دانا ئیسماعیل
(توێژەری بواری فەلسەفە و پەروردە)
ڕۆمانی "بەشی سەڕەتان" یەکێکە لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی ئەلێکساندر سۆڵژ نیتسین، نووسەری ڕووسی و براوەی خەڵاتی نۆبڵ. ئەم ڕۆمانە ساڵی ١٩٦٨ بڵاو کرایەوە و چیرۆکی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چارەسەریی سەڕەتان لە سۆڤیەت دەگێڕێتەوە. پاڵەوانی سەرەکیی ڕۆمانەکە، ئۆلیگ کۆستۆگلۆتۆڤ، زیندانییەکی پێشووی سایبیریایە کە تووشبووى شێرپەنجەیە. ڕۆمانەکە هاوکات ژیانی چەندان کەسایەتیی جیاواز لە نەخۆشخانەکەدا نیشان دەدات و لەڕێگەی چیرۆکەکانیانەوە ڕەخنە لە سیستەمی سۆڤیەت و تۆتالیتاریەتی ستالین دەگرێت. ئەم ڕۆمانە ڕەهەندى مەجازیی قووڵى هەیە و دەربارەی ناسنامە، مەرگ، سیخوڕی، فاشیزم، ستەمکارى و گوناه دەدوێت. سۆڵژ نیتسین خۆی یەکیک بوو لە بەندکراوانى کەمپەکانى گۆلاک لە سایبریا و تووشبووى نەخۆشیی شێرپەنجە بوو و، بەشێک لە ئەزموونی ژیانى خۆی لەم ڕۆمانەدا دەگێڕێتەوە. "بەشی سەڕەتان" لە یەکێتیی سۆڤیەت قەدەغە کرابوو، بەڵام توانیی لە ڕۆژئاوا بڵاو بێتەوە و، وەک گەواهیدەرێکى گەورەى ڕۆژگارى ستالینیزم تەماشا دەکرێت.
کەسایەتییە سەرەکییەکان
ئۆلیگ کۆستۆگلۆتۆڤ: زیندانییەکی سیاسیی پێشوو کە دوای ئازادبوونی لە کەمپەکانی کار (گۆلاگ)، تووشی سەڕەتانی لیمفاوی بووە.
دکتۆر لیودمیلا دۆنتسۆڤا: پزیشکی تایبەتمەند لە بواری تیشک کە بەشێک لە چارەسەرییەکانی نوێی دژە شێرپەنجە بەکار دەهێنێت.
ڤیرا گانگارت: پزیشکی لاوی ژن کە پەیوەندییەکی ئاڵۆزی لەگەڵ ئۆلیگ هەیە.
ڕووسانۆڤ: کاربەدەستێکی حیزبی کۆمۆنیست کە ترسی لە مردن و لێپرسینەوەیە لەسەر کارەکانی لە سەردەمی ستالیندا.
شولۆبین: ڕۆشنبیرێک کە گفتوگۆی قووڵی فەلسەفی لەگەڵ ئۆلیگ دەکات سەبارەت بە مانای ژیان و ئایندە و چارەنووس.
تەوەرە سەرەکییەکان
١- مەترسی و پەشیمانی: چۆن کەسایەتییەکان ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە و کردارەکانى ڕابردوویان هەڵدەسەنگێنن.
چەمکی سەرەکی:
ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی قووڵ پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤ لەگەڵ مەرگ و پەشیمانی لە کردەکانى ڕابردووی دەخاتە ڕوو.
نموونە ى کەسایەتییەکان:
ڕووسانۆڤ: وەک کاربەدەستێکی حیزب کە بەشدار بووە لە سیخوڕی و ڕاپۆرتنووسین دژی هاوڕێکانی لە ساڵەکانی ١٩٣٠ و ١٩٤٠دا، ئێستا کە ڕووبەڕووی مەرگ بووەتەوە، دەستی کردووە بە بیرکردنەوە لەو کەسانەی ڕەنگە بەهۆی ئەوەوە لەناو چووبن؛ واتە، هەست بە ئازارى ویژدان دەکات. دیمەنی خەوبینینەکانی ڕووسانۆڤ کە تێیدا قوربانییەکانی ڕابردوو دێنەوە بۆ لای دەبێتە هۆى ئازار و نیگەرانیى قووڵ بۆى. ترسی لە تۆڵەسەندنەوە هەیە کاتێک کەسایەتییەکی زیندانی سیاسیی پێشوو دەبینێت لە بەشەکەدا.
ئەحمەدجان: نەخۆشێکی ئۆزبەک کە بەهۆی سەڕەتانەوە دەستی نەماوە و ئێستا دووچاری مەرگ بووەتەوە. بەراوردکردنی ئەحمەدجان لەگەڵ کەسایەتییەکانی دیکە بۆ نیشاندانی ئەوەی چۆن کولتوورە جیاوازەکان ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە و سەرنجی سۆڵژ نیتسین لەسەر ئەوەی چۆن ئەحمەدجان بە شێوەیەکی ئارامتر مەرگ قبووڵ دەکات.
شولۆبین: ڕۆشنبیرێک کە سەبارەت بە شکستی ژیانی خۆی بیر دەکاتەوە و نیگەرانە و خۆى بە کەمتەرخەم دەزانێت لە ڕووبەڕوو بوونەوەى سیستەمە تۆتالیتارەکەى ستالین. ئەو پێى وایە ئەرکى بیرمەند و ڕۆشنبیرە جڤاک هۆشیار بکەنەوە دژ بەستەمکار. دانپێدانانەکانی شولۆبین بۆ ئەوەی چۆن بێدەنگی هەڵبژاردووە لەبری بەرەنگاربوونەوەی سیستەمەکە.
وەسفە هونەرییەکان:
سۆڵژ نیتسین بە مەهارەتەوە وەسفی چۆنیەتیی گۆڕانی دەروونیی کەسایەتییەکان دەکات کاتێک بەرەنگاری نەمری خۆیان دەبنەوە و دەڵێت: "لەسەر کاریگەریى دەروونیى سیستەمى سەرکوتکار ڕاستەقینەترین زیندانى ئەوەیە کە مرۆڤ نەزانێت زیندانییە". بەکارهێنانی دیمەنی سروشتی - بەتایبەت ڕۆژانی بەهاری تاشکەند - وەک هێمایەک بۆ ژیان و بەردەوامی لەبەرانبەر مەرگدا، واتە ئایدۆلۆژیاى مەرگدۆستى چەندە پڕتین و تاو و لیخن بێت هێشتا نەفەسێک هەیە بۆ ژیان و بۆ ئازادى.
ئەو دیمەنانەی کە کەسایەتییەکان سەیری دەرەوەی پەنجەرە دەکەن وەک مەجازێک بۆ ئومێد و بۆ ئازادی بەرانبەر بە زیندانی، بە نەخۆشی، بە ستەم و نادادییە. واتە دیوارى زیندانەکان چەندە بەهێز و پۆڵاین بن بڵاچەیەکیان بەسە بۆ شەقبوون.
پرسیاری ئەخلاقی سەبارەت بە پەشیمانی:
ئایا دوای نزیکبوونەوە لە مەرگ، مرۆڤ دەتوانێت کەفارەت بۆ کارە خراپەکانی پێشووی بدات؟ دیمەنی گفتوگۆی نێوان ئۆلیگ و ڕووسانۆڤ کە تێیدا ڕووسانۆڤ هەوڵ دەدات پاساو بۆ سیخوڕی و ڕاپۆرتەکانی بهێنیتەوە. گفتوگۆی نێوان شولۆبین و ئۆلیگ دەربارەی "ژیانێکی باش" و شکۆمەندانە و فەزیڵەتە ئەخلاقییەکان بوون. بۆ نموونە، لە شوێنێکدا بەم شێوەیە دەکەونە گفتوگۆ:
شۆلۆبین: "ژیانێکی ڕاست و دروست چییە، ئۆلیگ؟ ڕەنگە ئەوە بێت کە بۆ خۆشگوزەرانی و بەرژەوەندیی تایبەتیت بژیت؟ نەخێر، ژیانێکی دروست ئەوەیە لە سەر ئەو پرنسیپانە بژیت کە خەڵک پێوەی لەدایک دەبن. تۆ دەڵێیت 'من دەژیم، کەواتە هۆکارێک هەیە بۆ لەدایکبوونم'. لەبەر ئەمەیە تۆ نابێت کارێکی خراپ بکەیت، چونکە بۆ کاری خراپ لەدایک نەبوویت".
ئۆلیگ: "بەڵام لە دنیایەکدا کە سەر لەبەرى مرۆڤەکان ئالوودەى ترسن، چۆن دەتوانیت ژیانێکی ڕاست و دروست بژیت"؟
شۆلۆبین: "گوێ بگرە، ئۆلیگ، چەندین ڕێگا هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی خراپە، بەبێ ئەوەی خۆت ببیتە بەشێک لێی. ئەگەر ناتوانیت دژی بوەستیتەوە، لانیکەم هاوکاری مەکە. ئەگەر ناتوانیت ڕاستی بڵێیت، لانیکەم درۆ مەکە. ئەگەر ناتوانیت هەموو شتێک ئاشکرا بکەیت، لانیکەم ئەوەندەی کە دەتوانیت ئاشکرای بکە. ئەگەر ناتوانیت فەرمانێکی ناڕەوا ڕەت بکەیتەوە، لانیکەم بەخێرایی جێبەجێی مەکە. ئەگەر ناتوانیت هەموو کەسێک ڕزگار بکەیت، لانیکەم هەندێکیان ڕزگار بکە. ئەمە ژیانێکی دروستە. نەک ژیان بۆ خۆت، بەڵکو ژیان بۆ ئەوەی کە یارمەتیی گیانی مرۆڤایەتی بدەیت."
ئۆلیگ: "بەڵام گەر ئەمە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە خۆت چى؟"
شۆلۆبین: "هەندێک زیان، گەورەترین بەرهەمی ژیانە. ئەگەر لەپێناو ڕاستیدا ئازار بچێژیت، بەرهەمەکەی لە نرخی ژیان گەورەترە. تەنانەت لە نێو ئەم نەخۆشخانەیەدا، ئێمە دەتوانین هەڵبژێرین مرۆڤێکی باشتر بین. تەنانەت لەبەردەم مەرگدا، دەتوانین هەڵبژێرین چۆن بمرین. مردنی خۆت هەڵبژێرە، مردنێک کە شایانی ئەوە بێت پێی بڵێین مردنی مرۆیی."
ئەم گفتوگۆیە یەکێکە لە قووڵترین گفتوگۆکانی ناو ڕۆمانەکە کە تێیدا سۆڵژ نیتسین باس لە چەمکی ژیانێکی دروست و بەرپرسیارێتیی تاکەکەسی دەکات، تەنانەت لە سەختترین هەلومەرجدا.
چۆنیەتیی سودمەندبوون لە ژیانی کورت:
چۆن کەسایەتییەکان لێدەگەڕێن کاتێک دەزانن ژیانیان کورتە؟ دیمەنی سایغکردنی کتێبەکانی ئۆلیگ پێش مردنی، واتە پوختەکردن و پاککردنەوەى کتێبەکان پێمان دەڵێت کە مەعریفە گرنگترینە – ئەمەش هێمایەکە بۆ ئەوەی کە مرۆڤ لەبەردەم مەرگدا چی بەگرنگ دەزانێت. تۆمارکردنی وردی سۆڵژ نیتسین بۆ چۆنیەتیی گۆڕانی بنەماکانی بەهای ژیان کاتێک مرۆڤ ڕووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە.
خوازەی سەڕەتان:
سەڕەتان وەک نەخۆشی و هەروەها وەک میتافۆرێک بۆ گەندەڵیی مۆراڵی و سیاسیی کۆمەڵگەی سۆڤیەت. نەخۆشخانەکە وەک خودی کۆمەڵگاى سۆڤیەتى لەئانى ستەمکاریى ستالیندا، کە هەوڵ دەدات شەڕ لەگەڵ "سەڕەتان"ـی ستالینیزمدا بکات. سۆڵژ نیتسین دەڵێت: " نەخۆشییەک هەیە کە بەهێواشى لەش دەخوات، هەروەها درۆیەک هەیە کە بەهێواشى ڕۆح دەخوات".
چۆن هەندێک لە کەسایەتییەکان چاک دەبنەوە و هەندێکی تر نا - وەک چۆن کۆمەڵگەی سۆڤیەت لە قۆناغی نێوان چاکبوونەوە و مەرگدا بوو. واتە سیستەمە ستەمکار و تۆتالیتارەکان هەمیشە جڤاک بە جۆرێک تووشى داڕزین و سەڕەتان دەکەن کە قووتاربوون و چاکبوونەوە لەو دەردە کوشندەیە تا ئەندازەى مەحاڵ مەحاڵە.
ڕاستیی دەروونی:
پێداگری و مکوڕبوونى سۆڵژ نیتسین لەسەر ئەوەی کە ڕاستیی ژیان تەنها لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەرگدا دەردەکەوێت، خۆناسینی قووڵی کەسایەتییەکانی لێ دەکەوێتەوە کاتێک ڕووبەڕووی کۆتایی ژیانیان دەبنەوە، واتە کاریگەرییە سایکۆلۆژییەکان لەسەر سایکى مرۆڤ، بەتایبەت مرۆڤانێک کە بەدرێژایى ژیان خاوەن ڕۆحێکى بیمار بوون. بەراوردی نێوان ئەوەی مرۆڤ ژیانی بۆ چی تەرخان دەکات و ئەوەی لە کۆتاییدا بە کوێ و بە چى دەگات.
ئەم تەوەرەیە بەتەواوی لەگەڵ ئەزموونی کەسیی سۆڵژ نیتسین خۆی یەکدەگرێتەوە، کە دوای بەسەربردنی ساڵانێکى زۆر لە کەمپەکانى گۆلاگ، خۆی ڕووبەڕووی نەخۆشی سەڕەتان بووەوە و توانیی چاک ببێتەوە. واتە سۆڵژ نیتسین بەقووڵى ئەزموونى ئازارى ڕۆحى و بەدەنیى کرد کە بریتی بوون لە ستەمکارییە سەڕەتانییەکەى ستالین و شێرپەنجە وەک نەخۆشى. ئەم ئەزموونە پەرۆشییەکی تایبەتی بەخشیوە بە وەسفەکان لەم ڕۆمانەدا. بەشى سەڕەتان بریتییە لە ستەمکارى وەک پەتاى ڕۆح و زەوتکردن و داگیرکردنى زەینى کاراکتەر و لێدان لە کەرامەتى مرۆڤ و بێحورمەتى و بێرێزى بە عەقڵ.
٢- ئازادیی تاکەکەسی لەبەرانبەر دەسەڵاتی دەوڵەت: ملمڵانێی نێوان مافەکانی تاک و خواستەکانی سیستەمی ستەمکارى سۆڤیەت، کە دەوڵەت و سیستەم بریتین لە خودى ستەمکار. واتە ئەوەى ستالین دەیڵێت ئەوە ئەو شتەیە کە هەموو گەلى سۆڤیەت دەیڵێن، واتە ستەمکار کوللى حەقیقەتى لایە و تەعبیر لە هەموو گەل دەکات. لەنێو سیستەمە ستەمکارییەکاندا خودى ژیان لە مەحەکدایە وهەمیشە ئازادییە تاکە کەسییەکان پایەماڵ دەکرێن و تاک سەرکوت دەکرێت.
چەمکی سەرەکی:
ڕۆمانەکە بەقووڵی مافی تاک بۆ بڕیاردان لەسەر ژیانی خۆی بەرانبەر بە کۆنترۆڵی دەوڵەت دەخاتە ڕوو. کەسایەتیی ئۆلیگ کۆستۆگلۆتۆڤ نموونەی زیندووی ئەم ملمڵانێیەیە. بە مانایەکى دیکە، دەوڵەت کە تەعبیرە لە خودى ستەمکار، حەقى ئەوەى هەیە نەک تەنها ئازادى بەڵکوو ژیان لە هاونیشتمانیانیش وەربگرێتەوە.
نموونەی کردارەکی:
کاتێک ئۆلیگ بەرەنگاری چارەسەری هۆرمۆنی دەبێتەوە کە توانایی زاوزێی لێ دەستێنێت، ئەمە وەک خاڵێکی وەرچەرخان دەردەکەوێت. دکتۆر دۆنتسۆڤا پێی وایە مافی هەیە بڕیار بدات چی باشە بۆ نەخۆشەکەی، بەڵام ئۆلیگ پێداگری لەسەر مافی تاکەکەسیی خۆی دەکات و پێى وایە دکتۆر کە ڕەمزى سوڵتەى سیاسییە، ئەو حەقەى نییە بە ویستى خۆى بڕیار لە چارەنووسى ئەو بدات، بەڵکوو ئەوەى بڕیار لە چارەنووسى ئۆلیگ دەدات تەنها خودى خۆیەتى. لە ڕۆمانەکەدا ئۆلیگ ڕمزى مرۆڤى سەروەرە. دیالۆگی ئۆلیگ و دکتۆرەکان وێنەیەکی بچووککراوەی پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و دەوڵەتە لە سیستەمە تۆتالیتارەکەى ستالیندا.
نیشاندانی سیستەمی دەسەڵات:
ڕووسانۆڤ، کاربەدەستەکە، نموونەی کەسێکە کە لە سیستەمەکەدا بەشدار بووە و ئێستا خۆی قوربانییە. لە کۆى مەنزوومە ستەمکارییەکەدا هەمووان قووربانین جگە لە خودى ستەمکار. ئەو دیمەنانەی باسی پێشینەی زیندانیبوونی ئۆلیگ دەکەن، نیشانی دەدەن چۆن سیستەمەکە ڕۆژانە ئازادیی خەڵکی پایەماڵ دەکات و دەیانکاتە کۆیلە. چیرۆکەکانی ئۆلیگ لە سایبیریا و ئەو نامەیەی لە بەشەکانی کۆتاییدا دەینووسێت وەسفی وردی چۆنیەتیی لەناوبردنی ئازادیی تاکەکەس دەکات. هەمیشە سیستەمە ستەمکار و تۆتالیتارەکان بە پایەماڵکردنى ئازادییە تاکەکەسییەکان دەست پێدەکەن و دەگەن بە داگیرکردنى کۆى جڤاکەکە و بە تەحتیمکردنى خودى ژیان بە پایان دەگەن.
گفتوگۆ فەلسەفییەکان:
گفتوگۆکانی ئۆلیگ و شولۆبین دەربارەی ئەوەی کە ئایا تاک دەبێت خۆی بکاتە قوربانی لەپێناو پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا، یان مافی هەیە بەرگری لە بوونی خۆی بکات وەک کاراکتەرێکى سەربەخۆ؛ تێڕوانینی ئۆلیگ کە "تاکە شتێک پیرۆز بێت خودى ژیانە، نەک چەمکی وەهمیی داهاتووى دەوڵەت، کە وەحشەتناکە لە سیستەمە ستەمکارییەکاندا".
چەمکەکان و بونیادی فەلسەفی:
مافی ئۆتۆنۆمیی جەستەیی: ڕۆمانەکە جەخت دەخاتە سەر ئەو بیرۆکەیە کە جەستە بەرچاوترین سنووری مافی تاکەکەسییە. لە یەکێک لە دیمەنە گرنگەکانی ڕۆمانەکەدا، ئۆلیگ دەڵێت: "جەستەی من هی خودى منە، هى هیچ کەسێکی تر نییە"؛ واتە تەنها منم دەتوانم خاوەنداریەتیى بکەم نەک ئەوانى دى، کە مەبەستى لە دەوڵەتە. ئەم چەمکە پێچەوانەی تەواوى بنەماکانی دەوڵەتى سۆڤیەتە کە تێیدا تاک ئامرازێکە لە ئامرازەکانی دەوڵەت و ئەو خاوەنداریەتیى لێ دەکات. واتە لەم تایپە لە جیهانبینى شتیک وجوودى نییە بە نێوى کاراکتەرى ئازاد و سەربەخۆ بەڵکوو ئەوەى هەیە کۆیلەى سیستەمە تۆتالیتارەکەیە.
سیستەمی دوو- فاقی:
ڕۆمانەکە وێنەی سیستەمی دووفاقی سۆڤیەت دەکێشێت کە تێیدا دەوڵەت بانگەشەی پاراستنی هاونیشتمانییان دەکات بەڵام ترس و تۆقاندن بڵاو دەکاتەوە وسەرکوتیان دەکات و ئازادییەکانیان پایەماڵ دەکات. دروشمەکانی ئازادی و یەکسانی هەن بەڵام لەڕاستیدا هاووڵاتییان هیچ مافێکی بڕیاردانیان نییە و، دەسەڵاتداری گەورە (ستەمکار) بیریان بۆ دەکاتەوە و بڕیاریان بۆ دەدات. باسکردنی ئەم دووفاقییە، بەتایبەت لە دیمەنی گفتوگۆکانی ئۆلیگ و شولۆبیندا خۆى بەیان دەکات. ئۆلیگ دەڵێت: "مرۆڤ ناچارە بە دوو زمان بدوێت، زمانێکیان بۆ گشت و ئەوى دیکەیان بۆ خۆى و لەگەڵ خۆى. ئەمەش ئازاردەرترین دۆخى مرۆڤبوونە".
وەسفی سیستەمی سەرکوت لەڕێی گێڕانەوەى کاراکتەرەکانەوە:
ئەزموونەکانی ئۆلیگ لە دوورخستنەوە: چیرۆکەکانی لە کەمپەکانی کار و سایبیریا وەک شایەتییەکی ڕاستەوخۆی وەسفکردنی ئەو سیستەمەی کە تێیدا مافە سەرەتاییەکان لەچەشنى جێگۆڕکێکردن یاخود نووسین و خوێندنەوە قەدەغە بووە. دیمەنی بەشێکى دیکە، کە ئۆلیگ یادەوەرییەکانی خۆی دەگێڕێتەوە، دەریدەخات چۆن سیستەم مافە سەرەتاییەکانی زەوت کردوون، ستالین و سیستەمەکەى بەتوندى دژ بە هەموو ئازادییەکان بوون. لەم بەشەدا، دیالۆگى نێوان کاراکتەرەکان دەریدەخات کە تا چەند بیر و ڕاى ئازاد و بیرکردنەوەى سەربەخۆ مەترسیدارە و خاوەنەکەى تا پەتى سێدارە دەبات. بیرکردنەوە و دەربڕینى بیر و ڕاى ئازاد و باسکردن لە حەقیقەت لە نەخۆشخانەکە و لە کونجى زیندانیشدا دەبێت زۆر بەنهێنى و پەنهانی بێت. داگیرکردنى فەزاى گشتى بە هۆى تۆڕێکى بەهێزى سیخوڕییەوە هەمووانى دڕدۆنگ و نیگەران کردبوو و بە جۆرێک ترس و بیم کەشى شارەکەى داگیر کردبوو کە مرۆڤ سڵى لە سێبەرى خۆشى دەکردەوە. لەم بەشەدا، نەخۆشەکان لە ژوورەکەیاندا گفتوگۆ دەکەن دەربارەی ژیانیان و ئەزموونەکانیان لە سیستەمە ستەمکارییەکەى ستالین-دا؛ ئۆلیگ دەڵێت:" ترس دەستى لە بینى هەر یەکێکمان ناوە. گەر بزانیت هەر وشەیە دەبێتە هۆى لێپرسینەوە لەگەڵت، ئەوا بەناچارى بەر لە گوتنى دەبێت هەزارجار بیپشکنیت ئەوجا بیدرکێنیت".
کۆستۆگلۆتۆڤ، کە کاراکتەرێکى سەرەکییە، باس لە ئەزموونەکانی خۆی دەکات سەبارەت بە دوورخستنەوە و ژیانی لە کەمپەکاندا. لەهەمان کاتدا، شالومۆڤ، کە نەخۆشێکی دیکەی ژوورەکەیە، بەئاگاییەوە باس لەوە دەکات کە چۆن بیر و باوەڕی سیاسیی جیاواز و بیرکردنەوەی سەربەخۆ دەبێتە هۆی سزادان و مەرگ. شالۆمۆڤ دەڵێت: "بیرکردنەوەى سەربەخۆ تاوانێکە کە لێخۆشبوونى بۆ نییە. تەنانەت شیمانەکردنى ئەوەى کە دنیایەکى دیکە بوونى هەیە، تاوانێکى کوشندەیە." لە بەشێکی گرنگی گفتوگۆکەدا، ڕووسانۆڤ، کە پێشتر کارمەندی پلەبەرزی حیزب بووە، دەکەوێتە بەرگری لە سیستەمەکە، بەڵام دەنگی ئەوانی تر بەرز دەبێتەوە دژ بەو، بەتایبەت کاتێک ڕووسانۆڤ نایەوێت دان بە فەزاعەت و خراپییەکانی ستالیندا بنێت. لە کاتی گفتوگۆکەدا، کەسایەتییەکان باس لە "دەنگی بێدەنگ" دەکەن، ئەو دەنگەی کە ناتوانرێت لە دەرەوەی نەخۆشخانە گوێبیستی بیت. ئۆلیگ دەڵێت: "مرۆڤ هێندە فێرى بێدەنگى دەبێت تا واى لێدێت گومان دەکات کە خاوەن دەنگە و دەتوانێت دەنگى لێ دەرچێت. ئەمەش ترسناکترین دۆخى سەرکوتکارى و ستەمکارییە. وا دەردەکەوێت کە نەخۆشخانە، سەرەڕای هەموو مەینەتی و ناخۆشییەکانی، بووەتە جۆرێک لە پەناگەی ئازادیی بیر و ڕا دەربڕین بۆ ئەم کەسایەتییانە. واتە خامۆشى و بێدەنگى تەواوى شارى تەنیوە و بڕستى لە هەمووان بڕیوە. تەنها شوێنێک مرۆڤ دەتوانێت تەعبیر لە خۆى بکات نەخۆشخانەیە. ئۆلیگ دەلێت:" چونکە لە نەخۆشخانەدا مەرگ نزیکە، ئیدى کەس ناترسێت لە ئاخاوتن".
تراژیدیای کاریگەرییەکانی سەرکوت لەسەر تاکەکان:
ڕەوشی ڕووسانۆڤ کە هاوکات قوربانی و بەشداربوو بووە - پەشیمانییەکی پاشەکشەکار. پۆدوییەڤ، نەخۆشێک کە هەموو پەیوەندییەکی مەعنەوی لەگەڵ ڕاستی لەدەست داوە بەهۆی سیستەمەکەوە، واتە بە ناچارى هەمووان دەبوو دوو ڕوویان هەبێت؛ ڕوویەک وەک ئەوەى کە ستەمکار و سیستەمەکەى دەیخوازن و ڕووەکەى دیکەشیان جەوهەر و حەقیقەتى مرۆڤبوونە کە لەژێر سایەى ستەمکاریدا هەمیشە دەبێت پەنهان و شاراوە بێت، هاوشێوەى چیرۆکی ڤەدیۆنیاشین کە نەوەی قوربانییانی تەسفیەی ستالینە و، نیشانەی بەردەوامیی کاریگەرییەکانی سەرکوتە.
شێوازەکانی بەرەنگاری و مافخوازی:
بەرەنگاریی بێدەنگى:
ئۆلیگ لەبەرانبەر فشاری سیستەمی پزیشکی بەرگری لە مافی خۆی دەکات و بەرپەرچى دکتۆر دۆنتسۆڤا دەداتەوە لەڕێگەى پرسیارکردن و خۆڕاگری لەبەرانبەر دەستووردا، چۆن ڕەفزکردنی چارەسەری هۆرمۆنی دەبێتە کردارێکی سیاسی. ئۆلیگ داکۆکى لەوە دەکات کە خۆى خاوەنى جەستەى خۆیەتى؛ کەس ئەو حەقەى نییە لەبرى ئەو خاوەنداریەتى لە جەستەى بکات، تەنانەت پزیشکیش. ئەمەش خوازەیە (میتافۆڕە)، واتە مرۆڤ تەنها خۆى ئەو حەقەى هەیە کە خاوەنداریەتى لە ئازادیى بیر و ڕا و وجوودى خۆى بکات، کە ئەمەش ماناى سەربەخۆبوونە.
ڕۆڵی زانین و مەعریفە وەک ئامرازێک بۆ بەرەنگاری:
کتێبخانەی ئۆلیگ و هۆگری بە خوێندنەوە وەک شێوازێکی پاراستنی سەربەخۆیی فیکری؛ کتێب وەک سەرچاوەى مەعریفى ڕۆڵى بەرچاوى هەیە لە هۆشیاریى تاک و جڤاک دژ بە ئایدۆلۆژیا، کە وەزیفەى بنەڕەتیى تەواوى ئایدۆلۆژیاکان بریتییە لە گەوجاندن و لە مرۆڤخستنى مرۆڤ و مەسخکردنى عەقڵ. ئەو بەشەی کە ئۆلیگ نامە دەنووسێت وەک بەڵگەیەک لەسەر کردارەکانی ستەمکار گەر نووسین و یاداشتکردنى ڕووداوەکان نەبووایە، مێژووى تەواوى ستەمکاران لە بەین دەچوو - نووسین وەک بەرهەڵستی و دۆکیومێنتکەرى ڕووداوەکان، وەزیفەیەکى بێئەنداز گرنگى هەیە، هەم وەک دروستکەرى هۆشیارى، هەمیش وەک گێڕانەوەى مێژوو.
بەراوردکردنی سیستەمی پزیشکی و سیستەمی سیاسی:
نەخۆشخانە وەک میکرۆکۆزمی دەوڵەت:
چۆن بیرۆکراسی نەخۆشخانە وێنەیەکی بچووککراوەی بیرۆکراسیی دەوڵەتە، بەراوردکردنی مامەڵەی پزیشکەکان لەگەڵ نەخۆشەکان و مامەڵەی ستەمکار لەگەڵ هاونیشتمانییان هەمان مامەڵەن. پزیشک بە بەهانەى ئەو باشترینەکان دەزانێت ڕێ بە خۆى دەدات لەبرى نەخۆش بەدەر لە گەڕانەوە بۆى هەرچى دڵى دەیخوازێت بۆى ئەنجام بدات، ستەمکاریش هاوشێوەى پزیشک خۆى بە خاوەن بڕیار دەزانێت و حەق بە خۆى دەدات لەبرى هەمووان بیر بکاتەوە و بڕیار بدات و هەمووانیش تەنها و تەنها جێبەجێکەرى فەرمانن. نموونەى بەرجەستەش لە ڕۆمانەکەدا دیمەنی نەخۆشخانەکەیە کە تێیدا نەخۆشەکان فۆرمە پزیشکییەکان واژۆ دەکەن بەدەر لە تێگەیشتن لە ناوەڕۆکى فۆڕمەکان.
بیرۆکەی "بۆ چاکەی خۆت":
تێپەڕاندنی مافە تاکەکەسییەکان "بۆ چاکەی خۆت" وەک پاساوێکی هاوبەش لە سیستەمی پزیشکی و سیاسی؛ ڕۆڵی دکتۆر دۆنتسۆڤا وەک کەسێکی "چاکەخواز" کە هاوشێوەی ستەمکارە - بڕوای وایە ئەو لە هەمووان باشتر دەزانێت چى بە کەڵکە بۆ نەخۆشەکان. ئەو دەربڕینانەی پزیشکەکان بەکاریان دەهێنن، زۆر هاوشێوەی دەربڕینە دەوڵەتییەکانە، مەبەست لە دەوڵەتە ستەمکارەکانە.
بەیەکگەییشتنی کەسایەتییەکان:
گەشتی بەرەو ئازادی:
فێربوونی ئۆلیگ لە هەڵبژاردنی ئازادی و مافی بڕیاردان، تەنانەت ئەگەر نەرێیی (سلبی) بێت، ڤیرا گانگارت چۆن لە زەختی سیستەمەوە بەرەو خۆئاگایی لە مافی تاکەکەسیی نەخۆشەکان دەگوازرێتەوە. چۆن گەورەترین سەرکەوتنی کەسایەتییەکان، یەکانگیری لەگەڵ بەهای ئازادییە، نەک تەنها چاکبوونەوە.
مانای ئازادی دوای زیندان:
ئۆلیگ دوای ساڵانێک لە دوورخستنەوە، ئازادی چۆن پێناسە دەکاتەوە
لە بەشێکى دیکەی ڕۆمانەکەدا کە گەڕانەوەی ئۆلیگە بۆ کادیلۆگ دوای بەشەکە - سیمبولی ئازادی ڕاستەقینە بەڵام تڕاژیدی
لە دیمەنێکدا ئۆلیگ دەڵێت: "ئازادی بەتەنها بەس نییە، لەڕێی ئازادییەوە من دەزانم ئەوەی لە ئازادی بەوەلاترە چییە" لە شوێنێکى دیکەدا دەڵێت: "ئازادى ڕاستەقینە ئەوە نییە کە هەر شتێکت بوێت ئەنجامى بدەیت، بەڵکوو ئەوەیە نەچیتە ژێر بارى هیچ زۆرە ملێیەک".
بەکارهێنانی مەجاز و سیمبول:
سیمبولی دیوار:
دیوارەکانی نەخۆشخانە وەک هێمای بەرجەستەی سنووری نێوان مافی تاکەکەسی و دەسەڵاتی دەوڵەتە. کە دەوڵەت بارتەقاى ئەستوورى دیوارەکان دابڕانى لەنێوانهاونیشتمانییان و مافەکانیاندا دروست کردووە. سەیرکردنی دیمەنەکان لە پەنجەرەوە ڕووەو دەرەوە - سیمبولی ویستی ئازادە، کە ستەمکار ترووسکاییەکى نەهێشتووەتەوە تا تاک لێوەى بڕوانێت.
مەجازی زوقم (شەهتەرە):
گیای زوقم کە ئۆلیگ لە بەشەکانی کۆتاییدا دەیدۆزێتەوە و دەیکاتە چارەسەری سەڕەتان کە سیمبولى ئازاد بوونە؛ لە چارەسەری ڕەسمی و سیستەمی پزیشکی دەوڵەتدا، دەوڵەت وەک سەڕەتان کە چۆن تەواوى جەستە دادەڕزێنێ ئەویش کۆى ژیان نابوود دەکات و تەواوى ماف و ئازادییەکان پایەماڵ دەکات. مەجازی دەربازبوون بە هۆی سروشتەوە لە شێرپەنجە، بریتییە لە قووتاربوون بە هۆى هۆشیارییەوە لە جەورى ستەمکارى. ئەم تەوەرەیە کە لە تەواوى ڕۆمانەکەدا بەرچاو دەکەوێت، ڕێگە بە سۆڵژ نیتسین دەدات ڕەخنەی قووڵی فەلسەفی و سیاسی لە سیستەمە تۆتالیتارییەکەى سۆڤیەت بگرێت. ڕۆمانەکە لەڕاستیدا نەخۆشخانە وەک سیمبولێک بۆ سیستەمی سیاسی بەکار دەهێنێت، بەڵام دەیکاتە میکرۆکۆزمێک بۆ نێشاندانی ئەم ملمڵانێیە لەنێوان مافی تاک و دەسەڵاتی کۆمەڵەیی.
٣- ئەخلاقى پزیشکی: چۆن پزیشکەکان هەڵسوکەوت دەکەن کاتێک دەسەڵاتی ژیان و مردنیان هەیە
چەمکی سەرەکی:
ڕۆمانەکە پرسیاری ئەخلاقیی قووڵ دەربارەی سنوورەکانی دەسەڵاتی پزیشک بەسەر جەستەی نەخۆشدا دەخاتە ڕوو. کارلێکی نێوان پزیشک و نەخۆش وەک مەجازێک بۆ پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتى بەکار دێت لە دەقەکەدا.
دووفاقیەتی لیودمیلا دۆنتسۆڤا:
دکتۆر دۆنتسۆڤا کە پزیشکێکی لێهاتووە، بەڕاستی بڕوای وایە بۆ چاکەی نەخۆشەکانی کار دەکات، بەڵام ئامادەیە بڕیار لەبری نەخۆشەکان بدات و ڕاستییەکانیان لێ بشارێتەوە.
ڕۆڵی دووفاقی وەک "چاکەخواز و دیکتاتۆر" هاوکات
دیمەنە کلیلییەکان:
کاتێک دکتۆر دۆنتسۆڤا هەوڵ دەدات ئۆلیگ ڕازی بکات بە وەرگرتنی چارەسەرێک کە دەزانێت کاریگەریی دەروونی و فسیۆلۆژیی قورسی دەبێت لەسەر بەکاربەر. دکتۆر دۆنتسۆفا سیمبوولى ستەمکارە کە هەمیشە ویستى حکوومکردنى بەسەر هەموواندا هەیە. دیمەنی "ڕەزامەندیی نەخۆش" کە تێیدا نەخۆشەکان فۆرمی ڕەزامەندیی پزیشکی واژۆ دەکەن بەدەر لەوەی تێبگەن چی واژۆ دەکەن و زانیارییان هەبێت دەربارەى ئەوەى واژۆى دەکەن. گفتوگۆی ڤیرا گانگارت و دۆنتسۆڤا دەربارەی ئەوەی ئایا دەبێت ڕاستی تەواو بە نەخۆشەکان بڵێن یاخود نا، لە دیدى دکتۆر وەک ڕەمزى ستەمکار، پێویست ناکات نەخۆش ڕاستییەکان بزانێت و ئاشنا بێت پێى، بەڵکوو ئەوەى کە دەبێت تەواوى حەقیقەتى لابێت تەنها و تەنها خودى ستەمکارە.
کاریگەریی پزیشکی لە کۆنتێکستی سیاسیدا:
دیمەنەکانی تاقیکردنەوەی دەرمانی نوێ لەسەر نەخۆشەکان بێ ئاگاداریی خۆیان. واتە جەستەى نەخۆشەکان کێڵگەن بۆ تاقیکردنەوە بەدەر لە ویستى خۆیان. پەیوەندیی نێوان چەمکی "پێشکەوتنی زانستی" و قوربانیدان بە مرۆڤ، واتە پایەماڵکردنى بەها ئەخلاقییەکان و لێدان لە پرنسیپە مرۆییەکان، تەنها لەپێناو گەشەکردنى زانستدا، زانست وەک دەسەڵات، وەک هێز. ئاماژەدان بە پرۆژە زانستیەکانی سەردەمی ستالین کە تێیاندا سوودی مرۆڤ فیدای "ئامانجی گەورەتر" دەکرا.
چارەسەر و دەستدرێژی:
پرسیاری ئەوەی کەی چارەسەر دەبێتە دەستدرێژی، بەتایبەت کاتێک بێ ڕەزامەندیی تەواوى چارەخواز ئەنجام دەدرێت.
بەراوردکردنی چارەسەرە زۆرەملێیەکان لەگەڵ زۆرداری سیاسی:
پێداگریی ئۆلیگ لەسەر ئەوەی کە "جەستەم هی منە، نەک هی زانست و نەک هی دەوڵەت" ئەوە منم بڕیار دەدەم چۆن مامەڵە بە جەستەمەوە بکرێت نەک پزیشک و دەوڵەت. لە هەردوو ئەم تەوەرانەدا، سۆڵژ نیتسین بەوردی و لێزانییەوە پەیوەندیی نێوان پرسە پزیشکییەکان و پرسە سیاسییەکانی کردووەتە ئاڵوگۆڕێکی هونەری کە ڕەخنەی قووڵى لە سیستەمی تۆتالیتاری سۆڤیەت پێ دەگرێت، بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی سانسۆر بێتەوە.
بنەمای فەلسەفی و ئەخلاقی:
ملمڵانێی نێوان دەسەڵات و زانیاری:
ڕۆمانەکە دەیسەلمێنێت کە زانیاریی پزیشکی دەبێتە سەرچاوەی دەسەڵات بەسەر نەخۆشدا. واتە پزیشک تەنها لەبەر ئەوەى کە زانیاریى لایە ئیدى ئۆتۆریتى و دەسەڵاتی بەسەر نەخۆشدا هەیە و بڕیارە چارەنووسسازەکان ئەو دەیدات. دیمەنی بەشێکى دیکەى ڕۆمانەکە کە تێیدا دکتۆر دۆنتسۆڤا لە وەڵامی پرسیاری ئۆلیگ دەبوێرێت: "تۆ ناتوانیت بزانیت. تۆ پزیشک نیت". چۆن زانیاریی پزیشکی وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردن بەکار دێت، نەک ئامرازی بەهێزکردنی نەخۆش و چارەسەرکردنى.
سوودخوازی بەرانبەر مافی تاکەکەسی:
دووبەرەکیی نێوان دیدگای "چارەسەر بە هەر نرخێک" و "ڕێزگرتن لە ئازادی نەخۆش".
فەلسەفەی دکتۆر دۆنتسۆڤا کە چاکبوونەوەی بایۆلۆجی لە هەموو شتێک گرنگترە.
دیدگای بەرانبەر - ئۆلیگ کە جەخت دەکاتەوە چۆنیەتیی ژیان گرنگترە لە خودی درێژکردنەوەی ژیان. دیالۆگەكە لەنێوان كارەكتەری سەرەكی ئۆلیگ كۆستۆگلۆتۆڤ و دكتۆر دۆنتسۆڤا ڕوو دەدات. دۆنتسۆڤا دكتۆرێكە بۆ چارەسەركردنی نەخۆشانی سەڕەتان كار دەكات و ئۆلیگ كۆستۆگلۆتۆڤ یەكێكە لە نەخۆشەكانی. لە دیالۆگە گرنگەكەیاندا، باس لەوە دەكەن كە ئایا درێژكردنەوەی ژیان بە هەر نرخێك بێت گرنگە یاخود چۆنیەتی و كوالیتیی ژیان گرنگترە. لەم دیالۆگەدا، ئۆلیگ ئەوە ڕەت دەكاتەوە كە تەنها درێژكردنەوەی ژیان بێ لەبەرچاوگرتنی باری كەسەكە و چۆنیەتیی ژیانی، ئامانج بێت. ئەو بەرگری لەوە دەكات كە مرۆڤ خۆی مافی ئەوەی هەیە بڕیار لەسەر ژیانی خۆی بدات، نەك تەنها پزیشكەكان. دكتۆر دۆنتسۆڤا لە سەرەتادا بەرگری لە بۆچوونی پزیشكی دەكات كە ئەركی پزیشك درێژكردنەوەی ژیانە. ئەم دیالۆگە فەلسەفییە گەلێك قووڵە و یەكێكە لە چەمكە سەرەكییەكانی ڕۆمانەكە - مرۆڤبوون و مافی تاك بۆ بڕیاردان لەسەر ژیانی خۆی، بەتایبەت كاتێك ڕووبەڕووی نەخۆشیی كوشندە دەبێتەوە.
سۆڵژ نیتسین لەم دیالۆگە و بەگشتی لە ڕۆمانەكەدا پرسیارێكی گرنگی ئەخلاقی و فەلسەفی دەوروژێنێت: ئایا ژیانی درێژ بە هەر نرخێك بێت باشترە، یاخود ژیانی كورت بەڵام شكۆمەندانە و بەدەر لە ئازار باشترە؟ ئایا چاكبوونەوە بە كیمیاوی و چارەسەریی توند كە كوالیتیی ژیان كەم دەكاتەوە، هەمیشە باشترین بژاردەیە؟ ئەم دیالۆگە ڕەنگدانەوەی ئەزموونی خودی ژیانى سۆڵژ نیتسینە، چونكە ئەویش خۆی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە و لە سیبیریا لە كامپی كاری زۆرەملێ چارەسەری وەرگرتووە.
شیکردنەوەی ڕۆڵی کەسایەتییە پزیشکییەکان:
دکتۆر لیودمیلا دۆنتسۆڤا - دووفاقییەتی دەسەڵاتی پزیشکی: خەسڵەتی ئاڵۆزی دۆنتسۆڤا - لێهاتوو، دڵسۆز، و هاوکات دیکتاتۆر
هەڵسوکەوتی لەگەڵ نەخۆشەکانی وەک منداڵ مامەڵە دەکات، نەک وەک کەسانی خاوەن ماف؛ دیمەنێکى گرنگی دیکە لە ڕۆمانەکەدا، کە تێیدا گفتوگۆی دۆنتسۆڤا و ئۆلیگ لەبارەی چارەسەری هۆرمۆنی - نموونەیەکی تەواو لە دەسەڵاتی پزیشکی بەرانبەر ئۆتۆنۆمیی نەخۆش. لە شوێینێکى دیکەدا، دۆنتسۆڤا دەڵێت: "لێگەڕێن با پزیشکەکان بڕیار بدەن، ئەوان زیاتر لە ئێوە دەزانن!".
دکتۆر ڤیرا گانگارت - ڕۆشنبوونی ئەخلاقی:
گەشەکردنی ڤیرا لە پزیشکێکی گەنجەوە بۆ کەسێک کە پرسیاری ئەخلاقی بەرز دەنرخێنێت.
ئەو دیمەنانەی کە ڤیرا دەجەنگێت لەگەڵ پرسیاری ئایا ڕاستی بە نەخۆشەکان بڵێت یاخود نا.
گفتوگۆی قووڵی نێوان ڤیرا و دۆنتسۆڤایە دەربارەی ئایا نەخۆش مافی هەیە بزانێت چەندی لە تەمەن ماوە؟ ڤیرا دەڵێت: "من لەمەودوا ناتوانم لەگەڵ نەخۆشەکاندا درۆ بکەم، جا با دەرنەچم لە تاقیکردنەوەکان"!
دکتۆر لیڤ لیئونیدۆڤیچ - پزیشکی دوور لە سیستەم:
شێوازی جیاوازی لیئونیدۆڤیچ، پزیشکێکى بە تەمەنتر، کە قوتابخانەیەکی جیاوازی هەیە ڕێزگرتن لە کەسایەتی و ویستی نەخۆش وەک بەشێک لە چارەسەر دەبینێت. دیمەنەکانی لیئونیدۆڤیچ دەریدەخەن چۆن دەکرێت پزیشک ئەخلاقییانە مامەڵە بکات و پەیڕەوى لە ئەخلاقى باڵا بکات.
پرسیارە ئەخلاقییە سەرەکییەکان:
پێدانى زانیارى ورد و دروست بە نەخۆش و ئیقناع پێکردنى.
مەسەلەی ئایا نەخۆش مافی هەیە بەتەواوی تێبگات چی ڕوودەدات بەر لە ڕازیبوون بە وەرگرتنى چارەسەر؟
دیمەنی واژۆکردنی فۆرمەکانی ڕەزامەندی - نەخۆشەکان فۆرمەکان واژۆ دەکەن بەر لە خوێندنەوەى.
بەراوردکردنی "ڕازیبوونی ڕاستەقینە" و "ڕازیبوونی فۆرمی" کە مەبەستی ڕاستی تەنها پاراستنی پزیشکە، نەک نەخۆش. ئۆلیگ دەڵێت: "گەورەترین سووکایەتی بە نەخۆش ئەوەیە لەبری ئەو بڕیار بدەیت". ئەم گوتەیەى ئۆلیگ میتافۆڕە، هەم بۆ پزیشکە لە مانا نزیکەکەیدا هەم بۆ سیستەمە تۆتالیتارەکان لە مانا دوورەکەیدا، کە تەنها ستەمکار لەبرى هەمووان بیردەکاتەوە و بڕیار دەدات.
نهێنیپارێزی و ڕاستی:
ئایا پزیشک مافی هەیە ڕاستی لە نەخۆش بشارێتەوە "بۆ چاکەی خۆی"؟ گفتوگۆی گرنگی نێوان پزیشک و یەکێک لە نەخۆشەکان کە باس لە "بەزەیی درۆزنانە" دەکات لەبەرانبەر "ڕاستیی بێبەزەییانە". مشتومڕی گەرمی نێوان پزیشکەکان - ئایا نەخۆشێک مافی هەیە بزانێت چەندی لە تەمەن ماوە؟ ڤیرا دەپرسێت: "گەر ئێمە ڕاستی نەڵێین، ئەی کێ دەیڵێت؟"
تاقیکردنەوەی دەرمانی نوێ:
پرسیاری ئەخلاقی دەربارەى تاقیکردنەوەی دەرمانی نوێ لەسەر نەخۆشیی مەترسیدار، کێ ئەو حەقە بە پزیشک دەدات کە لەبرى نەخۆش و بێ ویستى ئەو دەرمانە نوێیەکانى لەسەر تاقی بکاتەوە! ئایا پزیشک مافی هەیە نەخۆش بکاتە "بەرهەمی تاقیکردنەوە" بۆ "بەرژەوەندیی زانست"؟ دیمەنێکى دیکە لە ڕۆمانەکە، کە تێیدا باس لە تاقیکردنەوەی دەرمانی نوێ دەکرێت بێ ئاگاداری تەواوی نەخۆش؛ یەکێک لە نەخۆشەکان دەڵێت: "تۆ نەک هەر تەنها دەمانکوژیت، بەڵکوو پێشمان ناڵێیت بۆچی"!
سنووری نێوان چارەسەر و زیان:
پرسیاری ئەوەی کەی چارەسەر زیاتر زیان دەگەیەنێت لە سوود؟
چۆن چارەسەری هۆرمۆنی بۆ ئۆلیگ ژیانی درێژ دەکاتەوە بەڵام "پیاوەتیی" لێ دەستێنێت. لێسەندنەوەى پیاوەتى واتە بێڕێزى بە کەرامەت و لە مرۆڤخستنى مرۆڤ. پیاوەتى بە ماناى شەهوەت نا بەڵکوو بە ماناى جوامێرى، بە ماناى سەربەخۆیى و ئازادیى عەقڵ .
گفتوگۆی ژیربێژانەی ئۆلیگ و دۆنتسۆڤا - "گەر ژیانێک بە کەرامەتەوە نەبێت، باشترە ئەو ژیانە هەر نەبێت"
بەراوردکردنی پزیشکایەتی لە سۆڤیەت لەگەڵ بەهاکانی پزیشکایەتیی جیهانی:
پزیشکایەتی لە سۆڤیەت وەک ئامرازی ئایدیۆلۆژی:
چۆن سیستەمی پزیشکیی سۆڤیەت بووبووە بەشێک لە ئامرازەکانی کۆنترۆڵی دەوڵەت. واتە سیستەمى پزیشکى بەشێک بوو لە سیستەمە شموولییە ستەمکارییەکە کە هاونیشتمانى تێیدا هیچ ئیعتیبارێکى نەبوو.
پێداگری لەسەر پەیوەندیی نێوان پزیشک و نەخۆش وەک پەیوەندیی دەوڵەت و هاووڵاتی:
نموونەی یەکێک لە نەخۆشەکان کە بەدەر لە خواستى خۆى چارەسەرى هۆرمۆنى بۆ بەکار دێنن دەریدەخات کە چۆن نەخۆشەکان مافی بەشداریکردنیان لە بڕیارەکاندا نییە و بەدەر لە خواستى خۆیان بڕیار لە چارە نووس و ئایندەیان دەدرێت.
سنووری نێوان تیۆری (ڕامانە) و پراکتیک:
گفتوگۆی سۆڵژ نیتسین لەسەر جیاوازیی نێوان بانگەشەی پێشکەوتنی پزیشکیی سۆڤیەت و واقیعی نەخۆشخانەکان و وەسفکردنى کەموکووڕییەکانی ئامێر و هەلومەرجی نەخۆشخانەکان بەرانبەر بە دروشمە باڵاکانی دەوڵەت. دکتۆرێک دەڵێت: "ئێمە جوانترین سیستەمی پزیشکیمان هەیە... لەسەر کاغەز".
تەکنیکە ئەدەبییەکانی سۆڵژ نیتسین بۆ وێناکردنی ئەخلاقی پزیشکی:
بەکارهێنانی دیالۆگی فەلسەفی:
گفتوگۆ قووڵەکانی نێوان پزیشک و نەخۆش بۆ دەرخستنی پرسیارە ئەخلاقییەکان.
گفتوگۆی ڕاستەوخۆی ئۆلیگ و دۆنتسۆڤا کە بەیانکەرى کرۆکى فەلسەفەی ڕۆمانەکەیە .
لە بەرگریکردنی بۆ مافی بڕیاردان، ئۆلیگ دەڵێت: "مردن بە کەرامەتەوە گەلێک باشترە لە ژیان وەک شتێکی بایۆلۆجی"
دژایەتیی ژیان و مەرگ: لە دیالۆگێکدا لەنێوان کۆستۆگلۆتۆڤ و دۆنتسۆڤا، ئەوان باس لەوە دەکەن کە ئایا مرۆڤ دەبێت بە هەر نرخێک بێت بەرەنگاری مەرگ بێتەوە یان هەندێک جار باشترە ڕێگە بدەین سروشت کاری خۆی بکات. گفتوگۆی نێوان شیابوخین و پزیشکەکان: لەم بەشەدا شیابوخین (نەخۆشێکی دیکەی شێرپەنجە) نیگەرانییەکانی خۆی لەبارەی ئایندەی خۆی دەگەیەنێتە پزیشک، بەڵام لەبری وەڵامی ڕاستگۆیانە، درۆی لەگەڵ دەکرێت، کە ئەمەش پرسیاری ئەخلاقی بەدواى خۆیدا دێنێت، ئایا درۆکردن لەگەڵ نەخۆش بۆ پاراستنی هەستی، کارێکی دروستە؟
تەنهایی وەک بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی: سۆڵژ نیتسین لەڕێگەی گفتوگۆی نێوان نەخۆشەکان و دیالۆگی ناوەکییان، باس لە تەنهایی قووڵی مرۆڤ لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی کوشندە دەکات. تەنانەت لەنێو ژینگەی پڕ لە خەڵکى ڕۆمانەکەدا، هەر نەخۆشێک بەتەنیا ڕووبەڕووی خەم و ئازاری خۆی دەبێتەوە، کە ئەمە دیسان وێنەیەکی میتافۆرییە بۆ تەنهایی مرۆڤ لە سیستەمی کۆمەڵایەتیی سۆڤیەت.
دیالۆگی نێوان ڤادیم و دکتۆرەکان: ڤادیم زاکهارۆڤیچ، نەخۆشێکی گەنجی ئیدارییە کە زۆر نیگەرانی داهاتووی کارەکەیەتی. گفتوگۆکانی ئەو لەگەڵ پزیشکەکان نیشاندەری ململانێی نێوان هەوڵی بەردەوامبوون لە بەرزبوونەوە لە پلەبەندی کارەکەی و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستیی مەرگ. ئەم دیالۆگانە ڕەخنە لە بەهاکانی سیستەمی سۆڤیەت دەگرن کە تێیدا پێگەی کار و کاریگەریی کۆمەڵایەتی لە تەندروستی و بەختەوەریی تاک گرنگترە.
گفتوگۆی سەبارەت بە چارەنووس و هەڵبژاردن: لە دیالۆگێکی گرنگدا، دکتۆر گانگارت (یەکێک لە پزیشکەکان) و کۆستۆگلۆتۆڤ گفتوگۆ لەبارەی ئەوە دەکەن کە ئایا مرۆڤ دەتوانێت چارەنووسی خۆی هەڵبژێرێت. گانگارت بیرۆکەی "زانستیانە" پێشکەش دەکات کە تێیدا مرۆڤ دەتوانێت بە هاوکاریی زانست بەسەر نەخۆشیدا زاڵ بێت، بەڵام کۆستۆگلۆتۆڤ پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە بەشێکی گەورەی ژیان لە دەرەوەی کۆنترۆڵی مرۆڤە.
پرسی ئازادی لە چوارچێوەی داخراودا: یەکێک لە دیالۆگە سەرەکییەکان نیشاندەری بیرکردنەوەی کۆستۆگلۆتۆڤە لەسەر ئەوەی چۆن مرۆڤ دەتوانێت لەناو سیستەمێکی داخراو و کۆنترۆڵکراودا (چ نەخۆشخانە بێت یان کۆمەڵگە) بەشێک لە ئازادیی خۆی بپارێزێت. ئەم بیرۆکەیە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەڕێگەی خۆپارێزیی ئۆلیگ کۆستۆگلۆتۆڤ لە چارەسەرە زۆرەملێیەکان نیشان دراوە.
ڕوانینی جیاواز بۆ بەها: لە دیالۆگێکی گرنگدا، ئۆلیگ کۆستۆگلۆتۆڤ بەرەنگاری بیرۆکەی تەندروستی وەک تاکە بەهای باڵا دەبێتەوە. ئەو پێی وایە جۆرێک ژیانی باش (تەنانەت ئەگەر کورتتر بێت) زۆر باشترە لە ژیانێکی درێژ بەڵام بێچێژ. ئەم دیالۆگە نیشاندەری جیاوازیی نێوان تێڕوانینی پزیشکی (درێژکردنەوەی ژیان بە هەر نرخێک) و تێڕوانینی مرۆڤانەیە (جۆری ژیان گرنگترە لە درێژی).
دیالۆگی نێوان دۆنتسۆڤا و گانگارت: دوو پزیشکەکەش گفتوگۆی فەلسەفییان هەیە لەسەر ئەوەی ئایا پزیشک دەبێت هەموو ڕاستییەکان بە نەخۆش بڵێت یان نا. دۆنتسۆڤا پێی وایە شاردنەوەی ڕاستییەکان لەپێناوی چاکبوونەوەی نەخۆشدا ڕەوایە، بەڵام گانگارت گومانی هەیە لەوەی پزیشک مافی ئەوەی هەبێت بڕیاری وا بدات.
خوازەی (میتافۆری) بەشى سەڕەتان بۆ کۆمەڵگە: لە کۆتاییدا، بەشی سەڕەتان دەبێتە وێنەیەکی میتافۆری بۆ کۆمەڵگەی سۆڤیەت، لەوێدا نەخۆشە جۆراوجۆرەکان (توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە) بە نەخۆشیی جیاوازەوە (کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان) لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵی پزیشکەکان (دەسەڵاتدارانی پارتی کۆمۆنیست)دا دەژین. ئەم دیالۆگە فەلسەفییانە ڕێگەیەک بوون بۆ سۆڵژ نیتسین تاکوو لەڕێگەیانەوە ڕەخنەی قووڵ لە سیستەمی سۆڤیەت بگرێت، لە کاتێکدا ڕاستەوخۆ سیاسەت باس نەکات و لەڕێگەی چیرۆکی کەسایەتییەکانەوە پرسە قووڵەکانی سەبارەت بە ئازادی، کەرامەت و ماف بخاتە ڕوو. ئەم دیالۆگانە تەنها لە چوارچێوەی پزیشکی نامێننەوە، بەڵکوو دەبنە میتافۆرێک بۆ پەیوەندیی نێوان تاک و دەسەڵات، ئازادی و کۆنترۆڵ و، بۆیە ڕۆمانەکە وەک کارێکی ڕەخنەیی سیاسی و فەلسەفیی قووڵ دەردەکەوێت.
وەسفی فیزیکیی نەخۆشخانە:
وەسفی ناوەوەی نەخۆشخانە وەک شوێنێکی سارد، بێڕەنگ، و بیرۆکراتی، کە هەموو ئەوانە تەعبیرن لە بێڕێزى و سووکایەتى بە کاراکتەرى نەخۆش. گرنگیی ڕووناکی و تاریکی، ڕەنگەکان و بۆنەکان بۆ خوڵقاندنی کەشێک کە تێیدا مافی تاکەکەس داماڵراوە و خاڵییە لە هەرچى پرنسیپى مرۆڤبوونە. وەسفکردنی جلوبەرگى پزیشکی وەک هێمای دەسەڵات، ئەو پۆشاکەى کە پزیشکەکان دەیپۆشن ڕەمزى هێزە (Power). واتە هەر لەسەرەتاوە، نەخۆش ڕووبەڕووە لەگەڵ کاراکتەرێکى بان مرۆیى، خارق، خاوەن ئۆتۆرەتى. کە شەرعیەتى هەیە بە کامى دڵى بڕیار لە چارە نووسى نەخۆش بدات.
سیمبۆلی نەخۆشخانە: سۆڵژ نیتسین نەخۆشخانەکە وەک سیمبۆلێک بۆ کۆمەڵگای سۆڤیەت بەکار دەهێنێت؛ لەوێ نەخۆشەکان (هاووڵاتییان) ژێردەسەتەى پزیشکەکانن (پارتی کۆمۆنیست) و، تەنها ئەوان بڕیار دەدەن چی باشترە، بێ ئەوەی گوێ بۆ بۆچوونی نەخۆشەکان بگرن.
میتافۆری خۆدۆزینەوە لەڕێگەی نەخۆشییەوە:
چۆن نەخۆشی سەڕەتان دەبێتە خێراکەر و یارمەتیدەرى کارلێکەکان (کاتالیزۆر) بۆ پرسیارکردنی قووڵ دەربارەی پەیوەندیی پزیشک و نەخۆش.
ئاماژەکردن بە چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئازار و نەخۆشی وەک ڕێگەیەک بۆ تێگەیشتن لە بەها ڕاستەقینەکانی مرۆڤایەتی. دەربڕینی بەهێزی ئۆلیگ "سەڕەتان دەمکوژێت، بەڵام فێری ئەو ڕاستییانەی کردم کە پێشتر نەمدەزانین".
لێکەوتە و کاریگەریی پرسیارە ئەخلاقییەکان:
بە تێپەڕبوونی ڕۆمانەکە، زاڵبوونی دیدگای ئەخلاقیی باڵا.
سەرکەوتنی ئۆلیگ لە بەرگریکردن لە مافی خۆی و داواکارییەکانی بۆ چارەسەری جێگرەوە و گۆڕانى دید و تێڕۆانینى
ڤیرا گانگارت بەرەو بیرۆکەی ڕاستی و ڕێزگرتن لە ئۆتۆنۆمی نەخۆش.
بەرپرسیارێتیی پزیشک:
پێشنیاری سۆڵژ نیتسین کە پزیشک نەک تەنها بەرانبەر جەستەی نەخۆش، بەڵکوو بەرانبەر کەسایەتی و کەرامەتیشی بەرپرسیارە.
گفتوگۆی پزیشکەکان لەسەر ئەوەی ئایا تەنها چاکبوونەوەی نەخۆش ئامانجە، یاخود جۆری ژیانیش گرنگە؟ ژیان لەژێر سایەى ستەمکاریدا هیچ بەهایەکى نییە. ئۆلیگ دەڵێت پاش ئەو هەموو ساڵە پەیم بە شتێک بردووە، کە ناتوانن ناوەوەمان داگیر بکەن گەر خۆمان نەخوازین". واتە گەر خۆبەخشانە نەبینە کۆیلە، ئەوا هەرگیز ستەمکار ناتوانێت ڕۆح وزەینمان داگیر بکات. هەربۆیە، ستەمکار پەنا دەباتە بەر کۆنتڕۆڵکردنى جەستە و ڕەفتارمان . دەربڕینی یەکێک لە پزیشکە لاوەکان: "ئەرکی ئێمەى پزیشک تەنها چارەسەر و درێژکردنەوەی تەمەن نییە، بەڵکوو پاراستنی کەرامەتی مرۆڤایەتیشە".
پەیوەندیی نێوان ئەخلاقی پزیشکی و ئەخلاقی کۆمەڵایەتی:
ڕۆمانەکە نێشان دەدات کە ئەخلاقی پزیشکی بەشێکە لە ئەخلاقی کۆمەڵگە. چۆن چەوسانەوەی نەخۆش لە نەخۆشخانە بەشێکە لە چەوسانەوەی گشتی لە سیستەمی ستەمکاریى سۆڤیەتیدا.
گفتوگۆی شولۆبین و ئۆلیگ دەربارەی پەیوەندیی بەهاکانی پزیشکایەتی و بەهاکانی کۆمەڵگە بە گشتی
ئەم تەوەرەی ئەخلاقی پزیشکی لە ڕۆمانی "بەشی سەڕەتان"ـدا، هاوکات دیدگایەکی ڕەخنەگرانەی فەلسەفییە بۆ سیستەمی پزیشکیی سۆڤیەت و شێوازێکی زیرەکانەی سۆڵژ نیتسینە بۆ ڕەخنەگرتن لە کۆی سیستەمی سیاسی- کۆمەڵایەتیی سۆڤیەت بێ ئەوەی ڕاستەوخۆ بکەوێتە بەر تۆمەتی دژایەتیی سیستەم. سۆڵژ نیتسین لەڕێگەی وێناکردنی پەیوەندیی نێوان پزیشک و نەخۆش، توانیویەتی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و هاووڵاتی نیشان بدات و، پرسیارە هەمیشەییەکانی ئەخلاق و مافی مرۆڤ بورووژێنێت.
٤- چارەسەر و ئازار: پرسیاری ئەوەی ئایا چارەکردن هەمیشە باشترە، یاخود هەندێک جار ڕێگەدان بە نەخۆش بێ چارەسەر بمێنێتەوە مرۆڤانەترە؟
لە بەشێکى دیکەى ڕۆمانەکەدا، گرنگترین ڕووداوەکان و تەوەرەکان ئەمانەن:
چیرۆکی ئۆلیگ کۆستۆگلۆتۆڤ بەردەوام دەبێت، کە پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکەیە و پێشتر دوورخرابووەوە و ئێستا لە بەشی سەڕەتان چارەسەر وەردەگرێت.
تێڕوانینی قووڵ لەسەر پەیوەندیی نێوان نەخۆش و پزیشکەکان، بەتایبەت دکتۆر ڤێرا گانگارت.
تەوەرەی بیرکردنەوە لەسەر مانای ژیان و مردن لە کۆمەڵگای سۆڤیەتیدا، ژیان هەمیشە لە سیستەمە ستەمکارییەکاندا بەهاى ڕاستەقینەى خۆى لەدەست دەدات و ئایدۆلۆژیاى مەرگدۆستى شوێنى دەگرێتەوە. واتە ژیانێک ئەزموون دەکرێت تاقینەکراوە و خاڵییە لە فەزیڵەتە ئەخلاقییەکان. واتە ئەو پارادایمە لە ژیان شایستەگى لەدەست داوە و شایەنى ژین نییە. گوتە مەشهوورەکەى سۆکرات کە دەڵێت: " ژیانێک تاقی نەکرابێتەوە شایەنى ژین نییە".
ڕەخنەی نهێنى و شاراوە لە سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سۆڤیەت:
گفتوگۆی فەلسەفی لەسەر چارەسەرکردن و ئازادی تاک لە هەڵبژاردنی چارەنووسی خۆی.
ئەم بەشەی ڕۆمانەکە زۆر گرنگە لە تێگەیشتنی فەلسەفەی سۆڵژ نیتسین سەبارەت بە ئازار، ئازادی، و بەرپرسیارێتیی مرۆڤ بەرانبەر بە یەکدى. ڕۆمانەکە هاوکات وەکوو خوازەیەک بۆ کۆمەڵگەی سۆڤیەتی ئەو سەردەمە بەکار هاتووە کە خۆی وەکوو "سەڕەتان"ێک گەشەی کردووە. واتە هاوشێوەى جەستەیەک کە سەڕەتان شەکەتى کردووە و لەبەر یەکى هەڵوەشاندووەتەوە، کۆمەڵگەى سۆڤیەتیش بەهۆى ستەمکارى و زەوتکردنى ئازادییە کەسییەکانەوە هاوشێوەى جەستەیەکى تووشبوو بە شێرپەنجە تووشى دالەنگان و داڕزین هاتووە.
ئۆلیگ کۆستۆگلۆتۆڤ هێشتا عەوداڵى چارەسەرە بەڵام دڕدۆنگ و نیگەرانە سەبارەت بە چارەسەرە کیمیاوییە مۆدێرنەکان کە دەکرێت کاریگەریی نەرێیی (سلبی) لەسەر پیاوەتی و توانایی زاوزێی هەبێت کە ئەمەش کێشەسازە بۆ ئەو.
دکتۆر ڤێرا گانگارت پزیشکی چارەسەری هۆرمۆنی، پەیوەندیی ئاڵۆزی لەگەڵ ئۆلیگدا هەیە و دەخوازێت ئۆلیگ مل بدات بە وەرگرتنى چارەسەرەکان بەدەر لە پرسیارە زۆروزەوەندەکانى کە بۆ پزیشکەکان ماندووکەرە. ئۆلیگ ڕەمزى فەیلەسووفە؛ هەمیشە پرسیارى هەیە و قایل نییە بە وەڵامى پزیشکەکان و دڕدۆنگە بەرانبەر بە وەڵامە ئیستعلاییەکانیان کە بەرگەى تاقیکردنەوە عەقڵى و لۆژیکییەکان ناگرن، هەر بۆیە دەورى ئیزعاجکەر دەبینێت و خەو لە چاویان دەزڕێنێت.
دکتۆر لیودمیلا دۆنتسۆڤا کە بڕوای بە ڕێگە باوەکانی چارەسەر هەیە، هەمیشە بەریەککەوتنیان هەیە لەگەڵ ئۆلیگدا.
ڕووداوە گرنگەکان:
ئۆلیگ سکاڵا دەکات دژی چارەسەرە زۆرەملێکان و مافی بڕیاردان لەسەر جەستەی خۆی داوا دەکات.
گفتوگۆ فەلسەفییەکان لەنێوان نەخۆشەکان دەربارەی ماهیەتی ژیان و ئازار.
پەیوەندیی ئۆلیگ و ڤێرا گەشە دەکات بە شێوەیەکی ئاڵۆز کە تێکەڵەیەکە لە هەستی پزیشک- نەخۆش و ڕاکێشانی کەسی.
تەوەرە فەلسەفییەکان:
مافی تاک بەرانبەر بە دەسەڵاتی دەوڵەت (کە لێرەدا بە شێوەی مافی نەخۆش بەرانبەر بە سیستەمی تەندروستی دەردەکەوێت)
پرسیاری ئایا ژیانی درێژتر، بە نرخی لەدەستدانی بەشێک لە مرۆڤایەتی، شتێکی باشە یاخود نا؛ ئۆلیگ جەخت لەوە دەکاتەوە کە ژیان بە کەرامەتەوە مانادارە.
پەیوەندیی نێوان زانست و بەهای مرۆیی، تەکنۆلۆژیا بەرانبەر بە کەرامەتی مرۆڤ، سۆڵژ نیتسین دەیەوێت پێمان بڵێت کە مرۆڤ بوونەوەرێکى ڕێزلێگیراوە و ڕەوا نییە بکرێتە قوربانیى هیچ سیستەم و ئایدۆلۆژیایەک. واتە پێویستە ئازادانە تەعبیر لە خودى خۆى بکات.
کۆنتێکستی مێژوویی:
ڕۆمانەکە لە دوای مەرگی ستالین نووسرا لە سەردەمی "باوەشکردنەوەی خرۆشچۆڤ".
سەرەڕای ئەمە، نەیتوانی بە فەرمی لە یەکێتی سۆڤیەت بڵاو ببێتەوە تا ساڵی 1990.
بەشی دووەم تایبەتمەندە بە ئاماژەکردن بە گۆڕانکارییەکانی دوای مەرگی ستالین
گرنگیی بەشی دووەەم:
بەشی دووەم گرنگە چونکە تێیدا سۆڵژ نیتسین شیکردنەوەی قووڵتر بۆ دوالیزمی نێوان تاک و سیستەم دەکات و، چۆن خودی سیستەمی پزیشکی - لەگەڵ ئەوەی بۆ چاککردنەوە کار دەکات - دەتوانێت مەترسیی هەبێت لەسەر خودی تاک. ئەمەش بەشێوەیەکی شاراوە ڕەخنەیە لە سیستەمی کۆمۆنیستیی سۆڤیەت.
شیکردنەوەی وردی بەشی دووەم
پوختەی ڕووداوەکان:
لەم بەشەدا، ئۆلیگ دەزانێت کە چارەسەرە هۆرمۆنییەکەی دەکرێت کاریگەریی لەسەر توانایی زاوزێی هەبێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی قەیرانێکی ناوەکی بۆی.
دکتۆر گانگارت ڕووبەڕووی دووڕیانێکی ئەخلاقی دەبێتەوە لەنێوان ئەرکی پزیشکی و ڕێزگرتن لە ئارەزووی نەخۆشەکە.
گفتوگۆیەکی درێژ لەنێوان ئۆلیگ و دکتۆر گانگارت دێتە ئاراوە کە تێیدا مافی نەخۆش لە بڕیاردان لەسەر چارەسەرەکەی خۆی تاوتوێ دەکرێت.
ئۆلیگ هەوڵ دەدات زانیاری دروست کۆبکاتەوە سەبارەت بە نەخۆشییەکەی و ئەلتەرناتیڤەکانی چارەسەر.
دیالۆگە بەهێزەکان:
گفتوگۆی نێوان ئۆلیگ و دکتۆر گانگارت یەکێکە لە گرنگترین بەشەکانی ڕۆمانەکە کە تێیدا ئۆلیگ دەڵێت: "زیندووبوون بەتەنها بەس نییە، دەبێت مرۆڤ بژی وەک مرۆڤ."
دکتۆر دۆنتسۆڤا بەرگری لە پەیڕەوکردنی پرۆتۆکۆلەکانی چارەسەر دەکات و دەڵێت: "ئێمە دەزانین چی باشترە بۆتان، ڕێگەمان بدەن یارمەتیتان بدەین".
ڕووساڤ کە نەخۆشێکی دیکەیە، دەڵێت: "سەڕەتان تەنها دەردێکى فیزیکی نییە، بەڵکو دەردێکی ڕۆحیشە."
وەسفە سەرنجڕاکێشەکان:
وەسفی ژووری ئیکس- ڕای کە وەک شوێنێکی سارد و بێڕۆح وێنا کراوە.
وەسفکردنی شەوانی بێخەویی ئۆلیگ کاتێک بیر لە داهاتووی دەکاتەوە، وێنەی نەخۆشخانەکە لە شەودا، کە دەبێتە خوازەیەک بۆ کۆمەڵگای سۆڤیەت: "چرایەکی کز لە پەنجەرەیەکەوە دەردەکەوێت، تەنانەت لە تاریکیدا چاودێری هەیە".
شیکردنەوەی تەوەرە هێماییەکان:
سەڕەتان وەک خوازە: لەم بەشەدا، سۆڵژ نیتسین باس لە چۆنیەتیی پەرەسەندنی سەڕەتان دەکات، چۆن بەهێواشی و بێ ئاگاداری گەشە دەکات، هاوشێوەی ستەمکاری لە کۆمەڵگادا.
بەندیخانە و ئازادی: نەخۆشخانەکە هاوشێوەی کەمپەکانی زۆرەملێی سۆڤیەتە کە سۆڵژ نیتسین خۆی تێیدا بووە، نەخۆشەکان بەندن بەڵام لەژێر ناوی "چارەسەر"دا.
پرسی متمانە: متمانەی نێوان نەخۆش و پزیشک وەک خوازەیەکە بۆ متمانەی نێوان هاووڵاتی و دەوڵەت.
پەیوەندییە ئاڵۆزەکان:
پەیوەندیی ئۆلیگ و ڤێرا گانگارت لەم بەشەدا ئاڵۆزتر دەبێت، تێکەڵێکە لە ڕێز، ترس و ڕاکێشان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئۆلیگ لەگەڵ دکتۆر دۆنتسۆڤا کە نوێنەری سیستەمە.
هاوڕێیەتیی نێوان نەخۆشەکان کە لە سەختیدا پشتگیری لە یەکدى دەکەن، وەک خوازەیەک بۆ هاوپشتی لە کۆمەڵگەی سۆڤیەتیدا.
گرنگترین وتەکان لەم بەشەدا:
"تۆ دەتوانیت ڕزگاری بکەیت، بەڵام ناتوانیت دووبارە ئەوەی لێ بستێنیتەوە کە پێت بەخشیوە" - ئۆلیگ
"گرنگترین شت پاراستنی کەرامەتی مرۆڤە، نەک تەنها ژیانی بیۆلۆژی" - ڤێرا گانگارت
"پزیشکی مۆدێرن لە هەوڵی ڕزگارکردنی لەشە، بەڵام ڕۆح فەرامۆش دەکات" - یەکێک لە نەخۆشەکان
ئەم بەشە نیشان دەدات چۆن تاکەکەس ڕووبەڕووی سیستەمێکی گەورەتر دەبێتەوە و، چۆن مەرگ و ترس لە مەرگ دەتوانێت ببێتە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردن. هەروەها بەشێکی گرنگە لە گەشەسەندنی کارەکتەری ئۆلیگ کە وردە وردە دەبێتە کەسێکی بەهێزتر و بڕیاری خۆی دەدات سەبارەت بە چارەنووسی خۆی.
لایەنی بەلاغی و هونەری:
بەکارهێنانی سیمبولی "سەڕەتان" وەک نیشانەی سیستەمی تۆتالیتاری ستالینیزم کە کۆمەڵگەی سۆڤیەتی وێران کرد.
بەکارهێنانی دەنگە جیاوازەکانی کەسایەتییەکان بۆ نیشاندانی بیر و ڕای جیاواز لەنێو سیستەمەکەدا.
وەسفکردنی وردی چارەسەرە پزیشکییەکان وەک مەجازێک بۆ "چارەسەر"ی سیاسیی کۆمەڵگە.
مێژووی نووسین و بڵاوکردنەوە
سۆڵژ نیتسین لە ساڵەکانی ١٩٦٣-١٩٦٦ ڕۆمانەکەی نووسی.
ساڵی ١٩٦٨ لە ڕۆژئاوا بڵاوکرایەوە (یەکەم جار بە ئینگلیزی).
تەنها دوای "پێرێسترۆیکا" لە ساڵی ١٩٨٩ ڕێگە درا لە یەکێتیی سۆڤیەت بڵاو بێتەوە.
لایەنی ئۆتۆبیۆگرافی
سۆڵژ نیتسین خۆی ساڵی ١٩٥٤ لە نەخۆشخانەیەکی هاوشێوە چارەسەری سەڕەتانی بۆ کرابوو، دوای ئەوەی ٨ ساڵ لە کەمپەکانی کاری زۆرەملێ بەسەری بردبوو. زۆربەی ئەزموونەکانی ئۆلیگ لەسەر بنەمای ئەزموونی کەسیی نووسەر بوون.
ئەم ڕۆمانە وەک یەکێک لە کارە گرنگەکانی سۆڵژ نیتسین دادەنرێت کە بووە هۆکاری بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات لە ساڵی ١٩٧٠.
تێبینییەکى پێویست: گۆلاک لە چەند کەمپێکی بێشومار پێکهاتبوو لە ساردترین ناوچەی ڕووسیا لە سیبریا. زیندانێک بوو بە تامی دۆزەخ. سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن کە ژمارەی زیندانییەکانی، گەیشتووەتە هەژدە ملیۆن زیندانی. لەو ژمارەیە، سێ ملیۆنیان لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا گیانیان سپاردووە. سەختترین فۆڕمی ئەشکەنجە لەلایەن جەللادەکانی زیندانەکانەوە تاقی دەکرانەوە. زۆربەی هەرە زۆری زیندانییەکانی نێو کەمپەکان بە تۆمەتی سیاسی و بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیر دەکران و بێ هیچ دادگایکردنێک سزای مەرگیان بەسەردا دەسەپێنرا. ئامانج لە زیندانیکردن، پاکتاوکردنی تەواوی نەیارانی سیاسی بوو.
میراتی کولتووری:
چەندان نووسەر ئەزموونەکانی گۆلاگیان گێڕاوەتەوە و یاداشتەکانیان تۆماركردووە لە دووتوێى دەقە ئەدەبییەکاندا لەچەشنى
ئەڤگێنیا گینزبۆرگ – "گەشتی ترسناک"
گوستاڤ هێرلینگ – "جیهانێکی دیکە"
ڤارلام شالامۆڤ، کە ١٧ ساڵ لە کۆلیما بەندکرابوو، "چیرۆکەکانی کۆلیما"ی نووسی، کە یەکێک لە گرنگترین بەڵگەنامەکانی سەردەمی گۆلاگە.
ئەڵێکساندەر سۆلژ نیتسین" لە "بەندیخانەی گۆلاگ"دا باسی کۆلیما دەکات وەک "ئوشڤیتزی سۆڤیەت".
ئەرشیفەکان و لێکۆڵینەوەی نوێ:
دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵى ١٩٩١، ئەرشیفە پێشتر نهێنییەکان کرانەوە، کە ڕێگای دا بە لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر فراوانی و کاریگەرییەکانی سیستەمی گۆلاگ. ئەمڕۆ چەندین مۆزەخانە هەن کە ئەم بەشە تاریکەی مێژووی سۆڤیەت نیشان دەدەن، کە سیخناخ بوو لە دڕندەیی و بەربەریەت.
ژیان لە نێو کەمپەکان:
کۆلیما - یەکێک لە ناوداربوونەکانی سیستەمی گۆلاگ
کۆلیما ناوچەیەکی فراوانە لە ڕۆژهەڵاتی دووری ڕووسیا، کە بوو بە یەکێک لە ناسراوترین و مەترسیدارترین بەشەکانی سیستەمی گۆلاگ.
شوێنی جیوگرافی و کەشوهەوا:
لە ناوچەی مەگادان ناوچەیەکی زۆر دوورە و دابڕاوە لە جیهانی دەرەوە کە هەڵکەوتووە لە ڕۆژهەڵاتی دووری سایبیریا.
کەشوهەوایەکی زۆر سەختى هەیە، کە پلەی ساردی لە زستاندا دەگاتە ژێر 50°C.
کۆلیما ناسراوە بە "زەوی مردووەکان" یان "خاکی ئێسک و پروسک.
مێژووی کەمپەکانی کۆلیما:
لە ساڵی ١٩٣٢ دامەزرا دوای دۆزینەوەی زێڕ لە ناوچەکەدا.
لە ساڵانی ١٩٣٧- ١٩٣٨ (سەردەمی "پاکتاوکردنی گەورە") فراوانبوونێکی گەورەی بینی تا کۆتایی ساڵانی ١٩٤٠، نزیکەی ٨٠ کەمپی جیاواز لە ناوچەی کۆلیما هەبوون.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، نزیکەی یەک ملیۆن کەس ناردران بۆ کۆلیما؛ زیاتر لە نیوەیان مردن.
کاری بەندییەکان
کانەکانی زێڕ: سەرەکیترین کار لە کۆلیما، لەژێر بارودۆخی زۆر سەخت.
بڕینی دار: دارتاشی لە دارستانە سەختەکاندا.
ڕێگاسازی: دروستکردنی ڕێگای کۆلیما (ناسراو بە "ڕێگای ئێسک")، کە درێژییەکەی زیاتر لە ٢٠٠٠ کیلۆمەترە.
ڕێژەی مردن بەردەوام زۆر بەرز بوو، بەتایبەتی لە وەرزی زستان.
دوای مەرگى ستالین
دوای مردنی ستالین لە ١٩٥٣، کەمپەکانی کۆلیما بەرەبەرە بچووک بوونەوە، زۆربەی کەمپەکان لە ١٩٥٠ و ١٩٦٠ داخران.
هەندێک لە کەمپە پێشووەکان بوون بە شارۆچکەی ئاسایی شارۆچکەی مەگادان، کە پێشتر ناوەندی کارگێڕی کەمپەکانی کۆلیما بوو، ئێستا ناوەندی هەرێمی مەگادانە. یادگاری "ماسکی پەژارە" لە مەگادان دامەزراوە بۆ یادکردنەوەی قوربانیانی کەمپەکانی کۆلیما.
بەشێکی "ڕێگای کۆلیما" هێشتا بەکار دێت، ناسراو بە "شەقامى دڵەڕاوکێ".
کۆلیما وەک نیشانەیەکی جیهانی ماوەتەوە بۆ توندترین بارودۆخی سیستەمی گۆلاگ و، بەشێکی گرنگە لە مێژووی مافەکانی مرۆڤ لە سەدەی بیستەم.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved