د. كەیومەرس عەزیمی
(ئەکادیمی و توێژەر)
پوختەی بابەت
فرەچەشنیی ئایین، ڕێوڕەسم، مەزهەب و ڕێبازە تەریقەتە سۆفیگەرییەکان لە کوردستان و لەنێو نەتەوەی کورددا، ئەوەندە فراوان و بەربڵاوە دەگونجێ بڵێین کوردستان ڕەنگاوڕەنگترین مۆزایکێکی ئایینیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و بە حەق ناوی "هیندستانی جیهانی ئیسلام" گونجاوترین ناو بۆ ئەم وڵاتەیە. هەبوونی شوێنکەوتوانی ئیسلامی سوننە و شیعە، شانبەشانی کوردانی مەسیحی (کەلدانی و ئاشووری)، جوولەکە، یارسان (ئەهلی حەق، کاکەیی)، شەبەک، بەجوران، عەلەوی، سارێلی، بەهایی، سەلەفی، وەهابی، و ژمارەیەکی زۆر لە شوێنکەوتوانی ڕێبازەکانی قادری، نەقشبەندی، حەقە، بەکتاشی، نێعمەتوڵاهی، و جەلالی (خاکساری) پشتڕاستکردنەوەی ئەم بانگەشەیەیە کە نەتەوەی کورد لە دراوسێکانی جیا دەکاتەوە. لە کوردستان، چ پێش ئیسلام و چ لە سەردەمی درێژخایەنی ئیسلامیدا، هزر و کولتووری کوردی هێندە بەهێز و توانا بووە، کە پەرەسەندن و قبوڵکردنی ئایینی زەردەشت، یەهودی، مەسیحی و ئیسلام، وەک ئایینی ئۆرتۆدۆکس، بەپێچەوانەی گەلانی دراوسێی خۆیان، بەئاسانی نەبووە و نەبوونەتە هۆی لەناوچوونی ئایین و بیروباوەڕانی تر. بە هۆی بناغەی فەرهەنگی و کولتووریی بەهێزی نەتەوەی کورد، لەدوای بڵاوبوونەوەی ئایینەکانی ئۆرتۆدۆکسی زەردەشتی، یەهودی، مەسیحی و ئیسلام، ژمارەیەکی زۆر لە ئایینە هێترۆدۆکسەکان لە نێو کوردستان باو بوون و پەرەیان سەندووە. پێش ئیسلام، بەردەوامی و بوونی بیروباوەڕی میترایی، مانەوی، زەروانی و مەزدەکی - کە لایەنی ئایینە هێترۆدۆکسەکان بوون - شانبەشانی ئایینی ئۆرتۆدۆکسی زەردەشتی، تا هاتنی عەرەبە موسڵمانەکان، دیاردەی ئەوەیە، کە گەلی کورد لە قبوڵکردنی بیروباوەڕ و ئایینە جیاوازەکاندا، بە لێبوردەیی هەڵسوکەوتی کردووە. کورد بە هۆی کولتووری دەوڵەمەند و ڕەگداکوتاوی خۆیەوە، هەرگیز بە پەیڕەوکردنی یەک ئایین و ڕێباز و مەزهەب لە کوردستاندا ڕازی نەبووە. ئەگەر بە هۆی پاڵپشتیی حاکمەکانەوە ئایینێک بووبێت بە ئایینی فەرمیی وڵات، کورد بە هۆی دەوڵەمەندی کولتوورییەوە، باوەڕ و داب و نەریتە ئایینیەکانی دیکەی خۆی نەکردۆتە قوربانیی ئایینی فەرمیی وڵات، و بەلێبوردەیی، ڕێگای بەردەوامی ژیانی ئەو بیروباوەڕ و ئایینانەیان کراوە هێشتووەتەوە. ئەم پراکتیزەیە لە ماوەی درێژخایەنی ئیسلامیشدا بەردەوام بووە. بەردەوامیی تەبلیغکردنی ئایینەکانی زەردەشت، جوولەکە و مەسیحی، شانبەشانی ئایینەکانی ئێزیدی، یارسان، بەهایی، شەبەک، عەلەوی، بەجوران، و ژمارەیەکی زۆر لە ڕێبازەکانی تەریقەت لە کوردستان، لەژێر دەسەڵاتی هەزار و چوارسەد ساڵەی ئیسلامدا، بەڕوونی فەرهەنگ و کولتووری دەوڵەمەندی کورد، لەبەرانبەر بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕ و بیری ئایینی جۆراوجۆر، نیشان دەدات. ئێمە بەڕاشکاوی دەبینین لە کوردستان، چ پێش ئیسلام و چ دوای ئیسلام، ئایینە هێترۆدۆکسەکان شانبەشانی ئایینە ئورتۆدۆکسەکان ژیاون و بەردەوام بوون. نەبوونی شەڕ و ململانێی ئایینی و کارلێکی ئایینە جیاوازەکان لەنێو کورددا، کاریگەریی لەسەر بیرکردنەوەی فیکری و ڕۆشنبیریی نەتەوەی کورد داناوە و وای کردووە ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کوردستان لەم ڕووەوە، پێشکەوتووترین کۆمەڵ بێت.
وشەی سەرەکی: کورد، کوردستان، ئایینی ئۆرتۆدۆکس، ئایینی هێترۆدۆکس، ڕۆشنبیری.
لە لێکۆڵینەوە لە سەر ئایین و باوەڕە باوەکان لە کوردستاندا، ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە هەوڵی نەتەوەی کورد بۆ ناسنامە (Identity)، لە خواستی قبوڵکردنی ئایین و باوەڕە تایبەتەکاندا ڕەنگدانەوەی هەیە. خواستی پاراستنی داب و نەریتی نەتەوەیی لەنێو نەتەوەی کورددا هێندە دیار و گرنگ بوو کە سەرەڕای زاڵبوونی چەندین سەدەی داگیرکەرانی وەک عەرەب، مەغوول و تورکەوە بەسەر کوردستاندا، هێشتا کولتووری گەلی کورد، یەکێکە لە دەوڵەمەندترین و ڕەسەنترین کولتوورەکان - بە تایبەتمەندی و هێمای جیاوازەوە - لەنێو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. پاراستنی داب و نەریت و زمان و جلوبەرگ و چەندین تایبەتمەندیی کولتووری لە سەردەمی کۆن لەنێو گەلی کورددا، بەڕوونی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەم نەتەوەیە بەدرێژایی مێژووی پڕ لە گێژاوی خۆی، هەمیشە هەوڵی پاراستنی ناسنامەیەکی سەربەخۆ لە نەتەوەکانی دراوسێی داوە و بەتوندی بەرەو پێشی بردووە. سەرهەڵدانەوەی هەوڵی نەتەوەی کورد بۆ پاراستنی ناسنامە، جگە لە جلوبەرگ و شێوەزار و ڕێوڕەسم و تایبەتمەندییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، لە پابەندبوون بە ئایین و باوەڕێکی دیاریکراویشدا دەردەکەوێت و شوێنپێی دەیارە. پێداگریی کورد لەسەر پاراستنی ناسنامەی کوردایەتی و تایبەتمەندییە کولتوورییەکانی، لەدوای زاڵبوونی موسڵمانان بەسەر عێراق و شام، کە نزیکترین نەتەوە بە عەرەبەکان بوون، وای کرد بڵاوبوونەوەی ئیسلام لەنێوانیاندا لەلای حاکمە ئیسلامییەکان بە چاوێکی گوماناوی سەێر بکردرێت. بە واتایەکی تر، سەرسەختیی کورد لە ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی کولتووری عەرەب، بۆ ناو کوردستان لە ماوەی درێژخایەنی دەسەڵاتی عەرەبدا (خەلیفەکانی ڕاشیدین، ئومەوی و عەباسییەکان لە ساڵی ١١ی کۆچی تا ٦٥٦ی کۆچی) - کە بوو بە هۆی ئەوە، ئەم کولتوورە لە فەلاتی ئێران و ئاسیای ناوەڕاست و قەفقازیش بەری بگیرێت – وای کرد کە موسوڵمانبوونیشیان لەلایەن عەرەبەکان، باوەڕکراو نەبێت. بڵاوبوونەوەی دەستەواژەی "کورد و شیعە و سوننە"، لە دابەشبوونی خەڵکی عێراق و سوریادا - سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی خەڵکی کوردی ئەو وڵاتانە سوننەن - ڕەگوڕیشەی خۆی لەم تێڕوانینە مێژووییەی عەرەب بەرانبەر بە کورد هەیە. بە واتایەکی تر، کورد لەبری ئەوەی هەموو لایەنەکانی کولتووری عەرەبی قبوڵ بکات، دەستی دایە هێڵەککردن و تەنها ئیسلامی وەرگرت و ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی لایەنەکانی تری کولتووری و ڕۆشنبیریی عەرەبی بۆ ناو کوردستان کرد؛ چونکە تایبەتمەندییە کولتوورییەکانی خۆی، بە بەهێزتر و قووڵتر لە نەتەوەی عەرەبی داگیرکەر دەناسی. ئەم تایبەتمەندییەی کورد بووە هۆی ناڕەزایی نووسەران و حاکمەکانی عەرەب، تا ئەو ڕادەیەی بنەچەی نەتەوەیی کوردیان بۆ جن دەگەڕاندەوە؛ چونکە نەیاندەتوانی وەک وڵاتانی تر بەسەر بیر و کولتووری کوردان زاڵ بن.
لەڕووی سروشتی و ئیکۆلۆژییەوە، سنووری نێوان عەرەب و کورد، جیاوازی ئاستی نێوان دەشت و نزمییەکانی میزۆپۆتامیا و دەشتە بیابانییەکانی ڕۆژئاوای عێراق و سوریا و ئوردن و بەرزاییەکانی زاگرۆسە؛ بە جۆرێک خاڵی یەکتربڕینی زاگرۆس لەگەڵ ئەم ناوچانەدا بە درێژایی مێژوو، سنووری نێوان کورد و عەرەبی دیاری کردووە. بۆیە سنوورەکانی کوردستان لە بەرزاییەکانی باکوری سوریاوە دەست پێدەکات و درێژدەبێتەوە بۆ باکووری عێراق، و بەشێوەی هیلال دەچێتەوە تا دەگاتە ناوچە نزمەکانی خوزستان. سنوورەکانی کوردستان زۆر نزیک بوون لە دیمەشق و بەغدا، کە ناوەندەکانی خەلافەتەکانی عەرەبی ئومەوی و عەباسی بوون و بەسروشتیش بەهۆی هەژموونی درێژخایەنیان (زیاتر لە شەش سەد ساڵ) بەسەر کوردستاندا، دەبوو کورد لە هەموو نەتەوەیەکی دیکە زیاتر لەژێر کاریگەریی کولتووری و تایبەتمەندییەکانی عەرەب بوایە. بەڵام کورد نەک هەر ڕێگریی لە هێنانە ناوەوەی تایبەتمەندییە کولتوورییەکانی عەرەبی کرد بۆ ناو سنوورەکانی، بەڵکوو ڕێگریی لە گواستنەوەی کولتووری عەرەبی کرد بۆ ناو ئەنادۆڵ و قەفقاز و فەلاتی ئێران و ئاسیای ناوەڕاست. هەروەها، خەڵکی کورد هەر کە سەردەمی هەوەڵەوە، سیاسەتێکی زیرەکانەی لە قەبوڵکردنی ئیسلام گرتەبەر. لەبری ئەوەی پەیڕەوی لە ئایینی فەرمیی خەلافەت (مەزهەبی حەنەفی) بکەن، لە چوارچێوەی مەزهەبی ئیمامی شافعیدا ئیسلامیان قبوڵ کرد و ناسنامەیەکی [دینی]ان بۆ کوردستان دیاری کرد کە سەربەخۆ لە ناوچە عەرەبنشینەکان بوو. عەرەبەکان بە هەمان ئاڵای پڕوپاگەندەی ئیسلامی کە هاتبوونە ناو عێراق و شام، لەڕێگەی میسرەوە چوونە ناو ئەفریقا و هەموو باکووری ئەفریقایان تا مەغریب داگیر کرد. دوای تێپەڕاندنی گەرووی "جبل طارق" [جەبیل تاریق] و داگیرکردنی ئەندەلوس (ئیسپانیا و پورتوگال) سنوورەکانیان بۆ باشووری فەرەنسا درێژ کردەوە. سەرەڕای هەزاران کیلۆمەتر دووری لەنێوان ئەم ناوچانە و ناوەندەکانی خەلافەتی ئومەوی و عەباسی، خەڵکی باکووری ئەفریقا جگە لە قبوڵکردنی ئیسلام، هەموو تایبەتمەندییە کولتوورییە عەرەبییەکانیان وەک زمان و جلوبەرگ و داب و نەریتی قەبوڵ کرد و کولتووری بەڕبەڕیی خۆیانیان بەگشتی، بە کولتووری عەرەبی گۆڕی و، ئەمڕۆ هەموو خەڵکی ئەم وڵاتانە - لە میسرەوە تا مەغریب - خۆیان بە عەرەب دەزانن. لە ئەندەلوسیشدا نزیکەی هەشت سەد ساڵ هەموو خەسڵەتەکانی کولتووری عەرەبی زاڵ و بەردەوام بوون و بەپێی هەموو مێژووە ئیسلامییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست، ژیانی گەلی ئەندەلوس فۆڕم و شێوازێکی تەواو عەرەبیی هەبوو. بەپێچەوانەی هەموو ئەو ناوچانە، کولتووری عەرەبی تەنانەت یەک هەنگاویش نەچووە ناو بەرزاییەکانی زاگرۆس و ئەنادۆڵەوە؛ چونکە دانیشتووانی سنوورەکانی ئەو بەرزاییانە نەتەوەیەک بوون هەمیشە ناسنامەیەکی سەربەخۆیان لە نەتەوەی باڵادەست پێناسە دەکرد و پێیان باشتر بوو بە شوێن تایبەتمەندیی کولتووری و کۆمەڵایەتیی خۆیان بکەون و کولتوور و ناسنامەی خۆیان لەتەک داگیرکەران نەگۆڕن. پێداگریی کورد لەسەر پاراستنی ناسنامەیەکی سەربەخۆ و ئامادەنەبوونیان بۆ پەیڕەوکردنی کولتووری عەرەبی، لەلایەن حاکم و گەلی عەرەبی دراوسێی خۆیانەوە شاراوە نەبوو و ڕێگەی بۆ پێکهێنانی عەقڵییەتێکی مێژوویی لەنێوانیاندا خۆش کرد؛ عەقڵییەتی گومانکردن لە موسڵمانبوونی کورد و پابەندبوونیان بە ئیسلامەوە. بۆیە ئەمڕۆ لە عێراق و سوریا، دابەشکردنی خەڵکی ئەو وڵاتانە بەسەر "کورد و شیعە و سوننە" لەلای هەموو لایەک قبووڵ کراوە و کەس ناپرسێت بۆچی لەم وڵاتانەدا ناسنامەیەکی سەربەخۆ لە موسڵمانی سوننە و شیعە بۆ کورد دیاری کراوە کە زۆرینەیان سوننەن. بە زمانێکی سادە و شیاوی تێگەیشتن، کورد چونکە نەبووە بە عەرەب و کولتووری عەرەبی نەسەلماندووە، بە موسڵمانی ڕاستەقینەی نازانن.
پابەندبوونی مێژوویی گەلی کورد بە ئیسلام، لە شێوەی مەزهەبی ئیمام شافیعیدا، دەکرێ بە یەکێک لە کۆنتەرین و ڕوونترین نموونەکانی هەوڵی گەلی کورد بۆ ناسنامە و ناسنامە هەژمار بکرێت و گەلی کورد و سنوورەکانی کوردستان، لە دراوسێکانی عەرەب و تورک و فارس جیا دەکاتەوە کە یان حەنەفی یان شیعە مەزهەب بوون. دوای هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان، هەوڵی حاکم و ئەمیرەکانی کورد، وەک ڕەوادییەکان، هەزبانییەکان، ئالی حەسنەویەی بەرزیکانی، بەنی عەنازی شازنجانی، مەروانییەکانی دۆستەکی، شەدادییەکانی ئەڕان و گەنجە، ئەیوبییەکان و لە سەردەمی دواتردا میرنشینەکانی وەک ئەردەڵان، بابان، سۆران، بەدلیس، بۆتان، برادۆست و هتد، لە پشتیوانیکردن لە مەزهەبی ئیمام شافیعی لە کوردستاندا، پێویستە بە یەکێک لە نموونەکانی تەقالا و هەوڵی گەلی کورد بۆ پاراستنی ناسنامەیەکی سەربەخۆی کوردستان هەژمار بکرێت؛ چونکە ناوچە کوردنشینەکان لە سەردەمی ئیسلامیدا زیاتر لە هەزار ساڵ لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عەباسی و عوسمانیدا ژیاون و ئەمیرەکانی کورد لە میرنشینەکانیان ئاڵا و بەڵگەی حکوومەتەکانیان لەم دوو خانەدانەدا وەردەگرت. خەلافەتی عەرەبی عەباسی (١٣٢-٦٥٦ کۆچی)، کە پایتەختی بەغدا و سامەڕا بوو و هەروەها خەلافەتی تورکی عوسمانی (١٢٩٩-١٩٢٢ی زایینی) لە ئەدیرنە و ئەستەنبوڵ، هەردووکیان لەڕووی مەزهەبی، پەیڕەوی حەنەفی بوون و بە فەرمی پشتگیرییان لە فراوانکردنی مەکتەبی بیری ئیمام ئەبو حەنیفە لە جیهانی ئیسلامدا دەکرد. کورد کە نزیکترین نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوەندەکانی دەسەڵاتی عەباسی و عوسمانی بوون، بۆ ئەوەی ناسنامەی نەتەوەیی ناوچەکانی خۆیان بپارێزن، لەبری ئەوەی پەیڕەوی لە ئایینی فەرمیی خەلیفەکانی عەباسی و عوسمانی بکەن، ئیسلامیان لە شێوەی مەزهەبی ئیمام شافیعیدا قبوڵ کرد و، حاکم و میرنشینە کوردەکان پاڵپشتی مەرجەعەکانی شافیعیان دەکرد. فراوانبوون و تەشەنەکردنی مەزهەبی شافیعی لە کوردستان و لەنێو کورددا، بە پاڵپشتیی حاکم و میرانی کورد، هێندە لەگەڵ گەلی کورد تێکەڵ بووبوو، کە ناوچە شافیعییەکانی زاگرۆس، بەڕوونی و ڕاشکاوی بۆ ساڵەها، سنووری کوردستانیش بوون. ناسنامەی شافیعی، یەکەم ناسنامەی ئیسلامیی نەتەوەی کورد لەڕووی مەزهەبی بوو. بەڵام بەهۆی فەرهەنگ و کولتووری دەوڵەمەند و ڕیشەداری کوردستان، ئەم ناسنامه نوێیه نەبووه ڕێگر لە گەشەکردن و بڵاوبوونەوەی ئایینه هێترۆدۆکسەکانی دیکه، لە ناو کورد و کوردستاندا.
کوردستان لەڕووی بەربڵاویی ئایین و مەزهەب و نەزمی ڕۆشنبیری و سۆفیگەرییەوە، هەمەچەشنترین شوێنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. كوردستان بەدرێژایی چەندین سەدە، هەم ناوەندێک بووە بۆ بڵاوکردنەوەی ئیسلامی سوننەی نەریتی، بەو جۆرەی کە لەنێو نووسەرە گەورەکانی ئیسلامیدا بەناوبانگ بوو کە ئایینی ئیسلام لەسەر سێ بناغە دامەزراوە: دینەوەری، شارەزووری و ئامێدی کە هەر سێکیان کورد بوون و هەمیش شوێنی نیشتەجێبوون بووە بۆ پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی بەشێک لە ئایینە هێترۆدۆکسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک ئێزیدی، بەهایی، عەلەوی، قیزلباش، یارسان (ئەهلی حەق، کاکەیی)، شەبەک، ساریلی، بەجوران و ڕێبازە جۆرواجۆرەکانی تەریقەت و هتد. هۆکاری سەرەکیی ئەم کارە دەبێ لە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی سەرکردە ئایینییەکانی مەزهەبە جۆراوجۆرە ئیسلامی و غەیرە ئیسلامییەکان لەنێو کورددا بزانین، کە کوردستانی کردووەتە خاکێکی شایستەی ستایش لەم بوارەدا. بەهۆی فرەچەشنیی ئایین و مەزهەبەکانەوە، کوردستان هەمیشە شوێنێکی گونجاو بووە بۆ پەنادایینی سەرکردە ئایینی و سیاسییەکانی عەرەب و ئێرانی دراوسێ، کە بەئارامییەکی تەواو لەنێو کورددا ژیاون و پڕوپاگەندەی ئایین و بیروبڕواکەی خۆیانیان کردووە. لە کوردستاندا، پەرستگا و مەعبەدی زۆر ئایین و مەزهەب هەیە. جگە لە چەندین شوێنی پەرستگای کۆنی میترایی و مانەوی و زەروانی و پەرستگای ئاگری زەردشتییەکان، لە دڵی ناوچە کوردنشینەکانی شاری کەنگاوەر، پەرستگای ئاناهیتا، خوداوەندی جوانی و باران و ئاو هەیە. کەنیسەکانی مەسیحی و چەندین کەنیسەی جولەکەکان، شانبەشانی مزگەوت و پەرستگای موسڵمانان، ئێزیدییەکان، هەروەها زۆرێک لە جەمخانە و مەرقەد و بارەگا و نەزەرکردە و شوێنە پیرۆزەکانی عەلەوی، ئەهلی حەق، کاکەیی، شەبەک، ساریلی و تەکایا و ژمارەیەکی زۆر خانەقای ڕێبازە جۆراوجۆرەکانی سۆفیگەری لەنێو کوردەکاندا هەن، کە بە شێوەیەکی ئاشتییانە پڕوپاگەندەی ئایین و بیروباوەڕەکانیان دەکەن و فرەچەشنییەکی بێهاوتا لە پێکەوەژیانی ئایین و مەزهەبی جیاوازدا پیشان دەدەن، کە بەدەگمەن لەنێو گەلانی دیکەدا دەبینرێت. بەشێک لەو پەرستگا و شوێنە پیرۆزانە تەمەنیان هەزاران ساڵە و بەشێکی دیکەیان سەدان ساڵە لە کوردستان چالاکن.
خواستی بەهێزی کورد بۆ پاراستنی داب و نەریت و بیروباوەڕی کۆنی پێش ئیسلام و خواستی پاراستنی ناسنامە و تایبەتمەندییە کولتوورییەکانی ڕابردووی، یەکێک بوو لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی هەندێک بیروباوەڕ و هێمای ئایینە هێترۆدۆکسەکان لە کوردستاندا؛ چونکە کورد لە سەردەمی ئیسلامیدا، بۆ پاراستنی ئایینەکانیان کە ڕەگوڕیشەی لە بیروباوەڕە کۆنەکاندا داکوتابوو، ڕەنگ و بریقەیەکی ئیسلامیی بەو بیروباوەڕانە بەخشی، بە مەبەستی کەمکردنەوەی دژایەتیی زانای ئایینی و حاکمە ئیسلامییەکانی بەرانبەریان. لەم پێڤاژۆیەدا (پڕۆسەیەدا)، کورد زیاتر لە هێما و بیروباوەڕی سۆفیگەریی ئیسلامی کەڵکی وەرگرتووە، بۆئەوەی تام و ڕەنگێکی ئیسلامی بە ڕێوڕەسمە کۆنەکانی خۆی ببەخشێت. هەندێک پێیان وایە بنەما سەرەکییەکانی ئەم کۆمەڵە ئایینە هێترۆدۆکسانە لەنێو کورددا، ڕەگوڕیشەی لە ئایینە دێرینەکانی ئێرانیی وەک میتراییزم، زەردەشتی، مانەوی و زەروانیدا هەیە، کە لە سەردەمی ئیسلامیدا ڕەنگ و بۆنی بیروباوەڕی ئیسلامییان گرتووە، بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن لە ژیان لەپاڵ موسڵمانان و بەم شێوەیە خۆیان لە دوژمنایەتیی موجتەهید و فەقیهەکان و حاکمە ئیسلامییەکان دوور بخەنەوە. هەندێک لە لێکۆڵەرەوانی تر دەڵێن ئەو ئایینە هێترۆدۆکسانە لە کوردستان، کە پێشتر باسمان کرد، لە بیروباوەڕی ئیسلامییەوە سەریان هەڵداوە و هەندێک لە هێمای داب و نەریتی کۆنی کورد لە بیروباوەڕەکانیاندا گڕی گرتووە و تا ئیستا پشتاوپشت پارێزراون. ئەم گرووپە پێیان وایە ئەم ڕێوڕەسمانە لە چوارچێوەیەکی ئیسلامیدا دروست بوون و تەنیا لەژێر کاریگەریی کولتووری کوردستان، بەشێک لە بیروباوەڕ و داب و نەریتی کۆنی کورد دزەیان کردۆتە ناویەوە و بەدرێژایی سەدەکان شێوەی ئێستای خۆیان وەرگرتووە. لەنێو ئەمانەشدا، ئایینی عەلەوی تاکە ئایینێکە جگە لەوەی لەژێر کاریگەریی ڕێوڕەسم و نەریتە کۆنەکانی كورد و زۆرێ لە بیروباوەڕی ئیسلامیدایە، هێماکانی بیروباوەڕ و داب و نەریتی شەمەنی تورکمانەکانیش، کاریگەریی لەسەر دروست کردووە. جگە لەم بۆچوونانە، دەتوانرێت ڕامانەیەکی (تیۆرییەکی) تریش بخرێتە ڕوو؛ ئەو ڕامانەیە (تیۆرییە) ئەوەیە کە ئایینە هێترۆدۆکسەکان و ڕێبازگەلی تەریقەتەکان، هەوڵی بەردەوام و بێدەنگیی گەلی کوردن لە ماوەی چەند سەد ساڵێکدا، بۆ بەکوردیکردنی ئایین و بنەما ئیسلامییەکان و بەدرێژایی سەدەکان، فۆڕم و سیمای ئێستای خۆیان وەرگرتووە. بە واتایەکی تر، سەرلەبەری ئەم ئایین و ڕێبازانە لەبنەڕەتدا، هەر بۆ هەمان ئایات و فەرمانە بنەماییەکانی ئاسمانیی ئیسلام بانگەواز دەکەن، بەڵام ئەمجارەیان بە زمانی کوردی و تێکەڵ بە نەریت و داب و ڕێوڕەسمی کولتووریی کورد و کوردستان. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە نەشید و هۆرە و سۆز و ستران و بانگهێشت و پڕوپاگەندە ئاینییەکانیان بە زمانی کوردییە و، ڕێوڕەسمە ئاینییەکانیان بە شێوە و وێنەی کولتووریی گەلی کورد ئەنجام دەدن. تەنانەت شوێنێکی تریان جگە لە مزگەوتەکان، لەژێر ناوی جەمخانە، تەکیە، خانەقا، بارگا، مەرقەد، نەزەرکەردە و هتد، بۆ ئەنجامدانی ئەو ڕێوڕەسمانانە دروست کردووە، بۆ ئەوەی ئەو ڕێوڕەسمە ئایینییانە لەژێر دەسەڵاتی زمان و کولتووری عەرەبی دوور بخەنەوە، کە مزگەوتەکان ڕەمز و ئاڵاهەڵگری ئەو کولتوورە بوون.
بۆچی مەودای گەشەی ئەو ئایین و ڕێوڕەسمە تایبەتانە، لە کۆمەڵی کوردیدا بەفراوانی، شانبەشانی کوردی شافعی، شیعە، جوولەکە و مەسیحی (فەلەی ئاشووری و کەلدانی) بوونیان هەیە؟ بۆچی ئایین و بیروباوەڕ و داب و نەریتی دێرینی کورد سەرەڕای هەزار و چوارسەد ساڵ باڵادەستیی ئیسلام بەسەر کوردستان، هێشتا بە هێزێکی تەواوەوە، لەنێو کورددا زیندووە و دەکرێ لایەنەکانیشیان لەنێو ئەم گەلەدا ڕەچاو بکرێت؟ بۆچی ئەمە لەنێوان گەلانی دراوسێی کورددا بەرچاو ناکەوێت و ئەوان بەتەواوی ئیسلامییان لە باوەش گرتووە و، بڵاوبوونەوەی ئایینە هێترۆدۆکسەکان لەنێویاندا نابینرێت؟ ئەم پرسیارانە دەتوانرێت لە چەند ڕوانگەیەکەوە وەڵام بدرێتەوە. گرنگترین هۆکار، خواستی بەهێزی کورد بۆ لێبوردەیی لە قبوڵکردنی بیروباوەڕ و ئایینە جیاوازەکان شانبەشانی یەکترە. کولتووری کوردستان هێندە ڕەگوڕیشەی قووڵ و بەهێزە، کە لە یەک کاتدا بڵاوبوونەوەی چەندین بیروباوەڕ و بیری ئایینی تایبەت لە نێوانیاندا نابێتە هۆی گرژی و ناکۆکی و مشتومڕ. ئەم مەسەلەیە هێشتا لە بوارە جیاجیاکانی کوردستاندا بەڕوونی دەبینرێت، چونکە کارلێککردن لەنێوان کورددا پێش ئەوەی پشت بە ئایین و باوەڕ ببەستێت، لەسەر بنەمای کوردبوون و قسەکردن بە زمانی کوردی دادەمەزرێت؛ شتێک کە لە نێو گەلانی دراوسێی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کەمتر بەرچاو دەکەوێت. هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە کورد زۆر حەزیان لە پاراستنی داب و نەریت و ڕێوڕەسم و بیروباوەڕە دێرینەکانی خۆی و گواستنەوەی بۆ نەوەکانی داهاتووە و ئامادە نین لەپێناوی کولتووری بێگانەی باڵادەست، دەستبەرداری داب و نەریتە کۆنەکانی خۆیان بن. دواجار دەشێت ئاماژە بەوە خاڵە بکەین کە گەلی کورد، لەبری ئەوەی ڕاستەوخۆ شەڕ و دژایەتی لەگەڵ ئایینی حاکمە نوێیەکان بکەن، هەوڵیان داوە ئەو ئایینە لە فۆڕم و بیچمی زمان و کولتووری کوردیدا بنیات بنێنەوە و بیخەنە ڕوو.
لە سەردەمی پێش ئیسلامدا، ئایینی زەردەشتی لە کۆمەڵگەی کوردییەوە سەریهەڵدابوو و، دەتوانین سەرهەڵدانی ئەم ئایینە بە دەرئەنجامی کولتووری کوردی لە سەردەمێکی دیاریکراودا بزانین. بەڵام ئیسلام لە شوێنێکی تر و لە نەتەوەیەکی ترەوە هاتبوو. کورد بەپێچەوانەی وڵاتانی دانیشتووی شام و باکووری ئەفریقا کە بوون بە عەرەب، ناسنامەی خۆی لە دەست نەدا و بە پاراستنی فەرهەنگ و داب و نەریتی نەتەوەیی کۆنی خۆی، وردە وردە هەوڵی دا تێکەڵەیەک لە ئیسلام لەگەڵ زمان و کولتووری کوردیدا دروست بکات. سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی هەموو ئەو ئایین و مەزهەب و ڕیبازە فیکری و سۆفییانە هێترۆدۆکسییە کە لە کوردستاندا باو بوون، دەبێ وەک بەشێک لەم بابەتە سەیر بکردرێن.
پاشخانی مێژوویی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایین و ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، کەشێکی گونجاوی بۆ گەشەسەندنی فیکریی نەتەوەی کورد ڕەخساندووە. ئەم ڕەگوڕیشە مێژووییەی ژیانی ئاشتییانەی ئایین و باوەڕە جیاواز و هەمەچەشنەکان لە کۆمەڵی کوردیدا وای کردووە، گەلی کورد خۆی لە کۆتوبەندەکانی جیاوازییە ئایدیۆلۆژی و ئایینییەکان ڕزگار بکات و سەکۆیەک بۆ گەشەی جڤاکێکی پێشکەوتنخوازی دیموکراتیک و ڕۆشنبیر دابین بکات. ساڵانێکی زۆرە بە هۆی ئەو پشتیوانییە مێژووییەوە، ڕۆشنبیرانی کورد چەند هەنگاوێک لە پێش نەتەوەکانی دراوسێی خۆیان بەرەو کۆمەڵێکی باوەڕمەند بە دیموکراسی هەنگاو دەنێن؛ ئەو بوارانەی کە هێشتا نموونەکانیان لەنێو گەلانی دراوسێدا نادۆزرێتەوە. هەر ئێستاش چ لە تاران و ئەنقەرە و چە لە بەغدا و دیمەشق یان ناوەندەکانی دیکەی دراوسێی کوردستان، ئەو ژیانی ئاشتیخوازانەیەی نێوان ئایین و بیروباوەڕەکان کە لە شارەکان و ناوچەکانی کوردستان و لەناو خەڵکی کورد، وەک ئاڵایەکی بەرز و ڕەنگاوڕەنگ دەشەکێتەوە، نە دەبینرێت و نە بوونیان هەیە.
کۆتایی بابەتەکە
لە کوردستان و لە ناو گەلی کورددا، شانبەشانی ئایینە ئۆرتۆدۆکسەکان (زەردەشتی، ئیسلام، مەسیحی، جولەکە)، ئایین، مەزهەب و بیروباوەڕی هێترۆدۆکسی بێژمار و هەمەچەشن سەریان هەڵداوە. ئەمەش کوردستانی کردووە بە مۆزایکێکی ڕەنگاوڕەنگ لە بیروباوەڕ و ئایین و ئایدۆلۆژیی جیاواز؛ مۆزایکێک کە لەنێو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هیچ هاوتایەکی نییە. بنچینەی مێژوویی ژیانی ئاشتیخوازانەی ئایین و بیروباوەڕی جۆراوجۆر و بێژمار لە کوردستان، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ڕۆشنبیران و هزری کۆمەڵی کوردی هەبووە. جیاوازیی ئایینی و مەزهەبی بەدرێژایی مێژوو لە کوردستان و لەنێو گەلی کورد نەبووەتە بەربەست بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە و بە بەراورد لەگەڵ گەلانی دراوسێی کورد، کوردستان بەهەشتی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایین، مەزهەب، بیروباوەڕ و بیرۆکەی جیاواز و هەمەچەشن بووە. نموونەی ئاشتیخوازانەی ئایینە جیاوازەکان کە شانبەشانی یەکتر لە کوردستاندا دەژین، لە هیچ شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وێنەیان نییە و، تەنیا لە وڵاتانی ڕۆژئاوای مۆدێرنی ئەم سەدەیە دەدۆزرێتەوە. ئەم بنچینە مێژووییە لە کولتووری بەهێزی کورد ئاو دەخواتەوە و، ڕێگەی پێشکەوتنی زیاتری ڕۆشنبیریی کوردی و زەمینەی بیرکردنەوەی مۆدێرنی داهاتوو بۆ وڵات و گەلی کورد خۆش دەکات.
سەرچاوەکان
وان برویین سن، مارتین (تابستان - پاییز1385ش)، کُردها و اسلام، ترجمه هوشیار ویسی، مریوان، فصلنامه فرهنگی، ادبی، اجتماعی زریبار، دوره جدید(9-8)، سال دهم، شماره 62-61، صص71-53.
سعيد احمد، سامي (1971م) الايزديه، احوالهم و معتقداتهم، بغداد، مطبعه الجامعه.
العزاوي، عباس (1935م)، تأريخ الايزديه و أصل عقيدتهم، بغداد، الطبعه الاولي، مطبعه بغداد.
تاڵهبانی، موکهرهم (2001ز)، شیخ ڕهزای تاڵهبانی «ژیانی، پهروهردهی، بیروباوهڕی و شیعری»، هەولێر، چاپی یهکهم، چاپخانهی وهزارهتی پهروهرده.
کرین بروک، فلیپ (آذر- اسفند1382ش)، سه نحله یزیدی، اهلحق و علوی در کردستان، ترجمه مصطفی دهقان، نشریه معارف، شماره3، دوره بیستم، صص74-54 .
Nebez jamal (2004), The Kurds, History and Culture, translator Hanne kuchler, Kurdish community House in Berlin, Germany, WKA publication, London.
Ilhan, kizilhan(1997), Die yeziden, verlag medico interntional, frankfurt/m.
Bruinessen,m,van (1998), "On the Study of Some Heterodox Sects in Kurdistan",Blau(eds),Islam des Kurds, INALCO-ERISM, Paris, pp:163-184.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved