جەواد خەلیل
(نووسەر و توێژەر)
1
گەر بمانەوێت وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە: ئایا ڕۆشنبیر کێیە و چۆن بیناسینەوە؟ ئەوا ناچارین دەرگیر بین لەگەڵ ناکۆتا وەڵامی جۆراوجۆردا و بە ئەندازەی ڕاڤەکارانی خودی چەمکەکەش پێناسەی لێکجیای بۆ بدۆزینەوە. بەمەش لەوە دڵنیا دەبینەوە کە هەرگیز ناتوانین بۆ ناساندنی ڕۆشنبیر بە یەک پێناسە ئیکتیفا بکەین؛ لێ ئێمە دەتوانین لە خاڵێکدا بگیرسێینەوە کە زۆرێک لەو پێناسانە تێیدا هاوڕا و کۆکن، خاڵێک کە ڕۆشنبیر وەک کەسێکی بیرکەرەوە و لایەنگری ئازادیی بیروڕا و بەرهەمهێنی گوتاری ناتوندوتیژی و پێکەوەهەڵکردن دەبینێت و دەناسێنێت، وەک کەسێک کە بەشێکە لە کایەی بەرجەستەبوونی هۆشەکییانە و خەریکی بەرهەمهێنانی دونیابینیی نوێ و سەرلەنوێ ڕاڤەکردنەوە و هەڵسەنگاندنەوەی دۆخی کۆمەڵ و ئینسانەکانی نێوێتی.
لەم ڕوانگەیەشەوە، وتارەکەی ئێمە لە ڕۆشنبیر دەڕوانێت و باس لەو ئەرکە سەرەکییانە دەکات کە دەشێت ڕۆشنبیر ڕایانپەڕێنێت. تەوەری سەرەکیی ئەم وتارە ئاوڕدانەوەیەکی فیکرییە لە بایەخی هەبوونی هزری فرەیی و ئەو ئەرکەی دەکەوێتە ئەستۆی ڕۆشنبیر بۆ هێشتنەوە و برەودان بە ئازادیی بیروڕا و چەسپاندنی دۆخی فرەیی و لە پاڵ یەکدیدا ژیان و تۆخکردنەوەی هەمەچەشنەیی نێو فەزای گشتی؛ چۆن و بە چ ڕێگەیەک دەشێت ڕۆشنبیر بتوانێت دەستکاریی دونیابینی کۆمەڵ بکات و نەهێڵێت هیچ گوتارێک وەک تاکە مۆدێلی بیرکردنەوە و ژیان جێ بە گوتارەکانی دیکە چۆڵ بکات و هەوڵی مەحفکردنەوەیان بدات؛ پرسێکە لەم وتارەدا بەدوویدا دەچین و کار بۆ وروژاندنی دەکەین.
بێ گومان مێژووی ترس لە ئینسانی ڕۆشنبیر، مێژووییەکی کۆن و دوورودرێژە و لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەمین مرۆی بیرکەرەوە و پرسیارسازدا ئەم ترسەیش سەری هەڵداوە. مێژوو تەژییە لەو نموونانەی گەواهیدەری ئەم ڕق و ترسە زۆرەی دەسەڵات و کۆمەڵن لە ڕۆشنبیر؛ بۆ نموونە، کاتێک ژەنەڕاڵی ئەرجەنتینی، بیرۆن، دەبێتە دەسەڵاتدار و دەست دەکات بە ستەمکاری و چەوساندنەوە و سەرکوتکارییەکانی، "بۆرخێس"، کە یەکێک بوو لە دیارترین ڕۆشنبیرەکانی سەردەمەکەی خۆی، وەک کێوێک لە بەردەم خۆیدا دەبینێت و بە بەربەستی دەزانێت. بیرۆن لەوە دەترسێت ئەم ڕۆشنبیرە ناسراوەی ئەمریکای لاتین بەهۆی چیرۆکێکەوە یان شیعر و وتارێکییەوە دنەی خەڵکی بدات. ئەو دەشیزانی بۆرخێس بەهۆی پیشەکەیەوە، کە کارمەندی کتێبخانە بوو، کات و دەرفەتی باشی لە پێشە. بۆیە بڕیار دەدات بۆرخێس لە کارەکەی (کە فەرمانبەرێتی بوو لە کتێبخانەی گشتی) دەربکات و بیخاتە لێژنەی چاودێریکردنی بازاڕەوە، تاوەکوو سەرقاڵی بکات بە چاودێریکردنی بەردەوامی نرخ و فرتوفێڵەکانی نێو بازاڕ و دوکاندارەکانی بۆینس ئایرسەوه؛ بەم هەنگاوەش دووری بخاتەوە لە دونیا ڕۆشنبیرییەکەی خۆی و ڕەخنەگرتنە بەردەوامەکانی! ئەمە پێوەرێکی باشە بۆ هەستکردن بە ڕادەی ئەو ترسەی ئێمە ئاماژەی پێ دەکەین. هەڵبەتە ئەم ترسە مێژووییە هەروا لە خۆڕا نەهاتووە و هۆکاری زۆری هەن. لە پێش هەموویانەوە، بەئاگایی ڕۆشنبیر لە پێویستیی هەبوونی فرەیی بۆچوون و ئایدیا جیاوازەکان وەک پێدراوێکی سروشتی، کە وای لێکردووە لە هەر جێیەک بزانێت خەریکە ئازادییەکان بەرتەسک دەبنەوە و خەریکە بوار بۆ ڕاجیایی نامێنێتەوە، ڕۆڵی شێوێنەر و خوڵقێنەری پشێوی ببینێت و ئەو گۆمە مەنگە بشڵەقێنێت و ڕۆحی بەرەنگاری لەلای گروپگەلە بندەستەکانی نێو کۆمەڵگە بژێنێتەوە. لەڕاستیشدا، هەر ئەوەی کە ڕۆشنبیری داکۆکیکار لە فرەیی دژی چەقبەستووییە و دنەی گۆڕانکاری دەدات و دژ بە یەکڕەنگیی جڤاکە و هەمیشە وەک پارێزەری دەنگە کپکراوەکان سەیر دەکرێت، بەسە بۆ ئەوەی ئەم بوونەوەرە ببێتە کەسێکی بێزراو و مەترسیدار لە دیدی ئەوانی ترەوە. کۆمەڵ بۆیە ڕقی لە کەسانی ڕۆشنبیرە، چونکە ئەوان تاکەچینێکی جڤاکن ڕوانین و هۆشمەندییان لەگەڵ پرەنسیپە گشتییەکانی خەڵکدا دژە و زۆرجار ناتەبان بە هێڵە سەرەکییەکانی تەوژمی باو، چونکە زۆر لێبڕاوانە پشتگیری لە فرەیی دەکەن و دژی کپکردنی هەر دەنگێکن کە بیەوێت ئازادانە خۆی بەوانی دی بناسێنێت.
"ئیدوارد سەعید" یەکێکە لەو بیریارانەی زۆر بە قووڵی لە چییەتیی ڕۆشنبیر و ئەرک و گرفتەکانی دواوە و لەو ڕووەوە خاوەنی دیدێکی ڕەخنەگرانەی گرنگە. هەردوو کتێبی "وێنەی ڕۆشنبیر" و "ڕۆشنبیر و دەسەڵات" [١] تەژیین لە سەرنجگەلی ورد و بایەخدار. سەعید، کار لە سەر شیکردنەوەی دۆخی ڕووبەڕوونەوەی نێوان ڕۆشنبیر و دەسەڵات/ ڕۆشنبیر و کۆمەڵ دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرجار کۆمەڵ خواستێتی ڕۆشنبیر بهێنێتەوە نێو پرەنسیپەکانی خۆی و لەڕێی ملکەچ پێکردنییەوە لەو ترسەی بڕەوێتەوە، لە بەرانبەریشدا ڕۆشنبیر هەمیشە بەو ترسەوە دەژی کە لەژێر فشاری جڤاک و دەسەڵاتدا دەستبەرداری بەها باڵاکانی خۆی بێت.
لە هەردوو باردا، ململانێکە قووڵە و زۆرجاریش کۆمەڵ و دەسەڵاتە یەکڕەنگەکانی نێوی لەڕێی دامودەزگاکانی خۆیانەوە جێگرەوەیەکی ساختە بۆ ڕۆشنبیر دەدۆزنەوە و وای پیشان دەدەن ئەوانەی چوونەتە دەرەوەی پرەنسیپە گشتییەکان، کەسانی لادەرن و بۆچوونەکانیان هیچ ئیعتیبارێکی نییە و ڕۆشنبیر نین؛ لە بەرانبەریشدا جێگرەوە ساختەکان کراونەتە نوێنەری ڕاستەقینەی نێو دونیای ڕۆشنبیریی. بە بڕوای "ئیدوارد سەعید"، ئەرکی ڕۆشنبیر بەگژاچوونەوەی ئەو ترسە گشتییەیە کە وێنای ڕۆشنبیری شێواندووە؛ دەبێت ڕۆشنبیر بەرپرسیارێتیی مێژوویی و ئەخلاقییانەی خۆی لەدەست نەدا و لێبڕاوانە دژ بە تێڕوانین و دونیابینییە خۆسەپێنەکەی دەوروبەری بوەستێتەوە؛ ئەو دەبێت لە پاڵنەرەکانی ئەم ترسە دەستەجەمعییە تێبگا و بەوپەڕی ئاگاییەوە کاریان لە سەر بکات. وەزیفەی سەرەکیی ڕۆشنبیر دەبێت بریتی بێت لە لێدان لەو واقیعە باوەی کۆمەڵ بە سەر تاکەکانیدا سەپاندوویەتی و ئازادیی لێ سەندوونەتەوە و ناچاری کردوون پێکەوە وەک یەک یەکەی پێکەوە نووساو دەربکەون و لەسەر هێڵێک بڕۆن کە گوتاری باڵادەست بۆی کێشاون.
ڕۆشنبیری داکۆکیکار لە فرەیی ئەگەر هەق بە ناوەکەی خۆی بدات و ئەرکە مەعریفی و ئەخلاقییەکانی خۆی بە باشی جێبەجێ بکات و لە بەرپرسیارێتیی ڕانەکات، بێ هیچ گومانێک دەبێتە کەسێکی بەدەربەست و مەترسیدار بۆ سەر ئەو دیدگا و ئاراستە و گوتارانەی دەخوازن ببنە تاکە مۆدێلی بیرکردنەوەی گشتییانەی کۆمەڵ و گوتار و ڕا جیاکانی دیکە بسڕنەوە و لە خۆیاندا بیانتوێننەوە؛ ڕۆشنبیر ئەگەر بوێر بێت دەتوانێت ببێتە ترسێنەری کۆمەڵ و دەسەڵات و دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانیان و هەڵتەکاندنی جەهلی گشتی؛ ترسێنەر لەهەمبەر هەموو ئەو هێز و لایەنانەی کار بۆ یەکبینی و یەکبیری دەکەن؛ بەم پێودانگە ڕۆشنبیر دەبێت ترسناک و تۆقێنەربێت، خۆ ئەگەر وا نەکات ئەوا ناپاکی لەو پەیام و بەهایانه کردووە کە خۆی لەپێناویاندا دروست بووە. کەمیش نین ئەو ڕۆشنبیرانەی دواجار ناچار بە کۆڵدان کراون و چوونەتە ژێر باری دۆخە بەسەردا سەپێنراوەکەوه.
لێرەوە ئەرکی ڕۆشنبیری ڕاستەقینە دەبێتە کارکردن لەپێناوی چێکردنی فرەییدا، واتا ڕەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ خستنەڕووی سەرجەم بیروڕا جیاوازەکان و داننان بەوی دیکەی جیاوازدا. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ڕۆشنبیر ڕێگری لە یەکگرتوویی و هەماهەنگی نێوان تاکەکانی کۆمەڵ بکات و نەهێڵێت لە هەمبەر هێزە دەرەکی و دوژمنکارەکاندا ببنە خاوەنی گوتارێکی گشتگیر و لێیەوە بگەنە ماف و ئازادییەکانی خۆیان، بگرە لە دۆخێکی وەهادا ئەرکی ڕۆشنبیر پاڵپشتیکردنە لەو ویستە گشتییەی کە بەپێی بارودۆخێکی بەسەردا سەپێنراو داوای پارێزی و ماف و ئازادی بۆ جڤاکێکی داگیرکراو دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆشنبیر ئەوەی لە بیرناچێتەوە لە دۆخە تراژیدی و سەختەکانیشدا کار بۆ ڕەخساندنی دەرفەت بکات لەبەردەم هەموواندا بۆ خۆبەرجەستەکردن و بینینی فرەیی ئاینی و ئیتنی و کولتووری و ڕۆشنبیری و سیاسی و ...هتد وەک فاکتەرێکی سەرەکیی دروستبوونی کۆمەڵێکی تەندروست، هەروەک چۆن کەسانی وەکوو: هێلمان لۆتس و ڕۆبێرت دال و جۆزیف شومبتر و دەیان ڕۆشنبیری گەورەی دیکەی داکۆکیکار لە فرەیی، لە گەرمەی جەنگ و ناکۆکی و ململانێکانی سەدەی بیستەمدا ئەم ئەرکە گرنگەیان ڕاپەڕاند و بە کاراییەوە ئیشیان لەسەر داڕشتنەوەی بینای فیکری و مەعریفیی چەمکی فرەیی دەکرد و دژی هەژموونخوازیی گوتاری زاڵکراوی ڕەوتە ئایدۆلۆژیی و شموولییەکان دەوەستانەوە.
2
لەم ساڵانەی دواییدا کتێبێک لە فەرەنسا بڵاو بوویەوە و هەڵایەکی گەورەی ئیعلامیی نایەوە. دوای ئەوەی کتێبەکە لەلایەن ۱٤ دەزگای بەناوبانگی ئەو وڵاتەوە ڕەت کرایەوە، دواجار لەژێر فشارێکی زۆردا یەکێک لە دەزگا چاپەمەنییەکان ئامادەیی نیشان دا بۆ چاپکردنی. دوای بڵاوبوونەوەشی، کتێبەکە و نووسەرەکەی کەوتنە بەر پەلامارێکی ناڕەوای زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی موزەیەف و دەزگا ڕاگەیاندنە فەرەنسییە گەورەکان. کتێبەکە ناوی "ڕۆشنبیرە ساختەکان: سەرکەوتنی میدیایی پسپۆڕانی درۆ" و نووسەرەکەیشی باسکال بونیفاس بوو.
باسکال لەم کتێبەیدا ئاماژە بە جۆرێک لە ڕۆشنبیر دەکات کە بە ڕۆشنبیری ساختە و موزەیەف ناوی بردوون. بە بڕوای ئەو، ئەم تایپە لە ڕۆشنبیر هیچ شتێک بە ڕۆشنبیری جدی نایبەستێتەوە و تەنها کاراکتەرێکی ساختەچییە کە لەنێو کۆمەڵ و لە ڕاگەیاندنەکانیشدا ڕۆڵی ڕۆشنبیر دەگێڕێت. ئەم ڕۆشنبیرە ساختەچییانە لەپێناوی بەرژەوەندییە سیاسی و تایبەتییەکانی خۆیان ناچارن بە درۆ و ناڕاستیدا هەڵبدەن و زۆرجاریش لەگەڵ تاریکی و جەهلدا تەبا بن و بانگەشەی یەکبیری و یەکدیدی بکەن. لە کاتێکدا دەبوو ئەوان ڕۆشنگەر و دادخواز بن؛ لە ڕای گشتی نەترسن؛ ئازادانە و چاونەترسانە ڕووبەڕووی ڕەگەزپەرستی و توندڕەویی ئاینی و هەژموونی کۆنەخوازەکان و مەرامە سیاسییە تاکڕۆکان و ویستی ڕێگریکردن لە فرەڕەنگی و فرە دەنگی ببنەوە.
لەم کتێبەدا، بەڕوونی ئاماژە بە ڕۆڵی خراپی ڕاگەیاندن کراوە لە بەلاڕێدابردنی ڕۆشنبیران و بەساختەکردنیان و ناچارکردنیان بە خزمەتکردنی یەک ئاراستەیی و یەک دیدیی. بەوردیش ڕاڤەی ئەوە کراوە چۆن ڕاگەیاندن ڕۆشنبیرە ساختەکان وا لێدەکات بەپێی سیاسەتی کەناڵ و دەزگا میدیاییەکان لێدوان بدەن و ڕای خۆیان لەسەر پرسە گرنگ و هەستیارەکانی ڕۆژ بە شێوەیەکی ناڕاست و پێچەوانەی بەرپرسیارێتیی ئەخلاقییان دەرببڕن. باسکال بونیفاس، کە خۆیشی ڕۆشنبیرێکی جدی و خاوەن سەنگە، سڵی لەوە نەکردووەتەوە نموونەی چەند ڕۆشنبیرێکی ساختە بهێنێتەوە. ئەو زۆر بوێرانە حەوت ڕۆشنبیری فەرەنسی دیاری دەکات و بە ئاشکرا ڕەخنەیان لێ دەگرێت، بەتایبەتی "بێرنارد لێڤی"، کە بە سەرگەورەی ڕۆشنبیرە ساختەکان ناوی دەبات و پێی وایە بەهۆی ئەم ڕۆشنبیرە ساختانەوە چیدی لەفەرەنسادا بوار بۆ ڕۆشنبیرانی جدی نەماوەتەوە، تا بتوانن لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە پەیامی ڕۆشنگەرانەی خۆیان بە کۆمەڵ بگەیەنن و جڤاک بەرەو کرانەوە و یەکتردۆستی و لێبوردەیی زیاتر ئاراستە بکەن، هەروەکو چۆن پێشتر ڕۆشنبیرانی وەکوو ڤۆڵتێر و سارتەر و کامۆ و فۆکۆ لەنێو پانتایی ژیانی گشتیی فەرەنسییەکاندا، ئەو ڕۆڵەیان دەبینی و بووبوونە ڕابەری ڕاستەقینەی کۆمەڵەکەی خۆیان و، ئەوان ڕای گشتییان ئاراستە دەکرد نەک بەپێچەوانەوە و ڕێگەیان نەدەدا دەسەڵات لە شوێنە تەریک و پەنهانەکانیشدا بیر لە تاکڕەوی بکاتەوە و ئەوانی تری جیاواز بسڕێتەوە. [٢]
لەم سۆنگەیەشەوە، گرنگە ڕۆشنبیر لە هەر پێگە و شوێنێکدا بێت کەسێکی بەهەڵوێست بێت و نەهێڵێت بەهۆی ئیغرائاتەکانی کۆمەڵ و دەسەڵاتەوە ببێتە کۆپییەکی ساختە؛ گرنگە ڕۆشنبیر بەشدار بێت لە گۆڕانکارییەکانی نێو کۆمەڵ و ڕۆشنگەر و پێشکەوتووخواز بێت؛ دژ بەگەمژەکردنی کۆمەڵ بوەستێتەوە و دەنگێکی بوێر و ئازاد بێت؛ لەپێناوی پەیامەکەیدا بژی و سڵ لە ئاستەنگ و ڕێگرییەکان نەکاتەوە؛ ڕێگا نەدات ڕاگەیاندن و سیاسەتی زاڵی حکومەت خەڵکی بەلاڕێدا ببەن و بە هەموو تواناییەوە دژی نادادی و ستەم و ڕەگەزپەرستی و توندڕەوی بوەستێتەوە و ڕەخنەی جدی ئاراستەی گوتاری باڵادەست بکات، ئەو دەنگانەی نابیسترێن و ڕاگەیاندنی دەسەڵات (دەسەڵات بە مانا وردکراوەکەی فۆکۆ) ڕێگرە لەبەردەم دەرکەوتنیاندا، ئەم ببێتە پاڵپشت و هاندەریان، تاوەکوو ڕووبەری ئازادییەکان بەرتەسک نەبنەوە و مۆنۆپۆڵ نەکرێن بۆ گروپگەلێکی تایبەت و بەرژەوەندیخوازی مەیلدار بە گوتاری دەسەڵات. ئەمە پێناسەیەکی ئەفسانەیی و ئەرکپێدانێکی خەیاڵسازانە نییە، بەڵکوو جۆرێکە لە باری قورس و دەخرێتە سەرشانی ڕۆشنبیر، هەڵگرتنی ئەم بارە قورس و زەحمەتەش بوێری و هوشیاریی بەرزی پێویستە و ئاگایی قووڵی دەوێت.
کتێبەکەی باسکال بونیفاس لە زۆر ڕووەوە گرنگ و پڕ بایەخە، بەتایبەتی لەو جیاکارییەی کە لەنێوان ڕۆشنبیری ڕاستەقینە و ڕۆشنبیری ساختەدا دەیکات، تاوەکوو لەوە تێبگەین مەرج نییە ئەوەی بە نێوی ڕۆشنبیرەوە دەرکەوت و خۆی ناساند، ڕۆشنبیری ڕاستەقینە بێت. ڕۆشنبیری ڕاستەقینە بەوە دەناسرێتەوە کە تا چەندە ئەو ئەرکانەی ڕایدەپەڕێنێت ئەرکگەلێکن لەپێناوی خزمەتی ئینسانییانەی ڕووتدا و تا چەندەش لەڕێی هەڵوێستەکانییەوە؛ لەڕێی بەرهەمهێنانی مەعریفەی نوێ و ڕاڤەکردنی جیاوازترەوە بۆ دونیا، لەڕێی جەختکردنەوەی بەردەوامی بۆ ئازادییە فەردییەکان و لە سەرووی هەمووشیانەوە ئازادیی بیروڕا و ئازادیی دیاریکردنی شێوازی ژیان، دەتوانێت کار بۆ ڕەخساندنی فرەیی بکات و نەهێڵێت کۆمەڵ بەرەو تونێلە تاریکەکەی یەکبیریی و داخراوی بڕوات.
3
کۆمەڵگەکان بە گشتی هەرچەندە بە ڕووکار یەکڕەنگ و یەکبیر دەربکەون، بەڵام لە ناواخندا دابەشکراوی چەندین ئایدیا و باوەڕی دژبەیەک و ناتەبا و جیاوازن بەیەکتر، کە پێکڕا ئەم جیاوازییەیان بەرەو بەرەکاری و لێکگیری بردوون و کۆمەڵیان لەنێوخۆیاندا کردووەتە چەندین بەش و ئاستی جوداوە. ئەم دابەشکردنە جۆرێک لە فرەیی هێناوەتە ئاراوە لە سەر کۆی ئاستەکان و لەسەر بنەمای بەرهەمهێنانی چەندین گوتاری جیاجیا، ئەم جیاجیایی و فرەییە ئەگەر لەسایەی دۆخێکی گونجێنراودا کە ئازادی و ماف و یەکترقبوڵکردنی تێدا دەستەبەر کرابێت و لەژێر یەک ئاسماندا کۆ نەکرێنەوە، ئەگەرەکانی بەریەککەوتن و دوژمنایەتی و ئاڵۆزیی نێوانیان بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
ململانێی نێوان ئەم گوتارە جیاوازانە لەیەکتر لەوەوە دەست پێدەکات کە هەریەک لەمانە دەکەونە ڕکەبەری و شەڕێکی توندەوە بۆ زاڵکردنی سایەی خۆیان بەسەر ئەوانی تردا. لەمەوە هەم گرنگیی بوونی فرەییمان بۆ بەدەر دەکەوێت، هەمیش لەوە تێدەگەین بۆ چێکردنی ئەم دۆخی فرەییە ئەرکێکی هەرە گەورە دەکەوێتە سەرشانی ڕۆشنبیر، ئەرکی پاراستنی گوتارە جیاوازەکان لە چەوساندنەوە و کپکردن. ئایا ئەمە بەو مانایە دێت کە ڕۆشنبیر خۆی کەسێکی بێگوتارە و ئیشی، داوەریکردنی نێوان گوتارە جیاوازەکانە؟ بێ گومان نەخێر، ڕۆشنبیر خۆی دەبێت یەکێک بێت لەو کەسە کاریگەرانەی کە گوتار بەرهەم دەهێنێت و ڕاڤەی گوتارە جیاوازەکانیش دەکات، بەڵام مەبەست لە ئەرکی پاراستنی گوتارە جیاوازەکان لەلایەن ڕۆشنبیرەوه ئەوەیە کە ئەم بوونەوەرە بیرکەرەوە دەگمەنە بەهۆی خوێندەوارییە فراوانەکەی و لێهاتووییە فیکرییەکانییەوە، لە هەمووان زیاتر دەزانێت کۆمەڵی پێشکەوتوو لە سەر بنەمای پاراستنی فرەیی و هێشتنەوەی گوتارە جیاوازەکان لەتەنیشتی یەکتری و هەڵکردنیان لەگەڵ یەکتریدا پەرە بە خۆی دەدات، دەزانێت و لەوە بەئاگایە کاری ئەو ڕەخنەگرتن و هەڵسەنگاندنی گوتارە جیاوازەکانە تاوەکوو لەو ڕاستییە نزیک ببێتەوە کە گوتارەکان لە کوێدا پێویستیان بە خۆچاککردن و گۆڕینە؛ بەمەش ڕۆشنبیر وەک پارێزەری فرەیی و لەپێناوی ڕەخساندنی دەرفەتی لەبار بۆ هەمووان تاکوو ئازادانە ڕای خۆیان دەرببڕن، تێدەکۆشێت.
ڕوونە بەشێکی گەورەی بیروڕا جیاوازەکان، بانگەشەکردنن بۆ خاوەندارێتی لە هەقیقەت، بەدەگمەن بیروڕایەک لەباریدایە لە تەرجەمەبوونیدا بۆ واقیع خۆی بە ڕێژەیی ببینێت و هەوڵ بۆ ڕەهاییەتی نەدات، هەروەک چۆن ناشتوانێت دژەکانی بە پووچەڵ و ناڕاست و دوورێتی لە هەقیقەت نەپێوێت؛ ئەمانە پیادەکاری یاسای "یان من ڕاستم، یان هیچ کەس ڕاست نییە" [٣]ن و قورسە بۆیان دەسبەرداری هەقیقەتەکانیان بن. کرۆکی ئەم گرفتە قووڵەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە مێژووی دروستبوونی بیروڕاکان مێژووی پێش سەرهەڵدانی بیرۆکەی فرەییە بۆ پێکەوەهەڵکردن لەژێر یەک ئاسماندا، چونکە فرەیی هەم وەک چەمک، هەمیش وەک بەڕووخراوێکی سیاسی لەگەڵ دەرکەوتنی سیستەمی دیموکراسی مۆدێرن و دروستبوونی حزب و گروپەکاندا دەردەکەوێت و کار بۆ پراکتیکردنی دەکرێت.
لە بارێکی وەهادا، وەزیفەی سەرەکیی ڕۆشنبیر دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە کاری قورستر، ئەویش کارکردنە بۆ گۆڕینی تێگەشتنەکانی پێشووتری دەستە و تاقمە جیاوازەکان و چەسپاندنی ئەو بڕوایە لای هەموو ئەو خاوەندارانەی هەقیقەت (ئەوانەی پێیان وایە هاتن بۆ نێو خوانی فرەیی و داننان بە بوونی ئەوانی تردا، مانای دەستبەرداربوونە لە هەقیقەتی نەگۆڕدراوی بەردەستیان) کە هاتنە نێو فرەییەوە بەو مانایە دێت تۆ ڕازیت ئەوانەی تریش کە بانگەشەکاری هەقیقەتن، لەتەنیشتی هەقیقەتەکەی تۆوە بوەستن و ئازادانە گوزارشت لە خۆیان بکەن، نەک بەو واتایەی تۆ دەسبەرداری هەقیقەتەکەی خۆت ببیت. هاتنە نێو فرەییەوە پێویستی بە دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان و پەیبردنە بەو ڕووبەرە گشتییانەی کە بەرژەوەندیی هەمووانی تێدا کۆ دەبێتەوە؛ بەدڵنیاییەوە بەدیهاتنی سیستەمی فرەیی پێویستی بە جۆرێک لە سازانی هەمەکییانەی نێوان بیروڕا جیاوازەکان و ڕەوت و گروپە جۆراوجۆرەکانی نێو جڤاکە، بە بێ ئەوەی ڕێگە بە هیچ یەک لەو ڕەوت و گروپ و بیروڕایانە بدرێت هەوڵی زاڵکردنی هەژموونی خۆیان بدەن.
دروستکردنی ئەم فەزایە و بەتایبەتتر دروستکردنی فرەیی سیاسی، بە تەنها ئیشی ڕۆشنبیر نییە و لە پێش هەموو شتێکەوە پێویستە دەوڵەت پێی هەستێت و ڕێگە خۆش بکات بۆ دەرکەوتنی گروپ و ڕەوتە جیاوازەکان (کە بێ گومان هەریەکەو خاوەن و بەرهەمهێنەری گوتارێکی تایبەتن)، بەڵام بەو مەرجەی دەوڵەت خۆی لەسەر بنەمای فرەیی دامەزرابێت و بڕوای بە پرەنسیپەکانی هەبێت، هەروەها دەرفەتی یەکسان بڕەخسێنێت بۆ هەمووان تا بەشداریی کردەی سیاسی بکەن و ڕۆڵیان هەبێت لە پانتایی ژیانی گشتی و کایەی دەوڵەت و کۆمەڵدا، کە دواجار بەردەستبوونی هەموو ئەمانە پێکەوە دەبێتە بناغەیەکی باش و پتەو بۆ جێگیرکردنی فرەیی. بێ گومان فرەیی سیاسی پێشینەیەکی باشە بۆ گەیشتن بە جۆرەکانی دیکەی فرەیی کولتووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری؛ خودی چەمکی فرەیی سیاسیش خۆی چەمکێکی تازەیە لەڕووی پەیدابوون و بەکارهێنانییەوە. هەرچەندە پێیەکی ئەم چەمکە لە مێژووی دووردایە و لە زۆر جێشدا گرێدراوی دیموکراسییە و پاشخانێکی یۆنانیی هەیە، بەڵام واتا نوێیەکەی ئەم چەمکە زۆر خواستی نوێی لێ بارکراوە و بەزۆریش واتای ئەوەیە لە کۆمەڵە جیاوازەکاندا، گرووپ و دەستەی جیاواز هەن و کۆمەڵێکی زۆر پێکەوە بەستراوی سیاسی و ناسیاسی هەن، پێکەوەبوونی ئەم گروپ و دەستانە و داننانیان بە هەبوونی یەکتردا دەبێتە مایەی بەشداریی سیاسیی فراوان و دابەشکردنی بەرژەوەندییەکان و ڕێکخستنی ژیانی جڤاک بە پشتبەستن بە چەند بنەمایەکی گشتی و ڕێزگرتن لە جیاوازییە فیکری و ئایدۆلۆژییەکان. ئەمە پێش هەموو شتێک ئەوە دەگەیەنێت فرەیی پێویستی بە جۆرێک لە دەسەڵاتی بێلایەنە کە کاربکات ڕووبەرێکی هاوبەشی هاوکاریکردنی یەکدی دەستەبەر بکات و لەڕووی یاساییەوە زامنی ئەوە بکات هەموو گرووپە جیاوازەکان کار بۆ ئامانجەکانی خۆیان بکەن، بە ئامانجی گەیشتن بە دەسەڵاتیشەوە، بەو مەرجەی هەڕەشەی تیرۆر و کوشتوبڕ و تواندنەوەی ئەوانی دی بەشێک نەبێت لە شێوازی کارکردنیان و بڕوایان بە دیموکراسیی ڕاستەقینە هەبێت، چونکە نەبوونی ئەم بڕوایە وەک ئارنت لیبهارت دەڵێت، دەبێتە هۆی لەناوچوونی هاوبەشێتیی. لیبهارت لەو بڕوایەدایە زاڵبووونی چوارچێوەکانی دیکەی وەک مەزهەبگەرایی و خێڵ و نەتەوە و پەیوەندییە خوێنییەکان، هۆکاری هەرە سەرەکیی نەبوونی فرەیی سیاسییە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا، کە دواجار ستەمکاری زۆررینە یان ئەوەی پێی دەگوترێت دیکتاتۆرییەتی زۆررینە و خۆدوورگرتن لە بەڕێوەبردنی هاوبەش، دروست دەکات [٤]. ئەم ئەرکەی دەوڵەت نابێت بەتەنها لەناوخۆدا و بۆ هاوڵاتییەکانی خۆی بێت، بەڵکوو لە ئاستە نێودەوڵەتیەکەشدا پێویستە پێی هەستێت، کە بەلای ئاڵفرێد وایتهید-ەوە بۆ ئەوەی ئەمە سەربگرێت، پێویستی بە ڕەچاوکردنی چەند مەرجێکی گرنگە، لە سەرووی هەموویانەوە پێویستیی ڕێزگرتنە لە بەها و سەنگی هەر مرۆڤێک؛ هەروەها ڕێزگرتن لە بیرکردنەوە و کردە جیاوازەکان، ئەمەش نەک تەنها هەر لە نێوخۆی هەرێمێک، یان ناوچە و وڵاتێکی دیاریکراودا، بەڵکوو دەبێت بپەڕێتەوە بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لەپێناوی دۆزینەوەی خاڵی هاوبەشی نێوان مرۆڤەکان و گەشەدان بە ڕۆحییەتی مرۆڤدۆستانە [٥]؛ بۆ بەدیهێنانی ئەمەش شارستانییەتەکان نابێت پشت بە هێز ببەستن و لە بری ئەوە پێویستە لەڕێی دیالۆگ و گەنگەشەکردنەوە بگەن بەم ئاستە ژیارییە.
لەگەڵ ئەوەشدا، دەشێت ڕۆشنبیر لە هەموو کەس و لایەنێک زیاتر توانایی خوڵقاندنی ئەم فەزایەی هەبێت کە فرەیی سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتی دێنێتە ئاراوە، بۆچی؟ چونکە لەڕێی ڕەخنەکانییەوە لە گوتاری سەردەست و بەرگریکردنی بەردەوامییەوە لەو گوتارانەی ڕێگە بە بەرجەستەکردنیان نادرێت و هەوڵدانی بۆ دەرکەوتنی فرەییەکی پێویست لەپێناوی پاراستنی یەکە گەورەکە و هێشتنەوەی بە زیندوویی و خۆنوێکردنەوەی بەردەوام؛ هەروەها کارکردنی تیۆرییانەی چڕوپڕ لەسەر پێویستیی هەبوونی ڕووبەرێکی فراوانی ئازادیی بیروڕا لە پانتایی گشتیدا، جۆرێک لە بڕوای گشتی چێدەکات سەبارەت بە هەبوونی چاودێرێکی بەردەوام بۆ دەرخستن و ئاشکراکردنی هەوڵە هەژموونخوازییەکان و لەباربردنی ویستە شاراوەکان، هەروەها بیرخەرەوەی بەردەوامە بۆ زەرورییەتی فرەیی.
ئایا ڕۆشنبیر دەتوانێت بەو ئاسانییە ڕۆڵی خۆی بە باشی ببینێت و ببێتە داکۆکیکار و پارێزەری هزری فرەیی، بە بێ هەبوونی هیچ ئاستەنگێک؟ ئەمڕۆ لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، هەر لە ئاسیا و ئەفریقاوە بیگرە تا دەگات بە ئەمریکا و ئەوروپا، کێشەیەکی بنەڕەتی دروست بووە، کە ئەویش کێشەی کەمتر گوێگرتنە لە ڕۆشنبیرەکان بە بەراورد بە ساڵانی پێشووتر و سەردەمانی دێرینتر. بەشی هەرە گەورەی کۆمەڵ زۆرتر بەلای ئایکۆنە دیارەکانی نێو سۆشیال میدیا و ئەستێرەکانی میدیا و چالاکوان و موهەڕیجەکاندا دەچن، بەتایبەتی دوای پەیدابوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هاتنەئارای سەردەمی زیرەکی دەستکرد و ئەپە کاتکوژەکان، لەسەر ئاستی دونیا خوێندنەوە و ئاوڕدانەوە لە کتێب پاشەکشەی گەورەیان کردووه و بڕوایەکی ڕووکەشانەی وەهایان دروست کردووە کە گوایە چیدی ڕۆشنبیر و کتێبەکانی، ڕۆشنبیر و بیروڕا فیکرییەکانی ناتوانن دەرەقەتی ڕاڤەکردن و خزمەتکردنی زیاتری پێشکەوتوویی ئەم جیهانە بێن. هەموو ئەمانە پێکەوە دەبنە ئاستەنگێکی قورس و گران لەبەردەمی ڕۆشنبیرێکدا کە بیەوێت پەیامی خۆی بەوانی دیکە بگەیەنێت، کاتێک چیتر جڤاکەکان گوێ لە ڕۆشنبیر نەگرن، با بیەوێت پەره بە ڕامانەکانی (تیۆرییەکانی) خۆی بدات و هەوڵی قبوڵکردنی فرەیی بدات و هانی کۆمەڵ و گوتارە جیاوازەکان بدات تاکوو پێکەوە هەڵبکەن و بۆ خۆنوێکردنەوە و باشترکردنی خۆیان سوود لە یەکتر وەبگرن، هێشتا هەر کەمینەیەک ڕەنگە بێن بەدەم داواکەیەوە و زۆرینە هەر لە بیری هەژموونخوازی خۆیاندا بن و هیچ ئاگاییەکیان لە پێویستی هەبوونی فرەیی نەبێت، لەبەر یەک هۆی سادە: گوێنەگرتن لە ڕۆشنبیران و پەراوێزخستنیان.
ئاستەنگێکی تری بەردەم ڕۆشنبیر نەبوونی سەنگی مەعریفەیە لای بەشێکی زۆری چینە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتیش لە جڤاکە تازە پێگەیشتووەکانی جیهانی سێ و ئەو وڵاتانەی کە هێشتا فیکر و فەلسەفە نەیتوانیوە دەست لە دونیابینیی تاکەکانی وەربدات و گۆڕانکاری ڕیشەییان تێدا دروست بکات و، هەر بە داخراوی ماونەتەوە. لەم کۆمەڵە داخراوانەدا، جگە لەوەی ڕۆشنبیر ئەرکەکانی ئێجگار زیاد دەبن و ڕەنگە هەندێک جار ناچار بێت ڕۆڵگەلی جیاجیا ببینێت تاکوو بتوانێت کەلێنە مێژووییەکان پڕ بکاتەوە [٦]، لەگەڵ ئەوەشدا ئاستەنگەکان و ڕێگرییەکانیش لە پێشیدا زیاتر و قورستر و پڕ زەحمەتترن، چونکە ئەو ڕاستەوخۆ دەرگیر دەبێت لەگەڵ کۆمەڵێکدا کە ناخوێنێتەوە و گوێ ناگرێت، جڤاکێک تاکەکانی تاقەتی خوێندنەوەیان نییە و گوێ لە دەنگی ئاوەز ڕاناگرن و لەو بڕوایەدان فەلسەفە و بیرکردنەوەی قووڵ زیانی گەورە بە باوەڕ و ئایدیا چەقبەستووەکەیان دەگەیەنێت. لەوەش خراپتر، بێ لەوەی ئەوان ڕۆشنبیر دەخەنە پەراوێزە و گوێی لێناگرن و نایخوێننەوه، لە زۆر ڕێگەشەوە دەکەونە دژایەتیکردنی، لەمەشدا ئایدیا جیاوازەکان و باوەڕە باوەکان، وێڕای ناکۆکییەکانی خۆیان، دەبنە یەک و دژ بەوە دەوەستنەوە کە ڕۆشنبیر ئەو دڵنیایی و ئارامییە ساختەیەیان لێ تێکبدات! لێرەشەوە دەسەڵات، کە خاوەنی گوتاری باڵادەستە، بە ڕێککەوتنێکی ئاشکرانەکراو دەبێتە بەشێک لەم دژایەتییە و تۆڵەی خۆی لە ڕۆشنبیر دەکاتەوە [٧]، هەرچەندە لە بەشێک لە خۆرئاوا و ئەو وڵاتانەی لە بەهای ڕۆشنبیر و پەیامە ئینسانییەکەی تێدەگەن، دۆخەکە تا ڕادەیەکی زۆر جیاوازترە، بەتایبەتی کە دەبینین خۆرئاوای ئەمڕۆ لە زۆرێک لە کایەکانیدا، گەڕاوەتەوە بۆ دەنگی عەقڵ وئاوەزمەندی بۆ ڕاڤەی ڕۆشنبیرەکانی خۆی و سوودی گەورەی لێ وەرگرتوون، دوای ئەوەی ساڵانێکی زۆر تا ڕادەی تیرۆری فیزیکی و مەعنەوییانە دژ بە ڕۆشنبیر وەستایەوە. ئەمڕۆ و دوای پێشکەوتنە ژیارییەکانی خۆرئاوا، لە ئاستە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانیشدا (سەرباری هەر تێبینی و ڕەخنەیەک و کەمکردنەوەی کاریگەرییان بەراورد بە پێشوو و پاشەکشەکردنی ڕۆشنبیر) هێشتا بیریارانی ئەوێ، هێشتا ڕۆشنبیرانی ئەوێ، بواری ئەوەیان بۆ هێڵدراوەتەوە ڕۆڵی گەورەی خۆیان تا ئاستێکی باش بگێڕن و وەک پارێزەری پێکەوەهەڵکردنی ئایدیاکان، وەک داکۆکیکارێکی گەورە لە چینە پەراوێزخراوەکان و وەک بەربەستێکی پتەو لەبەردەم خواستی هەژموونخوازیی گوتاری هێزە باڵادەستەکان بمێننەوە.
4
شارستانییەتە بەراییەکان بە تایبەتمەندییەکی باڵاوە، لە بواری ئاینی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییدا فرەییان پەرە پێدا، بەڵام ئەم فرەییە کەمتر بەلای فرەیی سیاسیدا چوو، شێوازێک لە خواستی خۆسەپێنی و هەژموونخوازیی داهێنرابوو کە نەیدەویست کار لەسەر تواندنەوەی فەرهەنگی بکات و بەتەنێ ملکەچیی سیاسی و باڵادەستی بەسەر خاکدا بە گرنگ دەزانی؛ بەڵام دواتر کە تێکەڵاوی و بەریەککەوتنی کولتووری و ئاینی ڕووی دا لەنێوان گەل و ئیمپراتۆرییەتە کۆنەکاندا، وردە وردە سیماکانی جۆرێکی ستەمکارانە لە نیازمەندی بۆ نەهێشتنی فرەیی و جیاوازییەکانی ئەوی تر دەرکەوت؛ بۆ نموونە، هەرچەندە بە بینینی ڕووکەشانەی ڕووداوه مێژوویەکانی هەزارەی سێهەم و دووهەمی پێش زایین وا دەبینرێت کە پەلامارەکانی سۆمەری و ئەکەدیی و ئاشورییەکان بۆ سەر زاگرۆسنشینانی دێرین و میسری و عیلامییەکان بەتەنها لەپێناوی هەژموونداریی سیاسیدا بووە و بە پاڵنەری بازرگانییەوە لەشکرکێشییەکان ئەنجام دراون، لێ کە لە پاشماوە شوێنەوارییەکان و نووسینە مێخییەکان ورد دەبینەوە، تێدەگەین لەوەی پەلامار و لەشکرکێشییەکان هاوشانی خواستە سیاسی و بازرگانییەکان، وردە وردە خواستی ئاینی و کولتووریشیان تێکەڵ دەبێت.
لە مێژووی دۆڵی دووئاواندا، ڕووداوێکی ئێجگار گرنگی دیکە هەیە، کە لە زۆر ڕووەوە دەشێت بۆ تێگەیشتن لە بنەچە مێژووییەکانی بیری فرەیی گرنگ و بایەخدار بێت. گۆتییەکان کە گەلێکی زاگرۆسین و سەر بە خاک و نەریت و کولتووری زاگرۆسی دێرینن، یەکەم وێنای هەژموونخوازیی سیاسییانە دژ بە گەلانی نیشتەجێی دۆڵی دووئاوان دەکێشن و پەلاماری سۆمەرییەکان دەدەن و خاکەکەیان دەخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە و بۆ ماوەی سەدەیەک لەوێدا دەمێننەوە، بەڵام کە دێنە ئەوێ، نایانەوێت لەگەڵ هەژموونخوازییە سیاسیەکەیاندا، هەژموونی ئاینی و کولتووری و ڕۆشنبیریی خۆیان بەسەر گەلانی سۆمەری و ئەکەدیدا بسەپێنن، بەڵکوو جۆرێک لە سیستەمی دیموکراسی سیاسی سەرەتایی دادەهێنن و لەڕێی دەوڵەتشارەکانەوە ماف بە سۆمەری و ئەکەدییەکان دەدەن خۆیان شارەکانی خۆیان بەڕێوە ببەن و لە پێگە گرنگەکاندا دەیانهێڵنەوە و بە جیاواز لە سیستەمی پشتاوپشتی دۆڵی دووئاوانیش، سیستەمی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەنێوان فەرماندە باڵاکاندا دادەهێنن، بەڵام ئەم بڕوابوونە بە پێدانی مافی بەشداریی سیاسی و ئازادیی کولتووری و ئاینی، لەجێگەی ئەوەی ببێتە مایەی ڕەزامەندیی سۆمەری و ئەکەدییەکان، ڕێک بەپێچەوانەوە وای لە سۆمەری و ئەکەدییەکان کرد بۆسەی گەورە بۆ گۆتییەکان بنێنەوە و فەرماندەی شاری ئوروک (ئوتو حیکال) لەگەڵ فەرماندە سۆمەری و ئەکەدییەکاندا ڕێک بکەوێت و دژ به گۆتییەکان ڕابن و لە فەرمانڕەوایەتیی دۆڵی دوو ئاوان دووریان بخەنەوە، ئەمە بۆچی ڕووی دا؟ چونکە ئەو باوەڕبوونە بە فرەیی کە لای گۆتییەکان هەبوو، لەلای سۆمەری و ئەکەدییەکان نەبوو، ئەوان بە ڕقئەستورییەکی زۆرەوە لە جیاوازیی زمان و کولتوور و ئاینی گۆتییەکانیان دەڕوانی و بە شایستەی ئەوەیان نەدەزانین ببنە فەرمانڕەوا و دەسەڵاتداری ناوچەکە، هەربۆیە مێژوونووسانی سۆمەریی ئەو سەردەمە، لە نووسینە مێخییەکاندا بە شێوەیەکی زۆر خراپ باسی سەردەمی فەرمانڕەوایی گۆتییەکان دەکەن و بە مار و دووپشکی چیاکان وەسفیان دەکەن، واتا ئەوان بە دیدێکی زۆر نزم و نائینسانییانەوە لە زاگرۆسنشینانی دێرین و دانیشتووانی چیاکانیان ڕوانیوە و ڕازی نەبوون بە چێکردنی سیستەمێکی فرەیی هاوبەش لەنێوانیاندا!
دیدی ئەو نووسەرە سۆمەریی و ئەکەدییانە، کە هاوکات ڕەنگدانەوەی دیدی زاڵبووی دەسەڵات و کۆمەڵگەی ئەو سەردەمەشە، بەنێو سەدان و هەزاران ڕووداوی مێژوویی دیکەدا گوزەر دەکات و دەبێتە بەشێک لە دیدی گشتیی زۆرینەی کۆمەڵ و دەسەڵاتدارەکان بەدرێژایی مێژووی دێرین و ناوەڕاست و نوێ و هاوچەرخ؛ ئێستاشی لەگەڵ بێت دەیان و سەدان کۆمەڵ و گرووپی مرۆیی جیاواز هەن کە نەک هەر بڕوایان بە سیستەمێکی هاوبەشی فرەیی نییە، بەڵکوو کەمترین مافی ژیان بۆ ئینسانی نێو گرووپ و کۆمەڵە مرۆییە جیاوازەکانی تر بەڕەوا نابینن. بۆ نموونە، گەر لە مێژووی لانیکەمی سەد ساڵی ڕابردووی تورکیای کەمالی بڕوانین و لێی بپرسینەوە، لە کام قۆناغیدا عەقڵییەتی کەمالی توانیویەتی کورد وەک مرۆڤێکی بەشکۆ و خاوەن مافی بەشداری سیاسی و کولتووری و ڕۆشنبیریی ببینێت؟! جگە لەو ڕقە بەکۆمەڵەی دەرهەق بە ئەوی تری جیاواز هەیە لەو وڵاتەدا، لەوێ کوردێک کە لەڕووی زمان و کولتوور و نەژادەوە جیاوازە لە نەتەوەی سەردەست، دەرگیرە بە کۆمەڵێک گرووپی کولتووری و حزبی سیاسیی شموولیی دەمارگیر، کە لە هیچ جێیەکدا نایانەوێت کورد وەکوو خۆی قبوڵ بکەن و لە یادەوەریی نەوەکانیاندا (هاوشێوەی سۆمەری و ئەکەدییان) جڤاکێکی جیاوازی وەها بە مار و دووپشکی چیاکان بچوێنن!
هەر لەو گێڕانەوە مێژووییەدا و بە وردبوونەوەیەکی دی لە شێوازی مامەڵەکاری نێوان گۆتی و سۆمەری و ئەکەدی، خاڵێکی دیکەی گرنگ دەبێتە جێی سەرنج. گۆتییەکان چەندە هەوڵی چێکردنی جۆرێک لە سیستەمی دیموکراسی سەرەتایی دەدەن و ڕێ بە بوونی ئەوی تری جیاواز دەدەن، کەچی ئەوی تر ئەم هاوبەشێتیەی هەر ئەوەندە دەوێ تاکوو لە دۆخی لاوازی دەردەچێت. ئەمە هانمان دەدات ڕوونتر لەوە تێبگەین دەکرێت هەندێک جار کەس و گرووپ و هێزی وەها هەبن بڕوایان بە فرەیی هەبێت و ڕێز لە جیاوازییەکان بگرن، بەڵام لە بەرانبەردا کەس و گرووپ و هێزی دیکە نەیانەوێت بێنە نێو ئەم فرەییەوە و ڕێز لە جیاوازییە فیکری و کولتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەوی تری جیاواز نەگرن؛ فرەییش بۆ ئەوەی ببێتە سیستەمێکی گشتگیر و پایەکانی جێگیر بن، دەبێت مەرج و بنەماکانی پەسەندکراوی هەموو لایەنە جیاوازەکان بن.
لێرەوە ڕۆڵی ڕۆشنبیر لە جڤاکە جیاوازەکاندا وەک داکۆکیکار لە فیکری فرەیی و ڕازیبوون بە هاوبەشیی ئەوانی دی دێتە ئاراوه، چۆن بتوانین هێزە جیاوازەکان لەسەر یەک خوان کۆ بکەینەوە و بڕوایان پێ بهێنرێت هاوبەشێتی دەچێتە خزمەتی هەمووانەوە؟ دیارە ڕابەرە سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتیەکانیش دەتوانن لەمەدا هاوشانی ڕۆشنبیر کار بۆ ئەم هاوبەشێتییە بکەن و بچنە دۆخێکەوە هیچ هێز و گرووپ و بیرکردنەوەیەکی جیاواز هەست بەوە نەکات لە پەراوێزدا دەژی و هەمووان پێکەوە بەشدار بن لە سەرخستنی هاوبەشی و ویستی ئازادانە بۆ هەڵبژاردنی شێوه ژیانی گونجاو و بەشداریی کارای سیاسی، بەڵام ڕۆشنبیری داکۆکیکار لە فرەیی لە هەموو کەس زیاتر شیاوی ڕۆڵبینینە، هەروەک چۆن لە دۆخی دەوڵەتێکی وەکوو تورکیادا نووسەر و ڕۆشنبیرێکی وەکوو "ئیسماعیل بێشکچی" پێی هەڵدەستێت. ئەم ئەرکە لە داکەوتدا هێندە ئاسان و بێکێشە نییە و باجدانی گەورەی دەوێت تا ئاستی تیرۆری کەسێتی و فیزیکییانەش، بەڵام ئایا دەرئەنجامی جەختکردنەوە لە هەقیقەتێکی وەها و داکۆکیکردن لێی و کاریگەری لەسەر هێشتنەوەی دیدی فرەیی لەنێو گرووپ و دەستە جیاوازەکاندا، کە دواجار دەبێتە هۆی پاراستن و هێشتنەوەی کۆمەڵ بە هەمەچەشنەیی؛ شیاوی ئەو قوربانیدانە نییە؟!
ژێدەر و پەراوێزەکان:
۱. ادوارد سعید، نقش روشنفکر، برگردان: حمید عضدانلو، نشر نی، ١٣٩٩. هەروەها بڕوانە: ادوارد سعيد، المثقف والسلطة، ترجمة: محمد عناني، دار رؤیة، ۲۰۰٦.
۲.باسكال بونیفاس، المثقفون المزيفون ""النصر الاعلامي للخبراء الكذب"، ترجمة: روز مخلوف، ورد للطباعة والنشر، الطبعة الاولی، دمشق، سوريا، ۲۰۱۳.
۳. لە خۆرهەڵات ئێمە بە زۆری دەرگیر دەبین لەگەڵ هەڵگرانی ئەم جۆرە دیدە مەترسیدارە، نەخوێندنەوەی ئەوی دی و پەسەند نەکردن و لێسەندنەوەی مافی ژیانکردن لێی، بەشێکی گەورە لە مێژووی ئەم بەشەی جیهان پێک دێنێت، هەموو ئەمانەش لە ئەنجامی ئەوەوە دێت کە جڤاکە خۆرهەڵاتییەکان هەر لەبنەڕەتەوە هەڵگری سیمایەکی ڕوونی فرەیین و دابەشکراوێکی هەمەچەشن و جیاوازن لەیەکتر، بەبێ پەسەندکردن و داننان بە پارێزبەندیی هزری فرەیی لەسەر هەمووان.
٤. ارنت ليبهارت، الديمقراطية التوافقية في مجتمع متعدد، ترجمة: حسني زينه، طبعة الاولی، بیروت، لبنان، ۲۰۰٦.
٥. الفرید نورث وایتهید، مغامرات الافكار، ترجمة: انیس زكي حسن، طبعة الاولی، بغداد، ۱۹٦۰.
٦.مصطفی شعاعیان و حمید مومنی، درباره روشنفکر، انتشارات فروغ، چاپ اول، ١٣٨٦.
۷. دكتور محمد عابد الجابري، المثقفون في الحضارة العربية محنة ابن حنبل ونكبة ابن رشد، مركز دراسات الوحدة العربية، طبعة الخامسة، ۱۹۹٥.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved