15/02/2026
بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەقامگیریی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست -ڕوانینێکی ڕیالگەرایانە-

زانا کەریم

دکتۆرا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی

 

پێشەکی

بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی، لە چەقی قەیرانی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتان، بەتایبەتیش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی خۆراوادا وەستاوە و ڕووبەرێکی فراوانی سروشتی قەیرانەکە ڕەنگڕێژ دەکات؛ پرسەکە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکان و چڕکردنەوەی قەیرانەکە. پاڵنەر و ئامانجی جیاواز ڕەفتاری هەر یەکێک لەم دوو لایەنەی قەیرانەکە ئاراستە دەکات و هەر لایەنێک لە دیدی بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە لێی دەڕوانێت و هەڵوێست وەردەگرێت: لە دیدی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی خۆراوەوە، ئەم هەوڵەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرچاوەی پشێوی و ناسەقامگیرییە و ئاسایشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەرژەوەندیەکانیان دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە بە هەر نرخێک بووە پێویستە ڕێگری لەم ئامانجەی ئێران بکرێت و هەوڵەکانی لەم ڕووەوە پەک بخرێت. هەرچی پەیوەندی بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشەوە هەیە، بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێت خاوەنی بەرنامە و چەکی ناوکی بێت و وەک پێویستییەکی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی لێی دەڕوانێت. 

ئەوەی ئێمە دەمانەوێت لەم باسەدا دەستوپەنجەی لەتەکدا نەرم بکەین، تێڕامانە لە پرسەکە لەڕوانگەیەکی دیکەوە و تاوتوێکردنی ڕەهەند و لێکەوتەکانییەتی لە کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتی و بە دیاریکراویش لە چوارچێوەی قوتابخانەی ڕیاڵگەرایی (realism) دا. لەم سۆنگەیەوە، ڕوانینێکی ڕیاڵگەرایانە لە ئێرانێکی خاوەن چەکی ناوکی و کاریگەرییەکانی لەسەر سەقامگیریی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، دەبێتە بابەتی سەرەکیی گیروگاز (problematic)ی ئەم توێژینەوەیە و گەڕان بە شوێن وەڵامی ئەوەی "ئایا بەدەستهێنانی چەکی ناوکی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە زەنگی کارەساتێکی مەترسیدارە، یاخود هۆکارێکە بۆ پایەداربوونی سەقامگیریی هەرێمی و نێودەوڵەتی؟" دەبێتە باسی سەرەکی و تەوەرەیی توێژینەوەکە. لەپێناو وەدەست خستنی وەڵامی پرسیارەکە و نزیکبوونەوەش (approach) لە بابەتەکە، باسەکەمان لە جوغزی قوتابخانەی ڕیاڵگەراییدا کورت هەڵدەهێنین، چونکە قوتابخانەی ڕیاڵگەرایی قوتابخانەیەکی سەرەکیی کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتییە و لەڕێگەی پێشکەشکردنی چەندین چەمک و چوارچێوە و بیردۆزەوە، ڕۆڵێکی کاریگەر و بناغەیی لە لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی دیاردە و پرسەکانی ئەم کایەیە، بەتایبەتیش پرسی ناکۆکی و ململانێدا هەیە. کەرەستە ڕێڤاژۆییەکانی (میتۆدییەکانی) باسەکەشمان دەرگیربوون و مامەڵەکردنی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ ئەو وتار و نووسین و مشتومڕانەدا، لەبارەی ئەم پرسەوە و لەلایەن چەند بیریارێکی ئەم قوتابخانەیەوە خراونەتە ڕوو، بەتایبەتیش تێڕوانینەکانی کینێس واڵتز، گەورە بیریاری ڕیاڵگەرا و خاوەنی ڕامانەی (بیردۆزی یان تیۆریی) ڕیاڵگەرایی پێکهاتەیی یان بونیادی (structural realism). تاوتوێکردنی ئارگومێنتەکانی واڵتز، هەروەها دژە ئارگومێنت و ئەو وەڵام و نووسینانەی دیکە کە لە وەڵامی بۆچوونەکانی واڵتز-دا خراونەتە ڕوو، دەبێتە تەوەرەی پێکهێنی ئەم توێژینەوەیە و ئاراستەکەری ئەوەی ئێمە دەمانەوێت هەڵوێستەی لەسەر بکەین.

لە سێ تەوەرەدا تانوپۆی پەیکەری توێژینەوەکە دادەڕێژین: تەوەرەی یەکەم تەرخان دەکەین بۆ ڕوانین لە هەوڵەکانی هێزێکی قەبارە مامناوەندی هەرێمیی، وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەپێناو بوون بەخاوەنی چەکی ناوکی و لێکەوتە و کاریگەرییەکانی ئەم هەوڵانە لەسەر سەقامگیریی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە دیدی کینێس واڵتزەوە؛ لە تەوەری دووهەمدا، دژە ئارگیومێنت و هەڵسەنگاندنی بیریارانی دیکە لەهەمبەر بۆچوونەکانی واڵتز دەخەینە بەرباس؛ تەوەرەی سێهەم و کۆتاییش، وەک ئەنجامگیرییەک بە چەند سەرنجێک لەمەڕ پەیوەندیی ئێرانێکی خاوەن چەکی ناوکی و پرسی کورد کۆتایی پێ دەهێنین و دەگەینە پایانی توێژینەوەکە. خاڵێکی شایانی ئاماژەپێدان لێرەدا، سەختیی مامەڵەکردن لەگەڵ چەمک و زاراوەکان و بەکوردی کردنیان بوو، چونکە سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕوی هەر توێژەرێک دەبێتەوە، نووسین بە زمانی کوردی لە کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، ئاڵنگارییەکی دیکەی بەردەم توێژینەوەکە بوو. 

ماوەتەوە بڵێم، سوپاس بۆ هاوڕێی هێژام، دکتۆر فاروق ڕەفیق کە بە خوێندنەوەی بابەتەکەوە ماندوو بوو. 

 

تەوەرەی یەکەم

بەرنامەی ناوکیی ئێران و سەقامگیریی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە دیدی کینێس واڵتزەوە

لە کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، دوو بۆچوون سەبارەت بە کاریگەری و لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوکی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە: یەکەمیان پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت بڵاوبوونەوەی چەکی ناوکی مەترسیدارە و واتای سەروەربوونی دۆخی ناسەقامگیری و پشێوی و پاشاگەردانیی زیاترە؛ هەرچی بۆچوونی دووهەمە پێی وایە بڵاوبوونەوەی زیاتری چەکی ناوکی و بەدوایشیدا هاوسەنگیی هێز هۆکارێکە بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی. کینێس واڵتز سەر بە بۆچوونی دووهەمە و لەو باوەڕەدایە بڵاوبوونەوە (spread)ی چەکی ناوکی کێشە نییە و بەدەستهێنانی چەکی ناوکی لەلایەن وڵاتانی دیکەوە، ئەگەر پاساوی گونجاوی هەبێت بۆ وەها کارێک، مایەی نیگەرانییەکی زۆر نییە. لەم سۆنگەیەوە و لە وتارێکیدا، پێچەوانەی زۆربەی شرۆڤەکار و سیاسەت داڕێژەرە ئەمریکایی و ئەوروپایی و ئیسرائیلییەکان، واڵتز پێی وایە ئێرانێکی خاوەن چەکی ناوکی، ڕەنگە باشترین دەرەنجامێکی چاوەڕوانکراوی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و خۆراوابێت و دەرکەوتنی هەر هاوسەنگییەکی ناوکی، بە واتای سەقامگیرییەکی زیاتر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دێت.  

سەقامگیری (stability) چەمکی کلیلی و بناغەیی بۆچوونەکانی واڵتزە و بە ڕای ئەو، ئێرانێکی خاوەن چەکی ناوکی، دەرەنجامێکە زۆرترین ئەگەری گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی لێ چاوەڕوان دەکرێت. واڵتز لە دوو خاڵدا و لەو وتارەیدا، کە دەبێتە بناغەی ئەم تەوەرەیەی توێژینەوەکەمان، تاوتوێی ئەم گریمانەیە دەکات. لەلایەکەوە، پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت هێز پێویستی بە هاوسەنگی هەیە و  ئێرانێکی خاوەن چەکی ناوکی، وەک پارسەنگی هێزی ناوکیی ئیسرائیل، دەبێتە هۆکاری سەقامگیری لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ لەلایەکی دیکەشەوە، پێی وایە مەترسیی ئێرانێکی خاوەن چەکی ناوکی، لە قەبارەی خۆی گەورەتر کراوە و زیادەڕەویی زۆری تێدا کراوە و ترسێکی بێبنەمایە. لە دوو خاڵدا ئەم دوو لایەنەی بۆچوونەکانی واڵتز گەنگەشە دەکەین و ئارگیۆمێنتەکانی دەخەینە ڕوو:

 

 

  • هێز هاوسەنگی دەخوازێت

 

واڵتز لەسەرەتای وتارەکەیدا (بۆچی ئێران پێویستە چەکی ناوکی بەدەست بهێنێت؟) ئەو سێ ڕێگایە دەخاتە ڕوو کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و کۆتاییهێنان بە قەیرانی بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژەڤدان و سێ ڕێگاکەش بریتین لە: یەک، ڕێگەچارەی دیپلۆماسی وێڕای سزای توند؛ دوو، ئێران تاقیکردنەوەی چەکی ناوکی ڕابگرێت، بەڵام توانایی سمین پەرە پێبدات؛ سێ، ئێران بەردەوام بێت لەسەر ڕەوتی ئێستا و لەڕێگەی تاقیکردنەوەی چەکی ناوکییەوە، بەئاشکرا ببێتە خاوەن چەکی ناوکی.  کینێس واڵتز، بەم شێوەیەی لای خوارەوە، گەنگەشەی ئەم سێ ڕێگەچارەیە دەکات: 

یەکەم: دەکرێ ڕێگەچارەی دیپلۆماسی وێڕای سزای توند، ئێران بگەیەنێتە ئەو باوەڕەی دەست لە هەوڵەکانی بۆ بەدەست هێنانی چەکی ناوکی هەڵبگرێت. بەڵام ئەم دەرەنجامە، بەلای کینێس واڵتزەوە، چاوەڕواننەکراوە، چونکە تۆماری مێژوویی ئاماژە بەوە دەدات وڵاتێک سوور بێت لەسەر بەدەستهێنانی چەکی ناوکی، بەدەگمەن دەتوانرێت لەوەها کارێک پەشیمان بکرێتەوە. سزادانی ئابوورییانەی دەوڵەتێک ناتوانێت بەربەست بۆ بەرنامە ناوکییەکەی دروست بکات. کۆریای باکوور بە نموونە وەربگرە، وێڕای گەڕە لەژمارە نەهاتووەکانی سزاکان و بڕیارەکانی (resolution) ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرکەوتوو بوو لە دروستکردنی چەکی ناوکیدا. بۆیە، ئەگەر تاران بڕیاری دابێت ئاسایشەکەی پەیوەستە بە خاوەندارێتیی چەکی ناوکییەوە، سزاکان چاوەڕوانی ئەوەیان لێ ناکرێت بیروبۆچوونی بگۆڕێت. لەڕاستیدا، سەربارکردنی سزای زیاتر وا لە ئێران دەکات زیاتر هەست بە پارێزراونەبوون بکات و هەنجەتی زیاتری پێدەدات بۆ گەڕان بەدوای پاراستندا (protection) لەڕێگەی ستراتیجی ئەوپەڕی بەرگردی (ultimate deterrent)ەوە.

دووهەمین دەرەنجامی شیاو ئەوەیە ئێران تاقیکردنەوەی چەکی ناوکی ڕابگرێت، بەڵام توانایی سمین (breakout capability) پەرە پێبدات- توانایی سمین واتا خاوەنی چەکی ناوکی نەبێت، بەڵام توانایی دروستکردن و تاقیکردنەوەی چەکی ناوکی هەبێت زۆر بەخێرایی و لە ماوەیەکی کورتدا. ئێران یەکەمین وڵات نابێت کە خاوەنی توانایی سمین بێت، واتا بەرنامەیەکی ناوکیی پێشکەوتووی هەبێت، بەبێ دروستکردنی بۆمبی ڕاستەقینە. ژاپۆن لە ئێستادا خاوەنی ژێرخانێکی ناوکیی گەورەی مەدەنییە، بەجۆرێک شارەزایان بڕوایان وایە دەتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا چەکی ناوکی بەرهەم بهێنێت، واتا ژاپۆن خاوەنی توانایی سمینە. ئەم توانایی سمینە، بە دڵنیاکردنەوەی پەڕگیرەکان لەوەی دەتوانن هەموو سوودەکانی هەبوونی بۆمبیان هەبێت (وەک ئاسایشێکی زیاتر) بەبێ لایەنە نەرێییەکانی (وەک سەرکۆنە و کەنارخستنی نێودەوڵەتی)، ڕەنگە پێداویستی سیاسیی ناوخۆیی فەرمانڕەوا ئێرانییەکان پڕبکاتەوە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە توانایی سمین ڕەنگە وەک پێویست کارا و کاریگەر نەبێت.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی، بە پلەی یەک دەرگیری  خۆ پڕچەککردنن، بۆیە لەبارێکدا ئەگەر ئێران لە کورتمەودادا تاقیکردنەوەی چەکی ناوکی ڕابگرێت، ڕەنگە سیناریۆکە قبوڵ بکەن، بەڵام ئیسرائیل ئەوەی ڕوون کردووەتەوە، ئەو توانایی پێشکەوتووی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم وەک هەڕەشەیەکی قبوڵنەکراو دەبینێ. ئەگەری هەیە پابەندبوونێکی دڵنیاکەرەوە لەلایەن ئێرانەوە بۆ وەستاندنی کورتمەودای هەوڵەکانی بەدەستهێنانی چەکی ناوکی، بتوانێت زۆرینەی هێزە خۆراواییەکان ڕازی بکات، بەڵام ئیسرائیل بە ناقایلی دەهێڵێتەوە. ئیسرائیل کەمتر لە ئێرانێکی خاوەن چەکی ناوکی گریمانەیی دەترسێت، وەک ئەوەی لە ئێرانێکی خاوەن چەکی ناوکی ڕاستەقینە دەترسێت، بۆیە ئەگەری هەیە لەڕێگەی وێرانکردن و کوشتنەوە بەردەوام بێت لە هەوڵە مەترسیدارەکانی بۆ تێکدانی بەرنامە ناوکییەکەی ئێران - ئەمەش لەکۆتاییدا وا لە ئێران دەکات بەو دەرەنجامە بگات توانایی سمین بەرگردێکی کافی نییە و تەنها خۆپڕچەککردن دەتوانێت ئەو ئاسایشەی بۆ دابین بکات کە بەدوایدا دەگەڕێت.

 سێهەم دەرەنجامی شیاوی ڕووبەڕووبوونەوە ئەوەیە ئێران بەردەوام بێت لەسەر ڕەوتی ئێستا و لەڕێگەی تاقیکردنەوەی چەکی ناوکییەوە، بەئاشکرا ببێتە خاوەن چەکی ناوکی. کاربەدەستە فەرمییە ئەمریکایی و ئیسرائیلییەکان ڕایانگەیاندووە ئەم دەرەنجامە قبوڵکراو نییە؛ ئەوان بەڵگەی ئەوە دەهێننەوە کە وا ئێرانێکی خاوەن چەکی ناوکی، ئەگەرێکی ترسناکی بێوێنەیە (uniquely)، تەنانەت هەڕەشەیەکی بوونەکیشە (existential threat). ئەم گوتارە بەدرێژایی مێژوو، زمانی هێزە سەرەکییەکان بووە، کاتێک وڵاتێکی دی، بۆ خۆی دەستی کردووە بە پەرەپێدانی چەکی ناوکی، نیگەرانیی زۆری ئەو هێزە سەرەکییانەی لێ کەوتووەتەوە. کەچی هەموو جارێک و کاتێک وڵاتێک ڕێگەی خۆی بۆ چوونە ناو یانەی ناوکی (nuclear club) گرتووەتە بەر، ئەندامانی دیکەی یانەکە ڕووی ئاراستەی خۆیان گۆڕیوە و بڕیاریان داوە لەگەڵیدا بژین. لەڕاستیدا، بە کەمکردنەوەی ناهاوسەنگی لە هێزی سەربازیدا، دەوڵەتە ناوکییە نوێیەکان، بەشێوەیەکی گشتی سەقامگیرییەکی زیاتری هەرێمی و نێودەوڵەتییان بەرهەم هێناوە، نەک کەمتر.

قۆرخکردنی هەرێمییانەی چەکی ناوکی لەلایەن ئیسرائیلەوە، بەدرێژایی تەمەنی قۆرخکردنەکە، سووتەمەنیی ناسەقامگیری بووە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە هیچ هەرێمێکی دیکەی جیهاندا نییە، وەک ئەوەی لە هەرێمی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا هەیە، تەنها یەک دەوڵەتی خاوەن چەکی ناوکی نەپشکنراو (unchecked) هەبێت. ئەوە جبەخانە ناوکییەکەی ئیسرائیلە، نەک ئارەزووی ئێران بۆ جبەخانەیەکی ناوکی، کە زۆرترین بەشداریی لە قەیرانەکەی ئێستادا هەیە. لە کۆتاییدا، هێز دەخوازێت هاوسەنگ بێت، ئەوەشی لە کەیسی ئیسرائیلدا مایەی سەرسوڕمانە ئەوەیە دەرکەوتنی هاوسەنگارێکی چاوەڕوانکراو زۆر درەنگ کەوتووە.

بێ گومان هۆکاری ئەوەی بۆچی ئیسرائیل دەیەوێت وەک تاقانە هێزی ناوکی لە هەرێمەکەدا (خۆرهەڵاتی ناوەڕاست) بمێنێتەوە و بۆچی دەیەوێت هێز بەکار بهێنێت بۆ درێژەپێدانی ئەو بارە، ئاسانە بۆ تێگەیشتن. ساڵی 1981، ئیسرائیل، بۆ ڕێگریکردن لە ئاڵنگاریی مۆنۆپۆڵە ناوکییەکەی، عێراقی بۆمباران کرد. ساڵی 2007 هەمان کاری لە دژی سوریا ئەنجام دا و ئێستاش بیر لە چالاکییەکی هاوشێوە، لە دژی ئێران دەکاتەوە. تەنها چالاکییەک کە ڕێگە بە ئیسرائیل دەدات پەراوێزە ناوکییەکەی لە کورتمەودادا بپارێزێت، ناهاوسەنگییە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، ناهاوسەنگییەک کە لەدوورمەودادا بەردەوام نابێت. بێ گومان توانایی سەلمێنراوی ئیسرائیل بۆ لێدانی ڕکابەرە ناوکییە چاوەڕوانکراوەکانی بەبێ هیچ ڕێگرێک، دوژمنەکانی وا لێدەکات نیگەرانی پەرەپێدانی ئامرازەکانی ڕێگریکردن بن، تاکوو ڕێگە لە ئیسرائیل بگرن جارێکی دی کارێکی لەوجۆرە دووبارە نەکاتەوە. لەم سۆنگەیەوە، باشترە بارگرژییەکانی ئێستا، زیاتر وەک قۆناغە کۆتاییەکانی قەیرانی ناوکیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کە چەند دەیەیەک تەمەنی هەیە ببینرێت، نەک وەک قۆناغە بەراییەکانی قەیرانی ناوکیی ئێرانی کە تاڕادەیەک نوێیە. ئەم بارگرژییانەش تەنها کاتێک کۆتاییان دێت، هاوسەنگیی هێزی سەربازی بگەڕێنرێتەوە. 

 

 

  •  ترسی بێبنەما

 

بەلای کینێس واڵتزەوە، مشتومڕ لەسەر "مەترسیی ئێرانێکی خاوەن چەکی ناوکی"، لەڕێگەی نیگەرانییەکەوە، کە لەجێی خۆیدا نییە؛ هەروەها لە ڕێگەی هەڵەتێگەیشتنێکی سەرەکییەوە لە چۆنێتیی ڕەفتاری دەوڵەتان لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا، بەلاڕێدا براوە. ئەمەش هۆکارێکی زیادەڕەویکردنە لەو مەترسییەدا بەشێوەیەکی ترسناک. دیارترین نیگەرانی، کە بناغەی زۆربەی نیگەرانییەکانی دیکەشە، ئەوەیە ڕژێمی ئێرانی بەزگماک (بەسروشت innately) ڕژێمێکی ناعەقڵانییە. وێڕای بەربڵاویی باوەڕێکی پێچەوانەی ئەمە، سیاسەتی ئێرانییەکان لەلایەن "مەلا نەزانەکانەوە" داناڕێژرێت، بەڵکوو لەلایەن ئایەتوڵلا هۆشمەندەکانەوە دادەڕێژرێت، ئەو ئایەتوڵلایانەی، وەک هەر سەرکردەگەلێکی دی، دەیانەوێت بمێننەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کە سەرکردەکانی ئێران نوقمی گوتارێکی ڕقاوی و هاندانئامێزن (inflammatory)، بەڵام هیچ مەیلێکیان بۆ خۆتێکشکاندن یان خۆکوژی نیشان نەداوە. هەڵەیەکی کوشندە دەبێت بۆ سیاسەت دروستکەران، لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەگەر پێچەوانەی ئەمە گریمان بکەن.

تا ئێستا ئەم گریمانکردنە (ڕژێمی ئێرانی بەزگماک یاخود بەسروشت ناعەقڵانییە)، بەدیاریکراوی ئەو هەڵەیەیە زۆرێک لە شیکەرەوە و کاربەدەستانی ئەمریکا و ئیسرائیل کردوویانە. وێناکردنی ئێران وەک ناعەقڵانی، ڕێگەی پێداون مشتومڕی ئەوە بکەن لۆژیکی بەرگردی ناوکی (nuclear deterrence) بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ناچەسپێت. ئەوان هۆشیاری دەدەن ئەگەر ئێران چەکی ناوکی بەدەست بهێنێت، تەنانەت لەگەڵ ئەوەشدا کە کردنی وەها کارێک (بەکارهێنانی چەکی ناوکی) دارای تۆڵەیەکی گشتگیر و مەترسیی لەناوبردنی هەموو شتێکە کە لای رژێمی ئێرانی بەهەند وەردەگیرێت، ئێران لە بەکارهێنانی ئەم چەکە، لە یەکەم هێرشیدا دژی ئیسرائیل، دوودڵ نابێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، کە ناشێت لە نیازی ئێرانییەکان دڵنیا بیت، بەڵام ئەگەر ئێران ئارەزوی بەدەستهێنانی چەکی ناوکیی هەبێت، ئەوە بەگریمانی زۆر بۆ ئامانجی دابینکردنی ئاسایشی خۆیەتی، نەک بۆ بەهێزکردنی تواناییە هێرشییەکانی (یان تێکشکاندنی خۆی). ئێران لەوانەیە سەختگیر بێت لەسەر مێزی گفتوگۆ و خۆڕاگر بێت بەڕووی سزاکاندا، بەڵام هێشتا لەپێناو دەستەبەرکردنی پارێزراویی  خۆیدا (own preservation) کار دەکات. 

بۆ نموونە، دوای ئەوەی یەکێتیی ئەوروپا پلانی قەدەغەکردنی نەوتی ئێرانی لە 1/1/2012 ڕاگەیاند، ڕابەرانی ئێران، سەرەڕای هۆشداریدانێکی توند لەبارەی داخستنی گەرووی هورمزەوە، کەچی هەوڵی داخستنی گەرووەکەیان نەدا، چونکە ڕژێمی ئێرانی بەڕوونی ئەنجامگیریی کرد نایەوێت جووڵەیەکی وەها بێزارکەرانە بکات، جووڵەیەک بە دڵنیاییەوە وەڵامێکی خێرا و تێکشکێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بەدوادا دێت.

لەگەڵ ئەمەشدا، تەنانەت هەندێک چاودێر و سیاسەت داڕێژەر، ئەوانەی قبوڵیانە ڕژێمی ئێرانی ڕژێمێکی عەقڵانییە، هێشتا دوودڵن و پێیان وایە چەکی ناوکی بوێری بە ڕژێمی ئێران دەدات، قەڵغانێک بۆ تاران دابین دەکات و ڕێگەی پێدەدات دەستدرێژکارانەتر ڕەفتار بکات هەروەها پشتیوانییەکانی بۆ تیرۆریزم زیاد بکات. تەنانەت هەندێک شرۆڤەکار لەوەش دەترسن کە ئێران ڕاستەوخۆ چەکی ناوکی بۆ تیرۆریستان دابین بکات. کێشەی ئەم نیگەرانییانە ئەوەیە لەگەڵ تۆماری هەموو حاڵەتەکانی دیکەی چەکی ناوکیدا، بە گەڕانەوە بۆ ساڵی 1945، پێچەوانە دێتەوە. مێژوو نیشانی دەدات کاتێک وڵاتان بۆمبی ناوکی بەدەست دەهێنن، زیاتر هەست بە ناپارێزراوی دەکەن و بەتەواوی دەزانن چەکە ناوکییەکەیان دەیانکات بە ئامانجێکی چاوەڕوانکراو لە چاوی هێزە سەرەکییەکانەوە. ئەم ئاگاییە دەوڵەتە ناوکییەکان هان دەدات، کرداری دوژمنکارانە و چاوقایمانە ئەنجام نەدەن. بۆ نموونە، چینی ماوی (چین لەسەردەمی ماو تسی تۆنگدا)، دوای ئەوەی لە ساڵی 1964چەکی ناوکی بەدەست هێنا، ئارەزووی جەنگی زۆر کەم بوویەوە؛ هەروەها هیندستان و پاکستان، لەوکاتەوەی بوون بەخاوەن چەکی ناوکی، خۆپارێزتر بوون. بۆیە، ئەو هۆکارەی وا دەکات باوەڕ بهێنین بەوەی ئێران ئەم قاڵبە بشکێنێت هۆکارێکی لاوازە.

سەبارەت بە مەترسیی ڕادەستکردنیشی بە تیرۆریستان، هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت چەکی ناوکی، بەبێ مەترسییەکی گەورەی ئاشکرابوون، بگوازێتەوە. چونکە توانایی چاودێریی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەروەها کاریگەریی گەورە و گەشەکردنی توانایی ویلاتە یەکگرتووەکان بۆ ئاشکراکردنی سەرچاوەی مادەی ئینشیتاری (fissile material)، ئاستەنگێکی جدی دروست دەکات. زیاتر لەوە، وڵاتان هەرگیز ناتوانن بەتەواوی کۆنترۆڵ یان تەنانەت پێشبینیی ڕەفتاری ئەو کۆمەڵە تیرۆریستییانە بکەن، کە سپۆنسەریان دەکەن. بۆیە کاتێک وڵاتێکی وەکوو ئێران توانایی ناوکی بەدەست دەهێنێت، هەموو پاساوێکی بە دەستەوە دەبێت، بۆ پاراستنی کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر جبەخانەکەیدا. 

دوای هەموو ئەوانەی لەسەرەوە گوترا، دروستکردنی بۆمب تێچووی زۆرە و مەترسیداریشە. بۆیە باوەڕهێنان بە گواستنەوەی بەرهەمی ئەو وەبەرهێنانە بۆ لایەنگەلێک کە وا ناتوانرێت نە متمانەیان پێ بکرێت و نە ڕام بکرێن، بێواتا و نالۆژیکییە.

نیگەرانییەکی دی کە زۆرجاران باس دەکرێت ئەوەیە ئەگەر ئێران ببێت بە خاوەنی بۆمبی ناوکی، دەوڵەتانی دیکەی هەرێمەکە شوێنپێی هەڵدەگرن و سەردەکێشێت بۆ پێشبڕکێی چەکی ناوکی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەڵام لە ئێستادا تەمەنی چەکی ناوکی زیاتر لە 70 ساڵە و تاڕادەیەکی زۆریش سەلمێنراوە ترسی تەشەنەکردن (proliferation) ترسێکی بێبنەما بێت. ئەگەر زاراوەی "تەشەنەکردن" دروست پێناسە بکەین، ئەوا تەشەنەکردن مانای بڵاوبوونەوەیەکی خێرا و کۆنترۆڵنەکراو دەگەیەنێت، بۆیە شتێک لە بابەتی تەشەنەکردن ڕووی نەداوە و لەڕاستیشدا لە 1970 ەوە هێواشبوونەوەیەکی بەرچاو هەیە لە دەرکەوتنی دەوڵەتی ناوکیدا و ئێستاکەش هۆکارێک لەئارادا نییە بۆ ئەوەی پێشبینی بکەین ئەم ڕەوتە (pattern)ی دەرکەوتنی دەوڵەتی خاوەن چەکی ناوکی بگۆڕێت. بۆیە ئەگەر ئێران ببێتە دووهەم هێزی ناوکیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەستەمە نیشانەی دەستپێکردنی زریانێکی توند بێت. کاتێک ئیسرائیل لە شەستەکانی سەدەی بیستەمدا بۆمبی بەدەست هێنا، لەشەڕدا بوو لەگەڵ زۆربەی دراوسێکانیدا و چەکە ناوکییەکانی هەڕەشەیەکی زۆر گەورەتر بوو بۆ جیهانی عەرەب، لەوەی بەرنامەکەی ئێران ئێستا هەیەتی، بۆیە ئەگەر ئیسرائیلێکی خاوەن ئەتۆم پێشبڕکێی چەکی نەورووژاندبێت، ئەوا هۆکارێک لە ئارادا نییە، ئێرانی ناوکی هەنووکە پێشبڕکێی خۆ پڕچەککردن بکات. 

 

 

  • مشتوماڵ

 

لەکۆتایی ئەم تەوەرەیەدا، دەکرێت مشتوماڵێکی ئارگیۆمێنتەکانی کینێس واڵتز بکەین و لەم چەند خاڵەدا کورت و پوختی بکەینەوە:

  1. کاتێک وڵاتێک دەبێتە خاوەن چەکی ناوکی، زیاتر هەست بە ناپارێزبەندی دەکات و بەتەواوی بەئاگا دەبێت لەوەی چەکی ناوکی دەیکات بە ئامانجی گریمانکراوی هێزە سەرەکییەکان. ئەم ئاگاییە هانی دەوڵەتە ناوکییەکە دەدات چالاکیی دەستدرێژکارانە و چاوقایمانە ئەنجام نەدات. 
  2. چەکی ناوکی تەنها و تەنها یەک ئامانجی هەیە، ئەویش بەرگردییە.
  3. ڕێگەچارەی دیپلۆماسی هاوڕێ لەگەڵ سزای توند، ئێران ناگەیەنێتە ئەو باوەڕەی دەست لە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی هەڵبگرێت.
  4. وەستاندنی هەوڵەکانی تاقیکردنەوەی چەکی ناوکی و پەرەپێدانی توانایی سمین، بەلای ئێرانەوە بەرگردێکی کافی نییە و تەنها چەکی ناوکی دەتوانێت ئەو ئاسایشە دابین بکات کە کۆماری ئیسلامیی ئێران چاوی لێ بڕیوە.
  5. ئێران دەوڵەتێکی باری ئارایە status quo state و هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی، بە گریمانی زۆر، بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆیەتی، نەک بەهێزکردنی تواناییە هێرشییەکانی و ئامانجی بەرنامە ناوکییەکەشی بەرگردی و بەرگرییە.
  6. ئامانجی پاڵپشتیکردنی کۆمەڵە تیرۆریستییەکان و میلیشیاکان، نیشاندانی توانایی تۆڵەکردنەوەی ئێرانە، ئەگەر هێرشی کرایەسەر یان بەرژەوەندییەکانی پیشێل کران. بۆیە ئەگەری هەیە ئێرانی خاوەن چەکی ناوکی، لەپێناو دوورکەوتنەوە لە ناکۆکیی ناپێویست لەگەڵ دەوڵەتە ناوکییەکانی دیکەدا، پشتیوانی بۆ دەستوپێوەندەکانی (proxy) سنووردار بکات.
  7. بەهۆی مەترسیی ئاشکرابوون، تێچووی زۆری دروستکردنی چەکی ناوکی، هەروەها نەبوونی تواناییی کۆنترۆڵکردنی ڕەفتاری تیرۆریستان، ئەگەری گواستنەوەی چەکی ناوکی بۆ تیرۆریستان زۆر لاوازە. 
  8. ڕێبەرانی ئێران، وێڕای گوتارە دەمارگیرانەکانیان، لەبنەمادا عەقڵانین و ئامانجیان مانەوەیە؛ تاقە نیگەرانیی ڕێبەرە ئێرانییەکان مانەوەیە و لەوباوەڕەدان، بەرگردی ناوکی، مانەوەیان مسۆگەردەکات.
  9. بەدەستهێنانی چەکی ناوکی لەلایەن ئێرانەوە پێشبڕکێی خۆپڕچەککردن لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ناورووژێنێت.
  10. پێویست نییە لەسەرمان لە هەوڵی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی نیگەران بین، چونکە بەرگردی کارایی و توانایی سەد لە سەدی خۆی دەرخستووە لەم جۆرە حاڵەتانەدا. ئێمە دەتوانین بەرگردی وڵاتێکی بچووکی خاوەن چەکی ناوکی بکەین، دوای ئەوەی بەرگردی وڵاتێکی گەورەی وەک یەکێتیی سۆڤێت و چینمان کرد. بۆیە بە ئارامی بخەون

 

تەوەری دووهەم

دژە ئاڕگیۆمێنت و تاوتوێکردنی ڕوانینەکانی کینێس واڵتز

لەم تەوەرەدا و لە ڕوانگەی هەر یەک لە سکۆت ساگان (Scott Sagan) و کۆلین کاڵ (Colin H. Kahl)ەوە، تێڕوانینەکانی کینێس واڵتز هەڵدەسەنگێنین. سەرچاوی هەڵسەنگاندنەکەشمان، مشتومڕێکی سکۆت ساگان و کینێس واڵتزە، مشتومڕەکە ساڵی 2007 لە زانکۆی کۆڵۆمبیا ئەنجام دراوە و لە گۆڤاری "کاروباری دەرەوە" دا بڵاوکراوەتەوە. بۆ بیروبۆچوونەکانی کۆڵین کاڵیش، دەگەڕێینەوە بۆ یەکێک لە نووسینەکانی، لە وەڵامی ئەو وتارەی واڵتز-دا، کە لە تەوەرەی یەکەمدا خستمانە ڕوو، کۆڵین کاڵ وتارێکی نووسیوە و وتارەکەی ئەمیش هەر لە گۆڤاری "کاروباری دەرەوە" و لەساڵی 2012 دا بڵاوکراوەتەوە.

 

2 – 1. سکۆت ساگان

سکۆت ساگان یەکێک لەو بیریارانەیە پێچەوانەی کینێس واڵتز بیر لە پرسەکە دەکاتەوە و لە مشتومڕێکیکدا لەگەڵ کینێس واڵتز کە لەساڵی 2007 و لە زانکۆی کۆڵۆمبیا ئەنجام دراوە، ڕەخنەی ئارگیۆمێنتەکانی دەکات. ساگان لەجیاتی وەستان لەسەر ئاستی دووهەم و سێهەمی شرۆڤە و تۆخکردنەوەی کاریگەریی دەوڵەت و نەزمی نێودەوڵەتی، پێ لەسەر ئاستی یەکەمی شرۆڤە دادەگرێت و تیشک دەخاتە سەر وێنەی یەکەمی ڕامانەی (بیردۆزی) سیانە وێنا (Three Images Theory).  بە تێڕوانینی ساگان بەرنامە و چەکی ناوکی لەواقیعدا لەلایەن دەوڵەت و دەوڵەتمەدارانەوە کۆنترۆڵ نەکراوە، بەڵکوو لەلایەن مرۆڤی ئاسایی و ناکامڵی ناو دامەزراوەی ئاسایی و ناکامڵەوە بەڕێوە دەبرێت. هەروەها، بۆئەوەی بزانین لە چ بارێکدا ئەگەری بەرگردیی چەکی ناوکی ئەگەرێکی سەرکەوتووە و لە چ بارێکیشدا ئەگەرێکی کەمتر سەرکەوتووە، پێویستمان بەوە هەیە سندووقی ڕەشی دروستکردنی بڕیار (decision-making) لە ناوخۆی دەوڵەتاندا بکەینەوە، تاکوو بزانین کۆنترۆڵی چەکی ناوکی بەکردەوە لەدەستی کێدایە و ئەو دەزگایانەی بنیاد نراون کێ بەڕێوەیان دەبات؟ ئێستاکێ و لە بیرکردنەوەماندا دەربارەی ئێران، بەڕای ساگان، سەرکەوتوو نەبووین لە کردنی وەها کارێک.

سکۆت ساگان لەلایەکەوە ڕەخنەی ئەو دیدە جەبرییەی واڵتز دەکات کە پێی وایە ناتوانرێت ڕێگە لە بەدەستهێنانی چەکی ناوکی لەلایەن ئێرانەوە بگیرێت ئەگەر بیەوێت، لەلایەکی دیکەشەوە، ڕەخنەی ئەو گەشبینییە دەکات کە هاوڕێیە بەم دیدە جەبرییە و بڕوای بە کارایی ستراتیژیی بەرگردی (deterrence) هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران. بە ڕای ساگان، ڕێگەچارەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێراندا هێشتا کاریگەریی هەیە و ئەنجامدانی هێرشی سەربازی لە ئێستادا (2007) کارێکی ژیرانە نییە. 

ساگان بەدەستهێنانی چەکی ناوکی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بە مایەی مەترسی و دڵەڕاوکێ دەزانێت و ئەو هۆکارانە ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی دەبێت نیگەران بین؟ لەپێناو هەڵسەنگاندنی شیمانە مەترسیدارەکانی چەکی ناوکیی کۆماری ئیسلامییدا، لەجیاتی گەڕانەوە بۆ سەردەمی جەنگی سارد و نموونەی یەکێتیی سۆڤێت و چین، کە سەرەڕای ڕێگرییەکانی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەکی ناوکییان بەدەست هێنا و کاتێک بوون بە خاوەنیشی، بەهۆی کارایی ستراتیژیی بەرگردییەوە نەیانتوانی لە دژی ئەمریکا بەکاری بهێنن، ساگان سەرنجی مێژوویەکی نزیکتر دەدات و نموونەی یەکێک لە وڵاتە دراوسێکانی ئێران دەهێنێتەوە بۆ پاسادانکردنی (لێوردبوونەوەی) گریمانەکانی: نموونەکەش وڵاتی پاکستانە. 

بەتێڕوانینی ساگان کاتێک دەوڵەتێکی ناوکیی نوێ دەردەکەوێت، لەڕووی ڕامانەییەوە (تیۆرییەوە)، ئەگەری ڕوودانی سێ مەترسی لەئارادایە:

  1. چەکی ناوکی هانی ئەو دەوڵەتە دەدات دەستدرێژکار بێت- واتا بەدەستهێنانی پاراستنی قەڵغانی ناوکی وا لە دەوڵەتەکە دەکات دەستدرێژکارتر بێت (دڕتربێت) لە ڕووبەڕوبوونەوە تەقلیدیەکاندا.
  2. مەترسیی هەڵکوتانە سەر و دزینی چەکی ناوکی لەلایەن تیرۆریستانەوە.
  3.  ئەگەری لەدەستدانی کۆنترۆڵ و فرۆشتنی چەکی ناوکی بە تیرۆریستان.

کاتێک پاکستان چەکی ناوکی بەدەست هێنا، ئەم گرفتانە هەر سێکیان ڕوویان دا. لەڕێگەی وێکچواندنێکەوە  (analogy) و بە بەکارهێنانی نموونەی پاکستان، لەجیاتی نموونەی جەنگی سارد، سکۆت ساگان پاسادانی ئەو سێ گریمانەیەی سەرەوە دەکات و پێی وایە ئەو سێ مەترسییە بەسەر حاڵەتی ئێرانیشدا دەچەسپێت و ئێرانی خاوەن چەکی ناوکی بە مەترسییەکی گەورە دەزانێت. لە سێ خاڵدا و لەبارەی ئێرانەوە ئەو گریمانانە تاقی دەکاتەوە و مەترسییەکانی ئێرانێکی ناوکی بەم شێوەیە دەخاتە ڕوو:

ساگان بەپێی "پارادۆکسی سەقامگیری- ناسەقامگیری" مەترسیی یەکەم ڕوون دەکاتەوە و لەو باوەڕەدایە دەوڵەت کاتێک چەکی ناوکی بەدەست دەهێنێت، دەستدرێژکارانەتر ڕەفتار دەکات. ئایا ئەگەر ئێران چەکی ناوکی بەدەست بهێنێت، دەستدرێژکارانەتر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕەفتار دەکات؟ 

ئەو دەڵێت: لەلایەکەوە، وەک پڕۆفیسۆر واڵتز بەجوانی بیرۆکەکەی پێداین "ئەگەر ئێران خاوەنی چەکی ناوکی بوایە، وڵاتە یەکگرتووەکان ئاستەنگ (reluctant)ی زیاتری دەهاتە ڕێ بۆ هێرشکردنە سەر ئێران". لەڕاستیدا، هەر ئەمەشە بە بڕوای من ]سکۆت ساگان[ کە بۆچی ئێران زۆر پەرۆشی بەدەستهێنانی چەکی ناوکییە. لەلایەکی دیکەشەوە، ئەگەری هەیە هەندێک لە ئێرانییەکان- بەتایبەتی هێزەکانی پاراستنی شۆڕش (سوپای پاسداران)- بەهۆی هەستکردنیان بەوەی کە پارێزراوترن، هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق؛ هێرش بکەنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا؛ پشتیوانیی هێرشە تیرۆریستییەکان لە شوێنەکانی دی بکەن، بۆیە هەرگیز ڕوون نییە کە وا دەرەنجامی کۆتایی بە کوێ دەگات. هێرشی بێزارکەرانەی زیاتر؟ یان گێچەڵی زیاتر؟ لەڕاستیدا، پەیوەست بە قەیرانی ئێران لەمڕۆدا، ئەمە نیگەرانییەکانە.

سەبارەت بە گرفتی دووهەم و مەترسیی دزینی چەکی ناوکی لەلایەن تیرۆریستانەوە، ساگان لەژێر ڕۆشنایی دژیەکی پارێزراوی- نا پارێزراویدا ئەم مەترسییە ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت: ئێرانییەکان لەپێناو کەمکردنەوەی شیمانەی هێرش بۆ سەر پێگەکانی پەرەپێدانی ناوکی، ئەو پێگانە دوور دەخەنەوە بۆ ناوچە دوورەدەستەکان، بەڵام وەها ڕێکارێک بەهۆی نەبوونی کۆنترۆڵێکی ناوەندی لەو شوێنە دوورەدەستانەدا بەسەر بەرنامە ناوکییەکەدا، لە بارێکدا ئەگەر چەکی ناوکی پەرە پێبدەن، شیمانەی هەڵکوتانە سەر ئەو پێگانە، لەلایەن کۆمەڵە تیرۆریستییەکان و ئەو کەسانەی سەریان لەم جۆرە کارانە دەردەچێت، زیاتر دەبێت. 

گرفتی سێهەم سەختیی کۆنترۆڵکردنە، واتە مەترسیی لەدەستدانی کۆنترۆڵ و ئەگەری پێدانی چەکی ناوکی لەلایەن شارەزایەکەوە بە دەوڵەتێکی نا-ناوکی (non-nuclear state). لێرەدایە پێویستە بپرسین: چەک و مادەکان لەژێر کۆنترۆڵی کێدان؟

ئێران هێشتا نەبووەتە خاوەنی چەکی ناوکی، بەڵام کار دەکات بۆ بەدەستهێنانی و ئەوەشی کە پێگەکانی پەرەپێدانی چەکی ناوکی دەپارێزێت سوپای نیزامیی ئێران نییە، بەڵکوو هێزەکانی پاراستنی شۆڕش (سوپای پاسداران)ە، کە یەکەی دارایی تایبەت بەخۆی هەیە و زۆربەی جار ئەو یەکانە بەکار دەهێنرێن بۆ کڕینی پێداویستییە جۆراوجۆرەکانی بەرنامەی ناوکی. ئەمانە هەمان ئەو کەسانەن چەک دابین دەکەن بۆ ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییانەی ئێران پاڵپشتییان دەکات. بۆیە کاتێک پارێزەرانی چەکی ناوکی و ڕێکخراوە پشتیوانەکانی تیرۆر، هەمان لایەن بێت، ئەوە کارەساتێکی تەواوە.

 

2-1-1. مشتوماڵ

دوای مشتوماڵکردنی ئاڕگیۆمێنتەکانی سکۆت ساگان، دەکرێت بەم شێوەیە پوختی بکەینەوە:

ئێران چەکی ناوکی بەدەست بهێنێت مەترسیدارە، چونکە ڕەنگە حکوومەت بوێرتر بکات و ئەو دامەزراوانەی بانگەشەی بەڕێوەبردنی چەکی ناوکی دەکەن لاواز بن و چەکەکان مەترسیی دزەپێکردن یاخود فرۆشتنیان بە لایەنی دیکە زیاتر بێت. بەکورتی، ئێمە ڕووبەڕووی چەندین جۆری جیاوازی مەترسی و داینامیکی ناوکی دەبینەوە، زیاتر لەو مەترسی و داینامیکییە ناوکییانەی لە ماوەی جەنگی سارددا ڕووبەڕووی بووینەوە.

 

2 – 2. کۆڵین کاڵ

یەکێکی دی لەو کەسانەی تاوتوێی بۆچوونەکانی واڵتز دەکات، کۆڵین کاڵە. لە وەڵامێکیدا بۆ وتارەکەی واڵتز (بۆچی پێویستە ئێران چەکی ناوکی بەدەست بهێنێت؟) ئەم پێی وایە واڵتز لەوەدا پێکاویەتی کە دەڵێت ئێرانێکی خاوەن چەکی ناوکی، ڕەنگە بەرگردی لێ بکرێت لە بەکارهێنانی بەئەنقەستی چەکی ناوکی یان گواستنەوەی دەزگای ناوکی بۆ تیرۆریستان، بەڵام بەهەڵەدا چووە کاتێک پێی وایە ئەگەر ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکی،  ئەگەری هەیە ببێتە بکەرێکی نێودەوڵەتیی بەرپرسیارتر. کاڵ لەو باوەڕەدایە، کینێس واڵتز لەم ئارگیۆمێنتەیدا، لەلایەکەوە پاڵنەرەکانی ئێرانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی بەهەڵە دەستنیشان کردووە؛ لەلایەکی دیکەوە، مێژووی بەهەڵە خوێندووەتەوە؛ ئەمە سەرباری پشتگوێ خستنی ئەو بەرەنجامە گرنگانەی توێژینەوەکانی بواری زانستە ڕامیارییەکان لەبارەی کاریگەریی چەکی ناوکی پێی گەیشتوون. کۆڵین کاڵ لە دوو خاڵ و ئەنجامگیرییەکدا، بەم شیوەیە ئارگیۆمێنتەکەی واڵتز دەداتە دواوە:

یەکەم: عەقڵانی بەڵام مەترسیدار.

دووهەم: دژیەکی سەقامگیری- ناسەقامگیری.

سێهەم: هەڕەشەیەکی زۆر راستەقینە.

 

2 – 2 – 1. عەقڵانی بەڵام مەترسیدا

کینێس واڵتز لەوەدا پێکاویەتی کە تێبینیی کردووە ڕێبەرانی ئێران، وێڕای گوتارە دەمارگیرانەکانیان (fanatical rhetoric)، لەبنەمادا عەقڵانین؛ هەروەها، لەبەر ئەوەی سەرکردایەتیی ئێران خۆکوژ نییە، بۆیە ئەگەرێکی دوورە ئێرانی خاوەن چەکی ناوکی، بەئەنقەست چەکی ناوکی بەکار بهێنێت یان بیگوازێتەوە بۆ تیرۆریستان. بەڵام بە بۆچوونی کاڵ، لەگەڵ ئەوەشدا کۆماری ئیسلامیی ئێران عەقڵانییە، هێشتا مەترسیدارە و ئەگەری زۆرە ئەگەر چەکی ناوکی پەرە پێبدات، مەترسیدارتریش ببێت.      

کاڵ دەڵێت: بە ڕای واڵتز، ئێران دەوڵەتێکی باری ئارایە؛ ئامانجی بەرنامە ناوکییەکەی بەرگردی و بەرگرییە؛ پاڵنەریشی بۆ سپۆنسەریی کۆمەڵە تیرۆریستییەکان و پاڵپشتیکردنی میلیشیاکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، نیشاندانی توانایی تۆڵەکردنەوەی ئێرانە، ئەگەر هێرشی کرایە سەر یاخود بەرژەوەندییەکانی ژێرپێ خران؛ لەلایەکی دیکەوە، تاقە نیگەرانیی ڕێبەرە ئێرانییەکان مانەوە (survival)یە و باوەڕیشیان وایە تەنها بەرگردی ناوکی (nuclear deterrent) مانەوەیان مسۆگەر دەکات؛ پاشان ئێرانی خاوەن چەکی ناوکی، لەپێناو دوورکەوتنەوە لە ناکۆکیی ناپێویست لەگەڵ دەوڵەتە ناوکییەکانی دیکەدا، ڕەنگە پشتیوانییەکانی بۆ دەستوپێوەندەکانی سنووردار بکات.

بە تێڕوانینی کاڵ، ئێران دەوڵەتێکی باری ئارا نییە و ئامانجی پشتیوانیشی لە میلیشیا و تیرۆریستان، تەنها بەرگری و تۆڵەکردنەوە نییە، بەڵکوو ئەم پشتیوانییە ئامرازێکی هێرشبەرانەیە و بە ئامانجی ترساندن و فشارخستنە سەر دەوڵەتانی دی؛ فراوانکردنی نفوزی ئێران بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ؛ هەروەها، پێشخستنی کارنامە هەموارگەراییەکەی ئێران (revisionist agenda) دیزاین کراوە. ئەو کارنامە هەموارگەراییەی کە چاوی بڕیوەتە کردنی ئێران بە هێزێکی باڵادەست و دیار لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ کردنی ئێران بە پاڵەوانی بەرهەڵستکاری ئیسرائیل و هێزە خۆبەزلزانەکانی خۆراوا؛ ڕمێندان بە براندی ئایدۆلۆژیی شۆڕشگێڕیی ئیسلامگەرا؛ هەروەها چەسپاندنی ڕابەرایەتیی خۆی لە جیهانی ئیسلامیدا.

هەنووکە ئامانجی نزیکبوونەوەی پلەبەپلەی تاران لە پشتیوانیی میلیشیا و تیرۆریستان کەمکردنەوەی مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ دەوڵەتە بەهێزترەکاندا. بەڵام ئەگەر ڕێبەرانی ئێران بۆیان دەرکەوت جبەخانەی ناوکی بەرگردییەکی بەهێزترە لە هەمبەر تۆڵەکردنەوەدا، ئەگەری هەیە دەستدرێژکارانەتر شوێن بەدیهێنانی ئامانجە هەرێمییەکانیان بکەون. 

بەدیاریکراوی، تارانێکی خاوەن چەکی ناوکی، ئەگەری هەیە چەکی تەقلیدی وردتر و دوورمەوداتر و پێشکەوتووتر بۆ حزبوڵای لوبنانی و میلیشیا فەلەستینییەکان، بەمەبەستی بەکارهێنانیان لە دژی ئیسرائیل، دابین بکات. لە هەوڵێکیدا بۆ پاڵپشتیی توانایی بەرگردی ئەو هاوپەیمانانە، ڕەنگە ئێران بیر لە پێدانی چەکی دوانە-توانایی (dual-capable) بکاتەوە پێیان؛ هەروەها، ڕەنگە ئێرانێکی خاوەن چەکی ناوکی، مۆڵەتی بەکارهێنانی سیستەمی چەکی پێشکەوتوو بە دەستوپێوەندەکانی  بدات.  

ئێرانێکی خاوەن چەکی ناوکی لەو باوەڕەدا دەبێت کە خاوەنی بەرگردییەکی بەهێزە و بەمەش دەتوانێت لەدەرەوە، بەبێ وەرگرتنی سزا، توندوتیژی ئەنجام بدات؛ هەروەها، ڕەنگە ژمارە و مەودای هێرشە تیرۆریستییەکانی لەڕێگەی حزبوڵا و فەیلەقی قودس، باڵی چالاکییە نهێنییەکانی دەستەبژێری هێزەکانی پاراستنی شۆڕشی ئیسلامییەوە، دژی ئامانجەکانی ویلاتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل زیاد بکات؛ ئێرانێکی بوێرتر ڕەنگە ژمارەی هێزەکانی پاراستنی شۆڕش (سوپای پاسداران)، کە لە لوبنان بڵاوی کردوونەتەوە، زیاد بکات؛ ڕێگە بە هێزە دەریاییەکانی بدات خۆیان لە نمایشکردنی ناوبەناوی هێز لە دەریای ناوەڕاستدا بگلێنن؛ هەروەها دەستدرێژکارانەتر لە کەنداوی فارس و تەنگەی هورمزدا خۆی بسەلمێنێت.

بۆ جوانترکردنی وێنەی خۆی لەبەر چاوی ناوخۆ و لە هەرێمەکەشدا، وەکو ڕێبەری باڕستەی دژە ڕۆژاوایی بەرهەڵەستکار، ڕەنگە ئێرانێکی خاوەن چەکی ناوکی، وەڵامی قەیرانە هەرێمییەکان لەڕیگەی هەڕەشەکردن بە بەکارهێنانی هەموو ئامرازێکی بەردەستی بداتەوە، ئەمەش لەپێناو دەستەبەرکردنی مانەوەی ڕژێمی ئەسەد [ئەم وتارە پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعسی سوریا نووسراوە -ژۆڕناڵی ئاوەز-] و حزبوڵلا و کۆمەڵە فەلەستینییەکان. ئێرانێکی بوێرتر، ڕەنگە لەڕێگەی هاندانی هێرشی مەودافراوانی میلیشیاکانەوە، ڕۆڵی تێکدانی پرۆسەی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان بگێڕێت؛ هەروەها لەڕێگەی دیپلۆماسیی زۆرەملێوە (coercive diplomacy)، ڕەنگە هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی وڵاتە دراوسێکانی بدات و کاری تێکدەرانە لە عێراق و وڵاتانی کەنداودا ئەنجام بدات.

پەرەگرتنی نفوزی بنەڕەتگەرا تونداژۆکان لە تاران شیمانەی ڕوودانی ئەو ئەگەرانە زیاد دەکات. ڕوانینی بنەڕەتگەراکان بۆ جیهان، لەلایەن بیروڕا ئایدۆلۆژییەکانیانەوە سەبارەت بە حەتمییەتی داکشانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و تێکشکانی ئیسرائیل و هەڵکشانی ئێرانییەکان، شێوەی گرتووە. ئەوان پێشبڕکێ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیلدا وەک گەمەیەکی سفر- دەرەنجامی (zero-sum game) دەبینن. ئەگەر ئێران چەکی ناوکی بەدەست بهێنێت، بنەڕەتگەراکان ئەمە وەک تەئکیدکردنەوەی قەناعەتەکەیان دەبینن و بە ئاراستەی سەرچڵی و بێزارکردنی زیاتر، پاڵ بە حکوومەتی ئێرانەوە دەنێن.

بێ گومان ئێرانی ناناوکی پێشتر لە زۆرێک چالاکیی تێکدانی سەقامگیریدا تێوەگلاوە. بۆیە، بە بەدەستهێنانی چەکی ناوکی، بە ئەگەری زۆرەوە، گرفتی زیاتر چێ دەکات و بەرگردییەکەی، لە سنوردارکردنی بژاردەی وەڵامدانەوە بەردەستەکانی دەوڵەتە هەڕەشە لێکراوەکاندا وەبەردەهێنێت.

 

2.2.2. دژیەکی سەقامگیری- ناسەقامگیری

کاڵ، بۆ وەڵامدانەوەی ئارگیۆمێنتەکەی واڵتز، دووبارە پەنا دەباتەوە بەر پارادۆکسی سەقامگیری- ناسەقامگیری و دەنووسێت: واڵتز ئاڕگیۆمێنت ساز دەکات و دەڵێت: "مێژوو نیشانی دەدات کە وڵاتان کاتێک بۆمب (چەکی ناوکی) بەدەست دەهێنن، زیاتر هەست بە ناپارێزبەندی دەکەن و بەتەواوی بەئاگا دەبن لەوەی چەکە ناوکییەکانیان، لە چاوی هێزە سەرەکییاکاندا دەیانکات بە ئامانجی گریمانکراو. ئەم ئاگاییەش هانی دەوڵەتە ناوکییە نوێیەکان دەدات چالاکیی دەستدرێژکارانە و چاوقایمانە ئەنجام نەدەن".

بە تێڕوانینی کاڵ، لەم ئارگیۆمێنتەدا، واڵتز مێژوویەکی دوورودرێژی لە بیر کردووە، مێژوویەکی دوورودرێژ لە ڕەفتاری بێزارکەرانەی ئەو دەوڵەتە ناوەکییانەی، کە تازە دەبن بە خاوەنی چەکی ناوکی. بۆ نموونە، لەساڵی 1950 دا جۆزێف ستالین، سەرکردەی سۆڤێت، چرای سەوزی بۆ کۆریای باکوور هەڵکرد، تاکوو کۆریای باشوور داگیر بکات و بەم شێوەیە جەنگی کۆریا دەستی پێکرد. وەکوو دەردەکەوێت ستالین بەهەڵە گریمانی کردبوو کە وا ئەگەری وەڵامدانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەئارادا نییە، چونکە سۆڤێت چەکی ناوکی تایبەت بەخۆیی پەرە پێداوە. هەروەها، واڵتز بانگەشەی ئەوە دەکات چین دوای ئەوەی بوو بە وڵاتێکی ناوکی لە ساڵی 1964، کەمتر دەستدرێژکار بوو. بەڵام لە ساڵی 1969 ماوتسی تۆنگ، فەرمانی بە هێزەکانی چین دا هێرش بکەنە سەر هێزەکانی سۆڤێت لەسەر سنووری چین- سۆڤێت. مەبەستی هێرشەکە ئاگادارکردنەوەی سۆڤێت بوو دژی بێزارکردنە سنووریەکان؛ هەروەها، سازدانی ناوخۆی چین بوو بۆ پشتیوانیی شۆڕشی ماو. ڕەنگە ماو-یش وەکو ستالین دڵنیا بووبێت چین، کە تازە توانای ناوکی بەدەست هێناوە، ناکۆکییە بەرپابووەکە سنووردار دەکات. (لەکۆتاییدا، پێکدادانە سنوورییەکان قەیرانێکی گەورەتریان بەرهەم هێنا لەوەی ماو پێشبینیی دەکرد، ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی ناوکی لەلایەن یەکێتی سۆڤێتەوە هێنایە گۆڕێ و چین پاشەکشێی کرد).

هەروەها، واڵتز جەغد دەکاتەوە کەوا "هیند و پاکستان خۆپارێزتر بوون لەوکاتەوەی بوون بە خاوەن چەکی ناوکی". بەڵام پەرەپێدانی چەکی ناوکی لەلایەن پاکستانەوە لەڕاستیدا ستراتیجیی پاکستانی لە تێوەگلان لە ناکۆکییە "چڕی- ئاست نزم"ەکاندا، دژی هیندستان، ئاسان کردووە. نیمچە کیشوەرەکەی وا لێ کردووە، زیاتر تووشی قەیران ببێت. هەر وەک زانای بواری زانستە ڕامیارییەکان، ئێس پوڵ کاپور نیشانی داوە، هەر کە تواناییە ناوکییەکانی ئیسلاماباد زیاد دەکات، پەیوەندیی نەیارانەی هیندستان-پاکستانیش زیاد دەکات. لەساڵی 1998ەوە کاتێک هەر دووک هیندستان و پاکستان بەئاشکرا چەکی ناوکییان تاقی کردەوە، دەرکەوت ئیسلاماباد دەیەوێت زیاتر پشتگیریی ئەو کۆمەڵە میلیشیاییانە بکات کە لە هەرێمی جێناکۆکی کشمیر دەجەنگن و دەیەوێت زیاتر پشتیوانیی ئەو کۆمەڵانە بکات کە لە شوێنەکانی دیکەی هیندستان هێرشی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن. زیاتر لەوە، ساڵی 1999 پاکستان هێزە تەقلیدییەکانی لەژێر پەردەی یاخیبوواندا نارد، تاکوو بەدرێژایی هێڵی کۆنترۆڵ، لە ناوچەی کارجیلی کشمیر جەنگێکی سنوردار لەگەڵ هیندستاندا بەرپا بکەن. بڕوای پاکستان بەوەی بەرگردییە ناوکییەکەی توانایی تۆڵەکردنەوەی هیندستان بە چەکی تەقلیدی سنووردار دەکات، هاندەری ئەم جموجووڵەی بوو. سەرباری ئەمە، بە درێژایی دەیەی ڕابردوو [2000-2010] ئەو میلیشیایانەی پاکستان پشتگیرییان دەکات، لە هێرشە تیرۆریستییە ئاست بەرزەکانی ناوخۆی خودی هیندستاندا تێوەگلاون، لەوانەش: هێرشەکەی سەر پەرلەمان لە نیودەلهی ساڵی 2001  و هێرشەکانی مۆمبای ساڵی 2008.

واڵتز دەنووسێت "سیاسەت داڕێژەران و هاونیشتمانییان لە جیهانی عەرەبی، ئەوروپا، ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پێویستە دڵنەوایی خۆیان بەو ڕاستییە، کە مێژوو نیشانی داوە، بدەنەوە. مێژوو نیشانی داوە کاتێک لە شوێنێک تواناییەکی ناوکی دەردەکەوێت، سەقامگیریش لەو شوێنە بەرپا دەبێت". لەڕاستیدا، تۆماری مێژوو ئاماژە بەوە دەدات کە وا پێشبڕکێی نێوان ئێرانێکی خاوەن چەکی ناوکی و نەیارە سەرەکییەکانی، ڕەنگە بەگوێرەی شێوازی "دژیەکی سەقامگیری- ناسەقامگیری" بڕوات. بەپێی ئەم هاودژییە، ئەو سەقامگیرییە گریمانکراوەی، بەهۆی هاوتوانایی لەناوبردنی دڵنیاوە mutually assured destruction چێ بووە، ڕەنگە بەهۆی ئەوەوە کە کاری بێزارکەر و پێکدادان لەژێر قەڵغانی ناوکیدا سەلامەتتر دێتە پێش چاو، ناسەقامگیرییەکی گەورەتر بێنێتە ئاراوە. بۆ نموونە، لە ماوەی جەنگی سارددا بەرگردی ناوکی نەیهێشت جەنگی ناوکی یاخود جەنگی تەقلیدیی مەودا-فراوان لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و یەکێتیی سۆڤێتدا ڕوو بدات. لەهەمان کاتدا و هەرچۆنێک بێت، گاهێزەکان (super powers) ئەزموونی چەند قەیرانێکی راستەوخۆیان کرد و لە زنجیرەیەک جەنگی بریکاری proxy wars خوێناویدا لە کۆریا و ڤێتنام و ئەفغانستان و ئەنگۆلا و نیکاراگوا و ئێل سلڤادۆر و شوێنەکانی دی، ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە. شرۆڤە ئامارییە نوێکانی زانای بواری زانستە ڕامیارییەکان، میشێل هۆرۆویتز، دەری خستووە هێزە ناوکییە بێئەزموونەکان، لەچاو جۆرەکانی دیکەی دەوڵەتدا، زیاتر مەیلی توشبوونی قەیرانیان هەیە. توێژینەوەی زانایەکی دیکەی بواری زانستە ڕامیارییەکان (ڕۆبێرت ڕاوچهاوس) دەری خستووە، دەوڵەتە ناوکییەکان ئەگەری زۆرە لە ناکۆکییە چەکدارییە ئاست نزمەکاندا تێوە بگلێن لەگەڵ یەکدیدا، هەرچەندە ئەگەری تێوەگلان لە جەنگی سەراپاگیردا کەمترە.

ئەگەر بەرگردی بەوشێوەیەی واڵتز پێشبینیی دەکات کارایی هەبێت، ئێرانی خاوەن چەکی ناوکی، ڕەنگە مەترسیی جەنگێکی تەقلیدیی گەورە لەنێوان دەوڵەتەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا کەم بکاتەوە. بەڵام مێژوو نیشانی داوە پەرەپێدانی چەکی ناوکی لەلایەن تارانەوە، هانی سەرکێشیی ئێرانییەکان دەدات؛ هەروەها،  سەردەکێشێت بۆ قەیرانی توندتر و زیاتر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەو قەیرانانە خۆبەخۆ هەندێک مەترسیی ئاڵوگۆڕی ناوکی بەدوایخۆیدا دەهێنێت، کە لە دەرەنجامی هەڵسەنگاندنێکی هەڵە؛ ڕووداوێک؛ یان بەکارهێنانێکی نابەرپرسیارانەوە دەکەوێتەوە- مەترسییەک ئێستاکانە بەهیچ شێوەیەک لەئارادا نییە.

دوای ئەوەی ئێران دەچێتە ناو یانەی ناوکی، هەڕەشەکە بەتایبەتی لە قۆناغی سەرەتادا گەورە دەبێت. بۆنموونە، لە ماوەی جەنگی سارددا هەر کە گاهێزەکان گەیشتنە هاوشانییەکی ناوکیی نزیکەیی rough nuclear parity،  ژمارەی قەیرانە ڕاستەوخۆکان دای لە کەمی و مەترسیی توندبوونەوەی ناوکی نەما. بەڵام لە ماوەی ساڵەکانی سەرەتای جەنگی سارددا، گاهێزەکان لەچەند قەیرانێکەوە گلان و لانیکەم لە یەک حاڵەتدا- قەیرانی مووشەکیی کووبا 1962- بەشێوەیەکی مەترسیدار نزیک بوونەوە لە جەنگی ناوکی. بەهەمان شێوە، پەیوەندییەکی بەرگردیی سەقامگیر stable deterrent relationship  لەنێوان ئێران لەلایەک و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەلایەکی دیکەوە، ئەگەری هەیە بە تێپەڕینی کات دەربکەوێت، بەڵام لە ساڵانی سەرەتای ئەم پەیوەندییەدا، کە زەمینەی قەیران لەبارە، ترسناکە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو لایەنەکان بەرژەوەندیی قووڵیان لەوەدا هەیە ڕێگە نەدەن ڕووداوەکان لە کۆنترۆڵ دەربچن، بەڵام مەترسیی توندبوونەوەیەکی بێمەبەست inadvertent escalation کە دەرەنجامی چەند دەیەیەکی بێمتمانەیی و دوژمنایەتی؛ هەروەها پیواری هێڵی ڕاستەوخۆی پەیوەندیگرتن و هەڵەی دامەزراوەییە، کەم نابێت و هەر دەمێنێت- تەنانەت پاشهاتەکانی ڕووداوێکی "گریمان- کەم"یش، واتا ڕووداوێک کە گریمانەی ڕوودانی کەم بێت، وێرانکەر دەبێت.

 

2 – 2- 3. هەڕەشەیەکی زۆر ڕاستەقینە 

لەبەر ئەوەی واڵتز گەشبینە لەبارەی کاریگەرییەکانی بەدەستهێنانی چەکی ناوکی لەلایەن ئێرانەوە، ئەنجامگیری دەکات و دەڵێت: "ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانانی، پێویست ناکات زەحمەتی قەدەغەکردنی پەرەپێدانی چەکی ناوکیی ئێرانییەکان بکێشن". واڵتز باوەڕی وایە، تاقانە سوودی بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان، بریتییە لە هێشتنەوەی "هێڵەکانی پەیوەندیگرتن بەکراوەیی"، هێشتنەوەی هێڵەکانی پەیوەندیگرتن بەکراوەیی، "وا لە وڵاتە خۆراواییەکان دەکات هەست بکەن دەتوانن بەشێوەیەکی باشتر لەگەڵ ئێرانێکی خاوەن چەکی ناوکیدا بژین"، ئەو گفتوگۆی ئەوە دەکات کە وا "سزاکانی ئێستای سەر ئێران دەکرێت هەڵبگیرێن".

واڵتز هەڵەیە! مەترسیی ئێرانی خاوەن چەکی ناوکی ڕەنگە ئەوەندە مەترسیدار نەبێت وەک هەندێک باسی دەکەن، بەڵام خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کە خۆی ناسەقامگیرە، وا لێدەکات زیاتر ڕوو لە ناکۆکی و ململانێ بێت. لەبەر ئەوە، قەدەغەکردنی ئێران لە بڕینی بەربەستی ناوکی پێویستە لە ترۆپکی کارە لەپێشینەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بێت. چونکە هێرشێکی سەربازیی قەدەغەکاری بۆسەر ژێرخانی ناوکیی ئێران، خۆی بۆ خۆی زنجیرەیەک پاشهاتی چاوەڕواننەکراو و تێکدەری سەقامگیری بەدوای خۆیدا دەهێنێت. باشترین و پایەدارترین چارەسەر بۆ ئاڵنگاریی ناوکیی ئێران گەڕانە بۆ چارەیەکی گفتوگۆئامێز لە میانی تێکەڵەیەک لە فشاری ئابووری و هەوڵی دیپلۆماسی. ڕێگریکردن لە هەڵگیرساندنی جەنگ لەگەڵ ئێران شیاوە، بەبێ ئەوەی بەڵگەسازی بکرێت، وەک واڵتز دەیکات، کە وا ئێرانی خاوەن چەکی ناوکی جیهانێکی باشتر دەهێنێتە بوون.

   

تەوەری سێهەم

پرسی کورد و بەرنامەی ناوکیی ئێران: ئەنجامگیری

لەژێر ڕۆشنایی ئەو ئاڕگیۆمێنتانەی لە تەوەری یەکەم و دووهەمدا خرانە بەر باس و دوای مشتوماڵکردنی بیر و بۆچوونەکان، دەکرێت ئەنجامگیری بکەین و چەند سەرنجێک لەمەڕ پەیوەندیی پرسی کورد و بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بخەینە ڕوو، بە ئومێدی سەرپێخستنی گفتوگۆ و هەڵوێستەکردن لەسەر ڕەهەندەکانی پرسەکە و شەنوکەوکردنی لێکەوتەکانی.

یەکێک لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی بەرنامەی ناوکی و بوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە خاوەن چەکی ناوکی، دەستکراوەتر بوونی ئەم دەوڵەتەیە لە مامەڵەکردنی لەگەڵ کورد و پرسەکەیدا، جا چ لەو بەشەی کوردستاندا بێت کە لەژیر دەستی ئێراندایە، یان لە هەرێمی کوردستان.

بە خوێندنەوەی مێژوو تێدەگەین، بوونی دەوڵەتێک بە خاوەنی چەکی ناوکی و بەدەستهێنانی قەڵغانی ناوکی، هانی دەوڵەتە ناوکییەکە دەدات و وای لێدەکات لە مامەڵە و ڕووبەڕووبوونەوەکانیدا دەستدرێژکارتر و دڕتر بێت. 

هەنووکە و سەرەڕای مامەڵەی توندی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ پرسی کورددا، بەڵام کەمکردنەوەی مەترسی ڕووبەڕووبوونەوە و دەستێوەردان، هەروەها خۆلادان لە بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەتە بڕیاربەدەست و دەستڕۆیشتووەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، وا لەم دەوڵەتە دەکات خۆپارێزانە هەنگاو بهاوێت و پلە بە پلە پلانەکانی جێبەجێ بکات. بەڵام ئەگەر ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆیان دەرکەوت جبەخانەی ناوکی بەرگردییەکی بەهێزیان بۆ دەستەبەر دەکات و دەبێتە قەڵغانی پاراستنیان لە هەر کردەوەیەکی تۆڵەکردنەوە ئامێز و هەڵسوکەتەکانیان بە بێ وەرگرتنی سزا تێدەپەڕێت، ئەگەری هەیە چاوقایمانەتر شوێن بەدیهێنانی ئامانجە ناوخۆیی و هەرێمییەکانیان بکەون و توندئاژۆیانەتر مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد و کۆتایی پێهێنانیدا بکەن. 

ئێرانێکی خاوەن چەکی ناوکی لەو باوەڕەدا دەبێت کە خاوەنی بەرگردییەکی بەهێزە و بەمەش دەتوانێت مەودای دەستێوەردانەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان فراوان بکات و  بەئاشکرا و لەڕێگەی هێزەوە یاخود لەڕێگەی دیپلۆماسیی زۆرەملێوە ئامانجەکانی وەدی بهێنێت و جڵەوی ئاراستەکردنی ڕووداوەکان بە دەستەوە بگرێت. ئەم دەستێوەردانانە لەکۆتاییدا سەردەکێشێت بۆ تێکدانی سەقامگیریی هەرێم و عێراق و، ئەنجامدانی کاری تێکدەرانەشی لێ دەکەوێتەوە. 

سەرباری ئەمانە، فراوانبوونی کەلێن و لاسەنگبوونی تەرازوی هێزی نێوان ئێران لەلایەک و کایەرە (actor) هەرێمی و ناوخۆییەکانی دیکە لەلایەکی دیکەوە، دەبێتە هۆکاری زیاتر لاوازبوونی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکە لە نیمچە هاوبەستەییەوە (interdependence) دەگۆڕێت بۆ وابەستەییەکی (dependency) بێبەند و باری هەرێمی کوردستان. 












سەرچاوەکان

  1. خاڵ، شێخ محەمەد. فەرهەنگی خاڵ. هەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی رۆژهەڵات، 2017.
  2. موکریانی، گیو. فەرهەنگی کوردستان. هەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی رۆژهەڵات، 2017.
  3. موکریانی، گیو. فەرهەنگی نۆبەرە. هەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی رۆژهەڵات، 2017.
  4. Griffiths, Martin & O’ Callaghan, Terry. International Relations: The Key Concepts. London and New York: Routledge, 2002.
  5. Iain McLean and Alistair McMillan (Eds.). Oxford Concise Dictionary of Politics. New York: Oxford University Press, 2011.
  6. Morgenthau, Hans J. Politics among Nations: the Struggle for Power and Peace. New York: McGrew-Hill, 1993.
  7. Kahl, Colin H. "One Step Too Far". Foreign Affairs. No. 5 (2012). 
  8. Sagan Scott & Waltz, Kenneth. The Spread of Nuclear Weapons: A Debate. New York: Norton, 1995.
  9. Sagan, Scott. et al. "A Nuclear Iran: promoting Stability or Courting Disaster".  Journal of International Affairs. No. 2 (2007). 
  10. Waltz, Kenneth N. "The Spread of Nuclear Weapons: More May be Better". Adelphi Paper, No.171 (London: International institute of Strategic Studies, 1981).
  11. Waltz, Kenneth N. "Why Iran Should Get the Bomb". Foreign affairs. No. 4 (2012). 
ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X