا بیسڕێتەوە.
هەم لە بەرەی چەپ، هەم لە بەرەی پۆستکۆلۆنیال، ڕەهەندێکی دیکەی ئەم گوتارە خۆی لەو شتەدا دەبینێتەوە کە زۆر چاودێر بە «هاوپشتیی هەڵبژاردە» (selective Solidarity) ناوی دەبەن و، بەڵام من بە «لەهاوپشتی داماڵینی ئامانجدارانە» (intentional desolidarification) ناوی دەبەم. ئەم گوتارە پرسی فەڵەستین وەک خەباتێکی دژە-ئیمپریالی دەبینێت، لەکاتێکدا خەباتی کورد و جوو وەک درێژەپێدان بە حیکایەتی ئیمپریالیزم لەقەڵەم دەدات. لەڕووی مۆڕاڵی/ئەخلاقییەوە، نەک تەنها سیاسییەوە، پرسی کوردستان و مافی ئامادەیی جوو لە ناوچەکە، لەڕەوایەتی دەخات و پرسی فەڵەستین، ئەخلاقییانە و سیاسییانە دەکاتە پرسێکی ڕەوای مرۆڤایەتی. بەشێکی زۆری ئەمڕۆی چەپ پشتیوانی لە بزووتنەوەکانی وەک حەماس و حزبوڵا و وڵاتانی وەک ئێران دەکەن و تەنانەت سەرهەڵدانی داعشیش وەک کاردانەوەیەکی ڕووت بەرانبەر بە ئامادەیی ئیمپریالیزم و سوکایەتیکردن بە ئیسلام و موسڵمانان دەبینن، بەڵام بزووتنەوەی سیکۆلار، فیمینیست، لیبراڵ و پێشکەوتووخوازی کورد پشتگوێ دەخەن. ئەم دەبڵ ستانداردییەش ڕیشەی لەو شتەدایە کە بە «ئایدۆلۆژیی بەناویەکداچووی ئەنتیسێمیتیزم و ئەنتیکوردیزم» ناومان بردووە و، تێیدا جووەکان و کورد وەک بوونی سەربەخۆ و بکەری سەربەخۆی مرۆیی نابینرێن، بەڵکوو تەنها وەک بەکرێگیراوان و کۆنتڕۆڵکراوانی دەستی ئیمپریالیزمی خۆرئاوایی و دەستەخوشکەکەی، زایۆنیزم، پێناسە دەکرێن، کە تەنها ئیشیان بردنەپێشەوەی بەرژەوەندییەکانی ئیمپریالیزمی خۆرئاواییە.
لەم ڕووەوە «هاوپەیمانیی ناپیرۆز»ی ئیسلامیزم، چەپی جیهانی و ڕۆشنبیرانی پۆستکۆلۆنیال لەسەر بنەمای وێنەیەکی هاوبەشی دوژمن دادەمەزرێت: خۆرئاوا، بەتایبەت ئەمریکا و ئیسرائیل. کورد، کە هەم لە باشوور، هەمیش لە ڕۆژاڤا لە زۆر بڕگەی مێژووییدا هاریکاری لەگەڵ دەسەڵاتە خۆرئاواییەکان دەکەن، بۆ نموونە، لە جەنگی دژی داعشدا، وەک خیانەتکار و دەسکەلای ئیمپریالیزم لە ڕەوایەتی دەخرێن و سوکایەتییان پێدەکرێت، بەڵام بزووتنەوەی حەماس و حزبوڵا و حوسییەکان، کە هاوکات لەلایەن دەسەڵاتە هەرێمییەکانەوە پشتیوانی دەکرێن، لەم گوتارەدا وەک خەباتگێڕانی ڕاستەقینە نەک تەنها بۆ ناوچەکە، بەڵکوو بۆ جیهانیش، ستایش دەکرێن. بۆ نموونە، چەپی ئەڵمانی لە شەقامدا دژی پشتیوانیی ئەمریکا بۆ کورد لە شەڕ دژی داعش لە کۆبانێ (٢٠١٤) دەوەستێتەوە و داوای وەستاندنی بۆمبارانی ئەمریکی دەکات، ئەگەرچی ئەم چەپە دەزانێت ئەگەر داعش نەوەستێنرێت، جینۆسایدی سەر کورد ئەنجام دەدات. خاڵێکی دیکەی ئەم جیهانبینییە دژە-کورد و دژە-جووییەی بەرەی چەپ، پۆستکۆلۆنیال و ئیسلامیزم بریتییە لە هێرشی ئایدۆلۆژییانەدا بۆ سەر میراتی مۆدێرنیتە و دیموکراسیی و پەنابردن بۆ میتۆد و ڕێچکە تۆتالیتار و سەرتاپاگیرەکانی پێشوو کە هەم ڕیشەیان لە ڕژێمە کۆمۆنیستییەکان، هەمیش ئیسلامییەکاندا هەیە.
ئیرەیی و فەنتازیای پیلانگێڕیی
«ئیرەیی لەو ئاگاییەوە دێت کاتێک دەزانین کەسانی دیکە شتانێکیان هەیە و کارگەلێک ئەنجام دەدەن کە ئێمە نیمانە و ناتوانین ئەنجامی بدەین.»
زیگموند فرۆید
لەم ساڵانەی دواییدا لە ئەڵمانیا بەهاوکاریی چەند پەیمانگا و ناوەندێک دەستم کرد بە لێکۆڵینەوە لە لێدوانەکانی سۆشیال میدیا و ئەو کۆمێنتانەی ناو گرووپە کۆچبەرییەکان کە پەیوەندییان بە هەردوو دیاردەی ئەنتیسێمیتیزم و ئەنتیکوردیزمەوە هەیە و، لێرەوە توانیمان زیاتر لە هەزاران کۆمێنت و لێدوانی ئەو کەسانە کۆ بکەینەوە کە مێژووی کۆچبەرییان هەیە و تێیدا کاریگەر بە گوتاری پۆستکۆلۆنیال، چەپ و ئیسلامیزم، خەریکی پراکتیزەکردنی ئەم تیۆرییەن. یەکێک لەو خاڵانەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام پرسی ناوهێنانی هەولێر و یەکسانکردنی بوو بە تەل ئەڤیڤ. جگە لە ڕەهەندە ئەخلاقی و سیاسی و ئایدۆلۆژییەکانی ئەم بەراوردکارییە، بابەتێکی دیکە سەرنجی ڕاکێشاین بریتی بوو لە پرسی ئیرەیی. ئەوە بوو لە سیمینارێکدا بەناوی «ئەنتیسێمیتیزم و ئەنتیکوردیزم و ئامادەییان لە سیاسەتی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا» لە شاری ڕۆستۆکی ئەڵمانیا، بەشێکم بۆ ئەم پرسە تەرخان کرد. هەوڵ دەدەم لێرەدا بەشێوەیەکی خێرا و زووتێپەڕ دووبارە بەسەری بکەمەوە، ئەویش تایبەت بە ڕۆڵی ئیرەیی لە بەهێزکردنی ئەنتیسێمیتیزم و ئەنتیکوردیزمدا. تەل ئەڤیڤ و هەولێر وەک دوو پایتەخت، وەک هێماکانی مۆدێرنیتە و پێشکەوتنی خۆرئاوایی پیشان دەدرێن و وەردەگیرێن، کە ئەمەش خۆبەخۆ پرسی ئیرەیی و ڕق دەهێنێتە پێشەوە. لە میدیای عەرەبیدا، بەردەوام تەل ئەڤیڤ وەک بەرهەمی مانیپولەیشن و کۆنتڕۆڵی جووی دارایی و خاوەن بانک دەبینرێت، کە لەڕێگەی «جووایەتیی جیهانی»یەوە بەدی هێنراوە. بەهەمان شێوە، گەشەی بێپێشینەی هەولێر لە دوای ٢٠٠٣ەوە و بوونی بە ناوەندێکی بازرگانی و پەیوەندییە دیپلۆماتییە نێودەوڵەتییەکان لە زۆربەی ئەو کۆمێنتانەی کۆمان کردوونەتەوە، وەک دەرەنجام و ئاکامێکی پشتیوانیی سیاسی و دارایی ئیسرائیلی لەقەڵەم دەدرێت. تەنانەت بڕێک لەم کۆمێنتانە لە سۆشیال میدیای عەرەبی و ئێرانیشدا دەردەکەون و، یەکێک لەوانە بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی هەولێر و بەغدایە، کە لە وێنەکەدا دیمەنە جوان و خاوێنەکانی هەولێر دەردەکەون و هی بەغداش وەک جۆرێک لە زبڵدان. زۆربەی کۆمێنتەکان باس لەوە دەکەن بۆ هەولێر گەشە دەکات و بەغدا دوا دەکەوێت، لەکاتێکدا بەغدا شاری شارستانیی ئیسلامییە؟ زۆرێک لە وەڵامەکان سەردەکێشن بۆ باسکردن لە ئامادەیی ئیسرائیلییەکان و مۆساد و پشتگیرییان لە هەولێر.
ئەم ڕەهەندە تەنها سیاسیی نییە، بەڵکوو ڕەگوڕیشەی لەنێو سایکۆلۆژیای جەماوەریشدا هەیە: بۆ نموونە، لە ڕۆژنامەی «همشهری» ئێرانیدا نووسراوە چی وا دەکات کورد، کە پێشتر هیچ ئەزموونێکیان لە بواری دەسەڵاتداری، بەڕێوەبردن و دەوڵەتداریدا نەبووە، لە ماوەیەکی هێندە کورتدا پێش بکەون و ئەم پارەیەیان دەست بکەوێت؟ نووسەرەکە باس لە پەیوەندییەکان و پشتیوانیی ئیسرائیل لە کوردستان دەکات. ئەو وێنە ناوبراوەی باسم کرد، باس لە دووبارەکردنەوەی ئەزموونی تەل ئەڤیڤ لە «عێڕاق» (کە مەبەستیان کوردستانە) دەکرێت.
یەکێک لە کۆمێنتەکان سەرنجڕاکێش بوو، کە نووسەرەکەی عێڕاقییەکی لەدایکبووی بەرلین بوو، لە کۆمێنتێکدا بە زمانی ئەلمانی نووسیبووی:
«ئێوەی کورد لەلایەن جووەکان و ئیسرائیلییەکانەوە پشتیوانی دەکرێن، لەبەر ئەوەیە توانیوتانە عێڕاق بکەنە بیابان و بیگۆڕن بۆ وێرانە. کاتێک چیتر ئیسرائیل بوونی نابێت، ئێوە ناتوانن شەو و ڕۆژێک بمێننەوە و لە برسان دەمرن و شارەکانیشتان دەبنە وێرانەخاک».
لەڕاستیدا، ئیرەیی لە ڕامانەی (تیۆریی) دەروونشیکارییدا ئەو مانایە دەبەخشێت، کاتێک یەکێک یان گرووپێک خاوەن شتێک نییە کە لە یەکێک یان گرووپەکەی دیکەدا هەیە، گرووپی یەکەم لەبەر حەزی بەتینی بۆ گەیشتن بەو شتانەی گرووپی دووەم و شکستهێنان لە گەیشتن پێیان، دووچاری ئیرەیی و، لە بەرانبەردا، گرفتاری ڕق دەبێت لە هەموو ئەو شتانەی لە ئەویدیکەدا هەن. من ڕقم لەو شتانەیە لە تۆدا هەن، لە مندا نین و، لەبەر ئەوە ڕقم لە خودی خۆشت دەبێتەوە.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved