فاروق ڕەفیق
"هەندێک ئایدیا هەن هێندە گەمژانەن تەنیا ڕۆشنبیر دەتوانێ باوەڕیان پێ بهێنێت."
جۆرج ئۆروێل
لە زمانى شیرینى کوردیدا بە کەسێک دەڵێن بەخشراو کە هیچ تەکلیفێکى ئاوەزى و ئەخلاقیى لەسەر نییە، ڕووبەڕووى هیچ بەرپرسیاریەتێک ناکرێتەوە و نابێتەوە، ئەمەش بەهۆى ئەو هەلومەرجە زەینى و عەقڵى و هۆشمەندییەى کە تێیدا دەژى، یا لە هەلومەرجێکدایە کە ڕووبەڕوى بەرپرسیارێتى و لێپرسینەوە و حوکمدان نابێتەوە، چونکى خاوەن ئیرادەیەکى ئازادى سەربەخۆ نییە، چونکى هەلومەرجێکى فیزیۆلۆژیى مێشکیى (دەماغیی) ئەوتۆى هەیە کە چاکە و خراپە لێک جیا ناکاتەوە و ناتوانێت بڕیارەکانى بەربنەماى جیاکاریى نێوان چاکە و خراپە دیارى بکات؛ ئەو تەنیا لەوانەیە حوکم بدات، بەڵام ئەو نە ئەوەیە بەرپرسیارێتیى حوکمدانەکانى هەڵبگرێت، نە ئەوەى لە حوکمدانەکانى تێبگات، نە ئەوەى بە ڕەهەندگەلی قانوونى و ئەخلاقى و سیاسى و کولتوورى و کۆمەڵایەتیی حوکمدانەکانى ئاشنا بێت، یا تێفکرینێکى لەو بارەیەوە لا گەڵاڵە بووبێت. ئەو زۆر لامسەرلایى شتەکان وەردەگرێ، لە مەسەلەکان دەڕوانێ و هیچ سەنگینییەک بۆ بۆچوونەکانى، ئەحکامەکانى، بڕیارەکانى، هەڵسەنگاندنەکانى دانانێت؛ لەبەر هۆیەکى سادە، لەبەر ئەوەى توانایى ئاوەزمەندیى ئەوتۆى نییە کە هۆکان و بەرئەنجامەکان هەڵبسەنگێنێت، یاخود لێکەوتەکانى بۆچوون و "ڕا"کانى خۆى لەسەر ئەرزى واقیع ببینێتەوە؛ ئەو تەنیا حوکم دەدات و دەڕوات بێباکانە، نابەرپرسیارانە، بێ چوونە ژێربارى بەرپرسیارێتیى ئەخلاقى و مەعریفى و کولتوورى و سیاسى، ئەو تەنیا لێدوان دەدات، وشە ڕیز دەکات، حوکم دەدات بێ بیرکردنەوە و حوکم دەدات بێ شیکردنەوەى لۆژیکى، بێ ڕیزکردنى بەڵگە، بێ سازدانى ئەرگومێنت، بێ خستنەڕووى دژە-ئەرگومێنت، بێ قوتکردنەوەى دیبەیت و ڕاى جیاواز. ئەوەى شوێنى تێڕامانە لەم وێنەیەدا ئەمەیە کە "ڕۆشنبیر" دەبوا، پێویست بوو، تەواو پێچەوانەى بەخشراو بێت، واتە بوونەوەرێکى بەرپرس بێت چ لەڕووى مەعریفى و چ لەڕووى ئەخلاقى و چ لەڕووى سیاسییەوە، بەڵام لەبەر چەندین هۆى ژیارى و کولتوورى و سیاسى و ئایدیۆلۆژیى هەلومەرجەکە تەواو پێچەوانە بۆتەوە لەماوەى سەد و پەنجا ساڵى ڕابردوو لە خۆرئاو، بەتایبەتى بەهۆى سەرهەڵدانى سۆشیالیزم (؟!)، ئایدیۆلۆژیاى چەپگەرا و بەتایبەتیتر بەهۆى سەرهەڵدانى شێرپەنجەى مارکسیزمەوە. بۆ ئەوەى مەبەستەکەمان ڕوونتر بکەینەوە پزیشکێک یا ئەندازیارێک لەبەرچاو بگرین، گەر پزیشکێک عەمەلیاتێکى نەشتەرگەرى بۆ نەخۆشێک ئەنجام بدات و نەخۆشەکە بە هەڵە نەخۆشیەکەى تەشخیس کرابێت و چارەکەشى کە بۆى دیاریکراوە هەڵە بێت و لە ئەنجامدا نەخۆشەکە گیان لەدەست بدات، بێ گومان لەو وڵاتەى کە یاسا سەروەرە، کە ڕێز لە کەرامەتى مرۆڤ دەگیرێت، واتە لە دەرەوەى وڵاتە ئیسلامییە توندڕەوەکان کە تێیاندا مرۆڤ و ژیان زۆر بێنرخن، ئەوا ئەو پزیشکە ڕووبەڕوى یاسا دەکرێتەوە، بگرە مۆڵەتى کارکردنى لێ دەسێنرێتەوە، بۆ؟ چونکى ئەو پزیشکە بەرپرسیارە لەو کارەى کردوویەتى؛ ئەو لە تەشخیسى نەخۆشییەکە شکستى هێناوە؛ ئەمە یەکەم، بەرپرسیارێتیى مەعریفى و تەندروستى و ئەخلاقییە؛ دووەم، لە دیاریکردنى چارەسەرەکەشدا شکستى هێناوە، کەواتە، بەرپرسیارە لە ژیان و چارەنووسى مرۆڤێک، بگرە بەرپرسیارە لەڕووى ئەخلاقى و پزیشکى و مەعریفییەوە بەرانبەر بە ئەنجامەکە کە مەرگى نەخۆشەکەیە. کەواتە، ئەم پزیشکە بەرپرسیارە لە کار و لە پیشەکەى، بەرپرسیارە بەرانبەر حوکمە پیشەییەکانى کە دەریان دەکات، بەرپرسیارە لەڕووى ئاکارییەوە، چونکى ڕووبەڕووی کۆدى ئەخلاقى- پیشەیى- پزیشکى دەبێتەوە Code of conduct (کۆدى هەڵسوکەوت و مامەڵەکردن) لەتەک پیشەکە، یاخود بابەتى پیشەکەى کە نەخۆشەکانن. ئەو پزیشکە لە سەروو ئەخلاق و قانوونەوە نییە، ئەو لە دەرەوەى بەرپرسیارێتى نییە، ئەو ئازاد نییە لەوەى کە کێ دەکوژێ و کێ ناکوژێ، چۆن مامەڵە دەکات، ئەو دەبێت پابەند بێت بە کۆدەکانەوە، بە پرنسیپەکانەوە، بە لێپرسینەوەکانەوە، لە سەروو هەموویەوە، ئەو دەبێت بەرپرسیار بێت لە بەرانبەر کایەکەى، مەعریفەکەى، بەرانبەر بە زانستەکەى، بەرانبەر بە سوێندەکەى کە خواردوویەتى، سوێندى هیپۆکرات، ئەو نابێت و ناشێت بێباکانە مامەڵە بکات و بەرئەنجامى بێباکییەکەشى بریتى بێت لە لەدەستچوونى ژیانى مرۆڤێک و، دواجار بڵێت "ئۆپس- قەزا و قەدەر بوو- مرد". ئەم ڕستەیەى دوایى ناعەقڵانیترین ڕستەیە کە سەر بە کولتوورێکى سیحریی پڕ لە ئایینپەروەریى ناوچەى بەربەرستانى خۆرهەڵاتى ناوینە، کە ئایینێکى نابەرپرس تێیدا هەژموونى هەیە. لەم ئایینەدا، شتێک نییە بەناوى کەرامەتى مرۆڤەوە، شتێک نییە بەناوى ئازادییەوە، شتێک نییە بەناوى بەرپرسیارێتیەوە، پزیشکێک لەو بابەتە، کە نابەرپرسە هانا بۆ ئایدیایەکى ناعەقڵانی دەبات بۆ خۆڕزگارکردن لە بەرپرسیارێتى، ئەویش ئایدیاى قەزا و قەدەرە، بەڵام لەو شوێنەى کە ئاوەز هەیە، بەرپرسیارێتى هەیە، قانوون سەروەرە، پزیشک لە هەلومەرجێکى ئاوهادا ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتى و سزا دەبێتەوە؛ هەر ئەوەشە مەبەستەکەى ئێمە، تۆ بەرپرسیاریت لە ڕاکانت، لە حوکمە پیشەییەکانت، لە بڕیارە پیشەیى و زانستییەکانت، بۆیەشە دەبێت باش بیر بکەیتەوە و باش بڕیار دەربکەیت.
مەبەستمان لە ڕۆشنبیر چییە و کێیە؟
پێش ئەوەى وەڵامێکى دروستى ئەم پرسیارە بدەینەوە یا شەنوکەوى بکەین، با ئاماژەیەک بە ئایدیایەکى گەمژانە، بە قەولى جۆرج ئۆروێل، بدەین کە یەکێک لەو ئایدیا گەمژانەى کە لە نێوەندەکەدا وەک شمەک، وەک کاڵا ئاڵوگۆڕى پێدەکرێ و دەجوووێتەوە و دەگووترێتەوە، یا وەک قەوانێکى شڕ بەبەردەوامى لێدەدرێتەوە، ئەویش ئەوەى گوایا ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کە دەست وەردەداتە ئەو کاروبارانەوە کە هی ئەو نین، واتە لە دەرەوەى پسپۆڕیى خۆى لە شتگەلێکى ناو فەزاى گشتى دەدوێت و داکۆکى لە سەرکوتکراوەکان دەکات. ئەم ئایدیایە لەبنەڕەتدا لە نەریتی (ترادسیۆنى) فەڕەنسییەوە هاتووە، بەتایبەتى پێناسەکە جارێکى دیکە لەلایەن سارترەوە داڕێژراوەتەوە؛ سارتریش ئەو ڕۆشنبیرە مارکسییە بوو کە ناونیشانى ئەم باسەى ئێمەى بەتەواوى بەسەردا دەچەسپێ (واتە، بەخشراو). سارتر وەک مارکسییەک هەزاران بۆچوون و ئایدیاى نابەرپرسیارانەى تووڕ هەڵداوەتە نێو گۆڕەپانى کولتوورى و سیاسییەوە کە دواجار ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین.
لە نووسینى کوردیشدا یا ئەم ڕایە زۆر باوە و هەژموونیی هەیە یا ئەوەى کە ڕۆشنبیر پێغەمبەرێکى ڕزگاریکەرە و، بۆ هەرشتێک دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ڕای ڕۆشنبیر (ئێستا خاوەنڕایانی دینی سیاسی و بانگخوازی خۆماڵی، لەسایەسەری میدیاکارە گەمژەکان، سەرقاڵى داگیرکردنى ئەو عەرشەن، پرس و ڕایان پێدەکرێت لە گشت شتێکدا، تەنانەت دۆزینەوەی چارەی نەخۆشییەکانیش). ئەو بۆچوونە دەربارەى ڕۆشنبیر تەنیا ڕای سارتر نییە، ڕای چەپەکان و مارکسییەکانیشە، لەبەرانبەر ئەم ڕایە کە هیچ ڕەوایەتییەکى مەعریفى و فیکرى و ئەخلاقیى نییە، چونکى دەیەها پرسیار بەبێ وەڵام جێ دەهێڵێت، ناتوانێ ناسناوێک بێت هەڵگرى مانا و ناسنامەیەکی دیاریکراو و وەزیفە یا ئەرکێکى دیاریکراو. ڕۆشنبیر ڕزگارکەر نییە، پێغەمبەر نییە، کەسێکیش نییە کە بێ هەبوونى شایستەگى Merit کە Meritocracy شایستەگەرایى لەو توانایی و مەهارەتانەوە سەرچاوەى گرتووە کە تۆ بۆ کارکردن یا قسەکردن لەسەر هەرشتێک پێویستت بە شایستەگى هەیە؛ کەچى لە پێناسەکەى سارتر و میراتى فەڕەنسییەکان و چەپەکانى لاى خۆمان ئەوەى گرنگە چالاکبوونە بە ماناى بوون بە چالاکوانى سیاسى و بتوانى وەک دەڵێن لە ستەم بێیتە دەنگ! لە کاتێکدا لە ئایدیاى شایستەگیدا توانایی و مەهارەتە عەقڵییەکان داوپێنگە (پێوانە)کەن، سەنگى محەکى ڕۆشنبیربوونن، نەک ئەوەى بە هەرچوارلادا ڕای سەیروسەمەرەى بێبناغە و بێ تاقیکردنەوە بڵاو بکەیتەوە؛ تاقیکردنەوەى عەقڵى و ئەخلاقى و زانستى مەبەستە، ئەوسا پێت بڵێن "ڕۆشنبیر". کەواتە، ڕۆشنبیر ئەو کەسە نییە کە هەر لەخۆوە و بێ مەشقبینینى عەقڵى دەست وەربداتە ئەو کایانەوە کە هیچیان لێ نازانێت، بەڵکوو ئەو کەسەیە کە مەشقى فیکرى و مەعریفیى بینیوە، خاوەنى شایستەگییە، دەزانێ چى دەڵێت و کەى دەیڵێت و لەکوێدا دەیڵێت.
لەڕووى وشەسازییەوە، وشەى ڕۆشنبیر لە زمانى ئینگلیزیدا ریشەکەى لە intellect وە هاتووە، واتە ئاوەز، عەقڵ؛ کەواتە، ڕۆشنبیر واتە intellectual ئەو کەسەیە سەروکارى لەتەک ئاوەز یا عەقڵ یاخود ئایدیاکاندا هەیە، واتە کەسێک کار دەکات یا دەرگیرە لەناو ئەو کێڵگانەدا کە پەیوەندییان بە کاروبارى ئاوەز (عەقڵ) و ئاوەزمەندییەوە (عەقڵانییەت) هەیە بە مانا بەرفراوانەکەى؛ ئەو کەسێک نییە لە خۆوە دەست وەرداتە ئەو شتانەى هیچیان لێ نازانێت وەک سارتر و مارکسییە فەڕەنسییەکان و کادرەکانى سۆشیال دیموکراتى کورد جەغدى لەسەر دەکەنەوە، (کە دواجار باسى ئەو دیدە خوار و خێل و خێچە دەکەین)؛ بەپێچەوانەوە، ڕوانگەکەى ئاوەزمەندییە و سەرقاڵى داهێنانى ئایدیاى نوێیە.
کەواتە، بۆ دەربازبوون لەو خەرمانە پیرۆزەى کە بەدەورى ڕۆشنبیردا کێشراوە، سەرەتا دەبێت قسە لە هاوکێشەى ڕۆشنبیر و ئاوەز بکەین؛ ڕۆشنبیر کەسێک نییە کە پێغەمبەرێک بێت بۆ ڕزگارکردنى مرۆڤایەتى هاتبێت؛ ئەمە درێژکراوەى بۆچوونى مەزهەبى- ئایینییە کە مارکسیزم فۆڕمێکى پڕۆتستانتى ئەو دیدەیە کە وەک ڕزگارکەر یا پێغەمبەر یا نێردراوى ئیلاهى سەیرى ڕۆشنبیر دەکات؛ ڕۆشنبیر لەم دیدە مەزهەبییەوە کەسێکە دێت و لە هەموو شت قسان دەکات بێ مەشقبینین، بێ پەروەردەبوون، بێ سەلماندن، بێ خستنەڕووى ڕاستییە بینراوەکان، بێ هیچ ئامادەکارییەک، وەک نووسەرێکی کورد، کە چەپێکى سۆشیال دیموکراتە دەڵێت: "ڕۆشنبیر داکۆکى لە زوڵم لێکراوەکان دەکات"، لە کاتێکدا، پەیوەندییەک لەنێوان زوڵم و ئایدیا و داکۆکیکردن و ڕۆشنبیر و کایە مەعریفییەکان و جەنگى نێوان ئایدیاکان لە ئارادا نییە. ئەم سۆشیاڵ دیموکراتە زیاتر وەسفى خۆى دەکات وەک "چالاکوانێک یا هەڵسووڕاوێکی دێرین".
ڕۆشنبیر پەیوەندیى بە هاوکێشەیەکى ئاڵۆزەوە هەیە، هاوکێشەى ئایدیاکان کە سەرجەم ئەو ئایدیایانە پێناسەى ئاوەز دەخەنە ڕوو لە زۆر ڕەهەندەوە، لەوانە پەیوەندیى ئاوەز بە حوکمدانەوە Judgment و بەسەرکردنەوەى ئەو ڕاستییانەى کە هەم پەیوەندیدارن و هەم شیکردنەوە دەخەنە ڕوو، لەپاڵ تاقیکردنەوەى کردەکیی (پراکتیکى) ڕامانەکان (تیۆرییەکان). لەم نێوەندەدا، چاوبڕینێک دروست دەبێت لەسەر تێگەیشتن یاخود داناییەک کە بریتییە لە هەبوونى توانایى گرێدانى ئاوەز، مەعریفە و ئەزموون و حوکم پێکەوە لە بۆتەقەى تێگەیشتنێکدا؛ لێرەدا داناییەکمان بیردەکەوێتەوە کە بریتییە لە دانایى وەک تێگەیشتن؛ تێگەیشتن چەمکێکى فەلسەفییە بە پلەى ئیمتیاز چ لە کلاسیک و چ لە فەلسەفەى مۆدێرندا، تێگەیشتن لە خۆ و تێگەیشتن لە ریاڵەتى (واقیعی) جیهان، لەناویاندا تێگەیشتن لە خودى ئاوەز: لەیادمان بێت جۆرج ئۆروێل ڕای وابوو کە ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە باوەڕ بە گشت ئایدیا پووچ و بێکەڵکەکان دێنێت، ئەو ئایدیانە کە مرۆڤى سادە سڵیان لێ دەکاتەوە. تۆمارى سەدەى بیستەم گەواهینامەیەکى ئەم ڕایەى جۆرج ئۆروێلە، کە تێیدا ڕۆشنبیران ئایدیاى ترسناک و ناعەقڵانى و دێوانە نەماوە کە باوەڕى پێ نەهێنن و پڕوپاگەندەى بۆ نەکەن، لەچەشنى سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم و یەکسانى و حکوومەتى گەورە و ئابووریى سۆشیالیستى، ئازادیى سێکسى و هەڵوەشانەوەى خێزان و.. هتد.
هەروەها، ڕۆشنبیرەکانى سەدەى بیستەم باوەڕیان بە گشت بکوژ و دیکتاتۆر و ستەمکارەکان کردبوو بەشێوەیەک کە ڕۆشنبیرەکان ئازادانە و بێ هیچ بێژنگێکی ئەخلاقى و مەعریفى و زانستى بە هەرچوارلادا نابەرپرسیارانە ڕا و سەرنجى خۆیان و لایەنگیریى خۆیان دەربڕیوە، بێ هیچ بەرپرسیارێتییەک، بێ هیچ بۆ و چۆن و بەربنەماى چ بەهانە و هۆیەک؟ غیابى ئەم لێپرسینەوەیە، غیابى ئەم بێژنگی ئەخلاقى و مەعریفى و فیکرییە کارێک دەکات کە بڵێین "ڕۆشنبیر کەسێکى بەخشراوە"، واتە، لە دەرەوەى بەرپرسیارێتییە و لە دەرەوەى ئەخلاق و قانوون و ویژدان و بەرپرسیارێتیى مێژووییە؛ بڕواننە ژیاننامەى هەندێک لە ڕۆشنبیرە چەپەکان، لەچەشنى لۆکاش، سارتر، ئاڵتۆسێر، هابرماز، فرانکفۆرتییەکان، دواجار فۆکۆ، ئیدوارد سەعید، سەمیر ئەمین و، فرانز فانون. ئەمانە نموونەى مشتێکن لە خەروارێک، دڵۆپێکن لە دەریایەکى ڕۆشنبیرە نابەرپرسیارە چەپگەراکان، سۆشیالیست و مارکسیست و ئەنارشیستەکان.
با ڕاستگۆ بین؛ ئەزموونى ستەمکار و دیکتاتۆرەکانى سەدەى بیستەم شیاو نەدەبوو، شایانى قبوڵ نەدەبوو بەبێ پشتگیریکردنى ڕۆشنبیرە چەپگەراکان، لە لینین و ستالین و ترۆتسکییەوە تاکو ماوتسى تۆنگ و تیتۆ و هیتلەر و مۆسۆلۆنى و کاسترۆ و دیکتاتۆر و ستەمکار و قەسابەکانى ئەفریقا و ئەمریکاى لاتین و هۆشى مین و کیم ئیل سۆنگ، نەیاندەتوانى هەبن، کار بکەن، ستەمکار بن، قەسابى بکەن، بکوژن و ببڕن، خەڵکى ئازادیخواز لە سێدارە بدەن، خەفەقان سەرڕێگا بخەن، ئابوورى خاپوور بکەن، سیاسەت لەناو بەرن، فەزاى گشتى مەحف بکەنەوە، ئازادى ترۆر بکەن، بەبێ هەبوونى ئەو مەخلوقەى کە پێی دەڵێن "ڕۆشنبیر"، بەتایبەتى ڕۆشنبیرى چەپگەرا، نوقتە. واتە ڕۆشنبیران ئەو بکەرانە بوون کە بەهانەکانیان دەهێنایەوە، پڕوپاگەندەکانیان دەکرد، بەهانەى ئەخلاقى و مەعریفییان بۆ ئەو ستەمکارى و قەسابخانانە دەهێنایەوە و هێشتاش دەیهێننەوە. کەواتە، لەم هەلومەرجەدا چۆن "ڕۆشنبیرى" پێناسە بکەین؟ هێندە گەمژە بین وەک چەپەکان، سۆشیال دیموکراتەکانى ناوخۆ بڵێن "ئەو کەسەیە کە دەست وەردەداتە ئەو کاروبارانەوە کە کارى ئەو نین؟" ئەم پێناسەیە خستنەڕووى گەمژەیەتییە!! ڕۆشنبیر ئاماژەیە بە کاتیگۆریى جۆرێک لە کار و وەزیفەى فیکرى و مەعریفى، وەزیفەى سەرقاڵبوون یا دەرگیربوون لەتەک ئایدیاکاندا، لەوانە نووسەران و ئەکادیمییەکان و پسپۆڕانى کایە جیاوازەکان. لێرەدا گرنگە بزانین کە دکتۆرەکان و ئەندازیارەکان، شارەزایانی IT و پسپۆڕانى AI بە ڕۆشنبیر لەقەڵەم نادەین، ئەوان ستانداردى دیکەیان بەسەردا دەسەپێنرێت و لە دید و لە ستانداردى دیکەوە هەڵدەسەنگێنرێن و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، کە بەداخەوە ڕۆشنبیرەکان وەک بەرزەکى بانان بۆى دەرباز دەبن لەو ستانداردانە و چیان بوێت دەیڵێن، هەربۆیەشە بەخشراون، واتە، [بە زمانی خوازەیی] دێوانەن.
ئایدیاى گەوهەرى ڕۆشنبیر بریتییە لەو بوونەوەرەى کە مامەڵە لەتەک ئایدیاکاندا دەکات، سەروکارى لەتەک لێکەوتەى ئایدیاکان و بەریەککەوتنیان لەتەک یەکدى و بەرئەنجامى ئەو بەریەککەوتنانەیە، مامەڵەى ئەو لەتەک ئەو هەلومەرجەیە، نەک ئەوەى بابایەک بێت لەولاوە بێئیش بێت و "دەست لە کاروبارەکان وەردا، وەک چەپەکانى سۆشیال دیموکرات وێناى دەکەن، کە ناچەسپێت". کەواتە، کار و وەزیفەى ڕۆشنبیر بە ئایدیاکان دەستپێدەکات و هەر لەوێشدا کۆتایى دێت، جا کاریگەریى ئەو ئایدیایانە لەڕووى مەعریفى و سیاسى و ژیارییەوە چین ئەمە پرسیارێکى دیکەیە.
کە قسە لەسەر ڕۆشنبیر دەکەین خود بەخود و بەناچارى گفتوگۆکە دەمانبات بەرەو ئاماژەدان بە Pseudo – intellectual واتە ڕۆشنبیرى موزەیەف، (زڕە ڕۆشنبیر) ڕۆشنبیرى ناڕەسەن و کۆپى کراو کە بریتییە لە کەسێک کە خاڵى خاڵییە لە مەعریفە و لە ستانداردى پیشەیى کایەیەکى مەعریفیى دیاریکراو، بەڵام کۆپى خراپ و موزەیەف هەرچۆنێک بێت، تەنک بێت و ناڕەسەن، خۆى وەک ئەندامى ئەو گرووپە، ئەو تایپە دەناسێنێت، لەبەر ئەوە ڕۆشنبیرە موزەیەف و کۆپییە خراپەکانیش هەر لەسەر ڕۆشنبیر ماڵن یا حیساب دەکرێن، بەتایبەتى لە کولتوورە دواکەوتوو و هەمەجى و بەربەرییەکاندا وەک کولتوورە دینگەراکان، لەوانە کولتوورى کوردى بە نموونە، هەرچى پەیوەندیى بە کاریگەریى ڕۆشنبیرانەوە هەبێت ئەم کێشەیە پەیوەندى بە کاریگەرى ئەوانەوە نییە لەسەر فەزاى گشتى لەڕووى سیاسییەوە، بەڵکوو پەیوەندیى بە ڕێڕەو و مەجڕای ئایدیاکانەوە هەیە، بە کێشمەکێشى نێوان ئایدیاکان و ئەو رێڕەوەى کە ئەو ململانێیە تەى دەکات. بۆ نموونە، گەر لە درۆ و پڕوپاگەندەى مارکسییەکان، کۆمۆنیستەکان و ڕۆشنبیرە چەپەکان ورد بینەوە گومانێک نابینینەوە کە سۆشیالیزم نەک سەرکەوتووە، بەڵکوو جەنگەکەى بردۆتەوە، واتە درۆى شاخدار لەلایەن چەپەکانەوە وەک ڕاستى دەخرێتە ڕوو؛ ڕۆشنبیرە چەپەکان سەد و پەنجا ساڵە درۆ دەکەن، درۆ دەکەن، درۆ دەکەن، بەو هیوایەى خود بەخود درۆ ببێتە ڕاستى، کە هەرگیز درۆ نابێتە ڕاستى!
مادامێک ئێمە قسە لەسەر ڕۆشنبیر دەکەین، لێرەدا ڕەوایە ئاماژەیەک بە کاتیگۆرییەکی هاوپەیوەست بکەین، ئەویش بریتیە لە intelligentsia ئینتیلیجنسیا، واتە دەستەبژێرى ڕۆشنبیرى کە ڕۆشنبیرەکان لەخۆ دەگرێت؛ لێرەدا ئاماژە هەیە بەو وەزیفە و کاروبارانەى کە دەچنە ژێر چەترى ئەم چەمک و زاراوە و ئایدیا و وەزیفەیەوە، کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندیدارە بە ئایدیاکان و سیستەمى ئایدیاکانەوە؛ کەواتە، ڕۆشنبیرى تەنیا و تەنیا دەبینرێتەوە لەژێر چەترى ئایدیا و سیستەمى ئایدیاکان و مامەڵەکردن لەتەک ئایدیاکاندا، نەک ئەوەى کە ئەو کەسێک بێت لەولاوە هاتبێت و لەخۆوە سەرقاڵى شتێک بێت کە هیچى لێ نازانێت. دیارە ڕۆشنبیرەکان دەبێت پەیوەندییان بە داهێنانى ئایدیاکان و سیستەمى ئایدیاکانەوە هەبێت، بەڵام ئایدیاکان تەنیا و بەناچارى موڵک و جوگرافیاى ڕۆشنبیران نین. لێرەدا دەبێت لە پەیوەندی بە نابەرپرسیارێتیى ڕۆشنبیرانەوە چەند نموونەیەک بهێنینەوە تاکوو مەبەستەکەمان ڕۆشن و ڕۆشنتر بێتەوە.
زیادەڕۆیى نییە گەر بڵێین بێشومار نموونەمان هەیە لە بێباکى و دوورەپەرێزیى ڕۆشنبیران لە بەرپرسیارێتى، بگرە ڕاکردن لە بەرپرسیارێتى کە خاڵى ناسینەوەى زۆربەى ڕۆشنبیرەکانە بەتایبەتى مارکسییەکان، ڕۆشنبیرى مارکسى هێندەى چالاکوانى سیاسییە هێندە سەروکارى لەتەک ئایدیاکان و هەڵگرتنى بەرپرسیارێتیدا نییە بۆ "ڕا و بۆچوونەکان"؛ لەبەر ئەوە ئێمە بۆ گەیاندنى ئایدیاکە تەنیا چەند نموونەیەک لەسەر ئاستى جیهان دەهێنینەوە و دواجار دەگەڕێینەوە لاى بەناو ڕۆشنبیرەکانى کورد.
مارکسیزم وەک ئایدیۆلۆژیایەک پشتى بە چالاکوانەکان بەستووە کە لێرەدا ڕۆشنبیرەکانن. ئەم ئایدیۆلۆژیایە خودى ستەمکارییە، پرۆژەى خەڵەتاندن و فریودانى خەڵک و هاونیشتمانیانە. لەمە ترسناکتر، لە هەر شوێنێک دەسەڵاتى گرتبێتە دەست تراژیدیاى کردووە بە دیارى بۆ خەڵک، قەسابخانەى ناوەتەوە. کۆمۆنیزم کە ناوەکەى دیکەى مارکسیزم- لینینزمە ڕووسیاى کردە زیندانێکى گەورە، گۆلاگى لێ دروست کرد؛ ماوتسى تۆنگ کولتوورى چینى خاپوور کرد و بیست ملیۆن مرۆڤى کوشت؛ لە خۆرهەڵاتى ئەوروپاش (بلۆکى خۆرهەڵات) بەهەمان شێوە مارکسییەکان ئەمریکاى لاتینیان خاپوور کرد. ئێستاکەش مارکسییەکان بە کۆمەکى فاشیزمى ئیسلامى سەرقاڵى داڕزینى خۆرئاوان، واتە شارستانێتى خۆرئاوا؛ لە ماوەى سەد و بیست و پێنج ساڵدا، ئەم کاولکارییەى چەپەکان بەردەوامە، هەزاران هەزار نموونەمان هەیە لەو ڕۆشنبیرانەى کە یا ڕاستەوخۆ بەشداریى ئەو بەربەریەتەیان کردووە، یاخود بەهانەیان بۆ هێناوەتەوە، لە هەردوو حاڵەتەکەشدا هەرگیز نەچوونەتە ژێر بارى بەرپرسیارێتى، بێ فلتەرى عەقڵى و بێ بێژنگی ئەخلاقى و زانستى بەبەردەوامى پڕوپاگەندەیان بۆ ئەو ئایدیۆلۆژیا ترسناکە کردووە و بەهانەیان بۆ تاوانەکانى سۆشیالیستەکان و مارکسییەکان هێناوەتەوە. زۆربەى ئەوانە ناوزەد دەکرێن بە "Public intellectuals" ڕۆشنبیرانى ناو فەزاى گشتى کە هەستاون بە گرێدانەوەى ئایدیاکان و پۆلەسییەکان (سیاسەتەکان) بەڕێژەیەکى زۆرى خەڵکەوە، بەڵام لە دەرەوەى تاقیکردنەوەى عەقڵى و لەودیو هەر بەرپرسیارێتییەکى مەعریفى و ئەخلاقییەوە؛ بۆ نموونە، بیرتراند ڕەسڵ، فەیلەسوفى ماتماتیکوانى ئینگلیز، جگە لەوەى فەیلەسوف بوو ڕۆشنبیرێکى ناو فەزاى گشتیش بوو؛ وەک ڕۆشنبیرێک بانگەشەى بۆ ئاشتى دەکرد تا ئەو شوێنەى داواى "چەک داماڵینى" ئینگلیستانى دەکرد لەپێش جەنگى جیهانیى دووهەم و لە سەردەمى گرتنەدەستى دەسەڵات لەلایەن نازییەکانەوە. واتە، لە کاتێکدا هیتلەر خۆى ئامادە دەکرد بۆ جەنگ، ڕەسل داواى دەکرد ئینگلستان و بەرەى خۆرئاوا چەک بکرێن، واتە چەکیان لێ بسێنرێت، ئەمەشى بەناوى ئاشتیى جیهانییەوە دەکرد. زۆرێک لە ڕۆشنبیرانى فەڕەنسى و ئینگلیزى و ئەمریکى سەرسامیى خۆیان بۆ نازییەکان دەردەبڕى، دیارە لەپاڵ خودى ڕۆشنبیرانى ئەڵمانى خۆیانا، لەوانە قسە بەناوبانگەکەى هایدگەر کە بە یاسبرز دەڵێت دەربارەى هیتلەر "سەیرى دەستە ئاڵتونییەکەى بکە"؛ ئەو دەستە شەش ملیۆن جووى قەتڵوعام کرد. ڕۆشنبیرێکى کورد بە هایدگەر دەڵێت "شۆڕشگێڕ!" گوایە شۆڕشى گەورەى کردووە لە فەلسەفەدا!! ناوهێنانى "شۆڕش" لەناو میراتى فەلسەفەدا نابەرپرسیارێتییەکى گەورەیە، بەڵام ئەمە ڕۆشنبیرە و ڕۆشنبیریش بەخشراوە.
نموونەیەکى دیکە سارترە، ئەدیبى فەڕەنسى. مێژووى ئەم پیاوە لێوانلێوە لە لێدوان و ڕای سەیروسەمەرە دەربارەى فەلسەفە و ئەدەب و دەربارەى سیاسەت و دەربارەى جیهان. هەر ئەم بوو کە سەرسام بووە بە بزووتنەوە چەکدارییەکانى چەپ لە ئەمریکاى لاتین، ئەو بزووتنەوانەى دواجار سەریان لە ترۆر و ستەمکارییەوە دەرهێنا؛ لەبیرمان بێت کە لە ئەڵمان دەگەڕێتەوە، دواى هاتنەسەرکارى نازییەکان، سارتر سەرسامیى خۆى بۆ هیتلەر ناشارێتەوە، هەر بەدوایدا سەرسامیى تەواوى بە کۆمۆنیزمی ڕووسى دەربڕى، بۆ ترۆرى چەپەکان، بێ ئەوەى هیچ کەس و لایەنێک ڕۆژێک ئەم ڕۆشنبیرە ڕووبەڕووى لێپرسینەوە و بەرپرسیارێتى بکەنەوە، واتە بەردەوام بەخشراوە لەو تاوانانەى لەسەر ئاستى ئایدیاکان کردوونى؛ ئایدیا کاروبارێکى ئاسان نییە، دەبێت بەجدى ئایدیا وەربگیرێت، ئایدیا هەیە وەک ژەهرە، وەک تاعوون بڵاو دەبێتەوە و دەکوژێ، ئایدیا هەیە شتەکان و پەیوەندییەکان خاپوور دەکات، ئایدیاش هەیە دروستکەرە، بیناکەرە، داهێنەرە.
چۆمسکى لە کایەى زمانەوانیدا زانا و بیرمەند و پسپۆڕە و خاوەن ڕامانەی (تیۆریی) خۆیەتى، بەڵام کە وەک ڕۆشنبیرێکى ناو فەزاى گشتى قسان دەکات و لێدوان دەدا دەیشێوێنێت؛ ئەم نووسەرە جووە بەڵام بەتەواوى دژە- جووە، ئەنتیسیمێکە، دژە زایۆنییە، دژە ئیسرائیلە، ناوبەناو ئیعجابى خۆى بۆ ئێران و بۆ ترۆرى فەڵەستینییەکان دەردەبڕێ، هەروەها بە تەواوى دژە خۆرئاواییە، بگرە ڕاى وایە کە "ئەمریکا ترۆریستە"؛ ئەم ڕایەى ئەو ئێستا ڕەواجى پێدەدرێ لەناو زانکۆکانى ئەمریکادا و لەناو لاوانى ئەمریکیدا. بە مانایەک لە ماناکان چۆمسکى و چەپەکان بەرپرسیارن لە توندوتیژییەک و فەرهود و کاولکارییەک کە ئیسلامگەراکان و مارکسییەکان لە ئەمریکا پەخشى دەکەنەوە، بگرە بەرپرسیارن لە ترۆرکردنى چاڕڵى کیرک. نموونەیەکى دیکە لەنێو هەزاران نموونەدا، ئەو پیاوەیە کە ناوى ژیژەکە؛ ژیژەک لێوانلێوە لە لێدوان و ڕای سەیروسەمەرە، من لێرەدا تەنیا ئاماژە بە سەرسوڕمان و مەفتونبوونى ئەو دەدەم بە ستالین! ستالین کێ بوو؟ ژیژەک نووسەرێکى فرە بەرهەمە، بەڵام تابڵێى نابەرپرسیارە، ئەو مەفتونى ستالینە، ستالین کێ بوو؟ ستالین جەللاد و مرۆڤکوژێکى کۆمۆنیست بوو، بەرپرس بوو لە مەرگى ٢٠ ملیۆن مرۆڤ، لە ڕووسەوە بۆ جۆرجی و بۆ کورد و لەهستانى و ... هتد، ژیژەک سەرسوڕمانى خۆى بەم جەللادە ناشارێتەوە، ئەمە "را" نییە، ئەمە ئیعجاببوونە بە جەللاد و بە مرۆڤکوژێک، بە کەسێک کە چەندین جینۆسایدى سەرڕێگا خستووە. بەڵام بۆ ژیژەک دەخوێندرێتەوە؟ گەر ژیژەک پزیشک بوایە، ئەندازیار بوایە، یا هەر پیشەیەکى دیکەی هەبوایە، دادگایى دەکرا، لێ لەبەرئەوەى ڕۆشنبیرە و لەوتایپەشە کە بەخشراوە، کەواتە ئاو لە ئاو نەکەوتووە و بانگهێشت دەکرێ و کتێبەکانى وەردەگێڕدرێن بۆسەر زمانەکانى دیکە، ئەمەش ئەسڵى بەڵاکەیە!
نموونەیەکى دیکەى ڕۆشنبیر وەک بەخشراو کەسێکە کە نووسەرى ئەم چەند دێڕە بۆ مەرگى ئەو چەند پەڕەگرافێکى نووسى کە ئێستا لێى پەشیمانە؛ ئەم کەسەش کەسێک نییە جگە لە ئیدوارد سەعید. ئیدوارد سەعید نووسەرێکى عەرەبى ڕەگەزپەڕستە، دژە- جووە، دژە- خۆرئاواییە، دژە ئیسرائیلییە، دژە- کوردە و خاوەنى چەندین کتێبە؛ کتێبەکانى لێوانلێون لە ڕق و کینە و بوغز بەرانبەر دوو شارستانێتى خۆرئاوا و درۆ و ئەفسانەى سەیروسەمەرە. بۆ نموونە، کتێبى ئۆرێنتاڵیزم کە کۆمیدیایەکى تەڵخە و لەسەر کۆمەڵێک هەڵەى لۆژیکى و لەسەر درۆى ئادیۆلۆژییەوە چنراوە، کە نووسەرى ئەم چەند دێڕە لە ژمارە ٢ی ژۆڕناڵی ئاوەزدا لەسەری نووسیوە. سەعید ڕامانەداڕێژی (تیۆریسیەنی) ترۆرە، ترۆرى فەڵەستینى و ترۆرى ئیسلامى و ترۆرى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستى؛ سەعید نکۆڵیی لەوە دەکات کە کورد ئەنفال کرابێت، ئەو ئینکارى ڕوودانى کیمیابارانى هەڵەبجە دەکات، ئەو یەک حەرفى نەگووتوە دەربارەى ڕەگەزپەرستیى عەرەبەکان و ستەمکاریى وڵاتە عەرەبییەکان و ئەو زوڵم و ستەمەى عەرەب کردوویەتى بەرانبەر بە دروز و کورد و قبتى و ئەمازیغى و بگرە مەسیحییەکانیش کە خودى سەعید مەسیحییە، بەڵام لە حەماسى ترۆریست حەماستر و پڕ لە ڕق و کینە ترە بەرانبەر بە نەک هەر جوو بەڵکوو جیهان.
دیارە هەزاران نموونەى دیکەمان هەیە؛ با تەنیا ئاماژە بە دوو نموونەیەکى دیکە بدەین، ئەویش فۆکۆ و عەبدولکەریمى سروشە. لە نموونەى فۆکۆدا، هەر ڕۆژێک کە کەسێک لە ئێرانى ئیسلامیدا لە سێدارە دەدرێ، من فۆکۆم بیر دەکەوێتەوە. نا بەرپرسیارێتیى ئەم پیاوە گەیەم بیر دەکەوێتەوە؛ ئاخر ئەو نەبوو ستایشى بەناو شۆڕشى ئیسلامیى کرد؛ گەر پزیشک بوایە، دادگایى دەکرا، گەر ئەندازیارى بیناسازى بوایە، بەهۆى خراپیى ساختمانەکەى، کە وەسفى کردووە، دادگایى دەکرا، بەڵام لەبەر،ئەوەى ڕۆشنبیرە و وەک ڕۆشنبیر "مەعافە" وەک بەرزەکى بانان بۆى دەرباز بوو. عەبدولکەریمى سروشیش ئەندازیارى شۆڕشى کولتوورى بوو دواى ئەو ئاشوبەى کە چەپەکان و ئیسلامییەکان سەرڕێگایان خست، ئەو بەرپرسى زیندانەکان بوو، ئەو بەرپرسى داخستنى زانکۆکان بوو، بەرپرسى دادگایکردنى کولتوورى ئێرانى بوو؛ دواجار بە قودرەتى قادر دواى بەجێهێنانى ئەرکەکانى بووە عارف و دەستى کردە قسەکردن لەسەر مەولانای بەلخی و حافزی شیرازی، بەڵام بێ ئەوەى داواى لێبوردن بکات لە ئێرانییەکان و لە جیهان بۆ ئەو تاوانانەى ئەنجامى داون وەک ڕۆشنبیرێک، وەک ئەفسەرێکى دەزگایەکى سیخوڕى و وەک جەللادێک.
گەر بمانەوێت نموونە لە نووسینى کوردى و لەو نێوەندە بەناو کولتوورییە بهێنینەوە، دەتوانین بڵێین لەم ڕووەوە خەرمانمان پڕ بەرەکەتە، هەتا دڵت بخوازێت "ڕۆشنبیرت" هەیە وەک بەخشراو، ڕۆشنبیرى کورد بە هەڵاواردنى چەند دانەیەک، ئیدى ئەوى دی سەر بەم تایپە نا- بەرپرسیارەیە، خاوەنى هیچ فلتەر و بێژنگێکى نە عەقڵى، نە مەعریفى، نە ئەخلاقى، نە ویژدانى نییە؛ دێت و بە هەر چوار لادا نابەرپرسیارانە بەپێخاوسى دەکەوێتە بێستانەکەوە و دەشێلێت و پان دەکاتەوە و لێدوان دەدات و ئایدیا دەدزێ و ڕاست و هەڵە بەسەریەکدا دەدا و تێکەڵى دەکا و دەیشێوێنێ و جوانییەکان لەکەردار دەکات، کارەکتەرە جوامێرەکان ترۆر دەکات، جنێو دەدات و تەشهیر دەکات، بێ سڵەمینەوە و بێ ئەوەى هیچ شتێکیش بسەلمێنێت، بەڵگەیەک بهێنێتەوە، هەموو ئەمانە و دەیەها کارى بەدى دیکە دەکات و بەرپرسیاریش نییە، ڕووبەڕووی پرسیارى "بۆ و چۆن؟" نابێتەوە و ناکرێتەوە. مەرگ ڕێگا بدات ئێمە بەردەوام دەبین لە هەڵماڵینى ڕوخسارى ئەم ڕۆشنبیرە بەخشراوانەى کورد؛ لێرەدا بەیەک نموونەى تازە کۆتایى بەم مژار و گەنگەشەیە دەهێنین؛ دەبێت بمبوورن کە پێویستە ناچارەکی ئاماژەیەک بەخۆم، واتە نووسەرى ئەم چەند دێڕە بدەم.
نووسەرى ئەم چەند دێڕە تەمەنى ١٧ ساڵ بووە کە نووسینەکانى لە ڕۆژنامەکانى ئەوساى عێراقدا بڵاو کردۆتەوە؛ لە تەمەنى ١٩ ساڵیشەوە ئەندامى یەکێتیى نووسەرانى عێراقە. ئەو کاتە ئەو دۆستانەى پێیان دەڵێن "ڕەهەند" نووسەر نەبوون، ئەوان لە نەوەدەکاندا سەریان هەڵدا. نووسەرى ئەم چەند دێڕە لە ساڵى ١٩٨٢وە ئەندامى یەکێتیى نووسەرانە؛ لە ساڵى ١٩٨٥ دا فەتواى کوشتنى لەلایەن ئیسلامییەکانەوە بۆ دەرکرا و ناچار وڵاتى جێ هێشت، لە ساڵى ٢٠٠١دا هاوڕێکانى بەر خەنجەریان دا، هەر هەموویان (واتە ڕەهەندییەکان) بە ناوى خۆیان و هەندێک جاریش بەناوى خوازیارەوە هێرشیان کردە سەر و تۆمەتیان بۆ هەڵبەست و راپۆرتیان لێدا و داوایان لە دەزگا هەواڵگیرییەکان کرد نووسەرى ئەم چەند دێڕە بگرن، چونکى "مونەزیرى قاعیدەیە" یاخود "فاشیستە!". ئێمە لەبەر ئەوەى جوامێر بووین بێدەنگیمان هەڵبژارد، بەڵام ئەوان ٢٤ ساڵە هەمان ئەو قەوانە شڕە لێدەدەنەوە و هەمان خەڕەک دەڕێسنەوە. لەم ماوەیەدا یەکێکیان چاوپێکەوتنى لەتەکدا ساز درا*، دواى ٢٤ ساڵ لە نەخوێندنەوەى ئەم کەسە و پشتگوێ خستنى، فزوڵییەت گرتمى و گوێم گرت؛ کاشکى ئەو کارەم نەکردبا لەبەرئەوەى زیاتر نائومێد بووم، چونکی هەمان قەوانى لێدایەوە؛ ئەوان درۆیەکى شاخداریان دروست کرد، هەڵەیەکى لۆژیکییان سەرڕێگا خست. با لێرەدا بڵێین: داهۆڵ، کەوتنە گیانى داهۆڵێک کە بە خەیاڵى خۆیان دروستییان کردووە؛ گوێم لێ بوو دواى ٢٤ ساڵ نابەرپرسیارانە هەمان تۆمەت و هەمان تەشهیرى پێکردمەوە؛ من لەو کاتەوە، بێوچان دەنووسم و بیر دەکەمەوە و گفتوگۆ دەکەم و سیمینار ساز دەکەم، ئەو بەڕێزە لەکوێدا بەجێم هێشتووە هەر لەوێدا دیتمەوە، بێ ویژدان، لە دەرەوەى هەر بەرپرسیارێتییەکى مەعریفى و ئەخلاقى و ویژدانى؛ بزوێنەرى گفتوگۆکەى ئەو دوو کەسە جگە لە پەشێویى دەروونى و جگە لە بوغز و کینە هیچ شتێکى دیکە نەبوو، بەڵام نموونەیەکى باشیشیان، یا باشیشمان پێشکەش بە نێوەندەکە نەکرد، ئێمە هەمووان بەرپرسیارین لە پەخشکردنەوەى نەریت و خووى زۆر خراپ کە کاریگەریى نەرێیی (نێگەتیڤى) لەسەر نەوەکانى دواییتر هەیە. من چۆن ٢٥ ساڵە بێدەنگم هەر بێدەنگ دەبم، بەڵام ویستم ئەوە بڵێم کە چ پەشێوییەکى ڕۆحى و عەقڵى بەرۆکى هەمووانى گرتووە؛ ئیدى ڕۆشنبیر مەعسوم و بێتاوان نییە، کاراکتەرێکە دەبێت لەڕووى عەقڵى و ئەخلاقى و مەعریفییەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەوە بکردرێت، پێى بگوترێت: Verify بیسەلمێنە، لەڕووى لۆژیکى و عەقڵییەوە بەربنەماى شیکردنەوە و ئەرگومێنتەکان و ڕاستییەکان (فاکتەکان) بیسەلمێنە، چونکی دواجار ئەوە "ڕاستی"یە، نەک "ڕا"، کە بنچینەی ئاوەزمەندیی ڕۆشنبیری ڕاستەقینەیە، نەک ڕۆشنبیری بەخشراو.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved