وەرگێڕان و ئامادەکردنی:
عەبدولخالق یەعقووبی (توێژەری بواری هزر و ئەدەب)
"هانا ئارێنت" (١٩٠٦-١٩٧٥)، ژنە فەیلەسوفی بەڕەچەڵەک ئەڵمانی-جوولەکە، لە بەرهەمە ناسراوەکەیدا، واتە "دۆخی مرۆڤ" (The Human Condition)، دەڵێت کە پڕۆژەی هزریی ئەو شتێک نییە جگە لە بیرکردنەوە لەوەی ئەنجامی دەدەین. خەم و خەیاڵی ئارێنت، کە لەڕاستیدا تێگەیشتنە لە ڕامانە (تیۆری) و پەیوەندیی ڕامانە بە کاروبارە سیاسییەکانی ڕۆژانەی دنیاوە، لەم ڕستەیەدا دەردەبڕدرێت. لەسۆنگەی ئەو ڕووداوانەی لە ماوەی جەنگدا بەسەریدا هاتن، سروشتییە ئارێنت بەدوای دۆزینەوەی ڕەگوڕیشە و هۆکارەکانی ئەو ڕووداوانەوە بێت کە ڕوویان دا، بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت دووبارە ببنەوە.
لە کتێبەکانی "ڕەگوڕیشەکانی تۆتالیتاریزم" و "ئایشمەن لە ئۆرشەلیم"دا، ئارێنت هەوڵ دەدات هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ڕژێمە پاوانخوازەکان و ئەو هەلومەرجانەی کە زەمینەی پەرەسەندنی ستەمێکی لەو شێوەیە دەڕەخسێنێت، شیبکاتەوە. لە "ڕەگوڕیشەکانی تۆتالیتاریزم"دا، ئارێنت یەکێک لە یەکەمین ڕامانەکانی پاوانخوازی دەهێنێتە ئاراوە کە تێیدا بەدوای ڕیشە و سەرچاوەی دەستپێکی ئەڵمانیای نازی و ستالینیزمی ڕووسیا لەناو بیرۆکە نەژادپەرست و ئیمپریالیستییەکاندا دەگەڕێت. کتێبی "ئایشمەن لە ئۆرشەلیم"، کە ساڵانێک دوای "ڕەگوڕیشەکانی تۆتالیتاریزم" نووسراوە، ڕاپۆرتێکە لەسەر دادگاییکردنی ئادۆلف ئایشمەن لە ئۆرشەلیم بەهۆی هەموو ئەو تاوانانەی دژی جوولەکەکان و مرۆڤایەتی لە ماوەی جەنگدا کردبوونی. ئارێنت خۆی لەم دادگایەدا ئامادە دەبێت و دانیشتنەکانی دادگا و گەواهیی شایەتحاڵەکان بە چاوی خۆی دەبینێت؛ ئەو بەدوای ئەم بابەتەوە دەڕوات کە ئایشمەن چۆن تووشی توندوتیژییەکی لەو شێوەیە بووە بەبێ ئەوەی پەشیمان بێتەوە. بینینی بەرگریکردنەکانی ئایشمەن لە خۆی لە دادگادا دەبێتە هەوێنی سەرهەڵدانی کۆمەڵێک بیرۆکە دەربارەی ئەو میکانیزمە تاکەکەسییانەی کە زەمینەی پەرەسەندنی پاوانخوازی (despotism) دەڕەخسێنن. ئەگەر کتێبەکانی نووسراوی ئارێنت بەیەکەوە دابنێین، دەتوانن شیکردنەوەیەکی هەمەلایەنەی دیاردەی پاوانخوازی، چ لە ئاستی تاکەکەسی و چ لە ئاستی دەستەجەمعیدا، دەست بخەن.
"ڕەگوڕیشەکانی تۆتالیتاریزم" یەکەمین کتێبی هانا ئارێنتە کە وەک لێکۆڵەرێکی نێودەوڵەتی نووسیویەتی. ئەو ئەم کتێبە بە زمانی ئینگلیزی نووسیویەتی، نەک بە ئەڵمانی کە زمانی زگماکی خۆی بووە. لە پێشەکیی کتێبەکەدا، ئارێنت ئەم بەرهەمە وەک "هەوڵێک بۆ تێگەیشتنی ڕووداوێک کە هەرچی لێی دەڕوانین، ترسناکە" دەناسێنێت. ئەو شتەی ئارێنت لێرەدا ئاماژەی پێ دەکات، هۆلۆکۆستە؛ واتە حوکمێکی حکوومی کە بووە هۆی کوشتنی شەش ملیۆن کەس، کە زۆربەیان جوو بوون.
ئارێنت لە ساڵانی ١٩٤٥ و ١٩٤٦، واتە ڕێک لە کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەم و بە سەرنجدان بە بارودۆخی سیاسیی ئەو سەردەمە، دەست بە نووسینی "ڕەگوڕیشەکانی تۆتالیتاریزم" دەکات. ئارێنت پێی وابوو هەستیارترین و گرنگترین پرس لەو سەردەمەدا کە پێویستی بە ڕوونکردنەوە و لێکۆڵینەوە بوو، تاوتوێکردنی سەرهەڵدانی تۆتالیتاریزم بوو، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ڕێگە بە دووبارەبوونەوەی دیاردەگەلی لەو شێوەیە بگیرێت.
ئەم کتێبە ساڵی ١٩٥١ چاپ بوو و بڵاو کرایەوە. هەندێک لە هزرمەندان ستایشیان کرد، بەڵام هەندێک ڕەخنەشی لێ گیرا، وەک باسکردنی نایەکسانی نازیزم و ستالینیزم، کە زۆر ناهاوسەنگ بوو، چونکە لە کتێبەکەدا زۆر قووڵتر و بەربڵاوتر باس لە نازیزم کراوە. سەرەڕای ئەم ڕەخنانە، بەرهەمی ئارێنت یەکێکە لە یەکەمین و گرنگترین هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی جۆرە پێکهاتەمەندییەک لە بێپێکهاتەیی تۆتالیتاریزم، کە تێیدا سیاسەت ڕووبەڕووی خۆی و ڕووبەڕووی چاکەی گشتیی خەڵک دەبێتەوە. هەربۆیە، سەرقاڵی ئامانجگەلی ئایدۆلۆژیکی درێژخایەن دەبێت کە مەرگ و نەمانی ژمارەیەکی زۆر مرۆڤی لێ دەکەوێتەوە.
"ڕەگوڕیشەکانی تۆتالیتاریزم" کتێبێکە ناتوانرێت لە پۆل یان دەستەیەکی تایبەتدا دابنرێت. ئەم کتێبە پێداگری لەسەر مژارگەلی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و فەلسەفی دەکات، لەڕێگەی خستنەڕووی بەڵگەنامەی مێژوویی سەبارەت بە کۆمەڵێک هۆکاری فرەڕەهەند کە زەمینەی حوکمڕانیی بیرۆکەی تۆتالیتاریزمییان لە ئەوروپای سەرەتا تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم دابین کرد.
هانا ئارێنت خۆی هیچ کات لە کتێبەکەی و ناونیشانەکەی ڕازی نەبوو و، دیارە هەندێک شیکردنەوە و پێداچوونەوەی زیاتر دەیتوانی پێکهاتەی کتێبەکە تۆکمەتر و پتەوتر بکات. سەرەڕای ئەمانە، ئارێنت کتێبەکەی بڵاو کردەوە، چونکە لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە ئەم پرسانە پێویستە بە خێرایی لە کۆڕ و کۆبوونەوە گشتییەکاندا ببنە مایەی مشتومڕ و گفتوگۆ. ئارێنت لە وەڵامی یەکێک لە ڕەخنەگرانی خۆی، ئیریک ڤۆگلاین، هۆکاری ڕەخنە لێگیراوەکان لە کتێبەکەی، بە هەوڵی هاوتەریبی خۆی (واتە ئارێنت) بۆ خستنەڕووی بەڵگەنامە مێژووییەکان هاوکات لەگەڵ هێنانەئارای ڕەخنەیەکی ڕووخێنەر کە ئامانجی داڕماندنی تۆتالیتاریزمە، لە قەڵەم دەدات. ئەم جۆرە نووسینە لەڕاستیدا لەگەڵ زۆربەی نووسینە مێژووییەکان جیاوازە، چونکە تۆمارکردن و خستنەڕووی تێگەیشتنەکان سەبارەت بە مێژوویەکی کولتووری، وێڕای هێنانەئارای ڕەخنە و باسکردن لەبارەی هەڵە سیاسییەکان، بە کارێکی ئەرێیی (ئیجابی) لە قەڵەم نادرێت. لەم حاڵەتەدا، کتێبەکە پتر بیچم و شێوەی شەجەرەنامەیەکی هزری وەخۆ دەگرێت تا کۆمەڵێک ڕووداو و فاکتی مێژوویی.
میکانیزمی فەلسەفیی باو بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پرسی تۆتالیتاریزم، هەوڵدانە بۆ هێنانەئارای پێناسەیەک سەبارەت بە زاتی کرداری سیاسیی تۆتالیتاریزم، بەڵام ئارێنت کارێکی لەم جۆرە ناکات. چونکە پێی وایە ئەم دیاردەیە، دیاردەیەکی نوێیە و یەکەمین جارە کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا سەری هەڵداوە، و هەربۆیە خاوەنی خەسڵەتگەلی نەگۆڕ و زاتی نییە.
هەڵبەت، ڕوانینی ئارێنت بۆ تۆتالیتاریزم لەگەڵ تێڕوانینی گشتی کە لەسەر پێکهاتەی ڕەق و توندی بزاڤی نەتەوەیی سۆسیالیستی پێدادەگرێت، جیاوازە. بەو جۆرەی مارگارێت کاناڤان لە یاداشتەکانیدا دەنووسێت، شیکردنەوەی ئارێنت سەبارەت بە تۆتالیتاریزم پتر لە گەردەلوولێکی وێرانکەر دەچێت کە هەر شتێکی لەسەر ڕێگەی بێت، ڕادەماڵێت و دەڕووخێنێت، و هەڵبەت ئاگامەندانەش ڕێکنەخراوە و هەربۆیە بێ نەزم و بێ مەبەستە. کارێکە هێرشبەرانە و وێرانکەر کە پتر لە ئەنجامی کەفوکوڵێکی هەستەکییەوە پەلاماری هەموو توانستە مرۆییەکان و دنیای ئەمڕۆ کە کاروباری سیاسی مومکین دەکەن، دەدات.
دوو بەشی یەکەمی "ڕەگوڕیشەکانی تۆتالیتاریزم"، مشتومڕورووژێنترین بەشەکانی کتێبەکەن. ئارێنت لەم بەشانەدا بانگەشە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی دەخاتە ڕوو. لەم دوو بەشەدا، ئارێنت گێڕانەوەگەلێکی جیاواز سەبارەت بە دژەجوویی و ئیمپریالیزم دەهێنێتە ئاراوە، بۆ ئەوەی بتوانێت خاڵی دەستپێکی تێفکرینی نەژادپەرستانە لە ئەوروپادا بدۆزێتەوە. زۆربەی دیعاکانی ئارێنت دژ بەیەکترن؛ لەگەڵ ستالینیزم پەیوەندیی پێویست بەدی ناهێنێت، و ئەو شتانەی لەسەر ئیمپریالیزمی ئەفریقی باسیان دەکات، لەسەر بنچینەی زانیاری و بەڵگەی دەستی یەکەم نین. بەپێچەوانەوە، ڕوونکردنەوە و تەتەڵەکانی سەبارەت بە دژەجوویی زۆر بەڵگەمەند و ورد و ڕێکن. سەرەڕای گشت ئەم باسانە، ئەو بەشێکی گەورەی کتێبەکەی خۆی بۆ توێژینەوە سەبارەت بە پرسگەلی کۆمەڵناسانە و باسکردن لە پەرەسەندنی تۆتالیتاریزم تەرخان دەکات. ئەو بابەتەی کە ئەم کتێبەی ئارێنت لە کتێبە هاوچەشنەکانی جیا دەکاتەوە، ئەو بەشانەیە کە تێیاندا ڕووبەڕووی پرسی تۆتالیتاریزم دەبێتەوە.
تۆتالیتاریزم
هانا ئارێنت تۆتالیتاریزم وەک جۆرێک سیاسەتی بێمێژینە و جیاواز لەچاو هەموو پاوانخوازییەکانی دیکەی مێژوو دەزانێت. ئارێنت دەڵێت، تۆتالیتاریزم خۆی لە دەست هەڵسەنگاندن و بەراوردکردن ڕادەپسکێنێت؛ چونکە سیاسەت لە ئەوروپا هەڵدەوەشێنێتەوە و، حکوومەت داوا لە خەڵک دەکات بە شێوەیەکی دیکە ئەوان هەڵسەنگێنن. بۆ ناساندنی تۆتالیتاریزم، ئارێنت دێت باسی جیاوازییەکانی تۆتالیتاریزم لەگەڵ جۆرەکانی دیکەی پاوانخوازی دەکات. یەکەمین جیاوازییان لەوەدایە کە حکوومەتە پاوانخوازە باوەکان وڵاتێکی دیکە داگیر دەکەن تا دەست بەسەر خاک و سامانی ئەو وڵاتەدا بگرن و دەسەڵاتی خۆیان مسۆگەر و تۆکمەتر بکەن. لەم چەشنە پاوانخوازییانەدا، ژیانی خەڵک بەتەواوی دەکەوێتە ژێر دەسەڵات و ئیرادەی ڕێبەرە باڵاکەیان، ئەو ڕێبەرە باڵایانەی دەیانەوێت دەست بەسەر هەموو شتێکدا بگرن و هەموو جەمسەرەکانی دەسەڵات قۆرغ بکەن. حکوومەتە تۆتالیتارەکانیش بە جۆرێکی هاوشێوە، دەسەڵاتدارێکی پاوانخواز و بەهێزیان هەیە، بەڵام ئەم دەسەڵاتدارە بەنیازی زیادکردنی کورتبینانە و دەمارگیرانەی هێزی تاکەکەسیی خۆی نییە. لە تۆتالیتاریزمدا، دەسەڵات و داگیرکاری بە ئاراستەی پەرەپێدانی ئایدۆلۆژیی ڕژێمەکەیە، نەک مسۆگەرکردنی دەسەڵاتی تاکەکەسیی دەسەڵاتدار. لەبارەی نازیزمەوە، جۆرێک دۆگماتیزمی نەژادی لە ئارادایە کە نەژادی ئاریایی بە نەژادی هەرەباڵا دەزانێت. ئایدۆلۆژیی ستالینیزم بنبڕکردنی کاپیتالیزم (سەرمایەداری) و بۆرژوازییەتە. دەسەڵاتداری پاوانخواز بۆ هەر جۆرە هەوڵێک بە قازانجی ئایدۆلۆژیی دەسەڵاتەکەی پاساو دەهێنێتەوە؛ تەنانەت ئەگەر ئەم کارە دۆڕانی سەرچاوە نیشتمانییەکانیشی لێ بکەوێتەوە.
ئایدۆلۆژیای تۆتالیتار دنیا بەسەر دوو دەستەی دژبەردا دابەش دەکات و بە بیانووی شەڕ لەگەڵ دوژمنەکانی و بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیلانەکانیان، سنووری جەنگ بۆ ڕەهەندە جیهانییەکان بەرفراوان دەکات. ئامانج تەفروتوناکردنی تەواوەتیی دوژمنە و، هەر جۆرە خۆپڕچەککردنێکی سەربازی بە بیانووی دوژمندارییەوە پاساوی بۆ دەهێنرێتەوە. بەپێچەوانەی جۆرەکانی دیکەی پاوانخوازی، ئامانجەکانی تۆتالیتاریزم هەموو جیهان دەگرێتەوە و هەر لە چوارچێوەی ڕێکخراو و دامەزراوەکانی ناوخۆدا بەند نابێت. لەڕاستیدا، بۆ دەسەڵاتی تۆتالیتار ئەوە تەنیا ئایدۆلۆژیای ڕژێمەکەیەتی کە پتر لە هەر شتێکی دیکە بۆی گرنگ و جێی بایەخە و ئامادەیە تا بەردەم سنووری داڕووخانیش پشتیوانیی لێ بکات. یەکێک لە نموونەکان بۆ نیشاندانی زاتی قازانج نەویستیی تۆتالیتاریزم، کەمپەکانی مەرگە لە سەردەمی هیتلەردا. هیتلەر دەیتوانی پارەی پارێزگاریکردن و بەڕێوەبردنی ئەم کەمپانە لە کاروباری پەرەپێدانی سەربازیدا خەرج بکات، یان لەو کەسانەی لە نێو کەمپەکاندا حوکمی مەرگیان بەسەردا بڕابوو، بۆ سوودی خۆی لە جەنگدا بەکاریان بهێنێت، بەڵام وای پێ باشتر بوو سەرچاوە و سەرمایە نیشتمانییەکان بکاتە فیدای بابەتی خۆڕادەستکردنی جیهان لەهەمبەر ئایدۆلۆژیاکەی خۆیدا. لە دیدی ئارێنتەوە، ژوورەکانی مەرگ لەڕێگەی غازەوە "بە قازانجی هیچکەس نەبوو"؛ دەکرا تێچووی دروستکردنی ئەو ژوورانە بۆ بەرفراوانکردنی هێڵی ئاسن یان وەبەرهێنانی ئابووریی دیکە خەرج بکرابایە. حکوومەتە پاوانخوازەکان هەموو هەوڵیان بە ئاراستەی قۆرغکردنی دەسەڵاتە، لەکاتێکدا ڕژێمی تۆتالیتار، لەپێناوی ئایدۆلۆژیاکەی خۆیدا ئامادەیە سەرمایەی کەسی و نیشتمانیی خۆیشی لەسەر دابنێت.
جیاوازییەکی دیکەی تۆتالیتاریزم لەگەڵ ڕژێمە پاوانخوازییەکانی تر لەوەدایە کە ڕژێمێکی تۆتالیتار نەک هەر داواکاریی سوودخوازانەی نییە، بەڵکوو پێکهاتە و هیرارکییەتێکی (زنجیرەپێگەی) حکوومەتیی ڕوون و تێگەیشتووی نییە. حکوومەتە پاوانخوازییەکان خاوەنی میکانیزم و زنجیرەپێگەی دیار و شیاوی تێگەیشتنن. ڕێبەری باڵا هەموو کات دەست بەسەر هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدا دەگرێت و، هەموو کاروبارەکان بە قازانجی کەسیی ڕێبەری باڵای پاوانخواز تەواو دەبن. بەپێچەوانەوە، لە حکوومەتە تۆتالیتارەکاندا ئەم بابەتە دەکەوێتە بەرچاو کە حکوومەت هیرارکییەتێکی دیاری نییە و، لەبری هەبوونی دامودەزگایەکی ڕوون و بێ تەمومژ، بەڕێوەبەرایەتی و بوروکراسییەتێکی چەندتوێژ و فرەئاست زاڵە. زۆرینەی لق و پۆپەکانی حکوومەت، چەندان ئەرکیان لەسەر شانە و، ڕوون نییە کام دامەزراوە ڕێکوڕاست کام ئەرک ڕادەپەڕێنێت. هەر ئەم جووڵە شل و گەڕۆکەی دەسەڵات کە پێکهاتەیەکی ئاشکرای نییە، ڕێگە دەدات دەسەڵات خۆی بپارێزێت و تەمەنی خۆی درێژ بکات.
ستیڤن جەی ویتفێڵد (Stephen J. Whitfield, p 69) چوارچێوەی سیستەماتیکی حکوومەتێکی لەو شێوەیە بە "شڵەژاو" یان "گێژەڵووکە" پێناسە دەکات؛ شڵەژانێک کە هاوسەنگیی هەمووان تێکدەدات، بەپێچەوانەی پێکهاتە سیاسییە باوەکان کە هەوڵی پتەوکردنی حکوومەت و دەسەڵاتیان دەدەن. لەسۆنگەی بوونی سیخوڕ لەنێو حکوومەتە تۆتالیتارەکاندا، کەشوهەوای ڕەشبینی و گومان (پارانۆیا) بەسەر دامەزراوەکاندا زاڵ دەبێت. بەم شێوەیە، هیچ دامەزراوەیەک ئاگاداری وردەکاریی کاروباری دامەزراوەیەکی دیکە نابێت و، تەنیا کەسانی لوتکەی هەڕەمی دەسەڵات بەم وردەکارییانە دەزانن. ئەم لێکدی ئاگادارنەبوونە لەنێوان دامەزراوەکاندا، لەڕاستیدا ڕێگە بە دەسەڵاتداری باڵا دەدات کەسانی ژێردەستەی نەتوانن پرسیاری ڕووبەڕوو بکەنەوە یان ڕەخنەی لێ بگرن.
لەلایەکی دیکەوە، هەبوونی چەندین دامودەزگای حکوومی بۆ یەک ئەرک یان یەک کار، ململانێ و ڕکابەریی ناوخۆیی لێ دەکەوێتەوە. ڕێکخراوەکان هێندە سەرقاڵی ئەم پێکدادانە ناوخۆییانە دەبن کە ئیتر بیر لە یاخیبوون و سەرکێشی لە دژی ڕێبەری باڵا ناکەنەوە. پێگە جۆراوجۆرە حکوومییەکانیش هێندە دەستاودەستیان پێ دەکرێت کە زۆرجار هێزە گەنج و تازەپێگەیشتووەکان ئەرکیان پێ دەسپێردرێت. هەر ئەمەش، ناهێڵێت کەسەکان لە ڕاپەڕاندنی کار و ئەرکی خۆیاندا لێزان و شارەزا بن.
لەبەر ئەوەی تۆتالیتاریزم لە بارودۆخی قەیرانی ئابووریدا سەرهەڵدەدات، چەندان پیشە بۆ فەرمانبەرانی گوێڕایەڵی خۆی دابین دەکات بۆ ئەوەی هەموو خاوەن پیشە پلەباڵاکان، لە هاودەست و هاوباوەڕەکانی حکوومەت خۆی بێت. ئارێنت پێکهاتە و شێوازی تۆتالیتاریزم بە پیازێک دەچووێنێت کە هەر پێکهاتە و دامەزراوەیەک وەک پەلکێک لە پیازەکە، ناوەندی پیازەکە کە ڕێبەری باڵایە، دەپارێزێت. لەڕاستیدا، مەبەست لە شوبهاندنی تۆتالیتاریزم بە "پیاز"، ئاماژەیە بۆ بەرگریکردنی چەندلایەنەی بیوروکراسییەت لە ڕێبەری باڵا و پاراستنی ئەو لەبەرامبەر هەرچەشنە هەڵمەت و هێرشێک. هەر پەلکێکی پیازەکە تەنیا ئاگاداری کاروباری خۆیەتی و بە ئەستەم ئاگاداری گشت پیازەکەیە.
دواجار، تۆتالیتاریزم لە جۆری بەکارهێنانی ترس و تۆقاندنیشدا جیاوازە لە سیاسەتە پاوانخوازەکانی دیکە. ڕژێمە پاوانخوازەکان بە مەبەستی شکستهێنان بە دوژمن، ترس و تۆقاندن بەکار دێنن؛ ئەوان دوژمنەکانیان دەترسێنن و ناچاری پاشەکشەیان دەکەن. بەڵام لە ئایدۆلۆژیای تۆتالیتاریزمدا، ئامرازی ترساندن و تۆقاندن بۆ حکوومەتکردن بەسەر خەڵکێکدا بەکار دێت کە بەڕواڵەت بە تەواوی لەژێر ڕکێفی حکوومەتدان، بەڵام لە ڕاستیدا دوژمنی ڕژێمەکەن.
لە حکوومەتە پاوانخوازەکاندا، هەموو ئەوانەی دژی ڕژێم قسە بکەن، دەکەونە ژێر گوشارەوە و ڕژێم بەتوندی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. بەڵام لە تۆتالیتاریزمدا، ئیتر گرنگییەکی نامێنێت کە ئەو کەسانەی لەسەر بنەمای دژایەتیکردن لەگەڵ حکوومەت، بە 'تاوانبار' دەناسرێن، بەڕاستی گوناهکارن یان نا. ئامانجی پۆلیس لە دۆزینەوە و بەدواداچوون بۆ پرسی تاوانباری، قۆڵبەستکردنی ئەو کەسانەیە کە دەبێت لەناو ببرێن. قوربانییەکان ئەوانەن کە بە ڕێکەوت هەڵدەبژێردرێن بۆ ئەوەی بە خەڵک ڕابگەیەندرێت کە ئەگەر بەمجۆرە بن، شایستەی ژیان نین [و مەرگ چاوەڕێتان دەکات]. ئازار و ئەشکەنجە و ئەو حوکمەی دەدرێت، بێهۆیە، چونکە بۆ دەرکردنی حوکمێکی وا پێویست ناکات تۆمەتبار مەحکووم بکرێت و زانیاری دژی ئەو کۆ بکرێتەوە. کەمپە زۆرەملێکانی کار-یش تەنیا بۆ خستنە ژێر ڕکێفی ئەو کەسانەیە کە بە تەواوی لەلایەن حکوومەتەوە تێکڕووخاون و تێداچوون. بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن حکوومەتە پاوانخوازەکانەوە، ئاشتی زیندەبەگۆڕ دەکات و، لەو ڕووەوە کە ئامانج و مەبەستی تۆتالیتاریزم کۆتاییهێنان بە ستەم و خراپە نییە، ترس و تۆقاندنیش لە کۆمەڵدا کۆتایی نایەت.
بەگشتی، ئامانجی حکوومەتە مۆدێرنەکان وەدیهێنانی چاکەی گشتیی کۆمەڵە؛ تەنانەت ئەگەر وانەبێت، لانیکەم هەوڵی پاراستنی ئاسایشی تاکەکان لەڕووی باوەڕە کەسییەکانیانەوە دەدات. لە تۆتالیتاریزم، جگە لەوەی کەسانی نەیار و دژبەر لەژێر چاودێرییەکی چڕدا دەبن، ئەو کەسانەش کە وادەنوێنن هاوڕێباز و هاوڕەوتی دەسەڵاتی ڕژێمن، چاودێریی تەواویان بەسەرەوە دەکرێت، چونکە چاوەڕوانیی گوێڕایەڵیی بێمەرجیان لێ دەکرێت و، ئەوەی کە بەڕواڵەت لەپاڵ دەسەڵات بن، ڕژێم نیگەران دەکات و، هەربۆیە، هەوڵ دەدرێت ڕێگەیان لێ بگیرێت خواستی گریمانەیی شۆڕشگێڕانەیان دژ بە دەسەڵات وەدی بێت.
ڕژێمی تۆتالیتار هەستی ئینتیما و وەفاداریی تەواو و ڕەهای لایەنگرانی خۆی لەڕێگەی دروستکردنی فەزای داخراوەوە دەهێنێتە ئاراوە. بە وتەیەکی دیکە، ترس و تۆقاندن تاکتیک و ڕێکارێکە تۆتالیتاریزم بە مەبەستی دروستکردنی ئینتیما و وەفاداری بەکاری دێنێت. بە کەڵکوەرگرتن لە فەزای داخراو و پڕ لە ترس لەنێو کۆمەڵدا، تاکەکان بۆ ڕزگارکردنی گیان و ژیانیان، هاوڕێیانی خۆیشیان وەلادەنێن. هەر ئەم کارە تاکەکان بەرەو دابڕان و تەریککەوتنەوە دەبات. کەشوهەوا دەبێتە کەشوهەوای ترس لە باسوخواستی ئازاد و، ئیتر هیچ کەس بە دڵنیایییەوە جێی متمانە نابێت. ئەم فەزا و پانتاییە لە ڕەشبینی بەنێو کۆمەڵدا بڵاودەبێتەوە و، پەرەسەندنی ئەم کەشوهەوایە، پەیوەندییەکان تەنانەت تا ئاستی پەیوەندیی نێوان ئەندامانی بنەماڵەش دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.
لەم دۆخەدا، ئەو شتەی کە لە ڕەشبینیی زاڵ بەسەر جڤاکدا مەترسیدارترە، ترسی کەسانی سەر بە دەسەڵاتە لەوەی واز لە دەسەڵات بێنن و پشتی تێبکەن. ئەم ترسە تەنانەت لەو تاوانانەی کە بە ناوی ڕژێمەوە دەیکەن پێش دەکەوێت و زیاتر دەبێت و، هەر ئەم بابەتەیە کە لە ڕوانگەی ئارێنتەوە، مەترسیدارترین دیاردەیە. ئەم دیاردەیە ڕێگە بە تاکەکان دەدات بە ناوی شوێنپێی ڕژێم هەڵگرتن، هەموو تاوانێک ئەنجام بدەن و تەنانەت هیچیش هەست بە تاوان ناکەن. لە بارودۆخێکی ئەوتۆدا، توانایی بڕیاردانی ئەخلاقیی تاکەکان لەنێو دەچێت. حکوومەتە تۆتالیتارەکان لەم ڕووەوە لە پاوانخوازییش خراپترە. حکوومەتی پاوانخواز هەوڵ دەدات لەڕێگەی توندوتیژییەوە ڕەخنەگرانی چالاک کۆنتڕۆڵ بکات، لەکاتێکدا ڕژێمی تۆتالیتار ئامرازی سەرەتایی تێفکرین، ڕەخنە و گومانکردن لە تاکەکان دەستێنێتەوە.
ئارێنت پێی وایە یەکێک لە هۆکارەکانی کاریگەربوونی شێوازی تۆتالیتاریزم و کۆنتڕۆڵکردنی تاکەکان، دابڕاندنی ئاوەزی باوی جڤاکە لەگەڵ کەتوار (واقیع). بەبێ باسوخواست و ڕاگۆڕینەوە و دانوستان، هەرگیز ناکرێت ڕێڕەو و ڕەوتی بارودۆخ لەهەمبەر کەتوار بێتە ئاراوە و هەڵبسەنگێندرێت. حکوومەتی تۆتالیتار ڕوخسارێکی هەڵە بە جیهان دەناسێنێت و ئایدۆلۆژیای خۆی لەسەر بنەمای دژایەتیکردن لەگەڵ جیهانێک کە بۆی قابیلی قبووڵکردن نییە، دادەمەزرێنێت. ئایدۆلۆژیا لەڕێگەی پڕوپاگەندەوە بڵاودەبێتەوە و جێی باوەڕبوونی پڕوپاگەندەش، تا ئەو کاتەی توانستی لێکجیاکردنەوەی ڕاستی (هەقیقەت) لە درۆ لە کۆمەڵدا لەنێو بچێت، بەهیچ شێوەیەک گرنگ نییە. ڕێگەی هاتنی زانیاری لە دنیای دەرەوە دادەخرێت و، تاکەکان دەبێت لە بەهەشتی خەیاڵیی گەمژەیەکی خاوەن لایەنگری زۆر، ژیان بەسەرببەن. تەنیا ڕێگە بۆ دنیای دەرەوە ڕێبەری باڵایە و، ئەو لەڕێگەی پاڵاوتنی زانیارییە هاتووەکانەوە، بەرگری لە ئایدۆلۆژیای خۆی دەکات. لەڕێگەی پۆلیسی نهێنییەوە، کە کاکڵی ئەم جۆرە ڕژێمانەیە، داواکردنی ڕاستییەکانیش لەلایەن کۆمەڵەوە ڕێی لێ دەگیرێت. ڕێبەری باڵای ڕژێم لەلایەن پەلکەپیوازەکانی بوروکراسییەت و دامەزراوە جۆراوجۆرەکانەوە دەپارێزرێت و، بەم چەشنە ڕژێمی تۆتالیتار دەتوانێت دنیای سنوورداری خۆی دروست بکات، بێ ئەوەی پێویست بکات ئەو شتانە بزانرێن کە لە دەرەوەی پیوازەکە ڕوودەدەن. لەڕێگەی ڕەتکردنەوە و تێکدانی ڕەخنەکانەوە، "دروستی و تەندروستی"ی ئایدۆلۆژیا و دیارە ڕێبەری باڵا خۆی مسۆگەر دەکرێت.
گرنگترین شت سەقامگیریی سیستەمی دەسەڵاتە و هیچی دیکە. ئەگەر واقیعێک ئەم وێنەیە لەبارەی سەقامگیربوونی ڕژێم بڕووشێنێت، ئەوە وەک واقیعێکی درۆیین دەیناسێنن. ئارێنت پێی وایە گرفتی سەرەکیی تۆتالیتاریزم شوێنی بەتاڵی ئاوەزی باوە بۆ بڕیاردان. ئەم ئاوەزە باوە ڕووشاوە [لەنێو کۆمەڵێکی تۆتالیتاریدا] چیتر توانستی هەڵسەنگاندنی دروستی کەتوار و ڕاستییەکانی کۆمەڵی نییە. فەزای ڕاگۆڕینەوە و مشتومڕ و دانوستان دادەخرێت و ئاوەزی باو شوێنی هێزە تۆتالیتارەکان دەکەوێت. بەم چەشنە، دەسەڵات شێوە دەبەخشێت بە جیهانی درۆیینەی سەقامگیری خۆی لەنێو مێشکی تاکەکاندا.
ئامانجی گشتیی حکوومەتە تۆتالیتارەکان، ڕێگریکردنە لە ئازادی و جووڵە خۆڕسکە سیاسییەکان. حکوومەت لەڕێگەی دروستکردنی پانتایی بێمتمانەیی و دوورخستنەوەی تاکەکان لە یەکدی، وا دەکات باسوخواستی ئازادانەی سیاسی نەهێڵێت. لە ئەنجامدا، جیاوازی و هەمەڕەنگیی تێڕوانینی تاکەکەسی لەنێو فەزای کۆمەڵایەتیدا بەبێدەنگی دەمێنێتەوە. لە بارودۆخێکی داخراوی لەم چەشنەدا، توانای بەرهەمهێنان و سەرقاڵبوون بە تێڕوانین و بۆچوونی سیاسییش نامێنێت. ئارێنت ئەم هەڵسوکەوتەی تۆتالیتاریزم لەگەڵ خەڵک کە چما بوونەوەرگەلێکی زیادە و مشەخۆرن، بە خراپترین تایبەتمەندیی تۆتالیتاریزم دەزانێت.
لە هەلومەرجی جڤاکێکی تۆتالیتاریدا، تاکەکان چیتر لێک جیا ناکرێنەوە؛ هەڵسوکەوتی ئەوان بەتەواوی قابیلی پێشبینیکردنە و، وەک کەسانێک کە لەوانەیە ببنە قوربانیی ئایدۆلۆژیا چاویان لێ دەکرێت. ڕەفتارێکی لەم جۆرە کە لەسۆنگەیەوە مرۆڤەکان وەک بوونەوەری زیادەی مشەخۆر دەبینرێن، بووە هۆی ئەوەی ئارێنت بە تۆتالیتاریزم بڵێت: "خراپەی ڕادیکاڵ"، ناونیشانێک کە لە کانت-ی وەرگرتووە، بەڵام بە واتایەکی جیاواز. لای کانت، خراپەی ڕادیکاڵ ئەو کاتە ڕوو دەدات کە تاک نەمریی لە ڕەچاوکردنی یاسا ئەخلاقییەکان بە باشتر دەزانێت. لە ڕووانگەی ئارێنتەوە، خراپەی ڕادیکاڵ برەودانە بە تێڕوانینی زیادەبوون و توانای سڕینەوەی مرۆڤ. باوەڕمەندی بە زیادەبوونی مرۆڤەکان لەنێو نازیزم و بلشویکەکاندا دروستکردنی کەمپە زۆرەملێکانی کاری لێ کەوتەوە. دروستکردنی ئەو ئۆردوگایانە ئەم بۆچوونە لە مێشکی مرۆڤدا وێنا دەکات کە کەسانی نێو ئەو کەمپانە نەدەبوو هەرگیز لەدایک بووبایەن و، بوونیان سەرلەبەر هەڵەیە، بە چەشنێک کە ئێستا دەبووایە مردوو بوایەن. لەڕاستیدا، ناسنامەی تاک زۆر زووتر پێش مەرگی جەستەیی لەسۆنگەی تاشینی سەر و گواستنەوەیان لەڕێگەی سەیارەی تایبەت بە گواستنەوەی ئاژەڵ و پۆشینی جلوبەرگی ئۆردوگا، دادەڕمێت. ئازار و ئەشکەنجە لێرەدا کۆتایی پێ نایەت؛ لەم کەمپانەدا، پیشەیەک بە کەسانی دەست بەسەرداگیراو دەدرێت و، بەم جۆرە مەودای نێوان قوربانی و قوربانیکەریش دەسڕدرێتەوە. ئەوانەی لەم ئۆردوگایانەشدا دەمرن وەک گیان بەختکردووی ڕێبازی ئایدۆلۆژی نایەنە هەژمار، چونکە لەم کەمپانەدا کەس ئاگای لە شتی وا نییە.
لەم کەمپانەدا هەندێک شۆڕشی سنووردار بەرپا کرا. ژمارەی شۆڕشگێڕەکان کەم بوو، چونکە کردەوە نامرۆڤانەکان ببوونە هۆی لەنێوچوونی ورەی بزووتنەوە و جووڵەی دژبەرانە. کەسانی نێو ئەم کەمپانە، لەئەنجامی گوشاری زۆرەوە تایبەتمەندییە مرۆڤایەتییەکانی خۆیان لەدەست دەدەن، تا وای لێ دێت وەک بووکەڵەیەکی شانۆی منداڵان هەڵسوکەوت دەکەن؛ هەڵسوکەوتێکی تەواو پێشبینیکراو، کە ئارێنت ئەم هەڵسوکەوتە بە هەڵسوکەوتی سەگی پاولۆڤ دەچووێنێت. ئارێنت باوەڕی بە سەلماندنی زاتی مرۆڤ نەبوو. لە ڕوانگەی ئەوەوە، وەک بڵێی لە ڕەوتی سەرهەڵدان و ڕەفتاری تۆتالیتاریزمدا، گۆڕانێکی بنچینەیی لە جۆری ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤ لەتەک چالاکییە سیاسییەکان دێتە ئاراوە کە ئەنجامەکەی بریتییە لە داڕمانی گشتیی مرۆڤایەتی، داڕمانێک کە بەردەوامیی ژیانی تۆتالیتاریزمی لێ دەکەوێتەوە.
شوێنی پەرەسەندنی ئایدۆلۆژیاکانی تۆتالیتاریزم زۆر بەرفراوان و بڵاوە. ئەم گەڕانە تا تەشەنەسەندنی بۆ سەرتاسەری دنیاش بەردەوامە. بەختەوەرانە ئەم ڕەوتە لەگەڵ مردنی ڕێبەری تۆتالیتاریست و ناوەندی پیوازەکە کۆتایی پێ دێت. ڕژێمە تۆتالیتارەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەندێک مرۆڤی تایبەت، کە هەمان ڕێبەری باڵایە، توانای دەستڕاگەیشتنیان بە ڕاستیی ئایدۆلۆژییەکان هەیە و، لەهەمان کاتدا ئەم وەهمە لەنێو کۆمەڵدا دەچێنن کە کەسێکی ئاسایی توانای تێگەیشتنی تەواوی مێژوو و ناوکی ئەم ئایدۆلۆژییەی نییە. ڕێبەری باڵا هێمای ئایدۆلۆژیایە و، ئەو ئەم ئایدۆلۆژیایە بە پشتیوانیی مێژوو و سروشتی مرۆڤ بە خەڵکی جیهان دەناسێنێت. خاڵە تۆخەکانی ئایدۆلۆژیا کە لەگەڵ سروشت و مێژوودا لە ململانێدان، وەک مەکینەیەک بۆ جووڵەی بەرەو پێشی ئایدۆلۆژیا و بەرهەمهێنانی ترس و تۆقاندنی تۆتالیتاریزم کار دەکات.
سەرچاوەکان:
The Cambridge Companion to Arendt, ed. Dana Villa (Cambridge:
Cambridge University (Press, 2000), 26.
Stephen J. Whitfield, Into the Dark: Hannah Arendt and Totalitarianism. (Philadelphia: Temple University Press, 1980), 69.
Immanuel Kant, Religion within the Limits of Reason Alone, trans.
Theodore M. Greene and Hoyt H. Hudson (New York: Harper and Row, 1960) 32.
ئاماژە: ژێدەری سەرەکیی ئەم بابەتە پاژێکە لە بەشی یەکەمی کتێبی خوارەوە:
Karin A. Fry. Arendt: A Guide for the Perplexed. (Continuum: 2009).
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved