16/02/2026
کاریگەریی ڕەوتە ڕۆشنبیرییەکانی کوردستان "وەک نموونە، گرووپی ڕەهەند"

فەرھاد ئەمین‌پوور

(نووسەر و توێژەر)

 

ڕۆشنبیر کێیە؟ ئایا پێویستە ڕۆشنبیر بەرانبەر بە دەسەڵاتی سیاسی سەربەخۆ بێ؟ پێوەندیی ڕۆشنبیر لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی، ئابووری و ئایینی چۆن پێناسە دەکرێت؟ ئایا ڕۆشنبیر نوێنەری ویژدانی جڤاکە یان ئەم وتەیە تەنھا خواستێکی نوخبەگەرانەیە؟ پێگەی ڕۆشنبیر لە سەردەمی زانیاری و ژیری دەستکرددا چی بەسەر دێ؟ ئایا ئەم دیاردانە دەوری ڕۆشنبیر کەم دەکەنەوە؟

ئەو ھۆکارە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییانە کامانەن کە ڕەوتە رۆشنیرییەکان پێکدەھێنن؟ چۆن دەتوانین ڕەوتە ڕۆشنبیرییە ڕاستەقینەکان لە شێوەڕۆشنبیرییەکان یان ئامرازەکانی دەسەڵات جیا بکەینەوە؟ ئایا گوتارە ڕۆشنبیرییەکان لە دنیای ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا فۆنکسیۆن و کاردانەوەی جیاوازیان ھەیە یان خاوەنی سروشتێکی ھاوبەشن؟ ئایا ڕەوتە ڕۆشنبیرییەکان دەتوانن خۆیان لە مەترسیی ئایدیۆلۆژیکبوون بپارێزن و پێواژۆی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان ڕێبەری بکەن؟ دەوری ڕەوتە ڕۆشنبیرییەکان لەبەرانبەر پۆپۆلیزمدا چییە، ئایا دەتوانن بەر بە سەرھەڵدان و گەشەی ئەم دیاردەیە بگرن؟ بۆچی لە ھەندێ کۆمەڵدا ڕۆشنبیران سەرکوت دەکرێن یان دوور دەخرێنەوە؟ ئایا ئەمە نیشانەی لاوازبوونی بونیادی کۆمەڵایەتییە یان کەمتەرخەمیی ڕۆشنبیرانە بەرانبەر بە پێداویستییەکانی خەڵک؟

لە دنیای ئاڵۆز و پڕ لە گێژاوی ئێستەدا، ڕۆشنبیران و ڕەوتە ڕۆشنبیرییەکان دەورێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەیان ھەیە لە بیچم‌دان بە بیری گشتی، گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگییەکان، ڕەخنە لە بونیادەکانی دەسەڵات و ھەروەھا پێشڤەچوونی وتووێژ بە مەبەستی بەرھەمھێنانی گوتاری نوێ. لە سەردەمی بەجیھانیبوون و ھەروەھا تەکنەلۆجیا نوێکانی پێوەندیی و گۆڕانکاریی بەپەلەی سیاسی و ئابووری، جڤاکەکان لەگەڵ ئاستەنگی قووڵدا ڕووبەڕوو بوونەتەوە کە تەنھا لەڕێگەی شیکاریی ڕەخنەیی، دیسان ‌خوێندنەوەی چەمکە نەریتییەکان و پێناسەی دووبارەی بایەخەکان دەتوانن بە شێوەیەکی بناغەدانەرانە ڕووبەڕوویان ببنەوە. لەم باروودۆخەدا، ڕۆشنبیران بە توانایی بیرکردنەوەی پەڕڕووکەشیانە و پێوەندی سازکردن لە نێوان بوارە جیاکانی زانیاری و ڕەخنەگرتن لە ڕەوتە زاڵەکان، وەک چرایەک لە دڵی تاریکیدا، ڕێگە بۆ تێگەیشتنی گشتی و لەدایکبوونی گوتارە ڕەخنەییەکان خۆش دەکەن.

 ڕۆشنبیر بە کەڵکوەرگرتن لە عەقڵ و شیکاری و ئەندێشە، دەپەرژێتە سەر ڕەخنە و دیسان ‌خوێندنەوی  بەستێنە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووری و فەلسەفییەکان. ئەو بەگشتی ھەوڵ دەدات بۆ بەدیھێنانی گۆڕانکاری لە بیری گشتی و چاکسازی لە بونیادە کۆمەڵایەتییەکاندا. گرنگیی ڕۆشنبیر تەنھا لە بەرھەمھێنانی زانیاریدا نییە، بەڵکوو لە بەرپرسیارێتی و پابەندبوونی کۆمەڵایەتیی ئەودایە. ڕۆشنبیری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە زانیارییەکانی بخاتە خزمەت دادپەروەری و ئازادی و کەرامەتی مرۆڤەوە. بەپێچەوانەی پسپۆڕە تاکڕەھەندەکانەوە کە تەنھا لە بازنەی زانیارییەکانی خۆیاندا چالاکی دەکەن، ڕۆشنبیران سنوورەکان تێدەپەڕێنن و بە دەنگێکی زوڵال و بەرز، بەرانبەر بە ستەمکاری و گەندەڵی و نادادپەروەری دەوەستنەوە.

ڕەوتە ڕۆشنبیرییەکانیش بە دروستکردن و رێکخستنی بەستێنی فیکری و گوتارمەند دەورێکی گرنگیان ھەیە لە داینامیزمی کولتووری و سیاسیدا. ئەم ڕەوتانە کە لە ھەناوی گۆڕانکارییە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانەوە سەرھەڵدەدەن، ھەڵگری ئەو بیرۆکە نوێیانەن کە جیا لەوەی چارەسەریان پێیە بۆ قۆناغە قەیراناوییەکانی ژیانی مرۆڤ، بەڵکوو دەتوانن ڕێگای نوێش بۆ دابینکردنی ژیانێکی بەختەوەرانەتر بدۆزنەوە. لەو کۆمەڵگانەدا کە دیکتاتۆری و سانسۆر و پەسیڤبوون (نەزۆکبوون) باڵی بەسەر ھەموو شتێکدا کێشاوە، ڕۆشنبیران وەک ئاوێنەیەک، ناحەزی و کەموکووڕییەکان دەنوێننەوە و ئەگەرەکانی وتووێژێکی ڕەسەن دابین دەکەن. دەتوانین کاریگەریی قووڵی ڕەوتە ڕۆشنبیرییەکان بەپێی ئەزموونە مێژووییەکان لەچەند تەوەرەدا دیاری بکەین: ١. دروستکردنی گۆڕانکاری لە هۆشیاریی گشتیدا: ڕۆشنبیران دەوری سەرکییان ھەیە لە دیسان پێناسەکردنەوەی بایەخ و نۆرمەکا‌ندا و ئاڵنگاری لە نەریت و باڵادەستیی فیکری و ھەروەھا تێگەیشتنی خەڵک لە واقیعە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. وەک نموونە، دەتوانین ئاماژە بە دەوری ڕۆشنبیران لەسەردەمی ڕۆشنگەری بکەین. ٢. ھاندانی بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵاتییەکان: زۆربەی ڕەوتە ڕۆشنبیرییەکان لە ھەناوی شۆڕش و ڕیفۆڕمە گەورەکاندا ئامادە بوون. وەک ئامادەبوونی ڕۆشنبیرانی مارکسی لە شۆڕشی ڕووسیا و چین، یان ڕۆشنبیرانی دژەکۆلۆنیالیزم لە وڵاتەکانی ئەفریقا و ئەمریکای لاتیندا. ٣. دەوری کاریگەر لە گەشەی فەرھەنگی و زانستیدا: ڕۆشنبیران پشکێکی گەورەیان ھەیە لە بەرھەمھێنان و فراوانکردنی زانستە مرۆییەکان و فەلسەفە و ھونەر و ئەدەبدا. ٤. ڕەخنە لە دەسەڵات و شەڕ لەگەڵ دیکتاتۆری. ٥. پێناسەکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و فەرھەنگی. 

لەدواییدا، ڕۆشنبیر و ڕەوتە ڕۆشنبیرییەکان وەک نەبزی ژیانی کۆمەڵن، ئەگەر ئەم نەبزە لە لێدان بکەوێ، کۆمەڵ دەکەوێتە گێژاوی چەقبەستوویی فیکری و پۆپۆلیزم و ژێرچەپۆکییەوە. بەم پێیە، سەربەخۆیی ڕۆشنبیر و بەھێز کردنی ڕێکخراوە فیکرییەکان و بەرینکردنەوەی کولتووری ڕەخنە و وتووێژ، پێداویستییەکی حاشاھەڵنەگرە بۆ ژیانی دیموکراسی و گەشەسەندنی کۆمەڵی ئینسانی.

 

ڕەوتە کاریگەرەکانی دنیای ڕۆشنبیری:

 ئەگەر یۆنانی کۆن و سەردەمی سەرھەڵدانی فەلسەفە لەبەرچاو نەگرین، بەگشتی دەتوانین ئەو ڕەوت و گوتارە ڕۆشنبیرییانەی دنیای مودێرن کە لەسەر ژیانی ھەموو مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی کاریگەریی قووڵیان داناوە و بەردەوام دایدەنێن، بەم شێوەیە دەستنیشان بکەین:

١.  ڕۆشنگەری: سەرچاوەکەی ئەوروپای سەدەی ١٨ و وڵاتگەلی فەرانسە و ئاڵمان و بریتانیا بوو و کەسانێکی وەک ڤۆلتێر، ڕۆسۆ، کانت و ھیۆم نوێنەرایەتییان دەکرد. ھەوڵی ئەم ڕەوتە بەسەنتەرکردنی عەقڵ، مرۆڤ، زانست و ئازادی بوو. ئەم ڕەوتە بوو ‌بە بناغەدانەری لیبراڵیزم، دیموکراسیی مودێرن و ھەروەھا شۆڕشەکانی فەرانسە و ئەمریکا، کە سەرجەم ئەمانە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤیان بردە قۆناغێکی تەواو جیاوازەوە.

 ٢.  لیبراڵیزم و نیۆلیبراڵیزم: لیبراڵەکان ڕۆشنبیریان بە پارێزەری بایەخەکانی عەقڵانییەت و ئازادیی ڕادەربڕین و مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەزانی و پێیان وابوو دەبێ وەک چاودێرێکی سەربەخۆ و دوور لە وابەستەیی سیاسی و ئابووری، ڕەخنە لە دەسەڵات بگرێ. جان ئێستوارت میل و کاڕل پۆپەر نموونەکانی ئەم ڕەوتەن. نیۆلیبراڵیزمیش لە دنیای ئینگلیزی زمانی وەک وڵاتگەلی ئەمریکا و بریتانیاوە سەری ھەڵدا و ھایک و فریدمەن لە دیارترین نوێنەرکانی بوون. ئەمانە زیاتر بانگەشەیان بۆ بازاڕی ئازاد، بەتایبەتیکردن، جیھانیبوون و کەمکردنەوەی دەوری حکوومەت لە ئابووریدا دەکرد، کە کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر سیاسەتە ئابوورییەکانی دوای ھەشتاکان دانا.

٣. مارکسیزم و سۆسیالیزم: ئاڵمان و ئەوروپای سەدەی ١٩ بەستێنی سەرھەڵدانی ئەم ڕەوتە بوو کە مارکس و ئەنگڵس و دواتر گرامشی و لۆکاچ و ئاڵتووسێر و... دیارترین نوێنەرانی بوون. لە ڕوانگەی گرامشی‌-یەوە ڕۆشنبیران دوو دەستەن: "نەریتی" و "ئۆرگانیک". ھەوڵی ڕۆشنبیرانی نەریتی، پاراستنی نەزمی ھەبووە (بەردەستە) و ڕۆشنبیرانی ئۆرگانیکیش پەیوەستن بە چینی کرێکار یان ئەو چینەی تازە سەری ھەڵداوە، بۆیە ھەوڵ دەدەن بونیادەکانی دەسەڵات و قۆرخکاری بگۆڕن. لەم ڕوانگەیەدا ڕۆشنبیران وەک بەشێک لە بونیادی چینایەتیی کۆمەڵ پێناسە دەکرێن. ئەم ڕەوتە بە لێکدانەوەی چینایەتیی دیاردەکان، تەرکیزیان کردە سەر ڕەخنە لە سەرمایەداری و دەوری ئایدیۆلۆژی و دەسەڵات و شەڕی چینایەتییان وەک تەنھا شەڕێک پێناسە دەکرد کە کۆتایی مێژوو دیاری دەکات. شۆڕشەکانی سەدەی بیستەم، وەک شۆڕشەکانی ڕووسیا، چین و کووبا و ھەروەھا کاریگەری لەسەر ڕامانە (تیۆرییە) فەرھەنگی و ئاکادیمیەکان لە دەرکەوتە کۆمەڵایەتی و فیکرییەکانی ئەم بەرەیە لە ڕۆشنبیران بوو. دواتر فرانکفۆرتییەکانی وەک ئادۆرنۆ، مارکوزە، ھابێرماس و... وێڕای ڕەخنە گرتن لە مارکسیزم، وتیان دەوری ڕۆشنبیر دەبێ ڕەخنەگرتنی ڕیشەیی بێت لە بونیادە فەرھەنگی و سیاسی و ئابوورییەکان و نابێ لەبەرانبەر کولتووری جەماوەری و سیستەمی سەرمایەداریدا تەسلیم و دەستەوەستان بێت. ڕەخنە لە کولتووری بەرخۆری، بەھێزکردنی بیری ڕەخنەیی و وشیارکردنەوەی جەماوەری لە کەڵکەڵەکانی ئەم بەرە لە ڕۆشنبیران بوو. 

٤.  پۆست‌مودێرنیزم و پۆست کۆلۆنیالیزم: ئەم ڕەوتە لە کۆتاییەکانی سەدەی ٢٠ و لە فەرانسە سەری ھەڵدا و لەلایەن بیرمەندانی وەک فۆکۆ، دریدا، بوودریار، لیۆتار، ئیدوارد سەعید، فانۆن، ھۆمی بابا و ئێسپیواکەوە نوێنەرایەتی دەکرا. ئەمانە لەسەر بابەتگەلی وەک ڕەخنە لە عەقڵی مودێرن، ڕێژەییگەری، زمان، دەسەڵات و زانیاری، ڕەخنە لە گێڕانەوە گەورەکان، بەرگری لە کەمینەکان و... کاریان کرد. لەم ڕوانگەوە، ئیتر ڕۆشنبیر "سەنتەری ڕاستی" یان "ڕزگاریدەر" نییە. ئەم بەرەیە بوونە ھۆی گۆڕانکاریی بەرچاو لە ڕەخنەی ئەدەبی، مێژوونووسی، کۆمەڵناسی، بیناسازی و فەلسەفەدا. 

٥.  فیمینیزم: ئەم ڕەوتە ڕۆشنبیرییەش لە ڕۆژئاوا و لە سەدەی نۆزدەھەمەوە دەستی پێکرد و دیارترین کەسەکانیان سیمۆن دوبۆوار، جۆدیت باتلێر، بێتی فریدێن و گلۆریا ئێستاینم بوون. دادپەروەریی ڕەگەزی، ڕەخنە لە بونیادە پیاوسالارەکان، لەش و سیاسەتە ڕەگەزییەکان ئەو بابەتانە بوون کە کاریان لەسەر دەکرد. ئەم ڕەوتەش لە گۆڕینی یاساکانی بنەماڵە، کار، سیاسەت، پەروەردە و ھەروەھا گوتارە فەرھەنگییەکاندا کاریگەریی زۆریان بوو. 

٦.  کونسێرواتیزم: سەرچاوی ئەم ڕەوتەش ڕۆژئاوا بەتایبەت وڵاتی ئەمریکا بوو. بنەمای فیکری ئەم ڕەوتە لە بەرگری لە نەریت، ئایین، بنەماڵە، ڕەخنە لە ڕێژەییگەری و پۆست‌مودێرنیزمدا خۆی دەبینێتەوە و ڕاجێر ئێسکرۆتێن، تۆماس سوول و تاڕادەیەک فرانسیس فۆکۆیاما کەسە دیارەکانین. ئەم ڕەوتەش لە سەر سیاسەتی فەرھەنگی و میدیایی و پەروەردە کاریگەرییان بوو. 

٧. ڕۆشنبیریی ئایینی: سەرچاوەی سەرھەڵدانی ئەم ڕەوتە زیاتر وڵاتە ئیسلامییەکانی وەک میسر، پاکستان و ئێران بوو و بە کەسانێکی وەک لاھووری، شەریعەتی، ئارکۆن، سرووش و تەھا عەبدولڕەحمان دەناسرێتەوە. ھەوڵی ئەم بەرەیە، ڕزگارکردنی ناسنامەی فەرھەنگی و ئایینی لە ئەندێشەی ڕۆژئاوایی، دروستکردنی پێوەندی لەنێوان ئایین و عەقڵ و دادپەروەری، ڕەخنە لە نەریت و بونیادنانی مودێرنیتەیەکی خۆماڵی بوو کە تاڕادەیەک توانییان لەسەر ڕیفۆڕمی ئایینی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و وتووێژ لە نێو ئایینەکاندا کاریگەرییان ببێ. 

٨.  ژینگەگەرێتی: لێئۆپۆڵد، ئارنێ نیس و دیپ‌ئێکۆلۆژیستەکان لە نوێنەرانی ئەم ڕەوتەن. بنەما فیکرییەکانیان پارێزگاری لە سروشت، دادپەروەری لە بەستێنی ژینگە و ڕەخنەیە لە زۆربەی ڕەهەندەکانی گەشەسەندن. ئەمانەش توانیویانە لەسەر سیستەمە ئیقلیمییەکان، مافی ئاژەڵان و گەشەی جێگیر کاریگەرییان ببێت. 

٩.  سایبێر ڕۆشنبیری: ئەم ڕەوتە بەرھەمی سەدەی ٢١ و سەردەمی دیجیتاڵ و ئینتەرنەتە کە زیاتر لەلایەن کەسانێک وەک جۆردەن پیتەرسۆن، یوڤال نووح حەراری و زۆبۆفەوە نوێنەرایەتی دەکرێ. ئەم بەرەیە ھەوڵ دەدەن مرۆڤ لە خەسارەکانی تەکنەلۆجیا، دەسەڵاتی دەیتاکان و کاریگەریی ژیری دەستکرد لەسەر ناسنامە و کۆمەڵ ئاگادار بکەنەوە. ئەم بەرەیە توانیویەتی لە فەزای ئەلیکترۆنیدا گوتارگەلی نوێ بەرھەم بھێنێ و بەبێ نێوەندگیریی زانکۆ، لەسەر بیری گشتی کاریگەریی بەربڵاوی ببێ.

بێ گومان ھەرکام لەم ڕەوت و گوتارە ڕۆشنبیرییانە، کاریگەریی قووڵیان لەسەر ڕەوتی کۆمەڵایەتی، سیاسی، فەرھەنگی و ئابووریی جڤاکە جیاوازەکان جێ ھێشتووە. ئەگەرچی چەقی سەرەکی سەرھەڵدانی ئەم ڕەوتانە ڕۆژئاوا بووە، بەڵام کاریگەرییەکانیان تەنھا بە ڕۆژئاوا کورت نەبووەتەوە و ھەموو جیھانیان گرتۆتەوە. ھەموو گوتارە ڕۆشنبیرییەکان لە کۆمەڵە ڕۆژهەڵاتی و جیھان سێھەمییەکاندا، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەژێر کاریگەریی ئەم ڕەوت و گوتارانەدا بوون و بە گواستنەوەی دروست و نادروستی ئەم ئەندێشانە، ھەوڵیان ‌داوە واقیعەکانی کۆمەڵی خۆیان بخوێننەوە و باشتر و مرۆییتری بکەن. کۆمەڵی کوردستانیش سەرەڕای تایبەتمەندییە میژوویی و سیاسی و فەرھەنگییەکانی خۆی، لەم کاریگەرییە بێبەری نەبووە و بەشێک لە ڕۆشنبیرانی ھاوچەرخی کورد ھەوڵیان داوە لەڕێگەی خوێندنەوە و ناسینی بەرھەمەکانی ڕۆشنبیرانی ڕۆژائاوا و گوتارە ڕۆشنبیرییەکانەوە، سەرلەنوێ واقیعەکانی جڤاکی کوردی پێناسە بکەنەوە و ھۆکارەکانی دواکەوتوویی و کێشەکانی ئەم جڤاکە بناسن.

 

ڕۆشنبیریی کوردی و بازنەی ڕەهەند:

ئەگەرچی ئەزموونی ئێمە وەک کورد لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕۆژئاوادا، تاڕادەیەکی زۆر ئەزموونێکی کرچوکاڵە، بەڵام ھەوڵ بۆ دەستنیشانکردنی گوتار یان ڕەوتە ڕۆشنبیرییەکان لە کوردستان، بە ھۆی دۆخی مێژوویی و سیاسیی تایبەتیی کوردەوە واتە یەکپارچەنەبوونی خاکی کوردستان و ئەزموونە جیاوازەکانی ھەرکام لە پارچەکان، تاڕادەیەکی زۆر ئاڵۆز و دژوارە. ھەروەھا، ڕێکنەکەوتن لەسەر پێناسەی ڕۆشنبیر و گوتارە ڕۆشنبیرییەکانیش ئەم ئاڵۆزییە زیاتر دەکات. لە باشووری کوردستان بە ھۆکارگەلی وەک مێژووی سیاسیی ئاڵۆز، شەڕی کورد و حکوومەتەکان، شەڕی ناوخۆ و دەستێوەردانی ھێزە ئیقلیمی و جیھانییەکان، ڕۆشنبیری بەردەوام لەگەڵ کێشە و گرفتی وەک سانسۆر، خەسارەکانی شەڕ، دابڕانی فەرھەنگی، کۆچ و دروستبونی پێوەندیی ئاڵۆز لەگەڵ حزبە دەسەڵاتدارەکاندا ڕووبەڕوو بووەتەوە. بۆیە ئەم وتارە نایەوێ گوتارە ڕۆشنبیرییەکانی کوردستان بەگشتی یان باشووری کوردستان بەتایبەتی دیاری بکات، بەڵکوو تەنھا دەیەوێت بپەرژێتە سەر ڕەوتێک کە سەرەڕای ئەوەی ڕووبەڕووی توندترین ھێرشەکان بووەتەوە، بەڵام لانیکەم ناکۆکی و کێشەیەکی بەرچاو لەسەر "ڕەوتبوون" و "ڕۆشنبیربوون" و ھەروەھا لەسەر میراتی نووسراو و کاریگەرییەکانی لە ئارادا نییە، ئەگەرچی ئەم کاریگەرییانە لە ڕوانگەی جیاوازەوە دەتوانن ئەرێیی (پۆزەتیڤ) یان نەرێیی (نیگەتیڤی)ش بن. میرات و کاریگەریی ئەو ڕەوت یان گوتارەی کە لە دەیەی کۆتایی سەدەی بیستەم لە باشووری کوردستان و لەژێر ناوی "ڕەهەند"دا سەری ھەڵدا بە ڕادەیەکە، کە دەتوانین بە بێ کەوتنە نێو پێناسەگەلی فرەڕەنگ و تەنانەت ھەڤدژ لەسەر ڕۆشنبیر و ڕەوتی ڕۆشنبیری، وەکوو ڕەوتێکی ڕۆشنبیری سەیری بکەین کە ھەڵدەگرێ لەسەر بەستێنی مێژوویی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرھەنگیی سەرھەڵدانەکەی و ھەروەھا میرات و کاریگەرییەکانی لەسەر بەشە فیکرییە جیاوازەکانی کوردستان، خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی جیدی و زانستی بنووسرێ. وەلید عومەر گوتەنی: "ڕەھەند یەکسان نییە بە تاکەتاکەی بەشداربووان و ھەڵگرانی ئەم ناوە، بەڵکوو کەمێک لەوە زیاتر یان بگرە کەمتریشە. ناوێکە، بەبێ ئەوەی وردەکارییە حەرفییەکانی ناوەڕۆکەکەی تێبگەین، ھەیە و لە ئارەزووی ڕۆشنبیریمان ئاڵاوە." لێرەدا پێویستە ئاماژە بکەم کە مەبەست لە کوردستان و ڕۆشنبیریی کوردی لەم وتارەدا زیاتر باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، چون بەگشتی ئاگاداری ڕەنگدانەوە و کاریگەریی بەرھەمە فیکرییەکانی گرووپی ڕەهەند لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان نیم.

گۆڤار و دواتر گرووپی "ڕەھەند" دەرئەنجامی یەکگرتنی دوو گۆڤار و ھەندێک کەسایەتی بوون کە پێشتر بەجیا کاریان دەکرد. لە سەرەتای ڕاپەڕیندا، گۆڤاری "ئازادی" بڵاو دەکرایەوە کە فاروق ڕەفیق، بەختیار عەلی، مەریوان وریا قانع، ڕێبوار سێوەیلی و لاوک ساڵح دەستەی نووسەرانی بوون. گۆڤاری ئازادی پێنج ژمارەی لێ دەرچوو، بەڵام دواتر بە ھۆی کۆچی زوربەی نووسەرەکانی بۆ دەرەوەی کوردستان چاپ نەکرا. لە دەرەوی کوردستانیش، گۆڤاری "یەکگرتن" لەلایەن ھەڵکەوت عەبدوڵڵا و چەند کەسێکی ترەوە بڵاو دەکرایەوە کە دوای دانێشتنێک لەنێوان دەستەی نووسەرانی ھەردوو گۆڤارەکە، بڕیار درا لە گۆڤارێکی نوێدا کۆ بکرێنەوە کە ناوی "ڕەھەند"ی لەسەر دانرا. بەم پێیە، یەکەم ژمارەی ئەم گۆڤارە لە ساڵی ١٩٩٦ و بە ناواخنی "شەڕی ناوخۆی کوردستانی باشوور" بڵاوکرایەوە کە دەستەی نووسەرانی بریتی ‌بوون لە: فاڕوق ڕەفیق، ئاراس فەتاح، بەختیار عەلی، بەرزان فەرەج، ڕێبوار سیوەیلی، ڕێبین ھەردی، مەریوان وریا قانع و ھەڵکەوت عەبدوڵڵا. دەستەی نووسەرانی ڕەهەند لە ژمارەکانی داھاتوودا ھەندێک گۆڕانکاری بەسەردا ھات، بەڵام دیارترین کەسەکانی نێو ئەم بازنەیە کە ئێستەش ڕەهەند زیاتر بەوانەوە دەناسرێتەوە، بریتی ‌بوون لە: فاڕوق ڕەفیق، مەریوان وریا قانع، ئاراس فەتاح، بەختیار عەلی، ڕێبین ھەردی. ئەم گۆڤارە تا ساڵی ٢٠٠٤ و لە خولی یەکەمی خۆیدا ١٧ ژمارەی لە ١٣ بەرگدا لێ بڵاو کرایەوە. ساڵی ٢٠١٠ و لە خولی دووھەمیشدا، ٣ ژمارەی تری لەژێر ناوی "ڕەهەند لە وەرزێکی نوێدا" بڵاو کرایەوە و بۆ ھەمیشە داخرا. 

لە ھەڵوێستەی یەکەم ژمارەی خولی یەکەمدا ھاتووە: "ڕەھەند گەرەکێتی لەسەر بنەمای کاری پێکەوەیی، پێکھاتەیەکی نوێ دروست بکات، پێکھاتەیەک کە ھەمەڕەنگی و جیاوازی لەخۆ دەگرێت. لێرەشەوە یەکێک لە مەبەستەکانی، دروستکردنی ڕەوتێکی نەپساوە کە بڕوای نووسەران و خوێنەران بۆ خۆی بەدەست بھێنێت، تا لەسەر ئەو بنەمایە زەمینەیەک لە داھاتوودا بۆ دامەزراندنی نێوەندێکی ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوە بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی بڕەخسێنێت. ئەمەش بۆ خۆی ببێتە دەروازەیەک بۆ ناسینی جیھانی ڕۆشنبیری و خۆناساندنیش بەو جیھانە، ببێتە دەزگایەک بۆ ڕزگارکردنی بەرھەمگەلێکی چاپنەکراوی گەلێ زۆر لە فەوتاندن و لەیادچوون و ئاگادارکەرەوەیەکی چالاکی جیھانی ڕۆشنبیری لە دۆخی ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیریی کورددا، کە بۆخۆی ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسیی ھەموو پڕۆژەیەکی ڕۆشنبیرییە." 

بەپێی لێدوانی بەشێک لە نووسەرانی ڕەهەند، ئەم گۆڤارە ھەوڵی ئەدا بۆ، یەکەم: خوێندنەوە و ڕاڤەکردن و نرخاندنی مێژووی ڕۆشنبیریی کوردی و ھەوڵدان بۆ دەستنیشانکردنی گرفتە بونیادییە گەورەکانی. دووھەم: خوێندنەوەی واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دینیی کۆمەڵی کوردی بە شێوەیەکی گشتی و بەتایبەتیش خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەی ئەزموونی دەسەڵاتدارێتیی کوردیی دوای ڕاپەڕین. سێھەم: ناساندن و خوێندنەوە و وەرگێڕانی ئەو بەشانە لە فیکری ڕۆژئاوا کە ھاریکار بێت بۆ ناسینێکی باشتر و زانستیانەتری دونیای کورد.

مەریوان وریا قانع لە دیمانە لەگەڵ ماڵپەڕی ژنەفتن دەڵێ: "ڕەھەند بیرکردنەوە بوو لە دروستکردنی پرۆژەیەکی ڕۆشنبیریی ھەمەلایەن کە ھەوڵی گۆڕین و تازەکردنەوەیەکی بەرفراوانی ڕۆشنبیریی کوردی بدات و کاریگەریش لەسەر کایەکانی تری ناو کۆمەڵگای کوردستان بەجێ بھێڵێت. ئەمە خەونی گەورە و ئاشکرای زۆرێک لە ئێمە بوو لە ڕۆژی سێھەم و چوارەمی ڕاپەڕینەوە."

جیا لە دۆست و دوژمنەکانی ئەم ڕەوتە ڕۆشنبیرییە کە یان بە باڵایاندا دەیانخوێند یان ھێرشیان دەکردە سەر و تۆمەتباریان دەکردن بە "دزینی بەرھەمە فیکرییەکانی ڕۆژئاوا" و" نەزانینی زمانی کوردی" و "دژایەتی لەگەڵ شۆڕش و نەتەوە و ئایین" و "بێئاگایی لە واقیعی مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان" و "نوخبەگەریی رەھا"، بەگشتی دەتوانین کاریگەریی و ئاستەنگ و ھەڵەکانی ڕەوتی ڕۆشنبیری ڕەهەند دیاری بکەین:

 

کاریگەرییە ئەرێییەکانی (پۆزەتیڤەکانی) ڕەهەند 

١. فراوانکردنی پانتای ئاگایی ڕامانەیی (تیۆریک) و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە ڕۆشنبیریی کوردی بە جەختکردن لەسەر ڕامانە (تیۆری) و فەلسەفە. ڕەهەند توانی بە ناساندنی زۆرێک لە چەمک و بابەتە فەلسەفییەکانی ڕۆژئاوا و ھەروەھا پێناسەکردنەوەی چەمکگەلی وەک: سیاسەت، دەسەڵات، ناسیۆنالیزم، ڕۆشنبیر، زمان، مەعریفە، ناسنامە، نەریت و... کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر فەزای ڕۆشنبیریی کوردستان دابنێ و ڕوانینێکی نوێ بەرانبەر بەم بابەتانە بێنێتە ئاراوە کە تا ئەو کاتە لە بەستینی گشتیی فەزای فیکری و سیاسی کوردستاندا بێوێنە بوو.

٢.  ڕەهەندییەکان کە لەلایەکەوە لەڕێگەی کتێبە وەرگێڕدراوەکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر زمانەکانی فارسی و عەرەبی، لەگەڵ فیکر و ڕامانە (تیۆرییە) نوێیەکان‌ ئاشنا بووبوون و لەلایەکی دیکەوە بەعسیزم و کارەساتەکانی ئەنفال و ھەڵەبجە و ھەروەھا ڕاپەڕین و شەڕی ناخۆی کوردستان کاریگەریی قووڵی لەسەر دانابوون، ھەر زوو توانییان ئەم ڕامانەیلە (تیۆرییانە) بخەنە خزمەتی خوێندنەوەی واقیعە مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستانەوە و پەرە بدەن بە میکانیزمەکانی بەرھەمھێنانی فیکر لە پانتایی دیاریکراوی خۆیاندا.

٣.  ڕەهەند بەرھەمھێنانی زمانێکی نوێ بوو بۆ نووسینی ڕامانە (تیۆری) و فەلسەفە و دەستکارییەکی ڕادیکاڵی زمانی نووسین و بیرکردنەوەش بوو لە ھەناوی ڕۆشنبیریی کوردیدا. لەدوای ئەم ئەزموونەوە، زمانی نووسینی فیکر و فەلسەفە لە کوردستان ئاراستەی ڕاستەقینەی خۆی وەرگرت و بۆ ھەمیشە لە زمانی ئەدەب جیا کرایەوە.

٤.  ڕەهەند ماھییەتی پرسیارەکانی ڕۆشنبیری کوردیی گۆڕی، کە تا ئەو کاتە زۆر بونیادی نەبوون. بەختیار عەلێ دەڵێ: "چاومان لەسەر کۆمەڵێک بابەتی نوێ بوو کە پێشتر نووسەرانی کورد بەدەگمەن خۆیان لێ دابوو، وەک: مەعریفە چییە؟ دەسەڵات چییە؟ نەتەوە چییە؟ بونیادی ڕۆشنبیریی کوردی چۆن ئیش دەکات؟ بەعسیزم چییە؟ ناسیونالیزمی کوردی بۆ کار ناکات؟ بۆ بونیادی سیاسەت بەگشتی بونیادێکی دینییە؟ پەیوەندیی ئێمە و جیھانی دەرەوە دەبێت چۆن بێت؟ پەیوەندیی ئێمە و کولتووری خۆرئاوا دەبێت چۆن بێت؟" 

٥.  ڕەهەند توانیی نەریتێکی ڕەخنەیی بوێر دابمەزرێنێت و بە ڕێڤاژۆی (میتۆدی) خۆی زۆربەی بونیادە مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگییەکانی کورد بخاتە بەر لێپرسینەوە و دووبارە خوێندنەوەوە. ئەم ھەوڵە سەرەتاکانی پێناسەی ناسنامەیەکی نوێ بوو کە ھاوکات دەیویست دوور بکەوێتەوە لە پیرۆزی و حەماسەت و کولتووری چەوساوەیی. 

٦.  بەرتەسککردنەوەی قۆرخکاریی فیکری و سیاسی لە دەرکەوتەکانی تری ئەم ڕەوتە بوو. ڕەهەند توانیی وەک ھێزێکی فیکریی سەربەخۆ، فەزای داسەپاو بەسەر بیری گشتیدا بشکێنێ و فراوانتری بکات. لەژێر کاریگەریی ھەوڵەکانی ڕەهەنددا بوو کە وردە وردە فەزا بۆ کاری سیاسی لە دەرەوەی ئیرادەی دوو حزبە سەرەکییەکەی باشووری کوردستان کرایەوە. مەریوان وریا قانع دەڵێ: "پێم وایە ئەو بۆچوونەی کە پێی وایە ڕەھەند ڕۆڵی لە دروستبوونی ڕۆژنامەگەریی ئەھلی و گەورەبوونی سنووری ناڕەزایەتی و دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆندا ھەبووە شتێکی لە ڕاستی تێدایە، بێ گومان نەک بە مانای دروستکردن، بەڵکوو بە مانای ھێنانەکایەی کۆمەڵێک تێزی فیکری و دۆخێکی ڕۆشنبیری و فەزایەکی ڕەمزی کە دروستبوونی ئەو شتانە لە ناویدا ئاسانتر و خێراتر بێت."

 بەسەر ھەموو ئەم کاریگەرییانەدا، ئاستەنگەکانیش کەم نەبوون کە بەگشتی دەتوانین ئاماژە بەم خاڵانە بکەین:

١.  لاوازبوونی باری دارایی، کۆچکردنی بەشێک لە ئەندامانی گۆڤارەکە بۆ دەرەوەی وڵات و نەبوونی ڕێکخراوەیەکی کارا و سەرچاوەیەکی مرۆیی بەھێز کە نەیھێشت بونیادێکی بەربڵاو و یەکگرتوو دروست بێت کە کاریگەرییەکانی ئەم گۆڤارە فراوانتر و ھەمیشەیی بکات. ٢. ڕەهەندییەکان ھەر زوو کەوتنە بەر ھێرش و پەلاماری توندی نەریتپارێزەکانی وەک لایەنگرانی ئایین و مارکسییە کۆنەکان و نوێنەرانی کوردایەتیی خێڵەکی و ھەروەھا ئەو سیاسییانەی بە بیانووی دژایەتیی ڕەهەند لەگەڵ ئەزموونی نوێی حوکمڕانی کوردیدا، پارێزگارییان لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکرد. بەم بۆنەوە بەشێکی بەرچاو لە توانایی نووسەرەکان بە بۆنەی بەرپەرچدانەوەی ئەم ڕەخنانەوە بە فیڕۆ دەچوو و نموونەیەکی ناحەزیشی لە ڕەخنە و دیالۆگ بەرجەستە دەکردەوە و بێمتمانەیی بەرانبەر بە ڕۆشنبیر دروست دەکرد. ٣. کێشە و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ھەندێک لە ئەندامانی گۆڤارەکە کە تا دەڕۆیشت زیاتر دەبوو و لە دوای ڕەهەندەوە چووە قۆناغی ھێرشکردنی ڕاستەوخۆ بۆ سەر یەکتر.

 

ھەڵەی ئەپیستمۆلۆژی

ڕەنگە خوێنەر دوای خوێندنەوەی ئەم ناونیشانە، بگەڕێتەوە بۆ باسەکانی سەرەوە و بڵێ: ئەم ھەموو کاریگەرییە ڕەهەند لەسەر سیاسەت و ڕۆشنبیریی کوردستان داینا، چۆن لە ئەنجامدا بە ھەڵەی ئەپیستمۆلۆژی شکایەوە و ئەمە کوجا مەرحەبا؟! بەڵام ئەم دوو باسە تاڕادەیەکی زۆر لەیەک جیاوازن. من لەسەر ئەو بڕوایەم کە ڕەهەند توانیی بونیادی ڕۆشنبیریی ئێمە تێکبدات و سەرلەنوێ و بەشێوەیەکی جیاواز دایبڕێژێتەوە، بەڵام ئەوەی مەبەستی منە ئەو ناوەڕۆکەیە کە ڕەهەندییەکان ئەم فۆڕمە تازە لە ڕۆشنبیریی کوردییان پێی پڕکردەوە. ئەگەرچی ئەم ناوەڕۆکە دەوڵەمەند و نوێ بوو، بەڵام ھاوکات ھەندێ چەمک و ڕامانەی (تیۆریی) فیکری و فەلسەفیی دەگرتە خۆی کە بەشێکی زۆریان لە بنەڕەتدا ھەڤدژ و ناتەبا بوون. واتە، ئەگەرچی قورسایی ئەو تێز و ڕامانەگەلەی (تیۆریگەلەی) ڕەهەندییەکان کاریان پێدەکرد لە چەپی نوێ و تاڕادەیەک پۆست‌مودێرنیزمدا خۆی دەبینییەوە، بەڵام ھەندێک چەمک و تێز و ڕامانەی (تیۆریی) تریشی لە ڕەوتەکانی وەک ڕۆشنگەری و لیبراڵیزم تێئاخنرابوو کە بمانەوێ یان نا، لە ئەنجامدا و لە کاتی خوێندنەوەی دیاردە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای کۆردستاندا ھەڵەی ئەپیستمۆلۆژیی (مەعریفەناسانە) لێ دەکەوتەوە. 

بۆ نموونە، ئەگەر کەسێک بە ئاگادارییەوە لە ئەندێشەکانی چەپ بۆ ڕەخنە لە بونیادەکانی دەسەڵات و سەرمایەداریی رانتییەر و ستەمکاری کەڵک وەربگرێ و چاوەڕێی ئەوە نەکات کە لە ئەنجامی ئەم رەخنانەدا دۆخێکی دیموکراسیانە سەرھەڵبدات، تووشی ھەڵەی ئەپیستمۆلۆژی نەبووە و تەنھا بۆ ڕەخنە بەکاری ھێناون، بەڵام لەئەگەری بەکارھێنانی ناتەبا و ئیلتیقاتی چەمکگەلێک کە سەر بە ڕامانە (تیۆری) و ڕەوتی فەلسەفیی جیاوازن و دەرکەوتە سیاسی و فەرھەنگی و ئابوورییەکانیان حیکایەت لە دنیای جیاواز و دژبەیەک بکەن، دەتوانین بڵێین تووشی ھەڵەی ئەپیستمۆلۆژی بووە، بەتایبەت ئەگەر بییەوێ لەڕێگەی ئەم ڕەخنە و خوێندنەوانەوە دۆخێکی دیموکراتیک و ئازاد بەرھەمبھێنێت. ڕەنگە لەم سەردەمەدا، لایەنگرانی فەلسەفەی دوورگەیی و لە ناویشیاندا چەپە نوێیەکان (بە ھەموو لق و پۆپەکانیانەوە) بڵێن ئەم جیاکارییە لە فەلسەفەی شیکارییەوە وەرگیراوە و ئێمە بڕوامان پێی نییە. بەڵام ئەگەر نەزانین ئەم چەمک و تێز و ئەندێشانە خۆیان لە چ زەمینەیەکی مێژووییدا بەرھەم ھاتوون و پێشگریمانەکانیان کامانەن و بەرھەمی ھەر کامیان بووە بە چ دنیایەک بۆ ژیان، چۆن دەتوانین بەکاریان بھێنین؟ بۆ نموونە، چەپی کلاسیک، دیموکراسیی لیبراڵ بە سەرپۆشێک بۆ سوڵتەی چینایەتی دەزانێ. یان چەپی نوێ و پۆست‌مودێرنیزم زۆرتر ڕەخنە لە بونیادەکان، گوتارەکان، دەسەڵات و سوڵتە دەگرن. تا ئێرە کێشە نییە، ئەگەرچی خۆیان لەسەر سفرەی ئازادی و دیموکراسیی ئەوروپا و ئەمریکاش گەوەرە بووبێتن، بەڵام ڕەخنە لە ھەڵە و لاوازییەکانی ئەو سیستەمە فیکری و سیاسییە دەگرن کە لەسەر ئەرزی واقیع بوونی ھەیە و ئەوانیشی لە ھەناوی خۆیدا پەروەردە کردووە. بەڵام ڕەهەندییەکان ڕەخنەیان لە چی دەگرت و ئامرازە فیکری و فەلسەفییەکانیان بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دەزگا ڕەخنەییە چی بوو؟

بەختیار عەلی دەڵێ: "کاتێک سەرەتا دەستمان پێ کرد، قۆناغی دوای ڕاپەڕین بوو، سەردەمی شەڕی ناوخۆ بوو، پاشەکشەی چەپ و دەرکەوتنی ھەرچی زیاتری ڕوخساری دزێوی ناسیۆنالیزمی کوردی بوو. لەو ساتەدا پێویستیمان بە پەیوەندییەکی نوێ ھەبوو لەنێوان سیاسەت و ڕۆشنبیریدا."  ئەم وتەی بەختیار عەلی ڕاستە، بەڵام بەداخەوە ئەم پێوەندییە نوێیە ھیچ دروست نەبوو، بەڵکوو دابڕانێکی تریش ڕووی دا. واتە، ڕەهەند ھاوکات لەگەڵ ڕەخنەی بنەمایی لە دوو گوتاری سەرەکی و ئایدیۆلۆژیکی ناو ڕۆشنبیری و سیاسەتی کورد کە "مارکسیزمی کلاسیک" و "ناسیۆنالیزمی خێڵەکی" بوون، ھەندێ چەمک و ڕامانەی (تیۆریی) فەلسەفەی لیبراڵی لەگەڵ خۆی ھەڵگرت و بازێکی گەورەی دا و ڕاست پەڕییەوە گۆڕەپانی چەپی نوێ و پۆستمودێرنیزمەوە. لە کاتێکدا دوای ڕاپەڕین و ھاوکات لەگەڵ لاوازبوونی ئەو دوو گوتارە، بۆشاییەک لە ھەناوی ئەندێشە و سیاسەتی کوردستاندا دروست بووبوو کە دەبووا بە نەریتی فەلسەفی و سیاسیی لیبراڵیزم پڕ بکرایەتەوە تا زەمینەی کولتووری بۆ بناغەدانانی چەشنێک دیموکراسی خۆش بکردایە. کاتێک ھێچ نەریت و ئەزموونێکمان لە ئازادیی تاک، ئازادیی رادەربڕین، سەروەریی یاسا، ھەڵبژاردنی ئازاد، حیزبی ئازاد و ڕۆژنامەگەریی ئازاد نییە، دژوارە بتوانین بە چەمک و ڕامانەی (تیۆری) ئیلتیقاتی و ناتەبا، چاوڕێی سەرھەڵدان و گەشەی دیموکراسی بکەین. لە کاتێکدا دەزانین زۆربەی چەمک و ڕامانەگەلی (تیۆرییەکانی) چەپی نوێ و پۆست‌مودێرنیزم بۆ ڕەخنە لە مودێرنیتە و لیبراڵیزم و سەرمایەداری بەرھەم‌ ھاتوون. بۆ نموونە، چەپە نوێیەکانی وەک شانتاڵ موف، ڕانسییەر، ژیژەک و فۆکۆ خوێندنەوەیان بۆ ئازادی زۆر جیاوازە لە لیبراڵەکان. موف لەسەر ئەو بڕوایەیە کە سیاسەتی ڕاستەقینە واتە شەڕ و دژایەتی و، ناتوانین دایبەزێنین بۆ کێبڕکێیەکی عەقلانی لە چوارچێوەی یاسا و رێسا بێلایەنەکاندا، کە مەبەستی ھەمان دیموکراسیی لیبراڵە. 

ئەڵبەت لە بیرمان نەچێ کە ئاستی گیرۆدەبوونی نووسەرانی نێو ڕەهەند بە گوتارەکانی چەپی نوێ و پۆستمودێرنیزمەوە وەک یەک نەبوو. بۆ نموونە، فاڕوق ڕەفیق، کە پاشخانێکی تەواو فەلسەفیی ھەبوو، زیاتر لەوانی تر دەپەرژایە سەر ئەو چەمک و ڕامانەیلەی (تیۆرییانەی) کە ھەوڵیان وێناکردنی داھاتوویەک بوو کە لەوێدا کولتووری لیبراڵ باڵادەستە. ھەربۆیە، زووتر ڕێگەی خۆی جیا کردەوە و بە گوتارێکی تەواو جیاواز گەڕایەوە ناو پانتایی ڕۆشنبیریی کوردی. بۆ وێنە، فاڕوق ڕەفیق بەندی ھەشتەمی کتێبی "ستەمکاری"ی تایبەت کردووە بە بابەتێک لەژێر ناوی "پەروەردەی لیبراڵ و زانکۆ و ستەمکاری" و لە دوادێڕەکانی‌دا دەڵێ: "دروستکردنی ھاونیشتمانییەکی چاک کە لە بیری کێشەکانی کۆمەڵدا بێت، واتە دروستکردنی کاراکتەرێک کە مەحاڵە ستەمکاری قبووڵ بکا و بتوانێ لەژێر سایەی ستەمکاریدا بژی و، مەحاڵە ستەمکاری لەسەریەوە ھیچ شتێک بینا بکا. لێرەوە پەروەردەی لیبراڵ و زانکۆ ئەو ھۆکارەن کە لەڕێگایانەوە دەتوانین ئەو بازنەیە بشکێنین کە چەندین سەدەیە تێیدا قەتیس ماوین، کە بازنەی ستەمکارییە." 

بەڵام ھەموو ڕەهەندییەکان وەک یەک بیریان نەدەکردەوە. مەریوان وریا قانع دەڵێ: "بۆ یەکەمجار ھەندێک چەمکی میشێل فوکۆم بەکار ھێنا، بەتایبەتی چەمکی ئەبستیم [ئەسڵی وشەکە ئەپستیم-ە (episteme)- ژۆڕناڵی ئاوەز-] بۆ نیشاندانی ئەو دۆخی چەقبەستن و ناتیۆرییەی ڕۆشنبیریی ئێمە لە ناویدا جێگیرە. لەو زنجیرە نووسینەدا من بۆ کۆمەڵێک بۆچوونی گاستۆن باشلار و میشێل فوکۆ و ئالتۆسێر گەڕابوومەوە، ھێنانی ئەم ناوانەش بۆ ناو ڕۆشنبیریی ئێمە کارێکی نوێ بوو."

ئەمە لە کاتێکدایە کە لەو دۆخە ھەستیارەدا، ڕۆشنبیریی کورد بەرلەوەی پێویستی بە گرامشی و ئادۆرنۆ و فۆکۆ و بودریار و ئاڵتووسێر بووبێت، پێویستی بە جان لاک و مۆنتەسکیۆ، جان ئێستوارت میل و پووپەر و فۆن ھایک و جان ڕاڵز بووە، کە دەتوانین بڵێین زۆربەیان لە مەنزوومەی ڕۆشنبیریی نوێی ئێمەدا کە ڕەهەندییەکان دامەزرێنەری بوون، بزرن (غایبن). سەیر ئەوەیە تا ئێستەش زۆربەی ڕەھای ڕۆشنبیرانی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ئاکادیمی و نائاکادیمی) ھەر بە چەمک و ڕامانەکانی (تیۆرییەکانی) گوتاری چەپی نوێ و پۆستمۆدێرنیزم دەنووسن و بیردەکەنەوە، تەنانەت ئەوانەش کە ھاوکات خۆیان بە دیموکراسیخواز و شرۆڤەکاری ناسیۆنالیزم دەزانن. من پێم وایە ئەمە لە کاریگەرییە دیار و قووڵەکانی بازنەی ڕەهەند بوو لەسەر ڕۆشنبیریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ھێشتاش بەردەوامە. 

وەلید عومەر دەڵێ: "ڕەھەند گەر لەسەر فیکری پۆستمۆدێرنەش ھەڵوێستەی کردبێت، ئەوا ھەر دەبێتەوە بە بەشێک لە پرۆژەی مۆدێرنیزە. واتە بۆشاییەک ھەبووە، ھەر ئایدیا و پرۆژەیەکی خۆراوایی تێ بخرایە، ئۆتۆماتیکی لێرە ڕۆڵی پرۆژەیەکی بەمۆدێرنکردنی وەردەگرت.... تۆ ئەگەر باسی ھابەرماس و دێریداش بکەیت، ڕۆڵەکەی جیایە لەو ڕۆڵەی وا لە خۆراوا گێڕاویەتی. لێرە ئەم دوو دژە، ھەردووک دەبنەوە بە بەشێک لە مۆدێرنیزەکردنی ڕۆشنبیری". 

ئەم بۆچوونە تەنھا لە کاتێکدا دروستە کە ئاگاداری چۆنێتیی سەرھەڵدان و گەشەکردنی دەزگا فیکریی و ئایدیۆلوژییەکان و کاریگەریی چەمکەکانی ئەو دەزگایانە و لۆژیکی ئیشکردنیان نەبین. بۆ نموونە، چۆن دەکرێ بە چەمکی دەزگای فیکریی مارکسییەوە پاساو بۆ سەرمایەداری بھێنینەوە؟ چۆن دەتوانین بە کەڵکوەرگرتن لە چەمکەکانی ئایین، سیستەمی کۆمۆنیستی دابمەزرێنین؟ پۆستمودێرنەکان دەڵێن لیبراڵ‌ دیموکراسی دیاردەیەکی تەواو ڕۆژئاواییە و پەیوەندی بە زۆربەی کۆمەڵگاکانەوە نییە، بۆیە، بۆ نموونە، دەبێ تایبەتمەندیی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان لەبەرچاو بگرین و ڕێز بنێین لە ڕوانینیان بۆ سیاسەت و دەسەڵات. ئەمە لەو بنەما ترسناکانەی بیری پۆستمودێرنە کە سیستەمە ستەمکار و توتالیتەرەکان بە ئاگاییەوە وەریدەگرن و خۆیانی پێ بەرھەم دەھێننەوە. بۆیە، ئەم چەشنە ڕوانینانە لە ھەناوی خۆیاندا ھەڵگری دژوازییەکی سەیرن. لە کۆمەڵێکدا کە ھێشتا چەمکە بنەڕەتییەکانی وەک سەروەریی یاسا، ئازادیی تاک، جیابوونی دەسەڵاتەکان، مافی مرۆڤ و کۆمەڵی مەدەنی بە دامەزراوەیی نەکراون، کەڵکوەرگرتنی ڕاستەوخۆ لەم دەزگا فیکری و فەلسەفییانە، لەجێگەی ئەوەی یارمەتیدەری بونیادمەندنانی ئازادی بێت، تاڕادەیەکی بەرچاو دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی ڕێژەییگەری و گومان لە حەقیقەت و داڕووخانی گوتارەکان.

بۆ ئۆپۆزیسیۆن لە باشووری کوردستان بەردەوام و لانیکەم لە ڕواڵەتدا داوای ھەڵبژاردنی ئازاد و سەروەریی یاسا و دەسەڵاتی دادگەری سەربەخۆ و... دەکات بەڵام بەکردەوە کاریگەری نییە و لە ھەڵبژاردندا ھەر حزبە سەرەکییەکان سەر دەکەون؟ چون لە کوردستان ئەو نەریتە فیکری و فەلسەفییە لە ئارادا نەبووە تا بتوانێ پاڵپشتیی ئەو دۆخە داواکراوە بکات. واتە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان ھیچ تێگەیشتن و بیرەوەرییەکی مێژووییان لەو نەریتە لیبراڵییە نییە و ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا داوای دەرکەوتەکانی دەکەن، بەڵام لە ئانجامدا نازانن بە ڕەچەڵەک چییە و میکانیزمەکانی دابینکردن و پاراستنی دەرکەوتە و دەستکەوتەکانی کامانەن. وتەیەکی بەختیار عەلی ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێ. ئەو دەڵێت: " پرسیارەکە ئەوەبوو: بۆ لەگەڵ ئەوەدا کە خەڵک ھۆشیارن، کایەی سیاسی شتێکی نوێ بەرھەم ناھێنێت؟ بۆ توندوتیژی بە جۆرێکی ترسناک پەرە دەستێنێت؟ بۆ پۆپۆلیزم ھەموو جێگایەکی گرتۆتەوە؟ بۆ جەنگی ھەمووان دژی ھەمووان تا بێت ڕوونتر دەبینرێت و دەردەکەوێت؟ بۆ فیکری دینیی توندڕەو و ناسیۆنالیزمی توندڕەو لە ھەموو جێگایەک پەرە دەستێنن؟"

کەموزۆر ھاوکات لەگەڵ دەرچوونی گۆڤاری ڕەهەند، گۆڤارێک لە ئێران دەردەچوو بە ناوی "ارغنون" ["ئەرغەنوون" ناوی کتێبی مەنتقی ئەرەستۆیە کە تێیدا زانستی مەنتقی بە ئەوپەڕی باڵایی خۆی گەیاند. -ژۆڕناڵی ئاوەز- ] کە ٢٧ ژمارەی لێ بڵاو کرایەوە. ئەم گۆڤارە ھەوڵی‌ دەدا لە ھەر ژمارەیەک و بە فایلێکی دیاریکراوەوە، دەقە سەرەکییەکانی ئەندێشە و فەلسەفەی ڕۆژئاوا وەرگێڕێتە سەر زمانی فارسی و بڵاویان بکاتەوە. ھاوکات نووسەرەکانی "ارغنون" ئەگەرچی بەکەمی، بەڵام بابەتیشیان لە گۆڤارەکەدا بڵاو دەکردەوە. زۆربەی ئەم نووسەرانە سەر بە ڕەوتی چەپی نوێ و پۆستمودێرنیزم بوون و ئەو دەق و فایلانەش کە بۆ بڵاوکردنەوە ھەڵیاندەبژارد، بەگشتی بەرھەمی فەیلەسوفان و بیرمەندانی ئەم گوتارانە بوون. ئەوان خۆشیان دانیان بەم ڕاستییەدا دەنا و کاریگەریی بەرچاویشیان لەسەر فەزای ڕۆشنبیریی ئێران دانا. ئەم بەرە لە ڕۆشنبیرانی ئێرانی، خۆیان لەبەرانبەر ئەو ڕەوتە فیکرییەدا پێناسە دەکرد کە ھەوڵیان گەشەدان بە ئەندێشە و سیاسەتی لیبراڵی بوو و ھاوکات گۆڤاری تریان بڵاو دەکردەوە. جیاوازییەکە لێرەدا ئەوەیە کە نووسەرانی گۆڤاری "ارغنون" پێگەی فیکری و فەلسەفی خۆیان دەناسی و دیارییان کردبوو و بەئاگادارییەوە ھەوڵیان دەدا بیری چەپی نوێ بڵاو بکەنەوە و ڕەخنە لە مۆدێرنیتە و دەرکەوتەکانی بگرن، تەنانەت لە لیبراڵیزم و دیموکراسیش. زۆربەی کارەکانی دەرەوەی گۆڤارەکەشیان ھەر بەو ئاراستەدا دەڕۆیشت. دیارترینی ئەم کەسانە "موراد فەرھادپوور" و "یووسف ئەبازەری" بوون کە بەشێک لە کتێب و نووسراوەکانیشیان کراوە بە کوردی. بەڵام ئەستەمە زۆربەی ڕەهەندییەکان (جگە لە فاڕوق ڕەفیق) لە سەرەتای کارەکەیانەوە ئاگاداری ئەم پێگە فەلسەفییەی خۆیان بووبێتن، یان ئێستەش دان بەم ڕاستییەدا بنێن. 

بەدڵنییاییەوە گوتاری ڕەهەند، بە باش یان خراپ،  مێژووی ڕۆشنبیریی ئێمەی دابەش کرد بە پێش خۆی و دوای خۆی. ھەروەھا، سێ کەسی سەرەکی و دیاری نێو بازنەی ڕەهەند واتە: فاروق ڕەفیق، مەریوان وریا قانع  و بەختیار عەلی، ئەگەرچی زەمینەی مێژوویی و ڕەچەڵەکی فیکریی جیاوازیان ھەبوو و لەدوای ڕەهەندەوە ھەر کامیان بە ئاراستەیەکدا ڕۆیشتن، بەڵام بێ گومان مەریوان وریا قانع و بەتایبەتی فاڕوق ڕەفیق، لە درێژەی کارەکانیاندا بەردەوام مەنھەجیتر بوون و ھەڤدژی و ناتەبایی بنەما فیکریی و فەلسەفییەکانیان کەمتر بووەوە و کاریگەریشیان فراوانتر بوو. بۆیە، ڕەهەند جیا لە کاریگەرییەکانی لەسەر چەند بەرە لە ڕۆشنبیران و سیاسییەکانی کوردستان، چەندین نووسەر و ڕۆشنبیری دیاری لێ کەوتەوە کە ھەرکامیان لە جێگەی خۆی، بەرھەمی فیکری و ئەدەبی گەورەی خستە ناو پانتایی ئەندێشە و ئەدەبی کوردستانەوە و فەرھەنگ و ڕۆشنبیریی کوردستان بۆ ھەمێشە قەرزداریانە.

لە کۆتاییدا، پێویستە بڵێم ئەم وتارە تەنھا خوێندنەوەیەکی کەسی و ئازاد و بەرتەسکە لەسەر یەکێک لە گرنگترین پرۆژە فیکری و ڕۆشنبیرییەکانی مێژووی ھاوچەرخی ئێمە کە زۆربەی بۆچوونەکانی دەتوانێ وانەبێ و زۆر کەسی تر بە ئاراستەی جیاوازتر بۆ ئەم بابەتە بڕوانن. بۆیە زەروورەتێکی حاشاھەڵنەگرە کە دەبێ پسپۆڕان و ئاکادیمیسییەنە کوردەکان بە کەڵکوەرگرتن لە ڕێڤاژۆی (میتۆدی) زانستی، بۆ تێگەیشتنی وردتر لە کارنامەی ڕۆشنبیرانی ڕەھەند، گوتاری مونەوەران و ڕۆشنبیرانی پێش ڕەهەند و تەنانەت کەسانی دابڕاو لە ڕەھەندیش بخوێننەوە، تا وێنەیەکی ڕوونترمان ببێ لە ڕابردوو و ئێستە و داھاتوومان.

 

سەرچاوەکان: 

١.  گۆڤاری ڕەهەند، ھەڵوێستەیەک، ژمارە ١، ساڵی ١٩٩٦.

٢.  ماڵپەڕی ژنەفتن، دەربارەی نێوەندی ڕەھەند و گۆڤاری ڕەھەند، دیمانە لەگەڵ بەختیار عەلی، ٩ی تشرینی یەکەم، ٢٠٢١.

٣.  ماڵپەڕی ژنەفتن، دەربارەی نێوەندی ڕەھەند و گۆڤاری ڕەھەند، دیمانە لەگەڵ مەریوان وریا قانع، ٦ی تشرینی یەکەم، ٢٠٢١.

٤.  ستەمکاری، مەملەکەتی ترس و لە مرۆڤخستنی مرۆڤ و ترۆرکردنی عەقڵ، فاروق ڕەفیق، لە بڵاوکراوەکانی خانەی حیکمەت بۆ لێکۆڵینەوەی فەلسەفی، ساڵی ٢٠٠٣.

٥.  وەلید عومەر، چۆن ڕەھەند بخوێنینەوە؟، ماڵپەڕی ژنەفتن، ١ی تشرینی دووەم، ساڵی ٢٠٢١.

٦.  عصر اطلاعات، جلد دوم، مانوئل کاستلز، ترجمۀ علیقلیان، خاکباز، ویراستار ارشد: علی پایا، انتشارات طرح نو، چاپ اول ١٣٨٠.

٧. فلسفۀ اروپایی در عصر نو، جنی تایشمن، گراھام وایت، ترجمۀ محمدسعید حنایی کاشانی، نشر مرکز، چاپ اول ١٣٩٧.

٨. متفکران چپ نو، راجر اسکروتن، ترجمۀ بابک واحدی، انتشارات مینوی خرد، چاپ اول ١٣٩٧.

٩ .  صورتبندیھای مدرنیتە، درآمدی بر فھم جامعۀ مدرن، جلدھای اول و دوم، ویراستار استیوارت ھال، گروە مترجمان، نشر آگە ١٣٩٤.

١٠.  درآمدی تاریخی بر نظریۀ اجتماعی، آلکس کالینیکوس، ترجمۀ اکبر معصوم بیگی، نشر آگە ١٣٨٣.

١١.  سنت روشنفکری در غرب، از لئوناردو تا ھگل، برونوفسکی و مازلیش، ترجمۀ لیلا سازگار، نشر آگە ١٣٧٩.

١٢. قرن روشنفکران، محمدتقی قزلسفلی، نشر ھرمس و مرکز بین المللی گفتگوی تمدنھا، ١٣٨٠.

١٣. نگاھی کوتاە بە تاریخچەی روشنفکری در ایران، شھریار زرشناس، جلد اول، نشر معارف ١٣٩٧.

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X