سیروان خسرەوزادە
(دکتۆرا لە مێژووی ئێران)
پوختەی وتار
ئەم وتارە باس لە کەسایەتی غوڵامڕەزا خانی ڕەشید یاسەمی و بیروبۆچوونەکانی دەکات، هەروەها ڕۆڵی گوتاری ناسیۆنالیزمی فارسی لەسەر ئەم کەسایەتییە وەک مێژوونووسێکی کورد. ژیانی زانستی، سیاسی و کۆمەڵایەتیی یاسەمی هاوکاتە لەگەڵ دەسەڵاتی ڕەزا شای پەهلەوی و ئەو سیاسەت و پڕوپاگەندانەی کە بۆ سەروەریی نەتەوەی فارس دەکرا و یاسەمیش وەک پیاوی ئەو دەسەڵاتە ڕۆڵی تێدا گێڕاوە.
یاسەمی وەک کوردێک، ئەگەرچی سەر بە دەسەڵات بووە و لەپێناو بەرژەوەندیی ڕەگەزپەرەستانەی ناسیۆنالیزمی فارسی ڕۆڵی گێڕاوە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە ناکرێت بوترێت ناوبراو هیچ هەست و بەرپرسیارێتییەکی بۆ کوردبوون و نەتەوەی خۆی نەبووە. یاسەمی بە نووسینی کتێبی "کورد و ڕەگوڕیشەی ڕەگەزی کورد"، ئەگەرچی هەوڵ دەدات لە بازنەی ئێرانیبوون و پێوەرەکانی نەتەوە لە ڕوانگەی گوتاری دەسەڵاتەوە باس لە کورد بکات، بەڵام هەستی خۆی لە ئاست کوردبوون ناشارێتەوە و دەیخاتە ڕوو. بۆ نموونە، هۆشیارانە و هەندێک جاریش نەخوازراو، بە پێچەوانەی گوتاری زاڵی سەردەم، لە کاتی باسکردن لە ڕابردوو و مێژووی ئێران، جێگە و پێگەیەکی شیاو و هەندێک جاریش تەنانەت پیرۆز بۆ کورد و ڕۆڵی کورد تەرخان دەکات. بە تیشک خستنەسەر و ئاماژەدان بە هەندێک بابەتی هەستیار و ڕوونکردنەوەیان، دەیسەلمێنێت کە جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ ناسیۆنالیستە فارسەکانی سەر بە دەسەڵات هەیە.
بەگشتی سەبارەت بە یاسەمی و مێژوونووسییەکەی، پێویستە بوترێت ئەگەرچی ناکرێت بڵێین کوردێکی نەتەوەپەروەر بووە، بەڵام بەهۆی کوردبوونییەوە زۆر جیاواز لە هاوبیروڕا فارسەکانی سەردەمی لەسەر کورد دواوە. ئەم وتارە دەیەوێت ئەم ڕاستییە بۆ یەکەمجار بسەلمێنێت کە وا یاسەمی، ئەگەرچی پیاوی دەسەڵاتی پەهلەوی بووە و خزمەتی بۆ گوتاری ناسیۆنالیزمی فارسی کردووە، بەڵام بە وردبوونەوە لە بارودۆخی ئەو سەردەمە، لەوانەیە بە بەراورد لەگەڵ نووسەرانی هاوسەردەمی خۆی، خوازراو یان نەخوازراو، لە هەندێک ڕوانگەوە خزمەتی بە کورد و مێژووی کوردیش کردبێت.
وشە سەرەکییەکان: ڕەشید یاسەمی، ڕەزاشا، ناسیۆنالیزمی فارسی، مێژووی کورد، پێوەرەکانی نەتەوە.
پێشەکی
پاش شۆڕشی مەشرووتەی ئێران لە ساڵی 1906، کە دەرئەنجام و بەرهەمی دژایەتی و بەرخۆدانی خەڵکی ئێران بوو لە ئاست پاشای ئێران، واتە محەممەدعەلی شای قاجار و، کەمکردنەوەی ئاستی دەسەڵاتی پاشایەتی (بۆ یەکەمین جار لە مێژووی ئێران)، زەمینە بۆ دەربڕینی بیروڕای جیاواز لەلایەن ڕووناکبیران و چالاکانی خاوەن بیروبۆچوونی جیاوازەوە ساز کرا. لێرەوە قۆناغ و سەردەمێکی نوێ لەم وڵاتەدا دەستی پێکرد و هەر لەم پێناوەدا بوو کە ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆژنامە و گۆڤارە جیاواز و سەربەخۆکان دەستیان بە بڵاوکردنەوە کرد، لەپێناو خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و گەیشتن بە ئازادی و بەیاساکردنی کاروباری وڵات.
بەڵام شۆڕشی مەشرووتەی ئێران لەئەنجامدا نەگەیشتە ئامانجەکانی و هێدی هێدی خەڵکی ئێرانی تووشی سەرلێشێواوی و بێهیوایی کرد. لەم بارودۆخەدا بوو کە لە وڵاتانی ڕۆژاواوە، گۆڤارگەلێک وەک 'کاوه' لەلایەن تاقمێک لە چالاکوان و بیرمەندی ئێرانیی دەرەوەی وڵات دەستیان بە چالاکی و نووسین کرد، لەپێناو دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەیەکی ناوەندخواز لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمی ئێرانی. نووسەرانی ئەم ڕۆژنامەیە، بە لەبەرچاوگرتنی شکۆی ئێرانی پێش ئیسلام، واتە سەردەمی هەخامەنشییەکان و ساسانییەکان و بەگشتی ئێرانی کۆن، باسیان لە شکۆ و مەزنی و پیرۆزیی ئێرانی ئەو سەردەمە کرد. هەروەها دەستیان دایە بەراوردی ئێرانی ئەو سەردەمە لەگەڵ ئێرانی ژێردەسەڵاتی قاجار و بەم شێوەیە هەوڵیان دەدا، وێڕای ناساندن و دەرخستنی هۆکارەکانی دواکەوتوویی ئێران، بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتانە و گەڕاندنەوەی شکۆ مەزنە مێژووییەکەی ڕابردوو، ڕێگەچارەیەک بدۆزنەوە.
لەئەنجامی ئەم هەوڵانە، هەندێک جار گەیشتنە دژایەتی و دوژمنایەتیی ئیسلام و عەرەب و، جاروبار دەیانگەیاندە ئەو قەناعەتەی کە تەنیا ڕێگەی ڕزگاری ئێران و ئێرانییەکان، سەرهەڵدان و دەرکەوتنی کەڵەپیاوێکی شکۆمەندە کە بتوانێت درێژەدەری ڕێگای داریووش و ئەردەشێر و شاپوور و خەسرەوەکان، واتە پاشاکانی ساسانی بێت. ئەم هەوڵانە ڕێگەیان بۆ هاتنەسەر دەسەڵاتی ڕەزاشای پەهلەوی خۆش کرد. دەوڵەتی ڕەزاشا هەر لە سەرەتاوە خۆی وەک دەوڵەتێکی مۆدێرن، نوێخواز، ناوەندخواز و لایەنگری گەڕاندنەوەی شکۆ مەزنە لەدەستچووەکەی دەورانی کۆن نواند. هەربۆیە، بۆ گەشاندنەوە و بوژاندنەوەی ئێران، بە پێویستیان زانی نەتەوەیەکی مۆدێرن پێک بهێنرێت. لەم ڕووەوە هێدی هێدی پڕۆژەی پێکهێنانی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرنی ئێرانی وەک ئەولەویەتی سەرەکی دەوڵەتی ڕەزاشا و پاشایەتیی پەهلەوی دەستی پێکرد.
لەو پڕۆژەیەدا، توانەوەی نەتەوە و ئێتنیکە جیاوازەکانی ناوخۆی ئێران لەناو نەتەوەی فارسدا وەک پڕۆژەیەکی پێویست و زەروور لەبەرچاو گیرا. لێرەوە سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن یان ئاسیمیلەکردن (یان یەکخستن) وەک سیاسەتێکی پێویست و حاشاهەڵنەگر، بە چڕوپڕی بوو بە ئەولەویەتی دەوڵەتی ڕەزاشا و ڕامانەداڕێژانی (تیۆریدانەرانی) دەوڵەتی مۆدێرنی ئێرانی کە لەڕاستیدا لەسەر بنەمای نەتەوەی فارس دروست کرابوو. لە وەها بارودۆخێکدا، مێژوونووسیی مۆدێرنی ئێرانی لە چوارچێوەی ئەم دەرفەتە نوێیەدا کە بۆی ڕەخسابوو، هەروەها بە کاریگەری لە هەستی تازە سەرهەڵداوی ڕەگەزپەرستانەی فارسی، بە کەیفی خۆیان دەستیان بە خوێندنەوەیەکی نوێ و جیاواز لە ڕابردووی ئێران کرد.
لەم خوێندنەوە نوێ و جیاوازەدا، ئێران وەک وڵاتێک پێناسە کرا کە خاوەنی میراتی کولتووری پیرۆزی پارس و پارسەکانە. هەربۆیە، فارس بە سەروەر و گەورە پێناسە کرا و گرنگتر لە هەموو شتێک، بانگەشەی بۆ کرا. گەلانی دیکە پەراوێز خران و ئەم گەلە بەپەراوێزخراوانە بۆ مانەوەی خۆیان ناچار بوون لەگەڵ ئەم گوتارە نوێیە خۆیان ڕێک بخەن، واتە بەرەو فارس بوون دەست لە ناسنامە و شوناسی خۆیان هەڵگرن. لە وەها بارودۆخێکدا کە جیا لە فارس و نەتەوە و کولتووری فارسی، باس لە شتێکی دیکە نەدەکرا، هەموو ڕووناکبیرانی ئێران لە ژێر کاریگەریی گوتاری زاڵی ئەو سەردەمە، جەختیان لە گرنگیی بەفارسکردن و فارسبوونی ئێرانییەکانیان دەکرد. غوڵامڕەزا خانی ڕەشید یاسەمی کرماشانیش لەم پێناوەدا دەستی دایە نووسینی کتێبی "کورد و یەکگرتوویی مێژوویی و ڕەگەزی".
ڕەشید یاسەمی کێ بوو؟
غوڵام ڕەزاخان ڕشید یاسەمی کوڕی حەمەوەلی خان و سەر بە تایفەی گۆران و بنەماڵەی یاسم بوو کە ساڵی 1896 لە گوندی گاوارەی سەر بە پارێزگای کرماشان لە دایک بوو (ئەردەشێر کشاوەرز، 1382: 73) و لە ساڵی 1951 لە تەمەنی 55 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
یاسەمی پاش تێپەڕکردنی قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی لە کرماشان، بۆ درێژەپێدانی خوێندن، ڕووی لە تاران کرد. ناوبراو پاش کۆتایی خوێندنی ناوەندی و دواناوەندی بوو بە کەسایەتییەکی بەناوبانگ و لێهاتوو و ناسراوی ئێران و زۆرێ نەخایاند کە لە ساڵی 1934 بوو بە مامۆستای زانکۆی تازە دامەزراوی تاران، واتە یەکەمین زانکۆی ئێران. یاسەمی لە بواری شیعر و ئەدەب و مێژوو پێشکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی و لەم بوارانەدا دەستی بە نووسینی کتێب و وتار کرد و چەندین کتێبی وەرگێڕایە سەر زمانی فارسی و بەگشتی ئەکرێت بڵیین گرنگترین و ناسراوترین بەرهەمی ئەو کتێبەیە کە لە سەر کورد و مێژوو و ڕەگەزی کورد نووسیویەتی.
بە لە بەرچاوگرتنی بارو دۆخی زاڵبوونی گوتاری فارسچییەتیی ئەو سەردەمە کە دەرفەتی بۆ باسکردن لە نەتەوەکانی دیکەی ئێران نەهێشتبوەوە و هەروەها بە ئاوڕدانەوە لە جێگە و پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی یاسەمی و سیاسەتی تواندنەوەی حکوومەت بەرانبەر بە کوردانی ئێران، تا ئەم ساڵانەی دوایی سەبارەت بە مەبەست و ئامانجەکانی یاسەمی لە نووسینی کتێبی مێژووی کورد زانیارییەکی ئەوتۆ لە دەستدا نەبوو. بە واتەیەکی دیکە، ڕوون نەبوو لە کاتێکدا کە ئامانجی دەسەڵاتی پەهلەوی سڕینەوە و پەراوێزخستنی گەلانی نافارسی ئێران بەتایبەت گەلی کورد بوو، هۆکاری نووسینی کتێبێک لەسەر کورد لەلایەن کەسێک وەک یاسەمی چ بوو!؟ جوابی ئەم پرسیارە لە سەنەدێکی گرنگدا هاتووە (ساکما، 297039825).
بەپێی ئەم سەنەدە، دەسەڵاتی ڕەزاشا لە ساڵی 1316ی هەتاوی پێنج هەزار تمەنی تەرخان کردووە بۆ سێ کەسایەتی گەورەی ئەو سەردەمە، واتە مامۆستا مەردۆخی کوردستانی، مینۆرسکی و هەروەها ڕەشیدی یاسەمی، کە هەر کامیان کتێبێک لەسەر مێژووی کورد بنووسن. بێ شک دەسەڵات چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد ئەو سێ نووسەرە لە چوارچێوەی گوتارە نوێیەکەی سەردەم باس لە کورد بکەن و گەلی کورد وەک بەشێکی حاشاهەڵنەگر لە کۆمەڵگای ئێران و ئێرانییانی ڕەسەن پێناسە بکەن و بەم چەشنە هەر جۆرە بیرۆکەیەک کە باس لە جیاوازیی کورد و ئێران دەکات، لەناو ببەن. ئەگەرچی ئەو سێ نووسەرە بەگشتی و یاسەمی بەتایبەت کوردیان بەو شێوەیە ناساند، بەڵام وەک ئاماژە درا، یاسەمی بەتەواوی لە چوارچێوەی چاوەڕوانکراوەکەی سەردەم لەسەر کورد نەدوا و نووسینەکانی لەسەر کورد جیاوازیی تایبەتی هەبوو لە بەراورد بە نووسینەکانی نووسەرە ناسیۆنالیستەکانی ئێران.
بۆ باشتر ناسینی یاسەمی، پێویستە ئاماژە بەمەش بکرێت کە ناوبراو ئەندامی باڵای ناوەندی گرنگ و کاریگەری "ئەنجومەنی پەروەردەکردنی بیر و هزرەکان" بوو، کە لەبنەڕەتدا ناوەندێکی ستراتیژیی دەسەڵاتی پەهلەوی بوو و بە فەرمانی خودی ڕەزاشا دامەزرابوو. ئەرکی بنەڕەتیی ئەم ئەنجومەنە بریتی بوو لە پڕوپاگەندەکردن بۆ شاپەرستی و وڵاتپارێزی و گەشەپێدانی بیرۆکەی فارسخوازی و گوتاری دژەعەرەبی لەنێوان گەنجانی وڵات، بە مەبەستی سەقامگیربوونی دەسەڵاتی پاشایەتیی پەهلەوی.
پاش شۆڕشی مەشرووتەی ئێران، کەڵکەڵەی سەرەکیی ڕۆشنبیران و بیرمەندانی ئەو سەردەمەی ئێران دامەزراندن و پێکهێنانی دەوڵەت-نەتەوەیەکی مۆدێرنی ئێرانی لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمی فارسی بوو. بۆ گەیشتن بەم مەبەستە، سڕینەوەی جیاوازییەکان لە ئەولەویەتی بنەڕەتی و سەرەکیی ئەم تاقمەدا بوو تا لەم ڕێگەیەوە نەتەوەیەکی یەکدەست و یەکڕەنگ بە ناوی نەتەوەی فارس پێک بهێنن. بۆ خولقاندنی وەهمی ئەم نەتەوە دەستکردە، تیشک دەخرایە سەر هەندێک بنەما کە لەبنەڕەتدا پێکهێنەری گوتاری زاڵی ئەو سەردەمەی وڵاتی ئێران و بە گشتی هەڵگری ئەم خاڵانەی خوارەوە بوون:
ئەم خاڵانە لەبنەڕەتدا پێکهێنەری ئەو نەتەوەیە بوو کە دەسەڵات ئاواتی بۆ دەخواست. دەسەڵات لەپێناو زاڵکردنی گوتارە ناسیۆنالیستەکەی مەبەست، واتە پێکهێنانی نەتەوەیەکی یەکدەست بۆ دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەیەکی مۆدێرن، دەستی بە سڕینەوەی هەر چەشنە جیاوازییەک کرد.
لە وەها بارودۆخێکدا، دەسەڵات هەوڵ دەدات لەڕێگەی ئەو سێ کەسایەتییە بە نووسینی کتێب لەسەر کورد دوو ئامانج بپێکێت: یەکەم، جۆرێک ئاشتی و ئارامی لەنێوان کورد و ئێران مسۆگەر بکات؛ و دووەم، کورد وەک بەشێکی حاشاهەڵنەگر لە ئێران پێناسە بکات و بیرۆکەی سەربەخۆیی و هەموو جۆرە هەستی جیاوازیی ڕەگەزی لەسەر کورد بسڕێتەوە.
یاسەمیش وەک کەسایەتییەکی سەر بە دەسەڵات، ئەم خاڵانەی لەبەرچاو گرتبوو، بەڵام ناوەڕۆکی کتێبەکەی یاسەمی هەڵگری دوو بەشی جیاوازە:
ئەلف) هاوتەبایی لەگەڵ گوتاری زاڵ
زمانی فارسی
ڕووناکبیرانی ئەو سەردەمەی ئێران، ڕەمزی یەکگرتوویی و یەکڕیزی ئێرانییان لە پێکهێنانی نەتەوەیەکی یەکچەشن و یەکڕەنگدا دەبینی. بۆیە بۆ گەیشتن بەم مەبەستە، بە پێویستیان زانی زمانی فارسی لە نێو نەتەوەکانی دیکەی ئێران پەرە و گەشە پێبدەن تا بتوانن لەم ڕێگەیەوە جیاوازیی زمانی بسڕنەوە و زمانی فارسی بکەنە تەنیا زمانی هەموو خەڵکی ئێران. هەربۆیە، بەرجەستەکردن و بایەخدان بە زمانی فارسی و پەراوێزخستنی زمانەکانی دیکە بوو بە بەشێک لە ستراتیژیی دەسەڵاتی پەهلەوی.
گۆڤاری "ئایندە" بە سەرپەرشتیی دکتۆر مەحمودی ئەفشار یەزدی، وەک ناوەندی بەرەوپێشبردنی ئەم سیاسەتە، دەستی دایە گوتارسازی و زۆر جار لە ئاست فرەزمانی و زمانەکانی دیکەی ئێراندا هەڵوێستی زۆر توندی دەنواند و لەپێناو بەفارسیکردنی زمانی هەموو ئێرانییەکان هەوڵ و تەقەلای زۆری دەدا. ئەفشار وەک ڕەگەزپەرستێکی فارس لەسەر ئەم بڕوایە بوو کە نابێت کورد و لوڕ و قەشقایی و عەرەب و تورک بە زمانی دایکی قسە بکەن (ئەکبەری، 168). ناوبراو لەپێناو بەفارسیکردنی زمانی نەتەوەکانی ئێران دەیگوت: "دەبێت تایفە و عەشیرەتە فارس زمانەکان لەو ناوچانەی کە نەتەوە و تایفە بیانییەکان دەژین نیشتەجێ بکرێن تاوەکوو زمانیان بگۆڕدرێت و ببێتە فارسی؛ هەروەها بەپێچەوانەشەوە، عەشیرەتە نافارسەکانیش دەبێت لە ناوچە فارس نشینەکان نیشتەجێ بکرێن" (هەمان، 170-171، هەروەها ئایندە، ساڵی یەکەم، ژمارەی 6).
لە کەشوهەوایەکی وەهادا کە جیا لە فارس بایەخ بە هیچ نەتەوە و زمانێکی دیکە نەدەدرا و تەنانەت وەک بیانی پێناسە دەکران، یاسەمی هەوڵی دەدا بە شێوازێک لەنێوان کورد و فارس پەیوەندییەکی مێژوویی دروست بکات و کورد زۆر نزیک لە فارس و تەنانەت وەک بەشێک لە فارس پێناسە بکات. ناوبراو لەم پێناوەدا دەست دەداتە سەلماندنی نزیکبوونی کورد و فارس و بۆ نموونە پێی وایە زۆرێک لە وشەکانی کوردی لە فارسی و عەرەبییەوە وەرگیراون! واتە یاسەمی بڕوای بە کوردی وەک زمانێکی سەربەخۆ نییە (یاسمی، 135-136). یاسەمی تەنانەت زمانی کتێبە ئایینییەکانی شەبەکەکان و ئێزدییەکانی مووسڵیش بە فارسی ناو دەبات (هەمان، 124). هەروەها، بۆ نیشاندانی هەژموونی زمان لەنێو کوردان و پەیوەندیی نزیکی زمانی کوردی و زمانی فارسی دەنووسێت: "کوردانی ناوچەی سلێمانی لە قاوەخانەکاندا شانامەی فیردەوسی دەخوێننەوە" (هەمان، 120). واتە بە ڕای یاسەمی، تەنانەت کوردانی دەرەوەی ئێرانیش ڕێزی تایبەتیان بۆ شانامەی فیردەوسی و هەستی ئێرانی و زمانی فارسی هەیە و دواتر ئاماژە دەکات هەتا ساڵی 1921 لە کوردستانی عێراق هەموو نامە و نووسراوەکان بە زمانی فارسی دەنووسرا (هەمان، 135).
یاسەمی لە درێژەی هەوڵ و تەقەلای بۆ سەلماندنی پەیوەندیی کورد و فارس و تەنانەت فارسبوونی کورد و باسکردن لە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی شایی و زەماوەند و هەڵپەڕکێ و هەروەها ڕێوڕەسمی ماتەمینگێڕان و پرسە و سەرەخۆشی و نەورۆز دەڵێت: "ڕێوڕەسمی نێوان کوردان لەگەڵ ئێرانییەکان جیاوازییان نییە و تەنانەت کوردەکان بۆ ناوی منداڵەکانیان ناوی پاشاکانی کۆنی ئێران وەک نەریمان و ڕۆستەم، و بۆ کچەکانیان ناوی فارسی وەک پەروین هەڵدەبژێرن" (هەمان، 120). بەم شێوەیە یاسەمی هەموو هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ سەلماندنی نزیکیی فارس و کورد و بەم شێوەیە لەلایەکەوە ئاستی کورد بەرز دەکاتەوە و دەیکاتە هاوشانی فارس و لەلایەکی دیکەوە نیشان دەدات کە هیچ باوەڕێکی بە کورد و زمان و نەریتی کوردی وەک شتێکی جیاواز و تایبەت و سەربەخۆ لە فارس و ئێرانی نییە.
نیشتمان پەروەری
یاسەمی سەبارەت بە نیشتمانپەروەری و وڵاتپارێزیی کوردان دەنووسێت: "بەدرێژایی ئەو سەردەمانەی کە کورد، واتە ئەم ڕەگەزە ڕەسەنە، لەم بەشەی ئاسیا ژیاوە، تووشی نەهامەتیی زۆر بووە. زۆر جار ئێران کە ناوەند و مەکۆی سەرەکیی کوردە، کەوتووەتە بەر شاڵاوی هێرشی داگیرکەران یان تووشی لاوازی بووە. بەڵام سەرەڕای ئەو بارودۆخە، گەورەپیاوانی کورد هەرگیز ئامادە نەبوونە سەری خۆیان بۆ داگیرکەرانی بیانی شۆڕ بکەنەوە و تەنانەت لە دژیان وەستاون. ئەگەریش لەنێو کورداندا شۆڕشێک هەبووبێت و تۆمار کرابێت، کاتی بووە. کوردان هەرگیز لە دژی دەسەڵاتداران و کاربەدەستانی هاوڕەگەزیان (واتە فارسەکان) شۆڕشیان نەکردووە و، خاڵی گرنگتر ئەوەیە کورد هەرگیز بەدوای سەربەخۆییەوە نەبووە. تەنانەت بەپێچەوانەوە، بەڵگە مێژووییەکان دەیسەلمێنن وەفای کورد بۆ ئێران، چ ئەوانەی نیشتەجێی بناری زاگرۆس بوون و چ ئەوانەی دانیشتووی پارس بوون، لە هەموو گەلانی دیکەی ئێران زۆرتر و بەرچاوتر بووە" (هەمان، 8).
یاسەمی لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەیدا دەنووسێت: "هەندێک کەس لەبەر ئەوەی کورد لە ڕابردوودا بەدوای سەربەخۆیییەوە بووە و هەندێک جاریش خاوەنی حاکمی سەربەخۆ بووە، کورد لە ئێرانی جیاواز دەبینن و جیاواز پێناسەی دەکەن. ئەمە لەکاتێکدایە لە تەبەرستان و گیلان و فارس و خوراسان و زۆر ناوچەی دیکەی ئێرانیش لە ڕابردوودا باسی سەربەخۆیی و جیابوونەوە هەبووە، بەڵام کەس ناتوانێت بڵێت ئەمانە ئێرانی نین." دیارە ڕووی قسەکانی یاسەمی ئەو ناسیۆنالیستە ئێرانییانەن کە کورد وەک سەربەخۆخواز و وەک گەلێکی بێهەست و سۆز بۆ ئێران پێناسە دەکەن.
یاسەمی لە درێژەی پێداگریی لەسەر ئێرانیبوونی کوردان دەنووسێت: "کورد هەمیشە لە هێڵەکانی یەکەمی شەڕدا ئامادە بووە و لەپێناو پاراستنی تاج و تەختی دەسەڵاتی ئێران و هەروەها ئاو و خاکی ئەم وڵاتە، گیانی بەخت کردووە و دڵسۆزیی نواندووە" (هەمان، 9). بەم شێوازە، یاسەمی لەپێناو هەست و سۆز و خۆشەویستی بۆ کورد و هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی جێگە و پێگەی کورد و توندینواندن بەرانبەر بە نەیارانی کورد، لە چوارچێوەی گوتاری زاڵ پێش دەچێت و ئەمڕۆ کورد وەک تاوانبار و پیاوی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی پەهلەوی پێناسەی دەکات و هەست و خۆشەویستییەکەی بۆ کورد لەبەرچاو ناگرێت.
شادۆسی
یاسەمی سەبارەت بە هەست و سۆز و خۆشەویستیی کورد بۆ پاشاکانی ئێران، سەرنجی خوێنەرانی کتێبەکەی بۆ کتێبی 'ئانابازیس' ڕادەکێشێت. 'ئانابازیس' یان 'گەڕانەوەی دە هەزار کەسی' ناوی ئەو کتێبەی گزنفۆن، سەرکردە سەربازییە ناودارەکەی یۆنانە کە لە کاتی شەڕکردن و گەڕانەوەی لە کوردستانەوە بەرەو یۆنان، ئەم بەرهەمەی نووسیوە. بە ڕای یاسەمی، لەم کتێبەدا باس لەوە کراوە کە پادشای ئێران تا چ ڕادەیەک بۆ کورد خۆشەویستە و بە واتایەک باس لەوە دەکات کورد تا چ ڕادەیەک پاشای ئێرانی خۆش دەوێت.
گزنفۆن لەسەردەمی هەخامەنشییەکان و لە کاتی ناکۆکیی نێوان پاشای ئێران، واتە ئەردەشێر و برا بچووکەکەی ناسراو بە کوورشی بچووک، بە هێزێکی دەهەزار کەسییەوە بۆ یارمەتیدانی کوورش بەرەو ئێران ڕێدەکەوێت. پاش کوژرانی کوورش و سەرکەوتنی ئەردەشێر، گزنفۆن ناچار دەبێت لەگەڵ هێزە دەهەزار کەسییەکەیەوە لەڕێگەی مێزۆپۆتامییاوە بەرەو یۆنان پاشەکشە بکات. بەڵام لە کاتی گەڕانەوەدا، کوردەکان کە ئامادە نابن قبووڵ بکەن هێزێکی بیانی لە نیشتمانەکەیانەوە تێپەڕ بێت، هێرش دەکەنە سەر هێزەکەی گزنفۆن. یاسەمی لە شیکردنەوەی ئەم ڕووداوەدا دەست دەکات بە چەواشەکاری و بۆ نموونە هۆکاری هێرشی کوردەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە هێزەکەی گزنفۆن دوژمنی شای ئێران بوون! (یاسمی، 148). بەم شێوازە یاسەمی هەوڵ دەدات ئەوە بسەلمێنێت کە هێرشی کوردان بۆ سەر سوپای یۆنان وەک نیشانەی ئەمەگداری و خۆشەویستیی ئەوان بوو بۆ شای ئێران.
کاتێک گزنفۆن لە کتێبەکەیدا، وێڕای ئاماژەدان بە هێزی کورد و ئەو زیانانەی کە بە سوپاکەیان دابوو، دەنووسێت: 'کوردەکان تەنانەت بۆ شای ئێرانیش سەردانانەوێنن'، یاسەمی هەڵوێست و کاردانەوەیەکی توند بەرانبەر ئەم قسەی گزنفۆن دەنوێنێت و دەڵێت مەبەستی گزنفۆن لەم قسەیە نیشاندانی ئاستی ئازایەتی و بوێریی کوردەکان بووە و لەڕاستیدا بەم شێوەیە ویستوویەتی ئاستی مەترسیداربوونی تێپەڕبوونی سوپاکەی لە کوردستاندا پیشان بدات و ئەمە بەو مانایە نییە کە کورد گەلێکی سەربەخۆ بووە! چونکە بە ڕای یاسەمی، پاشایەتیی هەخامەنشی، دەسەڵاتی بەسەر هەموو نەتەوەکان لە سیندەوە هەتا حەبەشە هەبووە و ئەم دەسەڵاتە هەرگیز ڕێگەی نەدەدا لە ناوخۆ و ناوەندی ئێران، نەتەوەیەک خاوەنی سەربەخۆیی بێت و بیر لە سەربەخۆیی بکاتەوە (هەمان، 157). ئەگەرچی بەگشتی هۆکاری بەرەنگاربوونەوەی کورد لەگەڵ یۆنانییەکان بە بۆنەی پرسی پەڕینەوەی سوپاکە لەڕێگەی خاکی کوردستان بووە، بەڵام وەک بینرا یاسەمی هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ بیسەلمێنێت بەرەنگاربوونەوەی کورد لەگەڵ سوپاکەی گزنفۆن بە هۆی خۆشەویستیی کورد بۆ شای ئێران بووە.
ڕەسەنایەتیی ڕەگەزی ئاری
ڕەگەزی ئاری وەک یەکێک لە گرنگترین پێوەرەکانی ئێرانیبوون پێناسە دەکرا. مێژوونووسان و بیرمەندان و ڕووناکبیرانی ئەو سەردەمە لەم بابەتەدا زۆر بەرهەمیان نووسیوە و بە دەسەڵات گەیشتنی گەلانی ناڕەسەنی عەرەب و تورک لە ئێران وەک نەهامەتی و هۆکاری دواکەوتوویی و داماویی ئەم وڵاتەیان پێناسە کردووە (ئادەمیت، 134: 121). لە وەها کەشوهەوایەکدا، زۆر کەس هەبوون دەیانویست کوردیش وەک نەتەوەیەکی بیانی و ناڕەسەن پێناسە بکەن. بەڵام یاسەمی هەڵوێستی توندی بەرانبەر ئەم تاقمە نواند و هەروەها کە پێشتر ئاماژە کرا، ئامانج و مەبەستی سەرەکیی خۆی لە نووسینی کتێبەکەی 'سەلماندنی ڕەسەنایەتی ڕەگەزی کورد' ڕاگەیاند.
ئەو لەسەر ئاریاییبوونی کورد جەخت و پێداگری دەکات و دەڵێت: "لە زۆر کتێب و سەرچاوە، هەندێک نووسەر هەوڵیان داوە و ویستوویانە ڕەگەزی کورد بگەڕێننەوە بۆ سەر ڕەگەزی توران (واتە تورک) و سامی (عەرەب)" (یاسمی، 5). یاسەمی وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەم ڕاوبۆچوونانە، تەنانەت ئەو بۆچوونەش ڕەت دەکاتەوە کە گوایە پێش هاتنی ئاریاییەکان بۆ ئێران، کورد لەم وڵاتە نیشتەجێ بووبێت. واتە بە هیچ شێوازێک قبووڵی ناکات کورد و ئاریایی لە یەک جیاواز بن (هەمان، 10).
پێشینەی هاوبەشی مێژوویی
یاسەمی ئەم خاڵە وەک فاکتەرێکی حاشاهەڵنەگری ڕابردووی هەر نەتەوەیەک ناو دەبات. ناوبراو لە بەشی پێنجەمی کتێبەکەی، لەژێر ناوی "حەقیقەتی نەتەوە"، دەست دەکات بە هەڵسەنگاندنی پێناسە جیاوازەکانی زانایانی جیهان سەبارەت بە نەتەوە و تایبەتمەندییەکانی یەک نەتەوە. لەدەرئەنجامدا، بە پشتبەستن بە ڕاوبۆچوونەکانی ئێرنێست بارکێر، پێشینە و مێژووی هاوبەش وەک بەهێزترین خاڵی پێناسەکردنی یەک نەتەوە ناو دەبات (هەمان، 142). بەم شێوەیە، لە ڕوانگەی یاسەمییەوە، کورد لە هەر شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت، بەهۆی پێشینە و مێژووی هاوبەشی لەگەڵ فارسەکان، بە ئێرانی دێتە ئەژمار و بە واتایەک خاوەنی ناسنامەی ئێرانییە و وەک بەشێک لە ئێران و نەتەوەی فارس ئەژمار دەکرێت.
ب) خزمەت بە مێژووی کورد
وەک وترا، دەسەڵات هیوادار بوو لەڕێگای نووسینی ئەو سێ کتێبەی کە ئاماژەیان پێکرا، دوو ئامانج بپێکێت. بێ گومان یاسەمی هەردوو ئامانجی لەبەرچاو گرتبوو، بەڵام وێڕای ئەو دوو ئامانجە، تێبینگەلی تایبەت بە خۆیشی لەبەرچاو گرتبوو. یاسەمی مەبەستی سەرەکیی لە نووسینی کتێبەکەی "ڕوونکردنەوەیەک بۆ هەندێ کەسی ناشارەزا کە بەهەڵە لە کورد و ڕەگەزی کورد تێگەیشتوون و بە چاوی گومانەوە تەماشای کورد و ڕەسەنایەتیی کورد و ئێرانیبوونی کورد دەکەن" (یاسەمی، 132) ڕادەگەیەنێت. ئەو جەخت لەسەر کوردبوونی خۆی دەکات و بە شانازییەوە باسی دەکات و هاوکات هەوڵ بۆ سەلماندنی "شەرەفی ڕەسەنایەتی و نەجیببوونی ڕەگەزی کورد" دەدات و ئەم مەبەستە وەک مەبەستی سەرەکیی نووسینی کتێبەکەی باس دەبات (یاسەمی، 5).
یاسەمی لە کتێبەکەیدا، ئاماژە بەسەرجەم ئەو تۆمەت و بوختانانە دەکات کە بە مەبەستی خراپکردن و سووکایەتیکردن و بەپەراوێزخستن خراونەتە پاڵ کورد و ئەو بوختانانە بەوردی دەخاتە بەرباس و لێکۆڵینەوە و هەوڵ دەدات وەڵامی نەیارانی کورد بداتەوە. یاسەمی سەرەتای کتێبەکەی تەرخان دەکات بۆ باسکردن لەسەر هۆکاری نائارامبوونی ناوچە کوردییەکان و هەروەها ئاماژە جیاجیاکانی مێژوونووسانی ڕابردوو و هاوچەرخ لەسەر سیفەتی تاڵانکەربوونی کوردان و لەم بارەوە دەنووسێت: "پاش هێرشی عەرەب بۆ ئێران و ڕووخاندنی دەسەڵاتی ساسانییەکان، ئێران کرا بە گۆڕەپانی تاڵان و کوشتن و بڕین و بۆ ماوەی سەدان ساڵ دەسەڵاتی سیاسیی ئێران کەوتە دەست گەلانی بیانییەوە. هەربۆیە، ئێرانییە ڕەسەنەکان تووشی ڕەنج و ئازارێکی ئێجگار زۆر و کوشندە بوون و لەپێناو ڕزگاری و پاراستنی گیانیان پەنایان بردە کەژ و چیاکان. لە ڕوانگەی یاسەمیدا هەڵبژاردنی ئەم شێوازە لە ژیان، لە ئاکامدا بووە هۆی هەژاری و نەداری و بەپەراوێزبوونی کورد و بەناچاری ڕووی هێنایە ڕێگری و دزی و جەردەیی (یاسەمی، 107).
مەبەستی یاسەمی لە هێرشی گەلانی بیانی، هێرشی عەرەب و تورکە. ناوبراو بەم شێوەیە هەوڵ دەدات وەڵامی ئەو کەس و لایەنانە بداتەوە کە کورد بەوە تۆمەتبار دەکەن بەدرێژایی مێژوو خەریکی تاڵان و دزی بووە. نووسەر بە ڕەچاوکردنی کەشوهەوای ئەو سەردەمەی ئێران و هەروەها ڕەچاوکردنی گوتاری زاڵی سەردەمی پاشایەتیی ڕەزاشای پەهلەوی، بیر لە جێگە و پێگەی کورد لە نێوان ئەم گوتارە دەکاتەوە، بۆیە کورد وەک بەشێک لە ڕەگەزی ئێرانی پێناسە دەکات کە تووشی هێرشی بیانی واتە عەرەب و تورک بووەتەوە.
هەروەها کە پێشتر ئاماژە کرا، یاسەمی بەئەنقەست یان نائەنقەست لە کتێبەکەیدا هەندێ جار لە چوارچێوەی گوتاری دەسەڵات دەترازێت و بە هەڵوێستی سەربەخۆیانەوە لەپێناو بەرژەوەندیی مێژووی کورد، زۆر شتی باش و نادیار ڕوون دەکاتەوە و خزمەتێکی ئێجگار زۆر بە مێژووی کورد دەکات. بۆ نموونە، وەک دەزانین مێژوونووسانی وەک موقەدەسی، ئیبن بەڵخی، ئیستەخری، و بەلازەری باسیان لە هەبوونی کورد لە باشوور و باشووری ڕۆژاوای ئێران لەسەردەمی هێرشی عەرەب و دواتر کردووە (ئیبن بەڵخی، 1385: 164-168، ئیستەخری، 1368: 97، موقەدەسی، 1361: 664-665، ئیبن ئەسیر، ج 9: 68). جیا لەمە، لە چەندین جێ باسی بەرخۆدانی کوردانی پارس (واتە کوردانی نیشتەجێ لە پارێزگای فارسی ئەمڕۆ) و کوردانی ئەهواز لە کاتی هێرشی عەرەب بۆ سەر وڵاتی ئێران کراوە. ئەمە دەسەلمێنێت لە ڕابردوودا کورد جێگە و پێگەیەکی زۆر بەرز و پتەوتر و بەربڵاوتر لە ئێستای هەبووە لە ئێران. ئەمە لەکاتێکدایە کە مێژوونووسە ناسیۆناڵیستەکانی ئێران ئەم ڕاستییەیان پێ گرانە و نکۆڵی لێ دەکەن و ئامادە نین دان بەو حەقیقەتەدا بنێن. بۆ نموونە، عەبدولحسەینی زەڕینکووب، مێژوونووسی ناوداری ئێرانی، سەبارەت بە ئاماژەی سەرچاوە مێژووییەکان بە کوردانی فارس و ئەهواز دەڵێت: "ئەو ئاماژانە بە مانای هەبوونی ڕەگەزی کورد لەو ناوچانە نییە، بەڵکوو ئاماژەیەکە بۆ شێوازی ژیان و گوزەرانی بەشێک لە خەڵکی ئێران کە سەرقاڵی کاری ئاژەڵداری و بە واتایەک کوێستان و گەرمیانکردن و بەگشتی مەبەست کەسانێکن کە کۆچبەرن و خەریکی حەیواندارین!"
یاسەمی لە کتێبەکەیدا ناوچەکانی فارس و ئەهواز وەک زێد و نیشتمانی ئەسڵیی کورد ناودەبات و لەمبارەوە دەنووسێت: "کاتێک کە عەرەب هێرشی کردە سەر ناوچەی فارس، کە نە تەنیا لە ناوچە گرنگەکانی کوردە بەڵکوو مەکۆی ئەم تایفەیە، کوردەکان هاوشانی برا ئێرانییەکانیان چالاکی و دڵسۆزیی زۆریان نواند و لەپێناو پارێزگاری و پاراستنی شارەکانی فەسا و دارابگرد قوربانی زۆریان دا" (هەمان، 176). ئەم هەڵوێستەی یاسەمی بەپێچەوانەی هەڵوێستی هەموو مێژووناسە ئێرانییەکانە و بەم شێوازە نیشان دەدات جیاوازی هەیە لەنێوان یاسەمی و کەسانی وەک مەحموودی ئەفشار. یاسەمی لە جێگایەکی دیکەی کتێبەکەیدا باس لە کوردبوونی ساسانییەکان دەکات و لەپێناو ئەم باسەدا هەموو هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ سەلماندنی کوردبوونی ساسانییەکان (هەمان، 165-172). ئەم هەوڵانەی یاسەمی، واتە بە کوردکردنی ساسانییەکان و هەروەها سەلماندنی ئەم ڕاستییە مێژووییە کە لە ڕابردوودا کورد نیشتەجێی پارێزگای فارس و ئەهواز بووە، نیشان دەدات یاسەمی بەتەواوەتی لەژێر گوتاری زاڵی سەردەمی پەهلەوی نەبووە و زۆرجار وەک مێژوونووس و کەسایەتییەکی سەربەخۆ هەڵوێستی نوواندووە.
ئەنجام
دوایین قسە لەسەر یاسەمی ڕەنگە زۆر ئەستەم و دژوار بێت. هەروەها کە پێشتر ئاماژە کرا، یاسەمی یەکێک لە بیرمەندان و مێژوونووسانی سەردەمی ڕەزاشای پەهلەوییە، کە ئەگەرچی بە ڕەگەز کورد بووە، بەڵام کوردبوونی لە خزمەت گوتاری زاڵی ئەو سەردەمەی دەسەڵات بوو، کە ئەم گوتارە لەبنەڕەتدا لە خزمەت نەتەوەی فارسدا بوو.
یاسەمی، وێڕای سەلماندنی ڕەسەنایەتی و پێشینەی مێژوویی کورد، گوتاری دەسەڵات لەبەرچاو دەگرێت و کورد لە چوارچێوەی گوتاری ئێرانیبووندا دەبینێت و بڕوای بە کورد وەک نەتەوەیەکی جیاواز لە فارس و ئێران نییە. یاسەمی کورد و ئێران پێکەوە دەبینێت و پێکەوە گرێیان دەدات و پێی وایە کورد بەبێ بوونی ئێران بێمانایە.
لەهەمان کاتدا کە ناتوانین وەک کوردێکی ناسیۆنالیست چاوی لێ بکەین، ناشکرێت بەتەواوەتی وەک مەحموودی ئەفشار و هاوبیروڕا فارسە نەتەوەپەرست و ڕەگەزپەرستەکان چاوی لێ بکەین. بە پێچەوانەوە، دەکرێت بڵێین لە ئاست هاوبیروڕاکانی نێو چوارچێوەی گوتاری زاڵ، خاوەنی بیروڕا و تایبەتمەندیی خۆی بوو. ئەگەرچی پێی سپێردرابوو کتێبێک لەسەر کورد بنووسێت، بەڵام وەک خۆی دەڵێت هۆکاری سەرەکی لە نووسینی کتێبەکەی، ڕوونکردنەوە بوو بۆ بڕێ لایەن کە سەبارەت بە کورد ڕوانگەی نەرێییان (سلبەییان) هەبووە و تەنانەت لە هەوڵی دژایەتیکردنی کورددا بوون. یاسەمی لە کتێبەکەیدا بەتوندی پێداگری لەسەر کورد دەکات و هەوڵ دەدات هەموو بوختان و تۆمەتێک کە خراوەتە پاڵ کورد، بسڕێتەوە. هەربۆیە، هەوڵی داوە تۆمەتی دزی و تاڵانکەری و هەروەها شۆڕش و ئاژاوە لە کورد بسڕێتەوە و بیسەلمێنێت کە بارودۆخی نائاسایی هۆکاری ئەو کردەوانەی کوردان بووە.
یاسەمی بەپێداگری لەسەر جێگە و پێگەی پتەو و قورس و قایمی کورد لە مێژووی ئێران، باس لە هەبوونی ڕەگەز و گەلی کورد لە باشووری ئێران لە سەردەمی هێرشی عەرەب دەکات و تەنانەت پارس (واتە پارێزگای فارسی ئەمڕۆی ئێران) بە مەکۆی کورد پێناسە دەکات. گرنگیی ئەم کارەی یاسەمی لەوەدایە کە هیچ کام لە ناسیۆنالیستە ڕەگەزپەرستەکانی ئێران تا بە ئەمڕۆ ئەو ئیدعایەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە و بێ وچان ئاماژەی سەرچاوە مێژووییەکان بە هەبوونی کورد لە پارس و ئەهواز نەک بۆ ڕەگەز و نەتەوەی کورد، بەڵکوو هەروەها کە وترا، بۆ شێوازێک لە ژیانی کۆچبەری و ئاژەڵداری دەگەڕێننەوە.
بەگشتی، دەتوانین بڵێین بەپێچەوانەی گەلانی نافارس کە لە سەردەمی ڕەزاشا کرانە ئامانجی گەمە و گاڵتە و سووکایەتی و ئەم دۆخە تا ئەمڕۆ بەردەوامە، کورد تا بە ئەمڕۆ نەتەنیا سووکایەتیی پێ نەکراوە، بەڵکوو تەنانەت لەلایەن دەسەڵاتیشەوە هەمیشە وەک قەومێکی ڕەسەن و جارجاریش وەک ڕەسەنترین قەومی ئێرانی پێناسە کراوە. ڕەنگە بتوانین بڵێین کورد تاڕادەیەک ئەم جێگە و پێگە پڕ لە شانازییەی قەرزداری هەڵوێستە توندەکانی یاسەمییە، کە لەو سەردەمەدا جێگە و پێگەی کوردی لە مێژووی ئێران بە شێوازێکی پڕ لە شانازی و سەربەرزی پێناسە و داکۆکیی لێ کردووە.
سەرچاوەکان:
مقالات مجله:
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved