د.هەورامان مەحموودی
(نووسەر و توێژەر)
ئەمرۆ داڕشتنی بەرنامەی ڕیفۆرمێکی ڕادیکاڵی دیموکراسییانە لە هەرکات پێویستترە. ڕیفۆرمێک بوێرانە دەسبداتە ڕووخانی ستراکتۆرە کۆنەکان ( ڕەهەند،٢٠٠٣ : ٥/ژ١٥-١٤)
بەبێ نەریت، هیچ ئافڕاندن و خوڵقاندنێک بەدی نایەت. (فوئنتس،١٣٨٤: ٣٩)
بەرایی
نەریتی مونەوەریی (ڕۆشنبیریی) ئێمەی کورد لە سەرەتاکانی نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک سیاسەتمەدار و شاعیر و خوێندەوار و ماڵەمیرانی کورد و بەتایبەت حاجی قادری کۆیی، لە ئەستەمۆڵ و بە کاریگەری لە گوتاری زاڵی تازەگەریی ئەو شارە دەست پێدەکات و بە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان (١٨٩٨)، ڕۆژی کورد (١٩١٣) و هەتاوی کورد (١٩١٣) و هەروەها یەکەم کۆمەڵەی کوردیی وەک «جەمعییەتی تەعاوەن و تەرەقی»(١٩٠٨) و کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد یان « کۆمەڵەی هێڤی قوتابیانی کورد» لە ساڵی (١٩١٢) درێژەی پێ ئەدرێت و لەم ماوەیەدا واتە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە و بەتایبەت سەرەتای سەدەی بیستەم، یەکەم نەسڵی مونەوەری کوردی سەرهەڵدەدات کە پرسی نەتەوەسازی، ناسنامەخوازی و هەروەها پەرەپێدانی سیستەمی نوێی پەروەردە و وشیاریی نەتەوەیی و چاکسازی لە کۆمەڵگادا دەبێتە گوتاری زاڵی ئەم نەوەیە لە مونەوەرانی کورد.
پاش ڕووخانی ئیمپراتۆریای عوسمانی و دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی نوێی تورکیا (١٩٢٣) لەسەر بنەمای سەروەریی نەتەوەی تورک و وەپەراوێزخستنی کورد، ڕەوتی مونەوەریی کوردی بۆ باشووری کوردستان دەگوازرێتەوە و، بە گەڕانەوەی مونەوەرانی وەک پیرەمێرد، ئەمین زەکی بەگ ومستەفا پاشا یامولکی بۆ کوردستان و سەرهەڵدانی کەسانی وەک ڕەفیق حیلمی، شێخ نوری شێخ ساڵح، جەمیل سائیب، عەلائەدین سەجادی، تۆفیق وەهبی و.... بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی وەک پێشکەوتن (١٩٢٠)، بانگی حەق (١٩٢٣)، بانگی کوردستان (١٩٢٣)، ئومیدی ئیستقلال (١٩٢٣)، ژیان (١٩٢٦) و زاری کرمانجی (١٩٢٦) و هەروەها بەرهەمی وەک غونچەی بەهارستان (١٩٢٥) و خولاسایەکی تاریخی کورد و کوردستان (١٩٣١)، ڕەوتی مونەوەریی کوردی درێژەی پێ دەدرێت و لەم سەردەمەدا، هەوڵ بۆ نەتەوەسازی، بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی نەتەوەیی، گرنگیدان بە بایەخی خوێندنگە، پەرەپێدانی سیستەمی پەروەردە، دەستپێکردنی گوتاری مێژوونووسانە و هەوڵ بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری کۆمەڵی کوردی، گرنگیدان بە ئەدەبیات و ناودارانی کورد وەک بەشێک لە پڕۆژەی نەتەوەسازی و تەنانەت دەوڵەتخوازی دەبێتە بەشێکی سەرەکی لە گوتاری ئەم بەرەیە لە مونەوەران کە دەکرێت وەک نەوەی دووەمی مونەوەرانی کورد پێناسە بکرێن.
پاش دامەزرندنی دەوڵەتی عێراق و بێبەشکردنی کورد لە دەوڵەتی کوردی، گوتاری ئەم مونەوەرانە لە سەرهەڵدانی خەباتی سیاسی و تەنانەت چەکداریی باشووری کوردستان و درێژەی ڕەوت و گوتاری مونەوەریی کوردی، کاریگەری بەرچاوی دەبێت و لەم ئاراستەیەدا بە سەرهەڵدانی کەسانی وەک هەژار، هێمن، عەبدورەحمانی زەبیحی، حەسەن قزلجی و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری نیشتمان (١٩٤٣) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کەسانی وەک عیزەدین موستەفا ڕەسووڵ، مارف خزنەدار، جەماڵ نەبەز، محەمەدی مەلا کەریم و... لە باشووری کوردستان، سێیەم نەوەی مونەوەرانی کورد سەر هەڵدەدات. گرنگیدان بە میراتی فەرهەنگی و هەوڵ بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمی شاعیرانی پێشوو، هەوڵ بۆ نەتەوەسازی لەڕێگەی گرنگیدان بە نووسینی مێژووی ئەدەبیاتی کوردی و جەختکردنەوە لەسەر زمانی کوردی و گرنگییەکەی دەبێتە گوتاری سەرەکیی ئەم نەوەیە لە مونەوەرانی کورد.
دەرنجام بە دامەزراندنی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی کەسانی وەک بەختیار عەلی، مەریوان وریا قانع، ڕێبین هەردی، ئاراس فەتاح و پێناسەکردنی خۆیان وەک بەرەی ڕەهەند یان ڕەهەندییەکان و هەروەها کەسانی نزیک بەم بەرەیە وەک شێرزاد حەسەن و ڕێبوار سیوەیلی و هەروەها کەسانی جیاواز لەم بەرەیە وەک د. فاروق ڕەفیق، د. فەرهاد پیرباڵ، هاوژین مەلا ئەمین و...بەرەیەکی نوێ لە مونەوەران لە دایک دەبێت کە دەکرێت وەک نەوەی چوارەمی مونەوەران یان هەمان ڕۆشنبیران پێناسە بکرێت کە بۆ ماوەیەک گوتاری ئەم بەرەیە دەبێتە گوتاری زاڵ لە کۆمەڵی کوردی و بەتایبەت کۆمەڵی باشووری کوردستان و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
دۆخی ڕۆشنبیریی ئێستای کوردستان
پاش ئازادبوونی بەشێک لە خاکی کوردستان و دامەزراندنی یەکەم دەسەڵاتی کوردی، بەهۆی بوونی نەریتێکی پتر لە سەد ساڵەی ڕۆشنبیری، چاوەڕێی ئەوە دەکرا گوتاری ڕۆشنبیریی کوردی بە خوێندنەوەی ڕابردوو و ئێستای کۆمەڵی کوردی و هەروەها دەستنیشانکردنی قەیران و کێشەکانی کۆمەڵ، لە خزمەت پرسی گرنگ و چارەنووسسازی وەک وشیاریی نەتەوەیی، یەکڕیزی، بەهێزکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، نەتەوەسازی و پەروەردە و هەروەها ڕاگرتنی هاوسەنگیی نێوان نەریت و مودێرنیتە بێت و لەمبارەوە خاوەن پڕۆژەی دیار لەپێناو دەربازبوون لە قەیران و کێشەکانی کۆمەڵدا بن، بەڵام بە ئاوڕدانەوێک لە ڕەوتی چل ساڵەی میراتی ئەم بەرەیە لە ڕۆشنبیران و رێزگرتن لە ژمارەیەک چالاکی و دەستکەوتی دیاری بەشێک لە ڕۆشنبیرانی ئەم بەرەیە، دەکرێت باس لەوە بکرێت، بەداخەوە، خودی ڕۆشنبیران لەباتی چارەکردنی کێشەکان، خۆیان بەشێک لە کێشەکە بوونە و کۆمەڵی کوردییان بەرەو ئاراستەیەک بردووە کە ئێستاکە پێدەچێت لە لێواری ترازان نزیک بووەتەوە و ئازاربەخشتر ئەوەی نیشانەکانی، گفتوگۆ و ڕەخنەی زانستی، یەکڕیزیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، هەوڵ بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ناسنامە و کایەی تەندروستی ڕۆشنبیرانە کەمتر بەدی دەکرێت و بەم بۆنەوە هێماکانی کوردبوون و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی و هەروەها هێماکانی مێژووییەکی هەزران ساڵەی ئەم نیشتمانە ، خەریکە ئارام ئارام و کەم کەم لە دیمەنی شار و هەروەها گوتاری زاڵی فەرهەنگی و تەنانەت کۆمەڵایەتیی کوردستان لە ئاوابوون نزیک دەبێتەوە و، لەم نێوەندە، توڕەبوون، وازهێنان و جێهیشتنی وڵات و سەرقاڵبوون بە شتی وەهمی و خەیاڵی، بووەتە چەکی ڕۆشنبیران لەبەرانبەر ئەم دۆخە کۆشندە و پڕ لە کێشە و قەیرانەدا.
لێرەوە پرسیار ئەوەیە، ئەی ڕۆشنبیران لەم ماوەیەدا سەرقاڵی چی بوونە؟
جیا لە توڕەبوون و هەندێ جاریش ڕەفزکردنی هەموو شتێک و زۆرجاریش دانیشتن لەسەر کورسیی بەرزی بیرمەندانی قەوم، دەمێکە ڕۆشنبیرانی کۆمەڵی کوردی ڕۆڵی گەڕیدە دەگێڕن و بەردەوام خەریکی هێنان و هاوردەکردنی شتی سەیر و سەمەرەی ڕامانەیی (تێوریک) و قورس و زەبەلاح لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و تەنانەت وڵاتانی دراوسێن. پێدەچێت ئەم ڕوشنبیرانە دەیانەوێت خەڵکی ئێمە لەم بارەوە، تووشی شۆک و سەرسوڕمان و چەپلەلێدان بکەن و وەک ئەوەی مارکێتێکی گەورەیان کردبێتەوە، بەردەوام خەریکی نواندن و پیشاندان و فرۆشتنی چەمکی نوێ و بیرمەندی نوێ و ڕامانەی (تیۆریی) نوێ و فەلسەفەی نوێ و هەروەها جاربەجاریش، سەرقاڵی تاقیکردنەوە و داسەپاندنی ئەو ڕامانە (تیۆرییە) نوێیانەن لەسەر مرۆڤی کورد و کۆمەڵی کوردی.
لەم مارکێتە قەرەباڵغەی ڕۆشنبیرانی کورد لە مودێڕنەوە بۆ پۆست مودێڕن و لە هێگل و مارکس و هایدگەر و نیچەوە بۆ ژیژەک و بەدێو پیشان دەدرێت و هەموو شتێکی ڕۆژئاوایی جگە لە شتی کوردی و نەریتی مونەوەریی کوردی و فەلسەفەی ڕاستەقینە دەست دەکەوێت. بەم بۆنەوە فەزای ڕۆشنبیری و تەنانەت ئاکادیمیکی کوردی بووەتە بازاڕێک بۆ مەزات و نیشاندان و نواندنی شتومەکی فەرهەنگی و سیاسی و ڕامانەی (تیۆریی) ڕۆژئاوایی کە کەمترین پەیوەندییان بە کەشوهەوای سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی کوردوە هەیە.
ئێستاکە دەکرێت بانگەشەی ئەوە بکرێت ئەرک و کارکرد و کاری تایبەتی زۆربەی ڕۆشنبیرانی بەرچاوی کۆمەڵی ئێمە ئیتر بووەتە لەبەرکردنی ناوی فەیلەسووفان و بیرمەندانی ڕۆژئاوایی و هەروەها هاوردەکردنی بەردەوامی چەمک و ڕامانەی (تیۆریی) نوێ و خوێندنەوە و تاقیکرنەوەی کۆمەڵی کوردیی بەپێی ئەو چەمک و ڕامانە (تیۆرییە) ڕۆژئاواییانە، بێ ئەوەی کەمترین ڕەچاوی واقیعی مێژوویی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی بکرێت، بێ ئەوەی کەمترین ئاوڕ لە ئەندێشەی دامەزرێنەرانی گوتاری نوێی کوردی بدرێتەوە یان لانیکەم بۆ ناسینی کۆمەڵی کوردی و گرفتەکانی لە هەناوی کۆمەڵەوە هەوڵ بۆ خویندنەوەی بدرێت و خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
لەم ڕووەوە، پێدەچێت ڕۆشنبیری ئێمە لەباتی دەستنیشانیکردنی قەیران و کردنی قەیرانی کۆمەڵ بە پرس و پڕۆژەی فیکری، زۆرتر سەرقاڵی خۆنوندان و ڕاکێشانی سۆز و هەروەها کۆکردنەوەی مورید و دەروێش و جەماوەری چەپڵەلێدەر بێت. ئەوە لە حاڵێکدایە بەپێی ڕێبازی «نوێ مێژووگەرایی» کە بڕوای بە مێژوومەندیی ڕامانە (تیۆری) هەیە، واتە لە ڕوانگەی ئەم ڕێبازەوە هەر دیاردە و چەمکێک، خاوەن مێژووی تایبەتیی خۆیەتی و پێشینەیەکی فەرهەنگی و سیاسی لە پشت سەرهەڵدانی هەر دیاردە و چەمکێکدا هەیە. لەم ڕوانگەیەوە، دەکرێت بڵێین بەرهەمی ڕامانەی (تیۆریی) فەرهەنگی و سیاسی هەر کۆمەڵێک، تایبەتە بە کەشوهەوای فەرهەنگی و مێژوویی ئەو کۆمەڵەیە و، بە واتایەک هەر ڕامانەیەک (تیۆرییەک) دەرکەوتەی مێژوویی و فەرهەنگیی ئەو کۆمەڵەیە کە لەوێدا ئەو ڕامانەیە (تیۆرییە) لەدایک بووە، بۆیە ناکرێت تووشی ئەو هەڵەیە ببین کە بەسانایی و ساکاری دەکرێت لە کۆمەڵێکی دیکەدا وەک خۆی دابەزێندرێت. بۆ وێنە، ئازادی. فەزای گشتی، مودێڕنیتە، پۆست مودێڕنیتە، پرۆتیستانیزم، ڕۆشنگەری و دیمۆکراسی بەرهەمی مێژوویی و فەرهەنگیی کۆمەڵی ڕۆژئاوایین و دابەزاندنیان لە شوێن و وڵاتانی دیکە بەو ساکارییەی کە ڕۆشنبیرانی ئێمە بیری لێ دەکەنەوە، ئەگەری نییە و جگە لە شپرزترکردنی فەزای نووسین و ملكهچیی فەرهەنگی و ئامرازی هەژمۆنیی بەردەوامی ڕۆژئاوا، کەمترین دەستکەوتی لێ ناکەوێتەوە. لەم ڕووەوە، مانای ڕۆشنبیر لەم گوتارەدا واتە ئهو بوونهوهرەیه پێویسته بهردهوام باسی دهسهڵات و گهندهڵی بكات و جار بەجاریش شیعر و ڕۆمان بنووسێ و برێک جاریش له میدیا و ڕۆژنامهكان دهر بكهوێت و باسی دهسهڵات بكات. له كهشوههوای سیاسی و ڕۆشنبیریی كوردستان، ناسنامهی ڕۆشنبیر گرێدراوه به ڕهفزكردن و خۆلادان لە دهسهڵات. ئاست و پێگهی گوتاری ڕۆشنبیری كوردی لهباتی بیركردنهوه بۆ چاکسازی لەڕێگەی خوێندنەوەی کۆمەڵی کوردی، دابهزیوه بۆ باسكردن و ڕەتکردنەوەی دهسهڵات و جاروباریش ههڵوێستگرتن له ئاست دیاردهیهكی دزێو و بەتایبەت نووسینی بابەت لەسەر هەموو شتێک لە مانای ڕۆشنبیرەوە بگرە بۆ خواردن و مەسرووفات.
لێرەوە پرسیاری گرنگتر ئەوەیە بۆچی ئەم بەرە لە ڕۆشنبیرانە تووشی ئەم دۆخە هاتوونە؟ پێدەچێت ئەم پرسیارە، وڵامێکی دیار و ڕوونی نەبێت و پێویست بە خوێندنەوەی جیاواز و بۆچوونی جیاواز بکات و لەم ئاراستەوە و لە گۆشەنیگای مێژووییەوە، ئەم نووسینە دەیەوێت بە شێوازێکی خێرا، ئاماژە بە چەندین خاڵی سەرەکی بکات.
یەکەم، ناشارەزایی لە پرسی نەریت
بە ئاوڕدانەوەیەک لە بەرهەمی ئەم بەرەیە لە ڕۆشنبیران، بەتایبەت ڕەهەندییەکان کە خاوەن گوتاری زاڵ لە باشووری کوردستان و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماوەی نزیک بە دوو دەیە بوونە، دەردەکەوێت جیا لەوەی کەمترین شارەزاییان لە نەریتی کوردی نەبووە و تەنانەت خۆیان لە پێناسەکردن و باسکردنی لاداوە ئەساسەن خوازیاری لەنێوبردنی نەریت و بە وتەی خۆیان ڕووخانی ستراکتۆرە کۆنەکان بوون ( ڕەهەند،٢٠٠٣ : ٥/ژ١٥-١٤)
دیارە پێناسەکردن و باسکردن لە مرۆڤ و کۆمەڵ لەپێناو چاکسازی، پێویستی تەواوی بە ناسینی نەریت و دەرککردنی بایەخ و پێگەی نەریت هەیە و دیارە غیابی ئەم بابەتە لە کایەی ڕۆشنبیریی کوردی و بەتایبەت لە کایەی ڕەهەندییەکان، بەڕوونی دەبیندرێت، لێرەوە پرسیار ئەوەیە، ڕۆشنبیران لە سەر چ بنەمایەک باس لە کۆمەڵ دەکەن و هەر لەبنەڕەتەوە کۆمەڵ چۆن پێناسە دەکەن؟
لەم ڕووەوە، دەکرێت بانگەشەی ئەوەش بکرێت ناشارەزایی لە پێگەی نەریت و کاریگەریی قووڵ و مێژووی نەریت لە کۆمەڵدا لەلایەکەوە و هەوڵ بۆ لاساییکردنەوە لە ڕۆژئاوا و خوێندنەوەی کۆمەڵی کوردی بە پێوەری ڕۆژئاوایی لەلایەکی دیکەوە، جگە لە ملکەچیی فەرهەنگی و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵ، دەستکەوتی ئەوتۆی نابێت و ئێستاکە دەرکەوتەکانی بەڕوونی دەبیندرێت کە چۆن هەموو شتێک کە وا ڕەنگی کوردی ئەدات لە لێواری ڕووخان نزیک بووەتەوە و کۆمەڵ لەنێوان نەریت و تازەگەریدا تووشی سەرلێشێوان بووە؛ ئەوەش لە بیر نەکرێت بێئاگایی لە پێگەی نەریت و بەتایبەت پێناسەنەکردنی نەریت و گرنگینەدان بە نەریت و خۆهەڵواسین بە تازەگەریی بێبنەماوە، خۆی لە خۆیدا زەمینە بۆ سەرهەڵدانی سەلەفییەتی ئایینی و تەنانەت سەلەفییەتی فەرهەنگی و ڕۆژئاوایی خۆش دەکات، واتە ئەو شتەی کە ئیستا ڕۆشنبیران گیرۆدەی بوونە.
نەبوونی پڕۆژە:
ڕەھەند بیرکردنەوە بوو لە دروستکردنی پڕۆژەیەکی ڕۆشنبیریی ھەمەلایەن کە ھەوڵی گۆڕین و تازەکردنەوەیەکی بەرفراوانی ڕۆشنبیریی کوردی بدات و کاریگەریش لەسەر کایەکانی تری ناو کۆمەڵگای کوردستانی، بەجێ بھێڵێت. ( مەریوان وریا قانع: دەربارەی نێوەندی ڕەهەند و گۆڤاری ڕەهەند لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ژنەفتن سازدانی: بەرهەم ئەحمەد،٢٠٢١)
گەر ئاورێک لە ڕەوتی مونەوەریی کوردی و بەتایبەت مونەوەرانی نەوەی یەکەم و دووەم و تەنانەت سێیەم بدرێتەوە، کەم یان زۆر، لاواز یان بەهێز خاوەن پڕۆژە بوون، نەتەوەسازی، دەستپێکردنی گوتاری مێژوونووسانە، هەوڵ بۆ پەرەپێدانی خوێندنی کوردی، نووسینی مێژووی ئەدەبیات، ساغکردنەوەی میراتی ڕابردوو، بەشێک لەو پڕۆژانە بوون کە لەلایەن مونەوەرانی نەوەکانی پێشووە جێبەجێ کراون.
بەڵام ئێستاکە سەرەڕای هەوڵ بۆ دەستپێکردنی پڕۆژە و تەنانەت بانگەشەی دروستکردنی پڕۆژەیەکی ڕۆشنبیری، گەر پرسیار بکرێت، پڕۆژەی زۆربەی ئەم ڕۆشنبیرانە کامەیە و باس لە چ قەیرانێک دەکات، جیا لە ژمارەیەکی کەمیان، جیا لەوەی ڕەنگە نەکرێت لە چەندین لاپەڕەدا باسیان بکرێت، ئەساسەن لە کۆمەڵیشدا، کەمترین نیشانەکانی ئەم پڕۆژەیە بەدی ناکرێت. ئەوەش لە بیر نەکرێت گەر «بەڕۆژئاواییکردنی کۆمەڵی کوردی و ئاشناکردنی کۆمەڵ لەگەڵ بیرمەندانی ڕۆژئاوایی و «بەدیمۆکراسیکردنی ڕادیکالانە» وەک ئەوەی ڕەهەندییەکان، بانگەشەیان بۆ دەکرد، وەک پڕۆژە سەیر بکرێت، کە زۆر ناسازە و لەبنەڕەتەوە لە پڕۆژەی بنچینەیی و واقیعگەرایانە ناچێت، دەکرێت بانگەشەی ئەوە بکرێت ڕۆشنبیرانی زاڵی دەیەکانی هەشتا و نەوەد، خاوەن پڕۆژەی ستراتیژی و دیاریکراو و چارەنووسساز نەبوونە و گەریش هەبوونە، کەمترین پەیوەندیان لە گەڵ واقیع و نەریت و هەناوی کۆمەڵی کوردی و بەواتایەک قەیرانی سەرەکیی کۆمەڵ نەبووە.
ناشارەزایی لە مێژوومەندیی چەمک و هەوڵنەدان بۆ پێناسەکردنیان:
گەر ئاورێک لە بەرهەمکانی سەرجەم مونەوەران و ڕۆشنبیران کورد بدرێتەوە، بەردەوام باس لە چەمکی وەک ئازادی، بەرانبەری، مافی هاووڵاتی، دیموکراسی، ڕەخنە، مودێرنیتە، تازەگەری، دەسەڵاتی یاسا و زۆر چەمکی دیکە دەکرێت کە وەک پێویستیی سەرەکیی کۆمەڵی کوردی باس و پێناسە کراون و ئەساسەن دابەزاندن و پەرەپێدانی ئازادی و تازەگەری و یەکسانی و ڕۆشنگەری و بەواتایەک بەدیموکراسیکردنی کۆمەڵ و یاسامەندکردنی دەسەڵات، وەک بەشی سەرەکیی ئەرکی خۆیان دەزانن و بەردەوامیش گازندەی ئەوە دەکەن دوژمنانی دیموکراسی واتە دەسەڵاتی کوردی و «ستراکتۆرە کۆنەکان»ی کۆمەڵی کوردی بەر بەم دیارییانەی مودێرنیتە دەگرن و، دەبێت ئەم دەسەڵاتە و ئەم ستراکتۆرە کۆنانە بڕووخێندرێن.
دیارە چەمکی وەک ئازادی، یەکسانی و دیموکراسی، وەک دەستکەوتی دنیای مودێرنی ڕۆژئاوا، مێژوومەندن و بە واتایەک لەپڕا و بە ڕۆژێک لەدایک نەبوونە، بەڵکوو هەرکام لەم چەمکانە وەک دەستکەوتی دنیای نوێ ، مێژووی تایبەت بە خۆیان هەیە و لە ڕەوتێکی مێژوویی و بە کاریگەری لە فەزای فەرهەنگی و سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو وڵاتانە بەدی هاتوونە و لەم ڕووەوە پێویستە ئەم چەمکانە مێژوومەند سەیر بکرێن و تەنانەت پێناسەکردنی ئەم چەمکانە مێژوومەندانە بێت بۆئەوەی چاوەڕوانی لە ئاست سەرهەڵدان و پەرەپێدان لە کۆمەڵ و بەتایبەت کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەمی لە جڤاکە ڕۆژهەڵاتییەکان و بەتایبەتی کوردستاندا هەبێت.
دیارە ناشارەزایی لە پرسی نەریت لەلایەکەوە و ئاگادار نەبوون لە مێژوومەندیی ئەم چەمکانە لەلایەکی دیکەوە، بووەتە سەرئیشەی کایەی ڕۆشنبیری بۆ کۆمەڵ کە پێدەچیت جگە لە شێواندنی شیرازەی کۆمەڵ، کەمترین سوودی بۆ جڤاکی کوردی نابێت، واتە گەر بەردەوام وەک کاڵا و شتومەک سەیری ئەم چەمکانە بکرێت کە دەبێت لە کۆمەڵدا جێ بخرێن و پەرەیان پێ بدرێت، جگە لە سەرلێشێواوی و ئاوێزانبوون و ملکەچی، کەمترین ئاکام و دەستکەوتی نابێت.
بەگشتی، جیا لەو سەبەب و هۆکارانەی سەرەوە، دەکرێت ئاماژە بە چەندین هۆکاری دیکەی وەک سەرسوڕمان ل باتی بەپرسکردنی قەیران، شاعیرانە سەیرکردنی دنیا، پاشاگەردانی لە بازنەی ستایش و دژمنایەتی لەباتی ڕەخنە و مشتومڕی جیدیی فیکری لە کایەی ڕۆشنبیری و هەروەها نەبوونی بۆچوونی بنیاتنەرانە لە ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی کوردی لە ڕیزی بەرچاوترین تایبەتمەندییەکانی گوتاری ڕۆشنبیریی کۆمەڵی ئەمێستاکەی کوردستان و بەتایبەتی باشووری کوردستانن، کە وا لە دابەزاندنی ئاست و پێگەی ڕۆشنبیر بۆ گەڕیدە و کردنەوەی مارکێتی نوێی بیرمەندانی ڕۆژئاوایی و کۆکردنەوەی مورید و بەرەپێکەونان، کاریگەریی بەرچاویان هەبووە.
پاشنووسەکان:
١) چەمکی«دەستپێک» لەم نووسینەدا بە مەبەست هاتووە و لەم بارەوە دەکرێت بە دوو خاڵی سەرەکی وەک مەبەستی نووسەر ئاماژە بدرێت؛ یەکەم ئەوەی بەکارهێنانی چەمکی «دەستپێک» واتە ناکرێت و نابێت لەم نووسینەدا،چاوەڕێی توێژینەوەیەکی زانستی بکرێت، بەڵکوو دەکرێت وەک سەرەتای باسکردن و بەڕۆژەڤکردنی ئەم باتە لە ڕەهەندی جیاواز و هەڵبەتە بە شێوازێکی زانستی سەیر بکرێت. کەواتە، ئەم نووسینە بیانوویەکە بۆ بەڕۆژەڤکردنی ئەم بابەتە کە بەدڵنیاییەوە کاریگەریی بەرچاو و چارەنووسسازی بە دوو ئاراستەی ئەرێیی (ئیجابی) و نەرێیی (سلبی) لە کۆمەڵی کوردی لە بواری سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیدا داناوە؛ بۆیە دەبێت بەوردی و ڕژدی بخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوەی زانستی؛ دووەم، ئەوەی کە سیفەتی دەستپێک بەم نووسینە دراوە، جیا لەوەی پەلەی پێوەوە دیارە، بەدڵنیاییەوە لاوازی و کەموکوڕی و لەوانەی هەڵەی بەرچاویشی تێدا بێت، هەربۆیە، دەکرێت وەک دەرفەتێک بۆ لاکردنەوە لەم بابەتە گرنگ و کاریگەرە سەیر بکرێت.
٢) بۆ نموونە، ئەمین زەکی بەگ، زەنجیرەیەک ژیاننامەی ناودارانی کورد لە ڕۆژی (١)ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٣٩ و لە ڕۆژنامەی گەلاوێژ بۆ ماوەی نزیک بە یەک دەیە دەست پێدەکات و «عەلائەدین سەجادی» یش، «مێژووی ئەدەبی کوردی، مێژوو، ئەدەب، زانیاری» لە ساڵی ١٩٥٢ بڵاو دەکاتەوە، کە دەکرێت وەک بەشێک لە پڕۆژەی نەتەوەسازی و ناسنامەی کوردی سەیر بکرێت.
٣) کۆکردنەوەی میراتی ئەدەبی کوردی و بەتایبەتی شیعر، پێشتر لە قەوارەی کەشکۆڵی جیاجیا و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان ئەنجام دەدرا؛ دواتر ڕۆژنامە کوردییەکان، وەک بەشێک لە پڕۆژەی نەتەوەسازی و هەروەها پێناسەکردنی ناسنامەی کوردی، نووسینەوەی ژیاننامە و هەروەها بڵاوکردنەوەی شیعری شاعرانی پێشوویان دەست پێکرد و بۆ یەکەمجاریش، عەلائەدین سەجادی ساڵی ١٩٥١، کۆی شاعیرانی کوردی بە گۆرانی و کرمانجی و سۆرانی لەژێر ناونیشانی "مێژووی ئەدەبیاتی کوردی" کۆ و بڵاو کردەوە کە ئەمە خۆی لە خۆیدا، وەک بەشێک لە پڕۆژەی نەتەوەسازی و ناسنامەسازی پێناسە دەکرێت کە سەرجەمی شاعیرانی کورد لە بەرهەمێکدا وەک بەشێک لە ناسنامەی مێژوویی کورد بڵاو دەکرێتەوە و، دواتریش مارف خزنەدار ساڵی ١٩٧٦ و لە شاری مۆسکۆ، هەر لەم ئاراستەیەدا، دووەم مێژووی ئەدەبیاتی کوردیی بڵاو کردەوە. بڕواننە: سجادی، علاءالدین (١٩٥٢)، مێژووی ئەدەبی کوردی، مێژوو، ئەدەب، زانیاری، بەغدا، معارف
خزنەدار، مارف (١٩٧٦)، میژووی ئەدەبی کوردی نوێ، مۆسکۆ
٤)هاوکات لە گەڵ ئەم بەرەیە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەسانی وەک ئەمیر حەسەن پور، عەباس وەلی و لە باکووریش کەسانی وەک مووسا عەنتەر و بۆز ئەرسەلان سەرهەڵدەدەن کە خاوەن گوتاری تایبەتن و زۆرتر سەرقاڵی کاری زانستگایی دەبن تا چالاکیی باوی ڕۆشنبیرانە.
٥) باسکردن لە گوتاری ڕۆشنبیریی نەوەی چوارەمی کورد، دەبێت لە چەندین بەشدا بخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە؛ بۆ نموونە، گوتاری ڕەهەندییەکان گەرچی لە گەڵ گوتاری ڕۆشنبیرانی وەک د. فاروق ڕەفیق، خاڵی هاوبەشی تێدا بەدی دەکرێت بەڵام لەلایەکی دیکەوە تەواو جیاوازە و لەم بارەیەوە دەبێت کاتی باسکردن لە گوتاری ئەم بەرەیە ئاگاداری ئەم وردەکاری و دابەشکارییانە ببین. بۆ نموونە، کەسێکی وەک فاروق ڕەفیق دەیەوێت لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە بڕوانێتە کۆمەڵی کوردی و کێشەکانی بەردەمی و لەم ڕووەوە زۆر جار لە شێوازدا بیرمەند دەردەکەوێت. «بەختیار عەلی» خۆیشی لەم بارەوە و لە دیمانەیەک لەگەڵ ماڵپەڕی ژنەفتن، بەڕاشکاوی دەڵێت:« ڕەهەندی تا ئەو شوێنە ڕاستە کە تەنیا ئاماژەیە بۆ گۆڤارێک، لەوە دەرچێت سەختە جگە لە کۆمەڵێک خەسڵەتی گشتی، شتێکی قووڵ و هاوبەش لە فیکر و بابەت و شێوەی ئیشکردنی نووسەرەکانیدا بدۆزینەوە» (بڕواننە: دەربارەی نێوەندی ڕەهەند و گۆڤاری ڕەهەند، بەختیار عەلی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ژنەفتن.)
هەر لەم ئاراستەیەدا، نووسەری ئەم بابەتە دەیەوێت لە داهاتوویەکی نزیکدا و لە درێژەی پڕۆژەی نووسینەوەی مێژووی ڕۆشنبیریی کوردی، بەوردی باس لە گوتاری ڕەهەندییەکان و هەروەها کەسانی وەک د. فاروق ڕەفیق، مووسا عەنتەری و.... بکات.
٦) ئەم دابەشکاری و قۆناغەبەندییە واتە دابەشکردنی ڕەوتی مونەوەری کوردی بۆ چوار نەوە، بۆ یەکەم جار لەلایەن نووسەری ئەم نووسینەوە پێشکەش کراوە و لەم ڕووەوە دەبێت ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکرێت:
یەکەم: هەر وەک لە ناونیشانی نووسینەکەدا هاتووە، ئەم نووسینە وەک دەستپێکە بۆ باسکردن و ئاماژەدان بە ڕەوتی مونەوەریی کوردی و هەروەها گوتاری مونەوەرانی کوردی و بەتایبەت گوتاری مونەوەرانی ئێستای کورد و، لەم بارەوە کەموکووڕی و لاوازیی زۆری تێدایە، بۆیە نووسەر بەردەوام سەرقاڵی بە زانستیکردنی ئەم دابەشکارییەیە و پاش بە زانستیکردن و مێژوومەندکردنی ئەم دابەشکارییە و بە واتایەک قۆناغبەندییەی مێژووی ڕۆشنبیرانی کورد، لە زنجیرەیەک توێژینەوەدا پێشکەش دەکرێن.
دووەم: بەدڵنیاییەوە، ناوی زۆر مونەوەر لە کاتی باسکردن و ئاماژەدان بە چوار نەوە لە مونەوەرانی کورد نەبراوە و، ئەمە بە مانای ئەوە نییە ئەوان مونەوەر نەبوونە، بەڵکوو هەر وا کە ئاماژە درا ئەم نووسینە تەنیا دەروازە و سەرەتایەکە بۆ باسکردن و ئاماژەدان و بەتایبەتی توێژینەوەی زانستی و سەربەخۆی ڕەوتی مونەوەری و هەروەها گوتاری مونەوەرانی کورد و بەدڵنیاییەوە لە توێژینەوەی داهاتوودا هەوڵ دەدرێت ئاماژە بە سەرجەمی مونەوەرانی ئەم چوار نەوەیە بدرێت و هەروەها پێناسەیەکی گشتگیر لە چەمکی مونەوەر و مەبەستی نووسەر لە دوو چەمکی مونەوەر و ڕۆشنبیر بکرێت.
(٧New Historicism
بۆ شارەزایی لە ڕێبازی «نوێ مێژووگەرایی» یان مێژووخوازیی نوێ، بڕواننە:
Greenblatt, Stephen, and Catherine Gallagher (2000). Practicing New Historicism. USA: The University of Chicago Press
Hamilton, Paul (1996). Historicism. London: Routledge
٨) پێناسەکردن و باسکردن لە نەریت یان هەمان« tradition»ی کوردی، پێویستی بە کات و دەرفەت و نموونەهێنانەوە و تەنانەت ئاوڕدانەوە لە ڕەوتی مێژووی وشیاریی تاک و قەومی کوردی هەیە، کەواتە بێ شارەزایی لە بەستێن و ڕەوتی وشیاریی قەومی کورد، باسکردن و پێناسەکردنی نەریتی کوردی بێمانا و لاواز دەبێت؛ لەم ڕووەوە مەبەست لە نەریت ئەو بەستێن و تێکست و دەقانەیە کە وا لەڕێگەیانەوە وشیاریی قەومی بیچم دەگرێت.
وەک موژدەیەک، بە پێشنیاری بەڕێز د.فاروق ڕەفیق وا بڕیارە ژمارەیەکی داهاتووی ژۆڕناڵی "ئاوەز" بۆ باسکردن لە نەریت و نەریتی کوردی تەرخان بکرێت.
٩) بەم دواییانە، بەڕێز ڕێبوار سیوەیلی لە وتارێکدا بە ناوونیشانی "نەریت و زانست"، ئاماژەی بە گرنگیی نەریت داوە و تەنانەت پێناسەیەکیشی کردووە و لەم بارەوە دەنووسێت: «خۆمان لە پێناسەی دوورودرێژ دەپارێزین و نەریت/نەریت وەك “زانایی دیارگەرایانە/لۆكاڵی ”و زانست وەك “زانایی جیهانی” پێناسە دەكەین و لەجیاتی ئەوەی لە جیاوازییەكانیان بدوێین، باس لە پەیوەندییەكانیان و گرنگییان بۆ یەكتر دەكەین. لە وشەی نەریتدا هەم ئەزموون و هەم زانین پێكەوە دێن.»
دیارە ئەم پێناسەیە لە نەریت، تاڕادەیەکی بەرچاو کاڵ و لاواز و ناتەواوە. دیارە ئەم جۆر پێناسەیە باس لەو ڕاستییە دەکات پرسی نەریت لە کایەی ڕۆشنبیریی کوردیدا، هێشتا لە سەرەتادایە و کەمترین خوێندنەوەی بۆ نەکراوە؛ بەس هەر وەک سەرەتا و دەستپێکێ بۆ باسکردن و بەڕۆژەڤکردنی ئەم بابەتە، ئەم بابەتەی سیوەیلی، شیاوی لێوردبوونەوە و بیرلێکردنەوە و دواجار ڕەخنە و مشتومڕە. بڕواننە: سیوەیلی، ڕێبوار (٢٠٢٣) نەریت و زانست، ماڵپەڕی ژنەفتن.
١٠) بڕواننە: ڕەهەند،ژ١٥-١٤، هەڵویستە، لاپەڕە ٥.
١١) وەک نموونە، بەڕێز د.فاروق ڕەفیق، پێناسەیەکی مێژوومەندانەی لە ڕەخنە کردووە کە پێدەچێت پێناسەی لەم چەشنە پێویستیی ئەمێستاکەی کۆمەڵی ئێمە بێت. هەر وەک ئاماژەی پێدرا، ئەم چەشنە پێناسەکردنە جیا لەوەی ئاستی چاوەڕوانیی ئێمە لە کۆمەڵدا بۆ دابەزاندنی ئەم چەمکانە، ڕێکوپێک و بە واتایەک واقیعگەرانە دەکات، هاوکات هانی ئەوە دەدات بیر لە کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەمی بکرێتەوە و لە توڕەیی و پەرچەکرداری نازانستی پارێز بکرێت و، هەر لەم بارەیەوە، واتە ڕوانگەی مێژوومەندانە بەم چەمکانە، دەکرێت بە دەستکەوت و سوودی زۆرتر ئاماژە بکرێت کە لێرەدا بە گونجاو نابیندرێت. بڕواننە: ڕەفیق، فاروق (٢٠٢٤)، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و پەروەردەکردنی ئاوەز، ژۆڕناڵی ئاوەز، ژمارە ١.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved