فاڕوق ڕەفیق
(سکۆڵەری بواری فەلسەفە)
لە بۆنەیەکدا لە کڵەپ هاوس، فەزاى مەجازى، سیمینارێکم پێشکەش کرد بە ناونیشانێک کە خۆى شەرحى بابەتەکە و تێزى سیمینارەکەشى دەکرد:
"ئەوانەى ئەم کەوتنەى ئێستایان خوڵقاند نابێت ڕێگایان بدەین ئایندەشمان ترۆر بکەن". سیمینارەکە تایبەت بوو بە ڕۆڵى ڕۆشنبیران، ئەو دەستەبژێرەى لە ماوەى چەندین دەیەى ڕابردوودا خوڵقێنەرى دەیەها کارەساتى کولتوورى و سیاسى و فیکرى بوون بۆ جڤاکى کوردى، ئەو دەستەبژێرەى کە پەروەردە نەبووە، مەشقى فیکرى و ئەخلاقى و زانستیی نەبینیوە، پەروەردە نەبووە بە فیکر و بە زانست و بە فەلسەفە، پەروەردە نەبووە لەسەر ئایدیا باڵاکان و بەها باڵاکان، هەربۆیەشە بەرهەمهێنەرى دژە-فیکر و فەلسەفە و دژە-زانستە، دژە پرەنسیپ و دژە-ئاکارە. بەڵام وێڕاى ئەمەش، ئەم تایپە هەژموونى هەیە و کارەسات لەسەر کارەسات دەخوڵقێنێت. حزبى کوردى وەک کارەساتێکى بەناو سیاسى بەرهەمى ئەم تایپە لە ڕۆشنبیرە، کە حزبێک بە ماناى مۆدێرن و بەماناى زانستى سیاسى لە ئارادا نییە، بەڵکوو کەڵت (جەماعەتى) ئاینییە، شوێنى کۆبوونەوەى خێڵە، هەر ئەو تایپە لە ڕۆشنبیر بەرهەمهێنەرى ئەم جۆرە لە کولتورە کە کولتورى حەشاماتە Mass culture. ئەم جۆرە لە لە بیرکردنەوە و سەرگەرمى و گومبوون لەناو سادەلەوحى و بیرنەکردنەوەدا بەناوى کولتوورەوە، هەر ئەو تایپە لە ڕۆشنبیرە چاپوکانە لەودیو ئەم زەلکاوى خێڵ و خێڵگەراییەوە وەستاوە، خۆى مامۆستاى داهێنەرى عەبەسییەت، پووچگەرایى - ئەدەبێکى نزم - بێ ئایدیا و بێ ئاکار و بێ ڕوئیا، هەر خۆى پاڵەوانى ئەم هەلومەرجە نا-ئاکارى و نا-ئەخلاقییەیە کە دروستى کردووە و جڤاکەکەمان لە ئێستادا نائومێدانە و سەرگەردانانە لەناویدا بێ هیوا دەست و پەنجە لەتەک ئەو زەلکاوە ڕۆشنبیرى و فیکرییەدا نەرم دەکات.
با ئاماژە بە سێ کتێب بدەین لە شارستانى خۆرئاوا کە تایبەت کراون بە پرسى ڕۆشنبیر و ڕۆڵیان:
(ناپاکیی ڕۆشنبیران) Julien Benda، ١٩٢٧ خیانة المثقفین، ت: محمد صابر.
کتێبێک لەسەر ناپاکی و خیانەتى ڕۆشنبیران؛ خیانەت لێرەدا بە ماناى عەقڵى و فیکرى دێت نەک سیاسى، فەیلەسوفى فەرەنسى، جولیان بێندا هەموو ژیانى سەرقاڵى ئەم پرسە بووە، پرسى خیانەتى پیاوانى زانست و ڕۆشنبیران. لە کتێبەکەیدا، ڕەخنە لە ڕۆڵى لەرزۆکى ڕۆشنبیرانى سەردەمەکەى دەگرێت، قۆناغى پێش جەنگى دووەمى جیهانى، لە دیدى ئەوەوە، ڕۆشنبیران خیانەتیان لە ئایدیاڵە باڵاکان کردووە، قوربانییان داوە بە ئەخلاق و بە فیکر لەبەر بەرژەوەندیى ئەجێندا سیاسییەکانى وڵاتەکانیان، یاخود لەبەر بەرژەوەندیى بەرتەسکى گرووپ و دەستە و تاقمە تەریک و داخراوەکان.
جولیان لە ڕۆشنبیراندا ڕەخنە لەو کەڵکەڵانە دەگرێت کە ڕێگرن لەبەردەم گەشەکردنى فیکرى مرۆیى، ئەو ڕەخنە لەو ڕوانینە دەگرێت لە ڕۆشنبیراندا کە گوایا "خوێى حەقبینن بەڵام وەک ئەوەى لە ئینجیل متى، ١٣:٥ دا هاتووە، ئێوە خوێى زەوین، بەڵام گەر خوێ بگەنێت، خوێ بکەین بە کوێوە، ئیدى بە کەڵکى هیچ شتێک نایەت، تەنیا ئەوە نەبێت تووڕ هەڵبدرێتە دەرەوە و لەلایەن خەڵکەوە بشێلدرێت".
جولیان بیندا لە کتێبەکەیدا داوا لەڕۆشنبیران دەکات جەغت لەسەر بەها جیهانى و بەها باڵاکان بکەن، وەک عەقڵانییەت و هەڵکردنى مرۆییانە و دوورەپەرێزیکردن لە پەیڕەویکردنى غەوغا و ژاوەژاوى جەماوەر و حەشامات. بیندا ئەو ڕاستییە نیشان دەدات کە ناپاکیى فیکریى ئەو دەستەبژێرە یەکێکە لە هۆکارەکان کە بوونەتە هەوێنی سەرلێشێواویى سیاسى و کولتوورى، کە دواجار دەبێتە مایەى سەرهەڵدانى فاشیزم.
تێبینیى١: ئەمڕۆ لە کوردستان هەندێک لە ڕۆشنبیران سەرقاڵى بەهانەهێنانەوەن بۆ فاشیزمى ئیسلامى و دژ بە سێکیولاریزم قسەى بێمانا ڕیز دەکەن.
تێبینیى٢: لە شەستەکانى سەدەى ڕابردوودا لە ئێران، جەلال ئال ئەحمەد لەسەر ڕۆشنبیران کتێبێکى بەچاپ گەیاند کە لەژێر کاریگەریی (بێندا)دا بوو، بەناوى "لەسەر خزمەت و خیانەتى ڕۆشنبیران"، کە دواجار بووە زەمینەیەکى فیکرى بۆ ئوسوڵگەرایى ئیسلامى.
ساڵى ١٩٥٥ بیرمەند و فەیلەسوفى فەڕەنسى ڕیمۆند ئاڕۆن کتێبێکى گرنگى هێنایە دەرەوە بە ناونیشانى (ئەفیونى ڕۆشنبیران) The Opium of the Intellectuals. ڕیمۆند ئارۆن وەک بیرمەندێک جەختى لەسەر ئەفیونەکەیە، کە ئایدیۆلۆژیایە، بە دیاریکراوى ئایدیۆلۆژیاى مارکسیزم یاخود سوشیالیزم. لێرەوە ڕەخنە لە هەڵوێستە ناڕەخنەییەکانى ئەو دەستەبژێرە دەگرێت؛ ئەوە نیشان دەدات کە ئەو دەستەبژێرە ڕەخنەییانە بیر ناکەنەوە، بەڵکوو ئایدیۆلۆژیا وەک سیستەمێکى ئایدیاکان لە دەرەوەى ڕەخنە و فەحسکردن و تاقیکردنەوە قبوڵ دەکەن و دەیکەنە سەرمەشقى بەناو بیرکردنەوەکانیان.
ئەفیون واتا مەستبوون لەلایەک و موعتادبوون، ئالوودەبوون بە ئایدیۆلۆژیا و بیرکردنەوە لەلایەکى دیکەوە، ئەمە لەکاتێکدا کە گوێمان لە وشەى "ڕۆشنبیر" دەبێت، لەڕووى حەرفییەوە، (Literally) بۆ ئەوە دەچین کە کەسێک هەیە و بیرى ڕۆشنە، بەڕۆشناییەوە بیردەکاتەوە و دنیا دەبینێت، کەچى کە ئالوودە بوو بە ئەفیون، نزیکى ئایدیۆلۆژیا، کە ئالوودە بوو بە پێڤاژۆی (پرۆسەى) تووڕهەڵدانى ڕاستى و سەرقاڵبوونى و ڕازیکردنى گرووپ و حزب و حەشامات، هەم خۆى "ڕۆشنایى" لەدەست دەدات، هەمیش دەبێتە سەرمەشفى برەودان بە وەهم و وەهمزەدەیى و ئالوودەبوون بە خۆخەڵەتاندن و ئەوانى دیکە خەڵەتاندن و عاشق بە مەستبوون، لەدەستدانى هۆشیارى و عەقڵ.
ڕۆجەر سکروتن، فەیلەسوف و بیرمەندى دیارى ئینگلیز لە ساڵى ٢٠١٥دا کتێبێکى لەسەر بیرمەند و ڕۆشنبیرە دیارەکانى ڕەوتى چەپ لە ئەوروپا بە چاپ گەیاند لەژێر ناونیشانى Fools, Frauds and Fire brands: Thinkers of the new left، ]گەمژەکان، ساختەچییەکان و شاپڵیتەکان (هاندەرانى شۆڕش): بیرمەندەکانى چەپى نوێ.[
لەم کتێبەدا سکروتن بێڕەحمانە دەستدەکات بە شیکردنەوەى ئەو ڕۆشنبیرانەى کە لەپشت چەپى تازەوەن، لەوانە ڕۆناڵد دۆنکین، هابرماز، لۆکاش، سارتەر، دریدا، ژیژەک، و ئێرک هۆبزباوم. سکروتن پرسیار دەکات، چەپێک کە لە ١٩٨٩وە گەشەى کردووە، ئێستا چۆنە و لە چى دەچێت؟ ئەم گرووپە لە ڕۆشنبیران دەیانەوێت چى لە جیهان بکەن و بەرەو کوێ ئاڕاستەى بکەن؟ ئایا بەکردەوە (بالفعل) دەزانن چیان دەوێت و لە لێکەوتەى ڕا و بیروبۆچوونەکانیان ئاگادار و هۆشیارن؟
سکروتن هەر لەناونیشانەکەیەوە ڕاى خۆیمان لێ ناشارێتەوە کە ئەمانە گەمژەکان و ساختەچییەکان و شاپڵیتەکانن، یا نازانن یاخود بێباکن لەوەى کە چى لە دنیابینیى ئەوان دەکەوێتەوە، لێکەوتەکان چین و چۆن دەبن و کێ یا چ هێزێک باجى ئەو دنیا بینییانە دەدات؟
سەردەمەکان لەڕێگە و بەهۆى ئایدیاکانەوە دەناسینەوە، لە ئایدیاکانیشەوە تایپى بیرکەرەوە یا بیرنەکەرەوەکان دیارى دەکەین، ڕەسەنایەتى یا ناڕەسەنایەتى، داهێنان یا جووینەوە، ئەکتیڤبوون یا ڕیاکتیڤبوون (پەرچەکردار یا دژ بە چالاکبوونى هێزەکان لێرەوە خۆ مانیفێست دەکەن)؛ لەڕێگەى نیگەرانى و غەمە جڤاکییەکانى تایپەکانەوەیە کە تەنانەت بەستێنى مەدەنییەت و ژیاریش خۆ مانیفێست دەکەن، نووسین و کارى داهێنانى ئەدەبى و فیکرى و هونەرى ئاماژەکانى ئەو تایپە لەخۆ دەگرن کە لەو بەستێنەدا سەرقاڵى مانیفێستکردنە، خۆبەیانکردن خود بەخود خۆ بەیان دەکات بەسروشتى یا بە جۆرێک لە تەکلیفکردنەوە، واتا خۆنومایشکردنێکى ناڕەسەنانە، ناسروشتییانە، بەڵام هێشتا ئەوەى کە بەری دەکەوین سروشت و جەوهەرى ئەو تایپەیە کە ڕەنگە زۆریش لەخۆ بکات نەکا دەربکەوێت یا مانیفێست بێت یا حەقیقەتى بدرەوشێتەوە، یاخود گەرەکى بێت ئاڵۆزییەک، تەمومژاوییەک وەک بەرگ بدات بەسەر خودى خۆیدا، بەسەر ئایدیاکانیدا، بەسەر بیرکردنەوەیدا، نەکا حەقیقەتى خۆى دەربخات، چونکى خۆى دەزانێت کە ماهییەتى حەقیقەتى خۆى کێشەدارە؛ مادام لە بەستێنى ململانێى ئایدیاکان، ئایدیا فەلسەفى و سیاسى و کۆمەڵایەتییەکان، بەستێنى ململانێى نێو دنیابینیەکان قسە لەسەر ڕۆشنبیرى دەکەین، وەک هێزێکى کاراى ئەو مەیدانە، یا هێزێکى پەرچەکردارى نێو ئەو بەستێنە، یا هێزێکى خامۆش بەڵام بە مەوجوودبوونى جوگرافیایەکى داگیرکردووە و نوزەیەکى لێ دێتە دەرێ، مەرج نییە ڕۆشنبیر کارا بێت، داهێنەر بێت، زۆرجاران خۆى دەبێتە لەمپەڕ-ڕێگر، کۆسپ و تەگەرە لە بەردەم داهێنان و بیرکردنەوەدا. زۆرجاران تایپێک لە ڕۆشنبیر، لە دەستەبژێرى خوێنەوار ڕێگا و مەجرا و ڕێباز و ڕەوت و کاروانى کۆمەڵێک خەڵک بۆ یەک سەدە بگرە چەند سەدەیەک دوا دەخەن، وەک ئەوەى ئێمەى کورد ماوەى سەدەیەکە گیرمان خواردووە؛ کەشوهەواى کولتوورى و فەرهەنگى و فیکرى و هونەرى و ئەدەبیمان ئالوودە بووە، بیمار بووە، بریندار بووە، کەلەلا بووە بەدەست ئەم تایپە لە ڕۆشنبیرەوە. لێرەوە دەبێت بەناچارى پەنا بەر هونەرێک بەرین بۆ دیاریکردنى ناهەموارى و نەخۆشییەکانى ئەم هەلومەرجە، ئەم تایپە، ئەویش هونەرى زانستى تایپۆلۆجییە، تایپۆلۆژی!
تایپۆلۆژی چییە؟ تایپۆلۆژی بریتیە لە پۆلێنکردن بەگوێرەى نەمەت و تایپى گشتى، بەتایبەتى لە ئەرکۆلۆژی یا سایکۆلۆژیدا (تایپى هەلومەرجە جیاوازەکانى کاراکتەر و هەلومەرجى دەروونى کاراکتەر و ڕەوشت و هەڵسوکەوت). لێرەدا تایپۆلۆژیى هێزەکان یا تایپەکان بەشێوەیەکى گشتى بریتییە لە ئەو سیستەمەى شتەکان دەخاتە نێو تایپەکان، ڕیزبەندییان دەکات لەبۆ گرووپەکان، بەگوێرەى ئەو خەسڵەت و سیفەتانەى تێیدا هاوبەشن، یا لێک دەچن؛ لێرەوە تایپۆلۆجیا بریتییە لە لێکۆڵینەوەى ئەوەى کە چۆن شتەکان دەشێ پۆلێن بکردرێن بۆ تایپە جیاوازەکان و لەوێوە ماهییەت و ناسنامەیان دیارى بکردرێت.
لە هەر بەستێنێکى سیاسى و کۆمەڵایەتى و کولتووریدا، هێزەکان، هێزە کولتوورى و کۆمەڵایەتى و سیاسییەکان لە کێشمەکێشدان، لە ململانێدان، سەرقاڵى بەیانکردنى دید و دنیابینى و ئەخلاق و دیدى جوانیناسى و فەلسەفیى خۆیانن؛ دیارە بە شێوەیەک کە دەتوانن، بە زمانێک کە دەستڕەسییان بۆى هەیە، بە شێوازێک کە دەتوانن کۆنتڕۆڵى بکەن و لەڕێگەوەى خۆ بەیان بکەن، شێوازێک کە دەتوانن خۆ لەتەکیدا بگونجێنن و بیکەنە ئامڕازى بەیانکردنى ناسنامە و ماهییەتى خۆ.
تایپۆلۆژیى هێزەکان گرنگیى ئێجگار لەڕادەبەدەرى خۆى هەیە، چونکى ماهییەت و ناسنامەی هێزەکانمان بۆ تەشخیس دەکات، دیاری دەکات، بەیان دەکات، لەم بەستێنەشەوە ماهییەتى ناسنامە و جۆرى تایپى ڕۆشنبیر لێرەوە دیاری دەکرێت، بەیان دەکرێت، دەستنیشان دەکرێت، پەنجەى دەخرێتە سەر، وەدیار دەکەوێت، هەلى خۆبەیانکردنى بۆ دەڕەخسێنرێت. یەکێک لە خاڵە جەوهەرییەکانى گرنگى تایپۆلۆژیى هێزەکان (تایپى ڕۆشنبیران) هێزى ئەکتیڤ و هێزى ڕیاکتیڤە، کە ڕۆشنبیرى کورد لە بەرەى هێزی ڕیاکتیڤە، واتا دژبەرە، ناکۆکە، دژ بە داهێنانە، دژ بە ئایدیایە، دژ بە هێزی داهێنەرە.
وەک وەبیرهێنانەوەیەک، تایپۆلۆژی بەکاردەهێنرێت لە بەحسە جۆرییەکان (چلۆنایەتییەکان) و بەحسە چەندێتییەکاندا، هەروەها تایپۆلۆژی بریتییە لە ڕامانەی (تیۆریی) مێژوو، بینینى کۆى چیرۆکى جوولەکە و مەسیحییەکان وەک ئەوەى کە شتێکیان پێدراوە لەلایەن خوداوە، بەڕێگاى ئەو ڕووداو و چیرۆک و ئەفسانانەى ناو کتێبى پیرۆز، بێ گومان ئەم دنیابینییە زانستى نییە-ڕیاڵەتى (واقیعی) نییە، بەڵام پراگماتیکییانە کار دەکات، مانا دەبەخشێت بۆ ئەوانەى لە بەستێنى ئەو حیکایەت و دیسکۆرس و دنیابینییەدا دەخولێنەوە بە دەورى مانا و ڕەمز و ئیحاکان و هێماکاندا.
گرنگە لەسەر تایپى ڕۆشنبیر یا زانستى دیاریکردنى تایپەکان بوەستین، چونکى فۆڕم و تایپ و جۆرى زۆرمان لە بەناو ڕۆشنبیر هەیە، بەهۆى ئاڵۆزیى ژیانى مۆدێرنەوە، بەهۆى ئاڵۆزیى ئیدارە و ئابوورى و فۆڕمە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکان، بەهۆى ئاڵۆزیى کۆمەڵ و جڤاکە هاوچەرخەکانەوە هەلومەرجێکى ئاڵۆز سەرهەڵدەدات کە خوازیارى ئەوە دەبێت لە گۆشەنیگاى هونەر و زانستى تایپۆلۆجییەوە، تایپى هێزەکان و بەتایبەتى تر لەو بەستێنەدا تایپى ڕۆشنبیرەکان، وەک هێز و تایپێکى جودا و دیار و بینراو و بیستراو لە جوگرافیاى ڕۆشنبیرى و ژیاریدا دیاری بکەین، ناسنامەیان، دنیابینییان، خەون و کەڵکەڵەکانیان، بینینیان بۆ ڕابوردوو، بۆ داهاتوو، بینینیان لە ئێستادا بۆ چەمکە بنەڕەتى و ئایدیا چارەنووسسازەکان، لەچەشنى دەسەڵات و ئازادى و ماف و قانوون و بڕیارە چارەنووسسازەکان و بەربەستەکان و ڕێگرییەکان و دژەکانى ئازادى و مەدەنییەت.
لەم بەستێنەدا، ئەوەى گرنگە کە ئاماژەى پێ بدەین و هەمیشە لە یادمان بێت لەمەڕ ڕۆشنبیر وەک تایپێک، بەشێک لە تایپى هێزێک ئەمەیە، ڕۆشنبیریى خۆى بەشێکە لە هێزێک، هەموو هێزێکیش پەیوەستە بە هێزەکانى دیکەوە، هێزیش وەک نیچە دەڵێت: "یا ڕاڤە دەکات، یان فەرمان دەردەکات یا ملکەچ دەبێت"؛ واتە، هێزەکان یا هێزى باڵادەستن، یا هێزى نزم و ملکەچکەرن، یا هێزى بڕیاردەر و خاوەن ئیرادەى دەسەڵاتن، ئیرادەى ئەرێ گوتن (affirmative) یاخود هێزگەلێکن ڕیاکتیڤ، دژەکردار-هێزى باڵاپۆش لە پەرچەکردار، لێوانلێو لە نەرێ گوتن (Negative) بۆ ژیان، بۆ دەسەڵات، بۆ بوون. ئێمە هەر لە سەرەتاوە بڵێین لە هەردوو تایپەکەمان هەیە، تایپێک لە ڕۆشنبیر کە بەشێکە لە هێزێکى active چالاک، ئەرێ گوتن بۆ ژیان، بۆ ئازار، بۆ ئیرادە. تایپێکیش لە ڕۆشنبیر، کە بەشێکى دانەبڕاو و بنەڕەتییە لە هێزێکى ڕیاکتیڤ، چۆن؟ ئەو هێزە ناسنامەى چییە؟
هێزى باڵادەست، خاوەن هەژموون دەناسینەوە وەک Active هێزى چالاک؛ هێزى نزم، دەست بەسەرداگیراو، ژێردەست دەناسینەوە وەک هێزى Reactive (هێزى پەرچەکردار-نێگەتیڤ) کە نزم inferior، دەست بەسەرداگیراوە، کۆنتڕۆڵکراوە، بگرە خاوەنى خەسڵەتى کۆیلەیە، چونکى ناتوانێت بڵێ ئەرێ، بەڵێ بۆ ژیان و کێشمەکێشەکان و بۆ خودى ئازار و مەرگ و ژیان؛ هێزى نزم، دەست بەسەرداگیراو دەبێت ملکەچ بێت، خۆشى ملکەچ، ملکەچبوون خەسڵەتى ئەم هێزە ڕیاکتیڤەیە. لە بەرانبەردا، فەرماندەرکردن، ڕابەرایەتیکردن، ئیدارەکردن، گرتنەدەستى جڵەوى بڕیاردان، "ئەمە دەبێت ئاوها بێت کە من دەخوازم" فەرماندەرکردن و ملکەچکردنى فۆڕمەکانى کێشمەکێش و خەباتن، کردار و پەرچەکردار، هێزى چالاک و هێزى پەرچەکردار reactive ئەو خەسڵەتانەن کە تەعبیر لە پەیوەندیى هێزەکان دەکەن، ئەو هێزانەى چوونەتە ناو یاریگاى موبارەزەکەوە، زۆرانبازییەکەوە، ململانێکەوە؛ هێزى نرم دەناسرێتەوە وەک هێزى پەرچەکردار، چەندە سەختە لە هێزى پەرچەکردار (ڕیاکتیڤ پێناسە بکەین) هێندەش سەختە کە کاراکتەرى هێزى چالاک بناسینەوە، چونکى چالاکییەکان ئاڵۆزن و فرەن، ئەم هێزەش مەبەستییەتى هەموویان لە ئامێز بگرێت بە ماناى ئەوەیکە تەعبیریان لێ بکات، کۆنتڕۆڵیان بکات، هەژموون بەسەریاندا پەیدا بکات؛ کەواتە، جارێکى دیکە بپرسین هێزى چالاک یا تایپى چالاک چییە و کامەیە؟
هێزى چالاک ئەو هێزەیە، ئەو تایپەیە کە چاو لە دەسەڵات دەبڕێ، بە ماناى گونجاندن، خاوەندارێتى، پەیداکردنى هەژموون، ئەرێ گوتن بۆ کێشمەکێش و ململانێ، ئەرێ گوتن بۆ خودى ژیان بۆ هەموو کۆسپ و تەگەرە و بێماناکانییەوە، هەروەها سەپاندنى شکڵ بەسەر بێشێوەییدا، سەپاندنى فۆڕم بەسەر بێفۆڕمى و هیولایدا، بگرە خوڵقاندن و داهێنانى فۆڕم لەڕێگاى کارکردن و تەسخیرکردنى هەلومەرجەکان (بە کۆ)، هەروەها چالاکبوون بە ماناى ڕاڤەکردن، خستنەڕووى تەفسیر و تەئویل، هەموو ڕاڤەکردنێک خۆى جۆرێکە لە نواندنى چالاکییەکى هێز، ئەوە هێزە کە تەفسیر دەکات، کە ڕاڤە دەکات، کە حەقیقەت کەشف دەکات، حەقیقەت دیاری دەکات، هێز بریتییە لەوەى کە دەتوانێ، بەڵام ئیرادەى دەسەڵات ئەوەیە کە ئیرادە دەکات، کە دەخوازێ.
دەتوانین گشتگیرییەک بکەین و بڵێین دوو تایپى سەرەکیى ڕۆشنبیر هەیە لە ڕۆشنبیریى کوردیدا، مەبەستمان لە ڕۆشنبیریى کوردییە لە گشت پارچەکانى کوردستان، بەڵام لێرەدا زیاتر جەخت لەسەر باشووری کوردستانە. تایپێکى کارا وەک بەشێک لە هێزى ئەکتیڤ، چالاک، تایپێکى سەربەخۆ، خاوەن ویست و ئیرادە، ڕەخنەگر، خاوەنى بیرکردنەوەى سەربەخۆ و خاوەن بیرکردنەوەى عەقڵانى و خاوەن ئاکارى مەدەنى یا هەڵگرى چەندین پرەنسیپ و بەهاى مەدەنى و ئاکارى مەدەنییانە. ئەوەى دەربارەى ئەم تایپە دەبێت بگوترێت ئەوەیە کە ئەم تایپە لە ڕۆشنبیر یا ڕووناکبیر، یا چاکترە بەناوە ڕەسەنەکەیەوە کە سەرەتا ناوزەد کراوە ناوى بهێنین ئەویش "منەوەر"، ئەم تایپە لە پەراوێزدایە، لە پەراوێزى ڕووداوەکان و دامودەستگا کولتوورى و سیاسى و ڕۆشنبیرییەکاندایە، لە ماوەى سەد ساڵى رابوردوودا دیسکۆرسی (گوتارى) داهێناوە، داڕشتووە، دنیابینیى خۆى کەم تا زۆر، بەسەختییش بێت، دنیابینیى خۆى بەیان کردووە، بەڵام ڕووبەڕووى ترۆر و کوشتن بۆتەوە لەلایەن هێزە بەناو سیاسییەکان و خێڵەکان و لەلایەن تەکیە و خانەقاکانەوە ڕووبەڕووى ناوزڕاندن و سووکایەتى پێکردن بۆتەوە. سەرەتاى سەدەى بیستەم بەسەرهەڵدانى ئەم تایپە دەست پێدەکات و، ئەم تایپە سەرەتا شتێک لە کولتوورەکانى ناوچەکە دەزانێت، ئاشنایەتییەکى لەڕێگاى ئەستەنبوڵەوە بە ئەوروپا پەیدا دەکات؛ هەر لە سەرەتاوە چاو لە مەدەنییەت دەبڕێ؛ دەستنیشانکردنى ئەم تایپە بۆ نەخۆشییەکانى کۆمەڵگاى کوردى دەستنیشانکردنێکى دروست بووە، سەرەتا جڤاکێک لە ئارادا نییە، کۆبوونەوەى خەڵک و خوا، یا خێڵ هەن، ئەم خێڵانە نا-مەدەنین، شار بوونى نییە، بەڵام دەبێت هەم شار و هەم بەها شارییەکان دروست بکردرێن؛ ئەم تایپە هەر لە سەرەتاوە بانگەواز بۆ عیلم/زانست و زانستپەروەرى دەکات. "خۆش بێت وەتەن، خۆش بێت وەتەن، بە عیلم و فەن"
بەڵام لەلایەن شێخەکان و تەکیە و خانەقاکانەوە دژایەتى دەکرێت، لەلایەن هەژموونى ئەو هێزە ئاینییەى کە هەزار و چوارسەد ساڵە تەماهی دەکات لەتەک دوژمن، خۆى هاوناسنامە دەکات لەتەک ئاینى سەپێندراو، ئەو هێزە ئاینییەى کە دژى هەر بیرکردنەوەیەکى جیاواز، دژى هەمەچەشنەیى کولتوورى و دنیابینیى کولتوورى فیکرییە لەو کۆبوونەوە خێڵەکییەدا کە پێى دەلێین "کۆمەڵى کوردى". ئەم تایپە لە ڕۆشنبیر، کە کارایە، لە هەمانکاتدا نا-جەماوەریشە، واتا زۆرتر پێى لەسەر تاکایەتى دادەگرێت و باوەڕى بە ئازادى و ئازادییە مەدەنییەکان هەیە؛ لە کەسە دیارەکانى ئەم تایپە دەتوانین ئاامژە بکەین بە جەمال عیرفان (کە لەلایەن شێخەکانەوە ترۆر کرا، لەبەر بوێرى و سەربەخۆیى و کاراکتەرى، لەسەر ئازادیى بەیان ترۆر کرا) جەمیل صائب، ئەمین زەکى بەگ، تۆفیق وەهبی بەگ، گۆرانى شاعیر، جەمال نەبەز؛ ئێستاکەش و لە ڕۆژگارى ئەمڕۆدا، ئەوانەمان نوێنەرایەتیى ئەم تایپە دەکەین کە حزبى نین، سەر بە هێزێکى دیاریکراو نین، سەربەخۆین، مەدەنیین، سەربە کەڵت نین، چ کەڵتى ئاینى یا سیاسى، سەر بە حەشامات و جەماوەر و ژاوەژاو و قەرەباڵغى نین، هەڵگرى هیچ ئایدیۆلۆژیایەک نین، واتا- نا-ئایدیۆلۆژین، مولتەزیمین بە پرەنسیپگەلێکى مەدەنى و بەهاگەلێکى ئاکارییەوە، پرنسیپگەلێکى عەقڵانى و ئاوەزپەسەندەوە. ئەم تایپە لە ڕۆژگارى ئەمڕۆدا لە پووکانەوەدایە، لەژێر هەڕەشەى ترۆرى فاشیزمى ئیسلامیدایە؛ دەستگا هەواڵگیرییە کوردییەکان و ئیقلیمییەکان سەرقاڵى ترۆرکردنى کاراکتەرى ئەم تایپەن لە ڕۆشنبیر کە بە پەنجەى دەست دەژمێردرێن؛ گشت حزبە سیاسى و دامودەستگا بەناو حکوومى و کولتوورییەکان دژ بە ئەم تایپە لە ڕۆشنبیر وەستاونەتەوە و سەرقاڵى ترۆرکردنىین، چ کاراکتەریى چ جەستەیى. ئەوەى لەماوەى ٢٥ ساڵدا بەرانبەر بە ئەم زاتە (نووسەرى ئەم چەند دێڕە) کراوە باشترین نموونەى بەردەستە، کە ڕۆشنبیرانى تایپەکەى دیکە کە دەستنیشانى دەکەین، بەشدار بوون لەو ئیرهابەدا، لەو ترۆرکردنەدا و ئێستاش دەستگا هەواڵگرییەکان سەرقاڵى ئەم شاکارەن، ترۆرکردنى سکۆڵەرێکى فەلسەفە لەناو فەزاى ڕۆشنبیریى کوردیدا.
ئەم تایپە لە دەرەوەى دامودەستگا کولتوورى و حکوومى و میدیاییەکانە، لە دەرەوەى حزب و کۆبوونەوە سیاسى و ئاینییەکانە. ئەم تایپە لە ڕۆشنبیر لەڕاستیدا لەم نیشتمانەدا بێماڵە، بێنیشتمانە، نامۆیە؛ نامۆبوون هەر لە سەرەتاى سەرەتاوە خاڵى ناسینەوەى ئەم تایپەیە لە ڕۆشنبیر لەم جوگرافیایەدا؛ ئەم تایپە دژ بە ستەمکارییە، ستەمکارییش و ستەمکارەکانیش و هێزە ستەمکارەکانیش خاوەن ماڵەکەن، ئەم تایپە بەبەردەوامى دژ بە ستەمکارییە، دژ بە مێگەلە؛ غوربەت و نامۆبوونیشى لێرەدا سەرچاوەى گرتووە؛ ئەم تایپە هیچ کات هەست ناکات کە "لە ماڵى خۆیدا بێت" یا بە ماڵ گەیشتبێت.
زانست و هونەرى تایپۆلۆژى دەستمان دەگرێت بۆ ناسینەوەى تایپى باڵادەست، تایپێک لە ڕۆشنبیر کە هەژموونى هەیە، کە باوە، کە سەرەکییە، کە دامودەستگاکانى دروست کردووە و بەڕێوەیان دەبات وەک حزبەکان و نێوەندە پەروەردەیى و کولتووریەکان و ئیداریییەکان و میدیاکان و بگرە ئەرشیفەکانیش، خانەقاکانیش، هەربەدەست ئەم تایپەوەن لە ڕۆشنبیر. ئەم تایپە (کە دواجار خەسڵەتەکانی دیارى دەکەین) زۆرتر خۆشحاڵە یا خواستییەتى کە وەک وتەبێژى جەماوەر-ژاوەژاو-قەرەباڵغى دەربکەوێت، ئەم تایپە هەژموونى هەیە لە شێخ مەحمودەوە تا ئەمڕۆ؛ ئایکۆنە ئەدەبى و ڕۆشنبیرى و سیاسییەکان لەم تایپەى گاڕانن، هەر ئەم تایپە حزبە کوردییەکان و حزبە ئیسلامییەکان کە نوێنەرى کولتوورى عەرەبن لێرە، هەر ئەم تایپە دروستى کردوون و بەڕێوەیان دەبات. ڕۆشنبیریى کوردى- میدیاى کوردى- نووسینى کوردى لە ڕۆژگارى ئەمڕۆدا بەرهەمى ئەم تایپەیە لە ڕۆشنبیر، میدیا بەدەست ئەم تایپەوەیە، ڕۆژنامەگەرى بەدەست ئەم تایپە لە ڕۆشنبیرەوەیە، زانکۆکان و قوتابخانەکان، نێوەندە کولتوورى و مەدەنییەکان وان بەدەست ئەم تایپە لە ڕۆشنبیرەوە. وەک گوتمان ئەم تایپە حزبى کوردیى دروست کردووە، حزب وا بەدەست ئەم تایپەوە، بگرە دەستگا هەواڵگرییەکان ئەم تایپە لە ڕۆشنبیر بەڕێوەى دەبەن، جاسووسەکانیش هەر لەم تایپەن (ئێمە بەناو نووسەرمان هەیە سەر بە دەستگا هەواڵگرییەکانە، بگرە مامۆستاى زانکۆ سەر بە دەستگا هەواڵگرییەکانە، نووسەرمان هەیە بە نووسینى ڕاپۆرت لەسەر خەڵکانى ئازادیخواز بۆتە مامۆستاى زانکۆ یاخود ئەندامی دامەزراوەیەکی دیاری ڕۆشنبیری)، کتێبەکان لەلایەن ئەم تایپەوە دەنووسرێن، ئەدەب لەلایەن ئەم تایپەوە دەنووسرێن. ژیانى سیاسى و ڕۆحى و ڕۆشنبیرى و ئابووریى ئەم جڤاکە وا بەدەست ئەم تایپە لە ڕۆشنبیرەوە، چۆن بیانناسینەوە؟ خەسڵەتەکانى ئەم تایپە لە ڕۆشنبیر کە باڵادەستە، کە هەژموونى هەیە بەسەر ژیانى ڕۆحى و ئاینى و سیاسى و کولتووریدا:
١- پەروەردە نەبووە بە مانا قووڵەکەى پەروەردەى لیبراڵ، زمان نازانێت، نازانێت بخوێنێتەوە. نازانێت بیر بکاتەوە، تەنیا پەلامار دەدات، بەهەڵە دەژی، بۆ هەڵە دەژی.
٢- بیرکردنەوەى ڕەخنەیى نییە (Uncritical)، چونکى ئاشنا نەبووە بە لۆژیک، بگرە Uneducated پەروەردە نەبووە (پەروەردە بە ماناى پایدیاى یۆنانى-واتە پەروەردەى لیبراڵ- فەرهەنگ لە فەلسەفە)، بەڵکوو بیرکردنەوەکەى شیعرییە، واتە باڵادەستیى خەیاڵى شیعرى، دروستکردنى وێنە نەک چەمک- سەرقاڵى داڕشتنە نەک سازدانى ئەرگومێنتى عەقڵى- ئەمە بۆتە ئەوەى کە زەینى لێوانلێو بێت لە هەڵەى لۆژیکى (Fallacies)، نووسینى سەرتاپا هەڵەى لۆژیکى بێت، گشتاندن و حوکمدانى بێبەڵگە بێت.
٣- هیچ سەروکارێکى لەتەک هیچ زانستێکدا نییە (جگە لەیەک ئاوارتە (استثناء) بۆ ئەوانەى قسە لەسەر زمانەوانى دەکەن) بەڵام هەر نەمانیشى لە دەرەوەى قسەکردن لەسەر زمانە، هەرهەمان تایپى ڕۆشنبیرن، ئەم تایپە نا-زانستییە تا ئەوپەڕى هیچ پێویستى بە بەڵگە نییە، حوکم دەدات، بێ بەڵگە و بێ ئەرگومێنت، بێ سەلماندن.
٤- لەڕاستیدا، ئەم تایپە زۆرتر ئاینییە، واتا پشت بە (Faith) ئیمان دەبەستێت؛ ئیمانیش واتە بڕواهێنان بێ هەبوونى بەڵگەى عەقڵى و مادى؛ هەر ئەم تایپە کە ئاینییە، خۆی دژ بە هەموو ئەو کەسانەیە کە ڕەخنە لە ئایین دەگرن.
٥- ئەم تایپە فاشیستە بە پلەى ئیمتیاز، چونکى دژى هەموو ئەو کەسە سەربەخۆیانەیە (کە لە تایپى یەکەمدا ئاماژەمان پێدا) دژ بە ئازادیە، دژ بە ئازادیى بەیانە، دژ بە گشت ئازادییەکانە.
٦- ئەم تایپە نا-مەدەنییە، لە ڕوانگەیەکى شیعرییەوە، لە خەیاڵێکى شاعیرانەوە دژ بە مەدەنییەتە، دژ بە ئەخلاقى مەدەنییە، دژ بە Ethicsـە واتا ئاکار، ئاکار- ئەخلاقێکە کە بە فلتەرى عەقڵ و بیرکردنەوەدا براوە، بەڵام ئەم تایپە سەر بە ئەخلاقى جەماوەرییانەیە، واتا داب و نەریت و بکە و مەکەیەک کە بەرهەمى خودى عەقڵ نییە بەڵکوو نەقڵە، ئاینییە.
٧- ئەم تایپە لە ڕۆشنبیر- لە مرۆڤ، پشت بە ئۆتۆرەتى (دەسەڵات) دەبەستێت، واتە هەمیشە ئایکۆنێکى هەیە پەناى بۆ دەبات و دەیپەرستێت. ئەم تایپە لەوەدا ئاینییە کە سەرقاڵى پەرستنە، پەرستنى ئۆتۆرەتییەکانى کە ئەم قەرزاریانە، پەرستنى خودى خۆشى؛ ئەم تایپە داواى پەرستنیش لە دەروێشەکان دەکات، ئەم تایپە لە نووسەر، ڕۆشنبیر کە دەبێتە ئایکۆن، دەبێتە شێخ و داواى پەرەستن دەکات، کە قسە دەکات بە ژمارەى لاپەڕە و کتێب قسە دەکات نەک ئەرگومێنتى عەقڵى و نەک بەڵگەی زانستى؛ کە گوتى من گوتوومە، ئیدى ئەمە خۆى سەلماندنە لاى ئەو.. ئەم تایپە وا لە زیندانى ئۆتۆرەتیى ئەوانى دیکەدا، چونکى خۆى بیر ناکاتەوە، بگرە دژى هەر کەسێکە کە بۆ خۆى بیر بکاتەوە.
٨- ئەم تایپە دژ بە فەلسەفە و زانستە؛ ئەوەشى کە دەیڵێت سەبارەت بە فەلسەفە و زانست هەر شیعرە، هەر داڕشتنە (واتا ئینشایە). ئەم تایپە کە ناتوانێت هیچ شتێک لە فەلسەفە بزانێت، وەک سەلەفییەکان پەلامارى فەلسەفە و زانست دەدات و دژى ئەو کەسانە دەوەستێتەوە کە نیگەرانیى فەلسەفییان هەیە و قسە لە فەلسەفە دەکەن. لە دژایەتیکردنى فەلسەفە و زانست، ئەم تایپە هیچ جیاوازییەکى لەتەک پیاوانى ئاینی یا بانگخوازەکاندا نییە، هەروەک ئەوان پەلامارى فەلسەفە دەدات.
٩- ئەم تایپە ڕقاوی و قین لەدڵە؛ بوغز و کینە ڕۆح و عەقڵى داگیر کردووە، پەنجا ساڵیش هاوڕێت بێت کە گوتت هاوڕات نیم، دەتکاتە نیشانە بۆ عوقدە دەرونییەکانى و دەتکات بە ژێر لافاوى ڕق و کینە و بوغزەوە. ئەم تایپە خۆیشى قوربانیى ئەو هەموو گرێوگۆڵ و بیمارییە رۆحییەیە کە پێیانەوە دەتلێتەوە، بەڵام ئەم بوغز و کینەدۆزییە سەرچاوەى داهێنانەکەشیەتى، واتا گەر لە داهێنانەکەى ورد بینەوە، بەجوانى مانیفێستى ئەو بیمارییە ڕۆحییە و ئەو هەموو بوغز و کینەیە دەبینینەوە؛ بوغز لاى ئەم مەخلوقە خۆى خوایە و دەپەرسترێت.
١٠- ئەم تایپە لە ڕۆشنبیر بێگانەپەرستە و دژ بە هەموو شتێکى ڕەسەنە؛ ئەم تایپە لە ڕۆشنبیر و نووسەر ناڕەسەنانە هەن، ناڕەسەنانە دەژین، پابەندى هیچ Code of conduct ێک، واتە کۆدى ڕەفتارنواندن، نین. لێرەوە مەخلووقێکى میزاجیە، بەهیچ شێوەیەک لە ماناى هاوڕێیەتى ناگات، هیچ درک یا تێگەیشتنێکى بۆ ماناکانى هاوڕێیەتى نییە، لەبەرئەوە هەرگیز شوێنى متمانە نییە و هاوڕێشى نییە و بۆ هاوڕێیەتى نەخوڵقاوە؛ بە مانایەکى قووڵتر، ئەم مەخلووقە هیچ Value هیچ بەهایەک و ئەرزشگەلێک و پرنسیپگەلێکى نییە، ئەم مەخلووقە بەرجەستەبووى ئەخلاقى حەشاماتە، ئەم مەخلووقە بۆ حەشامات و بە حەشامات دەژى، میزاجیشى هەر هى حەشاماتە.. بیرکردنەوەشى هى حەشاماتە کە هیچ نییە جگە لە سۆز و حەماسەت و غەریزە لە دەرەوەى کۆنتڕۆڵى عەقڵ. هەربۆیە، ئەوەى بەرهەمیشى دێنێت هی چرکەساتێکە و بۆ چرکەساتێکە؛ بەناو بیرکردنەوەشى، هەڵوێستیشى، هەموو ئەمانە ئاینیین/ئێستایین، واتا تەنیا و تەنیا بۆ ئێستان نەک کەمێکى دیکە، نەک ئایندە، هیچ قووڵییەکى کەسایەتى و فیکرى و ڕۆحى لەم تایپە و لەم ڕۆشنبیرەدا نییە؛ کە دەشنووسێت نووسینەکەى بەمردوویى لەدایک دەبێت، ئەم مەخلووقە توانایى بەرهەمهێنانى دیسکۆرسێکى نییە بۆ ئایندە (تایپەکەى دیکە لە ئێستادا بۆ ئایندە دەنووسێت و کار دەکات)؛ ئەدەبێک کە ئەم تایپە لە ڕۆشنبیر و ئەدیب بەرهەمى دەهێنێت حەرفیەن (Literally) تا سبەى بڕ ناکات، جا با مێگەل و گاڕان مەفتوونى بن، هەر ئەدەبێک حەشامات مەفتوونى بوو ئەدەبێکى ناڕەسەنە، نەزۆکە، مردووە، لەباربراوە، پێش لەدایک بوون مرێندراوە- ئەمە چارەنووسى ئەو ئەدەبەیە کە ئەم تایپە لە ڕۆشنبیر و ئەدیبى کورد لەم سەردەمەدا سەرقاڵى بڵاوکردنەوەیین.
ئەم تایپە لە ڕۆشنبیر، کە سەر بە هێزێکى ڕیاکتیڤە، جووڵە و مۆتۆڕى بزوێنەرى لەودیو هەڵسوکەوت و دنیابینى و مانۆڤرەکانییەوە، هیچ نییە جگە لە بوغز و کینە و Resentment، پەرچەکردار نواندن؛ ئەم تایپە ڕیاکتیڤە دژ بە ڕەسەنایەتییە، دژ بە کەسێکە تاکێکە کە سەربەخۆ بێت ئەم تایپە ناتوانێت و ناخوازێت لە جەماوەر- لە قەرەباڵغى، لە ژاوەژاوى حەشامات دوور بکەوێتەوە، ئەو مانا و مەغزا و مەبەستى ژیانى خۆى لە حەشاماتدا دەبینێتەوە، هەربۆیەشە بە هەموو توانایی خۆیەوە دژ بە کەسە سەربەخۆکانە، دژ بە تاکى سەروەرە، چونکى خۆى لەو لاوازتر و بێدەسەڵاتترە بەتەنیا و لەسەرپێى خۆى بوەستێت. ئیدى لێرەوە ئیرەیى ئەم تایپەى وەک مۆرانە کرۆشتووە، ئیرەییبردن بەو کەسانەى کە تاکن، کە سەربەخۆن، کە ئازادن. ئەدەبى کوردى لەدواى گۆرانەوە زادەى ئەم بوغز و کینە و ئیرەییبردنەیە بەتاکى سەربەخۆ، بە کەسى ئازاد.
سەرچاوەکان:
بیندا، جولیان (٢٠٢٠). خیانة المثقفین. ت: محمد صابر. لبنان: الروافد الثقافية وابن النديم.
آل احمد، جلال (١٩٦٨). در خدمت و خیانت روشنفکران. تهران: شرکت سهامی انتشارات خوارزمی
Aron, Raymond (2011). The Opium of the Intellectuals. Transaction Publishers.
Scruton, Roger (2016). Fools, Frauds and Firebrands: Thinkers of the New Left. London: Bloomsbury Publishing.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved