15/02/2026
هەبوون و دەرکەوتنی بیرکاری (بۆچوونی ئەریستۆ دەربارەی ڕاهیبەکانی میسر)

هیلال ئیبراهیم

(نووسەر و لێکۆڵەر)



پوختە

 

ئەریستۆ لە بەرهەمی مێتافیزیک - ئەلف، هۆکاری بوونی بیرکاری و دەرکەوتنی  لە میسردا دەخاتە ڕوو. ئەو لە دەستپێکی بەرهەمەکەیدا باس لە "زانین" دەکات، پاشان قۆناغ بە قۆناغ هۆکارەکانی دەرکەوتنی هونەرەکان ڕوون دەکاتەوە، هەروەها بۆچوونی خۆی لەبارەی "سەرسامی- دەهشە" و ئەو حاڵەتەی کەوا لە کەسانێك دەکات هەندێک هونەر دابهێنن دەخاتە ڕوو. ئەو پێی وایە هەندێ کەس بەهۆی  هونەرەکەیانەوە، (داهێنانەکانیانەوە) لەلای خەڵکی، لە هەندیکی دیکە بە ژیرترهەژمار دەکرێن. ئەریستۆ هەروەها تیشک دەخاتە سەر ئەوەی هەندێک لە هونەرەکان لەبەر پێداویستی و هەندێکی تریان بۆ کات بەسەربردن، پەیدا بوون. پاشان دەڵێت "هونەرە بیرکارییەکان" کە لە میسر سەرچاوەیان گرت، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕاهیبەکان لەوێ" کاتی ئازاد"یان بۆ "لێکدانەوە" لە بیرکاری تەرخان کرد.

توێژینەوەکە هەوڵ دەدات لە پەرەگرافی٩٨١ب دێڕی ١٤-٢٦ کتێبی ئەلف لە بەرهەمی مێتافیزیکی ئەریستۆ «  Μετά τα φυσικά A, 981b, 14-26 » بکۆڵێتەوە. هەروەها هەوڵ دەدات ڕووناکی بخاتە سەر بۆچوونێکی  مێژووی گرنگی  ئەریستۆ کە بە تاریکی ماوەتەوە.

 

خستنەڕوو 

بیرکاری وەکوو زانستێکی ڕامانەیی (تیۆریی) پەتی و وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەیزانین و بە ئێمە گەیشتووە، لای یۆنانییەکان پەرەی سەند و دەرکەوت، بەتایبەتی لای فیساگۆراس و قوتابخانەکەی لە ماوەی سەدەی شەشەمی پێش زایین.

لە یۆنانی دێریندا لەپاڵ ئەم ڕەوتە، یەکێک لە فەیلەسوفانی پێش سوکرات، خولیای بیرکاری هەبووە و بیرۆکەی تایبەتی خۆی بەیان کردووە، ئەویش تالیس بووە، وەک سەرچاوەکان ئاماژەی پێدەدەن و دەوترێت، ڕۆڵی هەبووە لە پێوانەکردنی هەرەمەکانی میسردا، ئەمەش پەیوەست بووە بەو زانینەی تالیس لەبارەی بیرکاری هەیبووە.

دەوڵەت - شارەکانی یۆنان و ڕۆژهەڵات لەسەردەمی دێریندا لە پەیوەندییی جۆراوجۆردا بوون، لەپەیوەندییی بازرگانییەوە بگرە تا پەیوەندییی کولتووری. ڕەنگە یەکێک لە پەیوەندیییەکانی نێوان دەوڵەت-شارەکانی یۆنان و ڕۆژهەڵات لە سەردەمی دێریندا، زانست، لەوانە بیرکاری بووبێت. واتە سەرەڕای پەیوەندیییە بازرگانی و کولتوورییەکانی نێوان دەوڵەتە شارەکانی یۆنان و ڕۆژهەڵات، ڕەنگە بیرکاری "ئیلهامبەخشέμπνευση "ی پەیوەندییی نێوانیان بووبێ.

 ئەم هەنگاوە هاوکات بووە لەگەڵ ئەوەدا کە میسرییەکان تێڕامان و بیری فەلسەفیان بەیان کردووە. ئەو بناغەیەی بیرکاری کە یۆنانییەکانی سەردەمی دێرین ڕامانەی (تیۆری) خۆیان لەسەر بنیات نا، بێ گومان لەژێر کاریگەریی بیرکاری کارپێکراوی شارستانییەتە  دێرینەکانی ڕۆژهەڵاتدا بوو، لەوانە شارستانییەتی بابلی و میسری. لای ئەوان بیرکاری پەیوەندیییەکی نزیکی بە ڕووداوەکان و ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەوە هەبوو، میسرییەکان بەهۆی تێڕامان لە گۆڕانکارییەکانی ناو سروشت، هەروەها لەژێر گوشاری پێداویستییە بنەڕەتییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا، لەوانە:  ژمێریاری لەکاروباری بازرگانیدا، پێشبینیکردنی ڕووداوە فەلەکییەکانی وەک لافاو لە دۆڵی نیل (ئەمە وای کرد میسرییەکانی سەردەمی دێرین، شێوازی بیرکاری میکانیکی بۆ دیاریکردنی ڕووبەری کێڵگەکان و ڕێکخستنی کشتوکاڵ بەکار بهێنن).

ئەوەی جێی ئاماژەیە، پێش ئەفلاتۆن و ئەریستۆ، هیرۆدۆت باس لە میسر و هونەرەکانی ئەوێ دەکات. هەروەها ئەفلاتۆنیش لە دایەلۆگەکانیدا ئاماژەی پێدەدات. هەرچی ئەریستۆیە ئەوا بەخستنەڕووی بۆچوونەکانی لەوانە لە مێتافیزیک وردی و زۆریی مەعریفە و قووڵیی هزرەکەی لەبارەی میسر، خۆی دەنوێنێت.

وەک بنەمایەک بۆ ڕۆشنکردنەوەی ڕیگای توێژینەوەکەمان، باس لە ئەفلاتۆن و بیرکاری لای میسرییەکان دەکەین، پاشان بە کورتی پەیوەندیی ئەریستۆ بە بیرکاریەوە دەخەینە بەرباس، دواتر دەچینە سەر بۆچوونەکەی سەبارەت بە بیرکاری، کاتی ئازاد و ڕاهیبەکانی میسر.



یەکەم: ئەفلاتۆن، دەرکەوتنی بیرکاری لە میسر

پێش ئەریستۆ، ئەفلاتۆن باس لە پەیوەندیی نێوان یۆنانی و میسرییەکان  (ڕاهیبەکانی میسر) دەکات. ئەفلاتۆن لە دایەلۆگی فێزرۆسدا (فێدرۆس) باسی هونەرەکان لە میسر دەکات. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کەوا میسرییەکان لە گەلە پێشەنگەکان بوون لە هێنانەکایەی ژمارەکاندا، ژمێریاری و ئەندازیاری و داهێنانی پیتەکان. سوکرات لە دایەلۆگەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە لەوێ خواوەندگەلێک هەن، لە ناویاندا خواوەندی باڵندەی پیرۆزە هەیە و ناوی "ئایڤییە"، هەمان خواوەند ئەو ناوەیشی هەیە کە پێی دەڵێن سێڤس. دەگێڕنەوە کەوا ئەو یەکەم کەس بووە ژمارە، ژمێریاری و ئەندازەزانی و فەلەکناسی، هەروەها یارییە دەستییەکان و یارییەکان  بە کوب و پیتەکانی دۆزیوەتەوە.  سەبارەت بەو زانستانە پلاتۆن لە دایەلۆگی (پۆلەتیا- کۆمار)دا باس لە پێنج "زانستی دەستە خوشک" دەکات کە فیساگۆراسییەکان بە گرنگترین زانستیان زانیوە.

هەروەها، ئەفلاتۆن لە دایەلۆگی "ثێیتیتۆس" مشتومڕی پەیوەندیی سروشت و ماتماتیک دەکات، لەو دایەلۆگەدا هەم باس لە پەیوەندیی میسر و یۆنان و هەم بیرکاری دەخاتە ڕوو. ئەمە جگە لەوەی ئەفلاتۆن لە دایەلۆگی تیمیۆس باس لە پەیوەندیی یۆنانییەکان و میسرییەکانمان بۆ بەیان دەکات. ئەم دایەلۆگە کە لە دوا دایەلۆگەکانی ئەفلاتۆنە، بە ڕای دورینگ، ئەریستۆ لە هەمان سەردەم یان کەمێک پاشتر، دایەلۆگی"لەبارەی فەیلەسوفان و کتیبی یەکەم و دووەمی فیزیک و کتێبی یەکەمی مێتافیزیک دەخاتە بەرباس" دەنووسێت".

 

دووەم: پەیوەندیی ئەریستۆ بە بیرکارییەوە

ئەی:   ئەریستۆ لە ئەکادیمیای ئەفلاتۆن

ئەریستۆ هێشتا مێردمنداڵ بوو، باوکی کۆچی دوایی کرد و خێزانەکەی ئەرکی پەروەردەکردنیان بە پرۆکسێنۆسسپارد، ئەوکاتەی ئەریستۆ ڕوو دەکاتە ئەسینا، تەنیا هەژدە ساڵ بوو. ئەو یەکێک بووە لە فێرخوازە یەکەمینەکانی ئەکادیمیا. کاتێک دەگاتە ئەسینا، ئەفلاتۆن تازە ئەوێی بەجێ هێشتووە و ڕووی کردووەتە سیسیلیا، یۆدۆکسۆس دەبێتە جێنشین و سەرۆکی ئەکادیمیا.

یۆدۆکسۆس زانا و بیرکار و فەلەکناس و جیۆگرافیناسێکی نائاسایی بوو، ئەویش هێشتا تەمەنی 30 ساڵ نەبوو". هەروەها "فیلۆلاوس کە لە سەردەمی سۆکراتدا دەژی و ئارکیتاس کە لە سەردەمی ئەفلاتۆندا دەژی." هەردووکیان بە تایبەتی ئارکیتاس بە یەکێک لە گەورەترین بیرکارەکانی سەردەمی خۆی یا بە یەکێک لە گەورەترین بیرکاریزانەکانی سەردەمی دێرین دادەنرێت.

پاشان ئەسینای ئەو سەردەمە (کەمێک پێشتر یان دواتر) درەوشاوەترین بیرکاریزانەکان لەخۆ دەگرێت، هەر لەبەرئەوە ئەریستۆ لە کەشوهەوای گرنگیدان بە بیرکاری، ژیانە ئەکادیمییەکەی دەست پێدەکات. ئەریستۆ لە دەستپێکدا گرنگی بە بیرکاری دەدات، هەروەک بەردەوام دەگەڕێتەوە سەری، ئەمەیش بە ڕوونی لە بەرهەمەکانیدا دەبینرێ هەروەک سەرچاوەکان ئاماژەی پێدەدەن، ئەفلاتۆنیش لە ئەکادیمیا گرنگییەکی تایبەت بە بیرکاری دەدا. "بەپێی ئەو بەرنامە پەروەردەییەی لە ئەکادیمیادا هەبووە، دەبوو فێرخواز ماوەی 10 ساڵی تەواو بیرکاری بخوێنێت". دوورینگ ئاماژە بەوە دەكات كە ئەریستۆ لە بیرکردنەوەی بیرکاریدا ڕاهێنرابوو، دەیتوانی بچێتە سەر دیالێکتیک کە تەنیا پێویستی بە پێنج ساڵ خوێندنبوو.

 

ب: ئەریستۆ وجێهشتنی ئەکادیمیا

ئەریستۆ تا کۆچی دوایی مامۆستاکەی، بۆ ماوەی 19 ساڵ لە ئەکادیمیا و ئەسینا مایەوە پاشان ئەوێ بەجێ دەهێڵێت و ڕوو لە ئاسۆس دەکات. هەڵبەت دوای ماوەیەکی کەم لە مردنی ئەفلاتۆن (واتە، پێش بەجێهێشتنی ئەکادیمیا و ئەسینا)، وەک دەزانرێت ئەریستۆ یەکێک بووە لە ئەندامانی ئەو گرووپە لە فێرخواز(شاگردەکان)ی کە پاکنووسیوانە بڵاونەکراوەکانی مامۆستاکەیان کردووە. ئەوکات سپێفسیپۆس جێی ئەفلاتۆن دەگرێتەوە و، ئەو دەبێتە جێنشین و سەرۆکی ئەکادیمیا. هەرچەندە ڕاڤەکاران هۆکاری جۆراوجۆر دەگێڕنەوە بۆ بڕیارەکەی ئەریستۆ لەبابەت بەجێهێشتنی ئەکادیمیا و ئەسینا.

بە ئەگەرێکی زۆرەوە یەکێک لە جیاوازییەکانی نێوان ئەریستۆ و سپێفسیپۆس ڕۆڵی بیرکارییە لە ئەکادیمیادا.ئەو بیرکاری و کارە پراکتیکییەکان بە پێشەنگ و کارە لە پێشینەکانی ئەکادیمیا دەزانێ، ئەمەیش هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی پێشنیارەکانی ئەریستۆ بۆ پەرەپێدانی بواری ڕامانە (تیۆری)، ڕەت دەکرێنەوە. خاڵێکی گرنگ کە ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەکاتەوە، ئەوەیە کە ئەریستۆ زۆربەی کارە ڕامانەییەکانی (تیۆرییەکانی) خۆی لەپاش بەجێهێشتنی ئەکادیمیا ڕووی لە ئاسۆس کردووە، یان لە کاتی دووبارەگەڕانەوەی بۆ ئەسینا و دامەزراندنی قوتابخانەکەی نووسیونی. پێدەچێت ئەرستۆ لە ئەکادیمیای ئەفلاتۆندا ڕاستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵ بیرکاریدا نەکردبێت، بەڵام لە نووسینەکانیدا لەو شوێنەی پێویست بووبێت، ڕووی لە بیرکاری کردووە و بۆچوونی خۆی بەیان کردووە. بۆ نموونە، لە بەرهەمی فیسیکا (سروشتناسی)، مێتافیزیک یان لۆجیکدا، بەڵام وا دەردەکەوێت هەوڵی نەداوە لەگەڵ ڕەوتی بیرکاریی سەردەمی خۆیدا بەردەوام بێت و ئەو ڕێچکەیە بگرێتە بەر. لەگەڵ ئەوەدا، ئێمە ناتوانین لە تێڕامان و کارەکانی ئێفکلیدیس (یوکلید) کە لە بەرهەمی"توخمەکان"دا بەیانی دەکات، تێبگەین لەژێر ڕۆشنایی فێرکاری و  شیکارییەکانی ئەریستۆدا نەبێت. 

 لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کەوا ئەریستۆ خاوەنی بۆچوونی گرنگە سەبارەت بە بیرکاری کە لەم لێکۆڵینەوەیەدا دەرفەتی خستنەڕووییمان نییە و تەنها باسمان لە پەیوەندیییەکانی ئەو بەو بوارەوە کردووە.

 

دووەم: دەقی ئەریستۆ سەبارەت بە بیرکاری، کاتی ئازاد و ڕاهیبەکانی میسر

لە پەرەگرافی٩٨١ب دێڕی ١٤-٢٦ کتێبی ئەلف لە بەرهەمی مێتافیزیکی ئەریستۆ«  Μετά τα φυσικά A, 981b, 14-26 » هاتووە"

“شتێکی لۆجیکییە کە لە ڕۆژانی سەرەتاییدا مرۆڤەکان بە "سەرسامی" دەورە درابوون، هەر کەسێک هونەرێکی داهێنابا کە هەستەکانی ببزواندایە، نەک تەنیا لەبەرئەوەی کەوا داهێنان (دۆزینەوە)کەیان بەسوود بوو، بەڵکو ئەوان لەو باوەڕەدا بوون کە ئەو کەسانە (دانا)  ژیرتر و جیاوازترن لە کەسانی دیکە.

 مرۆڤەکان لەگەڵ ئەوەی زیاتر و زیاتر هونەریان دۆزییەوە کە هەندێکیان پەیوەست بوون بە پێداویستییەکانی ژیانەوە و هەندێکی تریشیان بە چێژەوە؛ ئەو هونەرانەی چێژبەخش بوون داهێنەرەکانیان هەمیشە بە ژیرتر دادەنران، چونکە ئامانجی زانینەکانیان بۆ سوودوەرگرتن نەبوو. 

کاتێک هەموو ئەو داهێنراوانە تەواو بەدی هاتن، بۆ یەکەم جار زانینگەلێك دەرکەوتن ، کە نە بۆ چێژوەرگرتن بوون نە لەبەر پێداویستی، ئەو زانینانە بۆ یەکەمجار لەو ناوچانە پەیدابوون کەوا  مرۆڤەکان کاتی ئازادییان هەبوو، بەم شێوەیە هونەرە بیرکارییەکان هەوەڵ جار لە میسر دەستیان پێکرد، چونکە لەوێ بواری تەواو بۆ لێکدانەوە بە کاستی ڕاهیبەکان درا.



لێرەدا خوێندنەوە و ڕاڤەی پەرەگرافەکەی ئەریستۆ دابەش دەکەین بۆ سێ خاڵ:

ئەلف:ڕوانگەی گشتی

ڕوانگەی بەشێک لە ڕاڤەکاران بۆ دەرکەوتنی بیرکاری و کاتی ئازاد بەشێوەی دیکە گواستراوەتەوە، بیریان لێ کردووەتەوە و  لەبارەیەوە دواون؛ بەشێوەی گشتی ئەوان  دابەش دەبن بەسەر دوو گرووپدا:

بەشێکیان پێیان وایە بیرکاری بۆ یەکەم جار  لە بابل یان میسر لەبەر پێویستی سەریهەڵداوە (هەروەک لەبەشی ناساندنی ئەم کارەماندا ئاماژەمان پێداوە).

بەشێکی دیکەیان پێیان وایە، بیرکاری بۆ خۆشی و کات بەسەربردن و "یاریکردن" داهێنراوە. بۆ نموونە،ڕاهیبەکانی میسر لەو کاتەی هەیانبووە "کاتی ئازاد" لەڕێگای هونەرە بیرکارییەکانەوە هەندێک یارییان داهێناوە، بۆ ئەوەی خۆیانی پێوە سەرقاڵ بكەن و چێژ لە کاتە بەتاڵەکانیان وەربگرن. واتە ڕاهیبەکان لەبەر خۆشیی خۆیان ئەو هونەرانەیان داهێناوە. بۆنموونە، هیراکلیتۆس کە یەکێکە لە فەیلەسوفانی پێش سۆکراتی، یاریی زاری کردووە، ئەو کاتێک دەچێتە تەمەنەوە لەگەڵ منداڵان یاریی زار دەکات یاریی زاریش یارییەکە پەیوەندیی بە ژمارەوە هەیە و یارییەکی بیرکاریانەیە. بەئەگەرێکی زۆرەوە سەرچاوەی ئەو یارییە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵات و، کات بەسەربردن هۆی داهێنانی بووە. هەروەها، پلاتۆنیش لە دایەلۆگی فێزرۆس وەک ئاماژەمان پێدا، باس لە دەرکەوتنی یارییەکان لە میسر دەکات کە وابەستەن بە بیرکارییەوە.

 

ب : ڕیشەناسیی  وشەی "کاتی ئازاد" لە زمانی یۆنانیدا

سەبارەت بە ڕیشەناسیی وشەی "کاتی ئازاد" لە زمانی یۆنانییدا، ئەو وشەیە لەگەڵ وشەی سخۆلیڤ(لێکدانەوە)دا هاتووە. لە فەرهەنگی وشەکانی زمانی یۆنانی (R, Liddell H.G. )–وشەی سخۆلی(سکوڵ)، بە واتای" کاتی ئازاد خراوەتە ڕوو و بەیان کراوە، ئەوان پێیان وایە، وشەکە لە زمانی یۆنانی دێریندا بە واتای کاتی ئازاد، خوێندن و تێڕامانی فەلسەفی، کۆبوونەوەی گرووپی فێرخوازان دێت. هەرچی لەسەردەمی هلێنیستیکیشدا، ئەوا  ئەو وشەیە بەمانای فەزای خویندن و فێربوون دێت. جی.بی هۆفمان (J. B. Hofman) وشەکە بە واتای قوتابخانە، بەکار هێناوە. هەروەها، لە فەرهەنگی نوێی ڕێنووس و ڕاڤەی وشە یۆنانییەکاندا "بە کاری فکریی، لێکۆڵینەوەی قووڵ و جیدی و مشتومڕکردن" هاتووە.

پرۆفیسۆر یۆرگۆس بابنیۆتیس، زمانناسی پایەبڵندی زمانی یۆنانی، بەهەمان شێوە ئاماژە بەوە دەدا کە مانا دێرینەکەی وشەی ڕاڤە-لێکدانەوە، واتە پێدانی کاتی ئازاد بە تێڕامان و بیرکردنەوە؛ دواتر لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ماناکەی گۆڕانی بەسەردا هاتووە بۆ تەرخانکردنی کاتی ئازاد بۆ پەروەردە و خۆپەروەردەکردن و شارەزایی لە بوارێک، یان خستنەڕووی زانین و شارەزایی بە شێوەی سیستماتیک، ئەمەش لە مانای "سخۆلیازۆ-، واتە لێکدانەوە و خستنەڕووی بۆچوون سەبارەت بە کەسێک یان شتێک" خۆی دەنوێنێت.

لێرەوە دەگەینە ئەو  بۆچوونەی کەوا مەبەست لە کاتی ئازاد ئەوەیە، بوار بە مرۆڤ دەدات بۆ بیرکردنەوە و فێربوونی هونەرێک لە هونەرەکان یا زانستێک لە زانستەکان واتە کەسێک کاتی تەواوی هەبێت و کاتێکی تەواوی دابێت بە بیرکردنەوە، زانین وخۆپەروەردەکردن لە هونەرێک لە هونەرەکاندا، یان زانستێک لە زانستەکان. دواتر ماناکە وەک خۆی مایەوە. بۆ نموونە، هەروەک پێویست بوو کاتێکی پێویست بدرێت بە بیرکاری تا کەسێک فێری بێت.

پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە وشەی کاتی ئازاد لای ئەریستۆ وەک چەمکێک لە چەمکەکانی دیکە نەهاتووە یا بەڕاشکاوی  ناگەڕێتەوە سەر ڕیشەناسیی  وشەکە، بەڵام لەبەرهەمەکانی دیکەدا، لەوانە: ئەخلاقی نیکۆماخۆسی، وشەی کاتی ئازاد بوونی هەیە و بەکاری دێنێت.گریمانە دەکرێت لەبەرئەوە بێت كە ئەم وشە پەیوەندیی  بە کردەی مرۆییەوە هەبێت، هەروەها خستنەڕووی ئەم وشەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لەناو مرۆڤەکاندا لە یۆنانی دێریندا بەکار هێنراون، تەنانەت مانای تایبەتیشی هەبووە.



ج. بۆچوونەکەی ئەریستۆ دەربارەی بنەڕەتی هەبوون و دەرکەوتنی بیرکاری

بۆچوونەکەی ئەریستۆ لەبارەی بنەڕەتی هەبوون و دەرکەوتنی بیرکاری بەم شێوەی خوارەوە دەخەینە ڕوو و ڕاڤەی دەکەین:

یەکەم: دەرکەوتنی بیرکاری

لێرەدا ئەریستۆ هەوڵدەدات لە ڕێگەی چەمکەکانی "لێکدانەوە" و "کاتی ئازاد"ـەوە باس لە کرداری دەستپێکی دەرکەوتنی هونەرە بیرکارییەکان بکات. کاتی ئازاد (وەک لە ڕیشەناسیی وشەکەدا خستمانە ڕوو) واتە کەسێک کاتی تەواوی هەبێت و کاتێکی تەواو بدات بە ڕاڤەکردن، تێکڕا کاتی تەواو بۆ بیرکردنەوە، زانین و خۆپەروەردەکردن لە هونەرێک لە هونەرەکان، یان زانستێک لە زانستەکان. ڕاهیبەکانی میسر کاتی تەواویان پێدرا بۆ بیرکردنەوە و ڕاڤەکردنی هونەرە بیرکارییەکان. دواتر ئەو گرنگییە وەک خۆی مایەوە و پێویست بوو، کاتێک کەسێک دەیویست لەو زانستە بەهرەمەند بێت، پێویست بوو کاتی تەواوی پێ بدات.

ئەسکەندەری ئەفرۆدیدی (لە کۆتایی سەدەی دووەم و سەرەتای سەدەی سێیەمی پاش زایندا ژیاوە) یەکێکە لە ڕاڤەکارە  یەکەمینەکانی بەرهەمەکانی ئەریستۆ. بە گوێڕەی ڕاڤەی ئەو، ڕاهیبەکان ڕاڤەیان بۆ ڕێوڕەسمەکان و ئەو دیاردە ئاسمانییانە کردووە کە پەیدا دەبن، هەر ئەمە وای کردووە ئەندازەزانی لەوێ پەیدا ببێ.

ئەریستۆ هەوڵ دەدات لەڕێگای چەمکی " کاتی ئازاد" و " ڕاڤەکردن"ـەوە دەستپێکی دەرکەوتنی کرداری هونەرەبیرکارییەکان بخاتە ڕوو، لێرەدا مەبەستی پێشاندانی کردارەکییانەی بیرکارییە، نەک پەیدابوونەکەی.

لەسەرەتادا ئەریستۆ لەڕێگای خستنەڕووی هونەرەکانەوە هەم هەوڵی دیاریکردن و جیاکردنەوەی خولیای مرۆڤ بۆ "زانین" دەدات، هەم پلەبەندییەک لەڕێگای هونەرەکانەوە بنیات دەنێت، بەڵام خاڵێکی جەوهەری کە هۆکارە، ئەوەی هۆکاری پەیدابوونی هونەرەکانە دەبەستێتەوە بە دوو هۆکار "لەبەر پێویستی یان بۆ چێژ"، بەڵام بیرکاری دەخاتە دەرەوەی ئەوانەوە. ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجە، باس لە هۆکارەکانی دەرکەوتنی ناکات، بەڵکوو باس لە دەستپێکی دەرکەوتنەکە (کردەکە) دەکات.

 

دووەم: هۆکار و بنەڕەتی هەبوونی بیرکاری 

سەرەتا پێویستە بپرسین ئەگەرهۆی دەرکەوتنی بیرکاری لەبەر پێویستی یان چێژ نەبێت، ئەی هۆکاری بوونی چییە؟ بۆ هەیە؟ کەی هەبووە؟ لێرەدا بەشێوەیەکی پوخت هەوڵی ڕاڤەیەکی نوێ دەدەین.

لەڕاستیدا، ئەم مشتومڕە کە ئەریستۆ سەبارەت بە بیرکاری دەیخاتە ڕوو، مەسەلەیەکی مێتافیزکییە. ئەگەر بەوردی لە دەقەکەی ئەریستۆ ورد بینەوە، ئەوا بیرکاری وەک وەحی خودایی "سروشتی" دەبینرێت. هەروەک چۆن جیهان "گەردوون" لای ئەریسۆ بەپێی سروشت و لە زاتی خۆیدا" هەبووە، هەیە و دەبێت" ئەبەدییە.  نە لەبەر پێداویستی دروست بووە، نە لەبەر چێژ، بەهەمان شێوە بیرکاریش نە لەبەر پێداویستی پەیدابووە و نە لەبەر چێژ، بەڵکو هەبووە، بیرکاری هەمیشەییە و هەبووە و هەیە و دەبێت. ئەریستۆ بۆ نموونە ژمارەکان بە ئاپیرۆ "ناکۆتا- بێکۆتایی" دەخاتە ڕوو. هەرچی دەرکەوتنەکانیشیانە لەسەر هەبووەکان و شتەکان، خۆیان دەنوێنن. لای ئەریستۆ هێڵەکان و ژمارەکان سەرەتا وێنەن لە زەینی ئێمەدا و دواتر لەڕێگەی بوونی شتێکەوە دێنە ئارا. بۆ نموونە، چوار کورسی،  هەم وێنەی کورسییەکان و هەم ژمارەکە لە زەینی ئێمەدا هەن، کە دەڵێین کورسی واتە ژمارەی بێکۆتایی کورسی، ئێمە نازانین چەندە، بەڵام لەڕێگای ژمارەکانەوە بوونەکەی دیاری دەکرێت؛ چوار کورسی. هەندێک بۆچوونی ئەریستۆمان سەبارەت بە بیرکاری لەسەرەوە خستە ڕوو، لەم بوارەدا لێکۆڵینەوەی بێشومار ئەنجام دراون و لەبەر سنوورداربوونی توێژینەوەکەمان لەو پەرەگرافەی خراوەتە ڕوو، ناتوانین مشتومڕی ئەو بۆچوونانە بکەین.

واتە بیرکاری لە خۆیدا هەیە و بە دەرکەوتنی هەبووەکان دەردەکەوێت. فیساگۆراس پێی وابوو ژمارەکان ڕیشە-بنەمای واقیعن و "بنەمای گشت هەبووەکانە" هەروەک پێی وابوو "هەموو ئەوەی کە هەیە یەکە" (ژمارە یەکە-مۆناداμονάδα )" سەرەڕای بۆچوونە جیاوازەکانی ئەریستۆ سەبارەت بە فیساگۆراس و فیساگۆراسییەکان، بەڵام ئەگەری زۆرە کە گەیشتنی ئەم دیدەی ئەریستۆ بۆ بوونی بیرکاری دەگەڕێتەوە بۆ  دووبارەلێکدانەوە دەربارەی بیرکاری کە فیساگۆراس پێی وابوو "هەبووەکان یانی ژمارەکان". ئەریستۆ ئەوە دەخاتە ڕوو سەرقاڵبوونی سیستمەتیکییانەی فیساگۆراسیەکان لەگەڵ بیرکاری ڕێنوێنی ئەوانی کرد تا بگەنە ئەو باوەڕەی کە  بنەماکانی بیرکاری بنەماکانی هەموو هەبووەکانە.

سەرەڕای بۆچوونە بنەڕەتییەکەی کەوا گەردوون وەک یەکەیەک "گشت"ێک واتە ( هارمۆنیا و ژمارە). بە ئەگەرێکی زۆرەوە لێکدانەوەی ئەریستۆ بۆ چوونی فیساگۆراسییەکان بەتەنیا ئەوە نەبێ کە هەبووەکان یانی ژمارە و لە ژمارە پێکهاتوون؛ هەروەها، هەر دوون وەک گشتێک بەواتای ( هارمۆنیا و ژمارە) بێت، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە کە بوون چۆن لە زاتی خۆیدا هەیە بەهەمان شێوە ژمارەکانیش لە" خۆیاندا هەن" 

 

ئەنجامەکان:

  1. بنەمای ئەو بۆچوونەی ئەریستۆ سەبارەت بە بیرکاری دەیخاتە ڕوو مێتافیزکییە. هەروەک چۆن جیهان "گەردوون" لە زاتی خۆیدا هەیە، نە لەبەر پێداویستی دروست بووە نە لەبەر چێژ، بەهەمان شێوە بیرکاریش نە لەبەر پێداویستی پەیدا بووە و نە لەبەر چێژ، بەڵکوو  هەبووە، بیرکاری هەمیشەییە و هەبووە و هەیە و دەبێت.

 

  1. یەکێک لەو مشتومڕانەی لەنێوان فەلسەفە و زانست لەسەردەمی دێریندا دێتە ئاراوە، بەهۆی بیرکارییەوەیە؛ ئەریستۆ ڕۆڵی بنچینەیی دەبینێت لە دیاریکردنی مێژووی ئەو جیاوازییە.

 

  1. ئەرستۆ لەڕێگای ئەم دەقەوە بەشێوەی سیستماتیک بۆچوونی خۆی لەبارەی بوون  و دەرکەوتنی بیرکارییەوە دەخاتە ڕوو.

 

  1. ئەریستۆ بە خستنەڕووی بۆچوونەکەیەوە، دوو جۆر زانین دەخاتە ڕوو: زانینێک لەپێناو  پێویستی و کات بەسەربردن و زانینێک لەپێناو زانیندا.

 

  1. بەخستنەڕووی ئەم بۆچوونە سەبارەت بە ڕاهیبەکانی میسر،ئەوە دەردەخات کە ئەریستۆ زانیاری لەسەر کولتوورەکانی ڕۆژهەڵات هەبووە، چونکە ئەو تێڕوانینەی بۆ ڕۆژهەڵات وردی و زۆریی مەعریفە و قووڵایی هزرەکەی دەردەخات.

 

سەرچاوەکان: 

 

دەقی ئەو پەرەگرافەی بەرهەمەکەی ئەریستۆ لەم سەرچاوە خوارەوە وەرگێڕدراوە.

- Αριστοτέλης, Μετά τα φυσικά Α, εισαγωγή-μετάφραση-σχόλια, Βασίλης. Κάλφας, Ζήτρος , Θεσσαλονίκη, 2014, σελ. 211.

هەروەها سەبارەت بە ژمارەدانان بۆ ئەو پەرەگرافانەی بەرهەمەکانی ئەریستۆ ئاماژەمان پێداون گەڕاوینەوە بۆ ئەم سەرچاوەیەی خوارەوە:

- Bekker, Immanuelis. Aristotelis GRAECE ex recensione. Vols. I-II . Bερολίνο: edidit Academia Regia Borussica, 1831

سەرچاوەکان بەزمانی یۆنانی:

  • ΠΛΑΤΩΝ. ΔΙΑΛΟΓΟΙ: Φαίδρος, Φαίδων, Τίμαιος, Συμπόσιο. Μετάφραση: Μεταφραστική ομάδα Κάκτου. Αθήνα : Κάκτος, 1993.
  • Πλάτων. Τίμαιος. Μετάφραση: Βασίκης Κάλφας. Αθήνα: Πόλις, 1995.
  • Πλάτων. Φαίδρος. Μετάφραση: Παναγιώτης Δόικος. Θεσσαλονίκη: Ζήτρος, 2020.
  • Πλάτωνος. , Φαίδρος. Μετάφραση: Ιωάννης Ν. Θεοδωρακόπουλος. Αθήνα: Βιβλιοπωλείο της Εστίας, 2010

 

  • Αριστοτέλης. Μετά τα φυσικά, TOMOΣ A,(BIBΛIAA_-Δ_), Μετάφραση, Σημελώσεις, Νικόλαος Κουλιόπουλος, Επιμλέλεια, Ανριάννα Χαλά:  εκδόσεις, ΓΕΩΓΙΑΔΗ, Αθήνα,2006
  • Λαέρτιος, Διογένης. Βίοι καὶγνῶμαι. Μετάφραση: Θεόδωρος . Γ. Μαυρόπουλος. Θεσσαλονίκη: Ζήτρος, 2007.
  • W.D.Ross. Αριστοτέλης. Μετάφραση: Μαριλίζα Μητσού. Αθήνα: Μ.Ι.Ε.Τ, 2001.
  • During, Ingemar. Αριστοτέλης, Παρουσίαση και ερμηνεία της σκέψης του. Μετάφραση: Π. Κοτζιά - Παντέλη. Τόμ. Α. Αθήνα: Μ.Ι.Ε.Τ, 2015.
  • Νεστλέ, Τέλλερ -. Ιστορία της Ελληνικής Φιλοσοφίας. Μετάφραση: Χ. Θεοδωρίδη. Αθήνα: εστίας, 1980.
  • Βασίλης, Γιώργος Ζωγραφίδης Κάλφας. Αρχαίοι Έλληνες Φιλόσοφοι. Χ.τ.: το Βήμα, 2006.
  • Κάλφας, Βασίλης. Η φιλοσοφία του Αριστοτέλη. Αθήνα: Σ. Ε. Α. Β., 2015.
  • Κάλφας, Βασίλης. «Αρχαία Ελληνική Φιλοσοφία Από τον Θαλή στον Αριστοτέλη.» ΙΤΕ, , : .

 

سەرچاوەکان بە زمانی ئینگلیزی:

 

  • Aristotle. Metaphysics, Edited and commented, with an introduction, W. D. Ross. 2 vols. Oxford, Clarendon Press 1924.

 

  • Aristotle. The Complete Works of Aristotle. Rev. Oxford Edited and Translated, Jonathan Barnes. Princeton, Princeton University Press 1995.

 

  • Aristotle. Metaphysics Alpha. With an Edition of the Greek Text by Oliver Primavesi, Edited by Carlos Steel. Symposium Aristotelicum, Oxford, Oxford University Press 2012.

 

  • Cambridge. The Cambridge Companion to Aristotle. Cambridge: University Press, 1995. (Aristotle’s Life and work, by Jonathan Barnes)
  • Burton, David M. The History of Mathematics AN INTRODUCTION. New York: McGraw Hill, Seventh Edition, 2010.
  • A. E. Taylor. Aristotle, The Project Gutenberg E Book, 2015.

 

سەرچاوەکان بە زمانی عەرەبی:

  • ستيدال جاكلين ، تاريخ الرياضيات ، ترجمة، أ.د. محمد عبد العظيم سعود، مراجعة محمد فتحي خضر، مؤسسة هنداوي٢٠١٦.
  • محمد محمود محمد على ، الأصول الشرقية للعلم اليوناني ،  الطبعة الأولى ١٩٩٨ ، صدرت هذه النسخة عن مؤسسة هنداوي عام ٢٠٢٤ 




فەرهەنگەکان:

سەبارەت بە ڕیشەناسیی وشەی لێکدانەوە (ڕاڤەکردن)- کاتی ئازاد گەڕاوینەتەوە بۆ ئەم فەرهەنگانەی خوارەوە:

  • R, Liddell H.G. – Scott. Μέγα Λεξικόν της Ελληνικής Γλώσσης. Εν Αθήναις, εκ του τυπογραφείου Α. Κωνσταντινίδου , 1901-2007.
  • Hofmann, J. B. Ετυμολογικόνλεξικόν της αρχαίας ελληνικής. Αθηνά: Παπαδήμας , 2009.
  • Μπαμπινιώτης, Γεώργιος. λεξικό για το σχολείο και το γραφείο 1 Α-Β. Αθήνα: κέντρο λεξικολογίας Ε.Π.Ε., 2004
  • Δημήτρης, Δημητράκος. Νέον Ορθογραφικόν Ερμηνευτικόν Λεξικόν. χ.τ.: Τζανετάτου, 1969.
ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X