کۆتاییی ساڵی پار، جارێکی دیکە مەسەلەی سکاڵاکردن و ڕاکێشانی نووسەران و هونەرمەندان بۆ دادگا لەسەر بیروڕا و بۆچوونیان لە نێوەندەکەدا سەری هەڵدایەوە. لەو نێوەندەدا، گوایە ئیسلاممەشرەبەکان سکاڵایان لەسەر چەند نووسەرێک کردووە و گوایە "سووکایەتییان بە ئایینی ئیسلام کردووە".
لە سەرەتای ئەمساڵیشدا، لە زۆر شوێنەوە دەنگێک بەرز بووەوە بۆ دادگاییکردنی مەلایەک، کە من وەک توێژەرێک بێ گومان چۆن دژی دادگاییکردنی نووسەرانم، ئاواش دژی دادگاییکردنی پیاوی ئایینیم. مەسەلەکە پەیوەندیی بە کێشەیەکی فەلسەفییەوە هەیە بە ناوی "ئازادیی بەیان" (Freedom of speech) و "ئازادیی بیرکردنەوە" (Freedom of Thought). با بزانین چی لە مەحەکدایە؟
لە ئەدەبیاتی فەلسەفیدا، زاراوەکانی "ئازادیی بەیان"، "قسەکردنی ئازاد" یان "ئازادیی قسەکردن"، "ئازادیی ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەکان" و "ئازادیی ڕادەربڕین" بۆ گەیاندنی هەمان مەبەست بەکار دەهێنرێن. هەروەها، خاڵێکی دیکە کە شوێنی گفتوگۆیە، ئەو جیاوازییەیە کە لەنێوان "بەیان" و "ڕەفتار یان کردارنواندن"دا هەیە؛ هەروەها دەتوانین جیاوازی بکەین لەنێوان "ئەخلاق یان ئاکاری بەیانکردن" و "قانوونی بەیانکردنی ئازاد". لە فەلسەفەی سیاسیدا، مامەڵەکردنێکی باو بریتییە لە تیۆریزەکردنی ئازادیی بەیان وەک پێداویستییەکی ئاکار و گەڕاندنەوەی لێکەوتەکانی تیۆرییەکی لەو جۆرە بۆ قانوون و سیاسەتەکان.
بەڵام ئاکار و قانوون لقوپۆپیان لێ دەبێتەوە و واتە جیاوازن، بەتایبەت یەکێک لەو جیاوازییانە دەتوانێت ئەو کاتە بێت کە قانوون نادادپەروەرانە بێت.
پارێزگاریکردنی قانوون لە بەیان (یان لە ئازادیی بەیان) کە لەناو قانوونی پۆزەتیڤدا (Positive Law) بەرجەستە بووە، دەشێت بە ڕێگەی جیاواز ئاکارەکەی بە هەڵەدا بڕوات. بە مانایەکی دیکە، مافێکی ڕەوا کە بەهانەی قانوونی بۆ هێنراوەتەوە، مافی ئازادیی بەیان و مافی بەیانکردن بێت، کە بە کردەیی (فعلی) هەیە، لەوانەیە کەمتر بتوانێت ئازادیی بەیان بپارێزێت.
ئێمە لێرەدا وەک مەسەلەیەکی تیۆری دەتوانین جیاوازی بخەینە نێوان ئەو تیۆرییانەی کە باسی ئازادیی مافەکان بەیان دەکەن وەک ماف و، جیاکردنەوەی لەو تیۆرییانەی کە لە دەرەوەی مافەکان باس لە ئازادیی بەیان دەکەن. بۆ هەندێک لە لیبراڵەکان، مافی قانوونیی ئازادیی بەیان ڕەوایەتیی هەیە بە هانابردن بۆ مافی ئەخلاقی بۆ هەبوونی ئازادیی بەیان، کە شایانی لێتێگەیشتنە وەک مافی سروشتی (Natural Right) کە هەموو کەس خاوەنی ئەو مافەیە. شێوازی کارکردنی چەمکی مافی ئەخلاقی لێرەدا بریتییە لە (Claim-right) "بانگەشەکردن-بۆ-ماف"، واتە داواکردنی ماف لە ئۆتۆریتەیەک. لای هەندێکی دیکە، بەهانەهێنانەوە بۆ ئازادیی بەیان مەرج نییە لە قانوونی سروشتییەوە بێت.
جۆن ستیوارت میل داکۆکی لە ئازادیی بەیان دەکات ئامرازانە، بە پەنابردن بۆ سوودە ئیپیستیمییەکانی ئازادیی بەیان لە کتێبی "دەربارەی ئازادی".
میل لەو باوەڕەدایە، بە لەبەرچاوگرتنی "توانای هەڵەکردن" ئەو پرەنسیپە فەلسەفییەی کە دەڵێت: هەڵوێستەکان دەشێت قبووڵ بکرێن هەرچەندە ناشێت و ناتوانرێت بسەلمێنرێن یان ڕەوایەتییان پێ ببەخشرێت، هەروەها نە ئەوەیە کە وەکوو مەعریفە یاخود قەناعەت شوێنی دڵنیایی بن؛ ئەم زاراوەیە لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەمیندا داڕێژرا لەلایەن فەیلەسوفی ئەمریکی Charles Sanders Peirce وەک وەڵامێک بۆ دنیابینی یان پرەنسیپی (Foundationalism).
بەپێی ئەم پرەنسیپە (Fallibility) "توانایی هەڵەکردن"، ئێمە بەبەردەوامی دەبێت ڕۆتینانە عەقڵمان کراوە بێت بۆ هەر بۆچوونێکی هەڵە کە نەبادا ڕاست دەربچێت؛ وا دیارە ئەو بۆچوونە هەڵەیە، بەڵام ئەگەری ڕاستبوونیشی لە ئارادایە، یاخود بەلانی کەمەوە هەندێک توخمی ڕاستیی تێدایە. بگرە تەنانەت ئەوکاتەی قەزیەیەک یان گوزارەیەک بە دیاریکراوی هەڵە بێت، بەهایەک هەیە لەوەدا کە ڕێگە بدرێت خۆی بەیان بکات، تاکوو ئێمە لەوە تێبگەین کە بۆچی وا سەیرمان کردووە کە هەڵەیە. بڕوانە: (دەربارەی ئازادی، چاپتەری دووەم - On Liberty).
کاتێک گوزارەیەک، ڕایەک یان بۆچوونێک هەڵە بێت بەئاشکرایی، بەهایەک هەیە لەوەدا کە ڕێگە بدرێت بەیان بکرێت، تاکوو ئێمە هەموومان لەوە تێبگەین بۆچی دەبێت وەک هەڵە سەیری بکەین یان وەریبگرین؛ هەڵە لە ڕووی ئیپیستیمۆلۆژی و ئاکاری و سیاسی و کولتووری و ئۆنتۆلۆژییەوە. ئەرگۆمێنتەکەی میل جەختی لەسەر سوودەکانی دیاریکردنی هەڵەکەیە.
ئەم بیروڕایانە هاوپەیوەستن بە ئایدیایەکی دیکەی فەلسەفەی لیبراڵەوە کە ئەویش "بازاڕی ئایدیاکان"ـە، کە لە هەلومەرجی بەریەککەوتنی بیروبۆچوونەکان بەرەو ئەوە دەڕوات کە بۆچوونی زاڵ، سەرکەوتوو و بەهێز، دیبەیتەکە دەباتەوە.
بۆچوونی جۆن ستیوارت میل ئەوەیە کە تەنانەت ئەو بۆچوونانەش کە زیان دەگەیەنن دەبێت ڕێگەیان پێ بدرێت، هۆکەی لە کتێبی (دەربارەی ئازادی)دا بەئاشکرایی خراوەتە ڕوو. وتە یان بەیانکردنی هەڵە کە شوێنی زیانگەیاندنە (بۆ نموونە، جنێوی مەلاکان و بناژۆخوازە فاشیستەکان).
گرنگیی ئێمە بە "تەعبیرکردن-لە-خۆ"، واتە دەربڕینی ئازادیی بەیان و "خۆ-بەیانکردن"، هەمیشە پەیوەندیی بە فەراهەمبوونی هەلومەرجەکەوە هەیە، بە مانای ئازادی، بە مانای هەبوونی فەزایەکی کراوە و ئازاد بۆ دەربڕین، لە دەرەوەی مولاحەقەکردن و سەرکوتکردن و ڕاوەدوونان و سانسۆر و لێپرسینەوە. ئەوە بڵێین کە بەشێک لە پرۆسەی بیناکردن و وێناکردنی ئێمە بۆ ژیانێکی چاک، پەروەردەکردن و گەشەکردنی ئەرگۆمێنتەکانە دەربارەی چۆنێتیی ژیان و "چۆن بژین؟" (How to live). ئەمە خۆی بریتییە لە دەرگیربوون لەتەک چۆنێتیی ژیان لەتەک ئەوانی دیکەدا، ئەوەش ناوێکی هەیە: بەرژەوەندیی تەدبیریانە، یان چۆن تەدبیریانە پێکەوە بژین (Deliberative interest).
ئەم جۆرە لە بەریەککەوتن و دەرگیربوون، ئەو هەلانە دەخاتە ڕوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بۆچوونە جیاوازەکان و پێکەوەژیانەکان و هەڵکردنەکان. گەر ئازادیی بەیان ڕەوایەتیی پێ بدرێت بەهۆی تەعبیرکردنمان لە بەرژەوەندییەکانی خۆمان و لە زاتی خۆمان، کە ئەمە بەهانەکە بێت، ئەوە خۆی لە خۆیدا بەهانە دەهێنێتەوە بۆ دەستوەرنەدان لە کاروباری کەسیی کەسێک کە پێداگری دەکات لەسەر ئازادییەکانی و مافەکانی. ئەوە ڕەوایە یان دەشێت کە داکۆکی لە ئازادیی بەیان بکەین لەسەر بنەمای زەمینەیەکی نا-ئامرازبوون.
هەندێک بیرمەند ئازادیی بەیان دەبەستنەوە بە بەرژەوەندییەکانی تاکەوە وەک قسەکەر. لێرەدا ئەرگۆمێنتەکە جەختکردنە لەسەر ڕۆڵی بەیان/ڕا لە گەشەکردن و مەشقکردن بە ئۆتۆنۆمیی مرۆڤ، وەک ئەوەی کە مرۆڤ خۆی خاوەندارێتی لە بوون و ژیانی خۆی بکات. بەشێک لە چۆنێتیی وێناکردنەکانمان بۆ ژیانێکی چاک و پەرەپێدان بە توانایی حوکمدان دەربارەی چۆن بژین، لەڕێگەی ئاڵوگۆڕکردنی ئایدیاکانەوە مەیسەر دەبێت، یان لەڕێگەی هەبوونی توانایی تاقیکردنەوەی بۆچوونە جیاوازەکان و تاقیکردنەوەی گۆشەنیگا جیاوازەکانی ڕوانینەوە مەیسەر دەبێت. کاتێک کە ئێمە دەرگیر دەبین لەتەک بەیانکردندا، ئێمە دەرگیر دەبین لەتەک دۆزینەوەی ڕێگە و شێوازە جیاوازەکانی بوون لە جیهاندا. ئەوەش بڵێین ئەوکاتەی ئێمە ئاماژە بە ئۆتۆنۆمیی قسەکەر یان خاوەن ڕا دەکەین، لە ڕاستیدا ئاماژە دەکەین بە تواناکانی ئەو قسەکەرە؛ لێرەدا "ئۆتۆنۆمی" وەک ئایدیایەکی ئیمانوێل کانت، بریتییە لە ئایدیاڵێکی ئاکاریی سەراپاگیر کە گونجاوە بۆ هەلومەرجی ئازادی و ئازادبوون. جەختکردن لەسەر ئۆتۆنۆمی سازگارە لەتەک ئایدیاڵەکانی لیبراڵ لە پرۆسەی سازدان و وێناکردنێکی سەراپاگیری ژیانێکی چاک.
هەروەها، هەنگاوێک لەمە زیاتر، دەتوانین ئازادیی بەیان پێناسە بکەین لەسەر ئەو بناغەیەوە کە ئازادیی بەیان خۆی بریتییە لە تەشویقکردن و بانگەشەکردن و بەهێزکردنی پایەکانی دیموکراسی. لێرەوە ئازادیی بەیان خۆی دەبێتە بەشێک یان توخمێک لە دیموکراسی، یاخود چاکتر لەمە، دەبێتە توخمێک لە سیستەمی دەستوورگەرایی-کۆماری.
سنووردارکردنی ئازادیی بەیان، وەک "ڕاوڵز" دەڵێت، سەر لە هەڵپەساردنی دیموکراسییەوە دەردەهێنێت. کەواتە، چاوبڕین لە دیموکراسی و لە هەلومەرجێکی دەستووری-حوکمڕانیکردن بە قبووڵکردنی ئازادیی بەیان و ئازادیی بیرکردنەوە مەیسەر دەبێت. زیاتر لەمە، ئازادیی بەیان شایانی زیاتر لێتێگەیشتنە کە زانیمان چواردەوری ئازادیی ئاڵوگۆڕکردنی ڕا و ئازادیی بیرکردنەوە لەخۆ دەگرێت، لەکاتێکدا کە جیاوازن، بەڵام لە هەمان کاتدا پێکەوە دەسەپێنن (reinforcing) و چڕدەکەنەوە و سەربەخۆیی دەسەپێنن. لێرەوە ئازادیی بەیان جەوهەرییە بۆ گەشەکردن، وەزیفەبینین و کاراکردنی بیرمەندەکان. ئەمەش لەبەر ئەوەی ئێمە دەبێت ئایدیاکانمان بهێنینە دەرەوە و بەوردی تەعبیریان لێ بکەین و بیانخەینە ڕوو تاکوو بتوانین هەڵیانبسەنگێنین و تاقیان بکەینەوە. ئەو پرۆسەیە ڕەنگە وەک مۆنۆلۆگ (یان مۆنۆلۆگئاسا) دەربکەوێت، بەڵام لە خۆبەیانکردندا بۆ ئەوانی دی دەبێتە دیالۆگئاسا؛ لێرەدا قسەکەر و گوێگر دەرگیر دەبن لە ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکاندا.
زیاتر لەمە، ئەرگۆمێنتێکی دیکە بۆ ئازادیی بەیان و بیرکردنەوەی ئازاد دەبێتە مایەی گەشەکردنی تاک، گەشەکردنی لیبراڵانەی ئێمە بۆ هەڵکردن لەتەک ڕای بەرانبەردا، کە دواجار ئەمە دەبێتە مایەی ڕامکردنی کەڵکەڵە نالیبراڵەکان کە هەر یەک لە ئێمە هەڵیدەگرینەوە لە کۆمەڵگە نەخۆش و کەوتووەکاندا. ئازادیی بەیان کۆمەکمان دەکات بۆ پراکتیزەکردنی "ئیتۆسی هەڵکردن" (Ethos of toleration)، کە لێرەدا هەڵکردن دەبێتە مایەی تەشویقکردنی ئاکارێکی کۆمەڵایەتی کە پێکەوەژیان فەراهەم دەکات.
ئازادیی بەیان جەوهەرییە بۆ پەروەردەکردنی کاراکتەری تاک و گەشەکردنی توانا و ئەگەرەکانی، بەتایبەتی لە خۆبەڕێوەبردندا، واتە حوکمکردنی خۆی بۆ خودی خۆی (Self-Government). ئازادیی بیرکردنەوە، ئازادانە دوان و گفتوگۆکردن ئەو ئامرازەیە بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان. بەبێ ئازادیی بەیان و ئازادیی بیرکردنەوە، پڕۆژەی ئۆتۆنۆمیی تاک و جڤات بەربەستی گەورەی بۆ دروست دەبێت و دەبێتە شتێکی مەحاڵ. ئەم پرەنسیپەش دەتوانین ناوزەد بکەین بە یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی "حوکمی ڕەشید"، کە پرەنسیپەکە خۆی واتە حوکمکردنی زات بۆ خۆی. کەواتە، لە یادمان بێت ئازادیی بەیان بەتەنیا ئامرازێک نییە لە خزمەت چاکەی تاک و چاکەی گشتی، بەڵکوو وەک بەهایەک خۆی لە خۆیدا بەهادارە بۆ گەشەکردنی تاک و بگرە مرۆڤسازی و نیشتمانسازی. ئازادیی بەیان چۆن توخمێکە لە پرۆسەی حوکمکردن و پەیڕەویکردن لە دادپەروەری و ئاوەزمەندیی حوکمڕانیدا، بە هەمان ئاست و گرنگی بەشێکە لە ڕۆحییەتی (Spirit)ی مرۆڤبوون، ڕۆحییەتێک کە دەخوازێت تەعبیر لە خۆی بکات، ئەوەش بەشێکی دانەبڕاوە لە گەشەکردنی ئایدیاکان و مانابەخشین بە ناسنامەی تاک و جڤات.
هۆیەکی دیکە بۆ بەرزڕاگرتنی ئازادیی بەیان و بیرکردنەوەی ئازاد، بریتییە لە گەڕان بەدوای حەقیقەتدا. باشترین تاقیکردنەوەی حەقیقەت بریتییە لە هێز و دەسەڵاتی بیرکردنەوە بۆ بەدەستهێنانی قبووڵکردن لە "بازاڕی ئایدیاکان"دا، ڕاستیش لێرەدا ئەو زەمینەیەیە کە لەسەریەوە ئەو پرۆسەیە خۆی بەیان دەکات. لێرەدا مێتافۆری "بازاڕی ئایدیاکان" کامڵ نییە، چونکە لە مێژوودا مەرج نییە هەمیشە ڕاستی زاڵ بووبێت، یان هەلی خۆمانیفێستکردنی بە یەکسانی بۆ ڕەخسابێت. زۆر جاران ئایدیا هەڵەکان و بۆچوونە ترسناکەکان باڵادەست و براوە بوون و هەلی زیاتریان لەم هاوکێشەیەدا بۆ ڕەخساوە.
مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی هەڵە و درۆکانە نەک ڕاستییەکان، مێژووی ئایینەکان نموونەیەکی بەرجەستەی ئەم ڕاستییەیە. کەواتە، بەهادارە بزانین خەڵکی یان کەسانی دیکە چۆن بیر دەکەنەوە و بیر لە چی دەکەنەوە؛ دوا ئامانج بریتییە لە کەڵەکەکردنی مەعریفەیەک دەربارەی جیهان و دەربارەی خۆمان، لەبەر ئەوەی وزەبەخشە کە بزانین خەڵکی بیر لە چی دەکەنەوە، بەتایبەتی ئەو کاتەی کە بیروڕاکانیان زیانبەخشن، شوێنی مەترسییە؛ تاکوو بۆچوونەکانیان زیاتر شوێنی هەڕەشە و مەترسی بێت، باشترە ڕێگەی تەعبیرکردنیان پێ بدرێت تاکوو ئێمەی لێ هۆشیار ببینەوە، نەک لە ژوورە تاریکەکان و لە مزگەوت و مەعبەدەکاندا بە چپە ئاڵوگۆڕی بکەن. کە ئەو ئایدیا پڕمەترسییانە حوجرەکانی جێهێشت و لە فەزای گشتیدا وەک بۆمب تەقییەوە، شۆک نەبین و نەڵێین ئەمە لەکوێوە هات؟
بێ گومان من دژی دادگاییکردنی هەر کەسێکم کە لەسەر بیروڕا و بۆچوونی ڕووبەڕووی ببێتەوە؛ نووسەران، هونەرمەندان، بیرمەندان، توێژەرەکان، مرۆڤی ئاسایی، هەر هەموو دەبێت ئازاد بن لە دەربڕینی ڕا و بۆچوونەکانیان.
لە پەیوەندی بەم کێشەیەوە، دژی سکاڵا لەسەرکردن و دادگاییکردنی مەلا بەرباسە بانگخوازەکانم. بۆ؟
بێ گومان من هاوڕای ئەو بانگخوازانە نیم و بە کەسایەتیی شەڕەنگێز و بگرە گەمژەشیان دەزانم، ئەوانە دژی فەلسەفە و زانستن، دژی شارستانییەت و مرۆڤایەتین و بانگەشە بۆ بەربەریزم و وەحشیگەری و جیهاد دەکەن، کە جیهاد عەقیدەیەکی قیتالییە بۆ کوشتن و بڕینی هەر گرووپ و کەس و تاقمێک کە بیر نەکەنەوە وەک فاشیزمی ئیسلامی، کە ئایدۆلۆژیای ئیسلامییەکانی کوردستانە، ئەوان هیچ مەناعەتیان نییە هەموومان سەر ببڕن. بەڵام دادگاییکردنی ئەو بانگخوازە بناژۆخوازە شەڕەنگێزانە لەبنەڕەتدا خۆبواردنە لە ئیشە گەورەکە، لە پڕۆژە گەورەکە کە دەبێت سەر ڕێگە بخرێت، ئەویش دادگاییکردنی ئەو ئایینەیە کە سەرچاوەی فاشیزمی ئیسلامییە، کە سەرچاوەی دید و دنیابینیی ئیسلامییەکانە. ئێمە دەبێت دادگاییەکی عەقڵی-ئەخلاقی-قانوونی سەر ڕێگە بخەین و ئەو میراتە ئایینییە دادگایی بکەین، نەک فلانە یان فیسارە مەلا کە دژی زانستن و لە مزگەوتەکانەوە بانگەشەی جەهل و خورافیات و نەفامی و نەزانین و گەمژەیەتی دەکەن و، وەزارەتی ئەوقافیش لێی بێدەنگە.
خانمێک کە گوایە زەردەشتییە و نوێنەری زەردەشتییەکانە، بە مێشکێکی ژەهراویی فێمینییانەوە گوتی: "باشترە فڵانە مەلا زیندانی بکرێت و لە زیندانی ژنانیش زیندانی بکرێت". کاتی خۆی ئێمە چەند دامەزراوەیەک بووین داکۆکیمان لەو گرووپە کرد لەوەدا کە ئازاد بن ئایینی خۆیان بگۆڕن، بەڵام ئەو خانمە کە لە هەموو شتێک حاڵی نییە، ئێستا دێت بە خودی خۆی و خانمانی ئەم وڵاتە ڕادەبوێرێت بەوەی کە مەلایەکی نەفامی فاشیست دەخاتە زیندانەوە لەتەک ئافرەتاندا. ئەم ئافرەتە زەردەشتی بێت یان موسڵمان یان مەسیحی، یەک شتە، ئەویش گەمژەی گەمژەیە و لە ڕێزمانی گەمە فیکرییەکە ناگات. نابێت هیچ کەسێک لەسەر بیروباوەڕی دادگایی بکرێت، بەڵکوو گرنگە کە خۆمان پەروەردە بکەین، مەشق لەسەر ئاوەز و ئاوەزمەندی و فەلسەفە و زانست ببینین و خۆ تەیار بکەین بۆ دادگاییکردنی ترادیسیۆنی ئیسلامی و فاشیزمی ئیسلامی. ئەوە ئەرکە زانستی و مرۆڤدۆستی و ئەرکە ڕۆشنگەرییە پیرۆزەکەیە، نەک بێدەنگکردنی بانگخوازێکی نەزان یان مەلایەکی نەفام و نەخوێندەوار و بەدوور لە ئاکاری مەدەنی.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved