د. کامهران محهمهد
(مامۆستای زانکۆ)
پێشهکی
یۆهان گۆتفرید هێردەر (1744-1803) بە یەکێک لە دیارترین فەیلەسوفەکانی ئەڵمانیا دادەنرێت، کە ڕۆڵی بنەڕەتیی لە دامەزراندنی فەلسەفەی مێژووی نوێدا گێڕا. دیدی مێژوویی ئەو بە ئاوێزانکردنی عەقڵانییەتی ڕۆشنگەری لەگەڵ ڕۆمانتیکدا دەناسرێتەوە، بەمەش جیهانبینییەکی مرۆیی بێوێنەی دەربارەی ڕەوتی مێژووی مرۆڤایەتی بەرهەم هێنا، کە ئاڵنگاری مۆدێلە هێڵییەکان و یۆرۆسەنتریزم و ڕەوتە حەتمییەتگەراکانی کرد، کە هەژموونیان بەسەر مێژوونووسیی سەدەی نۆزدەهەمدا هەبوو. ئەم توێژینەوەیە ئەنجامدانی شیکارییەکی گشتگیرە دهربارهی فەلسەفەی مێژووی هێردەر، نەک تەنها تیشک خستنەسەر پشکدارییە بێوێنەکانی، بەڵکوو بۆ ئەوەی بیخاتە نێو ناوکۆ فەلسەفییە بەردەوامەکان سەبارەت بە "چییەتیی مێژوو" و "ڕۆڵی گێڕانەوە" و "فرەیی ژیارەکان" و "پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان کولتوور و کاتەکان".
گرنگیی ئەم لێکۆڵینەوەیە لەو ئەڵتەرناتیڤە ئەپستمۆلۆجی و مێژووییەدایە کە هێردەر لەمیانەی دیدە فرەیی و ڕێژەیی و سۆزێتییەکانی پەرەسەندنی مێژووییەوە پێشکەشی ڕێڤاژۆ (میتۆدە) مێژووییە هەژمووندارەکانی کردووە. لە سەردەمێکدا کە نووسینە مێژوویییەکان بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئیمپراتۆرێتییەکان یان ئامانجە تەسکە ناسیۆنالیستییەکان بەکار دەهێنرا، هێردەر جیهانبینییەکی جیامەندی بۆ مێژووی مرۆڤایەتی پێشکەش کرد، ئەویش بریتی بوو لە چنراوێکی جۆراوجۆری کولتوور و ژیارەکان، کە هەریەکەیان ڕیتم و بەهای خودیی خۆیان هەبوو. جەختکردنەوە لەسەر ڕۆحی گەل (فۆڵکسگەیست) و ڕەخنە لە ئەبستراکت و چەمکە گەردوونییەکان و سووربوونی لەسەر ئەوەی کە مێژوو تەنها لەنێو ئەزموونی مرۆڤایەتی (گەلان)ەوە دەتوانرێت لێی تێبگەین، دەرگای سەرلەنوێ پێداچوونەوەی بۆ زۆرێک لە گێڕانەوە مێژووییە هاوچەرخەکان کردهوه.
ئەم توێژینەوەیە لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پرسیاری بنەڕەتی ئەنجام دراوە، کە بریتین لە: ئەو بنەمایانە کە فەلسەفەی مێژوی هێردەر لەسەری بونیاد نراوە و جیاوازیی فەلسەفەکەی لەگەڵ هاوچەرخەکانی وەک ڤۆڵتێر و کۆندۆرسیە و هیوم چین؟ دواتر پەیوەندییەکانی نێوان مێژوونووس و فەیلەسوف و هونەرمەند لەکوێدان؟ بە واتایەکی تر، گێڕانەوە و لۆجیک و شیعر لەکوێی مێژوودا جێگەیان دەبێتەوە؟ ئایا گشتاندن و ئەبستراکت دەتوانێت گوزارشت لە مێژووە ڕەنگاوڕەنگەکانی مرۆڤایەتی بکات؟ هاوکات هێردەر چۆن چەمکەکانی هۆکارێتیی مێژوویی و کات و جیاوازیی کولتووریی داڕشت؟
ئەم توێژینەوەیە ڕێڤاژۆیەکی (میتۆدێکی) شیکاریی لەسەر بنەڕەتی خوێندنەوەی وردی بەرهەمە سەرەکییەکانی هێردەر لە فەلسەفەی مێژوودا بەکارهێناوە. لێرهدا وەک پێشەکییەک بۆ فەیلەسوفەکانی دواتر، مامەڵە لەگەڵ هزری هێردەردا نهکراوه، بەڵکوو وەک دیدێکی فەلسەفی سەربەخۆ و یەکگرتوو لە چوارچێوەی بونیادە ڕامانەییە (تیۆرییە) تایبەتەکەی خۆی دەسەپێنێت. توێژینەوەکە لەڕێگەی شیکارییەکی تێڕامانییەوە، هەوڵ دەدات جیهانبینیی هێردەر بۆ مێژوو لە ناوەوە بونیاد بنێتەوە و تواناییە ڕەخنەیی و مەعریفییەکانی ئاشکرا بکات. بەم شێوەیە ئەم توێژینەوەیە هیوادارە لە خەمڵاندنی فەلسەفەیەکی مێژوویی مرۆڤانەتر و فرەییتردا پشکداریی بکات، کە قووڵایی ئاکاریی و جۆراوجۆرێتیی کولتووریی بۆ ئەزموونی مرۆیی بگەڕێنێتەوە.
یهکهم: سەرچاوە مەعریفییەکانى هێردەر
بۆ ئەوەى لە فەلسەفەى هێردەر بەرانبەر بە مێژوو تێبگەین، دەبێت بەو سەرچاوە مەعریفییانە ئاشنا ببین، کە ڕۆڵیان لە گەڵاڵەکردنى بیرە فەلسەفییەکانى ئەو بۆ مێژوو گێڕا. ئەو سەرچاوانەش جیاواز و جۆراوجۆربوون. هێردەر کاتێک سەرچاوەیەکى وەردەگرت، سەرلەنوێ و بەپێى پێدراوە سەردەمییەکان کە زانستى سەردەم پێیگەیشتبوو، دایدەڕشتنەوە؛ بەلاى ئەوەوە بەڵگەنامەکان بەتەنها گوزارشتیان لە گوتارێکى نووسراو نەدەکرد، بەڵکوو کتێبى "سروشت"ى کراوە، کە تێیدا نیشانەکانى بوونەوەرە زیندوو و بێگیانەکانیشى تێدا دەخوێنینەوە، لەخۆ دەگرت. ئەوانەى لە سەردەمە دێرینەکانەوە هەبوون و ئێستاش بەهۆى ماددە سروشتییەکانەوە لە پێکهاتن و دروستبووندان. واتە، بەلاى هێردەرەوە بەڵگەنامەکان بۆ دوو جۆر دابەش دەکرێن: "بەڵگەنامەى نووسراو" کە لە کولتوور و "شته چاپکراوەکان" کە لە سروشتەوە سەرچاوە دەگرن و بنهڕهتی بوونی مرۆڤایهتیین.
ههروهها لە نووسینەکانى هێردەردا بەشێکى زۆرى هزرەکانى سەدەى هەژدەهەممان بەرچاودەکەوێت. وەک هزرەکانى سپینوزا و لیبنتز؛ ڕۆسۆش شوێن پەنجەى ڕوونى خۆى بەسەر هزرى هێردەرەوە بەجێهێشت، بەتایبەت لە گەڕانەوە بۆ سروشت و داماڵین لە ئەنانیەت و نەژادپەرستیی مرۆڤەکان. هەروەها هێردەر سوودێکى زۆرى لە هزرەیلى فەیلەسوفە ئینگلیزییەکانى وەک جۆن لۆک و دیفید هیوم وەرگرت.
دواتر دانانى ژیانى کۆمەڵ و جڤاکەکان بە یەکەى توێژینەوەى مێژوو، لە باتى ژیانى تاک و فەرمانڕەوا و پاشاکان، پێشتر هیوم و ڤیکۆ و مۆنتسکیۆ ئاماژەیان پێ کردبوو.
دهبێت ئاماژه بۆ ئهوهش بکهین، که لە یەکەم ڕستەوە تا دوا وشەى نووسراوە فەلسەفى و مێژووییەکانى هێردەرهوه بە چڕى ئامادەبوونى "فەلسەفەى ڕواقیی"ەکانمان بەرچاو دەکەوێت، بەتایبەت دەربارەى پەرستراوێتى (الالوهیە)، چاودێرى خوایى (Providence) كە چارەنووسى مرۆڤ بەڕێوە دەبات و گونجانى ڕەگەزەکانى گەردوون و پێکهاتنى لە سیستەمێکدا کە چاودێرى ئەزەلى بەڕێوەى دەبات، بەتایبەتیش نووسراوەکانى (زینونى کتیومى Zenon de Cittium) 333-263 پ.ز و (دیوجینى لایرسى).
هەروەها گێڕانەوەى جۆراوجۆرێتیی ژیارەکان بۆ هۆکارە جیۆگرافى و فیزیاییەکان (مۆنتسکیۆ زۆر بەڕوونى و قەشە ئەیڤرمون Saint Evermond) باسیان لێوە کردبوو. ڕەتکردنەوەى بڕیاردان لەسەر جڤاکە دێرینەکانیش لەژێر ڕۆشنایى بەها نوێیەکاندا، پێش هێردەریش لسنج و ڤۆڵتێر لێی دوابوون. هاوکات بیرۆکەى "ڕۆحى نەتەوە"ش، کە بابەتێکى بنەڕەتیی نێو فەلسەفەى مێژووى هێردەرە، بیرۆکەیەکى بنەڕەتیی فەلسەفەى هەریەک لە ڤیکۆ و مۆنتسکیۆ و موسروهامان و زیریمان و...هتد بووە.
قسەکردن دەربارەى جیاوازیی نموونە و بەهاى نێوان ژیارەکان و جیاوازیی واتاى بەختەوەرى لەنێوانیاندا، زۆر بەڕوونى لە نامەکەى ئادەم فیرجسون (Adam Ferguson) (مێژووى جڤاکى مەدەنى) بەرچاو دەکەوێت. هەروەها لێکدانەوەى ڕووداوە مێژووییەکان لەژێر ڕۆشنایى گوتەزا سروشتى و بایلۆجییەکان یاخود جیوفیزیاییەکاندا لاى هەریەک لە شوێنکەوتووانى لۆک و هلفتسیوس و مەوسوعییەکان ناسراو بوون.
دووهم: مێژووگهرێتی
یۆهان گۆتفرید هێردەرJ. G. Herder (1744-1803) بە ڕێبەری بزووتنەوەی مێژووگهرێتی (Historicism) یاخود سەربەخۆبوونی ڕێڤاژۆی (میتۆدی) مێژوو لە ڕێڤاژۆی زانستە سروشتییەكان و تەنیایی بوونی مێژوو دادەنرێت. هێردەر لە خێزانێكی ئایینداری پارێزگار گەورە بووبوو، بەوردی لاهوتیشی خوێندبوو، بۆیە پێگەیشتنەكەی پێگەیشتنێكی ئایینی بوو، تێیدا حهزی پارێزگارێتیی شوێنەوارێكی دوورتری لەوە بەجێهێشت، كە بەتەنها بەرهەڵستی ڕەوتی سەردەمی ڕۆشنگەری بكات، كە ڕەخنەی ئاراستەی ئایین دەكرد و پێی بێباوەڕ بوو، چونكە ئەو ڕەوتە پارێزگارێتییە، كە ئایینی بوو، گرنگی بەلایەنی ڕۆحی تاك لە ئاییندا دەدا، نەك لایەنی لاهوتی ئایینزایی، بۆیە لەپاشانیشدا ئەوە هۆشیاری تاكی بەرانبەر بە تاكێتی و سەربەخۆییبوونی لە كۆمەڵی مرۆڤایەتی زیاد دەكرد، ئەوەش بەسەر تێڕوانینیدا بۆ مێژوو شكایەوە. بۆیە میتۆدی مێژوویی لای ئەو بووە "تاكێتیی مێژوو"، بەو پێیەی لە مێژوودا بەتەواوی دوو چركەسات یەكسان نابن، هەر وەكوو چۆن لای سۆفی "دوو كات" یەكسان نابن. هەروەها هێردەر قوتابییەكی بەردەستی كانت بوو، كە بەڕووی كتێبەكانی مۆنتسكیۆ و ڕۆسۆ و هیوم-دا كردییەوە، بۆیە هێردەر بە بەرهەڵستیكردنی كانت بۆ ڕەوتی سەردەمی ڕۆشنگەری، بەتایبەتی بەبەرهەڵستیكردنی تێڕوانینە مێژووییەكانیان سەرسام بوو، دواتر (هێردەر) ڕەخنەی لە هەندێ لە كتێبە فەلسەفییەكانی كانت-یش گرت، بەڵام ئهو زیاتر بە لیبنتز-ی فەیلەسوفی ئینگلیزی سەرسام بوو و كەوتە ژێر كاریگەرێتییەوە، ئەوەش بەتەنها لە باوەڕبوونیدا نەبوو بە چاودێریی خوایی (العنایە الالهیە) یاخود سەرخستنی بیروباوەڕە ئایینییەكان بە فەلسەفە، بەڵكوو سەرسامبوونەكەی ڕامانەی (تیۆریی) مونادەكان* یاخود ناوەڕۆكە ڕۆحییەكانیشی گرتەوە، ئەو كاروبارەی كە نیگای تاكێتیی واقیعە مێژووییەكانی پێ بەخشی.
هەروەها هێردەر لەگەڵ گۆتە-دا بزووتنەوەیەكی وێژەیی بە ناوی "حركە العاصفە والاندفاع" پێكهێنا، جا حهزی ئەدەبیش كاریگەریی لهسهر جێهێشت، چونكە لەگەڵ مۆركی زانستی زانستە سروشتییەكاندا نەدەگونجا؛ گۆتە لایەنی ڕۆمانسیی لە هزری هێردەر-دا هێندەی تر تۆخ كردەوە، بەو ئەندازەیەش لە زانستیبوونی لۆجیکییانهی مێژوو دووری خستەوە. بەوشێوەیە هۆكارە ئایینی و وێژەییەكان پێكەوە گونجان و هێردەر-یان گەیاندە ڕێبەرێتیی بزووتنەوەی مێژوویی بەرهەڵستكاری سەردەمی ڕۆشنگەری. بەم شێوەیە چەمكی مێژووگهرێتی بەشێوەیەكی توند بە هێردەر-ەوە بەستراوەتەوە؛ ئەو تەواوی ئەو هزرانەی ڕەت كردەوە كە فەلسەفەی ڕۆشنگەری دەربارەی بیرۆكەی پێشكەوتن بانگەشەی بۆ دەكرد و بەلایەوە بووبووە مۆركێكی مێژووی مرۆڤایەتی. هەروەها، لەو فەلسەفەیەدا ئەو قۆناغەی مێژوو پێی گەیشتبوو، جگە لە كەڵەكەبوونی شارەزاییە پێشینەییەكان سەبارەت بە ناوەڕۆكی پێشكەوتن شتێكی دیكە نەبوو. بەلای هێردەر-ەوە ئەو گۆڕانە بینراوانەی كە فەلسەفەی ڕۆشنگەری دیاری كردبوو، ههڵقوڵاوی كەوتنە نێو وەهمی گۆڕانی شتەكان لەسەر ئاستی بینراو و شێوەكان بوو. ئەمە لە كاتێكدا بابەتەكان وەك خۆیان دەمێننەوە. بۆیە لە تێروانینی ئەودا پێشكەوتنی گرنگ ئەو پێشكەوتنە بوو که لە ههناوی کولتووری هەر نەتەوەیەكدا ڕوو دەدات، كە هەڵگری بابەتی ڕۆحی نەتەوەیە؛ هەروەها دەبێت بە ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ كارتێكەرە دەرەكییەكاندا بكرێت، بەو پێیەی هەڕەشەیە بۆسەر ئەو ڕۆحە، كە دواتر هەڕەشەی بۆسەر پەرەسەندنی مێژووی مرۆڤایەتی لێ دەكەوێتەوە.
هێردەر وای دەبینێت چاودێریی خوایی بە تەنها چالاكییەكانی بەسەر سروشتدا چڕ ناكاتەوە و مێژووی لێ بكاتە دەرەوە، لەبەر ئەوە هەوڵی ئەوەی دەدا، لە ڕووداوە مێژووییە بەدوایەكدا هاتووەكاندا بەدیهاتنی نەخشەی خودایی و ئاراستەكەی بەرەو پێشكەوتن بدۆزێتەوە. بەڵام ئەو بیرۆكەیەی ڕەت دەكردەوە كە پێشكەوتنی بۆ ژیری ڕووت دەگەڕاندەوە. بهلای هێردهرهوه، مێژوو تەنها گێڕانەوەی ڕووداوەكان نەبوو، بە ئەندازەی ئەوەی كارلێكێكی ناوەكیی مرۆڤایەتی بوو لە خودی خۆیدا. لێرەشەوە جیهانبینییەكی مێژوویی نوێی دانا؛ دژ بوو لەگەڵ ئەو جیهانبینیەی ماكیاڤیلی داینابوو، كە تێیدا "مەبەست ئامراز دیاری دەكات"، ئەمە لەكاتێكدا بەلای هێردەرەوە مرۆڤ بوونەوەرێكی لێوانلێوە لە هەستەكان. ئەوەی گرنگیشە لە تێڕوانیندا بۆی لە چەندێتیی ئەو كردارانەدا بەرجەستە نابێت كە ئەو ئەنجامی دەدات، بە ئەندازەی ئەوەی لە توانادایە بۆ گەیشتن بە ئاشكراكردنی كاریگەرێتیی ئەو هەستانە (ئەو لە یەك كاتدا مەبەست وئامرازە)؛ بەوشێوەیە دەستكەوتە بەدیهاتووەكان لەسەر تەواوی ئاستەكان (ئایینی، هزری، هونەری، سیاسی، كۆمەڵایەتی) تەنها دیاردەگەلێكی مرۆڤەكان دەبێت. ئەمە لە كاتێكدا كاری بنەڕەتیی مێژوونووس دەبێت بەرەو قووڵایی ئەو دیاردانە ئاراستە بكرێت، ئەمەش لە میانەی تێپەڕاندنی تەواوی هزر و تێڕوانینەكان و تەركیزكردنە سەر شاراوە ناوەكییەكانی مرۆڤ، واتە "هەستەكان" بۆ گەیشتن بە ڕاستیی مێژوو و ڕاستیی سروشت.
بۆیە تێگەیشتنێكی دروست بۆ مێژوو، لای هێردهر وەك لە كتێبەكەیدا "فەلسەفەیەكی دیكە بۆ مێژوو" گوزارشتی لێ كرد، ڕزگاربوونی لەو تێگەیشتنە خراپە دەخواست كە جیهانبینیی سەردەمی ڕۆشنگەری بۆ مێژوو خستبوویە ڕوو، چونكە ئەو سەردەمە گریمانەی یەك سروشتی مرۆڤایەتی لە هەموو كات و شوێنێكدا دەكردو بەهایەكی ڕەهای دادەنا، ئەوەش بە سەپاندنی بەسەر هەموو سەردەمە مێژووییەكاندا. لەگەڵ ئەوەدا كە گۆڕانی هەمیشەیی كرۆكی ڕەوتی مێژووە، جا لای یەك نەتەوە دوو چركەسات هاوشێوە نییە، سەرەڕای دوو نەتەوە، جا ئەو مێژوونوسەی تێبینیی هاوشێوەكان دەكات و سەبارەت بە جیاوازییەكان بێئاگا دەبێت، ئەوا تێگەیشتنی واقعێتیی مێژوو خراپ دەكات.
لەبەر ئەوە لە كەسێتیی مرۆڤ تێناگەین ئەگەر لەبەر ڕۆشنایی تێكڕای ئەو لایەنانەدا نەبێت؛ بەهەمان شێوەش لە ڕۆحی جیامەندیی نەتەوەیەك و سەردەمێكی دیاریكراو تێناگەین ئەگەر لەبەر ڕۆشنایی هەموو پێكهێنەرەكانیدا نەبێت؛ ئەوانەش تەنها كردارگەلێكی دەرەكی نین، بەڵكوو سروشتێكی ناوەكین كە لەپشتەوەی ئەو كردارانەدا خۆی حەشار داوە و لە شێوەی جیاوازیی سیاسەت و ئابووری و فەلسەفە و هونەر و ئاییندا پێكی دەهێنن. بۆیە هەرگیز ناتوانرێت بە ڕێڤاژۆی (میتۆدی) زانستە سروشتییەكان گیانی نەتەوە و كەسێتییەكەی بناسرێت. چونكە ئەو ڕێڤاژۆیە جگە لەوەی ڕووكەش و دەرەكییە شتێكی دیكە نادۆزێتەوە. بەڵام ڕابوردووی مێژوویی ئەوا واقیعێكی ڕۆحییە و بە ڕۆحیش نەبێت ناتوانرێت ڕۆح بناسرێت، واتە ڕۆحی ناوەكیی مرۆڤە كە دەتوانێت ڕۆحی سەردەم ئاشكرا بكات؛ دواتریش مێژوونووس بۆئەوەی كەسێتیی نەتەوەیەك بناسێت دەبێت لەگەڵیدا كارلێك بكات و لە خودی خۆیدا هەست بە كولتوورەكەی بكات، ناشتوانرێت لەمیانەی گشتێتییە ئەبستراكتەكان (الكلیات المحددە)دا لەوە بگەین، هەروەكوو لەزانستە سروشتیەكاندا بەدی دەكرێت.
بهمشێوهیه ڕەوتی مێژووگهرێتی كە تەبەنی سەربەخۆبوونی مێژوو و میتۆدەكەی لە زانستە سروشتی و میتۆدەكەی دەكرد، لەسەر دژایەتیكردنی هزری سەردەمی ڕۆشنگەری و جیامەندبوونی لە سروشت بەردەوام بوو.
سێیهم: فەلسەفەی مێژوو لەنێوان گێڕانەوە و زانیندا
مێژوو: لە گێڕانەوەوە بۆ سیستەمی مەعریفی
هێردەر تێڕوانینێکی قووڵ دەخاتە ڕوو، کە تێگەیشتنی کلاسیکی "گێڕانەوەی مێژوویی" تێدەپەڕێنێت. ئەو مێژووی وەک گێڕانەوەیەکی کرۆنۆلۆژی ڕووداوە یەک لەدوا یەکەکان بەتەنها نەدەبینی، بەڵکوو بە بونیادێکی مەعریفیی دادەنا، کە لەنێو خۆیدا تامەزرۆییەکی فەلسەفی بۆ دروستکردنی "بونیادێکی ڕامانەیی (تیۆری) Lehrgebäudeی گشتگیری هەڵدەگرت، کە عەقڵ ڕۆشن دەکاتەوە و ڕابردوو بە ئێستاوە دەبەستێتەوە.
هێردەر لە خاڵێکی بنەڕەتییەوە چووه نێو توێژینهوه مێژووییەکانهوە، ئەویش ڕەخنەگرتن بوو لە تێگەیشتنە ڕووکەشییەکانی مێژوو، وەک بەڕوونی لە میانەی ڕەخنەگرتن لە پڕۆژەکەی مێژوونووس "وینکلمان" دەربارەی مێژووی هونەر دەردەکەوێت. ئەو پێی وایە نابێت مێژوو تەنها لیستی کرۆنۆلۆژیی ڕووداوەکان بێت، بەڵکوو دەبێت زانستێک بێت کە بەدوای تێگەیشتنێکی قووڵی جووڵەی هونەر و هزر و جڤاکدا بگەڕێت. دیارە وشەی یۆنانی (Histore) بۆ مێژوو، تەنها واتای گێڕانەوە نییە، بەڵکوو بە واتای "تێبینیکردن" و "زانین" و "پشکنین"یش دێت. بەم واتایە، مێژوو دەبێتە ئامرازێک بۆ پەیبردن بە پەیوەندییەکانی نێوان "هۆکار و ئەنجامەکان" و وردبوونەوە لە هەر واقیعێک وەک گشتێکی تەواو کە بنەڕەت و لێکەوتەی خۆی هەیە.
هێردەر باوەڕی وابوو "ماددەى مێژوو" بریتییە لە کار و غەریزە و کەش و ڕۆحى گەل لە ناوەندە جوگرافییەکەیدا، دواتر مێژوو دەبێت وەک "وێنە" بخرێتە ڕوو، نابێت بۆ بەگشتیکردن (تعمیمات) شی بکرێتەوە، بەڵکوو ئەفسونى مێژوو لە دیارنەبوون (غیاب) و دوورییەکەیدایە.
هەر بیرۆکەى ئەو دوورییە بوو توانیى ئەو هێزە پاڵنەرە لە هێردەردا بۆ کار و چالاکییەکان دروست بکات. وەک دەڵێت:" لێرەوە خۆشەویستیم بۆ تێڕامان و گریمانەکردن و لایەنە شاراوەکانى فەلسەفە و هۆنراوە و چیرۆک و هزر و حەزم بۆ سێبەرەکانى سەدە دێرینەکان و ئەو سەردەمە کۆنانەى کە بەسەر چوون و تامەزرۆییم بۆ عیبرانییەکان و یۆنان و میسرییەکان و کلت و سکوت و....تاد دروست بوو. هەر لەم خۆشەویستییەشەوە یەکەم بوارى چالاکى و خەونى گەنجێتیم بە جیهانى ئاوەزەکانەوە پەیوەست بوو، هەر ئەمەش ناچارى کردم تا بە نهێنییەکانى سایکۆلۆجیا و ئەو هزرە نوێیانەى لە دەروونى مرۆڤایەتییەوە دێنە دەرەوە ئاشنا ببم و دواتر شێوازى خۆم لە کۆکردنەوەى ڕوونى و پەنهانییدا دیاری بکەم و تێڕوانینە گشتییەکانم بۆ بەشەکان و وێنە مێژوویى و بەڵگەنامەکانى ڕەگەزى مرۆیى لێوەى دابڕڕێژرێت".
هێردەر شوێنێکى ناوەندیى لەنێوان ڤۆڵتێر و بۆسەوییەدا داگیرکردبوو، وەک ڤۆڵتێر دڵسۆزى زانست و وەک بۆسەوییە دڵسۆزى بەها ئایینییەکان بوو. هەر تێگەیشتنە فراوانە میانەڕەوییەکەى بوو کە توانیبووى هاوسەنگى لەنێوانیاندا ڕابگرێت. لەسەر ڕێبازەکەى ڤۆڵتێر توانى دیوارەکانى مێژووى ئایینى و مێژووى نائایینى تێکبشکێنێت. هاوکات جوانییەکانى سەردەمى ڕؤشنگەریى وەرگرت، بەبێ ئەوەى ئەو جوانییانە تاریکاییەک بکێشن بەسەر سەدەکانى ناوەڕاستدا. زۆر بەباشى توانیى پارێزگارى لە بەهاى هەستەکان و ئەندێشە دژ بە ژیرى و شیکارییەکانى بکات؛ هەروەها توانیى بیرۆکە نوێیەکانى ڤۆڵـتێر دەربارەى مێژووى شارستانێتى بە چێژێکى ئەدەبیى گشتگیر فراوان بکات، ئەمە لەکاتێکدا ڤۆڵتێر وای دەبینى کە کاروبارى مرۆڤ بێیاساییە و (فوضى)ه، بەڵام هێردەر نەخشە و سیستەمى تێدا دەبینییەوە؛ لە تێڕوانینى ئەمدا ئەم سیستەمە لە سیستەمەکەى بۆسەوییە جیاواز بوو.
مێژوونووس وەک فەیلەسوف
هەموو ڕووداوێک هەرچەندە سادە دەرکەوێت، لە هەناویدا تۆڕێک لە هۆکار و ئەنجامەکانی هەڵگرتووە. بۆیە هێردەر پێی وایە مێژوونووسی ڕاستەقینە تەنها گێڕەرەوە (وەگێڕ) نییە، بەڵکوو دەبێت فەیلەسوفێکی مێژوو بێت و لە پاڵنەر و ئەنجامەکان بکۆڵێتەوە و ئەڵقەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە و ئەو ڕێکوپێکی و سیستەمە ئاشکرا بکات کە لە پشێوییە ڕواڵەتییەکەیدا شاردراوەتەوە. بەم شێوەیە، مێژوو دەبێتە (بونیادێکی فێرکردنی مێژوویی)، واتە نواندنێکی مەعریفی، کە لەڕێگەیەوە فێربوون و تێگەیشتن دەکرێت، نەک تەنها بیرخستنەوە.
هەموو مێژوویەک "پاژێک" لە "گشت"ێکه، هەموو واقیعێک ئەڵقەیەکە لە زنجیرەیەکی فراوانی کاریگەرییەکاندا. کاتێک ڕووداوەکان لە چەند گۆشەیەکەوە بونیاد دەنێینەوە و لە ناوکۆ (سیاق) ناوخۆیی و دەرەکییەکەیدا لێی تێدەگەین، ئەوا ئێمە تەنها "چی ڕووی دا" ناخەینە ڕوو، بەڵکوو نەخشەیەکی مەعریفی دەکێشین کە وامان لێدەکات بیر لەوە بکەینەوە "بۆچی ڕووی دا؟ و "چۆن ڕووی دا؟"
سنووری زانینی مێژوویی
هێردەر سەرەڕای تامەزرۆییەکەی بۆ تێگەیشتن لە مێژوو وەک زانست، بەربەستە مەعریفییەکانی پشتگوێ نەخست. ئەو لەوە تێگەیشتبوو مێژوونووس هۆکار و ئەنجامەکان ڕاستەوخۆ نابینێت، بەڵکوو لەڕێگەی لێکچوون و تێڕامان و حەدەسی عەقڵییەوە ئاکامگیرییان دەکات. دواتر هەموو بونیادێکی مەعریفی مێژوویی وەک بارمتەی "توانایی عەقڵی مرۆیی بۆ خەمڵاندنی لۆژیکی" دەمێنێتەوە. ئەوەی بۆ هەندێک هۆکارێکی ئاشکرا بێت، ڕەنگە تەنیا لە ئەنجامی خواستێکی قووڵەوە بێت، بۆ دۆزینەوەی ئەوەی دەیانەوێت بیبینن. ئەمەیە کە وا لە مێژوونووسان دەکات، لە ڕاڤەکردنی یەک واقیعدا جیاواز بن، تەنانەت ئەگەر لە هەمان خاڵیشەوە لێی بڕوانن.
هێردەر دەپرسێت: ئایا هەتا چەند ئەندێشەی کەسی و کەسایەتی و فێرکردن و کولتوور دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئەوە هەبێت کە ئێمە بە "مێژوو"ی دەزانین؟ ئایا باوەڕی پێدەکەین، لەبەر ئەوەی دەیبینین، یان دەبینین لەبەر ئەوەی دەمانەوێت باوەڕی پێ بهێنین؟ ئایا ئێمە بە شێوەیەکی بابەتییانە بڕیار دەدەین، یان ئارەزووەکانمان بەسەر ڕابردوودا دەسەپێنین؟
هێردەر بەم پرسیارانە "ڕەهەندی دەروونیی مێژوو" ئاشکرا دەکات و ئەو بیرۆکەیە دادەمەزرێنێت کە ڕاستییە مێژووییەکان ڕەها نین، بەڵکوو ڕێژەیین و، ملکەچی "میزاج"ی عەقڵ و سنووردارێتیی تێگەیشتنە.
مێژوونووس وەک هونەرمەند
هێردەر دەستبەرداری حەزە جوانیناسییەکانی خۆی لە مێژوودا نابێت. لە تێڕوانینی ئەودا، مێژوونووسی گەورە تەنها "ڕووداوەکانی ڕۆژ" یان "گوێزەرەوەی ڕووداوەکان" نییە، بەڵکوو "هونەرمەندێکی مێژوویی"ە، کە تابلۆیەکی گەورەی ڕووداوەکان دەکێشێت و لە یەک تۆڕدا دەیانچنێت و واتایان پێ دەبەخشێت، کە وردەکارییەکان تێدەپەڕێنێت. ئەم مێژوونووسە "نیگارکێشێکی گەورە" و "بلیمەتێکی ڕاستەقینە"یە، چونکە تەنها ئەرکی خۆی لە گێڕانەوەدا کورت ناکاتەوە، بەڵکوو بونیادێک، دیدگایەک، پلانێک دروست دەکات. لێرەدا بونیادە ڕامانەییەکە (تیۆرییەکە) دەبێتە جەوهەری مێژوو؛ مێژوونووسیش دەبێتە دروستکەری مێژوو، نەک تەنها گوێزەرەوەی هەواڵ و ڕووداوەکان.
لە کۆتاییدا، هێردەر بانگهێشتمان دەکات بۆ تێگەیشتن لە مێژوو نەک وەک واقیعگەلێکی مردوو، بەڵکوو وەک کردەوەیەکی هزریی زیندوو، لەمیانەی تێڕامانێکی عەقڵانی و هونەرییەوە ڕابردوو بە ئێستاوە دەبەستێتەوە. مێژوو تەنها ئەوە نییە کە ڕووی داوە، بەڵکوو ئەوەیە کە چۆن دەیبینین و چۆن ڕاڤەی دەکەین و چۆن بەکاری دەهێنین بۆ بونیادنانی ناسینێکی قووڵتری مرۆڤ و جیهان و سوودی لێ دەبینین.
لەنێوان "گومان و باوەڕ" و "گێڕانەوە و شیکردنەوە" و "شاهێدیدان و عەقڵ"دا، مێژوونووس لە پێگەی فەیلەسوف، هونەرمەند، پەروەردەکاردا دەوەستێت؛ هەمیشە هەوڵ دەدات لە پشت دیاردەکانەوە سیستەم و لە پشت ڕووداوەکانیشەوە واتا بدۆزێتەوە.
چوارهم: هێردەر و مێژووییبوونی ڕۆح
هێردەر لە نامەی "هەشتا و هەشتەمین"یدا، "لەپێناو پێشکەوتنی مرۆڤایەتیدا" (1796) ، تەنها تێڕامانێکی کەسی لەسەر شیعر و ئەدەب پێشکەش ناکات، بەڵکوو بناغەیەکی فەلسەفیی تۆکمە بۆ دیدێکی نوێی فەلسەفەی مێژوو دادەنێت، کە لەسەر "تایبەتێتیی ئەزموونی کولتووریی" و "فرەیی ڕۆحی مرۆڤایەتی لە سەردەمە جیاوازەکاندا" دامەزراوە. هێردەر لەڕێگەی زمانە شیعرییەکەی و تێڕامانە قووڵەکەیەوە بۆ ئهوه بانگهێشتمان دەکات سەرلەنوێ بیر لە تێگهیشتنی خۆمان بهرانبهر به گەلان و سەردەمە مێژووییەکان بکەینەوە، هاوکات لە مەترسیی "گشتاندن" و "ئەبستراکت" لە کاتی قسەکردن لەسەر نەتەوەکان یان قۆناغە زەمەنییەکاندا ئاگادارمان دەکاتەوە.
ڕەخنە لە گشتاندنی مێژوویی و ئەبستراکت
هێردەر بەڕاشکاوی ئەو تێڕوانینانە بە مەترسی دادەنێت، کە هەوڵ دەدەن بە چەند وشەیەک وەسفی تەواوی نەتەوەیەک یان تەواوی سەردەمێک بکەن و دەپرسێت: چۆن دەتوانرێت بونیاد و بوونی ئاڵۆزی نەتەوەیەک یان قۆناغێکی وەک “سەدەکانی ناوەڕاست” یان “سەردەمی نوێ” لە گوزارەگەلێکدا کورت بکرێنەوە؟ ئەو پێی وایە ئەم جۆرە گشتاندنانە جۆراوجۆرێتی و دەوڵەمەندیی ئەزموونی مرۆڤایەتی ناتەواو و ئاڵۆز دەکەن.
ئەو بەم کارە، ڕێبازی ڕۆشنگەری ڕەت دەکاتەوە، کە لەسەر بنەمای پۆلێنکردنی گشتی دامەزرابوو و داوای "تێگەیشتنێکی هاوسۆزی" بۆ مێژوو دەکرد، کە لە ناوەوە نەک لە دەرەوە سەرچاوە بگرێت. واتە شاعیرێکی وەک دانتێ یان سێرڤانتێس نابێت تەنها وەک نوێنەری ئەدەبی ئیتاڵی یان ئیسپانی لێی بڕوانرێت، بەڵکوو وەک کەسێکی تەنها کە لە هەلومەرجێکی کولتووریی و مێژوویی تایبەت بەخۆیدا دروست بووە و دەبێ لە چوارچێوەکەی خۆیدا لێی تێبگەین.
تاکێتیی مێژوویی و زنجیرەی بەردەوامی کولتووری
سەرەڕای ئەم گرنگیدانە بە تاک، هێردەر تاکەکان لە چوارچێوە کولتووری و زەمەنییەکەی خۆیان دانابڕێت؛ دوای ڕۆچوون لە ئەزموونی شاعیرێکی دیاریکراودا، خێرا زنجیرە تەواوەکەی سەردەمی پێشوو یان دوایی وەک خۆی دەڵێت، بەبیر دێتەوە. لێرەدا چەمکی "بەردەوامیی مێژوویی" ئەو ئاشکرا دەبێت، نەک وەک پێشکەوتنێکی هێڵی، بەڵکوو وەک تۆڕێکی کارلێکی نێوان ڕۆح و ژیرییەکان بەپێی تێپەڕبوونی کاتەکان.
ئەم تێڕوانینە لە هەردوو جیهانبینییە "هێڵییەکانی مێژوو" دا، وەک ئەوەی لە فەلسەفەی ڕۆشنگەریدا هەبوو، لەگەڵ "چەمکە خولییەکان"، وەک ئەوەی لە فەلسەفە کلاسیکییەکاندا دەبینرا، دابڕا، هەتا ببێتە هۆی دروستبوونی "دیدێکی مێژوویی مرۆیی فرەیی" کە لە هەموو کولتوورێکدا دەربڕینێکی تایبەتی دەربارەی هاوبەشە مرۆڤایەتییەکان دەبینێت.
شیعر وەک دەرکەوتنی ڕۆحی نەتەوە
بەلاى هێردەرەوە، هۆنراوە جۆرێکە لە تێگەیشتنى ڕاستى واقیع. لە کاتێکدا ڕەخنەکار و شاعیرە هاوسەردەمەکانى وایان دەبینى کە هۆنراوە ئەنجامى بەدەستهاتوو و فێربوونە، یاخود ئامرازێکە بۆ کات بەسەربردن و دەروون ئاسوودەکردن. ئەمە لەکاتێکدا هێردەر پێی وابوو هۆنراوە لە دەوروبەرە مێژوویى و سروشتییەکەیەوە هەڵدەقوڵێت و، شاعیریش بەهۆى هەستەکانییەوە درکى پێدەکات. نیشانەى یەکەمى هۆنراوە سەرسوڕمانە. هۆنراوە بەرەنجامى پەیوەندییەکى دینامیکى نێوان مرۆڤ و جیهانە. تەنانەت هۆنراوە لە کرۆکەکەیدا گوزارشتکردن نییە لەو ژینگەیەى تێیدا لەدایک بووە، بەڵکوو لە سەرەتایدا لێى جیا دەبێتەوە و جیهانێکى تایبەت بەخۆى پێک دەهێنێت. زمانیش بەو توانستە مەزنەى کە بۆ ئافراندن و داهێنان هەیەتى، بوونێکى جەوهەریى جیاواز لە ژینگەکەى بە هۆنراوە دەبەخشێت. هەر لەم ڕوانگەیەوە هێردەر دەڵێت:" شاعیر بەدیهێنەرى ئەو نەتەوەیەیە کە تێیدا هەڵکەوتووە، لەبەر ئەوە جیهانێکى پێ دەبەخشێت تا بیبینێت.".
هێردەر باوەڕى وابوو "گۆرانى و ئەفسانەى میللى" ئەو سەرچاوانەن دەبێت شاعیرەکان لێی بەهرەمەند بن؛ هەوڵیشى داوە ئەوە ڕوون بکاتەوە لە مێژووى گەلە جیاوازەکاندا هەرکاتێک گونجان لەگەڵ گەل و سەرکردە و شاعیرەکاندا هاتبێتە ئاراوە، ئەوا سەردەمى ئاسوودەیى و پێشکەوتنى ژیارى باڵى بەسەردا کێشاون؛ هەرکاتێکیش کرانەوەیى هۆنراوە و عەقڵییەتە بلیمەتە داهێنەرەکان قەدەغە و سنووردار کرابن، ئەوا سەردەمى تاریکى و لێکهەڵوەشانى ژیارى باڵى بەسەردا کێشاون. هەربۆیە، هیردەر گرنگییەکى زۆرى بە هۆنراوەى جەرمانى کۆن دەدا کە لە گۆرانییە میللییەکاندا بەرجەستە دەبوو.. هاوکات گرنگیى زۆرى بە هۆنراوە و گۆرانى تروبادوور لە فەڕەنسا و مینسنجەر Minnesanger ئەڵمانیاى سەدەکانى ناوەڕاست دەدا. هەروەها هێردەر ئاماژە بە تواناییە بێوێنەکەى شێکسپیر دەکات لە زیندوکردنەوەى مێژوو و ئەو حەزە لە ئەندازە بەدەرەى بۆ ئەفسانەکانى باکوور هەیبوو.
هەروەک گۆتە دەڵێت:" کتێبەکانى ھێردەر فێریان کردم ک "هونەرى شاعیر" لە یەک کاتدا بەخشیشێکى جیهانى و بەخشیشێکى نەتەوەکانە، واتە میراتى تایبەتى چەند ڕۆشنبیرێک نییە". هێردەر شیعر وەک "گوڵی ڕۆحی مرۆڤایەتی" و "زمانی ئارەزووی کۆمەڵی مرۆڤایەتی" دەبینێت، کە دەرکەوتنێکی زیندووی ئەندێشە و ویژدانی نەتەوەییە. لە شیعردا ڕۆحی جڤاکیی میللەت دەردەکەوێت، هەروەها بلیمەتیی گەل (فۆڵکسگەیست Volksgeist) بەڕوونی، چ لە وێنە جوانیناسییەکانیدا یان لە گرژییەکانی ویژدانی جڤاکییدا ئاشکرا دەبێت.
لەم ڕوانگەیەوە، هێردەر خوێندنەوەی شیعر وەک ئامرازێکی فەلسەفی بۆ تێگەیشتن لە مێژوو دەبینێت، نەک وەک زنجیرەڕووداوێکی بەدوایەکدا هاتوو، بەڵکوو وەک گوزارشتێک لە تامەزرۆیی و ئەندێشەکردن و ئازار و هیوا. شاعیران نەک هەر لەبارەی خۆیانەوە دەگێڕنەوە، بەڵکوو بۆ نێو دونیای خۆیان و بۆ نێو هەستکردنیان بە ژیان دەمانگوازنەوە، کە بەرهەمەکانیان دەکاتە سەرچاوەیەکی بنەڕەتی بۆ خوێندنەوەی مێژوو لە ناوەوە.
بلیمەتیی نەتەوە و ڕۆحی سەردەم
هێردەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەموو نەتەوەیەک هەر وەک چۆن زمانێکی تایبەت بەخۆی هەیە، بەهەمان شێوازیش ئەندێشە و بیرکردنەوەی جیاوازی هەیە؛ ئەمەش ئەوە پێکدەهێنێت کە پێی دەوترێت "بلیمەتیی میللەت". بەڵام ئەم بلیمەتییە جێگیر نییە، بەڵکوو بە تێپەڕبوونی کات و کارلێککردن لەگەڵ کولتوورەکانی دیکەدا دەگۆڕێت و پێکدێت. لێرەدا هێردەر باس لە "ڕۆحی سەردەم" دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە هەموو سەردەمێک "تۆن و ڕەنگ"ی خۆی هەیە و، لێکۆڵینەوە لەم مۆرکە تایبەتە چێژێکی فەلسەفیی خۆی هەیە.
ئەو پێی وایە، بۆ نموونە، نابێت سەدەکانی ناوەڕاست لە دەرکەوتنی "نەزانی و خورافات"دا کورت بکرێتەوە، بەڵکوو دەبێت لەژێر ڕۆشنایی تێڕوانینە خودییەکان و ئەندێشە ئەدەبی و شێوازی ڕێکخستنی واتای خۆی لێی تێبگەین. ئەم تەرزە پێگەیشتنێکی فەلسەفی نیشان دەدات کە جەخت لەسەر "ڕێژەیی کولتووریی" و پێویستیی ڕێزگرتن لە "شێوەی ئەندێشەکردن و باوەڕ" لە هەموو قۆناغێکدا دەکاتەوە.
مێژوونوسانی سەردەمی ڕۆشنگەری مێژوویان لەمیانەی سەدەكانی ناوەڕاستدا بە دواكەوتوو، لەمیانەی هەردوو سەدەی حەڤدە و هەژدەهەمدا بە پێشكەوتوو دادەنا، بێئاگا بوون بەرانبەر بەو بەردەوامییەی لەنێوان بەشەكانی مێژوودا هەیە. ئەمە لە كاتێكدا سەدەكانی ناوەند ئەڵقەیەكی گرێدەرە لەنێوان ڕابردوو و ئێستادا نەك بەوشێوەیەی ڤۆلتێر بە ئەفسانە و نەزانی و نادیاری دەیبینی، ئەو پێشكەوتنەش كە مێژوونووسانی سەردەمی ڕۆشنگەری بۆ سەردەمەكەی خۆیان بانگەشەیان بۆ دەكرد، تەنها لە سەركەوتنی مرۆڤ بەسەر هێزە سروشتییەكاندا بەرجەستە دەبوو، چونكە ئەوە تەنها لایەنی ژیری دەنواند، بەڵام مرۆڤ بەتەنها ژیریی نییە، بەڵكوو چەندەها لایەنی جۆراوجۆری ئەوتۆی تێدایە كە سەرەڕای ژیری، ویست و سۆز و هەستیش لەخۆ دەگرێت، تەنانەت هەستەكان لای هەندێ لە فەیلەسوفەكان بە سەرچاوەی سەرەكیی زانین دادەنرێت، دیارترینی ئەو فەیلەسوفانەش هێردەر بوو.
یەکێتیی هەستی مرۆڤایەتی لەنێو جۆراوجۆرێتیی ئەزموونەکاندا
سەرەڕای گرنگیدانێکی بەرچاوی هێردەر بە فرەیی مێژوویی و کولتووری، بەڵام بە تێڕامانێکی وجوودیی خەمناکەوە لە کۆتاییدا دەڵێت: "جیهانی ئێمە چەند بچووکە! چەندیش هەست و هزرەکان دووبارە دەبنەوە!" ئەمە وەک ئاماژەکردنێک بە "لێکچوونی قووڵ لەنێوان مرۆڤەکاندا" لە سەردەمە جیاوازەکاندا. جا هەرچەندە لە شێوە و دەربڕیندا جیاواز بن، بەڵام پاڵنەرە قووڵەکانیان وەک یەکن، واتە خۆشەویستی، خەم، ئارەزوو، ترس و ئەندێشە.
بەم شێوەیە هێردەر "دیالێکتیکێکی فەلسەفی" لەنێوان فرەیی و یەکێتیدا دروست دەکات، واتە لە کاتێکدا کولتوورەکان لە شێوازی بەرجەستەکردنی هەست و واتادا جیاوازن، بەڵام جەوهەری مرۆیی هاوبەش بە ئامادەیی دەمێنێتەوە.
بەم شێوەیە، هێردهر بانگەوازێکی فەلسەفیی قووڵ بۆ تێگەیشتن لە مێژوو وەک "دەنگە جیاواز و جۆراجۆرەکانی مرۆڤایەتی" دهکات. لەبەرانبەر "ئەبستراکتی ئەکادیمی" و "هەژموونی ناوەندگەرایی ڕۆشنگەری"دا، هێردەر پێشنیاری "فەلسەفەی هاوسۆزیی مێژوو" دەکات، ستایشی جیاوازییەکان دەکات و هەستی ڕێزگرتن لە ناخماندا، دەربارەی هەموو شێوەکانی دەربڕینی مرۆڤایەتی، لە کات و شوێنە جیاوازەکاندا زیندوو دەکاتەوە. لە جیهانی هاوچەرخی ئێمەدا، کە حەزێکی زۆر بۆ بچووککردنەوەی گەلان و ناسنامەکان بەدی دەکرێت، فەلسەی هێردەر وەک بانگەوازێکی خاکیبوونی هزری و کراوەنەوەی کولتووری و سەیرکردنی مێژوو وەک ئاوێنەیەکی زیندوو بۆ ڕۆحی مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە.
پێنجهم: گۆڕانکارییەکانی چهشه و مێژووی بیرکردنەوە
لەگەڵ بەدیهاتنی، مرۆڤ پرسیاری حەقیقەت و چەشە (ذوق) و چاکەی لا دروست بووە. ئایا ئەوەی من بە جوانی دەزانم، بۆ ئەوانی تریش هەمان شێوەیە؟ یان ئەوەی بەڕاستی باوەڕم پێیەتی، بۆ ئەو کەسانەش وایە کە لە کات و شوێندا لە من جیاوازن؟ ئەم پرسیارانە کە لە یەکەم نیگادا سادە دەردەکەون، بەلای هێردەرەوە گوزارشت له کرۆکی فەلسەفەی مێژوو دەکەن، چونکە گۆڕانی چەشە و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان لە سەردەمە جیاوازەکاندا دهردهبڕن، تەنانەت لەبەر دەم ئەو ڕاستییە گەورەیەدا دەمانوەستێنێت کە پێی وایە هیچ سەقامگیرییەکی "ڕەها" لە بڕیارە مرۆییەکاندا نییە، بەڵکوو مێژوویەکی دوورودرێژی گۆڕان و جیاوازی و گەڕان بەدوای واتادا هەیە.
چەشە و بیرکردنەوە وەک بوونەوەرێکی مێژوویی
چەشە هەستێکی غەریزەیی جێگیر نییە، بەڵکوو بەرهەمی ژینگە و کولتوور و مێژووە. ئەوەی مرۆڤ لە شوێنێکدا بە جوانی یان بە ڕاستی دەزانێت، دەشێت لە شوێنێکی تردا بە شتێکی بێ بایەخ یان گومڕاکەرانە هەژماری بکات. ئەم جیاوازییانە تەنها جیاوازیگەلێکی ڕووکەش نین، بەڵکوو لە بونیادێکی هزریی قووڵەوە سەرچاوە دەگرن، کە لە کرداری شوێن و کەشوهەوا و ئایین و سیاسەت پێکهاتوون. لەبەر ئەوە، چەشە، وەک هزر، لە زەمینە مێژووییەکەی خۆی جیا ناکرێتەوە. مەحاڵە باس لە "چەشەیەکی گەردوونی" یان "تاکە ڕاستییەک" بکرێت، نەکەوینە وەهمی ناوەندگەراییەوە، کە هەمیشە ژیارە گەورەکان تێی کەوتوون، لە یۆنانییەکانەوە، کە ئەوانی دیکەیان بە "بەربەر" (هۆڤ یان دڕندە) ناو بردووە، تا چینییەکان کە نەخشەی جیهانیان وەک لاکێشەیەک کێشابوو و وڵاتەکەیان لە ناوەنددا دانا بوو و تەواوی مرۆڤەکانی تریشیان وەک ئەهریمەن لە لێوارەکانیدا جێ کردبووەوە.
مێژوو وەک درامایەکی فرەڕوو
کاتێک لە مێژووی چەشە و هزرەکان دەڕوانین، گەشەیەکی هێڵیی لە سادەیەوە بۆ ئاڵۆز نابینین، بەڵکوو شانۆیەکی پڕ لە ژاوەژاو دەبینین کە تێیدا "ڕۆڵ"ەکان بەردەوام لە گۆڕاندان. ئەوەی لە سەردەمێکدا فەزیلەت بوو، لە سەردەمێکی تردا خراپە بووه. ئەوەی دوێنێ بە شێتێتی دادەنرا، ئەمڕۆ بە بلیمەتی تەماشا دەکرێت. درامایەکی مرۆییە کە شاعیری ڕۆمانی "لوکرێتیۆس" بە زمانێکی جوان باسی دەکات، کاتێک مرۆڤ بە پیاوێکی دانا دەچوێنێت، کە پەنا دەباتە بەر پەرستگای فەلسەفە و تەماشای تەواوی مرۆڤەکان دەکات، کە خەریکی کەوتن و ململانێن لەسەر شکۆمەندی و زیرەکی، واتە لە کاروانی ژیاندا وێڵ و سەرگەردان بوون. ئەم دیدە بانگهێشتمان ناکات بۆ گاڵتەکردن بە ئەوانی تر، بەڵکوو زیاتر وامان لێدەکات لە قووڵیی جیاوازی و جۆراوجۆرێتیی ڕێگەکانی مرۆڤایەتی ڕابمێنین.
لێرهوه گەورەترین هەڵەی مرۆڤ ئەوەیە وا بیر بکاتەوە ئەوەی لە دایکی و مامۆستاکانی و ژینگەکەیەوە بە میرات وەری گرتووە، تاکە ڕاستییە، جگە لە خۆشی ئەوانی دیکە گەمژە یان شێتن. ئەم بڕیارە خێرایە کە لە نەزانی و لەخۆبایبوونەوە دراوە، زەبر و بەڵای بیرکردنەوەی مێژووییە و وەک بەربەستێک لەبەردەم هەر تێگەیشتنێکی بابەتیانە بۆ جڤاکەکانی دیکە وەستاوە. فەلسەفەی مێژوو فێرمان دەکات ئەم جیاوازییە وەک پێویستییەک ببینین نەک وەک نەفرەتێک، هەروەها دووبارەداڕشتنەوەی بڕیارەکان لە چوارچێوەی زەمینە و کولتووری خۆیاندا. جا هەموو ژیار و مرۆڤێک ئاوێنەی مێژوویەکی تایبەت و دیاریکراوە؛ نکۆڵیکردن لەم ڕەنگاوڕەنگی و فرەییە، نکۆڵیکردنە لە خودی مرۆڤایەتیبوونمان.
بۆیه، بهلای هێردەرەوە ئەركی مێژوونووس دەركردنی بڕیاری لادەر و گومڕاكەر نییە بەسەر ڕابوردوودا. یاخود خۆی بكاتە واعیزێكی بیروباوەڕ، ئەگەر بەعەقڵییەتی ئەو سەردەمەی كە توێژینەوەی لەسەردەكات پێوانە بكرێت، چونكە ئەوە جگە لە چەند حوكمێكی هەڵە شتێكی دیكەی لێ ناكەوێتەوە؛ بێ گومان هەموو سەردەمێكی مێژوویی و هەموو ماوەیەك و هەموو شارستانێتییەك كەسێتی و بەهای تایبەت بە خۆی هەیە، بۆیە ئەركی مێژوونوس ئەوە نییە بە پێوەرە هەنوكەییەكان بڕوانێتە ڕابردوو، چونكە مرۆڤایەتی تاكە شێوەیەك یا مۆركێك یاخود شێوازێك نییە. پاشان دەبێت هەموو سەردەمێك بە گوزارشتی تایبەت بە خۆی گوزارشتی لێ بكرێت، چونكە هەموو سەردەمێك و هەموو نەتەوەیەک مۆركێكی بێوێنەی خۆی هەیە كە دووبارە نابێتەوە. بۆ نموونە، شارستانێتی میسری كۆن وەک شارستانێتی چین یا یۆنانی یاخود ڕۆمانی نییە، بەڵكوو هەریەكەیان بە شێوەیەكی تاك و جیامەند پێكهاتوون، دواتر دەبێت مێژوونوس هاوسۆز بێت لەگەڵ ئەو سەردەمەی توێژینەوەی لەسەر ئەنجام دەدات، بەڵام تێپەڕاندن (تجاوز)ی بارودۆخە زەمكانییەكان و دەركردنی بڕیارگەلێكی ڕەها، ئەوا خراپ تێگەیشتنە لە مێژوو چونكە شێكسپیر سۆفوكلیس نییە و میلتون-یش هومیروس نییە.
هۆشیاریی مێژوویی
هێردەر پێی وایە لەبری ئەوەی وەک چۆن پیرۆ و مۆنتاین و هیوم ببینە دیلی گومانگەرایی فەلسەفی، دەبێت هۆشیاری مێژوویی خۆمان بونیاد بنێینەوە، نەک لەسەر ڕێژەگەرایی پەڕگیر، بەڵکوو لەسەر ئەو درککردنەی کە ڕاستی و چەشە چەندین ڕووی مێژووکردیان هەیە، بەڵام بێسوود نین. ئەم هۆشیارییە هاوسەنگیمان پێ دەبەخشێت، کولتووری خۆمان بەباڵا، هی ئەوانی تریش بە بچوک نابینین، بەڵکوو هەموو لە ناوکۆیەکی گەورەتردا دادەنێین، ئەویش کاروانی مرۆڤە بۆ تێگەیشتن لە خۆی و جیهان.
بەم شێوەیە، بەلای هێردەرەوە مێژووی چەشە و هزر، بریتییە لە مێژووی گەڕانی مرۆڤ بەدوای سەقامگیریی لەنێو جیهانێکی گۆڕاودا. فەلسەفەی مێژوو تەنها وەسفی ئەم گۆڕانکارییانە ناکات، بەڵکوو بونیادە قووڵەکانیان ئاشکرا دەکات و بۆ بەرزیی تێڕامان مرۆڤەکان بانگهێشت دەکات، کە لێیەوە دەتوانن ئەزموونی جۆراوجۆری مرۆڤایەتی ببینن. نەک بۆ سووکایەتیکردن بە ئەوانی تر، بەڵکوو بۆئەوەی لە جیاوازییەکانیاندا درێژکراوەی خۆیان ببینن؛ لە مێژووی ئەوانیشدا ئاوێنەیەکی سروشتیی خۆیان ببینن. بەم شێوەیە، تێگەیشتن بۆ چەشە و بیرکردنەوە دەبێتە ڕێگایەک بەرەو دانایەتیی قووڵتر، مێژوویەک کە تێیدا دەژین و دووبارەی ناکەنەوە، بەڵکوو لێی تێدەگەن و نوێی دەکەنەوە.
شهشهم: کولتوور و کەسایەتی
هێردەر بە یەکێک لە فەیلەسوفە یەکەمینەکان دادەنرێت کە جەختی لەسەر پەیوەندیی جەوهەریی نێوان کولتوور و پێکهاتنی کەسایەتیی مرۆڤ کردووەتەوە. هێردەر لە کتێبی "هزرگەلێک لەپێناو فەلسەفەی مێژووی مرۆڤایەتیدا"، جەخت لەوە دەکاتەوە کە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی لە بۆشاییدا گەشە ناکات، بەڵکوو ناسنامەکەی بە ئەندازەیەکی قووڵ بەهۆی کولتوورەکەی دەوروبەریەوە دروست دەبێت. واته مێژوو له ڕهههندێکییهوه له ههناوی کولتوورهوه لهدایک دهبێت، بۆیه پهیبردن به پهیوهندیی کولتوور و کهسایهتی ڕۆڵیکی بنهڕهتی له ئاشکراکردنی ڕاستییه مێژووییهکاندا دهگێڕێت.
کولتوور وەک ناوەندێک بۆ پێکهێنانی مرۆڤ
هێردەر پێی وایە کولتوور تەنها چوارچێوەیەکی دەرەکی یان زیادکردنێکی لاوەکیی ژیانی مرۆڤەکان نییە، بەڵکوو ئەو ژینگەیەیە کە هەموو تواناکانی مرۆڤ تێیدا گەشە دەکەن: زمان، بیرکردنەوە، هەست و تەنانەت تێڕوانینی مرۆڤ بۆ خۆی و جیهانیش. بهلایهوه، مرۆڤ بە کامڵی لەدایک نابێت، بەڵکوو لەڕێگەی ئەو زمان و دابونەریتانەی کە لە لەدایکبوونەوە دەوریان داوە، دەبێتە مرۆڤ." ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کولتوور وەک "منداڵدانێکی دووەم" بۆ مرۆڤ کاردەکات و شێوە ڕۆحی و کۆمەڵایەتییەکەی پێ دەبەخشێت.
زمان و بیرکردنهوه وەک ئامرازی پێکهاتن
پەیوەندیی زمان و هزر و مێژوو یەکێکە لە پرسە فەلسەفییە مشتومڕاوییەکان. لە کۆنەوە بیرمەندان ئەو پرسیارەیان کردووە کە ئایا زمان تەنها ئامرازێکە بۆ گەیاندنی بیرۆکە و هزرەکان، یان کاریگەریی لەسەر خودی شێوازی بیرکردنەوەمان هەیە؟ هێردەر تێڕوانینێکی گرنگی لەم بارەیەوە خستەڕوو؛ ئەویش ئەوەیە کە زمان ملکەچ یان شوێنکەوتەی هزر نییە، بەڵکوو پێکی دەهێنێت. واتە زمان لە ڕوانگەی ئەوەوە، سروشتی هزری مرۆڤەکان پێکدەهێنێت و مەشخەڵەکانی دیاری دەکات.
لێرهوه هێردەر وەک گرنگترین ئامراز بۆ پێکهاتنی کولتووری، گرنگییەکی تایبەت بە پهیوهندیی زمان و بیرکردنهوه دەدات. زمان نەک هەر گوزارشت لە بیرکردنەوە دەکات، بەڵکوو دروستیشی دەکات. بەو پێیەی زمانەکان لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەکی دیکە جیاوازن، ئەوا جیهانبینیش لە کولتوورێکەوە بۆ کولتوورێکی دیکە جیاوازە. مرۆڤ لەڕێگەی زمانەوە تێڕوانینگەلێکی دیاریکراو سەبارەت بە چاکە و خراپە، جوانی و ناشیرینی، دەسەڵات و ئازادی بەدەست دەهێنێت، هەموو ئەمانەش پێوەرگەلێکن لە ژینگەی کولتووریی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرن.
هێردەر پێی وایە ڕۆحى تایبەتى هەر نەتەوەیەک لە زمانەکەیدا دەدرەوشێتەوە؛ لەبەر ئەوە، بانگەشەى ئەوەى دەکرد گرنگى بە توێژینەوە و پارێزگاریکردنى بدرێت. وەک دەڵێت: "لەبەر ئەوەى زمان لە کرۆکى دڵ و ڕۆحى نەتەوەدایە، ئەوە پێویست دەکات هەموو نەتەوەیەک دەست بە زمانەکەیەوە بگرێت، وەک دەستگرتن بە ژیانییەوە. دەستگرتن بە زمانەوە لە یەک کاتدا بە ئەرک و ماف دادەنرێت"؛ زیاتر لەسەرى دەڕوات و دەڵێت:" ئایا هیچ سامانێک هەیە بۆ نەتەوە بەهادارتر بێت لە زمانى باپیرانى؟ زمان هەموو گەنجینەکانى هزر و نەریت و مێژوو و فەلسەفە و ئایینى لەخۆ گرتووە و، تێیدا دڵى هەموو نەتەوەیەک لێدەدات و تەواوى ڕۆحەکەشى دەبزوێت".
زمان بەکارهێنانێکى مەبەستدارانەى هەندێ دەنگە لەپێناو واتا و نیشانەى ڕووداو و شتەکان، لەبەر ئەوە تەنها لە زاراوەیەکى ڕووتەوە داناڕێژرێت، چونکە هەمیشە ئاماژە بۆ بنەڕەتێکى واقیعى دەکات. هەر لە زماندا و بە زمان تواناى تێڕامانى عەقڵییانەى بەدی دێـت، کە مرۆڤ لە تەواوى بوونەوەرەکانى تر جیا دەکاتەوە. بە زمانیش پەى بە پەیوەندى و ڕایەڵەکانى نێوان بوونەوەران دەبرێت و بەوەش تێگەیشتن لە واقیع فەراهەم دێت. دواتر یەکێتیى نێوان هزر و دەربڕینى زمانەوانى بەدی دێت: "مرۆڤ بە عەقڵ پەى دەبات و کاتێکیش بیردەکاتەوە قسە دەکات". ئەو یەکگرتنەى نێوان هزر و دەربڕین (النطق) ئەو ڕاستییە ئاشکرا دەکات کە واتاى هەرشتێک هەڵوێستکى هەڵچووانە (انفعالى) بەرانبەر بەو شتە لەخۆ دەگرێت. لەبەر ئەوە هەموو زمانێک پێکهاتەیەک لە گوتەزا (المقولات)کان دەنوێنێت، کە بەهۆیەوە گوتەبێژان بە زمان – تاک بن یاخود کۆمەڵ- گوزارشت لە خودى خۆیان دەکەن.
زمان وەک ژینگەی هزر
هێردەر پێی وابوو مرۆڤ بەبێ نێوەندگیریی زمان ناتوانێت هۆشیارانە بیر بکاتەوە. واتە بیرکردنەوە پێش زمان ناکەوێت، بەڵکوو لەناویدا دروست دەبێت. هێردەر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە وشەکان بۆ گوزراشتکردن لە "هزرێکی تەواو" نایەن، بەڵکوو هەر لەسەرەتاوە خودی هزر لە وشەکاندا دادەڕێژرێن. لەم ڕوانگەیەوە، زمان تەنها ئامرازێک نییە بۆ گواستنەوەی هزر، بەڵکوو زیاتر ئەو ناوەندەیە کە تێگەیشتن (الادراک)ی تێدا دروست دەبێت.
هێردەر لەوە زیاتر دەڕوات کاتێک زمان بە ئەرکێکی سروشتیی مرۆڤ دادەنێت، کە بە پێکهاتە بایۆلۆژی و دەروونییەکەیەوە وابەستەیە. زمان لەو پێویستییە سروشتییەوە لەدایک دەبێت، کە دەیەوێت گوزراشت لە کاریگەرێتییە هەستییەکان بکات، بەڵام لەم ئاستەدا نامێنێتەوە، بەڵکوو گەشە دەکات بۆئەوەی ببێتە ئامرازێک بۆ داڕشتنی چەمکە ئەبستراکتەکان.
زمان وەک دیدێک بۆ جیهان
بە بڕوای هێردەر، هەموو زمانێک شێوازێکی دیاریکراوی جیهانبینی لەخۆ دەگرێت. وشە و پێکهاتە زمانەوانییەکان ڕەنگدانەوەی ئەزموونی بەکۆمەڵی گەلێکی دیاریکراون؛ ئەوەش دیاریی دەکات ئەو گەلە چۆن لە سروشت و کۆمەڵ و خودی بوون تێدەگەن. لەبەر ئەم هۆکارە ناتوانرێت زمانە جیاوازەکان تەنها لە ئامرازی پەیوەندیی هاوشێوەدا کورت بکرێنەوە، چونکە هەر زمانێک سیستەمێکی تایبەت لە جیهانبینی و چەمکەکانی هەڵگرتووە. بۆ نموونە، هەندێک زمان وشەگەلێکی وردیان بۆ وەسفکردنی تایبەتی سروشت هەیە، لە کاتێکدا هەندێ زمانی دیکە ئەم کۆمەڵە وشەیان نییە، ئەمەش کار لەسەر توانایی قسەکەرەکانیان بۆ هەستکردن بەم جیاوازییە وردانە لە ژینگەکەیاندا دەکات. لێرەوە ئەوە دەردەکەوێت زمان ئەوە دیاریی دەکات کە تاک دەتوانێت تێبینی یان بیر لە چی بکاتەوە.
باوەڕمەندبوون بەو بیرۆکەیەی هێردەر کە پێی وایە زمان هزر پێکدەهێنێت شوێنەوارگەلێکی دوورمەودا لە تێگەیشتنی ناسنامەی کولتووری بەدوای خۆیدا دەهێنێت. زمان تەنها بەشێک نییە لە کولتوور، بەڵکوو خودی کرۆکی کولتوورە. بەبێ زمان، کولتوور تایبەتمەندیی خۆی و توانایی دەربڕینی ڕۆحیی کۆمەڵەکە لەدەست دەدات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، هێردەر یەکێک بوو لە یەکەمین داکۆکیکارانی مافی گەلان بۆ پاراستنی زمانە ناوخۆییەکانیان. هەر هەوڵدانێکیش بۆ سەپاندنی یەک زمانی وەک جۆرێک لە هێرشکردنە سەر جۆراوجۆرێتیی مرۆڤ دەبینی. بۆیە هەموو زمانێک لە دووتوێی خۆیدا شێوازێکی بێوێنەی تێگەیشتن لە بوونی هەڵگرتووە و لەدەستدانی هەر زمانێک بە واتای لەدەستدانی شێوەی تەواوی بیرکردنەوە دێت.
بەم شێوەیە دەتوانین بڵێین هێردەر چەمکێکی قووڵ و وردی سەبارەت بە ڕۆڵی زمان لە داڕشتنی هزری مرۆڤایەتیدا خستۆتە ڕوو. هزر پێش زمان ناکەوێت؛ هەروەها زمان تەنیا گوێزەرەوەیەکی بێلایەنی هزرەکان نییە، بەڵکوو زمان و هزر هەر لە سەرەتاوە ئاوێزان بوون و هەر گەشەکردنێک لە یەکێکیاندا لە ئەوی دیکەیاندا ڕەنگدانەوەی دەبێت. بەم پێیە، بەرگریکردنی هێردەر لە جۆراوجۆرێتیی زمانەوانی و کولتووری، لە هۆشیاریی قووڵی ئەوەوە سەرچاوە دەگرێت، بەوەی کە هەر زمانێک ڕێگەیەکی بێوێنە بۆ بینینی جیهان دەنوێنێت.
ڕێژەگەرایی کولتووری
هێردەر بە پشتبەستن بە تێگەیشتن لە سروشتی پێکهاتنی کولتووری، بیرۆکەی یەک مۆدێلی مرۆیی گشتگیر کە بتوانرێت بەسەر هەموو گەلاندا بسەپێندرێت ڕەت دەکاتەوە. هەر کولتوورێک وەڵامدانەوەیەکی بێوێنە بۆ بارودۆخی سروشتی و مێژوویی خۆی دەنوێنێت. هێردەر وای دەبینی كە مێژوو بەرەنجامی كارلێككردنی دوو جۆر لە هێزە: "هێزێكی دەرەكی" كە لە ژینگەی سروشتی پێكدێت و "هێزێكی ناوەكی" كە دەتوانرێت بە ڕۆحی مرۆڤ وەسف بكرێت، یاخود وردتر ڕۆحی گەلە جیاوازەكان كە لە ڕەگەزی مرۆڤایەتییەوە كەوتوونەتەوە. جا بۆ ئەوەی ئێمە لە مێژووی نەتەوەیەك تێبگەین، دەبێت بە ژینگە سروشتی و كەشوهەواكەی ئاشنا ببین. ئەوەش تەنها بۆ ئەوەی ئێمە لەبەرەوپێشچوونی مێژوو تێبگەین، بەڵكوو دەبێت درک بەوە بكەین كە هەموو نەتەوەیەك ڕۆحێكی تایبەت دەیجووڵێنێت و، ئەو جووڵانەش لە تەواوی كاری تاكەكانیدا بەدی دەكەین. واته، ئەو پێی وایه ناتوانرێت بە پێوەرەکانی نەتەوەیەک حوکم بەسەر نهتهوهیهکی دیکەدا بدرێت، چونکە هەر گەلێک خۆی لە خۆیدا جیهانێکە. بۆیە وا دادەنرێت کە هەر گەل و ژیارێک شێوەی بیرکردنەوە و ڕەفتارەکانی خۆی پەرە پێدەدات کە لەگەڵ بارودۆخی تایبەتی خۆیدا بگونجێت.
کولتوور و ئازادیی مرۆڤ
هەرچەندە کولتوور بەقووڵی کار لەسەر داڕشتنی کەسێتیی مرۆڤ دەکات، بەڵام هێردەر نکۆڵی لە بوونی پەراوێزێک لە ئازادی تاک ناکات. تاک دەتوانێت تا ئەندازەیەکی دیاریکراو پەرە بە خۆی بدات و لەو چوارچێوە کولتوورییەی کە تێیدا گەشەی کردووە داهێنەر بێت. بەڵام ئەم ئازادییه ڕەها نییه، واتە به هۆی ئەو زمان و دابونەریت و سیستەمانەی له سەرەتاوه پێکی هێناوە سنووردار کراوه.
بەم شێوەیە، بەپێی جیهانبینیی هێردەر دەربارەی ڕۆڵی کولتوور، تێگەیشتن لە هەر نەتەوەیەک یان جڤاکێک لێکۆڵینەوە لە زمان و مێژوو و داب و نەریتەکانی دەخوازێت. جگە لەوەش، هەر هەوڵێک بۆ گواستنەوەی سیستەمێکی کولتووری بۆ کۆمەڵێکی دیکە بە زەبری هێز، وەک ئەوەی لە چوارچێوەی کۆلۆنیالیزمدا ڕووی دا، بە پێشێلکردنی جەوهەری مرۆڤ و تێکدانی گەشەسەندنی سروشتی ئەو دادەنرێت.
لێرەوە دەتوانین بڵێین، بە بڕوای هێردەر، کولتوور تا ئەندازەیەکی زۆر کەسایەتیی مرۆڤ پێکدەهێنێت. واتە زمان و سیستەمی بەهاکان و تێگەیشتن و چەمکەکانی دەربارەی جیهان بونیاد دەنێت. هەرچەندە مرۆڤ توانای تێپەڕاندن و گەشەکردنی هەیە، بەڵام ڕەگوڕیشەی بەقووڵی لەناو ئەو خاکە کولتوورییەدا ڕۆچووە، کە تێیدا گەورە بووە. بۆیە هێردەر داوای ڕێزگرتن لە فرەکولتووری وەک ڕێزگرتن لە خودی سروشتی مرۆڤ تەماشا دەکات.
ئهنجام
گرنگترین ئەو ئەنجامانەی لە کۆتایی ئەم توێژینەوەیەدا گەڵاڵە بوون بریتین لە:
سهرچاوهکان:
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved