جۆرج ئۆروێل
و/ عەبدولخالق یەعقووبی
جۆرج ئۆروێل [George Orwell] (١٩٠٣-١٩٥٠) ناوی خوازراوی ئیریک ئارتۆر بلێرە، (Eric Arthur Blair) یەک لە نووسەرانی ناسراوی ئینگلیزیی سەدەی بیستەم. زۆربەی ڕۆمان و وتار و ڕەخنە ئەدەبییەکانی ئۆروێل ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و مرۆیی و بەتایبەت سیاسییان هەیە. ئۆروێل ڕۆژنامەڤان و ڕۆماننووسێکی دیاری جیهانییە و نووسەری هەردوو ڕۆمانی بەناوبانگی 1984 و کێڵگەی ئاژەڵان-ە کە بە دوو ڕۆمانی گرنگی دنیا دادەنرێن. بەپێی ڕاپرسییەکی "بی بی سی"، ڕۆمانی 1984 لەناو لیستی سەد کتێبی گەورەی سەدەی بیستەمدایە. ئۆروێل باوەڕی قووڵی بە سۆسیال دیموکراسی و یەکسانیی کۆمەڵایەتی هەبوو و دوژمنی قەستەسەری پاوانخوازی و تۆتالیتاریزم بوو. لە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیادا لە دەیەی ١٩٣٠ دژی فرانکۆی دیکتاتۆر چووە نێو ڕیزی کۆماریخوازانەوە و لە جەنگدا بریندار بوو.
ناونیشانی سەرەکیی ئەم وتارەی بەردەستتان، کە ساڵی ١٩٤٨ و پاش جەنگی دووەمی جیهانی نووسراوە، "Writers and Leviathan"یە (نووسەران و لێڤیاتان). ڕەگوڕیشەی وشەی لێڤیاتان عیبرییە و بە واتای دێوەزمەیەکی دەریایی و ئەفسانەیی دێت کە لە کتێبی بەڵێنی کۆن (تەورات) و نووسراوی مەسیحییەکاندا باسی کراوە. فەیلەسوفی ناوداری سەدەی هەژدەهەم تامس هابز لە کتێبێکی ناسراویدا هەر بەم ناونیشانە بەرگری لە دەسەڵاتی ڕەهای حوکمڕان دەکات و دەوڵەتی بەهێزی کەسێکی ئەوتۆ بە "لێڤیاتان" ناو دەبات. دیارە لە سەردەمی مۆدێرندا، مەبەست لەو هێزە هەمەلایەنەی دەوڵەت هەمان ئایدۆلۆژییە کە لەڕێگەی کەناڵە تایبەتەکانی دامەزراوەگەلی دەوڵەتەوە، وەکوو، بۆ نموونە، پەروەردە و ڕاگەیاندن، بەسەر مێشک و بیری جەماوەردا دەسەپێندرێت. لێرەدایە ئەرکی نووسەران و ڕۆشنبیرانی مرۆڤدۆست و دژەدیکتاتۆری، بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو خۆسەپێنییەی هێزی ڕەهای دەوڵەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەموو جومگەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی ئاسایی دەست پێدەکات. ئەوە ئەو شتەیە ئۆروێل ناوی دەنێت ڕاستگۆیی هزریی نووسەران و ڕۆشنبیران، وەک پێشەنگانی بەرەی کۆمەڵگەی مەدەنی، لەهەمبەر ڕەهەندگەلی نامرۆڤانەی دەوڵەتداران، وەک خاوەن ئۆتۆریتەی سیاسی.
-وەرگێڕ-
بارودۆخی نووسەر لە سەردەمی کۆنتڕۆڵی دەوڵەتیدا بابەتێکە تاڕادەیەک زۆر باسی کراوە، ئەگەرچی بەڵگە و هۆکاری پەیوەندیدار بەو بابەتە هێشتا بەردەست نییە. لێرەدا نامەوێت لە نکووڵیکردن یان پەسندکردنی پشتیوانیی دەوڵەت بۆ هونەر، باوەڕی خۆم دەرببڕم؛ تەنیا دەمەوێت بڵێم ئەوەیکە چ جۆرە دەوڵەتێک بەسەر ئێمەدا حوکم بکات زۆرجار پەیوەندیی بە کەشوهەوای ڕووناکبیریی باڵادەستەوە هەیە، واتە، لەنێو ئەم مژارەدا، لە هەندێک لایەنەوە، پابەندی هەڵوێست و تێڕوانینی نووسەران و هونەرمەندان خۆیانە و پابەندی ئەەوی ئایا ئەوان ئامادەن ڕۆحی لیبڕالیزم زیندوو ڕابگرن یان نا. ئەگەر دە ساڵی دیکە بە چاوی خۆمان ببینین لەبەرانبەر کەسێکی وەک ژدانۆڤ خۆمان سووک دەکەین، لەوانەیە بەم هۆیە بێت کە شایستەی دۆخێکی وا بووین. دیارە لەنێو ڕۆشنبیرانی ئەدەبیی ئینگڵتەرا هەر لە ئێستاوە داگەڕان و خواستی بەهێز بۆ تۆتالیتاریزم هەیە. لێرەدا من باسی بزووتنەوەگەلی خودئاگا و ڕێکخراوی وەک کۆمۆنیزم ناکەم، بەڵکوو دەمەوێت لەوە بکۆڵمەوە کە هزری سیاسی و پێویستیی بەرەسازی و ئاراستەکردنی سیاسی، لەسەر کەسانی نییەتپاک چ کاریگەرییەک دادەنێت.
سەردەمی ئێمە سەردەمێکی سیاسییە. ئەوەی ڕۆژانە بیری لێ دەکەینەوە و، هەربۆیە، لەسەری دەنووسین، شتگەلێکە لەچەشنی جەنگ، فاشیزم، کەمپی کاری زۆرەملێ، گورزی کارەبایی و بۆمبی ئەتۆمی، تەنانەت ئەو کاتەی بەڕاشکاوی ناویان نابەین. خۆ بە دەست خۆمان نییە. کاتێک لە پاپۆڕێکداین خەریکە نوقم دەبێت، دیارە دەبێت بیر لە نوقمبوون و خنکان بکەینەوە. بەڵام تەنیا بابەتی بیرکردنەوەی ئێمە نییە کە بەمجۆرە سنوودار دەکرێت، بەڵکوو سەرلەبەری هەڵوێست و تێڕوانینی ئێمە لەو پێگانەوە ئاو دەخواتەوە کە لانیکەم جاروبار پێی دەزانین کە نائەدەبییە.
من زۆرجار وا هەست دەکەم تەنانەت لە باشترین حاڵەتدا، ڕەخنەی ئەدەبی جۆرێک گزی و فریوکارییە، چونکی کاتێک هیچ چەشنە پێوەرێکی پەسندکراو و هیچ جۆرە ژێدەرێکی بەرهەست لەئارادا نەبێت کە واتایەک بەم قسەیە بدات کە فلانە کتێب "باش"ە یان "خراپ"، هەر چەشنە هەڵسەنگاندنێکی ئەدەبی تەنیا بریتییە لە داڕشتنی کۆمەڵێک ڕێسای ساختە بۆ پاساودانەوەی پەرژاندنێکی (پەسندکردنێکی) سروشتی. پەرچەکرداری ڕاستەقینەی تاک لەهەمبەر هەر کتێبێک (هەڵبەت ئەگەر هەر لەبنەڕەتەوە پەرچەکردارێک بنوێنێت) ئەمەیە کە "ئەم کتێبەم پێ خۆشە" یان "پێ خۆش نییە" و، ئەوەی دیکە هەرچییەک بێت داتاشینی هۆیە. بەڵام، بە بڕاوی من، "ئەم کتێبەم پێ خۆشە"، پەرچەکردارێکی نائەدەبییە. پەرچەکرداری نائەدەبی واتە ئەوەی "ئەم کتێبە هاوڕای ئەو لایەنەیە کە من لایەنگری ئەوم و، هەربۆیە، دەشێت کۆمەڵێک باشەی تێدا بدۆزمەوە". هەڵبەت کاتێک کەسێک بە هۆکاری سیاسی کتێبێک پەسند و ستایشت دەکات، لەوانەیە لەلایەنی سۆزداریشەوە ڕاستۆک بێت، بە واتای ئەوەی لە باری سۆزدارییەوە ئەو کتێبە دەسەلمێنێت، بەڵام زۆرجاریش هەڵدەکەوێت وابەستەبوونی حزبی پێویستی بە درۆکردنە.
هەر کەسێک کە کەموزۆر لە گۆڤارە سیاسییەکاندا خوێندنەوە بۆ کتێب پێشکەش دەکات، بەتەواوی ئاگاداری ئەم بابەتەیە. بەگشتی، ئەگەر لە گۆڤارێکدا کار دەکەن کە هاوڕای ئەو گۆڤارەن، لەڕێگەی ئەو شتەی دەینووسن تاوان دەکەن؛ ئەگەریش بۆ گۆڤارێک دەنووسن سەر بە لایەنی نەیار، لەڕێگەی ئەو شتەی ناینووسن تووشی تاوان دەبن. بە هەمەحاڵ، کتێبگەلێکی بێئەژمار بۆ لایەنگری یان دژی ڕووسیا، بۆ لایەنگری یان دژی جوولەکە، بۆ لایەنگری یان دژی کلێسای کاسۆلیک و هتد دەکەونە تای تەرازووی هەڵسەنگاندنەوە پێش ئەوەی بخوێندرێنەوە یان لەڕاستیدا تەنانەت پێش ئەوەی بنووسرێن. پێشتر دەزانین لە چ گۆڤارەیلێکدا چۆن پێشوازی لەم کتێبانە دەکرێت. بەو حاڵەشەوە، لەڕێگەی درۆکردن و گزییەکەوە، کە لەوانەیە تەنانەت بە چارەکێک لەو درۆ و گزییانە نەزانرێت، ئەم ڕواڵەتبازییە هێشتا لە جێی خۆی دەمێنێتەوە کە ئەو ڕەخنەیەی دەنووسرێت بەتەواوی لەگەڵ پێوەرە ئەدەبییە ڕاستەقینەکاندا دەگونجێت.
هەڵبەت هێرشی سیاسەت بۆسەر گۆڕەپانی ئەدەبیات ناچارەکی هەر ڕووی دەدا و، دەبوایە ڕوویدابوایە تەنانەت ئەگەر گرفتی تایبەتی تۆتالیتاریزم هیچ کات پێش نەهاتبا، چونکی ئەمڕۆ ئێمە تووشی جۆرێک ئازاری ویژدان بووین کە بابوباپیرانمان لێی بێئاگا بوون؛ ئێمە ئەمڕۆ لە بێدادی و ڕۆژەڕەشییەکی گەورەی زاڵبوو بەسەر دونیادا بەئاگا بووینەتەوە و تووشی ئەم هەست بە تاوانکردنە هاتووین کە هەرکەس دەشێت بەش بەحاڵی خۆی هەوڵێک بۆ بەربەرەکانیکردن لەدژی بکات و، ئەم بابەتە پاراستنی تەنێ تێڕوانینێکی جوانیناسانە و هونەری لەهەمبەر ژیان نەکردە و نامومکین دەکات. ئەمڕۆ ئیتر هیچ کەس ناتوانێت وەکوو جەیمز جۆیس یان هێنری جەیمز کەلەڕەقانە و بێ گوێدان بە هیچ شتێک ژیانی خۆی بۆ ئەدەبیات تەرخان بکات. بەڵام بەداخەوە وەرگرتنی بەرپرسایەتیی سیاسی هەنووکە بە واتای ملکەچبوونە لەهەمبەر شێوە هزرییەکانی ڕێبازێکی تایبەت و "هێڵی حزبی" کە دواجار ترسەنۆکی و پارێزکاری و تەنانەت درۆکردن و فریوکاریی لێ دەکەوێتەوە. لە بەراورد بە نووسەرانی سەردەمی ڤیکتۆریا [واتە سەدەی نۆزدەهەم]، ئێمە تووشی ئەم سەرئێشەیە بووین کە لەنێو کۆمەڵێک ئایدۆلۆژیی سیاسیی ڕوون و دیاریکراودا دەژین و بە چاولێکردنێک دەزانین کام هزری سیاسی بیدعەئامێزە. بەختەوەرانە زۆرجار پتر لە تاکە یەک گرووپ هەن، بەڵام لە هەر سەردەمێکدا یەک ڕێباز لە پێگەی باڵادەستیدایە کە لادان لەو ڕێبازە زاڵە، پێویستی بە سەبری زۆرە و و جاروبارە بە واتای کەمبوونەوەی داهاتە بۆ نیوە، لە ساڵانی دواتردا.
لە پازدە ساڵی ڕابوردوو، ڕێبازی باڵادەست، بەتایبەتی لەنێو گەنجاندا، بەڕوونی ئایدۆلۆژیی "چەپ" بووە. لەم ڕێبازەدا، وشە سەرەکییەکان بریتی بوونە لە "پێشڕەو"، "دیموکراتیک" و، "شۆڕشگێڕی" و، ئەو تۆمەتانەی کە هەرچۆنێک بێت دەشێت خۆی لێ بپارێزرێت، تۆمەتی وەکوو "بۆرژوا" و "کۆنەپەرست" و "فاشیست". لەمڕۆکەدا هەموو کەس، تەنانەت زۆرینەی کاسۆلیک و پارێزکاران، یان "پێشڕەو" و "پێشکەوتووخواز"ن، یان دەخوازێت بەم ناوەوە بناسرێت. ئەوەندەی بزانم، هیچ کەس هەرگیز وەک "بۆرژوا" باسی خۆی ناکات و، ئەوەی دەتوانێت بخوێنێتەوە و بنووسێت و وشەی "دژەجوو"ی بیستبێت، هیچ کات دان بە دژەجووبوونی (anti-Semitism) خۆی دانانێت. ئێمە ئەمڕۆ هەموومان بە دڵێکی پاکەوە خاوەن هەڵسوکەوتی دیموکراتیکین؛ دژەفاشیست و دژەئەمپیریالیستین؛ بێزارین لە جیاوکە (ئیمتیازات) چینایەتییەکان و بەتوندی نەیاری جیاکارییە نەژادییەکانین. بچووکترین گومان هەڵناگرێت کە هێڵی ڕێبازی "چەپ" باشترە لە هێڵی ڕێبازی بەدەمار و قۆڕەدەماخ و خۆنوێن و مەراییکەری پارێزکاری (Conservative) کە بیست ساڵ لەمەوبەر کاتێک گۆڤاری Criterion و (لە ئاستێکی نزمتردا) بلاڤۆکی London Mercury لەنێو گۆڤارە ئەدەبییەکاندا بەبرەو بوون، ڕێبازی هزریی باڵادەست بوو. لانیکەم ئامانجی لاوەکی و کردەکیی ڕێبازی "چەپ" دامەزراندنی جڤاکێکە زۆرینەی خەڵک خوازیاری ئەون. هەڵبەت ئەو ڕێبازەش درۆودەلەسە و نادروستیگەلی تایبەت بە خۆی هەیە کە لەسۆنگەی ئەوەی هەرگیز دانیان پێدا نانێت، ڕێگە نادات لەبارەی هەندێک پرس و مژار بە ئاوایەکی جیدی مشتومڕ بکرێت.
سەرلەبەری ئایدۆلۆژیی چەپ، گەر زانستی و گەر خەیاڵی و یوتۆپیایی بێت، لەسەر دەستی کەسانێک هاتە ئاراوە و فراژۆ بوو کە ئەگەری ئەوە لە گۆڕێدا نەبوو لە داهاتووی نزیکدا دەسەڵات بگرنە دەست. هەربۆیە، ئایدۆلۆژیی چەپ بوو بە ئایدۆلۆژییەکی توندئاژۆ و بناژۆخواز کە بە چاوی سووک و بەبێزەوە لە پاشا و حکوومەت و یاسا و بەندیخانەکان و پۆلیس و سوپا و ئاڵا و سنوورە نیشتمانییەکان و نیشتمانپەروەری و ئایین و ئەخلاقی باو و بەکورتی لە سەرلەبەری سیستەمی بەردەستی دەڕوانی. بە جۆرێک خەڵکانێک کە تا ئێستا زیندوون، لە بیریان ماوە، هێزە چەپەکان لە هەموو وڵاتاندا دژی دیکتاتۆرییەکی بەڕواڵەت شكستنەهێن دەجەنگان و، لەم ڕووەوە، بەئاسانی وا گریمان دەکرا ئەگەر ئەو دیکتاتۆرییەتە تایبەتە – واتە سەرمایەداری- بڕووخێت، دیارە سۆسیالیزم جێگەی دەگرێتەوە. جیا لەمە، چەپ میراتگری هەندێک باوەڕی جێی گومانی لیبڕالیزمیش بوو، باوەڕی لەچەشنی ئەوەی هەقیقەت و ڕاستی دواجار سەردەکەوێت و ئازار و ئەشکەنجەی نەیاران لە ئەنجامدا شكست دێنێت و مرۆڤ بە سروشت ناخپاک و ڕەوشتبەرزە و ئەوە ژینگەیە ئەویان لە ڕێ بەدەر و گەندەڵ کردووە. هێزی ئەم ئایدۆلۆژی ئایدیالە کەموزۆر لە هەمووماندا ماوەتەوە و بەپاڵپشتیی ئەوە، کاتێک بۆ نموونە دەوڵەتی کرێکاریی بریتانیا بودجەیەکی زەبەلاح بۆ تێچووی کچانی پاشا پەسند دەکات یان بۆ بەنیشتمانیکردنی پیشەسازیی پۆڵا ڕاڕا و دوودڵە، هەموومان دەنگ هەڵدەبڕین و پرۆتێستۆی دەکەین. بەڵام، جیا لەمە، لە ئەنجامی ئەوەی زەبری هەندێک ڕاستیمان وێ کەوتووە، زنجیرەیەک دژایەتیش (contradictions) لە مێشکی خۆماندا کەڵەکە کردووە کە هیچ کات دانیان پێدا نانێین.
یەکەم گورز شۆڕشی ڕووسیا بوو. کەموزۆر سەرلەبەری باڵی چەپی ئینگلتەرا بە هۆکاری ئاڵۆز و ناچارەکی دەڵێت ڕژیمی ڕووسیا "سۆسیالیستی"یە، بەڵام لەهەمان کاتدا بێ ئەوەی لەمەڕ پرسەکە لە هەرای بدات، زۆر باش دەزانێت کە هەم جەوهەر، هەمیش کردەی ئەو ڕژیمە لەگەڵ هەرشتێکی لەم وڵاتەدا پێی دەگوترێت "سۆسیالیزم" نامۆیە. کەواتە، جۆرێک شێوازی فیکریی سکیزۆفرنیک (دەروون شێواوی) سەری هەڵداوە کە وشەگەلێکی وەکوو "دیموکراسی" دوو واتای ئاشتی هەڵنەگر بە دەستەوە دەدەن و، شتی وەکوو کەمپی کاری زۆرەملێ و کۆڕەوی خەڵک بۆی هەیە لە یەک کاتدا هەم دروست بێت، هەمیش هەڵە. گورزی دواتر کە لە ئایدۆلۆژیی چەپ درا، سەرهەڵدانی فاشیزم بوو کە ئاشتیخوازی و ئەنتەرناسیۆنالیزمی باڵی چەپی هەژاند، بێ ئەوەی هیچ جۆرە دەربڕینێکی دووبارەی وانەکانی سۆسیالیزمی لێ بکەوێتەوە. کاتێک ئەڵمانییەکان وڵاتانی دیکەیان داگیر کرد، ئەم ئەزموونە هەمان وانەی عیبرەتی فێری خەڵکی ئەوروپا کرد کە خەڵکی کۆلۆنییەکان (وڵاتانی داگیرکراو) پێشتر فێری بووبوون، بە واتای ئەوەی خەباتی چینایەتی لە پلەی یەکەمی گرنگیدا نییە و، کۆمەڵێک چشتی دیکەش لەچەشنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان هەن. پاش هیتلەر، ئیتر نەدەکرا هەر بەو ڕێژەیە لە جیدییەت بگوترێت کە "دوژمن لەنێو وڵاتی ئێمەدایە" و سەربەخۆیی نەتەوەیی بێبەهایە. بەڵام ئەگەرچی هەموومان بەم بابەتە دەزانین و لە کاتی پێویست بەگوێرەی ئەم ئەسڵە دەجووڵێینەوە، هێشتا ئەم هەستە داگیری کردووین کە گوتنی ئەم بابەتە بە دەنگی بەرز جۆرێک ناپاکی و خیانەتە. دواجاریش لە هەموو گرفتەکان گەورەتر ئەمەیە چەپ هەنووکە لە لوتکەی دەسەڵاتدایە و دەشێت شان بداتە بەر بەرپرسایەتی و بڕیاری ڕاستەقینە بدات.
حکوومەتگەلی چەپ کەموزۆر هەمووکات پشتیوانەکانی خۆیان نائومێد و هیوابڕاو کردووە، چونکی تەنانەت لەو کاتانەی کە ئەو ئاوەدانی و سامانەی کە بەلێنیان داوە بیهێننە دی لەبەر دەست بێت، پێشتر لەبابەت ماوەی پێویست و سەرئێشەهێنی تێپەڕین یان گواستنەوە کەمتر شتێکیان باس کردووە. ئەمڕۆکە حکوومەتی خۆمان لە بریتانیا تووشی تەنگانەی ئابووریی تاقەتپڕووکێن بووە و لەڕاستیدا دەبێت دژ بە پڕوپاگەندەی ڕابوردووی خۆی بجەنگێت. قەیرانی هەنووکەیی ئێمە نەک وەکوو بوومەلەرزە بەڵایەکی لەکتوپڕ بووە کە بەسەرماندا هاتبێت و، نە لەسۆنگەی جەنگ هاتووەتە ئاراوە. جەنگ تەنیا خێرای کردووە. لە دەیان ساڵ لە مەوبەرەوە دەکرا پێشبینی بکرێت شتێکی لەم جۆرە ڕوو دەدات.
لە سەدەی نۆزدەهەمەوە تا ئێستا، بەشێکی داهاتی ناوخۆی ئێمە هەمووکات وابەستەی سوودی وەدەستهاتوو لە وەبەرهێنانی بیانی و بازاڕی جێی متمانە و ماکی سەرەتایی هەرزان لەنێو کۆلۆنییەکان بووە کە لەهەمان کاتدا لەڕادەبەدەر لەرزۆک و نادڵنیاییبەخش بووە. قسەی تێدا نەبوو دواجار درەنگ و زوو ڕووداوێکی خراپ دەقەومێت و، ناچار دەبین لەنێوان ڕێژەی هەناردە و هاوردەماندا هاوسەنگییەک دروست بکەین و، کاتێک ڕووداوێکی لەمجۆرە ڕوو بدات، ئاستی ژیانی خەڵک، یەک لەوان چینی کرێکار، لە بریتانیا بە شێوەی کاتی دادەبەزێت. بەڵام حزبە چەپەکان تەنانەت ئەو کاتانەی هاواری دژەسەرمایەدارییان دەکرد، هەرگیز ئاوڕیان لەم ڕاستییانە نەدایەوە. جاروبار دەیانسەلماند کەوا کرێکارانی بریتانی تاڕادەیەک لە تاڵانکردنی ئاسیا و ئەفریقا قازانجیان کردووە، بەڵام هەموودەم ڕێگەیان دەدا وا پێ بچێت دەتوانین دەست لە ڕووتکردنەوەی وڵاتان هەڵگرین، بەڵام لەهەمان کاتدا کاروبارمان بەسوود و بەبرەو بمێنێتەوە. بێ گومان، زۆربەی کرێکاران لەسۆنگەی ئەوەی پێیان گوترابوو خەریکن دەچەوسێندرێنەوە، ڕوویان کردە سۆسیالیزم. بەڵام ڕاستیی ڕوون ئەوە بوو ئەگەر سەرلەبەری جیهان لەبەر چاو بگرین، کرێکاران خۆیان چەوسێنەر بوون. هەنووکە هەمووشتێک باس لەوە دەکات ئاستی ژیانی چینی کرێکار نەک هەر بەرز نابێتەوە، بەڵکوو هێشتنەوەی لەو ئاستەی ئێستاشیدا نەکردەیە و مومکین نییە. تەنانەت ئەگەر هێندە گوشار بخەینە سەر دەوڵەمەندان کە ئاسەواریان لێ نەمێنێت، دیسان کۆمەڵانی خەڵک دەبێت یان کەمتر بەرخۆر بن یان بەرهەمهێنانیان زیاتر بێت. پێتان وایە خەریکم شتەکان لە بارتەقای خۆی گەورەتر نیشان دەدەم؟ لەوانەیە و، زۆر خۆشحاڵ دەبم بزانم هەڵەم کردووە. بەڵام خاڵێک کە دەمەوێت بیڵێم ئەمەیە ناتوانرێت ئەم پرسە لەنێو وەفاداران بە ئایدۆلۆژیی چەپ بخەیتە بەر باس و مشتومڕی ڕاستەقینەوە. هەستی باڵادەست ئەمەیە کە کەمکردنەوەی هەقدەستەکان و زیادکردنی ماوەی کاری ڕۆژانە کارێکە لە زاتی خۆیدا دژەسۆسیالیستی و، هەربۆیە، جیا لە بابەتی چۆنێتیی دۆخی ئابووری، پێشەکی دەبێت حاشای لێ بکرێت و ڕەت بکرێتەوە. ئەو کەسەی بڵێت شتێکی لەمجۆرە ناچارەکییە و ناتوانین خۆی لێ بەدوور بگرین، ڕووبەڕووی ئەو مەترسییە دەبێتەوە کە سەلەبەر ئەو تۆمەتانەی بخرێتە پاڵ هەموومان لێی تۆقیوین. گەلێک سەلامەتتر و بێمەترسیتر ئەوەیە خۆمان لەم بابەتە نەبان بکەین و وا بنوێنین تەنیا لەڕێگەی دابەشکردنی سەرلەنوێی سامانی نیشتمانیی بەردەستەوە، هەمووشتێک چاری دێت و ڕێک و بێکێشە دەبێت.
قبووڵکردنی هەر هێڵێکی هزریی سەر بە ڕێبازێکی تایبەت هەموکات بە واتای میراتگربوونی دژایەتییە چارەنەکراوەکانی ئەو ڕێبازەیە. بۆ نموونە، ئەم ڕاستییە لەبەر چاو بگرن کە هەموو کەسانی هەستیار لە پەرەسەندنی پیشەسازی و بەرهەمەکانی بێزارن و، بەو حاڵەشەوە دەزانن سەرکەوتن بەسەر هەژاری و ڕزگارکردنی چینی کرێکار پێویستی بە بەپیشەسازیکردنی زیاترە، نەک کەمتر. یان ئەم ڕاستییە هەڵسەنگێنن کە بوونی هەندێک پیشە تابڵێی پێویستە، بەڵام هیچکەس، مەگەر زۆری لێ بکرێت، ئامادەی وەئەستۆگرتنیان نییە. یان ئەم ڕاستییەی تر بە نموونە دەهێنینەوە کە مومکین نییە وڵاتێک بەبێ ئەوەی خاوەن هێزی چەکداری بەهێز بێت، خاوەنی سیاسەتێکی دەرەوەی ئەرێیی (ئیجابی) بێت. نموونەکان دەکرێت هەروا بەردەوام بن، بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا دەبینرێت ئەنجامێکی تەواو ڕوون لەگۆڕێدایە تەنیا ئەو کەسەی دەیسەلمێنێت و دانی پێدا دەنێت کە بە شێوەیەکی تاکەکەسی وەفاداریی خۆی لەهەمبەر ئایدۆلۆژیی فەرمی وەلا بنێت. پەرچەکرداری ئاسایی و باو ئەوەیە پرسەکە بەبێ وەڵامدانەوە فڕێ بدەینە گۆشەیەک لە زەینمانەوە و وەک هەمیشە دروشمی ناکۆک و دژواز دووبارە بکەینەوە. تەنانەت گەڕانێکی خێرا و سەرەپێیی لەنێو گۆڤار و بلاڤۆکەکاندا بۆ پەیبردن بە ئاسەواری ئەم چەشنە بیرکردنەوەیە بەستە.
قسەی من ئەوە نییە نەبوونی ڕاستۆکیی فیکری، تایبەتە بە سۆسیالیست و بەگشتی چەپەکان، یان تەنانەت لە هەمووان زیاتر لەنێو ئەواندا باوە. کاکڵی بابەتەکە ئەمەیە کە قبووڵکردنی هەر ڕێبازێکی فیکریی سیاسی پێدەچێت لەگەڵ ڕاستۆکیی ئەدەبیدا ناکۆک و ناتەبایە. ئەم حوکمە بزووتنەوەگەلی وەکوو ئاشتیخوازی (pacifism) و لایەنگرانی گرنگیدان بە کەسایەتی (personalism)-یش دەگرێتەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن لە خەباتی سیاسیی ئاسایی بەدوورن. پێدەچێت تەنانەت لە دەنگی وشەگەلێک کە بە "ism" کۆتاییان پێ دێت بۆنی پڕوپاگەندا دێت. هەڵبەت وەفاداری بە گرووپ و دەستە پێویستە، بەڵام بۆ ئەدەبیات، تا ئەو شوێنەی ئەدەبیات بەرهەمی تاکەکان بێت، ژەهری کوشندەیە. هەرکە وەفاداریی گرووپی و دەستەیی لەنێو بەرهەمی ئەدەبیدا بگەنە ئاستی کاریگەری و تەنانەت کاریگەریی نەرێیی (سلبی)، ئەنجامەکەی نەک هەر درۆ و فرتوفێڵە، بەڵکوو زۆرجار وشکبوونی سەرچاوەکانی داهێنانی لێ دەکەوێتەوە.
کەواتە دەبێت چی بکرێت؟ ئایا دەبێت بەو ئەنجامە بگەین کە ئەرکی نووسەر [و ڕۆشنبیر] دوورکەوتنەوە و خۆلادانە لە سیاسەت؟ بە هیچ کلۆجێک. هەر چۆنێک بێت، وەک پێشتریش باسم کرد، لە ڕۆژگارێکی وەک ڕۆژگاری ئەمڕۆ، هیچ کەسێکی هزرڤان و بیرمەند ناتوانێت خۆ لە سیاست ببوێرێت و ناشبوێرێت. قسەی من تەنیا ئەمەیە دەبێت سنوورێکی ڕوونتر و دیاریکراوتر لە سنووری ئێستا لەنێوان وەفادارییە سیاسییەکان و وەفادارییە ئەدەبییەکاندا دەستنیشان بکەین و، بزانین تەیاربوون بۆ ئەنجامدانی هەندێک کار و کردەی نەخوازراو بەڵام پێویست، ئاتاجی قبووڵکردنی بێ سێ و دووی باوەڕگەلی هاوپێچی ئەو کارانە نییە. نووسەر کاتێک دەچێتە نێو گۆڕەپانی چالاکیی سیاسییەوە، نەک وەک نووسەر، بەڵکوو وەک هاووڵاتی و مرۆڤ تێکەڵ بەو بوارە دەبێت. بە ڕای من، ئەو مافی ئەوەی نییە تەنیا ؛لەسۆنگەی هەستیارییە تاکەکەسییەکانی، لە کۆمەڵێک ئەرکی قورس کە چالاکیی سیاسی دەیخوازێت، خۆ بدزێتەوە. ئەویش وەک هەر کەسێکی دیکە دەبێت بۆ وتاربێژی، دروشمنووسی، ڕاپرسی لە دەنگدەران، بڵاوکردنەوەی نووسراوە و ڕاسپاردەکان و تەنانەت ئەگەر پێویست بکات، بەشداریکردن لە شەڕی ناوخۆ ئامادە بێت. بەڵام جیا لە هەر کارێک لە خزمەتی حزبدا، هەرگیز نابێت بۆ حزب قەڵەم هەڵسووڕێنێت. دەبێت هەر لە سەرەتاوە ڕوونی بکاتەوە نووسەربوون بۆ ئەو شتێکی دیکەیە. دەبێت توانایی هاوکاریکردنی تێدا بێت، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەگەر وای بە دروست زانی، ئایدۆلۆژیی فەرمی سەرلەبەر ڕەت بکاتەوە. هەرگیز نابێت لەبەر ئەوەی لە زنجیرەفیکرێک کە لەوانەیە ڕێی تێبچێت لە هێڵی حزبی لا بدات، پاشگەز بێتەوە و، هیچکات نابێت ئەگەر هات و نووسراوەکانی ڕەنگی لادەربوونیان وەخۆ گرت (کە لەوانەیە بگرێت) تووشی دڵەڕاوکە و ڕاڕایی بێت. ڕەنگە لەمڕۆدا، تەنانەت ئەمە نیشانەیەکی باش نەبێت لە نووسەرێکدا کە نەڵێن کۆنەپارێزە، وەک چۆن بیست ساڵ لەمەوبەر نیشانەیەکی باش نەبوو ئەگەر نەیاندەگوت نووسەرێک هاوسۆزیی بۆ کۆمۆنیزم نییە.
بەڵام ئایا ئەوەی باسمان کرد بە واتای ئەوە دێت کە نووسەر نەک هەر دەبێت لەو شتەی سەرکردەگەلی حزب بەسەریدا دەسەپێنن مل بابدات، بەڵکوو هەروەها دەبێت لە نووسین دەربارەی سیاسەت خۆ بپارێزێت؟ دیسان بە هیچ کلۆجێک. هیچ هۆکارێک لەگۆڕێدا نییە نووسەر بەگوێرەی خواستی خۆی بە سیاسیترین شێوە بابەت بنووسێت. بەڵام دەبێت وەک تاکێک، وەک کەسێک لە دەرەوەی گۆڕەپانەکە و لە باڵاترین ڕادە وەک جەنگاوەرێک لەپەنا سوپای ڕێکخراو دەست بۆ قەڵەم ببات و بنووسێت. ئەم هەڵوێستە بەتەواوی لەگەڵ سوودمەندبوونی ئاسایی سیاسیدا دەگونجێت. تەواو ماقووڵانە و مەنتقییە کەسێک لە شەڕێکدا بجەنگێت چونکی پێی وایە ئەو شەڕە دەبێت سەرکەوتنی لێ بکەوێتەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا لەوەی بابەتی پڕوپاگەندایی لەبارەی شەڕ بنووسێت خۆ ببوێرێت. جاری وایە ئەگەر نووسەر ڕاستۆک بێت، نووسراوە و چالاکییە سیاسییەکانی لەوانەیە دژ بە یەک بن. لە هەندێک دۆخدا، شتێکی لەم جۆرە دیارە نەخوازراوە. بەڵام چارەی ئەمە بێدەنگی و قسەنەکردنە، نەک درۆکردن و فریوکاری دەربارەی هاندەر و پاڵنەرەکانی خۆ.
ئەوەیکە بڵێین نووسەر [و ڕۆشنبیر]ی داهێنەر دەبێت لە ڕۆژگاری جەنگ و پێکدادان ژیانی خۆی بەسەر دوو کەرتی جیاوازدا دابەشێت، لەوانەیە وەک نیشانەی ڕۆحییەتی شکست یان گەمەی هەوا و هەوەس بنوێنێت. بەڵام نازانم بەکردەوە ئەو چ کارێکی دیکە لەوانەیە بکات. خۆبواردن لە خەڵک و لە دنیا تەریککەوتن، نە ڕێی تێدەچێت، نە دڵخوازە. لەلایەکی دیکەوە، خۆڕادەستکردن و تەسلیمبوون نەک هەر بە دەزگای حزبی، بەڵکوو تەنانەت بە ئایدۆلۆژیی گرووپ و دەستە، بە واتای خۆکوشتنی نووسەرە. ئێمە بۆیە پێمان وایە سەرگەردانی لەنێوان ئەم دووڕێیانەدا بەژان و بەئازارە کە دەبینین چوونە نێو کاروباری سیاسییەوە پێویستە و لەهەمان کاتدا دەزانین کاری سیاسی چەندە دزێوە و مرۆڤ سووک دەکات. لە زۆربەی هەرە زۆری ئێمەدا، پاشماوەی ئەم باوەڕە ماوەتەوە کە هەر هەڵبژاردنێک و تەنانەت هەر هەڵبژاردنێکی سیاسی، هەڵبژاردنە لەنێوان باش و خراپ و خێر وشەڕ و، ئەگەر کارێک پێویست بێت کەواتە باشیشە. من پێم وایە جێی ئەم باوەڕە باغچەی منداڵانە و دەبێت تووڕی هەڵدەین. لە سیاسەتدا، هەرگیز کارێکی زیاتر لەوەمان پێ ناکرێت کە دیاریی بکەین لەنێوان دوو بژاردەدا کامیان خراپ و کامیان خراپترە و، لە هەندێک دۆخدا تەنیا ڕێگەی دەربازبوون ئەمەیە کە یان وەک شەیتانەکان یان وەک شێتەکان بجووڵێینەوە. جەنگ بۆ نموونە، لەوانەیە پێویست بێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە نە دروستە و نە ژیرانەیە. ئەو شتەی لە هەڵبژاردنێکی گشتیدا دەیبینین بەدڵنیاییەوە نە خۆشە و نە پاقژکەرەوەی ناخە و نە هەڵگری وانەی ئەخلاقییە. ئەگەر دەبێت لە شتی وادا بەشدار بن- کە پێم وایە دەبێت بەشدار بن مەگەر ئەوەی عوزرتان بەساڵاچووییتان بێت یان چەکی نەزانی یان فریوکاریتان پێ بێت- هەروەها دەبێت بەشێک لە ناختان هەرێمێکی پارێزراو لە دەستدرێژی بێت کە بۆ خۆتان بمێنێتەوە.
بۆ زۆربەی خەڵک گرفتەکە بەم جۆرە نایەتە پێش، چونکی ژیانی ئەوان پێشەکی درزی بردووە و بەسەر دوو بەشدا دابەش کراوە. کەسانی وا تەنیا لە کاتی پشوودا بەڕاستی زیندوون و، لەنێوان کار و پیشەیان لەلایەک و چالاکییەکانیان لە سیاسەتدا لەلایەکی دیکەوە، هیچ چەشنە پەیوەندییەکی سۆزدارانە لەگۆڕێدا نییە و، بەگشتی کەس داوایان لێ ناکات لەسۆنگەی وەفاداریی سیاسییانەوە، خەریکی کارێک بن کە بەپێچەوانەی کەسایەتییان بێت و خۆیان سووک بکەن. بەڵام داوا لە هونەرمەند و ڕۆشنبیر، بەتایبەتی نووسەر، دەکەن کاری وا بکات – و ئەوەی ڕاستی بێت ئەمە تەنیا شتێکە سیاستەمەداران داوای لێ دەکەن. ئەگەر ئەو لەهەمبەر ئەو داوایە مل بابدات، نابێت پێی وابێت تاوانبارە بەوەی کەسێکی ناچالاک و ناکارایە. نیوەی ئەو – کە بە واتایەک سەرلەبەری بوونی ئەوە – هێشتا دەتوانێت پتەو و خۆڕاگر و، ئەگەر پێویست بکات تەنانەت لەڕێی توندوتیژییەوە- چالاک و کارا بێت. بەڵام بەهای نووسراوەکانی هەمووکات لەوەدایە کە لە ئاوەز و ژیریی ئەوەوە سەرچاوە بگرێت. لەسەر نووسەر [و ڕۆشنبیرە] ئەو شتەی ڕوو دەدات، لە کاتێکدا دەبێت دان بە پێویستییەکەیدا بنێت، تۆمار بکات، بەڵام هیچکات نابێت دەربارەی سروشتی ڕاستەقینەی [ئەو شتە] خۆی فریو بدات.
سەرچاوە:
George Orwell: ‘Writers and Leviathan’
First published: Politics and Letters. — GB, London. — summer 1948.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved