خەسرەو میراودەلی
(نووسەر و توێژەر)
[بەشی یەکەم]
دەستپێک
لەو ڕوانگەیەوە کە مرۆڤ بە سروشت بوونەوەرێکی خاوەن عەقڵ و ئیرادەیە، توانایی ئەنجامدانی چاکە و خراپەشی هەیە، ئازادی و ئیختیاری لەدەستدایە؛ واتە مرۆڤ هەم دەتوانێت لێبوردە بێت، هەمیش دەتوانێت توندوتیژ بێت. بەڵام لەو سۆنگەیەوە کە لەم نێوەندەدا گەیشتن بە لێبوردەیی کارێکی سەختە، بەو پێیەی کە پەروەردە و هۆشیاریی پێویستە، هەروەها چاکەکاری و چاکسازی لەخۆبوردن و قوربانیدان و باجدانی دەوێت، هەمیشە کارێکی ئاسان نەبووە و لە توانایی هەموو کەسێکدا نەبووە. لێرەوە لەبەرانبەر هەوڵی چاکەکاریدا بەردەوام خراپەکاری، یان توندوتیژی، زاڵ و باو بووە لەنێو مرۆڤەکان و کۆمەڵگەکاندا بەدرێژایی مێژوو.
هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە سەرێکەوە خراپەکاری ئاسانترە لە چاکەکاری، لە سەرێکی دیکەشەوە کە مرۆڤ بە سروشت و لە خودی خۆیدا بوونەوەرێکی خراپەکارە، خۆپەرست و دەسەڵاتگەرا و تەماعکارە؛ هەربۆیە خۆپەروەردەکردن و بنیادنان کارێکی قورس و سەختە، بەرنامە و پلان و کۆششی زۆری دەوێت. بەڵام لەبەرانبەردا ڕووخاندن و لەناوبردن و کاولکاری کارێکی ئاسانە. لێرەشدا شاعیر دەڵێت:
"ولو الف بان خلفهم هادم كفى فكيف ببان خلفە الف هادم؟!"
واتە ئەگەر هەزار وەستا (بیناساز) یەک ڕووخێنەریان لە پشتەوە بێت بەسە، ئەی ئەگەر وەستاکە یەکێک و ڕووخێنەرەکە هەزار بن! دەبێت چۆن بێت؟! زۆر بەداخەوە وەک دەبینین لە دنیای ئێمەدا هەمیشە وەستاکان (مامۆستا و پەروەردەکارە ڕاستەقینەکان) زۆر کەم بوون و لەبەرانبەردا وێرانکەر و تێکدەرەکان زۆرینە بوون. لەوەش گەڕێ کە لای ئێمە بەتەنیا باڵەخانەکان ناڕووخێندرێن، بەڵکوو وەستاکانیش سووکایەتییان پێ دەکرێت و حەسوودییان پێ دەبرێت و دژایەتییان دەکرێت، بێ گومان ئەگەر تیرۆریش نەکرێن و هەوڵی سڕینەوەی تەواوەتییان لە نەخشەی ژیانیاندا نەدرێت!
هەڵبەتە مرۆڤ بە درێژایی مێژووی ئامادەبوونی لەم سەر زەوییەدا، هەوڵی بەردەوام و بێوچانی داوە لەپێناو دۆزینەوەی هۆکارێک بۆ بەختەوەرکردن و ئاسوودەکردنی خۆی، هەروەها بۆ دوورخستنەوەی سەرجەم ئەو شتانەی دەبنە هۆی زیانگەیاندن پێی و کێشە دروستکردن بۆی. لە سەرەتاوە ئەفسانە و ئایینی بۆ ئەم مەبەستە داهێناوە، پاشان فەلسەفە و زانست و هونەر و ئەدەب. سەیر لەوەدایە هیچ یەکێک لەم بوارانە نەیانتوانیوە وەک پێویست بەختەوەری بکەن و لە کێشە و قەیرانەکانی دووری بخەنەوە و ڕزگاری بکەن! هەر بۆیە تا هەنووکەش، کە ئێمە لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا دەژین، دوای ئەو هەموو هەوڵە زۆر و بەردەوامانەی باسكران، ڕەنگە زیادەڕەوی نەبێت ئەگەر بڵێین قەیرانەکانی لە هی جارانی زیاتر و قورس و سەختترن! دیارە ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو کایانەی باسکراون ڕۆڵیان لە بەختەوەرکردنی مرۆڤ و ڕزگارکردنی لە قەیرانەکان نەبوو بێت، بەڵکوو ئەوە دەگەیەنێت کە مرۆڤ چەند بوونەوەرێکی کێشەسازە و لە دروستکردنی قەیران و بەڵا و کارەساتی گەورە ناوەستێت، مرۆڤ بوونەوەرێکە نە توانایی خۆدەربازکردن لە توندوتیژیی هەیە و نە دەشتوانێت بەوە ڕازی بێت کە هەیەتی!
وەک ئاماژەمان پێکرد، مرۆڤ بۆ بەختەوەرکردنی خۆی و خۆڕزگارکردن لە قەیرانی جۆر بە جۆر، لە سەرەتای ئامادەبوونیدا لەسەر زەوی، پەنای بۆ ئەفسانە و ئایین بردووە، ئەفسانە و ئایینیش لەسەر موقەدەس بەندن، کەواتە هەوڵی داوە لەڕێگەی موقەدەسەوە بگات بەوەی دەیەوێت و لەوەش قوتار بێت کە نایەوێت، بێئاگا لەوەی کە موقەدەس، ئەگەر بە دیوێکدا ئەرێییش (ئیجابی) بووبێت، بەڵام بە دیوەکەی دیکەیاندا قەیرانی قورس و چاوەڕواننەکراوی بۆ دروست کردووە! لەمەش سەیرتر ئەوەیە، ئێمەی مرۆڤی دنیای ئیسلامی، ڕەنگە لە هەرێمی کوردستانی لەمەڕ خۆشماندا بەتایبەت، لە گەڕانەوەیەکی سەیرداین بۆ لایەنە نەرێیی (سلبی) و کارەساتئامێزەکانی موقەدەس! دیارە ئەم دۆخە بەر لە هەر شتێک بەڵگە و نیشانەی نەگەیشتنی ئێمەیە بە قۆناغی فەلسەفە و قۆناغی زانست کە وەک دوو قۆناغی گرنگ لەدوای قۆناغی ئەفسانەوە دێن. مەبەست ئەوەیە ئێمە لە کۆتایی چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەکدا، ئەفسانە و ئایین بە تاکە چارەسەر دەزانین بۆ کۆی کێشەکانمان، بە کێشەی توندوتیژیشەوە! بۆ چارەسەری کێشەکانمان و تێگەیشتن لە دنیا و دیاردە و قەیرانەکانی، لە جەوهەری مرۆڤ و کارەساتەکانی، هیچ ئاوڕێک لە زانست و فەلسەفە نادەینەوە. سیستەمی خوێندن و زانکۆکانیشمان تەنیا بۆ دەرچوواندن و بەرهەمهێنانی کارمەند دەوێت! بۆ دروستکردنی کارمەندانێک کە بەڵکوو لەدوای تەواوکردنی زانکۆ دابمەزرێن و مووچەیەکەیان دەست بکەوێت، یان لانی کەم لە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتدا – بەهۆی بڕوانامەکەیانەوە – کارێکیان پێ بدرێت! ئیتر ئەو کارە فرۆشتنی کاڵا و کەلوپەل بێت لە کۆگایەکدا، یان کاشێریی بێت لە فرۆشگای یەکێک لە مۆڵەکاندا! لە سۆنگەی ئەوەوە کە باس کرا، بوارێکی زۆر نەرێیی بۆ جۆرە ئاییندارییەکی ناتەندروست هاتۆتە ئاراوە، بە چەشنێک کە مرۆڤ لە دەرەوەی تێڕوانینە باو و تەسک و تەقلیدی و نازانستییەکەی ئایین، ناتوانێت دەم بکاتەوە و یەک قسە لە زاری بێتە دەر، ئەگەرنا موقەدەسپارێزان قودسییەتی مرۆڤبوونی پێشێل دەکەن، چۆنیان بوێت سووکایەتیی پێدەکەن و جنێوبارانی دەکەن، دیارە ئەگەر ڕووبەڕووی مەترسیی تیرۆرکردن، یان تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی لەلایەن دادگاوە نەبێتەوە!
بەگوێرەی تێڕوانینی باو، پیرۆزی ئاماژەیە بۆ بابەتێک کە خاوەنی پاکی و بێگەردی و خێر و چاکەیە، هێمایە بۆ نموونە، یان سەرچاوەیە بۆ بەختەوەری و ئاسوودەیی و ئاسایش و ئاشتی و ئارامی. واتا کاتێک دەڵێن: فڵانە کارەکتەر، یان بابەت پیرۆزە، واتە تەواو دوورە لە شەڕ و خراپە و زیان و کێشەوە. لەو ڕوانگەیەوە کە بەڕواڵەت، یان لەڕووی مانای فەرهەنگیی وشەکەوە، پیرۆزی لە خودی خۆیدا دژ و پێچەوانەی خراپە و کێشە و قەیرانە. لەم تێگەیشتنە گشتییە باوە زمانەوانییەوە قسەکردن لەبارەی توندوتیژییەوە شانبەشانی باس و خواسی پیرۆزی کارێکی نەکردە و هەڵوێستێکی مەحاڵە، کەواتە لێرەدا پێکەوە گرێدانی پیرۆزی بە توندوتیژییەوە، یان قسەکردن لە بوونی پەیوەندی لەنێوانیاندا، نەخوازەڵا کە پیرۆزی ببێتە هۆکاری توندوتیژی، هەوڵدانە بۆ بەستنەوەی دوو پۆلی پێچەوانە بەیەکترییەوە، تێکەڵاوکردن و گونجاندنی دوو بابەتی تەواو جیاواز، بەڵکوو دژ و ناکۆک و ناتەباشن بەیەکەوە.
هەڵبەتە ئەگەر لە سەرەتاوە و بەبێ تێڕامان و بەدواداچوون لە مەسەلەکە بڕوانین، نابێت پیرۆزی هەڵگری تۆوی توندوتیژی بێت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، پێویستە ڕەوێنەری توندوتیژی بێت و ڕزگارکەری مرۆڤەکان بێت لە خراپە و کێشە و زیانگەیاندن. لەم نێوەندە، لە باشترین حاڵەتدا ڕەنگە بگوترێت هەر کاتێک موقەدەس (پیرۆزی) توندوتیژی بەرهەم هێنا، ئەوا کێشەکە لە چۆنیەتیی تێگەیشتن و بەکارهێنان و مامەڵەکردن لەگەڵ چەمکەکەدایە، واتە چەمکی موقەدەس، واتە قەیرانەکە لە خاوەنەکەی و بەکارهێنەرەکەیدایە، ئەگەرنا مومکین نییە و هەرگیز نابێت موقەدەس توندوتیژیی لێ بکەوێتەوە.
ئەم بۆچوونەش لەوەوە هاتووە کە بابەتە پیرۆزەکان، لە نموونەی بابەتی خودا و سیفەتەکانی، پێغەمبەر و فەرموودەکانی، پیاوچاکان و وتە و هەڵوێستەکانیان، زانایان و هەوڵ و کۆشش و ئیجتیهادەکانیان، کتێبە پیرۆزەکان و بڕیارەکانیان...هتد، لەبنەڕەتدا بۆ بەختەوەری و شادمانی مرۆڤەکان و دوورخستنەوەیان لە کێشە و قەیران و شەڕ و خراپەکاری هاتوونەتە ئاراوە و، ئامانجی سەرەکی و بنەڕەتییان، بەڵکوو تاکە ئامانجی ڕاستەقینەیان ڕزگارکردنی مرۆڤەکانە لە خراپەکاری و توندوتیژی و قەیران و ئاژاوە.
بەڵێ، ئەم قسەیە ڕاستە و لە جێی خۆیدایە؛ ئایینەکان بۆ خزمەتی مرۆڤەکان و چارەسەری کێشەکانیان هاتوون. ئەم دیدە وەک ڕوانینێک بۆ ئامانجی سەرەتای هاتنی ئایینەکان و بنەما و نیازە سەرەکییەکانیانەوە دروست دەردەچێت، بەڵام کێشەکە، یان با بڵێین لادانەکە دواتر دەست پێ دەکات، کاتێک ئەم بڕیارە ئایینییانە دێنە ناو واقیعی جیاوازەوە؛ ناو کات و شوێن و سەردەم و بارودۆخی جیاواز. مرۆڤگەلێکی جیاواز دەبنە خاوەنیان، یان شوێنکەوتوویان، بەوەشدا کە واقیعەکان و مرۆڤەکان و هەلومەرجەکان جیاوازن، لێرەوە لێکەوتەی جیاوازیان دەبێت. واتە پەیڕەوکردنی ئەم ئەرك و فەرمانە ئایینییانە و، تەنانەت ڕادە و چۆنێتیی باوەڕبوونیش پێیان، شێوە و ئاستی جیاواز وەردەگرێت، بەرژەوەندیی جیاواز و خۆپەرستی و حەسوودی و تەماعکاری و گەیشتن بە خەون و خولیای گەورە لە ڕێگەی ئەم ئایینانەوە، دێتە ئاراوە. خۆ دیارە ئایینەکانیش بۆ خۆیان نکووڵی لە گەیشتن بەم سەرئەنجامە نادروست و نەرێییانە ناکەن، بەڵکوو بەپێچەوانەوە بەردەوام شوێنکەوتووانی خۆیان هان دەدەن کە دنیا و خۆشییەکانی و تەماع و ئارەزووپەرستی و خۆپەرستی و ماڵ و سەروەت، سەریان لێ تێک نەدەن و، لە ڕێگە ڕاستەکە لایان نەدەن.
ئەوەی لێرەدا مایەی سەرنجە ئەوەیە کە ئەو ئایینانە بە پلەی یەکەم ڕووی ڕێنمایی و ئامۆژگارییەکانیان لە شوێنکەوتووانی خۆیانە، نەک کەسانی لادەر و بێباوەڕ و ئەو مرۆڤانەی دەکەونە دەرەوەی بازنەی ئیمان و ئایینەکانیانەوە. واتە لادان لەو باوەڕ و ڕێنماییانە هەمیشە ئەگەرێکی ئامادە و ڕووداوێکی مومکین و شیاوە. خاڵێکی دیکەی جێی سەرنج لێرەدا ئەوەیە کە هەمیشە دەگوترێت ئەوانەی توندوتیژی ئەنجام دەدەن، یان تیرۆریستن، لەسەر ئایینەکە حیساب نین، بە شوێنکەوتوو و هەواداری ئایین هەژمار ناکرێن، چونکە لایان داوە و (لەبنەڕەتدا!) پەیوەندییان بە ئایینەکەوە نەماوە! دەستی دەرەکی دەیانجووڵێنێت، یان سیاسەتی ئەملاولا بەکاریان دەهێنن و، بۆ بەرژەوەندیی فڵان وڵات یان فڵان ئایین، یاخود فڵانە ڕێکخراو و کۆمەڵە کار دەکەن.
بێ گومان ئەمانیش مرۆڤن و دەشێت بکەونە ژێر هەر جۆرە کاریگەرییەکی نەرێیی و خراپ و شەڕانگێز و ماڵوێرانکەرەوە، بەڵام خۆ بەم هەڵوێستانەیان لە ئایین دەرناچن، ئەمە لە سەرێکەوە. لە سەرێکی دیکەشەوە، ئەوان ئەم هەڵوێستانەیان بە دەق و بڕیاری ئایینی پاساو دەدەن، پشت بە ئایین و دەقەکانی دەبەستن، کەواتە لە ئایینەکە بەتەواوی دەرنەچوون و بێباوەڕ نەبوون. کەواتە، ئەوەی لێرەدا و وەک دەرئەنجام دەبێت بگوترێت، ئەوەیە کە هەرچۆنێک بێت، ئایین لە خودی خۆیدا ئەگەری ئاڕاستەوەرگرتن بەرەو توندوتیژیی تێدایە. بەڵام لەپاڵ ئەوەدا کە لەم دەستپێکەدا ئاماژەی پێکرا، پێویستە ئەوە ڕوون بکەینەوە و بیسەلمێنین کە ئەم ئەگەرانەی توندوتیژی، کە لەناو ئاییندا ئامادەن، لە چییەوە سەرچاوەیان گرتووە، کە ئەمەش لێرەدا کڕۆکی لێکۆڵینەوەکەمان پێکدەهێنێت. ئەو ئەگەرانە کاتییش نین، بەڵکوو هەمیشە لە ئایینەکاندا هەبوون و هەر دەشمێننەوە، بەڵام بێ گومان دەکرێت خۆمانیان لێ بە دوور بگرین، یان جۆرێک لە چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، یاخود لانی کەم لە زیانەکانیان کەم بکەینەوە، کە ئەم لێکۆڵینەوەیە لە هەناوی خۆیدا هەڵگری جۆرێک لە چارەسەریشە لەم ڕووەوە.
ئێمە ئەمڕۆ، لە جیهانی ئیسلامیدا بەگشتی، لە هەرێمی کوردستانی خۆشماندا بەتایبەتی، لەڕێگەی پەنابردن بۆ نوێترین بەرهەمی زانستی و پێشکەوتووترین داهێنانی تەکنەلۆژیی سەردەم، کە مۆبایلی زیرەکە، لە میانەی پشتبەستن بە سایتە کۆمەڵایەتییەکان، دزێوترین دیاردە و نامرۆڤانەترین و نائەخلاقییانەترین کردەوە، کە یەکێکە لە جۆرە ڕەمزی و مەعنەوییە دیارەکانی توندوتیژی، هاتۆتە ئاراوە، کە بریتییە لە جوێنفرۆشی!
جوێندانی زۆر و بەردەوام بە ناوی پارێزگاریکردن لە موقەدەس و (پاراستنی ئەخلاقی ئایینی و کوردەواری!؟) بووە بە دیارترین بابەت و بەرچاوترین و بەربڵاوترین چەک کە ئایینداران پەنای بۆ دەبەن!
خوا نەیکا کەسێک وشەیەک، یان ڕستەیەک لە دەمی بێتە دەر، کە نەک لەگەڵ ئایین و دەق و بڕیارەکانی ناکۆک بێت، بەڵکوو تەنیا لەگەڵ بۆچوونی باو و تێگەیشتنی زاڵی ئەواندا سەبارەت بە ئایین نەگونجێت، کارێکی پێدەکەن با بە دەواری شڕی نەکردبێت.
واتە لێرەدا تاکە جۆری مشتومڕ و ئارگومێنت، کەناڵی تاقانەی گفتوگۆی زانستی و فیکری و (ئایینی و ئەخلاقی!!)، تەنیا جنێو و نەفرەتکردن و سووکایەتی پێکردنە! پارادۆکسەکە لێرەدا ئەوەیە، لەبری ئەوەی ئینتەرنێت یان مۆبایل، ببێت بە سەرچاوەی زانیاریی بەسوود و ڕاستەقینە، بووە بە کەناڵی جنێوی بە لێشاو، چاوگێک بۆ هەر کەسێک بتوانێت چەند ڕستەیەکی کوردیی پڕ هەڵە و پەڵە بزانێت بنووسێت و، بە ناوی بۆچوونی شەخسی و کۆمێنتی تایبەتییەوە بیخاتە ڕوو! خوا نەیبڕێت لەم هەرێمە (جنێو فرۆشە)دا، هەمووان خاوەنی بڕیار و بۆچوونی جیاوازی خۆیانن، هیچ هاووڵاتییەک ناتوانێت نووسەر و ڕەخنەگر و (ئایینناس!) نەبێت! لەم ڕووەوە مۆبایلی زیرەک و ئینتەرنێت خزمەتێکی باشمان دەکەن!!
ئەم وەهمی خۆ بە نووسەر، یان لانی کەم خۆ بە ڕۆژنامەنووسزانە لەلایەن هەموو هاوڵاتییەکەوە، لەکاتێکدا کە نەک ئەم هاوڵاتییانە نەبوون بە نووسەر و ڕەخنەگر، بەڵکوو سۆشیال میدیا کارێکی کردووە نوخبەش بێتە ڕیزی عەوامەوە! لەکاتێکدا کە نوخبەی ئێمە، بە ئاییندار و بێئایینەوە (بە ئیسلامی و نائیسلامییەوە)، بە بۆچوونی خۆیان لە هەوڵی ڕۆشنبیرکردن و هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتییاندان، بێئاگایانە دەکەونە دوای مێگەلەکەوە، واتە لەجیاتی ئەوەی ئەمان هاووڵاتییان هۆشیار و پەروەردە بکەن، هاووڵاتییەکان کردوویانن بە دەسکەلا و شوێنکەوتەی خۆیان. لەم فەزا فەوزاییەی ئێمەدا، نووسەر و هونەرمەند و ئەدیب، ئاکادیمیست و باسکار، ڕۆژنامەنووس و میدیاکار و ئاییندار و سیاسەتکار، هەمووان بەکۆ ڕوویان کردۆتە زانستێکی نوێ، یان کایەیەکی تازەی مەعریفە، کە بریتییە لە ((جوێنناسی))!
لێرەدایە کە پێویستی قسەکردن لەسەر پەیوەندیی موقەدەس بە توندوتیژییەوە، وەک زەروورەتێکی حەتمی دێتە پێشەوە. خۆ دیارە توندوتیژییەکە لێرەدا بەتایبەتی نییە بە ئایینداران و هەڵگرانی ئاڵای موقەدەس و پیرۆزپەروەرانەوە، بەڵکوو هەمووان کەم تا زۆر تێیدا بەشدارن، بەڵام کارەساتەکە ئەوەیە کە (موقەدەسکار!)ەکان لەم ڕووەوە پشکی شێریان بەردەکەوێت.
ئەمڕۆ بەهۆی داماڵینی ڕۆحانییەت لە ئایین و دوورکەوتنەوە لە ئەخلاق لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە مەجازییەکاندا – سۆشیال میدیا -، لەپاڵ شەپۆلێکی بەهێزی ڕووکەشکردنەوە و بەجەماوەرییکردنی هەموو کایەیەکی مەعریفی، کایەی ئایینداریش بە شێوەیەکی بەتایبەتی، ڕووبەڕووی جۆرێک لە توندوتیژی بووەتەوە کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبوونی بەردەوامدایە، لەژێر سایەی ئەخلاق و ئایین و مەعریفەی ساختەدا.
ئێمە ئەمڕۆ، لە جیهانی ئیسلامیدا بەگشتی، لە هەرێمی کوردستانی خۆشماندا بەتایبەتی، لە ڕێگەی پەنابردن بۆ نوێترین بەرهەمی زانستی و پێشکەوتووترین داهێنانی تەکنەلۆژیی سەردەم، کە مۆبایلی زیرەکە، لە میانەی پشتبەستن بە سایتە کۆمەڵایەتییەکان، دزێوترین دیاردە و نامرۆڤانەترین و نا ئەخلاقییانەترین کردەوە، کە یەکێکە لە جۆرە ڕەمزی و مەعنەوییە دیارەکانی توندوتیژی، هاتۆتە ئاراوە، کە بریتییە لە جوێنفرۆشی! جوێندانی زۆر و بەردەوام بە ناوی پارێزگاریکردن لە موقەدەس و (پاراستنی ئەخلاقیی ئایینی و کوردەواری!؟) بووە بە دیارترین بابەت و بەرچاوترین و بەربڵاوترین چەک کە ئایینداران پەنای بۆ دەبەن! خوا نەیکا کەسێک وشەیەک، یان ڕستەیەک لە دەمی بێتە دەر، کە نەک لەگەڵ ئایین و دەق و بڕیارەکانی ناکۆک بێت، بەڵکوو تەنیا لەگەڵ بۆچوونی باو و تێگەیشتنی زاڵی ئەواندا سەبارەت بە ئایین نەگونجێت، کارێکی پێدەکەن با بە دەواری شڕی نەکردبێت. واتە لێرەدا تاکە جۆری مشتومڕ و ئارگومێنت، کەناڵی تاقانەی گفتوگۆی زانستی و فیکری و (ئایینی و ئەخلاقی!!)، تەنیا جنێو و نەفرەتکردن و سووکایەتیپێکردنە! پارادۆکسەکە لێرەدا ئەوەیە، لە بری ئەوەی ئینتەرنێت یان مۆبایل، ببێت بە سەرچاوەی زانیاریی بەسوود و ڕاستەقینە، بووە بە کەناڵی جنێوی بە لێشاو، چاوگێک بۆ هەر کەسێک بتوانێت چەند ڕستەیەکی کوردیی پڕ هەڵە و پەڵە بزانێت بنووسێت و، بە ناوی بۆچوونی شەخسی و کۆمێنتی بەتایبەتییەوە بیخاتە ڕوو! خوا نەیبڕێت لەم هەرێمە (جنێو فرۆشە)دا، هەمووان خاوەنی بڕیار و بۆچوونی جیاوازی خۆیانن، هیچ هاووڵاتییەک ناتوانێت نووسەر و ڕەخنەگر و (ئایینناس!) نەبێت! لەم ڕووەوە مۆبایلی زیرەک و ئینتەرنێت خزمەتێکی باشمان دەکەن!!
ئێستا کە ئاییندارانی ماسمیدیا، خاوەنی زۆرترین جەماوەرن و لە لووتکەی حەماسەتی جوێنئامێزدا دەژین، لە دۆخێکدا کە هەمووان لەسەر ئایین شەڕ دەکەن و هیچیان هیچی لەبارەوە نازانن، لەپاڵ بوونی بۆشاییەکی گەورەی ڕۆشنبیری و زانستی و مەعریفییەوە، کە مەخابن هەموو شتێک بە فەرامۆشی سپێردراوە، گەڕانەوە بۆ کاری زانستی و فیکریی جیددی دەبێتە گەورەترین ئەركی سەرشانی هەموو مرۆڤێکی هۆشیار و بێدار.
بۆ کۆمەڵێکی وەک ئێمە، کە لە توندوتیژیی ڕەمزییدا نوقمین، لە نەفامیی مەعریفییشدا وێڵ و ونین، لەوەهمی ئەوەدا دەژین کە کۆمەڵێکی لێبووردە و نەرم و نیانین، بووین بە خاوەنی ڕاستەقینەی یەکتر قبووڵکردن و پێکەوە ژیان و تەبایی. کەواتە، با ئاوڕێک لە خۆمان و قەیرانەکانمان بدەینەوە، لەڕێگەی گەڕانەوە بۆ فەلسەفە و زانستە مرۆیییەکان، با لەوێوە کەمێک لە خۆمان تێبگەین، با لەوێوە ئایین و موقەدەس وەک خۆیان بناسین و ڕیشە ڕاستەقینە و ترسناکەکانی توندوتیژییش ببینین و بیخوێنینەوە.
سەیر لەوەدایە کە ئاسانترین جۆری توندوتیژی، ئەوەیە کە لەڕێگەی موقەدەسەوە ئەنجام دەدرێت، بەوەدا کە ئینتیمای ئایینی ئاسانترین و سادەترین جۆری ئینتیمایە، هەر بەهۆی ئەم ئاسانییەشەوە دەبێتە گشتگیرترین جۆری توندوتیژی، بەوەدا کە ئاسانییەکەی دەبێتە هۆی ئەوەی زۆرترین کەس لە دەوری کۆببنەوە و، بەبێ بوونی هیچ ئەرك و باجێکی ڕاستەقینە هەواداربوونی خۆیان بۆ ئایینداری ڕابگەیەنن، دیارە قسەکردن و بڕیاردانی ئێمە لەسەر زۆرینەیە، ئەگەرنا لە هەموو کات و شوێنێک و هەلومەرجێکدا، ئاییندارانێک وەک کەمینە هەر ئامادە دەبن کە جیددی و دڵسۆز بن و بە جۆرێک لە جۆرەکان ئامادەیی کۆشش و باجدانیان لە پێناوی خەڵک و خودا تێدا بێت.
هەربۆیە، گەرچی موقەدەسەکان جۆریان زۆرە، بەڵام موقەدەسی ئایینی لە هەموو جۆرەکانی دیکە پتر دەبێتە مایەی بەرهەمهێنانی توندوتیژی، لەو ڕوانگەیەوە کە هەتا چوونە ناو موقەدەس ئاسانتر بێت، بە ناموقەدەسدانانی ئەوانی دیکەش ئاسانتر دەبێت، گەیشتنی بەپەلە بە موقەدەس، خێرا بوونی تۆمەتبارکردنی ئەوانی دیکە بە نەبوونی ئینتیمایان بۆ موقەدەس زیاتر دەکات. نەبوونی ئینتیماش بۆ موقەدەس بەلای موقەدەسگەراکانەوە، ناپیرۆزی و بۆگەنی و خراپەکاری و گەندەڵی و، بەدڕەوشتی و نامرۆڤبوون و تەنانەت گەمژەییش، دەگەیەنێت، کە ئەمەش لە خودی خۆیدا گیرۆدەبوونە بە توندوتیژییەوە، لەو ڕوانگەیەوە کە سووکایەتیکردنە بە مرۆڤ و کارەکتەرەکەی، بە هەست و شوعور و ئینسانییەتەکەی!
بەشی یەكەم: چییەتیی موقەدەس و پایەكانی
باسی یەكەم: چییەتی موقەدەس (چەمك و پێناسە)
هەڵبەتە بەر لە هەر شتێک دەبێت ئەوە بڵێم کە هێنانی وشەکە یان زاراوەکە بە زمانی عەرەبی، نەک کوردی، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە لای ئێمەی کوردزمان، ئەم بابەتە زۆر لای لێ نەکراوەتەوە و وشەکە وەک زاراوەیەک لەناو زمانی کوردیدا و بە زمانی کوردیی خۆی، نەچەسپاوە. مەبەست ئەوەیە ئێمە لە ڕوانگەی بەکارنەهێنانی ئەم زاراوەیە، کە ((پیرۆزی))یە لە ڕووە زانستییەکەیەوە، یان ئەنترۆپۆلۆژییەکەیەوە، کە لە نووسینی کوردیدا جێی خۆی نەگرتووە و نەبووە بە باو، لەبەر ئەوە ئێمە ناچار بەوە دەبین کە بە عەرەبییەکە و وەک خۆی بەکاری بهێنین.
ڕیشە زمانییەكانی چەمكی "المقدس"
مەبەست لە ڕیشە زمانییەكانی، بەكارهێنانیەتی لە فەرهەنگەكانی زمانی عەرەبیدا، واتە واتا گشتییەكەی بەكارهێنانەكەی.
قدُس: طهُر و بارك (پاك و پیرۆز و بەرەكەتدار بوو)
قَدّس الله فلاناً: طّهره و بارك عليه. واتە كە دەگوترێت خوا فڵانە كەسی تەقدیس، یان موقەدەس كرد، واتە پاكی كردەوە و بەرەكەتی بەسەردا ڕشت.
وقدس الرجل الله (پیاوەكە خوای موقەدەس كرد): نزهه و وصفه بكونه قدوساً:
بە پاك ڕایگرت و وەسفی كرد بەوەی (قدوس: پیرۆز)ە.
وقدس لله: طهّر نفسه لە: خۆی بۆ خوا پاك كردەوە، دەگوترێت: ((نحن نسبح بحمدك و نقدس لك)): اي و نطهر انفسنا لك. كاتێك فریشتەكان گوتیان: (ئێمە تەسبیحاتی تۆ دەكەین و سوپاست دەكەین- واتە دەڵێین سبحان الله و بحمده- و تەقدیست دەكەین: واتە خۆمان بۆ تۆ پاك ڕادەگرین (دیارە پاك و خاوێنیی مەعنەویی مەبەستە).
روح القُدس: جبريل. القداسة: الطهارة. القدوس: لە ناوە جوانەكانی خوایە، واتە پاك و دوور لە هەموو كەموكوڕی و نەنگییەك.
(القدیس) كە مێینەكەی (قدیسه)یە (قەشە): مرۆڤێكی باش كە تەواوی چاكە و پەسەندكردنی لای خوا دەستكەوتووە// ئەو بڕوادارەی بە پاكی و باشێتی دەمرێت (نەصرانیانەیە، مەسیحیانە).
المقدس: المكان المقدس: شوێنی پیرۆز.
بيت المقدس: ماڵە پیرۆزەكە.
الارض المقدسه (خاكە پیرۆزەكە): فەلەستین.
ارض مقدسة (خاكێكی پیرۆز): مباركة.
لەپاڵ ئەوەدا كە لەم دوو فەرهەنگە ناوبراوەدا هاتووە سەبارەت بە مانا و بەكارهێنانەكانی وشەی (المقدس)، یان ئەو وشە و داتاشراوانەی لە ڕیشەی (مقدس)ەوە هاتوون، فەرهەنگێكی دیكەی زمانی عەرەبی، ئەمەشی بۆ زیاد دەكات:
مقدس: خاص بشعائر دينية، مخصص للعبادة: مكرّس بكلام التقديس:
((قربان مقدس)) مبارك او محترم، ما يبعث في النفس احتراماً و هيبة: (مكان مقدس), ((واجب مقدس))/ ((الكتاب المقدس)). لێرەدا بەوەدا كە فەرهەنگەكە هەوڵی هاوچەرخێتیی داوە، بەكارهێنانی نوێی هێناوەتە ناوەوە.
واتە: موقەدەس (پیرۆز): تایبەتە بە چەند سروتێكی ئایینییەوە، تەرخان بۆ پەرستن:
تەرخانكراو بە وشەی بەپیرۆزكردن: (قربان مقدس): قوربانییەكی پیرۆز/ موبارەك، یان بەڕێز، ئەوەی ڕێز و سام و هەیبەت لە دڵدا دروست دەكات:
((شوێنێكی موقەدەس)) ((واجبێكی موقەدەس)) ((كتێبی موقەدەس: پیرۆز)).
شایەنی باسە چەمكی (مقدس) و داتاشراوەكانی، لە بەكارهێنانی زمانی عەرەبیدا تازەن، بەو مانایەی لە زمانی عەرەبی كۆندا، گەرچی بوونی هەبووە، بەڵام سنووردار بووە، بە چەند مانایەكی دیاریكراوەوە، وەك (روح القدس، بیت المقدس، القدوس) لەبەرانبەردا وشەی (مبارك) زۆر بەكارهاتووە و باو بووە، لای ئێمەی كوردیش بە شتی پیرۆز ناگوترێت (مقدس) یان قودسیەتی هەیە، بەڵكوو (مبارك)، یان بەرەكەتدار، یان وشەی بەرەكەت (البركة) بەكار دەهێنرێت، هەروەها دەڵێن: فڵانە شتت لێ موبارەك بێت كە عەرەب (مبروك)ی بۆ بەكاردەهێنن.
(موقەدەس وەك چەمك)
المقدس Sacred)) – سێیكڕید- پیرۆز: ئاماژە بۆ هەموو ئەو شتانە دەكات كە لەڕووی ئایینییەوە وەك شتانێك دیاریكراون كە خاوەنی نرخێكی تایبەتن و، ناكرێت هیچ كەسێك لێیان دەربچێت، یاخود پێشێل بكرێن، هەروەك چەمكەكە ئاماژە بۆ ئەو بەها و نەریتانە، یان مومارەسانەش دەكات كە نابێت لێیان دەربچین بەهۆی ئەو نرخ و ڕێزەوە كە خاوەنیانن، مەرجیش نییە ئەم نرخاندنە هەر بە ئایینەوە گرێدرا بێت.
((موقەدەس، لەڕاستیدا، ئەو گوتەزایەیە كە ڕەفتاری ئایینیی لەسەر بونیاد دەنرێت، ئەوەیە كە تایبەتمەندیی نەوعیی خۆی پێدەدات و، هەستێكی تایبەت بە ڕێزگرتن بەسەر بڕواداردا دەسەپێنێت كە ئیمانەكەی لە ڕۆحی ڕەخنە دەپارێزێت، وەك چۆن لە مشتومڕی نەزۆكیش بەدووری دەگرێت، بەوەی دەیخاتە دەرەوەی بازنەی ئەقڵ و ئەودیوی ئەقڵ. بریتییە لەو بیرۆكە سەرچاوەییەی ئایین بەدەوریدا خول دەخوات، بەگوێرەی گوتەی هێنری هوبێر، ئەفسانە و بیروباوەڕەكان ناوەڕۆكەكەی لە ڕێگەی خۆیانەوە شی دەكەنەوە و سرووتەكانیش تایبەتمەندییەكانی بەكار دەهێنن و، كاهینەكانیش بەرجەستەی دەكەن و پەرستگە و شوێنە پیرۆزەكان و كۆشكە ئایینییەكان بەهێزی دەكەن و لە زەویدا ڕیشەكەی دادەكوتن، ئەخلاقە ئایینییەكانیش لەوەوە دروست دەبن، ئایین بریتییە لە بەڕێوەبردن و ڕێكخستنی موقەدەس.))
موقەدەس بە عیبریی (قدوش)ە، مانای ئەوەیە كە چەمكی (المقدس) یان (القدسي) بە عەرەبی دەیگەیەنێت، بەڵام لە هەمان كاتدا مانای ئەو شتەشە كە بۆ پەروەردگار تەرخان كراوە، یان تایبەت كراوە، لێرەدا بەكارهێنانەكەی نزیك بۆتەوە لە تەرخانكراو بۆ بابەتێك (كارێك): ((موقداش لو)) كە مانای ((تەرخانكراو بۆی)) دەگەیەنێت. ئەمەشە ڕیشەكە لە زمانە سامیەكاندا بۆ ئەوەی كە كردەی تەرخانكردن و (بنیادنان و دامەزراندن)بە عەرەبی لای مەسیحییەكان لە خۆرهەڵاتدا ((التقدیس: پیرۆزكردن) بێت. بەوەدا كە ڕیشەی مانای (التقدیس) بریتییە لە ((تەرخانكردن: تكریس))ی بابەتێك، یان تایبەتكردن و ئامادەكردنی بۆ پەروەردگار. ئەمە دەشچێتە ناو ((تەرخانكردن یان تەقدیسكردنی بەیتەوە بۆ پێشوازیكردنی جەژنە ئایینییەكان بۆ نموونە بەو پێیەی زەمەنگەلێكی موقەدەسن، هەروەها لە تەرخانكردنی گەنجێكی كوڕ، یان كچدا بۆ خزمەتكردنی خوا لە قوداسێكی كەنیسەییدا (كۆنوێژی گاورەكان).
لە بابەتە سەیرەكانی فیلۆلۆژیا ئەوەیە كە ئاشنای كردووین بەوەی وشەی ((قدیشتو))ی ئارامیی ئەو ژنەی دەگەیاند كە لە ڕووی جەستەییەوە هیچ نەنگییەكی تێدا نییە، ئەمە لەهەمان كاتدا نزیكیشە لە چەمكی حەڵاڵ ((كوشر)) لە ئایینی جولەكەدا، كاتێك بە شتەكان، یان جەستەكان دەگوترێت لە دەرەوەی بازنەی گوتاری ئایینییدا، بەو پێیەی سیفەتێكن بۆ ئەوەی ((كشراه))ن، واتە ((شایستەن))، یان ((گونجاون)). لەبنەڕەتیشدا ئەو شتەیە كە خراپبوون و گەندەڵبوونی تێدا نییە، هەروەها ئەمە بە (قوربانی)ش دەگوترێت، بەو مانایەی دەكرێت بكرێتە قوربانی بۆ پەروەردگار.
حەڵاڵ و حەرام دوو داتاشراون نزیكن لە موقەدەسەوە، لەگەڵ جیاوازی ئەوەی كە حەڵاڵ ئەوەیە كە موقەدەس حەرامی ناكات، حەڵاڵكراو و حەرامكراویش (المحلل و المحرم) لەسەر ئاستە دنیاییەكە بەندن، هەروەها لە كاتێكدا كە حەرام سەر بە موقەدەسە، تەواو وەك ئەوەی لە حاڵەتی (بيت الله الحرام) دا هەیە، چونكە ئەوەی بڕیاری حەڵاڵكراو (المحلل) دەدات بریتییە لە حەرامكراوەكە، بەو مانایەی لایەنی دیاریكەر لەم هاوكێشەیەدا حەرامكەرە (المحرم) نەك حەڵاڵكەر (المحلل).
چەمكی موقەدەس بە لاتینی مانای قەدەغە و دابڕاو لە شتەكان لەناو سیستەمێكی جیاواز و ناسروشتیدا دەگەیەنێت، موقەدەس هەمیشە بابەتی ڕێزە لەلایەن ئەوانەوە كە بڕوایان بەوەیە كە موقەدەسە، موقەدەس وەك دژی دنیایی Profane))، یان زەمەنیی دیاری دەكرێت، بەردەوام موقەدەس ئەوە دەگەیەنێت كە پێدراوی ڕاستەوخۆ تێدەپەڕێنێت بەرەو موفاریق و نازەمینی و ڕەها، لە فەرهەنگی لالاند Lalande))دا ئەمە دەخوێنینەوە: موقەدەس ((بە مانا گشتی و بەهێزەكەی ئەوەیە كە سەر بە سیستەمێكی دابڕاوە لە شتەكان، تایبەت و نەشیاو بۆ پێشێلكردن و، ئەوەی كە پێویستە ببێتە بابەتی ڕێزگرتنێكی ئایینییانە لەلایەن كۆمەڵێكی بڕوادارەوە)). هەروەها موقەدەس مانایەكی ئەخلاقیانەشی هەیە، لەو ڕوانگەیەوە كە كاتێك قسە لە ((خاسیەتی موقەدەسی كەسی مرۆیی)) دەكەین. بەمجۆرە مانایە موقەدەس پەیوەست دەبێت بە بەهای ڕەهای دیاریكەری واقیع (...) موقەدەس مانایەكی دیكەی هەیە كە لالاند باسی دەكات و ئەوەیە كە سەر بە بواری پەرستشەكانە:
((مۆسیقای موقەدەس))، ((كارەكتەرە موقەدەسەكان))، ((شوێنە موقەدەسەكان)).
ئەوەی فەرهەنگە جیاوازەكان تێیدا هاوبەشن، بە چاوپۆشیی لە هەمەڕەنگیی بابەت و بوارەكانی (زمانەوانیی، ئەنترۆپۆلۆژی، فەلسەفی...)، بریتییە لە دیاریكردنی مانا، یان ماناكانی موقەدەس لە ڕوانگەی زەمەنی، یان پیس- چەپەڵ و گڵاو – (المدنس) یاخود دنیاییبوونەوە (الدنيوي). دەستەواژەی Profane مانای ئەو بابەتەیە كە لەبەردەم پەرستگەدایە، واتە ئەوەی مۆركێكی ئایینییانەی نییە و نامۆیە بە بواری ئایینی، واتە ئەوەی ناچێتە بازنەی موقەدەسەوە، ئەگەر بابەتی دنیایی (دنیایبوون) مانای بابەتی سوك و ڕسوا و دنیایی بگەیەنێت، ئەوا موقەدەس بەڵگەیە لەسەر ئەو بابەتەی باڵاو كامڵ و موفاریقە، ئەم دیاریكردنەش ڕێگەی ئەوەمان پێدەدات كە بڵێین موقەدەس ماناكەی یان ماناكانی خۆی لەناو دوالیزمێكی میتافیزیكیدا وەردەگرێت كە لەسەر دابڕانی نێوان دوو جیهان، یان دوو جۆر لە بوون بەندە، كە یەكێكیان نیشانەكەی كەموكوڕی و كۆتاییهاتنە، دووەمیشیان نیشانەكەی كەماڵ و ناكۆتابوونە. موقەدەس بە ئایینەوە پەیوەست بووە، تەنانەت لایەنە ئایینییەكە خەریكە ببێتە ئەو لایەنە بنەڕەتییەی ئەو توێژەر و بیرمەندانە بایەخی پێدەدەن كە لە مەسەلەكە دواون. ئەوەی لەم پێناسە و ڕوونكردنەوانەدا دەردەكەوێت، وەك پوختە و پاڵێوراوی بابەتەكە، ئەوەیە كە موقەدەس بابەتێكە لە دەرەوەی ڕەخنە، لە دەرەوەی بابەتە دنیاییەكان، واتە سەر بە ئەو دیوی سروشتە، لە دەرەوەی ئەقڵە، مانای بابەتی قەدەغە دەگەیەنێت، كە نابێت بە مەبەستی دەستكاریكردن، یان لادان لێی نزیك بكەوینەوە، واتە پێشێلكردنی مەحاڵە، دنیا و دواڕۆژ و ماددە و دەرەوەی ماددە لە یەكتر دادەبڕێت: جیهانێك دروست دەكات جیاواز لەوەی ئێمە تێیدا دەژین لەڕووی تایبەتمەندی و پێكهاتە و یاسا و ڕێساكانیەوە.
نەبوونی ئاڕاستەی زانستی و فەلسەفەیی، لە لێکۆڵینەوە لە ئایین و ئایینداری لە دنیای ئێمەدا، وای کردووە قسەکردن لەسەر موقەدەس، تایبەت بێت بە کتێبە موقەدەسەکانەوە، یان بەو کەسانەوە کە بە زانایانی ئایینی (پارێزەرانی موقەدەسی ئایینی) ناوزەد دەکرێن. تا ئەم ساتەوەختەش، ئایین نەهاتۆتە ناو لێکۆڵینەوەی ڕاستەقینەی زانستی و فەلسەفییەوە و، غیابێکی بەرچاوی هەیە!
باسی دووەم:- پایەكانی موقەدەس
بەگوێرەی ئەوەی میتۆلۆژیست و ئەنترۆپۆلۆژیستەکان باسی دەکەن، ئایین لە دوو بەش پێکدێت، بەشێکی سەرەکی کە بریتییە لە باوەڕ و ئەفسانە و سرووت، لەگەڵ بەشێکی لاوەکی کە بریتییە لە ڕەوشت و شەریعەتەکان. هەڵبەتە ئایین بەر لە هەر شتێک بە باوەڕ دەست پێ دەکات. باوەڕهێنان بە شتانێک کە بنەمای سەرەکی و پایەی بنەڕەتیی ئایینەکە پێکدەهێنن، وەک ڕەگوڕیشە وان، لە نموونەی باوەڕهێنان بە خوا و زیندووبوونەوەی ڕۆژی دوایی و پێغەمبەران و کتێبەکانیان، لای ئایینە تەوحیدییەکانیش بەتایبەتی. لەو ڕوانگەیەوە کە ئەو باوەڕە دەبێتە پاڵنەر و هاندەری کردەوە و، هۆکاری ناچاریی پابەندبوون بە ئایینەکە و شوێنکەوتنی. باوەڕ لەسەر تەسلیمبوون بەندە، پێویستی بە بەڵگەی لۆژیکی و زانستیی ڕاستەقینە نییە. بەڵکوو لای خاوەنانی ئایینەکان، پێویستیی باوەڕهێنان و حەقیقەتی مەسەلەی ئیمان، لەوە ڕوونتر و بەڵگەنەویستترە کە بەدواداچوونی بوێت، چونکە مرۆڤ لەبنەڕەتدا بۆ ئەوە دروست بووە باوەڕ بهێنێت و پەرستش ئەنجام بدات.
مەبەستی سەرەکیی ئێمە لێرەدا ئەوەیە کە باوەڕ بنەما سەرەکییە ڕاستەقینەکەی موقەدەسە، گەورەترین و بەهێزترین پایەیەتی، لەو ڕووەوە کە موقەدەس بەو دەست پێ دەکات، موقەدەس لە باوەڕەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەگەر بهاتبا و باوەڕ وەک پێویستییەکی بنەڕەتی لای باوەڕداران بوونی نەبوایە، ئەوا نە سرووت و نە ئەفسانە و نە بابەتە موقەدەسەکانی دیکە بوونیان نەدەبوو، بەوەدا کە هەموویان لەسەر باوەڕ بەندن. باوەڕ شوێنکەوتووانی ناچار دەکات قەناعەت بە پێکهاتە و بنەماکانی دیکەی موقەدەسیش بهێنن.
ئەوە ڕاستە کە بە دیوێکدا بابەتەکانی موقەدەس لەسەر باوەڕ بەندن، بەڵام بە دیوەکەی دیکەشیدا، باوەڕیش لەسەر ئەو پایانەی دیکەی موقەدەس بەندە. واتە ئەگەر ئەفسانە و سرووت نەبوونایە و، خاوەنی ئەو جیهانە ڕەمزییە ترانسێندێنتالە نەبوونایە، ئەوا باوەڕ لەبنەڕەتدا بوونی نەدەبوو، بە مانایەکی دیکە، لەهەمان کاتدا ئەو پایانەش بوون بە هۆی ڕاگرتنی باوەڕ.
هەتا مرۆڤ نەگاتە ئەو بڕوا و قەناعەتەی کە پێویستە لە ڕاستێتیی ئایینەکەی دڵنیا ببێت، ناتوانێت باوەڕ بە ئەفسانەکانی ئەو ئایینە بکات، وەکچۆن ئامادەش نابێت سرووتەکانی پیادە بکات. هەرچەند ئەفسانەکانی ناو ئایینەکانیش لە خودی خۆیاندا پێکهێنەری باوەڕن و، پێویستیان بەوەیە باوەڕیان پێ بهێنرێت، بەڵام لە بڕواهێنان بەو ئەفسانانە، دەبێت مرۆڤ لە قووڵایی قەناعەت و لە ناخی دڵ و هەستی خۆیدا بگاتە ئەوەی تەسلیمبوون بە ئایینەکە زەروورەتێکی حەتمییە، دەبێت لە سەرەتادا بگاتە یەقین بەوەی پێویستییەکی سایکۆلۆژی و ڕۆحیم وا دەکات ببێتە کەسێکی ئاییندار، بەر لەوەی هێشتا بە ئەفسانەکانی ئاشنا بووبێت و چووبێتە فەزای سرووتەکانییەوە.
وەک لە پێناسەی موقەدەسدا ئاماژەمان پێدا، ئەو بابەتەیە دەچێتە دەرەوەی ڕەخنە و پرسیارەوە. واتە بابەتێکە لە دەرەوەی توانایی تێگەیشتن و پەیپێبردنی مەعریفییانەی ئێمە، بەوەی کە هەڵوێستی مرۆڤ لەبەرانبەریدا تەنها دەبێت بریتی بێت لە تەسلیمبوون؛ ملکەچی و فەرمانبەردارییەکی بێ چەند و چوون. لەو ڕوانگەیەوە کە ئەوەی موقەدەس لێیان دەدوێت، بابەتانێکن لە دەرەوەی واقیعی ئێمە و، لەودیوی دنیای بینراو و بەرجەستە و بەرهەستەکەی ئێمە.
ئایینەکان لەڕێگەی موقەدەسەوە دەرگاکانی خۆیان بە ڕووی نهێنیدا واڵا دەکەن. "نهێنی" ئەو بابەتەیە کە ئایین دەسەڵاتی خۆی لێوە ئاشکرا دەکات، وەک چۆن لەبەرانبەردا دەستەوەستانیی مرۆڤیش لە ئاستیدا دەسەلمێنێت. مادام مردن نهێنییە، کەواتە ئایین ڕاستە. هەتا شتانێک بمێنن کە مرۆڤ تێیان ناگات و پێیان ناگات، کەواتە دەبێت زاتێک هەبێت کە پێیان ئاشنایە و لێوەی سەرچاوە دەگرن، کە ئەویش خودایە، کە سەرچاوەی سەرەکیی موقەدەس و موقەدەسی موقەدەسەکانە؛ کانگای لەبننەهاتووی نهێنی و نادیار و موقەدەس. ئەمانە هەندێک لەو گریمانانەن کە لۆژیکی موقەدەسیان لەسەر بەندە؛ لۆژیکێک لە دەرەوە و سەرەوەی ئەو لۆژیکەی ئێمە پێی ئاشناین، واتە لۆژیکێک لەو دیوی لۆژیکی باو و زانراوی لای مرۆڤ.
نهێنیی ئەودیو ئەم بابەتانە لای مرۆڤی ئاییندار وەک نەزانراوی هەتاهەتایی و مەتەڵ ماونەتەوە، بەڵام مرۆڤی سەردەم لەڕێگەی زانستی ئەفسانەناسی (میتۆلۆژیا) و مرۆڤناسی (ئەنترۆپۆلۆژیا)وە توانیویەتی لە نهێنیی پشت ئەم نهێنییانە تێبگات و، دیوە مرۆیی و دنیاییەکەیان دەربخات و شرۆڤە بکات.
بەم پێیەش بێت، کەواتە ئەوەی لە خانەی موقەدەسدا پۆلێن دەکرێت، بە پلەی یەکەم سەر بە فەزای ئەفسانەیە. چیرۆکەکانی دروستکردنی مرۆڤ و پێکهاتە و بابەتەکانی ناو گەردوون و، چیرۆکی پێغەمبەران و پیاوچاکان و، باس و خواسە غەیبی و ئایینییە بنەڕەتی و سەرەکییەکان، لە بونیادە ڕیشەییەکانی ئەفسانەن. ئەفسانەکانیش مێژووی خۆیانیان هەیە و، خاوەنی کات و شوێن و هەلومەرجی دروستبوون و سەرهەڵدانی خۆیانن. هەروەها ئەگەر موقەدەس بە پلەی یەکەم لەسەر باوەڕ بەند بێت، ئەوا باوەڕیش بە پلەی یەکەم لەسەر ئەفسانە بەندە.
فیراس سەواح دەڵێت: ((ئەفسانە لە بیروباوەڕی ئایینییەوە دروست دەبێت و، وەك درێژكردنەوەیەكی سروشتی وایە بۆی، ئەفسانە كار لەسەر ڕوونكردنەوە و دەوڵەمەندبوونی دەكات، بەو لایەنە خەیاڵییەش پشتیوانیی دەكات كە دەیبەستێتەوە بە سۆز و ئینفیعالاتە مرۆییەكانەوە)). سەواح خۆی لە كتێبێكی دیكەیدا دەڵێت: ((بیروباوەڕ و سروت و ئەفسانە، ئا ئەمانەن بنەما پێكهێنەرەكانی ئایین، كە ناتوانین بە دیاردەی ئایینی لە دەركەوتنە كۆمەڵایەتییەكەیدا ئاشنابین، بەبێ ئەوەی پێكەوە و بەهاوكاریكردنی یەكتری پێیان ئاشنا بین)) هۆكاری ئەم بایەخەی ئەفسانەش لە ئاییندا لەو ڕوانگەیەوەیە كە ((ئەفسانە خاوەنی قودسییەت و دەسەڵاتێكی مەزنە بەسەر ئەقڵ و دەروونی خەڵكییەوە، ئەو دەسەڵاتەی ئەفسانە لە ڕابردوودا پێی بەهرەمەند بووە، جگە لە دەسەڵاتێكی زانستی هیچ دەسەڵاتێكی دیكە لەسەردەمی نوێدا شان نادات لە شانی (...) مرۆڤی كۆن باوەڕی بە هەموو ئەو جیهانانە هەبووە كە ئەفسانە بۆی گواستوونەتەوە، باوەڕنەبوونیش بەو ناوەڕۆكانە كوفر كردن بووە بە هەموو ئەو بەهایانەی تاك بە كۆمەڵەكەی و كولتوورەكەیەوە دەبەستێتەوە))ئەوەی لەم تەوەرە كورتەدا خستمانە ڕوو، ئاماژەیەكی خێرا بوو، بەڵام لە میانی توێژینەوەكەدا دەگەڕێینەوە سەری و ماهییەت و حەقیقەتی بابەتەكە ڕوونتر دەبێتەوە لەلامان.
3- ڕەمز (سیمبۆڵ)
"ئێمەی مرۆڤ لەبەرانبەر دوو جۆر لە بەکارهێنانی زمانداین: بەکارهێنانێکی ڕاستەقینە یان واقیعی، یان دەکرێت بڵێین بەکارهێنانێکی ڕوون و ڕاشکاو و ڕاستەوخۆ، کە ئەو وشەیەی بەکاریدەهێنین، کتومت ئەو مەبەستە دەگەیەنێت کە بە ڕوونی و ئاسانی زانراوە. ئەم جۆرە بەکارهێنانەی زمان لە زمانی قسەکردنی ئاسایی و ڕۆژانەدا (زمانی ئاخاوتن)دا بە زۆری دەردەکەوێت. واتە لە زمانی باوی ڕۆژانەدا (دال و مەدلول) بە زۆری هەریەکێکن. بەڵام لەبەرانبەردا زمانێکی دیکە، یان جۆرە بەکارهێنانێکی دیکەی زمانمان هەیە کە ڕاستەوخۆ و بەڕوونی و ئاشکرایی مەبەستەکە ناگەیەنێت، بەڵکوو پێویستی بە شارەزابوون و بەدواداچوون هەیە. تێگەیشتن لە جەوهەر و حەقیقەتی وشە و چەمک و مەبەستەکان، بەبێ مەعریفەی پێویست دەستەبەر نابێت، کە ئەم جۆرە بەکارهێنانەی زمان پێی دەگوترێت "بەکارهێنانی ڕەمزییانەی زمان." ڕەمزەکان چەند جۆرێکن، وەک ڕەمزی زانستی و فەلسەفی و ئەفسانەیی و ...تاد.
کەواتە ئەو بابەتانەی لە دەرەوەی بەکارهێنانی زمانی باو و ئاسایی و ڕۆژانەی مرۆڤدان، بابەتگەلێکن کە ماناكانیان کەوتووەتە پشت ئەو وشە و زاراوە و دەربڕینانەی بەکاریان دەهێنن. هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەو بابەتانە بە قووڵاییدا ڕۆچوون و، ڕووکەشی زمان و بابەتەکانیان تێپەڕاندووە، چونکە لە بابەتانێک دەدوێن کە بە دنیای ئێمە ئاشنا نین، نامۆ و نامەئلوفن. بەم پێیەش بێت، کەواتە بابەتی ڕوون زمانی ڕوونی بەسە، بەڵام بابەتی ناڕوون و قووڵ و پەنهان، پێویستی بە زمانێکە کە هاوشێوەی بابەتەکان ناڕوون و قووڵە و، پێویستی بە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ هەیە بۆ ناسین و ئاشنابوون پێی.
زمانی ڕەمزی (یان سیمبۆلیک یاخود هێمایی)، ئەو زمانەیە کە هێما بۆ بابەتێک دەکات لە دەرەوەی خودی بابەتەکە خۆی. واتە کاتێک وشەیەک بەکاردەهێنین، مەبەستمان بەکارهێنانی نییە بۆ مانا باو و زانراوەکەی خۆی. مەبەستمان ئەو مانایە نییە کە لە فەرهەنگی گشتیی زماندا بەکاردەهێنرێت، بەڵکوو مەبەستی دیکەمان لە پشت بەکارهێنانی ئەو وشەیەوە هەیە. بۆ نموونە، بەکارهێنانی (کوڕی ئاسمان) لای موسڵمانان بە کوفر دادەنرێت. خۆ دیارە ئاسمان بوونەوەرێکی زیندوو نییە تا کوڕی هەبێت، واتە بەکارهێنانە ڕووکەشەکە بێمانا و ناماقووڵە. بەڵام بەوەی کە (ئاسمان) ڕەمزە بۆ خوا (و بوونەوەرە غەیبی و ئایینییەکان)، کەواتە مانای (کوڕی خوا) دەگەیەنێت، کە ئەمەش لای موسڵمانان کوفرە، چونکە خودا کوڕی نییە و نایبێت."
لە پەیوەندیدا بە موقەدەس، ڕەمز دەبێتە بابەتێكی گرنگ، بەڵكوو بابەتێكی پێویست و ناچاری، لەو ڕوانگەیەوە كە ئەگەر موقەدەس بۆ خۆی لەسەر بابەتە پەنهان و ترانسێندێنتاڵ و دەرەدنیایی و دەرەمرۆییەكان بەند بێت، یان موقەدەس بە گوێرەی سروشتی خۆی، ئاماژە بۆ بابەتی نامۆ و نائاسایی بكات، كەواتە بە زەرورەت پێویستی بە زمانی نائاسایی و ناباویش دەبێت، كە ئەو زمانەش زمانی ڕەمزییە (زمانی هێمایی یان سیمبۆلیكە). گەرچی زمانی ئایین هاوشێوەی زمانی ئاسایی بەكارهێنراوە لەڕووی لەفزەوە، بەڵام لەڕووی دەلالەتەوە زمانی ئایینی زمانێكی نائاساییە، لۆژیكی تایبەتی خۆی و بونیادێكی پێكهاتەییانەی جیاوازی هەیە، كە لەسەر باڵابوونی مانا و ئەو تێڕوانینە بنیاد نراوە كە گوزارشت لە ویستی خوا دەكات، لەبەر ئەوە پێویستە سیستەمێكی گوزارشت لە وەرگرتن و گەیاندن و پەیوەندیدا دابهێنین، لەبەر ئەوە زمانی ڕەمزییانەی ئایین گونجاوە بۆ باڵابوونی دەق (ترانسێندێنتاڵبوونی دەق) خۆی و قودسییەتەكەی، گەرچی لەگەڵ زمانی ئاساییدا هاوبەشە لە وشەو دەربڕینەكانیدا لە ڕووی لەفز (واژە)وە بە تەنیا، بەڵام ماناكە جیاوازە، لەبەر ئەوە لێوانلێو دەبێت لە ڕەمز و ئەفسانە لەپاڵ ئەو مۆركی قودسییەتەش كە لەسەرەوە هاتۆتە ناوییەوە لەسەر بنەمای شكۆی بابەتی ئاماژە بۆ كراو))
هەروەها ((بەوەدا كە ڕەمزەكان پێكهێنەرێكی بنەڕەتین لە پێكهێنەرەكانی ئەفسانە لە چەمكە ئەنترۆپۆلۆژییەكەیدا، ئەوا پەیوەندیی نێوانیان زۆر پتەوە. ((یۆنگ)) ئاگاداری كردووین لەوەی مەعریفەی ئێمە لەمڕۆدا بە ڕەمزییەتی ئەفسانەكان تاڕادەیەكی زۆر مەعریفەی نەوەكانی پێشوو تێدەپەڕێنێت. چونكە لە سەردەمانی ڕابردوودا خەڵك بیریان لە ڕەمزەكانیان نەكردۆتەوە، بەڵكوو ملكەچانە ژیاون- بەبێ بوونی هۆشیاری لەلایەن ئەوانەوە- بە دەلالاتەكانی ئەو ڕەمزانە و كاركردیان لە ژیانیاندا))
لەو ڕوانگەیەوە كە تێگەیشتن لە ڕەمز كارێكی ئاسان نییە بەهۆی قووڵایی مانا و دەلالەتەكانیەوە، لەبەر ئەوە ڕەمز پێویستی بە تەئویلە، لێرەشەوەیە كە ئێمە بەبێ مامەڵەی هێرمنیۆتیكیانە لەگەڵ ئەفسانە و دەقە ئایینیەكاندا، واتە لەگەڵ دەقە موقەدەسەكاندا، ناتوانین بە مانا ڕاستەقینە و مەبەستە جەوهەرییەكانیان بگەین، هەر ئەوەشە وای كردووە كە خوێندنەوەی ڕووكەشانە بۆ دەقە ئایینییەكان (خوێندنەوەی حەرفی و زاهیری) هیچمان پێ نەڵێن و بێئاگایانە بەجێمان بهێڵن. هەربۆیە، یەكێك لە تایبەتمەندییانەی ڕەمز، قابیلیەتەكەیەتی بۆ تەئویلكردن ((بەو مانایەی ڕەمز هیچ مانایەكی نییە گەر بێتو ملكەچی پێڤاژۆیەکی (پڕۆسەیەكی) تەئویلییانە نەكرێت بەگوێرەی پێوەرگەلێكی ورد كە بەپێی جیاوازیی ڕوانگە فیكری و میتۆدییەكانی تەئویلكارەكان دەگۆڕێن)).
4- ڕەهاگەری و ترانسێندێنتاڵبوون:
یەکێکی دیکە لە سیماکانی موقەدەس، کە وەک پایەیەک و سیفەتێکی سەرەکییەتی، بریتییە لە (ڕەهاگەری)، واتە خاوەنانی موقەدەس یان ئایین و ئایدیا و ڕەوتە ئایدیۆلۆژییەکان بە گشتی، موقەدەسەکانی خۆیان بە تاکە موقەدەسی ڕاستەقینە دەزانن، بەو موقەدەسانەیان دادەنێن کە باڵاترن لە سەرجەم موقەدەسەکانی دیکە. سیفەتی ڕەهایەتی دەخەنەپاڵیان، واتە موقەدەسەکانی خۆیان بەبێ سنوور و بێهاوتا دەزانن. ئەوەی لێرەدا مایەی سەرنجە ئەوەیە، چۆن دەکرێت خاوەنانی موقەدەسی جیاواز، هەر یەکە و موقەدەسی خۆی بە ڕاستی ڕەها بزانێت و، هی ئەوانی دیکەش بە ڕێژەیی، یان تەنانەت بە پووچ و بەتاڵ و بێمانا و بێبەها بزانێت! چۆن دەکرێت هەموو موقەدەسەکان لە یەک کاتدا خاوەنی ڕاستیی ڕەها بن، لەکاتێکدا کە لە یەکتر جیاوازن؟ سەر بە ئایین و ئەفسانەی جیاوازن. دەبوایە بوونی ئەو جیاوازییە بەڵگە بێت لەسەر ئەوەی یان هەموویان ڕەهان یان هەموویان ڕێژەیین، دیارە ڕاستییەکە ئەوەیە کە هیچ کامیان ڕەها نین و هەموویان ڕێژەیین. واتە لێرەدا موقەدەس بووەتە مایەی ڕەگەزپەرستی و نەرجسییەت و، وەلانانی ئەوی دیکەی جیاواز.
تایبەتمەندییەکی دیکەی موقەدەس (ترانسێندێنتاڵبوونە)، واتە باڵانشینی، یان (التعالي)، کە مەبەست پێی ئەوەیە سەرچاوەی ڕاستەقینەی موقەدەس، بەلای شوێنکەوتوانییەوە، جیهانێکە لە دەرەوە و سەرەوەی جیهانی ئێمە. ڕەهابوونەکەی وای لێکردووە سەر بەم دنیایە بچووک و ڕێژەییە نەبێت، بەڵکوو سەرچاوەکەی لە ئاسمان و بەرزی و بڵندی و پێگەیەکی تایبەتی ڕەمزی و مەعنەویدا بێت، بەوەی کە لە نادیاردایە و لە سەرووی تواناكانی مرۆڤ و، بابەتە دنیایی و ماددییەکانە. هەڵبەتە ئەم دوو سیفەتە ((ڕەهاگەری و باڵانشینی)) لە ڕووی فکرییەوە ئیشکالی گەورەیان خوڵقاندووە. پێدەچێت دیارترینی ئەو ئیشکالانە سەرقاڵبوونی زۆر و زیاد بێت بەو جیهانە ترانسێندێنتاڵە، لەسەر حیسابی دنیای واقیعیی خۆمان. بە گوزارشتێکی دیکە، بایەخدانی زیادەڕۆیانە بە جیهانی موقەدەس لەسەر حیسابی بابەتە دنیاییەکان. واتە چاوبڕینی بەردەوام لە ئاسمان و جیهانە غەیبییەکە و، لەبەرانبەردا نواندنی خەمساردی لەبەرانبەردا دنیا و ڕووداو و بابەتەکانی و مرۆڤ و کێشە و قەیرانە قووڵ و ڕاستەقینەکانی. گەرچی لە ڕۆحانییەتی ڕاستەقینە و تەصەوفی فەلسەفیدا، خودا و جیهانی ترانسێندێنتاڵ، ڕۆڵی بەرچاویان لە گەورەکردنی تواناكانی مرۆڤ و فراوانکردنی فەزای مرۆڤبوون و ئازادی و ئاسوودەییەکەیدا هەیە. بەڵام ئەم ڕوانینە زۆر نوخبەوییە و، لە ئایینداریی ئێمەدا ڕەنگی نەداوەتەوە و، پێچەوانەکەی زاڵ و باڵادەستە. واتە لە ئایینداریی ئێمەدا بوونی فەزای ترانسێندێنتاڵ بووەتە مایەی لاوازکردن و فەرامۆشکردنی کاراکتەری ڕاستەقینەی مرۆڤ و تواناكانی و پەراوێزخستنی چالاکییە گەورە و گرنگە دنیاییەکانی.
سەبارەت بەم پایەگەلی موقەدەسە کە ئێمە لێرەدا هێناومانن، قوربانی و سرووتمان وەک پایەی بنەڕەتی باس نەکردووە، چونکە ئێمە زیاتر جەختمان لەسەر لایەنە تیۆری و ئایدیاڵییەکە بووە سەبارەت بە پێکهاتە بنەڕەتییەکانی موقەدەس. وەک دیارە ئەنترۆپۆلۆژیستەکان بەر لە هەر شتێک موقەدەس بە قوربانییەوە گرێ دەدەن. لای ئەوان نزیکترین و دیارترین بابەت لە پەیوەندیدا بە موقەدەسەوە بریتییە لە قوربانی. بەخشینی قوربانیی مرۆیی بە خواوەندەکان لە ئەفسانە و ئایینە کۆنەکاندا، کە دواتر دەگۆڕدرێت بۆ قوربانیدان بە ئاژەڵ. دیارە لە ئیسلامیشدا لە چەندین ئایەت و فەرموودەدا باس لەوە کراوە کە مرۆڤی موسڵمانی ڕاستەقینە دەبێت ئامادە بێت ژیان و گیانی بکاتە قوربانیی ئایینەکەی، بە نەفس و ماڵ ئامادەی قوربانی و بەخشین بێت. لەپاڵ ئەوەدا کە قوربانیدان لە ئیسلامدا، لە دیاردەی شەهیدبووندا زیاتر خۆی نمایش دەکات، دەتوانین بڵێین قوربانیدان سیمبولێکە بۆ تەسلیمبوونی تەواو بە ئایینەکە. قوربانی، ڕەمزە بۆ باوەڕهێنان و تەسلیمبوونی تەواو بە موقەدەس.
هەروەها لەو پایانەی کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ باسمان نەکردووە بریتییە لە (سرووت)، لایەنە کردارییەکەی موقەدەس، گەرچی (قوربانی)ش هەر بۆ خۆی بەشێکە لە سرووتەکە، بەڵکوو سرووتە سەرەکییەکەیە. کەواتە سرووت بریتییە لە ڕێوڕەسم و ڕیتواڵی ئایینی کە لە نوێژ و ڕۆژوو و زیکر و نزاو پاڕانەوەدا خۆی نمایش دەکات. ئەوەی لێرەدا گرنگە جەختی لێ بکەینەوە ئەوەیە کە ئەم پایەگەلی موقەدەسە، یان ئەم پێکهاتانە بە گشتی، هەموویان بەناویدا چوون و یەکتر تەواو دەکەن، وزە و خۆراک بە یەکتر دەبەخشن و یەکدی ڕادەگرن.
بەشی دووەم: شوێنەوارە نەرێییەكانی موقەدەس
هەڵبەتە قسەکردنی ئێمە لێرەدا لەسەر شوێنەوارە نەرێییەکانی (نێگەتیڤەکانی) موقەدەس، هەرگیز بەو مانایە نییە کە موقەدەس شوێنەواری ئەرێیی نەبێت، کە بێ گومان لە بنەڕەتدا موقەدەس لەپێناو شوێنەواری ئەرێنیدا (پۆزەتیڤیدا) هاتووەتە ئاراوە؛ مرۆڤ وەک پێویستییەک بۆی ڕوانیوە و سوودی لێ بینیوە. لەو ڕوانگەیەوە کە کێشەی سایکۆلۆژی و ئۆنتۆلۆژیی چارەسەر کردووە، ناسنامەی تایبەتی پێ بەخشیوە. کۆمەڵە مرۆییەکان، یان کۆمەڵگاکانی بە یەکەوە بەستووەتەوە، واتە لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە سوودی پێگەیاندوون. بەڵام لەو ڕوانگەیەوە کە ئیشکردنەکەی ئێمە لەسەر شوێنەوارە نەرێییەکانی موقەدەسە لە پەیوەندیدا بە توندوتیژییەوە، سەرنجەکانی ئێمە لەسەر ئەم لایەنە چڕ بوونەتەوە. واتە سروشتی بابەتەکەی ئێمە جەختکردن و سەلماندنی هەبوون و کاریگەریی لایەنە نەرێییەکانی موقەدەسە.
یەكێكە لە شوێنەوارە دیار و قەیرانە بەرچاوەكانی فیكری موقەدەس، لەو سۆنگەیەوە كە لەبنەڕەتدا لەسەر بابەتە ڕەهاكان بەندە، بەڕەهاییكردنی بابەتە ڕێژەییەكانە. واتە موقەدەس دەیەوێت هەرچی زیاتر و زیاترە بازنەی بابەتە ڕەهاكان فراوانتر بكات، كە لەبەرانبەریشدا بە شێوەیەكی سروشتی كەمبوونەوەی بابەتە ڕێژەییەكانی لێ دەكەوێتەوە. بەو مانایەی هەموو هەوڵێك بۆ فراوانكردنی فەزای موقەدەس، لەسەر حسابی ڕووبەری بابەتە ڕێژەییەكان بە ئاكام دەگات. گەرچی خودی موقەدەسیش بۆ خۆی كە دێتە ناو واقیعی مرۆڤەكانەوە، سروشتێكی ڕێژەیی وەردەگرێت، بە حوكمی ڕێژەییبوونی واقیع و ژیان و بیركردنەوە و توانایی مرۆڤەكان، واتە لە ئەنجامدا بابەتە ڕەهاكانیش دەبن بە ڕێژەیی، چ جای بابەتە ڕێژەییەكان خۆیان، ((موقەدەس خۆیمان پێشكەش ناكات تەنیا لە ڕێگەی ڕەنگدانەوەكانی و شوێنەوارە دەرەكییەكانییەوە و كاریگەرییە زەمینییەكانییەوە نەبێت، لەو ڕووەوە كە ئێمە ناتوانین وەك خۆی و (لە خودی خۆیدا) بیخوێنینەوە و لێی تێبگەین، لەبەر ئەوە دەكەوینە بەردەم ئەنجامەكانی و كاریگەرییەكانی لەسەر ئەو شتانەی لە ڕێگەیانەوە بۆمان ئاشكرا دەبێت وەك (بەرد و ئاو و درەخت و ئەستێرە...)). وەك هەمیشەش ئەو شوێنەوارانەی موقەدەس بۆ خۆیان ڕێژەیین، بەڵام تەقدیسكردنیان خەرمانەیەكی سیحر و ئەفسوناوی بە دەوریاندا دروست دەكات و، مۆركێكی نائاسایی و ناسروشتییان پێ دەبەخشێت، ((لەبەر ئەوە ئەو شتانە بۆ خۆیان خاوەنی بنەمای قەداسەتی خۆیان نین، لە خودی خۆیاندا موقەدەس نین. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا شتانێك و كەسانێك هەن، لەگەڵ شێوە و ڕوداوگەلێك، كە هێزی ڕەمزیی باڵایان هەیە، هاتنەدی ئەو هێزەش- مانای ئەوەیە ئەو شتانە دەبنە شتانێكی پیرۆز. زۆرجار دەبینین ئەم ئیمكانییەتە پشت بە سیفەتی ناوەكییانەی ئەم دیاردانە نابەستێت، بەڵكوو پشت بە ڕێكەوتێكی قەدەریانە دەبەستێت كە ئەم شتانە، كە لە خودی خۆیاندا هێزی ڕەمزییانەیان نییە، دەگەن بە هێزی ڕەمزییانەی نائاسایی لەلایەنی خودییەوە)).
ئەوەی لێرەدا ئیشکالییەتێکی گەورە دروست دەکات، ئەوەیە کە هەتا چوارچێوەی بابەتە ڕەهاکان فراوانتر بکرێت، لە واقیع دوورتر دەکەوینەوە و، ڕووبەری ئەو بابەتانەش کەمتر دەبنەوە کە ڕێژەیین، وەک ئاماژەمان پێ کرد. کەمبوونەوەی فەزای ڕێژەییبوونیش داخستنی زیاتری دەرگاکانە بە ڕووی ئەگەر و توانایی خوێندنەوە و تەئویل. بابەتە ڕەهاکان ئەو بابەتانەن کە کامڵ و نەگۆڕن، بەم پێیەش بێت کەواتە هەموو هەوڵدانێک بۆ زیادکردنی ڕووبەرەکەیان، بەرەو ڕێگرتن لە گۆڕانکاری و چەقبەستوویی و دۆگمایی مل دەنێت.
هەروەها بەڕەهاکردنی بابەتە ڕێژەییەکان، مانای هەوڵدانە بۆ بەخشینی سیفەتی حەقیقەتی ڕەها بە بابەتانێک کە ڕێژەیین. واتە فراوانکردنی بازنەی حەقیقەتی ڕەها. دیارە حەقیقەتی ڕەهاش ئەو بابەتەیە کە گومان و پرسیار هەڵناگرێت و، بواری پێداچوونەوە و خوێندنەوەی نییە.
یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی موقەدەس و (ئەفسانە) کار لەسەر پیرۆزکردنیان دەکەن، هەوڵ دەدەن لە بابەتە ئاسایی و ڕێژەییەکان بیانبەنە دەرەوە، بریتییە لە پیرۆزکردنی کات و شوێن، کە ئێمە لێرەدا کاتەکەمان مەبەستە، کە بریتییە لە مێژوو، یان زەمەنی دیاریکراو. ڕاستییەکی زانستی و لۆژیکییانە و بابەتییانەی بەڵگەنەویستە کە کات و شوێن لەبنەڕەتدا سەر بە زانستی فیزیان و، ڕێژەیین. هیچ کاتێک، یان زەمەنێک، لە دەرەوەی مێژوو و لە دەرەوەی پێوەری ماددی بوونی نییە. واتە لە دەرەوەی سروشت و گەردوون، شتێک بە ناوی مێژوو و زەمەنەوە بوونی نییە. لەم ڕوانگەیەشەوە کەواتە مێژوو بابەتێکی دنیایی و مرۆییە، سەر بە جیهانی مرۆڤ و مەعریفەی مرۆڤە.
دیارە کێشەکە لێرەدا ئەوە نییە کە موقەدەس یان ئەفسانە، زەمەنی تایبەت و گریمانکراوی خۆیانیان هەبێت، بەڵکوو قەیرانەکە لەوەدایە کە ئەو زەمەنە تێکەڵ بە زەمەنی ڕاستەقینە یان مرۆیی بکرێت، یان بە بەشێک لە زەمەن و مێژووی ڕاستەقینە هەژمار بکرێت. ئەو بابەت و چیرۆکانەی موقەدەس و ئەفسانەیین، دەبێت زەمەنەکەشیان، یان مێژووەکەشیان هەر موقەدەس و ئەفسانەیی بێت، واتە جیاواز بێت لە مێژووی مرۆیی.
بۆ نموونە، کاتێک ئایینەکان باس لەوە دەکەن کە ئادەم و حەوا لە زەمەنێکی تایبەتدیدا لەدایک بوون و هاتوونەتە بوون، بەو مەرجەی زەمەنەکە بخرێتە چوارچێوەی زەمەنی موقەدەسەوە، یان مێژووی ئایینی، یان ئەفسانەییەوە، گرفتێک لە ئارادا نابێت، بەڵام کێشەکە لەوێوە دەست پێ دەکات کە بە زەمەنێکی واقیعی و مێژوویی ڕاستەقینە دابنرێت.
قەیرانە سەرەکییەکە لەوەوە دەست پێ دەکات کە موقەدەسکردنی مێژوو، لە سەرێکەوە ئەوە دەگەیەنێت کە دەبێت ئەو مێژووە دیاریکراوە بۆ هەتاهەتایە هەر بە پیرۆز سەیر بکرێت، لە سەرێکی دیکەشەوە، کە ئەمەیان بابەتە ترسناکەکەیە، پیرۆزکردنی ڕووداو و کاراکتەرەکانی ناویشی دەگەیەنێت، کاراکتەرانێک کە نەک هەر لە سەردەمی خۆیاندا پیرۆز بوون، بەڵکو بۆ هەتاهەتایە بە پیرۆزی دەمێننەوە و، واجبە هەمووان تەقدیسیان بکەن! ڕەنگە پیرۆزکردنی سەردەمی سەلەف و ئەو کاراکتەرانەی لەو سەردەمەدا ژیاون بۆ ئێمەی موسڵمان دیارترین و ڕوونترین نموونە بێت. بۆ نموونە، کاتێک دەگوترێت وتەی سەحابی (هاوەڵانی پەیامبەر) بە پیرۆز دادەنرێت و، هاوشێوەی ئایەتی قورئان بە بەڵگەی ئایینی هەژمار دەکرێت، ئەمە بووە بە ڕاستییەکی ڕەها و هەرگیز قابیلی هەڵوەشاندنەوە نییە. لێرەشەوە جنێودان بە سەحابی کوفرە و دەبێت خاوەنەکەی بکوژرێت.
قسەکردن لە مێژوو لە هەمان کاتدا قسەکردنە لە واقیعێکی دیاریکراو کە خاوەنی ئەو مێژووەیە. ئەو واقیعە دیاریکراوەش خاوەنی کاراکتەر و ڕووداو و هەلومەرجی تایبەتی خۆیەتی. واتە هیچ مێژوویەک هەرچەندە پیرۆزیش بێت، کاراکتەرەکانی ناویشی هەرچەندە گەورە و پیرۆز بن، بمانەوێت و نەمانەوێت لە ژێر بڕیار و کاریگەریی ئەو واقیعەدان کە تێیدا دەژین.
واتە ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە مێژوودا، دەچێتە دەرەوەی مێژووی واقیعی و ڕاستەقینەوە، بەرەو باڵابوون (ترانسێندێنتاڵ) دەچێت. مێژوو لێرەدا لە فیزیکەوە دەچێتە میتافیزیکەوە، لە دنیای بینراوەوە بۆ غەیب و، لەسەر زەمینی مرۆڤەکانەوە بەرەو تەعالی (باڵانشینی).
باڵانشینی – التعالي – مومارەسەیەکی کولتوورییانەی بەربڵاو و هاوبەش دەنوێنێت لەو کۆمەڵگایانەدا کە دیاردەی کتێبی پیرۆزیان ناسیوە. تەعالییش لە جەوهەری خۆیدا داڕنین و داماڵینی مۆرکی مێژووییبوونە لە ڕووداوەکان، واتە سڕینەوەی هۆکارەکانی پەیوەست بەو ڕووداوانەی لە کات و شوێندا ڕوویان داوە.
هەروەها تەعالی – ترانسێندێنتاڵبوون – ڕووەکەی دیکەی تەقدیسە، کە فەزایەکی میتافیزیکی بۆ فیکری ئایینی و وتە ئەبستراکتەکان پێکدەهێنن، لەبەر ئەوەی تەعالی وا دەکات بایەخدان بە کاریگەریی مێژوو بۆ سەر ئاراستەی فیکر و، داڕشتنە زمانییەکانی، ئامانجێکی مەعریفییانە نەبێت کە پێویست بە لێتێگەیشتن بکات، کە ئاسۆکانی پەیوەندیی دیالەکتیکییانەی نێوان زمان و فیکر و مێژوو هەژار دەکات.
لەم ڕوانگەیەشەوە، ئەولەویەت- لە پێشینەیی- بۆ ڕەها دەبێت لەبەرانبەر هەلومەرجی هەنووكەدا، بۆ جێگیریش بەسەر گۆڕاوداو، موقەدەسیش بەسەر دنیاییدا. لای محەمەد ئاركۆن هەموو خوێندنەوەیەكی مێژووییانەی فیكری ئیسلامی پێویستە لە تێگەیشتن لە پەیوەندیی تەعالی بە مێژووەوە سەرچاوە بگرێت، لەو ڕووەوە كە تەعالی- باڵانشینبوون- میكانیزمێكە لە میكانیزمەكانی پەردەپۆشكردنی ڕاستییەكانی مێژوو، لەوێشەوە دەبێتە بەربەستی تێگەیشتن لە واقیع و حەقیقەت، لەبەر ئەوە دانەپاڵی سیفەتی تەعالی و پیرۆزكردن و ئەبستراكتیزەكردن بۆ ماناو بەها مرۆییەكان، بەربەستێك دروست دەكات لە بەردەم هەڵوەشاندنەوە و شیكارییكردنی بە شێوەیەكی مێژووییانەی دروست، ئەوەش بەهۆی پێویستیی مرۆڤ بە ئاشكرانەكردنی ئەو پاڵنەرە ڕاستەقینانەی كۆنتڕۆڵی ڕەفتاری دەكەن، چونكە كۆی كۆمەڵگە مرۆییەكان سوورن لەسەر نكووڵیكردنی سەرچاوەی ڕاستەقینەی بوونی خۆیان، واتە ئامانجیان دروستكردنی دەمامكە بۆ حەقیقەتی ئەو هێزانەی بڕیار لە چارەنووسی مێژووییان دەدەن)).
كاتێك فیكری ئایینی و دەقەكانی و كارەكتەرەكانی دەخرێنە خانەی ترانسێندێنتاڵەوە، بێ گومان موقەدەس دەكرێن و، مێژووەكانیشیان پیرۆز دەكرێن، لە كاتێكدا كە بەرهەمی واقیعێكی دیاریكراوو كولتوورێكی دیاریكراون ((ئێمە لەبەردەم هەوڵێكی مرۆییداین بۆ داڕشتنی پێدراوەكانی وەحی بە داڕشتنێكی فیكرییانە، خیانەتی فیكرییشە بەرانبەر بنەماكانی شیكاریی زانستی، كە پێمان وابێت ئەم هەوڵە فیكرییە مرۆییانە، دابڕاو لە هەلومەرجی مێژوویی و كۆمەڵایەتییانەی ئەو كۆمەڵگە، یان كۆمەڵانە/ كەسانە بەدەست هاتوون كە بەرهەمیان هێناون)).
لێرەدا ئەگەر سەرنج بدەین هاوكێشەیەك لەنێوان موقەدەس و مێژوودا هەیە، كە بەپێچەوانە و بەهەڵگەڕاوەیی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، ئەویش بریتییە لەوەی كە (موقەدەس) كاتێك دێتە ناو واقیع و ناو ژیانی مرۆڤەوە، مۆركێكی مێژوویی وەردەگرێت، واتە دێتە ناو مێژووی واقیعییەوە، نەك بەپێچەوانەوە مێژوو بەهۆی موقەدەسەوە لە مێژووییبوونی خۆی دەربچێت و، بچێتە دەرەوەی یاسا مرۆیی و واقیعی و دنیاییەكانەوە، (هیچ گوزارشتكردنێك لە موقەدەس بوونی نییە كە تەئویلێكی مرۆیی نەبێت. نموونەش بۆ ئەمە ئەو پەیوەندییە بنەڕەتییەیە كە شیكردنەوەی دەربڕینە ڕەمزییەكان بەڕوونی دەیخاتە ڕوو: هەموو ئاگاداربوونێك لە نهێنییە ئایینییەكان، هەموو تەقدیسێك، بابەتێكی مێژوییە، لەبەر ئەوەی ئەو وەحیەی مرۆڤ پێیدا تێپەڕ دەبێت لە كاتی هەستانیەوە بە ئەزموونی موقەدەس، دەبێت بە مێژوو، چونكە بە هۆشیارییەكی ئاشكراوە تا ڕادەیەكی یان زۆر یان كەم خودی خۆی تێدا ڕێكدەخات)).
پیرۆزکردنی مێژوو و ڕووداو و کاراکتەرەکانی، هەمیشە پەیوەستە بە باڵانشینی (ترانسێندێنتاڵ)ەوە، بەوەدا کە خودی تەقدیسەکە بە دنیای غەیب و میتافیزیکەوە بەستراوە، لەکاتێکدا کە لەڕاستیدا ئەو جۆرە ڕوانینە بۆ مێژوو و ڕووداو و کاراکتەرەکانی لە پەیوەندیدا بە جیهانی غەیبەوە، دوورە لە واقیعەوە. بە گریمانەی ئەوەی ئەو بابەتانە لە فەزای ترانسێندێنتاڵیشەوە سەرچاوەیان گرتبێت و غەیب بنەمایان بێت، بەڵام کە هاتنە ناو واقیعەوە ئیتر ئەو ماهییەتە لە دەست دەدەن و دەکەونە ژێر کاریگەریی واقیع و یاساکانی و مێژوو و حەتمیەتەکانییەوە.
"ئەفسانە و مێژوو لە تامەزرۆییەوە بۆ زانینی ڕیشەی ئێستا سەرچاوە دەگرن، بەڵام لەو (بەها)یەدا لە یەکتر جیا دەبنەوە کە دەیبەخشن بەو ڕیشەیە. بەوەدا کە ئەو ڕیشەیە قودسییە لای ئەفسانە و ئەسڵێکی دنیایی بەتاڵکراوەیە لە بەئەفسانەبوون لای مێژوو. بە گوزارشتێکی دیکە، ئەفسانە وەک ڕەنگدانەوە و تەجەلای ویستی خودایی بۆ مێژوو دەڕوانێت، لە کاتێکدا کە مێژوو وەک ڕەنگدانەوە و دەرکەوتنی ئیرادەی مرۆیی لە دیالەکتیکەکەیدا لەگەڵ ئەو یاسایانەدا کە کار لە ژیانی کۆمەڵایەتییانەی مرۆڤ دەکەن بۆ بابەتەکەی خۆی دەڕوانێت. ئەمەش واتە ئێمە لەبەردەم دوو جۆر لە مێژووداین: مێژووی موقەدەس و مێژووی دنیایی. (واتە مێژووی ئەفسانەیی و مێژووی واقیعی)."
مێژووی پیرۆز تەنیا چۆنێتیی تەحەلاكردنی ((بابەتی ئیلاهی)) لە زەمان و شوێنی دنیاییدا دەگێڕێتەوە، لەگەڵ كەشفكردنی چالاكییەكانی بوونەوەرە میتافیزیكیەكان لە زەمەنەكانی میتۆلۆژیای یەكەمدا، لەگەڵ ئەوەشدا كە لێوەی دروست بووە لە جیهانی مرۆڤ)). دیاردەی ئایینی هەمیشە دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی و، ئابووری و سایكۆلۆژیشە، لەگەڵ ئەمەدا بێ گومان دیاردەیەكی مێژووییە لەبەر ئەوەی لە زەمەنێكی مێژووییدا بە ئاكام دەگات، هەروەها لەبەر ئەوەی مەرجداریشە بە هەموو ئەوەی پێشتر ڕوویداوە.
گومانی تێدا نییە كە ڕوداوو كەسەكان دەكەونە بازنەیەكی مێژووییەوە، بەڵام ئایا خاڵی هاوبەشی نێوان كۆی ئەفسانەكان پێشكەشكردنیان نییە وەك ئەوەی حەكایاتی ڕاستەقینە بن؟ ئەوەشی بخەرە سەر كە هەواڵناسە كۆنەكانی عەرەب (الإخباريين العرب القدامى)- كە ڕۆڵی مێژوونووسیان بینیوە بەلای خۆیانەوە- هەواڵەكانی خۆیان لە زەمەن و شوێندا داناوە، ڕەچەڵەكی كەسەكانیشیان بە جددییەتێك دەخەنە ڕوو كە دەمانخەنە پێكەنین، كە هەندێكجار دەگەڕێنەوە بۆ ئادەم، باوكی ڕەگەزی مرۆیی، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم مێژووگەراییە ڕووكەشە بایەخی خۆی هەیە. لەو سۆنگەیەوە كە ڕێسای گشتیی فیكری بەكۆمەڵ- فیكری جەماوەری- ئەو ڕوداوە گەورانەی لە ژیانی خێڵەكیدا جێی بایەخ بوون بۆ باپیرە گەورەی ڕەمزی دەگەڕێننەوە، تەنانەت بۆ پاڵەوانی ژیارییش، ئەم سەرنجە بواری ئەوەمان پێدەدات باشتر لە جیهانی ئەفسانەیی ئیسلام تێبگەین.
موقەدەس لای خاوەنەکانی، یەک جۆرە و دابەش ناکرێت، لە یەک شێوەدا بەرجەستە دەبێت و خۆی نمایش دەکات، هیچ شێوەی دیکەی نییە. واتە موقەدەس لای ئەوانەی باوەڕیان پێیەتی، یەک جۆرە و تەواو. خۆ ئەگەر ئەوانی دیکە بانگەشەی خاوەندارێتیی موقەدەس بکەن، ئەوا ڕاست ناکەن و موقەدەسەکەیان موزەییەفە، ساختە و درۆ و دەستکردە. ئاییندارانیش بەگشتی لە سەراسەری دنیادا، بە شوێنکەوتوانی سەرجەم ئایینە جیاوازەکانەوە، هەموویان هەمان بۆچوونیان هەیە. جوولەکە پێی وایە ئایینی ئاسمانی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە و، ئایینەکانی دیکەی وەک مەسیحییەت و ئیسلام، لەبەر بەرژەوەندی یاخود لەبەر سەرلێشێوان یا بۆ ئەوەی خۆیان بکەنە خاوەنی ئایین و ناسنامەی جیاواز و سەربەخۆ، بە لاساییکردنەوەی جوولەکە ئەو ئایینانەیان بۆ خۆیان دیاری کردووە و جیا کردووەتەوە. مەسیحییەکانیش پێیان وایە مەسیح هاتووە بۆ ئەوەی تەواوی مرۆڤەکانی سەرزەمین، لە پێش هەموویانەوە جوولەکەکان، لە تاوان و خراپەکاری ڕزگار بکات و، ببێتە فریادڕەسی هەموویان. ئیسلامیش لەم ڕووەوە لە هەموویان پتر پێ دادەگرێت و، لەوان زۆر زیاتر دەڕوات و، دەڵێت جوولەکە و مەسیحییەکان هەردووک گومڕان و، لە ڕێگای ڕاستی ئایینداری، واتە لە ئایینی تەوحیدی و ئاسمانیی ڕاستەقینە، لایان داوە. دەقەکانی کتێبە پیرۆزەکانیان دەستکاری کراون و شێوێنراون و، چیتر مرۆڤەکان خاوەنی تەورات و ئینجیلی ڕاستەقینە نین. هەڵبەتە ئەم جۆرە وەهمەی خۆبەخاوەنی حەقیقەت زانینە لای هیندۆسەکان و بوودییەکان و سەرجەم خاوەنانی ئایینەکانی دیکەش بە هەمان شێوەیە.
لێرەوە دەردەکەوێت کە دەبێت بێلایەنانە بۆ حەقیقەتی ئەم ئایینانە و، خاوەندارێتییان بۆ حەقیقەت، مامەڵە بکەین. ئەم جۆرە مامەڵەکردنە بێلایەن و نا-ئایینییانەیە (واتە نا-ڕەگەزپەرستانەیە) دەبێت لەلایەن زانستەوە ئەنجام بدرێت. لێکۆڵینەوەی ڕاستەقینەی زانستی ئەم کارە ئەنجام بدات. ئەو زانستانەی لە ئایین و جەوهەری پرۆسەی ئایینداری و پێکهاتە و حەقیقەتەکەی و مێژووەکەی دەکۆڵنەوە، کە بریتیین لە زانستەکانی میتۆلۆژیا و ئەنترۆپۆلۆژیا و مێژووی ئایینەکان و کۆمەڵناسیی ئایینی و دەرونناسیی ئایینی، کە مەخابن نووسەر و بیرمەندە ئایینییە ئیسلامییەکان لە جیهانی ئیسلامیدا ئەم زانستانە ڕەت دەکەنەوە!
بە گوێرەی بوونی جیاوازیی بێت لەنێوان ئەم ئایینانەدا و، بەو پێیەش کە هەر یەکێکیان بەجیا خۆی بە خاوەنی ڕاستەقینەی حەقیقەتی حەقیقی دەزانێت، کەواتە یان دەبێت هەموویان بەجیا خاوەنی تاقانەی ئەو حەقیقەتە بن بە گوێرەی بانگەشەی خۆیان، یان دەبێت هیچ کامیان خاوەنی نەبن و، هەموویان لێی بێبەش بن، کە هەردوو گریمانەکەش هەڵەن. کەواتە، دەبێت هەر یەکە و خاوەنی حەقیقەتی جیاوازی خۆی بێت، گەرچی حەقیقەتەکانی نێوانیان جیاوازن، بەڵام هەموویان هەر حەقیقەتن، چونکە لە بنەڕەتدا یەک جۆر لە حەقیقەت بە تەنیا لە ڕووی ئایینی و فیکرییەوە بوونی نییە، بەڵکو حەقیقەت زۆر و هەمەڕەنگە.
مۆنۆپۆڵکردنی حەقیقەت، بمانەوێت و نەمانەوێت، مانای نەبوونی لێبوردەیی و، داننەنان بە مافی بەرانبەر و، بە هەڵەدانانی تەواوی ئەوانی دیکە دەگەیەنێت. ئەمەش مانای ڕەتکردنەوەیان و داننەنان بە بوونی جیاوازی لە بیرکردنەوە و لە ناسنامە لەلایەن ئەوانی دییەوە.
دیارە ئەم كێشەی مۆنۆپۆڵكردنی حەقیقەتە، كێشەیەكی فراوان و ئاڵۆز و فرە ڕەهەندە، بە چەندین بابەتی جیاوازەوە پەیوەستە. سەبارەت بە ئایینێكی وەك ئیسلام، خاوەنەكانی نەك تەنیا خۆیان بە خاوەنی حەقیقەتی ئایینی دەزانن، بەڵكوو سەرجەم حەقیقەتەكانی كایەكانی دیكەشیان بۆ خۆیان قۆرخ كردووە، یان بە گوزارشتێكی دیكە، خۆیان بە خاوەنی موقەدەسەكانی بوارەكانی دیكەش دەزانن، بەوەدا كە ئەوان دەڵێن ئایینەكەیان گشتگیرە (شمولییە)، كەواتە خاوەنی حەقیقەتی كۆمەڵایەتی و زانستی و فیكری و دەروونیی و پەروەردەیی و کولتووریین. چونكە (بە بۆچوونی ئەوان) دەبێت لەسەرجەم كایە جیاوازەكانی چالاكیی مرۆییدا هەر بۆ ئیسلام بگەڕێنەوە، چونكە خاوەنی حەقیقەتی ڕەها و گشتگیرە بۆ سەرجەم كایەكانی ژیانی مرۆڤ. ((ئەگەر من خاوەنی ئایینی هەق و ڕاستەقینە، یان موقەدەس بم، ئەمە واتە من خاوەنی حەقیقەتی موتڵەقم، دواتریش مافی خۆمە توندوتیژی دژی ئەوانی دیكە ئەنجام بدەم كە شوێن ئایینەكەم ناكەون. پەیوەندییە سێكوچكەكەی نێوان موقەدەس و توندوتیژی و حەقیقەتیش لێرەدا پەنهانە. كۆی بزووتنەوە فەندەمێنتالیستەكانیش لەسەر ئەم بناغەیە مومارەسەی توندوتیژی دەكەن)).
لە باری مێژوویی، زانستی و مرۆییەوە بدوێین، حەقیقەت ناتوانێت یەك بێت. حەقیقەت ئاڵۆز و فرەیە. ئەگەر لەسەر ئەوە ڕێ بكەوین كە خودا یەكە لە یەك ئاسماندا، باوەڕداران لە نواندنی ئیمانیاندا فرە چەشن و جیاوازن. هەر كەس حەقیقەتی تایبەتی خۆی هەیە. مانای دنیا و گەردوون لە فرە چەشنیی ئایین، كولتوور و ئیدەكاندا نیشتەجێیە. بەڵام داخستنی كولتوور و ئایینەكان لە یەك ئایین و یەك كولتووردا، بەم بیانووەوە كە تەواو بوون، داخستنێكە زەبر لە مرۆڤ و حەقیقەتیش دەدات.
قسەكردن لە بارەی كورتهێنانی حەقیقەتی ڕەها لە ئایینەكاندا، ئیدی ئەو ئایینە هەرچییەك بێت، وتەیەكی باركراوە لە دەمارگیری، بەڵگەشە بۆ تەسكیی ئاسۆی مەعریفی، لەبەر ئەوەی وەحی ئیلاهی لە قۆناغە مێژووییە جیاوازەكاندا بە زمانەكانی مرۆڤ گەیەندراوە، هیچ قسەیەكی مرۆییش (بەو قسەیەشەوە كە گوزارشت لە سرووشی خوایی دەكات، واتە: دەقە موقەدەسەكان) ناتوانێت تەواوی كەلامی ئیلاهی لەخۆ بگرێت، ناشتوانێت لە شمولیەتەكەیدا گوزارشتی لێ بكات. لەبەر ئەوە ناكرێت كتێبە پیرۆزەكان، بە پەیمانی كۆن و نوێ و قورئان و دەقە پیرۆزەكانی دیكەشەوە، گوتەی خودایی لە هەمەكییبوونی خۆیدا (الكلام الإلهي في كليته) ئابڵووقە بدات، لەبەر ئەوەی ئەو كەلامە ناگرێتە خۆی، بەوەدا كە ناكۆتایە، ئەوەش كە ئەم ئەسفارانە گرتویاننە خۆیان لەڕاستیدا لە بەشێك زیاتر لەخۆ ناگرن كە دەشێت یەكجار كەم بێت، بەراورد بە بڕی كۆتایینەهاتووی كەلامی ئیلاهی.
لە بیركردنەوەی ئایینییانەی تاكی مسوڵماندا، بەردەوام لەنێوان حەقیقەت و موقەدەسدا دیالەكتیك هەیە، هەردووكیان یەكتر تەواو دەكەن، تەنانەت دەكرێت بڵێین لەبنەڕەتدا یەك شتن لە لایان. بەو مانایەی لای ئەوان موقەدەسی ئیسلامی تەواوی حەقیقەتە جیاوازەكانی كایە جوداكانی ژیانی مرۆڤی لەخۆگرتووە، بە كۆمەڵایەتی و سیاسی و زانستی و فەلسەفی و... ییەوە، لەبەر ئەوە حەقیقەتە ڕاستەقینەكان، كە بەلای ئەوانەوە ئەو بڕیارانەن كە لەلایەن زاناكانەوە دەرچوون، بە پشتبەستن بە قورئان و فەرموودە و کولتووری پێشینانی زانایان، هەمیشە موقەدەسن. كەواتە، ئەگەر موقەدەسی ئیسلامی ڕەها بێت، ئەو بڕیارە (حەقیقیانەش) دەربارەی كایە جیاوازەكانی ژیان كە لەو موقەدەسەوە سەرچاوەیان گرتووە ئەوانیش موقەدەسن. واتە ئەوان هەر موقەدەسیان مۆنۆپۆڵ نەكردووە، بەڵكوو حەقیقەتیشیان پاوان كردووە، لەكاتێكدا هەردووكیان ڕێژەیین، بە گوێرەی هەلومەرجی جیاوازی مێژوویی و جوگرافی و کولتووری و شارستانی دەگۆڕێن. واتە ئەگەر بە ڕەهاكردنی موقەدەس كێشە دروست بكات، ئەوا بە ڕەهاكردنی حەقیقەت لە گەڵیدا، قەیرانەكە دەكات بە دوو ئەوەندە و، قووڵتر و قورستری دەكات. كەواتە، ئەوان تەنیا بەرگری لە موقەدەسەكەیان ناكەن، بەڵكوو شەڕ لەسەر حەقیقەتەكانی خۆشیان دەكەن، ئاركۆن دەڵێت: ((هەموو كۆمەڵەیەك- كە خاوەنی ئایینێكی خۆیانن- ئامادەن بۆ توندوتیژی لەپێناو بەرگریكردن لە حەقیقەتە موقەدەسەكەیان (...) توندوتیژی بە تەقدیسەوە گرێدراوە و تەقدیسیش بە توندوتیژییەوە بەستراوە، هەردووكیشیان پەیوەستن بە حەقیقەتەوە، یان بەوەوە كە بڕوا وایە حەقیقەت بێت)).
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved